Tuesday, July 5, 2016

وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا . زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی ، دوشەمە ٢٧، سێشەمە ٢٨ ، چوارشەمە ٢٩ ی ژووەن و جومعە ١-ی ژووییەی ٢٠١٦


دووشە مە ٢٧ –ی ژووەن ٢٠١٦
ئێلیزابێت تروودۆ
 بەڕێوەبەری ئیدارەی چاپەمەنی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
 زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
 واشنگتن ، دی .سی


 پرسیار: حکوومەتی ئێران ناوچە کوردییەکانی لە باکوور [ی عێڕاق] تۆپ باران کردووە بە لانی کەمەوە ٥ کەسی مەدەنی بریندار کردووە کە منداڵیشیان دەناو دایە. ئایا ئێوە ڕاپۆرتی مێدیاکانتان لەوە بارەیەوە دیتووە و چ – تان هەیە لەو بارەیەوە بیڵێن

 
خانمی تروودۆ: ئەدی – ئەمن دیتوومە ، سپاس بۆ ئەو پرسیارە. ئەمن ئەو ڕاپۆرتانەم دیتووە. ئێمە لە هەڵوێستێکی ئەوتۆ دانین کە ئەوانە تەئیید بکەین.ئەمن داوات لێ دەکەم لەو بارەیەوە لە حکوومەتی عێڕاق و هەر وەها لە کاربەدەستانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرسیار بکەی.

پرسیار: بەڵام ئەگەر ئەوە ڕووی دابێ، کە وێنە هەنە – وێنەی خەڵکی مەدەنی

 
خانمی تروودۆ: بەڵێ، وەک من گوتم ، ئەمن ئەو ڕاپۆرتانەم دیتووە -

پرسیار : باشە -

خانمی تروودۆ: بەڵام من ناتوانم ئەو ڕاپۆرتانە تەیید بکەم

 پرسیار: باشە. پرسیار: سەبارەت بە کوردستان . تا ئەو جێگەیەی ئێوە عەلاقەدار بکا ئەگەر بەرەوپێشچوونێکی سەرەکی لە وێ ڕوو بدا ؟ گەلۆ ئەوە [ کێشەکان] ئالۆز دەکا

  
خانمی تروودۆ: دیسان ، ئەمن ناتوانم ئەوە تەئیید بکەم. هەر وەک باسمان کرد، تەنیا شتێکی کە دیبێتم ڕاپۆرتە مێدیاییەکانە، جابۆیە ئەمن لە دۆخێکی ئاوا دا نیم بە چاک و خراپ لەو بارەیەوە هیچ بڵێم.

پرسیار: بەڵام ئێران – حکوومەتی ئێران گوتوویەتی – تەئییدی کردووە کە ئەوان ئەوە دەکەن ، و ئەوان گوتوویانە – ئەوان بە دوای سەرهەڵداوە کوردەکانی دژی ئێران دا دەگەڕێن.

خانمی تروودۆ: همممممممممممم. لە و بارەیەوە ئەمن داوات لێ دەکەم -

 
پرسیار: هەم حکوومەتی ئێران ، هەم حکوومەتی کورد ، هەر دووکیان تەئییدیان کردووە کە لە ڕاستییدا ئەو تۆپبارانانە ڕوویانداوە

خانمی تروودۆ: ئەمن داوات لێ دەکەم لەو بارەیەوە لەگەڵ حکوومەتی عێراق ، و وەک گوتم لەگەڵ کاربەدەستانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بدوێی!





سێشەمە ٢٨- ی ژووەنی ٢٠١٦
مارک سی . تونر جێگری قسەوێژی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
واشنگتن ، دی سی
پرسیار: دوایین پرسیار ، باشە . ئێران دەستی کردووە بە بۆمبارانی سنوورەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان -
ئاغای تونر : ئێ
پرسیار: - نەک هەر سنوورەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان . و دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سەر ئەو مەسەلەیە چی پێیە بیڵێ؟ 

ئاغای تونر: پێم وایە ، ڕاشکاوانە ، ئێلیزابێت دوێنی باسی ئەوەی کرد. ئێمە ئاگامان لە ڕاپۆرتی لە مەر [ ئەو ڕووداوە ] هەیە ، بەڵام هیچ شتێکی تایبەتی ترم لەو بارەیەوە لا نییە ئێستا لەم وەختە دا لە گەڵتی بەش بکەم . بەڵام کاتێک شتێکمان هەبێ ، ئەمن پێت دەڵێم و ئاگادارت دەکەم. باشە ، سپاستان دەکەم جەماعەت ، لێم ببورن پەلەمە دەبێ بڕۆم.

چوارشەمە ٢٩ – ی ژووەنی ٢٠١٦
مارک سی . تونر
 جێگری قسەوێژی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
واشنگتن ، دی سی

پرسیار: ئەوەی کە تورکەکان خەریکی لێکۆڵینەوە [ لە سەر هێرش و تەقینەوە بۆ سەر فڕۆکەخانە ئەسنەبووڵ] ن و هەتا ئێستا کەس نەیتوانیووە دیاری بکا کە کێ بەرپرسیارە، بەڵام هەمووان دەڵێن ئەوە نێشانەکانی هێرشێکی دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام ی پێوە دیارە. ئایا گریمانەی حکوومەتی ئەمریکاش هەر ئەوەیە؟ ئایا حکوومەتی ئەمریکا ئەگەری دەست تێدابوونی پ.ک.ک. یان ئەو گرووپانەی دیکەی کە جۆرە ناڕەزایەتییەکیان بە دژی حکوومەتی تورکییە هەیە بەرپەرچ دەداتەوە؟

 ئاغای تۆنر: بە دڵنیاییەوە. ئەوە پرسیارێکی بەجێیە کە ئەمن دوودڵم لەوەی ووڵامی بدەمەوە چونکە ئەگەر ئەوە بکەم وا دەردەکەوێ من بەم لا یان لایەکی دیکەی دا بەرم. ، و ئەمن زۆر دوودڵم کە لێبڕاوانە باسی ئەوە بکەم و بڵێم ئێمە پێمان وایە کێ لە پشت ئەو ڕووداوەیە. بەڵام ئەمن پێم وایە لەهەموو جۆرە لێکدانەوەیەکی ئەو جۆرە دا، پسپۆڕان ، واتە ئەو خەڵکەی کە بە دووی بابەتی ئاوا دا دەگەڕێن و چاو لەو لێکۆڵینەوانە دەکەن یان چاو لەو هێرشانە دەکەن و توانایی ئەوەیان هەیە کە نیشانەکانیان بناسنەوە یان لە ڕەوتی هێندیک گرووپان ئاگادارن لە سەر گرووپی دیکە و ئەوەی کە ئەوان چۆن هێرشەکانیان ئەنجام دەدەن – ئەوەیە- بۆچوونی ئەوەی کە کێ یە و کێ نییە باسی لێوە دەکرێ. بەڵام ئەمن پێم وایە ئێمە دەبێ بهێڵین کە - ئیمە ئەوەشمان دیتووە کە بە دوای ئەو جۆرە ڕووداوانە دا ئاماژە بەرەو لای دی دەچێ. جا بۆیە ئێمە لەو بارەیەوە بە ئیحتیات بووین . و ئێمە ڕێزمان لە بەر بووە و بیرمان لەو ڕاستییە کردووەتەوە کە هێرشێک کراوەتە سەر شارومەندانی تورک یان گەلی تورک لە تورکییە ، و لە ڕاستییدا ئی ئەوانە – ئەوە لێکۆڵینەوەیەکە کە ئی ئەوانە و خۆیان دەیکەن.

 پرسیار: و بە لە بەر چاو گرتنی ئەوەی کە وا وێدەچێ ئەوانەی کە کووژراون تورک بن ، ئایا هیچ نیشانەیەکی بە بیرهێنەرەوەی ئارامی ئەوتۆ هەیە – ئەگەر من بتوانم ئەو دەربڕینە بەکار بهێنم – بەلای حکوومەتی تورکەوە کە بڵێ وێدەچێ ئەوە کاری دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام نەبێ بەڵکوو کاری جیاوازیخوازە کوردەکان بێ ، وەک نموونەیەک - و ئەوەی کە حکوومەت ئەو هێرشەی دوێنێ نەکاتە بیانوویەک بۆ سەرکوت کردنی ئازادییە مەدەنییەکان؟

ئاغای تونر: دەزانی . یەکەم ، ئێمە هیچ کردوەیەکمان لە حکوومەت [ ی تورکییە ] وە نەدیتووە کە بیسەلمێنێ بەرەوە ئەو ئاڕاستەیە بچێ. ئەمن زۆر دوودڵم کە ووڵامی ئەو پرسە بدەمەوە یان ووشداری بدەم بە حکوومەتی تورک، کە ئێستا ،ڕاست دوای ئە هێرشە تێڕۆریستی یە ، ئاشکرایە خەریکی وەخۆ هاتنەوە ، و خەریکی پێوەچارانە بە هێمنی شارومەندەکانی، و بە هەموو حیسابێک تەواو لێکۆڵینەوەیەکی باش دەکا دەستبەجێ دوای ئەو ڕووداوە. با بێڵین لێکۆڵینەوەکە بەڕێوە بچی و ئاکامی ڕوون بێتەوە. ئەمن پێم وایە ئەوە کارێکە کە دەستەڵاتدارانی تورک دەیکەن. و با بزانین چۆن دەبێ. تکایە، ئێوە لە پشتەوە، دوێنێ پرسیارێکتان کرد و پێ ڕانەگەیشتم ووڵام بدەمەوە. داوای لێ بوردن دەکەم.

 پرسیار: زۆر سپاستان دەکەم. عەقڵی سەلیم دەڵێ یەک لەو کێشانەی ئەمریکا بوویەتی لە شەر بە دژی داعش لە ناوچە دا ئەوەیە کە تورکییە کوردەکانی پێ گیروگرفتێکی گەورەتر بووە لە داعش. ئەتۆ پێت وا یە یەک لە ئاکامە پۆزیتیڤەکانی ئەو تڕاژێدییەی دوایی ئەوە بێ کە تورکییە ڕەنگ بێ هەڕەشەی داعش زۆر بە جیدیتر بگرێ و کێشەی کوردەکان کەمتر – و سەرەتی پێدانەکانی بگۆڕێ و داعش بە هەڕەشەی ژمارە یەک دا بنێ و کوردەکان بە مەسەلەیەکی کەمتر لە بەرچاو بگرێ بۆ ئانکارا؟

ئاغای تونر: باشە – چەند بیرێک لە سەر ئەو پرسیارە. یەکەم ئەوەیە کە قسەکەت ڕاستە – و ئێمە لەم دیوە زۆر جار لەمەڕ نیگەڕانییە ڕاستەقینەکانی تورکییە دواوین سەبارەت بەو هێزە کوردانەی کە لە باکووری سوورییە عەمەلییات دەکەن ، و بە ڕاشکاوی بڵێم ، پشتیوانی ئێمە لەو هێزە کوردانەیە کە ، بە ڕاستی هیزی زۆر بە توانان بۆ هەڵکەندن و جێ پێ لێژکردنی داعش لە باکووری سوورییە. و ئێمە زۆر ڕاشکاو بووین بە تێگەیشتن لە نیگەرانییەکانی تورکییە لە لێدوانەکانمان لە گەڵ تورکییە دا سەبارەت بەو نیگەرانیانە. جا بۆیە ئەمن نامەوێ لێرە دا ئەو نیگەرانیانە کەم کەمەوە یان بە هێندیان نەگرم. و ئەو هەڵوێستەی ئێمەش زۆر ڕوون بووە سەبارەت بەوەی کە ئێمە پ.ک.ک. وەک ڕێکخستنێکی تێڕۆریستی بێگانە دەبینین ، و ئاوا ، ئێمە لەگەڵ تورکییە کار دەکەین بۆ شەڕ کردنیان، بەڵام ئێمە سنوورێکی ئاشکرا دەکێشین لە نێوان پ.ک.ک و کورەکانی سوورییە دا ، و هەر وەک گوتم، کە ئەوان بەشێکن لە زۆر لەو گرووپانەی کە بە دژی داعش شەڕ دەکەن لە باکووری سوورییە. ئەمن هەر وەها ناشمەوێ کە دەوری تورکییە لە ئیتیلافی دژی داعش دا کەم کەمەوە یان جەختی لە سەر نەکەمەوە. ئەمن پێم وایە کە ئێمە لە ماوەی – بە دڵنیاییەوە لە ماوەی ساڵی ڕابردوو دا پێشوەچوونی ڕاستە قینەمان بووە بۆ کار کردن لەگەڵ تورکییە بۆ ئەوەی گوشارێکی زیاتر بهێنینە سەر داعش لە باکووری سوورییە، بە دڵنیاییەوە لە بەر ئەوەی کە ئەوان ڕێگایان پێ داین پێگەی هەوایی ئینجیرلیک بەکار بهێنین. ، هەر وەها کار کردن بۆ بەستنی پێم وایە ٩٨ کیلۆمێتری سنوور کە سەلماندوویە ئەلناگارییەک بووە. جا بۆیە ئەوانە گشتیان ئەلنگاری ڕاستەقینەن. و هەر وەک سەفیر سام پاور گوتی هەر چەند سەعات لەمەو بەر – لە چاوپێکەوتنێک دا ، با لە بیرمان نەچێ کە تورکییە باوەشی زۆر کردووەتەوە بۆ بە میلیۆنان پەنابەر کە لە سوورییەوە لە سنوورەکانی پەڕیونەتەوە و ڕژاوانەتە تورکییە و ئەوانی حاواندۆتەوە. جا بۆیە تورکییە دەورێکی گرینگ دەگێڕێ لە پێوەندی لەگەڵ سوورییە دا، سەبارەت بەو کێشەیەی لەوێ لە گۆڕێ دایە ، چ ئەو گیروگرفتەی لە لایەن ڕێژیمی ئەسەدەوە بووە و چ لە لایەن داعشەوە. جا بۆیە ئەمن نامەوێ ئەوە بە هێند نەگرم. بەڵام ئەوان، وەک زۆر لە ووڵاتەکانی ناو ئیتیلاف ، - جار جار سەرەتی پێدانی جیاوازیان هەیە ، بیر و بۆچوونی جیاواز کە چۆن ئەو کارە بکرێ و ئەوە شتێکە کە ئێمە لە سەری لە پێوەندیی بەردەوام داین لەگەڵێان و کار دەکەین بۆ ئەوەی هەماهەنگییەکی باشترمان لە نێوان دا بێ.





جومعە، ١-ی ژووییەی ٢٠١٦
جان کیربی
 قسەوێژی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
 زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
 واشنگتن ، دی سی

پرسیار: ئەمرۆ، کەسی ژمارە دووی ئەڕتەشی ئێران [ مەبەستی سپای پاسداران ە، وەرگێڕ ] هەڕەشەی هێرشی کرد بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە باکووری عێڕاق. و ئەوە بە دوای چەندین ڕۆژ تۆپبارانی پەیتاپەیتای گوندەکانی سەر سنورەوە دێ لە لایەن ئێرانەوە. ئەمن لەو بارەیەوە پرسیارێکم هەیە لە دوو بەش پێک دی. لە کاتێک دا تۆپ بارانی گوندە کوردەکان  و هەرێمی کوردستان بە دەست ئێرانییەکان بەردەوام بوو ، حکوومەتی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هیچی نەگوت. لە ڕاستییدا ، تەنانەت هەر ئاماژەیەکیشی نەکرد لە مەڕ ئەوەی کە ڕووی دەدا . جا بەشی یەکەمی پرسیارەکەی من ئەوەیە ئێوە پێتان وایە ئەوە جۆرە ناکارا بوونە – چاو قووچاندن لەوەی کە ئێران دەیکا  لەوانەیە یارمەتی کرد بێ بە چر بوونەوەی هەڕەشە لە لایەن ئێرانەوە؟ و دووهەم، بەشی دووهەمی پرسیارەکەی من ئەوەیە: ووڵامی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چییە بۆ هەڕەشەی ئەمڕۆی ئێران؟
ئاغای کیربی:  ئەمن نە ڕاپۆرتەکانی سەبارەت بە تۆپ بارانم دیتووە و نە ئەو قسەی هەڕەشە کردنەم بیستووە کە ئەتۆ ئاماژەی پێ دەکەی، - بەڵام – ڕێگەم بدا با بچم لێی بکۆڵمەوە بزانم ئێمە سەبارەت بەو دوانە چ دەزانین. بەڵام – ئەو تەسەورەی کە ئێمە  بە جۆرێک چاو بقووچێنین  لە  هەر چالاکییەکی ئارامی تێکدەر کە لەوانەیە ئێران بیکا تابڵۆیەکی دروست نییە. مەبەستم ئەوەیە بڵێم، ئێمە لە بەر چاوی دەگرین – دیسان ، ئێستا ، ئەمن چ ووردە ڕیشاڵیکی ئەوەم لە بەر دەست دا نییە و ئەمن هەر وەها  داوات لێ دەکەم لەو بارەیەوە لە گەڵ وەزارەتی بەرگری و هەر وەها ئیتیلاف یش پێوەندیی بکەی. ووردە ڕیشاڵی عەمەلییاتی لە بەر دەست من دا نییە  لەو بارەیەوە ، بەڵام ئەو تەسەورەی کە ئێمە بە جۆرێک دەستی ئێرانمان کردووەتەوە لە هەرێم دا بۆ ئەوەی هەرچییەکی بییەوێ بیکا لە بناوانەوە دروست نییە.
پرسیار: ئایا هیچ بۆچوونێکی تازەت هەیە  سەبارەت بەو قانوونەی کە دوێنێ درەنگی شەوێ پارڵمانی تورکییە پەسندی کرد بۆ سازدانەوەی بەشی قەزایی؟

.       ئاغای کیربی : لە ڕاستییدا  ئێمە ئاگامان لە پەسند کرانی دوو پێشنیار بڕیار هەیە لە لایەن پارڵمانەوە بۆ پێداهاتنەوە بە پلەی دوو لە دادگە هەرە بەرزەکان کە وا بزانم ئێستا ئەو بڕیارە دەنێردرێ بۆ سەرۆک کۆمار ئەردۆغان کە ئیمزایان بکا. دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە قووڵی لەوە نیگەرانە کە توانایی بەشی قانوون دانان  سەربەخۆیی بەشی قەزایی لە تورکییە  کەم بکاتەوە و لاوازی بکا و بیخاتە بەر گوشاری لەزێدەی سیاسی. ئێمە باوەڕمان وایە سیستمێکی قەزایی سەربەخۆ، بەو شێوەیەی کە قانوونی بنچینەیی تورکییە لەبەر چاوی گرتووە  گرینگە بۆ حکوومەتی قانوون، بەرەوژوور بردنی فەزایەکی عادڵانە و شەففافی بازرگانی و سەربەخۆیی ئەو هێزە ئەستوونێکی سەرەکی دێمۆکڕاسییەکی ساغلەمە. وەکوو دۆستێک و هاوپەیمانێکی تورکییە، ئێمە ڕێفۆرمە قەزاییەکان لە تورکییە لە نزیکەوە دەشۆپێنین  بۆ ئەوەی بزانین ئەوان چەندە لەگەڵ نرخە دێمۆکڕاتیکە هاوبەشەکانمان دەگونجێن. 









No comments: