Monday, February 26, 2018

بەشداری تەلەفۆنی حەسەن قازی لە گەڵ سیاوەش گۆدەرزی لە بەرنامەی تێلێڤیزۆنی نەورۆز بە بۆنەی ٦٧هەمین ساڵوەگەڕی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان


بەشداری تەلەفۆنی حەسەن قازی لە گەڵ سیاوەش گۆدەرزی لە بەرنامەی تێلێڤیزۆنی نەورۆز بە بۆنەی ٦٧هەمین ساڵوەگەڕی    ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان
٢١ ژانڤییەی  ٢٠١٣
سیاوەش گۆدەرزی: دۆسییەک بوو لە سەرەتای بەرنامە دا بۆ بیرەوەی کۆماری کوردستان کە ئیمڕۆ ٦٧ ساڵ بە سەر دامەزراندنیدا تێ دەپەڕێت. بەڵێ بینەرانی هێژا ئێستاش کاک حەسەن قازی نووسەر و لێکۆڵەرەوە لە سەر هێڵی تەلەفۆنەکەمانە. کاک حەسەن ئەم کاتەت باش
حەسەن قازی: ئەم کاتەت باش
سیاوەش گۆدەرزی: سپاست دەکەین. کاک حەسەن هەموو ساڵێک لە بیرەوەری ٢ ی ڕێبەندان و دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا وەک عادەتی بەرنامە پرسیار لە جەنابت دەکەین کە ئەگەر شتێکی نوێ لە سەر کۆماری کوردستان هەبێت ، کتێبێک ، لێکۆڵینەوەیەک یان ووتنێکی نوێ فەرموو کاک حەسەن!
حەسەن قازی: بەڵێ، دیارە دوو کتێب بڵاو بووەتەوە بەڵام پێش ئەوە ئەمن ویستم شتێکی دیکە باس بکەم. ئەمن بۆ خۆم لە سەر کۆمار و مێژووی کۆمار دەکۆڵمەوە بۆ من زۆر چاوڕاکێش بوو کە دەگوترا لە سەروبەندی کۆمار دا زمانی کوردی وەکوو زمانی ڕەسمی ڕاگەێێندراوە پێم خۆش بوو لەو پێوەندییە دا بەڵگەیەک سەنەدێک ببینمەوە کە بە خۆشییەوە دیتمەوە. لە ڕۆژنامەی کوردستاندا ژمارەی ١ لە تاریخی ١١ی ژانوییەی ١٩٤٦ ئاگادارییەک بڵاو کراوەتەوە بە ئیمزای سەید محەمەدی تەها زادە کە موعاوینی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان بووە و ئێستا پێم خۆشە ئەوە لێرە بخوێنمەوە:

" بە تەواوی ئەهالی خۆشەویستی سابڵاغ ڕادەگەیێندرێت لە سەر ئەمری پێشەوای موعەزەم و قەراری حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان لەوەی بەولاوە پێویستە بۆ پەرە پێدان و ڕەواجی زمانی کوردی خوێندن لە مەدرەسەکاندا بە کوردییە و لەو تاریخەوە تا دە ڕۆژی دیکە هەر کەسێک کوڕ و کچی هەبێ کە عومری ئیقتیزای خوێندن بکا دەبێ بینێرێتە مەدرەسە، ئەڵبەتە هەر کەس لەو ئەمرە ڕوو وەرگێڕێ بە توندترین موجازات تەنبێ دەکرێ.
کۆمیتەی مەرکەزی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان، موعاونی حیزب تەها زادە "
دیارە ئەو دەستوورنامەیە دو سێ شت ڕوون دەکاتەوە، یەک ئەوەیکە ، ئێمە دەزانین لە سەر دەمی کۆمار دا پارڵمان نەبووە بەڵام  قەرارەکان لەهەموو بوارێکدا کۆمیتەی مەرکەزی حیزب داویەتی و دەتوانین بڵێین وەکوو سیستمی پارتییە سیاسییەکان لە شوورەوی دا لە بەشی نیزامیشدا کۆمیسێری سیاسی حیزب داندراوە. بەو ئاگادارییە بە تەواوی بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ١) زمانی کوردی ڕەسمییەتی هەبووە و بە ڕەسمی ڕاگەیێندراوە و ٢) پەروەردە کراوەتە شتێکی تۆبزی، ئیجباری و ٣) ئەوە بۆ کجانیش لە بەر چاو گیراوە. ئەوە لایەنێک بوو پێم خۆش بوو ئاماژەی پێ بکەم.
نوختەی دووەم ئێمە دەزانین لە بەر بەکارهێنانی تاریخی زایینی و تاریخی هەتاوی ڕۆژەکان تاقوجووت دەکرێن. بۆ وێنە ئەمڕۆ ٢-ی ڕێبەندانە یان دووی بەهمەنە کەوتووتە ٢١ ی ژانڤییە و سبەینێ ٢٢ ی ژانڤییەیە کە بە تاریخی دامەزراندنی کۆمار دادەندرێ. لەبەر ئەوە زۆر جاری وا هەیە  ڕەنگە زۆر لایەن سبەینێ ئەو جێژنە بگرن. ئەمن پێم وایە باشترین ڕیگا بۆ ساخکردنەوەی  ئەوە ئەوەیە حەول بدرێ بزاندرێ  ئەو ڕۆژی سیشەمەیەی ٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٢٤ ی هەتاوی یە لە ژانڤییەی ساڵی ١٩٤٦ دا چ ڕۆژێکی مانگ بووە  و ئەوە بکرێتە بنەما.
نوختەی سێهەمیش ئەوەیە ئەمن پێم وایە کۆماری کوردستان وەکوو ئێوەش باستان کرد بەشێکی جیانەکراوەیە لە تاریخی سیاسی کورد و لە ڕوی سەمبۆلیکەوە گرینگی هەیە بۆ هەموو کوردان. ڕاستە ئەوە لە هێندێک بەشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێک هاتووە ، پێشنیازی ئەوە بکرێ ئێستا کە لە باشووری کوردستان پاڕڵمانی کوردان هەیە ئەو ڕۆژە وەکوو یەکێک لە ڕۆژە نەتەوایەتییەکان بە ڕەسمی بناسرێ یانی ڕۆژی ٢ ی ڕێبەندان.
سیاوەش گۆدەرزی: لە سەر ئەو کتێب و بڵاوکراوانەی کاک حەسەن کە گوتت، ئەمسالیش هێندێک شتی نوێ بڵاو کراوەتەوە.
حەسەن قازی: کتێبێک بڵاو کراوەتەوە بە زمانی ئینگلیسی کە بەڕێز دوکتور عەبباس وەلی نووسیویەتی بە ناوی 'کورد و دەوڵەت لە ئێران: چێ کردنی ناسێنەی کورد' کە لەو کتێبە دا  بەڕێز عەبباس وەلی حەولی داوە لە سەر بنەمای نووسینەکانی ناو ژمارەکانی ڕۆژنامەی کوردستان وێژمان یان دیسکۆرسی کۆماری کوردستان وەدەر بخا کە چ  بووە بۆ وێنە بە ئاماژە بە ئاگادارییەکی ئەحمەد عیلمی کە  بەرپرسی ئیدارەی دارایی بووە ڕونی کاتەوە بۆچوون و ڕوانگەی کۆمار سەبارەت بە کاروباری ئابووری  چۆن بووە. کتێبێکی دیکە کتێبێکە کە بە ساڵان بە شێوەی دەستنووس مابووەوە ئی ڕەحمەتی ڕەحیم قازی یە کە لە سەر ژیانی  پێشەوا قازیی محەمەد نووسراوە بە ناوی " بزووتنەوەی ڕزگاریی نەتەوایەتی گەلی کورد و قازیی محەمەد " کە ئەو کتێبە لەو دواییانە دا لە لایەن بڵاوکەرەوەی ئاراس چاپ کراوە. دیارە  دەستخەتی ئەو کتێبە حەوجێی بە ئێدیت کردن بووە کە بە  داخەوە هەر وا بە بێ ئەوەی ئێدیت بکرێ بڵاو کراوەتەوە. ئەوە ئەو دوو کتێبە تازەیە بوون کە دەکرێ بەو بۆنەیەوە باس بکرین.
سیاوەش گۆدەرزی: زۆر سپاست دەکەین کاک حەسەن زۆر بە کورتی ئەگەر تێبینییەکی دیکەت دیسانەکە لە ٦٧ مین ساڵوەگەڕی کوردستاندا هەبێت دەنا سپاست دەکەین.
حەسەن قازی: پێم خۆشە بە کورتی ئاماژە بەوەش بکەم ئێمە ئەگەر وای دابنێین کە ڕۆژی ٢ی ڕێبەندان و بیرەوەری دامەزراندنی کۆماری کوردستان شتێکی موشتەرەکە لە ناو هەموو کورداندا دە ڕاستیدا خۆشی و شادی و شین و پەژارەی کوردانیش دەبێ بە هاوبەشی بێ. دیتم لەو ڕۆژانە لە هێندێک مەڕاسیم و ڕێوشوێن کە بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان بەڕێوە دەچوون هەر خۆ بادان  هەبوو ئەوە لە هەلومەرجی ئەو قەتڵە بە کۆمەڵەی پاریس و تەقینەوەکانی کەرکووک دا بوو و ئەوە بۆ من زۆر جێگای سەرنج بوو بە ڕاستی.
سیاوەش گۆدەرزی: زۆر سپاسی بەشداری تۆ دەکەین کاک حەسەن قازی
حەسەن قازی: سپاس بۆ ئێوە ڕۆژێکی خۆش
سیاوەش گۆدەرزی: بەڵێ بینەرانی هێژا بەڕێز حەسەن قازی بوو نووسەر و لێکۆلەرەوە.
تێبینی: ئەو ووتوێژە لە تۆڕی کۆمەڵی یووتوبەوە دابەزێندراوە


No comments: