Tuesday, July 3, 2007

هێندێک تێبینی زمانی 6


هێندێک تێبینی زمانی 6
حه‌سه‌نی قازی

که‌مپه‌ین نه‌ک که‌مپین

با به‌شێک له‌ ئاگادارییه‌ک که‌ له‌ ماڵپه‌ڕی ئێلێکترۆنی "هاوڵاتی" دا له‌ ڕۆژی دووشه‌مۆ، 25ی ژوه‌ن دا بڵاو کراوه‌ته‌وه‌ به‌یه‌که‌وه‌ بخوێنینه‌وه‌:
" که‌مپینی گه‌نجان بۆ به‌ دواداچوونی "پڕۆژه‌کان ڕاگه‌یانرا"
دڵشاد ئه‌نوه‌ر: له‌ ناحیه‌ی سمود که‌مپینێک به‌ ناوی"که‌مپینی گه‌نجان" بۆ به‌دواداچوونی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزاریه‌کانی ناوچه‌که‌ ڕاگه‌یه‌نرا. حسێن عه‌زیز _ ئه‌ندامی که‌مپینه‌که‌،ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ به‌ سایتی هاوڵاتی وت" بۆ به‌ دواداچوونی ئه‌و پڕۆژانه‌ی که‌ له‌ ناحیه‌ی ڕزگاری(سمود) جێبه‌جێده‌کرێن،که‌مپینێکمان ڕاگه‌یاندووه‌، چونکه‌ کۆمه‌ڵێک کێشه‌ و که‌موکورتی تێدایه‌."
مرۆ که‌سه‌ردێری ئه‌و هه‌واڵه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ پێی وایه‌ گه‌نجان له‌ شوێنێک بارو به‌ندیلیان داخستووه‌ و که‌مپێکیان پێکه‌وه‌ ناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هێندێک چالاکی تێدا به‌ڕێوه‌به‌رن، به‌ڵام دوای ورد بوونه‌وه‌ ده‌رده‌که‌وێ مه‌به‌ست ئه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵکوو گه‌نجان ده‌ستیان به‌ هه‌ڵمه‌تێک کردووه‌ بۆ چاوه‌دیری به‌ سه‌ر ئه‌و "پڕۆژانه‌ی که‌ له‌ ناحیه‌ی ڕزگاری (سمود) ده‌کرێن.و دیاره‌ به‌ کارهێنانی که‌مپینک [گ] بۆ ئه‌ومانایه‌ ده‌ست نادا و مه‌به‌ست له‌ وشه‌که‌ که‌مپه‌ین ه‌ که‌ نووسین و به‌لێوکردنی شێواوه‌.
وشه‌ی که‌مپه‌ین له‌ زمانی ئینگلیسی دا به‌و واتایانه‌ی خواره‌وه‌ ده‌کار ده‌هێندرێ:
وه‌کوو ناو:
1. له‌ بواری عه‌سکه‌ری دا.
ئا. عه‌مه‌لییاتی نیزامی بۆ ئامانجێکی تایبه‌تی
بێ.مانای که‌ونارا و کوێربووه‌وه‌. عه‌مه‌لییاتی نیزامی ئه‌ڕته‌شێک له‌ مه‌یدان دا بۆ وه‌رزێک

2. ڕه‌وتی به‌ته‌کووزی چالاکی په‌لامارده‌رانه‌ بۆ‌ گه‌یشتن به‌مه‌به‌ستێکی تایبه‌تی: که‌مپه‌ینی هه‌راج.

3. کێبه‌رکێ و به‌ربه‌ره‌کانی پاڵیوراوانی سیاسی ڕقه‌به‌ر و ڕێکخراوه‌کان بۆ وه‌ده‌ست خستنی پله‌ی گشتی.

وه‌کوو کردار ( به‌ بێ به‌رکار)

4. خزمه‌ت کردن یان له‌گه‌ڵ که‌وتنی که‌مپه‌ینێک: ئه‌و نه‌خشه‌ی وایه‌ که‌مپه‌ین بکا بۆ پاڵێوراو. ئه‌و له‌ فرانسه‌ که‌مپه‌ینی کرد.

وه‌کوو کردار( له‌گه‌ڵ به‌رکار)

5. کێبه‌ركێی ( ئه‌سپ، لۆتکه‌، ئۆتۆمۆبیل ،و له‌وانه‌) له‌ یه‌ک یان زنجیره‌یه‌ک کێبه‌ركێدا.

که‌مپه‌ینر وه‌کوو ناوی کارا ده‌کار ده‌کردرێ

سه‌رچاوه‌: Dictionary.com Unabridged(v 1.1)

وه‌ک له‌و نووسراوه‌یه‌ی هاووڵاتی دا هاتووه‌ مه‌به‌ست واتای دووه‌مه‌، که‌ له‌ کوردی دا وشه‌ی "هه‌ڵمه‌ت" بۆ ده‌ربڕینی ئه‌و واتایه‌ ده‌کارهاتووه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ که‌مپه‌ین بخوازینه‌وه‌ باشتر وایه‌ سه‌روگوێلاکی تێک نه‌شکێنین و نزیک له‌ وشه‌ی سه‌ره‌کی بینووسین و به‌لێوی که‌ین که‌ ئه‌ویش که‌مپه‌ینه‌ نه‌ک که‌مپین. دیاره‌ له‌ زمانی کوردی دا فۆرمی ئیتالییای ئه‌و وشه‌یه‌ "کامپانیا" ش ده‌کارکراوه‌. ئێوه‌ش له‌ که‌مپه‌ینی به‌زمانه‌وه‌ چاران به‌شداری بکه‌ن.

No comments: