هێندێک تێبینی زمانی 7 -------------------------- بنکڕ
هێندێک تێبینی زمانی 7
حه‌سه‌نی قازی
"بنکڕ"یش کراوه به زاراوه‌یه‌کی زمان‌ناسی!
وشه‌ی " بنکڕ" له زۆرێک له شێوازه‌کانی کوردیی نێوه‌ڕاست دا مانای خۆی به خۆیه‌وه‌یه،ڕه‌چه‌ڵه‌کی دیاره، له دوو له‌تی بن+ کڕ پێک هاتووه و له‌تی دوومه‌یان بنه‌ی کرداری کڕاندن ه. كڕاندنیش مانای دیاره، لێکردنه‌وه و لابردنی توێژێک له‌سه‌ر شتێک، و به‌و مانایه ته‌واو ئه‌و شته‌یه که دوای ڕۆکردنی برینج ده‌کرێ و بنی مه‌نجه‌ڵ یان قابڵه‌مه دهکڕێندرێ و بنکڕله سه‌ر پڵاو داده‌ندرێ بۆ خواردن یان به‌جوێ له سه‌ر ده‌ورییه‌ک داده‌ندرێ و پڵاوخۆر و نانخۆران ملی لێ ده‌نێن.کاتێک باسی بنکڕ ده‌کرێ بێ ئه‌ملاو و ئه‌ولا، واتا پێوه‌ندیداره‌کانی به زه‌ینی مرۆ دا ڕاده‌برێ وه‌کوو: مه‌نجه‌ڵ،پڵاو، چه‌وری و هه تادوایی.
به‌ڵام ئێستا له به‌رهه‌ر هۆیه‌ک بێ، که به بۆچوونی من زیاتر بێ زه‌وقییه،وه‌رگێڕێک واتایه‌کی زمانناسانه‌ی بۆ وشه‌ی " بنکڕ" دا تاشێوه.
کاک عه‌زیز گه‌ردی نووسینێکی زانای هوله‌ندی دوکتور میخێل لیزنبێرگ ی له زمانی ئینگلیسییه‌وه وه‌رگێڕاوه و ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م له ساڵی 2004 له سڵێمانی بڵاوی کردووه‌ته‌وه. ئه‌و نووسینه باسێکی وردی زمانناسییه سه‌باره‌ت به " کارتێکردنی گۆرانی له کوردیی نێوه‌ڕاست" که به‌ڕێز گه‌ردی وه‌کوو:" کاریگه‌ریی گۆرانی له سه‌ر کوردیی ناوڕاست بنکر، یان خواستنی باڵا " وه‌رگێڕاوه و له ده‌قی وه‌رگێڕانیش دا یه‌ک دووجاری دیکه "بنکر"ی له به‌ر ده‌م خوێنه‌وه‌ره داناوه.
" ئا-تێخزان له گه‌ڵ وه‌رچه‌رخانی زماندا ( ئه‌مه زیاتر به بنکڕ - substratum -
ناسراوه)." له کۆتایی وه‌رگێڕانه‌که‌ش دا وه‌رگێڕ چه‌ند زاراوه‌یه‌کی ڕوون کردووه‌ته‌و" بنکڕ" ی ئاوا شێکردووهتهوه:
" substratum : زاراوه‌یه‌که له بواری کۆزمانه‌وانی و دێر زمانه‌وانی ( historical linguistics ) به کار دێ . ئاماژه‌یه بۆ جۆرێکی زمان یان کۆمه‌ڵه شێوه‌یه‌کی زمان که کاریان کردبێته سه‌ر پێکهاته، یان به کارهێنانی جۆرێکی زاڵتری زمان له ناو جڤاتێکی زمانه‌وانیدا. له کوردی‌دا زاراوه‌ی (بنکڕی) بۆ دانراوه.”
وه‌رگێڕ ناڵێ که ئه‌و زاراوه‌یه‌ی داڕشتووه؟ به‌ڵام با بزانین ئه‌و بنكڕهی ئه‌و باسی ده‌کا له بواری زمان‌ناسی دا واتای چییه؟
Substratum"
ئه‌نسێکلۆپێدیای ویکپێدیا، زاراوه‌ی سابستراتوم به‌م شێوه‌یه شیده‌کاته‌وه.
له زمان‌ناسی دا سابستراتوم ( ساب = بن + ستراتوم = توێژ => توێژی بنه‌وه)
زمانێکه کار له سه‌ر زمانێکی دیکه ده‌کا له کاتێکدا که زمانی دووه‌م جێگه‌ی ده‌گرێته‌وه. ئه‌و زاراوه‌یه له‌مه‌ڕ ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌و زمانه‌ی له پله‌ی خوارتریش دایه به کارده‌هێندرێ، واته ئه‌و کارتێکه‌رییه‌ی که زمانی وهبنهوکهوتوو له سه‌ر ئه‌و زمانه‌ی ده‌بێ که جێی ده‌گرێته‌وه.به پێی هێندێک پۆلێن به‌ندی کردن ، ئه‌مه یه‌ک له سێ نموونه‌ی سه‌ره‌کی ده‌ستێوه‌ردانی زمانییه: ده‌ستێوه‌ردانی سابستراتوم (توێژی بنه‌وه) جیاوازه هه‌م له ئهدستراتوم ( توێژی سه‌ره‌وه)، که بریتییه له یه‌ک قه‌رزکردنی دوولایه‌نه له نێوان ئه‌و زمانانه‌ی دا وا پرێستیژیان له یه‌ک نزیکه و چ زمانێک جێی زمانه‌که‌ی دیکه ناگرێته‌وه، و هه‌روه‌ها سوپرستراتوم (توێژی سه‌ری سه‌ره‌وه)،که ئاماژه‌یه بۆ ئه‌و کارتێکه‌رییه‌ی زمانێکی زاڵی کۆمه‌ڵایه‌تی به سه‌ر زمانێکی دیکه دا ده‌یبێ، واته زمانێکی که له دۆخی داکشان دایه.
نموونه‌یه‌کی به‌رچاوی ده‌ستێوه‌ردانی توێژی بنه‌وه ده‌کرێ ئاوا نیشان بدرێ، زمانی ئا
خاکێکی تایبه‌تی داگیر ده‌کا، و زمانێکی دیکه واته زمانی بێ ش ده‌گاته هه‌مان خاک و سه‌رزه‌وی( بۆ وێنه، به ڕێگه‌ی هاتنی خه‌ڵک بۆ ئه‌وێ [موهاجه‌ره‌ت] ). دوایه زمانی بێ ده‌ست ده‌کا به‌وه‌ی که جێگه‌ی زمانی ئا بگرێته‌وه: ئاخێوه‌رانی زمانی ئا به قازانجی زمانی بێ ده‌ست له زمانه‌که‌ی خۆیان هه‌ڵده‌گرن، به گشتی له به‌ر ئه‌وه‌ی پێیان وایه له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه به قازانجیانه وا بکه‌ن ( واته له ڕوانگه‌ی ئابووری ، سیاسی، کولتووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه).
له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له ماوه‌ی گۆڕانی زمانی دا، زمانی داکشاوی ئا، هێشتا کار ده‌کاته سه‌ر زمانی بێ( بۆ وێنه ، به ڕێگه‌ی ئاڵوگۆڕی وشه‌ی قه‌رزکراو، نێوی جێگه، یان نموونه‌ی ڕێزمانی له زمانی ئاوه بۆ نێو زمانی بێ).
بۆ وێنه ، زمانی گۆلی توێژی بنه‌وه‌ی فرانسه‌یی یه. گۆله‌کان ، که گه‌لێکی سێڵتیک بوون ، له‌و خاکه‌ی ده‌ژیان که هه‌نووکه فرانسه‌یی ئاخێوه‌ره به‌ر له هاتنی رۆمانه‌کان. به له به‌ر چاو گرتنی ئه‌و پرێستیژه کولتووری، ئابووری و سیاسییه‌ی که لاتینی هه‌یبوو، دواجار گۆلییه‌کان به وه‌خۆ کردنی لاتینی ده‌ستیان له زمانی خۆیان هه‌ڵگرت، که له هه‌رێمه‌که دا پێشکه‌وت و دواجار شێوه‌ی فرانسه‌یی مۆدێرنی په‌یدا کرد. زاری گۆلی نه‌ما و بزر بوو، به‌ڵام هێشتاش له هێندێک وشه‌ی فرانسه‌یی دا ده‌ناسرێته‌وه و ماوه‌ته‌وه( نزیکه‌ی 90 وشه)، هه‌روه‌ها نێوی شوێن که ڕچه‌ڵه‌کی گۆلییان هه‌یه.
نمونه‌یه‌کی دیکه کارتێکه‌ریی زمانیی ئاڵمانیایی نۆرنه، که له سه‌ده‌ی 18هه‌مه‌وه کوێر بووه‌ته‌وه و نه‌ماوه، به‌ڵام ئێستاش ڕچه‌ی به سه‌ر دیالێکته سکاتله‌ندییه‌کانی شێتله‌ند و دوڕگه‌کانی ئۆرکنهی دا ماوه‌ته‌وه.
له‌وانه‌یه له ڕووی زمانناسییه‌وه دۆزینه‌وه‌ی سابستراتهکان ( توێژه‌کانی بنه‌وه) دژوار بێ ، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر زمانی سابستراتوم و زمانه خزمه‌کانی هه‌ره نزیکی کوێربووبێتنهوه و نه‌مابن."
ئه‌وه‌ش بنكڕهکهی گۆرین. هیوادارم ئه‌و نووسراوه‌یه ببێته هۆی وردبوونه‌وه‌ی زیاتری وه‌رگێڕان کاتێک ده‌یانه‌وێ له وه‌رگێڕانی بابه‌تی زمان‌ناسی بۆ سه‌ر زمانی کوردی دا زاراوه‌ی نوێ داتاشن.
No comments:
Post a Comment