پرۆفێسۆر ڕۆبێرت فیلیپسۆن به‌ره‌وه‌ی خه‌ڵاتی به پرێستیژی لینگواپاکس بۆ ساڵی 2010
پرۆفێسۆر ڕۆبێرت فیلیپسۆن به‌ره‌وه‌ی خه‌ڵاتی به پرێستیژی لینگواپاکس بۆ ساڵی 2010
دوێنێ 21-02-2010 ئه‌نیستیتووی لینگوا پاکس له ئێسپانیا، که یه‌کێک له نێوه‌نده هه‌ره به‌پرێستیژه‌کانی جیهانییه بۆ په‌ره‌پێدانی فره زمانێتی، پاراستن ی جۆراوجۆری زمانی، په‌روه‌رده و پلاندانانی زمانی، به بۆنه‌ی تێوه‌رسووڕانه‌ی ڕۆژی نێونه‌ته‌وه‌یی زمانی دایکی خه‌ڵاتی ئه‌مساڵی دا به دووکه‌س؛ پڕۆفێسۆر میگوێل سیگوان و پڕۆفێسۆر ڕۆبێرت فیلیپسۆن. ئه‌نیستیتووی لینگوا پاکس بۆ پاساوی لێوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵاته له فیلیپسۆن ده‌نووسێ:" فیلیپسۆن که مامۆستای به‌شی لێکۆڵینه‌وه‌کانی نێونه‌ته‌وه‌یی زمانان و زمانناسیی کامپیوتێرییه له مه‌دره‌سه‌ی بازرگانی کۆپێنهاگ، له ئاستی جیهانی دا زیاتر له به‌ر شه‌رمه‌زارکردنی ئیمپریالیزمی زمانی به نێوبانگه و پسپۆڕی بواری پێوه‌ندی نێوان زمان و ده‌سته‌ڵات و دینامیکی سه‌رده‌ستبوون/ژێر ده‌ستبوونی زمانییه. فیلیپسۆن نووسینی زۆر‌و زه‌وه‌ندی هه‌یه سه‌باره‌ت به مافی زمانی و کتێبه هه‌ره به‌نێوبانگه‌کانی بریتین له: "Linguistic Imperialism and English-Only Europe " [ئیمپریالیزمی زمانی و ئوڕووپای ته‌نێ – ئینگلیسی]، "Challenging Language Policy"
[به‌گژداهاتنی سیاسه‌تی زمانی]".
ڕۆبێرت فیلیپسۆن هاوژینی زانایه‌کی دیکه‌ی بواری مافی مرۆیی زمان واته تۆڤێ سکووتناب- کانگاسه. ئه‌وان هه‌ر دووکیان دۆستی نه‌ته‌وه‌ی کوردن و سه‌ردانی دوو به‌شی کوردستانیان کردووه. له مانگی ژوه‌نی ساڵی 2005 هاوپرسه‌کییه‌کم له‌گه‌ڵ فیلیپسۆن کرد سه‌باره‌ت به هه‌ڵکه‌وتی زمانان له چوارچێوه‌ی یه‌کێتی ئوڕووپا دا که پێشتر هه‌موو ده‌قی ئه‌و هاوپرسه‌کییه له "ڕوانگه" دا بڵاو کراوه‌ته‌وه. لێره دا به بۆنه‌ی بردنه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵاته گرینگه وێڕای پیرۆزبایی له پرۆفێسۆر فیلیپسۆن، بۆ ناساندنی زیاتری به خوێنه‌ره‌وانی کورد ئه‌و به‌شانه‌ی هاوپرسه‌کییه‌که که تێیدا باس هاتووه‌ته سه‌ر زمانی کوردی جارێکی دیکه بڵاو ده‌که‌مه‌وه.
حه‌سه‌نی قازی
22ی فێڤرییه‌ی 2010
[...]
قازی : به‌له به‌ر چاو گرتنی ئه‌وه‌ی که ترکییه ده‌یه‌وێ ببێ به ئه‌ندام له یه‌كێتی ئوڕووپا ، به بۆچوونی ئێوه له چوارچێوه‌ی مافی مرۆ دا یه‌کێتی ئوڕووپا له دان و ستاندنه‌کانی خۆی له گه‌ڵ ترکییه سه‌باره‌ت به بارودۆخی زمانی کوردی چ ئه‌رکێکی ده‌که‌وێته سه‌ر شان ؟
فیلیپسۆن : ئه‌من له‌و باوه‌ڕه دام یه‌كێتی ئوڕووپا ده‌بێ بێ ئه‌ملاوئه‌ولا ڕێزگرتن له مافی مرۆ بکا به شه‌رتومه‌رجی موتڵه‌ق بۆ ئه‌ندامه‌تی ترکییه. ئه‌من ئه‌و به‌هاره سه‌رم له ئامه‌د (دیاربه‌کر) دا . هێشتا ئه‌وه وه‌دی نه‌هاتووه، وه‌ک هه‌موو که‌س ده‌زانێ. به‌ڵام مرۆ ده‌کرێ له‌و ئه‌زموونانه‌ی گوشار بۆهێنان که یه‌کێتی ئوڕووپا له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته‌کانی دیکه‌ی داواکاری ئه‌ندامه‌تی کردی ، ده‌رس وه‌ربگرێ . وه‌کوو وڵاتانی باڵتیک ، ئێستۆنییا ، لاتڤییا و لیتڤانییا.
ژماره‌یه‌کی زۆر هه‌یئه‌تی لێکۆڵینه‌وه ناردرانه ئه‌و وڵاتانه ، هه‌م له لایه‌ن یه‌کێتی ئوڕووپا و هه‌م له لایه‌ن شووڕای ئوڕووپاوه بۆ ئه‌وه‌ی ڕێزگرتن له مافی که‌مایه‌تییه‌کان ده‌سته‌به‌ر بکرێ. بۆ وێنه حکوومه‌تی ئێستۆنیا ده‌بوو بیسه‌لمێنێ که ڕێز له مافی گرووپی جۆربه‌جۆری که‌مایه‌تی ده‌گرێ ، به تایبه‌تی گرووپی که‌مایه‌تی ڕووسی ئاخێوه‌ر. دیالۆگێکی زۆر له نێوان ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی داواکاری ئه‌ندامه‌تی و یه‌کێتی ئوڕووپا دا هه‌بوو سه‌باره‌ت به شه‌رتومه‌رجی ئه‌ندامه‌تی. ئاشکرایه ده‌بێ هه‌مان شت و زیاتریش له گه‌ڵ ترکییه بکرێ. ڕووسی ئاخێوه‌ران له ئێستۆنیا و لاتڤییا له ڕاستیدا په‌روه‌رده‌یان به ڕیگه‌ی ئه‌و زمانه دا بوو، چونکه له‌وێ ڕووسی زمانی ده‌سته‌ڵات بوو. دیاره ئه‌وه بارودۆخێکی زۆر جیاوازه له گشت به‌شه‌کانی کوردستان. ئه‌من له‌و باوه‌ڕه دام پرێنسیپه‌کانی بنه‌ڕه‌تی وه‌کوو ئازادیی به‌یان ، ئازادیی دووچاوکی له گه‌ڵ نه‌کران که مافی مرۆیی زمانیان تێدا ده‌خوێندرێته‌وه ، ئه‌وانه ده‌بێ له په‌روه‌رده دا و له دان و ستاندن له گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ترکییه دا چالاک بکرێن. یه‌كێتی ئوڕووپا ده‌بێ ده‌وری خۆی له‌و باره‌یه‌وه بگێڕێ.
ئه‌من پێم وایه ئه‌و ڕێگه‌یه‌ی که هێندێک له لێکۆله‌ره‌وانی کورد وه‌به‌ریان گرتووه وه‌کوو ئه‌میری حه‌سه‌نپوور بۆ ئاماژه کردن و هه‌ڵچنینی بۆچوون له سه‌ر ئه‌زموونی گرووپی دیکه به‌شێکه له‌وه و ده‌مه‌وێ بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر ئه‌م کتێبه (کتێبه‌که نیشان ده‌دا ) " مافی زمانی " چونکوو نووسراوه‌یه‌کی تێدایه باسی ئه‌زموونی خۆی ده‌کا .
قازی : ده‌کرێ هێندێک زیاتر کتێبه‌که بناسێنن ؟
فیلیپسۆن : باشه ! ئه‌مه کتێبێکی ڕێزلێنانه له ژنێک که له رێبازی عه‌داڵه‌ت ، چه‌شناوچه‌شنی و مافی زمانی ، په‌روه‌رده به دوو زمان و سیاسه‌ته‌کانی فره زمانی بۆ ماوه‌ی 30 – 40 ساڵان به شێوه‌یه‌کی پرۆفێسیۆناڵ کاری کردووه و ئه‌زموونی وه سه‌ر یه‌ک ناوه واته تووڤێ سکووتناب – کانگاس . من هێندێک دڵه‌ڕاوکێم هه‌یه ئه‌وه بڵێم ،چونکه ئه‌و هاوسه‌ری منه ، به‌ڵام له گه‌ڵ ئیده‌ئاله‌کانی دام. ئێدیت کردنی ئه‌م کتێبه ئه‌زموونێکی خۆش بوو بۆ من . په‌نجا که‌س له هه‌موو جیهانه‌وه ، نووسراوه‌ی کورتیان تێدا نووسیوه سه‌باره‌ت به گرینگی ئه‌و کارانه‌ی تووڤێ کردوویه‌تی و ئه‌و که‌لکه‌ی ئه‌وان له لێکۆڵینه‌وه و خه‌باتی وییان وه‌رگرتووه. ئه‌وه‌ی لێره دا ئه‌میری حه‌سه‌نپوور نووسیویه به‌لای منه‌وه زۆر سرنجڕاکێشه . چونکه کاتێک سه‌رقاڵی شیکردنه‌وه‌ی مێژووی زمانی کوردی بووه کاره‌کانی تووڤێی به سه‌رچاوه‌ی ئیلهام داناوه . ئه‌میری حه‌سه‌نپوور له مه‌ڕ کتێبه‌که‌ی تووڤێ " دوو زمانه بوون " ده‌نووسێ : " تووڤێ له کتێبه‌که‌ی خۆی دا به کورتی باسی ئه‌وه ده‌کا چۆن سه‌فاره‌تخانه‌ی ترکییه له کۆپێنهاگ حه‌ولی داوه بۆ پێش‌گرتن له گوتنه‌وه‌ی ده‌رسی کوردی به موهاجیرانی کورد له دانمارک . ئه‌و وه‌کوو زمانێکی سه‌رکوتکراو و قه‌ده‌غه باسی زمانی کوردی ده‌کا و به شێوه‌یه‌کی به‌که‌لک "توند‌و تیژی فیزیکی " و " توندوتیژی سه‌مبۆلیک و بناخه‌یی" به دژی زمانان و ئه‌وانه‌ی قسه‌یان پێ ده‌که‌ن له یه‌کتری جوێ ده‌کاته‌وه. کاری تووڤێ منی هان دا بۆ قووڵبوونه‌وه‌ی زیاتر سه‌باره‌ت به هه‌موو شێوه‌کانی توندوتیژی که له لایه‌ن ده‌وڵه‌تێکه‌وه به دژی زمانێک و ئاخێوه‌رانی ، نووسه‌رانی ، خوێنه‌وه‌رانی و لێکۆله‌ره‌وانی ده‌کرێ . ئه‌من له هه‌مان کات دا توانیم به‌ڵگه‌یه‌کی زۆر کۆ که‌مه‌وه سه‌باره‌ت به خۆڕاگری هه‌موولایه‌نه به دژی توندوتیژی فیزیکی و سه‌مبۆلیک و جۆره‌کانی بناخه‌یی توندوتیژی له هه‌موو بواره‌کانی به‌کارهێنانی زمان دا. "
به ئاشکرایی ئه‌وه‌ی له سیاسه‌ته‌کانی ده‌وڵه‌تی به دژی زمانی کوردی که‌وتووه‌ته‌وه و خۆڕاگری ئاخێوه‌رانی زمانی کوردی به دژی زۆرداری ده‌وڵه‌ت شتێکه که له ئاستی جیهانی دا ته‌جروبه کراوه ، جا ئه‌وه چ له وڵاتی سامییان یان له ئا‌فریکای باشووری دا کرابێ زۆر گرینگه. بۆیه ئێمه حه‌وجێمان به گه‌لی کورد هه‌یه که به‌و وره‌یه‌وه کار بکه‌ن و له سه‌ر ئه‌و جۆره ئه‌زموونانه بۆچوونی خۆیان هه‌ڵبچنن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و شتانه‌ی ڕوو ده‌ده‌ن ئاسته بکه‌ن ، بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تی بکه‌ن به شکڵ گرتنی سیاسه‌تی زمانی له به‌شه جیاوازه‌کانی کوردستان دا.
قازی : ئێوه له باسه‌که‌تان له ئامه‌د قسه‌یه‌کی شێکسپییرتان به شاهید هێناوه‌ته‌وه که ده‌ڵێ : " وشه ،کردار نییه " . به بۆچوونی ئێوه کرداری کوردان خۆیان له‌وباره‌یه‌وه ده‌بێ چ بێ ؟
فیلیپسۆن : دیاره شێکسپییر تواناییه‌کی به‌رزی هه‌بووه بۆ جه‌خت کردنه‌وه له سه‌ر پرێنسیپێکی گرینگ . ئاشکرایه کاتێک ده‌ڵێ وشه کردار نین ده‌کرێ ئه‌وه‌ی تێ بخوێندرێته‌وه : قانوونی بنچینه‌یی ڕه‌نگه وشه و گه‌ڵاڵه‌ی زۆر جوانیان تێدابێ سه‌باره‌ت به ڕێزگرتن له چه‌شناوچه‌شنی و مافی مرۆ ، به‌ڵام ڕاستی ده‌کرێ له‌وه زۆر جیاواز بێ.
هه‌ر وه‌ها ئاکادێمیکان که وشان ده‌نووسن له‌وانه‌یه شتی زۆر به که‌لک بکه‌ن که ئه‌وه گرینگه ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له جیهانی ڕاسته‌قینه دا به کرده‌وه ڕوو ده‌دا شتێکی دیکه‌یه . کاتێک من و تووڤێ بۆ به‌شداری له کۆنفڕانسێ پێن دا چووینه ئامه‌دێ ، له به‌ر ئه‌و عه‌لاقه‌یه‌ی بوو که بوومان سه‌باره‌ت به‌و شتانه‌ی که به‌ساڵانه له‌و ناوچه‌یه دا ده‌قه‌ومێن و هه‌ر وه‌ها له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و کۆنفڕانسه خه‌ڵکی له به‌شه جیاوازه‌کانی کوردستان و له پێنی ترک و ڕێکخراوی پێنی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه له ده‌وری یه‌کتر کۆ کردبووه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی حه‌ول بده‌ن یارمه‌تی بکه‌ن به کردار ، به هه‌ڵسووڕان و به ڕاهێزاندنی مافی کوردان له‌و به‌شه‌ی کوردستان.
ئه‌وه خه‌باتێکی درێژخایه‌نه. زۆرێک له‌و باسه ئاکادێمییانه‌ی که پێشکێش کران ،له ماڵپه‌ڕی ڕێکخراوی پێنی کورد دا له ئاڵمان هه‌ن. ئه‌وه ماڵپه‌ڕێکی زۆر باشه و زانیاری زۆر به که‌لکی تێدایه ، مرۆ ده‌کرێ سه‌ر له‌و ماڵپه‌ره بدا و بیان خوێنێته‌وه ، به‌ڵام کردار ئه‌وه‌یه که پێویسته بۆ به‌هێزکردنی ماف و بۆ خه‌بات له پێناو دۆزی مافی مرۆ دا بکرێ
ئه‌من پێم وایه ، له‌و ڕیبازه دا پێداویستیمان به تێئۆری باش هه‌یه. که‌سێکی دیکه‌ی که ئه‌من ده‌مه‌وێ لێره دا قسه‌یه‌کی لێ بگێرمه‌وه پیاوه‌پیره‌ی بواری زمانناسیی کۆمه‌ڵایه‌تی و لێکۆڵینه‌وه‌کانی دوو زمانه‌کی جاشووا فیشمه‌ن ه که لێره دا ده‌نووسێ:
" تووڤێ سکووتناب- کانگاس به بێ گومان یه‌ک له پسپۆره هه‌ره هه‌ڵکه‌وتووه‌کانی بواری "زمانناسیی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌راوردی" وه‌چه‌ی ئێمه‌یه. مرخی وی بۆ بره‌وپێدانی زیاتری ڕه‌زایه‌تی هاوبه‌ش و مۆدێله‌کانی به‌هێزتری په‌روه‌رده‌ی دووزمانه‌کی و به‌رگری کردن له‌و زمانانه‌ی له هه‌ڵکه‌وتی هه‌ره لاواز دا ڕاگیراون به ئاشکرا یارمه‌تی ده‌کا به بنه‌ماکانی حه‌ولی ئاگادارانه بۆ پاراستنی زمان له ڕوانگه‌ی تێئۆرییه‌وه ."
ئێمه پێداویستیمان به تێئۆری باش هه‌یه ، حه‌وجێمان به شیکردنه‌وه‌ی باش هه‌یه. هه‌ر وه‌ک کرده‌وه‌ی باش له مه‌یدانی کرداری دا به مه‌به‌ستی گۆڕینی ئه‌وه‌ی ڕوو ده‌دا، به گوتنێکی دی بۆ ئه‌وه‌ی قسه بکه‌ین به کردار.
ئێمه حه‌وجێمان به که‌سانی ئه‌وتۆ هه‌یه که له باری تێئۆرییه‌وه له زمانناسیی کۆمه‌ڵایه‌تی ئاگاداربن و لێی بزانن. که‌سانی ئه‌وتۆی که پڵان دانانی زمانی بزانن و که‌سانی ئه‌وتۆی که ده‌زانن سیاسه‌تی زمانی چییه . ئاشکرایه له پێوه‌ندی له گه‌ڵ خه‌باتی کوردان دا ، ئێمه حه‌وجێمان به که‌سانی ئه‌وتۆ له نێو کوردان دا هه‌یه که فێری ئه‌و جۆره تێئۆریانه و ئه‌و جۆره لێکۆڵینه‌وه ئاکادێمیکانه بن بۆ یارمه‌تیدان به‌و خه‌باته‌ی که له هه‌ر کام له به‌شه‌کانی کوردستان دا به‌ڕیوه‌یه.
No comments:
Post a Comment