Saturday, February 22, 2020

گوتوبێژی موحسێن میرزایی لە تێلێڤیزیۆنی ئاریەن لە بەرنامە فارسی پایێش لەگەڵ پرۆفێسۆر عەبباس وەلی سەبارەت بە هەلومەرجی دوای هەڵبژاردن لە ئێران


 گوتوبێژی  موحسێن میرزایی لە تێلێڤیزیۆنی ئاریەن لە بەرنامە فارسی پایێش لەگەڵ پرۆفێسۆر عەبباس وەلی سەبارەت بە هەلومەرجی دوای هەڵبژاردن لە ئێران

جومعە  ٢١-ی شوباتی ٢٠٢٠  ، سەعات ١٨:٣٠  بە کاتی ناوەندیی ئوڕووپا

موحسێن میرزایی : ئەم کاتەتان باش بەڕێز وەلی

عەبباس وەلی: ئەم کاتەتان باش و کاتی بینەرانیشتان باش

ڕەزایی: سپاس بۆ ئێوە، بەڕێز وەلی هەر ئەو جۆرەی کە لێکدانەوەکان و پێشبینییەکانی بەر لە هەڵبژاردن ئاماژەی دەکرد بە بەشداری کەمی خەڵک لە هەڵبژاردن دا، ئەمڕۆش  لەو وێنە و ڕاپۆرتانەی کە هاتن بینیمان  کە خەڵک پێشوازییەکی گشتییان لەو هەڵبژاردنە نەکردووە. ئێوە هۆی ئەوە بە چی دادەنێن؟

وەلی: بە بێ گومان هۆی سەرەکی ئەوە  کارو کردەوەی ڕێژیم لەو ساڵانەی دواییدا بووە . شکانی ڕێژیم بووە لە وەدیهێنان و گەیشتن بە ئامانجەکانی، و شکانی ڕێژیم بووە لە پڕۆژە ستراتێژییەکاندا کە سەرەتی پێ داون بەڵام سەرەڕای ئەو سەرەتی پێدانە، ئەوانەی وەدەست نەهێناوە و هەر واتر کاتێک هێندێک ڕووداو قەوماون بووەتە هۆی ڕمانی مەشروعییەتی ڕێژیم . ئیدێئۆلۆژی ئەو نیزامە وەک ئامرازی سەرەکی داڕشتنەوە و ڕاهێزاندنی مەشروعییەتی ڕێژیم کارتێکەری  و هەرواتر تەئسیری خۆی لە دەست داوە و ڕێژیم چووەتە ناو قۆناخێکی دیکە لە قەیرانی و لەم قۆناخە دا لە بەر فشاری زۆر بەربڵاوی ئابووری کە بۆ ڕێژیم هاتووە توانایی ئەوەی نییە بتوانێ لە کورت خایەن و هەر وەها لە درێژخایەن دا ، تا ئەو جێگایەی کە دەکرێ پێشبینی بکرێ، ووڵامی داواکانی خەڵک بداتەوە و جۆرێک باشتر بوون لە وەزعی کولتووری و ئابووری و کۆمەڵایەتی خەڵک دا پێک بێنێ . بە باوەڕی من ئەوە لە هەلومەرجێک دایە کە ئەو ڕێژیمە لە چەنبەری قەیرانی جۆر بەجۆر دا گیری کردووە و ئاکامی ئەو قەیرانانە بوونەتە هۆی فشار لە خوارەوە ڕا بۆ سەر ستروکتووری دەسەڵات و ئێستا حەموو هەوڵ و کۆششی ڕێژیم ئەوەیە کە بتوانێ ستروکتووری دەسەلات لە سەرەوە بە یەکپارچەیی ڕابگرێ و هەر بۆیەشە کە لەم هەڵبژاردنە دا بە پێچەوانەی ساڵانی پێشوو ئامرازە سەرەکییەکانی مەشڕوعییەتی دیسکۆرسی  و کردەوەیی بەشێک لە نیزام ی  واتە جمهوورییەتی بە دەستی خۆی فت کردووە. ئیدی هیچ دەنگوباسێک نییە لە ئیسلاح تەڵەب و پێڕۆیانی ئومێد واتە لیستی ئومێد و کەسانی ئالوگۆڕخواز و ڕێژیم خەریکە بەرەو یەکدەست بوونێک دەچێ کە ئەو یەکدەست بوونە بە تەواوی هۆ و سونگەی کۆنکرێتی ئەمنییەتی هەیە و ئەوە هەلومەرجێکە کە ئێستا دەیبینین. لە هەلومەرجێکی ئاوا دا مەردمانی ئێران لە بەشی جیاوازی ئێران دا ، بە تایبەتی لەم یەک ساڵەی دواییدا ، دوای بەفرانباری ١٣٩٦ و ئێستا لە دوای مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ و دوای ئەو مەسەلەی بەردانەوەی فڕۆکە و ئێستاش بڵاو بوونەوەی پەتای کڕۆنا ، ئەوانە خۆیان لە خۆیاندا هەم نیشانەی ئەو قەیرانییەن ، واتە ناتوانایی ڕێژیم هەم لە ڕووی قانوونی و هەم لە ڕووی سیاسی و هەر وەتر نیشانەکانی قووڵبوونەوەی ئەو وەزعەن ، ئەو قەیرانییەن. و ڕێژیم لێرە دا گیری کردووە و گیر کردنەکەشی بە باوەری من گەیشتووەتە ئەو جێیەی کە دەیەوێ بۆ جاری یەکەم ، یانی خۆی بڕیاری داوە کە ئەو بەشی ویترینییەی جمهووریەت وەلا بنێ کە هیچکات حاڵەتی کردەوەیی و کارتێکەری نەبوو و بەرەو ڕێژیمێکی ئیسلامی بچێ  کە دەسەڵاتی بەناوەندکراو تێیدا تێک پەستاوتووتر بکرێ و بە ڕێگای ئەو ڕێکخراونەی کە مەشروعیەتی قانوونییان نییە و بە تەواوی لە ژێردەسەڵاتی قودرەتێکی ڕەها دان ، لە ڕێگای ئەوانەوە بی پارێزێ.

میرزایی: ڕێزدار وەلی پێشتر کاربەدەستان و بەرپرسانی جمهووری ئیسلامی ئێران هەر کاتێک ویستبایان باسی نوختە بەهێزەکانی جمهووری ئیسلامی بکەن ، یەک لە پێگە سەرەکییەکانیان ئامادەیی بەربڵاوی خەڵک لە هەڵبژاردن دا بوو و ئەوەیان بە مەشروعیەتی خۆیان لە لای خەڵک دا دەنا. محەمەد جەواد زەریف کە ئێمە پێشتریش گوتوومانە هەر لەم ستۆکهۆڵمە لە سەفاڕەتخانەی ئێران ڕایگەیاند کە زیاتر لە حەفتا لە سەدی خەڵک پشتیوانی لە ئێمە دەکەن و دێنە پای سندووقەکانی دەنگدان. ئەمڕۆ خەڵک سندووقەکانی دەنگدانیان تەقریبەن نێو خاڵی هێشتەوە . وەزعییەت چ دەبێ؟

وەلی: بە نەزەری من ئەم ڕێژیمە هەمیشە وەختێک ئاماژەی بە پاڵپشتی دەنگی خەڵک دەکرد ئەوە لە هەلومەرجێک دا بوو کە بۆ نیشاندانی مەشروعیەتەکەی پێداویستی پێی هەبوو بەڵام  لە کردەوە دا و هەر وەها لە سەر بنەمای پرێنسیپگەلی گۆیا ستروکتوری – ئیدێئۆلۆژی نیزام خەڵک چڵە پووشێکیش نەبوون . زۆر جار ئیذێئۆلۆگەکانی ڕێژیم بو وێنە ئاغای میسباحی یەزدی گوتویانە خەڵک چ  کارەن ئەوە وەلی فەقیهە کە ئەسڵی ئیمامەتی شیعە پەروەراندوویە و مەشروعییەتەکەی لە ئیمامان و پێغەمبەر و دواجار لە سەرچاوەیەکی ئیلاهی وەردەگرێ. لە بەرانبەر ئەوە دا کەلکێک کە ڕێژیم لە دەنگی خەڵک وەری گرتووە ، لەو کەلکەی لە مەشروعییەتی دێمۆکڕاتیک وەری گرتووە هەمیشە ئامرازی و بۆ بەکار هێنان بووە و ئەم  کەلکوەرگرتنە ئامرازییە هەمیشە کێشەی بۆ ڕێژیم ساز کردووە . دوای ئەوەی کە هەڵبژاردن تەواو بووە ، یان دوای ئەوەی کە رێفراندۆمێک شتێک بووە لە کاتی پەسندی قانوونی بنەڕەتی و ئەوانە دا، کاتێک خەڵک ویستوویانە داوخوازییەکانیان جێ بە جێ بکرێ لەگەڵ سەرکوت ڕوو بە ڕوو بوون. ئاشکراترینی ئەو نموونانە ئێمە دەتوانین چاو لە بزووتنەوەی سەوز بکەین لە ساڵی ١٣٨٨ دا کە لەوێدا دروشمی سەرەکی خۆپیشاندەران و دژبەران ئەوە بوو کە 'دەنگەکەم کوا'؟ ئەوە دروشمێکە داواکردنەوەیەکی دێمۆکڕاتیکە لە ڕێژیمێک کە ئیدیعای دێمۆکڕاسی دەکا. بەڵام ڕێژیم تەنێ لە بەر ئەوەی کە ووڵامێکی نەبوو بۆ ئەو پرسیارە و بۆخۆشی دەیزانی کە ئەو دەنگانە دەستیان تێوەردراوە ، دەیزانی کە ئەو دەنگانە وەلا نراون، گشت ئەوانەی دەزانی و کاتێک ئەوە ڕوویدا  لەگەڵ خەڵک بە توندوتیژی و زەبروزەنگی سەخت ڕووبەڕوو بوو و سەرکوتی کردن و بە پێی قسەی یەکێک لە فەرماندەکانی سپا کە دواتر لە سووریا کووژرا ، نزیک بە ٥٠٠  نەفەریان تەنێ نوخاعی کرد ، یانی کاتێک مرۆڤ چاو لەوە دەکا و لەوە وورد دەبێتەوە کە نوخاعی کردن یانی چی یانی مرۆڤ دەتوانێ لە قووڵایی و کوورایی توندوتێژیی ئەو دەسەڵاتە سیاسییە تێ بگا کە لە بەرانبەر داوخوازی دێمۆکڕاتیکی خەڵک دا لانی هەرە زۆری توندو تیژی و زەبر و زەنگ دەکار دەکا، بە شێوەی هەرە قێزەوەن ، هەر وەک چاخەکانی سەدەی ناوەڕاست یانی بەدەنی ئینسان دەکاتە ئۆبژە و ئامانجی ئەسڵی و دەیخاتە ژێر دەرد و ئەشکەنجە بۆ ئەوەی ئەوانیدی سەرمەشقی لێ وەربگرن و چاوترسێن بکرین. لەهەلومەرجێکی ئاوا دا بە باوەڕی من داوخوازی مەشروعیەت لە دەنگی خەڵک و بە تایبەتی بۆ ڕێژیمێک کە بە پێی قانوونی بنەڕەتی دەسەڵاتی ڕەها دراوە بە نەفەرێک کە گۆیا دەڵێن سەرچاوەی دەسەڵاتی دەسەڵاتی ئیلاهی و پێغەمبەرانەیە ، لە بەرانبەر ئەوە دا مافگەلی خەڵک یان داوخوازی خەڵک ، یان ئیرادەی دێمۆکڕاتیکی خەڵک تەنیا و تەنیا وەک ئامرازێک کەلکی لێ وەردەگیرێ و لە کردەوەش دا دیتمان ئەوەیکە لە قانوونی بنەڕەتی دا بە ناوی دەسەڵاتی ڕەها  ناو زەد کراوە لە کردەوەش دا جێ بە جێ کراوە و دەکرێ.  بەڵام ئەوانە لە هەلومەرجی ئێستا دا کاتێک کە ڕێژیم  لە قۆناخی قەیرانی مەشروعیەت لە ساڵی ١٣٨٨  بە دواوە تێ پەڕیوە و هاتووەتە ناو قەیرانی بنەڕەتی لە ستروکتووری دەسەڵات دا ، بە باوەڕی من مەسەلەی مەشروعیەت تەنیا لە بەر ئەوەیە کە بتوانێ لە بەرانبەر فشارە دەرەکییەکان خۆی ڕاگرێ و دەوام بێنێ. خەڵکی ئێران شوێنێکی ئەوتۆیان لە سەر دەسەڵات نییە.

میرزایی: ڕێزدار وەلی ئێمە ئێستا باسی قەیرانیی مەشروعیەت دەکەین . زۆر لە پارتی و رەوتە سیاسییەکان ئەو کاتەی بەیاننامەیان دەر کرد و هەڵبژاردنیان  بایکۆت کرد ڕایانگەیاند: کە ئامادە نەبوونی خەڵک لە شوێنەکانی دەنگدان دەتوانێ نا مەشروع بوونی ڕێژیم زیاتر لە ڕابردوو بنمێنێ و کۆمەڵ بخاتە ڕێبازێک  کە بە ڕێگای دیکە دا بە دوای داوخوازییەکانی دا بگەڕێ. ئەو جۆرەی کە لە مانگی خەزەڵوەر دا دوایین نموونەی ئەوەمان دیت. ئێوە لەو بارەیەوە چون بیر دەکەنەوە؟


وەلی: بە باوەری من ئەوە دروستە ، لەوەش دەرچێ ئەو لێکدانەوەیەی کە من لەمەڕ هەلومەرج هەمە ئەوەیە ڕێژیم ئێستا نزیکەی دە ساڵە ، لە ڕاستیدا لە قەیرانی مەشروعییەتی تێ پەڕاندووە و ئێمە دەبێ هەموومان ئەوە بزانین ، لە بەر ئەوەشە لە دوای بزووتنەوەی سەوز و سەرکوت کردنی بزووتنەوەی سەوز  کە تێیدا دیارە ئیسلاح تەڵەبەکان دەوڕێکی بەرچاویان هەبوو، ئەو قسەیەیی کە ئیسلاح تەڵەبەکان بە دەستی خۆیان بزووتنەوەی سەوزیان  خانەنشین کرد بە باوەری من قسەیەکی زۆر بەکار و باشە. ئەوەیکە لێرە دا گرینگە ئەوەیە کە ئەو ڕێژیمە لەو قۆناغە تێ پەڕیوە و ئەلئان کاتێک ڕوداوی وەک ئەو هەڵبژاردنە دێتە پێشێ ئەوە شتێک نیشان دەدا ، ئەگەر ئێمە چاو لە هێرەمی دەسەڵات بکەین لە ڕێژیم دا ، و ئەوە زۆر گرینگە، فشاری هەرە زۆر لە سەرەوە لە سەر لووتکەی هێرەم هەیە و لە خوارەوەش ڕا دەبینین کە  هەر ئەو هەڵبژاردنە نیشان دەدا  کە لە خوارەوەش ناڕەزایەتی و موخالەفەت یەکجار زۆر و بەربڵاوە  و بەو کارەی کە ڕێژیم خەریکە دەیکا یانی یەکدەست کردن و یەک کاسە کردنی سترووکتووری دەسەڵات ، دەبێ سەرنج بدرێتە ئەوە کە ئەو مەودای ناوەڕاستی لووتکەی هێرەم ە ، ئامرازەکانی دەسەڵات ، ئامرازەکانی توند وتیژی وئامرازەکانی سەرکوت کردنن ، لەبەر ئەوەی ئیدی قانوون گرینگی خۆی لە دەست داوە و بە بێ توندوتیژیی کارەکانی جێ بە جێ نابێ ، بە بێ توندو تیژی و زەبروزەنگی ڕووت.  کە وابوو ئەوەی کە لە نێوان لووتکەی هێرەم و بنە و پایەی هیڕەم دا کە بریتی بن لە خەڵک بەشێک هەیە کە بەخێرایی خەریکە خاڵی دەبێ و ئەو وەلانانانەی باڵەکانی وەک ئیسلاح تەڵەن و چووزانم لایەنگرانی لیستی ئومێد و ئالوگۆڕخواز و عەداڵەت خواز و ئەوانە بە باوەڕی من کاتێک ئەوانە دەکەونە پەراوێزەوە ، ئەو حاڵەتە ئیسفەنجییەی کە لە نێوان نووک و بنە وپایەی هێرەم دا هەبوو  خەریکە ووردە ووردە خاڵی دەبێ ، ئێستا نۆرەی ئەوەیە، کاتی ئەوەیە کە بە باوەڕی من ئۆپۆزیسیۆنی ئێران دەبێ سەرنجی بداتێ و لێی وورد بێتەوە کە تەنێ تەشویقی خەڵک بە نافەرمانی مەدەنی بەس نییە ، ئەوەیکە لێرە دا گرینگە چالاکی سیاسی زۆر بەربڵاوە بۆ پێکهێنانی ئیتیلافێکی کاریگەر و چالاک  لە ناو توێژە ناوەڕاستەکانی کۆمەڵ و هەر وەها دەستەنگانی کۆمەڵ دا. ئەگەر ئەو ئیتیلافە بکرێ ئەو بەشەی ناوەڕاستی هێرەم لە نێوان لووتکەی هێرەم واتە سەری دەسەڵات و هەر وەها بنەو پایەی هێرەم ئیدی ناتوانێ پڕ بکرێتەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ ئەو قەڵشتە گەورەتر و گەورەتر دەبێ  ، بەم پێیە دروستە پێداگری لە سەر نافەرمانی مەدەنی بکرێ ، پێداگری لە سەر ئەوەی کە خۆپیشاندان دەبێ بە بێ توندو تێژی بەڕێوە بچێ . ئەوانە حەموو شتی دروستن لە ڕووی ستراتێژیکەوە و لە درێژ خایەن دا ئاکامیان دەبێ ، بەڵام ئەوەیکە گرینگە ئەو نافەرمانی مەدەنییە دەبێ  ستراتێژییەکی چالاکی سیاسی ش لە پشت سەری بێ کە هۆکارەکان و سوبژەکانی دەبێ  لە ناو دڵی ئیتیلافێک لە نێوان توێژەکانی  ناوەڕاست یانی چینی ناوەڕاست بە شێوەی گشتی و دەستەنگانی شار نشین بێتە دەرێ. کە ئەڕتەشی دەستەنگانی شارنشین خەریکە هەر زیاد و زیاد دەکا. لێرە دا ئەمن دەمەوێ ئاماژە بە دوو شت بکەم و ئەوە لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە زۆر گرینگە . لەبەر قەیرانی ئابووری و لە بەر ئەوەیکە ئابووریی سەنعەتی ئێران لە ڕاستیدا بە نزیکەی سی لە سەد یان کەمتر لە سی لە سەدی توانایی خۆی خەریکە  هەڵدەسووڕێ بەشێکی زۆر لە پرۆلێتاریای ئێران بە تەعبیری کلاسیک ، واتە پرۆلێتاریای سەنعەتی ئێران لە مەڵبەندی بەرهەم هێنان دەرکەوتووە و چووەتە ناو دەستەنگانی شارنشین و بەوان پەیوەست بووە ، هەر وەها ڕمانێکی زۆر سەختیشمان هەبووە لە ناو توێژاڵکە ناوەڕاستەکاندا . بەشەکانی خوارەوە توێژەکانی ناوەڕاست ئیتر لەو تەعبیری پێشووی توێژە ناوەڕاستەکاندا ناگونجێن و ئەوانەش بە خێرایی خەریکن دەچنە ناو دەستەنگانی شارنشین و بەوان پەیوەست دەبن. بەم پێیە بنەماکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەو ئیتیلافە ستراتێژیکییەی کە ئەمن ئەوە خەریکم قسەی لێوە دەکەم خۆی لە خۆیدا لە ئێران ساز دەبێ. هەنووکە دەبێ  ئیهتیمامی ئۆپۆزیسیۆنی دێمۆکڕاتیک ئەوە بێ  کە تەنێ تەشویق و تەعبیری نافەرمانی مەدەنی پێ بەس نەبێ و ئیمکاناتی ساز بوونی ئەو ئیتیلافە سیاسییە ئامادە بکا.

میرزایی: ڕێزدار وەلی ئەگەر لە دوایی دا بە کورتی بتوانن ووڵام بدەنەوە مەمنوون دەبم. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مەجلیسەی کە پێشاوپێش دیارە کە لێکەوتەکانی سەردارەکان یان ئەو تەیفەی نزیکتر لە حکوومەت و توندئاژۆ مەزهەبییەکانن ، وا وێدەچی لێکەوتەی ئەو پارڵمانە و قانوونەکانی وەزعییەت بۆ خەڵک لەوەی کە هەیە دژوارتر بکا ، بەڵام ئێمە بینیمان لە دە ساڵی ڕابردوو دا هەر چەندی کاردانەوەکان و فشارەکان بۆ سەر خەڵک زیاتر بوون ، خەڵک زۆر ئازایانەتر و زۆر نەترسانەتر دەستیان داوەتە پڕۆتێستەکانی خۆیان. بە باوەڕی ئێوە داهاتووی ئەو پارڵمانە و ڕووبەڕوو بوونەوەی خەڵک لەگەڵ ئەو پاڕڵمانە چ دەبێ.

وەلی: کاتێک من گوتم بە تەعبیری من ڕێژیم چووەتە ناو قۆناغێکی نوێ لە قەیرانی،  بە ناوی قەیرانی حاکمییەتی دەسەڵاتی سیاسی ، پلەی دوایی ئەو قەیرانییە ئەو کاتەیە کە بەکارهێنانی توندوتیژی سیاسی  ئەو ئاکامە ئیدەئالانەی کە دەخوازرێ وەدەست ناهێنێ و بە باوەڕی من کاتێک دیواری ترس بشکێ ، کاتێک ئەو خۆپیشاندانانە بەربڵاوتر بن ئێمە دەگەینە قۆناغێکی بنەڕەتی ئەو قەیرانییە و هەر وەها قۆناغی بنەڕەتی ئالوگۆڕی سیاسی لە ئێران. ئەمن پێم وایە ئەو پارڵمانەی کە بەو شێوەیە خەریکن سازی دەکەن ئەوە لە ڕاستیدا تەعبیرێکی دیکەیە لەو کودەتایەی کە بڕیار بوو بکرێ کە بە خۆ پێشاندانەکانی مانگی بەفرانبار دوو ساڵ لەمەو بەر وەخرا، ئەوە لە مەشهەدەوە دەستی پێ کرد . لە پێشدا قەرار وابوو شووڕایەکی نەتەوەیی ئابووری ساز بکەن و دوایە شووڕای سیاسی و حکوومەت وەلا بنێن. ئێستا بەو پارڵمانە و ئەوەش کە دەسەڵاتی قەزایی ش بە دەست ئاغای خامەنەیی خۆی و دەستنێژەکانێتی بەو پێیە ئیتر دەسەڵاتی جێ بەجێکەریش بە تەواوی دەخرێتە پەراوێزەوە و بە باوەڕی من ئەگەر ئەو یەکدەست کردنە دەستی بە سەرچاوە بنەڕەتییەکانی ئابووری و کولتووری و کۆمەڵایەتی ڕاگەیشتبا، کە ناگا، دەیتوانی بە تەعبیرێک ئەو قەیرانییە بەلانی کەمەوە تەعدیل بکا ، بەڵام ئەوەی پێ ناکرێ. بە باوەڕی من لێرە دا مەسەلەی کلیلی پێوەندی ئێرانەلەگەڵدەوڵەتەویەکگرتووەکانی ئەمریکایە. ئەگەر ئێران بە چۆک دا بێ و لەگەڵ ئەمریکا بسازێ بەو شێوەیەی کە ئەمریکا لە ئێرانی دەوێ بە باوەڕی من ئاکام بۆ ڕێژیمی ئێران ئەرێنی نابێ. بەڵام ئەگە لەو ناوە دا ئاغای تڕامپ خۆی و حکوومەتەکەی بییەوێ بۆ کەلک وەرگرتن لە هەڵبژاردن دا سازانێکی نیو بە نیو  لەگەڵ حکوومەتی ئێران بکا و جۆرەیەک دەرەتانی ژیانی دووبارەی بدەنێ بە باوەڕی من ئاکامیی دوایی قەیران وەدرەنگ دەکەوێ بەڵام قەیران لە ناو ناچێ.
میرزایی: سپاس بۆ ئێوە ڕێزدار عەبباس وەلی لێکدەرەوەی سیاسی کە لەگەڵمان بووی.
وەلی : سپاستان دەکەم و شەوتان  خۆش بێ.   
   





No comments: