Saturday, February 29, 2020

پەروەردەی تاک زمانی و کوشتاری زمانە دایکییەکان " بەرنامەی تایبەتی ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی" تلێڤیزیۆنی ئاز نیوز ، گفتوگۆی موحسین ڕەسووڵی لەگەڵ دوکتور ئەمیر کەڵان پسپۆڕی پەروەردەی فرە زمانی و مامۆستا لە زانکۆی تۆرۆنتۆ لە کانادا

  
پەروەردەی تاک زمانی و کوشتاری زمانە دایکییەکان " بەرنامەی تایبەتی ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی"
تلێڤیزیۆنی ئاز نیوز ، گفتوگۆی موحسین ڕەسووڵی لەگەڵ دوکتور ئەمیر کەڵان  پسپۆڕی پەروەردەی فرە زمانی و مامۆستا لە زانکۆی تۆرۆنتۆ لە کانادا 

 جومعە ٢١-ی فێڤرییەی ٢٠٢٠

دابەزاندن و وەرگێڕانی : حەسەن قازی

 سەلام ، ئەمن موحسین ڕەسووڵی م  و لە بەرنامەیەکی دیکەی " آپدیت" دا لە  تێلێڤیزیۆنی  ئازنیوز  بە گفتوگۆ لە سەر ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی  ، سیستمەکانی پەروەردەی فرەزمانی لە خزمەتتان دام. ناسیۆنالیستە ئێرانییەکان بە نکوڵی کردن لە جۆراوجۆری کولتووری و زمانی لە ئێران، بە ئیزن دان بە سیستمی پەروەردەی تاک زمانی ،  دەیان ساڵە خەڕیکی کوشتن و لە ناوبردنی زمانە نافارسییەکانن  بەڵام ئەو جووڵانەوەیەی کە خوێندکارانی بەنگەلادێشی لە ٢١-ی شوباتی  ١٩٥٢ دەستیان پێ کرد  هەر وا بەردەوامە و تەشک و داوێنی بە ساڵانە گەێشتووەتە ئێران. لەو ساڵانەی دوایی دا  شاهیدی چالاکیی بەرىڵاو لە لایەن تێکۆشەرانی ئێتنیکی  بووین  لە پێوەندی لە گەڵ حەقی زمانی و داوخوازی  حەقی پەورەردەی بە زمانی دایکی.کە ئەوەش لەلایەکەوە لەگەڵ بەرتەکی توندی ناسیۆنالیستە ئێرانییەکان و  سەرکوتی حکوومەتی بەرەو ڕوو هاتووە. لەو پێوەندییە دا ئەمڕۆ  ڕێزدار جەنابی  دوکتور ئەمیر کەڵان میوانی تێلێڤیزۆنی ئێن تی ن  ە تا گفتوگۆیەکمان هەبێ لە سەر ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی و مافی پەروەردە بە زمانی دایکی لە ئێران. جەنابی دوکتور ئەمیر کەڵان دوکتورای پەروەردەی فرە زمانی و فرە کولتووری هەیە ، مامۆستای زانکۆی تۆرۆنتۆیە لە کانادا  و لە بواری پەروەردەی فرە زمانی و فرە کولتووری لێکۆڵینەوە دەکا. 

 ڕەسووڵی : جەنابی ئەمیر کەڵان بەخێرهاتنتان دەکەم بۆ ئەم بەرنامەیە  وەک پرسیاری یەکەم ئەگەر دەکرێ لوتف بکە و بە کورتی باسی کورتە مێژووی  ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی بکە .


 دوکتور ئەمیر کەڵان:  تکا دەکەم ، بە سڵاو و دەمباش لە ئێوە و ئازیزانی بینەر،  دۆزی زمانی دایکی  لە درێژەی ڕووداوێک دا کە بە دابەشبووبی هیندووستان بە نێوبانگە  ڕوویدا. جیاکردنەوە هێندوستان پڕۆژەیەک  بوو کە لە دڵی  زنجیرەیەک ئاڵوگۆڕی ئاڵۆزی سیاسییەوە دەهات  کە جێی باس کردنی لەم بەرنامەیە دا نییە بەڵام  هەر چۆنێک بێ لە سەر و بەندێک  دا شێوە ویشکاڕۆی هیند بە دابەشبوونێک  دابەش دەکرێ بە سەر دوو ووڵاتی  هیندووستان و پاکستان دا  . کاتێک ئەوە ڕوودەدا چاوڕاكێشە کە ئەو دوو ووڵاتە  ، دەزانین کە ئاکامی ئەو دابەشبوونە تا ئەمڕۆ بەردەوامە . لە حاڵی حازر دا دەوڵەتێکی ڕاست ئاژۆی تیژپەڕمان هەیە لە هێندوستان  کە هەر وەک ڕابردوو خەریکی لەناوبردنی موسوڵمانانە  و  بەو  ڕووداوانەی ئەو دواییانە کە دە زانین لە  هیندووستان دەقەومن. کە وابوو دابەشبوون دیاردەیەکی  زۆر گرینگ بووە کە بە شێوەی جۆر بەجۆر  لە ناو هیندووستان و لە ناو دنیای دەوروبەری هیندووستان  شوێنی داناوە . کاتێک کە هیندووستان دابەش دەبێ  ، هیندووستان و پاکستان  بە جۆرێک دوو ڕێگای جیاواز وەبەر دەگرن. هیندووستان بە ڕێبەریی گاندی و ژنان وپیاوانی دەور و بەری گاندی ، کاکڵێکی ڕێبەرایەتی جووراوجوور پێک دێنێ و ئەو پیاوان  و ژنانە بڕیار دەدەن بۆ  داهاتووی هیندووستان دەبێ  کۆمەڵێکی عەلمانی  چەند زمانی و چەند کولتوورییان هەبێ . کە وابێ هەر لە دەسپێکی پێکهاتنی کاکلی ناوەندیی سیاسی لە هیندووستان لە دوای  دابەشبوون ، هێندووستانییەکان تەکلیفی خۆیان لەگەڵ زمانەکان و کولتوورە جیاوازەکان دیار دەکەن  و بە دووی کۆمەڵێکی جواروجوور دا دەچن. پاکستانییەکان تەواو بە پێچەوانەی ڕێگایەکی ئەوتۆ دا دەڕۆن.  هەر وەک دەزانن لە جێدا ناوی پاکستان  لە بەر پڕۆژەی پیوریفیکەیشن یان  خالیس سازی  هاتە گۆڕێ  . واتە ئەو پاک بوونە یانی ووڵاتێکە ئی پاکەکانە  و ناپاکەکان دەبێ لێی جیا ببنەوە . بەداخەوە  ڕوانگە و بۆچوونێکی ئەوتۆ هەمیشە زیاتر و زیاتر بەرەو پێش دەچێ  و ئەو جۆرە پاککردنەوەیە کاتێک ئێوە دەست دەدەنە تیغ  و لە گرووپێکی دەدەن لە نوختەیەک دا  ناگاتە دوایی و هەر وا درێژە پەیدا دەکا  و دەزانین کە هەتا ئەمرۆش  هەر وا بەردەوامە.  ئەو جۆرە پاککردنەوەیە لە سەرەتای دابەشبوونەوە دەست پێ دەکا.  یانی پاکستان کە ئەو دەمی بریتی بوو لە پاکستانی ڕۆژئاوا واتە پاکستانی ئەمڕۆ   و  ڕۆژهەڵاتی کە ووڵاتی بەنگالادێشی ئەمڕۆ بووە  ، بە خێرایی لێک هەڵدەبڕێ. فکر ئەوە بوو کە ووڵاتی بەنگلادیش و وڵاتی پاکستان کە  خەڵکیان هەموو موسوڵمانن  دەتوانن ووڵاتێکی تاقانە پێک بێنن  . بەداخەوە محەمە عەلی جیناح هەڵەیەکی مێژوویی زۆر گەورەی کرد و ڕای گەیاند کە ' ئۆردوو ' تەنیا زمانی پاکستانی گەورە دەبێ ، ئەوە هەڵەیەکی لێکدانەوە بوو ، لەبەر ئەوەی کە خەڵکی بەنگلادیش بڕیاریان دا کە ناسێنەی کولتووریان ڕاستە کە دینەکەشیان دەگرێتەوە  ، زۆر  گەورەترە لە مەزهەبەکەیان  و ئامادە سازی بۆ زنجیرەیەک خۆپێشاندان دەستی پێ کرد لە  بەنگلادێش و لە زانکۆی داکا  بە دەست هێزە نیزامییەکان، لە بەر ئەوەی کە ئێمە دەزانین هێزە نیزامییەکان  دەسەڵاتی نیزامی و دەسەڵاتی سیاسی  لە پاکستان ، لە ڕۆژئاوای پاکستان  بوو. هێزە نیزامییەکان ڕا دەگەیێنن کە ئەو ئیعترازانە  قەدەغە دەبن  ، بەڵام خوێندکارانی زانکۆی داکا ، مامۆستایان و ڕووناکبیران  ڕژانە خیابانەکان ، بە داخەوە لە ڕۆژی ٢١یەکی فێڤرییە  ژمارەیەک لەو خوێندکارانە کووژران و گیانیان بەخت کرد . بەڵام ئەو ڕۆژەوە بووە هۆی  ئەوەی کە زمانی بەنگاڵادێشی ، لە ڕاستیدا زمانی بەنگالی  درێژە بە  ژیانی خۆی بدا . دواتر ئەو ڕووداوە تەقریبەن هاوکات بوو  لەگەڵ ووشیاری زیاتری ووڵاتە ڕۆژئاواییەکان  سەبارەت بە پێشینەی کۆلۆنیالی خۆیان . ئێمە خەریک بوو دەهاتینە ناو سەروبەندی دوای شەڕی دووەمی جیهانی ، لە تراژێدییەکی وەک هۆلۆکۆست تێ پەڕیبووین. ووڵاتە ڕۆژئاواییەکان کەم کەم خەریک بوون  لە خەوی ئیستیعماری خۆیان ڕادەپەڕین و لە فکری ئەو جەمعییەتانە دا بوون کە بە بیانووی جۆربەجۆر سەرکوتیان کرد بوون  ، وەک جەمععیەتی بوومی ، یان ئەبۆرجیناڵی  دانیشتووی ئەمریکای باکووری  ، دانیشتووی ئاوسترالیا  و بە شێوەی گشتی دەغدەغەیەک هاتە پێشێ بۆ  پاراستنی ئەو جۆرە کولتوورانە ، ئەو هاوزەمانییە بووە هۆی ئەوە کە  یونێسکۆ  و کۆڕی نەتەوە یەکگرتووەکان  فکر لەوە بکەنەوە کە پێویستیان بە  ڕۆژێکە بۆ ڕێزلێنان لە زمانی دایکی  و ئەو ڕۆژەیان هەڵبژارد. هەڵبەت ئەو ڕۆژە ڕۆژێکی زۆر تایبەتیش بوو  . ئێمە لە مێژوو دا کەممان هەبووە ڕۆژێک کە  بزووتنەوەیەک لە پێناو زمانی دایکی دا بەو شێوەیە   فرچک بگرێ  کە خەڵک ئامادە بن گیانی خۆیان لە پێناو زمانی دایکییان بەخت بکەن. ئەوە کورتە مێژوویەک بوو سەبارەت بە ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی  و من حەولم دا کورتە مێژوویەکە بەشێوەیەک بگێڕمەوە کە  دیسان لە قالبی هیندووستان دا بیبینین ، لە قالبی  شێوە ویشکاڕۆی هێندووستان  و لەو لاشەوە  بزانین کە ڕۆژئاواییەکانیش  کە ئەو ڕۆژەیان بە ڕەسمییەت ناسیوە  لە دڵی دنیای کۆلۆنیالی خۆیانەوە دەهاتنە دەرێ  و جۆرەیک پەشیوانیان دەردەبڕی سەبارەت بە ئەو کار و کریارانەی  کە لە ئاست جەمعییەتەکانی ئەبۆرجیناڵ و هەر وەها ئەو ئێتنیسیتەیانەی کە بەکەمایەتی داندراون کرد بوویان.

 ڕەسووڵی:  زۆر سپاس بۆ شی کردنەوە زۆر باشەکانتان . بە شێوەی گشتی چ ڕووداوێک ڕوودەدا کە  پەروەردە بە زمانی دایکی و مافگەلی زمانی  جێگایەکی تایبەتی هەیە لە پەیماننامە ناونەتەوەییەکان، لە  بەیاننامەی مافی مرۆڤ ،  لە ڕاگەیێندراوەکانی یونێسکۆ دا . لەو پەروەدە بە زمانی دایکی دا چ شتێک هەیە کە بوونی یان نەبوونی ئەو هەمووە سەرنجەی دەدرێتێ؟

کەڵان :  ئەوە پرسیارێکی زۆر سەرنجڕاکێشە چونکە  ئەوە گرینگە کە ئێمە لە ڕێشەکانی ئەو سەرنجدانە لە ڕٶژئاوا تێ بگەین . ئەمن لە کتێبەکەی خۆم دا  " چ کەسێك لە پەروەردە بە چەند زمان دەترسێ ؟  "  هێندێک لەو بارەیەوە دواوم.  لە ڕاستیدا لە ڕۆژئاوا  ئەو سەرنجدانە بە زمانی دایکی یان سیستمەکانی پەروەردەی چەند زمانی لە سەر تەوەرەی زمانی دایکی  لە دوای شەڕی  دووەمی جیهانی هەر وەک ئەوەی کە ئێستا خەریک بووم شیم دەکردەوە  ، دوای رووداوی وەک هۆلۆکۆست  ڕوو دەدا. یانی دە ڕاستیدا کۆمەڵی کۆلۆنیالی ڕۆژئاوا  دەگاتە نوختەیەک  کە ئەو جۆرە جێنۆسایدە  کولتوورییە  و هەر وەها لە جێدا جێنۆسایدی  ڕەگەزی کە لە سەرتاسەری دنیا  لە ئەمریکای باکوورییەوە تا ئەفریقا  تا ئاوسترالیا . ئەو جۆرە جێنۆسایدە کولتووری و جێنۆسایدە ئینسانییانە  ، یان جینۆسایدی زمانی بە جۆرێک  دەگەڕێتەوە ماڵی ڕۆژئاوای کۆلۆنیاڵ یان ئوڕووپا.  لە ڕاستیدا قەومانی هۆلۆکاست  جۆرەیەک گەڕانەوەی توندوتێژی و زەبروزەنگە بۆ ناو جەرگی ئوڕووپا بوو  . ئەو ڕووداوە و کۆتایی هاتنی شەڕی دووەمی جیهانی دەسەڵات  جۆریەک خۆی نزیک دەکاتەوە ئالقەکانی  مرۆڤ دۆستتری ڕۆژئاوا  بەلانی کەمەوە لە ڕواڵەت دا  و فەزایەک پێک دێ  بۆ ئەو کەسانەی کە هۆگرییەکی زیاتریان تێدا بوو  بۆ ئاقڵانە جووڵانەوە  و ژیان بە پێی قانوون و  ژیان بە پێی یەکسانییە کۆمەڵایەتییەکان و یەکسانییە سیاسییەکان تێپەڕ کردن . لێرە دا فەزایەکی زۆر باش دێتە وجوود بۆ ئەوەی زنجیرەیەک بزووتنەوەی بەرگری لە مافی مرۆڤ پەیدا بێ . ئێمە پەیماننامە ناونەتەوەییەکان دەبینین، ڕێکخراوەیەک وەک یونیسێف پێک دێ ، ئەوە دەرفەتێکی مێژوویی بوو کە لە ڕۆئاوا هاتە گۆڕێ  [ چەندین ڕستە قەید نەکراوە ... ]
ماوەیەکی درێز بووە بۆ وێنە لە بەستێنی کانادا دا ،  ئەو پڕۆسەیە لە دوای شەڕی جیهانی دەست پێ دەکا ، ئەمن لەو بارەیەوە زۆرم قسە کردووە و لە کتێبەکەشم دا نووسیومە یەکێک لە گیرو گرفتەکانی بواری پەورەردە لە کانادا بریتی بووە لە هێندێک خوێندنگەی وەک خوێندنگەی لێ ماونەوە کە بە هاتنی کۆلۆنیالیستەکانی فەڕانسەیی و ئینگلیسی و یارمەتییەکانی کلیسای کاتۆلێک هێندێک خوێندنگە داییر دەکرێن لە کانادا کە هەڵبەت دەوڵەتی کانادا خەرج و مخاریجی ئەو خوێندنگەیانەی داوە . لەو خوێندنگەیانە دا منداڵانی خەڵکی ئابۆریجینال ، خەڵکیی جێییان بە تۆبزی لە بنەماڵەکانیان جوێ دەکردەوە و بە زۆر لەو خوێندنگەیانە دا ڕایان دەگرتن. ئەوە زۆر تڕاژیکە دوای ئەو ئالوگۆڕانەی شەڕی جیهانی کە خەریکین قسەیان لێوە دەکەین دوایین خوێندنگەی residential school لە ساڵی ١٩٩٦ داخراوەکە ئەو تاریخە زۆر لە ئێمە نزیکە. کە واتە ئەوە پرۆسەیەکی دەرمان کردن و ژیانەوەی دوورودرێژ بووە و ئەو پێواژۆیە هەر بەردەوامە . 

             
 ڕەسووڵی : سپاس ، لە قسەکانتان دا  ئاماژەتان پێ کرد کە پەروەردەی زمانی دایکی  ، مافی زمانی و سیستمگەلی پەروەردەی فرە زمانی  بنکەی ڕۆژئاواییان هەیە .  و ووڵاتە کۆلۆنیالیستەکان لە دوای  شەڕی جیهانی ئەو فکریان بۆ هاتە پێش  ئاوڕێک لەو دۆزە بدنەوە. ئەو دۆزە بۆ ئێمە کە لە ڕۆژهەڵاتین  ، کە حوکمێکی کۆلۆنالیستیمان لە سەر  نەبووە ، پێوەندییەک لەگەڵ ئێمە ڕایەڵ دەکا ؟ یانی بۆ ئێمە لە بارە؟ یان لە جێدا ئەو فکرە لە ڕۆژهەڵات هەبووە یان لەمەڕ  ڕۆژئاوایە ؟

 ئەمیر کەڵان:  ئەمە پرسیارێکی زۆر گرینگە . ئەمن ووڵامی ئەم پرسیارە بە یەکێک لە ووتەکانی  خانم تووڤێ سکووتناب – کانگاس دەست پێ دەکەم یەکێك لەو کەسانەی  کە لە ڕۆژئاوا بواری پەروەردەی فرە زمانی و مافی مرۆڤی زمانی دامەزراند  . لە پانێلی کۆنفڕانسێک دا کە بۆ من جێی شانازی بوو لە تەنیشتی دانیشم  بەڕێزیان بەو قسەی دەستی پێ کرد ، بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین بە دروستی لە پەروەردەی فرە زمانی  و فرە کولتووری تێ بگەین  دەبێ لە پسپۆڕانی ڕۆژهەڵاتی فێر بین  .  ڕۆژئاوا لە دوای ئەو سەروبەندەی کە باسم کرد کە بووە هۆی وەخەبەر هاتنی  و تێگەیشتنی لەوەی کە بۆچوون و نزیک بوونەوەی لە مەڕ  پەروەردە دروست نەبووە  گۆیا تازە خەریکە لەوە تێ دەگا کە  لە ڕۆژهەڵات شارستانییەتی ئەوتۆ هەبوون کە بە درێژایی  هەزاران ساڵ بە شێوەیەکی زۆر ئۆرگانیک و تەبیعی  تێوەگلاو بوون لە پەروەردەی فرە زمانی و فرە کولتووری دا . ئەو پرسیارەی کە ئێوە دەیکەن یەکێک لە دەغدەغەکانی  منیش بووە. ئەوە زۆر گرینگە بزانین گەلێک لەو چەمکانەی کە ئێمە دەکاریان دەکەین  چەمکی ئەوتۆن کە لە دەڵی ڕۆژئاوای کۆلۆنیالیستی دا هاتوونەتە دەرێ و ساز بوون . هێندێک لەو چەمکانە زۆر باش دەکرێن لە بەستێنی  ئێمە دا ووڵامدەر بن، هێندێکیان دەکرێ چ ووڵامێکیان بۆ ئێمە پێ نەبێ. ئێمە دەبێ  زۆر ووشیار بین بۆ ئەوەی بزانین بە چ شێوەیەک ئەو جۆرە  چەمکانە هەڵدەگەڕێنینەوە  و ئەو چەمکانەی کە دەیانهێنین بۆ ناو بەستێنی خۆمان  ئایا بە ڕاستی دەگونجێن یان نا ؟ بۆیەشە من – ئەوە کاری من خۆم نییە – بەڵام لە لێکۆڵینەوەکانم دا  لە مەڕ پەروەردەی فرە زمانی  حەولم دا سێلەی چاوم بخەمە سەر ئەو تیورییانەی  کە لە ڕۆژهەڵات هەن سەبارەت بەو بابەتە. ئەگەر بمانەوێ لە مەڵبەندی خۆمان و لە فەلاتی ئێرانەوە دەست پێ بکەین  ڕەنگە بەنرخترین نموونەی کە هەمانە ئەبووعەلی سینا بێ  .  ئەبوو عەلی سینا فەلسەفەیەکی بە ڕێژە هەموولایەنەی  پەروەردەی هەیە ، کە تێیدا دێ  جۆرە سیستمێکی پەروەردە  بە پێی تەمەن و جینسییەتی شاگردان دادەمەزرێنێ ئەمن ناچمە ناو ووردە ریشاڵی فەلسەفەی پەروەردەی ئەبووعەلی سینا  ، بەڵام دوو نوختەی تێدایە کە لە پەروەردەی فرە زمانی دا یارمەتییەکی زۆر بە ئێمە دەکا.  یەکیان ئەوەیە کە  لە جێدا ڕوانگەی ئێرانی لەمەڕ پەروەردە هەر ئەو جۆرەی لە فەلسەفەی پەروەردەی ئەبوو عەلی سینا دا هەمانە  کە پەروەردە لە دوو ئاستی زەین و روح دا دەبینێ  ، دیدی ئێرانی هەمیشە ڕوانگەیەکی  هەموولایەی لەمەر پەروەردە هەبووە  . باری تێکنیکی و فەننی پەروەردەی دیتووە  یانی لەو باوەڕە دابووە کە گرینگە  ، بەڵام لە هەمان کاتدا جۆرە باوەڕییەکیشی بە بارهێنان هەبووە ، بە شتێکی گەورەتر لە دۆزی فەننی. ئەو بارهێنانە و ئەو ڕوحەی کە ئەبووعەلی سینا قسەی لێوە دەکا لە لایەن هێندێک لە لێکۆلەرەوانەوە تەعبیر کراوە  لەوانە ستیڤ بەحری  یەکێک لە دۆستانی من کە لە زەمینە پەروەردەی فرە زمانی کار  دەکا لە ئاسیای ناوەڕاست . ئەو جۆرە پێداگری لە سەر پەروەردەی تێکنیکی و  بارهێنانی گشتی و  هەموولایانەی شاگردان  ، ئەو تەعبیرەی کە ستیڤ بەحری لەوەی دەکا دەڵێ ئەبووعەلی سینا  لە راستیدا باسی ناسێنەی قوتابیان دەکا ، ئەو بارهێنانەی کە قسەی لێوە دەکا مەبەستی ناسێنەیە. دەزانین کە زۆر لە باسەکانی لەمەڕ پەروەردەی فرە زمانی دەگەڕێنەوە سەر  مەسەلەی ناسێنەی فێرخوازان. کە وابوو بە جۆرێک ئەبوو عەلی سینا و فەلسەفەی ئیرانی  ئەو جێیە بۆ ئێمە دەکاتەوە  .  نوختەیەکی سەرنجڕاکیشی کە لە مۆدێلی  پەروەردەیی ئەبوعلی سینا دا هەیە ئەوەیە کە ئەبوعەلی سینا بە پێی ئەو مۆدێلەی کە سازی دەکا  لە کۆمەڵێک دا کە زمانی عەڕەبی زمانی سەردەستی وییە ، دەزانین کە ئەبووعەلی سینا خۆی بە عەڕەبی دەینووسی  بە تەواوی بەوەی زانیوە کە ئەگەر مرۆڤ  ویستبای زانایەک یان عالمێکی ئەو سەروبەندی با دەبوو زمانی عەڕەبی بە باشی بزانێ . ئەبوو عەلی سینا دای دەگرێتەوە کاتێک منداڵان دەچنە ناو  بەشی دووەمی پەروەردەی خۆیانەوە کە بۆ ئەبوو عەلی سینا  تەمەنی شەش ساڵانە لەو کاتەوەیە کە بە تەنیشت زانستەکانی دیکەوە  ماتێماتیکس و ئەو شتانەی دیکەی کە ئەو باسیان دەکا باوەڕی وایە کە منداڵان دەبێ بە سوێوە  بە شێعر ڕابێن . تەعبیری کەسانی وەک ستیڤ بەحری کە  پسپۆرییان – لە بەر ئەوەی کە ئەبوو عەلی سینا لە ڕاستیدا تاجیکێکە -  ئاسیای ناوەندی یە ، پسپۆڕایەتی ستیڤ بەحری ئاسیای ناوەندی یە  ،  تەعبیری کەسانی وەک ستیڤ بەحری ئەوەیە کە  ئەبوو عەلی سینا دە ڕاستیدا خەریکە باسی  جۆرەیەک لە پەروەردە بە زمانی دایکی دەکا  . یانی قسەیەکی کە دەیکا بۆ  فارسی زمانان ئەوەیە کە  کە زمانی سەردەست عەڕەبییە و ئەوە ئێمە خەریکین کاری پێ دەکەین  ، پێی دەژین و پێی دەنووسین  ، بەڵام منداڵانی ئێمە دەبێ لەگەڵ زمانی فارسی و شێعری فارسیش ڕابێن. لە ڕاستیدا ئەبووعەلی سینا خەرێکە نموویەکی  پەروەردەیەکی فرە زمانی بە ئێمە دەناسێنێ . ئەمن ئەگەر کاتم هەبێ پێم خۆشە باسی ڕووداوێک بکەم کە چەند سەدە دواتر لە ئەبووعلی سینا لە ئیمپراتۆری مووگال دەقەومێ . هەر وەک دەزانین پێوەندییەکی زۆر پتەو هەیە  لە نێوان شارستانییەتی ئێرانی  یان شارستانییەتەکانی ناو فەلاتی ئێران  و شێوە ویشکاڕۆی هیند.   یەکێک لە گرینگترین نوختەکانی ئەو پێوەندییە  لە سەردەمی ئیمپراتۆری مووگال بە خۆدا دێ و دەر دەکەوێ.   لە ڕاستیدا گرووپێک یان ، خێڵێک لە ئاسیای ناوەندی  یەوە یانی ئەو شوێنەی کە ئەمڕۆکە ئەفغانستانە  دەجووڵێن و بناغەی ئیمپراتۆرییەک لە هیند دادەڕێژن  کە زمانی ئەو ئیمپراتۆرییە زمانی فارسی بووە.  ئەو کەسانەی کە ئیمپراتۆری مووگال ساز دەکەن  دەزانین کە پێشینەی خۆیان تورک و مەغوول بووە. ئەوانە کەسانێک بوون کە هاتبوونە ناو فەلاتی ئێران و  دوایە دەجووڵێن و دەچن بەرەو شێوە ویشکاڕۆی هیند و زمانی فارسی لەگەڵ خۆیان دەبەن بۆ شێوە ویشکاڕۆی هیند ، هەر ئەو جۆرەی کە لە فەلاتی ئێران زمانی فارسییان کرد بووە زمانی دیوانی و زمانی دەوڵەت ، زمانی  فارسی دەبنە هیند وزمانی فارسی دەبێتە زمانی دەوڵەت یان دیوانی لە هیندووستان یان لە بەشێکی گەورە لە هیندووستان و پاکستانی ئەمڕۆ.
ئەوە سەرنجڕاکێشە کە یەکێک لە باشترین نموونەکانی پەروەردەی دژی دووچاوکی ، پەروەردەی چەند کولتووری، و پەروەردەی فرە زمانی مان هەیە  لە سەردەمی مووگال لە هیندووستان لە لایەن ئەو تاکوتەرایانەوە بە دەکار کردنی زمانی فارسی وەکوو زمانی ڕەسمی. ئەو ئیمپراتۆرییە پادشایەکی هەبوو بە ناوی ئەکبەر ، دەکرێ بڵێین ئەکبەر بناغەی پەروەردەی مۆدێڕنی تەنانەت لەدنیا بەو شێوە سیستمە دادەنێ. ئەوە زۆر سەرنجڕاکێشە کە ئەکبەر تەنانەت سەبارەت بە بەرنامەی دەرسی وەکوو شەخس نەزری خۆی دەردەبڕی بە ڕاوێژ لەگەڵ ئەو وەزیرانەی کە لە پەروەردەیان دەزانی و یارمەتییان دەدا و ئەکبەر پێداگری دەکا کە لە هیندووستان ئێمە پێداویستیمان بە پەروەردەی فرە زمانییە . لە پەروەردەی فرە زمانی لە ئیمپراتۆری مووگال دا کە ئەکبەر دایدەمەزرێنێ ، هەموو قوتابیان کاتێک کە دەستیان بە خوێندن دەکرد، بە زمانە دایکییەکانی خۆیان دەستیان دەکرد بە خوێندن و پەروەردە، زمانی فارسی وەکوو زمانی ڕەسمی وەکوو بژاردەیەک لە دوای ئەوەی کە لێکۆلەرەوانی هیندی پێی دەڵێن خوێندنی سەرەتایی ، دەخوێندرا. کە وا بوو بە جۆرێک ئەو پێوەندییە لەگەڵ فەلاتی ئێران ، زۆر سەرنجڕاکێشە کە ئێمە ئەو کەسانەی کە لە کولتووری فەلاتی ئێران بە جوورێک خۆراکی کولتووریان خواردووە ، پەروەردەیەکی فرە زمانی زۆر دەوڵەمەند لە ناو فەلاتی هیند دا ساز دەکەن . کە وابوو نموونە مێژووییەکان و سەرچاوە تیوریکەکان لە مەڵبەندی ڕۆژهەڵات و  لە ناو ئێمە خۆمان گەلێک زۆرە و تەنێ ئێمە ئەوانەمان زەق نەکردوونەوە.
لەبەر ئەوەی کە ئێرانییەکان حەزیان لە شێعرە، زۆر سەیرە کە ئێمە لە دەقی دووزمانەی حافز ، دەقە فارسییە عەڕەبییەکانی حافز هەموو ڕۆژێ خەریکین دەیانخوێنینەوە و چێژیان لێ وەردەگرین و سەرنج نادەیەن کە چەندە تەبیعی بووە کە شاعیرەکانمان بە دوو زمان بنووسن و ئەوە زۆر جێگای داخە کە ئێمە لە شێعری مۆدێرنمان دا جووڵەیەکی سەرسووڕهێنەرمان هەبووە بەرەو فارسی نووسین ، دە کاتێکدا ئێمە دەمانتوانی باشترین نموونەی شێعری فرە زمانەمان هەبێ. وەکوو دوایین قسە لە ووڵامی ئەم پرسیارەتان دا دەبێ ئاماژەی پێ بکەم تەنانەت لە  ' شانامە ' ش دا ئێمە ئاماژە دەبین بە پەروەردەی فرە زمانی  کاتێک کە فیردەوسی باسی فرە زمانێتی تەهموورێس دەکا ، ئەمن ئەوە لە ڕووی دەقەکەوە دەخوێنمەوە بۆ ئەوەی هەڵە نەکەم. فیردەوسی دەنووسێ کە:  '  نوشتن بە خسرو بیاموختند / دلش را بە دانش برافروختند/ نوشتن یکی نە کە نزدیک سی /  چە رومی ، چە تازی و چە پارسی /  چە سغدی ، چە چینی و چە پهلوی / زهر گونەای کان همی بشنوی ' ( نووسینیان فێری خوسرەو [ شا] کرد ، دڵیان بە ئاگری زانست هەڵکرد، نووسین   هەر بە یەک نا بەلکوو نزیک بە سی ، چ ڕۆمی ، چ عەڕەبی ، چ فارسی ، چ سوغدی. چ چینی و چ پەهلەوی ، لە هەر جۆرێک کە بکرێ ناوی ببیسی). کە وا بوو بۆ فیردەوسی تەنانەت ئەوە پێوەرێکە کە پیاوێکی دەوڵەت هەتا سی زمان فێر بێ و ئەوە سەرنجڕاکێشە کە دای دەگرێتەوە کە هەر زمانێکی کە لە دەورو بەری خۆت دەبیسی دەتوانێ بەشێک بێ لە پەروەردەی تۆ. هەر وەک گوتم ئەوە پسپۆڕایەتی من نییە ، ببورن ئەگەر هەڵەیکم کرد بێ ، داوای لێ بوردن دەکەم ، دڵنیام کە دۆستان لەو بارەیەوە زۆر کار دەکەن. بەڵام بە دەم لێکۆڵینەوەکانم بە پێی ئەو پرسیارەی کە ئێوە کردتان ، هەمیشە ئەو پرسیارەم هەبووە کە ئێمە کامە سەرچاوەی تیۆریکیمان هەیە  کە دەتوانێ یارمەتیمان بدا. وا وەبەر چاو دا بەو خوێندەوارییە کەمەی کە من هەمە گەلێک شت دەکرێ پەیدا بکرێ کە وابوو  ڕێگای زۆر هەن کە ئێمە پێیان دا بچین و ئەو تیوریانە بدۆزینەوە و بەروەردەی فرە زمانی و فرە کولتووری کە لە حاڵی حازر دا بە دوویەوەین ئەوە لە سەر بنەمایەی ئەو تیەیانە هەڵنێین .

ڕەسووڵی : زۆر سپاس بۆ شیکردنەوە باشەکانتان . ئەو قسانەی کە کردتان من تائێستا نەم بیستبوو ، بە ڕاستیش قسەی نوێ بوون هیوا دارم کە بینەرانی ئێمەش کەلکیان لێ وەربگرن. لەو بەشە دا من پرسیاری کورت دەکەم و ووڵامی کورتیشم دەوێ . چون بابەتگەلی ئەوتۆن کە زۆرکەس لەگەڵیان بەرەو روو دەبن، ئەو جۆرە  ئیرادانەن کە لە سیستمی پەروەردەی فرە زمانی دەگرن . ئەمن دەمەوێ هەر وا خێرا بە سەرخەتەکانیان دا بێینەوە. ئایا سیستمی پەروەردەی فرە زمانی تۆبزی و ئیجبارییە ؟ ئایا بۆ وێنە ئەگەر ئەو سیستمە پەروەردەییەی فارسی و تورکی بەڕێوە چوو ، منداڵە تورکەکان کە لە ئازەربایجانن و تورکن بە ئیجبار دەبێ بچنە خوێندنگە  دوو زمانییەکانی تورکی – فارسی؟
کەڵان: لە مۆدێلێک دا کە لە تەسەوری من دا هەیە ، هیچ جۆرە سیستمێکی پەروەردەیی نابێ ئیجباری و تۆبزی بێ. بەڵام واقعییەتی بابەتەکە ئەوەیە کە باشترین سیستمی پەروەردەی فرە زمانی ئەو سیستمانەن  کە ئەو تاکوتەرایانەی کە لە ناوچەی جوغرافیایی خۆیان دان سەبارەت بەوان بڕیار دەدەن. ئەوە زۆر تەبیعییە کە بۆ وێنە ئەگەر لە مەلبەندێکی جوغرافیایی دا  بێین  وای دابنێن بۆ وێنە لە ئازەربایجانی ئێران یان کوردستانی ئێران یان بەلووچستان لەوانەیە کە دەستەی بەڕێوەبەرایەتی خوێندن ی ئەوتۆ پێک بێ ئەو دەستە بەڕێوەبەرایەتییانە بڕیار بدەن ئەو کەسانەی کە لەو ناوچەیە دا دەژین دەبێ حەتمەن زمانی تورکی فێر بن لە خوێندنگە. کە وا بوو ئەو بڕیارە دواجار لە ئەستۆی ئەو بەڕێوبەرایەتییانەی خوێندنە . بەڵام زۆرێک نموونە سەرکەوتووەکانی پەروەردەی فرە زمانی ئەو نموونانەن کە خاوەن ئینعیتاف و نەرمین . بە تایبەتی لە دەسپێکی ئەو جوورە مۆدێلە دا . کاتێک ئەمن ئەوە لەمەر ئێران تەسەور دەکەم  بە باوەڕی  من دەبێ  ئەو سیستمی پەروەردەی فرە زمانی  بەجۆرێک بێ کە بە دەستبژێر کردن دەست پێ بکا و دەبێ بە نموونەی پچووکترەوە دەست پێ بکا. بۆ وێنە ئەگەر بمانەوێ لە چوارچێوە و بەستێنی ئازەربایجان دا بیبینین بە باوەڕی من سیستمی ئیدێئال بۆ دەست پێ کردنی ئەو سیستمە فرە زمانییە تا ئێمە بتوانین فێر بین و بزانین کە ئەزموونمان لەوە چۆن دەبێ،ئاوا دەبێ کە ئێوە خوێندنگەکانتان تەواو بە فارسی دەبێ و خوێندنگەی تەواو تورکی و خوێندنگەی وەرگرتنی پەروەردەی دوو زمانە.  لە خوێندنگە دوو زمانەیەکانیشدا دیسان مرۆڤ دەتوانێ سیستمی جۆر بە جۆری هەبێ . بەڵام بۆ دەسپێک بە دڵنیاییەوە دەبێ ئەو دەستبژڕییە هەبێ ، چونکە ئێمە بۆ پێشگرتن لە هەڵە پێداویستیمان بەوەیە فەزایەک ساز بکەین  بۆ بنەماڵەی شاگردەکان ، بۆ شاگردەکان خۆیان ، بۆ فێرکار و مامۆستاکان ، بۆ توێژەران ، بۆ سیاسەتدارێژان کە بتوانن باشترین بڕیار بدەن.  کە وا بوو بە ئیحتیمال هیچ تۆبزی و ئیجبارێک لە گۆڕێ دا نابێ.

ڕەسووڵی: سپاستان دەکەم . ئەو سیستمە ئایا نوسخەیەکی جیهانی هەیە ، یان هەر  ووڵاتێک بە پێی هەلومەرجی خۆی دایبەزاندووە ؟

کەڵان: ئەوەش دیسان لە نوختە گرینگەکانە. پەروەردەی فرە زمانی بەلانی کەمەوە بەو کەمپەی کە من پێوەی گرێدراوم و ئەو لێکۆلەرەوە و توێژەرانەی کە من کاریان لەگەڵ دەکەم ، ئێمە بە توندی باوەڕمان بە چوارچێوە و بەستێن و زەمینەی هاتنە وجوودی ئەو سیستمانەیە. زۆر دەبینین کە دۆستان هەر دەپرسن  و دەڵێن ئەتۆ لە سەر سیستمی پەروەردەی فرە زمانی قسە دەکەی و سەبارەت بە نموونەی جۆر بەجۆری جیهانی قسە دەکەی بەڵام ئێمە دەبێ لە ئێران چ بکەین؟ ووڵامی من بە ئاسایی ئەوەیە کە من ئەو کەسە نیم کە بتوانم ئەو ووڵامە بدەمەوە. ئەو ووڵامە دەبێ دەستەیەک لە مامۆستا و فێرکار کە لە مەیدان دان و لە ئێران کار دەکەن بیدەنەوە، باوک و دایکان دەبێ ئەو ووڵامە بدەنەوە ، سیاسەتداڕێژان دەبێ ووڵام بدەنەوە ، ئەو لێکۆلەرەوانەی کە دەتوانن کاری مەیدانی بکەن ئەوان دەبێ ووڵام بدەنەوە. جا بۆیە ئەمن هەمیشە دایدەگرمەوە کە یەکەم هەنگاومان دەبێ ئەوە بێ کە ئەو حەقە بستێنین ، کاتێک کە حەقەکەمان وەرگرت ، دەست بکەین بە زنجیرەیەک لە گەنگەشە و قسەلێوە کردن لە ناو لێکۆلەرەوان ، فێرکاران و بنەماڵەکاندا و لە دڵ و هەناوی ئەو گەنگاش و موناقەشانە ڕایە کە مۆدێلەکە دێتە وجوود. هەڵبەت ئێمەمانان نزیکەی دەیان ساڵە و هەر وەک کە ئێستا باسمان کرد ڕەنگە هەزاران ئەزموونی پەروەردەی فرە زمانی و فرە کولتووریمان هەبێ، هەر وەک کە گوتم دەبینین کە سیستمی ئەکبەر لە ئیمپراتۆری مووگال دا بە تەواوی لەگەڵ لێکۆڵینە نوێیەکانیش دا دەگونجێ کە منداڵان دەبێ دەسپێکی پەروەردەیان بە زمانی دایکی بێ و دوایە بێنە ناو پێواژۆی فێر بوونی زمانی ناوگر . کە وابوو لێکۆڵینەوە هەن بەڵام لە مەڕ مۆدێلی کۆتایی کۆمەڵگەکان دەبێ خۆیان بڕێار بدەن ، هەر بۆیەش بگەڕێمەوە سەر پرسیاری یەکەمت باشترین دۆخ ئەوەیە کە ئێمە بە مۆدێلێکی گەلێک نەرم و مونعەتیف دەست پێ بکەین ، بزانین کە توێژنەوەکەمان چ نیشان دەدا ، مامۆستا و فێرکارەکانمان دەڵێن چی و منداڵەکانمان چ ووڵامێک دەدەنەوە  و کەمکەم ئەو سیستمەی کە دڵ دەیەوێ بێنینە وجوود. 

ڕەسووڵی: پرسیارێکی کە زۆر دەکرێ ئەوەیە دەڵێن ئەگەر بێتوو بۆ وێنە بەلووچەکان بە زمانی بەلووچی دەرس بخوێنن ، کوردەکان بە کوردی ، تورکەکان بە تورکی، عەڕەبەکان بە عەڕەبی . ئەوە چۆن دەبێ سبەینێ ئەگەر کوردێک بییەوێ بچێتە بەلووچستان کار بکا ، یان تورکێک بییەوێ لە خووزستان کار بکا  چۆن دەکرێ لەگەڵ خەڵکی ئەو بەشە قسە بکا ، یان ئەگەر ئەو خەڵکانە بێنە تارانێ بە چ شێوەیەک دەتوانن  بچن  لە زانکۆ بخوێنن یان بچنە ناو مەڵبەندی کار. لەو ناوە دا وەزعییەتی زمانی ڕەسمی چۆنە؟ ئەو قوتابیانەی کە لە خوێندنگەکانی بە زمانی دایکی دا دەخوێنن ئایا موشکیلەیەکیان بۆ نایەتە گۆڕێ لەگەڵ زمانی ڕەسمی؟


کەڵان: ئەمن ووڵامی ئەم پرسیارە ئاوا دەدەمەوە یەکەم ئەو گەڕۆکی و جووڵەیەی ئێمە لێی دەدوێین ئەوە بە هەزاران ساڵە لە فەلاتی ئێران دا هەبووە و ئێمە هیچ کات پێویستمان بە سیستمێکی ناوەندی پەروەردەیی نەبووە کە بە زۆر و تۆبزی خەڵک ناچار بکا کە زمانێک فێر بن و ئەو گەڕۆکێتییەیان هەبێ. لە بیرمان نەچێ کە کۆمەڵی ئێران هەمیشە فرە زمانی بووە و هیچ ڕووداوێکی تایبەتیش ڕووی نەداوە. هەر وەک باسم کرد ئەو نموونانەی گەڕۆکێتی کە ئێمە هەمان بووە ئەوەندە ئاڵۆز بووە کە لە ئاست ئەوەی کە ئەو دۆستانە لێی نیگەرانن هیچ نییە، ئێمە خەریکین سەبارەت بە جووڵەی تورکەکان و مەغوولەکان بۆ فەلاتی ئێران، ساز کردنی سیستمێک لە فەلاتی ئێران و بردنی ئەو سیستمە بۆ هیندووستان قسە دەکەین و هیچ ڕووداوێکی تایبەتیش ڕووی نەداوە . ڕێگای زۆر ئافرێنەرانەیان دۆزیوەتەوە کە ئەوە ڕوو بدا . کە وا بوو بە باوەڕی من لە جێدا ئەوە نیگەرانییەکی  وەهمی یە بەڵام ئێمە دەبێ ئەوە بە ڕێگای لێکۆڵینەوەی ئێمپێریکال واتە لێکۆڵینەوەی تەجرەبەیی لێکاڵا بکەینەوە. ئێمە لە واقعیدا دەبێ بزانین چەند کەس هەن کە  لە بەلووچستانەوە دەچن بۆ ئازەربایجان و ئەو کەسانە بۆ چ جۆرە کارێک دەچنە ئەوێ. بەڵێ ئێمە دەکرێ نیگەرانیی زمانیمان هەبێ لە مەڕ ئەوان بەڵام ئەگەر بەلوچێک بۆ وێنە دەچێتە ئازەربایجان بۆ ئەوەی کە کاری دارتاشی بکا ، ڕاستی ئەوەیە کە ئەو بەلووچە باشتر ئەوەیە کە زمانی تورکی فێر بێ تا ئەوەی کە زمانی فارسی فێر بێ چونکە موشتەرییەکانی تورکن و دەیەوێ لەگەڵ ئەوان بە تورکی قسە بکا. لە ئاکامدا ئەگەر ئێمە سیستمێکی بەهێزی چەند زمانەمان هەبێ ، بۆ وێنە وەزاڕەتی پەروەردەی ئازەربایجان دێ و بڕیار دەدا کە زنجیرەیەک پۆلی تورکی بۆ ئەو موهاجیرانەی دێنە ئەو ناوچە جوغرافیاییە بکاتەوە و یارمەتییەکی زیاتر بکا بەو موهاجیرانە . کە وابوو ئەو تەسەورەی کە ئێمە هەمانە کە تەواوی ئەو کەسانە کە لە ئێران دەژین دەیانەوێ ڕۆژێک بێنە ناوەند و بچنە زانکۆی تاران بە باوەڕی من تەسەورێکی نادروستە و ئێمە دەبێ بۆ تاقیکردنەوەی ڕاست بوونی ئەو تەسەورە بڕێک عەدەد و ڕەقەممان لە بەر دەست دا بێ بزانین ئەو گەڕۆکێتییە لە سەر چ بنەمایەک دەکرێ . ئەزموونە مێژووییەکان و تەنانەت ئەزموونە مێژووییەکانی هاوچەرخی ئێمە وەک ئەو ئێرانییانەی کە لە ئێران دێینە دەرەوە بۆ ئەوەی لە سیستمە ڕۆژئاواییەکان دا دەرس بخوێنین نیشان دەدا ئەو کەسانەی کە دەیانەوێ بەرەو خوێندنی ئاکادێمیک بچن و دەیانەوێ بچنە زانکۆیەکی وەک زانکۆی تاران ،یا زانکۆی شیراز ئەوە خۆیان مامۆستاکانیان فەرق بەوە دەکەن ، بنەماڵەکانیان فەرق بەوە دەکەن و بە دڵنیاییەوە ئامادە سازی دەکەن و هەڵبەت دەبێ لە سیستمێکی فرە زمانی سەرکەوتوو دا و هەڵبەت دەبێ زۆر سیستمی بەهێزمان هەبێ کە منداڵەکان بتوانن زمانی ناوگر کە لە حاڵی حازر دا زمانی فارسی یە فێر ببن. ئەوانە گشتیان دەست دەنێنە دەست یەک کە ئەو کەسە تایبەتییانە کە لەوانەیە بێن و لەو زانکۆیانە بخوێنن فارسی فێر بن. ئەمن وەکوو کەسێکی کە لە چوارچێوەی ئازەربایجان دا ژیاوم و ئەو چاوەدێریانەی کە لەوێ هەم بوو  ئەوە بوو کە ڕاستی مەسەلەکە ئەوە بوو  ئەو جۆرە قسانە هێندێک گەورەکردنەوە و پێوەنانە. لە ڕاستیدا لە سەدی ئەو تاکوتەرایانەی لە ڕووبەڕوو هاتنی سیستمە پەروەردەییەکان دەتوانن بە سەرکەوتوویی  بگەن لە زمانی فارسی دا زۆر کەمتر لەو شتەیە کە ئێمە ناچار بین سیستمێکی دووچاوکی ئامالی تاکزمانی پێک بێنین بۆ ئەوەی ئەو نوخبەیە ئەو چینە تایبەتییە سەرکەوتوو بن. لە ڕاستیدا ئێمە خەریکین بە ناوی سەرکەوتنی گرووپێکی زۆر پچووک سیستمێکی بەروەردەیی دووچاوکی ئامال ساز  دەکەین کە سەرنەکەوتن و شکانی ژمارەیەکی هەر گەورە لە خوێندکارانی دەستەبەر کردووە هەر لە هەمان ڕۆژی هەوەڵەوە.  

ڕەسووڵی: سپاست دەکەم . پرسیارێکی لاوەکیم بە زەین داهات . چ دەبێتە هۆی ئەمە مرۆڤ بڵێ ئەوە زمانە هۆوە لەهەجەیە . بۆ وێنە هێندێکان لەو باوەڕە دان کە  کوردی ، بەلووچی ، گیلەکی ئەوانە هێندێک لەهجەی فارسین و لەو لاشەوە هێندێکی دیکە باوەڕیان وایە فارسی گوویێش یان لەهجەیەکە لە زمانی عەڕەبی. چۆن دەکرێ شی کەوینەوە بێین بڵێین ئەمە زمانی بەلووچی یە یان بەلووچی لەهجەیەکی  فارسی یە؟ چ شتێک ئەو دەستەبەندییە پێک دێنێ ؟

کەڵان: ئەمە پرسیارێکی چاوڕاکێشە. دەکرێ ئەو پرسیارە لە ڕوانگەی جۆر بە جۆرەوە ووڵام بدرێتەوە. ئێمە ئەگەر بمانەوێ وەک باوە دەڵێن چاویلکەی زمانناسانە دە چاو کەین و هەر بەشێویەکی زمانناسانەی خالیس تەماشای ئەمە بکەین ناساندنێکی زانستی بۆ ئەوە هەیە ئەگەر ئاخێوەرانی دوو جۆر گوویشی (لەهجە) جیاواز لە یەکتری تێ بگەن ، بە ئاسایی ئەوانە بە لەهجە نێوزوەد دەکەین ، بۆ وێنە لەهجەی ئینگلیسی لە ئینگلیستان و لەهجەی ئینگلیسی لە ئەمریکا. بریتانیاییەک و ئەمریکاییەک لەهجەی جیاوازیان هەیە بەڵام  لە یەکتری تێ دەگەن، لەوانەیە  لە دە دەرسەدی شتەکان لە یەکتر تێ نەگەن ، لە وانەیە ووشەی ئەوتۆ هەبێ کە نەتوانن لێی تێ بگەن ، بەڵام باسێک لە تەواوەتی خۆی دا تێ دەگەن و ئەگەر لە ووشەیەک تێ نەگەیشتن دەتوانن درێژە بدەن بە باسەکەیان  و لە یەکتری بپرسن مانای ووشەکە چ بوو. بەڵام ئەگەر دوو لەهجەی جیاواز بگەنە نوختەیەک کە ئاخێوەکانیان لە یەکتری تێ نەگەن ئەو دەمی ئێمە باسی زمانانی جیاواز دەکەین. ئەم ناساندنەی کە ئەمن پێشکێشم کرد ناساندنێکی کتێبی خۆیندن یان تێکست بووکی ئەو دوو چەمکەیە ، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە دنیای زمانناسی دنیایەکی زۆر سیاسی بووە. لە بیرمان نەچێ زمانناسیی ڕۆژئاوایی هەر لە هەمان سەروبەندی کۆلۆنیالی دا کە باسەکەمان بە قسەکردن لە سەر ئەو مژارە دەست پێ کرد زۆر لەو دابەشکردنە زمانییانە کە ئێمە لە ڕۆژئاوامان قەرز کردووە  لە سەر بنەمای دیتنی سیاسی و تا ڕادەیەکی زۆر لە سەر بنەمای کۆلۆنیالی ڕۆژئاواییەوە پێک هاتووە و شکڵی پەیدا کردووە. لە سەر ئەو بنەمایە لە بوارەکانی ئێمە دا و بواری دیکە دا ئەو ناساندنانەی کە ئێمە لەمەر لەهجەکان و زمانەکان بە دەستەوەمان دەدان ، هەمیشە ناساندنی سیاسی بوون. بۆ وێنە ئەمن بۆ خۆم واقم ووڕما کە هەر لەم لێکۆڵینەوانە دا  کە تەماشای کتێبەکانی سەد ساڵ لەمەو بەری ئێرانم دەکرد ، هەشتا ساڵ لەمەوبەری ئێرانم دەکرد واقم ووڕدەما کە زمانی کوردی و بەلووچی وەک لەهجەی فارسی قسەیان لێوە دەکەن. ئەوە نیشان دەدا لەو سەروبەندی دا لە دوای قەرز کردنی سیستمی دەوڵەت – نەتەوە لە ڕۆژئاوا  دەوڵەتی ئێران کڕوکاشی کردووە بۆ  ساز کردنی ناسێنەیەکی تاقانە بۆ کۆمەڵێکی فرە زمانی و فرە کولتووری ، و مەجبور دەبوون کە خەرج و موخاریجی هێندێک مامۆستا و ئەکادێمیکان دابین بکەن بۆ ئەوەی ئەو کتێبانە بنووسن  کە نیشان بدەن لە ناوچەکە دە ڕاستیدا لە زمانێک زیاتر نەبێ چ زمانی دیکە نییە و ئەنجامدانی کارێکی ئەوتۆ لە چوار چێوە و بەستێنی ئێران دا سەختە. ئەوانە بە ئاسایی تەعبیر و لێکدانەوەی خەستی سیاسین. ئەو شتەی لەو دەستەبەندییانە دا  ، لەو دەستەبەندی کردنە سیاسییانەدا ڕوو دەدا  ئەوەیە کە لە بەر ئەوەی ئەو دەستەبەندی  کرددنانە بە پێی دانی پووڵ و پارە بۆ لێکۆڵینەوە و لە چوار چێوەی داو دەزگای ئەوتۆی کە زۆر گرانن وەکوو زانکۆکان دا ئەنجام دەدرێ بە ئاسایی ئەوانەی دەسەڵاتیان بە دەستە دەتوانن ئەو جوورە کاتەگۆریانە ، ئەو جوورە دابەشکردنانە بکەن . ئامۆژگاری من هەمیشە ئەوە بووە  کە خاوەنانی زمانەکان دەبێ بۆ خۆیان بێن و زمانەکانی خۆیان شی بکەنەوە ، دەستەبەندی بکەن و کورتە مێژووی ئەو زمانانە لە ڕاستیدا ساز بکەن و لێیان بکۆڵنەوە و بنووسن . چونکە ئەگەر  ئەو کارە بە خەڵکیکی دیکە بسپێرن بە دڵنیاییەوە زمانەکانیان جۆرێک دەستەبەندی دەکرێ  کە لەگەڵ پێوەندیی دەسەڵاتی کە لە گۆڕێ دایە بگونجێ و یەک بگرێتەوە. ئەمن لە کتێبێک دا کە سەبارەت بە   'فرە زمانی ' نووسیومە  بە ناساندنێکی زۆر گشتی دەست پێ دەکەم  لەمەڕ ئەوەی کە زمانە ئێرانییەکان کامە زمانن  بۆ بەردەنگێکی ڕۆژئاوایی کە ڕەنگە هیچ لە سەر بابەتەکە نەزانێ.  و لە بەر ئەوەی زمانناس نیم و کاری من لێکۆڵینەوەی پەروەردەی زمانە  مەجبوور بووم هەر  لەو وێژمانە زاڵانەی کە لە دنیای زمانناسی دا  هەن کەلک وەربگرم  و دەزانین کە لەو وێژمانانە دا  کە دیسکۆرسی ڕۆژئاوایین ، زمانە هیندوئوڕووپاییەکان بەشێکی زۆریان زمانانی هیند و ئێرانین و لەو کاتەگۆرییە دا  زنجیرەیەک زمانی ئێرانی هەن وەک زمانی کوردی ، زمانی فارسی ، زمانی بەلووچی ، زمانە پەشتوو . بە پێی بیر و ڕای کۆن و ئەو دواییانەی زمانناسانی ڕۆژئاوایی زمانی تورکی لە سەر زمانە ئێرانییەکان ناژمێردرێ، ئێرانی بە مانای زمانناسانە و ڕێزمانی.  ئەمن خۆم باوەڕییەکی ئەوتۆم بەو جۆرە دابەشکردنە نییە ، بەڵام یەک لە دۆستان پێوەندیی پێوە کردم و گوتی بۆچی ئەوەت نووسیوە . من گوتم لە کتێبەکەم دا تەنێ بیروڕای زمانناسانم هێناوە  لەبەر ئەوەی جێم نەبوو کە لە سەرەتای کتێبەکە دا  ڕەخنە لەو دیتنە بگرم . ئەمن خۆم لە سەر ئەو  باوەڕەم  یەکەم ئەو جۆرە کاتەگۆری کردنە ، دابەشکردنە  لە سەر بنەمای سینتاکس یان لە سەر بنەمای ڕێزمان یان  لە سەر بنەمای ووشە دابەشکردنێکی دروست نییە  . بە باوەڕی من هەر جۆرە دابەشکردنێکی زمانی دەبێ لایەنی جوغرافیایی و کولتووریش وەبەر بگرێ  و لە ڕوانگەی منەوە بە کورتی  هەر زمانێک کە لە هەر چوارچێوەیەکی جوغرافیایی دا قسەی پێ بکرێ زمانی ئەوێ یە.  و ئێمە دەبێ لێی فێر بین ، ئێمە دەبێ یارمەتی بکەین بە گەشەکردنی. ئامۆژگاری ئەمن بەو دۆستانە ئەوە بوو  کە ئێوە دەبێ بیناسێنن کە زمانی تورکی چییە ،  وەکوو تورک زمانەکان ئەوە بکەن. چونکە تا ڕۆژێکی ئەو کارە لەلایەن تورک زمانەکانی  دانیشتووی ئێران خۆیانەوە نەکرێ  ، ئەو کارە لە لایەن ناوەندەکانی دەسەڵاتەوە دەکرێ . ئەو ناوەندی دەسەڵاتە ، دەکرێ لە ڕۆژئاوا بێ و دەکرێ لە زانکۆکانی فارسی زمان بێ .  کە وایە ئەوە ئاستێکی دیکە بوو . من باسی ئاستی زمانناسانەم کرد  و ووڵامی پرسیارەکەتانم دایەوە  ، سەبارەت بەوەی کە ئەو تەعبیرانە چەندە سیاسین  . بەر لەوەی کە قسەکانم کۆ کەمەوە سەریەک ئاماژە دەکەم بە چوارچێوە و بەستێنی چین کە ئێمە هەموومانی لە ڕۆژئاوا تووشی واق ووڕمان کردووە  کە چینییەکان هەر لەبەر ئەو جۆرە دیتنە سیاسییەی کە لەمەڕ زمانناسی هەیانە  تەقریبەن  هەموو زمانەکانی چین وەک لەهجە دەناسێنن  و بۆ ئێمە مانان کە لە دیپارتمانە پەروەردەییەکانی ڕۆژئاوا دا کار دەکەین ئەو زۆر جێی سەر سووڕمانە.  و تەقریبەن هەموو دەزانن کە  ئەو جۆرە دابەشکردنە چەشنێک دابەشکردنی سیاسییە. هەر کام لە زمانەکانی کە چینییەکان پێیان دەڵێن لەهەجەیەکن  لە ڕاستیدا زمانێکن  کە ژیانی سەربەخۆی خۆیان هەیە. بەڵام نوختەیەکی زۆر گرینگ هەیە  لە پەروەردە دا کە لە ڕاستیدا کاری منە ، چونکە هەتا ئێستا من خەرێک بووم لە سەر بواری دیکە قسەم دەکرد. لە پەروەردە دا بردنی باس و گەنگەشەی پەروەردەی فرە زمانی بەرەو باسی لەهجە گرێی هیچ موشکیلەیەک بۆ ئێمە ناکاتەوە. کاتێک کە ئێمە لە سەر پەروەردەی فرە زمانی قسە دەکەین دەغدەغەی ئێمە هەبوونی سیستمێکی پەروەردەیی دژی دووچاوکی یە. کە بەشێکی بریتیی  یە لە پەرەوەردەی فرە زمانی. بەشی دیکەی هەیە ئێمە  بە پەرۆشین بزانین شاگردانی کچ لە خوێندنگەکان دا ئەزموونیان چییە ؟  ئێمە بە پەرۆشین بزانین ئەو منداڵانەی کە کەڕ و لاڵن لە خوێندنگەکان دا  ئەزموونیان چییە.  ئێمە بە پەرۆشین لە سەر گشت ئەو گرووپانەی لە خوێندنگەکاندا هەن. کاتێک ئێوە لەو دەربیجەیەوە تەماشا بکەن  لەگەڵ ئەو باس و گەنگەشانە زمانناسانەیانەدا کە  بۆ وێنە بمانەوێ شێوەزارێک لە زمانی فارسی  نیشان بدەین و بڵێین ئەوە لە ئەوەڵەوە زمانی فارسی یە و  ڕوداوێکی تایبەتی ڕووی نەداوە ، ئێمە هیچ موشکیلەیەک چارە ناکەین. لەبەر ئەوەی کە پەروەردەی دژی  دووچاوکی  نەک  هەر لە بەرانبەر  زمان بەڵکوو  دووچاوکی لەگەڵ لەهجەش دەکا. لە ڕۆژئاوا گەلێک نموونەی لێکۆڵینەوە هەیە کە نیشان دەدا نەک هەر شاگردان بەڵکوو مامۆستایان  بۆ ئەو کەسانەی کە موهاجەرەت دەکەەن بۆ وێنە لە چوارچێوەی شوێنێکی وەک کانادا دا  هەر لە بەر ئەوەی کە لەهجەیان هەیە هەمیشە دووچاوکییان لەگەڵ دەکرێ .  ڕاستی ئەوەیە  شتێکی ئێمە دژی نی ، ئێمە دژی  جۆرەیەک ستاندارد سازین  کە بە پێی ئەوە  دووچاوکی دەست پێ دەکا. ئەو ستاندارد سازییە لە ئاستی زمان دا  زۆر بە ڕوونی دەبیندرێ  ، بەڵام بە هەمان توانایی لە ئاستی لەهجەش دا  بەڕێوەیە. ئەو مەسەلەیە لە چوارچێوەی ئێران دا دەکرێ لە ناو منداڵانی موهاجیری ئەفغانی دا ببینن کە لە بەر لەهجە بە بیانووی جوور بە جوور  دووچاوکی یان لەگەڵ دەکرێ. جا بۆیە لە ڕوانگەی ئێمەوە  کە لەکاری پەروەردەی زمان داین  باس سەبارەت بە لەهجە و زمان باسێکی لادەرانەیە  و ئێمە هەمیشە بە کەسانێک کە لەو بارەیەوە قسە دەکەن ڕەوتی باسەکە دەهێنینەوە سەر دووچاوکی  و ئەوەی کە ئەو دووچاوکییە چۆن فەزای ژاراوی لە خوێندنگە دا ساز دەکا  کە شاگرد هەست دەکا کە هیچ دەورێکی نییە لەو فەزایە دا و نایەوێ  لە پێوواژۆی پەروەردە دا بەشداری بکا.    

ڕەسوولی: سپاس ، جەنابی ئەمیر کەڵان ئێوە  ئاگاتان لە چالاکییەکانی چالاکانی ئێتنیکەکان هەیە لە ئێران  کە لە بواری پەروەردە بە زمانی دایکی و  مافی زمانی دا دەیکەن؟  هیچ زانیاریتان لە سەریان هەیە؟


کەڵان: بەڵێ ئەمن تا ئەو جێگایەی بتوانم  بە دووی پێوشوێنی ئەو جۆر چالاکییانەوە هەم. کاری زۆر بە نرخ کراوە لە بواری ئامادە کردن و ساز کردنی کتێبی خوێندن ، نموونەی تورکی ئەوانەم دیتووە . هەڵسووڕاوانی کورد خەریکن ئەو نموونانە ساز دەکەن. نوختەیەکی کە زۆر گرینگە ئەوەیە  بەنرخترین سەرچاوەی کە ئێمە لەو جووڵانەوەیە دا هەمانە  ئەو هەڵسووڕاو و ئەو تێکۆشەرانەن. ئەوەمان لە بیر نەچێ کە تەنانەت لە چوارچێوەی وەک کاناداش کە دەوڵەت پشتیوانی دەکا لە فرە زمانی  و بە جۆرێک زمانەکانی خۆجێیی ، هەر جۆرە زمانێک لە لایەن دەوڵەتەوە پشتیوانیان لێ دەکرێ  و هەر وەها دە چوارچێوەی هێند دا کە یەکێک  لە چوارچێوەکانە کە من هۆگرییم لە سەری زۆرە  دیسان ئێمە دەبینین کە دەوڵەتەکان  لە قۆناغی سیاسەت داڕشتن دا دەتوانن بجووڵێن بەڵام  بەڕێوەبردنی پێداگۆژی ، بەڕێوەبردنی فێر کردن و بارهێنان  هەمیشە کەمایەسی هەیە  . ئێمە باسەکەمان بەوەڕا دەست پێ کرد کە چۆن لە ڕۆژئاوا  سەرنجدان بۆ سەر فرە زمانی دەستی پێ کرد  گوتمان چەندین دە ساڵە ئەو حەولە دەدرێ لە دوای شەڕی دووەمی جیهانییەوە.   سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە یەکێک لە گەورەترین ئەو ئاکامانەی کە لە دوای ئەو چەندین ساڵە  لە ڕۆژئاوا وەدەست کەوتووە  ئەوەیە کە گەورەترین سەرچاوەی ئێوە  بۆ هێنانە وجوودی سیستمێکی فرە زمانی سەرکەوتوو  ئەو جۆرە چالاکانەی زمانین  ، ئەو جۆرە چالاکییانەن ، ئەو جۆرە ئامادە کردنی کتیبی خوێندنن . کارێکی کە ئەو دۆستانە دەیکەن یەکجار بەنرخە و ئەو کارە بە دڵنیاییەوە پتەوترین بناغەی  ئەو مۆدێلە فرە زمانییانە دەبن لە ئێران  . ئەمن هیوا دارم  مەجالێکی زیاتر بدرێ بەو دۆستانە بۆ ئەوەی دەنگی خۆیان لە سەر ئەو بابەتە هەڵببڕن . بە تەنیشت ئەو چالاکانە زمانییانەوە ئەمن دەزانم لە ئاستی ئاکادێمیک دا فەزای ڕێژەیی هەیە بۆ ئەو دۆستانەی کە بیانەوێ کاری فرە زمانی بکەن و دەزانم لێکۆڵینەوەی چاک لەو بوارە دا لە ئێران کراوە. زۆر گرینگە کە ئێمە لێکۆڵینەوەکانی ئەو دۆستانە زەق بکەینەوە  و بیانهێنینە ناو ئەو باس و گەنگەشانە. ئەوانە لە ڕاستیدا کەسانێکن کە داهاتووی پەروەردەی فرە زمانی  دەو چوارچێوەیە دا ساز دەکەن  . بۆ ئەو دۆستانەی کە هەر تاوێک داواکاری دانی مۆدێلێکی  سادەن لە لایەن  ئێمەوە سەبارەت بە پەروەردەی فرە زمانی بانگەوازمان  بۆیان ئەوەیە لەگەڵ ئەو دۆستانە قسە بکەن. ئەوانن کە دەزانن مۆدێلەکە چییە  و خەریکن دەیانهێننە وجوود بەو کتێبە دەرسییانەی خەریکن کە دەیاننووسن. ئەو چالاکانە زۆر گرینگن بەداخەوە دەبیسم  تووشی زەبروزەنگ و دووچاوکی گەورە دێن  و ئەوە واقیعەن جێی شەرمە  کەسێک لە بەر نووسینی  کتێبێکی خوێندن تووشی ئەو هەمووە  فشارە بێ  . ئەوە  زۆر سەیرە کە یەکێک لە باسەکانی کە هەمیشە  ئێمە دەیبیسین لە بەرانبەر ساز بوونی سیستمی پەروەردەیەکی فرە زمانی  ، یەکێک لەو قسانەی کە ئێمە هەمیشە گوێمان لێ دەبێ  دەڵێن باشە ئێمە پارە لە کوێ بێنین کە کتێبی دەرسی ئامادە بکەین.  ووڵام  ئەوەیە کە ئەو کتێبی خوێندنە  ئامادە کراوە  . ئێوە ئەو کەسانە کە بە پارەی گیرفانی خۆیان ئەو کتێبە دەرسییانەیان ئامادە کردووە دەخەنە زیندانێ ، کە وابێ وا وەبەر چاو دێ  نیگەرانی ئێوە سەرچاوە پەیدا کردن بۆ خەرج و مخاریجی چاپی ئەو کتێبە دەرسییانە نەبێ . وا وەبەرچاو دێ  کە لە جێدا سیستمی ئیدێئۆلۆژیکی ئێوە  بەستراوەتەوە بە جۆرەیەک لە سیستمی پەروەردەی دووچاوکی ئامال و  ئەو باسە ڕیشەی لە ڕاستیدا نییە چونکە بە نەغدەن ئەو هەڵسووڕاوانە خەریکن ئەو کتێبە دەرسییانە ساز دەکەن.
ئەمن هەر لەم دەرفەتە کەلک وەردەگرم و لەمەڕ دەوری  ئەو بنەماڵە و مامۆستایانەی لە خوێندنگەکانی ئێران  لە ناوچەکانی نا فارسی زمان دا کار دەکەن  دەوریان دیسان زەق کەمەوە . لە دوای دەیان ساڵی پەیتاپەیتای لێکۆڵینەوەی پەروەردە لە ڕۆژئاوا  خۆشبەختانە ڕۆژئاواییەکان گەیشتوونە ئەو نوختەیە کە  ئێمە ناتوانین مەسەلەی پەروەردە لە ئاستی ئاکادێمیک دا  بە ڕێگای زنجیرە فۆرموولێک چارە بکەین . ئەمن بۆخۆم  بەگوڕ لە جووڵانەوەیەکی پەروەردەییەوە گلا بووم بە ناوی  " مامۆستایانی لێکۆلەرەوە ". ئامۆژگاریم بۆ  ئەو دۆستانەی کە لە ناوچەی نافارسی زمان مامۆستان ئەوەیە  کە بە  چاوی لێکۆلەرەوە چاو لە خۆتان بکەن  و دەست بکەن بە  بەڵگە کردن و ئاستە کردنی ئەزموونەکانی خۆتان وەک مامۆستا  و ئەزموونی شاگردەکانی خۆتان کاتێک  کە لەگەڵ سیستمێکی تاکزمانی ڕووبەڕوو دەبن . فێرمان بکەن و پێمان بڵێن کە لەکام   ڕێگا چارە کەلک وەردەگرن  بۆ ئەوەی یارمەتی شاگردانی خۆتان بدەن کە  ناسێنەی خۆیان لە کاتی ڕووبەڕوو بوون لەگەڵ سیستم بپارێزن و شکڵی پێ بدەن.  سپاس بۆ ئەو پرسیارەی کردتان ،ئەوە زۆر گرینگە چونکە هەمیشە ویستوومە  لەو بارەیەوە قسە بکەم کە ئێمە زۆر کەم گوێمان لە دەنگی شاگردان دەبێ لەو باس و خواسانە دا. لە بیرتان نەچێ کە دەنگی شاگرادن ، دەنگی مامۆستایان  گرینگترین دەنگەکانن .  ئێستا کە ئێمە دەتوانین کەلک لە دنیای ئانلاین وەربگرین  پێداویستیمان بە ئارشیوی ئانلاینی ئەوتۆ هەیە  کە دەنگی شاگردان و دەنگی مامۆستاکان لەو ئارشیوانە دا کۆ بکەینەوە.
 شانسێکی زۆر گەورەی کە ئێمە لە چوارچێوەی ئێراندا هەمانبوو ، ئەوەیکە بە پێچەوانەی دنیای کۆلۆنیال ،  لەبەر ئەوەی ئێستا تەنانەت بۆ وێنە لە ووڵاتێکی وەک ووڵاتی کانادا  زۆربەی ئەو مامۆستایانەی کە لە گەڵ منداڵانی موهاجیرەکان  هەموو ڕۆژێ سەروکاریان هەیە  مامۆستایانی سپی تاکزمانن.  و ئێمە دەزانین ئەوە لە بەر ئەوە نییە کە مامۆستایانی ناسپی فرە زمانە نایانەوێ بێنە ناو بازاری کار .  دەزانین کە جوورەیەک سیستمی دووچاوکی ئامال پێش بە هاتنیان دەگرێ. زۆر لەو مامۆستایانە نییەتی باشیان هەیە ، زۆر لەو مامۆستایانە  زانستی زۆر باشیان هەیە بەڵام  لە واقیع دا ئەوان بۆخۆیان بەشێکن لەو  کۆمەلی سەردەستی دووچاوکی کەر.  شانسی زۆر گەورەی ئێمە کە دەتوانێ بناغەیەکی  فرە زمانی زۆر بەهێز بێ لە ئێران ئەوەیە کە  ژمارەیەکی گەورە لەو مامۆستایانەی کە لە ناوچە نافارسی زمانەکان دا خەریکی دەرس دادانن بۆخۆیان  زمانی ئەو ناوچانە دەزانن، هەموویان  فرە زمانینە  و دەتوانن بە ڕاحەتی پێوەندیی لەگەڵ شاگردەکان پێک بێنن  و یارمەتی بکەن بە ساز کردنی ناسێنەی بەهێزتر  لای ئەو شاگردانە.  کە وابوو من بە شەخسە هەمیشە بە دووی دەرفەتی ئەوتۆ وەم  کە هەم لەو چالاکانەی کە ئێوە ئاماژەتان پێ کرد شت فێر بم  ، زۆرم پێخۆشە زیاتر لە مامۆستایانی ئێرانەوە شت ببیسم  و شتیان لێ فێر بم.  و لە منداڵان و شاگردان.  ئێمە بە توندی حەوجێمانە بە  ئامادە بوونی دەنگی شاگردان لە سەر ئەو بابەتە. هەر جوورە لێکۆڵینەوەی ئێمپێریکاڵ یان تەجروبی ئێمە ، تەنیا و تەنیا لە سەر بنەمای  دەنگی شاگردان ، لە سەر بنەمای چالاکیی  ئەو شاگردانە ،  بەرهەمە دەرسییەکانی ئەو شاگردانە  ، ئەو شتانەی کە دەیاننووسن ، ئەو شتانەی  کە دەیانڵێن ،  کاغەزی ئیمتیحانی ئەو شاگردانە ، لە سەر ئەو بنەمایانە دەبێ. و بەداخەوەم لە بەر ستروکتووری نوخبەیایەتی  کۆمەڵی ڕووناکبیریی ئێمە ، ئێمە فەزایەکمان ساز نەکردووە  کە دەنگی ئەو شاگردانە و دەنگی ئەو مامۆستایانە زیاتر ببیسین و ئەوە کارێکە کە دەبێ ئێمە زیاتر بیکەین.

 ڕەسووڵی : سپاس. ئێستا بۆ ئاگاداری بینەرانمان چالاکە ئێتنیکییەکان ، بە تایبەتی هەڵسووڕاوانی تورک چاڵاکییەکی زۆرلە پێوەندی لەگەڵ مافی زمانی و  زمانی دایکی دەکەن  و وەشانخانەی ئەوتۆ هەبوون کە کتێبی تورکی یان چاپ دەکرد  . دوو لەو وەشانخانانە لە ماوەی مانگی ڕابردوو دا داخران  . ئێستا لە ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی دا لە پێش خوێندنگەکان ئەو کتێبانەیان دابەش دەکرد کە بە زمانی دایکی نووسرا بوون  ، هەر ئەو کتێبانەی کە لە وەشانخانە تورکییەکاندا چاپ دەکران. ساڵنامەیان بە زمانی تورکی چاپ کردووە  ، کە ئەو کەسانەی کە ئەو کارەیان بەڕێوە بردووە هەموویان گیراون . چالاکانی تورک بۆ ڕێزلێنان لە ڕۆژی زمانی دایکی شەوی شێعرخوانییان هەبووە  ، کە هەموویان گیراون نزیکەی سی و چەند کەس ،  چوار کەسێکیان حوکمی ١٥ ساڵ زیندان ، ١٦ ساڵ زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە ، دەساڵ زیندان و چەند ساڵ سیجن ، کە دادگای پێداچوونەوە ئەو حوکمانەی داشکاند بۆ دووساڵ زیندان. ڕێزداران ئەکبەر ئازاد، عەلیرەزا فەڕشی ،  حەمید مەنافی و بێهنام شێخی .  و خانمێکی کوردی سنەیی هەبوو کە زمانی کوردی بە دەرس دا دەدا  و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کولتووریی ڕۆژین بوو  دوای ٤-٥ مانگ زیندانی بوون  بە وەسیقەیەکی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی  ئازاد کرا  تا ئەوەی کە دواتر بڕیاری دادگا دەربچێ و پێی ڕابگەیێنن.  چالاکانی بواری زمان خەریکن دژواری زۆر تەحەمول دەکەن  بەڵام بە داخەوە دەنگیان ناگاتە هیچ کوێ  ، چونکە کۆمەڵی ناوەندایەتی ئێمە  ، کۆمەڵی فارسی زمانی ئێمە  لە بەشێکی سەرەکی لەو سەرکوت  کردنە  ناسێنەیی و   زمانی یە  دا لەگەڵ حکوومەت  هاو دەنگ و هاو هەنگاو دەبێ. بۆ وێنە دەڵێ ئەوانە جیاوازیخوازن ، ئەوانە  دەسنێژ و جاسووسی ئیسرائیلن  ، عەڕەبستانن ، ئەمریکان  ، دەیانەوێ ووڵات  لە ناو بەرن  و هیچ سەرنجێک نادەن کە ئەوانە باسەکەیان و دەغدەغەکەیان  ناسێنەی کولتووری و زمانییانە. بە داخەوە کاتی بەرنامە خەریکە تەواو دەبێ  ئەمن پرسیاری زۆرم هەبوون کە دەمەویست لە بەڕێز ئەمیر کەڵانی بپرسم  بەڵام ئیدی کاتی بەرنامە بەرەو دوایی دەڕوا  پرسیارێکی کۆتاییم هەیە لە خزمەت بەڕێز دوکتور  ئەویش ئەوەیە ئێوە ئاشناییتان لەگەڵ کەسانێک کە لە پێوەندی لەگەڵ زمانی دایکیی دا  و مافی زمانی جار جار هێندێک قسە دەکەن  لە نوخبەی کۆمەڵی فارسی زمان ، بۆ وێنە ڕێزدار زیبا کەلام ڕەنگە شتێکی گوتبێ ،  بەڕێز ناسر فکووهی هەڵوێستی دەربڕیوە  یان بەڕێز دوکتور موحسین  ڕەعنانی. ئاشناییتان لەگەڵ ئەو بابەتانە چەندەیە؟ ئایا بە دووی ئەو قسانە دا چوون کە دەیان کەن؟

 کەڵان:  سەبارەت بە ڕێزدار ڕەعنانی چووینە ناو باسێکەوە  ، ڕۆژنامەنووسێک ووڵامێکی دابووەوە بە کاری بەڕێزیان  .  ئەمن دیتنی بەڕێزیان لەمەر فرە زمانی ، پەرەسەندنیی ئابووریم زۆر بە لاوە پەسند بوو  و بۆ بەرگری لە هەڵوێستی بەرێزیان شتم نووسی  و لە سایتی ڕادیۆ فەردا دا چاپم کرد.  بەڵام ئەوە زۆر بەرزە کە ئەو دۆستانە لە سەر ئەو مژارە قسە دەکەن . هەتا لەو بارەیەوە لە کۆمەڵی ئێرانی دا زانیاری زیاتر بڵاو بێتەوە  باشترە . بەڵام من بە شەخسە زیاتر  لەگەڵ ئەو لێکۆلەرەوانە  تێکەڵاویم هەیە  کە لەم بوارە دا کار دەکەن. یانی لە بواری لێکۆڵینەوەی زمانی دا کار دەکەن.  شەخسەن لەگەڵ ئەوان پێوەندییەکی زیاترم هەبووە .  و ئەو کەسانە ژمارەیەکیان لە کانادان ،  لێکۆڵینەوەی زۆر باش دەکەن . بۆ وێنە دوکتور شێخولئیسلامی لە کانادا لێکۆڵینەوە دەکا ، زۆر لە کارەکانی بەڕێزیان فێر بووم  ، زۆر لە لێکۆلەرەوانی ناوخۆی ئێران وەکوو  دوکتور وەیسی کە کتێبەکەی منی وەرگێڕاوە  زۆر لەو لێکۆلەرەوانە شت  فێر دەبم  و ئەو شاگردانەی پی ئێچ دی کە  ئەو کەسانە خەریکن  پەروەردەیان دەکەن.  لە بەر ئەوەی کاری من کاری لێکۆڵینەوەیە  زیاتر لەو دۆستانەیە کە ئەمن خەریکم فێر دەبم چونکە  دۆستانی دیکە وەک بۆ وێنە ڕێزدار سەرکووهی ئەمن دەزانم  لەو بارەیەوە قسەیان کردووە . قسەی ئەو دۆستانە زۆر بەرزە ، بەڵام لێکۆلەرەوەی زمان نین. بە باوەڕی من  ئێمە پێداویستیمان بە لێکۆڵینەوەی  ئەزموونی یە. ئەمن گوتم ئێمە پێداویستیمان بە لێکۆڵینەوەی ئیمپێریکاڵ ە.  و ئەمن شەخسەن حەزم لەو مەسەلانەیە ، یانی ئەمن دەمەوێ بزانم ئەزموونی هەر ڕۆژەی شاگردەکان چییە  . بۆ وێنە دوکتور وەیسی لێکۆلینەوەیەکی یەکجار چاوڕاکێشی کردووە  سەبارەت بەو زمانانەی کە لە مەترسی نەمان دان لە ناوچەی کوردستان . بە لێکۆڵینەوەی مەیدانی ، گفتوگۆی مەیدانی ،  جووڵە لە ناوچەکان دا  . ئەمن پێم وایە ئێمە دەتوانین لە قسەی ئەو دۆستانە کە هێندێک  بە شێوەی گشتی دەیکەن  ، و بە ئاسایی ئەو دۆستانە لە سیلەچاوی کاری خۆیانەوە تەماشای ئەو بابەتە دەکەن.  بۆ وێنە کاری ئەدەبی دەکەن لەم دۆزە دەڕوانن ،  یا کاری زانستیی سیاسی دەکەن تەماشای ئەو دۆزە دەکەن یان کاری  ئابووری دەکەن تەماشای ئەو دۆزە دەکەن. ئەوە زۆر بەرزە ، بە ئەو چوارچێوە گەورەترانەی  سیاسی یان ئەدەبی ئێمە دەتوانین کار بکەین بەڵام ئێمە  پێداویستیمان بەوەیە کە بە شێوەیەکی سیستماتیک ، بە شێوەی ئەزموونی  دەست بدەینە لێکۆڵینەوەی ئەوتۆ  کە دەتوانن بەکردەوە  لە پێک هێنانی سیستمێکی پەروەردەیی  زمانی دا یارمەتیمان بدەن.  ئێمە ئەگەر بمانەوێ سیستمێکی سەرکەوتووی فرە زمانیمان هەبێ حەوجێمان بە هێندێک ووردە ڕیشاڵە، ئێمە پێداویستیمان بە کتێبی دەرسی یە . ئێمە پێداویستیمان بەوەیە کە چ  مەشقێک دەبێ بۆ شاگردەکان ئامادە بکەین .  و ئەوانە بە ئاسایی لەو حوکمە گشتییە سیاسی و فەلسەفییانە ناکەوێتەوە.  بۆیە  من شەخسەن زیاتر حەزم لەکاری ئەو چالاکانەیە  بەو کتێبە دەرسییانەی   کە ئامادەیان دەکەن ، بەو گفتوگۆیانەی کە لەگەڵ مامۆستایەکانی دەکەن  کە لە پۆل دان و دەرس دەڵێنەوە.   چونکە زۆر لەو دۆستانە ئەمن نازانم لە ڕاستیدا چەند لە ناو پۆل دەرسیان گوتووە  ، ئەمن دەڵێم قسەکەیان بەرزە و  شەخسەن باوەڕم وایە ئێمە دەبێ دیمەنێکی هەموو لایەنە و تەواومان هەبێ . یانی نوخبەکانمان قسەی خۆیان  بکەن ، بیروڕای خۆیان لەگەڵمان بهێننە گۆڕێ  ، بەڵام ئێمە پێداویستیمان بە بەشێکی یەکجار پسپۆڕیی هەیە کە ووردەڕیشاڵی وەک ئامادە کردنی کتێبی دەرسی ،  دانانی بەرنامەی خوێندن،  مادەی دەرسی بگڕێتەوە.

ڕەسووڵی:  دەزانی خیلافمان چییە ، ئێوە خەرێکن لە ڕوانگەیەکەوە قسە دەکەن هەر دەڵێی کارەکە ئەوە خەریکە بەڕێوە دەچێ و هەڵدەسووڕێ و  ڕوانگەی من ئەوەیە کە سەدێکی گەورەی دووچاوکی لە پێشە  و کەسانێک وەک ڕێزدار سەرکووهی ، موحسین ڕەعنانی  دەورێکی بەنرخیان هەیە لە لەناوبردن و  ڕووخانی ئەو دیوارەی دوو چاوکی دا . ئەو سەدەی  هەڵبەستراوە و پێشی ئەوەی گرتووە کە کۆمەڵی ئێمە بەرەو  یەکسانی و بەرابەریی بڕوا! لەو بارەیەوە مەبەستمە!  

کەڵان : ئێمە هیچ خیلافێکمان نییە بۆیە من دەڵێم  واقیعەن بۆچوونەکانیان گرینگە . هەر بۆیەشە ئەمن هەمیشە دەڵێم  یەکەم هەنگاوی کە دەبێ ئێمە هەڵی هێنینەوە  ئەوەیە کە حەقەکە بستێنین و دوایە بە پێی ئەو  بزانین  دەمانەوێ چ مۆدێلێک ساز بکەین ؟   بەڵام من نیگەرانی مەسەلەیەکم ، نیگەرانی  ئەوەی کە ئەو بەشی دۆزەکە یانی بەشی پسپۆڕیی  وە درەنگ بخەین  بۆ ئەو ڕۆژەی کە ئەو حەقە دەدرێ .    تەجروبەی مێژوویی نیشان دەدا کە ئەم ڕوداوە  ڕوو دەدا ، لەوانەیە هێندێک زووتر ، هێندێک درەنگتر ڕوو بدا ، بەڵام ڕوو هەر دەدا .  نیگەرانی من ئەوەیە کە ئێمە ئەو دەمی  بە قەدرایی ئەوەندەی کە پێویستە کلوپەلی پسپۆڕیی مان  نەبێ . دیسان وەک دۆزی زمانی دایکی  دۆزری ئەمە و هۆوەیی یە  یان هەم ئەمەیی و هەم هۆوەیی . قسەکەی من یان ئەمە یان هۆوە نییە ،  قسەکەی من هەم ئەمە و هەم هۆوە یە. لەبەر ئەوەی ئێوە پرسیتان گەلۆ ئەمن ئەو دۆستانە ڕاستەوخۆ دەناسم یان نا  ، گوتم نا نایانناسم  چونکە من  زیاتر لەگەڵ کۆمەڵی لێکۆلەرەوانی زمان تێکەڵاویم هەیە  و لە بەر ئەوەی کاری منیش لێکۆڵینەوەیە سەرەتی دەدەم  بەوەی کە لە ئەزموونەکانی مامۆستایان کە ئەمڕۆ خەریکن لە پۆلەکانی ئێمە دا دەرس دەڵێنەوە  شت فێر بم ، چونکە  بە ئاسایی ئەوەی   کە ئەو دۆستانە دەیکەن هەموویان دروستن  بەڵام ئەو جۆرە باسانەن کە ئێمەش دەیانکەین یانی ئەوە دەسپێکی کاری ئێمەیە .  دەسپێکی کاری من لە ڕاستیدا دوای ئەوەیە کە ئێمە  بە قەولی ئێوە دێینە ناو ئەو دۆزە  دەی باشە ئەو سیستمە دەبێ ئێستا چ بکا؟ ووردە ڕیشاڵی سیستم  و لە لایەکی دیکەوەش ئەوە بڵێم کە  زۆر کەسان ئەوەیان دەوێ ، یانی ئەمن هەمیشە لەگەڵ کەسانێک قسە دەکەم  کە بە من دەڵێن باشە ئێستا ئێمە دەبێ چ بکەین  ، بەدیلمان چییە  لە ناو ئەو سیستمە دا ؟  یانی بە جۆرێک جۆرێک داواکاری هەیە بۆ ئەو باسانە  ، بەڵام هەر وەک ئێوە دەڵێن قسە لە سەر ئەمە یان هۆ وە نییە  ، قسە لە سەر هەم ئەمە و هەم هۆوەیە  ، بە تایبەتی کە ئەو دۆستانە سەکۆی زۆر بەهێزیان هەیە  ، و زۆر کەس گوێیان لە دەنگی ئەو دۆستانە دەبێ بە پێچەوانەی لێکۆلەرەوان و خراپتر لەوان  مامۆستاکان کە واقیعەن  وەگێڕی بەحەقی ئەو باسەن  . لە بیرتان نەچێ کە یەکێک لە سەرچاوەکانی ئیلهامی ئێمە لە باسی فرە زمانی  لە ئێران دا وەک جاران  سەمەدی بێهرەنگی یە  کەسێکی کە لە پۆلەکان دا دەرسی دادەدا و لە پای تەختە ڕەشە  ، دەبوو کێچ وە تەختە کەوێ و هەموو ڕۆژێ لەگەڵ ئەوە ڕووبەڕوو بووە. کە وا بوو ئەو بەشە زۆر گرینگە یانی کاتێک ئێمە  دەگەینە قۆناغی کردەوە ئێمە دە ڕاستی دا پێدوایستیمان بەو ووردەرێشاڵانەیە.

ڕەسووڵی: بەڵێ ، زۆرمان کەلک وەرگرت ، بەڵام  هەر وەک ئێوە ئاماژەتان پێ کرد ئەو دوو  جوولەیە دەبێ هاوتەریب بەرەو پێشەوە بڕۆن چونکە  ئێمە لە کۆمەڵێک دا دەژین کە  ئامادە کردنی فیلمێک بە زمانی تورکی  تەحەمول ناکرێ  و ئێمە دەمانەوێ  قسە لە پەروەردە بە زمانی دایکی و مافی زمانی  بکەین. واقیعەن کارێکی سەختە.  ئێوە پەراوێزەکانی فیلمی " ئاتابای " تان بینی یان بۆچوونێکی تایبەتیتان هەیە لەو باەریەوە وەکوو  قسەی دوایی ؟

کەڵان:  دیسان ئەوە پسپۆڕایەتی من نییە ، وەکوو  کەسێکی پسپۆڕی پەروەردەی فرە زمانی بەڕاستیش  پیرۆزبایی دەکەم لە خانمی کەریمی کە ئەو فیلمەی دروست کردووە  و پیرۆزبایی دەکەم لە هەموو ئەو دۆستانەی کە دەستیان کردووە بە ساز کردنی  فیلم بە زمانانی جۆر بە جۆری ئێرانی . ئێمە دەزانین کە هاتنە دەری ئەو بەرهەمانە نیشانەی  دەسپێکی هەوێنی  کۆمەڵگە  فرە زمانییەکانە ، دژی دو چاوکی یە . ئێمە باسی چوارچێوە و بەستێنی ڕۆژئاوا و فرە زمانێتیمان کرد و، ئەو ڕووداوە لە ڕۆژئاوا قەوما ، یەکێک لە باشترین فیلمەکانی کانادا  فیلمێکە بە ناوی   The fast runner یان  ‌غاردەری خێرا  کە بە زمانی ئینویت ساز کرا  ، هەوڵین فیلم بوو کە بە زمانی ئینویت ساز دەکرا لە  مێژووی کولتووری ئینویت دا  کە زمانێکی ئەبۆرجیناڵی کانادایی یە  . ئەو ڕووداوە ڕووداوێکی بەرزە  ، ئەو ڕووداوە بە باوەڕی من دەبێ بگاتە قۆناغی تازەتر  ، بۆ وێنە دۆستان دەچن بۆ ناوچەی مازەندەران و ژمارەیەک هونەرپیشە لە تارانەوە دەبەن  ، هۆیەک بۆ ئەو کارە نابینم  ، ئەگەر چیرۆکێک بە زمانی مازەندەرانی ، بە زمانی تورکی  ، بە زمانی گیلەک ، بە زمانی بەلووچی  خەریکە ساز دەکرێ  دەبێ خەڵکی ئەو ناوچەیە  ئەو داستانە بگێڕنەوە  . هیوادارم ئەو جووڵە باشەی کە لە سینەمای ئێران دا دەستی پێ کردووە  بگاتە ئەو جێیەی کە  تەنانەت ڕوڵ گێڕانەکانیش بە تەواوی بە دەست خەڵکی ئەو ناوچەیە بێ.

 ڕەسووڵی:  سپاس ، دەستت نەیەشێ ، قسەی باشتان کرد ، کەلکمان لێ وەرگرت . پرسیارەکانی من باڕستێکی زۆری هەر وا مایەوە  . پێم وایە دیسان جارێکی دیکە دەبێ  جارزتان کەین  تا بتوانین ووڵامی هەموو پرسیارەکان وەربگرینەوە. سپاستان دەکەم ڕێزدار دوکتور. سپاسی ئەو بینەرە خۆشەویستانە دەکەم  کە تا ئێرە لەگەڵ ئێمە بوون. بە هیوای سبەیەکی باشتر ،  بە هیوای ئێرانێکی بێ دووچاوکی  خودا ئاگادارتان بێ.      









No comments: