Tuesday, February 4, 2020

یادگارییەکانی کۆماری کوردستانی ١٩٤٦ ، بەرگی ١



هەڤپەیڤین  لەگەڵ کاکشار ئۆرەمار لە سەر کتێبەکەی " یادگارییەکانی کۆماری  کوردستانی ١٩٤٦ ، بەرگی ١
یەکشەمە  ٢٢-ی  دیسامبری  ٢٠١٩
حەسەن قازی: بینەرانی خۆشەویست  بەخێربێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ. لە بەرنامە ئەم جارەمان دا  کە دوایین بەرنامەی سالی ٢٠١٩ یە بە خۆشییەوە میوانداری دەکەین لە بەڕێز هاوکارمان کاکشار ئۆرەمار نووسەر و مێدیاکار. دیارە نزیکەی ٦ ساڵ لەوە پێش  لە بیستی مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٣ش کاكشار میوانی ئەم بەرنامەیە بوو و لە سەر مژارێکی هەر نزیک لە بەرنامەی ئەمشەو قسەمان کرد . ئەو دەمی قسەمان لە سەر چاپەمەنییەکان زەمانی کۆماری کوردستان کرد . لەم بەرنامەیە دا لە سەر کتێبێکی تازەی بەڕێزیان  کە بە زوویی لە چاپ دەردەکەوێ بە ناوی : " یادگارییەکانی  کۆماری کوردستانی ١٩٤٦ بەرگی یەکەم" ، بە گشتی لە سەر ئەو کتێبە قسە دەکەین. زۆر زۆر بەخێر هاتنی دەکەین. کاکشار بەر لەوەی پرسیار بکەم  دیارە لەم بەرنامەیەش دا وەکوو جارەکەی دیکە دەتوانی کورمانجی و سۆرانی تێکەڵ بکەی. بەر لەوەی کە بچینە سەر ناوەرۆکی کتێبەکە پێم خۆش بوو جەنابت باسی ئەوەم بۆ بکەی کە چۆن بوو لە سەرەتاوە مەیلت تێدا پێک هات کە بە تایبەتی لە سەر ئەو بڕگەیە لە مێژووی گەلی کورد واتە کۆماری کوردستان کار بکەی ؟

کاکشار ئۆرەمار: زۆر زۆر سپاست دەکەم بۆ میوانداریت مامۆستا قازی . خۆشحاڵم لە مژارێکی گرینگ دا لەگەڵ خۆت  دەدوێم. خۆشت لەو مژارە دا لە ئێمە پسپۆڕتری . باوکی هێژای من کە بۆ من قەت نامرێ لەگەڵ باوکی خۆی خورشید  پێشمەرگەی سەردەمی کۆماری کوردستان بوون. ئەودەم بابم  تەمەنی حەڤدە ساڵ بووە ، باپیرم سی و نۆساڵ یان چل ساڵ بووە. باپیرم شەهیدی زەمانی کۆماری کوردستانە. لەگەڵ ڕەحمەتی ژەنەڕاڵ بارزانی دا کاتێک دەچن بۆ سۆڤیەتێ  بەرەو ئاراس دەڕۆن لەوێ بە دەست هێندێک کوردی خۆ فرۆش کە لە عورفی کوردەواری دا پێیان دەڵێن جاش بریندار بوو و لە  ١٩٤٨ لە تاشکەند وەفاتی کرد. باوکی من ومامی من ئەو دەمە نەوجەوان لە تەمەنی  ١٧ – ١٨ ساڵی دا لەگەڵ دایکیان بە تەنێ مانەوە لەگەڵ خوشکەکانیان  و زۆر بە زەحمەت و جەفایەکی مەزن ماڵەکەیان بەڕێوە دەبرد، چون لە سەر سفر مابوونەوە تەنانەت دەتوانم بڵێم  بابم دەیگوت لە بواری ژیان دا من حەوت جار ماڵم پێک هێناوە، حەوت جار ماڵەکەم تێک چووە ، بەڵام سەربڵیندم کە لە دۆزی کوردستان دا هەمیشە سەرمان بڵیند بووە لە بەرانبەر میللەتمان ، خۆمان نەسپاردووە بە داگیرکەرانی کوردستان .
٢١-ی  مانگی شەشی ساڵی ١٩٣٠ لە مەنتیقەی  باب و باپیرانی ئێمە واتە ئۆرەمار سەرهەڵدانێک چێ ببوو لە دژی دەوڵەتی کەماڵیستی  تورکیا. لەوێدا باپیری من و باوکی واتە خورشید و کوڕەکەی دی نەبی ئەوانە هەر دوو شەڕڤانی ئەو سەرهەڵدانە بوون پاشان کە دێنە باشووری کوردستان ، لە باشووری کوردستان کاتێک بارزانی دێتە دیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵی دا دێن. ئیتر ژیانمان هەر ئاوا بووە. هەمیشە باوکی من بە حەسرەتێکی قووڵ و دوورەوە  باسی کۆماری کوردستانی دەکرد چون  هەم لە نزیکەوە پێشەوا قازیی محەمەدی دیتبوو و هەم ژەنەڕاڵ بارزانی لە نزیکەوە دیتبوو و باپیریشم سەمیمییەتێکی زۆر تایبەتی هەبوو لەگەڵ بارزانی. من لە بیرمە لە ساڵی ١٩٨٦ ئێمە لە ورمێ  - هەمیشە بە خۆیە دا دەچووینە تەورێزێ – ئەو جار گوتی کوڕم  با بە مەهاباد دا بڕۆین . سواری ماشێنێکی کرێ بووین ، کە نزیکی مەهاباد بووین چاوی پڕ بوو لە ئاو ، وەک دەڵێن  خیاڵ دایگرت و زۆر هەستیاری ، کە نزیکی مەیدانی چوار چرا بووین بە شۆفێرەکەی گوت بێ زەحمەت لێرە  ڕایگرە. ماشێنەکە کە ڕاوەستا باوکم بە گریانەوە بەرەو مەیدانی چوار چرا چوو ، گریا ، گوتی ئا لێرە بوو کۆمار  ڕاگەیێندرا، ئا لێرە بوو پێشەوا قازیی محەمەد سانی لە پێشمەرگە دیت  و خەڵکی مەهابادیش هاتن زۆر بەڕێزەوە لە دەورمان کۆ بوونەوە.

قازی: ئەگەر کورتی بکەینەوە دەتوانین بڵێین ئەو ئاتمۆسفیر و فەزایەکی کە دە بنەماڵە دا ، دە  خانەوادە دا هەبووە بووەتە هۆی ئەوەی کە بەڕێزت هۆگریت تێدا پێک بێ.

ئۆرەمار: بەڵێ ئێمە لەگەڵ ئەو ڕاستیانە ، ئەو ڕۆمانە ڕاستییە نەنووسراوانە  گەورە بووین کە باوکم هەمیسە باسی دەکرد.

قازی: ئێستا با بێینە سەر ناوەرۆکی کتێبەکە.  تا ئەو جێگای کە ئەمن تەماشام کردووە ، ناوەرۆکی کتێبەکە لە سەر ئەساسی چاوپێکەوتن و دوان لەگەڵ ژمارەیەک خەڵک پێک هاتووە ، دیارە ئەوە بەرگی یەکەمە ، بەرگی دووەمیشی بە دوو دا دێ. ئەو کەسانەی کە قسەت لەگەڵ کردوون  دەکرێ بکرێنە دوو کاتەگۆری. چەند کەس لەوانە  کەسانێک بوون کە بۆ خۆیان ڕاستەو ڕاست بەشدار بوون ، بەرپرس بوون  لە زەمانی کۆماری کوردستان دا و چەندێکیشیان  لە باری عاتیفی و خزمایەتییەوە  قسەیان کردووە،باوکیان یان خزمێکیان بەشداری کردووە لە کۆمار دا. پێم خۆش بوو بەڕێزت لەو ڕووەوە هێندێک شی بکەیەوە چونکە بە بۆچوونی من  بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە نەزەری من لە سەر ناوەرۆکی کتێبەکە چ بێ  یان خوێنەرەوەیەک  پێی چۆن بێ ئەو کتێبە زۆر زۆر گرینگە لەو ڕووەوە لە ئەدەبییاتی سیاسی کورمانجی دا  کەلێنێک پڕ دەکاتەوە چونکە  وەک دەزانی لە باکووری کوردستان لە بەر قەدەغەکاری لە سەر زمانی کوردی ، هەر چەند دوای ساڵی ١٩٩١ هێندێک ئالوگۆڕی قانوونی بووە ، تا ئەو جێگایەی من بزانم کتێبەکەی ڕەحمەتی ئیگلتن " کۆماری کوردستانی ١٩٤٦ "  وا بزانم بەڕێز مەحمەدەمین بۆزئەرسلان لە زمانی عەڕەبییەوە کردوویەتە تورکی دیارە وەک دەزانی کتێبێکی کلاسیکە لە سەر ئەزموونی کۆماری کوردستان ، بەڵام بە کورمانجی بە تایبەتی ، بە تورکی مومکینە سەرچاوەیەک هەبێ نەبێ ، بەڵام بە کورمانجی  شت زۆر کەمە. جا لە بەر ئەوە ئەو کتێبەی جەنابت ، جارێکی دیکە بیڵێمەوە بێ لەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە ناوەرۆکەکەی چۆن بێ و چۆن نەبێ  دە ڕاستیدا زۆر بە باشی دەتوانێ ئەو کەلێنە لە ئەدەبییاتی سیاسی کوردیی کورمانجی دا پڕ کاتەوە. جا من دەمەوێ  ئەتۆ لە پێشدا بێ ئەوەی بە ووردە ڕیشاڵ ، چونکە وەخت نابێ ، بە گشتی باسی ئەوە بکەی کە ناوەرۆکی کتێبەکە ، ئەم بەرگە  لە چی پێک هاتووە؟


ئۆرەمار: مامۆستا قازی، ناوەرۆکی  ئەم کتێبە لە دوو بەش پێک دێ. بەشێک سێزدە ئانالیزن ، یانی شرۆڤەنە لە سەر کۆمارا کوردستانێ ، مەسەلەن رێئاکسیۆنێ دەوڵەتێن جیران لە سەر پێک هاتنا کۆمارا کوردستانێ ؛ حکوومەتا میللی یا ئازەربایجانێ، ئازەربایجانا سۆڤیەتێ ، حکوومەتا سۆڤیەتێ بخوە، ئەمریکا ، تورکیا ، عێڕاق ، دەوڵەتا ئیرانێ ، ئینگلیستان  ئەوانە هەموویا هەڵوێستا وان چ بوویە؟  مەسەلا گۆتارەکە دن  کۆمارا کوردستان  چما لە حەڕەکەتا سیاسی کورد ب گشتی ، بەتایبەتی ل ڕۆژهەڵاتا کوردستانێ  پشتی سەرهلدانا شێخ عوبەیدیلا و سمکۆی شکاک  حەرەکەتەکە مۆدێرنە ، ڕووپەلەک نوو  ڤەکرێ یە سەبەب چنە؟  یا دن گۆتارەک ل سەر وێ هندییە، ئێدی ئەز کۆتا بکم  کۆمارا کوردستان ئان کۆمارا مەهاباد ؟ چما دبێژن  کۆمارا مەهاباد چما کۆمارا کوردستان نییە. یان ژی کۆمار کۆمارەکا سەربخوە بوو ئانژی ئۆتۆنۆم بوو ، ستراتێژییا کۆمارێ چ بوو؟  کاریزماتیک بوونا ڕێبەرەکی ، سەرکێشێکی  حەرەکەتەکا سیاسی چاڤا دکارە باشترین دەرفەتێن سیاسی یێن  کو هەنە  بۆ دۆزا مللەتێکی سوود بێ ژێ ستاندن.

قازی: کەسێک کە کتێبەکەی نەدیتبێ ، کتێبەکەی نەخوێندبێتەوە ئەو سەردێڕانەی کە باست کردن یانی ئەو بابەتانەی کە هێناوتنەتە گۆڕێ  ئایا ئەوە لە سەر بنەمای قسەی ئەو کەسانەیە کە هەڤپەیڤینت لەگەڵ کردوون ، قسەت لەگەڵ کردوون ، لە سەر قسەی ئەوانە یان هەڵێنجانی قسەی ئەوانە و شی کردنەوەی خۆتە؟

ئۆرەمار: هەم تەحلیلێ من بخۆنە، هەم وەختا من  مەسەلەن تشتەک ل سەر ژێکاف نویساندییە من  گۆتییە مەسەلەن کێ چ گۆتییە . موشکیلەیەک هەیە کو من و تۆ هەمیشە ل سەر ناکۆکین ئەویش مەسەلەی  "کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد " ، یا " کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان " ە . مەسەلەن محەمەد شاپەسەندی دبێژە  کوردستان خوە هەبوو پێویستی یا کوردا ب  ژیانەوە هەبوو، بەر وێ هێندێ ژی " کۆمەڵەی  ژیانەوەی کورد " ە ، بەڵام مەسەلەن تو دبێژێ  من بەڵگە هەنە کو کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان ە  میسال . یانی من بەحسا وان مژارانە کرییە . هەم ژی گەلەک ژێدەرێ کو مە خواندنە. مەسەلەن ژێدەرێن ئینگلیسی ، یێن ئەڵمانی ، یێن گۆتارا دەوڵەتا ئیرانێ  کو ل سەر هاتنە نویساندن. ئانژی گۆتارێک ل سەر وێ هندێ یە ئەو کەسێ کو هاتنە خواستنە دیرۆکا کۆمارێ کوردستانێ د بەرژەوەندییا هێندەک لایەنێ سیاسی دا بشێوێنن چما ؟ سەدەم ؟ سەبەب ؟ خواستنە پێشەوا قازیی محەمەد کێم بکن ، ژەنەرال مستەفا بارزانی  بلند بکن . من ب خوە لێکۆلین کرییە ، هەڤپەیڤین  چێ کرنە و من خواندنە و هەرچی گۆتار من نویساندنە من ژێدەر نویساندنە من لە چ ئیستیفادە کرییە.

قازی: ئێستا ئاماژەت بە شتێک کرد ، دیارە لە بەشی دووەمی قسەکانمان دا دەگەینە  تاریخی شفاهی ، یان مێژووی زارەکی ، بەڵام  ئەوەی کە لە سەر کۆمەڵەی ژێکاف باست کرد ، ئەوەی کە جەنابت لە زمان بەڕێز شاپەسەندی ڕا باسی دەکەی، یان ئەوەی کە نەمر کەریم حیسامی لە سەر ناوی ژێکاف نووسیویەتی ، ئەوە زیاتر تەفسیرە یانی دەڵێ کۆمەڵەی ژێکاف لە زەمانێک دا دروست بووە کە کورد نەماوە بە مانای سیاسی بە مانای ئێنیکی لە ژێر فشار دابووە  لە سەروبەندی بیست ساڵەی ڕەشی ڕەزاشای پەهلەوی دا  لەبەر ئەوە ئەو کۆمەڵەیە کە پێک هاتووە ویستوویەتی  کورد یان کوردستان بژێنێتەوە. ئەوە ئیستیدلالێکە کە بە پێی لێکدانەوە دەکرێ . ئەوەی کە من عەرزت دەکەم بە پاڵپشتی ڕۆژنامەیەکە کە لە ساڵی  ١٩٤٨ لە باشووری کوردستان  لە " سیتەک "  وەختێک کە غەنی بلووریان لەوێ بووە ، وەختێک کە مەلا حەسەن قزڵجی لەوێ ژیاوە ، وەختێک کە عەبدولڕەحمان زەبیحی لەوێ ژیاوە ، غەنی بلووریان و حەسەن قزڵجی ڕۆژنامەیەکیان دەر کردووە و لە سەرەکەی نووسیویانە " ارگان حزب ژیان کرد" . ئیستیدلالی منیش ئەوەیە بە لەبەرچاوگرتنی  ئەوەی کە ئەوانە هەر دووکیان ئەندامی کۆمەڵە بوون ، زەمانەکەش هێندە تێپەڕ نەبووە ، ئەو ناوەیان  هەر لە بیر بووە. با بێینەوە سەر باسەکەمان

ئۆرەمار: ئێستا ئەوەی ئیزافە بکەم. ئەو کەسانەی کە نزیکی مامۆستا عەبدولڕەحمان زەبیحی بوون ، مامۆستا عەبدولڕەحمان زەبیحی یەکێک لە دامەزرێنەرانی ژێکاف بووە  مەسەلەن عوبەیدیلا ئەیووبیان، محەمەد شاپەسەندی ، یان قاسر دەبباغی ، خودی غەنی بلووریان بە منی گوت

قازی: بەڵام لە نووسینەکانی زەبیحی دا باسی کۆمەڵەی ژێکاف کە  ' ژ  ' و  ' ک'  کورتەی چن نەکراوە. وەرگێڕانی عەڕەبی نووسینێکی زەبیحی هەیە

ئۆرەمار: بەڵام ئەوانەی کە نزیکی ئەو کەسانە بوون ، کە دامەزرێنەری ژێکاف بوون زۆرتریان دەڵێن  " ژیانەوەی کورد"

قازی: وای تەفسیر دەکەنەوە نەک لە ڕووی بەڵگە، بۆ وێنە بەڵگەیەک بێنن بڵێن لە فڵان جێگا دا ناوەکە ئاوا هاتووە. مافی خۆیانیشە کە دەیکەن. ئێستا بێینەوە سەر کتێبەکە باسی ناوەرۆکەکەت کرد بە گشتی ، وا بزانم کتێبەکە وێنە و بەڵگەشی تێدایە

ئۆرەمار:  کتێبەکە هەمووی ڕەنگییە ، نزیکەی ٧٠٠  لاپەڕەیە ،بەشی یەکەمە ، بەشی دووەم و سێیەمیشی دەبێ. ئەو کەسانەی  کە من گۆتوبێژم لەگەڵ دا کردوون  زۆر کەس بوون . من لەگەڵ کاک قەهار باتەیی بەرپرسیاری  وەشانخانەی ' سیتاو ' ئاوا ڕێک کەوتین  ئەو کتێبە ئەگەر لە بەرگێک دا چاپ بکرێ دەبێتە نزیکەی  ٢٠٠٠ لاپەڕە ئەوەش کە مومکین نییە. لە بەر ئەوە ویستمان لە بەرگی یەکەم دا هەشت کەس ، لە بەرگی دووەم و سێیەمیش کە  بیست و چەند کەس هەن ئەگەر پێت خۆش بوو لێرە ناوەکانیشیان دەڵێم. ئەوانەی کە لە بەرگی یەکەمدا هەڵمان بژاردوون بریتین لە  مینا خانم کە بەرپرسیاری یەکەتی ژنان بوو، فەوزیە قازی کچی پێشەوا ، سوهەیل قازی  کە بە تایبەتی باسی پاش تێکچوونی کۆمار دەکەن. دوکتور عەزیز شەمزینی یا سەید عەبدولعەزیز شەمزینی یان گەیلانیزادە کە یەکێک لە خوێندکارانی  کورد بووە لە سۆڤیەت ، ڕێزدار عەلیی قازی کە کوڕی پێشەوای نەمرە، کەریم زەند کە لە وەزاڕەتی پەروەردە دا مامۆستا بووە ، خەڵکی سلێمانی بوو ، پاشان مەناف کەریمی  کە وەزیری پەروەردەی کۆمار بوو  و ڕێزدار غەنی بلووریان کە لە سەردەمی کۆماری کوردستان ، لە سەردەمی ژێکاف دا ، لە یەکەتی جەوانان و شانۆی دایکی نیشتمان دا بەشدار بووە . ئەوانە دروستە لێرە ناوەکانیان دێنین ، بەڵام مەسەلەن دە گوتوبێژ لەگەڵ مینا خانم دا باسی ژیانی هەموو وەزیرەکانی کابینەی کۆمار کراوە.

قازی: پرسیارێک هەیە لێرە ، ئەوەی کە لەمەڕ تاهیرخانی سمکۆ بێ لەم بەرگە دا نییە؟

ئۆرەمار: نەخێر لەم بەرگە دا نییە. ئەوەمان ئاوا هەڵبژارد ، چەند بەرپرسیار؛ یەک لە وەزاڕەتی پەروەردە ، یەک ئەڕتەشی کە سەید عەزیز شەمزینی یە، یەک مامۆستا، یەک وەزیری پەوەردە ، یانی ویستم میکسێکی ئاوا چێ کەم کە هەموویانی تێدا بێ.
قازی: ئێستا ئەو ناوانەی کە باست کرد ئەوەندەی کە بەرنامەکەمان مەودا بدا لە سەر ئەو ناوانە هێندێك قسە بکەین. پێش ئەوەی کە بێینە سەر یەک یەکی چاوپێکەوتنەکان پێم خۆشبوو بزانم چۆنت ڕێک دەخست بۆ نموونە  چەند جار میناخانمت دی ، چەند جار گۆتوبێژت لەگەڵ کرد؟ لە کوێ ئەو گۆتوبێژەت کرد ؟

ئۆرەمار: ئەوە پرسیارێکی زۆر گرینگە، زاتەن ئەو گوتوبێژانە لە ئاتمۆسفێریێکی سیاسی دا کران کە  داخراوە بوو ، من زۆر زۆر زەحمەتم کێشا تا  میناخانم ڕازی بکەین کە گۆتوبێژ بکا. بە ڕێگای مامۆستا عەلیی قازی ، بە ڕێگای خانم مونیر قازی ، چون دەترسا دەزانی لە سەردەمی کۆماری ئیسلامی ئێران دا گیرا بوو. بەڵام پاش شەش مانگ کاتێک باوەڕی بە من هێنا من  چووم  دوو ڕۆژ گۆتوبێژم لەگەڵ کرد لە تاران ، گۆتوبێژەکەمان دوو شێوەی هەبوو ، یەک دەنگم قەید دەکرد،  دوو دەیگوت بۆ وێنە ئەو بەشە قەید مەکە ، کاسێتەکە ڕاگرە بنووسە،  سێ چوار حەلقە ی فیلمی  سی وشەش بیست و چواریشم وێنە گرتووە  کە لە زۆر جێگا بڵاو بوونەتەوە. بەڵام من دەمەوێ ئەوە بڵێم لە نەزەری پرێنسیپی ئەخلاقی ڕاگەیاندن کاتێک ئینسان دەروا لە ئاتمۆسفێرێکی داخراوە دا گوتوبێژ لەگەڵ کەسێک دەکا دەبێ پێش هەموو شتێک  بزانێ ئەو ئینسانە چۆن بپارێزێ. من ئەو شتانەم بە حەساسییەتەوە ڕەچاو دەکرد لە بەر ئەوەش  من جار و بار، ئەوەش بە ئاشکرایی بڵێم  کە دەچوومە مەهاباد و شارەکانی دیکە  زۆر جار مردن لە بەر گوێم دەرباز بووە. زۆرم زەحمەتی دیوە. 
.
قازی: لەگەڵ نەمر مینا خانم کە قسەت کردووە ، وا بزانم ئەوە وەکوو نامیلکەیەکیش بڵاو بووەتەوە بە کوردیی سۆرانی .

ئۆرەمار: لە ساڵیادی شەهادەتی پێشەوا قازیی محەمەد ساڵی ٢٠١٣  لە سلێمانی بڵاو کرایەوە بەڵام  هەموو گوتوبێژەکە هەمووی لەوێدا نەهاتووە ئەویش لە بەر هێندێک سەبەب ، لە بەر ئێران و ئەوانە ، بەڵام ئەوەی کە لەم کتێبە دایە هەموویەتی بە زاراوای کورمانجی.

قازی: باشي ئەو چاوپێکەوتنە تەنیا جارێک بوو لە تاران بوو ؟ ساڵەکەییت لە بیرە

ئۆرەمار: بەڵێ ساڵی ١٩٩٣ بوو.

قازی: دوای ئەوەش بوو یان هەر ئەو جارەقسەتان کرد ؟
ئۆرەمار: نا ، دوو جار چوومە لای . جارێک هاوین بوو ، جاری دووەمیش پاییز بوو. بەڵام هەر جار دوو ڕۆژ لە خزمەتی دا بووم ، دەکاتە چوار  ڕۆژ.

قازی: ئەگەر لەو زەمینەیە دا شی کردنەوەیەکی دیکەت نەماوە بچمە سەر پرسیارێکی دیکە.

ئۆرەمار: لە بەشی دوەم دا محەمەد داوودی هەیە کە پێشمەرگە بووە لە باشووری کوردستانەوە چوو بوو. مام میرزا هاشم کە ئەویش پێشمەرگەیەک بووە  کە دوای کۆمار هاتووەتە باشوور و قەت نەگەڕاوەتەوە ڕۆژهەڵات. گوتوبێژم کردووە لەگەڵ حەسەن سەلاح کوڕێ ئیبراهیم خانی سەلاح لە ئەفسەرانی کۆمار، مامۆستا عوبەیدیلا ئەییووبیان، سەعید خان هومایوون  کە دەفتەرداری پێشەوا بوو ، محەمەد شاپەسەندی کە خەباتکارێکی کۆمەڵە ی ژێکاف و چاپخانەی کوردستان بووە ، مستەفا قازی ، کەریم ئەحمەدەین بە ڕێگای  خانمەکەی . کاک عێزەت دەرگەڵەیی کە لەگەڵ بارزانی نەمر چوو بوو  بۆ سۆڤیەت و لە کۆماری کوردستان دا بەشدار بوو و باوکی هێژای خۆم گوتوبێژم لەگەڵ دا کردووە . لەگەڵ مام زرار دەرگەڵەیی ش . مام عێزەت خوێندکار بووە لە تەورێزێ و مام زرار لە کۆمار دا بووە. ویلیام ئیگلتن ، مستەفا سوڵتانیان  بە ڕێگای کوڕەکەیەوە ، تاهیر خانی سمکۆ .

قازی: مستەفای سوڵتانیان مومکین نییە چونکە  چ ساڵێکە

ئۆرەمار: بە ڕێگای کوڕەکەیەوە . لەگەڵ کاک سولەیان قسەم کردووە ئەو بەڵگانەی کە هەیەتی ، ئەو شتانەی کە نووسیویەتی ، ئەو نامانەی  کە ناردوویە

قازی: باشە بینەران بزانن کە کاک سولەیمان سوڵتانیان  کوڕی میرزا مستەفای سوڵتانیان کە یەکێک لە کاربەدەستانی  کۆماری کوردستان بووە  کتێبێکی لەسەر کۆماری کوردستان نووسیوە کە ئەو کتێبە  بە کوردیی سۆرانی لە ژاپۆن چاپ  بووە.

ئۆرەمار: سارمەدین سادق وەزیری ، کوبڕا عەزیمی  کە مامۆستایەکی سەردەمی کۆمار بووە . پاشان پێشمەرگەیەکی  سەردەمی کۆمارکە لە سەر یەک بیست و سێ ساڵ پێشمەرگە بووە تەیمز سێلکی ،  ئامین پاک گوفتە  کە خەڵکی بۆکان بووە و جەلیل گادانی و چەند کەسی دیکەش.

قازی: کاک جەلێل ئەو دەمی قوتابی بووە ، مامۆستا ئەیووبیان مامۆستای منداڵان بووە

ئۆرەمار: مامۆستا عەزیز شاروخیش کە ئەو دەمی  قوتابی بووە ، هەر وەها مونیر خانم  قازی . ببوورە عەلیی سەیف قازی و کاک مەحموود سەیف قازی ش هەن واتە دوو بەرگی دیکە نزیکەی ١٥٠٠ لاپەڕەی دیکەمان ماوە.

قازی: بە کورتی باسی شێوازی چاوپێکەوتنەکەت کرد لەگەڵ مینا خانم  کە لە سەر نەوار قەیدت کردووە و بەشێکیشت بە دەست نووسیوەتەوە . ئێستا بێینە سەر عونسورێکی سیاسی لەو پێوەندییە دا ئەویش  وەک باست کرد سەید عەزیز شەمزینی یە . دیارە سەید عەزیزی شەمزینی لە زەمانی کۆمارێ دا  ، لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی کۆمار لەوێ بووە  و وێنەیان هەیە لە مەهاباد  و پاشان لەگەڵ ژمارەیەک لە خوێندکارانی کورد نزیکەی ٥٤ کەس  ناردراو ە بۆ پەروەردەی نیزامی لە باکۆ. دیارە ئەو لە پێشدا  پەروەردەی هەبووە  چونکە ئەفسەر بووە لە ئەڕتەشی عێڕاق دا ، چووە بۆ سۆڤییەت و لەوێ ماوەتەوە. پاشان کە  کۆمار ڕووخاوە و دوایەش  لەگەڵ بارزانییەکان  هاتووەتەوە ، لەو ماوەیە دا بەڵام  توانیویەتی لە زانکۆی لێنین گڕاد  بخوێنێ  تێزی دوکتورایەکەی لەوێ پێشکێش کردووە . دوکتوراکەی کە بە زمانی ڕووسی بووە دواتر  وەرگێڕدراوە بۆ سەر زمانی کوردیی سۆرانی. دوای گەڕانەوە لە سۆڤییەت چالاک بووە لە سەرۆکایەتی  پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستان دا بووە  و دوایە هێندێک خیلافی هەبووە هاتووەتەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان  و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دوای ئەوەی کە ڕێژیمی سەلتەنەتی ڕووخاوە جارێکی دیکە چووەتەوە عێڕاق  و پێم وایە دەرجەی ئەڕتەشی عێڕاقیشیان بۆ ماوەیەک داوەتەوە  و دیسان گەڕاوەتەوە ورمێ  تا ساڵی ١٩٩٩  لە ڕووداوێک دا کە بەتەواوی مەعلووم  نییە کە بۆخۆی خۆی کوشتووە یان کووژراوە ژیانی لە دەست داوە. لەو پێوەندییانە دا پێم خۆش بوو بزانم لە چی ڕا دەستت پێ کرد کە  چاوپێکەوتنی لەگەڵ بکەی ؟

ئۆرەمار:  دوکتور عەزیز شەمزینی ئەمن لەو شارەی دا کە تێیدا دەژیام خەڵکی ورمێ بوو. زۆر جار لە مەجلیس و ئەوانە دا باسی سەید عەزیز دەکرا  کە چووەتە سۆڤیەتێ.  بۆ من زۆر مەراق بوو کە جارێک  من  گۆتوبێژی لە گەڵ دا بکەم بەڵام چونکە ئینسانێکی بە تەمەن بوو و منیش  تەمەنێکم نەبوو شەرمم دەکرد بە ڕاستی . جارێک لە ماڵێک دا  بینیم و لە سەر  کۆمار و مژاری کۆمار قسەم کرد  زۆری پێ خۆشبوو گوتی تۆ ئەو شتانە لە کوێ فێر بووی ، لە کوێ دەزانی گوتم وەڵا من  گۆتوبێژم کردووە و ئەوەی ئێستا کە لە خزمەتت دام  پێم خۆشە گۆتوبێژێک لەگەڵ جەنابیشت بکەم. ڤیزیت کارتەکەی دەرهێنا کە وێنەکەی لە کتێبەکەش دا بڵاو بووەتەوە  دای بەمن ، ژمارە تەلەفۆنەکەشی دامێ گوتی   ئەگەر بتوانێ سبەی دوو سبەی وەرە لام. منیش چووم خۆم ئامادە کرد  لە گەڵ ئەو کەسانەی سەید عەزیزیان دەناسی قسەم کرد کە چی لێ بپرسم، مەسەلەن یەکێک لەوانە ڕەحمەتی سەید عەلیی گەیلانیزادە بوو ، لە گوندی ڕەزگەی مەنتەقەی مەرگەوەڕ . هەر چۆنێک بێ  نزیکەی ٢٤ پرسیارم بۆ نووسی بردم.  ئەو پرسیارانەی ووڵام داوە .

قازی: یانی پرسیارەکانت بە نووسراو بوو ، ئەویش بە نووسراو ووڵامی داوە.

ئۆرەمار: بەڵێ ئەویش بە نووسراو ووڵامی داوە. بە نووسراوە کە نووسی منیش خوێندمەوە  زۆر پرسیارم بۆ هاتە پێشێ  جاری دووەم تەیپەکەم ، زەبتەکەم هەڵگرت چوومە  خزمەتی چوومە ماڵێ  ووتم زۆر پرسیارم بۆ هاتووەتە پێشێ پێم خۆشە  لێت بپرسم گوتی باشە ئەتۆ بپرسە ئەمن ووڵامت دەدەمەوە.  و واتە دوو گوتوبێژم لەگەڵ سەید عەزیز کردووە  یەک بە دەستنووس کە ئەوە هەیە ، بەداخەوە  لە بیرم چوو بێنم لێرە نیشانی بدەم.  و ئەوی دووەمیش ئەوەیە کە دەنگی لای من هەیە بەڵام نەی دەتوانی باش قسە بکا چونکە  تەسادوفی کرد بوو

 قازی: چ ساڵێک بوو ؟

ئۆرەمار:  ساڵی١٩٩٤ ، ١٩٩٥ ، سێ چوار جار چوومە خزمەتی . ئینسانێکی زۆر خۆش سوحبەت  بوو . لەگەڵ دوکتور شیرازی ش جارێک چووینە خزمەتی ، پاشان چووینە خزمەتی تاهیرخانی سمایل ئاغاش .بە هەرحاڵ ئیتر شارەزا بووم کە بە دوور و درێژی  باسی ژیانی خۆی کرد ئەو شتانەی کە جەنابت باست کرد  هەمووی دروست زۆر بەرفراوانتریش خۆی  بە دەستی خۆی نووسیویەتی.

 قازی : دیارە ئەمن کتێبەکەی ، تێزی دوکتورایەکەیم خوێندووەتەوە  چونکە بە کوردی یەک دوو جار بڵاو بووەتەوە لە باشووری کوردستان  لەوێدا لە سەر کۆماری کوردستان و بە تایبەتی  لە سەر ڕێبەرایەتی کۆماری کوردستان بە شێوەیەکی نێگاتیڤ قسە دەکا  و چەند ئارگومێنتیشی کە هێناوەتەوە لە باری مێژووییەوە دروست نییە.  بۆ وێنە  باسی بەشداری قەرەنی ئاغای مامەشی کردووە لە حاڵێکدا  لەو ساڵە دا قەرەنی ئاغا پێشتر وەفاتی کردووە .

ئۆرەمار: لە بەشی دووەمی گوتوبێژەکەدا  ئەو پرسیارانەی هەموو لێ کراون مەسەلەن دەڵێ قەرار بوو سەید عەبدوڵا ئەفەندی ببێتە سەرۆک کۆمار  لە جێگای پێشەوا ، گوتم بە چ بەڵگەیەک ، بە چ دەلیلێک  ئەو شتەی دەڵێی ئەویش ووڵامی داوەتەوە.  یان مەسەلەن باسی ناکۆکییەکانی خۆی و چوار ئەفسەرەکەی کە لە ساڵی ١٩٤٧ دا لە بەغدا  ئێعدام کران ، عێزەت عەبدولعەزیز و مستەفا خۆشناو و ئەوانە  لەگەڵ ڕەحمەتی بارزانی دا. مەسەلەن دەڵێم ئەوانە بۆچی لەگەڵ بارزانی نەچوون بۆ سۆڤیەت؟  دەڵێ سەبەبی ئەوە بوو لەگەڵ بارزانی ڕێک نەبوون.  من دەڵێم ئەی خۆت بۆ چووی ؟  دەڵێ من پێش ئەوە چووم.   ئەوەندە پرسیارم لێ دەپرسی جارو بار لێشم ناڕەحەت دەبوو. دەیگوت ئەو دەمە من ٢٨ ساڵ تەمەنم بوو  منێک لەگەڵ ئەوانە گەورە بووم. ڕەحمەتی بارزانی لەگەڵ من نەوەکوو رێبەرێک وەکوو هەواڵێک بوو. مەسەلەن باسی نەمر ڕەحیم قازی ش دەکا هەر وەها. بەڵام  ئینسانێکە کتێبی نووسیوە ، ئاکادێمیسیەن بووە.

قازی: ئەوانە بە جێگای خۆی . مەبەستی من ئەوەیە شت ئەو جۆری بووە باس بکرێ.

ئۆرەمار: ئەوەی لە کاری ڕاگەیاندن دا بێ ، ئەوەی کە ئەرکم بێ ئەمن ئەو پرسیارانەم لێ پرسیوە. لە بەر ئەوە جاری دووەم و سێیەم چوومە خزمەتی  کە گوتوبێژی دووەم هەر بە ئەندازەی گوتوبێژی یەکەم  زۆرتریشە، درێژتریشە  ، موناقەشەیەکی توندمان کردووە.

 قازی:  دەزانین کە ئەوان وەختێک ساڵی ١٩٥٩ لە سۆڤییەت ڕا گەڕانەوە  و ئەو دە ڕێبەرایەتی پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستان دا بوو  پاشان دەو ڕێبەرایەتییە دا دوو بەرەکییەک دروست بوو  وئەو لەگەڵ ئەو باڵە کەوت کە بە باڵی مەکتەبی سیاسی مەشهوورە.  و تەنانەت ماوەیەک گیرا ،  لە زیندانی سەنگەسەر بوو بەڵام چەندێک لەوانەی کە لەوێ گیرابوون بۆ وێنە  عەلی حەمدی  کە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی بوو  کووژرا و ژیانی لە دەست دا. ئەو لە بەر ئەووی کە کوڕی شێخ عەبدوڵا ئەفەندی بوو  لە بەر نفووزی باوکی نێردراوە ئێران . ئەو شتانە باس کراوە لە چاو پێکەوتنەکە دا ؟

ئۆرەمار: باس کراوە.  من تەنانەت ئەوەم لێ پرسیوە  کە چۆن بوو ئەو دەمە ئەو کەسانە کە دژی بارزانی ڕادەوەستان  نەیان دەتوانی موقاوەمەت بکەن چون بارزانی  ئینسانێک بوو کە ڕێبەری شۆڕشێک بوو  ، نفووزی زۆر هەبوو. ئیبڕاهیم ئەحمەد لە بەرابەری دا ڕاوەستا  ، مام جەلال ئەوانە. ئەو دەڵێ من لە بەر باوکم و ئیرادەتی بنەماڵەی بارزانی  لە قەدیمە شێخ عەبدوسەلام ، شێخ ئەحمەد  کە تەکیەیان لە شەمزینان وەرگرتووە لە بارزان دایانناوە  هیچیان بە من نەگوت ، بەڵام دەیگوت  بێ ڕێزیان پێ کردووم ، باسی زۆر شت هەیە. پەیڤی زۆر زۆر خراپیشی لە دژی  زۆر کەس بە کار دەهێنا  من کە ئیعترازم دەکرد  دەیگوت تۆ منداڵی تۆ ئەو شتانە نازانی.

 قازی: یەک نوختە هەیە بزانم چۆنی باس کردووە با ئەویش ڕوون بێتەوە ئەویش ئەوەیە کە لە دووی ڕێبەندان – کە هێندەشی نەماوە -  کە کۆمار ڕاگەیێندرا ئەویش ئامادە بووە  باوکیشی ئامادە بووە چونکە وێنە هەیە ئەوە ئیسپات دەکا .  بەڵام دە وێنەیەک دا کە پێشەوا خەریکە سان دەبینێ  و لە خوارەوەش مەلا حوسێن مەجدی و مەلا مستەفا بارزانی ، سەید عەزیز شەمزینی و سەدیق حەیدەری  و ئەوانە ڕاوەستاون بەتاڵاییەک دیارە .لەو دواییانە دا کەسێک ئەو دیقەتەی کردووە  و نیشانی داوە دەبێ کێ بێ لەوێ ڕاوەستا بێ. جا ئەگەر ئەو ڕەبت بدەین  بە ڕووداوێک کە لەوێ ڕوویداوە  ئەویش ئەوە بووە زێڕۆ بەگی بەهادوڕی کە سەرۆکی بەشێک لە هەرکییەکان بووە لەوێ قسەی کردووە و دەقی قسەکانی لە " کوردستان " یشدا هەیە ، هەر لەو بۆنەیە دا کە سەید عەزیز بە ناوی بنەماڵەی  نەهری قسەی کردووە  جوابی داوەتەوە بەڵام لە ڕۆژنامەی کوردستان دا لە پێشدا قسەکانی زێڕۆ بەگ بڵاو نەبووەتەوە بەڵام چەندین ژمارە دواتر  ئەو قسانەی زێڕۆ بەگیش کە هێرشی شەخسی  تێدایە بۆ سەر شێخ عەبدوڵا  ئەویش بڵاو کراوەتەوە . دیارە وەختێک کتێبەکە بڵاو بێتەوە  مرۆڤ دەتوانێ بیبینێ بزانێ چی گوتووە بەڵام ئەگەر بە کورتی بیگێڕییەوە لەو گوتوبێژە دا چۆن باسی ئەو ڕووداوە دەکا؟


 ئۆرەمار:  ئەمن نازانم کێ ئەو دیقەتەی کردووە بەڵام سەید عەزیز  خۆی باس دەکا. دەڵێ باوکم  لەوێ بوو لامان ڕاوەستابوو ، لە سوێندی پێشەوا قازیی محەمەد دا ئامادە بوو  کاتێک زێڕۆ بەگی بەهادوری ئیتیهامی جاسووسی ئینگلیس و  ئەمریکا و ئەوانەی لێ دا  ئیتر لە ناڕەحەتییان لەوێ نەما ، بەڵام من  ووڵامم داوە ، ووڵامێکی توندیشم داوە  و پاشان پێشەوا قازیی محەمەدیش بووە ناوبەینکار و  زۆر زۆر بە ڕێز و حورمەتەوە باسی بنەماڵەی گەیلانیزادە و شەمزینییەکانی کرد و ئیتر  مەسەلەکە تەواو بوو . پاشان  رایەدارانی کۆمار بە تایبەتی پێشەوا و زۆر کەسی دیکە حەولیان دا کە ئێمە نزیکی یەکتر بکەنەوە بەڵام  نەبوو و ئەوەش دەبێ بڵێم  من گوتوبێژم لەگەڵ مام ئەحمەد کردووە کوڕی زێڕۆ بەگ  لە سەر ژیانی خۆی ئەویش لە بەرگی دووەمی  کتێبەکە دا هەیە. زێڕۆبەگ  لە ئەفسەرانی سەردەمی کۆمار بووە دوای ئەوەی کە دەربەدەر دەبێ  ، هەر چۆنێک بێ بنەماڵەیەکی گەورە بوون ، بنەماڵەیەکی دەوڵەمەند بوون . لە سەردەمی سمکۆی شکاکیش دا زۆر زۆر خەباتی کردووە  مەسەلەن لە مەڕ کوردستانی بوونی ورمێ ، سەڵماس و خۆی  زۆر زۆر موزاکەرەیان هەیە لەگەڵ ئازەرییەکان  لە سەردەمی کۆماریش دا ، پێشتریش. بەڵام ئەو هیچ وەخت ، لەو کەسانە بووە وەکوو  مام میرزا هاشم  هیچوەخت باوەڕی بە دەوڵەتی ئێران نەبووە کە ، تەنانەت نامەشیان بۆ ناردووە داوایان لێ کردووە  بگەڕێتەوە . لە شٶڕشی ئەیلوول دا لەگەڵ مام جەلال و ئیبراهیم ئەحمەد و ئەواندا  هەمیشە لە دژی ئێران کاری کردووە  و ئی عێڕاق. کوشتنەکەشی کەمێک گومناوییە مامۆستا قازی.
قازی :  شتێک بڵێم  ئەو جۆری  کە ' کوردستان '  قسەکانی زێڕۆ بەگی بڵاو کردووەتەوە  نەیگوتووە  شێخ عەبدوڵا  جاسووسی ئینگلیس و ئەمریکایە  بەڵکوو  گوتوویە  لەگەڵ ستادی ئەڕتەشی ئێران پێوەندی هەبووە و دژی کورد کاری کردووە . ئەتۆ ئێستا باسی سەید عەزیز دەکەی . بەڵام با بینەرانیش بزانن  زێڕۆ بەگ دواتر کە لە باشووری کوردستان بووە لە شۆڕشی ئەیلوول دا  لە گەڵ حکوومەتی مەرکەزی بووە  کووژراوە.

ئۆرەمار:  من گوتوبێژم لەگەڵ کوڕەکەی کردووە  لەگەڵ چەند کەسی دیکەش  ئەوان شتێکی دیکە دەڵێن.

قازی: دەڵێن ئەوە ڕاست نییە ، چۆنی باس دەکەن؟

ئۆرەمار:  دەڵێن بە کۆمپلپیەک کووژراوە .

 قازی: لە بارەی مەرگی سەید عەزیز دەتویست  شتێک بڵێی.

ئۆرەمار:  سەید عەزیز ، ئێستا پەروین خانمی هاوژینی ساخە، کچی سەید مووسا گەیلانیزادە کە خۆشی لە کۆمار دا ، ئەو وێنەیەی کە هەیە لەوێشدا هەیە  دەڵێ ئەو زۆر ئومێدی بە حەڕەکەتی باکوور هەبوو ، ئەو کاتەی کە سەرۆک ئوێجاڵان گیرا  ، لە گوتوبێژەکەی منیشدا باس دەکا ،  لە وێشدا بە دڵێکی کراوەوە بە  شێویەکی ئۆپتیمیستی ، خۆشبینانە  باسی حەڕەکەتی باکوور دەکا . پەروین خانم دەڵێ ئەو کاتەی کە سەرۆک ئویجاڵان گیرا لە ڕووی نەفسییەوە تێک چوو ، شەوانە هەڵدەستا دەیگوت  ئەوە چ بوو بە سەرمان هات ، بۆ وامان لێ هات ؟ ئەوە بۆ دەبوو وا بوو با  ؟ بۆ ئەوەندە کەمتەرخەمیان کرد ، بۆ ئەو ئینسانە  گەورەیە گیرا. حەڕەکەتی کورد دەگەیشتە ئاستێک  ئەنجامێک . ئەو جار لەوەی کە خۆی کوشتووە هیچ گومانی تێدا نییە چون  کەسی دیکەش هەیە لەوێ وەکوو شاهید. خوشکەکەی خۆی لەوێ بووە لەگەڵ پەروین خانم . لەو لێکۆڵینەوانەی کە پاشان کراوە لە لایەن دەوڵەتەوە خۆی خۆی  کوشتووە ، بەڵام من نازانم . من ئەوەشم پرسی نامەیەکی لە دوای خۆی دا بەجێ هێشتووە یان نا ؟  چون لە نەزەری ڕووحی ڕوانی  بە ڕاستی زۆر زۆر تێک چوو بوو بەڵام  هەمیشە کە من پێوەندیم دەگرت کاتێك کە من لە ئوڕووپا بووم  دەیگوت ئەو گوتوبێژە کەی بڵاو دەکەیەوە ؟

قازی: بەڵام ئەوە بابەتێکی گرینگە ڕوون بێتەوە چونکە هەرچۆنێک بێ  یەک لە کەسایەتییە گەورەکانی کورد بووە  کە دەوری سیاسی هەبووە هەم لە باشوور و هەم لە ڕۆژهەڵات .

 ئۆرەمار: هێندێک کەسیش دەڵێن  ڕاست دەفەرمووی دەڵێن  مومکینە لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە ئەو کارە کرا بێ.  چونکە ئەو گوتوبێژەی کە من کرد بووم  لە لایەن کەسێکی دیکەوە کە مامۆستا عەزیز شەمزینی خۆی پێی دابوو  بە زاراوەی سۆرانی لە سوێد بڵاو کرابووەوە.

 قازی: ئێستا باسی کەسایەتییەکی دیکە بکەین کە لەو بەرگە دا گۆتوبێژت لەگەڵ کردووە ئەویش ڕەحمەتی مەناف کەریمی یە. عینوانی مەناف کەریمی هاوکاری سەرۆک کۆمار بووە  لە زۆر بواران دا و  لە ڕەسمییەت دا باسی ئەوە دەکرێ کە وەزیری فەرهەنگ بووە  بەڵام لە بیرەوەرییەکانی دا بۆ خۆی لە جێگایەک باسی ئەوە دەکا  کە دوای ئەوەی لە ناوەڕاست هاوینی ١٩٤٦  کە ئیبراهیم نادری لە کرماشانەوە دێتە مەهاباد  لە ڕاستیدا مەسەلەی کارو باری پەروەردە زیاتر بە وی دەسپێرێ. بۆ خۆی وا باس دەکا.  مەناف کەریمی دوای نەمانی ڕێژیمی سەلتەنەتی کە ئیمکاناتێکی زیاتر پێک هات  کە لەو بارەیەوە قسە بکرێ  چەندین چاوپێکەوتنی زۆر بە نرخی کردووە کە لەوێدا دەردەکەوێ یەکێک بووە لە زانیاریدەرە سەرەکییەکان بە ویلیام ئیگلتن. کە وەک لە سەرەتاوە باسمان کرد کتێبەکەی کتێبێکی کلاسیکە  لە سەر مێژووی کۆماری کوردستان. پێم خۆش بوو لە سەر چاوپێکەوتنت یان چاوپێکەوتنەکانت لەگەڵ  بەڕێز کەریمی بدوێی.

ئۆرەمار: دوو جارچوومە خزمەت مەناف کەریمی لە مەهاباد  لە ساڵی ١٩٩٣ و ١٩٩٤ . زۆر زۆر ئینسانێکی  موحتەرەم ، هێژا، زانا ، لە سەرخۆ  بوو . کە چووم پرسیارەکانمان پێ دا گوتی دەنگم قەید مەکە  ڕەوشەکە زۆر زۆر خراپە بەس گوتی  بزانە ئەو کتێبەی کە بە ناوی ویلیام ئیگلتن بڵاو کراوەتەوە هەموو  زانیاری من و سەدیق حەیدەری و  سەعید خانی هومایوونن. ئەو هاتە ئێرە و گەڕا. ئێمە نەماندەتوانی کتێب بنووسین بەڵام هەرچی  زانیارییە پێمان دا ، زۆر بەڵگەمان  پێ دا ، هەزاران بەڵگەشمان وون بوون.   ئەوە مینا خانمیش دەیگوت ، دوکتور عەزیز شەمزینیش دەیگوت. لەو تاڵان و بەسەر داگرتنانە دا کە رێژیم کردی. ئیتر ئەو گوتوبێژەی کە من لەگەڵ ڕێزدار کەریمی ش کردوومە  هەم بە شێوەی نووسراو و هەم یادذاشتەکانی خۆم کاتێک کە قسەی دەکرد  ، مەسەلەن لە ماڵی دادەنیشتین قسەی دەکرد، دەیگوت  ئەگەر پێت خۆشە شتێک بنووسە بەڵام دەنگم قەید مەکە. بەڵام من دەنگیشیم قەید کردووە ، پاشان بە ڕێگای  هێندێک دۆستی دیکە  لەوێ کاتێک کە ئاتمۆسفێرەکە هێندێک  ئارامتر بوو و ئیتر مام مەنافیش زۆر پیر ببوو  لە ساڵی ٢٠٠١ ، ٢٠٠٢   چون ٢٠٠٣  وەفاتی کرد  چەند فیلم هاتنە ئێرە لەوێش گوتوبێژی دوورودرێژی لەگەڵ کراوە. ئەوەی کە جێگای ڕێزە ئینسان باسی کەسێکی وەک مام مەناف کەریمی بکا

قازی : وا بزانم ئەو فیلمەی کە دەڵێی  کەسێک بە ناوی کاک ئیبراهیم قەزاق چاوپێکەوتنی لەگەڵ کردووە.

ئۆرەمار:  ئیبراهیم قەزاق بەڵێ ، کەسێکی دیکەش ، من پاشناوەکەی نالێم بەڵام ناوی پچکۆڵەکەی هاوڕێی هێژام شێرکۆیە.  چاوپێکەوتنی لەگەڵ کردووە بۆی ناردووم من ویستوومە دەنگیشی گرتووە . ئەو گۆتوبێژەش باسی وەزاڕەتی فەرهەنگ، کوردستانی بوونی  کۆمار، کەسایەتی پێشەوا قازیی محەمەدی تێدایە . ئەو دەرفەتە پچووکانەی کە هەبوون و زۆر داخبار بوو بەوەی دەیگوت ئێمە کتێبەکانمان چاپ کرد  لە باشوور بۆمان هاتن گەیشتنە مەهابادێ  کۆمار تێک چوو. بە حەسرەتەوە باسی ئەوە دەکا بەڵام بە دڵێکی زۆر فراوانەوە  باسی ئیبڕاهیم نادری و کەد و زەحمەتی ئەو دەکا  کە لە بیرەوەرییەکانیشی دا نووسیویەتی.

 قازی: وەکوو دیکە هێندێک لایەنی مێژووی کۆمار هەیە  کە هەتاکوو ئێستاش  تەواو ڕوون نییە. زۆر شتی کورد نەنووسراوە یان سەنەد و بەڵگەکانی لە بەین چوون. سەبارەت بە کۆماری کوردستانیش دوو سێ شت هەیە کە تا ئێستا  بەڵگەی کافی نییە لە سەر ئەساسی لێکدانەوە زۆر شت دەگوترێ. یەک لەوانە بوونی  ژێکاف  بە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانە کە ئەو دەمێ ئێرانی بەدواوە نەبووە. دیارە ڕەحمەتی مەناف کەریمی وەک تۆ باست کرد لە  چاوپێکەوتنێک لە گۆڤارێک دا کە لە تەورێز دەردەچوو بە ناوی  "ڕوانگە"  کە گۆڤاری خوێندکارانی کوردی زانکۆی تەورێز بوو  کە قسەیان لەگەڵ کردووە ئاماژەیەکی کورتی کردووە بەو مەسەلەیە. بەڵام پێم خۆشبوو بزانم لەو قسانەی کە جەنابت لەگەڵت کردووە  لەو بارەیەوە هیچی گوتووە یان نا ؟

ئۆرەمار:  مام مەناف کەریمی یەکێک لەو کەسانە بووە کە لەگەڵ پێشەوا قازیی محەمەد  دا زۆر جار لە موزاکەرات لەگەڵ ڕووسەکان دا  ، لەگەڵ ئازەرییەکاندا  بەشدار بووە

قازی: بەڵێ لەو هەیئەتەی دا کە چوون بۆ  باکۆ ئەو لەگەڵ بووە.

ئۆرەمار: بۆ وێنە لەوێدا باس دەکا  دەڵێ جەعفەر باقرۆڤ بە ئێمەی گوت کە شوعارەکانی ژێکاف  زۆر زۆر گەورەن ئەوە بە ئێمە ناکرێ دەبێتە سەبەبی  ئەوە کە ئێمە و زل هێزەکانی دیکە بێینە بەرانبەر یەکتری. دەوڵەتانی جیران تورکیایە ، عێڕاقە  ئەو شوعارە زۆر زۆر گەورەیە . ناوەکەتان بگۆڕن  بیکەنە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و  داواکارییەکانتان کەمێک سنووردارتر بکەن.

قازی: کاكشار نازانم جەنابت ئەوە دەزانی یان نا کە سەنەدێکی  کۆمەڵەی ژێکاف دەرکەوتووە یانی لەو نامانەی کە عەبدولڕەحمانی  زەبیحی  وەکوو گەڕێنەندەی نیشتمان و بەرپرسی چاپەمەنی ژێکاف  نووسیویە بۆ کۆنسوولی شووڕەوی لە تەورێز  لە جێگایەک پێشنیارێکی ئاوا دەکا جا نازانم ئەو پێشنیارە  لە ڕێبەرایەتی ژێکاف دا موناقەشەی لە سەر کراوە یان نا ؟  دەڵێ " دوای پەرەسەندی کافی کۆمەڵەکەمان ناوچە کوردەکانی سەردەشت، بۆکان، میاندواو، مەهاباد، نەغەدە، شنۆ و ورمێ لە تەشکیلاتی ئیداری حکوومەتی ئێران پاک کردنەوە و بۆ ئەو مەبەستە بە دانی یارمەتی پێویست ئەو هەرێمە ناوی بنرێ کوردستانی ئازاد و لە ئێران و عێڕاق و سووریا و لە کوردەکانی دیکەی عالەم  کابینەیەکی حکوومەتی کاتی پێک بهێندرێ و لەو ناوچانەی لە سەرەوە ناو بردران کار بکرێ بۆ بەڕێوەچوونی پڕێنسیپەکانی ئیداری و ئابووری ئەو حکوومەتە تازەیە بە پێی بەندی ' پێ ' ی مادەی ١٤ هەمی قانوونی بنچینەیی حکوومەتی یەکەتیی شوورەوی مەزن ئەگەر ئەو حکوومەتە کاتییە دامەزرا دەناو یەکەتیی کۆمارەکانی شووڕەوی مەزن دا جێی بکرێتەوە و ئەندامەتییەکەی پەسند بکرێ . بۆ ئازاد کردنی پارچەکان و لایەکانی دیکەی کوردستان حکوومەتی شووڕەوی مەزن ئەو گەڵالەیە پەرە پێ بدا . "  ڕەنگە ئەگەر باقرۆڤ شتێکی ئاوای گوتبێ لە بەر ئەو نامەیە بووبێ.

 ئۆرەمار : مامۆستا ڕاگەیاندنی  کوردستان ، یان پێکهاتنی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان  و جێگرتنەوەی ژێکاف لە لایەن ئەو حیزبەوە. ئەوانە زۆر موناقەشەی لە سەر کراوە. زۆر شتیش بە دڵی ڕایەدارانی حکوومەتی میللیی ئازەربایجان و تەنانەت میر جەعفەر باقرۆڤ نەبووە بەڵام  ئەو کاریزماتیک بوون و سیاسەتی دووربینانەی  پێشەوا قازیی محەمەد – من لەم کتێبەدا باسی ئەوەشم کردووە -  مەسەلەن کەسێک کە ڕێبەری حەڕەکەتێک بێ چۆن دەتوانێ لە کەمترین دەرفەت زۆرترین کەلک بستێنێ .مام مەناف کەریمی  بە دوور و درێژی باسی  هەموو ئەو شتانەی کردووە  و هەمووشی بۆ من نووسیوە ، نووسراوەکەش بە دەستخەتی خۆی لای من هەیە. دەیگوت ئێمە ناچار بووین  و تەنانەت ئیشارەی بەوەش کردووە کاتێ کەوتوونە گوتوبێژ لەگەڵ دەوڵەتی مەرکەزی ئێران  سیستم سیستمێکی شاهەنشاهی بوو، سەلتەنەتی بوو ، ئێمە مەجبوور بووین ستراتێژییەکشمان بگۆڕین. تەنانەت باسی سیستمی ئەیالەتی و ویلایەتی ، ئۆتۆنۆمییەکی  هەرێمیش کراوە لەگەڵ ڕایەدارانی  دەوڵەتی ئێران قەواموسەلتەنە و ئەوانە.

قازی:  بەڵام دەزانی  ئەوە موشکیلەیەکی کوردی یە . بۆ وێنە وەختێک هەیئەتێکی موشتەرەکی کورد و ئازەربایجانی هەستاون چوونە تارانێ  داوخوازێکی ٣٣ مادەییان پێشکێش کردووە دوایە  حکوومەتی ئێران ئەوەی قبووڵ نەکردووە ، مادەکانیان کەم کردووەتەوە بووەتە  ٧ مادە ، ئێمە بەڕاستیش  غەیری ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی  "دونیا " نەبێ  یان تەجروبەی شەخسی سەعید خانی هومایوون کە لەو سەفەرەدا  لەگەڵ بووە یان دوکتور هاشم شیرازی  کە لە تاران بووە هیچمان بە دەستەوە نییە لە سەر موزاکەرەی پێشەوا و قەواموسەلتەنە و نازانین لە سەر چی ئەو موزاکەرەیە کراوە. ناوەرۆکەکەی نازانین.


 ئۆرەمار: ئێستا دەزانی چۆنە  ، ئەمن زۆر حەولم دا بە ڕەحمەت بێ محەمەد قازی و دوکتور هاشم شیرازی  لە ساڵی ١٩٩٣ کە ئەمن چوومە تارانێ  زۆر حەولمان دا کە بچینە مەرکەزی ئەسنادی میللیی ئێران ئەو شتانە  دەر بێنین ئەو ڕۆژنامانەی ئەو سەردەمە ، بە تایبەتی ئەو نیزامیانەی کە لە محاکەمەی پێشەوا قازیی محەمەد دا ئامادە بوون ، ئەوەش بڵێم تەنانەت پارەشمان دا بەڵام پارەکەمان خورا و شتێکیان پێ نەداین . ئەوە لێکۆڵینەوەیەکی زۆر زۆر بەر فرەی پێ دەوێ . ئیتر مامۆستا من لەو کتێبەی خۆم دا ویستوومە  ناسنامەی کۆماری کوردستان ،  ناسیۆنالیزمی کوردی ناسیۆنالیزمێکی ویشک بووە یا ناسیۆنالیزمێکی  بە تۆلەرانس بووە لە ئاست کەمایەتی دیکە  ، تەواو بە پێچەوانەی دەوڵەتی تورکیا یان دەوڵەتی  ئێرانی ئەمڕۆ. داواکارییەکان چ بوون ، دەسکەوتەکان چ بوون، فەرقەکانی ناو کۆماری کوردستان. کاریزماتیک بوونی پێشەوا. یانی مژارەکە زۆر بەر فراوانە.

 قازی : شتێکی دیکەش کە دەکرێ لە درێژەی کارەکان دا لە بەر چاوت بێ دەوری کۆماری کوردستان لە ناوچەکانی باکووری  ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک ناوچەی سەڵماس  و خوێ و ماکۆ . ئەوانە زۆر کەم کاری لە سەر کراوە.

ئۆرەمار: کوردەکان لەوێش تا ئەو مەرزانە یانی ورمێ و سەڵماس  و خۆی بە سنووری کوردستان داندراوە. لە نەخشەی کتێبەکەی ئیگلتن یش دا دیارە . بەڵام ئەوەش بڵێم سنووری کۆماری کوردستان لە ڕووی جوغرافیاییەوە بچووک بوو بەڵام سنووری مەعنەوییەکەی زۆر زۆر بەرفراوان بوو.هەر ئەو وێنەی کە باست کرد لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان دا ئێمە کوردی چوار بەشی کوردستان دەوێدا دەبینین. واتە  کۆماری کوردستان  کۆمارێکی کوردستانی بوو ، هەنگاوێکی  زۆر زۆر بە جەسارەت بوو و یەکیش  وەرچەرخانێکی نوێ بوو کە پاش سەرهەڵدانی  سمکۆی شکاک و شێخ عوبەیدیلای نەهری  حەرەکەتی سیاسی کورد دەربازی قۆناغ و پێواژۆیەکی  نوێتر بوو.

 قازی : ئەمن هیوادارم کە وەخت هەبێ  کە بەرگی  دوەمیش بڵاو بووەوە دیسان بەیەکەوە بەرنامەیەکمان  هەبێ. زۆر زۆر سپاست دەکەم  بۆ بەشداریت لەو بەرنامەیە دا . بینەرانی خۆشەویست بەم شێوەیە  ڕاوێژی ئەمجارەشمان کۆتاییی  پێ دێ. هەر لە ئێستاوە پیرۆزبایی ساڵی تازەی زایینیتان لێ دەکەین و تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لە ساڵی تازە دا ئەم کاتەتان باش  
ئەم بەرنامەیە لە ئێوارەی یەکشەمە  ٢٢-ی دیسامبری ٢٠١٩   بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە ستێرک تیڤی یەوە بڵاو کراوەتەوە. بۆ دیتنی ڤیدێئۆی بەرنامەکە  دەکرێ سەری لاپەڕەی ڕاوێژ بدەن لە فەیس بووک دا یان لە کانالی ڕاوێژ لە یووتیوب دا تەماشای بکەن

یادیگارێن کۆمارا کوردستان ئا سالا ١٩٤٦ان – ١
هەڤپەیڤین –ئانالیز- بیرانین- وێنە و ئارشیڤ –دیتن و نرخاندن
کاكشار ئۆرەمار
وەشانێن سیتاڤ
وان
٦٤٥ لاپەڕە
زمان : کوردیی کورمانجی، ئەلفوبێی بەدرخانی
ISBN 978-605-7920-59-1












No comments: