چەواشەکاری گەورەی تێلێڤیزیۆنی فارسیی بی بێ سی سەبارەت بەو زمانە نافارسییانەی لە ئێران قسەیان پێدەکرێ
چەواشەکاری گەورەی تێلێڤیزیۆنی فارسیی بی بێ سی سەبارەت بەو زمانە نافارسییانەی لە ئێران قسەیان پێدەکرێ.
تێلێڤیزیۆنی فارسیی بی بی سی ڕۆژی یەکشەمۆ ٢١-٠٢- ٢٠١٠ لە یەکێک لە بەرنامە پڕ بینەرەکانی دا بە نێوی" نوبت شما" [ نۆرەی ئێوە] بە بۆنەی ساڵوەگەڕی "ڕۆژی نێونەتەوەیی زمانی دایکی" بەرنامەیەکی بە ناوی
" وەزعی زمانە محەلییەکان لە ووڵاتی ئێوە چۆنە؟" پێشکێش کرد و هەر لەو ڕۆژە دا کە گۆیا دەبێ ڕێز لە زمانانی دایکی بگیرێ، ڕۆژێک کە لە لایەن یەكێک لە داو و دەستگا گرینگەکانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ڕێزلێنان لە زمانی دایکی دەستنیشان کراوە،بە نێولێنانی بەلانی کەمەوە دوو زمانی کە لەچوارچێوەی جوگرافیای ئێران دا قسەیان پێ دەکرێ وەک " زمانی "محەلی"،هەست و نەستی بە میلیۆنان ئاخێوی زمانە نافارسییەکانی بریندار کرد.
دە ڕاستیدا ئەو جۆرە بە نێوکردنەی زمانە نافارسییەکان بە هەر مەبەستێک بێ، لە بەر نەزانی گرینگی زمان بۆ هەست و بنیچەی هزری تاک و کۆمەڵ،یان لە بەر فەرق و جیاوازی خستنە نێو زمانان و ئاخێوانیان، بەر لە هەموو شتێکی دیکە بە پێچەوانەی سیاسەتی وەشانگەری دەستگای قسە بڵاو کردنەوەی بی بێ سی خۆیەتی؛ چونکە هەر نەبێ بە یەکێک لەو زمانانەی کە لەو بەرنامەیە دا بە " زمانی محەلی" ناسێندرا،ئەو دەستگایە بەرنامە بڵاو دەکاتەوە ، ئەویش بەرنامەی ڕادیۆیی بە "زمانی ئازەری" یە لە بی بی سی دا،واتە لە لایەکەوە بە بڵاو کردنەوەی بەرنامە بە تورکیی ئازەربایجانی لە بی بی سی دا وا دادەندرێ ئەو دەستگایە ئەو نرخەی بۆ فارسی دادەنێ هەر ئاواش بۆ تورکیی ئازەربایجانی لە بەرچاوبێ، و لەسەرێکی دیکەوە لە بەرنامەیەکی خۆی دا ئەو زمانە وەک "زمانی محەلی" نێوزەد دەکا، ئەمە چەندی بە چەند؟
دە ڕاستیدا هەڵسوڕێنەران و پلان داڕێژانی سەرەکی دەستگای بی بی سی کە نێو ونێوبانگی ئۆبژێکتیڤ بوونیان لە خۆ شەتەک داوە، دەبێ ووڵامی ئەو پرسیارە سەرەکییە بدەنەوە کە چۆنە و بۆچی دوو زمانی ڕەسمی و دەوڵەتیی نافارسی کە لە جوگرافیای ئێران دا قسەیان پێدەکرێ واتە کوردی و تورکیی ئازەربایجانی لە بەرنامە فارسییەکەیاندا بە زمانی " محەلی" دەناسێندرێن، لە کاتێکدا ئاخێوانی ئەو دوو زمانانە واتە هەم کوردی و هەم تورکیی ئازەربایجانی لە ئێران لە ڕووی نفووسەوە ژمارەیان لەئاخێوانی شێوەزارە کوردییەکان لەکۆماری فێدێڕاڵی عێڕاق و لە کۆماری ئازەربایجان زیاترە.
وەک دەزانین زمانی کوردی لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێڕاق دا بە پێی قانوونی بنچینەیی ئەو ووڵاتە بە یەکێک لە دوو زمانی دەوڵەتی و ڕەسمی ناسراوە، زمانی تورکیی ئازەربایجانی لە کۆماری ئازەربایجان دا زمانی دەوڵەتی و ڕەسمی ئەو ووڵاتەیە. بی بی سی لە جیات ئەوەی لە ڕۆژی ڕێزلێنان لە " زمانی دایکی"بێبەشی گەلانی کورد و تورکیی ئازەربایجانی لە ئێران لە سەرەتایی ترین ماف واتە بەکار هێنانی زمانی خۆیان لە هەموو بوارەکانی ژیان دا، بە بیر بهێنێتەوە و، بڵێ ئەو دوو زمانانە لە دراوسێی دیوار بە دیواری ئێران دا زمانی دەوڵەتی و ڕەسمین و دەبێ ئەو ناکۆکییە جێبێ بکرێ،بە نێولێنانی کوردی و تورکیی ئازەربایجانی وەک " زمانی محەلی" هەست و نەستی بە میلیۆنان خەڵک بریندار دەکا.
کەسێک لەماڵپەڕی تێلێڤیزیۆنی فارسی لەو بارەیەوە تێبینییەکی جوانی نووسیبوو: "لە پێشدا با قسەکانتان بۆ ڕاست کەمەوە، لە جیاتی بەکارهێنانی زاراوەی "زبانهای محلی" [ زمانە محەلییەکان] کە سووکایەتی پێکردنە، ووشەی نەتەوەیی بەکار دەهێنم. ئێران ووڵاتێکی "کثیرالمللە" [ فرە نەتەوە] یە نەک " کثیرالمحلە" [ فرە گەڕەک"، فرە خۆجێیی]."
ئەو بابەتە زۆر لەوەگرینگترە مرۆ لێی بێدەنگ بێ.چاوەڕوانی ئەوەیە هۆگران و تێکۆشەرانی مافی وەکوویەکی زمانان چ لە نێو کوردان و چ لە نێو ئازەربایجانیانی ئێران لەو چەواشەکاریە گەورەیەی تێلێڤیزیۆنی فارسی بی بی سی بێدەنگ نەبن و بە ڕێگای کەمپەینی ئیمزا کۆکردنەوە و ئاگادار کردنی نێوەندە جیهانییەکانی پێوەندیدار جارێکی دیکە ئەو ناکۆکییە سەیرەیان وەبیربهێننەوە و بەچاویان دادەنەوە کوا ئەوە ڕەوایە دوو زمان لە جێیەک زمانی پەروەردە، دەوڵەتی و ڕەسمی بن و لە شوێنێکی هاوسێ و هاو دیوار دا ئاخێوانیان لە سەرەتایی ترین مافی بەکارهێنانی ئەو زمانانە بێ بەش بن ؟
حەسەنی قازی
٢٣ی فێڤرییەی ٢٠١٠
1 comment:
be birway min beshi farsi hiç kontoleki le layen berêweberayeti bbc leser niye u ewan nayen dane dane bernamekan u bernamewanekan kontrol ken u deshkrê zor shit le besheda be sudi siaseti gishti bbc nabê u blaw krêtewe.
ew kesaney le beshi farsi bbc da kar deken zor xawin.hem le beshi peshkeshkar da hemish le beshi amadakarda. kesanêk ke lew besheda kar deken zaniari u agadari rojnamevani academikian keme yan niyane.çonêti helbjardinyanish her wek VOA u radio farda be pêy ashnayeti u nziki birura legel serdebirekane. her boye nabê zorman çawarwani lew beshe bê herçend debê bereweberani sereki bbc agadari ew hellane yan aw shewaze reftare regezperestiane bin u ema dabê agadarian keinewe.
Post a Comment