هێندێک نووسراوه‌ی دیکه‌ی نه‌مر لودویک (لویس) ئولسن فاسوم - 5
هێندێک نووسراوه‌ی دیکه‌ی نه‌مر لودویک ( لویس) ئولسن فاسوم – 5
حه‌سه‌نی قازی
یه‌که‌م خانووبه‌ره‌ی کۆمه‌ڵه‌ی میسیۆنی لوتێری ڕۆژهه‌ڵات له سابڵاغێ
له ژماره‌ی 3ی،خولی دووهه‌می کوردستان میشنیری مانگی دێسامبری 1911،وێنه‌ی یه‌كێک له خانووبه‌ره‌کانی میسیۆنی کوردستان بڵاو کراوه‌ته‌وه و له نامه‌یه‌ک دا ل.ئو،فاسوم به وردی به‌شه جیاوازه‌کانی خانووبه‌ره‌که‌یان ده‌ناسێنێ. وێده‌چێ ئه‌وه یه‌که‌م خانووی میسیۆنێره‌کانی ئه‌مریکایی لوتێری له سابڵاغێ بووبێ. له‌و نامه‌یه دا فاسوم ده‌نووسێ:
" سابڵا‌غ، کوردستان، ئێران،
14ی ئۆکتۆبری 1911
برای خۆشه‌ویست ماکێنسن،
له‌گه‌ڵ ئه‌م نامه‌یه دا وێنه‌یه‌کی پێگه‌ی میسیۆنه‌که‌مانت بۆ ده‌نێرم – ئه‌گه‌رچی وێنه‌یه‌کی زۆر ڕوونیش نییه- خانووبه‌ره‌که گڵێنه‌یه. ئه‌و لایه‌ی که به‌لای ڕاستی ده‌رگای نێوه‌ڕاست دایه، واته ئه‌و به‌شه‌ی له پشت دار تووه‌که هه‌ڵکه‌وتووه،به‌شی نه‌خۆشخانه‌ی ئێمه‌یه. ئه‌و ژووره‌ی له سه‌ره‌وه‌ی داڵانه‌که‌ی نێوه‌ڕاسته ژووری نوستنمانه، دیوێکی گه‌وره که که‌وتووه‌ته لای چه‌پی داڵانه‌که دیوی میوانان و وهرگرگهیه و دیوه پچووکه‌که‌ی هه‌ره لای چه‌پیش ده‌فته‌ری کاره و سه‌ره‌وه‌ی ویش دیوی خزمه‌تکاره‌که‌مانه.
وه‌ک ده‌بینی، به‌شی نه‌خۆشخانه ده‌رگای چوونه ژووره‌وه‌ی له‌مه‌ڕ خۆی هه‌یه به لای ڕاستی داره گه‌وره‌که‌دا. له سه‌ره‌وه‌ی ئه‌و ده‌رگای چوونه ژووره‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ش دیوی نه‌خۆشه‌کانمان هه‌ڵکه‌وتووه. ئه‌و زینکه‌ی وێنه‌که‌م له سهرشتووهتهوه باشه به‌ڵام که‌ره‌سته‌ی باشم نه‌بوو بتوانم به‌چاکی ده‌ری خه‌م. حه‌وتووی داهاتوو هێندێک وێنه له سه‌ر کارتی پۆستی دهنمهێنم و هیوادارم ئه‌وان باشتر بن ، ڕه‌نگه بکرێ بیبڕن و که‌لکی لێوه‌رگرن.
کچێکی پچووکی هه‌رمه‌نی که نه‌خۆشی تیفۆئیدی هه‌بوو، بۆ ماوه‌ی حه‌وت شه‌و و حه‌وت ڕۆژ له ژوورسه‌ری بووم و ئاگاداریم لێده‌کرد، به‌داخه‌وه شه‌مۆی ڕابردوو سه‌عات 9.30 به‌یانی گیانی دا. به‌ڕاستیش ده‌تگوت منداڵی خۆمه.هه‌تا بڵێی پێم ناخۆش بوو مه‌رگی ببینم. ئێمه ئه‌وه‌ی له ده‌ستمان ده‌هات کردمان، به‌ڵام کاتێک ده‌ستمان کرد به ته‌داوی کردنی ئیدی نه‌خۆشییه‌که زۆری لێ پیس کردبوو.
به‌یانی له دیوی وهرگرگه وه‌عز داده‌م و منداڵێکی هه‌رمه‌نی غوسڵی ته‌عمید ده‌ده‌م – به هه‌موو توانایی خۆمانه‌وه خه‌ریکی خوێندنی زمانی کوردین. ئێمه باشین. مانگێک زیاتر له‌مه‌و پێش که هه‌ر 4 دۆڵارمان له گیرفانی دابوو لێره بهعهڕزێمان دادا. ئێمه ئه‌وه‌مان به گوێی باوکمان له ئاسمانان هه‌ڵێناوه، که ئاگاداری لێکردووین و چاوی به‌سه‌رمانه‌وه بووه. به دۆستانمان و منداڵانی باریته‌عالا له ئه‌مریکاش ده‌ڵێین، به‌ڵکوو ئه‌و پێیان بڵێ یارمه‌تیمان بده‌ن.
دڵسۆزتان له خزمه‌ت عیسای دا،
ل.ئو.فاسوم
21ی ئۆکتۆبری 1911
خه‌به‌رێکی ناخۆشمان پێگه‌یشت ئیسحاق یوهاننان، که بانگهشدهرێکی خۆجێی ئه‌نجومه‌نی کلیسای سوێدی ئاگوستانا بوو و له دیگه‌ڵه له نزیک ورمێ، ئێران کاری ده‌کرد، له شه‌وی نێوان 19 و 20ی سێپتا‌مبر
( نازانین مه‌به‌ست ڕۆژمێری ڕۆژهه‌ڵاتی یان ڕۆژئاوایی یه. ک.م.) له ماڵه خۆیدا کووژراوه. هێشتا ورده ڕیشاڵی ئه‌و مرۆکوژییه ڕوون نییه. ئێمه تا چه‌ند ڕۆژی دیکه به‌ره‌و ورمێ ده‌چین بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ڕووداوه بکۆڵینه‌وه.
***********************
ئاڵۆزی و بشێوێنی سیاسی له زیاد بوون دایه. هه‌ر دووک لا، هه‌م جه‌ماوه‌ری خه‌ڵک و هه‌م شا (مه‌به‌ست محه‌مه‌د عهلیشای قاجاره. ح.ق) به خوێنی سه‌ری یه‌کتری توونین. ده‌ڵێن شا دیسان ناچار کراوه هه‌ڵێ، یان دروستتر نه‌یتوانی له سه‌ر ته‌ختی پاشایه‌تی دانیشێته‌وه و ئێستا خه‌ڵک خه‌ریکی ڕاوه‌دوونانی لایه‌نگرانی شان. هه‌ر خوڵا بۆخۆی ده‌زانێ دادێ چی به‌به‌ره‌وه‌یه بۆ خه‌ڵکی نه‌داری ئێران. ده‌بڵا ئێمه وه‌ک باڵوێزه‌کانی وی بتوانین هێندێک تین و گه‌رمای ئاشتی و خۆشی هه‌ر نه‌بێ بۆ هێندێکان دابین بکه‌ین و ده‌بڵا ئه‌و کاره‌ی ئێمه ده‌یکه‌ین هه‌ر گه‌وره و گه‌وره‌تر بێته‌وه و باوه‌ش له هه‌زاران و سه‌دان هه‌زاران وهربێنێ! ئێمه به‌ر له هه‌موان خۆمان به ته‌وه‌کولی خوڵای ده‌سپێرین که هه‌ر ئه‌وه ده‌توانێ پشتیوانی له کاره‌کانمان بکا، به دووی وی‌دا دۆستانی ئێمه‌ن که ئێمه‌یان له‌بیره و ده‌بێ ئه‌وانیش ده‌سته‌وداوێنی بن بۆ ئه‌وه‌ی پشتیوانیمان لێ بکا، هه‌ر وه‌ها ئه‌وه‌شیان له بیر بێ که پێداویستیمان به یارمه‌تییانه بۆ ئه‌وه‌ی بژین و کار بکه‌ین.
ف.
No comments:
Post a Comment