Tuesday, February 25, 2020

ووتەکانی دوکتور ئەمیر کەلان پسپۆرر پەروەردەی فرە زمانی و مامۆستای زانکۆی تۆرۆنتۆ سەبارەت بە ڕۆژی زمانی دایکی لەگەڵ بەرنامەی پاێێش ی فارسی تێلێڤیزیۆنی ئاریەن ، جومعە ٢١-ی فێڤرییەی ٢٠٢٠


  ووتەکانی دوکتور ئەمیر کەلان پسپۆڕی پەروەردەی فرە زمانی و مامۆستای زانکۆی تۆرۆنتۆ سەبارەت بە ڕۆژی زمانی دایکی لەگەڵ بەرنامەی پاێێش ی فارسی تێلێڤیزیۆنی ئاریەن ، جومعە ٢١-ی فێڤرییەی ٢٠٢٠
 موحسین  میرزایی:  بۆ باس و لیدوانی زیاتر سەبارەت بە بابەتی  زمانی دایکی ڕێزدار ئەمیر کەڵان لێکۆلەرەوەی فێرکردنی زمان لە زانکۆی تۆرۆنتۆی کانادا لە ڕێی تەلەفۆنەوە لەگەڵمانە.  ڕێزدار کەڵان سڵاوتان لێ بێ و ئەم کاتەتان باش.
دوکتور ئەمیر کەلان: ئەمنیش سڵاو عەرزی ئێوە و بینەران دەکەم
 میرزایی:  ڕێزدار کەلان لەجێدا گرینگی پەروەردەکردن بە زمانی دایکی  بۆ تاکێک چەندەیە؟  ئەگەر بە زمانی دایکی پەروەردە نەکرێ و بمانەوێ لە جێدا زمانی دایکی لە بیر بکەین چ دەقەومێ ؟
کەلان:  بەر لەوەی کە باسی گرینگی و فایدەکانی پەروەردە کردن بە زمانی دایکی یان دەرس دادان بە زمانی دایکی بکەم دەمەوێ ئەو نوختەیە دابگرمەوە  کاتێک ئێمە باسی فایدەکانی پەروەردە بە زمانی دایکی دەکەین نابێ ئەو تەسەورە ساز بێ کە ئێمە خەریکین  سەبارەت  بە دیاردەیەک  بڕیار دەدەین کە ئەو کارە بکەین یان نا. دەرس دادان بە زمانی دایکی  و کەلک وەرگرتن لە زمانی دایکی لە بوارەکانی پەروەردە دا  مافێکی قانوونی یە. کە وابێ قسە کردن لە سەر  فایدە زانستییەکان و فایدە درووناسانەکانی  ئەو دۆزە نابێ ئەو تەم و مژە ساز کا  کە ئێمە سەبارەت بە مافی قانوونی ئەو کەلک لێ وەرگرتنە شک وگومانمان هەیە. لیستێکی درێژ هەیە سەبارەت بە فایدەکانی دەرس دادان بە زمانی دایکی و فیڕ بوونی زمانی دایکی. ئەمن بە ڕیز باسی هیندێک نموونان دەکەم  لە سەر هەرکامێکیان کە پێتان خۆش بوو دەکرێ زیاتری شی بکەینەوە.
یەک لە فایدە یەکجار گرینگەکانی  فێربوون بە زمانی دایکی و دەرس خوێندن لە فەزایەک دا کە وانەکان بە زمانی دایکی دەگوترێنەوە ، هەر وەک هەموومان دەزانین لایەنی دەرووناسانە و دەرووکۆڵانەیەتی  ، کە بە دڵنیاییەوە ڕاستەوڕاست شوێن دادەنێ لە سەر سڵامەتی دەروونی شاگردان . فایدەی دووەم ئەمن بە فایدەی ناسێنەیی دەزانم  ، ئەوە بۆ ئێمە یەکجار گرینگە ، بۆ کەسانی وەک من کە بە کاری لیكۆڵینەوەی  شێوەی دەرس دادانەوە خەریکن  گرینگە. کە ببینین مژارەکانی  دەرس دادان و بابەتە زانستییەکان  چۆن ڕابهێزێنین بە لێک بەستنی ئەوانە لە ناسێنەی شاگردان. یەکێک لە گرینگترین فایدەکانی  دەکار کردنی زمانی دایکی لە فەزای مەدرەسە دا  ، لە ناو پۆلی دەرسی دا  ئەوەیە کە ئێمە ناسێنەی شاگردەکان بە ڕەسمی دەناسین و  ڕێزیان لێ دەنێین و یارمەتی فێرخوازان دەدەین  کە ناسێنەی دایکیی خۆیان و ناسێنە ی ئێتنیکی خۆیان لا بە حورمەت بێ و سەربلند بن بەوەی کە هەیانە  و ئەوە ڕاستەو ڕاست شوێن دا دەنێ لە سەر سەرکەوتن لە خوێندن دا.  فایدەی سێیەم کە زۆر  گرینگە و ئەمن حەتمەن دەمەوێ دای بگرمەوە ئەوەیە کە  یەکێک لە گرینگترین فایدەکانی دەرس دادان بە زمانی دایکی  ئەو شوێنەیە کە لە سەر فیربوونی زمانی  ناوگری دەکا  کە لە بەستێنی ئێران دا زمانی فارسی یە. کەوابێ لە ڕاستیدا ئەگەر ئێمە پێمان خۆشە کە  شاگردانی ئێمە ، ئەو شاگردانەی کە کراون بە کەمایەتی  بتوانن فارسی باش فێر بن  ، لە بەر ئەوەی کە ئێمە نیگەرانی سەرکەوتنی ئەوانین ، دەبێ بزانین کە لێکۆڵینەوەیەکی ئەزموونی یەکجار زۆر نیشان دەدەن  کە شاگردان لە حاڵەتێک دا دەتوانن زمانی ناوگر ، وەک زمانی فارسی باش فێر بن  کە بە زمانی دایکیی خۆیان بتوانن پێوەندی دامەزرێنن و بتوانن لە فەزای خوێندن دا دەکاری بێنن .لە ئوڕووپا لێکۆڵینەوەی زۆر چاوڕاکێش کراون کە دەیسەلمێنن وەچەی دووەمی خەڵکی هێندێک لەو ووڵاتانەی کە  هاتوون بۆ ئوڕووپا لەگەڵ ئەوەشدا لە مەدرەسە تاکزمانییەکانی ئوڕووپا دا خوێندوویانە  و لە ژێر کارتێكەری زمانی زاڵ یان زمانی باوی ئەو ناوچەیە دا بوون بە قەت دایکوباوکەکانیان کە موهاجەرەتیان کردووە بۆ ئوڕووپا  زمانی ئەو ووڵاتە ئوڕووپاییە نازانن  ، ئەوە نیشان دەدا کە گیرێک هەبووە لە ڕووی ناسێنەوە  گیروگرفتەکە لەوە را هاتووە کە  ئەوان نەیانتوانیوە  پەروەردە ببینن بە زمانی دایکیی خۆیان. ئەو سێ فایدەیە ، لە ڕاستیدا فایدەی دەروونناسانە تا فایدەی  پێداگۆژی یانی فێرکردن و بارهێنان  ...
میرزایی: بەڕێز کەلان باسی فایدەکانی زمانی دایکیمان کرد باسی خەسارەکانیشی بکەین. منداڵێک کە لە ناوچەکانی ئازەری زمانەکان ، یان وەک  کورد زمانەکان  عەڕەب زمانەکان و بەلووچ زمانەکان و  جۆرە جۆرەکانی دیکەی ئێران کاتێک کە لە ماڵێ  و لە ناو بنەماڵە و کۆمەڵی خۆیدا  بە زمانی دایکی خۆی قسە دەکا و دوای ئەوەی دەچێتە مەدرەسە لەپڕ  ڕووبەڕوو دەبێ لەگەڵ زمانێک  کە تەقریبەن بۆی بێگانەیە و لە ڕووی خوێندنەوە  خەساری زۆری لێ دەکەوێ ، سووکایەتی پێ دەکرێ . ئەو شتانە کاردانەوە و شوێنیان لە سەر بەدەنەی ئەو کۆمەڵە چ دەبێ ؟  لە سەر بەدەنەی ئەو منداڵانەی کە بەیانی دێنە ناو ئەو کۆمەڵەوە ؟
 کەلان: ئێوە باسی بەشی گرینگی ئەو کاردانەوەنەتان کرد . یەکەم ئەوەی کە ئەو شاگردە ناتوانێ دەرسەکانی پلەی سەرەتایی فێر بێ ، چونکە ئەوە زمانێکی دیکەیە و کار دەکا لە سەر بەردەوامی خوێندنی بۆ وێنە کاتێک کە دەگاتە پلەی ئیمدادیی خۆێندن . هەر وەک ئێوە گوتتان کاردانەوەی سووکایەتی پێ کردنیش زۆر گرینگە لە بەرچاو بگیرێ. ئێوە کاتێک شاگردان لە حاڵەتێکی ئاوا دا دادەنێن و ڕۆژانە ئەو پەیامەیان  دەدەنێ  کە ئەو شتەی هەتە نرخی نییە ، ئەو کولتوورەی کە بنەماڵەکەت هەیانە بێ نرخە ،  ئەتۆ دەبێ بە تەواوی بگۆڕدرێی ، ئەتۆ هیچ زانستێکت نییە ، ئەگەر ئەژدادت ، ئەگەر  نەنکت و باپیرت  ، ئەگەر خوشک و براکانت شتێک سەبارەت بە دنیا  ، سەبارەت  بە زانست ، سەبارەت بە  مێژوو دەگێڕنەوە  هەڵەیە ، چونکە ئەو زمانە لە جێدا ناتوانێ  زانستێک لە خۆی دا کۆ کاتەوە . ئەوە زۆر تەبیعی یە ، ئەگەر هێندێک بە ئینسافەوە بیر بکەینەوە  ئەگەر ئێوە هەموو ڕۆژێ بە شاگردێک بڵێن کە  ئەتۆ کەسێکی سووکەلەی ، ئەو شاگردە  هیچ کات ناتوانێ خۆی لە ئاستێک دا ببینێ  کە بێتە قۆناغی فێر بوونەوە. هەر وەک ئێوە گوتتان ئەوە  ڕەهەندەکانی  ناسێنەیی و کەسایەتییە ، بەڵام  کاتێک باسی خەسارەکانی ئەو بابەتە دەکەین نابێ  قالبی گەورەتر لە بیر بکەین. بۆ وێنە  پێوەندیی دەرس دادان بە زمانی دایکیی  و پەرەسەندنی ئابووری . نابێ ئەوەمان لە بیر بچێ کە ئێمە بە لاواز کردنی زمانە دایکییەکان  زنجیرەیەک بازرەگانی ، زنجیرەیەک سنعات  و زنجیرەیەک بۆ وێنە کاری دەستی یان  تێکنیکی لەو ناوچانەی کە فارسی یان نییە ئێمە بە شێوەی نەریتی پاراستووە. چون ئێمە ئیزنمان نەداوە بە مێکانیکەکەمان ، بە دارتاشەکەمان  بە نەقاشی خانووبەرەکەمان کە بە دەرکار کردنی زمانی ناوچەی خۆی  بتوانێ دەستی ڕابگا  بە بەرنامەگەلی تورکی یان کوردی یان  بەلووچی یان زمانەکانی دیکە . ئێمە پێشی پەرەگرتنی مۆدێڕن ،  میکانیزە و بە کامپیوترکراوی  سنعات و ئابووری لەو ناوچانە دەگرین .  لە ڕاستیدا ئێمە سیستمێکمان دروست کردووە  کە بەکەلکی ژمارەیەکی  بەسنووری  کەسانی نوخبە دێ  کە لەوانەیە پایان بگاتە زانکۆی تاران یان زانکۆی شیراز ، بەڵام بە میلیۆنان کەسمان لە چالاکییە سەرەتاییە ئابوورییەکان بێ بەش کردووە.
میرزایی : بەڕێز کەلان  لە کۆتاییدا  زۆران باوەڕیان وایە دەڵێن ئەگەر ئێمە بمانەوێ  زمانی دایکی لە ناوچە جۆر بەجۆرەکان بە دەرس دابدەین ، دوو ڕۆژی تر ئێمە زمانگەلی جیاوازمان دەبێ کە ئەوە گیر و گرفت ساز دەکا. ئایا  ئێوە لەگەڵ ئەو قسەیە هەن یان بەجۆرێک خۆ لێ دزینەوەی دەزانن؟


 کەلان:  ئەمن بە تەواوی دژی ئەو قسەیەم. مەسەلە ئەوەیە کە  بە دوو هۆ ، دوو ڕۆژی دیکە ئێمە زمانی  دیکەمان نابێ هەر ئێستا زۆر زمانمان هەیە. تەنێ کێشە ئەوەیە کە ئەو دۆستانە نایانەوێ ئەو زمانانە ببینن ، پێیان وایە کە بە فت کردنیان کێشەکە چارەسەر دەکرێ. هۆی دووەم کە زۆر گرینگە ئەوەیە ئێمە  کە پێداگری دەکەین لە سەر دەرس دادان بە زمانی دایکی  مەبەستمان فت کردنی زمانی ناوگر نییە . ئەو دۆستانە بە داخەوە لە بەڕ ڕوانگەی خۆ بەزلزانی کولتووری  و فتخوازی خۆیان ئەو مەسەلەیە  وەک یان ئەمە یان هۆوە چاو لێ دەکەن  لە کاتێک دا ڕوانگەی ئێمە لانی کەم لە مەڵبەندی  لێکۆڵینەوە و  زانکۆ دا  هەمیشە هەم ئەمە و هەم هۆوەیە  کە وابێ ئێمە دەمانەوێ هەم قوتابیانی  بە کەمایەتی داندراو بتوانن زمانی باو بە باشی نەک بەو شێوەیەی  ئێستا فێری دەبن ، بە باشی فێر بن  بتوانن  بەشێکی کاریگەر بن لە کۆمەڵ دا  و لە لایەکی دیکەشەوە دەمانەوێ زمانی دایکیان لە دەست نەدەن . لە جێدا ئەو باسە ، باسێکی دروست نییە  ، هەڵبەت هێندێک ئالنگاری سەبارەت بە ووردە ڕیشاڵی سازبوونی مۆدێلەکانی دەرس دادانی فرە زمانی هەیە بەڵام تا  بگەینە ئەوێ ڕێیەکی زۆرمان ماوە.  ئێمە لە دەسپێکی ڕێگا داین  کە بتوانین جارێ ئەو مافە بدەین  و ناوەندەکان دەست پێ بکەن  بە دەرس دادان بە زمانی دایکیی قوتابیان  بزانین چ ئالنگاری دێنە  پێشێ کە پێوەیان بچارێین.
میرزایی : سپاستان دەکەم ڕێزدار ئەمیر کەلان لێکۆلەرەوەی پەروەردەی زمان لە زانکۆی تۆرۆنتۆ کە لەگەڵمان بووی
 کەلان:  سپاسی لوتفتان دەکەم.           


No comments: