هێندێک تێبینی زمانی 2
هێندێک تێبینی زمانی 2
حه‌سه‌نی قازی
"شوناس" مانای "هۆوییه‌ت"ی فارسی، "هه‌وییه"ی عه‌ره‌بی، "کیملیک"ی ترکی و "ئایدێنتیتی" ئینگلیسی ناگه‌یێنێ!
یه‌که‌م جار که ئه‌و وشه‌یه‌م له نووسراوه‌یه‌ک دا خوێنده‌وه، پێم وابوو ڕاسته‌وڕاست له زمانی فارسییهوهخوستراوهتهوه و "شێناس" کوردێندراوه وکراوه به "شوناس " و وه‌ک زاراوه‌یه‌ک بۆ گه‌یاندی واتای هۆوییه‌ت، هه‌وییه ده‌کار هێندراوه. به‌ڵام به گه‌ڕان له فه‌رهه‌نگه فارسییه‌کاندا ده‌رکه‌وت که‌که‌س ئه‌و مانایه‌ی تێناخوێنێتهوه. دیاره له زمانی کوردی دا وشه‌ی "شناس" یان"شوناس" به واتای ناسیاو و ئاشنا و ڕۆشنا ده‌کار کراوه.
وه‌ک له‌م ڕسته‌یه دا ده‌بینین. " به‌داخه‌وه له‌م شاره دا چ شناسم (شوناسم ) نییه یانی که‌س ناناسم.که‌وابوو حه‌ق وایه ئه‌و دهکارکردنهنابهجێیه ده‌ستی لێ هه‌ڵگیرێ و به ده‌ردی داتاشینه ناشیانهکانی دیکه بچێ.
بۆ ده‌ربڕینی هاوتای هۆوییه‌ت ی (فارسی)،هه‌ویه‌ی (عه‌ڕه‌بی)، ئایدێنتیتی(ئینگلیسی)، کیملیک ی(ترکی) له شێوازه‌کانی کوردی دا ئه‌م وشانه‌ی خواره‌وه ده‌کارهێندراوه:
1-" ناسنامه " له کۆکی چاوگی کرداری "ناسین" ناس + نامه. دیاره ده‌ربڕینێکی ئاوا له فارسیش دا لهکۆکی چاوگی " شناختن"، شناس + نامه داتاشراوه.دیاره شناسنامه له فارسی‌دا به مانای به‌ڵگه‌یه‌که که زانیارییه‌کانی که‌سی هه‌ڵگره‌که‌ی تێدا هاتووه و له‌بری وشه‌ی عه‌ڕه‌بی "سجل " وه‌خۆ کراوه.
2- " پێناسه " له پێشگری " پێ" + ڕیشه‌ی چاوگی ناسین،" ناس" + و ته‌واو که‌ری"ئه"داڕێژراوه.به بۆچوونی زمانی ئه‌م وشه‌یه زیاتر بۆ "سجل" عه‌ڕه‌بی ده‌ست ده‌دا. ""
3- پێناس: پێ + ناس ئه‌ویش مانای به‌ڵگه‌ی ناسێنه‌ری لێده‌خوێندرێته‌وه که دیاره ناتوانێ واتای زۆر به‌ربڵاوتری "ئایدێنتیتی" ئینگلیسی ده‌رببڕێ.
به‌پێی ده‌ره‌تانه‌کانی زانه‌وه‌ی وشه له زمانی کوردی دا بۆ وه‌خۆکردنی واتای نوێ، ده‌کرێ یه‌كێک له‌م به‌دیلانه‌ی خواره‌وه، دیاره دوای دمه‌ته‌قه‌یه‌کی هه‌موولایه‌نه وه‌خۆ بکرێ:
1- "ناسێنه" یان " ناسه" وه‌کوو ئاکامی چاوگی "ناسین"بۆ واتای هۆوییه‌ت. "ناسێنه‌ر"یش ده‌کرێ وه‌کوو ناوی کارا بێ ، به مانای که‌سێک که شتێک یان که‌سێک ده‌ناسێنێ.ناسێنه به‌پێی بۆچوونی زمانی ده‌کرێ مانای ته‌واوی "ئایدێنتیتی"تێبخوێندرێته‌وه.
2-" هه‌وێتی" وه‌کوو ئاکامی مانایی چاوگی لێکدراوی "هه‌وبوون". دیاره نووسه‌ری ئه‌م دێڕانهلهوهرگێڕانیی چه‌ند بابه‌ت دا که کاتی خۆی له گۆڤاری "گزینگ"دا بڵاوکراوه‌ته‌وه، زاراوه‌ی"هه‌وێتی"م ده‌کار کردووه. ئه‌و داتاشینه لای چه‌ند نووسه‌ر، له‌وانه به‌ڕێز س.هێرش به په‌سند زاندراوه و ئێستا له‌بری "هۆوییه‌ت" به‌کاری ده‌هێنێ.
لایه‌نێکی ئه‌رێیی ئه‌م بێژه‌یه ئه‌وه‌یه که هه‌م وه "هۆوییه‌ت" ی فارسی و هه‌م "هه‌وییه"ی عه‌ڕه‌بی ده‌چێ و لایه‌نی ناله‌باریشی ئه‌وه‌یه که دۆخی "هه‌وێ" هه‌بوون ده‌گه‌یێنێ،واته ژنێکی سه‌ربه‌هه‌وێ که له دۆخی هه‌وێتی دا بژی. به‌ڵام ده‌زانین له کوردی و له زمانی دیکه‌ش دا زۆرجار وشه‌یه‌ک مانایه‌ک زیاتر ده‌رده‌بڕێ وئه‌گه‌ر به‌و ڕبهیهی بپێوین تووشی گرفتێکی ئه‌وتۆ نایه‌یین. دیاره ده‌کرێ " هه‌وی " و "هه‌وه‌تی" یش له‌وه ساز بدرێ،به‌ڵام له‌وانه‌یه "هه‌وێتی" له سه‌ر زمان سووکتر بێ.
3-" کێیی" که ده‌کرێ له جێناوی "کێ" دابتاشرێ، به‌ڵام له سه‌ر زمان خۆش نییه.له زمانی ترکی دا ئه‌و زاراوه واته "کیملیک" یان له جێناوی "کیم" به واتای"کێ"داتاشیوه.دیاره ئه‌م پێشنیارانه‌ی سه‌ره‌وه له هه‌لومه‌رجێکدا که پێڤاژۆی ناسینهخوازی کورد هێشتا هه‌ر به‌رده‌وامه،ده‌کرێ گشتیان به‌رپه‌رچ بدرێنه‌وه وبه‌دیلی باشتر له‌جێی"شوناس"ی لهزاران ناخۆش وله‌مانا دوور دابندرێ.
No comments:
Post a Comment