Saturday, February 3, 2018

کوردەکان، هەڵدێرەکان و کڵاشنیکۆڤەکان

کوردەکان، هەڵدێرەکان و کڵاشنیکۆڤەکان
فوئاد ئووەیسی
١ی فێڤرییەی ٢٠١٨
بزووتنەوەیەکی نەناسراو
هاوینی ڕابردوو سەرم لە کتێبفرۆشییەکی بەناوبانگی ئانارشیستی دا لە مونترال بۆ ئەوەی بە دوای ئەدەبییاتی خۆڕاگری ناوچەیی دا بگەڕێم و، بەڵکوو ، بتوانم کۆپییەکی باشی کارەکانی مورەی بووکچین لە ڕەفی کتێبەکاندا بدۆزمەوە. بە خۆشییەوە کۆکراوەیەکم لە ووتارەکان و ئەو وتووێژانەی لەگەڵ بووکچین کرا بوون دۆزییەوە ، بیرمەند و تێکۆشەرێک کە نووسینە ئانارشیستی و هاویردۆرییەکانی و بیرەکانی بناخەی دوورکەوتنەوەی عەبدوڵا ئوێجاڵان لە مارکسیزمی ستالینیستی و هاتنی بەرەوە تیوری داهێنەرانەی کۆنفێدرالیسمی دێمۆکڕاتیک بووە. ئوێجاڵان ڕێبەری زیندانی کراوی پارتیی قەدەغە کراوی کرێکارانی کوردستان ( پ ک ک) یە، و تیوریسیەنی ڕووحی و ستراتێژیستی شۆڕشی یەکسانیخوازی و ئێکۆفێمێنیستی ڕۆژئاوایە لە باکووریی کوردی سووریا.
بەهەڵکەوت، لە کاتێکدا ئەمن لە کتێبفرۆشییەکە بووم و کتێب و نامیلکەکانم بە فەڕانسەیی و ئینگلیسی هەڵدەدانەوە و چاوم لێ دەکردن ، کابرایەکی مۆنترێئالی هاتە دووکانەکە و لە کتیبفرۆشەکەی پرسی داخودا هیچ کتێبی ئوێجاڵانیان هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەمن زمانی فەڕانسەیی نازانم بەڵام تێگەیشتم کتێبفرۆشەکە ووڵامی کابرای داوە کە قەت ناوی ئوێجاڵانی نەبیستووە، بەڵام بەر لەوەی دەرفەت بێنم خۆم تێوەردەم ، بە داخەوە موشتەرییەکە لە قەرەباڵغی یەکشەمەی بولواری سەنت لۆران دا لە بەرچاوان وون بوو. دوای ئەوە، من لەگەڵ کتێبفرۆشەکە هێندێک سەبارەت بە گۆڕینی پارادایمی کردەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هۆی ڕۆژئاواوە دوام ، و دەکرێ بلێم کورتە دەرسێکم دادا سەبارەت بە ئەوەی کە چۆن تیوری کۆنفێدرالیسمی دێمۆکڕاتیکی ئوێجاڵان بەردی بناخەی فرە ئێتنیکی و کردەوەی دێمۆکڕاتیک بووە لە ڕۆژئاوا لە سەرتاسەری شەڕیی ناوخۆیی ئێستای سووریا دا.
ئەو ڕۆژە ئەمن کتیبفرۆشییەکەم بەجێ هێشت تا ڕادەیەک هەستم بە خەتاباری خۆم دەکرد لەوەی کە کتێفرۆشەکەم تەریق کردووەتەوە کە هیچی سەبارەت بە ئوێجاڵان ، بووکچین و ڕۆژئاوا نەدەزانی، بەڵام ئەو چیرۆکە بۆیە لێرەدا دەگێڕمەوە چونکە ئەوە بۆ منی دەردەخا کە چۆن بزووتنەوەی خۆڕاگری ڕۆژئاوا لە یەکەم ڕۆژەکانییەوە لە نەناسراوی دا وەڕێ کەوت و سەرەتایەکی دڵنزمانەی هەبووە. کەسانی وەکوو نوام چامسکی ، مایکل هاردت ، دەیڤید هارڤی و تەنانەت سڵاڤۆژ ژیژەک لەو دەمییەوە پشتیوانی خۆیان لەو بزووتنەوەیە ڕاگەیاندووە ، و بیرمەند و تێکۆشەری دیکەش بە شێوەیەک لە شێوەکان پشتیوانییان لێ کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا، گرینگیی گشتی ئەو بزووتنەوەیە وەکوو بەدیلێکی کۆنکرێت لە ئاست هێژێمۆنی ئەمپریالیسم، دیکتاتۆری و بنچینەگری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، تا ڕادەیەکی زۆر کەوتووەتە بن هەرا وزەنای ناسیۆنالیستی و دەنگە کۆنەپەرستەکان و مێدیای کە باس لە چەرخی دەنگوباسی شەڕی ناوخۆی سووریا دەکا.
زۆر بەداخەوە ، دەنگەکان و بزووتنەوەکانی ئانارشیستی ، دوا کۆلۆنیالیستی و چەپی مارکسیستی ڕێی ئەوەیان گرتووەتە بەر کە هێرش بکەنە سەر شۆڕشی ڕۆژئاوا و تەنانەت ئامانجەکانی ، ستراتێژییەکان و دەستکەوتەکانی بە هێند نەگرن. ئەوان بە دروستی دەڵێن یەکینەکانی پاراستنی گەل ( یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژن ( یەپەژە) پشتیان بە یارمەتی نیزامی و هاوکاری ئەمریکا بەستووە لە خۆڕاگرییان دا لە ئاست هێزەکانی دەوڵەتی ئیسلامیدا (ئای ئێس). و ئەوان لە سەر قسەکانیان بەردەوام دەبن و دەڵێن یەپەگە/ یەپەژە تەنێ وەک مقاشی دەستی ئەمپریالیسمی ئەمریکان لە هەرێم دا و تەنێ ئامرازێکن کە ئەمریکاییەکان بەکاریان دەهێنن و دوایە لەکۆڵ خۆیانی دەکەنەوە ئەو کاتەی کە ئامانجەکانیان لە هەرێم دا وەدی دەهێنن. ئەو دەنگە ڕەخنەگرانانە بە دەم ' عەمەلیاتی لقە زەیتوون' ی ئەو دواییانەی تورکیا دیسان دەنگ دەدەنەوە، ئەو عەمەلیاتەی کە بە پەسندی سەرداگیراوی کۆشکی سپی بەڕێوە دەچێ بە مەبەستی هێرش کردنە سەر عەفرین و لە ڕووی ئێتنیکییەوە پاک کردنەوەی. عەفرین ئەو کانتۆنەیە کە کەوتووەتە لای ڕۆژئاوای دوو کانتۆنی ئێستا بەناوبانگی کۆبانێ و جزیرێ.
لەگەڵ ئەوەشدا، زۆر پێویستە دووڕوویەتی ئەو جۆرە ئیدیعا و دەنگانە نیشان بدرێ، و شێوە و مێژووی هاوکاری پەپەگە/یەپەژە لەگەڵ ئەمریکاییەکان ڕوون بکرێتەوە بە شێوەیەکی ئەوتۆ کە پێداگری بکرێ لە سەر گرینگی پشتیوانی کردن لەو بزووتنەوەیە نەک هەر لە بەرانبەر و بە دژی ئامانجەکانی ئەردۆغان لە سووریا و لە تورکیا، بەڵکوو لەبەر ئەو گرینگییە و دەرەتانانەش کە شۆڕشی ڕۆژئاوا هەیەتی بۆ گشت هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

کڵاشنیکۆڤ لە بەرانبەر تاوی بی جی ئێم ی – ٧١

سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە سووریا، بەتایبەتی لە سەردەمی ئیداری ئۆباما دا، بە پانەوە ڕەخنەی لێ گیراوە و ئێستا بە گەرم وگوڕی گەنگەشەی لەسەر دەکرێ، لەگەڵ ئەوەشدا ، ڕیشەی هاوکاری یەپەگە / یەپەژە لەگەڵ ئەمریکاییەکان دەکرێ ببرێتەوە سەر بڕیاری ئەمریکا بۆ پشتیوانی لە ئەرتەشی ئازادی سووریا ( ئێف ئێس ئەی) لە قۆناخە بەراییەکانی شەڕی ناوخۆیی سووریا دا : دوای ئەوەی کە ئاشکرا بوو سەرەڕای یارمەتی نیزامی و ماڵی ئەمریکاییەکان و سعوودییەکان، پشتیوانی کردنی لە ئەرتەشی ئازادی سووریای دۆڕاو و هیچ لە دەست نەهاتوو تەنێ بەرژەوەندی ئەمریکا لە کێشەکە دا دەخاتە مەترسییەوە ، ئەمریکاییەکان هیچ بژارێکیان نەبوو جگە لە پشت بەستن بە هێزەکانی یەپەگە/ یەپەژە نەبێ ئەگەر ویستبایان وەک گەمەکەرێک لە سووریا بمێننەوە. لە بەرانبەر دا یەپەگە. یەپەژە لە بەر ئەوە داوخوازی هاوکاری ئەمریکایان پەسند کرد چونکە دوای داگیرکردنی مووسڵ بە دەستی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێڕاق، هیچ ئەڕتەشێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا نەیدەتوانی خۆی لە ئاست ئەو چەکە ئەمریکاییانە بگرێ کە ئەرتەشی بەزیوی عێڕاق ڕادەستی دەوڵەتی ئیسلامی کرد بوو. لەوەش دەرچێ ، تاقە ئاکتوری سەربەخۆ لە شەڕی ناوخۆی سووریا دا ، واتە ڕۆژئاوا بۆ هیچ کام لەو موزاکەراتە بانگ نەکرابوو سەبارەت بە قەیرانیی سووریا ( جگە لە موزاکەراتی ئەو دواییانە نەبێ) ، وحەوجێی بە پشتیوانی یەک لە چوار هێزە گەورەکان هەبوو ( ئەمریکا، ڕووسیا، ئێران، تورکیا) بۆ ئەوەی بەشداری بکا لە وتووێژ لە مەڕ ڤیزیۆنێکی فێدێڕاڵی بۆ سووریا کە زۆر بەهەڵپەوە دەیانەویست لە وتووێژێکی ئەوتۆ دا بەشدار بن.
لەوەش زیاتر دوو نوختەی جێی ئاماژەی مێژوویی گرینگیش لە ئارا دا بوون لە مەر پێشینەی ئەو هاوکارییە نوێیە. یەکەم، لە دەسپێکی کێشەی سووریاوە ، کوردەکانی سووریا لە هەرێمی ڕۆژئاوا دەستیان لەوە گێڕابووەوە کە لە شەڕی ناوخۆ دا بەشداری بکەن یان لەو شەڕە دا لایەک بگرن ؛ چالاکی سیاسی و نیزامی ئەوان بریتی بوو لە پاراستنی هەرێمەکانیان لە ئاست گرووپە میلیتانە ڕادیکاڵەکانی وەک دەوڵەتی ئێسلامی و ، زۆر گرینگتر لەوە، چاوەدێری کردن بەسەر جێ بەجێ کردنی ڤیزیۆنی کۆنفێدرالیسمی دێمۆکڕاتیکی ئوێجاڵان دا، بە ڕێگای پڕ کردنەوەی بۆشایی هێزی دەوڵەتی کە بەرهەمێک بوو شەڕ خولقاند بووی. تەنیا کاتێک کە دەوڵەتی ئیسلامی شەڕی هێنا بەر دەرگای ڕۆژئاوا ، یەپەگە/ یەپەژە دەستیان لە پەسیڤ بوونی ڕادیکاڵی خۆیان هەڵگرت. دووەهەم، ئەگەرچی خۆڕاگری مێژوویی ڕۆژئاواییەکان لە ماوەی گەمارۆدرانی کۆبانێ وەکوو سەردمی " ستالینگراد " بوو لە شەڕ بە دژی دەوڵەتی ئیسلامی دا، خەرج و خەساری زۆری ئەونەبەردە بە خەجارەوە سەرزەنشتێک بوو بۆ ئەمریکاییەکان ، بۆ درێژە دان بە خۆڕاگری لە ئاست دەستەی وەک دەوڵەتی ئیسلامی ( کە تاوی بی جی ئێم ی ٧١ ی ئەمریکاییان هەبوو ) و کڵاشنیکۆڤی دەستی دوویەم کە لە بازاڕی ڕەش کرا بوون ، و ئەگەر ئەوەیان نەکرد با دوا جار دەگەیشتە تەسلیم بوون یان تێکچوونی ئازادی، ئیدەئال و کردەوەی ڕۆژئاواییەکان. ئەوە بە تایبەتی ڕاست دەردەچێ ئەگەر ئەو فاکتە لە بەر چاو بگرین کە هەموو لایەنە نەتەوەیی و سەربەخۆیەکان لە سووریا تەواو پڕ چەک بوون و لە سەرەتای ئەوە شەڕەوە لە لایەن ئەمریکاییەکان، ڕووسەکان ، ئێرانییەکان و سەعوودییەکان یارمەتی ماڵییان پێ دەکرا. هەر بە هەمان شێوە، هاوکاری نێوان یەپەگە / یەپەژە و ئەمریکا ، کە وەکوو کارێکی تاکتیکی و ئالوگۆڕی زانیاری لە هێندێک نەبەردی تایبەتی دا دەستی پێکرد، و گەیشتە ئاستی ڕاهێنان و پشتیوانی و پێ دانی چەک بە هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا ( قەسەدە) لە ماوەی قۆناغە دواییەکانی شەڕ بە دژی دەوڵەتی ئیسلامی، ناکرێ وەکوو سیناریۆیەکی یەک لایەنەی پشت بەستنی یەپەگە/ یەپەژە بە ئەمریکا چاو لێ بکرێ، و هەر وەها ئامانجە ئەمپریالیستی و ستراتێژییەکانی لە هەرێم دا . تەواو بە پێچەوانە : ئەوە ئەمریکایە کە لە سووریا دا هیچ شەریکی نییە جگە لە یەپەگە/یەپەژە نەبێ. لە ڕاستیدا یەپەگە / یەپەژە لە سەرتاسەری کێشەی سووریا دا بە تەواوی سەربەخۆ لە داوخوازییەکانی ئەمریکا جووڵاونەتەوە و زۆر جار ، بە دژی ئامانجەکان و بەرژەوەوندییەکانی ئەمریکا هەڵسووراون. لە ڕاستیدا ، ئەوە تەنێ لەو دواییانە دا دوای شکانی دەوڵەتی ئیسلامی بوو کە بەڕاگەیاندنی پێکهێنانی ئەڕتەشێکی ٣٠٠٠٠ کەسی قەسەدە لە سەر سنووری تورکیا ، ئەو شەراکەتە گەیشتە ئیتیلافێکی زۆر ستراتێژیکتر.
بۆیە، ئەگەر ڕەوا بێ ڕەخنە لە یەپەگە/ یەپەژە بگیرێ کە گیانی وەبەر ستراتێژی ئەمریکا هێناوە لە کێشەی سووریا دا ، هەر ئاواش ناڕەوایە ڕەخنە لە یەپەگە/ یەپەژە بگیرێ بۆ پرچەک کردنی کانتۆنە دیمۆکڕاتیک ، فێمێنیست و یەکسانیخوازەکانیان ( بە دژی هێزەکانی تاوانکاری شەڕی وەک دەوڵەتی ئیسلامی و ئەسەد) بۆ لە دوو دانی گۆیا ئیدێئالە دژە ئەمپریالیستەکانی ڕووناکبیران و دەنگەکان لێرە لە دنیای ڕۆژئاوا. لە ڕاستییدا، ئەوە دووڕوویانەیە کە مەیدانی نەبەردی سووریا پان بکرێتەوە بە تەنێ شانۆیەکی شەترەنجی ئەمپریالیستی کە پیادەکانی بەوەکالەتی تێدا ڕیز کرابێ، و ئاواتو ویستەکانی پارادیگمی ڕۆژئاواییەکان بۆ گۆڕانی کردەوە کەم بکرێتەوە بۆ بەراوەرد کردن لەگەڵ ئەو ڕۆژەڤە ئێتنیکی / یان دینییانەی ئەو دەستانەی دیکەی کە لە کێشەی سووریاوە گلاون. ئەو هێزانەی کە لە لایەن ئەو ووڵاتانەوە پشتیان دەگیرێ کە هەڵگری ڕۆژەڤی ئەمپریالیستی پچووک و پەرەگرخوازین، وەکوو ڕووسیا، ئێران و تورکیا، و لەوەش زیاتر بەردەوام داوخوازی ڕۆژئاواییەکانیان بۆ هاوکاری و شەراکەتێکی گشت سووریایی بەڵام دێمۆکڕاتیک وەدوا داوەتەوە.

هیچ دۆستیان نییە چیاکان نەبێ

وەک ئەو قسە بەناوبانگە ، کوردەکان ، گەورەترین گرووپی گەلی بێ دەوڵەتی جیهان " جگە لە چیاکان نەبێ هیچ دۆستیان نییە." وئەگەر ئەو شەڕەی بە دژی کانتۆنی عەفرین دەکرێ لە میدیا دا نەک وەکوو دوایین وەدوا دانەوەی تاقیکردنەوەی داوخوازی کوردەکان بۆ چارەنووسی دێمۆکراتیکی خۆ دیاری کردن دابندرێ بەڵکوو وەکوو درامایەکی تالێش وەکوو خیانەت پێ کردن و پشت تێکردنیان لە لایەن ئەمریکاوە ، لە بەرامبەر دا پێویستە جەخت بکرێتەوە کە یەپەگە/ یەپەژە تەنیا قوربانی سەرکەوتنی خۆیانن .
شرۆڤەکاران و ستراتێژیستان ڕەنگە بە دروستی ئاماژە بکەن بە نەخشە ئەمپریالیستییەکان بۆ دابەشکردنی سووریا لە سەر بنەمای هێڵی تاییفی، هەر وەک دەستدرێژی تورکیا بۆ سەر عەفرین کە نەتەنێ عەفرین لە دەستە خوشکە کانتۆنەکانی بەڵای ڕۆژهەڵاتەوە هەڵدەبرێ ، و ناچاری دەکا خۆی بە پلانی ڕووسیاوە ببەستێتەوە یان بکەوێتە بەر مەترسی پەلاماری تەواوی تورکەکان و هاوپەیمانە تیژپەڕەکانی. هەر وەها ، ئەو حەولەی تورکیا ئامانجێکیشی دامەزراندنی کۆریدۆرێکە کە سوننی بە سەری دا زاڵ بن لە تورکیاوە تا دەگاتەوە عێڕاق ( بەرێگای ئەو شوێنانەی لە بن کۆنتڕۆڵی ئۆپۆزیسیون دان و ئەو ناوچە سونیی نیشینانەی دژی حوکمی ئەسەدن). کە دەتوانن ڕێگای ناوچە کوردەکان بۆ گەیشتن بە دەریا هەڵبڕن ( زیاتر بە ڕێگای ناوچە شیعەکان دا بەرەو باشووری – ڕۆژهەڵات ) و ئەوە بگاتە تاقهێشتنەوەی تەواوی ڕۆژئاوا و بەربەست کردنی لەهەموو لایەکەوە. ئەوە ڕاستە کە ئەوە سێناریۆیەکە کە بەشێوەی هەرە باش خزمەت دەکا بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە هەرێم دا ، چونکە ترسی تورکیا لە کوردەکان دەڕەوێنێتەوە؛ ئەسەد ئارام دەکاتەوە، لە هێڵی سووری ڕووسیای تێناپەڕێنێ بۆ لە کیس دانی دەست ڕاگەیشتن بە پێگەی نیزامی لە مدیترانە لە هەرێمی ژێر کۆنتڕۆلی ئەسەد دا، و لە هەموان گرینگتر ، بە ڕێگای کۆڕیدۆری سوننی دا، دەستڕاگەیشتنی هەڕەشاوی ئێران هەڵ دەپسێنێ بۆ سەر ئیسراییل بە ڕێگای ' هیلالی شیعی ' را کە لە ئێرانەوە دەست پێ دەکا بەرەو ئیسراییل بە باکووری عێڕاق ، ناوەندی ڕۆژهەڵاتی سووریا ، و دوا جار باشووری لوبنان دا کە لە لایەن حیزبوڵاوە کۆنتڕۆڵ دەکرێ.
ئەگەر بەرژەوەندییە جێئۆپۆلیتیکەکان بەلاوە نێین ، لاواز کردنی ڕۆژئاوا بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەر هۆیەکی دیکەی ستڕاتێژیک گرینگە. مەترسی ئیدێئۆلۆژیکی بەدیلی سیاسی ڕۆژئاوا بۆ قورسایی " وەزعی وەک هەمیشە"ی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، هەم بۆ ئەمپریالیسمی دنیای ڕۆژئاوا و هەم زیادەخوازانی هەرێمی. گرینگی پاراستنی بەشەکانیان لە سەر زەوی لە دەریا و لە بازرگانی دا. ستڕاتێژی تاکتیکی دوو ڕەگەی ڕۆژئاواییەکان لە مەڕ دەستەڵاتی دوولایەنە و ڕێکخستنی دێمۆکڕاتیک کاریگەرانە بە سەر ئەو بەدبینییە دا زاڵ دەبێ کە لە مەڕ شۆڕش و ڕێفۆرم هەیە وڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دوای بەهاری عەڕەبی و بزووتنەوەی کەسک دەترسێنێ، و دروشمی بێدەوڵەتی بوونی لە جێدا بێ نەتەوەیە لە هەرێمێکدا کە تایفەگەری لە بەریەکی هەڵدڕیوە.لە ڕاستیدا ئەگەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرێ پووچکەی نەکراوەی دنیای سیاسەت و ئاشتی بی، کردەوەی ڕۆژئاوا ، ڕەگەز، جینسییەت و چینی هێناوەتە تەنیشت یەکتری ، لە بەرامبەر شانۆیەکی شەترەنجی هەرێمی دا کە تێیدا گەمەکارانی ئەمپریالیست، بنچینەگر و ناوچەگر ڕیزیان بەستووە. و جا بە ووردی ئا لێرەیە ، لەبەر ئەو هەڕەشەی مانو نەمانەیە لە سەر نوێ لێبرالیزمی درەنگ هاتوو ، کە ڕۆژئاوا قوربانی سەرەکەوتنی خۆی و شەراکەتی کۆنی لە گەڵ ئەمریکایە. ڕێک کەوتنی سەرداگیراوی گشت لایەنە دژبەرەکانی کە لە کێشەی سووریاوە گلاون لەمەڕ هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین تەنێ گەواهێکی جیدیبوونی ئەو هەڕەشەیەیە. ئەو دەمی ڕۆژئاوایەکی تاقکەوتوو دەکرێ لاواز بکرێ و ووردە ووردە لەبەریەک هەڵبوەشێ بەڕێگای گەمارۆ، ڕێگە لێ گرتن و ناوچەی دژە فڕین ، بە هەمان شێوەی پارادیگم گۆڕینی شوڕشەکان کە لە شوێنی دیکە پێشتر بەربەست کران و هەتەڵە کران.
بۆیە، ڕۆژئاوا پێویستی بە پشتیوانی ئاشکرا هەیە لێرە لە دنیای ڕۆژئاوا نەک لە بەرانبەر ئەوەیدا کە ئەمریکا پشتی بەردەدا . لە ڕاستییدا خەڵک و ئەو کەسانەی پارێزگاری لە عەفرین دەکەن و دەیپارێزن قەت داوای هاوپێوەندییان لە حکوومەتان و دامەزراوەکان لێرە لە دنیای ڕۆژئاوا نەکردووە . لەکاتێکدا ئەوان بە هێزی خۆیان پێشیان لە پێشڕەوی هێزەکانی ئەردۆغان گرتووە ، ئەوەی دەبێ بکرێ ئەوەیە ڕۆژئاواییەکان لە ئاست بەردەوامی دەستێوەردانی حکوومەتە کانی دنیای ڕۆژئاوا لە کاروباری سووریا دا بپارێزدرێن. ڕێکخستن و بزووتنەوە چەپەکان لێرە لە دنیای ڕۆژئاوا دەبێ بێنە ناو و خەڵکی مەدەنی لە عەفرین بپارێزن لە ئاست ئەو جێتانەی شەڕ و ئەو تانکانەی کە حکوومەتەکانیان بە نیزامییەکانی تورکی دەفرۆشن. بە لەبەرچاو گرتنی بۆچوونێکی ئەوتۆ گرینگە کە نزیکبوونەوە بۆ گرێ پووچکەی سووریا دانەکشێ بۆ باری ئەخلاقی و هەلوێستێکی باڵادەستانە.
مکاییل تاوسیگ ، لە نووسینە بەناوەرۆکەکەیدا دا لە سەر شۆڕشی ڕۆژئاوا دەپرسێ ئەگەر ئێمە لە کێشەی نێوان ڕۆژئاوا و دەوڵەتی ئیسلامی دا " ڕووبەڕووی لەحزەیەکی هێگیلی " بین کە تێیدا دوو ڕقەبەری قەرینەیی لە سەر شانۆی مێژوو لە بەرانبەر یەکتری دا ڕاوەستاون ؟ بە لە ناوچوونی دەوڵەتی ئیسلامی بە دەست ڕۆژئاوا ، ئێمە ئێستا دەبێ لە خۆمان بپرسین ئەگەر لە ناوبردنی ڕۆژئاوا بەڕێگای گەمەی دوایی تورکیا دا لە ڕاستییدا حەولێکە بۆ دەستەبەر کردنی ئەوەی کە هیچ مێژوویەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناقەومێ ، و شتەکان دەگەڕێنەوە بۆ باری ئاسایی نوێ لێبراڵی خۆیان بە کۆتایی هاتنی شەڕ. لە مێژە دەبێ شۆڕشی ڕۆژئاوا سەردەمی نەناسراوی تێپەڕاندبێ.
فۆئاد ئووەیسی خوێندکاری دوکتورایە لە تیوری ڕەخنەگرانە و ئەدەبیاتی تەتبیقی دا لە زانکۆی کالیفۆرنیا ، ئایرڤاین. لێکۆڵینەوەکەی جەخت دەکا لە سەر تەعامولی ڕئال پۆلیتیک ، تیوری ڕەخنەگرانە، ستراتێژی و ئەدەبییاتی دوای شۆڕشگێڕانە.
سەرچاوە: rabble .ca
وێنە : دەلیل سولەیمان / شوورای نیزامی سوریانی
وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە : حەسەن قازی 

No comments: