مارتین ڤان بڕاونێسن : کوردان کردیانم به ئینسان
چاوپێکه‌وتنی ماری لۆ ڕای له گه‌ڵ پرۆفێسۆر مارتین ڤان بڕاونێسن ، ئوترێخت، 2006.12.23گۆڤاری ئوڕووپایی لێکۆڵینه‌وه‌کانی ترکی
زانسته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان سه‌باره‌ت به ترکییه‌ی هاوچه‌رخ
وه‌رگێڕان له ئینگلیسییه‌وه: حه‌سه‌نی قازی
" کوردان کردیانم به ئینسان "
" پێم خۆشه له ژووری دێیه‌ک دانیشم که خه‌ڵکی لێ کۆبووته‌وه"
پرسیار: ده‌کرێ خۆت بناسێنی و به‌تایبه‌تی باسمان بۆ بکه‌ی چۆن بوو وه‌کوو زانایه‌ک سه‌باره‌ت به پرسی کورد مه‌یلت تێدا پێک هات؟
مارتین ڤان بڕاونێسن: ئه‌وه به‌سه‌رهاتێکه من زۆرجار گێڕاومه‌ته‌وه‌و ڕه‌نگه‌زۆر کلک و گوێی لێکرابێ له‌وه‌ی که به‌ڕاستی ڕوویدا.ئه‌و چیرۆکه‌ی من گێڕاومه‌ته‌وه واوێده‌چێ ده‌قی به بیره‌وه‌ری من دابێ.هه‌رچۆنێک بێ.من خوێندکاری به‌شی ماتێماتیکس[ریازییات] بووم. سه‌فه‌رکردنم زۆر پێ خۆش بوو. هه‌موو پشووی هاوینان ده‌چوومه ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و زۆر جار ئاخر مزڵم ئێران، عێراق بوو. وه‌بیرم دێ یه‌که‌م جار که تووشی کوردان بووم له به‌غدا بوو.ئه‌و که‌سانه‌ی له‌وێ چاوم پێیان که‌وت باسی خزم و که‌سوکاری خۆیان بۆکردم که لهچیایان بوون و دژی حکوومه‌ت شه‌ڕیان ده‌کرد، که ئه‌و سه‌روبه‌ندی بۆ من زۆر سه‌رنجڕاکێش بوو.ئه‌وه له ساڵی 1966 یان 1967 بوو.ئه‌من پێم وایه کوده‌تای عه‌سکه‌ری ساڵی 1971 له ترکییه بووه هۆی ئه‌وه من زۆر زیاتر سه‌رنجی سیاسی بده‌مه سه‌ر ترکییه.له سه‌ره‌تاوه ئه‌وه هه‌ر جۆره بهپرسیارییهک بوو سه‌باره‌ت به شوێنی نهناسیاووسهیر، سه‌فه‌ر کردن بۆ ئه‌و به‌شانه‌ی دنیا که دووره‌ده‌ستن و له‌وانه.دوای کوده‌تای ترکییه، مرخێکی زۆر زیاترم سه‌باره‌ت به سیاسه‌ت تێدا بزووت، و له‌گه‌ڵ کۆمیته‌یه‌کی هاوپێوه‌ندی که‌وتم، و دۆستایه‌تیم په‌یدا کرد له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌نابه‌ره سیاسییانه‌ی له ترکییه‌وه هاتبوون.ئه‌من شوێنگێڕی ئه‌و محاکهمانهم کرد که دوای کوده‌تا به‌ڕێوه‌چوون. یه‌ک له‌و محاکهمانهبه تایبه‌تی سه‌رنجی ڕاکێشام.ئه‌ویش محاکه‌مه‌ی ئاکادێمیکێک بوو که له‌به‌ر نووسینی کتێبێک به 13 ساڵ زیندان حوکم درا. ئه‌و پیاوه ئیسماعیل به‌شیکچی بوو و کتێبێکی کۆمه‌ڵناسانه‌ی له سه‌ر کوردان نووسیبوو.
له‌بیرمه بیرم لێده‌کرده‌وه ئه‌گه‌ر مرۆ هه‌ر له‌به‌ر نووسینی کتێبێک له سه‌ر کوردان بکه‌وێته زیندانه‌وه، ئه‌وه ئاشکرایه ده‌بێ شتێکی گرینگ بێ بکرێ، نووسینی کتێبێک له سه‌ر کوردان!( به پێکه‌نینه‌وه). که‌یسی به‌شیکچی زۆر گرینگ بوو بۆ ئه‌وه‌ی من بڕیار بده‌م که کورده‌کان وه‌کوو بابه‌تی لێکۆڵینه‌وه‌ی مه‌ردمناسی هه‌ڵبژێرم. ئه‌من ده‌مزانی له هوله‌ند ده‌ژیم و به نووسینی کتێبێک له سه‌ر کوردان ناکه‌ومه زیندانه‌وه؛ هه‌رچۆنێک بێ وێده‌چوو ئه‌وه بابه‌تێکی زۆر گرێنگتر بێ له هێندێک بابه‌تی دیکه.
پرسیار: کاتێک ئه‌تۆ ده‌ستت پێ‌کرد به لێکۆڵینه‌وه له سه‌ر بابه‌تی کورد، ئه‌و شتانه‌ی ده‌تخوێندنه‌وه چ بوون؟
به کامه زمانان ده‌تخوێنده‌وه؟
مارتین ڤان بڕاونێسن: ئه‌وه له کۆتاییه‌کانی ساڵانی 1960 کان ، به‌راییه‌کانی 1970کاندابوو. ئه‌وه سه‌روبه‌ندێک بوو که بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاری مرخێکی یه‌کجار زۆری تێدا بوو سه‌باره‌ت به دنیای سێیه‌م و سه‌باره‌ت به شۆڕشه‌کانی دنیای سێیه‌م، ئیمپریالیزم، خه‌باتی ڕزگاریخوازی، تێئۆری به‌سترانه‌وه‌یی. ئه‌من زیاتر به زمانی ئینگلیسی ده‌مخوێنده‌وه. نووسینی نووسه‌رێکی فڕانسهییم به ئینگلیسی خوێنده‌وه:
فرانتس فانۆن سه‌باڕه‌ت به شۆڕشی ئه‌لجه‌زیره.ئه‌من نووسینه‌کانی نوێ مارکسیسته بریتانیایی و ئه‌مریکاییه‌کانم ده‌خوێنده‌وه که تێئۆریسییه‌نی ئێمپریالیزم بوون. گۆڤاری وه‌کوو نیو لێفت ڕیڤیو ، مانتلی ڕیڤیو و مه‌ردمناسی ئاساییم ده‌خوێنده‌وه.
پرسیار: خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و جۆره نووسینانه چ کاردانه‌وه‌یه‌کی هه‌بوو له سه‌ر بۆچوونی تێئۆری تۆ له‌مه‌ڕ کورده‌کان؟ به‌چ شێوه‌یه‌ک ئه‌و پرسیارانه له زه‌ینت دا گه‌ڵاڵه ده‌بوو که ده‌تویست دواتر له کاری مه‌یدانی دا وڵامه‌کانیان بدۆزییه‌وه؟
مارتین ڤان بڕاونێسن: ئه‌من ماتێماتیکسم خوێندبوو و به ته‌نیشتییه‌وه هێندێک مه‌ردمناسی، و ده‌مه‌ویست لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی ئه‌وتۆ بکه‌م که هه‌م له پێوان بێ و هه‌م له سه‌ربنه‌مای کارێکی مه‌یدانی درێژ_خایه‌ن بێ.ئه‌من بیرم لێکرده‌وه که تێکه‌ڵاوێک له لێکۆڵینه‌وه‌ی کلاسیک له‌دێیه‌ک ، که تێیدا مه‌ردمناس، له دێیه‌که دژی، ئه‌گه‌ر بکرێ بۆ دووساڵ، بکه‌م و هه‌روه‌ها شیکردنه‌وه‌یه‌کی ئابووری که ئیمپریالیزم چییه و له ئاستی ناوچه‌یی به‌سترانه‌وه مانای چییه؛ شیکردنه‌وی لێکه‌وتنه‌وه‌ی نێوخۆیی و ده‌ره‌وه‌یی چنه، پێوه‌ندی ئابووری تێهه‌ڵکێش له پێوه‌ندییه‌کانی زاڵبوونی سیاسی، ده‌سته‌ڵات و ستاتوسی ناوچه‌یی. وه‌ک ده‌زانی له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست ، زۆر له تێئۆریسیهنان پێیان وایه که ئێمه به‌ڕاستی چین مان نییه، به‌ڵکوو ستاتوس زۆر له چین گرینگتره، و ئه‌وه گرووپه ئێتنیکییه‌کانن وا به‌ته‌نیشت یه‌که‌وه لهڕیزێک دا ڕاوه‌ستاون تائه‌وه‌ی که کرێکارانی کورد ، کرێکارانی ترک، کرێکارانی فارس چینێکی تاقانه بن. له‌نێو هه‌ر گرووپێکی ئێتنیکی دا پێوه‌ندی په‌روه‌ره‌نده‌یی له نێو خه‌ڵک دا هه‌یه، که پێش به‌وان ده‌گرێ به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی چینایه‌تی ببزوونه‌وه و هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ن.ستاتوسی کۆمه‌ڵایه‌تی ، به‌تایبه‌تی ده نێو کۆمه‌ڵگه عه‌شیره‌تییه‌کاندا، زۆر له چین به گرینگتر داده‌ندرێ. به‌ڵام له ساڵانی 1950کاندا چه‌ند ڕاپه‌ڕینی جووتیاری به دژی خاوه‌نموڵکان قه‌وماوه، هه‌م له به‌شی ئێران و هه‌م له‌به‌شی عێراقی کوردستان، که ئه‌و ڕاپه‌ڕینانه زۆر وهبزووتنهوهی ئه‌وتۆ ده‌چوون که به‌پێی به‌سترانه‌وه‌ی چینایه‌تی ورووژابن. و له ساڵانی 1960کاندا شا ڕێفۆرمی زه‌وی و زاری کرد که ئه‌وه چینێکی له خاوه‌نموڵکانی سه‌ربه‌خۆ ساز کرد. جا بۆیه من زۆر مرخم لێ بوو بزانم که گشت ئه‌وانه له ئاستی ناوچه‌یی دا چۆن وه‌به‌رچاو دێن. فکرم وابوو بچم بۆ ماوه‌ی دووساڵ له دێیه‌کی کوردستانی ئێران بژیم و دوو وه‌رزی ته‌واوی کشتوکاڵی ببینم و له کارکردی ئابووری بڕوانم، له گشت پێوه‌ندییه‌کانی به‌سترانه‌وه و په‌روه‌ره‌نده‌یی و وه‌ک ئه‌وانه ورد ببمه‌وه.
پرسیار: ئه‌ی سه‌باره‌ت به ڕاوێژکاره زانستییه‌کانت، ده‌وروبه‌ری زانستیت له‌و سه‌روبه‌ندی دا چۆن بوو؟
مارتین ڤان بڕاونێسن: پرۆفێسۆرێکی مهردمناسیم هه‌بوو ، که ئه‌و به‌هیچ جۆر سه‌ر به قوتابخانه‌یه‌کی ئه‌و چه‌شنه‌ی مه‌ردمناسی نه‌بوو. ئه‌و مرۆیه‌کی بنچینه‌گر بوو و پێشتر کاربه‌ده‌ستێکی کۆلۆنیال ببوو. جا بۆیه ئه‌و به‌ڕاستیش تێنه‌ده‌گه‌یشت ئه‌من ده‌مه‌وێ چ بکه‌م. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، زۆری پشتیوانی لێده‌کردم. ئه‌من زۆر تاک که‌وتوو بووم: که‌س له‌و جۆره شتانه‌ی نه‌ده‌کۆڵییه‌وه. ئه‌وده‌می له هوله‌ندێ که‌س نه‌بوو که کاری مه‌ردمناسانه له‌مه‌ڕ ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست بکا. که‌سێک هه‌بوو لێکۆڵینه‌وه‌کی کردبوو له دێیه‌کی ئێرانێ و که‌سی دیکه نه‌بوو.به‌ڕاستیش ئه‌من به‌تاقی ته‌نێ بووم. ده‌بوو بۆخۆم به‌ته‌نێ بیرله شته‌کان بکه‌مه‌وه.
پرسیار: ئه‌تۆ کاری مه‌یدانی خۆت چۆن ڕێکخست؟
مارتین ڤان بڕاونێسن: دیاره، ئه‌گه‌ر مرۆ بییه‌وێ کاری مه‌ردمناسانه بکا، پێویستی به موڵه‌ته له لایه‌ن حکوومه‌ته‌وه.له‌وێ بهپیرمهردمناسانهوه ناچن و به‌خێریان ناهێنن.له ترکییه ئه‌من چاوه‌ڕێ نه‌بووم مۆڵه‌تم بدرێ بۆ لێکۆڵینه‌وه سه‌باره‌ت به کورده‌کان.به‌ڵام ترکییه ته‌نانه‌ت له بیریشم دا نه‌بوو. له عێراق _ له به‌راییه‌کانی ساڵانی 1970کاندا ده‌ستم کرد به پلاندانان _ ئه‌من ده‌مزانی شه‌ڕێکی تازه هه‌ڵده‌گیرسێ .جا بۆیه هه‌ر ئێران مایه‌وه.ئێران وڵاتێکی سه‌ر به ڕۆژئاوا بوو، که له‌وێ مه‌ردمناسان مۆڵه‌تیان پێده‌درا. زۆرکه‌س، به‌تایبه‌تی مه‌ردمناسه ئه‌مریکاییه‌کان له‌وێ خه‌ریکی لێکۆڵینه‌وه‌ی مه‌ردمناسی بوون. جا بۆیه داوای موڵه‌تم له ئێران کرد بۆ لێکۆڵینه‌وه.ئه‌من نه‌مده‌زانی ، ته‌نانه‌ت له ئێرانیش مرو ناتوانێ سه‌باره‌ت به کورده‌کان بکۆڵێته‌وه. هه‌ر که وڵامی داوخوازی موڵه‌ت نه‌هاته‌وه، بۆخۆم هه‌ستام چووم بۆ ئێران. به مامۆستای چاوه‌دێری خۆم گوت ده‌چم و له تاران چاوه‌ڕێی موڵه‌ته‌که ده‌بم.و له‌وێ ده‌ستم کرد به قسه‌کردن و چاوپێکه‌وتنی مه‌ردمناسه ئه‌مریکاییه‌کان. هه‌موویان پێم پێده‌که‌نین چونکوو ئه‌من پێم وابوو ده‌توانم له سه‌ر کوردان بکۆڵمه‌وه:"ئه‌تۆ نه‌تده‌زانی ناکرێ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته بکۆڵییه‌وه؟"، خۆشبه‌ختانه نه‌مده‌زانی.جابۆیه، بێ مۆڵه‌ت چووم بۆ کوردستان و به حه‌فتان و به مانگان له‌وێ ده‌مامه‌وه. وڵامی مۆڵه‌ت هه‌رنه‌هاته‌وه. داواکه وه‌دوا دراوه، ئه‌من جارێکی دیکه‌ش داوام کرده‌وه؛ جارێکی دیکه‌ش داوخوازه‌که‌یان وه‌دواوه داوه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌وڵاتیان ده‌رنه‌کردم. ده‌متوانی بۆ ماوه‌ی کورت بچمه هه‌رێمه‌که. ئه‌من له قاوه‌خانه‌یه‌کی کوردی له تاران خه‌ریکی فێربوونی زمانی کوردی بووم، هه‌موو ڕۆژێ ده‌چووم و له‌وێ داده‌نیشتم، له گه‌ڵ خه‌ڵک قسه‌م ده‌کرد سه‌باره‌ت به‌و دێیانه‌ی که لێیانه‌وه هاتبوون.به‌رله‌وه‌ی بچمه ئه‌وێ فێری فارسی ببووم. ئه‌و ده‌می هێندێک ترکیشم ده‌زانی، که له لای خۆم فێرببووم. من لهوقاوهخانهیه دا فێری کوردیی سۆرانی بووم. له مهاباد دۆستم هه‌بوون.ئه‌من پێشتر چووبوومه مهاباد وهێندێک بنه‌ماڵه‌م ده‌ناسین که له‌لایان ده‌مامه‌وه یارمه‌تیشیان کردم که خۆم ده‌وره‌یه‌کی کوردی ته‌واو که‌م. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من مۆڵه‌تم وه‌رنه‌گرت، نه‌مده‌توانی بۆ ماوه‌ی درێژ له شوێنێک بمێنمه‌وه. نه‌گیرام به‌ڵام زۆر جار خه‌ڵک ده‌هاتنه لام وپێیان ده‌گوتم باشتره بڕۆی و هه‌ستم ده‌کرد ئه‌وه ده‌بێ له لایه‌ن ساواک، ده‌زگای هه‌واڵگرییه‌وه بێ ، که پێیان گوتم ئه‌من ناتوانم بمێنمه‌وه. چه‌ند جارێک لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ کردم. جابۆیه ده‌بوو له‌جێیه‌که‌وه بچمه جێیه‌کی دیکه و قه‌ت نه‌مده‌توانی ئه‌و لێکۆڵینه‌وه‌یه بکه‌م که پلانم بۆ دانابوو. به‌ڵام ئه‌وه‌ش سه‌رنجڕاکێش بوو چونکوو ده‌ستمکرد به تێگه‌یشتنی جیاوازی شوێنێک له ته‌ک شوێنێکی دیکه دا. نه‌ک هه‌ر تێگه‌یشتن له جیاوازی نێوان ، بابڵێین له شوێنێک هه‌ر عه‌شیره‌تێک هه‌یه، له شوێنی دیکه عه‌شیره‌تێکی زۆر و له شوێنی سێیه‌م هیچ عه‌شیره‌ت نییه‌هه‌روه‌ها نموونه‌ی پێوه‌ندی ده‌سته‌ڵاتی جیاوازیش هه‌یه. به ده‌م سه‌فه‌رکردن و گه‌ڕانه‌وه، ئه‌من تووشی کوردی خه‌ڵکی کوردستانی عێراقیش هاتم،له هه‌مان کات دا له‌وێ شه‌ڕ ده‌ستی پێکردبووه‌وه و له هه‌رێمه‌که‌دا په‌نابه‌ر هه‌بوون، به‌ڵام هه‌ر وه‌ها ژماره‌یه‌کی زۆر پێشمه‌رگه‌ی عێراقیش ده هاتووچوو دا بوون. چه‌ندین جار له هوتێلێکی چکۆڵه یان میوانخانه‌یه‌ک دا له هه‌مان ژوور دا بووم که میوانی عێراقی لێ بوو ، و کاتێک بۆم باس کردن خه‌ریکی چم ، ئه‌وان ده‌یانگوت: " بۆ نایه‌ی بۆ کوردستانی عێراق؟" ئێمه ناوچه‌ی ئازادکراومان هه‌ن له‌وێ هیچ حکوومه‌تێک ناتوانێ پێت بڵێ بۆت نییه بمێنییه‌وه. کورده‌کانی عێراق له تاران ئافیسێکیان هه‌بوو. جابۆیه ئه‌و جار که دیسان له تاران بووم، چوومه ئه‌و ئافیسه و ئه‌وان مۆڵه‌تیان پێدام بۆ لێکۆڵینه‌وه.ئه‌من پێم وایه ئه‌وان نه‌یان ده‌زانی لێکۆڵینه‌وه‌ی مه‌ردمناسی چییه. له‌وانه‌یه پێیان وابووبێ ئه‌من جۆره‌یه‌ک ڕۆژنامه‌نووس یان سیخوڕێکی هه‌واڵگریم، هه‌ر دوو جۆری ئه‌و میوانانه پێ وقهدهمیان به‌خێر بوو، چونکوو ئه‌وان [ کورده‌کانی عێراق] ده‌یانه‌ویست پێوه‌ندی باشیان له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوا هه‌بێ. دواتر ڕه‌نگه هه‌ستیان پێکردبێ که مه‌ردمناسان پرسیاری ناله‌بار و قورس ده‌که‌ن، به‌ڵام تازه ئیدی من له‌وێ بووم.
پرسیار: له ئێرانه‌وه بۆ عێڕاق، و دوایه تۆ له ترکییه‌ش کاری مه‌یدانیت کرد؟
مارتین ڤان بڕاونێسن: به‌ڵێ، من قه‌ت له ئێران مۆڵه‌تم وه‌رنه‌گرت و خۆم له کوردستانی عێراق هاویشت. له زستانی 75/1974 له‌وێ بووم. وه‌بیرم دێ له نه‌ورۆزی 1975 ده‌بوو ئه‌وێ به‌جێ بهێڵین چونکوو کورده‌کان ده‌ستیان له خه‌بات به‌ردابوو. شا و ئه‌مریکاییه‌کان پشتیان تێکردبوون. سه‌ربازانی ئێرانی پاشه کشه‌یان کردبوو و ئێران هه‌موو جۆره پشتیوانییه‌کی بڕیبوو.کورده‌کان ده‌بوو ده‌ست به‌ر دهن. نزیکه‌ی 50000 که‌س ڕایان کرد بۆ ئێران و ئه‌من له گه‌ڵیان بووم. دوایه به‌رده‌وام بووم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که پێشتر ده‌مکرد. من له سه‌ر گه‌شت و گه‌ڕان به کوردستانی ئێران دا به‌رده‌وام بووم. له هه‌مان کاتدا گه‌ڵاڵه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌که‌م گۆڕدرابوو؛ زیاتر بوو به به‌راوه‌دکارانه و که‌متر چوونه قووڵاییه‌وه.هاوپرسه‌کی له‌گه‌ڵ خه‌ڵک زۆرم بۆ گرینگتر بووبوو و ئه‌من زیاتر جه‌ختم ده‌کرده‌وه سه‌باره‌ت به ئه‌وه‌ی که ده‌توانم له‌مه‌ڕ پێوه‌ندی ده‌سته‌ڵات و کۆنتڕۆڵ به سه‌ر سه‌رچاوه ئابوورییه‌کاندا چ هه‌ڵکڕێنم و بۆم ڕوون بێته‌وه. بڕیارم دا ترکییه و سوورییه‌ش بخه‌مه ئه‌و به‌راوه‌د کردنه.به‌گشتی ، من دووساڵ له‌ژیانم له‌هه‌رێمه‌که‌دا به‌سه‌ربرد به‌ڵام له شوێنێکه‌وه ده‌چوومه جێگه‌یه‌کی دیکه.
پرسیار: ئه‌ی سه‌باره‌ت به‌و به‌رته‌نگیانه‌ی وا له کاتی لێکۆڵینه‌وه‌ی مه‌یدانی له‌و وڵاته جیاوازانه دا ده‌هاته سه‌رڕێت چی؟ وا وێده‌چێ کارکردنت له عێراق زۆر هاسانتر بووبێ.
مارتین ڤان بڕاونێسن: ڕاسته. ئه‌گه‌رچی ئه‌من پاسه‌وانێکم له‌گه‌ڵ بوو، که‌سێکی که بۆ هه‌رجێیه‌ک ده‌چووم له‌گه‌ڵم بوو. ئه‌و گه‌نجێک بوو بۆ خۆی خوێندکاربوو و به‌ته‌واوی مرخی له‌و پرسیارانه‌ی بوو که من ده‌مکردن.ئه‌من له‌بیرمه که ده‌ستمان پێ‌کرد بۆمان ده‌رکه‌وێ پێوه‌ندی فێئۆدالی له گۆڕێ دایه ، که جووتیاران ده‌چه‌وسێندرێنه‌وه، و دادۆشرێن به‌هۆی ئاغا فێئۆدالهکانهوه.ئه‌وان ده‌بوو هه‌م دراو بده‌ن به ئاغا فێئۆداله‌کان و هه‌م خزمه‌تیشیان بکه‌ن. ئه‌وان له لایه‌ن پارتییه‌وه له نیری ئاغا فێئۆداله‌کان ڕزگار کرابوون. به‌ڵام ئێستا ده‌بوو هه‌مان دراو بده‌ن به پارتی و هه‌مان خزمه‌تی پێ بکه‌ن! فه‌رمانده‌ره‌کان، که خه‌ڵکی نزیک له بازنه‌ی ده‌وروبه‌ری مسته‌فا بارزانی بوون، ببوون به ئاغای فێئۆدالی نوێی هه‌رێمی.ئه‌وان له‌جێدا هه‌ر ئه‌و کارانه‌ی ڕابردوویان ده‌کرد و بۆ جووتیاران هیچ شت نه‌گۆڕدرابوو. و پاسه‌وانه‌که‌م، کاتێک ده‌ستی پێ‌کرد ئه‌وه ببینێ، زۆر ڕادیکاڵتری لێ هات. ئه‌و دواتر بوو به یه‌ک له ئه‌ندامه سه‌ره‌تاییه‌کانی یه‌کێتیی نێشتمانی کوردستان کاتێک تاڵه‌بانی له ڕکه‌به‌ری له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی دا به جوێ خۆی رێک خست.
پرسیار: کاری مه‌یدانی له ترکییه چون بوو؟
مارتین ڤان بڕاونێسن: یه‌که‌م شتی که کردم ئه‌وه بوو له سنووری ئێرانه‌وه په‌ڕیمه‌وه و چوومه یوکسێکۆڤا. چوومه وان و له وانه‌وه چوومه باشوور و گشت رێگه‌که‌م به پێیان تا جزرێ پێوا.وه‌رزی به‌هار بوو و کۆچه‌ره‌کان له کوێستانان بوون. پێشتر لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک کرابوو سه‌باره‌ت به کۆچه‌ره‌کانی ئه‌و هه‌رێمه که خوێندبوومه‌وه، له‌لایه‌ن جوگرافیزانی ئاڵمانی وڵفگانگ هوتررۆت( 1961،1959). ئه‌وه لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی زۆر گرینگه، زۆر باشه. ئه‌من ده‌مه‌ویست ئه‌و شوێنه ببینم که ئه‌وی لێبووه و چاوم به هێندێک له‌و کۆچه‌رانه بکه‌وێ که ئه‌و له سه‌ری نووسیبوون.ئه‌من بۆ یه‌که‌م جار له ژیانم دا ، له تاوڵێکی کۆچه‌ران دا نوستم.وات هه‌ست ده‌کرد چ پۆلیس نییه و مرۆ زۆر ئازاده. ئه‌وه زۆر به‌ر[ له‌چالاکییه‌کانی] پارتیی کرێکارانی کوردستان بوو، ساڵی 1975 بوو. به‌ڵام من دواتر زانیم، دوای ئه‌وه‌ی من له‌وێ بووم، کۆچه‌ره‌کان له سۆنگه‌ی من لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ کراوبوو. ده‌زگای هه‌واڵگری له‌وانه‌نییه لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵ من بکا یان له زیندانم خا ، به‌ڵام ئه‌وخه‌ڵکانه‌ی من قسه‌م له‌گه‌ڵ کردبوون له‌وانه‌بوو له مه‌ترسی دابن. جا بۆیه دوای ئه‌وه من زۆر وشیارتر بووم و ئاگام له‌خۆم بوو. له جزرێ پشتیوانێکی دیکه‌م دۆزییه‌وه، ئه‌و شێخێک بوو.ئه‌من له ئێران چه‌ندین شێخم دیبوو و فرووسماوییم سه‌باره‌ت به سۆفیایه‌تی ده‌ستی پێ‌کردبوو. وبیستبووم که بنه‌ماڵه‌یه‌کی شێخان له‌وێ هه‌یه. شێخ پیاوێکی گه‌نج بوو و ئێمه هه‌تا بڵێی حورمه‌تی یه‌کتریمان له‌به‌ر بوو. ئێمه بووینه دۆست و، له به‌ر ئه‌وه‌ی تاراده‌یه‌کی دیاری سه‌ربه‌خۆ بوو، داوای لێکردم له ماڵه‌که‌ی بمێنمه‌وه، و له دێیه‌که‌ی بم بێ ئه‌وه‌ی پرسیارێکی زۆر بێته گۆڕێ، و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆر خه‌ڵک ده‌هاتن بۆ دیتنی ئه‌وان، ئه‌من ده‌متوانی وتووێژ و هاوپرسه‌کی بکه‌م.زیاتر له‌وه‌ش، له‌به‌ر پێوه‌ندییه‌کانی پێشووترم له‌گه‌ڵ په‌نابه‌ره سیاسییه‌کان و کارم له کۆمیته‌ی هاوپێوه‌ندی دا هێندێک پێوه‌ندیم له‌گه‌ڵ هێندێک شوێن له ترکییه دامه‌زراندبوو،له‌وانه دیاربه‌کر، به‌رله‌وه‌ی ده‌ست به لێکۆڵینه‌وه‌که‌م بکه‌م. هێندێک له‌وکه‌سانه‌ی پێوه‌ندیم له‌گه‌ڵیان هه‌بوو مامۆستای خوێندنگه بوون.به‌رله کوده‌تای 1971، سێندیکایهکی مامۆستایان هه‌بوو.ئه‌و سێندیکایه دوایه قه‌ده‌غه کرا. مامۆستایان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کرێکارنهبوون ، هیچ مافیان نه‌بوو بۆ مانگرتن. جا بۆیه ئیتر ئه‌وان سێندیکایان نییه ، و ئێستا کۆمه‌له‌یه‌کیان هه‌یه.( کۆمه‌ڵه‌ی یه‌کێتی و هاوپێوه‌ندیی نێوان مامۆستایان له ترکییه). به‌ڕێگه‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه‌وه، چاوم که‌وت به‌و مامۆستایانه‌ی له لادێکان کاریان ده‌کرد. چوومه چه‌ندین له‌و دێیانه و له‌وێ مانه‌وه‌م له‌لای مامۆستا جۆره‌یه‌ک ڕه‌وایی بۆ ساز ده‌کردم.به‌ره به‌ره ئه‌من ئه‌وه‌نده کرمانجی قسه پێکردن فێربووم که به‌ڕه‌ی خۆم له قوڕاو ده‌رکێشم، ئاشکرایه ڕه‌نگه نه‌بووم به کوردێکی ڕاسته‌قینه به‌ڵام، کاتێک ده‌مگوت: " باوکم خه‌ڵکی ئێره‌یه به‌ڵام خۆم له ئوڕووپا گه‌وره بووم" ئه‌و قسه‌یه‌یان دهسهلماندم.هه‌رچۆنێک بێ، کوردی ستانداردکراو نییه و خه‌ڵک ناتوانن پێیان وابێ که‌سێک که به‌کوردی قسه ده‌کا کورد نه‌بێ. و ئه‌من سمێڵێکی گه‌وره‌م هه‌بوو و پێم وایه وه‌کوو که‌سێکی خۆجێی وه‌به‌رچاو ده‌هاتم؛ ئه‌و جلوبه‌رگه‌ی ده‌به‌رم ده‌کرد له‌وێ کڕیبووم و جا بۆیه سه‌روسه‌کوتم جیاوازییه‌کی زۆربهدهرهوهی له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی دیکه نه‌بوو. ده‌ستم کردبوو به لاساکردنه‌وه‌ی زمانی به‌ده‌نی خه‌ڵک. ئه‌من پێم وایه زۆر به‌ده‌ره‌وه نه‌بووم. جابۆیه ده‌متوانی زۆر جار له دێیه‌کان بمێنمه‌وه. به‌ڵام دیاره ژاندارم هه‌میشه هه‌بوو و زوو یان دره‌نگ ده‌یانزانی که بێگانه‌یه‌ک له ئاوایی دا هه‌یه؛ و ده‌هاتن و ده‌یان پرسی له‌وێنده‌رێ چ ده‌کا. باشه، ده‌مگوت ئه‌من هاتووم سه‌ر له دۆسته‌که‌م بده‌م که مامۆستایه، به‌ڵام بۆ چ ماوه‌یه‌ک له لای دۆسته‌که‌ت ده‌مێنییه‌وه. جا بۆیه ئه‌من ده‌بوو بیانووی جیاواز و شوێنی جیاواز په‌یدا که‌م بۆ ئه‌وه‌ی له دێیه‌کان بمێنمه‌وه. و ڕه‌نگه ساڵانی 1976- 1975 سه‌روبه‌ندی هه‌ره ئازاد بووبێ. دواتر، زۆر دژوارتر بوو که ئه‌وه بکرێ.
پرسیار: به شێوه‌ی کۆنکرێت ئه‌تۆ له‌کاره مهیدانییهکهتدا چۆنت زانیاری کۆ ده‌کرده‌وه؟
مارتین ڤان بڕاونێسن: وتووێژ و هاوپرسه‌کیم ده‌کرد، زۆر جار به‌و شێوه‌یه بوو: له‌گه‌ڵ که‌سێک ده‌دوێی و قسه‌ده‌که‌ی دوایه شه‌وێ شته‌کان ده‌هێنییه سه‌رکاغه‌ز. ئه‌من زۆرکه‌م وتووێژه‌کانم له سه‌ر شریت ئاسته ده‌کرد. ڕێکۆردرێکم هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌وه خه‌ڵک دڕدۆنگ ده‌کا، جابۆیه من به‌کارم نه‌ده‌هێنا.زۆربه‌ی کاره‌که‌م چاوگێڕان و لێ وردبوونهوهبوو. له دیوێکی دێیه‌که که خه‌ڵک لێی کۆده‌بوونه‌وه داده‌نیشتم. و ئه‌گه‌ر مرۆ شوێنگێڕی قسه‌کان بکا هه‌ست به جیاوازی شان و پله‌ی خه‌ڵکیش ده‌کا. ئه‌وه شوێنێکی زۆر خۆشه بۆ لێکۆڵینه‌وه له‌وه‌ی که خه‌ڵک له ڕوانگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه خۆیان له کوێ داده‌نێن.نه‌خشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی دێیه‌که له‌نه‌خشه‌ی فیزیکی ئه‌و دیوه دا خۆی ده‌رده‌خا. ئه‌گه‌ر که‌سێک له نه‌زمی کۆمه‌ڵایه‌تی ڕازی نه‌بێ ، ئه‌تۆ ده‌توانی بیبینی.خه‌ڵک له‌وانه‌یه دوایه ئاماده‌بن سه‌باره‌ت به‌وه بدوێن. ئه‌من به‌ڕاستی زۆر خۆشحاڵ بووم له‌وه‌ی له‌وێ لێکۆڵینه‌وه‌م ده‌کرد؛ هه‌ستم ده‌کرد که چوومه‌ته نێو ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه وه ، ده‌ستم کردووه به لێتێگه‌یشتنی.ئه‌من به‌ڕاستی خه‌ڵکه‌که‌م خۆش ده‌ویست. بۆ پێشکه‌وتنی شه‌خسی خۆم، هه‌روه‌ک که‌سێکی کۆمه‌ڵایه‌تی ، ئه‌وه زۆر گرینگ بوو. من پێشتر که‌سێکی زۆر گۆشه‌گیر بووم و زۆر زیاتر پێم خۆش بوو سه‌رم له‌نێوان کتێبان دا بێ تا له‌گه‌ڵ خه‌ڵک دانیشم و هه‌ڵس و که‌وت بکه‌م. کاتێک ئه‌من لێکۆڵینه‌وه‌م ده‌کرد، ئه‌وه کارێک بوو که ده‌بوو ئه‌من بیکه‌م؛ ئه‌من ده‌بوو فێر بم چۆن له‌گه‌ڵ خه‌ڵک هه‌ستم و دانیشم. ئه‌من پێم وایه ئه‌وه کورده‌کان بوون که ئه‌منیان کرد به ئینسان. جا بۆیه ئه‌من هه‌ستی پێناوداریم هه‌یه به‌رانبه‌ریان؛ ده‌مه‌وێ بڵێم کورده‌کان بۆ من زۆر گرینگ بوون.
پرسیار: ئه‌تۆ که‌نگێ و بۆچی ئهندۆنێزیات هه‌ڵبژارد وه‌کوو مه‌یدانێکی دیکه‌ی لێکۆڵینه‌وه؟
مارتین ڤان بڕاونێسن: قه‌ت به هه‌ڵبژاردن هه‌ڵمنه‌بژارد له ئه‌ندۆنێزیا کار بکه‌م له ساڵی 1980 کوده‌تایه‌کی دیکه کرا له ترکییه. ئه‌من بیستم نێوم له لیستی نێوی ئه‌وکه‌سانه دایه که ڕێگه‌یان نادرێ بچنه ترکییه. به‌ڵام ئه‌وه مانایه‌کی ئه‌وتۆی نه‌بوو چونکوو مرۆ ده‌یتوانی زۆر به هاسانی بچیته ئه‌وێ ئه‌گه‌ر به فڕۆکه نه‌چووبا.ئه‌وان ته‌نێ له ئانکارا و ئه‌سته‌نبوڵ تێرمیناڵی کامپیوتێریان هه‌بوو. ئه‌من ده‌متوانی به ڕێگه‌ی سوورییه یان کوشاداسی دا بچمه نێو ترکییه بێ ئه‌وه‌ی پێم بزانن. به‌ڵام، له‌جێدا، بۆ ماوه‌یه‌ک ئه‌من که‌سێکی بهخێرنههاتوو بووم. له‌جه‌نگه‌ی شۆڕش و دوای شۆڕش، له ئێران بووم و دوای ئه‌وه چیدیکه ویزای ئێرانیان نه‌دامێ. پێم وایه له‌وانه‌یه له‌وێش خرابوومه لیستی ڕه‌شه‌وه. له ساڵی 1978 یا 1979 بوو دیسان چوومه‌وه عێراق. ئه‌و ئاخرجار بوو که توانیم بچمه ئه‌وێ. که‌سێک که له سه‌فاره‌تخانه‌ی عێراق له هوله‌ند کاری ده‌کرد _ که ئه‌وێی به‌جێ هێشت دوای ئه‌وه‌ی ده‌رکه‌وت له‌بنه‌وه کار بۆ تاڵه‌بانی ده‌کا _ پێی گوتم له عێراق خراومه‌ته لیستی ڕه‌ش و به‌سیخوڕێکی زۆر به مه‌ترسی سه‌هیونیست داده‌ندرێم! ئه‌من ده‌مزانی که چبڕ ئیدی موڵه‌تم نادرێته بچمه ئه‌وێ. وه‌ک ده‌رده‌که‌وت ئه‌من له‌هیچ کام له‌و وڵاتانه به‌خێر نهدههێندرام، جا بۆیه بیرم کرده‌وه به‌ڵکوو شوێنم بگۆڕم.هیوام به‌ستبوو به‌وه‌ی به‌ڵکوو بکرێ له سه‌ر ئه‌فغانستان کار بکه‌م. ته‌نانه‌ت هێندێک لێکۆڵینه‌وه‌م له ئه‌فغانستانیش کردبوو. دوایه ڕووسه‌کان هێرشیان هێنا سه‌ر ئه‌و وڵاته و ئه‌من چیتر نه‌مده‌توانی بچمه ئه‌وێ.و ئیدی بێکار بووم. له هوله‌ند مرۆ به‌مه‌رجێک یارمه‌تی بێ‌کاری وه‌رده‌گرێ ئه‌گه‌ر به به‌رده‌وامی داوای کار بکا. ئه‌من خه‌ریکی نووسینی پێشنیاری لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک بووم که ئه‌ویش هه‌ر له سه‌ر کوردان بوو. به‌ڵام ده‌بوو داوای کار بکه‌م.کارێکیان پێ پێشنیار کردم به‌ڵام وه‌دوایه‌م داوه؛کارێکی دیکه هه‌بوو،ئه‌وان قوبووڵیان کرد بیکه‌م به‌ڵام ئه‌من دیسان وه‌دوایه‌م داوه. مرۆ زیاتر له دووجار ناتوانێ پێشنیاری کار وه‌دوایه داته‌وه، ئیعلانێکم دی ده‌یگوت پێویستیان به پی ئیچ دی یه‌ک هه‌یه له ئه‌ندۆنێزیا کار بکا. من پێم گوتن پی ئیچ دی م هه‌یه، من قه‌ت هیچم له سهرئهندۆنێزیا نه‌خوێندبووه‌وه به‌ڵام کاره‌که‌م پێ باش بوو. و ئه‌وان گوتیان:"باشه، فه‌رموو با بۆ تۆ بێ"؛ کاره‌که‌یان دامێ.جا، ده‌بوو بڕیار بده‌م دیسان به‌ربه‌رچی بده‌مه‌وه یان نا. جابۆیه ئه‌وه به هه‌ڵبژاردنی خۆم نه‌بوو به‌هه‌ڵکه‌وت ڕێگه‌م که‌وته ئه‌ندۆنێزیا.له سه‌ره‌تاوه،پێم وابوو له‌وێ ته‌نێ ماویه‌کی کورتی ساڵێک یان دووساڵم پێ ده‌چێ. به‌ڵام ئێستا ئه‌مه ده‌ساڵه به لێکۆڵینه‌وه‌وه له‌وێ خه‌ریکم . ئێستاش نێوه نێوه ده‌چمه ئه‌وێ.
پرسیار: ئه‌تۆ ده‌توانی کارێکی ئه‌وتۆ بکه‌ی که ئه‌و دوو کاره مه‌یدانییانه - کوردستان و ئه‌ندۆنێزیا – به شێوه‌یه‌ک له شێوان وه‌یه‌کتری بچن؟
مارتین ڤان بڕاونێسن: ئه‌وان زۆر له یه‌ک جیاوازن. یه‌که‌م، من له ئه‌ندۆنێزیا، مۆڵه‌تی کارکردن و لێکۆڵینه‌وه‌م هه‌بوو، که ئه‌وه هێندێک هه‌ستی ناخۆشی تێدا ده‌ورووژاندم. چونکوو مرۆ ئه‌گه‌ر مۆڵه‌تی کارکردن و لێکۆڵینه‌وه‌ی پێ بدرێ ،تا ڕاده‌یه‌ک، مانای ئه‌وه‌یه به که‌سێکی جێی مه‌ترسی داناندرێ. و، له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه، وا هه‌ست ده‌کرێ مرۆ ڕازی بێ له ڕێژیم و من هه‌میشه سه‌باره‌ت به‌وه هه‌ستێکی خراپم هه‌بوو. چونکوو ڕێژیمی ئه‌ندۆنێزیا ڕێژیمێکی خراپ بوو! به‌ڵام ئه‌وان ڕێگه‌یان به من دا کاری مه‌یدانی بکه‌م و ئه‌من بۆ ماوه‌ی ساڵێک له گه‌ڕه‌کێکی هه‌ژارنشین ده‌ژیام. نێوه‌رۆکی فه‌رمی کاره‌که‌ی من ئه‌وه‌بوو ، ببم به پسپۆڕێکی ئیسلامی ئه‌ندۆنێزیا. ئه‌من ده‌مه‌ویست ئه‌وه به‌جۆرێک بلکێنم به‌و پێشوه‌چوونانه‌ی له ترکییه و ئێران به به‌رچاوم دا ڕابرابوون. جابۆیه ئه‌و پرسیاره‌ی له‌خۆم ده‌کرد ئاوابوو: گه‌لۆ شتێکی وه‌کوو شۆڕشی ئێران یان هه‌ستانی وه‌کوو ئێم ئێس پێ ( میللی سه‌لامه‌ت پارتیسی ، 1981- 1972 ) له ترکییه یان گرووپه ئیسلامییه‌کان له میسر له ئه‌ندۆنێزیا ده‌لوێ؟ و گه‌لۆ ئه‌وه هیچ پێوه‌ندییه‌کی هه‌یه به کۆچ کردنی توێژه خواره‌وه‌کانی چینی نێوه‌ڕاست و خه‌ڵکی هه‌ژار له شارۆچکه پچووکه‌کانه‌وه بۆ شاره سه‌ره‌کییه گه‌وره‌کان، که زۆر خه‌ڵک پێیان وابوو ڕه‌وتێکی ئه‌وتۆ ئه‌و ڕووداوانه شی ده‌کاته‌وه. زۆرێک له‌و شی کردنه‌وانه‌ی سه‌باره‌ت به سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ئیسلام له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست ده‌کرێن به شێوه‌یه‌ک له سه‌ر چه‌شنێک له تێئۆری بێ به‌شی ڕێژه‌یی داده‌ندرێن. چه‌مکی بێ به‌شی ڕێژه‌یی منی به‌ره‌ولای خۆی ڕاکێشا به‌ڵام بیرم لێکرده‌وه که ئه‌وه زۆر به هاسانی بۆ شیکرنه‌وه‌ی زۆر ده‌کارده‌هێندرێ. کاتێک مرۆ له گه‌ڵ گرووپێک له ڕادێکاڵان به‌ره‌و ڕوو دێ هه‌میشه ده‌ره‌تانی ئه‌وه هه‌یه مرۆ هێندێک بێ به‌شی ڕێژه‌یی له مێژووی شه‌خسییان دا بدۆزێته‌وه. جا بۆیه ئه‌من به‌خۆم گوت، بۆچی له‌و جۆره خه‌ڵکه‌وه ده‌ست پێنه‌که‌ین که ده‌بێ بێ به‌شی ڕێژه‌یی هه‌ره توندیان ته‌جروبه کردبێ و با بزانین ئه‌وان له باری دینییه‌وه چۆن وڵام ده‌ده‌نه‌وه. من هه‌رته‌ماشای شارێکم کرد ، هه‌ر گه‌ڕه‌کێکی هه‌ژارنشین، به‌ڵام هه‌ژماریش له به‌رده‌ست دابوو که من ده‌متوانی به‌کاری بهێنم . زۆر ڕوونتر چاوم به خه‌ڵکی ئه‌وتۆ که‌وت که له ناوچه‌کانی ده‌وڵه‌مه‌ندتره‌وه گواستبوویانه‌وه بۆ ئه‌و گه‌ڕه‌که، گه‌ڕه‌کی هه‌ره هه‌ژار. جا بۆیه بۆ ماوه‌ی ساڵێک له نێو خه‌ڵکی به‌ڕێژه بێ به‌ش دا ژیام؛ و دیسان لێره‌ش زۆرم چێژ له کاری مه‌یدانی وه‌رگرت،ئه‌من پێی شاد بووم. ئه‌گه‌رچی تووشی نه‌خۆشی زۆر خراپ بووم، هه‌ر وه‌ک دراوسێکانم.جارجار له‌وێ ژیان سه‌خت بوو. و هه‌ڵبه‌ت وا ده‌رکه‌وت که ئه‌وان ڕادیکاڵ نه‌بوون. خه‌ڵکی هه‌ژار ناتوانن ڕادیکاڵ بن. ئه‌وه خه‌ڵکی خوداپێداون که ڕادیکاڵ ده‌بن، خه‌ڵکی خوداپێداوی وه‌کوو ئێمه.
پرسیار : ئه‌ی ڕه‌هه‌ندی به‌راوه‌ردی ئه‌و لێکۆڵینه‌وه که ئێران و ترکییه‌ش وه‌به‌ر ده‌گرێ؟
مارتین ڤان بڕاونێسن: له سه‌ره‌تاوه ئه‌من پێم وابوو ئه‌وه ده‌کرێ ، به‌ڵام دوایه ده‌رکه‌وت، نا. زۆر شتی شیاوی به‌راوه‌رد کردن و به‌یه‌ک ڕانان هه‌ن به‌ڵام له‌به‌ریه‌ک ڕانانی کۆمه‌ڵناسانه له‌بار نییه.ئه‌من قه‌ت نه‌متوانی هه‌مان شێوه لێکۆڵینه‌وه له ترکییه بکه‌م که له ئه‌ندۆنێزیا کردم. ئێستا شاگردێکم هه‌یه که خه‌ریکی کاری مه‌یدانییه ده‌ناو کۆچبه‌ری زۆره‌ملێ له گه‌ڕه‌کێکی هه‌ژارنشینی ئه‌سته‌نبووڵ . به‌ڵام دیسان ئه‌وه‌ش جیاوازه. ئه‌من له ئه‌ندۆنێزیا حه‌ولم دا ڕه‌هه‌ندی ئێتنیکیش له کاره‌که‌م دا له‌به‌رچاو بگرم. ڕه‌نگه له‌به‌ر ئه‌و ویسته‌ی که بتوانم به‌راوه‌رد بکه‌م، هه‌رێمێکم هه‌ڵبژارد که گرووپی دوویه‌می هه‌ره‌گه‌وره‌ی ئێتنیکی ئه‌ندۆنێزیای لێ بوو.له گه‌ڕه‌که‌که‌م دا، زۆربه‌ی دانیشتووان سه‌ر به‌و گرووپه بوون و ژماره‌یه‌کی که‌متریش سه‌ر به گه‌وره‌ترین گرووپی ئێتنیکی بوون، و هێنێک گرووپی پچووکتریش پاشخانی ئێتنیکی دیکه‌یان هه‌بوو. به‌ڵام له‌وێ ئیتنیسیتی یان هه‌رێمایه‌تی زۆر گرینگ نه‌بوون. ئه‌وه هۆکارێکه به‌ڵام له ئه‌ندۆنێزیا به‌ڕێگه‌یه‌کی زۆر جیاواز دا هه‌ڵده‌سووڕێ. دیتنێکی دیکه‌ی به‌راوه‌ردی ئه‌وه‌یه ، که‌من له‌وێش ده‌ستم کرد به چاولێکردنی چلۆنایه‌تی هه‌ڵسووڕانی ته‌ریقه‌ته سۆفییه‌کان له ئه‌ندۆنێزیا و ده‌وری سیاسی‌یان. له‌وه‌ش زیاتر بۆم ده‌رکه‌وت که کارتێکه‌رییه‌کی ناڕاسته‌وخۆی کوردی له سه‌ر ئیسلامی ئه‌ندۆنێزیا هه‌یه، به‌تایبه‌تی له سه‌ر سۆفیگه‌ری، ئه‌گه‌رچی هیچ کوردێک قه‌ت ڕێگه‌ی نه‌که‌وتووه‌ته وێنده‌رێ.ئهندۆنێزیایهکان و کورده‌کان له مه‌ککه یان مه‌دینه چاویان به‌یه‌ک که‌وت و تێکه‌ڵاوییان په‌یدا کرد.له ڕابردوو دا ،زۆر له ئهندۆنێزیاییان له‌مه‌دینه له‌لای مامۆستایانی کورد ده‌یان خوێند. ئه‌ندۆنێزیاییه‌کان کوردان به ئیسلامه‌وه ده‌ناسن؛ ئێستا کوردی نێوێکی شه‌خسی ییه که له بنه‌ماڵه‌ی ئیماندار دا له پیاوانی ده‌نێن.
پرسیار: با بێینه‌وه سه‌ر کاره‌کانت سه‌باره‌ت به کوردان. له ترکییه ، یه‌که‌م جار ئێوه له ئوێزگویر گه‌له‌جه‌ک دا شتتان بڵاو کرده‌وه ، گۆڤاری محه‌مه‌د بایراک . چۆن بوو له‌و گۆڤاره دا شتت بڵاو کرده‌وه؟
مارتین ڤان بڕاونێسن: ئه‌و چه‌ند به‌ش له کتێبه‌که‌می وابزانم له ساڵی 1988، لهگۆڤارهکهی دا بڵاو کرده‌وه. به‌ر له‌وه‌ی له گه‌ڵ یه‌کتری ناسیاوی په‌یدا که‌ین. ئه‌و له سه‌ر ئه‌وه بانگ کرا به‌رده‌م دادگه. ئه‌من دوای ئه‌وه چاوم پێی که‌وت، له‌وکاته‌ی دا که خه‌ریک بوو هه‌موو کتێبه‌که بڵاو بکاته‌وه. ئه‌وه وه‌رگێڕانێکی باش نه‌بوو و ئه‌من پێم وابوو ده‌بێ ده‌ست ڕاگرێ و وه‌رگێڕانێکی باشتر له کتێبه‌که بکرێ به‌ڵام ئه‌و له سه‌ر کاره‌که‌ی به‌رده‌وام بوو چونکوو بۆ وی چاپکردنی کتێبه‌که ده‌ربڕینێکی سیاسی بوو.ئه‌من وه‌نه‌بوو ئه‌و کاره‌م زۆر پێ خۆشبێ چونکوو زۆر بڕگه‌ی کتێبه‌که به هه‌ڵه وه‌رگێڕدرابوو و ترکییه‌که‌ی چه‌وت و چه‌وێل بوو. وه‌رگێڕه‌که خوێندکارێکی مه‌ردمناسی بوو به‌ڵام نه‌ی وێرا ئیزن وه‌ربگرێ بۆ وه‌رگێڕانی کتێبه‌که. ئه‌و خانمه به‌داخه‌وه کتێبه‌که‌ی وشه به وشه وه‌رگێڕابوو. به‌ڵام بایراک له‌وه دا حه‌قدار بوو که‌بڵێ به کاتی خۆیه‌تی کتێبێکی ئه‌وتۆ بڵاو بکرێته‌وه.سه‌روبه‌ندێکی هه‌تا بڵێی سه‌یر بوو، ساڵانی کۆتایی سه‌رده‌می ئوێزاڵ، کاتێک که ئه‌و بابه‌تانه‌ی بۆ ماوه‌ی درێژ بڤه بوون له پڕ ده‌کرا به ئاشکرایی قسه‌یان له‌سه‌ر بکرێ... ئه‌من پێم وابوو له ژیانم دا تازه قه‌ت ناتوانم به فه‌رمی بچمه‌وه ترکییه. زۆر خۆشحاڵ بووم که کتێبه‌که‌م به چاپکراوی ببینم، و سپاس بۆ محه‌مه‌د بایراک ئه‌من ده‌ستم به‌وه‌کردبوو له ترکییه هه‌بوونم هه‌بێ. ڕه‌نگه ئه‌وه یه‌که‌م کتێب بووبێ له ترکییه که نێوی کوردستانی له تایتڵه‌که‌ی دا هه‌یه. به‌شێوه‌یه‌ک ئه‌وه ڕێگهدهرکردنێک بوو. ئه‌من زۆر شانازی به‌وه ده‌که‌م که ناڕاسته‌وخۆ ئامرازی محه‌مه‌د بایراک بووم بۆ دامه‌زراندنی کوردان له چاپ دا.
پرسیار: ئه‌ی سه‌باره‌ت به لێکۆڵینه‌وه‌ی نا- ئاکادێمی له سه‌ر پرسی کورد؟ ده‌وری ڕۆژنامه‌نووسان و
"نووسه‌ر _ لێکۆله‌ره‌وان" ( ئاراشترماجی _ یازار ) به تایبه‌تی،زۆر جار کورده‌کان خۆیان ، هۆکاری بڕیارده‌ر بوون له‌و به‌رهه‌مهێنانه‌ی زانست دا. ئه‌تۆ چ جۆره کهلکێکت له‌وچه‌شنه سه‌رچاوانه وه‌رگرت؟
مارتین ڤان بڕاونێسن: ئه‌من نازانم مه‌به‌ستت له کێیه کاتێک ده‌ڵێی ئاراشترماجی _ یازار. هێندێک له‌وان ئیدێئۆلۆگی سیاسین، که ڕاستی له‌مه‌ڕ خۆیان داده‌هێنن، یا به لایه‌نگری و یان له دژی کورد. به‌ڵام زۆر که‌سی دیکه هه‌ن که کاری زۆر به‌نرخیان کردووه. مێژوونووسی ناوچه‌یی هه‌ن وه‌کوو شه‌وکه‌ت بهیسانئۆغڵوو، که زۆر کتێبی له سه‌ر دیاربه‌کر نووسیوه. نێوی "کورد" بۆ ماوه‌ی درێژ له کتێبه‌کانی دا نه‌بوو. به‌ڵام ئه‌و جاروبار باسی ئه‌رمه‌نییان ده‌کا. ئه‌من مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه مرۆ ئه‌گه‌ر زۆر به وردی کتێبه‌کانی بخوێنێته‌وه، ده‌بینێ ئه‌و وێراویه له به‌رایی ساڵانی 1960 کاندا به‌و بابه‌ته‌وه خه‌ریک بێ. ئه‌و شی ده‌کاته‌وه و ده‌ڵێ دوای نه‌مانی ئه‌رمه‌نییه‌کان، ئابووری هێندێک هه‌رێمان هه‌ڵوه‌شا، چونکوو هێندێک پیشه بزر بوون و نه‌مان.ئه‌و باسی بزر بوونی ئه‌رمه‌نییه‌کان و خه‌ساری ئابووری ده‌کا _ به‌ڵام ئه‌و ناڵێ ئه‌رمه‌نییه‌کان چۆن سه‌ریان تێداچوو.وه‌کوو دیاربهکرییهکی ترکزمان ئه‌و ده‌بێ هه‌ستێکی ڵێلی هه‌بێ سه‌باره‌ت به ناسێنه‌ی کورد، وه‌کوو گوێکئاڵپ که‌ئه‌و زۆر په‌سنی ده‌دا و لایه‌نگری لێده‌کا. گوێکئاڵپ خۆشی تێکه‌ڵاوێکی پته‌وی له گه‌ڵ ناسێنه‌ی کوردی هه‌بوو ئه‌گه‌رچی ئه‌و بڕیاری دا کوردێک نه‌بێ و ترکێک بێ. ئه‌و به‌تایبه‌تی ترکییهیی و دیاربهکرییهیی بوو. زۆر دره‌نگ له کۆتاییه‌کانی ژیانی دا، کاتێک بارودۆخی سیاسی له ترکییه گۆڕدرا، بهیسانئۆغلوو ده‌ستی کرد به‌وه‌ی نیشانه‌ی ئه‌وه به‌ده‌سته‌وه بدا که ئه‌و له ڕاستیدا کورده. پێم وایه خه‌ڵکی وه‌ک وی، له ڕوانگه‌ی مێژوویی و ته‌نانه‌ت له ڕوانگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه شتی زۆر گرینگ‌یان نووسیوه، ئه‌گه‌رچی ئه‌وان کۆمه‌ڵناس نین ، و له هیچ بوارێکی ئاکادێمیک دا په‌روه‌رده‌یان نه‌دیتووه.
پرسیار: زۆر کورد هه‌ن که له‌باری سیاسییه‌وه به‌رعۆده‌ییان هه‌یه ، و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و به‌رعۆده‌ییه سیاسییه سه‌باره‌ت به مێژووی کورد یان کۆمه‌ڵگه‌ی کورد ده‌نووسن. هێندێک له‌وان شتی زۆر قۆڕ ده‌نووسن و هێندێکیشیان به‌ڕاستی شتی زۆر چاک ده‌نووسن. ئه‌وانی هه‌ره باشیان ، ڕۆهات ئاڵاکۆم و ماڵمسانژن. ئه‌وان کتێبی زۆر باشیان نووسیوه که به هاسانی ده‌توانن شان له شانی نووسینی ئاکادێمیک بده‌ن. ئه‌وان په‌نابه‌ری سیاسی بوون له سوێد، و له‌وێنده‌رێ توانیویانه له باری ڕووناکبیرییه‌وه پێش بکه‌ون.به‌ڵام مرۆ که‌سی ئه‌وتۆش ده‌بینێ که‌قه‌ت له ترکییه ده‌رنه‌که‌وتوون به‌ڵام کتێبی زۆر چاکیان له سه‌ر بنه‌مای لێکۆڵینه‌وه‌ی باش بڵاو کردووه‌ته‌وه ، وه‌کوو کتێبی موحسین قزڵ کایا سه‌باره‌ت به جه‌رده‌یی کۆمه‌ڵایه‌تی ( قزڵ کایا 1991) یان کتێبی موسلیم یوجه‌ل سه‌باره‌ت به مردن ، خۆکوژی و هێرشه خۆکوژییه‌کان ( یوجه‌ل 2003) یان مێژوونووسی گه‌نجی خۆ پهروهردهکردوو گورداڵ ئاکسۆی ، که به‌شێوه‌یه‌کی زۆر ڕه‌خنه‌گرانه شانی داوه‌ته به‌ر لێدوان سه‌باره‌ت به مێژوونووسی ناسیۆنالیستی کوردی.
مارتین ڤان بڕاونێسن: ئاراشترماجی _ یازار ه‌کان به‌تایبه‌تی ده‌ورێکی زۆریان بووه له سازکردنی دمه‌ته‌قه و لێدوان سه‌باره‌ت به ناسێنه‌ی ئێتنیکی و بن _ ئێتنیکی که له ساڵانی 1990 کاندا زۆر قسه‌ی لێوه ده‌کرا:
گه‌لۆ زازاکان کوردن یان گه‌لێکی جیاوازن، گه‌لۆ عه‌له‌وییایه‌تی کوردی جیاوازه له عه‌له‌وییایه‌تی ترکی ، و له‌و بابه‌تانه.
پرسیار: کاردانه‌وه‌ی ئه‌و نووسه‌رانه له سه‌ر بیروڕای گشتی سه‌باره‌ت به پرسی کورد چۆن بووه؟
مارتین ڤان پڕاونێسن: حه‌وزه‌ی گشتی له ترکییه له‌توکوت و پارچه‌پارچه‌یه؛ ته‌نێ هه‌ر حه‌وزه‌یه‌کی گشتی نییه.وه‌شانگه‌ری ئه‌وتۆ هه‌ن که کتێبه‌کانیان بۆ هێندێک خوێنه‌ره‌وه‌ی تایبه‌تی بڵاو ده‌که‌نه‌وه و هیچ که‌سی دیکه کتێبه‌کانی ئه‌وان ناکڕێ.ته‌نانه‌ت ئه‌مڕۆش، که زۆر زیاتر قبووڵ ده‌کرێ باسی عه‌له‌وییان و کوردان و له‌و جۆره بابه‌تانه بکرێ، به‌ڵام هێشتا وه‌شانگه‌ری ئه‌وتۆ هه‌ن که به‌تایبه‌تی کتێب بۆ خوێنه‌ره‌وه‌ی عه‌له‌وی بڵاو ده‌که‌نه‌وه و که‌سی دیکه کتێبه‌کانی ئه‌وان ناکڕێ. وه‌شانگه‌ری ئه‌وتۆ هه‌ن که به‌تایبه‌تی بۆ خوێنه‌ره‌وه‌ی کورد کتێب بڵاو ده‌که‌نه‌وه. ئا‌ڤێستا کتێبی زۆر چاک بڵاو ده‌کاته‌وه، به‌ڵام ، به‌داخه‌وه ئه‌من پێم وایه زۆر له ترکان ته‌نانه‌ت نازانن وه‌شانخانه‌یه‌کی ئه‌وتۆ هه‌شه. ئه‌من زۆر به‌خته‌وه‌رم که موراد به‌لگه و عومه‌ر لاچینهرم ناسی، ئه‌وکه‌سانه‌ی که ئیله‌تیشیم یان دامه‌زراند،وه‌شانخانه‌یه‌کی سه‌ره‌کی که ئه‌و کتێبانه‌ی چاپیان ده‌کا له‌لایه‌ن به‌شێکی به‌ربڵاو له خوێنه‌ره‌وه‌ی خوێنده‌واری جۆربه‌جۆره‌وه ده‌خوێندرێته‌وه.ئه‌وکاته‌ی ئه‌وان هه‌ستیان پێ‌کرد هه‌ڵده‌سووڕێ ، بڕیاریان دا هێندێک له نووسینه‌کانی من به ترکی بڵاوبکه‌نه‌وه. و ئه‌من پێم وایه ئه‌وه زۆر گرینگ بوو بۆ من به شه‌خسه وه‌کوو رێ ده‌رکردنێک.یه‌که‌م کتێبم کۆکراوه‌یه‌که له وتاره‌کانم و نێویان ناوه کوردیستان ئوزهرینه یازلار ( نووسین سه‌باره‌ت به کوردستان)
(ڤان بڕاونێسن 1992). ئه‌من پێم وایه ئه‌وه یه‌که‌م لێکۆڵینه‌وه‌ی ئاکادێمی بوو سه‌باره‌ت به کوردان که له‌لایه‌ن زۆر له ترکانه‌وه خوێندراوه که نووسینه‌کانی خه‌ڵکی دیکه‌یان نه‌ده‌خوێنده‌وه.دواتر ئه‌وان 3 کتێبی دیکه‌ی منیان بڵاو کردوه که ئه‌وانیش زۆر باش فرۆشران.، ئه‌وانه بریتی بوون له وه‌رگێڕانێکی نوێ و زۆر باشتری ئاغا، شێخ و ده‌وڵه‌ت. جا بۆیه ئه‌من پێم وایه دوستایه‌تیم له گه‌ڵ موراد به‌ڵگه و عومه‌ر لاچینه‌ر به جۆرێک منیان پێشکێش کرد که شیاوی قوبووڵ کردن بێ.هه‌ڵبه‌ت له‌هه‌مان کاتدا، زۆر که‌سی دیکه خه‌ریکی نووسینی ئاکادێمی بوون که کاره‌کانیان وه‌رگێڕدراون و له‌وانه‌یه بخوێندڕێنهوه وه‌کوو نووسینی ڕۆبێرت ئولسۆن (1993) . ئه‌من پێشنیارم کرد به ئیله‌تیشیم که کۆکراوه‌یه‌ک له نووسینه‌کانی حه‌مید بۆزئه‌رسلان بڵاو بکاته‌وه. حه‌مید لێکۆله‌ره‌وه‌یه‌کی زۆر باشه به‌ڵام به‌داخه‌وه له ترکییه هێشتا زۆر چاک نه‌ناسراوه. له‌به‌ر هێندێک هۆیان ، ئه‌وان هیچ کتێبێکی حه‌میدیان بڵاو نه‌کرده‌وه، ئه‌وه ڕه‌نگه له‌به‌ر ته‌جروبه‌یان له‌گه‌ڵ کتێبێکی گرینگی دیکه. له‌ساڵی 1999 بێ . ئه‌وان ئه‌و کتێبه‌یان بڵاو کرده‌وه که وه‌دیع جو وه‌یده له سه‌ر کوردانی نووسیوه، تێزێکی دوکتورا ئی ساڵی 1960 که قه‌ت به شێوه‌یه‌کی له‌بار بڵاو نه‌ببووه‌وه به‌ڵام وه‌کوو شوێنه‌وارێکی کلاسیک مابووه‌وه سه‌باره‌ت به مێژووی ناسیۆنالیزمی کورد.( ته‌نێ ئه‌مساڵ به زمانی ئینگلیسی، له لایه‌ن وه‌شانی زانکۆی سیراکس بڵاو کراوه.) من قه‌ت جو وهیدهم نه‌دیبوو به‌ڵام ئه‌و به یه‌ک له مامۆستاکانی خۆم ده‌زانم چونکوو زۆر له کتێبه‌که‌ی وی فێربووم. ئه‌و عێراقییه‌کی عه‌ڕه‌بزمانی عیسایی بوو.کلدانییه‌ک بوو و له باشووری عێراق چاوی به دنیا هه‌ڵهێنابوو ، وه‌کوو مه‌ئموورێکی ده‌وڵه‌ت زۆر به باکووری عێراق دا گه‌ڕابوو.ئه‌و له‌گه‌ڵ گشت ئاغا سه‌ره‌کییه‌کان ناسیاوی په‌یدا کردبوو و ده‌یزانی ئه‌وان چۆن بیر ده‌که‌نه‌وه. و دوایه له ئارشیڤه‌کانی بریتانیای کۆڵیبووه‌وه. ئه‌و مێژوویه‌کی زۆر جوانی نووسی سه‌باره‌ت به په‌یدا بوونی ناسیونالیزمی کورد له ساڵی 1960. هه‌موو لێکۆڵینه‌وه‌کانی دواتر قه‌رزداری ئه‌ون، جا بۆیه بیرێکی باش بوو بۆ ئیله‌تیشیم که به ترکی بڵاوی بکاته‌وه.به‌ڵام کتێبه‌که له کاتێکی هه‌ڵه و ناله‌بار دا ده‌رکه‌وت و ده‌ستبه‌جێ قه‌ده‌غه کرا. پێم وایه ئێستا قه‌ده‌غه‌یان له سه‌ر لابردووه، به‌ڵام ئه‌وان کتێبه‌که‌یان چاپ نه‌کردووه‌ته‌وه.و پێم وایه له‌به‌ر ئه‌وه هێندێک نابه‌دڵن بۆ ئه‌وه‌ی کتێبی دیکه‌ی زیاتر سه‌باره‌ت به ناسیۆنالیزمی کورد وه‌رگێڕن. ئه‌من شانسم هه‌بوو له کاتێک دا لێکۆڵینه‌وه بکه‌م که هاتووچوو و سه‌فه‌ر به‌ڕێژه ئازاد بوو، و دیسان شانسم هه‌بوو که کتێبه‌کانم له ترکییه له کاتێکدا ده‌رکه‌وتن که کرانه‌وه‌یه‌ک هه‌بوو؛ کرانی زۆر شت ده‌لوا و زۆر له خه‌ڵک به‌پرسیار بوون. جا بۆیه له ترکییه نێوبانگم بڵاو بووه‌وه چونکوو وا هه‌ڵکه‌وت کتێبه‌کانم له کاتێکی ئه‌وتۆ دا ده‌رکه‌ون که داوخوازییان بۆ هه‌بوو. پێم وایه ئیله‌تیشم کتێبه‌که‌ی حه‌میدی وه‌لانا دوای قه‌ده‌غه له سه‌رکتێبه‌که‌ی وه‌دیع جو وه‌یده. ده‌نا هیچ هۆیه‌ک نییه بۆ بڵاونه‌کردنه‌وه‌ی نووسینه‌کانی حه‌مید. پێم وایه به لێبڕاوی نووسینه‌کانی وی له ترکییه قبووڵ ده‌کرێن ، و ئه‌وان زۆر باشن.
ئه‌وه گرینگهکهچ وه‌شانگه‌رێک کتێبێک چاپ ده‌کا. بۆ نموونه کتێبێکی زۆر باش هه‌بوو له سه‌ر کوردان که فیلیپ کڕه‌یینبرووک و ستێفان سپێرل ئیدیتیان کردووه ( 1992) که به‌زمانی ترکی ده‌رکه‌وت و وهشانگهرێکی دیکه بڵاوی کرده‌وه که‌سێکی ئه‌وتۆ پێی نه‌زانی ، ته‌نه‌نات هه‌رچه‌ند بۆ ماوه‌یه‌کی کورت قه‌ده‌غه کرا. جا بۆیه ئه‌وه‌ی که کتێبه‌که له لایه‌ن کێوه بڵاو کراوه‌ته‌وه هه‌تابڵێی گرینگه که پێشوازی لێبکرێ یان نا.
پرسیار: چ جۆره کاردانه‌وه‌یه‌کت بیسته‌وه دوای بڵاو بوونه‌وه و وه‌رگێڕانی کتێبه‌که‌ی یه‌که‌مت ئاغا، شێخ و ده‌وڵه‌ت. سه‌باره‌ت به ڕێکخستنی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی کوردستان؟
مارتین ڤان بڕاونێسن: ئه‌من له ساڵی 1978 تێزه‌که‌م پێشکێش کرد و به تایبه‌تیش نزیکه‌ی 800 کۆپیم لێ چاپ کرد که‌به شێوه‌یه‌ک له نێو کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی دا بڵاو بووه‌وه.بۆیه زۆر له کوردان به کتێبه‌که‌یان ده‌زانی و مرۆ کوردی به‌ساڵداچووتر ده‌بێنی که هێشتا ئه‌و کتێبه‌یان له ماڵێ هه‌یه.جارجار خوێندکارێک به‌یه‌ک له‌و کتێبانه‌وه دێته لام و ده‌ڵێ: " ئه‌و کۆپییهم دۆزییه‌وه، ده‌توانی بۆم واژۆ بکه‌ی؟" و، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌من ژیانێکی تهکووزم نه‌بوو و زۆر سه‌فه‌رم ده‌کرد، نه‌متوانی تا ماوه‌یه‌کی درێژی دواتر وه‌شانگه‌رێک بدۆزمه‌وه. کتێبه‌که له ساڵی 1992، به ئاڵوگۆڕێکی که‌مه‌وه له گه‌ڵ ده‌قی ماک و له چاپێکی جۆان دا له‌لایه‌ن زێد بووکس چاپ کرا. ئه‌من له‌به‌رده‌ست دا نه‌بووم .هه‌موو ئه‌و زاراوانه‌یان ڕاست کردبووه‌وه که من به کوردی نووسیبووم.ئه‌وان که‌سێکیان هه‌بوو که عه‌ڕه‌بی ده‌زانی و پێیان وابوو کوردی جۆره‌یه‌ک عه‌ڕه‌بی یه و زۆر شتیان " ڕاست" کردبووه‌وه. ئه‌من ده‌بوو ئه‌وان نا_ ڕاست که‌مه‌وه، ته‌نانه‌ت نێوی خه‌ڵکیش. له ئاڵمان دۆستم هه‌بوون که، کاتێک له ئه‌ندۆنێزیا بووم ، کتێبه‌که‌یان وه‌رگێڕابووه سه‌ر زمانی ئاڵمانی. ئه‌وه‌ش دیسان وه‌رگێڕانێکی زۆر باش نه‌بوو به‌ڵام بووه هۆی به‌نێوبانگ بوونی من له ئاڵمان ( ده‌قێکی دیکه‌ی زۆر باشتر له ساڵی 2003 دا بڵاو بووه‌وه) ئاڵمان کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی زۆر گه‌وره‌ی کوردی لێیه، زۆر خوێندکار له‌وێ هه‌ن. بۆیه کاتێک له ده‌وروبه‌ری ساڵی 1990 ، له ئه‌ندۆنێزیا ڕا هاتمه‌وه، زانیم که وه‌رگێڕانی ئاڵمانی کتێبه‌که به ده‌ستانه‌وه ده‌گه‌ڕێ. دواتر له بێرلین کارێکیان پێ پێشنیار کردم ، ناڕاسته‌وخۆ له‌به‌ر ئه‌و وه‌رگێڕانه ئاڵمانییه.بۆ ماوه‌ی ساڵێک ( 97-1996) له زانکۆی ئازادی بێرلین پرۆفێسۆری میوان بووم سه‌باره‌ت به لێکۆڵینه‌وه‌ی کوردی و پێم وایه ئه‌وه به شێوه‌ی سه‌ره‌کی له به‌ر ئه‌و کتێبه بوو که له ئاڵمان ناسرابوو. به‌ڵام ئه‌تۆ له‌مه‌ڕ کاردانه‌وه‌ی خوێنه‌ره‌وان پرسیارت لێکردم...
ده‌زانی، جارجار کورده‌کان نامه‌م لێ ده‌نووسن یان ته‌له‌فونم لێ ده‌که‌ن یان ئی _ مه‌یلم بۆ ده‌نێرن و ده‌ڵێن ئه‌وان خزمه‌کانیان له کتێبه‌که دا ده‌ناسنه‌وه، جار جار هه‌ڵه‌م بۆ هه‌ڵده‌وه‌ژێرن یان زانیاری زیاترم ده‌ده‌نێ. ئه‌من زۆر جار له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌ی کوردییه‌وه بانگ ده‌کرێم بچم قسه بکه‌م. ئاسایی وایه کاتێک له لایه‌ن کورده‌کانه‌وه بانگهێشتن ده‌کرێم، به ئه‌رێ وڵام ده‌ده‌مه‌وه، جا بۆیه من زۆر لێدوانم بووه و هه‌میشه له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی بیره‌کانم له‌گه‌ڵ خه‌ڵک شت فێربووم. جارجار پێیان گوتووم ،" سه‌باره‌ت به بزووتنه‌وه‌ی سیاسی کورد کتێب زۆرن به‌ڵام کتێبه‌که‌ی تۆ یه‌ک له‌وچه‌ند کتێبه که‌مانه‌یه که سه‌باره‌ت به کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه هه‌یه." به‌گشتی کاردانه‌وه‌ی کورده‌کان له ئاست ئه‌و کتێبه زۆر پۆزیتیڤ بووه، ته‌نانه‌ت ئه‌وکاته‌ش که ڕه‌خنه له ڕێبه‌رانیان ده‌گرم.ئه‌من زۆر به‌وه خۆشحاڵ بووم که کتێبه‌که‌م وه‌رگێڕدرا سه‌ر زمانی ترکی چونکوو زۆر له کورده‌کان له ترکییه ده‌توانن بیخوێننه‌وه. وه‌رگێڕانی عێراقی ، وه‌رگێڕانێکی خراپ بوو به سۆرانی، به‌ڵام وه‌رگێڕانێک له به‌ر ده‌ست دایه و خه‌ڵک ده‌توانن بیخوێننه‌وه. ئێستا کتێبه‌که به فارسییه‌کی زۆر باش وه‌رگێڕدراوه، باشتر له ده‌قی ماکه‌که‌ی. و چاپێکی نوێی عه‌ڕه‌بی ئێستا له عێراق ده‌رده‌که‌وێ. ئه‌وه زۆر گرینگه ئه‌وخه‌ڵکه‌ی ئه‌تۆ له سه‌رت کۆڵیونه‌ته‌وه بتوانن ئه‌وه بخوێننه‌وه که مرۆ له سه‌ری نووسیون ورهخنهت لێ‌بگرن ، له‌گه‌ڵت بکه‌ونه دمه‌ته‌قه و گه‌نگه‌شه. ئه‌من له‌وشتانه زۆر فێر ده‌بم.
پرسیار: پێت واهه‌یه له ترکییه بڵاوبوونه‌وه‌ی زانستی ئاکادێمی سه‌باره‌ت به کورده‌کان ده‌بێ به مێدیای نائاکادێمی دا بڕوا؟
مارتین ڤان بڕاونێسن: به‌ڵێ به گردبڕی. له که‌یسی کورده‌کان و گرووپه ئێتنیکییه‌کانی دیکه دا له ترکییه ، ناسینیان و مافی کولتوورییان به شێوه‌ی ئۆتۆماتیک و له‌خۆوه مه‌یسه‌ر نابێ. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بیروڕای گشتی ناچار بوو هه‌بوونی کورده‌کان وه‌کوو ڕاستییه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گر بپه‌ژرێنێ ده‌وڵه‌تیش ناچار بوو که ده‌ست له نکووڵی لێکردنی فه‌رمی خۆی هه‌ڵگرێ.ئێمه هه‌مان شت له که‌یسی پرسی ئه‌رمه‌نی دا ده‌بینین: له پێشدا مه‌رجه‌کانی دمه‌ته‌قه‌ی گشتی ده‌گۆڕدرێن ، و دوایه سیاسه‌ت وه‌خۆ ده‌کرێن.جا بۆیه ئه‌وه ده‌بێ به کارێکی گرینگ بۆ زانایان که له سه‌ر ئه‌و پرسه ناسکانه کارده‌که‌ن له بورجی عاچ بێنه ده‌ره‌وه. هه‌ر کارێکی ئاکادێمیک له‌و بواره دا ئاوێته‌ی سیاسی هه‌یه و به توانایه‌کی واتایه‌کی سیاسی داپۆشراوی هه‌یه.ڕه‌نگه به‌خۆ فشین بێ، مرۆ بڵێ له وشیاربوون دا به‌شداری ده‌کا ؟_ به‌ڵام ترکییه به‌لانی که‌مه‌وه پێداویستی به دمه‌ته‌قه‌ی گشتی هه‌یه و ئه‌من پێم وایه ئاکادێمیکان ئه‌رکێکی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر ئه‌ستۆیه بیگێڕن بۆ ورووژاندنی دمه‌ته‌قه‌یه‌کی ئه‌وتۆ، و بۆ هێنانه گۆڕی قسه‌ی به ئاوه‌ز.هه‌ڵبه‌ت دیاره که‌سی ئه‌وتۆش هه‌ن که ڕوانگه‌ی سیاسی وشک و نه‌گۆڕو ئامانجی سیاسی‌یان هه‌یه و که‌سی ئه‌وتۆن که ده‌یانه‌وێ ته‌نێ لایه‌نێکی تایبه‌تی له ڕاستییه‌کانیان وهڕووخهن.ئه‌من پێم وایه ئێمه وه‌کوو که‌سانی ئاکادێمیک هه‌ر ته‌نێ نابێ ئه‌وه‌ی ئێمه به " حه‌قیقه‌ت"ی ده‌زانین وه‌ڕووی خه‌ین به‌ڵکوو ده‌بێ ڕیوایه‌ته فه‌رمییه‌کانیش وه‌کوو به‌دیلی ئه‌وان به‌رینه ژێر پرسیاره‌وه، قسه‌ی چاک بکه‌ین ، و به‌تایبه‌تی ئاماژه بکه‌ین به‌و ڕاستییانه‌ی به‌دڵ نینه، و به ئانقه‌سته بێ یان وه‌کوو دی، که‌مته‌رخه‌مییان لێ ده‌کرێ.
پرسیار: شوێنی پسپۆڕی زانستی له نێو سیاسه‌ته‌کانی سه‌باره‌ت پرسی کورد چ بووه و ئه‌مڕۆ چۆنه؟
مارتین ڤان بڕاونێسن: هه‌موو حکوومه‌ته‌کان به‌رژه‌وه‌ندییه‌کیان هه‌یه له کاری ئاکادێمیک دا، به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئه‌وان بتوانن ده‌کاری بهێنن بۆ ڕه‌وایی پێدان به سیاسه‌تی خۆیان یان ئه‌گه‌ر ئه‌وکاره بۆ جێبه‌جێ کردنی ئه‌و سیاسه‌تانه به‌که‌لک بێ. ئه‌و کاره ئاکادێمییهی که حه‌ول ده‌دا وێژیاکی گشتی بگۆڕێ که دواجار شكڵ ده‌دا به سیاسه‌تان له هه‌ڵوێستێکی زۆر دژوارتر دایه. گۆڕانی سه‌ره‌کی سیاسی به ئاسایی ده‌بێ به زۆرهێنان بۆ گۆڕانێک له دمه‌ته‌قه‌ی گشتی دا بێته ئاراوه. و ئه‌مه ئه‌وشته‌یه که مرۆ ده‌یبینێ ڕووده‌دا. ئه‌وه سیاسه‌تمه‌داره‌کان نه‌بوون بڕیاریان دا پرسی کورد ده‌کرێ به‌گشتی و به ڕاشکاوی قسه‌ی لێوه‌بکرێ.
هه‌ڵبه‌ت گۆڕانی تێکنۆلۆژی و به تایبه‌تی کردن ئه‌وه‌ی کرد، تێلێڤیزیۆنی مانگۆڵه په‌یدا بوون و کاناڵی خوسووسی تێلێڤیزیۆنی له ترکییه سه‌ریان وه‌ده‌رنا.کورده‌کان به ئاشکرایی و گشتی بوونه شیاوی دیتن له ترکییه له سایه‌ی سه‌ری تێلێڤیزیۆنی خوسووسی یه‌وه، و دیسان له سایه‌ی سه‌ری ئوێزاله‌وه. به‌رنامه‌یه‌کی تێلێڤیزیۆنی هه‌بوو ، به نێوی سیاسه‌ت مه‌یدانی (مه‌یدانی سیاسه‌ت)، به‌رنامه‌یه‌کی زۆر گرینگ له‌و سه‌روبه‌ندی دا وچه‌ندین دمه‌ته‌قه و گه‌نگه‌شه له‌و به‌رنامه‌یه دا یارمه‌تی کرد به گۆڕینی دمه‌ته‌قه‌ی گشتی له ترکییه. ڕووداوێکی سه‌ره‌کی دیکه قه‌وما: محه‌مه‌د عه‌لی بیراند _ که ڕۆژنامه‌نووسێکی ڕۆژنامان بوو، ئێستا بۆ سی ئێن ئێن ترک کار ده‌کا _ چووه سه‌ردانی ئوێجاڵان. نووسراوه‌که‌ی له ڕۆژنامه‌ی میلییه‌ت ( 15ی ژووه‌نی 1988 ) دا چاپ کرا. له‌لاپه‌ره‌ی پێشه‌وه ، ئوێجاڵان ده‌بینی که فوتباڵ ده‌کا و ده‌ڵێ لایه‌نگری تیمی گاڵاتاسه‌رای یه. له‌پڕ ڕا ئه‌و پیاوه‌ی به شه‌یتان داده‌ندرا بوو به ئینسانێکی وه‌کوو ئێمه. شتی ئاوا به ڕاستی کاردانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی هه‌بوو له سه‌ر سیاسه‌ت به‌ڵام ئه‌وه به‌ڕێگه‌ی حه‌وزه‌ی گشتی دا هه‌ڵده‌سووڕێ.
پرسیار: لێکۆڵینه‌وه سه‌باره‌ت به کوردان له هوله‌ند چۆنه؟ ئه‌تۆ له گه‌ڵ کێ کارت کردووه و ئێستا له‌گه‌ڵ کێ کار ده‌که‌ی له‌وباره‌یه‌وه؟
مارتین ڤان بڕاونێسن: ئه‌من پێم وایه یه‌که‌م ئاکادێمیک بووم له هوله‌ندێ له سه‌ر کوردانی کۆڵیبێته‌وه. ئه‌و ده‌می کۆمیته‌یه‌کی پچووکی هاوپێوه‌ندی هه‌بوو، کۆمه‌ڵه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی کوردستان، به‌رله‌وه‌ی ئه‌من ده‌ست به لێکۆڵینه‌وه بکه‌م.ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه کاری پیاوێک بوو به ته‌نێ، چه‌ند هاوکارێکی هه‌بوو، که مه‌یلیان سه‌باره‌ت به کوردان تێدا پێک هاتبوو. ئه‌و که‌سه مرخی له ناسیۆنالیزمی کورد خۆش کردبوو و پێم وایه پێشینه‌یه‌کی سه‌یری هه‌بوو، ده‌ی هه‌رچۆنێک بێ.ئه‌و کۆکراوه‌یه‌کی مه‌زنی کتێب و به‌ڵگه‌ی له سه‌ر کوردان هه‌بوو، و خه‌به‌رنامه‌یه‌کی له سه‌ر کوردان بڵاو ده‌کرده‌وه. کاتێک مه‌یلم تێدا پێک هات، پێوه‌ندیم له گه‌ڵ ئه‌و پیاوه گرت و زۆر شتی لێ فێر بووم سه‌باره‌ت به کوردان.ئه‌من ئه‌و ده‌می له ڕۆژهه‌ڵاتناسیم نه‌ده‌کۆڵییه‌وه یان چ زمانێکی پێوه‌ندیدارم به فه‌رمی نه‌ده‌خوێند؛ به‌ڵام به خۆشییه‌وه بۆخۆم به هاسانی زمانان فێرده‌بم. ئه‌من ته‌نانه‌ت له گه‌ڵ هیچ که‌س له پێوه‌ندی دا نه‌بووم که له سه‌ر ئه‌و بابه‌ته کار بکا؛ ته‌نانه‌ت ئه‌وده‌می نه‌شم ده‌زانی که خه‌ڵک هه‌بن له هۆله‌ند له سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتناسی بکۆڵنه‌وه، پاشخانی ئاکادێمیکی من ماتێماتیکس و فیزیک بوو و بڕێکی که‌میش مه‌ردمناسی.و ئه‌و مه‌ردمناسانه‌ی کارم له‌گه‌ڵ ده‌کردن لێکۆڵینه‌وه‌ی خۆیان له سه‌ر به‌شه‌کانی زۆر جیاوازی دنیا ده‌کرد. جا بۆیه ئه‌من له پاشخانێکی زاناییه‌وه سه‌باره‌ت به هه‌رێم ده‌ستم پێنه‌کرد'، ده‌بوو له بناوانه‌وه ده‌ست پێبکه‌م.هه‌ڵبه‌ت ئه‌وانه گشتیان گۆڕان کاتێک، له ساڵی 1975، یه‌که‌م ده‌سته‌ی په‌نابه‌ری سیاسی کوردی عێراقێ هاتن ، و دوایه له کۆتاییه‌کانی 1970کاندا په‌نابه‌ران ده‌ستیان پێ‌کرد له ترکییه‌وه بێن.ساڵانی1980کان شاهێدی هاتنی شه‌پۆلی گه‌وره‌ی په‌نابه‌ران بوو، که ده‌ناو ئه‌واندا زۆریان کورد بوون. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کوردێکی زۆر له هوله‌ند هه‌ن، هولهندییهکی زیاتر مه‌یلیان سه‌باره‌ت به ئه‌وان تێدا پێک هات.
تا نێوه‌ڕاستی ساڵانی 1980کان،مرۆ ده‌یدی زۆر خه‌ڵک پێیان خۆشه زیاتر سه‌باره‌ت به کورده‌کان بزانن و ده‌یانه‌ویست فێری زمانی کوردی بن: کارگێڕانی کۆمه‌ڵایه‌تی، پارێزه‌ران، تێکۆشه‌رانی مافی مرۆ، که‌سی ئه‌وتۆی که پێوه‌ندی دۆستایه‌تی یان هه‌ودای ئه‌وینی له گه‌ڵ ئه‌و کوردانه‌ی لێره ده‌ژین گرێ دابوو. له ساڵی 1985 ئه‌من بۆ ساڵێک هاتمه‌وه ئێره بۆ توترێخت و لێره له زانکۆ ده‌وره‌یه‌کی فێرکردنی زمانی کوردیم کرده‌وه ( له به‌شی لێکۆڵینه‌وه‌کانی عه‌ڕه‌بی، فارسی و ترکی) ، ئه‌من واقم وڕما به‌وه‌ی که ژماره‌یه‌کی زۆر له خه‌ڵک له‌و ده‌وره‌یه‌دا خوێندیان.
فیلیپ کڕه‌یینبرووک ، که ئه‌و ده‌می لێره ده‌رسی فارسی ده‌گوته‌وه، مه‌یلی تێدا پێک هات بۆ کوردی و دوای ده‌وره‌که‌ی من ئه‌و ده‌ستی کرد به گوتنه‌وه‌ی کوردی . ئه‌و ئێستا پرۆفێسۆرێکه له گوێتینگێن و زانایه‌کی سه‌ره‌کی لێکۆڵینه‌وه‌ی کوردییه له ئاڵمان. ئه‌و ماوه‌یه‌ک له سواس ( خوێندنگه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات و ئافریکا له له‌نده‌ن) ده‌رسی ده‌گوته‌وه و یه‌کێک له شاگرده‌کانی له‌وێ، کریستین ئالیسۆن، ئێستا له ئینالکۆ
( ئه‌نیستیتووی نه‌ته‌وه‌یی زمانان و شارستانییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات _ پاریس) ده‌رسی کوردی ده‌ڵێته‌وه.
خوێندکارێکی دیکه‌ی ڕۆژه به‌راییه‌کان لێره له ئوترێخت، مارگریت دۆرلهیژن، تێزێکی زۆر چاکی نووسی سه‌باره‌ت به زمان‌ناسی کوردی، و بۆ ماوه‌یه‌ک له زانکۆی ئامستردام ده‌رسی ترکی و کوردی ده‌گوته‌وه. جا که‌وابوو ورده ورده شه‌به‌که‌یه‌کی ته‌واو سه‌ری وه‌ده‌رنا. لێره له هوله‌ند ئێمه چه‌ندین کۆمیته‌ی هاوپێوه‌ندیمان هه‌بووه، وچه‌ندین که‌س له ئه‌ندامانی وان به‌رده‌وام بوون له سه‌ر کاری ئاکادێمی سه‌باره‌ت به بابه‌ته‌کانی کوردی.یه‌ک له شاگرده‌کانی من، یووست یۆنگردن، وه‌ک پسپۆڕی ترکییه بۆ ئه‌منستی ئینترنه‌شناڵ ده‌ستی پێ‌کرد و سه‌فه‌رێکی زۆری کرد بۆ کوردستان.له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ دا ، ئه‌و تێزه‌که‌ی خۆی ته‌واو کرد سه‌باره‌ت به گه‌ڕانه‌وه بۆ لادێ. ئه‌و هه‌ر وه‌ها چه‌ندین وتاری نووسیوه له سه‌ر ئه‌و بابه‌ته و له‌گه‌ڵ پاول وایت کتێبێکی ئێدیت کردووه سه‌باره‌ت به عه‌له‌وییان. هاوکارێکی گه‌نجتر که من کارم له‌گه‌ڵ کردووه میخێل لیزنبێرگه، که فه‌یله‌سووف و زمانناسه، و چه‌ند کارێ زۆر باشی له سه‌ر کوردستانی عێراق نووسیوه.
ئێمه چه‌ندین کۆمیته‌ی هاوپێوه‌ندی کوردستان مان لێره هه‌بووه. یه‌ک له‌وان له ساڵانی 1970کان و یه‌ک یان دووکه‌س له ئه‌ندامانی ئه‌و کۆمیته‌یه بوون به ڕۆژنامه‌نووس که جاروبار سه‌باره‌ت به کوردان ده‌نووسن و هێشتا مه‌یلی خۆیان سه‌باره‌ت به کوردان پاراستووه. دواتر کۆمیته‌یه‌کی زۆر سیاسی تر و چه‌پ دامه‌زرا. به‌ڵام وه‌کوو کورده‌کان خۆیان ، ئه‌و کۆمیتانه‌ی هاوپێوه‌ندی قه‌ت به ته‌واوی یه‌کیان نه‌گرت. ئه‌وان له به‌ر یه‌ک هه‌ڵوه‌شان،شه‌ڕه دندووکه‌یان بوو و ئاوا، به‌ڵام هه‌میشه شتێکیان لێ ده‌مێنێته‌وه.چه‌ندین گۆڤار ده‌رکه‌وتوون. له به‌راییه‌کانی ساڵانی 1980کاندا، له هوله‌ند گۆڤارێک هه‌بوو به نێوی " ترکییه و کوردستان". کاتێک خه‌ڵکی سه‌ر به پ.ک.ک زیاتر خۆیان ڕێک خست، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وان ده‌ستیان کرد به بڵاوکردنه‌وه‌ی گۆڤاره‌کانی له‌مه‌ڕ خۆیان. ئه‌وان هێندێک خه‌ڵکی هوله‌ندییان دۆزییه‌وه که ده‌یانه‌ویست کاریان له‌گه‌ڵ بکه‌ن.
به‌ڵام کۆمه‌ڵگه‌ی لایه‌نگری له کورد لێره زۆر له‌توکوت و پارچه‌پارچه‌یه.کورده‌کان خۆیان ده‌ورێکی زۆر گرینگ له بڵاوکردنه‌وه دا ناگێڕن. لێره کۆمه‌ڵه‌ی خوێندکارانی کوردستان هه‌ن، هه‌ر وه‌ها پ.ک.ک و کۆمه‌ڵه‌کانی هاوپه‌یمانی پ.ک.ک.دوایین کۆمه‌ڵه‌ی کوردستان که من تێیدا ئه‌ندام بووم له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه کاتمان نه‌بوو یان ڕه‌نگه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ئێمه ڕوانگه‌یه‌کی هاوبه‌شمان نه‌بوو، له به‌ریه‌ک هه‌ڵوه‌شا. له گه‌ڵ چه‌ند که‌سێکی که له کۆمیته‌که دابوون هێشتا پێوه‌ندی به‌رده‌وامم هه‌یه و جارجار به‌یه‌که‌وه شتێک ده‌که‌ین.
سه‌باره‌ت به زانکۆ زۆر ڕوونتر، ئه‌من دواجار ساڵی 1994 له ئه‌ندۆنێزیاوه هاتمه‌وه و له هوله‌ند دامه‌زرامه‌وه.
نێو به نێو، ده‌هاتمه‌وه ئێره و ده‌چوومه‌وه، به‌ڵام له جێ‌دا له ئه‌ندۆنێزیا ده‌ژیام. لێره کارێکم ده‌ست که‌وت وه‌کوو وانه‌بێژی لێکۆڵینه‌وه‌کانی ترکی و کوردی له دیپارتمانی لێکۆڵینه‌وه‌کانی عه‌ڕه‌بی، فارسی و ترکی که‌من تێێدا یه‌که‌م ده‌رسگوتنه‌وه‌ی کوردیم هه‌بوو له نێوه‌ڕاستی ساڵانی 1980کاندا. له‌وێ فێری ترکی عوسمانیش ببووم و له‌گه‌ڵ هاوکاران ده‌ستمان کرد به کارکردن له سه‌ر ئه‌ولیای چه‌ڵه‌بی و سه‌رچاوه‌کانی دیکه‌ی عوسمانی له‌مه‌ڕ کوردان ( ڤان بڕاونێسن و بۆشۆتن، 1988). بۆ چه‌ند ساڵان زمانی کوردی و مێژووی کوردم به‌ده‌رس ده‌گوته‌وه به ته‌نیشت مێژووی عوسمانی و مێژووی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست دا.به‌ڵام ورده ورده زیاتر به‌ره‌و لێکۆڵینه‌وه‌ی ئیسلامی چووم، له به‌ر داوخوازی خوێندکاران و سیاسه‌تی زانکۆ. هه‌نووکه ئێتر چبڕ به فه‌رمی لێکۆڵینه‌وه‌ی کوردی له زانکۆکانی هوله‌ند دا نییه.ئه‌من چاوه‌دێری ده‌که‌م به سه‌ر لێکۆڵینه‌وه‌ی چه‌ند خوێندکارێکه‌وه که له سه‌ر کوردان کار ده‌که‌ن.به‌ڵام ئه‌وان ئه‌و لێکۆڵینه‌وانه له چوارچێوه‌ی دیسیپلینی وه‌کوو مه‌ردمناسی یان مێژوو دا داده‌که‌ن ، نه‌ک له به‌ستێنی زمان و کولتووری ڕۆژهه‌ڵات دا؛ ئه‌وان بڕیاریان داوه تێز له چوارچێوه‌ی مه‌ردمناسی دا بنووسن ، که به هه‌ڵکه‌وت سه‌باره‌ت به کوردان ده‌بێ.
پرسیار: ئه‌و بوارانه‌ی ئه‌و خوێندکارانه سه‌باره‌ت به کوردان کاریان له سه‌ر ده‌که‌ن چنه له‌چ چوارچێوه‌یه‌کی تێئۆری دا کار ده‌که‌ن؟
مارتین ڤان بڕاونێسن: ئه‌من چه‌ند شاگردێکی زۆر که‌مم هه‌یه که له سه‌ر کوردان کار ده‌که‌ن.یووست یۆنگردن یه‌ک له‌وانه که دوکتورای خۆی له سه‌ر گه‌ڕانه‌وه بۆ دێیه‌کان نووسی دوای پێ چۆلکردنی زۆره‌ملێی ساڵانی 1990 کان. له هه‌مان کاتدا ، ئه‌من شاگردێکی دیکه‌م هه‌بوو، میریام گیرسێ، که سه‌باره‌ت به په‌نابه‌ران و خه‌ڵکی له جێی خۆ هه‌ڵکه‌ندراو له ئه‌سته‌نبوڵ کاری ده‌کرد. شاگردێکی ترکم هه‌یه، به نێوی سه‌دا ئاڵتوغ، که له سه‌ر بیره‌وه‌رییه‌کانی کێشانی سنووری نێوان سوورییه _ ترکییه کار ده‌کا له نێو کۆمه‌ڵگه‌ی جیاوازی ئێتنیکی دا که لێره ده‌ژین.ئه‌و زیاتر هاوپرسه‌کی و وتووێژی له‌گه‌ڵ ئه‌رمه‌نییه‌کان،
سوریانییه‌کان و کورده‌کان له سووریا و هه‌ر وه‌ها له به‌شی ترکییه کردووه.ئه‌وده‌یه‌وێ بیره‌وه‌ری بخاته نێو چوارچێوه‌یه‌کی مێژوویی. ئه‌و جه‌خت ده‌کا له‌سه‌ر ڕێوایهتهکانی ناسێنه‌یی که به‌ره‌وپێش ده‌چن بۆ یارمه‌تی به خه‌ڵک بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان پێناسه بکه‌ن به وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی هێندێک له شته‌کان و له‌بیربردنه‌وه‌ی هێندێک شتی دیکه.شاگردێکی دیکه‌ی ترکم هه‌یه، ئوموت ئازاک، ئه‌ویش له سه‌ر به‌رهه‌مهێنان و ده‌کارهێنانی بیره‌وه‌ری کار ده‌کا له سکولاریزمی ترکی دا.ئه‌و له شاسیمای وه‌کوو سه‌عید نوورسی، ڕوودانی مه‌نه‌مه‌ن ده‌کۆڵێته‌وه که به‌کارده‌هێندرێن بۆ سه‌لماندنی هه‌ڕه‌شه‌ی زیندوو له سه‌ر لائیسیزمی ترکی.و هه‌ر وه‌ها عه‌له‌وییایه‌تی وه‌کوو ڕه‌مزی ئیسلامی "چاک". کورده‌کان ده‌ورێکیان هه‌یه له‌و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌دا به‌ڵام تاڕاده‌یه‌ک په‌راوێزن.و شاگردێکی هوله‌ندی ، ئێڤێلین هێندریکس به‌ودواییانه ده‌ستی به پڕۆژه‌یه‌ک کردووه که نێوی لێناوه " جێندر@کوردستان" ؛ له به‌کارهێنانی ئینترنێت له کوردستانی ئێران ده‌کۆڵێته‌وه و بۆچوونه‌کانی له‌مه‌ڕ لێکۆڵینه‌وه‌ی مێدیا و لێکۆڵینه‌وه جێندر ( جینسی کۆمه‌ڵایه‌تی) لێک ده‌به‌ستێ له گه‌ڵ کاری مه‌یدانی جیدی مه‌ردمناسانه.
و شاگردی دیکه‌شم هه‌ن که زۆر شتی جیاواز ده‌که‌ن. زۆربه‌ی شاگرده‌کانم له ده‌وره‌ی پی ئیچ دی دا له ڕاستیدا له سه‌ر بابه‌تی دیکه کار ده‌که‌ن نه‌ک کورده‌کان.
پرسیار: گه‌لۆ ئه‌تۆ هیچ ئاڵوگۆڕ وپێشوهچوونێک ده‌بینی له‌و بۆچوونانه‌ی دا که بۆ "پرسی کورد" هه‌بوون و ئه‌و پرسیارانه‌ی کراون؟ چ قه‌وماوه له‌وه‌تا ئه‌تۆ ئه‌و پرسه‌ت له‌خۆت کردووه؟ بۆچوونی خۆت سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته چ ئاڵوگۆڕێکی به‌سه‌رهاتووه، ئه‌گه‌ر ئاڵ‌وگۆڕێک بووبێ؟
مارتین ڤان بڕاونێسن: به‌گشتی گۆڕانی گه‌وره کراون.بۆچوونی که‌ونارای ئامال ئابووری سیاسی هه‌نووکه ئیدی باویان نه‌ماوه. ڵێکۆڵینه‌وه‌ی کولتووری له توێژینه‌وه‌کانی له‌مه‌ڕ ترکییه دا هه‌میشه خۆیان ده‌رده‌خه‌ن.به‌شێک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که له بۆغازیچی، مه‌رمه‌ره و له زانکۆ باشه‌کانی دیکه‌ی ئه‌سته‌نبوڵ زۆر لێکۆله‌ره‌وه‌ی گه‌نج هه‌ن که ده‌یانه‌وێ له کۆمه‌ڵگه‌ی کورد و شته‌کانی دیکه بکۆڵنه‌وه کهگرێدراوییهکی گه‌وره‌یان هه‌یه، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌و لێکۆڵینه‌وانه له پێوه‌ری ئه‌وتۆ دابکه‌ن که هه‌م باون و هه‌م هه‌ڕه‌شاوی نین، جا بۆیه لێکۆڵینه‌وه‌ی کولتووری باوه.له‌نێو ئه‌و ئوڕووپاییانهدا که له کوردان ده‌کۆڵنه‌وه، زۆر له‌وان له سه‌ر پێشینه‌ی تێكه‌ڵاوی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی چالاکییه‌تی و هاوپێوه‌ندی دا به‌ره‌و ئه‌و لێکۆڵینه‌وانه هاتوون.له ئاڵمان ئه‌وه زۆر به‌هیزه؛ ئه‌وان دۆستی کورد یان دۆستی ترکیان هه‌بووه له ئه‌ڵمان و زۆر چالاک بوون له بزووتنه‌وه‌کانی مافی مرۆ یان هاوپێوه‌ندی سیاسی دا. جا بۆیه زۆر سه‌رنج ده‌درێته سه‌ر هێندێک لایه‌نی وه‌کوو کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، مافی مرۆ، و مافی ژنان.
شه‌هرزاد موجاب ، که که‌سێکی نێوه‌ندی یه له تۆڕی لێکۆڵینه‌وه له سه‌ر بارودۆخی ژنانی کورد، جارێک ڕایه‌کی له سه‌ر کتێبه‌که‌ی یه‌که‌می من ده‌ربڕی و به کتێبێکی ته‌واو نا_ جێندر( کتێبێک که چ باسی ژنی تێدانییه _ تێبینی وه‌رگێڕ) دانا. به لێبڕاوی ئه‌و ڕاست ده‌کا و ڕه‌خنه‌که‌ی به ڕه‌خنه‌یه‌کی به‌جێ ده‌زانم. نووسینی فێمینیستی ئێمه‌ی وشیارکردووه‌ته‌وه سه‌باره‌ت به لایه‌نگرێتی له جینسێکی کۆمه‌ڵایه‌تی له زۆر کاری مهردمناسانهدا، له‌وانه کاری منیش. ئه‌من ئێستا ناتوانم هه‌مان کتێب بنووسم که له ساڵی 1978 نووسیم. ڕه‌نگه شه‌رتومه‌رجی لێکۆڵینه‌وه له زۆر ڕووه‌وه ڕێگه‌ی نه‌دابم ژنان ببینم و هێندێک پرسیاری پێوه‌ندیداریان لێبکه‌م، هه‌رچۆنێک بێ من ئێستا له‌وباره‌یه جیاواز له ڕابردوو ده‌نووسم.
پرسیار: ده‌کرێ زۆر ڕوونتر ڕه‌چه‌ڵه‌ک و هه‌لومه‌رجی په‌یدابوونی "لێکۆڵینه‌وه‌ی کورد" ی مان له بواری ئاکادێمی ترک دا بۆ شی که‌یه‌وه؟ گه‌لۆ له ماوه‌ی ده ساڵی ڕابردوو دا چ نوخته وه‌رچه‌رخان یان ده‌می تایبه‌تی له‌و بواره دا ده‌بینی؟
مارتین ڤان بڕاونێسن: له‌وه‌تا کورده‌کان بوون به بابه‌تێک که مرۆ بتوانێ به ئاشکرایی له‌سه‌ریان بدوێ، ژماره‌یه‌ک ماستر و پی ئیچ دی تازه له ترکییه کراون که جه‌خت له سه‌ر کورده‌کان ده‌که‌ن.هێندێک له‌و خوێندکارانه تێزه‌کانی خۆیان بۆمن ناردووه، ئه‌وان هه‌موو وه‌کوو یه‌ک باش نین به‌ڵام هه‌ر ئه‌و ڕاستییه‌ی که ئه‌وان هه‌ن ده‌ی سه‌لمێنێ که بابه‌ته‌که ڕێی ده‌رکردووه بۆ نێو ڕه‌وتی گشتی ژیانی ئاکادێمی.هێندێک له زانایانی گه‌نجی ترک له‌وه دا سه‌رکه‌وتوو بوون که کاره‌کانیان له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یش دا بناسێنن به ڕێگه‌ی بڵاوکردنه‌وه له گۆڤاری وه‌کوو میدل ئیست ستادیز دا؛ ئه‌و جۆره ته‌بلیغه نێونه‌ته‌وه‌یی یه وێده‌چێ بۆ خه‌ڵک له بواری لێکۆڵینه‌وه‌ی کوردی دا زۆر دژوارتر بێ.( مه‌سعوود یه‌گه‌ن ، که له له‌نده‌ن خوێندوویه، یه‌ک له ڕێزپهڕهکانه، هه‌روه‌ها وتارێکی چاوڕاکێشیش هه‌یه که فولا ئاتاجان نووسیویه). ئه‌وانه به‌ئاسایی ئه‌و که‌سانه‌ن که له زانکۆی بۆغازیچی ده‌خوێنن ، و مامۆستا چاوه‌دێره‌کانیان ڕه‌نگه پێوه‌ندییان هه‌بێ یان ڕایان ده‌سپێرن کورته‌یه‌ک له تێزه‌کانیان بۆ ئه‌و گۆڤاره بنێرن. واوێده‌چێ ئه‌و که‌سانه‌ی سه‌ر به بازنه‌ی سه‌رده‌ستن له‌و بواره دا زاڵ بن.ئه‌وان ڕه‌نگه ده‌ڕه‌تانێکی گه‌وره‌تریان هه‌بێ بۆ نووسین؛ ئه‌وان ده‌توانن به شێوازێکی تایبه‌تی بنووسن که به‌هاسانی له‌لایه‌ن ئه‌وکه‌سانه‌ی خه‌ڵکی شارێکی پچکۆڵه بوون ڕکه‌به‌ریان له‌گه‌ڵ ناکرێ. ئه‌وان خوویه‌کی ئاکادێمییان هه‌یه.ئه‌و جۆره جیاوازییه‌ی ستاتوس به‌گشتی له ژیانی ئاکادێمی ترکییه دا زۆر له‌به‌رچاوه.هێندێک خه‌ڵکی که نێوبانگێکی زۆریان په‌یدا کردووه و کتێبی زۆریان بڵاو کردووته‌وه.ئه‌گه‌ر مرۆ له جه‌وهه‌ریان قووڵ بێته‌وه، شتێکی زۆر تایبه‌تییان تێدا نییه، به‌ڵام هێندێک ڕێگه‌یان هه‌یه بۆ نیشان دان وپێشکێش کردنی؛ ئه‌وان به به‌راوه‌رد له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی دیکه زۆر زیاتر ده‌ناسرێن ، خه‌ڵکی ئه‌وتۆی که کاری زۆر باشیان کردووه به‌ڵام نه‌یان توانیوه بڵاویان که‌نه‌وه.هه‌ر وه‌ها له به‌ر ئه‌وه‌ش که ئه‌وان ده‌بێ کاره‌کانیان له شێوازێکی ئاوا دا پێشکێش بکه‌ن که شیاوی قوبووڵ کردن بێ. دنیای ئاکادێمی نێونه‌ته‌وه‌یی داوخوازی ئه‌وه‌یه مرۆ به شێوازێکی تایبه‌تی بنووسێ، نووسینه‌که ده‌بێ له چوارچێوه‌ی هێندێک پێوه‌ر دابێ.
پرسیار: سه‌باره‌ت به لێکۆڵینه‌وه‌ی کوردی له عێراق ده‌ڵێی چی؟
مارتین ڤان بڕاونێسن: سۆرانییه‌که‌م له‌وه‌تا ساڵانی 1970کان که کاره‌که‌م کرد پێش نه‌که‌وتووه، بۆم زه‌حمه‌ته سۆرانی بخوێنمه‌وه. ده‌زانم که کتێب و بڵاوکراوه‌ی چاوڕاکێش به سۆرانی ده‌رده‌که‌ون به‌ڵام من شوێنگێڕییان ناکه‌م. به ئینگلیسی، ئه‌من ئاگام له‌وه‌نییه که شتی تازه‌ی نوێی گرینگ له عێراق ده‌رکه‌وتبن. چه‌ند بێگانه‌یه‌ک هه‌نه که سه‌باره‌ت به بارودۆخی هه‌نووکه‌ی سیاسی له عێراق نووسیویانه، که خۆیان له‌وێ بوون، چونکوو به‌ڕێژه له‌وێ کارکردن ئازاده. که‌سانی وه‌کوو ئاندریا فیشر _ تاهیر و کارین مڵۆدۆخ کاری ئاکادێمیک و چالاکی ئێن جی ئۆیی ( ڕێکخراوه‌ی نا- حکوومه‌تی) یان له کوردستانی عێراق لێک به‌ستووه، و
هێندێک که‌سانی ئاکادێمی بێگانه‌ی دیکه هه‌ن که له ڕێبه‌رایه‌تی کورد نزیکن و وێده‌چێ بۆ زانیارییه‌کانیان خۆیان به قسه‌ی ئه‌وان ببه‌ستنه‌وه.
زۆر چاوڕاکێشتر ڕه‌نگه ئه‌وه‌ی بێ له ئێران ڕووده‌دا. هه‌ر جاره‌ی که ئه‌من له شوێنێک بابه‌تێک سه‌باره‌ت به کوردان پێشکێش ده‌که‌م ، قسه‌یه‌کی زۆرم پێیه سه‌باره‌ت به بارودۆخی ترکییه باسی بکه‌م، له بارودۆخ له عێراق ده‌دوێم ، له‌نێو گوێ‌گران دا ، که‌سێک ڕاست ده‌بێته‌وه و ده‌ڵێ: " ئه‌تۆ بۆ هیچ باسی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان" ت نه‌کرد. ئه‌من حه‌ول ده‌ده‌م، به‌ڵام زۆر زه‌حمه‌ته مرۆ بزانێ ئه‌وه‌ی ئێستا ڕووده‌دا چییه. ئه‌من ماوه‌یه‌کی درێژه نه‌چوومه‌ته ئه‌وێ. بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ قه‌ده‌غه‌ی چوونم بۆ ئێران له سه‌ر داندرابوو؛ چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر توانیم بچمه تارانێ به‌ڵام ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌م نه‌بوو سه‌رله کوردستان بده‌م.له‌وێ بۆم ده‌رکه‌وت له‌تاران کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی کوردی زۆر هه‌ڵسووڕاو و چالاک هه‌یه. له ئێران زۆر کتێب ده‌رده‌که‌ون.ئێران هه‌میشه ته‌واو باریک بین و مووقه‌ڵێش بووه. زۆر کتێب و گۆڤاری چاوڕاکێش له ئێران ده‌رده‌که‌ون چه‌ند که‌سێک کاری ئاکادێمیک له سه‌ر کوردان ده‌که‌ن.ئه‌وان خۆیان کوردن و تێزی مێژوویی یان جوگرافیایی ده‌نووسن، تێزێک سه‌باره‌ت به لێکۆڵینه‌وه‌ی پێشوه‌چوون؛ئه‌وانه ئهونموونانهن که به‌رچاوم که‌وتوون. ئه‌و جۆره تێزانه زیاتر له سه‌ر هه‌رێمی خۆیان جه‌خت ده‌که‌ن. لێکۆڵینه‌وه له کۆمه‌ڵه‌ی کورد له ئێران هه‌میشه زیاتر یهکانگیرکراوه له‌گه‌ڵ لێکۆڵینه‌وه‌ی گشتی سه‌باره‌ت به هه‌رێمه جیاوازه‌کان له ئێران. ئه‌من پێم وایه کورده‌کانی ئێران، به مانایه‌ک ، زۆر ئێرانیترن له‌وه‌ی که کورده‌کانی عێراق عێراقی بن. به‌ڵام هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وان زۆردژوارتره که خۆیان ئاوا بناسێنن، و شتێک بکه‌ن وه‌کوو " لێکۆڵینه‌وه‌ی کوردی". ئه‌من ئاگام له هیچ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک نییه سه‌باره‌ت به ناسێنه‌ی کوردی یان بزووتنهوهکوردییهکان، جگه له بواری مێژوو ، یان بیره‌وه‌ری نووسین دا نه‌بێ. سه‌باره‌ت به کوردستانی عێراق، ڕه‌نگه له‌وێش ئه‌و بیره‌وه‌رییانه‌ی له لایه‌ن که‌سایه‌تییه کورده عێراقییه‌کان که له‌ماوه‌ی ده/پازده ساڵی ڕابردوو دا نووسراون زۆر گرینگ بن. سه‌باره‌ت به قۆناخه به‌راییه‌کانی بزووتنه‌وه کوردییه‌کان، وه‌کوو کاری محه‌مه‌د ڕه‌سووڵ هاوار سه‌باره‌ت به شێخ مه‌حموود و سه‌باره‌ت به سمکۆ، یان له سه‌روبه‌ندی زۆر دواتر دا بیره‌وه‌رییه‌کانی نه‌وشیره‌وان ( نه‌وشیره‌وان مسته‌فا، ئا 1997 ، بێ 1997). ئه‌و یه‌ک له ڕێبه‌رانی یه‌کێتیی نیشتمانی کوردستانه، که له‌و دواییانه دا له ینک جوێ بووه‌وه و ڕه‌خنه‌ی له تاڵه‌بانی هه‌یه. نه‌وشیره‌وان یه‌ک له ڕێبه‌ره سه‌ره‌کییه‌کانی گرووپی مارکسیستی بوو له نێو یه‌کێتیی نیشتمانی کوردستان دا. ئه‌و له ئوڕووپا خوێندوویه و له‌وێ له سیاسه‌ته‌وه گلا و له ساڵی 1977 یان ئاوا له گه‌ڵ پێشمه‌رگه که‌وت له کوردستانی عێراق. ئه‌من له ساڵی 1979 له‌وێ چاوم پێی که‌وت و له‌بیرمه زۆر مرخی لێ بوو باسی زێهنییه‌تی عه‌شیره‌تی بکا.وه‌کوو سه‌رکرده‌یه‌کی پێشمه‌رگه ئه‌و ده‌بوو سه‌روکاری هه‌بێ له گه‌ڵ گرووپه عه‌شیره‌تییه‌کان که ڕۆژێک پشتیوانی‌یان له پێشمه‌رگه ده‌کرد وڕۆژی دواتر ده‌کرا له گه‌ڵ حکوومه‌ت ڕێک که‌ون و به دژی وی ده‌ست بده‌نه چه‌ک، نه‌وشیره‌وان دڵپاکانه ده‌یه‌ویست له‌و دیارده‌یه تێ‌بگا ، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌ی مه‌حکوومی کا. به‌وه‌ی که له بیره‌وه‌رییه‌کانی ئه‌وم خوێندووه‌ته‌وه، ئه‌وان تێڕامانی چاوڕاکێشن سه‌باره‌ت به ئه‌زموونه‌کانی ژیانێکی چاوڕاکێش.زۆر له نووسینی کورده عێراقییه‌کان له له‌نده‌ن چاپ بوون. عێراق نه‌ریتێکی درێژی پێوه‌ندی له گه‌ڵ بریتانیای هه‌یه، [له‌نێو خوێنده‌واران دا _ تێبینی وه‌رگێڕ] به‌شێک لهپهروهردهیان بریتانیایی یه، و زۆر که‌س له تاراوگه‌ی له‌نده‌ن ژیاون. له نێو ڕووناکبیرانی کوردی عێراق دا، مرۆ زۆر که‌سان ده‌بینێ که له‌به‌ر ئه‌و پێشینه‌یه زۆر وه‌کوو ڕووناکبیرانی ئوڕووپایی بیر ده‌که‌نه‌وه. و ئه‌و ڕووناکبیرانه هه‌ستیان ده‌کرد که چوونه‌وه‌یان بۆ ئه‌وه‌ی له کوردستان بژین پێویستی به له‌خۆبوردوویی هه‌یه، چونکوو ئه‌وان له‌کوردستان ئه‌م مافه لێبێرال و ئازادییانه‌یان نابێ. ئه‌وان ده‌بێ ده‌ست له زۆر شت هه‌ڵگرن ئه‌گه‌ر بیانه‌وێ له‌وێ درێژه به ژیان بده‌ن. ژیان له ژێر ده‌سته‌ڵاتی دیکتاتۆرییه‌کی کوردی یان دیکتاتۆری به‌عسی سه‌دام حوسێن جیاوازه، به‌ڵام له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌گه‌ر مرۆ له‌وێ بژی ، له‌وانه‌یه ده‌بێ زۆر ورد بێته‌وه له‌وه‌ی که ده‌ینووسێ.
پرسیار: ئه‌م پڕۆژانه‌ی ئێستا به‌ده‌ستته‌وه‌یه کامانه‌ن؟ چ به‌کۆمه‌ڵ و چ بۆخۆت به ته‌نێ؟
مارتین ڤان بڕاونێسن: ئه‌من زۆر سه‌رم قاڵه به ئه‌رکه‌کانی ئیدارییه‌وه تا ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی نوێی سه‌ره‌کیم هه‌بن! به‌ڵێنی کتێبێکم دا به وه‌شانگه‌رێک سه‌باره‌ت به خه‌بات له‌پێناو ناسێنه، زیاتر له ترکییه به‌ڵام له عێراقیش له ماوه‌ی ساڵانی 1980کاندا. به‌ڵام هێشتا کاتم نه‌بووه ئه‌و کتێبه ته‌واو که‌م.من زنجیره‌یه‌ک وتارم نووسیوه سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته و ده‌مه‌ویست هێندێکی لێ زیاد که‌م و بیکه‌مه کتێبێک. خه‌ڵک زۆر چالاکانه تێوه‌گلاون له پرسی ناسێنه‌ی خۆیان ، و ئه‌وه‌ی که ده‌بێ سه‌ر به‌کوێ بن.به‌تایبه‌تی ئه‌وجۆره خه‌ڵکانه‌ی که سه‌ر به "مۆرغه پشتی" ئێتنیکی دانیشتوانی ترک یان کورد نین، بابڵێین عه‌له‌وییه‌کی که له ئه‌سته‌نبوڵ له دایک بووه و باپیرانی خه‌ڵکی ئهرزهرومن و به دیالێکتی زازا قسه ده‌کا، خه‌ڵکی ئاوا زۆر جار سه‌ریان له‌و پرسیاره سواوه "به‌ڕاستی" ئه‌وان چن. جگه له هه‌بوونی پاسپۆرتی ترکی، لایه‌نی دیکه‌ی ناسێنه‌ی ئه‌وانیش هه‌یه که به ڕوونی ترکینه، و باشه ئه‌و لایه‌نانه کامانه‌ن؟ هه‌رێمی ماک چه‌نده گرینگه؟
بۆ وێنه ، خه‌ڵکی مالاتییا، هه‌رچه‌ند به زمانانی جیاواز قسه‌بکه‌ن و دینی جیاوازیان هه‌بێ ( کوردی _ ترکی ، سونی _ عه‌له‌وی) ،زۆرجار پشتیوانییه‌کی دوولایه‌نی پته‌و له ئاست یه‌ک نیشان ده‌ده‌ن کاتێک له شوێنێکی دیکه ده‌ژین. جا بۆیه لێره دا گه‌لۆ ناکرێ ههمشههریلیک ( هاوشاری بوون) گرێدانێکی به‌هێزتر بێ له به‌سترانه‌وه‌ی ئێتنیکی یان دینی؟عه‌له‌وییه‌کان دمه‌ته‌قه و گه‌نگه‌شه‌یان له‌سه‌ر ئه‌وه کردووه که عه‌له‌وییایه‌تی چ جۆره ناسێنه‌یه‌که: گه‌لۆ دینی یه، کولتووری یه، سیاسی یه؟ یان له‌وانه‌یه ناسێنه‌یه‌کی ئێتنیکی بێ؟ هه‌ر وه‌کوو کوردان، ئێزیدییان و که‌مایه‌تییه‌کانی دیکه له کوردستان، گه‌لۆ ترکه‌کانی هه‌رێمێ، به‌ڕاستی ترکن؟ هه‌رچۆنێک بێ ئوێزاڵ چ بوو؟ ئه‌و خه‌ڵکی ماڵاتییا بوو، نه‌نکی کورد بوو وبنه‌ماڵه‌که‌ی پێوه‌ندی نه‌خشبه‌ندی هه‌بوو.له ڕوانگه‌ی زۆر له ترکه‌کانی "ڕۆژئاوا" ئه‌وه‌نده به‌س بوو که ئه‌و به کورد دابندرێ.له ساڵانی کۆتایی ژیانیدا، کاتێک که ئه‌و سه‌رۆک کۆمار بوو و له ڕێیه‌ک ده‌گه‌ڕا له گه‌ڵ کورده‌کان پێک بێ، ئه‌و که‌سانه‌ی لێی ناڕازی بوون گازنده‌یان لێ ده‌کرد و ده‌یانگوت: " کورده‌کان کۆشکی چانکایایان
داگیر کردووه!"
به‌سه‌رهاتی ژیان هه‌نه: که‌سێک ژیانی وه‌ک ترکێک ده‌ست پێده‌کا، دوایه بۆی ده‌رده‌که‌وێ کورده، له کوردێکه‌وه ده‌بێ به زازا، له زازایهکهوه ده‌بێته‌وه کرمانج، کێ چووزانێ ئه‌و سبه‌ینێ ده‌بێ به چی؟
و گرینگی له زێده‌ی ئیسلام وه‌کوو ناسێنه‌یه‌ک، و به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی خه‌ڵک ده‌یکه‌ن دینی یه، ئه‌من مه‌به‌ستم ئه‌و داب و شوێنانه‌یه که په‌پێی وان خه‌ڵک خۆ ناساندنی دینیان ده‌رده‌خه‌ن، وه‌ک له که‌یسی ته‌ریقه‌ته سۆفییه‌کاندا ، یان سازدانه‌وه‌ی داب و شوێنی عه‌له‌وییه‌کان له شار دا.ئه‌و دیارده‌یانه زۆر فرووسماوین! عه‌له‌وییایه‌تی له ڕابردوو دا له‌جێدا دینی لادێ بوو؛ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه مرۆ ته‌نێ ئه‌وکاته ده‌کرا عه‌له‌وییه‌ک بێ که له دێیه‌که‌ی با. دێ کۆمه‌ڵگه‌ی دینی بوو و جه‌م داب و شوێنێکی لادێیی بوو، و شوێنه پیرۆزه‌کان، شوێنه پیرۆزه‌کانی لادێ بوون. بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ کاتێک خه‌ڵک گواستییانه‌وه بۆ شار، عهلهوییایهتییهکهشیان بزر بوو چونکوو چ چوارچیوه‌یه‌کی نه‌بوو تێیدا بژی.به‌ڵام له ساڵانی 1980کاندا، خه‌ڵک ده‌ستیان کرد به داهێنانی عه‌له‌وییایه‌تی شارستانی.هه‌مان شت له‌مه‌ڕ ئێزیدییان که بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ حه‌ولیان دا خۆیان ده‌رنه‌خه‌ن به‌ڵام ئێستا دیسان دینه‌که‌یان له ئاڵمان و باکووری عێراق داده‌هێننه‌وه. هه‌رهه‌مان جۆره داهێنانه‌وه له نێو کۆمه‌ڵگه عیساییه‌کانی ههڕێمیش دا درێژه‌ی هه‌یه.
پرسیار: ئه‌تۆ کاتت ده‌بێ بچییه‌وه هه‌رێمه‌که؟
مارتین ڤان بڕاونێسن:نه‌ک ئه‌وه‌نده‌ی خۆم ده‌مه‌وێ. کاتێک مرۆ پیرتر ده‌بێ ، مرۆ به‌رپرسیاره‌تیشی زیاتر ده‌کا، مرۆ شاگردی هه‌ن که تاڕاده‌یه‌ک پێیه‌وه به‌ستراونه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها مرۆ کاری ئیداری هه‌یه که ناتوانێ وه‌دوایان داته‌وه. ئه‌من له دامه‌زراندنی ئه‌نیستیتوویه‌کی لێکۆڵینه‌وه دا به‌شداریم کرد ، که ئه‌وه ژیانی منی زۆر سه‌رنجڕاکێشتر لێکرد به‌ڵام پێویستییه‌کی زۆریشی به کاتی من هه‌یه ( ئه‌نیستیتووی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ی ئیسلام له دنیای مۆدێڕن دا، ئای ئێس ئای ئێم). ئه‌من زۆربه‌ی کاتم بۆ ئه‌وشتانه به‌خت ده‌که‌م که ئه‌من نه‌مده‌کرد ئه‌گه‌ر لێکۆله‌ره‌وه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ بام، که ئه‌من به‌ڕاستی چێژی لێوهرناگرم که ده‌یکه‌م، وه‌کوو حه‌ولدان بۆ په‌یدا کردنی دراو بۆ ئه‌نیستیتووه‌که دیاره ئه‌وه به ڕاشکاوی پێویسته بۆ ئه‌وه‌ی چه‌رخی کاری بگه‌ڕێ. جا نا، ئه‌من کاتی کافیم نییه بۆ سه‌فه‌ر. ئه‌من ساڵانه چه‌ند جارێک ده‌چمه‌وه بۆ ئه‌ندۆنێزیا چونکوو له‌وێ هێندێک لێکۆڵینه‌وه‌م هه‌یه که جارێ به‌رده‌وامه، وئه‌من لێکۆڵینه‌وه‌ی چه‌ند قۆڵی له‌گه‌ڵ لێکۆله‌ره‌وه‌ی گه‌نجی ئه‌ندۆنێزیایی ساز ده‌ده‌م. ئه‌من حه‌ول ده‌ده‌م به‌لانی که‌مه‌وه هه‌موو ساڵێک بچم بۆ ترکییه. ئه‌من وام دانابوو بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ بچم بۆ کوردستانی عێراق به‌ڵام جارێ هێشتا نه‌چووم. ئینشاڵا ئه‌مساڵ ده‌چم. و ئێران _ ئه‌وه شوێنی هه‌ره که‌متر لێکۆڵینه‌وه له‌سه‌رکراوی کوردستانه. ئه‌من پێم وایه ئه‌گه‌ر لێکۆله‌ره‌وه‌یه‌کی گه‌نج بییه‌وێ له سه‌ر کورده‌کان بکۆڵێته‌وه، ئامۆژگاریم بۆ وی ئه‌وه‌یه بچێته ئێرانێ. هه‌رچییه‌کی له‌وێ بیکا تازه‌یه چونکوو هیچ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی تازه له سه‌ر ئێران به‌ده‌سته‌وه نییه. ئێران هه‌ڵنه‌کۆڵدراوه. له‌وێ کورد ته‌نێ له کوردستان نین، خۆراسانیش کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی گه‌وره‌ی کوردی کرمانجی ئاخێوه‌ری هه‌یه. کولتوورێکی زۆر چاوڕاکێشیان هه‌یه. هێشتا پێوه‌ندی له گه‌ڵ هه‌ڕێمی تونجه‌لی له ترکییه‌ی پێوه دیاره.له سه‌ر ئه‌وێش هێندێک شت بڵاوکراوه‌ته‌وه به‌ڵام زۆر نییه. زۆر لێکۆڵینه‌وه‌ی سه‌رنجڕاکێش ماوه ده‌بێ بکرێ ....
تێبێنی وه‌رگێڕ: سه‌ر دێڕی ئه‌م وه‌رگێڕانه " کورده‌کان کردیانم به ئینسان " له وڵامێکی ئه‌م وتووێژه‌ی مامۆستا مارتین ڤان بڕاونێسن له لایه‌ن وه‌رگێڕه‌وه بۆ ده‌قی کوردی داندراوه. له کۆتایی ئه‌م وتووێژه‌دا یای ماری لۆ ڕای کتێبنامهیهکی تێروته‌سه‌لی کاره‌کانی مامۆستا مارتین ڤان بڕاونێسنی بڵاو کردووه‌ته‌وه که لێره دا وه‌رنه‌گێڕدراوه. ئه‌و خوێنه‌ره‌وانه‌ی پێیان خۆشه ئه‌م ده‌قه به زمانی ماک ببینن ده‌کرێ سه‌ری ئه‌م نێو نیشانه‌ی خواره‌وه بده‌ن:
http://www.ejts.org/document775.html
1 comment:
sılaw kak hesen çççdestıt xoş bêt.zor ciwane....hîway serkewtin heye botan...
simko le rojhelatî kurdistan.
Post a Comment