Sunday, February 18, 2018

بەرنامەیەکی تایبەتی لە تێلێڤیزیۆنی ستێرک دا بە بۆنەی تێوەرسووڕانەوەی ٧٢ ساڵ بە سەر ڕاگەیاندنی جمهووری کوردستان لە مەهاباد. دووشەمە شەو ٢٢ ی ژانڤییەی ٢٠١٨

 بەرنامەیەکی تایبەتی لە تێلێڤیزیۆنی ستێرک دا  بە بۆنەی تێوەرسووڕانەوەی ٧٢ ساڵ بە سەر ڕاگەیاندنی جمهووری کوردستان لە مەهاباد. دووشەمە شەو  ٢٢ ی ژانڤییەی  ٢٠١٨
مۆدێڕاتۆر: کاکشار ئۆرەمار
میوانانی ستودیۆ: عەلی کەریمی ، حەسەن قازی
کاکشار ئوڕەمار: بینەرانی بەڕێز بە بەرنامەیەکی تایبەتی لە هەلومەرجێکی تایبەتیتر دا ، لە مەهابادە هەتا عەفرین گەرمترین سڵاوی ئێمە پێشکێشی ئێوە هاووڵاتیانی عەزیز و هێزا بێ. لە ڕۆژی حەوتوو دا سێشەمە ٢٢ی ژانڤییەی ساڵی ١٩٤٦ لە مەیدانی چوارچرا ناوەندی پێتەختی کۆماری کوردستان لە مەهاباد و دە ڕۆژێکی تایبەتی دا لە زستانێ دا کە گەرماییەکەی تینی وەبەر خەڵک هێنابوو هەنگاوێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا هەڵگیرا. پێشەوا قازیی محەمەد بە ووتارێکی دوورو درێژ و بە وەبیرهێنانەوەی زەحمەتەکانی شێخ عوبەیدیلای نەهری، سمکۆی شکاک ، شێخ سەعیدی پیران و ڕێبەرەکانی دیکە جاریکی دیکە وەبیر مێژووی هێنایەوە کە ئەوان چییان کردووە و ئەوان دەتوانن بە چ  شێوەیەک ڕێبازی ئەو ڕێبەرانە بەردەوام بکەن.
ئێمە ئەمشەو لەگەڵ میوانە پسپۆڕەکانمان  حەول بدەین کە دیسان تیشک بخەینە سەر ئەو مژارە و هێندێک لایەنی ناڕوونی ئەو ڕووداوە میژوویییە بهێنیینە گۆڕێ و بەم کورتە دەسپێکە ئێمە دەست دەکەین بە بەرنامەی تایبەتی خۆمان.
[ نیشاندانی گرتەیێکی ڤیدێئۆیی ڕۆژی ٢-ی ڕێبەندان لە مەهاباد و سەردانی سەرانی حکوومەتی کوردستان لە تەورێز لە بانەمەڕی ١٣٢٥ ی هەتاوی و چەند گرتەی دیکە لە ڕۆژئاوای کوردستان و لە زەمینە دا بڵاو کردنەوەی سروودی ' ئەی ڕەقیب ' ]


کاکشار ئۆرەمار: بەڵێ بینەرانی بەڕێز، ئەمڕۆ ڕۆژێکی گرینگە با وەبیرتان بهێنینەوە کە لە درێژایی مێژوو دا هەمیشە ڕووداوی کە بە دوای یەکتر دا قەوماون، دوژمنانیش باش شارەزا بوون لە مێژووی کوردان و لە ڕۆژی تایبەتی دا زەبری توندی خۆیان وەشاندووە. لە ٢٢ ی ژانڤییەی ساڵی ١٩٤٦ دا کۆماری کوردستان ڕاگەیێندرا و بە دوای ویدا لە ٢١ی مانگی ١ی ساڵی ٢٠١٤ لە جزیرێ و ٢٧ ی مانگی.. ساڵی ٢٠١٤ لە کۆبانێ و ٢٩ ی مانگی ١ ساڵی ٢٠١٤ لە عەفرین سێ کانتۆن ڕاگەیێندران. و وەکوو دەگوترێ ئەوە بە هەڵکەوت نییە کە دە ڕۆژی ئاوا دا دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هێرش دەکاتە سەر کانتۆنی عەفرین و وەبیر کوردان دێنێتەوە ئێمە ناهێڵین تەنانەت لە ڕۆژی مێژوویی مێژووی ئێوەش دا ئێوە جارێکی دیکە سەربکەون.
میوانەکانی بەرنامە دوو پسپۆڕی سەر مژارەکە عەلی کەریمی نووسەر و لێکۆلەرەوە ، زۆر بەخێر بێی
عەلی کەریمی: زۆر سپاس
کاکشار ئۆرەمار: و مامۆستا حەسەن قازی ش هەر لێکۆلەرەوە و نووسەر و هاوکاری هێژای ئێمە زۆر بە خێر بێی.
حەسەن قازی: سپاس
کاکشار ئۆڕەمار: ئێمە لە ڕۆژێکی ئاوا گرینگ دا مامۆستا کەریمی دەست پێ بکەین بە پرسیارێکی ئاوا. دیسان لە دوای تێپەڕینی ٧٢ ساڵان ئێمە دەبینین کە لە ڕۆژئاوای کوردستان دەوڵەتی تورکیا لە ڕۆژێکی ئاوا گرینگ دا هێرش دەکاتە سەر کانتۆنی عەفرین و دیسان ڕووسیا چاوی خۆی دەقووچێنێ لە زۆر جینایەتی کە دەوڵەتی تورکیا دەیکا. داخودا ئەو خیانەتەی لە مەهاباد کرا دیسان دووپاتە دەبێتەوە؟


عەلی کەریمی: زۆر سپاس بۆ ئەو بەرنامە و بینەرانی بەڕێزی ستێرک تیڤی، و ئیجازەم بدا پێشەکی لەگەڵ پیرۆزبایی ٢-ی ڕێبەندان ، ئەو ڕۆژە مێژوویی و گەورەیە کە یەکەم کۆماری مۆدێڕنی کوردی لە ٧٢ ساڵ لەوە پێش هاتە چێ کردن، سڵاوێکی گەرم بگەیێنمە هەموو شەڕڤانەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کە زۆر پاڵەوانانە بە دژی دەسەڵاتێکی فاشی تورکی ئەوە سێ ڕۆژە دەستیان کردووە بە موقاوەمەتێکی شێرانە. لێرەوە سەری ڕێز و نەوازش بۆ هەموو شەڕڤانە کچ و کوڕەکانی عەفرین دەنێرم و دەستمان لە سەر دڵمانە بۆ ئەوەی کە ئەوان بە سەرکەوتوویی وەکوو کۆبانێ لەم شەڕەی بێنە دەرێ. لێرەوە سڵاو لە هەموو گەلی کورد و لەو کچ و کوڕە جوانانەی عەفرین کە بە ڕاستی ئێستاکوونێ هەموو سەرکەوتن و بنکەوتنێک و فەخرێک و شانازییەکی کورد لە دەستی ئەوان دایە [ بە ئەنگوست ئاماژە دەکا بۆ کامێرا ].
حەقیقەت ئەوەیە ئەمن زۆر بڕوام بەوەی نییە دەڵێن زلهێزەکان خیانەت دەکەن یا خیانەت ناکەن. بە ڕەئی من لەسیاسەتدا تەنیا شتێکی کە هیچ ئاڵوگۆڕی بەسەردا نایە بەرژەوەندی یە. ئێمە نەمانتوانیوە، بەرژەوەندی ڕووس یان سۆڤیەتی ئەودەمی کە حکوومەتێکی کۆمۆنیستی و بۆڵشویکی بووە و وەک دۆستی گەلانی جیهانیش خۆی ناساندووە – هەر چەند ئەمن وەکوو خۆم ڕەخنەی زۆر زۆرم هەیە لە سیاسەتەکانی سۆڤیەت لە سەدەی ڕابردوو -، بەڵام بە ڕەئی من ئەو شێوە لە قسە کردنە لە سەر دیرۆک و مێژووی کوردی دا ئەمە بیانوویەکە بۆ ئەوەی کە خۆمان ڕازی کەین، بیانوویەکە بۆ ئەوەی منداڵەکانی تازە و جیلی ڕابردوو بیکا بۆ نەوەی داهاتوو کە؛ وەڵا خەتای ئێمە نەبوو ، ئەوە ئیتر ڕوویدا، خەیانەتیان پێ کردین و ئیتر پشتیان بەرداین و ئەوانە. نە، بە ڕەئی من پێش ئەوەی کە نەقد بگرین  لە دەوڵەتێکی زلهێزی وەکوو سۆڤیەت کە تازە شۆڕشی تێدا کرابوو، تازە لە حەڕبی عاڵەمی دووەم  هاتبووە دەرێ و هەموو بەرژەوەندییەکانی لە موقابیل دەوڵەتێکی تازە پێگەیشتووی، پڕ چەکی ، دەوڵەمەندی وەک ئەمریکا بۆ یەکەم جار هاتبووە ساحەی جیهانی و دەیهەویست تەقسیمی جیهان لە سەر دەستی خۆی بکا ، ئیتر براپچووکەکەی خۆی کە جاران برا گەورەی بوو ، ئینگلیسی وەدوا نابوو خۆی هاتبوو ببوو بە پاڵەوانی مەیدانی حەربی عالەمی دووەم ، بەڕەئی من نابێ ئەو گلەییە بەو شێوەیە بکەین کە خۆمان بێ بەری کەین  بڵێین کورد عەیبی نەبوو، کورد هەموو ژێرخانی ئابووری ، ژێرخانی عەسکەری ، ژێرخانی پەروەردە هەموانی فەراهەم  کرد بوو ، بۆخۆی ووتاری نەتەوەیی چێ کرد بوو  و هیچ عەیبی نەبوو بەڵام سۆڤیەت پشتی بەر دا.
کاكشار ئۆرەمار: یانی جەنابت لەو باوەڕییە دای کە ئەو شتی کە لە کۆماری کوردستان پێش ٧٢ ساڵ دووپاتە بووەوە  و بوو بە سەبەبی تڕاژێدییەک ، لە ڕۆژئاوای کوردستان لە عەفرینێ دووپاتە نابێتەوە؟
عەلی کەریمی : من پێم وابێ ئەمڕۆکانێ ڕۆژئاوای کوردستان، ئەوەی کە موتابەعەم کردووە لە دوو سێ ساڵی ڕابردوو، دوای [ پێکهاتنی]  کانتۆنەکان و بەتایبەتی دوای شەڕی کۆبانێ، بۆ یەکەم جارە لە مێژووی کوردستان  گوتارێکی دیکە دەبینم جیاواز لە گوتارەکانی سەد ساڵی ڕابردوو. ئەم گوتارە نەتەوەیی پێ دەڵێن، کانتۆنی پێ دەڵێن ، خۆ بەڕێوەبەری دێمۆکڕاتیکی پێ دەڵێن ، بەڵام بە هەر حاڵ جیاوازییەکی گەورە هاتووەتە ناو خەباتی کورد لە پارچەکانی کوردستان کە ئەویش ڕۆژئاوایە کە ئەمن بەش بە حاڵی خۆم  ئومێدێکی یەکجار زۆرم پێیەتی و ئەمن بە عەکسەوە وا بیر ناکەمەوە کە سەرکردایەتی ئەوڕۆی ڕۆژئاوای کوردستان هەموو هێلکەکانی لە ناو سەوەتەی ئەمریکا یان ڕووس دا نابێ . پێم وابێ قاچی خۆیان لە سەر ئەرزە.
کاكشار ئۆرەمار: زاتەن لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دا مامۆستا قازی، ئێوەش دەزانن بەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستان گوتوویە لەو دیدارانەی دا کە لەگەڵ هەر دووک لە زلهێزەکان هەمانبووە ئێمە ڕێبازی خۆمان خەتی سێهەم بە ناو کردووە و ئێمە هەموو شتمان بە جێنەهێشتووە بە هیوای ئەوان. مامۆستا لە سەر ئەو پرسە ووڵامی ئێوە چییە، دیتنتان چییە؟
حەسەن قازی: لە سەر مەسەلەی هاوکات بوونی چەند ڕووداوی مێژوویی ، ئەوە لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە زۆر بە زانایی و ئانقەستە دەکرێ تەنانەت ئەگەر وەبیرت بێ لە ساڵی ١٩٩٩ ش کاتێک کە یەکەم مەحکەمەی سەرۆک ئوێجاڵان بوو ئەو حوکمە ئێعدامەی کە درا لە ساڵڕۆژی ئێعدامی شێخ سەعید دا بوو و لە ساڵی ڕابردووش لە ساڵی ٢٠١٧ کاتێک کە دێلێگاسیۆنی تورکیا چاوی کەوت بە دێلێگاسیۆنی ئێران دیدارەکەیان لە کۆشکی ' سەعداباد ' بوو بۆ وەبیرهێنانەوەی پەیمانی سەعداباد لە ساڵی ١٩٣٧ کە ئێران و تورکیا تێیدا هاوپەیمان بوون لە پێوەندی دابوو لەگەڵ شەڕی ناڕەزایەتی سەر سنووران.
کاکشار ئۆرەمار: ئەوان بەو شێوەیە دەیانەوێ چ پەیامێک بدەن؟
حەسەن قازی: دەیانەوێ بڵێن ئێمە لە ڕابردوو دا ئەو شتانەمان  بە دژی ئێوە کردووە و ' پەیمانی سەعداباد ' یەکێک لەو هۆکارانە بوو بۆ سەرکوتکردنی هەر جۆرە حەولدانێک لەسەر سنووران بە دژی دەوڵەت – نەتەوەکانی ناوچە لەو سەردەمی دا. هەر وەک چون وەبیرهێنانەوەی کۆماری کوردستان  و خەباتی ڕابردوو  بۆ ئێمە لایەنی سەمبۆلیکی هەیە، بۆ ئەوانیش سەمبۆلەکانیان ئاوا خۆی نیشان دەدا. تەنانەت بۆ بزووتنەوە کوردییەکانیش هەر ئاوایە، بۆ نموونە لە ڕۆژئاوای کوردستانیش وا بزانم ڕاگەیاندنی کانتۆنەکان هاوکات بوو  لەگەڵ سەروبەندی ڕۆژی ٢ –ی ڕێبەندان.
کاکشار ئۆرەمار: زاتەن بەڕێوەبەرانی کانتۆنەکان ئەو دەمی ڕایانگەیاند کەئێمە سۆز و وەفاداری خۆمان بۆ ئامانجی پێشەوا قازیی محەمەد بەو موناسەبەتە نوێ دەکەینەوە ، دووپاتە دەکەینەوە.


حەسەن قازی: لە سەر مەسەلەی تێکەڵی لە گەڵ ڕووسیا و ئەمریکا. تەبیعەتن دەبێ ئێمە ئەوەمان لە بەر چاو بێ کە ئەو سیستمەی ڕووسیای ئێستا ، ڕووسیای فێدراتیڤ، ئەو سیستمەی کە ئێستا هەیە ، لە گەڵ ئەو سیستمەی کە لە زەمانی شەڕی جیهانی دووەم دا هەبوو دوو سیستمی جیاوازن ، وەک کاک عەلی باسی کرد سیستمی ئەو دەمی سۆسیالیستی بوو و دیارە لە سەر ئەو سۆسیالیسمە کە لە ئاستی جیهانیدا شکا دەکرێ بۆچوونی جیاوازی لە سەر هەبێ بەڵام  لە مەسەلەیەک دا شک نییە  کە زۆر چەمک و بۆچوون کە ئێمە کاری پێ دەکەین ، هەر ئەوەی کە ئێمە دەڵێین  نەتەوە، خەباتی نەتەوایەتی ، خەباتی چینایەتی ، لە ڕاستیدا ئەوانە هەموو لەو ئامووزشە، لەو  فکرە ڕا هاتووەتە کۆمەڵگەی کوردی. ئەگەر ناڕاستەوخۆش هاتبێ ڕیشەکەی دەگاتەوە بیری سۆسیالیستی و هاتووەتە کۆمەڵگەی ئێمە و ئێمە ئێستا کاری پێ دەکەین. جا سەبارەت بە ڕووسەکان و نەخشیان لە سووریا و نەخشی ئەمریکا لەوێ و بارودۆخی کوردەکان لەوێ، زۆر جار بەڕێوەبەرانی ڕۆژئاوای کوردستان یان باکووری سووریاش باسی ئەوەیان کردووە، زۆر جوان لەوە ئاگادارن کە ئەو هێزانەی لەوێ تێوە گلاون هەمووی بەرژەوەندییان هەیە، یانی هەر لایەنەی بۆ بەرژەوەندی خۆی هەڵدەسووڕێ، بەڵام ئەوەی کە موشکیلەیە رووداوەکان بە شێوەیەکی ئاوا لە بەرچاوی عالەم ڕوودەدەن کە هیچ لایەنی ئەخلاقی تێدا نابیندرێ. بۆ وێنە ئەگەر ڕووسەکان لە سەر مەسەلەی عەفرین موافەقەتیان نەکرد با و ئەو ئەفسەر و پێگەیەی لەوێ هەیان بووە ئەوەیان چۆل کردووە و زانیویانە تورکیا ئەو هێرشە دەکا. یا وەزیری دیفاعی ئەمریکا باسی ئەوەی کردووە کە تورکەکان ئێمەیان ئاگادار کرد کە بۆمباران دەکەن بەڵام هیچ شیکردنەوەیەک نادا کە تورکیا بۆ ئەو بۆمبارانانە دەکا و هیچ هەڵوێستێکیش ناگرێ. تەنانەت دوای ئەوەی کە هەڵوێستیان گرتووە گوتوویانە دەبێ ئەو موداخەلەیە بەرتەنگ و مەحدوود بێ و لە هەدەفی سیڤیل نەدا، یانی وەکوو دیکە دژی هێرشەکە نین لە کاتێکدا لە ماوەیەکی مەحدوود دا بۆمباران کردن دەکرێ بە هەزاران ئینسان بکووژرێ. یانی لایەنی ئەخلاقی و حیسییەکەی لای ئێمەی کورد هەمیشە زیاتر دەبێ. ئێستا وەک دەزانی دوێنێ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەر داوای فەڕانسە کۆ بۆتەوە و ئەگەر بە شێوەیەک بتوانن پێشی ئەو جینایەتە گەورە ئینسانییە کە تورکیا شانی وەبەر داوە بگرن جێی خۆشییە.
کاکشار ئۆرەمار: لە سەر ئیزنت وەبیر بینەران بهێنمەوە کە ئەمڕۆ لە دوای تێپەڕینی ٤٠ سەعات ، دوو ڕۆژ شەڕێکی قورس لە نێوان یەکینەکانی پاراستنی گەل  لە کانتۆنی عەفرین و چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا و ئەڕتەشی داگیرکەری دەوڵەتی تورکیا بەردەوامە، خۆڕاگرییەکی گەورە دەکرێ و وەکوو مزگێنییەک وەبیرتان دەهێنمەوە کە هەتا ئێستا هێزە تورکەکان نەیانتوانیوە ئەو جۆری کە دەیانەویست و ئیدیعایان دەکرد و دوور لە پرێنسیپەکانی  ڕاگەیاندن  لە میدیاکانیان دا کە پڕۆپاگاندە لە دژی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن نەیانتوانیوە داوخوازەکانیان  وەدەست خەن. بەرخوەدان بەردەوامە . مامۆستا کەریمی وەک ویکتۆر خارا دەڵێ ' ئەگەر نەتەوەیەک خۆڕاگری بکا مومکین نییە تووشی شکان بێ '  لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا موقاوەمەت نەکرا، ئەتۆ ئەو بڕیاری موقاوەمەت نەکردنە چۆن هەڵدەسەنگێنی ؟
عەلی کەریمی: ئەگەر ئیجازەم بدەن کاکشار حەقیقەت ئەوەیە ئێمە ئەگەر ئاوڕێک دەدەینەوە بۆ مێژوو ، بۆ ڕابردووی خۆمان حەق وایە کە زۆر بێ ڕەحمانە ، زۆر بە دیدێکی واقعی ڕەخنە لە خۆمان بگرین. تەعریف و تەعریف کردن لە خۆمان و ئێمە وا بووین و ئێمە شێرین و ئێمە واین و ئێمە واین و ئێمە واین بە ڕەئی من نە دەردێک دەوا دەکا و لە هیچ و خۆڕایی ئومێدێک و شتێک دەدەینە جیلی داهاتوومان کە ئەوانیش تەنبەڵ بار بێنین ئەوانیش بەوە بار بێنین ئێمە هیچ خەتایەکمان نییە، ئێمە مرۆڤی بێ عەیبین، نەخێر. بە ڕەئی من دوای تێکچوونی کۆمەڵەی ژێکاف ، با بە سەراحەت قسە بکەین، لەگەڵ هەموو ڕێز و حورمەتم بۆ جیلی ڕابردووی خۆمان و یەکێک لە ئیفتیخاراتی میللەتی کورد من بیڵێم و نەیڵێم تازە چووە دە مێژووەوە ئەویش ئەوەیە چێ کردنی کۆماری کوردستانە لە ڕۆژێکی وەکوو ئەمڕۆ دا ٧٢ ساڵ لەوەو پێش  کە ئومێدێک بووە ئارەزوویێکی دیرووکی میللەتی کورد بووە جەماعەتێک ویستوویانە بیکەن بەڵام  بە تەواوی بۆیان جێ بە جێ نەبووە ساختومانی ئەوەیان بە ژیری دانەناوە، بناغەی ئەوەیان بە ئەوە دانەناوە کە ئەم ساختومانە دوای ئەوەی کە دیوارەکە چووە سەرێ نەڕووخێ. حەقیقەتێکە.
کاکشار ئۆرەمار: بەس دەبێ ئێمە شەرت و ئیمکاناتی ئەو دەمی لە بەرچاو بگرین.
عەلی کەریمی: دەقیقەن. جا بۆیە ئەمن ناچم بینایەک دروست بکەم کە سوور سوور بزانم، کۆنکریتم نییە، شیشم نییە ، خشتم نییە، گڵم نییە، سیمانم نییە، دەبێ کاتێک بەرەو بینایەک بڕۆم کە ئەمن ئەوانەم هەموو فەراهەم کرد بێ. حەقیقەت ئەوەیە کۆماری مەهاباد، جمهووری کوردستان لە مەهاباد، موشکیلە نییە ئەگەر لە زارێشمان دەرچوو بڵێین کۆماری مەهاباد، ئەو تەعەسوبە دەبێ فڕێ بدەینە دەرێ. حەقیقەت ئەوەیە ئەو بنەمایانەی کە دەوڵەتێکی کوردی لە حەفتاو دووساڵ لەوە پێش دەوڵەت – نەتەوەکان مولزەم بوون ، دەبوو هەیانبێت بە ڕەئی من لە مەحدوودەیەکی ژێئۆپۆلیتیکی ئی ناوچەیەکی بەرتەسک ئی موکریان بە ڕەئی من زوو بوو ، تەسمیمێکی عەجوولانە بوو ، تەسمیمێک بوو  کە گیرا لە سەر دار و پەردووی بناغە و ئەفکاری ناسیۆنالیستی  چوار پێنج ساڵی ڕابردووی کۆمەڵەی ژێکاف.
کاکشار ئۆرەمار: بەس  دروشمەکانی کۆمەڵەی ژێکاف گەورەتریش بوون، مەسەلەن لە سەر گۆواری نیشتمان مامۆستا قازی هەمیشە دەیاننووسی ' بژی کورد و کوردستانی گەورە ' . دیتنی تۆ چییە؟


حەسەن قازی: بەڵێ دیتنی من ئەوەیە دەزانین ئەگەر تەماشای ڕۆژنامەی کوردستان بکەین لە زۆر جێگا دەبین ئەو جێژنانەی کە گیراوە بە بۆنەی ٢ – ی ڕێبەندان نووسراوە ' بژی ئیستیقلالی کوردستان ' ، ' بژی سەربەخۆیی کوردستان ' ئەو چەمکانە دە ئەدەبییاتی کوردی دا ئەو چەمکانە نییە کە لە ناوەرۆکی حقووقی ناونەتەوەییدا لێی دەخوێندرێتەوە، یانی بە پێویستی ' سەربەخۆیی ' بە مانای ئەوە نەبووە  و ئەوە زۆر جوان دەردەکەوێ کە ئەو سەربەخۆییە مەبەست لە سەربەخۆیی یە لە ئازەربایجان. هیچ بە مانای ئەوە نییە کە دەوڵەتێکی سەربەخۆ بووبێ.
کاکشار ئۆرەمار: بەس کاربەدەستانی کۆمار قەبووڵیان نەکردووە کە سەربەخۆیی لە ئازەربایجانێ بخوازن مامۆستا.
حەسەن قازی: نا ، نەک لە ئازەربایجانێ بخوازن، سەربەخۆیی خۆیان، جودای خۆیان لە ئازەربایجانێ ئیعلان بکەن. یانی جیاوازی خۆیان لە ئازەربایجانێ بەو شکڵە نیشان بدەن. چونکوو لە چەند قسەی بەڕێوەبەرانی کۆماری کوردستانیش دا هەیە زۆر جار باسی ئەوەیان کردووە کە ئەگەر قەرار وا بێ لەگەڵ تەورێز بین بۆ لەگەڵ تاراندا نەبین؟ مەبەستم لەو چوارچێوەیەیە. جا لە بەر ئەوە ئەو مەفهوومانەی کە لەوێدا هەیە بە مەعنای ئەوڕۆیی یان بە مەعنای دەوڵەتێکی موستەقیلی کوردی، دەوڵەت بە مەعنای سیاسییەکەی ئەوڕۆی نابێ تێی بخوێندرێتەوە بۆچی؟ چونکە ئێمە لە ئەدەبیاتی سەردەمی کۆماری کوردستاندا، لە ئەدەبیاتی کۆمەڵەی ژێکاف یشدا ئەگەر بەیەکەوەیان گرێ بدەین، شتێکی ئاوا بەو شێوەیە نابینین بەڵکوو لە باشترین حاڵەتی خۆیدا هێندێک داوای ئیسلاحی هاتوونەتە گۆڕێ. هەم لە کۆمەڵە و هەم لە حیزبدا، بۆ وێنە کۆمەڵە زۆر سەرنجی داوەتە سەر  مەسائیلی ئەخلاقی لە کۆمەڵ دا.
کاكشار ئۆرەمار: کۆمەڵەی ژێکاف
حەسەن قازی: بەڵێ، کۆمەڵەی ژیانی کورد، کۆمەڵەی ژێکاف. دوایە  ناوەرۆکی ژمارەکانی ڕۆژنامەی کوردستان یش کە تەماشا دەکەی زیاتر لەو چوارچێوەیە دایە کە گەلی کورد ئازاد بێ، مافی خۆی هەبێ  بتوانێ بە زمانی خۆی بخوێنێ.
کاکشار ئۆرەمار: زەمینە سازییان کردووە
حەسەن قازی: پەروەردەی خۆی هەبێ ، بەڵام چەند لایەنی هەیە وەک کاک عەلی باسی کرد چەند پایە ، کە ئەو پایانە بۆ ئەو دەمی کۆمەڵگەی کوردی مۆدێڕن بوون ، وەک ساز کردنی ئەڕتەش، ئاڵایەکی تایبەتی، سروودی نەتەوەیی ، سیستمی خوێندنی ساز کردووە، ئەگەرچی قانوونێک نەبووە بەڵام بە پێی دەستوورنامەیەک کە حیزبی دێمۆکڕات بڵاوی کردووەتەوە داوا کراوە زمانی کوردی لە مەدرەسەکاندا بخوێندرێ. ئەمن کە ئەوە باس دەکەم مەبەستم ئەوەیە کاتێک لایەنەکانی سەمبۆلیکی ئەو مژارە باس دەکەین بە مانای کەمکردنەوەی بایەخەکانی نییە ، بایەخی زۆر زۆر گرینگی هەیە چونکوو لە هەر جێگایەک ئێستا باسی مەسەلەی کورد بکرێ ، هەر ووتارێک ، هەر کتێبێک  بە هەر زمانێک دەنووسرێ رێفرێنسێک دەدرێ بە ئەوەی کە کوردەکان لە ساڵی ١٩٤٦ توانیان کۆمارێکی کورتخایەن دامەزرێنن.
کاکشار ئۆرەمار : بەڵێ، بەس لە ژمارەی ١ ی کوردستان دا وەکوو ئۆرگانی ڕەسمی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستاندا نووسیویانە جێژنی ئیستیقلالی کوردستان  و کۆماری کوردستان بە پێچەوانەی حکوومەتی میللی ئازەربایجان  وەزیری دەرەوەی هەبوو، جا ئەگەر حکوومەتی سەربەخۆی نەبوو، موستەقیل نەبوو چ بوو؟ ئۆتۆنۆم بوو کاک عەلی ؟
عەلی کەریمی : دایان نەنا
کاکشار ئۆرەمار: بەس دە کابینەی کۆمار دا هەیە
حەسەن قازی: یەک شت هەیە ، ئەگەر دیقەتت کرد بێ کاتێک باسی جێژنی سەربەخۆیی کوردستان دەکرێ لە هیچ جێگایەک نەگوتراوە ' جێژنی سەربەخۆیی جمهووری کوردستان ' .
کاکشار ئۆرەمار: بەڵام لە تابڵۆی وەزاڕەتی فەرهەنگ دا نووسیویانە: " جمهووری کوردستان "
حەسەن قازی: نووسراوە " دەوڵەتی جمهووری کوردستان " . ئەو تابڵۆیە بە کار هاتووە. تەنانەت ئەگەر دیقەت بکەی لەو کاغەزی ئیداری  یان ڕەسمی کە بەکاریان هێناوە کە بڵێین لێرە لە سەرەوە ئاڕمەکەیان داناوە بەڵام لە پشتی ئەو کاغەزە دەبینی ئارمی ئیدارەی دارایی زەمانی شایە بەکاریان هێناوە. یانی سەربەخۆییەکە، لە تێخوێندنەوەی مندا بە تەواوی بە مانای ئەوەیە کە ویستراوە ئەو سەربەخۆییە لە ئازەربایجان بێ و بەشێک لەو نەبن.
کاکشار ئۆرەمار: بەڵام لایەنی کورد و ئەو وتووێژانەی ئێمە لەگەڵمان کردوون ، ئەو شتانەی کە من خوێندوومەتەوە ڕاستە قەبووڵیان نەکردووە ، وەک مەناف کەریمی لە هەڤپەیڤینێک دا بە منی گوت هەرچی نامەی کە لە تەورێزەوە بۆ ئێمە دەهات بێ ئەوەی ئێمە بیانکەینەوە جارێکی دیکە بۆ ئەوانمان دەناردەوە.
حەسەن قازی: بەڵێ ئەوە ڕاستە
کاکشار ئۆرەمار: و پێشەوا قازیی محەمەد لە دیدارەکانی خۆی دا گوتبووی ئەگەر قەرارە ئێمە سەربەخۆیی لە ئێوە داوا بکەین باشترە ئێمە لە گەڵ ئێران بمێنینەوە. کە وا بوو ئەمن شتێک لە ئێوە بپرسم مامۆستا کەریمی فەرقی نێوان کۆماری کوردستان و حکوومەتی میللی ئازەربایجان دا لە چەند بواران دا دەبینن؟ ئەم پرسیارە بۆ هەردووتانە.
عەلی کەریمی: جیاوازییان هەیە بە ڕاستی
کاکشار ئۆرەمار: لە چ زەمینەیەکدا؟
عەلی کەریمی: ئەگەر ئێمە بینەرانی بەڕێز و جەنابیشت بە ڕاستی دەبێ بۆ یەکجار ئێمە هەموو ساڵێ یادی کۆمار دەکەین . من لە بیرمە ئێمە یەکمجار ساڵی ٥٠ ساڵەی کۆمارمان لە ستۆکهۆڵم لە گەڵ بەڕێز کاک حەسەنی کرد، خەڵکێکی زۆریشمان بانگ کرد بوو، یەکجار یەکجار
حەسەن قازی: ٢٢ ساڵ لەوەی پێش
عەلی کەریمی: ٢٢ ساڵ لەوە پێش ، ئێستاش فیلمەکانی ماوە. ئیمە بەوە بە هیچ کوێ ناگەین، تەعەسوبێکی جاهیلانە بێین بڵێین ئێمە وا بووین وا بووین دەبێ دەست لەو فشەیە هەڵگرین بێنین دەست لە سەر نوقتە زەعفەکانمان دانێین. ئەخر ئەوە نییە باشووری کوردستان ئێستا تووشی بەڵایەکی ئاوا بووە. ئەوە نییە ئێستا ئێمە ڕووبەڕووی وەزعێکی زۆر تازەین لە ڕۆژئاوای کوردستان؟ ئەگەر ئێمە دەرس لەو تەجروبەی دیرۆکی خۆمان وەرنەگرین دەبێ چی بکەین؟ بۆیە ئەمن ئەو ئیجازەیە بە خۆم دەدەم کە دەست لە سەر نوقتە زەعفەکان دابنێم. بە ڕەئی من جیاوازی گەورەی کۆماری مەهاباد یا کوردستان لەگەڵ حکوومەتی ئازەربایجان بە ڕەئی من دەبێ وازیحانە بیڵێین کە میللەت و کۆمەڵگای ئازەری زۆر زۆر ئامادەتر بوون لە باری مەدەنییەتەوە، لە باری چی پێ دەڵێن ، تێکنۆ قراتییەوە،
كاکشار ئۆرەمار: چینی کرێکاری هەبوو،
عەلی کەریمی: چینی کرێکاری هەبوو، لە باری دیپڵۆمات ، لە باری ڕۆشنبیرەوە. کاک کورت و کورمانجی بە ڕەئی من کۆمەڵگای کوردی، ئێستاش ئەمن جاری وایە تووڕەم لە باشوور، کۆمەڵگایەکی دەرەبەگایەتی یە. ڕاستە ساختاری دەرەبەگایەتی نەماوە و دیوەخانەکان، هەر چەند ماوە لە باشوور. ئەدی ئەم حیزبانەی ئەمڕۆی باشووری کوردستان ئەگەر دیوەخانی حیزبی نەبن چن ؟
کاكشار ئۆرەمار: ئیجازە بدە، بەڵام شاهیدی دیرۆکی کە ئەودەمی سەردانی تەورێز و مەهابادیان کردووە ئاوا ناڵێن . دەڵێن لە مەهاباد بۆ نموونە خەڵک دەیانتوانێ گوێ لە ڕادیۆی بی بی سی و ئەوانە بگرن ، بەڵام لە تەورێز پۆلیسی نهێنی هەبوو ، فشار و زەخت هەبوو. یانی لە بواری دێمۆکڕاسی بوون دا کۆماری کوردستان لە ئازەربایجان پێشکەوتووتر بووە.
عەلی کەریمی: کێن ئەو شاهیدانە؟
کاکشار ئۆرەمار: زۆر کەس گوتوویانە ، بۆ نموونە ویلیام ئیگلتن لە کتێبی خۆیدا باسی دەکا.
عەلی کەریمی: کاکە ئەوە ئێستا بیست ساڵە ئەمن لە باشووری کوردستانم
کاکشار ئۆرەمار: ئێمە بەحسی باشوور ناکەین مامۆستا، ئێمە بەحسی ڕۆژهەڵات دەکەین.
عەلی کەریمی: نموونەت بۆ دێنمەوە لە سڵێمانی هەموو شتێک ئازادە بەڵام ،
کاکشار ئۆرەمار: بەحسی باشوور ناکەین ڕەجات لێ دەکەم. ئێمە بەحسی کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦ دەکەین.
عەلی کەریمی: ئەتۆ نایەڵی ئەمن قسەکەم بکەم. دەڵێم ئەوەی کە باشووری کوردستان یا لە کۆماری کوردستان لە مەهاباد کۆمەڵێک دیاردەی زەق هەبووە وەکوو  ئەوەی کە بە کەیفی خۆت قسان بکە، ڕادیۆ بگرە نازانم چی. بەڵام ئەمن ساختاری کۆمەڵگاکەت پێ دەڵێم. کاکە تۆ بزانە وەختێک کە حیزبی دێمۆکڕات دروست دەبێ سێ مانگ پێش لە ٢-ی ڕێبەندان
کاکشار ئۆرەمار: لە ١٦ ی تەباخی  ساڵی ١٩٤٥
عەلی کەریمی: خۆی بەیاننامەکە هەیە بزانە چەند ڕۆشنبیری شاری ، چەند دانە کارمەند، چەند دانە خەڵکی فەقیر و چەند ئاغاوەتی تێدایە؟

کاکشار ئۆرەمار: باشە ئەو دەمی چما لە ورمێ زۆر لە ئازەرییان داوایان کردووە کە بێن لە ناو سنووری کوردستان دا جێ بگرن. مامۆستا قازی تۆ دەڵیی چی لەو بارەیەوە؟
حەسەن قازی: مەسەلەکە لە ڕاستیدا ئەوەیە کە بەرنامەی فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان لە باری کۆمەڵایەتییەوە بەرنامەیەکی ڕادیکاڵ بووە، بەڕنامەیەکی زۆر ڕادیکاڵی نزیک لە بەرنامەیەکی سۆسیالیستی بووە. لە بەر ئەوە حەولی ئیسلاحاتی ئەرزی، چاکردنی زەویوزاریان داوە، ئەوە جیاوازی سەرەکییە لە نێوان ناوەرۆکی حکوومەتی میللی ئازەربایجان و کۆماری کوردستان
کاکشار ئۆرەمار: چەندە سەرکەوتن مامۆستا؟
حەسەن قازی: زۆریش سەرکەوتن، یەک لە هۆیەکانیش کە تەنانەت لە ناوچە تێکەڵاوەکان واتە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان  کە کێشە هەبوو لە نێوان ئازەربایجانی و کوردان دا، ئەو ئاغاوەتەی کە ئەو دەمی دەستیان دەڕۆیی بە سەر توێژی ڕەعییەت  لەو مەنتەقانە دا ئەوە بووە کە حکوومەتی ئازەربایجان دەیەویست ئەو سیستمی ئاغا و ڕەعییەتییە نەمێنێ ، دەو دوو دان بە شێوەی کۆن نەمێنێ و چونکوو لە سیستمی جمهووری کوردستان دا ئیسلاحاتی ئەرزی نەبوو بۆ ئەوان ئاسوودەتر دەبوو لەگەڵ کوردستان بن. ئەوە لایەنی کۆمەڵایەتی مەسەلەکەیە. جا ئەوە بە مانای چاک و خراپی نییە، بە مانای ئەوەیە کە حکوومەتی ئازەربایجان شاری گەورەی دەبەر دەست دابووە، شارێکی گەورەی وەکوو تەورێزی دە بەر دەست دا بووە کە تەورێز مەکۆی شۆڕشی مەشرووتە بووە لە ئێران ، تەجروبە لە ئازەربایجان زیاتر بووە. ئەمن دەتوانم ئیدیعای ئەوە بکەم و بڵێم کە فکری نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەتی لە مەنتەقەی موکریان زۆر لاواز بووە و زۆر تاریخێکی کورتی هەبووە. زۆر زۆر کورت یانی بەر لە جمهووری کوردستان دە ساڵ ئەو پەڕی پازدە ساڵ بووە ، چونکوو ئەگەر ئینسان تەماشای نووسین و چاوپێکەوتنەکانی ئەو دەمی بکا، دەزانی میسیۆنی لوتێری لە ناوچەی سابڵاغێ ژیاون و زۆر گوزاریش و ڕاپۆرتیان سەبارەت بە ژیان لەوێ هەیە، لە قسەو پێوەندییەکانیاندا لەگەڵ خەڵکی خوێندەواریش کە باسیان کردووە لە هیچ جێگایەک شتێکی ئاوا نابینی کە باسی مەسەلەی نەتەوەیی، جیاوازی لە گەڵ سیستمی ئێران کرا بێ.
کاکشار ئۆرەمار: کە وابێ  چما حەڕەکەتی سیاسی بە ناوی حەڕەکەتی سیاسی کورد لە ئێران بۆ وێنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام بووە لە سەردەمی قەڵای دم دم ، شێخ عوبەیدیلای نەهری ، بە تایبەتی سمکۆی شکاک و دواتر پێشەوا قازیی محەمەد و هەتا حەرەکەتی قەدەم خێر ، بەڵام لە ئازەربایجان ئێمە شتێکی ئاوا نابینین .
حەسەن قازی: ئەوە پرسیارێکی جوانە. بەڵام ئەو نموونانەی کە بەڕێزت باست کرد ، ئێمە کە دەمانەوێ تاریخی ڕابردووی خۆمان بنووسین بە دووی یەکدا ڕیزیان دەکەین. بەڵام هیچ تێکەڵاوییەک و پێوەندییەک و بەردەوامییەکی مێژوویی لە نێوان ئەو حەڕەکەتانە دا نییە،
کاکشار ئۆرەمار: چۆن نییە؟ ئیجازە بدە شێخ عوبەیدیلای نەهری مەگەر نەهاتووە مەهابادی نەگرتووە، مەگەر سمکۆ نەهاتووە؟ ژاندارمی دەر کردوون ..
حەسەن قازی:  هاتوون ، بەڵام داوخوازەکان لە گەڵ سەردەمی فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایچان و حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان کە لە زەمانی کۆمار دا هەبووە زۆر جیاوازە.
کاکشار ئۆرەمار: دەکرێ لە ئازەربایجانێ ئاماژە بە چەند حەڕەکەتی بەر لە بزووتنەوەی فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان بکەی؟
حەسەن قازی: بەڵێ، حەڕەکەتی مەشڕووتییەت
کاکشار ئۆرەمار: حەڕەکەتی مەشڕووتییەت لە کوردستانیش هەبوو، یەک لە ناوەندەکانی شاری کرماشان بوو.
حەسەن قازی: بەڵام ئەساسی حەڕەکەتی مەشڕووتییەت لە ئازەربایجان بووە، دوایە حەڕەکەتی شێخ محەمەدی خیابانی. بەڵام ڕاست دەکەی دەمەویست شتێک بڵێم کە قسەی جەنابت تەئید بکەم  ئەویش ئەوەیە داوخوازی نەتەوەیی ، میللی ئازەربایجانی ئەو دەمی پێیان دەگوت ئازەربایجانی ئێستا دەبێ بگوترێ تورکی ئازەربایجانی ئەویش زەمینەیەکی زۆر کەمی هەبووە چونکوو لە ئێران ئەو بەشە لە مونەوەران و تێکۆشەرانی سیاسی کە خەڵکی ئازەربایجان بوون و هێندێکیان بە ساڵان لە قەفقاز بوون و دوایە گەڕاونەوە تێکەڵی حەڕەکەتی کرێکاری بوون بە گشتی لە ئێڕانێ و بەشێکی دیکەش لە منەوەرین و ڕووناکبیرانی ئازەربایجانی دە ڕاستیدا لە زەمانی ڕەزا شا دا  پێکهێنەرانی ئەو ئێرانەن کە ئێستا ئێمە دەیبینین.
کاکشار ئۆرەمار: ڕێزدار کەریمی، ئێمە لە بیر نەکەین لە جیاوازییەکاندا بۆ نموونە دەبینین کاتێک ئەو دوو حکوومەتە پێک دێن حکوومەتی میللی ئازەربایجان لە تەورێزێ و نفوسی ئازەربایجان نزیکی سێ میلیۆن بووە و ڕووبەری جوگرافیایی ئەوێ بەربڵاوتر بووە و لە هەموو شت گرینگتر حکوومەتی سوڤیەتی ئەو دەمی بە تایبەتی جەعفەر باقرۆڤ وەک سەرۆک کۆماری جمهووری ئازەربایجان زێدەتر یارمەتییان کردووە بە حکوومەتی میللی ئازەربایجان، پێشەوری یان ‌هێناوە و هاوکاریان لەگەڵ کردووە. بەڵام ئێمە دەبینین دواتر لە کاتی تێکچوونی هەر دوو حکوومەتەکە دا تەورێز وێران دەبێ ، بە هەزاران کەس دەکووژرێن  بەڵام  ئێمە تڕاژێدییەکی ئاوا لە مەهابادێ نابینین. ئێوە ئەوە چۆن لێک دەدەنەوە.
عەلی کەریمی: ئەوە هۆکارەکانی زۆر باس کراوە. ئەمن هیوادار بووم  لە بەرنامەی ئەوڕۆمان لەگەڵ بەڕێزت و بەڕێز کاک حەسەنی بچینە قۆناغێکی دیکە کە ئیدی بۆ بینەرانی بەڕێزمان هێندە تیکرار نەبێ. بە ڕەئی من ئەو شتانە زۆر زۆرمان کوتوون لە سەر ئەوەی کە بۆچی جەعفەر باقرۆڤ وەکوو ئازەربایجانی سۆڤیەت، هەموومان دەزانین کە ئارەزووی ئەوە بوو کە ئازەربایجانی گەورە دروست کا ، ئازەربایجانی سۆڤیەت و ئازەربایجانی ئێرانێ پێکەوە گرێ بداتەوە خۆی سەرۆک کۆماری ئەو ئازەربایجانە گەورە بێت لە جۆغرافیای سۆڤیەتی گەورە دا. ئەوانە هەمووی  کوتراون و زۆر شتیان لە سەر نووسراوە .
حەسەن قازی: ئەمن ڕوون کردنەوەیەکم هەیە لێرە. ئەوەی کە کاک عەلی گوتی لە ئەدەبییاتی ئێرانی دا زۆر ئیسراری لە سەر دەکرێ کە ئەو حەڕەکەتە حەرەکەتێکی جودایی خوازی بووە بەڵام لە خودی ئەدەبییاتی فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجانی ئێران دا موتڵەقەن، موتڵەقەن بەحسی جیاوازیخوازی تێدا نییە.
عەلی کەریمی: بە قسەکەی کاکشاری عەتفێک هەبووە چۆن نەبووە؟ وەکوو ئەوەی وایە ئێستا ئەتۆ پێت وابێ ئەمن لە باشووری کوردستان یان لە ڕۆژئاوای کوردستان شەڕە، بەزمە ئەمن وەکوو کوردی ڕۆژهەڵات  عەتفم نەبێ. چونکە هاونەتەوەین ، هاو نیشتمانین. بەڵام  حەقیقەت ئەوەیکە بنەماکانی دەوڵەتێکی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئێمە نایبینین.
کاکشار ئۆرەمار: ئاخر ئەتۆ دەزانی  ئێمە دەبێ شەرتومەرجی ئەو دەمی لە بەرچاو بگرین، ئەتۆ پێت وایە کۆمەڵی کوردستان ئەو دەمی چەند لە سەدی خوێندەوار بوون؟ ئێمە هەر ڕوداوێک دەبێ بە پێی سەردەمی خۆی هەڵسەنگێنین. ئێستا باشتێک بپرسم ، ژێکاف ناوەکەی ' کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد' ە، ، ' کۆمەڵەی ژیانی کوردستان ' ە ، یا ' کۆمەڵەی ژیانی کورد ' ە دواتر مامۆستا قازی بە بەڵگەوە بۆمان باس دەکا، بەڵام چما لە ١٩٤١ دا دوای ئەوەیکە ڕەزا شا وەک دەڵێن لە لایەن ئەو هێزانەی ڕا کە هاتن ئێرانیان گرت، ئێرانیان داگیر کرد وەلا نرا و ئەو هەرێمە کەوتبووە دەست کوردان . چما ئێعلان کردنی حکوومەتێک وەک کۆماری کوردستان یان  کۆمارێکی ئۆتۆنۆم یان هەرچی بۆچی زووتریان حەول بۆ نەدا؟
عەلی کەریمی: چونکە حەقیقەت  ئەوەیە کە گوتاری یەکەمی ، کە هەر وەک کاک حەسەن گوتی گوتاری ناسیۆنالیستی ڕابردوویەکی زۆر کۆنی نەبوو ، تەنانەت بە ڕەئی من سمایل ئاغای سمکۆش نایەتە ناو ئەو گوتاری ناسیۆنالیستی بە شێوەی مۆدێڕن. کوردایەتی و میرایەتی بابان و جزیرا بۆتان باس ناکەین بەڵام  باسی ستەیت و نەیشن دەکەین وەکوو دیاردەیەکی مۆدێن کە ئەو کات ئیتیفاقەن  ١٤ – ١٥ ساڵ بوو لە دوای حەربی عالەمی یەکەم  ئەنواعی دەوڵەت – نەتەوە لە سەر دار و پەردووی عوسمانیدا دروست ببوو. ئەو دیاردەیە بە ڕاستی نەهاتبووە ناو کوردستان چ لە کوردستانی خواروو، جنووبی کە شێخ مەحموود حەولی بۆ دا، چ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کە کۆمەڵەی ژێکاف هاتە چێ کردن و دواتر بوو بە کۆماری مەهاباد ئەمە دروست نەبوو چونکە لەو ووڵاتانەی کە دەوڵەت و نەتەوە دروست کرا لە سەر دارو پەردووی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی حەقیقەت ئەوەیە کە بەرژەوەندی زلهێزەکانی تێدا بوو و زلهێزەکان بە پەلە پەلیش بێت ، بە کردنەوەی دوو زانکۆی عالەمی بێ، بۆ نموونە بە کردنەوەی موئەسەساتی مەدەنی دەوڵەت بێت پاڵیان پێوە نا بە دەوڵەتێکی وەکوو عێڕاق، پاڵیان پێوە نا بە  دەوڵەتێکی وەکوو مەغریب و ئەوانەیان دروست کرد، ١٥ – ٢٠ دانە دەوڵەت نەتەوە بە یارمەتی ... مەسەلەن سووریا، خودی عێڕاق ، بەیارمەتی ئینگلیس و فەڕانسە و ئەمریکا هاتنە چێ کردن . کورد لەو دیالۆگە دا نەبوو، هەر لە ساڵی ١٩١٦وە، لە دوای دابەشکردنی جیهان لە موعاهەدەی سایکس و پیکۆ دا ، کورد نەکەوتە ئەو موعاهەدەیەوە. جا بۆیە  بە ڕەئی من ژێکاف حەولێکی دا کە گوتارێکی ناسیۆنالیستی لە ڕوانگەی پەروەردەوە، لە ڕوانگەی پێگەیاندنی ئەو دەقە، ئەو گوتارە بێنێتە ناو کۆمەڵگای کوردی. ئەگەر ئەتۆ چاوێک لە 'نیشتمان ' بکەی  لە زۆربەی ژمارەکان لەو ٩ ژمارەی کە بە دەستەوەیە و لە زۆربەی ژمارەی نووسراوەکانی ژێکاف وەک ' دیاریی کۆمەڵەی ژێکاف بۆ لاوەکان ' ،  ' تەقویمی کوردی ' باسی جەهل و بێ سەوادی و دواکەوتوویی کورد دەکا، ئەمانە بە ڕەئی من ...
کاکشار ئۆرەمار: یانی ئەو جەهل و بێ سەوادییە ئەتۆ دەڵێی تەنێ لە کوردستان هەبوو؟ ئەوە لە سەرتاسەری ئێران وا بووە، لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
عەلی کەریمی: شک و گومان لەوە دا نییە، بەڵام ئەتۆ وەختێک  دەوڵەتێکی دوو هەزار ساڵەی شاهەنشاهی لە ئێرانێ هاتووەتە چێ کردن جا بە هەر جۆرێکی بووبێ ، بۆ پێت وایە نازانین ناسرەدین شا چ بووە ، موزەفەردین شا چ بووە؟
کاکشار ئۆرەمار: یانی نەتیجەی دەوڵەتی ٢٥٠٠ ساڵە کە باسی مەدەنییەتەکەی دەکەن ئەتۆ چی تێدا دەبینی؟ یانی لە بواری نەتەوە دا یان کۆمەڵێکی دێمۆکڕاتیک دا یانی چ رۆنسانسێک لە ئێران کراوە کە ئێمە بڵێین ... مەسەلەن ئەتۆ پێت وایە لە بواری دێمۆکڕاتیک بوون دا، بیروڕامانی پێشکەوتوو دا پێشەوا قازیی محەمەد یانی ڕەزاشای دیکتاتۆر؟
عەلی کەریمی: ئەو جوورە بەحسە بەرەو چەواشەکاریمان دەبا،
کاکشار ئۆرەمار: بڕوانە ئەمن دەڵێم کەسی وەک عەبدولڕەحمان زەبیحی ئەو دەمی لە ئاستی ڕۆشنبیریی دا لە ئێرانێ بەڵکوو ئینسان دە کەسیش نەبینێ ، لە سەر ئەوە دەڵێی چی؟ مامۆستا قازی ئەگەر تۆ موافیقی بیرو ڕای کاک عەلی؟
حەسەن قازی: ئیجازە بدە ئەمن بەشێوەی کیلۆیی موافیق نیم. ئەو پرسیارە چییە ، بە سەدان کەس هەبوون لە ئێرانێ کە زۆر لە زەبیحی باسەوادتر بوون ، دوکتور هەبوون ، کۆمەڵناس هەبوون. لەو بەشەی کوردستانێ ئینسان بە خوێندەواری بەرزەوە زۆر نەبووە. چونکوو ئەگەر تەماشای پێکهاتەی ڕێبەریی کۆماری کوردستانیش بکەی هەموو وەزیرەکان سابڵاغی و موکریانی بوون، ئەگەرچی خوێندەواری بەرز لە سنە هەبووە. لە کرماشان هەبووە . ئیستیسنایەک هەبووە ئەویش برایمی نادری بووە کە هاتووە لە مەهاباد خزمەتی کردووە.
کاکشار ئۆرەمار: بەڵام دەستەڵاتی کۆمار هەتا ئەو ناوچانە نەچووە مامۆستا.
حەسەن قازی: جا لە بەر ئەوەیکە سنووری کۆمار هەتا ئەوێش نەچووە بۆیە گوتنی کۆماری مەهابادیش هەڵە نییە چونکوو سنوورەکانی دیار نییە. تەنانەت ئەتۆ ئەگەر بەشی باکووری کوردستانی ڕۆژهەڵات لەبەر چاو بگری، لە هەر مەنتەقەیەک ئاغایەک یا عەشیرەتێک حوکمی کردووە بەڵام بە شێوەیەک لە شێوەکان بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵێک هەبێ لە مەهابادەوە بۆ نموونە نوێنەڕێک هەبووە لەماکۆ کە بەڕێز سەییدی ماوەیەک لەوێ بووە. جا لە بەر ئەوە لە باری مێکانیزمی تەشکیلاتییەوە جیاوازی هەبووە لە نێوان دوو حکوومەتەکە دا.
کاکشار ئۆڕەمار: بەڵام لە سەر پێشینەی حەڕەکەتی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا ئەمن لەگەڵ هەر دووتان موافیق نیم کە بۆ وێنە تەئسیری شۆڕشی شێخ عوبەیدیلای نەهری، سمکۆی شکاک لە سەر رەوتی دوایی نەبووبێ.
حەسەن قازی:  ئەمن ناڵێم تەئسیریان نەبووە، ئەمن دەڵێم  پێوەندییان نییە، ناڵێم بێ تەئسیر بوون.
عەلی کەریمی: قرتاوە، قرتاوە
حەسەن قازی: ئەتۆ وەکوو کەسێکی تاریخ دەخوێنییەوە. هەر لە ڕێوڕەسمی ٢-ی ڕێبەندان لە نوتقی پێشەوا دا باسی ئەوانە کراوە، باسی یەک یەکی ئەوانە کراوە کە لە بەرانبەر حکوومەتی مەرکەزی دا ڕاوەستان ، بەڵام ناوەرۆکی داوخوازی ئەوانە بەلە بەرچاو گرتنی ئەوەیکە ئێمە باسی دەکەین، باسی دەوڵەت بوون، باسی بەرنامە دەکەین ئەو پێوەندییە نابینین. لە چوارچێوەی بەرنامەی سیاسی کۆمەڵەی ژێکاف و حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان داوخوازی لێبراڵی ئیسلاحی دەبینی.
کاکشار ئۆرەمار: باشە ئێستا پرسیارێکی دیکەی ئاوا لە ئێوە بپرسم ڕێزدار کەریمی.میراتگرانی کۆماری کوردستان و ڕێبازی پێشەوا قازیی محەمەد لە دوای ٧٢ ساڵ چەندە بەو ڕێبازە دا ڕۆیشتوون؟
عەلی کەریمی: بەداخەوە بەداخەوە دەبێ بڵێێن ، کارنامەیەکی یەکجار خراپ. ئەتۆ سەیر کە لە دنیای مۆدێرن دا ٧٢ ساڵ میراسی پێشەوا قازیی محەمەد ، یەک هەنگاو نەچووبێتنە پێشێ لە قەزییەی کوردی. ٧٢ ساڵ لە دنیای مۆدێڕن دا دوای حەربی عالەمی یەکەم ، نابینم نەتەوەیەک مەگەر فەلەستینییەکان، دەنا ئەتۆ ٧٢ ساڵ، تۆ سەیر کە  حیزبی دێمۆکڕاتی پێشەوا قازیی محەمەدیان چ لێ کردووە، بە چ دەردێکیان بردووە. گوتارە نەتەوەییەکەی نوقسانەکەی کە ئێستا ئەو سیانەمان لە سەری ساغ نین، بە هەر جۆرێکی بیڵێین قەیدی ناکا ئەوە لە بەر خاتری دڵی تۆ ئەوە کردمانە گوتارێکی نەتەوەیی، نوتقەکەی پێشەوا قازیی محەمەدمان لە چوارچرای مەهابادێ کردە مانیفێستی نەتەوەی کورد بەڵام دوای ١١ مانگان پێشەوا شەهید دەبێ، واریسەکەی پێم بڵێ بزانم، دوای وی یەکەم سکرتێری حیزبی دێمۆکڕات ئەحمەد تۆفیق ە، چی بە دوکتور قاسملووی نەکردووە کە دوکتور قاسملوو ڕۆژێک لە ڕۆژان دەبێتە یەکێک لە سکرتێرە بە ئیقتیدار و بە وەجەکانی حیزبی دێمۆکڕات.
حەسەن قازی: هەڵبەت ئێستا لە بەر ئەوەی  ئەندامانی حیزبی دێمۆکڕات لێرە نین پێویست ناکا بەرنامەکە بچێتە سەر ئەو مژارە.
عەلی کەریمی: بەڵام لە وڵامی پرسیارەکەی تۆ بە ڕەئی من حیزبی دێمۆکڕات نەیتوانیوە ، تەنانەت پەیامەکەی ژێکاف هەر هیچ ، پەیامەکەی خودی قازی ش بگەیێنێتە مەرحەلەیەک کە نەوەی دوای یەکتر و ٧٠ ساڵ، نەوە بە دوای نەوە دا بتوانێ پێی پەروەردە بکا. ئەمڕۆ ئیتر دەست لە خوێنی یەکتر وەرنەدەین. نەیانتوانیوە گوتارێکی نەتەوەیی چێ بکەن.
کاکشار ئۆڕەمار: مامۆستا قازی ئێمە بەحسی مژارێکی گرینگی مێژوو دەکەین
حەسەن قازی: دەزانم
کاکشار ئۆرەمار: پێشەوا قازیی محەمەد میراسی ئێمەی کورد ئی هەموومانە، ئەگەر ئێمە لە شتێک ڕەخنە بگرین  بەو مانایە نییە کە ئێمە دەمانەوێ بەشێوەیەکی  نێگاتیڤ بەحسی ئەو بابەتە بکەین. دەمانەوێ کە تاریخی خۆمان تەجروبە وەربگرین
حەسەن قازی: دروستە. بەڵام کاتێک باسی میراتگران دەکەی و ئەندامانی حیزبێک دەکەی کە لە جەلەسەکە دا نین دروست نییە، دەبێ ئەوانیش بۆخۆیان لێرە بن و قسە بکەن. بەڵام لە ڕوانگەیەکی دیکەوە ئەو پرسیارەی جەنابت دەبێ جواب بدرێتەوە ئەویش ئەوەیە مەبەست ئەوەیە کە دوای تێپەڕینی ٧٢ ساڵ لە دامەزرانی کۆماری کوردستان ئێمە تا ئێستا لە لایەن پۆزیتیڤ و نێگاتیڤەکانی چ جۆرە دەرسێکمان وەرگرتووە؟ لێرە دایە کە دەتوانین بڵێین زۆر کەم دەرس وەرگیراوە. بۆ نموونە کە شکانێک بووە، لە زەمانی کۆماری کوردستان دا هێندێک دەڵێن لە بەر ئەوەی شووڕەوی پشتی تێ کردووە شکاوە و هێندێکی دی دەڵێن نا هۆکاری ناوخۆیی لەو شکانەدا گرینگە کە بە بۆچوونی منیش فاکتۆری ناوخۆیی هۆی بنەڕەتی یە. بەڵام دوای ئەوە کە حەڕەکەت دەستی پێ کردووەتەوە زۆر لەو دەمی زیاتر شکانی بەسەر هاتووە نموونەکەی حەڕەکەتی چەکدارییە لە باشووری کوردستان لە ساڵی ١٩٦١ وە تا ساڵی ١٩٧٥. و تەنانەت لە باکووری کوردستانیش ئەوە دەبینێ، دیارە لەوێ لە بەر ئیختیناقێکی سیاسی کە هەبووە بۆ ماوەی دوورودرێژ بزووتنەوە کپ بووە. جا ئەوەی کە من دەڵێم بەردەوامی ئەوەیە دەبێ ئەو شکانەی بەسەرت هاتووە ببێتە تەجروبەیەک و ئەو تەجروبەیە دووبارە نەکەیەوە بۆ ئەوەیکە هەنگاوێک بتوانی بچیە پێشتر. هەتا ئێستا بزووتنەوەی کوردی بە گشتی لەو بارەیەوە لاوازییەکی زۆر زۆر گەورەی هەیە.
کاکشار ئۆرەمار: کاتمان کورتە، لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ هێندێک بارودۆخەکە تایبەتی یە لە ڕۆژئاوای کوردستان دەوڵەتی تورکیا دەیەوێ ئەو دەستکەوتانەی چەند ساڵی ڕابردووی کە خۆیان وەک میراتگری ڕێبازی پێشەوا قازیی محەمەد ناو ناوە و کانتۆنەکانیان لە سەر وبەندی ساڵوەگەڕی ڕاگەیاندنی  کۆماری کوردستان دا ئیعلان کرد. دوو مژاری زۆر گرینگ هەن ئەمن دەمەوێ لە هەر دووتان بپرسم . ئەو وەسیەتنامەی کە لەو ساڵانەی دواییدا بە تایبەتی لە باشووری کوردستان وەک وەسیەتنامەی پێشەوا قازیی محەمەد بڵاو کراوەتەوە و لە مامۆستا قازی ش لە سەر مەسەلەی ئاڵای کۆمار کە لە ١٧ ی مانگی ١٢ی ساڵی ١٩٤٥ لە مەهاباد هەڵکرا باسی ڕەنگەکانی بکەین .لە سەر وەسیەتنامەکە بۆچوونت چییە؟
عەلی کەریمی: ئەو وەسیەتنامەیە  هەر جۆرێکی بڵاو بووبێتەوە بە ڕاست یان نادروست، بە چێ کراوی ئەمن بەلامەوە گرینگ نییە موهیم  ئەوەیە کە ئەو وەسیەتنامەیە شتی خراپی تێدا نییە، بەڵام ئەوەی موهیمە ئەو مادانەی دەو وەسییەتنامەیە دان هەرە گرینگەکەی یەکێتی و ئیتیحادی کوردانە کە واریسانی دوای پێشەوای ئەوەیان بە جێ نەهێنا. یانی هەر ٧ – ٨ ساڵ لە دوای شەهید بوونی پێشەوای شەڕی براکان دەستی پێکردووە. دەناو خودی حیزبی دێمۆکڕات دا ئەم یەکێتییە پچڕا ئێستاشی لەگەڵ بێ لە سەر ئەم ئاڵایەی کە لە پشت سەری ئێمەیە  ئیختیلاف هەیە، لە سەر ئەم نیشانەیەی حیزبی دێمۆکڕات ئێستاشی لەگەڵ بێت دوو حیزبی دێمۆکڕات هەیە، هەر دووکیان خۆیان بە واریسی پێشەوای دەزانن. ئەوەیە کە من قسەم لە سەر ئەوەی نییە کە ئەو وەسییەتنامەیە دروست کراوە یان دروست نەکراوە، بە لای منەوە یەک شت موهیمە، شتی خراپی تێدا نییە. باس لە یەکێتیی نەتەوەیی کورد دەکا، باس لەوە دەکا کە دەست بۆ خوێنی یەکتر بردن حەرام بکەن. کۆمەڵێک شتی جوانی ئەو کاتی تێدایە کە بە زمانی پیاوێکی نوورانی، ڕووحانی وەک پێشەوا قازیی محەمەدی دەربڕاوە یان ئەوەی کە ئامادەیان کرد بێ بەلامەوە ئەسڵەن گرینگ نییە موهیم  ئەوەیە کە ئەو وەسییەتنامەیە بڵاو بووەتەوە، بە نێوی قازیی محەمەدیش بڵاو بووەتەوە، ئەی باشە خۆ شتی خراپی تێدا نییە. ئەدی ئەگەر ئێوە پێتان وایە ئەوە وەسیەتنامەی قازیی محەمەدی یە ، ئەمن سەرانی دێمۆکڕات دەڵێم بە دوای پێشەوای دا بۆ بە قسەی ناکەن؟ بۆ کاری پێ ناکەن؟ ئێستا لە هەر سەردەمێک زیاتر، دوێنێ پێرێ شۆڕش لە ئێران دەستی پێ کرد و هەموو چاوەکان یەکسەر سووڕانەوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تەنانەت دوو دێمۆکڕات و دوو کۆمەڵە نەیانتوانی  بەیانێکی موشتەرەکیش بدەن، ئەوە دوێنێ و پێرێ بە زۆرەملی و بە پەلە پەل هاتوون کۆمیتەیەکی هاوکاریان دروست کردووە کە بە ڕەئی من ئەوان دەبوو دوای کۆماری مەهاباد دەست بردن بۆ خوێنی یەکتر بۆ گیانی یەکتر  حەرام بکەن و پێکەوە بتوانن بەرەیەکی موشتەڕەک دروست کەن، پێکەوە بتوانن بە ڕاستی گوتاری نەتەوەیی پێشەوا قازیی محەمەد پەرە پێ بدەن، مۆدێڕنتری بکەن و بە ئەمڕۆیی بکەن و بتوانن کاری پێ بکەن.
کاکشار ئۆرەمار: مامۆستا قازی لە سەر مەحکەمەی پێشەوا قازیی محەمەد
حەسەن قازی: ئەتۆ باسی ئاڵاکەت کرد
كاکشار ئۆرەمار: دوای ئەوە پرسیاری ئاڵاش دەکەم. ئەو ناوەرۆکی مەحکەمە کە بڵاو بووەتەوە هێندێک شت کە دەگوترێ شێعری سەدر قازی یە
حەسەن قازی: مەبەستت بەرگرییەکانیانە لە دادگە؟
کاکشار ئۆرەمار: بەڵێ
حەسەن قازی: دیارە بە ڕاستی ئەو دیفاعییەی قازییەکان وا بزانم لە شوێنێک، لە ئیدارەیەک هەبوو لە مەهاباد لە زەمانی شا دا ئەمن لە بیرمە کە کەسێک دەستی پێی ڕادەگەیشت بە داخەوە وا نەکرا کە بهێندرێتە دەرێ ، بەڵام دوای ئەوەی ئەو کتێبەی کە لە باشووری کوردستان بڵاو بووەوە بە ناوی سەروان کیومەرسی ساڵح ئەوە زۆر ئاشکرایە کە دەستی تێوە بردراوە .
کاکشار ئۆرەمار: بۆ؟ سەبەب ؟
حەسەن قازی: بۆ ئەوەی وەکوو پلاتفۆرمێک، وەکوو سەنەدێک بۆ هەلومەرجی سیاسی ڕۆژ کەلکی لێ وەربگیرێ. ئەوە زۆر ئاشکرایە. لەوە دا هیچ شک و گومان نییە. ئەوانەی کە بڵاویان کردەوە دەبوو فارسییەکەی. ئەسڵەکەی ئەو جووری کە هەیە بڵاوی بکەنەوە ئەو دەمی دەکرا بێ باوەڕیی پێ کەمتر بووبایە. بەڵام  ئیدی ئاوا بڵاو بووەتەوە و بە داخەوە زۆر بە دیقەتیش خەڵک قسەی لە سەر ناکا بڵێ ئەوە تەواو نییە، بۆ نموونە شێعرەکەی سەدری قازی کە بە تەواوی شتێکی هەڵبەستراوە. لە سەر مەسەلەی ئاڵا. لە بیروڕای گشتی دا لەو بارەیەوە دوو سێ شت بەیەکەوە تێکەڵ دەکرێ. ئەگەر لە بیرت بێ چەند ساڵ لەوە پێش مەڕاسمێک بوو لە هەولێر، وا بزانم ئەتۆ بۆ خۆشت لەوێ حزوورت هەبوو کە ئاڵایەکی پچووک نیشان درا سەرەونخوونیش نیشان درا
کاكشار ئۆرەمار: بە داخەوە، لە هەولێرێ بەڵێ
حەسەن قازی: لەڕاستی ئەوە دا هیچ گرفت نییە، ئەوە دەبێ ڕاست بێ و تەنانەت ئەوەی کە ئەو ئاڵایە لە لایەن پێشەواوە درابێ بە مەلا مستەفا ، یانی پێشەوا قازیی محەمەد ئەو ئاڵایەی تەسلیمی مەلا مستەفا کردبێ، ئەوەش دەتوانێ ڕاست بێ لە بەر چی دەتوانێ ڕاست بێ چونکوو چەندین کەسی جیاواز بێ ئاگاداری یەکتر باسی ئەوەیان کردووە .
كاکشار ئۆرەمار: وەک سەعید خان هومایوون
حەسەن قازی: پێش ئەو. خەلیل فەتاحی قازی بۆ خۆی حزووری هەبووە، باسی ئەوە دەکا کە چۆن میرحاج ئەو شتانەی لە جانتاکەی ناوە. بەڵام ئەوە ئەگەر دیقەت بکەی لە شێوەی ڕەنگەکانیشی ئەوە ئەو ئاڵایە نییە کە لە کۆماری کورستان بۆ خۆی هەڵکراوە.
کاکشار ئۆرەمار: سەنەدت چییە بۆ ئەوە، چونکە دواتر لە شاری دیکەش ئەو ئاڵایە هەڵکراوە.
حەسەن قازی: ئەمن دەڵێم ئەو ئاڵایەی کە لەو مەڕاسیمەی هەولێر دا نیشان درا، ئاڵایەکی ئاوتێنتیک ە ، تەواوە، ئاڵای حەڕەکەتی خۆیبوون ە،
کاكشار ئۆرەمار: ١٩٢٧ تا ١٩٣٠
حەسەن قازی: بەڵێ، ڕەنگە کاتێک کە قەدری بەگی جەمیل پاشا وەک نوێنەری کوردی تورکیا و کوردی سووریا هاتووەتە مەهاباد بە دیاریی هێنابێتی وەک شتێکی پیرۆز و قازی ش دوایە ئەوەی ئەسپاردووە بە مەلا مستەفای بارزانی. بەڵام ئەوە ئەو ئاڵایە نەبووە کە لە مەهاباد هەڵکراوە. مەبەستم ئەوەیە، هیوادارم ئەو قسانە بتوانێ ئەو مەسەلەیە ڕوون کاتەوە تا ڕادەیەک.
کاکشار ئۆرەمار: یانی لە ڕۆژی ١٧ی مانگی ١٢ی ١٩٤٥ دا  ئەو ئاڵایە نەبووە کە هەڵدرا؟
حەسەن قازی: ئەو ئاڵایەی کە هەڵدرا بوو ئەوەیە کە ئەو نیشانەیەی لە سەر بوو  [ ئاماژە دەکا بە مۆنیتۆری ناو ستودیو] و ئەو ئاڵایە نەبووە کە لە مەراسیمەکەی هەولێر دا نیشان درا.
کاکشار ئۆرەمار: ٥ دەقیقەمان کات ماوە، ئێمە چۆن دەتوانین  لە ئەزموونی پێک هاتن و تێک چوونی کۆماری کوردستان سوود وەربگرین بۆ ئەوەی لە مەهاباد ڕا بێین بۆ عەفرین و کانتۆنەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستان ؟
عەلی کەریمی: ئەمن کورت و کورمانجی دەڵێم لە سیاسەتی زلهێزان  و جیهاندا  نە دۆستی تا سەرمان هەیە و نە دوژمنی تا سەریشمان هەیە، بەڵام وەکوو قسە نەستەقەکە و قسە دیارەکە بەرژەوەندی تا سەر هەیە یانی هەموو کەس دە فکری بەرژەوەندی خۆی دایە. من پێم وا بێ ئەوەی ئەوڕۆکانە لە ڕۆژئاوای کوردستان دەگوزەرێ کە سەرکردەی ڕۆژئاوای کوردستان لە ماوەیەکی ئاوا کورتی چوار پێنج ساڵی دا ئاوا نەتەوەی خۆی پەروەردە کردووە کە بڕوا و متمانەی بە ئیرادەی خۆی هەبێ ئەمە ڕێگایەکی دروستە. من ئاوات دەخوازم کە دوای پێشەوا قازیی محەمەد، سەرانی دوای قازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان میللەتی کوردیان ناڵێم وەکوو ئەورۆی مۆدێرن دوای ٧٢ ساڵان، ڕاستە ئەو زەمان شەرایەت و زەمان و مەکان ئەوە نەبووە، کۆمەڵگا مۆبایلی نەبووە، فەیس بووکی نەبووە ، بەڵام دەکرا، دەکرا سەرکردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی بە حیزبەکەی پێشەواوە و ئەوانی دیکەش کە دوایە هاتن هیچ نەبایە هیچ نەبایە مانیفێستێکی نەتەوەیی ، گوتارێکی نەتەوەیی ئی کوردانەیان لە ناو گەنجان و لە ناو جیلی یەک بە دوای یەکەکاندا بە ڕاستی بەڕاستی پەروەردە کردبایە، بردبایانە ژوورێ و لە هەموو گرینگتر بە میللەتی کورد بە گەنجانیان نیشان دابایە کە ئیشی ئێمە خۆمانین. خۆمان دەبێ لە سەر هێز و ووزەی خۆمان حیساب بکەین  و ئێمە لە هیچ و خۆڕایی ... ڕاستە زلهێزەکان نامەوێ وشەی ناخۆش بە کار بێنم  بەڵام خاڵ و مامی من و تۆ نین ئەوان دە فکری بەرژەوەندی خۆیان دان. ئەوەتا تا دوێنێ پێرێکانە هەموو جەماعەت دەیانگوت ئەمریکا هاوپەیمانمانە، ئێمە هاوپەیمانی ئەمریکاین . تەنانەت ئەو قسانەیان دێنا لە تێلێڤیزیۆنەکاندا بڵاویان دەکردەوە و دەیانگوت فڕۆکەکانی هاوپەیمانان بە ئەمری کاک مەسعوودی هەڵدەستێ و دەڕوا ئەم قسانە بە غەیرەز ئەوەی دوای وەی کە وا نابێت، یەکسەر میللەت دەڕووخێت هیچ قازانجێکی دیکەی نییە باشتر ئەوەیە سەرکردەی کورد لە گەڵ میللەتی خۆی شەففاف بێت، درۆی پێ نەڵێت، بەڵام ئیرادەی فێر کا. بەڵام ئێمە باشترین ئیمتیحان دوو ساڵ لەوە پێش پارەکانە کۆبانی فەقەت و فەقەت بە ئیرادە براوە ئەمڕۆش عەفرین موتمەئینم مزگێنیش دەدەم بە هەموو نەتەوەی کورد ئەو ئیرادەیەی کە ئەم سێ ڕۆژە نیشانیان داوە هیوادارم و هەر واش دەبێت دەیبەنەوە.
کاکشار ئۆرەمار: تورکیای خستە ناو زەلێک


عەلی کەریمی: لە ڤییەتنام خراپتر دەبێ. ڕۆژهەڵاتی کوردستان واریسانی ئەو پیاوەی کە گیانی خۆی بەخت کرد لە پێناو میللەتی کورد دا و ئەوانی دیکەش حەق وایە ئەوانەی ئەمڕۆ لە کۆیە، لە زەرگوێز و لە کوێ و لە کوێ دانیشتوون وەکوو سەرکردەی ڕۆژهەڵات غەمێک بخۆن. غەمێک لەو میللەتە فەقیرەی بخۆن ڕەنگە بەیانی دوو بەیانی  درەنگ بێت ئێران بشڵەژێت و ئێوە فریا نەکەون. بۆیە تەنیا شتێکی کە ئێمە ئەوڕۆ دەتوانین  فێری میللەتی خۆمانی بکەین یەکێتیی نەتەوەیی یە ، ووتارێکی یەکگرتوویە، مانیفێستێکی تەواو نەتەوەیی یە و ئەگەر بکرێ هەرچی زووتر کۆنگرەیەکی نەتەوەیی چێ بکەین بۆ ئەوەی کە چیتر خەیانەت بە یەکتری نەکەین.
کاکشار ئۆرەمار: مامۆستا قازی دوای داگیر کرانی کەرکووک مرۆڤ دەبینێ کە تورکەکان یەکەم حکوومەت بوون کە سەرکێشی دەوڵەتەکانی دراوسێیان کرد بۆ مەسەلەی ڕێفراندۆم کە هەنگاوێکی مەشڕووع بوو سەرنەکەوت. بە باوەڕی تۆ لە عەفرینێ تڕاژێدی کەرکووکێ دووبارە دەبێتەوە؟
حەسەن قازی: نا، نابێتەوە چونکوو بەر لەهەمووشت بەڕێوەبەریی و کۆمەڵانی خەڵک لە باکووری سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان باسی ئەوەیان کردووە کە موقاوەمەت دەکەن دە ڕاستیشدا ئەو موقاوەمەتەی ئەوان دەیکەن  هەم دە چوارچێوەی قانوونی ناونەتەوەیی دا و هەم لە باری ئینسانی و ئەخلاقی یەوە موقاوەمەتێکی زۆر زۆر بە جێیە و لە ڕاستیشدا تەنیا ڕێگای سەرکەوتن خۆڕاگرییە و دەرسێکی کە دەبێ لە مەهاباد وەربگیرێ، لە زەمانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد چونکوو ئەو موقاوەمەتە نەکرا، ئەگەر موقاوەمەت کرابا ڕەنگە بارودۆخەکە بە شێوەیەکی دیکە  بوو با . بەڵام ئەمن پێم خۆش بوو لە کۆتاییدا کورتەیەک لە قسەکانی خودالێخۆشبوو کاک عەلی سەیف قازی بڵاو بکەیەوە چونکوو لە ڕەكلامەکەت دا باست کرد بوو.
کاکشار ئۆرەمار: کاتمان نەماوە بەداخەوە. زۆر سپاس ئەو مژاری دوایی کە تۆ باست کرد مەسەلەی کۆنگرەی نەتەوەیی کە کاک عەلی هێناتە گۆڕێ ئەوە مژارێکی زۆر درێژە ، زۆر پرسیاری ئێمە بە نەکراوی مانەوە. کات کەمە، هەلومەرج تایبەتی یە .
بینەرانی هێژا! ئێمە ویستمان ئەمشەو  بە ڕێگای هەر دوو پسپۆڕی میوان ڕێزدار حەسەن قازی و عەلی کەریمی دیسان تیشک باوێژینە سەر هێندێک پرسیاری کە ووڵامیان بە باشی، بە شەففافی دیار نەبوو و ئێمە گەیشتینە ئەو باوەڕییە کە فەلسەفەی پێشەوا قازیی محەمەد دەتوانێ لە ڕۆژئاوای کوردستان وەک دەڵێن جەوهەرێکی دیکەی هەبێ و کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەو تراژێدییەی کە لە مەهاباد و کەرکووک قەومان، هەڵبەت بە پێی هەلومەرجی ١٩٤٦ لە مەهابادێ، دووبارە نەکەن و لایەنی کورد لە خەباتی خۆیدا، لە بەردەوامی دۆزی ڕەوای خۆی دا سەرکەوێ. هەتا بەرنامەیەکی دیکەی تایبەتی و هیوای سەرکەوتن بۆ شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان، هیوادارین ئێوە هەموو کوردی کوردستانی گەورە، کوردەکانی کوردستانی خۆراسان، ئانادۆڵی ، ئوڕووپا دەستی هاوکاری، دەستی یەکگرتن دریژی حەڕەکەتی ڕۆژئاوای کوردستان بکەن . ڕۆژ رۆژی تەنگانەیە ،ئەرک و وەزیفەی قورس لە سەر شانمانە ، پێویستە ئێمە ئەرکی خۆمان ئەگەر ناوی نەتەوەیی شی لە سەر دانەنێین ، حەڕەکەتی ڕۆژئاوای کوردستان حەڕەکەتێکی مەشڕووع، دێمۆکڕاتیک و جیهانی یە ئێمە وەزیفەی ئینسانی خۆمان لە ئاست ئەو حەڕەکەتە جێ بە جێ بکەین. هەتا بەرنامەیەکی دیکە دە خێر و خۆشی دا بن و هەر سەرفراز بن.
تێبینی: ئەو بەرنامە تایبەتییە دووشەمە شەو  ٢٢-ی ژانڤییەی ٢٠١٨ لە تێلێڤیزیۆنی ستێرک بڵاو کراوەتەوە. لێرە دا وتەکانی مۆدێڕاتۆر لە کوردیی کورمانجییەوە هێنراوتە سەر کوردیی سۆرانی بە مەبەستی ئاهەنگی دەقەکە. لە تۆری کۆمەڵی فەیس بووک هێندێک کەسی کە بە باشی لە ناوەرۆکی قسەی میوانان تێنەگەیشتبوون ، دەکرێ بە خوێندنەوەی  نووسراوی قسەی بەشدارانی پیرۆزبایی ٢-ی رێبەندان هەر نەبێ داوای لێبوردن لە خوێنەرەوەی تێچنە کرچ وکاڵەکانیان بکەن.  













No comments: