Tuesday, July 5, 2016

چاوپێکەوتن لەگەڵ دوکتور جەبار قادر نووسەر و مێژووناس سەبارەت بە کورتە مێژووی کۆڕی زانیاری و ئاکادێمیای کوردی و هەر وەها باری کەرکووک

چاوپێکەوتن لەگەڵ دوکتور جەبار قادر نووسەر و مێژووناس سەبارەت بە کورتە مێژووی کۆڕی زانیاری و ئاکادێمیای کوردی و هەر وەها باری کەرکووک

بینەرانی خۆشەویست بە خێر بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی  'ڕاوێژ '. لە بەرنامەی ئەمجارە دا میوانداری دەکەین لە دوکتور جەبار قادر کە بۆخۆی نووسەر و مێژووناسێکە و ئێوە لە ئەکرانی زۆر تێلێڤیزیۆنی کوردی دا دیوتانە، پێشتر وەک مێدیاکاریش کاری کردووە.
قازی: زۆر زۆر بەخێرێی کاک دوکتور جەبار قادر
ج.قادر: زۆر سپاس
قازی: وەک دەزانی لەو ساڵانەی دواییدا  لە باشووری کوردستان ئاکادێمی کوردی ساز بووە. پێم خۆش بۆ ئەوەی وەچەی ئێستاش ئاگادار بن هێندێک لە سەر پێشینەی  دەزگایەکی کە لە سەر کاروباری کولتووری [ فەرهەنگی ] لە باشووری کوردستان کار دەکا بدوێین چونکە پێم وایە لە وەتا  دامەزرانی ڕێژیمی عێڕاقەوە لە ڕێژیمەکانی عێڕاق دا ، دیارە پێش ساڵی ٢٠٠٣ ، هێندێک دەرفەت هەبووە بۆ پاراستن کولتوور و زمانی کوردی . ئەگەر دەکرێ هێندێک زەمینەی تاریخییەکەی باس بکەی و لە دوایش دا دێینە سەر مەسەلەی کەرکووک.
ج.قادر: پێش هەموو شتێک زۆر سپاس بۆ جەنابت، بۆ تێلێڤیزۆن و کاتێکی خۆش بۆ بینەرانی بەڕێز. ئەوەی ڕاست بێ هەر لە سەرەتای بڵێێن لکاندنی باشووری کوردستان بە عێڕاقەوە کۆمەڵێک مەرج هەبوو بۆ ئەوەی کە ویلایەتی مووسڵیان پێ دەگوت و ئێمە پێی دەڵێین باشووری کوردستان کە دەخرێتە سەر عێڕاق، حکوومەتی عێڕاق دەبێ کۆمەڵێک مەرج جێ بە جێ بکا. ئەو مەرجانە پێوەندییان بە زمانی کوردییەوە هەبوو، بە پەروەردەی کوردییەوە هەبوو ؛ بە کار هێنانی زمان  لە دەستگاکانی پەروەردە دا ، دەستگاکانی دادگا دا. جا لەو بوارە دا ئەمە لە بیستەکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستی پێکردووە، بەڵام حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێڕاق بێ ئەوەی بکەوینە ووردەکارییەکانەوە – چونکە باسێکی مێژوویی درێژە - ، حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێڕاق لە سالانی سییەکانەوە لە دوای ئەوەی عێڕاق بوو بە ئەندامی کۆمەڵەی گەلان ئیتر ڕۆژ بە ڕۆژ دەستیان کرد بەوەی کە ئەم مافانەیان لە کورد زەوت بکەن ، هەتا وای لێ هات لە کۆتایی دا تەنها خوێندنی کوردی لە ناوەندی سلێمانی و لە ناوەندی هەولێر و لە هەندێک جێگا ما و ئەوانەی لە کەرکووک و لە مووسڵ و با بڵێین ئەو ناوچە کوردیانەی سەر بە  پارێزگای مووسڵ بوون لەوانە هەموویان نەمان ، ئەو شتانە ، جا ئەمە لە دوای ئەوەی بزووتنەوەی سیاسی کورد دەستی پێکردەوە و حکوومەتەکانی عێڕاق بڵێین لە حکوومەتی عەبدولکەریم قاسمەوە کە دانی بە شەراکەتی کورد و عەڕەب دانا و یەعنی هەندێ مافی کولتووری دانی پێدا نرا، بەڵام لە ساڵی ١٩٦٩ دا کە بەعسییەکان بۆ جاری دووەم هاتنەوە سەر دەسەڵات هەندێک دەرسیان لە هاتنی یەکەمیان وەرگرتبوو کە ؛ لە ٨-ی شوباتی ١٩٦٣ دا بوو.  لەو کاتە دا وەک هەمووی لە مێژوو دا تۆمار کراوە ڕێژیمێکی زۆر خوێناوییان هێناوە کایەوە لە ماوەی ٩ مانگ دا کوشتارێکی زۆریان کرد لە بەرانبەر کۆمۆنیست، لە بەرانبەر کورد ، لە بەرانبەر هەموو ئەو کەسانەی کە بیروڕایەکی جیاوازیان هەبوو؛ دێمۆکڕاتەکان. لەبەر ئەوە زۆر زوو دەسەڵاتەکەیان لە ناو چوو هەموو خەڵکیان کرد بە دوژمنی خۆیان، چ لە نێوخۆی عێڕاق چ لە دەرەوەی عێڕاق.
لە دوای بڵێین شۆڕشی ئەیلوول، ئیتر ناو بە ناو ئەوەی پێیان دەگوت موفاوەزات، گفتگۆ و وتووێژ و ئەمانە لە نێوان حکوومەت و بەرپرسانی بزووتنەوەی کوردی دا دەکرا ، لە کۆتایی دا بەعسییەکان لە ساڵی ١٩٦٨ دا کە هاتنەوە لە ئەوەڵەوە هەوڵێکیان دا بە ڕێگەی سەربازی جارێکی تر ئەوەی کە پێیان دەگوت ' کێشەی کوردی ' چارەسەر بکەن بەڵام، بۆیان دەرکەوت کە بۆیان ناکرێ و ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بن ئەوە دەسەڵاتەکەیان بۆ جارێکی تریش لە دەستیان دەڕوا، کەوتنە ئەوەی کە دان بە هەندێ مافا بنێن بۆ کورد لەوانە ؛ کردنەوەی " زانکۆی سلێمانی"  بوو ، دامەزراندنی " کۆڕی زانیاری کورد " بوو و هەندێ گۆڤار و ڕۆژنامە و شتی وا کە لە بەغدا  دەرئەچوون.
قازی: یانی ئەگەر ئێمە بمانەوێ پێشینەی ' ئاکادێمی کورد ' باس بکەین دە ڕاستیدا بەو تەوافوقەی کە لە ١١-ی ئازاری ١٩٧٠ دا کرا یانی قەراردادی ١١-ی ئازار ، مارسی ١٩٧٠ ، ئەوە یەک لە دەسکەوتەکانی پێکهاتنی ئەو "کۆڕی زانیاری کورد " بوو. ئەو کۆڕی زانیاری کوردە چۆنی کار دەکرد؟
ج.قادر: وەکوو گوتم بڕیارەکە پێش ١١-ی ئازار بوو بەڵام لە دواییدا هەتا وەکوو دامەزرا، هەتا وەکوو دەستگاکانی ئامادە کران بوو بە  دوای ١١- ی ئازار
قازی: باشە دەکرێ بە کورتی هێندێک لە چالاکییەکانی باس بکەی؟
ج.قادر: بەڵێ.
قازی: بە تایبەتی بۆ وەچەی ئێستا کە ڕەنگە لێی ئاگادار نەبن.
ج.قادر: وەکوو دەستگایەکی فەرمی دەوڵەتی عێڕاق دامەزرا چونکە ' کۆڕی زانیاری عێڕاقی ' هەبوو ، لە پالێشیا  'کٶری زانیاری کورد ' هەبوو کە، کەسایەتییەکی  سەربەخۆی هەبوو بە قانوونێکی تایبەت کە قانوونی  ' کۆڕی زانیاری کورد' ی پێ دەڵێن . ئەو کاتە هەڵبەت پاڕلەمان و شتی وا لە عێڕاق نەبوو، دەستگایەک هەبوو کە پێیان دەگوت
 " ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش " ، ئێستا پێی دەڵێن " ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوە " ، ئەوە هی بەعسییەکان بوو ، ئەوە دەسەڵاتی تەشریعی واتە قانوون دانان و دەسەڵاتی جێ بە جێ کردن هەردووکی گرتبووە دەستی خۆی. لە بەر ئەوە قانوونێکی دەر کرد بوو بە ناوی قانوونی کۆڕی زانیاری کورد، بە گوێرەی ئەو قانوونە ...


قازی: هەر نێوی قانوونەکە وا بوو ، وا نییە؟

ج.قادر: بەڵێ. کۆڕی زانیاری کورد. سەرۆکی هەبوو، ئەمینی عامی هەبوو، کۆمەڵێک ئەندامی کارای هەبوو، بە عەڕەبی پێی دەڵێن ' عضو عامل '، کۆمەڵێک ئەندامی یاریدەدەری هەبوو. یەکەمین سەرۆکی  ' ئێحسان شێرزاد ' بوو کە بۆ خۆی  وەزیرێک بوو  بە ناوی کوردەوە لە وەزارەتەکانی عێڕاق دا. یەعنی بڵێین ئەو پیاوێک بوو تەنها وەک پۆستێکی سیاسی وەری گرتبوو ئەگینا ئەو لە بواری.. ، ئەو بۆخۆی ئەندازیار بوو ، ماستری لە ئەندازە هەبوو دوایە دوکتورای وەرگرت، ئەمساڵ کۆچی دوایی کرد. پیاوێکی زۆر بەڕێز بوو، پێگەیەکی زۆر ، خەڵکی هەولێر بوو ، پێگەیەکی کۆمەڵایەتی و پێگەیەکی ئەوەی زۆر هەبوو، لە کارەکەی خۆیا زۆر شارەزا بوو. ئەمین عامی، ئەمینی گشتی کۆڕەکە دوکتور کەماڵ مەزهەر بوو. دوکتور کەماڵ مەزهەر تازە لە یەکێتیی سۆڤیەت گەڕابووەوە، لە ساڵی ١٩٧٠ لە دوای ١١-ی ئازار گەڕابووەوە. دوکتورای ناوک ی هەبوو، پیاوێکی زۆر بە توانا بوو ، زۆر چالاک بوو. کۆمەڵێک زۆر پێوەندی دروست کرد، لەگەڵ ئاکادێمیای زانستی سۆڤیەتی دا، لەگەڵ کۆڕی زانیاری بڵێین میسر دا ، سوورییە دا، کۆمەڵێک سەردانی کرد بۆ فەڕانسە، بۆ ئەمانە. کتێبخانەیەکی زۆر دەوڵەمەندیان پێکەوە نا و گۆڤارێکیان دەردەکرد ئەو کاتە یانی دەتوانم بڵێم هەتا وەکوو ساڵی ٢٠٠٠ یش دەتوانی بڵێی باشترین گۆڤار بووە کە لە مێژووی ..،
قازی: گۆڤاری کۆڕی زانیاری کورد
ج.قادر: گۆڤاری کۆڕی زانیار کورد
قازی: باشە ببوورە دەوری نەمر مامۆستا مەسعوود محەمەد چ بوو ؟
ج.قادر: مامۆستا مەسعوود محەمەد ئەو ئەندامی کارا بوو و خوا عافووی کا مەلا شوکور
قازی: مەلا شوکور مستەفا
ج.قادر: ئەو کاتە هێشتا وەکوو ئەندامی یاریدەدەر بوو. ئەو بوو، مامۆستا محەمەدی مەلا کەریم بوو،

قازی: هەژاری موکریانی
ج.قادر: هەژاری موکریانی ئەندامی کارا بوو ، مامۆستا هێمن و زەبیحی و ئەوانە، هەموو ئەمانە، کە هەموو خوا عافوویان کا هەموویان ڕۆیشتوون، کۆچی دواییان کردووە، هەموو ئەوانە زۆر بە چالاکی بەشدارییان لە کارەکاندا کرد. لێژنەی تایبەتیان هەبوو، بۆ ئەدەب لێژنەیان هەبوو ، بۆ زمان ، بۆ زاراوەکان، بۆ تیرمینۆلۆجییەکان. لە دوای ئەوە بڵێین شەڕ ، کە شەڕی ١٩٧٤ دەستی پێکرد، ئەو کاتە بارەکە هین بوو [ قورس بوو ]، ئەمین عامەکە چووە ناو شۆڕش .
قازی: پێش ئەوەی بگەینە ئەوێ. یانی جەنابت پێت وایە کە لە ماوەی ئەو ساڵانە دا کۆڕی زانیاری ، لەگەڵ ئەوەش کە پشتیوانی دەوڵەتی هەبوو، پشتیوانی دەوڵەتی عێڕاقی هەبوو ، بەڵام لە زۆر زەمینە دا توانی گۆڕانێک دروست بکا لە پێشبردنی کولتووری کوردی دا ؟
ج.قادر: بەڵێ. هەڵبەت دەبێ لە سیاقی ، لە کۆنتێکستی مێژوویی خۆیدا سەیری بکەی. ئەویش ئەوە بوو لەو کاتە دا ژمارەی خوێندەواران و نووسەران بە زمانی کوردی ژمارەیەکی ئەوتۆ یەعنی زۆرە ئەوە نەبوو. لەبەر ئەوە ئەو خەڵکانەی کە لەو کاتە دا ، ئەوانیش بۆخۆیان بە ڕاستی هەر یەکێکیان لە بوارەکەی خۆیدا جۆرێک لە ئۆتۆریتە بوون یەعنی ئەو شتەی کە ئەوان دەیانوت  بۆ خەڵکانی تر مایەی موناقەشە نەبوو وەکوو بڵێی. ئەوەی مامۆستا مەسعوود محەمەد ئەیوت، ئەوەی شێخ محەمەدی خاڵ ئەیوت، مامۆستا عەلائودینی سوجادی دەیوت..
قازی: قامووسەکەی زەبیحی ش هەر کۆڕی زانیاری کورد چاپی کرد
ج.قادر: بەڵی قامووسەکەی زەبیحی . ژمارەیەکی باش کتێب چاپ کرا لەو ماوەیەدا. ژمارەکانی گۆڤارەکە، خەڵک زۆر بە پەرۆشەوە ئەو گۆڤارەیان ئەوە دەکرد. بەڵام هێشتا بۆ نموونە پێوەندی لەگەڵ ئەو دەستگایانەی هاوتا دا، لە ووڵاتانی تر، مەسەلەن دەستگایەکی وەکوو ئاکادێمیای زانستی یەکێتیی سۆڤیەت ، لەو کاتە دا بوو بۆ یەکەمین جار مەسەلەن پێنج  بوورسی خوێندیان دا بە کۆڕی زانیاری کورد

قازی: لە سۆڤیەت ؟
ج.قادر: لە سۆڤیەت کە بۆ خوێندنی کوردی، بۆ چەند دوکتورا لە بوارەکانی کورد دا. من بۆ خۆم شەرەفمەندی ئەوەم کە یەکێک لەوانە بووم، لەو ٥ کەسە بووم  و ئەو کەسانەش کە هەڵبژێرران بە ڕاستی لە سەر بنەمای  ئەوە نەبوو کە سەر بەکێن و سەر بە کێ نین. لە سەر بنەمای ئەوە بوو کە زۆربەمان  یەکەمی بەشەکانی خۆمان بووین. ئەو کاتە هەموومان دەرچووی زانکۆی بەغدا بووین، زانکۆی تری، تازە زانکۆی سلێمانی لە ساڵی ١٩٦٩وە  دروست ببوو، هێشتا کەسی دەر نەچواندبوو. بۆ مەسەلەن مێژووی کورد، بۆ زمانی کوردی ، بۆ  ئەدەبی کوردی ، بۆ ئەتنۆگڕافیای کوردی، بۆ جوگڕافیای کوردستان. بە داخەوە ئەوەی جوگڕافیایەکە نەهات پەشیمان بووەوە و  لەدواییدا بە شێوەیەکی تر وەکوو دەڵێ چارەنووسی ئەوە بوو. ئەوانیتر ڕۆیشتن و هەموو گەڕانەوە لە دواییدا  هەموو بەشداریان کرد هەر کەسەی بە گوێرەی  توانا و ئەوەی خۆی.
قازی: باشە دەزانین کە مەرکەزی ئەو کۆڕی زانیاری کوردە لەو سەروبەندی دا دیارە لە بەغدا بووە.
ج.قادر: لە بەغدا بوو
قازی: ژمارەیەکیش لە ئەندامانی کارا لە بەغدا دەژیان ، بەڵام پێوەندییەکانی لەگەڵ ناوچە کوردییەکان چۆن بوو؟ لەگەڵ کوردستان چۆن بوو؟ یانی فەعالییەت و چالاکییەکانی خۆی چۆن دەگواستەوە ئەوێ؟
ج.قادر: مامۆستا حەسەن، ئەو کاتە بە ڕاستی ناوەندی  زانستی و ڕۆشنبیری کورد  لە بەغدا بوو. هەرچی دەستگای کوردی هەبوو لە بەغدا بوو. لە کوردستان هیچ شتێکی وا دەر نەدەچوو ، لە بەر ئەوە هەموو ئەو نووسەرانەی کە دەیان نووسی، شتیان هەبوو دەچوون بۆ بەغدا بۆخۆیان دەیانبرد و پێشکەشیان دەکرد و لەوێ  یا لە گۆڤارەکە دا چاپ دەکرا یا وەکوو کتێب چاپ دەکرا، بەڵام  کۆڕ هێندێک لێژنەی دروست کرد بوو کە بە دێیەکانی کوردستان دا دەگەڕان، بە گوندەکان دا دەگەڕان فۆلکلۆریان کۆ دەکردەوە. ئەو کاتە بڵێین ئەو تەیپە کلاسیکیانە هەبوو ، ئەو تێکنۆلۆجیای ئێستا نەبوو، ئەو شتانە هەمووی کۆ دەکرانەوە و دوای ئەوە دەبوو لێکۆڵینیان لە سەر بکرێ ، ئەمانە بکرێ بەڵام بەداخەوە وەکوو وتم لە ساڵی ١٩٧٤ دا باری ئەو دەستگایەش وەکوو هەموو دەستگاکان تر...  ، چونکە ئەوانەی دەیان جووڵاند، داینەمۆی کارەکە بوون چوونە ناو شۆڕش یا..

قازی: ئەوە یانی تا ١٩٧٤ بەردەوام بوو ، هەتا پێش دەستپێکردنەوەی شەر، یانی لەو ماوەیەدا لە ساڵی ١٩٧٠ تا ٧٤ چوار پێنج ساڵێک چالاکی هەبوو.

ج.قادر: بەڵێ. بەردەوام بوو و کاری زۆری کرد و کارەکانی دیارە و هەموو  بەرهەمەکانی دیارە چەند  کتێبی چاپ کردووە و چەند  ژمارەی گۆڤاری بڵاو کردووەتەوە و چەند پەیوەندی بە دەرەوە کردووە و ئەو کتێبخانە گەورەیەی کە دروستی کردووە. بەڵام لە دوای ساڵی ١٩٧٤ و بە تایبەتیش لە دوای شکستی  ١٩٧٥ و ئیتر گەڕانەوەی ، مەسەلەن دوکتور کەماڵ مەزهەر گەڕایەوە بەڵام نەیانهێڵا لە کۆڕی زانیاری کورد بێ چووەوە کارەکەی خۆی لە زانکۆی بەغدا.
قازی: باشە ئەو کۆڕی زانیاری کورد بەو شێوەیەی کە کاراکتێر و هووییەتێکی سەربەخۆی هەبێ کەنگێ  تەواو بوو؟

ج.قادر: لە ساڵی ١٩٧٨ تەواو بوو و کرا بە دەستە.
قازی: دەستەی زانیاری؟
ج.قادر: دەستەی کوردی لە کۆڕی زانیاری عێڕاق

قازی: یانی ئیدی دۆخی سەربەخۆی لێ ئەستێندراوە؟
ج.قادر: لێی سەندراوە و وەکوو دەستەی سریانی و دەستەی کێ و ئەوانە لە چوارچێوەی کۆڕی زانیاری عێڕاق دا بوو، بەڵام ئیتر ئەو بایەخەی خۆی لە دەست دا. ڕاستە هەر هەوڵیان دەدا گۆڤارەکەیان بڵاو دەکردەوە

قازی: یانی ئەندامەکانی پێشوو لەو دەستەیش دا کاریان دەکرد؟
ج.قادر: نەک هەموویان
قازی: هەموویان نا؟
ج.قادر: نەک هەموویان ، مەسەلەن دوکتور کەمال مەزهەر نەمابوو، هەژاری موکریانی نەمابوو، هەندێک خەڵکی تر  هێنرابوون مەسەلەن دوکتور جوامێر هات، خوا عافووی کا عەزیز عەقراوی کرا بە سەرۆک بۆ ماوەیەک، دوای ئەوە مامۆستا مەسعوود محەمەد بوو بە سەرۆک. دوکتور ئاوڕەحمانی حاجی مارف وەکوو  توێژەر لە ئەوەلەوە لەوێ دامەزرا بەڵام ئەویش دوایە بوو بە ئەندامی یاریدەدەر و ئیتر نازانم ...
قازی: ئەوە هەتا کەنگێ بەردەوام بوو ؟

ج.قادر: ئەمە هەتا وەکوو ٨٠ کانیش هەر بەو شێوەیە بەردەوام بوو بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ وەکوو دەڵێی لە کزی دەدا و بەرەو ئەوە دەڕۆیشت ئیتر پێگەی خۆی لە ناو بدا، بە تایبەتیش هەندێ گۆڤاری تر پەیدا بوو وەکوو ' گۆڤاری ڕۆشنبیری نوێ ' و ' گۆڤاری کاروان ' ..
قازی: یانی ئەو دەمی کە ببوو بە دەستەیەک لە نێوخۆی کۆڕی زانیاری عێڕاق دا تەنێ کارەکەی ئەوە بوو کە گۆڤارەکەی بڵاو دەکردەوە یان کاری دیکەشی دەکرد؟
ج.قادر: گۆڤارەکەی بڵاو دەکردەوە و لە سەر کارەکانی تریش بەردەوام بوو. ئەو لێژنە و شتانەی کە هەیان بوو بۆ مەسەلەی زاراوە و زمان  و مەسەلەی کەلەپوور کۆ کردنەوە و شتی وا، ئەوانە بەردەوام بوون بەڵام بەو تەوژمەی جاران نەبوو چونکە ..
قازی: تا ساڵی چەند فەرمووت؟
ج.قادر: هەتا ٨٠ کانیش هەبوو. هەتاوەکوو دەتوانم بڵێم لە دوای ٨٥ و ٨٦. یەعنی بە فەرمی تاکوو ئێستەش لەغو نەکراوەتەوە.
قازی: باشە دەگەینە ئەو وەختانەی یانی پێش ساڵی ٢٠٠٣ وا بزانم  لە ساڵی ١٩٩١ و دوای ئەو هەڵبژاردنەی کە لە کوردستانی کرا وا بزانم ئیدی بەشێک لەو چالاکییە گوێزرایەوە بۆ کوردستان بۆ سلێمانی و هەولێر؟ وایە یان نا؟
ج.قادر: بەڵێ لە دوای  ئەو شەڕی نێو خۆ ، ئەو شەڕی برا کوژییەی پێی دەڵێن لەوێدا شتێک لە هەولێر دروست کرا بە ناوی

قازی: لە ٩٤ وا نییە؟
ج.قادر: نەخێر درەنگتر، ٩٨ و ئەوانە.  بە ناوی ' کۆڕی زانیاری کوردستان ' 

قازی: لە هەولێر
ج.قادر: لە هەولێر. لە سلێمانی شتێکی تر هەبوو بە ناوی ' ئاکادێمیانی کوردستان ' . ئەم دوانە هیچ پێوەندییەکیان بەیەکەوە نەبوو وەکو دابڕانەکانی تری کە لە کوردستانا هەبوو ئەم کۆڕی زانیارییەی کوردستان خەڵکێکی ئەوتۆی تێدا بوو کاریان دەکرد بە هەمان شێوە گۆڤارێکیان دەر دەکرد بە ناوی ' ئاکادێمی ' لە هەولێر، گۆڤارێکیان دەر دەکرد  و کۆمەڵێ کتێبیان چاپ کرد بەڵام ماوەیەکی زۆر ئەوان لە پڕۆسەی دامەزراندن دا بوون.
قازی: ئەمن پێم وابێ ئەوەی هەولێر نەمر شوکور مستەفا و ئەوانە بەشدارییان تێیدا هەبوو.
ج.قادر: بەڵێ. دوکتور کوردستان موکریانی سەرۆکی بوو. دوای ئەوە دوکتور شەفیق قەزاز سەرۆک بوو پێش ئەوە  دوکتور کوردستان موکریانی، مامۆستا شوکور مستەفا ماوەیەک سکرتێر بوو، ماوەیەک سەرۆک بوو . کۆمەڵێک خەڵک مەسەلەن دوکتور مارف خەزنەدار، دوکتور محەمەد نووری عارف، دوکتور شێرکۆ بابان کۆمەڵێک ئەو مامۆستایانەی زانکۆ بە تایبەتی لە بواری زمانی کوردی ، ئەدەبییاتی کوردی و ئەوانە ئەندام بوون لەو کۆڕە دا و بەردەوام بوون لە کارەکانیان هەتا ٢٠٠٧.
قازی: لە سلێمانی چی؟
ج.قادر: لە سلێمانی ' ئاکادێمییانی کورد ' زیاتر وەک ڕێکخراوەیەک بوو. من بە ڕاستی زۆر ئاگاداری چالاکییەکانیان نەبووم هەرچەند بە ڕاستی  وەختی خۆی پەیڕوی نێوخۆ و ئەوانەیان بڵاو کردەوە بەڵام وەکوو بەرهەم، چونکە لەوێ شتێکی تریش هەبوو بە ناوی ' مەڵبەندی کوردۆلۆجی' . مەڵبەندی کوردۆلۆجی ش خۆی بۆ ماوەیەک بە

قازی: ئەوەی کە دوکتور ڕەفیق سابیر ئیدارەی دەکرد
ج.قادر: بەڵێ ئەوەی کە دوایی دوکتور ڕفیق سابیر  بوو بە سەرۆکی. ئەویش بۆ ماوەیەک بڵێین خۆی  بە  هاوتای ئەوەی لە هەولێر بوو دا دەنا. بەڵام کاتێک حکوومەت یەکی گرتەوە ئەو کاتە بڕیاریان دا هەموو سەندیکاکان، هەموو ڕێکخراوەکان، هەموو دەزگان دەبێ یەک بگرنەوە.
قازی: لە چ ساڵێک ؟
ج.قادر: پڕۆسەکە لە ساڵی ٢٠٠٥ و ئەوانەوە دەستی پێکرد ، بەڵام لە ٢٠٠٧ کە حکوومەتێکی گواستنەوەی یەکگرتوو دروست بوو ،لەوێدا بڕیار درا ئەم شتانەش یەک بگرنەوە. خوا عافووی کا دوکتور کەماڵ فوئاد بە ناوی یەکێتی یەوە، دوکتور شەفیق قەزازیش بە ناوی پارتییەوە ئەم دوانە تەکلیف کران کە بیرێک لەو مەسەلەیە بکەنەوە و چارەیەکی بکەن. ئەوان لەوێ بڕیاریان دا ، دیارە پێشنیاری دوکتور کەماڵ فوئاد بوو کە دەبێ ناوەکەی بگۆڕدرێ بکرێ بە ئاکادێمیای کوردی. لە دوایی دا لە سەر ئەوە بڕیاریان دا بە ڕەزامەندی هەر دوولایان ٩ کەسیان دانا چوار پێنج کەس لە سلێمانی، چوار پێنجێکیش لە هەولێر و دهۆک. ئەمانە بە دەستنیشان دەستنیشان کران، دەسەڵاتی ئەمەیان پێ درا کە ئەوان بۆخۆیان چەند کەسێکی دی هەڵبژێرن چونکە  بە پێی قانوونی ئاکادێمیا ئەنجومەنی ئاکادێمیا لە ٩ بۆ ١٥ ئەندام پێک هاتووە. ئەوان چوار پێنج کەسیان پێشنیار کرد لەوانە دوکتور نووری تاڵەبانی بوو، من بووم، دوکتور ووریا عومەر ئەمین بوو،

قازی: کە زمانناسە

ج.قادر: بەڵێ زمانناسە، مامۆستا موئەید تەییب بوو لەگەڵ پرۆفسۆر محەمەد مارف ئەوەی پێش بەرنامە باسمان کرد کە ئەمری خوایەی کرد. ئەمانە بە دەنگ دان بوون بە ئەندامی ئەو ئەنجومەنە.

قازی: ناوی چ بوو؟
ج.قادر: ئەنجومەنی ئاکادێمیای کوردی. ناوی فەرمییەکەی وایە. قانوونێکی لە پەرلەمان  بۆ دەر کرا.
قازی : لە پارڵمانی کوردستانەوە؟
ج.قادر: لە پەرلەمانی کوردستانەوە، قانوونەکە سەرەتا بۆ ' کۆڕی زانیاری کوردستان ' دەر کرا بوو، دوایی هەموار کرایەوە بوو بە ئاکادێمیای کوردی، دوایی جارێکی تر هەموار کرایەوە بۆ ئەوەی هەندێ گۆڕانکاری هەڵبەتە هەموار کردنەکە وەکوو داوخوازی ئەنجومەنەکە نەبوو. لەوێدا کێشەیەکی تێکنیکی ڕوویدا ئەویش ئەوە بوو کە لە پەرلەمان بە پێی پەیڕەو ئەوەی سەرۆکی ئاکادێمییایە پلەی وەزیری هەیە بەڵام بۆ ئەوەی یەکێک لە پەرڵەمان ئامادە بێ و ووڵامی پرسیارەکان بداتەوە، برادەرانی پەرڵەمان دەڵێن دەبێ وەکوو وەزیر سوێندی خوارد بێ، ئەگەر سوێندی نەخوارد بێ ئەوە نابێ. لە بەر ئەوە برادەرێکیان تەکلیف کرد بڕوا لەوێ بە ناوی ئاکادێمییاوە  لەکاتی گفتوگۆ کردنی قانوونەکە دا  ئاگاداری شتەکە نەبوو.ئاوایان کرد بوو یەکێک لەئاکادێمییاوە بڕوا ئەو لەگەڵ ئەو دانیشێ ئەو بەو بڵێ ئەویش بەوان بڵێ. یەعنی شتێکی هەندێ سەیر بوو. لە کۆتاییدا قانوونەکە بە شێوەیەک دەرچوو کە لەوێدا ئاکادێمییا داوای ئەوەی دەکرد کە ببێ بە مەرجەعییەتی، بڵێین تەنها مەرجەعییەت بۆ ئەو بڕیارانەی کە پەیوەندییان بە مەسەلەی زمان و شتی واوە هەیە. ئەوان لەوێ کردیان بە یەکێک لە مەرجەعەکان. مەرجەعەکانی تر کێن مەعلووم نییە. بەو شێوەیە لە ٢٠٠٧ وە ئەم دەستە تازەیە..
قازی: مەرکەزەکەی ؟
ج.قادر: لە هەولێرە
قازی: لە هەولێرە بەڵام لە سلێمانیش لق و ئەوەی هەیە یان چۆنە؟
ج.قادر: نەخێر. ئەندامانی لە سلێمانییەوە هەیە مەسەلەن مامۆستا جەماڵ عەبدول ە، دوکتور عێزەدین مستەفا ڕەسووڵ ە، شێخ محەمەد عەلی قەرەداغی یە ئەمانە بڵێین لە سلێمانییەوە ئەهاتن و دوایی هەندێک کەسی تر.
قازی: زۆر باشە، وەک بزانم یەکێک لە کارەکانی کە ئێوە لە چوارچێوە ئەو ئاکادێمییایە دا دەورێکی باشتان تێیدا هەبووە  ئامادە کردنی ئێنسایکلۆپێدیایەکی کوردی یە وایە؟ دیارە ئەو فکرە پێشتریش جەنابت لەگەڵ ڕەحمەتی دوکتور عیسمەت شەریف وانلی لە ئوڕووپا ئەو فکرەتان هەبوو، دەکرێ هێندێک باسی ئەوەش بکەی ؟
ج.قادر: بەڵێ. ئەوە هەمان ئەو پڕۆژەیە بوو و لە کاتی خۆیدا لێرە لە ئوڕووپا لە بەر کێشەی فاینانس [ دارایی ]  ئێمە بۆمان نەکرا دوای چەند کۆبوونەوەیەک و ئەوانە.

قازی: کە ئەوە فکری بەڕێزت و دوکتور عیسمەت شەریف وانلی بوو، کێی دیکەی تێدا بەشدار بوو؟
ج.قادر: با بزانین فکرەکە چۆن دەستی پێکرد. ئێمە لە سەردانێکا بۆ مۆسکۆ کە  کۆنفڕانسێک لە سەر کوردۆلۆجیا هەبوو ئا لەوێدا سەرۆکی ئینستیتووتی ڕۆژهەڵاتناسیمان بینی؛ پڕۆفێسۆر ڕێباکۆف ی ناو بوو.

قازی: لە ساڵی چەند بووە ئەوە؟

ج.قادر: لە ساڵی ١٩٩٥ بوو، لەوێدا باسمان کرد کە ئەوان چۆن دەتوانن هاوکار بن بە تایبەتی ئەوان لەو بوارە دا  کاری زۆریان کردووە و لەو کاتە دا بەشێک هەبوو یان گروپێک هەبوو بە ناوی گرووپی کوردۆلۆجیا لەو ئینستیتووتە دا . ئەوان  چۆن دەتوانن هاوکاری بڵێین زانستی پێشکەش بە کورد بکەن؟ ووتیان وەڵا شتی وامان کردووە، مەسەلەن فەرهەنگی ئێنسیکلۆپێدی، نەک ئێنسایکڵۆپێدیا چونکە ئەوە کارێکی گەورەیە ، بەڵام فەرهەنگێکی ئێنسیکڵۆپێدی بڵێین بۆ زۆر گەلانی جارانی یەکێتیی سۆڤیەت شتی وامان کردووە، ئەتوانین  فەرهەنگێکی ئێنسایکڵۆپێدی بۆ کوردیش، شتی وا بە یەکەوە دروست بکەین. ئەو بیرۆکەیەمان هێنایەوە برووکسێل، جەنابت خۆت ئاگاداری ئەو کاتە چەند جارێک کۆبوونەوە بوو ، خەڵکێکی زۆر بانگ کرا بوو، دوکتور ئیزەدی لە ئەمریکاوە بانگ کرا بوو ، مامۆستا جەماڵ نەبەز  بانگ کرا بوو، دوکتور جەمشید حەیدەری بانگ کرا بوو، کاک دوکتور عەبدوڵا مەردووخ، خەڵکێکی زۆر بوون ئێستا هەموو ناوەکانمان وەبیر نایە، دوکتور جەلیلی جەلیل بوو، حەسرەتیان بوو، لازارێڤ بوو، ژیگالینا بوو ..
قازی: کە بەشێکیان  نەماون

ج.قادر: بەڵێ بە داخەوە ئەو سێیانەی ئاخری کۆچی دواییان کردووە، لە بەر ئەوە کوردۆلۆجیا لە ڕووسییە بەرەو مردن دەڕوا. تەنها دو سێ کەس ماون وەک ڤاسێلێڤا و زارێ یۆسپ و ئەوانە و ئەوانیش زۆر پیر بوونە. لەوێدا بیرۆکەکە زیاتر پەرەی پێدرا و ناوی لێ نرا  ' پوختەی ئینسایکلۆپێدیای کوردی '
  یان ئێنسایکڵۆپێدیای کوردستان. لێرەش چەند هەوڵێک درا لەگەڵ یەکێتیی A Concise Encyclopedia Of Kurdistan            
ئوڕوپا . لەگەڵ یونێسکۆ، پارتییە سیاسییەکانی کوردستان بەڵام نەتوانرا فۆندی بۆ پەیدا بکرێ چونکە لە ئوڕووپا زۆر زەحمەتترە ، کە من چوومەوە بۆ کوردستان ، لەگەڵ مامۆستا عیسمەت شەریف وانلی دا خودا عافووی کا باسی ئەوەمان کرد گوتم مامۆستا چۆنی ئەبینی ئەگەر ئەو پڕۆژەیە ببینەوە ئەوێ ، لەوێ دەستگا هەیە ، ئەو دەستگایە ڕەنگە بتوانن جێ بە جێی بکەن. ووتی: زۆرم پێ خۆشە بەلای منەوە گرینگ ئەوەیە بکرێ، گرینگ ئەوە نییە کێ دەیکا. من بیکەم یا تۆ بیکەی یا ئەو. من بیرۆکەکەم بردەوە لە ئاکادێمییای کوردی وەکوو پڕۆژەیەک پێشکەشم کرد ووتم شتێکی وا هەیە و ئەوانە. بەڵام لە سەرەتاوە پێشوازی لێ کرا ناتوانم بڵێم  پێشوازی لێ نەکرا بەڵام بۆ ئەوەی پلانی بۆ دابنرێ و خەڵکی بۆ تەرخان بکرێ چۆنکە جەنابت دەزانێ  بۆ هەندێک کەس ئەوەش وەک کتێبێکە وەکوو هەموو کتێبێکی تر. بەڵام جەنابت دەزانی یەعنی دەستگا هەیە یانی ' ئینسایکڵۆپێدیای بوزورگی ئیسلامی ' لە ئێران دا بە دەیان کەس کاری تێدا دەکا. یان ئەوەی عەڕەب وەختی خۆی هەوڵیان دا نازانم سی چل میلیۆن دۆڵاریان کۆ کردەوە و تا ئێستا وا بزانم بەرگێکیشیان دەر نەکرد. لەو کاتەی دا کە من لە لای کاک دوکتور بەرهەم ساڵح کە سەرۆک وەزیران بوو منیش وەکوو ڕاوێژکار لە لای کارم دەکرد

قازی: لە ساڵی چەند بوو ئەوە مامۆستا؟
ج.قادر: لە مانگی ١٠-ی ساڵی ٢٠٠٩ بوو. دوای هەڵبژاردنەکە لەوێ جارێکی دانیشتنێکی وامان ڕێکخست برادەرانی ئەنجومەنبی ئاکادێمی، سەرۆکی وەزیران پێشوازی لێ کردن و یەعنی باسی ئاکادێمییای لەگەڵ کردن چیتان پێویستە ، دەتوانین چی بۆ بکەین و ئەوانە. باسی سێ پڕۆژەمان لەگەڵی کرد. یەکێکیان پڕۆژەی ئینسایکلۆپێدیا بوو، یەکێکیان پڕۆژەی کتێبخانەی ئاکادێمییا بوو، سێیەمیان  پڕۆژەی فەرهەنگی نەتەوە بوو. فەرهەنگێکی وا کە هەرچی ووشەی کوردی هەیە هەوڵ بدرێ کۆ بکرێتەوە لە هەموو زاراوەکان یانی شتێکی وا. هەندێک لەو برادەرانەی کە لە بواری  فەرهەنگسازی و یانی قامووس بڵێین – چونکە فەرهەنگ واتایەکی تر لە هەندێ جێگە دەگەیێنێ - . ئەو پێشوازی لە هەر سێ پڕۆژەکە کرد ووتی من ئامادەم یارمەتی ئەو پڕۆژانە بدەم، بەڕاستیش یارمەتی دا. لە کتێبخانەکەدا، کتێبخانەیەکی زۆر ڕێک و پێک دروست کرا بۆ ئاکادێمییا. خۆی شتێکی پچووک هەبوو بەڵام خوارەوەی بیناکە هەمووی کرا بە جێگەیەکی زۆر باش بۆ کتێب، کتێبێکی زۆری لێ کۆ کرایەوە و ئێمە بۆخۆمان چەند جارێک هەوڵمان دا هەرچی ئەو دەستگایانەی لە کوردستان هەیە ، هەرچی کتێبی ئەوە هەیە لەوێ کۆی بکەینەوە و تەنانەت جارێک بە هاوکاری برادەرێک لە پێشنگای فڕانکفۆرت کۆمەڵێک زۆر سەرچاوە پەیدا کرا. ئەو ژوورەی، ژوورێکی گەورەی کە بۆ ئێنسایکلۆپێدیا تەرخان کرا بوو، هەموو ئینسایکلۆپێدیا گرینگەکانمان کڕی؛ بریتانیکا، ئەمێریکانا، دی ئینسایکڵۆپێدیا ئاف ئیسلام  ئەوانە، لەگەڵ کۆمەڵێ زۆر ئینسایکلۆپێدیا و فەرهەنگ و فەرهەنگی ئینسایکڵۆپێدیا و ئەوانە بۆ ئەوەی لە بەر دەست دا بن. بەڵام یەک کێشەمان هاتە پێش ، ئەویش ئەوەیە ئەو پارەیەی کە دوکتور بەرهەم داینابوو  ساڵی ٥٠ هەزار دۆڵار بوو، دەبوایە ئێمە لە چوار ساڵ دا ، ئێمە پڕۆژەکەمان وا بوو . ئەو پارەیە هەموو ساڵێک مانگی ٦ و ٧ بڕیاری لە سەر دەدرا یەعنی شەش مانگ ڕۆیشتبوو تۆ نەت توانیبوو هیچ بکەی. لە مانگی ١١ یشدا پێتیان دەگوت دەبێ یەعنی چیت ماوە دەبێ بیگێرییەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت. یانی سیستێم وایە لەوێ. بۆ خەزێنەی دەوڵەت و کۆمەڵێک مەرجیان دانا بوو، مەسەلەن ئێمە یەکێک شتێکمان بۆ دەنووسێ دەبێ پاداشتی کەین، یا یەکێک پێی دا دەچێتەوە، رێداکشنی دەکا، ڕێداکتەی دەکا. ئەمانە هەمووی دەبێ پارە بدەی بەخەڵک. ئەوان قەرارێکیان بۆ ئێمە دەر کرد بوو نابێ بیدەن بە پاداشت. بیدەین بە چی؟ دەمانتوانی دۆڵاب بکڕین، کتێب بکڕین ، چی بکڕین ..

قازی: نەتیجەکەی چۆن بوو؟
ج.قادر: نەتیجەکەی ئەوە بوو ئێمە بایی دوو بەرگمان ئامادە کرد و ئیتر ئەو قەیرانەی بە سەر داهات لە ساڵی ٢٠١٤وە هەموو شتێک وەستا، نەمانتوانی بەردەوام بین ئەو دوو سێ کەسەی کە داماننابوو کاریان دەکرد...
قازی: دوو بەرگی دەر کەوت ؟


ج.قادر: دەر نەکەوتووە، شتەکان ئامادەیە بەڵام دەر نەکەوتووە.

قازی: باشە مامۆستا ئێستا چونکوو وەختمان زۆر کەم ماوە، مەسەلەی کەرکووکیش هەیە کە دەبێ باسی لەسەر بکەین بەڵام بە کورتی ئەگەر بە یەک دوو ڕستە بیڵێی وەزعی ئێستای ئەو ئاکادێمییایە چۆنە؟ جەنابیشت ئێستا لەوێ نەماوی.
ج.قادر: من نەخێر لەوێ نەماوم. ئێمە: دوکتور نووری تاڵەبانی ، دوکتور شەفیق قەزاز، دوکتور کەماڵ مەزهەر، من ،  ئێمە  لە کۆتایی بڵێین ساڵی ٢٠١٥ دا وازمان هێنا و ئەو برادەرانەی تر لەوێن بە ڕاستی لە بارێکی زۆر سەخت دا دەژێن چونکە کارەکان هەمووی ڕا وەستاوە. گۆڤارەکەمان بە قەرز چاپ دەکرێ.
قازی: با ئێستا ئەو وەختەی ماوە دایبنێین بۆ کەرکووک. ئێمە دەزانین کە ئێوە وەک مێژوو زانێک و لێکۆلەرەوەیەکی مێژوو و بە تایبەتی ش کەرکووک و نەک لە بەر ئەوەی کە خەڵکی کەرکووک بی بەڵام  لەبەر ئەوەی لە سەر مەسەلەی کەرکووک زۆر شتت نووسیوە زۆر کارت کردووە و تا ڕادەیەکی زۆریش بۆ بینەرانیش ڕوونە کە ئەو مەسەلەی  مادەی ١٤٠ و ئەوانەش باسی لە سەر کراوە. بە گشتی جەنابت لەو لێکۆلێنەوانەی کە کردبێتت تا ئێستا چ دەرئەنجامێکت لێ وەدەست هێناوە؟ یانی چارەسەری بۆ مەسەلەی کەرکووک چۆن دەبینی؟
ج.قادر: مەسەلەی کەرکوک زۆر ئاڵۆز کراوە و ئاڵۆزییەکەی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێ. بە بۆچوونی من کێشەکە  لە  ڕێکەوتننامەی ١١- ی ئازاری ١٩٧٠ وە دستپێدەکا کاتێک بڕیار درا لەوێ مەسەلەی کەرکووک بۆ ساڵێک دوا بخرێ ، دوا بخرێ لە سەر چ بنەمایەک ، لە سەر ئەوەی لەو ماوەیە دا لەوێ سەرژمێری دەکرێ ئەگەر کورد لەوێ  زۆرینە پێک بێنێ ئەوە کەرکووک دەبێتە بەشێک لە ناوچەی ئۆتۆنۆمی وەکوو ئەو کاتە باس دەکرا، ئەگەر نا ئەوە دەبێ بە بەشێک لە عێڕاق. لێرە دا پێم وایە هەڵەیەکی زۆر گەورە کرا ئەویش ئەوەیە مەسەلەکە لە مەسەلەی خاکەوە کرا بە مەسەلەی ژمارە و ڕێژەی دانیشتووان.

قازی:
ئەوە زەمینەی دروست کرد بۆ ئەوەی کە تەعریب بکرێ.
ج.قادر: بەڵێ وایە ئەوە زەمینەی دروست کرد و حکوومەتی عێڕاق ڕێک لەو کاتەوە دەستی پێکرد ، هێشتا لەو کاتەی لە ئاشتی دا بوو لە گەڵ کورد کۆمەڵێک دێی ڕووخاند، کۆمەڵێک کاری دیکەی کرد. یانی من بۆ خۆم  لەو کاتەوە لە بیرمە هەموو ئەوانەی کە لەو کاتە دا لەگەڵ من بوون ، ئێمە دەمانخوێند و خوێندنمان تەواو دەکرد و خەڵک  دادەمەزرا هیچکەسێکمان لە کەرکووک دانەمەزرا ئیلا لە  دەرەوەی کەرکووک. ئەمە یەکێک لە فێڵەکان بوو. ئەوەندەی مەترسییە کە عەڕەبت دەهێنا بۆ کەرکووک ئەوەندەش مەترسییەکە گەورەتر بوو ئەو کوردانەی کە لە کەرکووک دەر دەکران یان دوور دەخرانەوە. دوور دەخرایەوە بە حیجەتی ئەوەی کە کارەکەی لە شارێکی  ترە. ناچار دەبوو لە دوای ساڵێک، دوو ساڵ، سێ ساڵ ماڵەکەی بباتە ئەو جێگەیە ئەبوو بە خەڵکی ئەو جێگەیە منداڵەکانی لەوێ گەورە دەبوون. بەو شێوەیە هات تاوەکوو ساڵی ١٩٧٥ ئیتر لە دوای ٧٥ حکوومەتی عێڕاقی پێویستی بەوە نەبوو یەعنی ..

قازی
: ئێستا ئەگەر ئێمە لە باری تاریخییەکەی گەڕێین چونکە کاتمان نییە ، لەهەلومەرجی ئێستا دا چارەسەری لە چ دا دەبینی ؟ ڕاستە زەحمەتە  بەڵام ئەوەی کە ئەتۆ فکرت لێ کرد بێتەوە لە چ هەلومەرجێک دا دەکرێ ئەو داوخوازە تاریخی یەی کە کورد لە سەر کەرکووک هەیانە لە لایەکەوە و لە لایەکیش تەواوی پێکهاتەکانی ئەوێ بتوانن لەو چوارچێوەیە دا بەیەکەوە بژین لە قەبووڵ کردنی یەکتری دا و حورمەت و ڕێز لەیەک نانی چەند لایەنە لە یەکتر. ئەوە چۆن دەبینی؟
ج.قادر: بە داخەوە بە بێ باسکردنی ئەو پاشخانە هەندێک زەحمەتە  باسی بکەی. بەڵام من نموونەیەک دەڵێم مەسەلەن  کورد لە ساڵی١٩٥٧ دا  ٤٨ لە سەدی پارێزگای پێک دەهێنا، لە ساڵی ١٩٧٧ دا بوو بە ٣٨  یانی لە ٤٨وە دابەزی بۆ ٣٨، عەڕەب لە ٢٥ لە سەدەوە بەرز بووەوە بۆ ٤٥ ، لە ساڵی ١٩٩٧ دا عەڕەب بوو بە ٧٢ لە سەد، کورد بوو بە ٢١ لە سەد، یەعنی سەبەبەکە دەرکردنی کورد لە لایەکەوە و هێنانی عەڕەبی زیاتر و دابڕانی ناوچە مەسەلەن چەمچەماڵ و کەلار و کفری و ئەمانە  لە کەرکووک دابڕان و ئێستا بڵێین  سەر بە سڵێمانین. خورماتوو خرایە سەر سەڵاحەدین ؛تکریت. هەندێ ناوچە وەکوو  زاب و ئەوانە لە مووسڵەوە هێرا خرایە سەر کەرکووک چونکە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە هەمووی عەڕەبە ، لەم لاوە حەویجە هەیە و ئەو دانیشتووە عەڕەبانە بە ڕێژەیەکی زۆر زۆر  ژمارەی دانیشتووانیان زیاد دەبێ . لە دوای ئەم ڕووداوانەی داعش کە هاتووە بە پێی قسەی بەرپرسانی کەرکووک  ٥٧٠٠٠٠ پێنسەد و حەفتا هەزار  عەڕەبی تازە هاتووەتە کەرکووک واتە ئێستا ڕێژەیەکی زۆر زۆرە. مادەی  ١٤٠ دەرکەوت بە هەموو شێوەیەک، لە یەکەم ڕۆژەوە دەرکەوت  ئەو مادەیە چارەسەری نادۆزێتەوە. بۆ ماوەیە باس مۆدێلی برووکسێل دەکرا یەعنی مۆدێلێک زۆر جیاواز لە بارێکی جوگرافی و مێژوویی دا کە جێ بە جێ ناکرێ. ئێستا باس لە هەرێمێکی سەربەخۆ دەکرێ . ئەو هەرێمە سەربەخۆیەش لە چوارچێوەی ئەو کەرکووکەی ئێستا دا ، کەرکووکە مێژووییەکە هەتاوەکوو ساڵی ١٩٧٦ بیست هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە بوو، ئەو کەرکووکەی ئێستا ماوەتەوە نۆهەزار کیلۆ مەترە واتە لە نیوەش کەمترە و ئەو کەرکووکەی کە ئێستا ماوەتەوە ژمارەی کەم بووەتەوە. و ئەو حیزب و بەرپرسانە  بەڕاستی ڕاست ناکەن مەسەلەن بۆ نموونە  ئەگەر چەمچەماڵ و کەلار و کفری بخرایەتەوە سەر کەرکووک ، ئەگەر باس لە ڕێژە دەکرێ. ئەو خەڵکانەی مادەی ١٤٠ ڕێگەیەکی بۆ دانابوون  چۆن بگەڕێنەوە هەموو ئەوانە هەموو شتەکانیان  کرد بەس نەگەڕانەوە مەسەلەن  پارەیان وەرگرت، بڵێین جێگەی دانیشتنی خۆیان  گواستەوە بۆ پارێزگا ئەسڵییەکانی خۆیان بەڵام  هەر مانەوە لە کەرکووک. لە بەر ئەوە ئێستا جۆرێک لەوە دروست بووە من پێم وایە  یەعنی پارێزگاری کەرکووک کە ئێستا باس لەم مەسەلەیە دەکا لەوەوە هاتووە کە خەڵکەکە ئیتر لە دوای ١٣ ساڵ  ناتوانن لەوە زیاتر چاوەڕوان بکەن هەر وا بەو شێوەیە بێ ئەوەی بڕیارێک لە سەر چارەنووسی کەرکووک بدرێ.
حکوومەتی بەغدا  لە قازانجی نییە ئەمڕۆ باس لە چارەسەری بکا چونکە ئەو ئەمڕۆ لە بارێکی لاواز دایە ناتوانێ هیچ شتێکی خۆی فەڕز کا. لە هێزە سیاسییەکانی باشووری کوردستان لە بەر ململانێی خۆیان و لە بەر ئەوەی کە مەسەلەی هاوسەنگی هێز لەم ناوچەیە بۆ ئەو ناوچەیە ، یەعنی کەرکووک خەریکە دەبێ بە قوربانی ئەو  ململانێ یە و بە قوربانی ئەوەی کە ...

قازی: باشە مامۆستا چونکە بەڕاستی وەختمان خەریکە تەواو دەبێ ، بەڵام پێم خۆش بوو ئەگەر کۆی بکەیەوە سەر یەک پێت وایە ڕێگا چارە لە ڕوانگەی تۆوە چۆنە؟
ج.قادر: بە ڕاستی من ناتوانم هیچ ڕێگا چارەیەک ئێستا پێشنیاز کەم . بە بۆچوونی من لە یەکەم ڕۆژەوە یەعنی بۆچوونی من وا بووە مەسەلە نابێ لە سەر ڕێژەی دانیشتووان بێ یان ئەوە. ئەو خەڵکەی کە لەوێ دانیشتوون با هەمووی لەوێ دانیشێ هیچ کێشەمان نییە بەڵام ئەمە خاکێکە وەکوو جوگرافیا و مێژوو سەر بە کوردستان ە. لە چوار چێوەی کوردستان  دایە. تۆ هەر جێگەیەک ، ئەوە ئێستا ڕێگە دراوە عەڕەب لە هەولێر، لە سلێمانی خانوو بکڕن چ بکڕن، باشە ڕۆژێ لە ڕۆژان ئەگەر عەڕەب بوو بە زۆرینە لە سلێمانی خۆ  تۆ نایەی ئەمە مەسەلەن ڕێفراندۆمی لە سەر بکەی ئەمە ببێ بە بەشێک لە هەرێمێکی تر یا ئەمە ، لە بەر ئەوە باسی کەرکووکیش هەر وایە. ڕاستە ئاڵۆزییەکانی کەرکووک زۆر زیاترە، ئاڵۆزییەکانی کەرکووک مەسەلەن بە تایبەتی  ئەو مۆدێلەی کورد لەوێ پێشکەشی کردووە مۆدێلێکی ئەوەندە نەبووە پێکهاتەکانی تر قاییل بکا بەوەی کە خۆیان بە بەشێک لە هەرێمی کوردستان بزانن .

قازی: یانی پێت واتە کە دەبێ ئەو قاییل بوونە گشتییە هەبێ ، وەک کۆنسێسسووسێک هەبێ.

ج.قادر: بەڵی بە بێ ئەوە ناتوانی بیکەی ئەگەر  تەنانەت  ٢٠ لە سەدی دانیشتووانش لەگەڵ ئەوە دا نەبن ، ٨٠ لە سەدیشی لەگەڵ ئەوە دا بن  کە ببێ بە هەرێمێکی کوردستان ئەو  ٢٠ لە سەدە دەتوانن بۆ ماوەیەکی زۆر دوور و درێژ بارێکی ئاڵۆز ، ناسەقامگیری، ڕەوشێکی وا دروست بکەن لە شارەکە دا کە خەڵکەکە بە ئاسایی بە ئەمن و ئاساییش نەژێ لە بەر ئەوە هەڵبەتە دەبێ قاییل بکرێن و دەزانم قاییل کردنیان هێندێکیان گرێدراوی ئاجێندای دەرەوەن خۆشیان قاییل بن، بۆ نموونە ئێستا مەسەلەن زۆر لە هێزە تورکومانییەکان  هەڵوێستیان وەکوو جاران نییە، هەڵوێستیان هەندێک گۆڕانکاری بە سەرا هاتووە بەڵام  تا ئێستەش هەندێ هێزیان تێدایە ، هەر چەند ئەوان وەکوو ڕێژە ئەو ڕێژە گەورەیە نین بە ڕاستی  کاریگەرییان هەبێ لە سەر ڕەوتی ڕووداوەکان بەڵام ئێستا عەڕەب ئەو هێزەیە و عەڕەبەیش جۆرە عەڕەبێکن کە  زۆربەیان خەڵکی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعشن. یەعنی یەکێک لەو تێزانەی کە باس دەکرێ ئەوەیە کە کردنەوەی حەویجە، هەرچەند وەکوو مێژوو، جوگرافیا بەشێک  نەبووە لە کوردستان بەڵام ئێستا لە قازانجی کورد دایە ئەو حەوێجە بخرێتە سەر تکریت چونکە زۆر گونجاوترە بۆ ئەوەی لەگەڵ تکریت دا بێ چونکە هەم وەکوو پێکهاتەی عەشاییری، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی تا ئەوەی کە بەشێک بێ لە کەرکووک.
قازی: زۆر باشە مامۆستا دوکتور جەبار قادر زۆر زۆر سپاست دەکەم بۆ بەشداریت لە بەرنامەی ' ڕاوێژ ' دا  داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم

ج.قادر: سپاس بۆ ئێوەش
قازی: بینەرانی خۆشەویست  بەم پێیە دەگەینە کۆتایی بەرنامەی ئەمجارەشمان تاکوو ' ڕاوێژ' ێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.


تێبینی: ئەو چاوپێکەوتنە لە ئێوارەی یەکشەمە ٣-ی ژووییەی ٢٠١٦  لە بەرنامەی ڕاوێژی تێلێڤیزۆنی ستێرکدا بڵاو بووەتەوە. بۆ دیتنی ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە و بەرنامەکانی پێشوو دەکرێ سەری حیسابی " ڕاوێژ " بدەن  لە تۆڕی کۆمەڵی یووتویووب و هەر وەها لاپەڕەی " ڕاوێژ" لە فەیس بووک دا.
     






No comments: