Monday, February 17, 2020

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز یان فێرمۆن، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی سیاسەتمەدارانی کورد لە بێلژیک، سکرتێری گشتی کۆمەڵەی ناونەتەوەیی پارێزەرانی دێمۆکڕات

   هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز  یان فێرمۆن، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی سیاسەتمەدارانی کورد لە بێلژیک، سکرتێری گشتی کۆمەڵەی ناونەتەوەیی پارێزەرانی دێمۆکڕات
 جومعە ، ٧-ی فێڤرییەی ٢٠٢٠
حەسەن قازی : بینەرانی خۆشەویست بەخێربێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ. لە بەرنامەی ئەمجارە دا میوانداری دەکەین لە بەڕێز یان فێرمۆن  کە خۆی پارێزەرە و هەر وەها سکرتێری گشتی کۆمەڵەی ناونەتەوەیی پارێزەرانی دێمۆکڕات ە. زۆر بە خێر بێی بۆ بەرنامەی ئێمە بەڕێز فێرمۆن .
 بە گشتی لە ناو کوردان دە مەیلەکی ئاوا هەیە کاتێک لەگەڵ کەسێک قسە دەکەن  پێیان خۆشە لە سەر ژیانی شەخسی وی زیاتر بزانن . هەڵبەت ئەمن نامەوێ ئێوە باسی ژیانی شەخسی خۆتان بکەن ، بەڵام دەکرێ بە کورتی بڵێن ئێوە کێن ؟
 یان  فێرمۆن:  ئەوە پرسیارێکی باشە . ئەمن چالاکێکی کۆنم لە بزووتنەوەی پێشکەوتووی کۆمەڵایەتی دا و  لە ساڵی ١٩٨٩ وە وە وەکوو پارێزەر کار دەکەم.  ئەمن هەمیشە حەولم داوە چالاکی پیشەیی خۆم بە ڕێیەکی پۆزیتیڤ دا بەکار بهێنم . هەڵبەت بۆ خزمەت بە دۆزی عەداڵەت ، مافی گەلان و مافی مرۆڤ . هەر بەو ڕێبازە دا بوو کە لەگەڵ کەیسی ئاوا ڕووبەڕوو بووم کە پێوەندی  بە گەلی کوردەوە هەبوو.
قازی:  ئێوە بە گشتی لە پێشەی خۆتان دا لە سەر بواری لە مەڕ تاوانکاری کارتان کردووە ؟
فێرمۆن : بەڵێ من لە سەر کەیسی تاوانکاری کارم کردووە ، بەڵام لە بواری دیکەش دا کارم کردووە . بۆ وێنە لە سەر مافی مرۆڤ.
 قازی :   ئێوە لە سەر کەیسی جێنۆسایدیش کارتان کردووە ؟
فێرمۆن:  لە بێلژیک لە سەر دۆسییەی ڕوواندا کارم کردووە .  ئەمن لە زۆر بواران دا کارم کردووە سەبارەت بە مافی مرۆڤی ناونەتەوەیی ، بۆ نموونە لە بێلژیک لە سەر کەیسی لە مەر تاوانی شەڕ کارم کردووە  و هەر وەها تاوانی دیکەی ناونەتەوەیی
قازی:  وەک دەزانین لە ٢٨-ی مانگی ژانڤییە  دادگای باڵای بێلژیک بڕیارێکی دا کە بە پێی ئەو بڕیارە ئەو کەسایەتی و تێکۆشەر کوردانەی کە تاوانبار کرا بوون بە تێرۆریزم بێ تاوان ناسران. بەر لە هەموو شت پێم خۆشە بۆ بینەرانمان باس بکەی سیستمی قەزایی لە بێلژیک چۆن هەڵدەسووڕێ؟
فێرمۆن:  ئەمن تێ دەکۆشم لەو بارەیەوە بە کورتی زانیاریتان بدەمێ ، چونکە ئەو پرسە زۆر ئاڵۆزە. لە کەیسی تاوانکاریی دا لە لایەن داواکاری گشتی را لێپرسینەوەیەک دەست پێ دەکا. لە دۆسییەکەی ئێمەش دا هەر وا بوو. دوایە داواکاری گشتی فێدێراڵ   داوالە قازییەک دەکا کە کاری لێپرسینەوە دەکا دەست بە لێپرسینەوەیەک بکا. قازیی لێپرسینەوە دە ڕاستی دا پۆلیسێکی پایە بەرزە کە لێپرسینەوە بەڕێوە دەبا.  کاتێک قازیی لێپرسینەوە بڕیار بدا یان بگاتە ئەو ئاکامەی کە لێپرسینەوەکە تەواو بووە دیسان دۆسییەکە دەنێرێتەوە بۆ داواکاری گشتی . دوایە داواکار دۆسییەکە دەباتە بەر دەم دادگای سەرەتایی . دادگای سەرەتایی بڕیار دەدا داخودا دادگایەک پێک بێ یان نا .  ئێمە لە ٢٨-ی ژانڤییە  لە قۆناخی دوایی دا بووین ، کە دادگای پێداچوونەوەی برووکسێل  لە مانگی سێی ساڵی ڕابردوو بڕیاری دا هیچ کەیسێک  بۆ دادگایی کردن نییە دەرحەقی ئەو ٤٠ تاکوتەرای کورد و دوو شیرکەتان، شیرکەتی میدیایی. بۆیە لە مانگی مارسی ساڵی ٢٠١٩ دا دادگای پێداچوونەوەی برووکسێل  بڕیاری دا پێویست بە پێک هێنانی دادگا نییە  و دادگای باڵاش ئەو بڕیارەی پەژراند. بڕیار لە مانگی مارسی ساڵی ٢٠١٩ دا درا و ئێستا دادگای باڵا لە ٢٨-ی ژانڤییەی ساڵی ٢٠٢٠  قەراری دەرکرد ئەو بڕیارەی کە دادگای پێداچوونەوە داویە دروستە و حوکمەکەی کار دەکا.   
قازی: ئەگەر من هەڵە نەبم پێم وایە دادگای باڵا پێشتریش تەماشای ئەو دۆسییەیەی کرد بوو ؟
فێرمۆن:  بەڵێ ئەو دۆسییەیە مێژوویەکی پێشووتری هەیە . لە ڕاستیدا لێپرسینەوە لە ساڵی ٢٠١٥ تەواو بوو . وەک من پێشتریش گوتم  داواکاری گشتی کەیسەکەی بردە بەردەم دادگای سەرەتایی ، بۆ ئەوەی بزانێ دادگایەک پێک دێ یان نا لە سەری بڕیار بدا. لە ساڵی ٢٠١٦  دادگای سەرەتایی بڕیاری دا  ئەوە کەیسێك نییە حەوجێ بێ بۆ ئەوەی دادگای  بۆ پێک بهێندرێ  و ئارگومێنتی ئەوە بوو  ئەو ئیدیعایانەی  دەرحەق بە تاوانبارکراوان کراون هیچ  پێوەندییان بە تێڕۆریزمەوە نییە. لە ڕاستیدا خەباتی گەلی کورد و خەباتی پ.ک.ک  کێشەیەکی چەکداری نا نێونەتەوەییە کە قانوونی تێرۆریزمی لە سەر  تەتبیق ناکرێ. ئەوە یەکەم بڕیار بوو لە ساڵی ٢٠١٦. داواکاری گشتی و دەوڵەتی تورک – لە بەر ئەوەی کە دەوڵەتی تورکیا وەک لایەن هاتبووە ناو پێواژۆیەکە -  بە دژی ئەو بڕیارە داوای پێداچوونەوەیان کرد. ئەگەر هەڵە نەبم لە ساڵی ٢٠١٧  دادگای پێداچوونەوە یەکەم بڕیاری خۆی دا، دیسان جارێکی دیکە  داواکاری گشتی و دەوڵەتی تورک داوای پێداچوونەوەیان کردەوە لە لای دادگای باڵا، کە بڕیاری یەکەمی پووچەڵ کردەوە ، بەڵام دیسان دۆسییەکە چووەوە دادگای پێداچوونەوە. لە ڕاستیدا سێ جار بڕیاری هەر  ٣ دادگایان  یانی دادگای سەرەتایی ، یەکەم بڕیاری دادگای پێداچوونەوە و دووەم بڕیاری دادگای پێداچوونەوە  کە دواجار ئەوەیە کە حوکمەکەی کار دەکا و نەگۆڕە ، هەر سێیان هەمان شت دەڵێن کە ئەوە  کێشەیەکی چەکداری نا نێونەتەوەیی یە کە مانای ئەوەیە قانوونی شەڕی لە سەر تەتبیق دەکرێ  نەک قانوونی دژی تێرۆریزم. بۆیە نابێ پ.ک.ک وەکوو  ڕێکخستنێکی تێرۆریست بژمێردرێ لەو چوارچێوەیە دا
قازی: ئێستا ئەگەر ئێمە بێینە سەر چەمکی ئاکتۆری نا دەوڵەتی دە کێشەیەکی چەکداری دا. ئێمە دەزانین کە بە پێی قانوونی نێونەتەوەیی مرۆڤ دۆستانە  چوارچێوەیەکی  دیاریکراو هەیە بۆ ئەوە. بۆیە بابەتێکی جێی سەرنجە  ئەگەر مرۆڤ لە پاشخانی مێژوویی ئاگادار بێ. جەنابت لەو کۆنفڕانسە نێونەتەوەییەی کە لە پارڵمانی ئوڕووپا پێک هات لە قسەکانت دا گوتت ئەو بابەتە لە ڕووی مێژووییەوە دەگاتەوە سەردەمی شەڕی دووەمی جیهانی. من دەمەوێ ئێوە هێندێک زیاتر ئەو زانیارییە شی بکەنەوە،  
فێرمۆن: لێبڕاوانە ئەتۆ ڕاست دەکەی. ئەوە بابەتێکی گەلێک گرینگە. هەتا سەردەمی شەڕی دووەمی جیهانی بە پێی قانوون هەموو جوورە کردەوەیەک بە دژی دەوڵەت  وەکوو کردەوەیەکی تاوانکارانە دەژمێردرا . هەر بۆیەش داگیرکەرە نازییەکان لە هەموو ئوڕووپا تێکۆشەرانی خۆڕاگری و بەرخوەدانیان بە تێرۆریست دا دەنا . تەنانەت لە خەباتی دژی کۆلۆنیالی ش دا بەر لە شەڕی دووەمی جیهانی هەموو بزووتنەوە دژە کۆلۆنیالییەکان وەک تاوانکاریی ئاسایی وە حیساب دەهاتن . هەڵبەت لە بەر دەورێک کە بزووتنەوەی خۆڕاگری گێڕای لە شەری دووەمی جیهانی دا ، و دواتر ئەو دەورەی کە بزووتنەوە دژە کۆلۆنیالیستییەکان گێڕایان لە شەڕ و خەباتی دژی کۆلۆنیالیستی دا ، ئەوە زۆر دژوارتر بوو ، چونکە خۆڕاگری سەلماندی کە دەکار کردنی زەبروزەنگ بە دژی دەوڵەت دەکرێ مەشڕووع بێ، و بزووتنەوەی دژی کۆلۆنیالیستی بە ووردی ئەوەی نیشان دا، هەر بۆیە کەم کەم  لە قانوونی نێونەتەوەیی دا بیری ئەوەی کە ئاکتۆرێکی نا دەوڵەتی لە کێشەیەکی ناوخۆیی دا ببێ بە ئاکتۆرێکی مەشڕووع ، لە کێشەیەک دا نەک لە ناو دەوڵەتان دا ، بەڵکوو  لە نێوان گرووپێکی نا دەوڵەتی و دەوڵەتێک دا ، دەتوانێ خاوەنی مەشڕووعییەت بێ. بەو شێوەیە بوو کە پەیماننامەی ژێنێڤ زیاتر پەرەی پێ درا ، پڕۆتۆکۆڵی دووهەم لە پەیماننامەی ژێنێڤ زیاد کرا ، کە بەشێوەیەکی ڕوون باسی بارودۆخی ئاوا دەکا. لە ڕاستی دا شەڕ بە دژی تێرۆر جارێکی دیکە ئەو پارادایمای گۆڕی ، شەر بە دژی تێرۆر دە ڕاستیدا هەنگاوێکی بەرەو دواوە هەڵێناوە و چووەوە ئەو سەردەمەی  کە هەر جۆرە کریارێک بە دژی دەوڵەت  وەک کردەوەیەکی تاوانکاری دادەندرێ و کردەوەی مەشڕووع بە دژی دەوڵەتێ لە ڕوانگەی قانوونی ڕا ئیدی نەماوە. حوکمی دادگای پروکسێل بە دیتنی من زۆر گرینگە تەنانەت لە دەرەوەی بابەتی کوردەکانیش . لە ڕاستی دا ئەو دادگایە جارێکی دیکە قانوونی نێونەتەوەیی دەژێنێتەوە  کە پێشتر لە زەمانی بزووتنەوەی خۆڕاگری و بزووتنەوەی دژی کۆلۆنیالیستی دا هەبوو. ئەو حوکمە دەڵێ  ووریا بە چونکە جیاوازییەک هەیە لە نێوان  تێرۆریسم و شەڕی ناوخۆیی لە نێوان دەوڵەت و بەشێک لە دانیشتووان دا کە دەتوانێ بە تەواوی مەشڕووع بێ  و نابێ بە کردەوەیەکی تێرۆریستی دابندرێ . بۆیە من لەو باوەڕە دام کە ئەو مێژوویە گرینگە و ئەو بڕیارەی کە دادگا دای بە جۆرێک دیسان حوکمی قانوونی نێونەتەوەیی بە ڕێێەکی دروست و وورد دا دادەمەزرێنێتەوە.


قازی: ئایا قەرارێکی ئاوا ڕێگا خۆش دەکا بۆ ئەوەی لە ئاستی نێونەتەوەیی دا تەتبیق بکرێ؟
فێرمۆن : ئەرێ. ئەمن پێم وایە دەبێ تەئسیری هەبێ. ئایا دەیبێ یان نایبێ ئەوە بە زۆر هۆکاری جیاوازەوە بەستراوەتەوە. وەک دەزانی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرکێشی شەڕی دژی تێڕۆری کرد و تەقریبەن هەموو ووڵاتە ئوڕووپاییەکان و تەنانەت ووڵاتانی دیکەش مەنتیقی ئەمریکایان ڕەچاو کرد. ئەمن نازانم ئێستا چەند لەوان هەنگاو بەرەو دواوە هەڵدەگرن ، بەڵام نیشانەیەکی زۆر باشە کە دادگایەک لە ئوڕووپا جارێکی دیکە ئەو بابەتەی هێناوەتە گۆڕێ کە دەبێ ، بەڵێ دەبێ جیاوازی دابندرێ لە نێوان کریاری تێڕۆریستی و زەبروزەنگی نەخوازراو لە دژی کەسانی مەدەنی لە لایەک و زەبروزەنگ بەکارهێنان لە دژی دەوڵەت دە چوارچێوەی کێشەیەکی بەردەوام دا کە بەشێک لە دانیشتووان لە کێشە دان لەگەڵ دەوڵەت.
قازی: پێم وایە بەر لەو بڕیارەی دواییش هێندێک ئاماژە هەبوو بۆ سەر ئەو مژارە. ئێستا ئەو بڕیارەی کە دیوانی عەداڵەتی ئوڕووپا دای لە زەینی من دایە.
فێرمۆن: بەڵێ . ئەو بڕیارەی کە دیوانی عەداڵەتی ئوڕووپا دای لەمەڕ دەرخستنی پ.ک.ک لە لیستی تێڕۆر لە ڕاستیدا مژارێکی جیاوازە. لە لیست دەرخستن بڕیارێکی سیاسی یە و بڕیاری قازییەک نییە، بەڵام  پ.ک.ک سکاڵای بردە بەردەم دیوانی عەداڵەتی ئوڕووپا ، کە دەستگایەکی قەزایی یەو دەتوانێ یەکێتیی ئوڕووپا سزا بدا.
قازی: جۆرەیەک دادگای ئیداری یە ؟
فێرمۆن: ڕاستە جورە دادگایەکی ئیدارییە. دە ڕاستیدا ئەوە دادگایەکە کە هەموو شارومەندانی ئورووپا یان کەسانی کە هاووڵاتی ئوڕووپاش نەبن بۆیان هەیە سەبارەت بە قانوونێکی یەکێتیی ئوڕووپا کە تەئسیری نێگاتیڤیان لە سەر دەکا لە لای قازی ئەو دیوانە شکایەت بکەن. هەڵبەت دیارە کەوتنە ناو لیستی تێڕۆر و دەست بە سەر ماڵ و مڵک دا گیران کە پێوەی گرێ دراوە تەئسیرێکی نێگاتیڤ لە سەر ڕێکخستن یان فەردێک دەکا کە ناوی دەچێ دە لیستەکەوە. بۆیە ئەو رێکخستنە یان فەردە بۆی هەیە داوا لە دیوانی عەداڵەتی ئوڕووپا لە شاری لووکزامبورگ بکا کە تەماشای شکایەتەکە بکا و بڕیار بدا داخودا ئەو بڕیارەی کە دراوە ئەو تەئسیرە نێگاتیڤەی هەیە یان نا. پ.ک.ک ش هەر ئەوەی کرد و لە مانگی نۆڤامبری ساڵی ٢٠١٨دادگا بە قازانجی پ.ک.ک بڕیاری دا ، بەداخەوە یەکێتیی ئوڕووپا لە دوای ئەو بڕیارە دیسان دەستبەجێ  ناوی پ.ک.ک ەی خستە لیستەکەیەوە ، دوای ئەوەی کە دیوانی عەداڵەت هەموو بڕیارەکانی پێشووی یەکێتیی ئوڕووپاشی هەڵوەشاندەوە دیسان پ.ک.ک ناوی چووەوە دە لیستەوە و ئەوە دیسان شکایەت بەردەوامە و دواتر قەراری لە سەر دەدرێ. لە بڕیاری دیوانی عەداڵەت دا ئاماژە کراوە بە بڕیاری دادگای بێلژیک ، بڕیاری پێشوو، بڕیاری یەکەم ، هەرچەند ئەو دەمی بڕیارەکە دوایین بڕیاریش نەبوو ، و هێشتا دەبوو دادگای باڵا پێی دا بێتەوە، بەڵام لە قەراری دیوانی عەداڵەت دا ئاماژەیەکی کەمی پێ کراوە.
قازی: بۆ ئەوەی مژارەکە بۆ بینەرانمان باش ڕوون بێ دەکرێ بڵێین ئەو دوو بڕیارانە دوو بڕیاری جیاوازن و ڕاستەوڕاست بە یەکتری نەبەستراونەتەوە. مەبەستی من ئەوەیە کە دیوانی عەداڵەتی ئورووپا  هیچ دەسەڵاتی قەزایی بە سەر دادگای بێلژیک دا نییە.
فێرمۆن: بەڵێ لێبڕاوانە هیچ دەسەڵاتی بە سەر دادگای بێلژیک دا نییە . بڕیاری ٢٨-ی ژانڤییەی دادگای باڵای بێلژیک قەرارێکی قەتعی و دواییە و هیچ دەستگایەکی دیکەی ناونەتەوەیی نییە کە دەسەڵاتی قەزایی هەبێ لە سەر حوکمی ئەو دادگایە، واتە ئەو قەرارەی کە دەڵێ پ.ک.ک ڕێکخستنێکی تێڕۆریستی نییە. هەر بۆیەش ئەو کەسانە یان ئەو  ڕێکخراوانەی کە تاوانبار کران بە پڕۆپاگاندە کردن ، کۆ کردنەوەی یارمەتی دارایی و خەڵک ڕاکێشان بۆ ناو پ .ک.ک – دە ڕاستیدا ئەو شتانە تاوانبار کردنی کۆنکرێت بوون- دە ڕاستیدا دادگا دەڵێ مرۆڤ ناتوانێ کەس ڕاکێشە بۆ ناو ڕێکخستنێکی تێڕۆریستی ، بەڵام لەبەر ئەوەی پ.ک.ک ڕێکخستنێکی تێرۆریستی نییە ، ئەوە تاوانکاری نییە ئەگەر مرۆڤ پڕۆپاگاندەی بۆ بکا، یارمەتی بۆ کۆ بکاتەوە.
قازی: بەر لەوەی ئێمە بگەڕێینەوە سەر لایەنی مێژوویی ئەو دۆسییەیە، دەمەوێ بزانم ئایا ئیمکانی ئەوە هەیە دیسان تاوانبارکردنی ئەوتۆ بژێندرێتەوە ، لە حاڵێک دا کە دادگا بەو شێوەیە بڕیاری داوە ؟
فێرمۆن: لە پرێنسیپ دا ئیمکانی ئاوا هەیە. چونکە کەیسێکی تاوانکاریی هەمیشە لە مەڕ فەردێکی تایبەتی یان کردەوەیەکی تایبەتییە. ئەمن لەو باوەڕە دام بەو بڕیارەی کە دراوە ، هەتا بڵێی دژوارە بۆ داواکاری گشتی کە جارێکی دیکە ئەو کەیسە زیندوو کاتەوە و بڵێ ئێمە لە لای دادگا سکاڵا دەکەین. چونکە ئەگەر ئاوا بکا دادگا بە شێوەیەکی قەتعی هەمان بڕیاری پێشوو دەداتەوە، ئاشکرایە ئەگەر بۆ وێنە بۆ پارە کۆ کردنەوە کەسێک کەسێک مەجبوور بکا پارە بدا، هەڵبەت مومکینە  ڕاوەدوونانێک لە بواری تاوانکاری دا دەست پێ بکا ، بەڵام  بەو بڕیارەی ئێستا ئیدی مومکین نییە  لە سەر بنەمای ئەوەی کە کەسێک پارە کۆ دەکاتەوە بۆ ڕێکخستنێکی تێڕۆریستی – چونکە ئەوە تاوانکارییە ئەگەر مرۆڤ تەواو بە شێوەیەکی ئاساییش  ئەوە بکا و بۆ هەر قرووشێک کە وەری دەگرێ مەقبووزیش بدا ، دیسان هەر تاوانکارییە چونکە مەبەست لەو یارمەتی کۆ کردنەوەیە یارمەتی کۆ کردنەوەیە بۆ ڕێکخستنێکی تێرۆریستی . ئەمن لەو باوەڕە دام کە تاوانبارکردنی ئەوتۆ ئێستا ئیدی ناکرێ و تەواو بووە.
قازی: ئایا ناوەرۆکی قانوونی دژی تێرۆریسم لە هەموو ووڵاتان وەک یەک وایە؟
فێرمۆن: نا ، دە ڕاستیدا هێندێک لەوە ئاڵۆزترە. ڕیشەی قانوونی دژی تێڕۆر بە تایبەتی لە بێلژیکیش لە  چوارچێوەی بڕیارێکی ئوڕووپایی دایە، ئەو چوارچێوەیەی بڕیار دان ستانداردێکی لانی کەم دادەنێ بۆ هەموو  دەوڵەتانی ئەندامی یەکێتیی ئوڕووپا بۆ شەڕ بە دژی تێڕۆریسم.  بەر لەوە هێندێک لە ووڵاتە ئوڕووپاییەکان  بۆ نموونە فەڕانسە ، شانشینی یەکگرتوو [ بریتانیا ] قانوونی دژی تێڕۆرسیسمیان هەبوو . بێلژیک تا ساڵی ٢٠٠٣ قانوونی دژی تێرۆریسمی نەبوو . تا ساڵی ٢٠٠٣ بێلژیک بە گوێرەی قانوونی تاوانکاریی ئاسایی بە دیاردەی تێرۆریستییەوە دەچارا .  جووڵانەوە لەگەڵ ڕێکخستنێکی تاوانکار. ئەگەر کووژرانێکی تێرۆریستی  قەومابا ، بێلژیک وەک تاوانکارییەک پێوەی خەریک دەبوو. لە ساڵی ٢٠٠٣ دا بڕیاری چوارچێوەی ئوڕووپایی  هەموو دەوڵەتانی ئەندامی بەرعۆدە کرد کە قانوونی دژی تێرۆریسم دانێن ، بۆیە بێلژیکیش قانوونی دژی تێرۆریسمی دانا. لە ڕاستیدا بێلژیک دە قانوونی خۆی دا ووشە  بە ووشە چوارچێوەی بڕیاری ئوڕووپایی کۆپی کرد. ووڵاتەکانی دیکەش گوتیان ئەوانیش دەیانەوێ بە ڕێگای مادەی جیاواز و بە ڕێگای مادەی قانوونیی جیاواز ستانداردی لانی کەم بە دەست خەن . بەڵام بێلژیک هەر شتی بڕیاری ئوڕووپایی کۆپی کرد و لە ناو قانوونی نەتەوەیی خۆی دا گونجاندی.
قازی: ئایا قانوونی دژی تێڕۆر داییمی یە یان دەکرێ گۆڕانی قانوونی تێدا بکرێ؟

فێرمۆن: قانوون دانەر هەمیشە دەتوانێ قانوون بگۆڕێ. پارڵمان دەتوانێ قانوون بگۆڕێ و لە بۆنەی جیاواز دا لە ساڵی ٢٠٠٣ بەم لایەوە ئەوەی کردووە. جوورە یان سووچی نوێی تێرۆریستی دیاریی کردووە و هەر وەها هێندێک لایەنی ئەو قانوونەی لە سەرەتاوە داندراوە هەموار کردووە . بەڵێ دەرفەتی گۆڕانی قانوون هەیە، ئەوە ئاشکرایە، بەڵام لە سەر ئەم مژارە تایبەتییە ، شتێکی گرینگ هەیە کە مرۆڤ بیزانێ ئەویش ئەوەیە کە پرێنسیپی قانوونی دژی تێڕۆر لە سەر کێشەی چەکداری تەتبیق ناکرێن، ئەگەر ئەو کێشەیە لە چوارچێوەی ووڵات دا بێ یان نەبێ، ئەوە پرێنسیپێکە کە هەم دە قانوونی بێلژێک دا گونجاوە ، هەر وەها لە سەرەتای چوارچێوەی بریاری ئوڕووپاییش دا هەیە ، کە هەموو ووڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئوڕووپا دەبەستێتەوە. و هەر وەها ئەوە پڕێنسیپێکە کە لە هەموو پەیماننامەکانی دژی تێرۆریستی دا ، لە پەیماننامە ناونەتەوەییەکاندا  دەستنیشان کراوە ، بۆیە ئەوە شتێکی سەیرو سەمەرەی بێلژیکی نییە، شتێکی تایبەتی نییە بۆ بێلژیک. ئەوە پرێنسیپێکە لە هەموو پەیماننامە دژی تێرۆریستییەکانی ناونەتەوەیی دا هەیە ، جگە یەک لە وان نەبێ ، ئەویش پەیماننامەی فینانسە کردنی تێرۆریسمە لە بەر هۆی تایبەتی. هەر وەها لە چوارچێوەی بڕیاری ئوڕووپاییش دا هەیە . بۆیە ئەو پرێنسیپە دەبێ تەتبیق بکرێ ، تەنانەت ئەگەر لە قانوونی نەتەوەییش دا نەبێ . بۆیە من لە ووڵامی پرسیاری تۆ دا کە ئایا ئەو قانوونە لە هەموو ووڵاتە ئوڕووپاییەکان وەک یەک وایە یان نا، دەڵێم کە ئەو قانوونی دژی تێرۆریسمە نابێ لە سەر کێشەی چەکداری تەتبیق بکرێ . دەبێ بە ئاوایەک بگونجێندرێ ، یان دەبێ بە شێوەیەک لە دادگا نەتەوەییەکاندا لە هەموو ووڵاتەکانی ئەندامی یەکێتیی ئوڕووپا و تەنانەت لە دەرەوەی ئوڕووپاش تەتبیق بکرێ . چونکە ئەوە پەیماننامەی ناونەتەوەیی ن کە دەرەوەی یەکێتیی ئوڕووپاش وەبەر دەگرن.
قازی: ئێستا ئەگەر بێینە سەر مێژووی ئەو دۆسییەیە. ئەمن دەمەوێ ئێوە لە سەرەتاوە حیکایەت و ڕیوایەتی ئەو دۆسییەیە بگێڕنەوە تا گەیشتن بە بڕیاری ٢٨-ی ژانڤییەی ئەمساڵ.
فێرمۆن: ریوایەتی ڕەسمیت دەوێ یان ڕیوایەتی ڕاستەقینە؟
قازی: ڕیوایەتی ئێوە.
فێڕمۆن: ئەو دۆسییەیە لە سەرەتاوە بە لێپرسینەوەیەک دەستی پێ کرد لە مانگی مارسی ساڵی ٢٠٠٩ دا. بڕیاری سەرەتایی لە لایەن داواکاری گشتی فێدێڕاڵ ڕا بۆ وەگەڕ خستنی لێپرسینەوە مارسی ٢٠٠٩ یە. بەڵام بەر لەوەش چیرۆکێک هەیە. و من لەو باوەڕە دام زانینی ویش گرینگە بۆ گەیشتن بەو بڕیارەی ئێستا. لە ڕاستیدا بەر لە هەموو شت لە ساڵی ١٩٩٦ دا پۆلیس پەلاماری ستودیۆی تێلێڤیزۆنێکی کورد دا. لەو دەمی دا هیچ قانوونی دژی تێڕۆر نەبوو. دۆزێک دەستی پێ کرد، چونکە بەهانەی پۆلیس بۆ کردەوەکەی خۆی پارە سپی کردنەوە و تاوان وەپاڵ درانی دیکە بوو بە دژی دەستگاکە. ئەو دۆسییەیە لە دەسپێکی سەد ساڵی نوێ دا هەڵوەشا وپووچەڵ کراوە. لە ڕووی ڕەسمییەوە ئەگەر هەڵە نەبم تا ساڵی ٢٠٠٧ یان ٢٠٠٨ هەر بەردەوام بوو ، بەڵام لە ڕاستیدا ساڵی ٢٠٠٢ یان ٢٠٠٣ هەڵوەشا بوو. من لەو دۆسییەیەش دا بەشدار بووم  و ئێمە کەشفمان کرد کە پۆلیس هێندێک شاهیدی بە خراپ بەکار هێناوە و توانیمان ئەو ڕاستییە بێنینە مەیدانێ و بی سەلمێنین.  بۆیە دۆسییەکە پووچەڵ کرایەوە . کاربەدەستانی تورک بەو پووچەڵ بوونەوەیە زۆر تووڕە بوون  و هەوڵیان دا گوشار بخەنە سەر کاربەدەستانی بێلژیکی بۆ ئەوەی دیسان دۆز بکەنەوە و شتێک بکەن لەو بارەیەوە. ئێمە دەزانین کە کار بەدەستانی تورک لە ساڵی ٢٠٠٥ دا  دەستیان کرد بە پێوەندی کردن لەگەڵ کاربەدەستانی بێلژیک ، یانی لە سەرو بەندێک دا کە دۆسییەی پێشوو هێشتا لە گۆڕێ دا بوو لە ڕووی ڕەسمی یەوە، بەڵام لە ڕاستیدا پووچەڵ کرا بووەوە. کاربەدەستانی تورک دیسان حەولیان دا بۆ پێوەندیی کردن بە کاربەدەستانی بێلژیکییەوە و ویستیان ئەوان مەجبوور بکەن شتێک بکەن. بەڵام لە حەولەکەیاندا زۆر سەرنەکەوتن. ئەو جار سەفاڕەتخانەی تورکیا لە بێلژیک پێوەندی کرد بە سەفاڕەتخانەی ئەمریکا و داوای لێ کردن گوشار بێنن بۆ سەر بێلژیکییان.  
قازی: لەو پێوەندییە دا وابزانم دەتەوێ هێندێک بەڵگە نیشان بدەی


فێرمۆن: بەڵێ ڕاستە،، لە ڕاستیدا  لێرە هەموو ئەو بەڵگانەی ڤیکیلیکس هەن کە بە بەڵگەوە ئەو پێواژۆیە دەسەلمێنن . سەفارتخانەی ئەمریکا پێوەندی کرد بە وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی بێلژیک و وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی بێلژیک پێی گوتن ئەو بەڵگانەی کە تورکەکان لە بەر دەست ئێمەیان ناوە بۆ ئەوەی بکرێ ئێمە لە سەر بنەمای  ئەوان دۆزێک بکەینەوە بێ کەلکن و شتێکیان تێدا نییە. لێرە ئازادیی بەیان هەیە و بە پێی قانوونی بێلژیک  هیچ  تاوانکاری نەکراوە. و لە ساڵی ٢٠٠٦ پێواژۆیەک دەستی پێ کرد ، و دیداری بێلژیکییەکان دەستی پێ کرد. ڕاپۆرتی ئەو دیدارانە حەموو لە بەڵگەکانی ڤیکیلیکس دا هەن. دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا  یەک بە دوای یەک دا  سێ هەیئەتی پایە بلندی خۆی لە ئەمریکاوە نارد بۆ بێلژیک بۆ ئەوەی گوشار بێنن بۆ سەر بێلژیکیان بۆ  ئەوەی لیپرسینەوە وەگەر بخەن. تەرکیز لە سەر دوو شت بوو یەکەم میدیای کوردی لە بێلژیک ، تەرکیزی سەرەکی لە سەر ئەوە بوو، و تەرکیزی دووەم لە سەر ئەو فەرد و کەسایەتییانەی کە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان دا چالاک بوون . لە ناو ئەوان دا ڕێزدار ڕەمزی کارتال کە بە تایبەتی ناوی وی لە ڕاپۆرتەکە دا هاتووە، ئەو گوتو بێژ و چاوپێکەوتنانە ماوەیەک بەردەوام دەبن و بێلژیکییەکان دەڵێن ئەو بەڵگانەی کە لە لایەن تورکەکان بە دەست ئێمە گەیشتوون . لە لایەن کاربەدەستانی تورکەوە هیچ بە کاری ئێمە نایەن و بە پاڵپشتی ئەوان ئێمە ناتوانین هیچ بکەین و ئەمریکاییەکان پێیان دەڵێن ئێمە یارمەتیتان دەدەین بۆ ئەوەی ئێوە بتوانن دۆز وەگەڕ خەن. ئەو پێواژۆیە نیزیکەی دوو ساڵ دەخایێنێ ، لە مانگی ئۆکتۆبری  ساڵی ٢٠٠٨ دا ڕچەی هاتنی هەیئەتێکی پایە بەرزی تورک بۆ بێلژیک دەبیندرێ ، بەڵام ئێمە نازانین لە چ تاریخێک دا هاتوون. و لە ڕاستیدا بێلژیکییەکان لە لای سەفاڕەتخانەی ئەمریکا گلەیی و گازن دەکەن  کە هەیئەتی تورک زۆر وویشک بوون و حەولیان داوە ناچاریان بکەن بۆ کردنەوەی دۆز بە شێوەیەکی زۆر وویشک. دوایە پێم وایە سەفاڕەتخانەی ئەمریکا رێی خۆش کرد کە وەزیری کاروباری دەرەوەی بێلژیک ، وەزیری ناوخۆ و وەزیری دادی بێلژیک ، واتە سێ وەزیر بچن بۆ تورکیا  لە ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠٠٨ دا . داواکاری گشتی فێدێراڵ لە ژانڤییەی ساڵی ٢٠٠٩ دەچێتە تورکیا و وەک موجیزەیەک قەومابێ هەمان داواکاری گشتی لە مانگی مارسی ساڵی ٢٠٠٩ لێپرسینەوەیەک وەگەڕ دەخا. جا بۆیە بە باوەڕی من هەر مرۆڤێکی عاقڵ ئەو تێلگرافانە بخوێنێتەوە دەتوانێ گوشاری ئەمریکا و هەڵبەت گوشاری تورکیا لە پشت گوشاری ئەمریکا دا ببینە بۆ سەر بێلژیک لە ئاستێکی باڵا و گوشارێکی هەرە گەورە بۆ سەر بێلژیکیان بۆ ئەوەی دۆز بکەنەوە ، و لە ڕاستیدا ئاکامی ئەو گوشارە دەسپێکردنی لێپرسینەوەی ڕەسمی بوو لە مانگی مارسی ٢٠٠٩ دا. دواتر کاتێک  لە دەسپێکی ساڵی ٢٠١٠ دا هێرش کرا سەر هێندێک لە داو ودەستگا و دامەزراوەی کوردی لە بێلژیک  و دە ڕاستیدا هێندێک لە بەرپرسیارانی ئەو ڕێکخراوانە بۆ ماوەیەکی کورت لە گرتووخانە ڕاگیران و زۆر زوو بەردران بە پێی بڕیاری دادگەی پێداچوونەوە و دواتر لێپرسینەوە ١٠ ساڵی خایاند ، نا دەساڵ نا ، دە ڕاستیدا پێنج ساڵ یانی تا ساڵی ٢٠١٥  کاتێک کە قازی ڕایگەیاند من ئێستا هەموو زانیاریم کۆ کردووەتەوە و دۆزەکە ڕادەستی داواکاری گشتی دەکەم بۆ ئەوەی بزانین کەیسێک وەگەر دەخرێ یان نا. لە هەمان  کاتدا لایەنێکی دڕاماتیکی ئەو دۆزە وەڕوو کەوت . دە هەمان کاتدا وەک من پێشتریش گوتم  دەوڵەتی تورک لایەنێکی مەدەنی بوو لە پێواژۆی دادگا دا . بە پێی قانوونی بێلژیک  کەسێک کە لەبەر  کردەوەیەکی تاوانکاری سەدەمە ببینە دەتوانێ لە دادگای تاوانکاری دا وەک لایەن دەور بگێڕێ بۆ ئەوەی بتوانێ قەرەبووی ئەو سەدەمەیە وەربگرێتەوە کە وێی کەوتووە. لە ساڵی ٢٠١١ دا دەوڵەتی تورکیا داوخوازێکی  ئاوای کرد و لەو تاریخە بە دواوە بە ڕەسمی  بوو بە لایەنێک لە پێواژۆیەکە دا.  وەک دەزانی لە ساڵی ٢٠١٣ تاوانبارکراوی ٤٣یەم ، کە ئاشکرا بوو تاوانبارکراوی ٤٣  فیدان دۆغان بوو لە پاریسێ کووژرا، لە پاریسێ تێرۆر کرا بە دەست ئاژانێکی میت ی تورکی ، ئێمە ئێستا بەو ڕاستییە دەزانن چونکە لیپرسینەوە پێوەندی عومەر گونەی و میت بە ڕێی جۆر بە جۆر دا پشتراست دەکاتەوە  و تەنانەت  داواکاری گشتی پاریسیش  دە ڕاستیدا لە ئیدیعانامەی خۆیدا  باسی ئەوە دەکا کە ئەو دەیویست لە دادگایە دا لە پاریسێ ئەوە بێنێتە گۆڕێ ، ئەگەر بکەری ئەو تێرۆرانە لە  پاریس نەمردبا چەند ڕۆژ بەر لەوەی دادگا دەست پێ بکا. کە وا بێ  ئێمە لەگەڵ دۆخێکی ئاوا بەرەوڕووین ، لێپرسینەوەیەک لە ژێر گوشاری لایەنێکی مەدەنی کە خۆی لایەنێکی دۆزەکەیە دەست پێ دەکا ، لایەنی مەدەنی یەک لە تاوانبارکراوەکان دەکووژێ ، تێڕۆری دەکا، بە باوەڕی من  لە ڕوانگەی قانوونی تاوانکارییەوە وەزعێکی ئاوا نەبیندراوە، پاشماوەی چیرۆکەکەش دەزانی چونکە من بەویڕا دەستم پێ کرد. ئێمە بە بڕیاری جۆر بە جۆری دادگایان دا تێپەڕین کە بە بڕیاری ٢٨-ی ژانڤییە تەواو بوو. ئەوەش بڕیاری دادگای پێداچوونەوە دەکاتە بڕیاری دوایی. دەرفەت نییە بۆ هیچ داوخوازێکی دیکەی پێداچوونەوە و بەو بڕیارە هەموو لێپرسینەوە بە ڕەسمی داخرا .
قازی: باشە ئەو هەموو تێلگرافانەی ڤیکیلیکس  لە دادگا لە لێپرسینەوەی زارەکی دا پێشکێش کران ؟
فێرمۆن: هەڵبەت ئێمە دادگامان لەو شتانە ئاگادار کرد. گوتوبێژی سەرەکی دادگا لە سەر ئەو بەڵگانە نەبوو بەڵام بە دەور و بەری دۆزکە ڕا ئاماژە بە وان کرا. دە ڕاستیدا بڕیاری سەرەکی لە سەر ئەوە بوو  ئایا کێشەی نێوان تورکیا – و پ.ک.ک و هەپەگە دەبێ وەکوو کێشەیەکی شەڕی چەکداری بژمێردرێ یان نا و وەک ئاکامێکی ئەوە  قانوونی ناونەتەوەیی بەشەر دۆستانە، پەیماننامەی ژێنێڤ ، قانوونەکانی شەڕ تێیدا  تەتبیق دەکرێ یان ئەو کێشەیە تەنێ کردەوەی بە زەبروزەنگی سنووردار بووە بە دژی دەوڵەت کە دەکرێ وەک تێرۆریسم دابندرێ؟ لە سەدی نەوەد ونۆیی موناقەشە و گەنگەشە لە دادگای پێداچوونەوە  لە سەر ئەو مژارە بوو .


قازی: ئایا بەو بڕیارە قەرەبووی ماڵی دەدەنەوە بە تاوانبارکراوان؟
فێرمۆن: ئەوە نەک هەر بۆ ئەو تاوانبارکراوانی دۆسییەکەی ئێمە گیروگرفتێکە بەڵکوو گیروگرفتێکی گشتی یە. بە پێی قانوونی بێلژیک دانی قەرەبوویەکی کەم مومکینە تەنێ بۆ ئەو ماوەیەی مرۆڤ لە گرتووخانە دا ڕاگیراوە، و زۆر بە خۆشییەوە ئەو ماوەیەی کە  هێندێک لەو بەرپرسە کوردانە لە زیندان دا مانەوە زۆر کورت بوو، چونکە ئەوان دەستبەجێ بەردران بە پێی بڕیاری دادگەی پێداچوونەوە بەر لە وەی کە دادگا پێک بێ. هەر لەو قۆناغە دا دادگای پێداچوونەوە بە باشی هەستی پێ کرد کە ئەو دۆزە مژاری تێرۆریزم نییە بەو مانایەی کە هیچ هەڕەشەیەک لە سەر هێدیایەتی گشتی لە بێلژیک لە گۆڕێ دا نەبوو و هیچ هەڕەشە لە سەر خەڵک نەبوو لە بێلژیک و تاوانبارکراوان دەستبەجێ بەر دران. گیروگرفتی دانی قەرەبوو نەک تەنێ بۆ ئەو تاوانبار کراوانە بەڵکوو بە هەموو ئەو تاوانبارکراوانە هەبووە کە لە هەمان وەزع دا بوون.
قازی: ئێستا ئەگەر بێینە سەر بابەتی دەرهاویشتنی پ.ک.ک لە لیستی یەکێتیی ئوڕووپا دا. ئێمە ئاگامان لە بڕیاری دیوانی عەداڵەتی ئوڕووپا هەیە. بەڕێزت وەک پارێزەرێک لە سەر پێواژۆی لە لیست دەرهاویشتنی ناوی پ.ک.ک بۆچوونت چییە؟ ئەو گیروگرفتە چۆن چارەسەر دەکرێ؟
فێڕمۆن: دەبێ گوترێ ئەوە تەنێ لە بەر هۆی تێکنیکی بوو کە دیوانی عەداڵەت نەی دەتوانی لە سەر ئەوەی کە پ.ک.ک دیسان خرا لیستەوە بڕیار بدا، ئەو تەنیا لە بەر هۆی تێکنیکی و نیزامنایەیی بوو. بڕیاری دە لیستە خستنی ناوی رێکخستنێک یان فەردێک دەبێ هەر شەش مانگ جارێک تازە کرێتەوە. ڕێوشووێن ئاوایە. هەر شەش مانگ جارێک ئەنجومەنی یەکێتیی ئوڕووپا دەبێ بڕیار بدا کەسێک یان ڕێکخستنێک بخاتە ناو لیستەکە .
قازی: ئایا لە ئەنجومەنی ئوڕووپا دا دەستگایەکی تایبەتی هەیە کە ئەو ئەرکەی بە ئەستۆ وە بێ  یان ئەوە چۆن هەڵدەسووڕێ؟
فێرمۆن:  دەتوانم باسی نموونەیەکت بۆ بکەم. لە ڕەسمییەت دا ئەنجومەنی وەزیران  بەرپرسیاری ئەو کارەیە. دە ڕەسمییەت دا ئەنجومەنی وەزیران لە ڕاستیدا لە سەر ئەو کارە ڕادەوستێ. لە ڕاستیدا لیستەکە هەڵبەت لە لایەن ئیستیخبارات و هەر وەها کۆمیتەیەکی تایبەتی ئامادە دەکرێ  بە ناوی KORE PR . ئەوە بە مانای کۆمیتەی نوێنەرانی داییمی یە . یانی سەفیرانی دەوڵەتانی ئەندامی یەکێتیی ئوڕووپا، ئەوانە بڕیار ئامادە دەکەن. دە ناو ئەو پێکهاتەیە دا کۆمیتەیەکی تایبەتی هەیە کە لیستەکان تەسبیت دەکا. ئەمن پێشتر لە دۆزێک دا بەشدار بووم سەبارەت بە دامەزرێنەری پارتیی کۆمۆنیستی فیلیپین کە ناوی دە لیست دا بوو ؛ خۆزێ مارییا سیسۆن ، سەبارەت بەو دۆزە KORE PR بە ئاشکرا بڕیارێکی ناقانوونی دا بوو. ئەنجومەنی وەزیران لە سەر بنەمای بڕیارێک کە KORE PR ئامادەی کرد بوو ، کە دادگای هۆلەند شتێکی گوتووە کە لە ڕاستیدا  دادگا تەواو بە پێچەوانەی ئەو قسەیەی گوتبوو، ئەوان ئیدیعاکەیان هەڵە بوو. مەسە لە ئەوە نەبوو کە بابەتەکە بە هەڵە لێک دەنەوە بەڵکوو هەڵەکەیان بە ئانقەست و بە زانایی بوو. ڕۆژێک لە سێمیارێک دا لە تەنیشت ئەندامێکی ئەو کۆمیتەیە دانیشتبووم کە بڕیاران ئامادە دەکا. سێمینارەکە داخراو بوو  بۆیە دەمانتوانی بە ئاشکرا قسە بکەین . من پێم گوت ، من تێ ناگەم ئێوە تەواو دەزانن ئەو بڕیارەی کە داوتانە هەڵەیە ، لە بەر ئەوەی ئێمە هەموو کەرەستە و بەڵگەمان لە بەر دەست ناون. ئایا ئێوە چاوتان لەو کەرەستە و بەڵگانە کرد؟ ئەو ووڵامی داوە بەڵێ دیتوومانن و هەڵبەت ئێمە نامەکانی ئێوەمان دی. منیش لێم پرسی ئەی ووڵام چییە چونکە ئێوە ووڵامی ئێمەتان نەداوەتەوە. ئەو پێی گوتم ئەمن دەزانم کە ئێوە ڕاست دەکەن و حەقتانە ، بەڵام بڕیار دان بەو شێوەیە هەڵناسووڕێ. هەر ووڵاتەی لیستەی خۆی دێنێ و ئێمە لە سەر لیستەکانی ووڵاتەکانی دی قسە ناکەین. چونکە ئەگەر  دەست پێ بکەین لە سەر لیستی ووڵاتێک قسە بکەین ، ئەو ووڵاتەش لە سەر لیستی ئێمە قسە دەکا. بۆیە کارێکی کە دەیکەین ئەوەیە کە هەموو لیستەکانی کە دەهێندرێن بەیەکەوە دەنووسێنین  مەگەر ئەوەی کە کێشەیەکی زۆر زۆر گەورەی سیاسی هەبێ  کە ئێمە گفتوگۆیەک بکەین دەنا  دەوری ئێمە ئەوەیە کە لیستەکان بەیەکەوە بنووسێنین کە دەسەڵاتدارانی هەر ووڵاتەی لە بەر دەست ئێمەی دەنێن.  
هەڵبەت لە ئاستی هەر ووڵاتێک دا ئەو لیستانەی پێشنیار دەکرێن لە لایەن  دەسەڵاتداریی سیاسی و دەستگای ئیستیخباراتییەوە  ئامادە دەکرێن و کار بەو شێوەیە  هەڵدەسووڕێ. تەنانەت بەیانێکی هەڵەی ئاشکرای هۆ و سۆنگەیانیش  کاری پێ دەکرێ لە بەر ئەوەی کەس نایەوێ لە سەر پێشنیاری ئەویدیکە قسە بکا. ئەو دۆزەی کە ئێستا لە بەر دەم دیوانی عەداڵەتی ئوڕووپا دایە سەبارەت بە پ.ک.ک ، ئەوە لە ساڵی ٢٠١٤ دەستی پێ کرد و بۆ ئەوەی لە سەر بڕیاری ساڵی ٢٠١٤ بڕیاری لە سەر بدرێ و لەو ماوەیەی دا کە  کەیسەکە لە بەر دەم دادگا دا بوو ، هەر جارەی هەر بڕیارەی کە شەش مانگ جارێک دەدرا دەخرا سەر پێواژۆی دادڕەسی . بەڵام ئەوە کاتێک دەکرێ  کە ئارگوومێنتی زارەکی لە دادگایە دا بەڕێوە چووبێ. لەو دۆسییەیە دا لە نێوان پێشکێش کردنی ئارگوومێنتی زارەکی لە دادگا و بریار دان دا، دیسان ناوی پ.ک.ک کەوتە ناو لیستەکە کە لە بەر هۆی نیزامنامەیی مومکین نەبوو ببێ بەشێک لە بڕیاری دادگا. یانی هەموو بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئوڕووپا لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ تا ٢٠١٧ لە لایەن دیوانی عەداڵەتەوە پووچەڵ کرانەوە. چونکە دادگا ڕایگەیاند ناوەرۆکی ئەو هۆیانەی کە بەیان کراون کافی نین، ئەو بەیانە بەیانێک نییە کە مرۆڤ  بگەیێنێتە ئەو ئەنجامەی کە پ.ک.ک ڕێکخستنێکی تێرۆریستییە یانی ئەو هۆیانەی کە پێشکێش دەکرێن کافی نین. بەڵام دادگا نەیتوانی دوایین بڕیار پووچەڵ بکاتەوە، هەرچەند بریارەکانی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران هەر لە سەر هەمان بنەما پووچەڵ کراونەتەوە لە لایەن دادگاوە. لەبەر ئەوەی کە بەیانی هۆ و سونگەیان ناگۆڕدرێن و هەمیشە وەک یەک وان. جا بۆیە لەبەر هۆی تێکنیکی ئەو بەیانەی هۆ وسۆنگەیان پووچەڵ نەکراوە و لەوەش زیاتر ئەنجومەنی یەکێتیی ئوڕووپا هەر وەک لەسەر دۆزی دیکەش کردوویە هەرکە بڕیاری ساڵی پێشوو پووچەڵ کرایەوە ، بڕیارێکی تازەی دەر کرد و دیسان پ.ک.ک ی خستە ناو لیست.     لە سەر بنەمای هەمان بەیانی هۆ و سۆنگەیان کە دیوانی عەداڵەت  بە نابەجێ و ناقانوونی دانابوو.   و ئەوە پڕاکتیکێکە کە ئێمە پێشتریش دیتوومانە . ئەوان بێشتر هەمان کاریان لە گەڵ ڕێکخستنی دیکە و فەردی دیکەش کردووە و دەیانەوێ لە بەر هۆی سیاسی ناوی ڕێکخستنان لە لیستە دا بهێڵنەوە.  ئەوان بە ئاشکرا چاوی خۆیان لە بڕیاری دادگا  دەقووچێنن و دیسان جارێکی دیکە ناوی ڕێکخستن یان فەرد دەخەنە لیستە لە سەر هەمان بنەما و بە پێی هەمان بەیانی هۆ و سۆنگەیان .    و هیچ مەجال بۆ شەخس یان ڕێکخستن نامێنێ و دەبێ جارێکی دیکە تێ هەڵچێتەوە و دۆزێکی تازە بکاتەوە.  و لە ڕاستی دا ئەوە ئەو شتەیە کە  کراوە و ئێستا دۆزێکی نوێ دەستی پێ کردووە و چاوەڕوانی بڕیارە. بەڵام من بە تەواوی دڵنیام  کە زۆر  دژوار دەبێ بۆ دادگا  کە بە تەواوی دیتنی خۆی بگۆڕێ  چونکە ڕایگەیاندووە کە بەیانی هۆ و سۆنگەیان باش نەبووە ، و بە لێبڕاوی هیچ هۆیەک لە گۆڕێ دا نییە کە هەمان بەیانی هۆ و سۆنگەیان  لە پڕ بە کافی دابندرێ . هەر وەها لایەنێکی دیکەش هەیە، ئەنجومەنی وەزیرانیش داوخوازی پێداچوونەوەی کردووە سەبارەت بە بڕیاری دیوانی عەداڵەتێ  و ئەوەش چاوەڕوانی بڕیارە لە ئاستی پێداچوونەوە دا . ئەمن نازانم چۆن دەبێ  چونکە دیوانی عەداڵەت زۆر هەموو لایەنە کار دەکا  ئەوەش مانای ئەوەیە ماوەیەکی درێژ دەخایێنێ  تا بڕیارێک دەدرێ. بۆیە نازانم کەنگێ بڕیارێکی تازە دەدرێ . بەڵام بە دڵنیاییەوە دەڵێم بڕیار هەر وەکوو بڕیاری پێشوو دەبێ و هیچ هۆیەک نییە بۆ ئەوەی دیتنی پێشوو گۆڕانی بە سەر دابێ.
قازی: لە کەیسی ئاوا دا لۆبی کردن تەئسیری خۆی هەیە لە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. بۆ نموونە ڕێکخستنێکی ئێرانی هەیە بە ناوی موجاهدینی خەلق کە لە لیستە هاتە دەرێ و پێشتر لە لیستی تێڕۆری ئەمریکا دا بوو. ئایا لە ئاستی ئوڕووپا دەرفەتی لۆبی کردن لەو بارەیەوە هەیە ؟
فێرمۆن: هەڵبەت تەئسیری بیروڕای گشتی هەیە ، ئەوە ئاشکرایە. سەبارەت بە موجاهیدینی خەلقی ئێران ڕاستی ئەوە، ئەوەی کە لە لۆبی کردن زیاتر  تەئسیری هەبوو ئەو ڕاستییە بوو کە لە بارودۆخی تایبەتی ئەو سەروبەندی دا سەبارەت بە بارودۆخی عێڕاق وئێران لە بەرژەوەندی سیاسەتی ئەمریکا و بریتانیا دا بوو کە موجاهیدین ئیدی دە لیستە دا نەبن.  بە باوەڕی من ئەوە زیاتر بڕیارێک بۆ لە مەڕ سیاسەت  تا ئەوەی کە لۆبی کردن بووبێتە هۆی ئەو بڕیارە. ئەوە دەکرێ لە سەر پ. ک.ک  جیاواز بێ ، چونکە  پێم وایە هەڵوێستی ئەمریکا لە سەر پ.ک. ک و موجاهیدین وەک یەک نییە،  هەلبەت تەئسیری بیروڕای گشتی هەیە ، ئەوە ئاشکرایە. بۆیە ئەگەر مرۆڤ  بۆ  بیروڕای گشتی بیسەلمێنێ  ئەو بڕیارەی کە دراوە بۆ ئەوەی  رێکخستنێک بخریتە ناو لیستە یان تاکوتەرایان لە دادگای تاوانکاری دا ڕاوەذوو بنرێن ، و تێرۆریست بوون یان بەشداری لە چالاکی ڕێکخستنێکی تێرۆریستی دا ، ئەگەر  مرۆڤ  بتوانێ بیروڕای گشتی قانیع بکا  کە ئەو ڕێکخستنە بە هیچ شێوەیەک تێرۆریست نییە و ئەوە بە تەواوی مژارێکی دیکەیە  ئەوە دەتوانێ  تەئسیر بکا لە سەر ئەو شێوەیەی کە سیاسەتمەداران لە سەر لیستە بڕیار دەدەن.    
قازی: باشە لە کۆتایی دا ، ئەگەر قسەکانت داکووژێنێ چ دەڵێی؟
فێرمۆن:  بە باوەڕی من ئەو بریارەی کە درا بایەکی دەرفەتانی  هەڵکرد ، بایەکی دەرفەتان . بایەکی دەرفەت بۆ ڕێکخستنە کوردییەکان ، بە تایبەتی ئێستا لە بێلژیک ، چونکە ئیدی کورد نابێ لەوە بترسن کە دیتنی خۆیان بە شێوەیەکی ئازاد لە سەر کێشە لەگەڵ دەوڵەتی تورک دا دەرببڕن. ئەو شتی کە ئەوان دەێڵێن ئیدی وەکوو پڕۆپاگاندە بۆ ڕێکخستنێکی تێرۆریست داناندرێ . کوردەکان دەتوانن بە ئازادی خۆیان ڕێک خەن ، هەڵبەت ئاشکرایە لە سنووری قانوون دا.  بەڵام تا ئێستا هەر جۆرە چالاکییەک لە پێناو دۆزی  کورد دا مەترسی ئەوەی لە سەر بوو کرێمینالیزە بکرێ. ئەوە تەواو بوو و ئێستا بای دەرفەت هەڵی کردووە.  دووەم ئەوەیە بە باوەڕی من ئەو بڕیارە بۆ ووڵاتە ئوڕووپاییەکانیش بایەکی دەرفەتانە. چونکە وەک من زۆر جار پێشتر گوتوومە کێشە دەبێ چارەسەر بکرێن ، و بە دژی تێرۆریسم دەبێ شەڕ بکرێ. ئەوە مانای وایە کە لێرە دەرفەتێک هاتووەتە گۆڕێ کە پارادایم بگۆڕدرێ و بارودۆخ وەک بوونی کێشەیەک سەیر بکرێ ، لە نموونەی ئاوا دا دەوڵەتان خزمەتی باشی خۆیان نیشان دەدەن بۆ ئەوەی یارمەتی بکەن بە  دۆزینەوەی چارەسەرییەک. کە دیارە ئەوە مژارێکی جیاوازە لە شەڕ کردن بە دژی تێرۆریسم.  و ئەو بڕیارە بە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە مژارەکە کێشەیە و تێرۆریسم نییە ، دەرفەتێکی باش دەخولقێنێ بە دەرەجەی یەکەم بۆ کاربەدەستانی بێلژیکی  کە ببنە نموونە بۆ کاربەدەستان لە ووڵاتەکانی دیکە ئوڕووپا کە سیاسەتی کریمینالیزە کردن ڕا بگرن و مژارەکە وەک کێشە ببینن و بیری لێ بکەنەوە چلۆن بە ڕێگای دیپڵۆماتیک دا دەتوانن یارمەتی بکەن بە لایەنەکانی کێشەکە بۆ ئەوەی دەست بکەن بە دیالۆگ و چارەسەرییەکی سیاسی بۆ کێشەکەیان پەیدا بکەن. بۆیە لەو بارەیەوە  ئەو بڕیار دەتوانێ لە بواری سیاسیش دا نەتیجەیەکی پۆزیتیڤی هەبێ ، ئەگەر بە جیدی چاو لێ بکرێ و بە باشی هەڵسەنگێندرێ.
قازی: پرسیارێک کە ڕاستەوڕاست نەبەستراوەتەوە بەم مژارەی ئێمەوە ئەویش هەڵوێستی کۆمەڵەکەی ئێوە کۆمەڵەی ناونەتەوەیی پارێزەرانی دێمۆکڕاتە سەبارەت بە بارودۆخی بەڕێوەبەری پێشووی ڤیکیلیکس  کە ئێستا لە زیندانێک دا لە بریتانیا وەزعی زۆر خراپە و دە مەترسی ئەوە دایە کە ڕادەستی ئەمڕیکا بکرێ؟


 فێرمۆن:  ڕێکخراوی ئێمە کۆمەڵەی ناونەتەوەیی پارێزەرانی دێمۆکڕات هەمیشە پشتیوانی کردووە لە جوولیان ئاسانژ هەر لە سەرەتاوە. بە پێی دیتنی ئێمە ئاشکرایە  لەو مژارە دا کاکە وبرالەیەک هەیە  دەرحەق بە قانوونی تاوانکاری بە دژی وی و حەوڵ دەدرێ ئەو سزا نەدرێ لە بەر گۆیا تاوانکاریی جینسی  کە وەک ئیدیعا دەکرێ لە سوێد کراوە. هەموو کەس دەزانێ ئەوە بەهانەیەکە بۆ ئەوەی  تۆڵەی ئەو کارەی لێ بکرێتەوە کە دەیکا، دۆسییەی پ.ک.ک دەیسەلمێنێ ڤیکیلیکس چەندە کەلکی زۆرە.  لە سایەی تێ کۆشانی ڤیکیلیکسەوە ئێمە دەزانین  کە ئەو دۆسییەیە چۆن هەڵبەسترا. هەر بۆیە  کاری ڤیکیلیکس زانیاری گرینگن بۆ هەموو شارۆمەندان . ئێمە هەر لە سەرەتاوە پشیوانیمان کرد لە جوولیان ئاسانژ  و هەر لە سەرەتاوە داخوازمان کردووە  ئەو دەست بەجێ بەر بدرێ  و هەڵبەت ئاشکرایە کە ئێمە دژی ئەوەین ئەو ڕادەستی ئەمریکا بکرێ. ئێمە دە چوارچێوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا مانداتێکی چاوەدێریی مان هەیە  ئەوە مانای وایە کە  دەتوانین لای ئەنجومەنی مافی مرۆڤ لە ژێنێڤ  چالاکی ئەنجام بدەین و ئێمە بە ساڵانە چەندین سێمینارمان ڕێک خستووە سەبارەت بە کەیسی جوولیان ئاسانژ. ئێمە داوخوازی ددان بەجەرگی خۆ داگرتنمان کردووە و حەولمان داوە کە دەوڵەتان ئەو شتە هەڵسەنگێنن پێشتر لە لای سوێد و ئێستا لە بریتانیا  کە دەستبەجێ جوولیان ئاسانژ بەردەن و هەموو جۆرە ڕاوەدوو نانێکی جەزایی بە دژی وی ڕابگرن.
قازی: زۆر سپاس بەڕێز فەرمۆن بۆ بەشداریت لە ڕاوێژ دا . هیوادارم بەردەوام بی لە پشتیوانی کردنی گەلانی دنیا بە پێی ڕامانی ذیمۆکڕاتیکی خۆت
فێرمۆن : ئەمن باشترین حەولی خۆم دەدەم . سپاس بۆ بانگ کردم بۆ ئەم بەرنامەیە.
قازی : بینەرانی خۆشەویست بەم شێوەیە دەگەینە کۆتایی ڕاوێژی ئەم جارەشمان. هیوادارم قسەکانی  بەڕێز یان فێرمۆن توانیبێتی تا ڕادەیەکی زۆر ئەو ناحەقییەی کە دەرحەق بە پ.ک.ک و بە تێکۆشەرانی کورد کراوە ڕوون کردبێتەوە. تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش . 

تێبینی: ئەم هەڤپەیڤینەی بەرنامەی ڕاوێژ لە ئێوارەی جومعە ٧-ی فێڤرییە ئاستە  کراوە و لە ئێوارەی یەکشەمە ١٦-ی ڤێڤرییەی ٢٠٢٠ بە  دەنگی  کوردیی کورمانجی لە تێلێڤیزۆنی ستێرکەوە بڵاو کراوەتەوە، بۆ دیتنی ڤیدێئۆی بەرنامەکە بە دەنگی کوردیی کورمانجی و بە زمانی ماکی ئینگلیسی سەردانی لاپەڕەی ڕاوێژ لە فەیس بووک یان حیسابی ڕاوێژ  لە تٶری کۆمەڵی یوتیوب بکەن.  









No comments: