Sunday, July 24, 2016

وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا، زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی، دووشەمە ١٨ و جومعە ٢٢-ی ژووییەی ٢٠١٦

دووشەمە ١٨-ی ژووییەی ٢٠١٦
مارک سی .تونر
 جێگری قسە وێژی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
 زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
 واشنگتن، دی سی

 پرسیار: کاتێک مرۆڤ ئاوڕ دەداتەوە و لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن تورکییەوە  دەڕوانێ، ئەمن وای بۆ دەچم ڕەنگە لە بەر شەڕی دژی داعش ، دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتیی ئوڕووپا  تا ئێستا بێدەنگ بووبن ئێستا لە بەر ئەوەی قەیرانییەکە زۆر قووڵ بووەتەوە وەدەنگ هاتوون.بەڵام لەو داخویانییانەی دا کە ئێوە و یەکێتیی ئوڕووپا دەیدەن هیچ باسی هیرش و دەستێوەردانی تورکییە بۆ سەر هەرێمە کوردەکان نییە، کە دیارە ئەوە شیاوی بۆچوونی دەست بە جێ یە. هەم ڕێکخراوی ئەمنستی نێونەتەوەیی و هەم کۆمەڵەی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ ئەو هێڕشکاریانەیان شەرمەزار کردووە. جا ئەمن بیر لەوە دەکەمەوە ئێستا کە بابەتی مافی مرۆڤ لە تورکییە کێشەیەکە بۆ دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتیی ئوڕووپا، ناکرێ مەسەلەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە باشووری ڕۆژهەڵات [ باکووری کوردستان ، وەرگێڕ ] یش بهێندرێتە گۆڕێ ، بە تایبەتیش لە بەر ئەوەی ئەو کێشەیە بە توانایەکی دەکرێ پەرەی زیادتر بدا بە کێشەی عەسکەری؟

ئاغای تونر: باشە، بڕوانە ، سیاسەتی ئێمە سەبارەت بە چالاکییەکانی پ.ک.ک. تەواو ڕوون بووە. ئێمە پ.ک.ک. بە ڕێکخستنێکی تێڕۆریستی بیگانە دەزانین و پشتیوانی لە حەولەکانی تورکییە دەکەیەن بۆ ڕاونانی پ.ک.ک. بەڵام وەکوو هەموو عەمەلیاتەکانی دیکەی دژی تێڕۆریسم، ئێمە هەمیشە دەمانەوێ ببینین هەموو حەولێک بدرێ بۆ دەست پاراستن و بە دڵنیاییەوە کەمکردنەوەی هەرە زۆری خەساری مەدەنی. و بە دڵنیاییەوە ئێمە دەمانەوێ هەموو جۆرە ئۆپێڕاسیۆنی دژی تێڕۆریسم بە شێوەیەکی ئەوتۆ بەڕێوەبچێ کە مافی مرۆڤ و نیگەرانییەکانی لەمەر مافی مرۆڤی لە بەر چاو بێ. ئێمە لە ماوەی شەش مانگ تا یەک ساڵی ڕابردوو دا، بەداخەوە، لە ڕاستیدا شاهیدی زێدە بوونی توندوتیژی بووین – لە نێوان پ.ک.ک. و کاربەدەستانی تورکییە دا. ئێمە شاهیدی تێکچوونی ئەو میکانیزمە بووین کە بەمەبەستی موزاکەرات و وتووێژ لەگەڵ پ.ک.ک. دامەزرابوو. ئێمە پێمان خۆشە ببینین کە پ.ک.ک. هێرشەکانی بۆ سەر کاربەدەستانی تورک یان پۆلیسی تورک و هێزە ئەمنییەتییەکانی تورک ڕابگرێ، و پێمان خۆشە، دیسان، گەڕانەوە ببینین ، بەرەو جۆرەیەک مێکانیزم کە تێیدا بکرێ وتووێژی ئاشتیانە بکرێ، باشتر بلێم گفتوگۆ بۆ کۆتایی هێنان بە توندو تیژی. بەڵام، هەرچۆنێک بێ ، ئێمە پشتیوانی دەکەین لە تورکییە بۆ بەرگری لە شارومەندانی. 

پرسیار: باشە، فکری موزاکەرە بۆ ئەوەی ئێستا کۆتایی بدرێ بە توندو تیژی – و ئەوە دەکرێ وەک جۆرەیەک لە دەستپێشخەری پێچەوانە وەبەر چاو بێ – بەڵام حاڵی حازر وورەی ئەڕتەش ناکرێ زۆر باش بێ بە لەبەر چاوگرتنی ئەو شێوەیەی کە ئێستا حکوومەتی تورکییە ئەڕتەشەکەی خۆی ڕەپێچەک دەدا. و ئەوە لەوانەیە نەبێ – و دەکرێ پ.ک.ک. وەسوەسە بکا بۆ کردەوەی زۆر هێرشکارانەتر، کە ئەوەش مانای کێشەی زیاترە ، توندو تیژی زیاتر دەبێ ، خەڵکی بێگوناه دەمرن ، و ئەوە لە چوارچێوەیەکی گشتی دا – دەکرێ  ئەمڕۆ یان سبەینێ نەبێ ، بەڵام لەو چوارچێوەیە دا دەبێ - لەوانەیە بەجێ بێ کە هێندێک لایەن – ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ، یەکێتیی ئوڕووپا -  فکر لە موزاکەرات بکەنەوە وەکوو پێشگێڕەوەیەک لە هەموو دژکردەوەیەکی هێرشکارانەی پ.ک.ک. و بەوشێوەیە لە حاڵی حازر دا بارێکی قورس لە سەر پشتی ئانکارا هەڵگرن ، چونکە ئێستا زۆر گیروگرفتی هەیە کە پێیانەوە خەریک بێ؟ 

 ئاغای تونر: بڕوانە، ئەمن ئێستا نامەوێ لەخۆوە لە سەر ئەگەری هیچ دەورێکی نێونەتەوەیی بدوێم بۆ چارەسەر کردنی کێشە لەگەڵ پ.ک.ک. ئەمن هەر ئەو ڕاستییە دووپاتە دەکەمەوە و دایدەگرمەوە کە ئێمە هیوادارین پ.ک.ک. ددان بە جەرگی دا بگرێ ، واتە دەست  بپارێزێ لە هەموو جۆرە کردەوەیەکی توندو تیژی و تێڕۆریسم بە دژی خەڵکی تورکییە ، و بە دڵنیاییەوە بە لەبەرچاوگرتنی حەساسییەتی دوای هەوڵی کودەتای ڕۆژی جومعە – واتە دەست بپارێزێ لە کردەوە تێرۆریستییەکانی کە بە دژی هێزە ئەمنییەتییەکانی تورک دەیانکا. بەڵام سەبارەت بە ئەگەری حەول و تێوەگلانی کۆمەڵگەی نێوەنەتەوەیی لەگەڵ پ. ک. ک. ، ئێستا ناتوانم لە سەر ئەوە بدوێم. 



جومعە ٢٢-ی ژووییەی ٢٠١٦
 ئێلیزابێت ترودۆ
 بەڕێوەبەری ، ئیدارەی چاپەمەنی
وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
واشنگتن، دی سی

 یای تورودۆ: فەرموو، لۆری
 پرسیار: وەزاڕەتی کارو باری دەرەوە کارێکی گەورەی کرد بە میوانداری و ماڵخێوی ئەو هەموو کۆنفڕانسە نێونەتەوەییانە لە سەر عێڕاق.
 یای ترودۆ: سپاست دەکەم، جێی پێ زانینە. تیمێکی گەورە ئەو کارەی بەڕێوە برد
 پرسیار: بە ڕاستیش باش بوو ، و ئەمن زۆر خۆشحاڵ بووم دیتم نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان – کەی ئار جی لە واشنگتن یش لەوێ بەشدار بوو.
 یای ترودۆ: بەڵێ ، لەوێ بوو
 پرسیار: و ئەوە زۆر باش بوو . و ئێوە تەنانەت دراوی زیاتریشتان کۆ کردەوە – بە شێوەیەک دراوی زۆرتر
 یای ترودۆ: زیاتر لە 2.1 بیلیۆن  دۆڵار بۆ عێڕاق
 پرسیار: و ئێوە گوتبووتان ، ئەگەر ئەمن چاکم لە بیر مابێ، کۆ کردنەوەی ٢ بیلیۆن ئامانج بوو، ئێوە توانیتان زیاتر لەوەی ئامانجتان بوو کۆ کەنەوە.
 یای ترودۆ : ئەوە ڕاستە
 پرسیار: جا ئەمن پرسیارێکم هەیە سەبارەت بە قۆناغی دواتر.
 یای ترودۆ: ئێ
پرسیار: چونکە حکوومەتی عێڕاق – وەک دەزانی لە ڕیزی ١٦٨ ووڵاتی گەندەڵی دونیا دا  ووڵاتی ١٦١ە بە پێی ئیندێکسی  شەفافییەتی نێونەتەوەیی ، و لە کردەوە دا لەو ڕووەوە بە حکوومەتێکی دەست پاک داناندرێ. چ مێکانیسمێک لە گۆڕێ دایە بۆ ئەوەی دەستەبەر بێ ئەو دراوە بە دروستی خەرج دەکرێ، و لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان دوو لە سێی خەڵکی لە جێی خۆ هەڵکەندراو و پەنابەری شەڕی داعش دەحاوێنێتەوە ، پێویستە دەستەبەری بکرێ کە کوردستان بەشی عادڵانەی خۆی لەو یارمەتییە – لەو یارمەتییە ئینسانییە وەربگرێ

یای ترودۆ: باشە، ئەمن لەوە ڕا دەست پێدەکەم بڵێم دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا منەتباری هەر کام لەو ووڵات و ڕێکخستنانەیە کە لەو کۆنفڕانسە دا بەشدار بوون. وەک دەزانی، ئەوە سەرکەوتنێکی زۆر گەورە بوو، سپاست دەکەم کە ئەتۆش بەوە دەزانی. ئەو ووڵات و ڕێکخستنانەی بەشدار بوون سەرۆکایەتییەکی گرینگیان لە خۆیانەوە نیشان دا ، و ئەوان بەو یارمەتییە هەلی ئەوە دەڕەخسێنن بۆ ئەوەی ئەو شارومەندانەی عێڕاق کە داعش لە جێی خۆی هەڵی کەندوون بگەڕێنەوە - یانی بڕیار بدەن بۆ گەڕانەوە – بۆ سەر ماڵ و خاڵی خۆیان ، بۆ وەدەستهێنانی ئەو خزمەتانەی پێویستییان پێی هەیە  بۆ ئەوەی کۆمەڵگەکانی خۆیان ساز کەنەوە.
ئەگەر بە تایبەتیش سەبارەت بە دراوەکە بڵێم، چونکە من دەمەوێ هێندێک باسی لێوە بکەم. ئەو بەڵێنەی ئەو باربوودەرانە داویانە لە سەر چوار بواری گرینگ کە عێڕاق پێداویستی پێی هەیە خەرج دەکرێ: یارمەتی مرۆڤیی ، هەڵگرتنەوەی مین، یارمەتی بۆ ڕێخۆشکردن بۆ سەباتی دەستبەجێ، و یارمەتی بۆ ڕێخۆشکردنی بۆ سەباتی پەرەپێدراو. ئەوەی دواییان، ئەوەندەی من لێی تێدەگەم، وەک پردێكی حەول هەڵدەسووڕێ لە نێوان حکوومەتی عێڕاق و ئیتیلاف دا لەو ناوچانەی کە لە دەست داعش ڕزگار دەکرێن.  سەبارەت بەوە حکوومەتی عێڕاق چۆن ئەوە هەڵدەسووڕێنێ، شەریکایەتی  ئێمە و حکوومەتی عێڕاق قووڵ و پتەوە. ئەوە شتێکە کە ئێمە زۆر جار باسمان کردووە لەمەڕ پشتیوانی خۆمان لە حکوومەتی عێڕاق لە کاتێکدا ئەوان سەرقاڵی ڕێفۆرم کردنی حەولەکانی خۆیانن بۆ ئەنجام دانی ئەوە. جا ئەوە شتێکە کە ئێمە زۆر لە نزیکەوە تێوەی گلاوین.
لەمەر ئەو پرسیارەت کە چ دراوێک دەچێتە کوێ، کۆنفڕانسەکە تازە کۆتایی بە کارەکانی داوە، جا بۆیە من پێشاوپێش هیچ ناڵێم. ئەوەی ئێمە دەیڵێین ئەوەیە، شتێکی کە هەمیشە گوتوومانە، ئەویش ئەوەیە دراو و پشتیوانی بە ڕێگای بەغدا دا دەدرێ ، بەڵام ئێمە بە تەواوی لەوە ئاگادارین هیندێک لە ناوچەکانی ووڵات ئەزموونێکی تایبەتییان چێشتووە بە دەست داعشەوە.

 پرسیار: بێ گومان ئێوە هەنگاوی ئەوتۆ هەڵ دەهێننەوە بۆ ئەوەی دەستەبەر بێ بەغدا ئەو دراو بەجێ خەرج دەکا و دراوەکە ناچێ لە گیرفانی خەڵکەوە؟

 یای ترودۆ: ئەوە یەکێک لەو قسانەیە کە ئێمە بەردەوام سەبارەت بە یارمەتیی دەوڵەتە یەکگرتووەکان دەیکەین بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەو یارمەتییە بۆ کوێی جیهان دەچێ.  







No comments: