به‌شداریی له هێندێک تێبینی زمانی
به‌شداریی له "هێندێك تێبینی زمانیی"
س. چ. هێرش
ئه‌و ڕۆژانه له بلۆگ(ماڵپه‌ڕ)ی "ڕوانگه" که کاک حه‌سه‌نی قازی خۆی به‌ڕێوه‌ی ده‌با و بابه‌تی تێدا ده‌نووسێ، چاوم به باسێکی زۆر به که‌ڵک و پێویست و ورووژێنه‌ر له ژێر نێوی ""هێندێك تێبینی زمانیی" که‌وت که ته‌واو سه‌رنجی منی تامه‌زرۆی باسێکی ئه‌وتۆی ڕاکێشا و، هه‌ر بۆیه‌ش وێڕای ده‌ستخۆشانه له به‌ڕێزیان، ده‌مه‌وێ به پێی توانایی و سه‌لیقه‌ی زمانیی له‌و زنجیره باسه‌دا به‌شدار بم و بیروبۆچوونی خۆم ده‌ربڕم.
شیاوی گوتنه، له زنجیره باسی تایندا که تا ئێستا 4 به‌شی لێ بڵاوبووه‌ته‌وه، نووسه‌ر هه‌وڵی داوه (وه وابزانم درێژه‌شی ده‌بێ) کۆمه‌ڵێک وشه و زاراوه و ده‌سته‌واژه‌ی قه‌به و داتاشراو و به‌هه‌ڵه ده‌کارکراو ده‌ستنیشان بکا که له‌گه‌ڵ بنه‌مای زمانه‌وانی و ڕێسای ڕێزمانیی یه‌ک ناگرنه‌وه.
به‌ر له‌وه‌ی بمه‌وێ بچمه سه‌ر ئه‌سڵی بابه‌ت، جێی خۆیه‌تی جه‌خت له سه‌ر ئه‌وه بکه‌مه‌وه که من ده‌گه‌ڵ به‌شێکی زۆر له بیروبۆچوونه زمانییه‌كانی نووسه‌ر واته کاک حه‌سه‌ن کۆکم و، دیاره ئه‌وه‌ش له ئاکامی تێکه‌ڵاوی و هاوکارییه‌ک بووه که ماوه‌ی چه‌ند ساڵێک له گۆڤاری"گزینگ" دا به‌یه‌که‌وه بوومانه.
نووسه‌ر له به‌شی یه‌که‌مدا، دوو زاراوه‌ی ره‌زاگرانی"له‌سه‌ر زاری" و "له‌میانه"ی هێناوه‌ته‌وه و له توێی باسه‌که‌یدا قه‌به‌بوونی ئه‌و دووانه‌ی به ده‌لیل و ده‌ستاوێژ سه‌لماندووه، هه‌ربۆیه‌ش حه‌وجێ به له‌سه‌رڕۆییشتن له لایه‌ن منه‌وه ناکا!
له به‌شی دووهه‌مدا، وشه‌گه‌لی "شوناس"، "ناسنامه" و "پێناسه"( identity) که زۆربه‌ی ڕۆشنبیران و نووسه‌ران به‌تایبه‌ت له کوردستانی باشوور ده‌کاریان دێنن، شیکراونه‌ته‌وه. نووسه‌ر، له‌بری ئه‌و وشه‌گه‌له سێ جێگری وه‌ک: "ناسێنه"یان"ناسه"، "هه‌وێتی" و "کێیی" داناوه و له باسه‌که‌یدا ئاماژه‌ی پێکردووه، من "هه‌وێتی"م هه‌ر له ڕۆژی یه‌که‌مه‌وه زۆر به دڵ بووه، که له بری وشه‌ی ئینگلیسیی (identity) ده‌کار هاتووه.
نووسه‌ر، له به‌شی سێهه‌می باسه‌که‌یدا، به هێنانه‌وه‌ی بڕگه‌گه‌لێک له بیروبۆچوونه‌کانی مامۆستا "ده‌یڤید کریستاڵ"، چه‌ند وشه و زاربێژی ئینترنێتیی وه‌ک: ماڵپه‌ڕ، زێد و وێبنووس خستووه‌ته به‌رباس و، له کۆتاییشدا پێشنیاری ئه‌وه‌ی کردووه که له بری بلۆگ{نووس}، وێبنووس دابندرێ که تا له بیرم نه‌چووه ئه‌وه‌ی لێ قه‌بوڵ ده‌که‌م، به‌ڵام ئه‌وه‌یکه ده‌ڵێ: "به پێی بۆچوونی من ئه‌م وشه و زاراوانه‌ی خواره‌وه که تا ئێستا ده‌کارکراون هێندێکیان به جوانی جێی خۆیان کردووه‌ته‌وه"، جێگه‌ی قسه‌لێکردنه. له‌و وشه و زاراوانه‌ی که نووسه‌ر باسی ده‌کا ته‌نیا یه‌کێکیان واته: "ماڵپه‌ڕ" جێی خۆی کردووه‌ته‌وه نه‌ک (هێندێکیان!). هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر قه‌راربێ "ماڵپه‌ڕ" جێی خۆی کردبێته‌وه و نووسه‌ریش په‌سندی کردبێ، ئیدی "زێد" که مانای ماڵ| هوم ده‌دا، وابزانم زیادی یه.
ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێم که مادام نووسه‌رخۆی ده‌روازه‌ی ئه‌م باسه‌ی بۆ خوێنه‌ره‌وان و لایه‌نگرانی ئه‌و بابه‌ته کردووه‌ته‌وه، ده‌بوو گه‌لێک وشه و زاراوه و زاربێژی باوی ده‌کارهاتوو، وه‌ک: ئێمێسن(msn)، چات| شات، پاڵتاگ(چه‌قه‌خانه)... بخاته‌به‌رباس که شاره‌زا و خاوه‌نڕایان له سه‌ریان دوابان و به ئاکامێکی شیاو و گونجاو گه‌ییشتبان.
له کۆتاییدا وێڕای سپاس له کاک حه‌سه‌ن بۆ ده‌ستپێشخه‌ری ئه‌و زنجیره‌باسه، هیوادارم که‌سانێکی زیاتر تێوه‌بگلێن و بیروڕای خۆیان بخه‌نه‌ڕوو.
با به‌شی چواره‌م بۆ ده‌رفه‌تێکی دی هه‌ڵبگرم و بڵێم: جارێ لای ئێوه‌مان خۆش.
28/06/2007
No comments:
Post a Comment