Monday, February 26, 2018

وتووێژی حەسەن قازی لە گەڵ جانی دیلان، ڕادیۆی کوردیی دەنگی ئەمریکا بە بۆنەی ٦٦ مین ساڵوەگەڕی ڕاگەیاندنی جمهووری کوردستان لە مەهاباد


 وتووێژی حەسەن قازی لە گەڵ جانی دیلان، ڕادیۆی کوردیی دەنگی ئەمریکا
بە بۆنەی ٦٦ مین ساڵوەگەڕی ڕاگەیاندنی جمهووری کوردستان لە مەهاباد
٢١ی ژانڤییەی ٢٠١٢
جانی دیلان: کاک حەسەن سبەی  ٢- ڕێبەندان  شەستوشەشەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستانە لە مەهاباد. ئەو کۆمارە زۆری نەخایاند و زوو لە ناو چوو بەڵام چی بۆ کورد بە جێ هێشت؟
حەسەن قازی: یەکێک لە ئاکامەکانی پێکهاتنی کۆمار ئەوە نیشان دەدا کە یەکەم جار لە مێژووی تازەی کوردستاندا ئەو هێمایانەی کە ناسێنەی سیاسی کورد دروست دەکەن لەو کۆمارە دا داهات و دەتوانین بڵێین گەورەترین دەستکەوتی کۆمار ئەو دەستکەوتە سەمبۆلیکانە بوو بۆ کورد و لە سەر ئەو بنەمایانە دەبینین هەتا کوو ئێستا گەلی کورد دەتوانێ خەباتی خۆی بەردەوام بکا و داوخوازەکانی خۆی لە سەر ئەو بنەمایانە پاساو بدا.
جانی دیلان: بەس دەکرێ بڵێین ئەمڕۆ خواستی ووڵاتێکی سەربەخۆ لە مێژووی نوێی کورد دا قازی و کۆماری کوردستان لە مەهاباد لە دڵی کورد دا چاندوویانە؟
حەسەن قازی: ڕاستە. کۆماری کوردستان ئەگەرچی خۆی وەک کۆمار ئێعلان کرد بوو بەڵام  بۆ پێک هاتنی داوخوازەکانی کە دوایە لە پڕاتیک دا حەولی دا لەگەڵ ڕێژیمی مەرکەزی بە جۆرێک بگاتە ڕەدایێ و خۆی دامەزرێنێ ناوەرۆک و چوارچێوەیەکی سەربەخۆیی خوازی نەبوو، دەیویست لە چوارچێوەی ڕێژیمی ئێراندا بێ بەڵام ئەوەی کە گرینگ بوو بنەمای قەرارەکەی بوو کە بۆخۆی بتوانێ بڕیار بدا. لە ناوچە دا لە بەر چاوگرتنی ئەوەیکە هێزی سۆڤیەت و ئەمریکا و ئینگلیستان لە ئێراندا بوون سیاسەتی سۆڤیەتییەکان ئەو دەمی ئەوە نەبوو کوردەکان بە تایبەتی لەو ناوچانەی کوردستان کە بە شێوەیەک دەستەڵاتی مەرکەزی تێدا نەبوو لەوێ کوردان بتوانن جمهووری خۆیان ئێعلان بکەن، بەڵکوو  زیاتر مەبەستیان ئەوە بوو دە چوارچێوەی گشتیتری بزووتنەوەی دێمۆکڕاتیکی ئازەربایجان کە لە گۆڕێدا بوو ئەو مەسەلەیە بێتە گۆڕێ. بەڵام وەختایەک ڕێبەرانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان هەستیان بەوە کرد ئیدی زوو سەربەخۆیی خۆیان ڕاگەیاند و ئەو سەربەخۆییەش لە دەرجەی یەکەم دا لە بەرانبەر ئەو حوکمەی بوو کە لە ئازەربایجان  هەبوو، بەڵام  لە عەینی حاڵیشدا باوەرییەکی تەواویان بەوە هەبوو دەبێ لەگەڵ ئازەربایجان هاوکارییان هەبێ و ئەو هاوکارییە سەرەڕای ئەوەی کە لە سەر هێندێک ناوچەی تێکەڵ – مەبەستم ئەوەیە ئەو ناوچانەی کە هەم کوردی تێدا دەژی و هەم ئازەربایجانی -  لە سەر شێوەی بەڕێوە بردنی ئەو شوێنانە خیلافیش هەبوو بێ بەڵام ئەو هاوپەیمانییە هەتاکوو دوایین ساتەکانی هەبوونی ئەو دوو حکوومەتی نەتەوەییە  بەردەوام بوو.
جانی دیلان: کاک حەسەن ئەمڕۆ زۆرتر حیزبی دێمۆکڕات ئەو یادە دەکاتەوە ئەکرێ بڵێین تایبەت بەوانە و یاخود ڕۆژێکی میللی نەتەوایەتییە بۆ هەموو گەلی کورد؟
حەسەن قازی: ئەمن پێم وایە لە تاریخی هەموو نەتەوەییەکی دیکە دا مومکینە لە سەرەتاوە حەڕەکەتێکی تایبەتی یان ڕووداوێکی تایبەتی لە لایەن حیزبێکەوە یان لە لایەن کۆمەڵەیەکەوە  دەستی پێ کردبێ بەڵام لە دواتر دا داوخوازەکانی و نەتیجەکانی لە قالبی حیزبێکی سیاسی دێتە دەرێ، ئەمن پێم وا نییە تەنانەت لایەنەکانی حیزبی دێمۆکڕات بۆخۆشیان پێان وابێ کە پێکهاتنی کۆماری کوردستان و ئەو بایەخانەی کۆماری کوردستان کاری بۆ کردووە هەر ئی حیزبێکی تایبەتی بێ. ئەمن پێم وایە کۆماری کوردستان و دەستکەوتەکانی و ئەو تەجروبە و ئەزموونانەی کە مرۆ دەتوانێ لێیان فێر بێ هەموو گەلی کورد نەک هەر گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە چوارچێوەی ئێراندا بەڵکوو لە هەموو کوردستان دەگرێتەوە  یانی بەشێکە لە میژووی سیاسی هەموو کورد.
جانی دیلان: چ پەیامێکت هەیە بۆ باڵەکانی حیزب  لە ڕۆژێکی وەها گرینگ لە مێژووی کورد دا  کە هەر کام بە جیا یادی دەکەنەوە؟
حەسەن قازی: بە ڕاستی ئەوە شتێکە مەڕبووتە بە خۆیان و ئەوە نییە ئەمن پەیامێکم هەبێ لەو بارەیەوە بەڵام ئەمن  وادەزانم یەکێک لە بۆنەکانی دیکە کە زیاتر بۆنەیەکی ترادیسیۆنێل و کەونەشۆپانەیە یانی سوننەتییە وەکوو نەورۆز کە هەموو لایەنێک وەکوو سەمبولی داوخوازی ئازادیخوازیی کوردی دەیبینن و بە جێژنی دەگرن ، دەبێ لە مەڕ ٢-ی ڕێبەندانیش هەر ئاوا بێ یانی هەموو لایەنێک دەبێ ئامادەیی ئەوەیان هەبێ بە بۆنەیەکی هاوبەشی یەکتری بزانن.
جانی دیلان: کاک حەسەن ئەزانین مەهاباد ناوەندی کۆمارەکە بوو بەڵام ڕۆڵی بەشەکانی دیکەی کوردستانی ڕۆژهەڵات چی بوو؛ سنە ، کرماشاهان ؟
حەسەن قازی: لەو سەروبەندە دا وەک پێشتر باسمان کرد ئەو ناوچانە بە تایبەتی ئەو ناوچانەی کە لە باری جوگرافیایی و لە چوارچێوەی ڕەسمی تەقسیماتی ئیداری حکوومەتی ناوەندیدا دەکەونە ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، ئەو ناوچانە بوون کە کورد توانی لە نەبوونی دەستەڵاتی حکوومەتی مەرکەزی دا دەستپشخەری خۆی بە کار بێنێ و نفووزی خۆی تێدا سەقامگیر بکا. بەڵام لە ناوچەی وەکوو ئوستانی کوردستان ناوچەی سنە، یان ئیلام یان کرماشان کە هەموویان کورد نشینن دەو سەروبەندی دا ئەو ناوچانە لە ژێر دەسەڵاتی  حکوومەتی مەرکەزی دا بوون . لە لایەکی دیکەشەوە ئەو بزووتنەوەیەی  لە ئازەربایجان دروست ببوو و مەرکەزەکەی تەورێز بوو دە ڕاستیدا تەئسیراتی شتێکی کە لە تەورێز  دەبوو لە سەر مەهاباد زیاتر بوو هەتاکوو سنە لە سەر مەهاباد بەڵام  لە عەینی حاڵدا ئەو نیهزەتەی کە لە مەهاباد ساز ببوو  لە خودی تەورێزیش ئەگەر ئێمە بە پێی ئەو بەڵگەو سەنەدانەی بەدەستەوەن بدوێین ، ئەو زەمانی لە کاتێکدا کە سابڵاغ (مەهاباد) و باکووری کوردستانی ئێران بە دەست کوردانەوە بوو، لە تاران ڕۆژنامەیەک بڵاو دەبووەوە بە ناوی ڕۆژنامەی ' کوهستان'  ، لە ناوەرۆکی ئەو ڕۆژنامەیە دا بە ئیلهام وەرگرتن لەو دەستکەوتانەی لە مەهاباد هەبووە زۆر داوخوازی تێدا هەیە سەبارەت بە ئەوەی جێ بە جێ کردنی داوخوازی هاوشێوە لە ئوستانی کوردستان ، ئیلام و کرماشان. بەڵام دیتنی ئەو ڕۆژنامەیە زیاتر لە چوارچێوەیەکی قانوونی ئەساسی ئێراندا و لە عەینی حاڵدا کە دیفاع دەکا لە داوخوازەکانی گەلی کورد بە مەرکەزییەتی مەهاباد بەڵام جەختیش دەکاتەوە لە سەر ئێرانی بوونی کوردەکان. یانی دەتوانین بڵێێن یەکێک لە سەبەبەکانی کە ئەو حەڕەکەتە نەیتوانی بە تەواوی خۆی سەقامگیر بکا ئەوە بوو تەنێ بەرتەنگ مابووەوە بە بەشێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەو جۆرەی کە پێویستە لە ڕووی ئۆرگانیزاسیۆن و ڕێکخستنەوە ناوچەکانی دیکە بەشداریان تێیدا نەبوو و ڕانەپەڕیبوون.
جانی دیلان: کاک حەسەن، ڕۆڵی ژنان چی بووە لە کۆمار دا؟
حەسەن قازی: بە پێی ئەو بەڵگە و سەنەدانەی بەدەستەوەن بۆ نموونە بەشێکی زۆر لە ژمارەکانی ڕۆژنامەی 'کوردستان '  کە ئۆرگانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان بووە لەو سەروبەندە دا بەڵام دەکرێ بڵێین وەکوو ئۆرگانی حکوومەتی میللی کوردستانیش عەمەلی کردووە لەوێدا دەبینین دوای ماوەیەک لە دەسپێکردنی فەعالییەتی تەشکیلاتی ؛ لە زەمانی کۆمەڵەی ژێکاف دا ئەوەی کە ژنان بە شێوەی ڕێکخراوی کاریان کرد بێ ئاگاداریمان نییە بەڵام  لە سەردەمی فەعاڵییەتی حیزبی دێمۆکڕات لە کۆمار دا کۆمەلەیەک دروست دەبێ بە ناوی ' حیزبی یایانی کوردستان '  یان کۆمەڵەی ژنانی کوردستان، ڕێکخراوی ژنانی کوردستان بە شێوەیەکی ئاوا کە هاوسەری زۆربەی هەڵسووڕاوانی سەرەکی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان لەو چوارچێوەیە دا رێک دەخرین و کار دەکەن بۆ نموونە ڕەحمەتی مینا قازی کە هاوژینی پێشەوا بووە سەرۆکایەتی ئەو کۆمەڵەی یایانی کردووە و ئەو ژنە کوردانە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک میتینگ، و کۆبوونەوەی خۆیان بەڕێوە بردووە و حەولی ئەوەیان داوە هێندێک ئاڵوگۆڕ دروست بکرێ لە پێوەندیی ژن و پیاو  لە ناو بنەماڵە دا و هەر وەها یارمەتی وەکۆ کردن بۆ ئەو پێشمەرگانەی لە بەڕەی شەڕ بوون . ئەگەرچی ئەوە حەولێکی سەمبۆلیکیش بووبێ، لەو دەمی دا وەکوو گوتم پێوەندییەکی چڕ هەبووە لە نێوان کوردستان و ئازەربایجان، مەسەلەن لە ئازەربایجان بە شێوەی ڕەسمی بۆ یەکەمجار  لە مێژووی ئێراندا ژن توانیویانە مافی دەنگدان بە دەست بهێنن و دیارە ئەگەر ئەو دەمی لە کوردستانیش هەڵبژاردنێک بووبایە لە وانەبوو ئەو حەقە بۆ ژنانیش لە بەرچاو بگیرێ. لە سەر ئەو ' کۆمەڵەی یایانی کوردستان ' چەند لێکۆڵینەوەیەک بڵاو بووەتەوە ، بۆ وێنە داوایان کردووە بنەماڵەکانیان منداڵانی کچ و کوڕیان بنێرنە بەر خوێندن و کچانی مەدرەسەیی لە زۆر بۆنە دا کە لە سەردەمی کۆمار دا بەڕێوە چووە بەشدارییان کردووە.
جانی دیلان: کاک حەسەن پاش ناوی ئێوە، ناوی خانەوادەگی ئێوە قازی یە. ئایا ئێوەش دەگەڕێنەوە بۆ هەمان بنەماڵەی قازیی محەمەد؟
حەسەن قازی: بەڵێ
جانی دیلان: کاک حەسەن تا ئێستا چ لێکۆڵینەوەیەکی گرینگ لە بارەی شکست و هۆیەکان و دەرئەنجامەکانی کۆمارەوە کراوە؟
حەسەن قازی: هۆیەکانی شکستی کۆمار دەتوانین بڵێین بە شێوەیەک لە شێوەکان لە پێکهاتنەکەشی دایە یانی ئەوەیکە لە سەر دەمێکدا پێش ئەوەیکە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و پێش ئەو کۆمەڵەی ژیانی کورد بەر لەوەی هەموو ئامادەکارییەکان کرا بن وەکوو باسم کرد بۆ وێنە تەنینەوەی بزووتنەوەیەکی ڕێکخستنی لە هەموو ناوچەکانی کوردنشینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکرێ، لە هەلومەرجێکی بۆشایی دەسەڵات دا کەلک  وەرگیراوە و کۆمار ئێعلان کراوە. و پاشان لە قۆناغەکانی دواتر دا لە نەبوونی هەلومەرجێکی لەباری ناوچەیی دا ئەوە وای لێ هات کە شکستەکە شکستێکی زۆر هاسان بێ ، بەڵام ئێمە ئێستا ئەوە ناتوانین باش تەحلیل بکەین بڵێین  ئەگەر هاتبا و لەو سەروبەندی دا لە تەورێزێ سەرۆکایەتی ئازەربایجان نەگۆڕدرابا و بە زۆری ڕەحمەتی میر جەعفەری پیشەوەری یان مەجبوور نەکردبا کە ئێران بەجێ بێڵێ و تەورێز هەڵوێستێکی قایم و توندتری نیشان دابا لە بەرانبەر حکوومەتی مەرکەزی دا دیارە تەئسیری لە سەر کوردستانیش دەبوو، ئەو دەمی ئاکامەکانی چ دەبوو باشی لێ نازانین بەڵام شکانەکە دەکرێ هەم  لەبەر هەلومەرجی ناونەتەوەیی و هەم هەلومەرجی ناوچەیش بووبێ .
جانی دیلان: لێکۆلەر و نووسەر کاک حەسەن قازی زۆر زۆر سپاس
حەسەن قازی: زۆر سپاس بۆ ئێوەش، تەشەکورتان لێ دەکەم.
تێبینی: ئەو وتووێژی بە ڕێگای تۆڕی ئینترنێت ڕا لە ئارشیوی ڕادیۆی کوردیی دەنگی ئەمریکاوە دابەزێندراوە






No comments: