باسی کوردستان له ڕۆژنامه‌ی "آذربایجان" دا - 14، مانۆڕی هێزی فیدایی
ڕۆژنامه ئازه‌ربایجان له ژماره‌ی 184 ی خۆیدا (یه‌کشه‌مۆ 8ی بانه‌مه‌ڕی 1525ی هه‌تاوی) له ژێر سه‌رباسی ده‌نگ و باسی وڵات دا ده‌نووسێ: " سه‌رۆکوه‌زیرمان له گه‌ڵ پێشه‌وای گه‌لی کورد سه‌ر له ته‌شکیلاتی ئه‌ڕته‌ش ده‌دن". ڕۆژی پێنجشه‌مۆ (5ی بانه‌مه‌ڕی 1325) دانی به‌یانی جه‌نابی سه‌رۆکوه‌زیر و پێشه‌وای گه‌لی کورد حه‌زره‌تی ئاغای قازیی محه‌مه‌د له گه‌ڵ سه‌رانی دیکه‌ی فیرقه و وه‌زیره‌کان بۆ سه‌ردان له ته‌شکیلاتی قوشوون ته‌شریفیان برد بۆ شاگۆلی.
له پێده‌شته‌کانی ده‌وروبه‌ری شاگۆلی دا تۆپچییه‌کان مانۆری عه‌مه‌لییاتی شه‌ڕیان به‌ڕێوه‌برد. ئه‌وان له ماوه‌یه‌کی که‌متر له چل ڕۆژ دا ئه‌و سه‌رکه‌وتن و لێزانییهیان که له بواری تۆپ هاویشتنهوهبه ده‌ستیان هێناوه نمایش کرد.
تۆپچییه‌کان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش، له‌و دواییانه دا ته‌دریبیان ته‌واو کردووه هه‌موو ئه‌و نیشانانه‌ی دایان کردبوو ده‌ئه‌نگاوت و له له‌لایه‌ن ئاماده بوانه‌وه ته‌شویق ده‌کران.
دوای ته‌ماشا کردنی مانۆره‌کان سه‌رۆکوه‌زیر و جه‌نابی ئاغای قازیی محه‌مه‌د له ده‌وری ئه‌و مێزه‌ی که له ده‌ره‌وه و هه‌وای ئازاد دا ته‌رتیب کرابوو له که‌شوهه‌وایه‌کی سه‌میمی دا دانیشتن و دوای تاوێک حه‌سانه‌وه ته‌ماشای ته‌قه‌ی تۆپچییه‌کانیان له‌و نیشانانه‌ی کرد که له پشت کێوی داکرا بوون.
ئاغای قازیی محه‌مه‌د چالاکییه‌کانی گه‌لی ئازه‌ربایجان و توانایی عه‌سکه‌ریی ئازه‌ربایجانییه‌کانی له ماوه‌یه‌کی ئاوا کورت دا ته‌قدیر کرد و سه‌باره‌ت به داهاتووی دۆستایه‌تی نێوان گه‌لی کورد و گه‌لی ئازه‌ربایجان و پته‌و کردنی ڕشته‌ی یه‌که‌تی ئه‌و دوو نه‌ته‌وه‌یه نوتقێکی ئیراد کرد.دوایه سه‌رۆکوه‌زیر و ئاغای قازیی محه‌مه‌د سه‌ریان له مه‌دره‌سه‌ی ئه‌فسه‌ری، فابریکه‌کان و ته‌شکیلاته‌کانی دیکه‌ی ئه‌ڕته‌ش دا."
ڕۆژنامه‌ی کوردستان یش باسی ئه‌و سه‌ردانه‌ی کردووه و له (ژماره‌ی 44،دووشه‌مۆ 16ی بانه‌مه‌ڕی 1325)دا هاتووه " حه‌زره‌تی پێشه‌وای کوردستان ده‌گه‌ڵ جه‌نابی سه‌رۆک وه‌زیری ئازه‌ربایجان به سازمانی هێز سه‌رکه‌شیان کرد. ڕۆژی 5شه‌مۆ 5-2-25 حه‌زره‌تی پێشه‌وای کوردستان ده‌گه‌ڵ جه‌نابی سه‌رۆک وه‌زیر و باقی وه‌زیرانی ئازه‌ربایجان و سه‌رانی فیرقه‌ی دێمۆکڕات چوونه شاه گۆلی و هێزی ئازه‌ربایجانیان سه‌رکه‌شی کرد."
هه‌ژاریش له "چێشتی مجێو‌ر " دا باسی بۆنه‌یه‌ک ده‌کا که هه‌ر ده‌بێ هه‌ر ئه‌و ڕۆژه بووبێ: " .... بۆ دووهه‌م جار پیشه‌وه‌ریم دیت. مانۆرێ هیزی ئازه‌ربایجان له نزیک ته‌ورێز بوو، پێشه‌وا منیشی ده‌گه‌ڵ خۆی برد. له ده‌می نیوه‌ڕۆژ خواردندا، من شێعرێکم ده‌رباره‌ی برایه‌تی کورد و ئازه‌ربایجانی خوێنده‌وه که بۆ پیشهوهریان ته‌رجه‌مه ده‌کرد. به لایه‌وه خۆش هات، لیوانێک ئابجۆی به ده‌ستی خۆی بۆ هێنام، وه‌رم نه‌گرت که عاده‌تم به مه‌شرووب نییه. حه‌مه حوسێن خان لێم تووڕه بوو که چۆن له ده‌ستی پیشه‌وه‌ری وه‌رناگری؟ به‌ڵام فایده‌ی نه‌بوو. وه‌رم نه‌گرت."
( چیشتی مجێو‌ر، لاپه‌ڕه‌ی ٧٩)
3 comments:
ده‌ست خۆش ماندوونه‌بی زۆروب سایتێکی به‌که‌ڵکه
ده‌ست خۆش ماندوونه‌بی زۆروب سایتێکی به‌که‌ڵکه
ده‌ست خۆش ماندوونه‌بی زۆروب سایتێکی به‌که‌ڵکه
Post a Comment