Thursday, June 14, 2007

هێندێک تێبینی زمانی 1


هێندێک تێبینی زمانی ! (1)
حه‌سه‌نی قازی


له‌ زمانی ڕادیۆ و تێلێڤیزیۆنی و هێندێک چاپه‌مه‌نی کوردی دا هێندێک پاشاگه‌ردانی سه‌یر وسه‌مه‌ره‌ ده‌بیسترێ و چ حه‌ولێکی به‌ته‌کووز و زانستیش نییه‌ یان هه‌ست پێناکرێ بۆ ساخکردنه‌وه‌ و ڕاستکردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵانه‌. له‌ زۆر وڵاتی ئورووپایی زمانی ڕادیۆ و تێلێڤیزیۆن و ڕۆژنامه‌ به‌ زمانی ده‌ستاوێژ (مه‌رجه‌ع) داده‌ندرێ و خه‌ڵک له‌ کاتی دمه‌ته‌قه‌ و گه‌نگه‌شه‌ سه‌باره‌ت به‌ زمان بۆ سه‌لماندنی ڕاستی قسه‌ی خۆیان پشت ده‌به‌ستن به وشه‌ و ته‌عبیر به‌‌و شێوازه‌ی له‌ لایه‌ن ڕادیۆ و تێلێڤیزیۆن و چاپه‌مه‌نی نووسراوه‌ ده‌کارده‌هێندرێ و به‌و پێیه‌ ئاو به‌ ئاوری جیاوازی بۆچوون دا ده‌کرێ.
له‌م زنجیره‌ نووسینه‌ دا ئه‌من حه‌ول ده‌ده‌م به‌ ده‌ستنیشان کردنی هێندێک له‌و هه‌ڵانه‌ یارمه‌تی بکه‌م به‌ ساخکردنه‌وه‌ی ئه‌و باره‌ ناساخه‌.
بۆ وێنه‌ با له‌م ڕسته‌یه‌ خورد ببینه‌وه‌ : " قسه‌ بێژی کۆشکی ئیلیزه‌ ،له‌ سه‌رزاری سه‌رۆک نیکۆڵا سارکۆزی گوتی:" ئه‌و ده‌سته‌ وشه‌یه‌ له‌ کوردی دا که‌ له‌ پرۆپوزیشنی له‌+ سه‌ر و ناوی زار پێک هاتووه‌ به‌ هیچ جۆر ئه‌و مه‌به‌سته‌ ناگه‌یێنێ که‌ نووسه‌ر یان بێژه‌ر ده‌یه‌وێ بیڵێ ، چونکوو ئه‌گه‌ر به‌ کوردی مانای لێکبدرێته‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یێنێ : که‌ قسه‌ بێژه‌که‌ به‌ جۆرێک ده‌ستی گه‌یاندووه‌ته‌ زاری سه‌رۆک سارکۆزی و کاتێک له‌ سه‌ر زاری بووه‌ قسه‌یه‌کی ده‌ربڕیوه‌.
له‌ کاتێکدا، مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ که‌ قسه‌بێژه‌که‌ له‌ جیات سه‌رۆک سارکۆزی یان له‌ لایه‌ن سه‌رۆک سارکۆزییه‌وه‌ شتێکی گوتووه‌ ، که‌ ئه‌گه‌ر‌ وابێ و وادیاره‌ ده‌بێ مه‌به‌ست وابێ ئه‌و ده‌می ده‌گوترێ " قسه‌ بێژی کۆشکی ئیلیزه‌ له‌ زاری سه‌رۆک سارکۆزییه‌وه‌ گوتی:" یان
" قسه‌ بێژی کۆشکی ئێلیزه‌ له‌ زمان سه‌رۆک سارکۆزییه‌وه‌ گوتی ..."
ئه‌م ده‌ربڕینه‌ واته‌ : " له‌ سه‌ر زاری " وه‌رگێڕان و وه‌رگێرانێکی ڕاسته‌وخۆیه‌ له‌
" علی لسان " عه‌ڕه‌بییه‌وه‌ و، ده‌کرێ‌ ئه‌و ده‌ربڕینه‌ له‌ زمانی عه‌ڕه‌بی دا بگونجێ ، به‌ڵام له‌ کوردی دا بۆ که‌سێکی عه‌ڕه‌بی نه‌زانێ سه‌ره‌گێژه‌ی مانایی دروست ده‌کا.

ده‌ر بڕینێکی دیکه‌ ، " له‌ میانه‌ " یه‌ که‌ من نازانم بۆ " له‌ مه‌راغه‌ " نییه؟! له‌ پڕ گوێت لێ ده‌بێ له‌ ده‌نگووباس دا ده‌ڵێن یان ده‌نووسن : " ئه‌وه‌یش له‌ میانه‌ی سه‌ردانه‌که‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا دا هات بۆ ناوچه‌که‌ ... " یان " سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان ، له‌ میانه‌ی دیمانه‌یه‌کی تایبه‌تیدا له‌ گه‌ڵ هاوڵاتی ..." به‌رله‌ هه‌رشت وشه‌ی " میان " و " میانه‌ " دوو وشه‌ی فارسین که‌ به‌کوردی مانای وشه‌ی یه‌که‌میان "نێو" و " ناو " یان " نێوان " ه‌ و وشه‌ی دوویه‌میان به‌ مانای " نێوه‌ڕاست " یان
" ناوه‌ڕاست " ه‌ ؛وه‌ک له‌م ڕستانه‌ی خۆاره‌وه‌دا ده‌بینین :
"رئیس پارلمان کرد ستان در میان حرفهایش گفت" واته‌ : " سه‌رۆکی پارلمانی کوردستان ده‌ نێو قسه‌کانی دا گوتی "
" میانه‌ در میان تبریز و زنجان واقع شده‌است " واته‌ : " میانه‌ [نێوی شارێکی ئازه‌ربایجانه‌] له‌ نێوان ته‌ورێز و زه‌نگان هه‌ڵکه‌وتووه‌ " بۆ مانای دوویه‌م : " خاورمیانه‌ سرزمین پرحادثه‌ای است" واته‌ : " ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست سه‌رزه‌وییه‌کی پڕ له‌ گۆنگه‌ڵه‌ " ئیدی وێنه‌ی له‌وه‌ زه‌قتر نییه‌؛ ڕسته‌یه‌کی کورت و گه‌یێنه‌ری وه‌ک " سه‌رۆکی پارلمانی کوردستان له‌ دیمانه‌کی تایبه‌تیدا له‌ گه‌ڵ هاو وڵاتی " بۆ ده‌بێ بکرێته‌ " سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان له‌ میانی دیمانه‌یه‌کی تایبه‌تیدا له‌ گه‌ڵ هاوڵاتی .. " ؟ ئه‌و به‌ فارسیکردنه‌ی ده‌ربڕینی کوردی چ پێویست ده‌کا ؟ یان :
"ئه‌وه‌یه‌ش له‌ سه‌ردانه‌که‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا دا هات بۆ ناوچه‌که‌ .." بۆ ده‌بێ بکرێته‌ ده‌ربڕینێکی قه‌به‌ و له‌ گوێیان نا‌خۆشی وه‌ک : " ئه‌وه‌یش له‌ میانه‌ی سه‌ردانه‌که‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا دا هات بۆ ناوچه‌که‌ .. " ؟ قسه‌ به‌وه‌نده‌ ته‌واو نابێ.

1 comment:

Anonymous said...

ده‌ست خۆش كاكه حه‌سه‌ن. ئه‌گه‌ر هه‌موومان هه‌وڵ بده‌ین هه‌ڵه‌كان راست بكه‌ینه‌وه و ئه‌وانی‌تریش بزانن كه كه‌سانێك وه‌كوو چاوه‌دێر جم و جووڵی زمانی ئه‌بینن و سووك و قورسی ئه‌كه‌ن، هێدی‌هێدی نه كه‌س ئه‌وێرێت چیدی هه‌ڵه‌ی وا زه‌ق دووپات كاته‌وه و نه بۆ وشه‌ی هاوسه‌نگیش په‌نا ئه‌باته زمانی بیانییه‌وه... بژین...