Monday, July 18, 2016

وەزاڕەتی کار و باری دەرەوەی ئەمریکا، زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی دووشەمە ١١ ، سێشەمە ١٢ و چوارشەمە ١٣-ی ژووییەی ٢٠١٦

  
 دووشەمە ١١- ی ژووییەی ٢٠١٦
جان کیربی
 قسەوێژی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
 زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
واشنگتن، دی سی 

 پرسیار: لە ٢٠ –ی ژووییە ، ئێوە ماڵخێوی کۆنفڕانسێک دەکەن بۆ بەڵێن دانی یارمەتی ئینسانی بە عێڕاق.

 ئاغای کیربی: ڕاستە ، من لە کردنەوەی ئەم کۆنفڕانسەی ئەمڕۆ دا ڕامگەیاند.

پرسیار: باشە. ( پێ دەکەنێ.) لەوپێوەندییە دا گرفتێک هەیە سەبارەت بە بەشداری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی لە باکووری عێڕاق هەیە. ئەوان ژمارەیەکی زۆر پەنابەریان حاواندووەتەوە – نزیکەی ٢ میلیۆن – بەڵام بە گشتی بۆیان نییە لەو جۆرە کۆنفڕانسانە دا بەشداری بکەن  چونکە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەو کارەی داوەتە دەست بەغدا داخودا نوێنەرانی کورد بانگ دەکرێن یان نا و  دەزانین بەغداش نوێنەرانی کورد بانگ ناکا بۆ بەشداری.  جا بۆیە پرسیارەکەم ئەوەیە: بۆ کۆنفڕانسی ئەمجارە ، ئایا ئێوە گوشار دەهێنن بۆ سەر بەغدا بۆ ئەوەی دەستەبەر بێ کە نوێنەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بانگ بکرێن؟ بریتانیاییەکان لە ڕابردوو دا ئەو گوشارەیان هێنا و ئەوە جێ بە جێ بوو. یان ڕەنگ بێ خۆتان ڕاستەوڕاست نوێنەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بانگ بکەن بۆ ئامادە بوون لەو کۆنفڕانسە دا؟

 ئاغای کیربی: باشە، بەرلە هەموو شت ، ئەمن دەمەوێ باسی گرینگیی ئەو کۆنفڕانسە بکەم ، و ئەوەی کە وەزیری کاروباری دەرەوە بە هەڵپەوە چاوەڕوانی پێک هاتنێتی . ئەوە گردبوونەوەیەکی گرینگ دەبێ لە پێناو مەبەستێکی گرینگ دا: بۆ هاندانی زیاتری کۆمەڵگەی نێو نەتەوەیی بۆ پشتیوانی لە عێڕاق لە  ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو ئاڵنگارییە جیدییە ئابووریانە کە هێشتا ملیان لێ دەسوێ  و حەول دەدا رێفۆرمی سیاسی و ئابووری بکا؛ هاوکات لەگەڵ ئەو شەڕەی لەگەڵ ئەو دوژمنە کوژەرەی دەیکەن کە هێشتا لە سەر خاکی ئەوانە. جا بۆیە لەو گردبوونەوە و لە ڕۆژە دا کاری زۆر هەن کە دەبێ ئەنجام بدرێن، و وەزیری کاروباری دەرەوە دەیەوێ قۆڵی لێ هەڵماڵێ و بەو کارانەوە خەریک بێ.  ئەمن هیچ زانیارییەکم لا نییە سەبارەت بە بانگکراوەکان و یان چلۆنایەتی بانگ کردنەکان. تەنیا شتێکی کە ئەمن ئێستا دەیڵێم، هەر وەک ئەوەی ئێمە لە ڕابردووش دا بە ئاشکرایی گوتوومانە ئەوەیە کە ئەو پشتیوانییەی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا  دەیدا بە عێڕاق لەم کاتە دا کە پێداویستییەکی زۆر بەو پشتیوانییە هەیە – ئەوە بەردەوام دەبێ بە ڕێگای حکوومەتی عەبادی لە بەغدا بکرێ. ئەمن پرسیارەکەت وەردەگرم بۆ ئەوەی لێی بکۆڵمەوە سەبارەت بە پێواژۆی بانگ کردنەکان. بەڵام ئێستا لەو بارەیەوە زانیارییەکی ئەوتۆم نییە. بەڵام دەمەوێ جەختی بکەمەوە ئێمە بەردەوام دەبین ئەو پشتیوانییە بە ڕێگای بەغدا دا دابین بکەین.

 پرسیار: باشە ، وا وێدەچێ بە لەبەرچاو گرتنی ئەو دەورە گرینگەی پێشمەرگەی کورد دەیگێڕن لە شەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام و ئەو دەست ئاواڵەیی گەورەیە و باوەش کردنەوەی کە بۆ وەرگرتنی ئەو هەموو  پەنابەر و خەڵکی لە جێی خۆ هەڵکەندراو لە خۆیان نیشان داوە ، بە ڕاستیش لێیان دەوەشێتەوە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرنجیان بداتێ  و بە هەندیان بگرێ ، و ئەگەر ئەوان بەشێکی موناسیب لەو یارمەتیانەی کە دەدرێ بە بەغدا وەر نەگرن ، بە جێیە دەوڵەتە یەگرتووەکان پا بنێتە پێشەوە و ئەو گرفتە نەهێڵێ.

 ئاغای کیربی: باشە، ئەمن باسی ئەو تەسەورەی دەکەم کە ئێمە نیمانە.  ئەمن بەر لە گردبوونەوەکە باسی بەڵینی یارمەتییەکان و قەدرایی ، چۆنێتی و خەسڵەتیان ناکەم و ئەوەش ناڵێم ئەو یارماتییانە لە ناوخۆی عێڕاق دا چۆن بڵاو دەبنەوە. بەڵام ئەتۆ ئاماژەت بە خاڵێکی گرینگ کرد، خاڵێکی کە ئەمن لەیەکەم ووڵامی کە بە پرسیارەکەتم دایەوە کەمتەر خەمیم لێ کرد و باسم نەکرد ، ئەویش ئەوەیە ئەوە ئاشکرایە کە ئێمە  بە ئەوە دەزانین ، بە ئەو خزمەت و فیداکاری ، وێران ، و ئازایەتی کە پێشمەرگە لە مەیدانی شەڕ دا هەموو ڕۆژێ لە خۆیەوە نیشانی داوە بەوە دەزانین.  و ئێمە دەزانین ئەو شەڕە چ بارگرانییەکە لە سەر باکوور و ئەو دەورە گرینگەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان گێڕاویەتی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی. هەر بۆیەشە وەک دەبینی هەر کاتێک برێت مەکگورک سەری هەرێمەکە  دەدا ، قەت وا نییە نەچێتە ئەربیل [ هەولێر]  و چاوی بە نوێنەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان  نەکەوێ و قسەیان لەگەڵ نەکا. و هەر ئاواش وەزیری کاروباری دەرەوە کێری لە زۆربەی سەفەرەکانی دا بۆ عێڕاق حەولی داوە چاوی پێیان بکەوێ – دوا جار لە بەغدا بوو، حەولی دا لەوێ چاوی پێیان بکەوێ. جا بۆیە ئێمە ئەوانەمان لە بەرچاوە. ئێمە ئەو دەور و لێوەشاوەییەی ئەوانمان لەبەرچاوە کە لە خۆیانییەوە نیشانی دەدەن، تەنێ ئەمن نامەوێ وەپێش  تایبەتییەکان بکەوم مەبەستم بەڵێنی یارمەتییە لەلایەن هەر دەوڵەتێکەوە بێ و هەر وەها سەبارەت بە چلۆنایەتی دابەش کردنیان.

 پرسیار: یان لە مەڕ بانگهێشتنەکان؟

 ئاغای کیربی: باشە، وەک من گوتم، ئەمن تەماشا دەکەم بزانم سەبارەت بە چۆنییەتی بانگ کراوەکان زانیاری زیاتر پەیدا دەکەم یان نا و بزانم پڕۆتۆکۆڵەکەی چییە. ئەمن نازانم دەتوانم چەندە زانیاری ت بۆ پەیدا کەم ، بەڵام من پرسیارەکەت وەردەگرم، و چاو لەوە دەکەین بتوانین پرسیارێکی باشترت بدەینەوە.

 پرسیار: زۆر سپاست دەکەم.

پرسیار: سپاس جان ، ئەمن ئەمڕۆ پرسیارم هەن سەبارەت بە تورکییە -

 ئاغای کیربی: تۆقیم

پرسیار: یەکەم لە -

ئاغای کیربی: تەواو تۆقاندمت.

پرسیار: پرسیاری یەکەم لە مەڕ سوورییە، سوورییە/ تورکییە یە . ئەمڕۆ ، سەرۆک وەزیری تورکییە بینعەلی ییلدرم ڕایگەیاند دە ڕاستییدا هۆ و سۆنگەی زۆر لە گۆڕێ دا نییە بۆ ئەوەی تورکییە شەڕی سوورییە بکا ؛ بە پێچەوانە ، لە ڕاستییدا زۆر هۆ و سۆنگە هەن بۆ ئەوەی تورکییە پێوەندیی باشی هەبێ لە گەڵ سوورییە ، کە – دیارە ئەو مەبەستی لە ڕێژیمی سوورییەیە. ئێوە ئەو نیشانانەی لە ئانکاراوە دێن چۆن دەبینن داخودا ئەوە دەکرێ بەمانای ئاشت بوونەوەی نێوان ئانکارا و دەمیشق بێ ؟

ئاغای کیربی:  باشە، ئەمن ئەوانە بۆ کاربەدەستانی تورکییە بە جێ دەهێڵم لێیان بدوێن . مەبەستم ئەوەیە، ئەمن ئەو ڕاپۆرتانەم دیوە، بەڵام ئەوان خۆیان دەبێ بڵێن مەبەستیان لەو قسانە چییە. ئەوەی ئەمن دەیڵێم ئەوەیە تورکییە هاوپەیمانێکە لە ناتۆ دا، تورکییە پارتنێرێکی سەرەکی یە لە ئیتیلاف دا، تورکییە یارمەتی داوە و یاریدەدەر بووە لە پێوەندی لەگەڵ ڕاونانی داعش لە ناوخۆی سوورییە لە ڕووی مادییەوە و بە زۆر شێوەی دیکە. هەر وەها کێشەی پەنابەران لە بەری سنووری ئەوان  بە شێوەی هەرە توف بەردەوام بووە – ئەوان ئاگاداری لە زیاتر لە ٢ میلیۆن کەس دەکەن و ئەوەشیان زۆر باش ڕاپەڕاندووە.  و ئەمن ئەوەشی لێ زیاد دەکەم ئەوان درێژەیان داوە بە حەولەکانیان بۆ ئەوەی پێش بە شەپۆلی هاتنی شەڕکەرانی بێگانە بە سنوورەکانی خۆیان دا بگرن. جا بۆیە تورکییە شانی وەبەر داوە، تورکییە تێوە گلاوە. و وەک من گوتم ، ئەوە ڕاهاتنێکی تێۆری نییە بۆ ئەوان .ئەوە شتێکی واقعی یە و ڕاست لە سەر سنوورەکەیان. جا بۆیە ، بەش بەحاڵی خۆمان ، پێمان خۆشە ئەو هاوکارییە بەردەوام بێ. ئێمە چاو لە  ڕێین تورکییە بەردەوام بێ بۆ یارمەتیدانی حەولەکانی ئیتیلاف. و ئێمە لە پێوەندیی بەردەوام داین لەگەڵ کاربەدەستە تورکەکان کە ئەو هاوکارییە چۆن باشتر بکەین و ئەو باشتر بوونانە چۆن بەڕەوپێش بەرین و چون ئەوە باشتر بکەین کە هەموو بەیەکەوە ڕووبەڕووی دوژمنی هاوبەش ببینەوە. 

پرسیار: لە دوایی حەوتوو دا ، خەبەری ئەوە هەبوو کە یەکێک لە ڕێبەرانی پ.ک.ک. لە باکووری سوورییە پێ کراوە.   لە بەشی سوورییە دا – بەشی کوردیی سوورییە . ئایا ئێوە هیچتان بیستووە ئەو خەبەرە پشتڕاست بکاتەوە؟ ناوی ئەو ڕێبەرە باهۆز ئەرداڵە.

 ئاغای کیربی : نا هیچ خەبەرم نییە.

 پرسیار: باشە، خەبەرێک لە مەر ناوخۆی تورکییە. هەر ئەمڕۆ ، کۆمەڵەی 'چاوەدێری مافی مرۆڤ' ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا هاتووە تورکییە پێش بەو لێکۆڵینەوانە دەگرێ کە کۆمیساریای بەرزی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەر وەها گرووپەکانی لایەنگری مافی مرۆڤ دەیانەوێ بیکەن سەبارەت  بە لە جێی خۆ هەڵکەندن و کوشتنی ناقانوونی خەڵکی مەدەنی. ئێوە  لە سەر ئەو پێشێلکارییانەی کە حکوومەتی تورکییە کردوویەتی لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوو دا ، کە تێیدا ژمارەی خەلک کە دەکرێ بگاتە نیو میلیۆن کورد لە ناو تورکییە دا ناچار کراون زێد و واری خۆیان بە جێ بهێڵن دەڵێن چی . ئایا لەو بارەیەوە چ لێکدانەوەیەکت هەیە و هیچت هەیە بیڵێی ؟ 

ئاغای کیربی: ئێمە هەر تازە بەو ڕاپۆرتەی لەمەڕ مافی مرۆڤمان زانیوە. ئێمە ئەوە خەریکین تا و توێی دەکەین. ئەمن هیچ بۆچوونێکی تایبەتیم نییە لە سەر ئەوەی کە ڕاپۆرتە لێی دەدوێ. ئاشکرایە، ئەوانە کێشەی جیدین ، و ئەوانە نیگەرانی زۆر جیدی دەورووژێنن. بەڵام تا ئەو کاتەی ئێمە دەرفەتمان دەست کەوێ بەو ڕاپۆرتەی کۆمەلەی چاوەدێری مافی مرۆڤ دا بێینەوە ، ئەمن پێم وایە ئەمن نابێ بەم شێوەیە یان شێوەیەکی دیکە هیچ بڵێم.  ئاشکرایە ، بە گشتی بڵێم ، ئێمە گشت ئیدیعاکان سەبارەت بە خراپ بزووتنەوە لەگەڵ پەنابەران یان خەڵکی بێگوناهی مەدەنی زۆر زۆر بە جیدی دەگرین. و بۆ ئەوەی بزانین کە هەر کام لەو ئیدیعایانە چەندە ڕاستن ، ئێمە پێمان خۆشە بە تەواوی لێیان بکۆڵدرێتەوە و بە تەواوی و بە شەفافی لێیان بکۆڵدرێتەوە و ئەو کەسانەی کە بەرپرسی ئەو کارانە بوون حیسابی خۆیان بدەن.ئەمن هیچ شتی تایبەتیم نییە سەبارەت بەو ڕاپۆرتە تایبەتییە بیڵێم. 

پرسیار: دوایین پرسیار : ئەو ئیدیعایانەی لە مەر - 

ئاغای کیربی: دڵنیای ئەوە دوایی یە؟ ( پێ دەکەنێ.)

 پرسیار: بەڵێ.

  ئاغای کیربی: باشە.

 پرسیار: ئەو ئیدیعایانە سەبارەت بە جووڵانەوە و ڕەفتاری حکوومەتی تورکییە لەگەڵ باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکییە
 [ باکووری کوردستان، وەرگێڕ] ، چەندین مانگە درێژەی هەبووە ، لە هاوینی ڕابردووەوە ، و ئەو پرسیارانە زۆر زۆر جاران لە ئێوە کراون.

ئاغای کیربی: وەک من گوتم ، ئێمە ئەو ئیدیعایانە زۆر، زۆر بە جیدی وەردەگرین. هیچ کەس نایەوێ ببینێ ئەو شتانە ڕوو بدەن. و ئێمە بەردەوامین لە پێداگری لە گەڵ تورکییە کە  بە تەواوی لەوانە بکۆڵێتەوە و ڕوونیان کاتەوە. بەڵام ئەتۆ سەبارەت بە پرسێکی تایبەتی لەمەر ڕاپۆرتێک لێت پرسیم کە تازە بڵاو کراوەتەوە، و ئێستا ئێمە ئەوە خەریکین پێیدا دەچینەوە. بەڵام جارێکی دی، بە گشتی بڵێم ، ئێمە ئەوە زۆر، زۆر بە جیدی وەردەگرین.


سێشەمە ١٢- ی ژووییەی ٢٠١٦
  جان کیربی
 قسەوێژی وەزاڕەتی دەرەوەی ئەمریکا
 زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی واشنگتن، دی سی

پرسیار: تورکییە؟  

ئاغای کیربی : بە ڕاستیتە؟

 پرسیار: ئەرێ

 ئاغای کیربی: باشە   پرسیار: سپاست دەکەم جاش [ جاش قسە بێژی کۆشکی سپی یە، وەرگێڕ ] – سپاست دەکەم، جان

 ئاغای کیربی : جاش؟ ( پێ دەکەنێ )

 پرسیار : بمبوورە ، لێم تێک چوو چاش کەسێکی دیکەیە. پرسیار: ئەو یەکی دیکەیە .

 پرسیار: بەڵێ جان ، دوێنێ -

 ئاغای کیربی: ئەمن بە هیچجۆر نامەوێ خۆم وا ڕانێم کە توانایی من دەگاتە هاوکارەکەم لە کۆشکی سپی

پرسیار: دوێنێ ، ئێمە قسەمان لە سەر کرد . ئەمن پرسیارم کرد سەبارەت بە ڕاپۆرتی گرووپی ' کۆمەڵەی چاوەدێری مافی مرۆڤ' سەبارەت بە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکییە [ باکووری کوردستان ، وەرگێڕ ]، و ئەتۆ گوتت ئێوە دەچن و ڕاپۆرتەکە دەخوێننەوە و لێی قووڵ دەبنەوە. ئێستا هیچت هەیە بیڵێی لە سەر ئەو ڕاپۆرتە ؟

 ئاغای کیربی: ئەمن شتێکی زیاتری ئەوتۆم نییە بۆت باس بکەم لەوەی کە دوێنێ پێم گوتی. ئاشکرایە ئێمە دەزانین  ئەو ڕاپۆرتە ڕادەگەێێنێ کە حکوومەتی تورکییە ووڵامی کۆمیسەری بەرزی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانی نەداوەتەوە – ئەو نامەیەی کە تێیدا کۆمێسەر داوای مۆڵەتی کردووە  بۆ تیمێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەوەی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکییە لێکۆڵینەوە بکەن لەو پێشێلکاریانەی کە بە توانایەکی لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی تورکییەوە کراون بە دەم ئۆپێڕاسیۆنە عەسکەرییەکان لە ناو شارەکاندا. ئێمە پێداگری دەکەین لەگەڵ تورکییە کە ئیزن بدا بە لێکۆڵینەوەی کاریگەر لە لایەن دۆزگەرانی تورکەوە سەبارەت بە کووژرانی خەڵکی مەدەنی و ڕووخاندن و تێک درانی مالوموڵکی مەدەنی لە جزیرێ - پێم وایە ئەتۆش وای دەردەبرێ -

پرسیار: بەڵێ جزیرێ

ئاغای کیربی: - جزیرێ ، سپاست دەکەم ٠ و شارەکانی دیکە لە باشووری ڕۆژهەڵات و ڕێگا بدا کە تیمەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و گرووپە ئێن جی ئۆ یەکان ( نا حکوومییەکان) بچنە ناوچەکە و بەڵگە لە سەر ئەو ڕوداوانەی لەوێ ڕادەبرن کۆ کەنەوە. ئاخر شتی لەو پێوەندییە دا دەیڵێم ئەوەیە ئێمە هەڵبەت پێداگری دەکەین لەگەڵ تورکییە، کە هەموو جۆرە ئیحتیاتکاری پێویست بکا، بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی و بە شێوەیەکی شێلگیرانە بەرعۆدە قانوونییەکانی خۆی لە بەرچاو بێ.

 پرسیار: ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و گرووپەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ ئەوە بە مانگانە داوای ئەو مۆڵەتە دەکەن. ئێستا ساڵی ٢٠١٦ یە، تورکییە هاوپەیمانێکی ئێوەیە لە ناتۆ دا – ئەتۆ ئەوە چۆن دەبینێ – چۆنە کە بۆ تورکییە ، بۆ تورکییەی هاوپەریمانتان هەڵناسووڕێ ،و ڕێگا نادا بە لێکۆلەرەوەران کە بچن و لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بکۆڵنەوە؟

ئاغای کیربی: دەزانی ، با دیسان دایگرمەوە، ئەمن پێم وایە هەڵوێستی خۆمانم بۆ باس کردی. ئێمە پێداگری لەگەڵ ئەوان دەکەین ڕێگای چوونی ئەو گرووپانە بدا و ئەو لێکۆڵینەوانە ئەنجام بدا. ئێمە لەو باوەڕە داین ئەوە گرینگە نەک لە بەر ئەوەی ئەوان هاوپەیمانێکن لە ناتۆ دا ، بەڵکوو ئەوە کارێکی دروستە کە بکرێ. و دیسان بڵێم ، ئێمە لەو بارەیەوە ڕوانگەی خۆمان دەڵێین و قسەی خۆمان ناخۆینەوە.

پرسیار: و شتێکی دیکە : کەسێک هەیە بە ناوی خورشید کوتلەر، ئەو ئەندامێکی ناوچەیی پارتی لایەنگری کوردە ماوەی ٥ ڕۆژە دیارە نییە و لە تویتر دا بە میلیۆن هەشتەگ لە سەری بڵاو کراوەتەوە و هەر وەها لە تۆڕی کۆمەڵیی دیکەش دا، و کاربەدەستانی تورکییەش لە ماوەی چوار پێنج ڕۆژی ڕابردوو دا هیچیان نەگوتووە لە سەر چارەنووسی وی. پێم خۆشبوو بزانم لەو بارەیەوە دەڵێی چی.

ئاغای کیربی: ئەمن ئەو ڕاپۆرتەم نە دیوە. با بزانین بەڵکوو بتوانین لەو بارەیەوە ئاگادارت کەینەوە. 
تێبینی: پرسیارەکانی لەمەڕ تورکییە ئیلهان تانیر نووچەگەهانی جەمهوورییەت لە واشنگتن هێناویەتە گۆڕێ




چوارشەمە ١٣-ی ژووییەی ٢٠١٦ 
 مارک سی. تونر
 جێگری قسەوێژی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
 زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی واشنگتن، دی سی

پرسیار: باشە ، ئەمن دەمەوێ نوختەیەک ڕوون کەمەوە کە -

ئاغای تونر: باشە ، فەرموو

پرسیار: - وا وێدەچێ هێندێک میدیای کورد بە هەڵە باسیان لێوە کرد بێ.

ئاغای تونر: باشە ، فەرموو

پرسیار: و ڕەنگە ئەتۆش بتەوێ ئەو نوختەیە ڕوون بێتەوە ، و دوایە پرسیارێکت لێ دەکەم. ئاغای تونر : باشە. پرسیار: نوختەی ڕوون کردنەوە. ئەو یادداشتی لەیەک تێگەیشتنە کە لە نێوان پێنتاگۆن و حکوومەتی هەرێمیی کوردستان دا ئێمزا کراوە بۆ دانی ٤١٥ میلیۆن دۆڵار یارمەتی بە پێشمەرگە -

 ئاغای تونر : باشە،

 پرسیار: - ئایا ئەو لەیەک تێگەیشتنە بە ڕەزامەندی بەغدا کراوە ، ئایا ئەوە ڕاستە؟

ئاغای تونر: بەڵێ ڕاستە. پرسیار: ئێ ئاغای تونر: بەڵێ ئەوە بە ڕەزایەتی حکوومەت لە بەغدا، بەڕێوە چوو.

پرسیار: باشە. ئەمن پێم وایە ئەوە بۆ هەموو لایەک باشە کە ڕوون بێ چییە.

ئاغای تونر: هەڵبەت وایە.

پرسیار: جا ئێستا پرسیارێکم هەیە.

ئاغای تونر: سپاست دەکەم

پرسیار: باشە. وا وێدەچێ جیاوازییەک هەبێ -

ئاغای تونر: هەڵبەت . فەرموو بەردەوام بە.

 پرسیار: جیاوازییەک هەبێ لە نێوان بۆچوونی وەزاڕەتی بەرگری و وەزاڕەتی کاروباری دەرەوە دا سەبارەت بە پێوەندییەکان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان. و ئەو یادداشتی لەیەک تێگەیشتنە ئەو کاتە هاتە گۆڕێ کە وەزیری بەرگری کارتر چەند مانگ لەوە پێش لە بەغدا بوو و لەوێ بە حکوومەتی عەبادی گوت وەزاڕەتی بەرگری خەریکە ئەو یارمەتییانە بدا بە پێشمەرگە بۆ ئەوەی ئەوان بتوانن یارمەتی بکەن لە شەڕ بە دژی داعش دا و لەوێ پرسی ذاخودا بەغدا – داخودا حکوومەتی بەغدا هیچی هەیە بە دژ ئەوە و ئەوان نەیان بوو . یانی ئەوان بۆیان هەبوو دژی ئەوە بن ، بەڵام دژایەتییان دەر نەبڕی، باشە، بەڵام کە کار دەگاتە شتێکی وەک کۆنفڕانسی بەڵێنی یارمەتیدان کە حەوتووی داهاتوو دەبەسترێ بۆ پشتیوانی کردن لە عێڕاق ، بۆچوونی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوە ئەوەیە کە تەشویق بکا – کە ئەوە باش دەبێ و چاک وایە و زۆر شتی بە نەرم و نیان تری دیکە – دەڵێ حکوومەتی عێڕاق تەشویق دەکا نوێنەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لەو کۆنفڕانسە دا بن ، و حکوومەتی عێڕاق ئەو کارە ناکا . جا پرسیارەکەی من ئەوەیە : ئایا وا وەبەرچاو نایە کە ئەگەر وەزاڕەتی کاروباری دەرەوە مۆدێلی پێنتاگۆن واتە وەزاڕەتی بەرگری ڕەچاو کا و بە عێڕاق بڵێ: ئێمە دەمانەوێ ئەوە بکەین یان دەمانەوێ ئێوە بیکەن . ئایا چ دژایەتێکتان هەیە. ئەگەر ئاوا بکرێ دەکرێ ئاکامی باشتری هەبێ وانییە؟


 ئا‌غای تونر: باشە، بەر لە هەموو شت، سەبارەت بەو یادداشتی لەیەک تێگەیشتنە کە ئەتۆ ئاماژەت پێ کرد. ، بڕوانە، من داوات لێ دەکەم پرسیار لە هاوکارانم بکەی لە وەزاڕەتی بەرگری بۆ ئەوەی سەبارەت بە ووردە ڕیشاڵی ئەو یارمەتییە عەسکەرییە قسەت بۆ بکەن. جێگری کارای وەزیری بەرگری . ئێلیسا سلۆتکین ئەمن پێم وایە ئەو حەوتوویە چوو بۆ ئەربیل [ هەوڵێر، وەرگێڕ ] بۆ ئەوەی ئەو کارە تەواو بکا. وەک تۆش ئاماژەت پێ کرد ، ئەوە سەبارەت بە یارمەتییەکە بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە پێشتر ڕاگەیێندرا بوو . و ئەوە ، وەک گوتم بە ڕەزامەندی حکوومەتی بەغدا کرا، کە ڕاستت بوێ ، بەشێک بووە لە پێواژۆی شێلگیری ئێمە بۆ یارمەتی کردن بە حکوومەتی عێڕاق تا دوایی – جا چ بەڕێگای وەزاڕەتی کارو باری دەرەوە یان بەڕێگای وەزاڕەتی بەرگری یەوە- ئەویش ئەوەیە ئێمە کار دەکەین بۆ پشتیوانی لەو هێزە کوردانەی کە مەهارەتێکی مەزن ، و ئازایەتێکی گەورەیان نیشان داوە لە مەیدانی شەڕی دژی داعش دا ، بۆ دەرپەڕاندنی لەو خاک وکەوشەنەی کە لە کۆنتڕۆڵی دا بووە. و وەک باسم کرد ، ئێمە زۆر سەخت کار دەکەین بۆ پشتیوانی کردن لەو حەولانە. بەڵام ئێمە ئەوە لە ژێر ئیشڕاف و لە ژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەتی عێڕاق دا دەکەین. و ئێمە سەبارەت بەوە لەگەڵیان دواوین نەک هەر لە گەڵ کوردەکان بەڵکوو لەگەڵ ئەو گرووپانەی دیکەش کە لەعێڕاق شەر دەکەن، چونکە لێرە دا ئامانجی دوایی ئەوەیە – ئەوەی کە ئێمە دەمانەوێ لێرە دا سازی کەین – توانایی و قابیلییەتی حکوومەتی عێڕاقە بۆ دابین کردنی ئەمنییەت بۆ خەڵکی خۆی بە دەستی خۆی. ئەوە ئامانجی سەرەکی بووە. ئێمە بە پێویستی نامانەوێ هەمیشە لەوێ بین بۆ پشتیوانی کردنیان. ئێمە دەمانەوێ توانایی و قابیلییەتی ئەوان ساز بکەین بۆ دابین کردنی ئەمنییەتی خۆیان .
 ئێستا، ئەتۆ ئاماژەت کرد بە کۆنفڕانسی باربوو دەران – یان کۆنفڕانسی بەڵێنی دان، با بێمە سەر ئەو خاڵە. هەڵبەت ، ئەو کۆنفڕانسە دەرفەتێکە بۆ ئێمە کە یارمەتی مرۆڤی زیاتر بکەین و هەر وەها یارمەتی جێگیر کردنی حکوومەت لە عێڕاق، کە ئەوە کوردەکانیش وەبەر دەگرێ. ئەوە بەشێکێتی، و ئەمن نامەوێ لەو ڕووەوە هیچ جۆرە ئاڵۆزییەک هەبێ ، بەڵام ئەوە بە ڕێگای حکوومەتی عێڕاق ڕا دەکرێ – دیسان وەک گوتم ئەو یارمەتییە لە ژێڕ ئیشڕاف و کۆنتڕۆڵی حکوومەتی عێڕاق دا دەبێ.
  بەڵام بە سەرداگیراوی گوتنی ئەوەی کە ئێمە بە جۆرەیەک شانی وەبەر نادەین یان ڕاستەوخۆ کار ناکەین لەگەڵ کوردەکان تا ئەو ڕادەیەی کە دەلوێ، و گوێ نادەینە نیگەرانییەکانیان ، و باسی نیگەڕانییەکانیان لەگەڵ ناکەین ئەوە وانییە ، مەبەستم ئەوەیە بڵێم بڕوانە – کاربەدستانی پایەبەرزی ئەمریکایی زۆر جار سەفەریان کردووە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەبەستم بۆ کوردستان ە ،  لەوانە برێت مەکگورک زۆر جار سەفەری کردووە ، بۆ هەر سەفەرێکی کە ئەوان بۆ هەرێم یان کرد بێ سەری کوردستانیشیان داوە ، و ئێمە لە سەر ئەوە بەردەوام دەبین. ئەتۆ  ئاماژە دەکەی بە تێکنیکی جیاوازی وەزاڕەتی بەرگری – بڕوانە ئەمن لێرە دا باسی ئەوە ناکەم کە گشت ئەوانە چۆن هەڵدەسووڕێن. گشت ئەوەی لەو بارەیەوە بیڵێم ئەوەیە  وەزاڕەتی بەرگری ، وەزاڕەتی کارو باری دەرەوە ، هەمان تیم، و هەمان حکوومەتن. ئێمە گشتمان بەیەکەوە کار دەکەین.، بەیەکەوە بەستراوینەتەوە، بۆ ئەوەی ئەو پشتیوانییە بکەین کە هەست دەکەین پێویستە بۆ ئەوەی حکوومەتی عێڕاق ، گەلی عێڕاق ئەو ئەمنییەتەیان هەبێ کە پێویستییان پێی هەیە. 

پرسیار: باشە، ئەمن دەزانم بریتانیاییەکان لە سەر ئەوە زۆر پێداگریان کرد کاتێک کۆنفڕانسێکی هاو شێوەیان ڕێک خست و کارێکی ئەوتۆیان کرد حکوومەتی عێڕاق نوێنەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ دەستەی نوێنەرایەتییەکەی خۆی بخا. تەنێ وا وێدەچێ وەزاڕەتی کارو باری دەرەوە هەر عێڕاق تەشویق دەکا بۆ ئەوە بەڵام ئەگەر پێکێشی لە سەر ئەو داوایە بکا ، ئەو دەمی لەوانەیە عێڕاقییەکان مل بدەن.

ئاغای تونر: بڕوانە، مەبەستم ئەوەیە بڵێم – ئەوەی کە بانگ کراوە یان شێوەی بانگ کردنەکە بۆ بەشداری لە کۆنفڕانسەکە دا چۆنە – ئەوە بەشێکە لە ئەرکی گرووپێکی کاری ئیتیلاف – ئەوە ئەوانن کە خەڵک بانگ دەکەن. جا بۆیە من داوات لێ دەکەم پێوەندییان پێوە بکەی و بە ووردی بزانی کە کێ بانگ دەکەن و هۆ سۆنگەی بڕیارەکەیان چییە.
 تێبینی : ئەو پرسیارانە لە لایەن یای لۆری میلرۆی کە ڕۆژنامەنووسێکی بە ئەزموونی ئەمریکایی یە هاتوونە گۆڕێ


No comments: