Thursday, February 8, 2018

هێرش و دەستدرێژی ڕێژیمی تورکیا و ئەردۆغان بۆ سەر عەفرین و باکووری سووریا مژاری گەنگەشەی پاڕڵمانی سوێد لە ڕۆژی سێشەمە ٦-ی فێڤرییەی ٢٠١٨

 هێرش و دەستدرێژی ڕێژیمی تورکیا و ئەردۆغان بۆ سەر عەفرین و باکووری سووریا
مژاری گەنگەشەی پاڕڵمانی سوێد لە ڕۆژی سێشەمە ٦-ی فێڤرییەی ٢٠١٨

جێگری سەرۆکی پارڵمانی سوێد:
ئێستا دەست دەکەین بە خاڵی ١٩ تا ٣١. گەنگەشە بە بۆنەی ووڵامدانەوەی پرسیاری کە لە وەزیری دەرەوە کراوە. ئێستا پارڵمان دەست دەکا بە گەنگەشە بە ووڵامدانەوەی وەزیری دەرەوە بە پرسیاری نوێنەران سەبارەت بەو پنکتانەی لە پرسیارەکانیان دا هێناویانەتە گۆڕێ. لە پێشدا مارگوت واڵسترێوم قسە دەکا و ووڵامی پرسیاری ٥٢ دەداتەوە کە یووناس شوێستێد کردوویە لە پارتیی چەپ  سەبارەت  بە هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین و پرسیاری ٣٣١ کە ئامینە کاکەباوە کردوویە لە پارتیی چەپ سەبارەت بە هەڕەشەی تورکیا لە سەر کوردەکان و ئەستانی عەفرین لە ڕۆژئاوا لە سووریا و  پرسیاری ٣٣٣ ی جەبار ئەمین لە پارتیی میلیۆ  سەبارەت بە دەستدرێژیی نیزامی تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا. لە پێشدا نۆرەی قسەی وەزیری دەرەوەیە.


مارگۆت واڵسترێوم، وەزیری دەرەوە ( پارتیی سۆسیال دێمۆکڕات): سپاس خانمی سەرۆک و نوێنەرانی بەڕێز. ئامینە کاکە باوە پرسیاری لێ کردووم داخودا سوێد وەک دەوڵەتێک بە سەری خۆی هێرشی تورکیا بۆ سەر خاکی سووریا مەحکووم دەکا و گەلۆ سوێد وەک دەوڵەت و وەک ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکەتی ئوڕووپا داوا لە تورکیا دەکا بۆمباران کردنەکانی ڕابگرێ لە عەفرین و لە ئەستانی ڕۆژئاوا و ئایا ئەمن لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هێرشی تورکیا دەهێنمە گۆڕێ  بۆ سەر خاکی سووریا و کار دەکەم بۆ ئەوەی ئەو کارەی تورکیا وەکوو تاوانکاری بە دژی قانوونی ناو نەتەوەیی دابندرێ؟
جەبار ئەمین لە منی پرسیوە داخودا ئەمن دەستپێشخەری دەکەم  لەمەر دەستدرێژی نیزامی تورکیا بۆ سەر هەرێمی عەفرین و داخودا ئەمن داوا دەکەم ئەو هێرشە نیزامییە دەستبەجێ ڕابگیرێ؟ و ئایا لە چوارچێوەی یەکەتی ئوڕووپا دا سوێد دەست پێشخەرییەک دەکا بۆ ئەوەی یەکەتی ئوڕووپا هێرشی نیزامی تورکیا مەحکووم بکا و داوای ڕاگرتنی بکا و هەر وەها داخودا ئەمن بە جۆری دیش لە ئاست حکوومەتی تورکیا هەڵدەسووڕێم لەبەر ئەو تاوانکارییە پەیتا پەیتایانەی کە بە دژی قانوونی ناو نەتەوەیی دەیانکا؟
یووناس شوێستێد لە  منی پرسیوە ئایا ئەمن ئامادەم بە ڕوونی تورکیا مەحکووم بکەم لە بەر هێرشی بۆ سەر عەفرین و ئایا ئامادەم لە چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکەتی ئوڕووپا دا کار بکەم بۆ ڕاکێشانی پشتیوانی بۆ ئەو داوایە کە تورکیا دەستبەجێ ناوچەکە بە جێ بهێڵێ و هەر وەها حکوومەتی سوێد و من بە چ شێوەیەک هەلسوکەوت دەکەین بۆ ئەوەی یارمەتی ئینسانی بە دانیشتووانی عەفرین زیاتر بکەین  و هەر وەها بەو پەنابەرانەی کە پەنایان بردووەتە وێندەرێ؟
ئەمن ووڵامی هەموو پرسیارەکان بە سەر یەکەوە دەدەمەوە. لەگەڵ نیگەرانی قووڵی پرسیارکاران هەم سەبارەت بە بارودۆخی سووریا و هەر وەها لەگەڵ حەولەکانیشیان هەم بۆ ئەوەی ڕێوشوێنی قانوونی ناونەتەوەیی بپارێزدرێ و ڕەچاو بکرێ. تا ئەو جێگای کە دەگەڕێتەوە سەر بارو دۆخی بەشەکانی باکووری سووریا، ئەستانی عەفرینیش لە ناو دا کە بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی کوردن وەزع زۆر ناخۆش و خراپە. مەترسی ئەوە هەیە کێشەکە قووڵتر بێتەوە و وەزعی بارودۆخی شپرزەی ئینسانی لە سووریا ئەوەندەی دیکەش خراپتر بێ. خەلکێکی زیاتر سەدەمەیان پێ بگا و هەلومەرجی دۆزینەوەی  چارەسەرییەکی سیاسی خراپتر بێ. بۆیە هەتا بڵیی گرینگە ڕێز لە ڕێوشوێنەکانی قانوونی ناونەتەوەیی بگیرێ ، لەکاتیكدا کە باسی مافی خۆ پاراستن بەرز دەکرێتەوە مرۆڤ دەبێ لەو چوارچێوەیەی دا کە قانوونی ناونەتەوەیی بۆ کێشەی چەکدارانەی داناوە ببزوێتەوە. ئەمن بە شێوەیەکی بەردەوام نیگەرانی و ڕەخنەی خۆمانم هێناوەتە گۆڕێ لەگەڵ کاربەدەستانی تورکیا و هەر وەها باسی گرینگی پڕۆسەی ئاشتی ڕاستەقینە و هەموولایەنەم  لەگەڵ کردوون ، وەزعی کوردەکان هۆکارێکە کە کار دەکاتە سەر هەموو هەرێمەکە و دەستپێکردنەوەی پێواژۆیەکی ئاشتی لە تورکیا ئاکامی ئەرێنی دەبێ لە سەر تەنانەت ئەو بەری سنوور لە سووریا و بە گشتی لە هەرێمەکە دا. لە کۆبوونەوەیەکدا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢١ی ژانڤییە  سەبارەت بە بارودۆخی ئینسانی لە سووریا و دوایین پێشکەوتنەکان لە ووڵات و لەوانە بارودۆخی عەفرین سوێد پێداگری کرد لە سەر گرینگی ئەو کێشەیەی قووڵ بووەتەوە و تەنانەت باسی ئەوەشی کرد دەبێ ڕێزی تەواو لە قانوونی ناونەتەوەیی بگیرێ و خەڵکی مەدەنی بپارێزدرێن. لەو کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش دا سوێد پشتیوانی کرد لە نەخشەیەکی ٥ پنکتی کە سەبارەت بە بار و دۆخی کوتوپڕی ئینسانی لە سووریا پێشکێش کرا. لە کۆبوونەوەکە دا سوێد لەگەڵ کووەیت بەرپرسیارییەتێکی تایبەتیان پێ ئەسپێردرا لەمەر وەزعی ئینسانیی لە سووریا. ئێمە درێژە دەدەین بە حەولەکانی خۆمان بۆ ئەوەی بکرێ یارمەتیی ئینسانی بە هەموو شوێنێک بگا و هەر وەها ڕێزگرتنی تەواو لە قانوونی ناونەتەوەیی و خەڵکی مەدەنی. لە چوار چێوەی جیهانی دا بۆ یارمەتی ئینسانی سوێد یارمەتی دەکا بە خێرایی دان بە گەیشتنی ئەو جۆرە یارمەتیانە لە دۆخی قەیرانی دا. سوێد وەکوو دەسپێک ١٥٥میلیۆن کڕۆنی تەرخان کردووە بۆ یارمەتیی ئینسانی بۆ قەیرانی سووریا لە ماوەی ساڵی ٢٠١٨ دا .
ئەو دیالۆگەی کە لە نێوان یەکەتی ئوڕووپا و تورکیا دا  لە گۆڕێ دایە گرینگە و لەو دواییانە دا فێدێریکا موگێرینی بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی یەکەتی ئوڕووپا نیگەرانی قووڵی خۆی دەربڕی سەبارەت بە پێشکەوتنەکان و دیسان لەو بارەیەوە بەپەلە لەگەڵ کاربەدەستانی تورکیا قسە دەکا.
یەکەتی ئوڕووپا و تورکیا پێشتر لە سەر ئەوە ڕێک بوون کە داهاتووی سووریا  دەبێ لە سەر بنەمای  یەکپارچەیی خاک و نەتەوەیی سووریا و کۆمەڵگەیەکی هەموو گرەوە و مافی هەموو کەمایەتییەکان لە دەوڵەتێکی ناتاییفی دا  ڕێزی لێ بگیرێ. کۆمەڵگەی ناونەتەوەیی دەبێ بەردەوام بێ لە حەولەکانی خۆیدا بۆ دۆزینەوەی چارەسەرییەکی سیاسی بۆ بارودۆخی سووریا لە چوارچێوەی بڕیارنامەی ژمارە ٢٢٥٤ ی ئەنجومەنی ئاسایش دا. سوێد چ لە پێوەندییە دوولایەنەکانیدا و چ لە چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکەتی ئوڕووپا دا حەول دەدا چارەسەرییەکی ئاشتیانە بۆ ئەو کێشەیە، ئاگربەستێک و ڕێگا بۆ هەموو جۆرە یارمەتییەکی ئینسانی بدۆزرێتەوە. سوێد بەردەوام دەبێ لە پشتیوانی حەولەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کارەکانی نوێنەری تایبەتی ئەو ڕێکخراوەیە بۆ کارو باری سووریا ستافان دێمستوورا کە حەولێکی زۆر دەدا بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ کێشەی سووریا.
ئەوە زۆر جیدییە کە نێوانی تورکیا و گرووپە کوردەکان هەتا دێ و ناخۆشتر دەبێ. سوێد بەردەوام دەبێ لە شۆپاندنی وەزعەکە و پێداگری دەکا لە سەر گرینگی قووڵ بوونەوەوی کێشەکە، ڕێزی تەواو لە قانوونی ناونەتەوەیی و پاراستنی خەڵکی مەدەنی.

جێگری سەرۆک : سپاس ، ئێستا نۆرەی قسەی یووناس شوێستێد ە لە پارتیی چەپ !


یووناس شوێستێد ( پارتیی چەپ) :  سپاس خانمی سەرۆک و سپاس وەزیری دەرەوە واڵسترێوم بۆ ووڵامەکەت.  لە هەمان کاتدا ئەمن دەبێ داخی خۆم دەرببڕم  کە ئێمە گوێمان لێ نەبوو ئەو دەستدرێژییە ئاشکراییە بۆ سەر خەڵکی عەفرین ڕاستەوڕاست مەحکووم بکرێ. ئەمن پێم خۆش بوو ئەمڕۆ گوێم لێ بووبایە حکوومەتی سۆسیال دێمۆکڕات لەو بارەیەوە هەڵوێست بگرێ. هەڵوێست بگرێ لە ئاست دەستدرێژکەر، هەڵوێست بگرێ بۆ  پشتیوانی لەو خەڵکەی ئەمڕۆ بۆمباران دەکرێن و ترس و خۆفیان بەناو دا بڵاو دەکرێتەوە بە دەست دەستەڵاتی نیزامی تورکیا.
ئەوە چەند ساڵە شەڕی ناوخۆیی سووریا نەبڕاوەتەوە. ئەوە شەڕێکی بێ بەزەییانە و ناخۆشە. هەلومەرجێک بۆ ئاشتی و هاوژینی لە داهاتوو دا ئەوەیە کە گرووپی تێرۆریستی داعش بە چۆک دا بهێندرێ و ئێستا ڕێگای باش بەرەو ئەوە دەچێ کە بەسەری دا زاڵ بن و تێکی بشکێنن. بەڵام ئەو سەرکەوتنە بەبێ قوربانیدانی هەموولایەنەی کوردەکان هەڵنەدەسووڕا هەم لە سووریا و هەم لە عێڕاق. ئەو سەرکەوتنە بە بێ ئەوان مومکین نەبوو. ئەوە کۆبانێ بوو کە بارودۆخەکەی گۆڕی، بەڵام لە کۆبانێ ئەو خۆ ڕاگرییە کرا، ئەوە کوردەکان بوون خەڵکی مەدەنی سنجاریان ڕزگار کرد لە چنگ تێڕۆری داعش. ئەوە هێزەکانی ژێر فەرماندەیی کوردەکان بوون کە ڕەقا یان ئازاد کرد واتە ئەو شارەی کە گرووپی تێرۆریستی داعش وەک پێتەختی خۆی ڕاگەیاندبوو. لە ژێر هەلومەرجێکی زۆر ناخۆش دایە کە ئەمڕۆ فیدراسیۆنی باکووری سووریا حەول دەدا کۆمەڵێکی زۆر دێمۆکڕاتتر ساز بکا. بە سەدان هەزار پەنابەریان وەرگرتووە، لە هیچ جێگایەکی دیکەی هەرێمەکە مافی ژنان وەکوو ئەوێ بە پتەوی ڕەچاو نەکراوە. لە هیچ جێگایەکی دیکە وەکوو ئەوێ ژنان بەشداریان نەکردووە لە خەبات بە دژی تێڕۆر و بۆ ساز کردنی کۆمەڵێکی نوێ. حەول دەدەن ئیتیلافێک لە نێوان کوردان و عەڕەبان ساز بکەن ، لە نێوان مەسیحی و موسوڵمانان، شتێکی کە لە زۆر شوێنی دیکەی هەرێمەکە دا نییە. مرۆڤ حەول دەدا ناوە ناوە هەڵبژاردن بکرێ. ئەوە ئەو کۆمەڵەیە، ئەو ترووسکاییەی هیوا کە ئێستا کەوتووتە بەر هێرش و دەستدرێژی دەستەڵاتی نیزامی تورکیا. پرسیار ئەوەیە داخودا ئێمە پشتیان تێ دەکەین و لایان لێ ناکەینەوە یان هەڵوێست دەگرین بە قازانجی ئەوانەی کە لە ڕیزی پێشەوە دابوون بۆ سەرکەوتن بە سەر داعش دا و ئەوانەی کە حەول دەدەن داهاتوویەکی باشتر ساز بکەن؟ بێدەنگیش هەلوێست دەربڕینە. و لە کاتێکدا دنیا پشت لە کوردەکانی باکووری سووریا دەکا، مڕۆڤ ناڕاستەوخۆش بێ ئەوانە دەناسێ لەوێ خەبات دەکەن  و دەزانێ ئەوە دانی چرای سەوزە بە هێرشی زاڵمانەی دەستەڵاتی تورکیا . و ئەوە ئەو شتەیە کە ئێستا دەقەومێ و ئەوە ئەوەیە کە ئێستا تورکیا بە کاری دەهێنێ و بۆیەیە تورکیا خەڵکی مەدەنی و شاران و ئێستا عەفرین بۆمباران دەکا.
تورکیا لە ئاست دەوڵەتی ئیسلامی واتە داعش دەورێکی دوولایەنەی گێڕاوە. ئەوان چاویان لەو تێڕۆریستانە نووقاندووە کە بە تورکیا دا چوون و لەگەڵ داعش کەوتوون . دەوڵەتی ئیسلامی بە ڕێگای تورکیای ئەردۆغانەوە نەوتی خۆی هەناردەی دەرەوە کردووە. بۆ تورکیا خەبات بە دژی ئازادیی کوردەکان هەمیشە گرینگتر بوو لە هەڵوێست دەربڕین لە ئاست گرووپێکی تێرۆریستی وەک داعش . پرسیار ئەوەیە ئێمە چ دەکەین؟ ئێمە چ دەکەین کاتێک دەبینین  کە چون هەتا دێ زیاتر رێژیمی دیکتاتۆری ئەردۆغان حەول دەدا داوخوازی کوردەکان و ئەوانیدی بۆ خۆسەری و ئازادیی لە باکووری سووریا سەرکوت بکا؟ ئایا ئێمە ڕوومان لە لایەکی دی دەکەین؟ یان هەڵوێست دەگرین بە قازانجی ئەوانەی دەیانەوێ ژیانێکی باشتر دامەزرێنن؟ هەموو گەنگەشەکە لە سە ئەوەیە .
دەورێک هەیە بۆ سوێد کە بیگێڕێ. وەک نەتەوەیەک ، وەک بەشێک لە یەکەتی ئوڕووپا، وەک ووڵاتێک کە ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە. ئەوە مانای زۆرە ئەگەر سوێد دەنگ بەرز بکاتەوە و بڵێ وا نابێ. و ئەمن هیوا دارم کاتێک لێرە دەچینە دەرەوە بە ڕوونی گوێمان لێ بووبێ ئەو دەستدرێژییە بێ بەزییانەی تورکیا کە ئێستا لە ئەستانی عەفرین دەیبینین مەحکووم بکرێ. هەر هەمان ژن و پیاوی کە ڕەقایان ڕزگار کرد، هەر ئەوانەی کە چارەنووسی شەڕی کۆبانێیان گۆڕی سەرەڕای ڕاڕایی تورکیا . ئەوان پێویستییان بە پشتیوانی جیهانییە.
ئەمن پرسیارێکم هەیە لە وەزیری دەرەوە واڵسترێوم . ئایا وەزیری دەرەوە لە ناوەرۆکی قانوونی ناونەتەوەیی دا هیچ دەبینێ  کە بتوانێ پاساوێک بێ بۆ هێرشی تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا ؟  سپاس

جێگری سەرۆک: نۆرەی قسە کردنی ئامینە کاکەباوە یە لە پارتیی چەپ


ئامینە کاکە باوە: سپاس خانمی سەرۆک و سپاس وەزیری دەرەوە بۆ ووڵامەکەت کە ڕوون کردنەوەیەک بوو سەبارەت بە یارمەتی ئینسانی بە پەنابەران لە سووریا ، کە دیارە ئەوە زۆر گرینگە. زۆر مێدیای ناوچە باسی ئەوە دەکەن کە چۆن ڕێژیمی تێرۆریستیی تورکیا تەقەیان لەو پەنابەرانە کردووە کە ویستوویانە بۆ خۆ دوور خستنەوە لە شەڕ بەرەو سنووری تورکیا بچن. ئەمن پێم خۆش بوو بزانم داخودا خانمی وەزیر ئاگای لەوە هەیە؟ ئەمن ووڵامێکی ڕوون و ئاشکرام گوێ لێ نەبوو لە حکوومەت و وەزیری دەرەوە بۆ مەحکووم کردنی تاوانکاری ئەردۆغان دژی قانوونی ناونەتەوەیی و دژی قانوونی شەڕ. ئایا سوێد ئەردۆغان مەحکووم دەکا بۆ ئەو تاوانکارییەی بە دژی قانوونی ناونەتەوەیی کردوویەتی؟ ئایا سوێد ئەو پرسە لە چوارچێوەی یەکەتی ئوڕووپا و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەهێنێتە گۆرێ؟ ئەردۆغان وولاتەکەی خۆی کردووە بە زیندان کە تێیدا ڕێکخراوە کوردییەکان و ڕێکخراوەکانی دیکەی کەمایەتیان و سۆسیالیستییەکان بۆ نموونە هەدەپە و ئەندامەکانی و ڕێبەرانی بە گۆیا  "تێرۆریست" ناو زەد دەکرێن. ئەردۆغان بۆ ئەوەی ئەو تاوانکاریانەی خۆی بشارێتەوە  لە بیانوو دەگەڕێ، ئێستا کە داعش لە ڕۆژئاوا دەرپەڕێندراوە و کوردەکان و کەمایەتییەکانی دیکە توانیویانە بە شێوەیەکی دێمۆکڕاتیک خۆیان رێک بخەن ، دەوڵەتی تورکیا جێگای داعشی گرتووەتەوە. ڕێژیمی ئیسلامی تیڕۆریستی تورکیا دەیەوێ گۆیا "ناوچەیەکی ئارام" پێکەوە بنێ و ئیدیعا دەکا دەیەوێ ئەمنییەتی تورکیا بپارێزێ. هەمووان دەزانن  کە ئەردۆغان داعشی بەلاوە دراوسێیەکی ئەمینتر بوو لە کوردەکان لە کوردستان لە ڕۆژئاوا. هەمووش لە بەر ئەوەی کە پێش بە خۆ دامەزرانی ڕۆژئاوایەکی گەلیی و دێمۆکراتیک بگرێ.  تورکیا لە دوو حەوتوو لەمەوبەرەوە عەفرین بۆمباران دەکا. ئەردۆغان ڕێکخراوەی یەپەگە بە تێرۆریست دادەنێ و حەول دەدا بۆ پاساو هێنانەوە بۆ پەلامارێکی تێرۆریستی بۆ سەر سووریا کە لە ڕاستی دا ئامانجی کوردەکان و ئەستانی ڕۆژئاوایە. ئەردۆغان نایەوێ ئەستانێک ببینێ کە تێیدا  بزووتنەوە کوردییەکان سەرکەوتنی گەورەیان بە دەست هێناوە بە ڕێکخستنی دەیان هەزار ژنی پێشمەرگە لە ڕیزی یەپەژە دا و هەر وەها بە یارمەتی کەمایەتییەکانی دیکە ٣ کانتۆنیان ساز کردووە. ئەمڕۆ هیچکام لە دەوڵەتەکانی ناوچە کە لە کێشەکەوە گلاون ناکرێ بە دەوڵەتی دێمۆکرات دابندرێن وەکوو تورکیا، ئێران، عێڕاق ، عەرەبستانی سعوودی و ئاشکرایە سووریا بۆ خۆشی. گشت ئەو وولاتانەی کە دەبوو لە دەوروبەری کوردستانێکی سەربەخۆ دا بن لە گەمەیەکی خوێناوی دان لە تەک یەکتر دا بۆ وەدەستهێنانی دەستەڵاتی سیاسی و نیزامی و گەمەکە بە پێی بەرژەوەندییان ڕادەپەڕێنن و دواجار قوربانی ئەوە کوردەکانن. بە دەیان منداڵ کووژراون و بە سەدان ئینسان ژیانیان لە کیس داوە. ڕۆژنامەی ئێکسپرێسن وێنەی ئەو گریلا کوردە  'بارین کۆبانێ " ی بڵاو کردووەتەوە کە بووەتە هۆی بێزاری گشتی، دوو ڤیدێئۆ بڵاو بوونەتەوە کە نیشان دەدەن چۆن بەدەنێ بارین دەشێوێندرێ لەلایەن ئەو کەسانەوە کە دەگوترێ ئەندامی ' ئەڕتەشی ئازادی سووریا ' بوون. جلوبەرگی لەبەر دادەکەنن ، هەر دوو مەمکی دەبڕن بە نێزەی جەماعەتی ئەرتەشی ئازادیی سووریا. لەو ڤێدێئۆیە قێزەوەنە کە لە ئینترنێت دا بڵاو کراوەتەوە مرۆڤ دەبیسێ کە یەک لە جیهادیستەکانی ئەڕتەشی ئازاد هاوار دەکا ' ئەو جوانە ' !! لە کاتێکدا  یەکی دیکە بە لەقە لە جەستەی دەدا. بارین ئەو جارە لە شەڕ دا نەبوو بە دژی دەوڵەتی ئیسلامی بەڵکوو شەڕی دەکرد لە هەمبەر پەلاماری تورکیا کە پشتیوانی لە ئەڕتەشی ئازادیی سووریا دەکا. و ئەمە بارباریسمە و دەبێ ڕابگیرێ و ئەمن چاوەڕوانم مارگۆت ئەوە بکا. سپاس
جێگری سەرۆک : سپاس، ئێستا نۆرەی قسە کردنی جەبار ئەمین ە لە پارتیی میلیۆ
جەبار ئەمین ( پارتیی میلیۆ): سپاس خانمی سەرۆک. ئەمن بەر لە دەستپێکردنی قسەکانم دەمەوێ دەقیقەیەک بێدەنگی ڕابگەیێنم بۆ بیرەوەری گشت ئەو منداڵانە، گشت ئەو ژنانە، گشت ئەو پیاوانە ، گشت ئەو ئینسانە بێگوناهانەی لە ئەستانی عەفرین کووژراون لە ئاکامی هێرش و دەستدرێژی دەوڵەتی تورکیا.
[ دەقیقەیەک بێدەنگی ] . سپاس خانمی سەرۆک.
کاتێک تێرۆریستەکانی دەوڵەتی ئیسلامی بە کەیفی خۆیان لە سووریا جرت و فرتیان دەکرد ئەوەی لەوێ لە هەموو شت دڵتاوێنتر بوو ئەوە بوو پارەکە و پێرارەکە ، کە کوردەکان لە ڕۆژئاوا ،لە سایەی قارەمانەتی خۆیان، گشت ژنان و پیاوان ، خەباتیان دەکرد لە پێناو ئەوەی باوەریان پێی بوو و بە دژی بارباریسم و دڕندایەتی. بە یارمەتی جیهانیی ئەوان توانیان یەکێک لە پیسترین گرووپەکانی ئەو دە بیست ساڵەی دوایی تێک بشکێنن واتە تێرۆریستەکانی داعش ، ئی دەوڵەتی ئیسلامی. لە گشت ئەو ماوەیەدا ئەو خەباتکارانە خەباتیان کردووە لە پێناو ئازادی ، دێمۆکڕاتی ، و بۆ ئەوەی مەترسی لە سەر ووڵاتانی ڕۆژئاوا، لە سەر ووڵاتی ئێمە بکەنە لانی کەم. ئەگەر دەوڵەتی ئیسلامی لە سووریا سەرکەوتبا، ئەگەر دەوڵەتی ئیسلامی لە عێڕاق سەرکەوتبا دەکرا بۆ ئێمەش جێی مەترسی  و مەترسی زۆرتر بێ لە سوێد. خانمی سەرۆک ئێمە دەزانین کە ئەردۆغان ڕقی لە ناوچەی خۆسەری ڕۆژئاوا دەبێتەوە و ئەو و ڕێژیمەکەی هەموو شتێکیان کردووە کە لە دەستیان بێ بۆ ئەوەی پێشی ئەوە بگرن و تێکی دەن کە کوردەکان ئازاد بن لە هەر بەشێکی کوردستان کە دەبێ با ببێ. هەر بۆیەیە ئەو ئێستا دەستی بە شەڕێک کردووە. خانمی سەرۆک ئەم نەخشەیەی کە لێرە دەیبینین  [  نەخشەیەک نیشان دەدا] عەفرین نیشان دەدا لە لای چەپ لە سەرەوە. نێشان دەدا کە دەوڵەتی تورکیا لە باکوور و ڕۆژئاواوە هێڕشی دەکاتە سەری، لە کاتێکدا هێزە ئیسلامیستەکانیان ، ئیسلامیستەکانی وەفادار بە ئەردۆغان لە باشوور و لە ڕۆژهەڵاتەوە هێرشی عەفرین دەکەن. و ئەوە مانای وایە کە عەفرین لە لایەن یان تێرۆریستان یان تێڕۆریسمی دەوڵەتییەوە گەمارۆ دراوە و ئەوە تاوانکارییەکە بە دژی قانوونی ناونەتەوەیی کاتێک دەوڵەتێک هەڵدەکوتێتە سەر ناوچەیەک لە ووڵاتێکی دیکە. ئەو وێنەیەی دیکە [ وێنەیەکی گەورە نیشان دەدا]  خانمی سەرۆک نیشان دەدا کە چۆن ئەڕتەشی ئەردۆغان شار بۆمباران دەکا وەک دەبینین  و لەوێ ئەوە خەڵکی مەدەنینین کە دەکووژرێن. و ئەوەی ئێمە دەیبینین گەڕەکی شوێنی نیشتەجێ بوونی خەڵکن. بۆیە خانمی سەرۆک ئەمن هیوا دار بووم وەزیری دەرەوە زیاتری لەوە گوتبایە کە نیگەرانە. ئەمن چاوەڕوانی مەحکووم کردن ، مەحکووم کردنێکی توند دەکەم  بە دژی گشت ئەو تاوانکاریانەی دژی قانوونی ناونەتەوەیی کە ئەردۆغان لێی بەرپەسیارە . سپاس
جێگری سەرۆک: نۆرەی قسەی ئانیکا لێلەمێتس ە لە پارتیی میلیۆ
ئانیکا لێلەمێتس( پارتیی میلیۆ) : سپاس خانمی سەرۆک. ئەمن پێم وایە هیچ پاساوێک نییە بۆ هێرش کردنە سەر عەفرین و ئەوە نابێ لە لایەن کۆمەڵگەی ناونەتەوەییەوە نەبیندرێ و کاردانەوەی نەبێ. هێرشی زیاتری ڕێژیمی تورکیا دەبێ ڕابوەستێندرێ. ئێمە بەرپرسیارەتیمان لە سەر شانە، ئێمە بەرعۆدەییمان هەیە کە پێشی ئەو تاوانکارییە بگرین کە بە دژی قانوونی ناونەتەوەیی دەکرێ بێ لەبەر چاوگرتنی ئەوەی کە کێ ئەو تاوانکاریانە دەکا و دەبێ پێشی تاوانکاری تازەتر بگرین. جا بۆیە ئەمن دەنگم دەخەمە پاڵ ئەو ووتاردەرانەی پێش من قسەیان کرد کە ئێستا دەبێ  هێرشی ڕێژیمی تورکیا  بۆ سەر عەفرین بە توندی مەحکووم بکرێ. ووڵاتانی جیاواز وەک سوێد و هەر وەها نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکەتی ئوڕووپا دەبێ دەستبەجێ بێنە سەر خەت بەر لەوەی خەڵکێکی زیاتری دیکە بکووژرێن، بریندار بکرێن ، یان ناچار بکرین ماڵ و حاڵی خۆیان بە جێ بێڵن. خانمی سەرۆک. ئەوە بەتایبەتی دڵتەزێنە کە تورکیا هێرش دەکاتە ئەو ناوچانەی ئەو هێزانەی لێن کە کوردەکان ڕێبەریان دەکەن. ئەو هێزانەی کە کارێکی قارەمانانەیان کرد بۆ هەموو جیهان و بە سەرکەوتوویی بە دژی داعش خەباتیان کرد. دەوڵەتی تورکیا دەلێ لە هێرشی بۆ سەر عەفرین مەبەستی خەباتە بە دژی تێرۆریستان. بەڵام ئەوەی ڕودەدا ئەوانەی کە ژیانی خۆیان دە مەترسی هاویشت بۆ شەر بە دژی داعش چۆن تێرۆریستن؟ ئەوانەی ماونەوە ئێستا کەوتوونەتە بەر هێرشی تێرۆریسمی دەوڵەتیی تورکیا. و ئەوە ڕەهەندێکی دیکە لە مەسەلەکە زیاد دەکا. ڕەهەندێکی زیادی لە زوڵم و زۆرداری و ڕەهەندێک لە دەستبەردان و پشت تێ کردن. ئەگەر کۆمەڵگەی جیهانی هەر وا بێدەنگ بێ و بە جیدی لە سەر ئەو خەڵکە نەکاتەوە. ئەوە کاری کران نییە کۆمەڵگەی جیهانی ڕوو لەو ئینسانە بوێرانە وەرگێڕێ کە بە توندی و بە سەرکەوتوویی دژی داعش شەریان کرد و نرخێکی زۆریان بەخت کرد لە کاتێکدا کە پێویستییان بە هاوپێوەندیی ئێمە هەیە. هیچ بیانوویەک نییە بۆ پاساو هێنانەوە بۆ بێدەنگی. ئەوشەڕەی ئەردۆغان هەڵیگیرساندووە دەبێ ڕابوەستێندرێ . چەند شتی کۆنکرێت کە بە زەینی مندا دا دێ، بێگومان خاڵی دیکەش هەیە. لە ناو ئەو هەنگاوانەی دا کە دەکرێ یارمەتی بکا بە ڕاوەستاندنی توندوتیژی و زەبروزەنگی ڕێژیمی تورکیا کە دەبێ ئێستا هەڵبەسەنگێندرێ ئەوەیە: مەحکووم کردنێکی ئاشکرا لە لایەن سوێدەوە کە پێشتر باس کرا؛ سوێد دەکرێ بە ڕێگای یەکەتی ئوڕووپا و نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئەو دەستدرێژییە مەحکووم بکا، و ئەوە جێی داخە دەستپێشخەری فەڕانسە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکرتووەکان نەگەیشتە ئەو بڕیارە پەلامار و دەستدرێژی تورکیا مەحکووم بکا. سوێد پشتیوانی کرد لە دەستپێشخەری  فەرانسە و ئەوە باش بوو. پاشان ئێمە وەک ئەندامێکی ئەنجومەنی ئاسایشی کۆڕی  نەتەوە یەکگرتووەکان بەرپرسیاریەکی تایبەتیمان هەیە لەو بارەیەوە. و ئەمن لەو باوەرە دام ئەوە باش دەبێ ئەگەر جارێکی دیکە ئەو مژارە لە ئەنجومەنی ئاسایش دا بهێندرێتەوە گۆڕێ. باشە بۆ ناکرێ سەفیری تورکیا لە سوێد بانگ بکرێتە وەزاڕەتی  کاروباری دەرەوە و بۆی ڕوون بکرێتەوە کە سوێد هێرش و پەلاماری تورکیا بە جێی قەبووڵ نازانێ. ئەمن هەر وەها بیر لە سزادانی ئابووری دەکەمەوە بە دژی ڕێبەرانی بەرپرسیار لە تورکیا، نەک بە دژی گەلی تورک. ئەوە کارێکی نائاسایی نییە. کاتێک کە تاوانکاری بە دژی قانوونی ناونەتەوەیی دەکرێ سزای ئاوا دەدرێ. هیچ هۆیەک نییە بۆ ئەوەی هەلسوکەوتێکی نەرمتر بکرێ لەگەڵ ڕێبەرانی تورکیا لە چاو دەستدرێژکەر و پەلامادەری دیکە. ئەوە هێندێک لەو هەنگاوانەن کە دەکرێ بیریان لێ بکرێتەوە. چونکە دەنگی سوێد گرێنگە ئەگەر ئێمە وەدەنگ بێین دەکرێ خەڵکی دیکەش دەنگیان بەرز بکەنەوە. سپاس

جێگری سەرۆک : سپاس، ئەوە دیسان نۆرەی قسە کردنی وەزیری دەرەوەیە


مارگۆت واڵسترێوم ( پارتیی سۆسیال دێمۆکڕات)، وەزیری دەرەوە: سپاس خانمی سەرۆک ، سپاس بۆ گشت قسەکان و ووڵامەکان. لە پێشدا بڵێم سپاسی جەبار ئەمین دەکەم  کە وەبیرت هێناینەوە قوربانی کامانەن؟ لە زۆربەی شەڕەکان و کێشەکانی ئەم ڕۆژگارە دا ، بە تایبەتی لێرە لە سووریا ، ئەوە ژن و منداڵن کە لە خەتی پێشەون و ئەوانن کە دەمرن. خەڵکی بێگوناح و مەدەنی و لە ڕاستییدا ئەوە ئەرکی سەرەکی ئێمەیە کە ئەو دەرد و ژانە کەم بکەینەوە و کۆتایی بهێنین بە شەڕ لە سووریا. ئەوە ئەرکی هەرە گرینگە. سپاس بۆ بۆ وەبیرهێنانەوەی ئەوەی کە قارەمانەکان کامانە بوون ئەوانەی کە خەباتیان کرد بە دژی دەوڵەتی ئیسلامی و ئێمە پێمان وا بوو ئەوان سەرکەوتوون. هێشتا ئەوە تەواو نەبووە و زۆر کار ماوە کە دەبێ بکرێ جا بۆیە ئەو هێرشەش لە لایەن تورکیاوە نیگەرانی ئەوەی زیاد کرد داخودا قووڵبوونەوەی توند و تیژی نابێتە هۆی درێژ بوونەوەی هەلومەرجی شەڕ و هەر وەها بارودۆجێکی ئاڵۆز بە گەمەکاری جۆر بە جۆرەوە لەو کێشەیە دا . جا بۆیە ئەوە گرینگە.
نا! ئێمە بێدەنگ نەبووین. و ئێمە پاسیڤ و دەستەوەستانیش نەبووین. و ئێمە لە پێوەندییەکانماندا لەگەڵ کاربەدەستانی تورکیا ڕەپ و ڕوو بووین و قسەی خۆمان کردووە. ئاشکرایە کە ئێمە سەفیری تورکیامان بانگ کردووە بۆ وەزاڕەتی دەرەوە و قسەمان لەگەڵ کردووە و ئەوەی ئێستا ڕوودەدا ئەوەیە ئێمە ئاماژە دەکەین بە مەترسی توندوتیزتر بوونی وەزعێکی زۆر خراپ. و ئەو وەزعە و قووڵتربوونەوەی توندوتیژی و زەبر وزەنگ دەبێتە هۆی ئێش و ژانی زۆرتر. شتێکی دیکە ئەوەیە کە سوێد هەمیشە پێداگری دەکا لە سەر ڕەچاو کردنی قانوونی نانەتەویی ، لە هەر دەرفەتێک دا کە بێتە پێشێ ئەو پنکتە دادەگیرێتەوە. لەئەنجومەنی ئاسایش ،  لە هەموو پلاتفۆرمە فرە لایەنەکان و هەر وەها لە پێوەندییە دوولایەنەکاندا زۆر گرینگە کە ئێمە هەڵوێست دەرببڕین جا بۆیە لە ڕاستییدا ووشەی  ' مەحکوومییەت ' و ' مەحکووم کردن ' هەتا ئێستا نە لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایش و نە لە لایەن ووڵاتێکی تایبەتی یەوە دەکار نەکراوە. ئەوە لە بەر ئەوەیە کە بۆ ماوەی درێژ دژوار بووە بڕیار بدرێ کە بە ووردی پێشکەوتنەکان چۆنن و بەڵگە بەدەستەوە بێ سەبارەت بەوەی کە لە سەر زەوی چ قەوماوە. دیارە ئێوەش دەتوانن ئەو دیمەنە قێزەوەنانە ببینن و ئێمە دەکرێ ببینین کە بۆمباران دەکرێ بەڵام مرۆ دەبێ ئەوەشی بۆ ڕوون بێتەوە کە بە ووردی چ جۆرە حەولێکی نیزامی بەڕێوە دەچێ؟ دیارە تورکیا هۆی جیاوازی بەرز کردووەتەوە بۆ دەستیوەردانی خۆی لە باکووری سووریا. لە لایەکەوە گوتوویانە ئەوە خۆ پاراستنە، بە پێی پێرەوی نەتەوە یەکگرتووەکان مادەی ٥١ ، و لە لایەکی دیکەوە هۆی دیکەیان باس کردووە وەک خەبات بە دژی تێرۆریسم و هەر وەها ویستی دامەزراندنی ناوچەیەکی هێمن لە سەر سنووری تورکیا – سوریا . جا لێرەدا ئەوان ئارگومێتنی سیاسی و حقووقی تێکەڵ دەکەن، ئەمن تەنێ ئەوە ڕوون دەکەمەوە کە ڕوو دەدا. و لێرە دا ووڵاتانیش وەک نەتەوە یەکگرتووەکان بەرعۆدەییەکیان هەیە لەو بکۆڵنەوە داخودا ئەوە دروستە کە باسی قانوونی ناونەتەوەیی بهێننە گۆڕێ و بیکەنە پیوان. جا بۆیە زۆر لایەن دەستیان لەوە گێڕاوەتەوە جارێ ووشەی " مەحکوومییەت " دەکار بێنن. ئەمن تەنێ حەول دەدەم شی بکەمەوە کە وەزعەکە لە ڕووی سیاسییەوە چۆنە؟ و بە پێی ڕێوشوێنی پێڕەوی نەتەوە یەکگرتووەکان قەدەغە هەیە لە سەر زەبروزەنگ و لەمەڕ قەدەغە کرانی زەبروزەنگ دوو ڕێزپەڕی ناوەندی هەیە، یەکیان ئەوەیە کە دەوڵەتێک یان چەند دەوڵەت لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە ڕێیان پێ درا بێ بۆ  بە کارهێنانی  زەبروزەنگ و ئەوی دیکەشیان بە پێی پێرەوی نەتەوەیەکگرتووەکان مادەی ٥١ یەکە کە بە پێی وی دەوڵەتان مافی خۆ پاراستنیان هەیە بێتوو پەلاماری چەکداری بدرێن. لە هەمان کاتدا ئەو مافی خۆ پاراستنە گرێ دراوە لە ریزێک شەرتومەرج  لە ناویاندا ئەوەی کە زەبروزەنگەکە دەبێ پێویست بێ و گونجاو بێ. [ بێ ئەوەی وەزیری دەرەوە قسەکانی تەواو کا کاتی تەواو دەبێ]
جێگری سەرۆکی پارڵمان: سپاس ، نۆرەی قسە کردنی یووناس شوێستێد ە لە پارتیی چەپ

یووناس شوێستێد ( پارتیی چەپ ) : سپاس خانمی سەرۆک و سپاس وەزیری دەرەوە بۆ بەشێک لە ووڵامەکە کە دیارە دوایە درێژەی پێ دەدەی. ئایا قانوونی ناونەتەوەیی هیچ ڕێگا دەدا بە تورکیا بۆ دەستدرێژییەکەی؟ ئەمن پێم وا نییە ووڵامی ئەوە زۆر دژوار بێ . تورکیا ئێستا ووڵاتێکی دیکە بۆمباران دەکا. ئەو خەڵکی مەدەنی بۆمباران دەکا . ئەوان هەرێمێک بۆمباران دەکەن کە هیچ جۆرە هەڕەشەیەکی لە تورکیا نەکردووە و ئەوە یەکەمجار نییە تورکیا هەدەفی کوردی لە سووریا بۆمباران دەکا. ئەوان زۆر جار ئەوەیان کردووە. و ئەمن مەبەستم ئەوەیە بڵێم ئەوە هۆیەکە بۆ ئەوەی هەڵوێستی لە سەر دەرببڕدرێ. ئەوە هۆیەکە بۆ هەڵوێست دەربڕین بە دژی ئەو تێڕۆرەی لە خەڵکی مەدەنی  دەکرێ بە بۆمبارانی هەوایی و بە گولەی تۆپ و تانک لەلایەن ئەڕتەشی تورکیا وە کە چووتە ناو هەرێمەکە لە سووریا. و بۆ من جێگای داخە حکوومەتی سوێد ئەمڕۆ بە ڕوونی ئەوە مەحکووم ناکا. ئەمن پێم وایە ئەو مەحکووم کردنە وەدرەنگی کەوتووە. ئەمن پێم وایە ئەوە حاڵەتێکی کوتوپرە، هەر ئێستا خەڵک دەمرن و ئێش و ئازار دەچێژن لە عەفرین. داخودا ئەو گوێنەدانەی دنیای دەور و بەر لە بەر چییە؟ بۆ ئەوان بێدەنگن لە ئاست ئەوەی ئەردۆغان و تورکیا دەیکەن؟ ئەمن پێم وایە چەند شت هەن ئەو وەزعە ڕوون دەکەنەوە. یەکیان ئەوەیە کە تورکیا ووڵاتێکی ئەندامی ناتۆیە. ڕەنگە دووهەم ووڵاتی هەرە گرینگی ئەندامی ناتۆ بێ لە ڕوانگەی نیزامییەوە و ئەوە بە هەڵکەوت نییە کە هیچ کام لە پارتییە سوێدییەکانی لایەنگری ناتۆ لەو گەنگەشە یە دا بەشدارییان نەکردووە. پارتییە بورژوازییەکان لەو بارەیەوە بێدەنگن. ئەوان باسی خەبات کردن بە دژی تێرۆریسم دەکەن بەڵام ڕەخنە لە ووڵاتێکی ئەندامی ناتۆ ناگرن. وەفادارییەکی سیاسی هەیە لە نێوان لایەنگرانی ناتۆ و ووڵاتێکی ئەندامی ناتۆ کە وا دەکا ئەوان بێدەنگی هەڵبژێرن. بەڵام ئەوەی بێدەنگە ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەوەیە کە تورکیا دەیکا. هۆیەکەی دیکە ئەوەیە کە ئێستا یەکەتی ئوڕووپا پارە دەدا بە تورکیا بۆ ئەوەی پەنابەران لە تورکیا ڕا بگرێ و یەکەتی ئوڕووپا خۆی خستووەتە دۆخێکەوە کە تورکیا هەڕەشەی لێ بکا و ئەردۆغان بڕیار بدا گەلۆ پەنابەران بێن بۆ ئورووپا یان نەیێن . و ئەوە یەکەتی ئوڕووپا بێدەنگ دەکا. و لەو بێدەنگییە بێ شەرمانەیە دا، لە کاتێکدا ڕووسیا بێدەنگە، ئەمریکا بێدەنگە، یەکەتی ئوڕووپا بێدەنگە ، بۆیە زۆر گرینگە کە چەند ووڵاتان دەنگ هەڵبرن و بڵێن ئێمە  ئەوە مەحکووم دەکەین. ئێمە لایەنگری خەڵکی مەدەنین، لایەنگری مافی مرۆڤایەتین، و ئەو دەستدرێژی و پەلامارەی تورکیا مەحکووم دەکەین. و ئێستا تورکیا بەرەو دیکتاتۆری دەچێ. ناکرێ بەشێوەیەکی دیکە باسی خەسڵەتی تورکیا بکرێ. گرینگترین پارتیی ئۆپۆزیسیۆن، پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان  ئەوە خەریکە بە تەواوی سەرکوت دەکرێ، ٥٠٠٠ هەزار لایەنگری هەدەپە ئێستا لە زیندان دان لەوانە ڕێبەرانی پارتییەکە ، گۆیا ' تاوانی' ئەوان ئەوەیە کە باسی چارەسەری ئاشتییانەی دۆزی کورد دەکەن ، باسی مافی ژنان دەکەن، باسی ڕێفۆرمی کۆمەڵایەتی دەکەن. شتێکی کە بۆ تورکیا زۆر پێویستە. زیاتر لە ٥٠٠ کەس گیراون لە بەر ئەوەی پشتوانیان لە عەفرین کردووە و ڕەخنەیان لە تورکیا گرتووە بۆ ئەو پەلامارە ، بەر لە هەموو شت لە مێدیای کۆمەڵی دا. هەر ئەوەندە بەسە کە جریوەیەک بکرێ لە تویتر دا کە تورکیا نابێ عەفرین بۆمباران کا بۆ ئەوەی مرۆڤ ئەمڕۆ لە تورکیا بگیرێ. وەزعەکە ئاوا خراپە. هەر بۆیە زۆر گرینگە پشتیوانییەک هەبێ لەو خەڵکەی کە خەباتیان کرد بە دژی دەوڵەتی ئیسلامی. ئەو خەڵکەی کە لە کۆبانێ بە سەر دەوڵەتی ئیسلامی دا سەرکەوتن، ڕەقایان لە تێرۆری داعش ڕزگار کرد. کوردەکان لە لایەن جیهانی دەرەوە ڕا  چەند جار خیانەتیان پێ کراوە و پشتیان بەردراوە. زۆر جار کراون بە پیادەی شەترەنجی گەمەی هێزی گەورە. ئەمجارە هەموو جیهان شادی دەربڕی، ئەوان تەنانەت تێرۆریستی سوێدیشیان گرتووە کە لەگەڵ داعش بوون کە دەبێ محاکەمە بکرێن. ئەوان ئەو کارە بەمەترسیانەیان کردووە بۆ گشت ئێمە لە دنیای دەوروبەریان بۆ خەبات بە دژی تێرۆریسم. ئێستا پرسیار ئەوەیە داخودا ئێمە ڕوویان لێ وەردەگێرین و پشتیان تێ دەکەین یان بە قازانجی ئەوان هەڵوێست دەگرین؟  
و ئەمن وەکوو سەرۆکی پارتیی چەپ بە ئاواتەوەم  کە سەفیری تورکیا بە تەواوی چاوی پێ خورد بکرێتەوە و بە ڕاشکاوی پێی بگوترێ کە ئێمە ئەو دەستدرێژی و پەلامارە مەحکووم دەکەین  بە دژی ناوچەی عەفرین. و ئەوەی کە سوێد ڕاستەوڕاست یارمەتی ئینسانی بکا بە فیدراسیۆنی باکووری سووریا و سوێد لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان حەول بدا بۆ ڕاگرتنی ئەو پەلامار و دەستدرێژییە قرێژە! سپاس خانمی سەرۆک

جێگری سەرۆک: سپاس، نۆرەی قسە کردنی ئامینە کاکەباوەیە لە پارتیی چەپ
ئامینە کاکە باوە ( پارتیی چەپ): سپاس خانمی سەرۆک و سپاس وەزیری دەرەوە. ئەوە قسەی ئەردۆغان خۆیەتی ئەو پێشتر بە ڕاشکاوی گوتی: دێمۆکڕاتی ئامانج نییە، هێرشی سەر ڕۆژئاوا ڕوونکردنەوەی شتێکە، ئەوە گۆیا ' تێرۆریسم' ە نییە کە هەڕەشە دەکا . بۆ ئەردۆغان هەموو جۆرە خەباتێک لە پێناو دێمۆکڕاسیدا بەمەترسییە. خەبات لە پێناو دێمۆکڕاسی لە ڕۆژئاوا بە مەترسییە و لە ماڵەوەی خۆی لە تورکیاش هەر ئاوایە. لەوێ ئەندامانی پارتیی ئۆپۆزیسیۆنی هەدەپە و ڕووناکبیرانی کە وێراویانە قسە بکەن زیندانی کراون. سوێد و یەکەتی ئوڕووپا ناکرێ هەر وا بێدەنگ بن لە کاتێکدا رێژیمی ئەردۆغان هەموو ئۆپۆزیسیۆن و کوردەکان بە  "تێرۆریست " ناو زەد دەکا. بۆ ئەردۆغان دێمۆکراتی جۆرەیەک  " تێرۆریسم " ە. خانمی سەرۆک! ئەو کێشەیە پڕیشکەی دەگاتە ئێرەش لای ئێمە لە سوێد، بە ڕێگای ئەو مزگەوت و ڕێکخستنانەی کە ئەردۆغان پشتیان دەگرێ.  ئەردٶغان بە ڕێگای میذیای خۆی واتە ' ئاژانسی ئانادۆڵی ' دا ئەوە لە سەر سوێد دەنووسێ [ ڕۆژنامەکە نیشان دەدەا] لە مزگەوتەکان لە گەڕەکی ڕینکەبی و لە شوێنەکانی دی ستۆکهۆڵم کۆ بوونەتەوە بۆ ئەوەی نوێژ بکەن بۆ عەفرین ، ئەوە ڕۆژنامەی ئەردۆغان خۆیەتی . ئەمن دەڵێم ئەوە بە مەترسییە ، چونکە ئێمە دەبێ هەم پێش بە بڵاو بوونەوەی بێزو قێزی ڕەگەزپەرستانە بە دژی کەمایەتییەکان لە سوێد بگرین و هەر وەها پێش  بە مێشک شۆردنەوەی منداڵان، منداڵانی بەستەزمان بگرین بە دەست جیهادیستەکان کە دەبێ ئەوە تەجروبە بکەن [ لەو ماوەیە دا ڕۆژنامەکەی هەر بە دەستەوەیە ]. ئەمن هەموو گیانم وەڕاتڵەکان کەوت کاتێک دوێنێ شەوێ چاوم بەو ڕۆژنامەیە کەوت و ئەوە لە تورکیاوە بۆ من ناردراوە. مەبەستی من ئەوەیە ئێمە دەبێ پێش بەو پڕۆپاگاندە قێزەوەنە بگرین کە شەڕ نەگاتە منداڵانی ئێمە لە  کەنار شارەکان. تا ئەو جێگای پێوەندی پەیدا دەکاتەوە بە منداڵانی تورک و کورد چونکە ئەوان بێ گوناحن. ئەوە ئەردۆغانە کە تێرۆریستە، ئەوە دەوڵەتەکەی وییە کە خەڵکی خۆی تێرۆریزە دەکا و دەترسێنێ بۆ ئەوەی لە ڕۆژئاوا ڕوو دەدا، بۆیە مەبەستمە بڵێم ئەگەر ئێستا ئێمە ئەوە نەکەین و پێشی نەگرین ئەوە دەبێتە گرفتێک بۆ ئێمەش و ئەوە یەکەم جاریش نییە کە پڕۆپاگاندای ڕەگەزپەرستانە بە دژی کوردەکان بڵاو دەکرێتەوە ، بە دژی جووڵەکەکان و لە ڕاستیدا ئەرمەنییەکانیش . ئێمە ئەوە دەزانین و بۆیە دەبێ ڕای بگرین و کۆتایی پێ بدەین. هەر وەها چاوەڕوانی ئەوە لە سیاسەتێکی دەرەوەیی سوێد دەکرێ کە بۆن و بەرامەیەکی فێمێنیستی تێدایە و ئەگەر سێاسەتێکی ئەوتۆ پشتیوانی لە ژنانی کورد و لە ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەکا کە ژنان خەباتیان کردووە بە دژی بارباریسم و دڕندایەتی، بە دژی ئەو داعشەی تینووی خوێنە ، باشە کێ ئەو پشتیوانییە بکا و ئەو ڕووحییە فێمێنیستییە نیشان بدا؟ دەبێ ئەوە بە ڕێگای مارگۆتەوە بێ، بەڵێ بە تایبەتی ئەتۆ مارگۆت کە خەباتت کردووە بۆ مافی ژنان و ئەوە چاوەروانییە لە تۆ. زۆر لە ژنانی کورد ، ژنانی عەلەوی  و ژنانی تورک هەموو چاوەڕوانی لە ئێمە سوێدی ، لە تۆ و ئێمە دەکەن بۆ ئەوەی هەر ئێستا شتێک بکەین بۆ ئەوەی ئەو دڕندایەتییە ڕابگیرێ. ئێمە دەزانین تاوانکاری بە دژی قانوونی ناونەتەوەیی دەبێ ڕابگیرێ، ئەوە دەزانین . سوێد و یەکەتی ئوڕووپا و نەتەوە یەکگرتووەکان زۆر گورجن کاتێک ووڵاتێک دەستدرێژی دەکاتە سەر ووڵاتێکی دیکە و پەلاماری دەدا. ئەوە گرینگە، باشە بۆ ئەوە لە سەر تورکیا ناکرێ. ئەردۆغان بە ڕاشکاوی گوتوویە دێمۆکڕاتی بە هێند ناگرێ و ئامانجی دێمۆکڕاسی نییە. مەبەستی شەڕی خەڵکی دیکەیە. خەڵکێک کە بە پشتیوانی جەماوەری سەر بە کەمایەتی دیکە کانتۆنانی دامەزراندووە کە تێیدا ژنان و منداڵان و ئەوانیدی تێوەگلاون. ئەردۆغان بە دووی تێکدانی ئەوە دایە . ئێمە بە ساڵان ئەوەمان دی کە ئەو بە دووی ڕاوی داعش دا نەبوو، چونکە ئەو پشتیوانی لە داعش دەکرد وئێستا کە دژی بارباریسم و ذڕندایەتی خەبات کراوە، دەوڵەتێکی ئاوا دێ دڕندایەتی  دەکا دژی کوردەکان. ئێستا ئەمن هیوا دارم وەزیری دەرەوە بە توندی هێڕش و پەلاماری ڕێژیمی تورکیا مەحکووم بکا.

جێگری سەرۆکی پارڵمان، سپاس ئێستا نۆرەی قسەی ئامینە نا، جەبار ئەمین ە لە پارتیی میلیۆ

جەبار ئەمین ( پارتیی میلیۆ ): سپاس خانمی سەرۆک ، و سپاس بۆ ووڵامی وەزیری دەرەوە. وەزیری دەرەوە دەزانێ کە ناوچەی عەفرین یەکێک لە ناوچە هەر کەمەکان بووە لە سووریا کە ناوچەیەکی ئارام بووە، ناوچەیەک بووە وێران نەکراوە لە بەر شەڕ. لەوێ خەڵک کەمتازۆر لە هێمنی دا ژیاون و لەوێ خەڵکی کورد بە سەدان هەزار پەنابەریان لە شوێنەکانی دیکەی سووریاوە حاواندووەتەوە و ئێستا بەو هێرش و پەلامارەی ئەردۆغان سەبات و ئارامی ناوچەی عەفرینیش تێک دەدرێ. خانمی سەرۆک ئەوەی ئێستا ئەردۆغان و ڕێژیمەکەی دەیکەن ئەوە تێرۆریسمی دەوڵەتی نەبێ هیچی دیکە نییە. کاتێک هەدەفی مەدەنی بۆمباران دەکرێ، کاتێک مرۆڤ دەچێ و لە ووڵاتێکی دی خەڵک دەکاتە ئامانجی پەلامار و هێرشەکانی و کاتێک مرۆڤ خەڵکی مەدەنی دەخاتە ئەو دۆخی ئێش و ئازارەوە ئەوە تێرۆریسمە و تێرۆریسمی دەوڵەتییە. و بە داخەوە ڕێگا دراوە ئەردۆغان بەکەیفی خۆی جرت و فرت بکا . چەند ساڵ لەوە پێش ئەو هێرشی کردە سەر کوردستانی عێڕاق، لەوێ قانوونی ناونەتەوەیی پێشێل کرد، دوو ساڵ لەوە پێش ئەوە باکووری کوردستان بوو، کوردستانی تورکیا کە کەوتە بەر هێرش و پەلاماری ئەردۆغان. ئەو چەندین شاری یەک بە دوای یەکدا تێک و مەکان دا و بە سەدان خەڵکی بێ گوناهی کوشت. و ئێستا نۆرەی ناوچەی عەفرینە. ئەوە بەڕاستی جێگای واق وڕمانە کە ئەردۆغان و ڕێژیمەکەی ئیدیعا دەکەن ئەو کارانە بە دژی تێرۆریسم دەکەن. ئەگەر کەسێک پشتیوانی لە تێرۆریسم کرد بێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوە ئەردۆغان و ڕێژیمەکەیەتی. لەو بارەیەوە بەڵگە و دۆکومێنتی زۆر بە دەستەوەیە. پارڵمانتاران لە پارڵمانی تورکیا، ڕۆژنامە تورکییەکان، یەک بە دوای یەکدا سەلماندوویانە کە ئەردۆغان پشتیوانی کردووە لە 'دەوڵەتی ئیسلامی ' . جیهان ئەوە دەزانێ و ئێستا ئەو بۆ ئەوەی ئەو  کردەوە قێزەوەنەی خۆی  پاساو بدا  دەڵێ خەڵک لە عەفرین ناوچەیەکی هێمن ، ناوچەیەکی خۆ سەر ، سیستمێکی هەموو گرەوە لەوێ، هەڕەشەیەکن لە سەر تورکیا . ئێمە باش دەزانین کە ئەو ئیدیعایە ڕاست نییە. هۆی سەرەکی دەستدرێژی و پەلاماری ئەردۆغان ئەوەیە ئەو دەترسێ ڕێژیمی خۆسەر و هەموو گرەوەی ڕۆژئاوا ببێتە ئیلهامێک بۆ خەڵکی کورد لە بەشی باکووری کوردستان . لە بەشی کوردیی تورکیا. و بۆ ئەوەی ئەو ئەو نموونەیەی کە لە سووریا هەیە تێک بدا و من مەبەستمە بڵێم ئێمە بە ئەندازەی کافی بەڵگەمان بە دەستەوەیە، سوێد ئەوەندەی پێویستە هۆی بەدەستەوەیە بۆ ئەوەی ئەوە مەحکووم بکا. ئێستا وەزیری دەرەوە دەرفەتی ئەوەی دەست کەوتووە بتوانێ ئەوە مەحکووم بکا و ئەمن بە ڕاستی خەفەتبارم نەبیسم سوێد بە دەنگی بەرز بەرگری لە قانوونی ناونەتەوەیی  نەکا و ئەردۆغان مەحکووم نەکا. ئەو پەیتا پەیتا لە ووڵاتی جۆر بەجۆر خەڵکی مەدەنی خستووەتە مەترسییەوە. لە ووڵاتی خۆی، لە عێڕاق لە کوردستانی عێڕاق و ئێستا لە کوردستانی سووریا. و ئێمە بێین و بڵێین هیچ هۆمان بەدەستەوە نییە، نا ئەوە وا نییە. ئەمن چاوەڕوان دەکەم وەزیری دەرەوە، ئەمن هیوادارم وەزیری دەرەوە ئەردۆغان و ڕێژیمەکەی کە لە پێشێل کردنی قانوونی ناونەتەوەیی بەرپرسیارن مەحکووم بکا. سپاس

جێگری سەرۆک، سپاس ئێستا نۆرەی قسەی ئانیکا لیلەمێتس ە لە پارتیی میلیۆ

ئانیکا لیلەمێتس ( پارتیی میلیۆ) : سپاس خانمی سەرۆک. ئەمن لەگەڵ ئەو نیگەرانییە هەم کە ڕێژیمی ئەردۆغان دەزانێ خۆی بدزێتەوە لەبەر ئەوەی ووڵاتێکی ئەندامی ناتۆیە و ڕێکەوتنێک لە نێوان یەکەتی ئوڕووپا و ئەردۆغان کراوە سەبارەت بە پەنابەران. وەک چۆن پێشتریش لە ئاست دەستدرێژی و پەلاماری پێشوو کاردانەوە نیشان نەدراوە جەبار ئەمین باسی چەند نموونەیەکی کرد، وەکوو پێشێل کردنی قانوونی ناونەتەوەیی لە کوردستانی عێڕاق لە ووڵاتێکی دی ، تەنانەت لە تورکیاش ، لە بەشی باکووری کوردستان کە لە وێ ڕێژیمی ئەردۆغان شەڕێکی هەموولایەنەی کرد بە دژی چەندین شاری باکووری کوردستان لە ساڵی ٢٠١٥ دا. ئەوە بووە هۆی کوشتار و زێندانی کردنی خەڵکێکی زۆر و وێران کردنی زۆری شاران. ئێمە وێنەی ئەو کاولکاریانە لە ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەبینین کە وێنەی ساتاڵایتیی ئەو کاولکاریانە نیشان دەدەن. باشە ئێمە چ دەکەین کاتێک ڕێژیمی تورکیا بە هیچ جۆر بۆ ئەو کارە قێزەوەنانەی کردوویە لێی ناپرسرێتەوە؟ تورکیا لە ماوەی دەستەڵاتی ئەردۆغان دا مێژوویەکی پەیتا پەیتای هەیە لە پێشێل کردنی قانوونی ناونەتەوەیی و تاوانکاری لەو بارەیەوە. جا بۆیە لێرە دا پێویستە کە گوشاری زیاتر بهێندرێ و هەموو هۆیەک بەکار بهێندرێ کە لەبەر دەست دایە، هۆکاری دیپلۆماتێک بۆ ئەوەی کە تورکیا دەست هەڵگرێ لەو جۆرە دەستدرێژی و پێشێلکردنانە . سپاس

جێگری سەرۆک، ئێستا نۆرەی قسە کردنی وەزیری دەرەوەیە

مارگۆت واڵسترێوم ( پارتیی سۆسیال دێمۆکڕات) وەزیری دەرەوە: سپاس خانمی سەرۆک، ئەمن بە داخەوەم جاری پێشوو کاغەزێک کەوتبووە بنەوە و بە کاتی خۆی قسەکانم تەواو نەکرد. شتی هەرە گرینگی کە دەبوو قسەکانمی پێ تەواو کەم و ئێستا دەیڵێم. ئەوە ڕاست نییە کە ئێمە بێدەنگ بووین ، ئێمە پاسیڤ و دەستەوەستانیش نەبووین. بە پێچەوانە ئێمە هەم لە نەتەوە یەکگرتووەکان و هەم لە یەکەتی ئوڕووپا کاردانەوەمان نیشان داوە و بەردەوام دەبین لە سەر ئەوەی لەو چوارچێوانە دا شوێندانەریمان  هەبێ و ئەوە ئاشکرایە ئێمە هەلوێستمان بەهێزتر دەبێ ئەگەر ئێمە بەیەکەوە و بە گشتی ڕەد فێعل نیشان بدەین هەم لە لایەن یەکەتی ئوڕووپاوە و هەم لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە. بۆ ئەوەی  مرۆڤ هەر لە سەر ووشەی "مەحکووم کردن " ڕانەوەستێ پێویست دەکا مرۆڤ بە شێوەیەکی ئەوتۆ بجووڵێتەوە کە داوای بەرپرسیارەتی قەبووڵ کردنی تێدا بێ. دەبێ ئێمەش ئاوا بجووڵێینەوە کە ئارگومێنتەکانمان لە سەر بنەمای قانوونی ناونەتەوەیی بێ. و ئەمن بیرم لێ کردووەتەوە و ئەوە بوو دەمەویست قسەکانی پێشوومی پێ تەواو کەم. ئەوەی کە ئێستا ئێمە دەزانین بۆ نموونە لە وەزاڕەتی دەرەوەمان دا ئەوەیە کە لەمەر ئەو عەمەلیاتەی کە ناوی ' لقی زەیتوون ' ی لێ نراوە ئەوەیە کە داوەری سەرەتایی ئێمە و پسپۆرەکانی قانوونی ناونەتەوەیی ئێمە بەو ئاکامە گەیشتوون کاردانەوەی تورکیا ناکرێ لە چوارچێوەی خۆ پاراستن پاساو بدرێ لە بەرامبەر یەپەگە دا. بەڵام، ئێمە دەمانەوێ ڕەدفێعلێکی گشتی و بەیەکەوە هەبێ لە سەر بنەمای قانوونی ناونەتەوەیی هەم لە چوارچێوەی یەکەتی ئوڕووپا و هەم لەچوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا. بەڵام ئەوە بە مانای ئەوە نییە کە ئێمە پاساو دەهێنینەوە بۆ ئەو هێرشە یان پشتیوانی لەو هێرشە دەکەین. ئەوە شتێکی تەواو جیاوازە جا بۆیەیە لە پێوەندی دوولایەنەمان دا زۆر بە ڕەپ و ڕوویی بۆچوونی خۆمان دەربڕیوە و هیچکەس ناتوانێ سوێد تاوانبار بکا بەوەی کە ڕەد فێعلی نیشان نەداوە و ئەگەر چەند لایەنێک هەبن کە هەڵوێستیان هەبووبێ هەم لە سەر کێشەی سووریا و هەم لایەنی ئینسانی ئەو کێشەیە ، بە دانی پارە بۆ ئەوە و یارمەتی کردن بە پارێزەرانی قانوونی ناونەتەوەیی و بە ڕۆژنامەنووسان و خەڵکی دیکە لە تورکیا ئەوە سوێد بووە. پارە و یارمەتی ئێمە بۆ ئەوێ دەچێ. ئەو گەنگەشەی ئێمە لێرەهەمانە، بە کردەوە هەموو حەوتوویەک بووە  سەبارەت بە پێشکەوتنی نێگاتیڤ لە مەڕ دێمۆکڕاسی لە تورکیا . جا بۆیە ئەمن دەڵێم هیچکەس ناتوانێ بڵێ ئێمە بێدەنگ بووین و کاردانەوەمان نیشان نەداوە. و بە تایبەتی لەم بارو دۆخە دا ئێمە دەمانەوێ بیروڕای جیهانی کاردانەوی  خۆی لە سەر بنەمای قانوونی ناونەتەوەیی دابنێ بۆ ئەوەی دواجار مرۆڤ بتوانێ داوای بەرپرسیارەتی وەئەستۆگرتنیش بهێنێتە گۆرێ. و ئێمە بەهێزتر دەبین نەک بەوەی کە هەر بەتەنێ بین و بقیژێنین بەڵکوو لە ڕاستیدا دەبێ بەیەکەوە لەگەڵ یەکەتی ئوڕووپا و نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو کارە بکەین. دیارە ئەوە دەکەوێتە ڕۆژەڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ، ئێمە یارمەتی بەوە دەکەین و درێژە دەدەین بە ئاماژە کردن بەو شتانەی جێی نیگەرانین و ئەوەی کە ڕوودەدەن لە بەر ئەو هێرشە و جگە لەوە ئەوە کێیە کە یارمەتی کردووە بە خەبات کردن بە دژی دەوڵەتی ئیسلامی ، هەر وەک ئەوەی کە ئێوە ئاماژەتان پێ کرد ، گشت ئێوە پرسیارکەران ئاماژەتان پێکرد. جار جار مرڤ هەست دەکا لە سەر کورسی تاوانباری دانیشتبێ، ئەمن نامەوێ ئەو دەورە بگێڕم ، مەبەستم ئەوەیە بڵێم ئێمە کاردانەوەمان نیشان داوە و زۆر بە ڕوونی ئەوەمان دەربڕیوە کە پێمان وایە ڕاست بووە سەبارەت بەو پێشوەچوونە. و ئێمە بە ووردی وەک ووڵاتەکانی دیکە حەول دەدەین کاردانەوەکەمان لە سەر بنەمای پرێنسیپەکانی قانوونی ناونەتەوەیی بێ.

جێگری سەرۆک، ئێستا نۆڕەی قسەی یووناس شوێستێدە بۆ ئەوەی قسەی دوایی بکا


یووناس شوێستێد ( پارتیی چەپ): سپاس خانمی سەرۆک، سپاس وەزیری دەرەوە. وەزیری دەرەوە دەڵێ و ئەوە ڕاستە کە پسپۆڕانی قانوونی ناونەتەوەیی لە وەزاڕەتی دەرەوە ئەو داوەرییەی کە کردوویانە ئەوەیە کە هیچ پاڵپشتێک لە قانوونی ناونەتەوەیی دا نییە بۆ پاساو دانی هێرش و دەستدرێژی تورکیا بۆ سەر عەفرین. ئەوە ئاکام دەرخستنێکی گرینگە و لە ڕوانگەی قانوونی ناونەتەوەییەوە ئەو کارەی تورکیا نیشانەی پێشێلکارییە. هەر وەها ئەوە مانای ئەوەشە کە مرۆڤ هۆی باشی بەدەستەوەیە ڕەخنە لەو هێرش و دەستدرێژییە بگرێ بۆ سەر هەرێمی عەفرین و ئەمن هیوادارم سوێد بە دەنگی بەرز و بە ڕاشکاوی ئەوە بکا، ڕوون و ئاشکرا. لە سیاسەتی دەرەوەیی سوێد دا نەریتێکی جێی شانازی هەیە ئەویش ڕاوەستان بووە لە بەرانبەر ئەو هێزە گەورانەی دا کە هێرش و دەستدرێژیان کردووەتە سەر هەرێمی پچووکتر و ووڵاتی پچووکتر. لێرە دا هەڵوێست دەربڕین و مەحکووم کردنی ئەو پەلامار و دەستدرێژی یە، و گوتنی ئەوەی کە ئێمە لە چوارچێوەی ناونەتەوەییدا کاردانەوە نیشان دەدەین لەگەڵ ئەو نەریتە دا دەگونجێ . ئێمە لە لایەن پارتیی چەپەوە داوا لە حکوومەت دەکەین ئەو کارە بکا.
زۆر خەڵک شایی و لۆغانیان کرد کاتێک ڕەقا ڕزگار کرا ، لە سەرتاسەری جیهان خەڵک چاوەڕوانی ئەو ڕزگارییە بوون. ئەوە قەسەدە بوو  ئەو هێزەی کە کوردەکان بەڕێوەی دەبەن ئەو ڕزگارییەی مەیسەر کرد. ئەو ژنانەی کە ناچار کرابوون سەرو پۆتەراکی خۆیان داپۆشن، ئەو سەرپۆش و ڕووپۆشانەیان لە سەر خۆیان لابرد. خەڵک دەستیان کرد بە گوێ گرتن لەو موسیقایەی خۆیان پێیان خۆشە. ژنی گەنجی یەزیدی کە کرابوونە کۆیلەی جینسی ڕزگار کران. کێ بوون ئەوانەی ئەو ڕزگارییەیان ڕەخساند؟ ئەو کوردانە و سەربازانەی قەسەدە کە ئێستا ئەمڕۆ بەرەوو ڕووی پەلامار و دەستدرێژی هێزی گەورەتری تورکیا هاتوون. ئەو ژنە کوردەی کە لێرە ئامینە کاکە باوە باسی کرد کە ئاوا بە شێوەی ذرندانە جەستەی شێوێندرا ، مامۆستایەکی سەرەتایی، ئەوانە بوون کە ڕەقایان ئازاد کرد، ئەو ئینسانانەی کە ئێستا ئێمە خەیانەتیان پێ دەکەین ئەگەر پشتیان تێ کەین. و ئەمن مەبەستمە بڵێم کە ئەوە ئەرکی ئێمەیە ڕوویان لێ وەرنەگێڕین بەڵکوو بە ڕوونی هەلوێست دەرببرین لە دژی هێرش و دەستدرێژی  تورکیا  بۆ سەر عەفرین.

جێگری سەرۆک، ئێستا نۆرەی ئامینە کاکە باوەیە بۆ ئەوەی دوایین قسەکانی بکا.


ئامینە کاکە باوە ( پارتیی چەپ) : سپاس خانمی سەرۆک و سپاس وەزیری دەرەوە. نزیکەی ٣٩ ساڵ لەوە پێش دنیای ڕۆژئاوا پشتیوانی کرد لە ئایەتوڵا خومەینی بۆ ئەوەی دەستەڵات بەدەستەوە بگرێ و ئەو بوو بە دیکتاتۆری هەرە بێزراوی مێژوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا. و چەند ساڵ لەمەوبەریش هەر ئەو جۆرە پشتیوانییە لە ئەردۆغان کرا لە تورکیا. ئەوەی کە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ڕوونی و ئاشکرایی هێرشی تورکیا بۆ سەر سووریا مەحکووم ناکا ئەوە گنخانی گەمەی سیاسی دەسەلمێنێ. بە داخەوە دێمۆکڕاتی دۆستی زۆر کەمە. هێندێک لەو ووڵاتانە لە هەرێمەکە دا کەمایەتییە دینی و نەتەوەییەکان سەرکوت دەکەن با باسی سەرکوتکردنی ژنان هەر نەکەین . ئەوانە لە ناو ڕێژیمەکانی ئەو ووڵاتانەش دا هیچ دۆستیان نییە و لە لایەن ئەوانەوە وەک دوژمن چاو لێ دەکرێن. ئەو کەمایەتییانە کە بۆچوونی دێمۆکڕاتیکیان هەیە  هەر وەک لە ڕۆژئاوا دەیبینین لە ڕوانگەی ئەردۆغانەوە ئەوەندەی دیکەش دوژمنن. دانیشتووانی ڕۆژئاوا لە ئاست ئەو پەلامار و دەستدرێژییەی کە ئێستا دەکرێتە سەریان دەبێ بپارێزدرێن . ئەوە هێرشێکە بە دژی قانوونی ناونەتەوەیی. هێرش و پەلاماری تورکیا بووەتە هۆی لە کیس دانی ژیانی خەڵکێکی زۆر. سوێد دەبێ هەموو ئەو کاناڵانەی کە ڕێیان تێ دەچێ و بیریان لێ دەکرێتەوە بە کار بهێنێ بۆ ئەوەی ئەو شەڕە گەورەتر نەبێتەوە و نەگاتە خوێنرێژییەکی زۆرتر. نابێ بهێلدرێ تورکیا ئەوە بکا کە داعش کردی بە دژی ڕۆژئاوا و سووریا و ئەوە هەر ئێستا دەبێ ڕابگیرێ. ئەوە چاوەڕوانییەکە لە سوێد و لە دنیای ڕۆژئاوا کە لە سەر ئەو ژنانە بکاتەوە کە شەری داعشیان کرد بۆ نموونە مەکڕۆن ئەو وەزعەی مەحکووم کردووە، سوێدیش دەتوانێ ئەوە بکا و لە ئاستی نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکەتی ئوڕووپا دا ئەو داوایە بەرز بکاتەوە بۆ ئەوەی ئەو شەڕە و ئەو تاوانکارییە بە دژی قانوونی ناونەتەوەیی مەحکووم بکرێ. سپاس.

جێگری سەرۆک،ئێستا نۆرەی جەبار ئەمین ە بۆ ئەوەی دوایین قسەکانی بکا.


جەبار ئەمین ( پارتیی میلیۆ) : خانمی سەرۆک ڕێگام بدە لە سەرەتاوە ڕوو لە هەموو ئەو کچ و کوڕانە بکەم ، گشت ئەو ژن و پیاوانەی کە ئێستا لە عەفرین خەبات دەکەن بۆ ئەوەی لە بەرانبەر دەستدرێژی و هێرشکاری تورکیا ڕاوەستاون و پێیان بڵێم ئێمە شانازیتان پێوە دەکەین. خانمی سەرۆک ئەوە باشە کە وەزیری دەرەوە سەبارەت بەو بارودۆخەی لە ئارا دایە نیگەرانە. و ئەوە باشە کە ئەمڕۆ بە پێی ئەو زانیارییەی لە مێدیا دا هاتووە وەزیری دەرەوە سەفەری بۆ ئانکارا هەڵوەشاندووەتەوە. ئەگەر زانیارییەکان ڕاست بن کە ئەوە لەبەر ڕەخنەگرتنە لە تورکیا لە لایەن سوێدەوە. ئەوەی کە پێویستە دەبێ زۆر لەوە زیاتر بێ. ئەوەی پێویستە لە پێشدا مەحکووم کردنە و هەر وەها پێویستە ئێمە کار بکەین بۆ ئەوەی ئەو هێڕشکاری و دەستدرێژییە ڕابگیرێ. چونکوو هەتا کات زیاتر تێ بپەڕێ، ژمارەی قوربانییەکانیش زیاتر دەبێ. خەڵکێکی زیاتری مەدەنی دەبنە قوربانی. ئەگەر ئێمە بمانەوێ دەتوانین بیکەین ئەویش ئەوەیە کە سەفیری خۆمان لە ئانکاراوە بانگ کەینەوە بۆ ماڵێ. دەتوانین ئەوە بکەین ئەوە سینگناڵێکی ڕوونی سیاسی دەبێ. ئێمە لە چوارچیوەی یەکەتی ئوڕووپا دا دەتوانین دەستپێشخەری بکەین بۆ مەحکووم کردنی تورکیا. پێویستی بە کردنی زۆر لەوە زیاتر هەیە کە بیکەین بۆ ئەوەی بتوانین قانوونی ناونەتەوەیی بپارێزین کە ئەو هەمووە قسەمان لێوە کردووە. لە قسەکانی دا وەزیری دەرەوە چەند جار ئاماژەی کرد بە ئەوەی کە ڕێز گرتن لە قانونی ناونەتەوەیی گرینگە بەڵام دەبێ ئەوە بە کردەوە کاری بۆ بکرێ. ئێمە دەبێ کاردانەوە نیشان  دەین کاتێک ئەو قانوونە پێشێل دەکرێ. ئەوە جێی خۆشحالییە کە ئێستا وەزاڕەتی کاروباری دەرەوە بەو ئاکامە گەیشتووە کە تورکیا بۆی نییە ئارگومێنتی قانوونی ناونەتەوەیی بەرز بکاتەوە. ئەمن هیوادارم ئێمە بگەینە ئەوەی کە تورکیا مەحکووم بکەین.
جێگری سەرۆک، نۆرەی قسە دەگاتە وەزیری دەرەوە بۆ دوایین قسەکانی


مارگۆت واڵسترێوم ( پارتیی سۆسیال دێمۆکڕات)، وەزیری دەرەوە: سپاس خانمی سەرۆک و سپاس بۆ پرسیارکاران چونکە ئەوە لە بیری هەموو کەس دایە، هەموو مێدیاکان باسی دەکەن و ئەوە شتێکە کە نیگەرانمان دەکا و هەر بۆیە ئێمە ئێستا ئەوە حەوت ساڵی درێژە کە شەڕی سووریا دەشوێپێنین. حکوومەتی سوێد لەوەتا هەڵگیرسانی شەڕ لە سووریا ئەو گرینگییەی داگرتووەتەوە کە دەبێ ڕێز لە قانوونی ناونەتەوەیی بگیرێ و خەڵکی مەدەنی بپارێزدرێن. ئێمە ئەوەی لە دەستمان هاتووە کردوومانە کە ژنانیش بێن و لە دەوری مێزی موزاکەرە دانیشن و یارمەتی بکەین بەو حەولە ئینسانییانەی کە دەدرێ و لەو بارەیەوە درێژە دەدەین بە کارەکانمان. هەنووکە  بارودۆخی ئینسانی بۆ بە میلیۆنان ئینسان هەتا بڵێی دڵتاوێن و ناخۆشە. ئێمە درێژە دەدەین بەو پێواژۆیەی کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پێناو ئاشتی دا وەڕێی خستووە و پشتیوانی دەکەین لە ستافان دیمیستوورا. ئێمە درێژە دەدەین بە کارەکانمان لە ئاستی فرە لایەنی دا بۆ ئەوەی ئەوەندەی کە دەکرێ کارەکانمان کاریگەر بێ و نەک هەر ئەوەی کە بتوانین کردەوەیەک مەحکووم بکەین بەڵکوو لە ڕاستیدا بتوانین داوای بەرپرسیارەتی وەئەستۆگرتنیش بهێنینە گۆڕێ. هەر بۆ ئەوەیە کە قانوونی ناونەتەوەییمان هەیە ، هەر قسە بەس نییە چونکە ئاوا ئێمە بارودۆخ لە سەر ئەزری واقع ناگۆڕین. ئێمە دەبێ حەول بدەین ئەوەی هەیە بگۆڕدرێ و دەبێ زەمینەیەکی باشمان بۆ ئەوە هەبێ بۆ ئەوەی داوا لەو ووڵاتانەش بکەین کە دەبێ ڕێز لە قانوونی ناونەتەوەیی بگرن و خۆشمان دەبێ داواکەمان لە سەر بنەمای قانوونی ناونەتەوەیی بێ. و هەر وەک باسم کرد بریاری سەرەتاییمان ئەوەیە کە ئەو پرێنسیپانەی قانوونی ناونەتەوەیی لە بەرچاو نەگیراون، ئێمە بەردەوام دەبین لە ڕووی ئینسانی، سیاسی و دیپڵۆماتیکەوە هەڵسووڕێین و بەهەموو شێوەیەک حەول دەدەین بارودۆخەکە قووڵتر و توندوتیژتر نەبێتەوە و زەبروزەنگ نەمێنێ و لە ڕاستیدا داوای وەئەستۆ گرتنی بەرپرسیارەتی بکەین و هیوادارم ڕۆژێک ئاشتی لە سووریا دابمەزرێ.

جێگری سەرۆک: سپاس بۆ ئەو قسانە، گەنگەشە لە بەر پرسیاری  ژمارە ٥٢ لە لایەن یووناس شوێستێد لە پارتیی چەپەوە لە مەڕ ' هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین '  و پرسیاری ژمارە ٣٣١  لە لایەن ئامینە کاکە باوە لە پارتیی چەپ سەبارەت بە " هەڕەشەی تورکیا لە عەفرین و کوردەکان لە ئەستانی ڕۆژئاوا لە سووریا " و پرسیاری ژمارە ٣٣١ لە لایەن جەبار ئەمین لە پارتیی میلیۆ وە سەبارەت بە " دەستدرێژی نیزامی تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا " بەو شێوەیە  کۆتایی هات. 
وەرگێڕان لە سوێدییەوە: حەسەن قازی
مافی بڵاو کردنەوەی ئەو وەرگێڕانە بە ئاماژە بە سەرچاوە ڕەوایە!
















No comments: