Monday, February 26, 2018

وتووێژی حەسەن قازی لەگەڵ سیاوەش گۆدەرزی لە بەرنامەی ئاژانسی تێلێڤیزیۆنی نەورۆز . بەبۆنەی ٦٦ مین ساڵوەگەڕی کۆماریی کوردستان لە مەهاباد

 وتووێژی حەسەن قازی  لەگەڵ سیاوەش گۆدەرزی لە بەرنامەی ئاژانسی تێلێڤیزیۆنی نەورۆز . بەبۆنەی ٦٦ مین ساڵوەگەڕی کۆماریی کوردستان لە مەهاباد
٢٠ی ژانڤییەی  ٢٠١٢
سیاوەش گۆدەرزی: دوو ڕۆژی دیکە ڕۆژی یەکشەمە ٦٦ ساڵ بە سەر دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا تێدەپەڕێ. ئێستا دوای تێپەڕ بوونی ٦٦ ساڵ هێشتا ئامانجەکانی کۆماری کوردستان لە کوردستان، بە تایبەتی لە باکووری کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و  ڕۆژئاوای کوردستان وەدی نەهاتوون و گەلی کورد لە ژێر سەرکوتێکی بەردەوام دایە.
بینەرانی هێژا ئێستاش لە دەسپێکی ' ئاژانس ' ی  ئەمڕۆ ڕۆژی هەینی سەرنجتان بۆ دۆسییەیێک لە سەر  ٢-ی ڕێبەندان ساڵوەگەڕی کۆماری کوردستان ڕادەکێشم فەرموون :
[دۆسییە]
سیاوەش گۆدەرزی: گوێبیستی دۆسییەیێک بووین  بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان شەستوشەشەمین  ساڵوەگەڕی دامەزراندنی کۆماری کوردستان . بەڵێ بینەرانی هێژا ئێستاش کاک حەسەن قازی نووسەر و لێکۆڵەرەوە لە سەر هێڵی تەلەفۆنەکەمانە.
کاک حەسەن ئەم بکاتەت باش
حەسەن قازی: ئەم کاتەت باش
سیاوەش گۆدەرزی: زۆر سپاست دەکەین. کاک حەسەن ئێمە وەکوو نەریتێکی بەرنامەی ' ئاژانس'  هەموو ساڵێک لە بیرەوەری ٢ی ڕێبەندان دا دەمانەوێ ئەو لایەنانەی کە لە باری مێژووییەوە لە سەر کۆماری کوردستان ڕوون دەبنەوە یان هێندێک شتی تازە وەدەر دەکەون بزانین و هەموو جارێکیش لە ڕێگای جەنابتەوە  ئاگاداری ئەو لایەنانە بووین پێمان باشە  ئەمساڵیش بەوە دەست پێ بکەین کە ئایا شتێکی تازە شتێک کە تازە ڕوون کرابێتەوە یان لایەنێکی تازە دەرکەوتبێت لە سەر کۆماری کوردستان هەیە فەرموو!
حەسەن قازی: لە پێشدا  ئەمن بە نۆرەی خۆم پیرۆزبایی دەکەم لە گەلی کورد بە بۆنەی تێوەرسووڕانی ٦٦ مین ساڵی دامەزرانی  کۆماری کوردستان کە دوو سبحەیە، وە دووهەمیش ئەوەی کە لەو دۆسییە کورتەی ئێوە دا هاتبوو لە جێگایەک باس کرا پێشەوا قازیی محەمەد دەیەویست لە دەرەوەی کۆمار خەڵک کۆبکاتەوە کە دیارە مەبەست کۆ کردنەوەی خەڵک بووە لە دەوری کۆمار. وەکوو باستان کرد بە بۆچوونی من ئەوەیکە لە پێوەندی لەگەڵ کۆماری کوردستاندا گرینگ بێ نرخی سەمبۆلیکی کۆمارە یانی بە ڕاستیش زۆر لەو هێمایانەی کە هەبوونی سەربەخۆی کورد دەسەپێنێ یانی لە باری ناسێنەی  سیاسی ڕا ئەوە بە دامەزرانی کۆماری کوردستان هاتووەتە ئاراوە . وەکوو ئەوەی کە کورد بتوانێ خۆی بەڕێوە بەررێ، سەرۆک کۆماری هەبێ، ئەڕتەشی هەبێ، ئاڵای لە مەڕ خۆی هەبێ، سیستمی پەروەردەی لەمەڕ خۆی هەبێ بتوانێ خۆی بەڕێوە بەرێ. یانی ئەوانە زۆر گرینگە وەک لە ڕێپۆرتاژەکەشدا گوترا ماوەکە کورت بوو کە بکرێ تێیدا ئەو هێمایانە بە تەواوی خۆ بگرن و ڕیشە دا بکوتن. بەڵام ئەوە ئیدی لە خەباتی گەلی کوردە دا لەو دەمییەوە بەردەوامە و وەک ئێوەش باستان کرد هەتا ئێستا ئەو ئاواتانە نەهاتوونەتە دی.
مەسەلەیەک کە تازەیی هەبێ بە بۆچوونی من  زۆر جار وەکوو ڕاستییەک کە بە پێچەوانەی واقعییەتەکانە باس دەکرێ پێوەندی کۆماری کوردستانە لەگەڵ حکوومەتی نیشتمانی ئازەربایجان. ڕاستە ئەو دوو ئیدارەی ئازەربایجانی و کوردییە لە سەر هێندێک مەسەلە بە تایبەتی لە ناوچەی تێکەڵ خیلافیان هەبووە، بەڵام لە نێوان ڕێبەرییەکانی ئەو دوو بزووتنەوەیە دا سەمیمییەتێکی تەواو لە ئارا دا بووە و تا دوایین ساتەکانیش هەم نەمر پێشەوا قازیی محەمەد و هەم نەمر میر جەعفەر پیشەوەری لە سەر ئەو پەیمان و قەولانەی بەرانبەر بە یەکترییان هەبووە ڕاوەستاون بەڵام دەزانین کە لە دوایین ساتەکاندا یانی شەوی ٢٠ ی ئازەر ( سەرماوەز) پیشەوەری لە سەر کار لادرا و بە بێ خواستی خۆی برا بۆ شووڕەوی و بە دوای دەستنەکردنەوەی ئازەربایجان لە کوردستانیش دەست نەکراوە کە ئێوە لە دۆسییەکەتاندا ئاماژەتان بە هێندێک لایەنی کرد. مەسەلەیەکی گرینگی کە هەمیشە دەبێ تەئکیدێکی زیاتری لە سەر بکرێ ئەوەیە کە ڕاگەیاندی کۆماری کوردستان، و ئەو خاکەی لە ژێر دەسەڵاتی کورداندا بوو ، بە تایبەتیش ناوچە کوردنشینەکانی کە لە چوار چێوەی جوگرافیای ئێران دا لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتبوون واتە لە ئازەربایجانی ڕۆژئاوا حکومەتی شووڕەوی و ڕێبەرایەتی ئازەربایجان دەیانەویست ئەو بەشانە سەر بە حکوومەتی نیشتمانی ئازەربایجان بن. بەڵام ڕێبەرایەتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان ئەو دەمی بە بڕیاری سەربەخۆیانەی خۆی تەمای گرت ئەو کۆمارە ڕابگەیێندرێ و لەو ڕووەوە دەتوانین بڵێین کۆمار سەربەخۆ بوو ، بەڵام پاشانەکە بە ماوەیەکی کورتی دوای ئەوە بە هاوکاری لەگەڵ ئازەربایجان حەولیان دا بۆ وتووێژ لەگەڵ حکوومەتی مەرکەزی بۆ پەیدا کردنی زەمینەیەکی لێگاڵ، زەمینەیەکی قانوونی بۆ ئەو دەستگای بەڕێوەبەرییە کە وەک دەزانین بە ناوی کۆمار ناویان لێ نەدەبرد، یانی حکوومەتی مەرکەزیش کە دواتر پێشەوا لە لایەن قەواموسەلەتەنە ڕا لە سەرەتای پووشپەڕی ١٣٢٥ ( ژوەنی ١٩٤٦) بانگێشتن کرا بۆ تاران بۆ موفاوەزە پێشەوای وەکوو ڕێبەری حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان دەعوت کرد بوو نەک وەکوو پێشەوا یان سەرۆک کۆماری کوردستان.
شتێکی تازە چەند ساڵ لەوە پێش سەنەدێک دەرکەوتووە لەمەڕ دامەزرانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و کەسێک ، لێکۆلەرەوەیەک لە دەرەوەی ووڵات نووسیویە ئیمزاکانی ژێر ئەو سەنەدە بە یەک خەت نووسراون و ڕەسەن بوونی ئەو سەنەدەی بردووەتە ژێر پرسیار.  و بنکەی ژین کە ئەو سەنەدەی چاپ کردووە لە کۆهەژمارەکانی ڕۆژنامەی کوردستاندا کە دووبارە چاپ کراونەتەوە ئەوەی سەلماندووە ئەو ڕەخنەیە بە جێ نییە چونکوو ئەگەر تەماشای سەمبۆلەکانیش بکەین زۆر بە جوانی دەردەکەوێ کە ئەو دەمی، دەمەوێ ئەو لایەنە دابگرمەوە کە ئەو دەمی مەهاباد لە تەورێز نزیکتر بووە هەتا سنە و ئەوە بۆ ئەمڕۆش گرینگە بزاندرێ کە ئەو پێوەندییە، ئەو یەکەتییە لە ناو هەموو کورداندا نەبووە، لە ڕووی جوغرافیاییشەوە وا بووە. یانی ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە لە تەورێز بووە تەئسیری زیاتری هەبووە لە سەر مەهاباد و بە پێچەوانە هەتا سنە لە سەر مەهاباد. بەڵام  لەو زەمانیدا دەزانین لە تارانیش ڕۆژنامەیەک دەرکەوتووە بە ناوی ' کوهستان ' لەو سەروبەندە دا کە کۆماری کوردستان لە سابڵاغ ( مەهاباد ) دەسەڵاتی بە دەستەوە بووە، ئەگەر تەماشای نوسراوەکانی ڕۆژنامەی  'کوهستان ' یش بکەین لەوێشدا دەبینین لە عەینی حاڵدا کە پشتیوانییەکی زیمنی دەکرێ لە دەستکەوتەکانی کۆماری کوردستان، بەڵام حەولی ئەوە دەدا لە چوارچێوەی قانوونی ئەساسی ئێراندا و بەتایبەتی مەسەلەی  'ئەنجومەنەکانی ئەیالەتی و ویلایەتی' تێدا باس کراوە. و ئەو داوایانە بۆ ناوچە کوردنشینەکان و بەتایبەتی بۆ ئوستانی کوردستان ، سنە کە مەرکەزەکەی بێ دەهێنێتە گۆڕێ. یانی پێوەندییەکانی بەشەکانی کوردستان لە ڕۆژهەڵات لەگەڵ یەکتر لەو ئاستانە دا بووە. لە ئاخری دا قسەکانم کورت دەکەمەوە بە بۆچوونی من وەکوو ئێوەش باستان کرد کۆماری کوردستان لە تاریخی مۆدێڕنی سیاسی گەلی کورد دا نە تەنێ لە کوردستانی ئێران بەڵکوو لە هەموو کوردستان وەکوو نوقتە عەتفێکی مێژوویی دەمێنێتەوە وە دەبێ ئاوا چاوی لێ بکرێ، لە دەسکەوتەکانی و لە هەڵەکانی وەچەی ئەمڕۆ فێر بێ بۆ ئەوەی خەباتی بەردەوام بکا و بە تایبەتی لە چوارچێوەی کوردستانی ئێرانیشدا زۆر زۆر گرینگە کە تەئکید بکرێ لە سەر هاوخەباتی نێوان گەلی کورد و گەلی درواسێی تورکی ئازەربایجانی بۆ ئەوەی ئەو دۆستایەتییە بپارێزرێ لە ئەگەری ئاڵۆگۆڕێکی کە حەتمەن لە ئێرانیش دێتە گۆڕێ.
سیاوەش گۆدەرزی: کاک حەسەن دەمەوێ ئەوەش بپرسم دەزانین کە هیندێک کاری تاکە کەس وەک توێژینەوە و لێکۆڵینەوە لە ئاستی گۆڤارێک دا کراوە وەکوو بۆخۆت کە ماوەیەکی زۆر پێیەوە سەرقاڵی، بەڵام پێت وایە پێکهێنانی ئەنیستیتوویەک یان ناوەندێکی توێژینەوە، لێکۆڵینەوە لە سەر کۆماری کوردستان و بەڵگەکانی کۆماری کوردستان هەتا چەندە پێویستە لە ئەمڕۆی کوردستاندا؟
حەسەن قازی: ئەوە زۆر زۆر پێویستە چونکوو بەڕاستی هەتا ئێستاش بەشێکی زۆر  لە بەڵگەکانی سەبارەت بە سەروبەندی ساڵانی پێش دامەزرانی کوردستان هێشتا بە دەستەوە نییە ، بە تایبەتی ئاڕشیڤەکانی سۆڤییەتی پێشوو، بریتانیا و ئەمریکا و هەر وەها ئێران و عێڕاق و تورکیاش تا ڕادەیەکی زۆر. یانی ئەگەر ئەنیستیتوویەکی ئاوا هەبێ، دەستگایەکی ئاوا هەبێ کە بتوانێ ئەو حەولانەی کە دەدرێن ڕێک بخا کارێکی باش و پیرۆز دەبێ بۆ پێوەچاران و ئاگاداری لە تاریخی سیاسی کوردستان
سیاوەش گۆدەرزی: بەڵێ، زۆر سپاس بۆ تۆ کاک حەسەن. بەڕێز کاک حەسەن قازی بوو نووسەر و لێکۆلەرەوە کە بە تایبەتی لە سەر کۆماری کوردستان لێکۆڵینەوەی هەیە.  
تێبینی: ئەم وتووێژە لە تۆڕی کۆمەڵی یووتووبەوە دابەزێندراوە 






No comments: