بیری داسه‌پاندنی شێوازێکی زمان به سه‌ر شێوازه‌کانی دی‌دا له بن په‌رده‌ی "زمانی یه‌کگرتووی کوردی" ڕایه‌ڵه‌ی پێوه‌ندیی ناوکۆیی کورد لاوازتر ده‌کا
بیری داسه‌پاندنی شێوازێکی زمان به سه‌ر شێوازه‌کانی دی‌دا له بن په‌رده‌ی "زمانی یه‌کگرتووی کوردی" ڕایه‌ڵه‌ی پێوه‌ندیی ناوکۆیی کورد لاوازتر ده‌کا!
لێروله‌وێ، جار و ناجار ورده وتاری سۆزاوی و به دوور له پێوانه‌ی زانستی بڵاو ده‌کرێنه‌وه و تێیاندا داوا له ده‌سته‌ڵاتی سیاسی له باشووری کوردستان ده‌کرێ "سۆرانی" بکه‌نه زمانی ڕه‌سمی پێوه‌ندی و ئیداری، بۆ پاساودانی ئه‌و بیره‌ش هێندیک هێما و ئاماژه‌ی مێژوویی کاڵ و کرچ ده‌هێندرێته گۆڕێ و له ژێر په‌رده‌ی دروشمی کلاسیک و ژه‌نگ هه‌ڵێناوی "یه‌ک نه‌ته‌وه، یه‌ک ئاڵا و یه‌ک زمان"،ئه‌و زۆڵم و زۆردارییه‌ی له‌وه‌تا دروستبوونی " ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه‌کان" له کولتوور‌و زمانی کوردی کراوه، ده‌خوازرێ ئه‌وجار کورد بۆ خۆی ئه‌و زوڵم و زۆردارییه له سه‌ر خۆی تاقی کاته‌وه.
پێڤاژۆی دروستکردنی تاکه زمان بۆ تاکه نه‌ته‌وه به پێی هه‌موو ئه‌و هۆکارانه‌ی له وڵاتانی جۆربه‌جۆری دنیا دا تاقی کراونه‌ته‌وه، سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه. ئیدی ئێستا پێوه‌ندییه‌کی ڕاسته‌وڕاست و چڕ‌وپڕ له نێوان چه‌شناوچه‌شنی زمانی و چه‌شناوچه‌شنی بیولۆژیکی و ژینگه‌یی بابه‌ته و قسه‌ی ڕۆژه‌و زمان‌ناسان و فره پارێزان به گه‌رموگوڕی له پێداویستی پاراستن و ڕێزگرتن له جیاوازییه‌کان ده‌دوێن.
پلان دانانی زمانی وده‌ستێوه‌ردانی وشیارانه له زمانی کوردی دا حه‌وجێی به لێوردبوونه‌وه‌یه‌کی قووڵ و هه‌موولایه‌نه‌یه و هه‌ر وا به پێی سۆز و عاتیفه و به‌سترانه‌وه‌ی ئێتنیکی سه‌ر ناگرێ.له هه‌لومه‌رجی ئێستادا،ئه‌وه‌ی له باشووری کوردستان ده‌ست ده‌دا،دانانی پلانێکی په‌روه‌رده و خوێندنی کوردییه به له‌به‌رچاوگرتن،ڕێزگرتن،پاراستن و به‌ره‌وپێشبر‌دنی هه‌موو شێوازه‌کانی کوردی به بێ جیاوزی و دووچاوکی له گه‌ڵ کردن.
له‌وانه‌یه شێوازێکی کوردی له ڕوانگه‌ی چه‌ندییه‌وه زیاتر بێ یان زیاتری پێ نووسرابێ و پێی بڵاوکرابێته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێتوو ئه‌و شێوازه به سه‌ر شێوازه‌کانی دیکه دا له سه‌ره‌وه را داسه‌پێندرێ، زه‌مینه خۆش ده‌کا بۆ نه‌بانی و بۆژۆ کردنی ئاخێوه‌رانی شێوازه‌کانی دیکه.
ڕێگه‌ی هه‌ره زانستی و به‌رپرسانه، ئه‌وه‌یه، پلانی خوێندنی کوردی به‌پێی بارودۆخی دێمۆگرافی وهه‌ژماری هه‌ر ناوچه‌یه‌ک ڕێکبخرێ و له هه‌ر هه‌رێم و ناوچه‌یه‌کیش دا زه‌مینه بۆ خۆێندی شێوازه‌کانی دی کوردی پێک بهێندرێ.
بۆ نموونه ئه‌گه‌ر له خوێندنگه‌کانی ئه‌ستانی سلێمانی ئامرازی په‌روه‌رده و بارهێنان به شێوه‌ی سه‌ره‌کی کوردیی بابانی ( سۆرانی یه) له حه‌وتوو دا چه‌ند سه‌عاتێکیش بۆ فێر کردنی بادینی ته‌رخان بکرێ، یان ئه‌گه‌ر له ئه‌ستانی دهۆک ئامرازی په‌روه‌رده و بارهێنان به شێوه‌ی سه‌ره‌کی کوردیی بادینی – بۆتانییه، له حه‌وتوو دا چه‌ند سه‌عاتێکیش بۆ فێرکردنی کوردیی بابانی ( سۆرانی) ته‌رخان بکرێ. له ناوچه‌ی هه‌ورامانیش خوێندنی سه‌ره‌کی سه‌ره‌تایی ده‌بێ به کوردیی هه‌ورامانی بێ وبه ڕێگه‌ی ڕاپرسییه‌ک به دانیشتووانی ناوچه ڕاوێژ بکرێ که له خوێندنگه‌کان دا وانه‌ی
شێوازی "سۆرانی" یان " بادینانی" بخوێندرێ و دیاره له به‌ر تێکه‌ڵاویی زێده‌تر و هه‌ڵکه‌وتی جوگرافیایی له‌وانه‌یه که "سۆرانی" له‌وناوچه‌یه پشکی یه‌که‌م بێ.
بۆچوونێکی ئاوای هه‌موو گره‌وه، ئاخێوه‌رانی هه‌موو شێوازه‌کان له یه‌کتر نزیک ده‌کاته‌وه و زه‌مینه‌یه‌کی پته‌و و سه‌قامگیر بۆ یه‌کێتی له جیاوازیدا ده‌خولقێنێ.
حه‌سه‌نی قازی
ژووییه‌ی 2007
No comments:
Post a Comment