هاوپرسه‌کییه‌کی دیکه له گه‌ڵ مامۆستا داریووشی ئاشووری ، ئه‌مجاره سه‌باره‌ت به زمان و خه‌ت
هاوپرسه‌کییه‌ک له گه‌ڵ مامۆستا داریووشی ئاشووری سه‌باره‌ت به زمان و خه‌ت
قازی: مامۆستا، جارێکی دیکه‌ش زۆر به خێر بێن بۆ تێلێڤیزیۆنی ڕۆژ و بۆ به‌رنامه‌ی ڕوانگه
ئاشووری: زۆر سپاستان ده‌که‌م .
قازی: با باسه‌که‌مان له‌وه ڕا ده‌ست پێبکه‌ین. وه‌ک ده‌زانن ناساندن بۆ زمان زۆر هه‌یه. یه‌ک له‌و ناساندنانه که له نێو کوردان دا زۆر باوه ده‌ڵێن: " زمانی من ناسنامه‌ی منه "
ئێوه ئه‌و ناساندنه چۆن لێک ده‌ده‌نه‌وه؟ و به‌گشتی خۆتان زمان چۆن پێناسه ده‌که‌ن؟
ئاشووری: دیاره، ده‌کرێ زمان له ڕوانگه‌ی جۆر به جۆره‌وه پێناسه بکرێ، بۆ وێنه له ڕوانگه‌ی کۆمه‌ڵناسی زمان، یا زانستی زمانناسییه‌وه. زمان بریتییه له ده‌زگای ده‌نگ که هه‌ڵگری مانان و له نێو مرۆیان دا پێوه‌ندی داده‌مه‌زرێنن. له ڕاستیدا کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئینسانی هه‌میشه کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی زمانییه.له هه‌مان کاتدا، زمان له ڕوانگه‌ی فه‌لسه‌فیشه‌وه پێناسه ده‌کرێ، که به باوه‌ڕی من یه‌ک له‌و ڕوانگه فه‌لسه‌فییانه زۆریش گرینگه و له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا هاتووه‌ته گۆڕێ، به پێی ئه‌و، زمان کرانه‌وه‌ی ئینسانه به‌ره‌و هه‌بوون.ئه‌وه زیاتر ناساندنێکی هایدێگێری یه له مه‌ڕ زمان و ده‌ڵێ زمان ڕیشه‌ی هه‌بوونی ئینسانه، ئینسانییه‌تی ئینسانه. بنچینه‌ی کولتووره ، ده‌ره‌تانی کولتووره و له ڕاستیدا ئینسان به بوونی ده‌ره‌تانی کولتوورییه که له عاله‌می ئاژه‌ڵان دێته ده‌رێ و ده‌بێته ئینسان. بۆ من زمان زیاتر ئاوایه ، واته وه‌ک ڕیشه‌ی کولتووره...
قازی: وه‌ک ئامرازێکی پێوه‌ندی، پێوه‌ندی نێوان ئینسانان. به بۆچوونی ئێوه لایه‌نی سیاسی، لایه‌نه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی زمان تا چ ڕاده‌یه‌ک شوێنی بووه له سه‌ر بۆچوون سه‌باره‌ت به زمان؟
ئاشووری: دیاره، زمان له ڕوانگه‌یه‌که‌وه ئامرازه، ئامرازی پێوه‌ندییه و ئێمه ئاگادارانه ده‌کاری ده‌هێنین. به‌ڵام ڕه‌هه‌ندێکی ده‌ره‌وه‌ی ئیراده و ئه‌وپه‌ڕی ئامراز بوونیشی هه‌یه. هه‌ڵبه‌ت زمانان له درێژایی مێژوو دا وه‌کوو خۆیان نامێننه‌وه، ئاڵ‌وگۆڕیان به سه‌ر دادێ، له ڕووی بناخه‌ی ده‌نگی، له ڕووی بناخه‌ی سه‌رفی، له ڕووی بناخه‌ی مانایی یه‌وه، شوێن له سه‌ر یه‌کتری ده‌که‌ن، ده‌که‌ونه به‌ر کاردانه‌وه‌ی کولتووری جۆر به جۆر. هه‌ر وه‌ها پێوه‌ندی سیاسی و ده‌سته‌ڵاتیش له دیاریکردنی چاره‌نووسی زمانان دا زۆر کاریگه‌ره. کاتێک قه‌ومێک به سه‌ر قه‌ومێکی دیکه دا زاڵ ده‌بێ، ئاشکرایه زمانی قه‌ومی زاڵ ورده ورده شوێن ده‌کا له سه‌ر زمانی قه‌ومی ژێرکه‌وتوو، یان له جێ‌دا له نێوی ده‌با و جێگه‌ی ده‌گرێته‌وه. و ئێمه له مێژوو دا وێنه‌ی ئه‌وتۆمان زۆره، که پێوه‌ندی سیاسی، پێوه‌ندی ده‌سته‌ڵات هه‌میشه بڕیارده‌ره له چاره‌نووسی زمانان دا. لایه‌نێکی دیکه نفووزی زمانانه له سه‌ر یه‌کتر. ئه‌وه‌ی که زمانی عه‌ڕه‌بی ئه‌وه‌نده‌ی شوێن له سه‌ر زمانی فارسی کردووه ، له به‌ر ئه‌وه‌یه ، دینی ئیسلام هاتووه زاڵ بووه و زاڵبوونی عه‌ڕه‌بان به درێژایی چه‌ند سه‌ده‌یان به سه‌رزه‌وییه‌کانی ئێرانی دا و هه‌روه‌ها دواتر، ئه‌ده‌بییات و کولتوورێکی که لێی که‌وتووه‌ته‌وه له ژێر کارتێکه‌ری زمان و ئه‌ده‌بییاتی عه‌ڕه‌بی دا بووه و بووه‌ته هۆی نفووزێکی به‌رفره‌وانی عه‌ڕه‌بی له فارسی دا. هه‌ر وه‌تر له‌م ڕۆژگاره‌ش دا بو وێنه زمانی ئینگلیسی و توانایی زمانی ئینگلیسی بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی زۆر زمان له نێوبچن و یان زمانی ئینگلیسی شوێنێکی زۆر دابنێ له‌سه‌ر هه‌موو زمانانی سه‌ر گۆی زه‌وی.
قازی: به له به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که ئێوه بۆ ماوه‌ی درێژ سهروکارتان له گه‌ڵ زمان دا بووه پێتان وایه که زمانکوژی، یان زۆرداریی زمانی خراپترین شێوه‌ی غه‌در و زۆردارییه که گرووپێک له ئاست گرووپێکی دیکه ده‌کاری ده‌هێنێ ؟
ئاشووری: دیاره ئه‌وه‌نده ناچم بڵێم زۆرداری، به‌ڵام ئه‌وه هێندێک له مه‌نتقی مێژوویی پێوه‌ندی ده‌سته‌ڵات دایه. و ئێستا وه‌ک ده‌زانن یه‌ک له‌و باسانه‌ی له دنیای زمان‌ناسی دا له‌گۆڕێ دایه ئه‌وه‌یه که زمانان به خێرایی خه‌ریکه له نێو ده‌چن. واته هه‌ر ئه‌و کاره‌ی مرۆ له بواری خۆڕسک دا کردوویه که بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی ڕۆژانه ته‌نانه‌ت هه‌ژمارێکی زۆر له چه‌شنه‌کانی ڕووه‌ک و ئاژه‌ڵان له‌نێو بچن . به هاتنی دنیای مۆدێرن، دنیای پیشه‌سازی،
ته‌نانه‌ت ئه‌و گلۆبالیزه‌یشنه، واته ئه‌و گۆداگرتنهی تێکنۆلۆژی مۆدێڕن و ئه‌وانه، ئه‌وه ده‌بێته هۆی له‌نێوچوونی زمانێکی زۆر. ئه‌من مه‌قاله‌یه‌کم ده‌خوێنده‌وه، له‌وێدا پێشبینی کراوه تا دوایی ئه‌م سه‌ده‌یه‌ی تێیداین، واته سه‌ده‌ی بیستویه‌که‌م، له نزیک ئه‌م شه‌ش هه‌زار زمانانه‌ی که ئێستا هه‌ن، ڕه‌نگه ته‌نێ سه‌د زمان بمێننه‌وه و ته‌نێ چه‌ند زمانی هه‌ڵکه‌وتوو. وه‌کوو زمانی ئینگلیسی که بوونی خۆی ده‌پارێزێ و خۆی به جیهانی ده‌کا.
دیاره ئه‌مه پێڤاژۆیه‌که له هه‌موو جیهاندا و هه‌ڵبه‌ت په‌یدابوونی کۆمه‌ڵگه تێکنۆلۆژییه مۆدێڕنه‌کان، له نێوچوونی یه‌که‌کانی پچووکی ژیانی _ ئابووری پچووک ، بۆ وێنه وه‌کوو دێیه‌کان، و شارۆچکه‌کان که خاوه‌نی کو‌لتوور و زمانی خۆیان بوون، ئه‌وانه به‌خێرایی خه‌ریکی له نێوچوونن. هه‌ر له هه‌مان مه‌قاله دا هاتبوو له سه‌ده‌ی چاردههمهوه به‌ملایه‌وه که نزیکه‌ی 14000 زمان هه‌بووه، هه‌نووکه 6000 زمان ماوه‌ته‌وه.
و له‌و 6000 زمانه‌ش، ئه‌گه‌ر هه‌ر وا بڕوا، تا دوایی ئه‌م سه‌ده‌یه نزیکه‌ی 100 زمان ده‌مێنێته‌وه. به‌و پێیه ئه‌وه مه‌سه‌له‌یه‌که پێوه‌ندی هه‌یه به تێکنۆلۆژی ، جیهانی بوون و پێوه‌ندییه‌کانی جیهانی ...
قازی: مه‌به‌ستی من ئه‌وه بوو، ئه‌گه‌ر ده‌سته‌ڵاتێکی سیاسی ، بییه‌وێ به ئانقه‌ست ، گۆیا بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆی،زمانێک به ته‌واوی سه‌رکوت بکا و بیبڕێ، گه‌لۆ ده‌کرێ بگوترێ ئه‌وه زاڵمانه‌ترین شێوه‌ی غه‌در و زۆردارییه ؟
ئاشووری: به‌ڵێ ! هه‌ر له‌و سه‌روبه‌ندی پێڤاژۆی په‌یدا بوونی ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه مۆدێرنه‌کان و داهێنانی زمانی نه‌ته‌وه‌یی، وه‌کوو زمانی تاکانه ، وه‌کوو زمانی ده‌زگای ئیداری، ئه‌رته‌ش، زمانی بفێرکردن و بارهێنان به تایبه‌تی، زمانی ڕاگه‌یێنه‌ری گشتی ئه‌وه بووه‌ته هۆی له نێوچوونی زۆر زمانان هه‌م له‌م ئوڕووپایه و پاشانیش له شوێنه‌کانی دیکه‌ی دنیادا.
کاتێک قه‌واره‌کانی مۆدێرنی ده‌وڵه‌ت _ نه‌ته‌وه‌یی داندراوه ، بۆ وێنه له ترکییه یا له ئێران ، کاتێک پێویستی به زمانێکی نه‌ته‌وه‌یی هه‌بووه - هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه له سه‌ر بناوانی زمان بناسێنین -، ئه‌و ده‌می زمانه‌کانی دی ده‌بێ له نێو بچن و زمانێکی نه‌ته‌وه‌یی زاڵ بکرێ که ئه‌و فکره له ئێران زۆر به‌هێز بوو به‌تایبه‌تی له سه‌رده‌می ڕه‌زا شا و ناسیۆنالیزمی مۆدێرن دا. دیاره ئه‌مه زۆردارییه‌که له سه‌ر ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی زمانی دیکه‌یان هه‌یه به‌ڵام هه‌ر له‌و قه‌ڵه‌مڕۆ سیاسییه دا ده‌ژین.
قازی: با بڕێک له سه‌ر ده‌وری زمان بدوێین. له لایه‌که‌وه زمان ئامرازێکه بۆ پیوه‌ندی کۆلێکتیڤ و گشتی، به‌ڵام لایه‌نێکی تاکیشی هه‌یه. ئێوه زمان و تاک چۆن به یه‌که‌وه ده‌لکێنن ؟
زمانێک که کۆمه‌ڵێک خه‌ڵک قسه‌ی پێبکه‌ن، ئه‌گه‌ر زۆڵمی لێبکرێ یان پێشی پێبگیرێ،له‌وانه‌یه هه‌ستێکی که‌مبوون، هه‌ستێکی به‌کۆمه‌ڵ بۆ پاراستنی بورووژێندرێ. باشه ئه‌ی پێوه‌ندی تاک به زمانه‌وه چۆنه؟
ئاشووری: دیاره کاتێک که زمانێک بگۆڕدرێ، یان زمانێک له نێو بچێ، زمانێکی دیکه جێی ده‌گرێته‌وه و ئه‌وه ناسه‌ی کولتووری تاک ده‌گۆڕێ. بۆ وێنه ئه‌گه‌ر کوردێک به زمانی ترکی گه‌وره بکرێ و زمانی ببێته ترکی، ده‌بێ به به‌شێک له کولتووری ئازه‌ربایجانی. یان ئه‌گه‌ر فارس زمانێک بۆ وێنه به کولتووری زمانی عه‌ڕه‌بی، ژاپۆنی یان چینی، یان هه‌ر زمانێکی دیگۆش بکرێ له خۆوه ده‌چێته نێو قه‌ڵه‌مڕۆی ئه‌و کولتووره و ناسه‌ی ئه‌و کولتووره‌وه، و ناسه‌ی ماکی خۆی، له کیس ده‌دا!
قازی: به‌ڵام، گه‌لۆ ده‌کرێ ئه‌وه له باری زانستییه‌وه بسه‌لمێندرێ؟ ئه‌گه‌ر هه‌ست و گرێدراوی به ناسهیهک و خۆ به به‌شێک له گرووپێک زانین له به‌رچاو بگرین. زۆر نموونه هه‌ن گرووپێک له ئینسانان به زمانێک قسه ناکه‌ن، به‌ڵام به‌ستراویی هه‌ستییان هه‌یه به‌و زمانه‌وه !
ئاشووری: ئه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه به‌وه‌ی که بیره‌وه‌رییه‌کی مێژوویی چه‌نده پارێزرابێ. که من خه‌ڵکی کوێم؟ باسمان کرد،له ڕووی شهجهرهناسییهوه، له به‌ڵگه‌کانی خێزانی ئێمه دا ، ئێمه ڕیشه‌ی کوردیمان هه‌یه، به‌ڵام دیاره دوای وه‌چی یه‌ک له دوای یه‌ک،ئیتر ئه‌و پێوه‌ندییه نه‌ماوه. یانی ئه‌من هیچ زمانی کوردی نازانم، و بهستراوهیشم به کولتووری کوردییه‌وه نییه. من فارسزمانم و به کولتووری فارسی به‌ستراومه‌ته‌وه. له ئاکامدا، مه‌سه‌له ئه‌وه‌یه که ئه‌و هه‌سته تا ڕاده‌یه‌ک بمێنێته‌وه. من هه‌نووکه به‌پرسیارم و پێم خۆش بوو ئه‌گه‌ر ته‌مه‌نم رێگه‌ی دابا بۆ وێنه، زمانی کوردی فێر بم، وه‌کوو ئێرانییه‌ک و له ڕووی بهپرسیارییهوه له ئاست بۆ وێنه، بناخه‌ی زمانی، ئێتیمۆلۆژی و هتد. به‌ڵام هه‌رچۆنێک بێ من سه‌ر به کولتووری کوردی نیم و هه‌ستێکی ئه‌وتۆشم نییه. هه‌رچییه‌ک بێ فارس زمانم به چه‌ندین پشت به‌رله خۆم له که‌شوهه‌وای ئه‌م کولتووره و ئه‌م زمانه دا ژیاوم.
قازی: واته، ئه‌گه‌ر مرۆ به زمانێکیش قسه نه‌کا، ده‌توانێ له ڕووی ده‌روونی و نه‌فسییه‌وه به‌رامبه‌ر به‌و زمانه هه‌ست به گرێدراوی بکا؟
ئاشووری: ئه‌وه دیسان به‌ستراوه‌ته‌وه به کولتووری خێزان. ئه‌وه‌ی که خێزان و بنه‌ماڵه ڕه‌چه‌ڵه‌کی ماکی خۆی به چی داده‌نێ؟ و چۆن ئه‌و هه‌سته ده‌گوێزێته‌وه بۆ منداڵه‌کانی خۆی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌سته نه‌گوێزرێته‌وه، دیاره گرێدراوی و به‌سترانه‌وه به کولتوورێکی دیکه سه‌ر هه‌ڵده‌دا. بۆ وێنه، ئه‌و ئێرانییانه‌ی دوای شۆڕشی ئیسلامی وڵاتی خۆیان به جێهێشتووه و به هه‌موو کوێیه‌کی دنیا دا وه‌ر بوون، ئه‌مریکا و شوێنی دیکه، هه‌ڵبه‌ت که له وه‌چی دوویه‌م دا ئه‌و به‌سترانه‌وه و گرێدراوییه، واته هه‌ستی ئێرانی بوون، تێیاندا زۆر که‌متره. له وانه‌یه له هێندێکیاندا زۆریش به‌هێز بێ. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که بنه‌ماڵه ئه‌و هه‌سته ده‌پارێزێ و ئه‌و هه‌سته ده‌دا به منداڵه‌کانی خۆی. ئه‌گه‌ر بنه‌ماڵه‌یه‌ک ئه‌و هه‌سته نه‌دا، دیاره ئیتر منداڵه‌کان چ هه‌ست به گرێدراوی به‌و کولتووره ناکه‌ن و ئیدی چبڕ گرینگ نییه ماکیان چ بووه. هه‌ر ئه‌و ئاغای سارکۆزییه که بووه به سه‌رکۆماری فرانسه ، باوکی له مه‌جارستانه‌وه هاتووه بۆ فرانسه، به‌ڵام ئه‌و خۆی به فرانسه‌یی ده‌زانێ و سه‌رکۆماری فرانسه‌یه و هه‌ستی گرێدراوی به فرانسه‌وه هه‌یه و به‌رعۆده‌یی له ئاست فرانسه هه‌یه نه‌ک مه‌جارستان.
قازی: مامۆستا، به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و خه‌بات و لێکۆڵینه‌وانه‌ی له‌بواری زمان دا کردووتانه، ئه‌وه هێندێک پرسیاری تازه له زه‌ین دا ده‌ورووژێنێ. ده‌کرێ به کورتی باسی ئه‌و کار و لێکۆڵینه‌وانه‌ی بکه‌ن له سه‌ر زمان کردووتانه و بڵاوتان کردووه‌ته‌وه؟
ئاشووری: بڕوانه! من له مێژ ساڵه، واته هه‌رله ته‌مه‌نی 22 – 23 ساڵانه‌وه ده‌ستم کرد به کاری نووسین و دواتر وه‌رگێڕان، و دواتر کارکردن له دائیره‌تولمه‌عارفی فارسی له لای پیاوی گه‌وره غوڵامحوسێنی موساحیب که ئینسانێکی ده‌ره‌جه یه‌ک و دره‌وشاوه و، پێشه‌نگی ناسینی پرسه‌کانی له مه‌ڕ زمان و بابه‌تی تێرمینۆلۆژی مۆدێڕن بوو، له‌و ده‌مییه‌وه زه‌ین و سرنجم به‌ره‌و ئه‌و بواره ڕاکێشرا. به‌ره به‌ره زیاتر و زیاتر هه‌ستم پێ‌کرد که کهمووکووڕییهکانمان کامانه‌ن له به‌ستێنی زمانی فارسی دا. زمانی فارسی، وه‌کوو زمانێکی سه‌ر به کولتووری جیهانی سێیه‌می که زانستی مۆدێڕن، چ زانسته ئینسانییه‌کان و چ زانستی خۆڕسکی تێیدا، له به‌ستێنی دا به‌خۆدا نه‌هاتووه و له ئاکامدا بیگانه‌یه له هه‌مبه‌ر ئه‌و زمانانه. چۆن ده‌کرێ ئه‌وه تێههڵبهێنینهوه و وڵامده‌ری که‌موو کووڕییه‌کانی بین؟ هه‌رچۆنێک بێ، هه‌ر هه‌نگاو به هه‌نگاو به دڕیژایی زه‌مان دا، هاتم و ئێستا ئه‌وه نزیکه‌ی چل ساڵه به‌و بابه‌تانه‌وه خه‌ریکم.
به‌شێک له کار‌و چالاکی من له بواری وشه‌ناسی و وشه سازی دابووه له بواری زانستی ئینسانی و فه‌لسه‌فه دا، له پێشدا گرده‌وه کۆیی ئه‌وه‌ی تا ئێستا کراوه، وه‌دووی پێوشوێنی ئه‌وه‌ی که‌وتن که خه‌ڵکی دیکه کردوویانه و یان هاوکات ده‌یکه‌ن و به‌رده‌وامن و...
قازی: باشه ئێستا ئه‌گه‌ر ئیستێک بگرین له سه‌ر بابه‌تی وشه سازی. ئێوه مێتۆدتان بۆ ئه‌و کاره چییه؟ ده‌زانین، هه‌ڵبه‌ت له به‌ر هۆی ده‌ره‌وه‌ی زمانی، زیاتر له به‌ر هۆی سیاسی مه‌سه‌له‌ی په‌تیگه‌ری یان پیوریزم له زۆر زماناندا ته‌جره‌به کراوه. ته‌نانه‌ت له مه‌ڕ زمانی فارسی، له سه‌روبه‌ندێک دا ئه‌و په‌تیگه‌رییه زۆر به هه‌ڵپه‌وه کراوه. مێتۆدی ئێوه له‌و بواره دا چۆن بووه و چۆنه؟ وابزانم ئێوه هیچ شه‌ڕێکتان له گه‌ڵ زمانی غه‌یری فارسی دا نییه. هه‌تانه؟
ئاشووری: نا هیچ کێشه‌یه‌کم نییه، به‌ڵام به‌و پنکته ده‌زانم و له سه‌ریشم نووسیوه که ڕاده‌ی کارتێکه‌ری و نفووزی عه‌ڕه‌بی له فارسی دا زۆر له‌وه زیاتره که پێویست بووه. ته‌نانه‌ت داسه‌پاندنی نه‌حوی عه‌ڕه‌بی به سه‌ر فارسی دا، به شێوه‌یه‌کی ئه‌وتۆ، بووه به زمانێکی دووڕه‌گه به دوو ڕێزمانه‌وه و به دوو ده‌زگای هه‌نبانه‌ی وشان، و هه‌ژمارێکی زۆر وشه‌ی ڕه‌سه‌نی فارسی که له بناخه‌ی زمانی فارسی دا له جێ‌دا له بیر کراون، ده‌بێ ئه‌وانه بگێڕدرێنه‌وه سه‌ر جێی خۆیان.
واته کارێکی من ده‌یکه‌م هه‌ڵبه‌ت به پێی بناخه و ده‌ره‌تانه‌کانی نێوخۆیی زمانی فارسی و په‌ره‌پێدانی ئه‌و ده‌ره‌تانانه‌یه. وه‌ک ئه‌و داڕشتنانه‌ی که پێشتر نه‌بووه و ساز نه‌کراوه، ئه‌وانه ساز ده‌که‌م و داده‌ڕێژم.
قازی: ئه‌گه‌ر ده‌کرێ چه‌ند نموونه باس بکه‌ن؟
ئاشووری: به‌ڵێ! بۆ نموونه هه‌ر ئه‌و وشه‌یه‌ی "گفتمان" که من وه‌ک هاوتای دیسکۆرس له ئینگلیسی دا، سازم کردووه، واته له گفت + مان . ئه‌و پاشگره‌ی
" مان"، بۆ ماوه‌ی زۆر درێژ پاشگرێکی چالاک نه‌بووه، به‌ڵام له وشه‌ی وه‌کوو
" زایمان"، "چایمان" و ئه‌وانه دا هه‌بووه. له سه‌رو به‌ندی دواتر دا هه‌ر به لکاندنی ئه‌و پاشگره دوو وشه ساز کران، یه‌کیان "ساختمان" و ئه‌ویدیکه‌شیان "سازمان" بوو له ڕيشه‌ی دۆخی دابێ و ڕابردووی کرداری "ساختن "، له‌وه، "سازمان" و "ساختمان" دروست کرا .
قازی: ئه‌وانه له لایه‌ن فه‌رهه‌نگستانی هه‌وه‌ڵ له زه‌مانی ڕه‌زاشای په‌هله‌وی دا ساز کران؟
ئاشووری: پێم وایه، له سه‌رده‌می ڕه‌زا شا دا، به‌ڵام وابزانم "سازمان" له ده‌وروبه‌ری دوای خه‌رمانانی ساڵی 1320ی هه‌تاوی داتاشرا، وه‌ک هاوتایه‌ک بۆ ئۆرگانیزهشن. ئه‌وانه دوو وشه ن که به‌تایبه‌تی له به‌ر ئه‌وه‌ی پێداویستییان پێ هه‌بوو له ڕيکخراوه ده‌وڵه‌تییه‌کان دا به‌ڕێگه‌ی ده‌سته‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت له ڕاستیدا زیاتر بره‌ویان په‌یدا کرد. منیش فکرم لێده‌کرده‌وه بۆ وینه له جیات دیسکۆرس ده‌توانین چ دابنێین، به زه‌ینم گه‌یشت ده‌توانین بڵێین "گفتمان". واته، گفت + مان، یانی کۆی ئه‌وه‌ی که گوتراوه یان کۆی گوتار له سه‌ر شتێک. من ئه‌وه‌م داتاشی و ئێستا له فارسی دا بره‌وی په‌یدا کردووه.
من پاشگری "وند" زۆر ده‌کار ده‌هێنم؛ بۆ وێنه "کلیساوند" م ساز کرد به مانای که‌سانێکی که پێوه‌ندییان به کلیساوه هه‌یه یان ده‌ستیان هه‌یه له گێڕانی کلیسا دا، هه‌ر به‌و پاشگره‌ی " وند" ه شتی دیکه‌شم دروست کردووه. ئه‌وه جۆره‌یه‌ک په‌ره پێدانی زمانییه، هه‌ڵبه‌ت بڕێک به‌پێچه‌وانه‌ی خوو و خدهیه. له سه‌ره‌تاوه هێندێک خۆراگری و ملنه‌دان ده‌ورووژێنێ، به‌ڵام به‌ره‌به‌ره جێی خۆی ده‌کاته‌وه. ئه‌و عاده‌ته چه‌ندین سهدهیانهی هه‌ر زاراوه‌یه‌کی که پێداویستیمان پێی هه‌یه له عه‌ڕه‌بییه‌وه سازکه‌ین، یان به پێی پێوه‌ری عه‌ڕه‌بی دای تاشین، من ئه‌وه‌م وه‌لا نا و ئه‌وه سیستمێک بووه که تا زه‌مانی پێکهاتنی فه‌رهه‌نگستانی هه‌وه‌ڵ له زمانی فارسی دا زاڵ بووه.
قازی: به‌ڵام، له‌هه‌مان کاتدا، ئه‌و جۆره وشانه‌ش که هاتوون ده زمانی فارسییه‌وه و جێی خۆیان کردووه‌ته‌وه، و خه‌ڵک لێیان ڕاهاتوون، ئێوه له هه‌مبه‌ریان دا هه‌ستیار نین؟ بۆ وێنه ئێوه له قسه‌کانتان دا بۆ هاوتای گلۆبالیزم، " کره گیر شدن " تان به‌کار هێنا. وه‌ک ده‌زانن " کره " ماکی عه‌ڕه‌بی یه !
ئاشووری: نا، لاریم لێیان نییه. به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی که له فارسی‌دا باش ده‌گونجێن و ته‌نانه‌ت ده‌کرێ به‌وان وشه‌ی لێکدراو ساز بکرێ، من به ئاسووده‌یی وه‌ریان ده‌گرم. ئه‌من ده‌نووسم " ستودنی "، نا نووسم " قابل تحسین "، به ڕای من ئه‌وه کارێکی بێفایده بووه کردوویانه و هاتوون چاوگی " ستودن " یان له بیرکردووه که ده‌کرێ ستایش و داڕێژراوی دیکه‌شی لێ بکه‌وێته‌وه. له کاتێک دا ئه‌و جۆره چاوگانه ده‌زێنه‌وه،ده‌توانین که‌لکیان لێوه‌رگرین،هاتن له جیاتیان " قابل تحسین " یان دانا .
قازی: ئێوه له جێیه‌ک، له‌م کتێبه‌دا "تێفکرینه‌وه‌ی زمانی فارسی" وا بزانم له مه‌قاله‌ی یه‌که‌مدا، ئاماژه ده‌که‌ن به بوونی ڕه‌وتێک بۆ ده‌ربڕینی قسه‌ی زل و ده‌ڵێن ده‌کرا له جیاتیان خه‌ڵک به سانایی قسه‌ی خۆیان بکه‌ن. بۆ وێنه که‌سێک که دووکانێکی بووه هاتووه شتێکی هه‌ڵاوه‌سیوه: "استعمال دخانیات ممنوع" له کاتێک دا ده‌کرا به هاسانی بڵێ و بنووسێ " سیگار نکشید" [ سیغار مه‌کێشن ! ].
ئاشووری: دود نکنید! [ دووکه‌ڵ مه‌که‌ن ]
قازی: ئێوه هۆی ئه‌مه ده‌گێڕنه‌وه سه‌ر چی ؟ بۆ وای لێهاتووه؟
ئاشووری: ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر خووخده و، سه‌روبه‌ندێکی ئاڵوگۆڕی کولتووری که زمان هه‌رچه‌ندی قه‌به‌تر و سازکراوتر بووبا،واته زمانی نووسین، ئه‌وه نیشانه‌ی فه‌زل و خوێنده‌واری بوو! یان هه‌رچه‌ندی زیاتر عه‌ڕه‌بی ده‌کار هێندرابا و فارسی دهرهاوێژرابا، ئه‌وانه نیشانه‌ی فه‌زل و خوێنده‌واری بووه. له ڕاستیدا کولتووری مه‌لایانه و مونشیانه به‌رپرسیاری ئه‌وه‌ی به‌ئه‌ستۆ وه‌یه. بۆ وێنه کاتێک که‌سێک هاتووه ویستوویه " دۆنت سمۆک" ی ئینگلیسی وه‌رگێڕێ یان " نیشت ڕاوخن" ی ئاڵمانی، هاتووه ئه‌و ده‌سته وشه سه‌یرو سه‌مه‌ره‌یه‌ی ساز کردووه : " استعمال دخانیات اکیدا ممنوع "،" استعمال دخانیات " له جیات " سیگار کشیدن " [ سیغار کێشان ]. به‌ڵام زۆر به سانایی ده‌کرێ بگوترێ " دود کردن " ئه‌وه فارسییه ئیتر .
قازی: باشه، له سه‌رده‌می دواتر دا، له گه‌ڵ وشه‌گه‌لی زمانه ئوڕووپاییه‌کانیش دا ئه‌وه کراوه و تێهه‌ڵکێشی قسان کراون،واته ده‌کارکردنیان نیشانه‌یه‌ک بووه بۆ خۆهه‌ڵکێشان و خۆ جوێکردنه‌وه له هه‌ڕه‌مه‌ی خه‌ڵک !
ئاشووری: مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه وشه‌ی ئینگلیسی، فرانسه‌یی ده‌کار بهێنن؟
قازی: به‌ڵێ !
ئاشووری: ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر پێوه‌ندی زمانی.زمانه‌کانی زاڵ، کهشخهترن، کولتووریترن، ئاریستۆکراتترن و ئه‌وانه کارتێکه‌رییان ده‌بێ. لاسایی کردنه‌وه‌ی ئه‌و زمانانه، یان ده‌کارهێنانی وشه‌کانیان ده‌بێته نیشانه‌ی ته‌شه‌خوس و خۆ هه‌ڵکێشان. ئه‌وه له هه‌موو زمانه‌کاندا وایه، له هه‌موو کولتووره‌کاندا هه‌یه، له‌وانه له‌ئێرانیش، ڕه‌نگه چیرۆکی " جه‌عفه‌رخانی له فهرهنگهوه گه‌ڕاوه" بزانن.شانۆی به‌نێوبانگ و تێکه‌ڵکردنی فارسی و فرانسه. ئه‌وه سه‌روبه‌ندێک له نێو فۆکۆلی و ئه‌وانه‌ی وا له هه‌نده‌رانه‌وه هاتبوونه‌وه زۆر به ڕمێن بوو. ئێستا زیاتر ئینگلیسی تێکه‌ڵ قسه‌کانیان ده‌که‌ن. ئه‌وه به‌شێکه له ڕووداوه‌کان که له هه‌موو کوێیه‌ک، له هه‌موو زمانه‌کاندا ڕووده‌دا ئیتر !
قازی: ئێوه باسێکیشتان هه‌یه سه‌باره‌ت به پێوه‌ندی نێوان زمانی قسه کردن و زمانی نووسین. به گشتی پێتان وایه زمانی نووسین ده‌بێ زۆر نزیک بێ له زمانی قسه پێکردن؟
ئاشووری: به‌ڵێ! زمانی قسه کردن له به‌ر ئه‌وه‌ی زمانێکی خۆڕسکی یه، زمانێکی ساده یه.زمانێکه مرۆ حه‌ول ده‌دا به لانی که‌می وشه په‌یامه‌که‌ی خۆی پێ بگه‌یێنێ. له کاتێکدا زمانی نووسینی فارسی، زمانێکهبه درێژایی چه‌ندین سه‌ده زمانێکی درێژدادڕی بێفایده وێژ بووه که پێنج وشه‌یان ده‌کرده په‌نجا وشه بۆ ئه‌وه‌ی خۆی پێ ڕانێن، یان مه‌رایی بکه‌ن، یان بو وێنه فه‌زل فرۆشی بکه‌ن و ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ سه‌ر زمانی قسه کردن و سانایی زمانی قسه کردن و ڕوونی زمانی قسه کردن و کورتی زمانی قسه کردن، له ڕاستیدا پێڤاژۆیه‌کی ساخ کردنه‌وه و ساده‌کردنه‌وه‌ی زمانه که له‌م ڕۆژگاره دا به تایبه‌تی له دنیای مۆدێڕن دا پێویستمان پێیه‌تی، که زمانێک هاسان، ڕه‌وان،کورت مانا بگه‌یێنێ و یه‌خسیری ده‌ستی ئاڵۆزییه‌کان و درێژدادڕییهکانی نه‌ریت نه‌بێ.
قازی: گه‌لۆ ئه‌وه ده‌کرێ بۆ ده‌ربڕینی بابه‌تی فه‌لسه‌فی ده‌کار بهێندرێ؟
ئاشووری: به‌ڵێ ده‌کرێ. من باسی ئه‌زموونی خۆم ده‌که‌م. بۆ وێنه ئه‌و وه‌رگێڕانانه‌ی کردوومن. ده‌قی ئه‌ده‌بی، فه‌لسه‌فی له چه‌شنی " ئاوای گوت زه‌رده‌شت " به جێی خۆی، ته‌نانه‌ت ده‌قێکی بۆ وێنه وه‌ک مێژووی فه‌لسه‌فه‌ی کاپلێستۆن که له ئینگلیسییه‌وه وه‌رم گێڕا سه‌ر فارسی، ته‌نانه‌ت حه‌ولم دا باسی فه‌لسه‌فه‌ی هێگێل و شێلینگ و ئه‌وانه‌ش ، تا ئه‌و جێیه‌ی ده‌کرێ به ڕسته‌ی کورت ده‌رببڕم و له بناخه‌ی زمانی قسه کردن نزیک بێته‌وه، له کاتێک دا که باری تێرمینۆلۆژیکی ده‌قه‌که‌م که‌م نه‌کرده‌وه. واته حه‌ولم دا زمانه‌که ورد بێ، گشت ئه‌وانه‌ی که لایه‌نی تێرمینۆلۆژیک و ماناییان هه‌یه و گرینگه و بنه‌ڕه‌تییه بۆ ده‌ربڕینی فه‌لسه‌فی له سه‌ر جێی خۆیان بن.
ئه‌وه کارێکه له زمانی ئینگلیسیش دا کردوویانه. زمانی ئینگلیسی زمانێکی زۆر سانا و ڕوونه و کورت نووسی، به‌شێکه له پرێنسیپه‌کانی.
ته‌نانه‌ت ئێستا من ده‌بینم که، ئاڵمانییه‌کانیش له‌و بوارانه‌دا لاسای ئینگلیسییه‌کان ده‌که‌نه‌وه. ئینگلیسی له ڕووی هه‌نبانه‌ی وشان و تێرمینۆلۆژی زۆری په‌ره سه‌ندووه و به‌رده‌وام گه‌شه‌یه‌کی زیاتر په‌یدا ده‌کا بۆ وردیی ده‌ربڕین.
به‌شێک له کار‌و چالاکی من بریتی بووه له په‌ره‌پێدانی زمانی فارسی له بواری زاراوه‌سازی و هه‌نبانه‌ی وشان دا، بۆ ئه‌وه‌ی حه‌ول بده‌ین له ته‌نگه‌به‌ری به‌رته‌سکییه‌کانی زمانی ڕزگاری که‌ین . هه‌ڵبه‌ت سه‌رمه‌شقی ئێمه زمانه پێشکه‌وتووه‌کانی وه‌ک ئینگلیسی و فرانسهیین، له لایه‌کی دیکه‌وه ساده کردنه‌وه‌ی بناخه‌ی زمان و ڕسته‌کان و کورت نووسی و خاڵبه‌ندی دروست، ئه‌وانه گه‌یێنه‌ری زمان زیاد ده‌که‌ن.
قازی: ئێوه که ده‌ڵێن سه‌رمه‌شق، خۆ مه‌به‌ستتان ئه‌وه نییه ئه‌و سه‌رمه‌شقانه هه‌روا بگوێزنه‌وه نێو زمانی فارسی؟ به‌ڵکوو مه‌به‌ستتان ئه‌وه‌یه له سه‌ر بناوانی بناخه‌ی زمانی فارسی ده‌کرێ له‌و زمانانه که‌لک وه‌ربگیرێ؟
ئاشووری: به‌ڵێ، به‌ڵام ده‌کرێ ئیلهامیان لێ وه‌ربگیرێ، بۆ وێنه ئه‌وه‌ی که ئێنگلیسی زمان ویرگول له کوێ داده‌نێ؟ چۆنی ده‌کار ده‌هێنێ؟ له جێ‌دا ورده بوونه‌وه له‌وه‌ی که ئه‌رکی خال ،ویرگول و، پوه‌ن ویرگول و ئه‌وانه چییه؟ و ئێمه چۆن ده‌توانین ئه‌وانه بهێنینه نێو زمانی خۆمان ، بۆ ده‌ربڕین ...
قازی: که هه‌ڵبه‌ت ئه‌وانه پێشتر نه‌بوون له نووسین دا !
ئاشووری: نا نه‌بوون. چۆن ده‌توانین له‌وه که‌لک وه‌ربگرین. هه‌ڵبه‌ت که‌لکی دروست و له‌ڕووی مه‌نتق و قاعیده بۆ ئه‌وه‌ی زمانی نووسینمان گهیێنهرتر لێ‌بکا. یان ئه‌وه‌ی که چۆن ده‌توانین ئیلهام وه‌ربگرین بۆ کورت نووسی؟ ئه‌وان ڕسته‌کان چۆن کورت
ده‌که‌نه‌وه؟ له کوێ خاڵ داده‌نێن؟ نه‌ریتی فارسی ئه‌وه بووه که جارجار ڕسته‌یه‌ک به ئاسایی که‌متر دوایی هاتووه و هه‌روا به " و " یه‌ک ڕسته‌کان له یه‌ک به‌ستراون و له یه‌ک زیاد کراون . باشه ئێمه له کوێ ده‌توانین ئه‌م " و " یه فت که‌ین و له جیاتیان نوخته‌یه‌ک دانێین و ڕسته‌یه‌کی دیکه ده‌ست پێبکه‌ین؟ ئه‌گه‌ر پێویست ده‌کا دوو وشه له ڕسته‌که زیاد که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر کلکی به کلکی ڕسته‌که‌ی پێشووه‌وه نه‌نووسێ و به‌م پێیه بتوانین زمان ڕوونتر و گهیێنهرتر بکه‌ین و ده‌ربڕین کورت‌تر بکه‌ین !
قازی: ئێوه بارودۆخی هه‌نووکه‌یی زمانی نووسینی فارسی چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن، به گشتی؟
ئاشووری: زمانێکه له ئالوگۆڕ و گه‌شه کردن دایه. هه‌نووکه به‌لانی که‌مه‌وه سه‌ده‌یه‌که به ئاراسته‌ی زمانه مۆدێرنه‌کاندا خه‌ریکی جووڵانه. به ڕێبازی مۆدێرنیزاسیۆن دا ده‌ڕوا،ئه‌گه‌رچی هێشتا کهمووکووری زۆره و، پێداویستی هه‌یه، به‌ڵام به‌و ئاڕاسته‌یه دا زۆر جووڵاوه و به درێژایی زه‌مان ده‌ستکه‌وته‌کانیشی که‌م نه‌بووه ، به‌تایبه‌تی له‌و بیست ساڵه‌ی ڕابردوو دا. خۆی ئه‌م شۆڕشه ئیسلامییه ده‌ورێکی گرینگی گێڕاوه له پێشکه‌وتنی زمان دا و ته‌نانه‌ت زاتی وه‌به‌ر ئینسانه‌کان ناوه بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر زمان و لێی بڕواننه‌وه و ته‌نانه‌ت بۆ له هێله‌گ دانی زمانیش ، ئێستا ژه‌می عه‌ڕه‌بی له فارسی دا زۆر که‌متر بووه‌ته‌وه !
قازی: واته ئه‌و ته‌سه‌وره‌ی که له به‌ر مه‌یل به ئیسلام و زمانی عه‌ڕه‌بی ، دیسان ده‌رفه‌ت ڕه‌خساوه بۆ هاتنه‌وه‌ی وشه‌ی عه‌ڕه‌بی بۆ نێو فارسی له جێی خۆیدا نییه؟
ئاشووری: نا! جگه له هێندیک وشه نه‌بێ که ژماره‌یان زۆر نییه. وه‌کوو موسته‌زعه‌ف، موسته‌کبیر وئه‌وانه که هاتوونه‌ته نێو تێرمینۆلۆژی زمانی سیاسیی فارسی، ده‌نا ته‌واو به پێچه‌وانه‌یه. ژه‌می عه‌ڕه‌بی له فارسی‌دا زۆر که‌متر بووه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر مرۆ ته‌ماشای ڕۆژنامه‌ی " که‌یهان " بکاو، ئه‌و چاپه‌مه‌نییانه‌ی که به " حیزبووڵاهی " داده‌ندرێن، له وان‌دا، شێوه‌ی رێتۆریک، واته زمانی به فه‌ساحه‌ت و به‌لاغه‌ت،قسه دانی شۆڕشگێڕانه، ئه‌و پێویستییه‌ی هێناوه‌ته گۆڕێ که زمانی قورسی مه‌لایانه جێی خۆی بدا به زمانێکی زۆر ڕوونتر و فارسیتر. بۆ وێنه ئه‌گه‌ر مرۆ ته‌ماشای ئه‌و چاپهمهنییانهبکا له قوم بڵاو ده‌بنه‌وه، گۆڤار، کتێب و ئه‌وانه، له جێ‌دا هیچ پێوه‌ندییه‌کیان به زمانی نه‌ریتی مهلایانهنهوه نییه .
قازی: ئێوه ئه‌وه به چی ده‌به‌ستنه‌وه? ڕه‌وتی به جیهانی بوون؟
ئاشووری: ڕه‌وتی به جیهانی بوون، ڕه‌وتی مۆدێرنیزاسیۆن و، گوشاری دنیای مۆدێڕن که له ته‌ک خۆیدا، هه‌ر ئه‌و جۆره‌ی که، وه‌سیله و ئامراز و تێکنیک، خانووی شاران و ژیانی مۆدێڕنی هێناوه، گوشاری زمانیشی له گه‌ڵ خۆی هێناوه. ئه‌و ناچار بوونه بۆ ئاڵوگۆڕ و ئاڵوگۆڕی سیاسی و ئه‌وه‌ی که ئیتر ئاخوند ناتوانێ به زمانی نه‌ریتی خۆی قسه بکا، ده‌بێ به زمانی مۆدێڕن قسه بکه، که جێی لێتێگه‌یشتن و شیاوی گواستنه‌وه بێ و بتوانێ ئه‌و پێوه‌ندییه له گه‌ڵ دنیای مۆدێڕن دا په‌یدا بکا. ته‌نانه‌ت لاساییش بکاته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی نیشان بدا ئیتر که‌شوهه‌وای داخراوی مه‌زه‌بی، نه‌ریتی ڕابردوو و ئالقه‌ی حه‌وزه‌یی کراوه‌ته‌وه. ئه‌مڕۆ ئیتر فه‌قێکان هه‌موو ده‌چن حه‌ول ده‌ده‌ن زمانی ئینگلیسی و فرانسه فێر بن و حه‌ول ده‌ده‌ن لاسای زمانی ڕووناکبیران بکه‌نه‌وه، یان زمانی ئه‌وان بهێننه نێو فه‌زای خۆیان. ئه‌و هۆکاره سیاسییانه‌ش له پێشکه‌وتن و ئاڵوگۆڕی زمان دا زۆر گرینگه.
قازی: مامۆستا، ئێوه له سه‌ر ئه‌لفوپێتکه‌ی فارسی، یان شێوه‌ی ئیملای فارسیش هێندێک کارتان کردووه و ته‌نانه‌ت له‌و کتێبانه‌ی ئێوه دا که له‌و چه‌ند ساڵانه‌ی دواییدا چاپ کراون ئه‌و شتانه ده‌بیندرێن. بۆ وێنه نووسینی ژێر و بۆر یان دیاکریتیک که له ده‌ره‌وه‌ی وشه ده‌نووسرێ. به‌رله‌وه‌ی وڵامی ئه‌مه بده‌نه‌وه، پێم خۆش بوو بزانم به بۆچوونی ئێوه پێوه‌ندییه‌کی یه‌ک به یه‌ک له نێوان زمان و خه‌ت دا هه‌یه؟
ئاشووری: دیاره، ئه‌و زمانانه‌ی پێیان ده‌نووسرێ، خاوه‌نی نه‌ریتێکی نووسینی له مه‌ڕ خۆیانن، خهتهکانیشیان هه‌رچۆنێک بێ، بناخه‌ی له مه‌ڕ خۆیان هه‌یه.چینییه‌کان به ئیدیۆگرام ده‌نووسن، زمانه لاتینییه‌کان به ئه‌لفوپێتکه‌ی لاتینی ده‌نووسن، عه‌ڕه‌بی، فارسیش به خه‌تێک ده‌نووسرێ که، ئه‌و خه‌ته هه‌م ئهلفووبێییه و هه‌م ئه‌لفوبێیی نییه. واته ڤاڤێله کورته‌کانی، تێدا نانووسرێ. /ئه/، /ئێ/، /ئۆ/ ی تێدا نانووسرێ. له ڕاستییدا ئه‌و شکڵانه بڕگه‌یین. بۆ وێنه " ر " هه‌م نیشانه‌ی کۆنسۆنانتی " ر " یه و هه‌م " ڕێ " یه ، هه‌م " رۆ ". کاتێک مرۆ بڵێ " رهه " نیشانه‌ی " ئه " یه له ڕاستیدا ر+ ه یه .یان ئه‌گه‌ر بڵێن ر+ ێ. ده‌مه‌وێ بڵێم که له هه‌مبه‌ر خه‌تی ئه‌لفوبێیی، خه‌تی بڕگه‌یییه. ده‌مه‌ویست بڵێم، له ڕاستیدا نیشانه‌ی بڕگه " ڕ" یه + " ئێ " .
دیاره ئه‌و که‌مایه‌سییانه‌ی هه‌یه. له فارسی دا که‌سره‌ی ئیزافه /، ده‌ورێکی نه‌حوی گرینگی هه‌یه وه‌کوو ئاف له ئینگلیسی یان دوێ له فرانسه دا یان دۆخه‌کانی گێنێتیڤ له ئاڵمانی دا که دوو ناو له یه‌ک زیاد ده‌بن. له فارسی دا ناو و ئاواڵناویش له یه‌ک زیاد ده‌که‌ن. له ئاکام دا ئه‌و / یه ده‌ورێکی گرینگی نه‌حوی هه‌یه، به‌ڵام له به‌ر ئه‌وه‌ی له‌و خه‌ته دا، ئه‌مه ته‌نێ له ڤاڤێلێکی کورت " ئێ" پێک هاتووه، نانووسرێ. و به باوه‌ڕی من ئه‌وه که‌مایه‌سییه‌کی گه‌وره‌یه له خه‌تی ئێمه دا .
قازی: گه‌لۆ به پاڵپشتی خووی خوێندنه‌وه, ریدینگ هه‌بیت، که‌سێکی که خوێنده‌واری هه‌یه و ده‌توانێ به زمانی فارسی بنووسێ و بخوێنێته‌وه، ئه‌و خه‌وشه ناکرێ تێههڵبێنێتهوه؟ پێتان وانییه ئه‌و کاره‌ی ئێوه دۆزه‌که زیاتر ئاڵۆز ده‌کا؟
ئاشووری: بۆچی؟ له‌وانه‌یه هێندێک په‌شێوی ساز کا، چونکوو به پێچه‌وانه‌ی خوو خده یه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خووی پێ بگرین، کاره‌که هاسان ده‌کا، به‌تایبه‌تی ئه‌و زمانه تا ئه‌و کاته‌ی که شتی نه‌ریتی، له عاله‌می نه‌ریتی دا پێ ده‌نووسرا، هه‌ست به گیروگرفتێک نه‌ده‌کرا تێیدا،به‌ڵام کاتێک دێینه نێو ده‌قی مۆدێڕن و ده‌مانه‌وێ فه‌لسه‌فه،ئه‌ده‌بییات، زانستی کۆمه‌ڵایه‌تی، زانستی خۆڕسکی و هتد وه‌رگێرێن، له‌وێدا به باوه‌ڕی من ئه‌و خه‌وش و که‌مایه‌سییه به ته‌واوی وه‌به‌رچاو ده‌که‌وێ. له زۆر جێگه خوێندنه‌وه دژوار ده‌کا.
ئه‌من ئه‌وه‌م له نێو ئه‌و منداڵه ئێرانییانه دا دیوه که له فرانسه گه‌وره بوون. کچی یه‌کێک له دۆسته‌کانی خۆم، ئه‌وه‌ی به بابی گوتبوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که فارسی خوێندووه، فێر بووه و ده‌توانێ بخوێنێته‌وه،ده‌ڵێ کاتێک ئێوه ئه‌وه نانووسن هێندێک شت له یه‌ک ههڵپساوه. بۆ وێنه کاتێک له پشت به‌رگی ئه‌م کتێبه " فرهنگ علوم انسانی " ئه‌و دوو ئیزافه‌یه فرهنگ + علوم + انسانی نانووسرێ، بۆ که‌سێکی که زمانی زگماکی فارسی نییهیان له که‌شوهه‌وای زمانی فارسی‌دا گه‌وره نه‌بووه یان عاده‌تی هه‌میشه‌یی به خوێندنه‌وه نییه، بۆی دژواره، ئه‌و ده‌بێ زۆر ڕابمێنێ تا تێ‌بگا ئه‌مه " فه‌رهه‌نگێ علوومێ ئێنسانی " یه،که تێیدا دوو پێوه‌ندیده‌ری گرینگ که له زاراوه‌ی زمان‌ناسی دا پێیان ده‌ڵێن گراماتیکاڵ ۆرد،دوو وشه‌ی ڕێزمانی نه‌نووسراوه. ئه‌مه وشه‌یه واته " ئێ"، ڕاسته له ڤاڤێلێکی کورت پێک هاتووه، به‌ڵام له ڕاستیدا ده‌وری نه‌حوی وشه‌یه‌ک، مۆرفێمێک ده‌گێڕێ .
قازی: به‌ڵام ئێوه ئه‌گه‌ر زمانه پێشکه‌وتووه‌کانیش له به‌رچاوبگرن له نووسین دا ئه‌و گرفتانه‌یان هه‌یه و له هه‌مان کاتیش‌دا به گرفتیان نازانن. بۆ وێنه فرانسه له به‌رچاو بگرن یان ئینگلیسی، زۆر له وشان له ڕابردوو دا جۆرێکی دیکه ته‌له‌فوز کراون. ئیملای کۆن و، که‌ونارایان ماوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئێستا جۆرێکی دیکه ته‌له‌فوز ده‌کرێن !
ئاشووری: به‌ڵێ ئه‌وه دروسته. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێوه چاو له خه‌تی ئینگلیسی و فرانسه‌ش بکه‌ن له سه‌ده‌ی شازده‌هه‌م که سه‌ده‌ی تێپه‌ڕین بووه له سه‌ده‌کانی نێوه‌ڕاست به‌ڕه‌و سه‌رده‌می مۆدێڕن له ڕووی ئیملاییه‌وه و له ڕووی نووسینه‌وه ده‌ستکاری بنه‌ڕه‌تییان تێدا کردوون. بۆ وێنه له فرانسه دا ئاکسانهکانیان زیاد کرد. ئه‌گه‌ر ته‌ماشای ئینگلیسی بکه‌ی، زۆر له وشه‌کان ئیملایان له سه‌ده‌ی شازده‌یه‌م و حه‌ڤده‌یه‌م جیاوازه. به بۆچوونی من ئێمه‌ش خه‌ریکین ئه‌و تێپه‌ڕبوونه له سه‌ده‌کانی نێوه‌ڕاسته‌وه به‌ره‌و سه‌رده‌می مۆدێڕن ده‌پێوین.ده‌رفه‌تێکه بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ش هێنێدیک رێفۆرم بکه‌ین،دیاره هه‌موو که‌مایه‌سییه‌کان وه‌لا ناچن، ناکرێ هه‌موو کارێک بکرێ. به‌ڵام تائه‌وجێیه‌ی ده‌لوێ، هه‌ر نه‌بێ ده‌کرێ ئه‌وانه ته‌جره‌به بکرێن.
قازی: پێتان وانییه به ده‌کار هێنانی ئه‌لفوپێتکه‌ی رۆمی ده‌کرێ ئه‌و که‌مایه‌سییه به‌رته‌ڕه‌ف بکرێ؟
ئاشووری: به‌ڵێ دیاره، ده‌کرێ ئه‌لفوپێتکه‌یه‌کی وا ده‌کار بکرێ که زۆر ....
قازی: وابزانم ئه‌و بیره له ئێران پێشینه‌ی هه‌یه؟ واته نووسینی فارسی به ئه‌لفوپێتکه‌ی لاتینی !
ئاشووری: بڕوانه ئاڵمانی ته‌قریبه‌ن هه‌ر ئه‌و جۆره ده‌نووسرێ که ده‌خوێندرێته‌وه. ئیتالیاییش هه‌ر وه‌تر. به‌ڵام ئینگلیسی و فرانسه نا! فرانسه به تایبه‌تی، ئه‌وه‌ی ده‌نووسرێ و ئه‌وه‌ی ده‌خوێندرێته‌وه زۆر جیاوازه. به‌ڵێ ده فارسیش دا ده‌کرێ ئه‌لفوپێتکه‌یه‌کی لاتینی بهێندرێ که به وردی گشت شته‌کان بنووسێ. وه‌ک ئه‌و ئه‌لفوپێتکه سیریلیکی یه‌ی که تاجیکه‌کان پێی ده‌نووسن. ئه‌و ده‌می وشه‌کان ده‌کرێ به وردی نیشان بدرێن.
قازی: ئه‌و ئه‌لفوپێتکه‌یه هه‌موو ده‌نگه‌کان ده‌توانێ نیشان بدا؟
ئاشووری: ده‌توانێ هه‌موو ده‌نگه‌کان نیشان بدا. ڕووسیش کاتێک خه‌تی یۆنانییان وه‌رگرت و گونجاندیان له گه‌ڵ زمانی خۆیان خه‌تێکی کامڵتره. ئه‌وانه ده‌کرێ، به‌ڵام ئێستا ئه‌گه‌ر مرۆ بییه‌وێ خه‌تێکی کامڵتر بۆ ئینگلیسی دروست کا گیروگرفت و ئاڵۆزییه‌کی زۆر ساز ده‌کا. بۆ فارسیش هه‌ر وایه. ترکه‌کان ئه‌و کاره‌یان کرد به‌ڵام له هه‌مان کاتدا زۆرشتیشیان له ده‌ست دا . پێوه‌ندییان له گه‌ڵ مێژوو و کولتووری ڕابردوو و ئه‌ده‌بییاتی ڕابردوویان .
قازی: به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌موو نووسینه‌کان، هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی که چاپ کراون بهێنرێنه سه‌ر خه‌تێکی دی، ئه‌و لێک دابڕانه له ڕابردوو پێک دێ؟ یان ئه‌وه له باری کاته‌وه زۆری پێده‌وێ؟
ئاشووری: هه‌م له ڕووی زه‌مانه‌وه و هه‌م له باری تێچووی ئابووری،هه‌روه‌ها بۆ سه‌رده‌می ده‌رباز بوون، ئه‌وانه زۆر ئاڵۆزن، یانی ئه‌وه‌نده هاسان نییه، ده‌ی با خه‌ت بگۆڕین بۆ ئه‌وه‌ی خه‌تێکی فونکسیۆنێل و زۆر گهیێنهرترمان هه‌بێ و هه‌موو گیروگرفته‌کان به‌لا دابخه‌ین، ئه‌وه به هاسانی ده‌ست نادا. ڕه‌هه‌ندی کولتووری، خووخده، خووی چاو، بۆ وێنه ئه‌من نازانم ئه‌گه‌ر دیوانی حافز به خه‌تی لاتینی بنووسین به چاو ئێرانییه‌که‌وه که عاشقی ئه‌و زمانه‌یه و عاده‌تی کردووه شێعری حافز به‌و خه‌ته ببینێ، پێم وایه هێندێکی لێ که‌م ده‌بێته‌وه.
قازی: به‌ڵام پێتان وایه که ئه‌و خه‌تانه, ئه‌و ئهلفوپێتکهیانه هێچیان ئه‌رجه‌ح نین به سه‌ر ئه‌ویدیکه دا. چونکوو خه‌ت په‌یمانێکه و ده‌کرێ هه‌ر زمانێک به هه‌ر خه‌تێک مرۆ ده‌یه‌وێ بنووسرێ ؟
ئاشووری: به‌ڵێ ئه‌وانه پیرۆز نین. ئه‌من دیتوومه، ته‌نانه‌ت، ئینسانی خوێنده‌واری ئێمه کاتێک هه‌ستیان پێ‌کرد من هێندێک له‌و کارانه ده‌که‌م، هه‌رایان لێ به‌رز بووه‌وه که زمان پیرۆزه. ئه‌وانه زمان و خه‌ت به یه‌ک داده‌نێن،له کاتێکدا زمان و خه‌ت یه‌ک نین. هه‌ر زمانێک ده‌کرێ به هه‌ر خه‌تێک بنووسرێ، ڕه‌نگه بکرێ زمانی فارسی به چه‌شنێک له وه‌خۆ کردن به ئیدیۆگرامی چینیش بنووسرێ .
قازی: واته پێوه‌ندییه‌کی ڕاسته‌وڕاست له نێوان خه‌ت و زمان دا نییه! چونکوو خه‌ت په‌یمانێکه ، ئهلفوپێتکهیهکه .
ئاشووری: به‌ڵێ خه‌ت، ئه‌لفوپێتکه‌یه ده‌کرێ بگۆڕدرێ، هه‌ر وه‌ک چۆن به هاتنی ئیسلام، خه‌تی په‌هله‌وی چوو و له جیاتیان ئه‌و خه‌ته‌مان له عه‌ڕه‌بییه‌وه وه‌رگرت .
قازی: مامۆستا! کاتمان زۆر نه‌ماوه، با ئه‌وه‌نده‌ی کاتمان ماوه ته‌رخانی بکه‌ین بۆ دوان له سه‌ر زمانی ڕادیۆ و تێلێڤیزیۆن. ده‌زانم که ئێوه له سه‌ر ئه‌و بابه‌ته هه‌م له مه‌ڕ زمانی به‌شی فارسی ڕادیۆی بی بی سی و هه‌م ڕادیۆ فه‌ردا شتتان نووسیوه. ئێوه جیاوازی زمانێکی که له ڕادیۆ و تێلێڤیزیۆن، به تایبه‌تی له تێلێڤیزیۆن دا ده‌کار ده‌هێندرێ له گه‌ڵ زمانی نووسین له چی دا ده‌بینن ؟ چۆنی هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
ئاشووری: عه‌رزت بکه‌م ئه‌من پسپۆڕییه‌کم له‌و بواره دا نییه و ئه‌و کاره‌ش که کردوومه له گه‌ڵ ڕادیۆی بی بی سی و ڕادیۆی زه‌مانه وئه‌وانه زیاتر به نووسینه. به‌ڵام ئه‌من وه‌کوو گوێگرێکی ڕادیۆ و تێلێڤیزیۆن له به‌ستێنی زمانی فارسی دا خه‌وشێکی گه‌وره ده‌بینم و ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که ئه‌و بێژه‌ر و ئه‌و که‌سانه‌ی که ئه‌و ده‌قانه وه‌رده‌گێڕن, به‌پێی عاده‌تی نووسینی زمانی فارسی وه‌رده‌گێرن یان ده‌دوێن.به ئاسایی ڕسته‌کانیان زۆر درێژه، یان ڕسته‌کان له باڵ یه‌کدان. ئه‌و عاده‌ته‌ی که کاتێک دوو ڕسته‌ی که پێوه‌ندییان به‌یه‌که‌وه هه‌یه، دێنین کرداری ڕسته‌ی یه‌که‌م ده‌به‌ینه دوایی ڕسته‌ی دووه‌م یان ته‌نانه‌ت جار جار سێ کردار به دوای یه‌کتری دا ریز ده‌که‌ین . ئه‌و عاده‌تانه‌ی نووسین زۆر خراپ و موزاحیمن و به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر به نووسراو بێ مرۆ ده‌توانێ بگه‌ڕیته‌وه سه‌ر نووسینه‌که و لێی ڕابمێنێ، ئه‌گه‌ر ڵێڵی یان ئاڵۆزییه‌کی هه‌یه، حه‌ول بدا لێی تێ‌بگا. به‌ڵام کاتێک مرۆ له ڕادیۆ وه ئه‌وه ده‌بیستێ ئیتر ده‌رفه‌تی ئه‌وه نییه که بگه‌ڕێته‌وه و دیسان گوێی لێ هه‌ڵخا. ده‌بێ فکرێک له زمانی ڕادیۆیی و تێلێڤیزیۆنی بکرێته‌وه. زمانێکی کورت و گه‌یێنه‌ر که ئه‌و ئه‌و گیروگرفتانه‌ی نه‌بێ و پێرۆیی نه‌کا له‌و نه‌ریته‌ی نووسینی فارسی. هه‌رچۆنێک بێ ئه‌من ئه‌وه‌م هێنا گۆڕێ و پێشنیارم کرد به‌و که‌سانه‌ی که ئه‌هلی ئه‌م کاره‌ن .
قازی: ئه‌من لێره دا نووسینێکی ئێوه‌م دی که له‌وێ نموونه‌تان هێناوه‌ته‌وه ئه‌گه‌ر ده‌کرێ چه‌ند ڕسته‌یه‌ک بخوێننه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بینه‌رانی کوردی ئێمه‌ش بزانن مه‌به‌ستتان له ساده‌نووسین چییه؟
ئاشووری: با بڕگه‌یه‌کی کورت په‌یدا بکه‌م،ئه‌وه‌تا لێره دا :
" زن خبرنگاری که برای تهیه گزارش به کارگاه " خشونت جنسی خانگی " - که از سوی مرکز فرهنگی زنان در سالن مشارکت های مردمی پارک نظامی گنجوی برگزار شده بود – آمده بود گفت خجالت می کشم در این باره گزارشی بنویسم ! "
وه‌ک ده‌بینن لێره دا چه‌ند کردار به دووی یه‌کتری دا هاتوون و له ڕاستیدا به‌شی سه‌ره‌کی ئاوایه: " زن خبرنگاری که برای تهیه گزارش به کارگاه " خشونت جنسی خانگی " آمده بود گفت خجالت می‌کشم در این باره گزارشی بنویسم "
له ئاکامدا ، به‌شی نێوه‌ڕاستی که " له لایه‌ن مه‌رکه‌زی فڵان له فڵان جێ‌دا پێک هاتبوو " ئه‌وه ڕسته‌یه‌کی دیکه‌یه. مرۆ ده‌توانێ ئه‌و ڕسته‌یه ته‌واو بکا. نوخته دانێ، دوایه بڵێ که ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه یان فڵان له لایه‌ن مه‌رکه‌زی فڵان له هۆڵی فڵان دا پێک هاتبوو. ئه‌و ده‌باڵ یهکهوهچوونهی دوو سێ ڕسته و به دووی یه‌کتری داهێنانی چه‌ندین کردار ، له خۆڕا کاره‌که زۆر پێچه‌ڵپێچ و دژوار ده‌کا.
ئه‌وه ئه‌و جۆره شتانه‌ن که ده‌بێ لێیان وردبینه‌وه و ده‌توانین فێریان بین و هاتم ئه‌و موقالهیهم نووسی : " چه‌ند نوخته بۆ باشتر کردنی شێوه‌ی نووسینی فارسی " ئه‌وه زیاتر بۆ ڕاگه‌یێنه‌ره گشتییه‌کانه، که من به سرنج دانه سه‌ر ئه‌و ده‌قانه‌ی له ماڵپه‌ڕی بی بی سی و یه‌ک دوو زێدی دیکه دا هه‌بوون ، ئه‌وه‌م نووسی.
قازی: ئه‌و زاراوه‌یه‌ی " ڕێسانهیێ ههمێگانی" وه‌کوو هاوتایه‌ک بۆ مێدیا که‌نگێ داتاشراوه؟
ئاشووری: ڕێسانه، پێشتر ده‌یان گوت " وسائل ارتباط جمعی "، ڕێسانه له لایه‌ن فه‌رهه‌نگستانی دووه‌م ڕا داتاشرا بۆ میدیۆم و، کۆیه‌که‌شی مێدیا که ده‌بێته ڕێسانێها. ئه‌وه له " ڕێساندهن " ڕا داتاشراوه به مانای ئامرازی ڕێساندن ( گه‌یاندن ). به باوه‌ری من ئه‌وه وشه‌یه‌کی باشه، زۆریش ڕوونه، دوایه پابلیک مێدیا، پابلیکهکهشیان کرده ههمێگانی. به من رسانههای همگانی هه‌م کورت‌تر و هه‌م گهیێنهرتره له وسائل ارتباط جمعی .
قازی: ببووره، له پڕ پرسیارێک به زه‌ینم گه‌یشت.ئێوه به چ زمانێک خه‌ون ده‌بینن؟
ئاشووری: ته‌بیعی یه که به زمانی فارسی خه‌ون ده‌بینم !
قازی: یانی، ئه‌و زمانانه‌ی دیکه‌ی که ده‌یان زانن له بواری تایبه‌ت دا له زه‌ینی ئێوه دا چالاک‌تر نین؟ یان چۆنه؟ یان هه‌ر فارسی چالاکه؟
ئاشووری: جار جار که من به ئینگلیسی بیر ده‌که‌مه‌وه یان ده‌مه‌وێ شتێک، بابه‌تێک به ئینگلیسی بنووسم، هه‌ست ده‌که‌م به ته‌واوی ڕوونتر و گهیێنهرتره، باوه‌کوو ئه‌وه‌ی که زمانی نووسینی من ، ئه‌و زمانه‌ی که پێی گه‌وره بووم و پهروهراندوومه بۆ نووسین فارسییه. به‌ڵام ئینگلیسیش ئه‌وه‌نده ده‌زانم که ده‌توانم پێی بنووسم. هه‌ست ده‌که‌م چه‌مکه‌کان به‌و زمانه ڕوونترن، ،زمان په پته‌وی سه‌قامگیر بووه‌و، ئه‌و شته‌ی که ده‌مه‌وێ ده‌ریببڕم چه‌نده باشتر به‌و زمانه ده‌رده‌بڕدرێ تا زمانی فارسی که هێشتا زمانێکه هه‌ڵده‌خلیسکێ، وشه‌کان تێیدا سنووری ماناییان دیار نییه یان زۆر چه‌مک هێشتا له یه‌کتری ههڵنهئاوێردراون .
قازی: ده‌کرێ بڵێێن ئێوه له شێعر به فارسی چاکتر تێده‌گه‌ن و له فه‌لسه‌فه به ئینگلیسی یان ئاڵمانی؟
ئاشووری: به‌ڵێ له شێعر به فارسی زۆر چاکتر تێده‌گه‌م، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بابه‌تی فه‌لسه‌فی به ئینگلیسی یان ئاڵمانی بخوێنمه‌وه چاکتریان لێ تیده‌گه‌م.
قازی: زۆر سپاس مامۆستا ئاشووری بۆ ئه‌وه‌ی بانگهێشتنی ئێمه‌تان په‌ژراند و ته‌شریفتان هێنا. داوای سه‌رکه‌وتنتان بۆ ده‌که‌ین !
ئاشووری: سپاستان ده‌که‌م،هه‌رچۆنێک بێ سه‌رێکمان له ڕه‌گ و ڕیشه‌ی کوردی خۆمان هه‌ڵهێناوه. قوربانی ئێوه !
قازی: بینه‌رانی خۆشه‌ویست! لێره دا ده‌گه‌ینه کۆتایی ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ی ڕوانگه‌ش، هه‌تا ڕوانگه‌یه‌کی دیکه ماڵتان ئاوا بێ .
تێبینی: ئه‌و هاوپرسه‌کییه له گه‌ڵ داریووشی ئاشووری له ڕۆژی چوارشه‌مۆ 9ی مای 2007 ئاسته کراوه و ڕۆژانی 9 و 11ی مانگی ژوه‌نی 2007 له تێلێڤیزیۆنی ڕۆژه‌وه
بڵاوکراوه‌ته‌وه.ئه‌م هاوپرسه‌کییه وه‌ک هاوپرسه‌کی پێشوو به زمانی فارسی و ژێر نووسی کوردیی نێوڕاست ( خه‌تی لاتینی ) بڵاوکراوه‌ته‌وه . لێره دا هاوپرسه‌کییه‌که به کوردیی نێوه‌ڕاست( خه‌تی کوردی-عه‌ره‌بێ- فارسی ) ده‌خوێننه‌وه.
No comments:
Post a Comment