باسی کوردستان له ڕۆژنامه‌ی "آذربایجان" دا - 16
باسی کوردستان له ڕۆژنامه‌ی آذربایجان دا (16)
آذربایجان، ژماره 193،چوارشه‌مۆ 18ی بانه‌مه‌ڕی 1325ی هه‌تاوی/ 8-ی مه‌ی 1946
"آذربایجان" له‌و ژماره‌یه دا باسی نیشاندانی دوو نمایشنامه و دانانی پێشانگه‌ی کاری ده‌ستی له لایه‌ن خوێندکارانی مه‌دره‌سه‌ی سه‌نعه‌تی ( هونه‌ری) ته‌ورێزی بڵاو کردووه‌ته‌وه. به پێی ئه‌و خه‌به‌ره پێشه‌وا قازیی محه‌مه‌د له ڕۆژی 16ی بانه‌مه‌ڕ ئه‌و نمایشانه‌ی ته‌ماشا کردووه و دوایه سه‌ردانی پیشانگه‌ی کاری ده‌ستی قوتابیانی مه‌دره‌سه‌ی سه‌نعه‌تی کردووه. آذربایجان ده‌نووسێ:
"نیشاندانی نمایش له ساڵۆنی فیرده‌وسی ته‌ورێز
به بۆنه‌ی کرانه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بی مه‌دره‌سه‌ی سه‌نعه‌تی، به ڕێنوێنی ئاغای به‌راده‌رانی ته‌باته‌بایی قوتابیانی مه‌دره‌سه‌ی سه‌نعه‌تی نمایشنامه‌ی سوڵتان مه‌حموودی غه‌زنه‌وی و نمایشێکی ته‌ک په‌رده‌ییی به نێوی (تاجری کووله‌که)یان ئاماده کرد و رۆژی 14 و 15ی مانگ بۆ شاگردانی مه‌دره‌سه و له 16ی مانگیش بۆ هه‌یئه‌تی ده‌وڵه‌ت و ڕووناکبیرانی ته‌ورێزیان نمایش کرد.
به‌ر له‌وه‌ی پهڕدهی شانۆ لابدرێ به‌ڕێوه‌به‌ری مه‌دره‌سه‌ی سه‌نعه‌تی ئاغای موهه‌ندیس جه‌وادی فه‌لاحی سپاسی هاتنی میوانانی کرد دوایه کورته مێژووی 11 ساڵه‌ی ئه‌و مه‌دره‌سه‌یه‌ی باس کرد. سه‌عات چوار ونیو نمایش ده‌ستی پێ‌کرد. قوتابیان ده‌وری خۆیان زۆر چاک گێڕا و ته‌ماشاچییه‌کان به گه‌رمی ته‌شویقیان کردن.ئه‌و شاگردانه‌ی له‌و نمایشانه دا به‌شدار بون بریتی بوون له بێهرووزی شکووهی، خانمی عالییه‌ی عیبادی، نگینی سه‌ڵماسی، سورخابی، ڕزایی ، فهرتاش و مووسه‌وی و چه‌ند که‌سی دیکه که زۆر به سه‌رکه‌وتووانه ده‌وری خۆیان پێشکێش کرد. دوای ته‌واو بوونی نمایشه‌کان، قوتابیان له ئاماده بووانیان گێڕاوه له ساڵۆنێکی دیکه سه‌ردانی پێشانگه‌ی کاری ده‌ستیی ئه‌وان بکه‌ن.
به‌رله هه‌موان جه‌نابی ئاغای قازیی محه‌مه‌د و ئاغای بی ریا و ئاغای که‌بیری چوونه ئه‌و ساڵۆنه و ته‌ماشای ئه‌و کاری دهستییانهیان کرد که له پێشانگه‌که دا داندرابوون. له لایه‌ن شاگردانهوه قوتووه سیغارێک که به زه‌رافه‌تێکی تایبه‌تییه‌وه ساز کرابوو پێشکێشی جه‌نابی قازی کرا."
تێبینی: پۆرتره‌ی پێشه‌وا قازیی محه‌مه‌د به سپاسه‌وه له ماڵپه‌ڕی " آذربایجان دموکراتلاری اینترنت نشریهسی" وه‌رگیراوه. ئه‌م لینکه ڕێنوێنیتان ده‌کا بۆ ئه‌و ماڵپه‌ره:
http://www.azer-online.com/azer/
No comments:
Post a Comment