Monday, August 26, 2024

هەڤپەیڤین لەگەڵ پرۆفێسۆر عەبباس وەلی سەبارەت بە بارودۆخی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ژێر تیشکی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دا






هەڤپەیڤین لەگەڵ پرۆفێسۆر عەبباس وەلی سەبارەت بە بارودۆخی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ژێر تیشکی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دا. ئەم بەرنامەیەی ڕاوێژ پێنجشەمە شەو ٢٢-ی ئووتی ٢٠٢٤ سەعات ٨ ڕاستەو ڕاست لە تێلێڤیزیۆنی ستێرکەوە بڵاو کراوەتەوە.
قازی: بینەرانی بەڕێز بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەی ڕاوێژ. لە ڕاوێژی ئەمجارە دا میوانداریی دەکەین لە بەڕێز پرۆفێسۆر عەبباس وەلی و لەم بەرنامەیە دا حەول دەدەین باسی بارودۆخی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەین لە ژیر تیشکی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دا. زۆر زۆر بەخێر بێی مامۆستا.
پرۆفێسۆر عەبباس وەلی: زۆر سپاسوو دەکەم، هەر واتر سڵاوم هەیە دە خزمەتی بینەران و بیسەرانی ئی ئەو بەرنامەیەی.
قازی: دیارە ئێمە بۆ ئەوەی بچینە نێو باسەکەمان دەزانین کە تەعریف و ناساندنێکی زۆر کۆنکرێت و موشەخەس و لێبڕاوانە نییە سەبارەت بە وەی کە چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی چییە؟ بە گشتی دەگوترێ تەواوی ئەو بنیات و ڕێکخراوە و دامەزراوانەی کە جوێن لە دەوڵەت و کەرتی تایبەتی ئەوە کۆمەڵگەی مەدەنی پێک دێنن. بۆ ئەوەی ئەو بابەتە بۆ بینەرانمان ڕوون بێتەوە کە ئێمە دە پێوەندی لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا باسی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەین پێم خۆشبوو ئەگەر بە گشتیش بێ ناساندنێکمان هەبێ لە سەر کۆمەڵگەی مەدەنی و دواتریش لە سەر پانتایی گشتی یان public sphere و جیاوازی ئەوە لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی؟

وەلی: کۆمەڵگەی مەدەنی چەمکێکە کە فکر دەکەم نزیکەی دووسەدوپەنجا ساڵ، سێسەد ساڵ دە سیاسەتێ دا بەکار هاتووە. ئەو جۆرەی کە هێگێل دەڵێ کۆمەڵگەی مەدەنی دەسکەوتێکی مۆدێڕنیتە یە. هەڵبەت پێش وی کەسانی وەکوو هابز و جان لاک، وەکوو ڕووسۆ و ئەوانە باسیان کردووە، بۆ وێنە لە مەکتەبی ئینگلیسییەکان بەتایبەتی سکاتلەندییەکان، فێرگسۆن، ئادام سمیت کە باسی ئەوەیان کردووە ئەوان زۆرتر تەئکیدیان لە سەر مەسەلەی قانوون بوو و قانوونمەند کردنی کۆمەڵگە زۆرتر تەئکیدیان لە سەر ئەوە بوو. بەڵام، فەڕانسەییەکان وەکوو ڕووسۆ و مۆنتێسکیۆ و ئەوانە زۆرتر تەئکیدیان لە سەر ئۆتۆنۆمی کۆمەڵگە یانی سەربەخۆیی کۆمەڵگە دە بەرانبەر دەوڵەتێ دا بوو. هەر جوورێکی کە ئەوە ببینین ئێمە مەسەلەی ئەسڵی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەوەی کە باسی دەکەن کۆمەڵگەی مەدەنی ئەوەی کە جوێی دەکاتەوە لە مەسەلەی کۆمەڵگە بە گشتی ئەوەیە کە کۆمەڵگەی مەدەنی کاتێک ئێمە لە ناوەرۆکی ئەو چەمکەی دەگەین ئەوەیە کە ئەو دە بەرانبەر و موقابیل و هەمبەری چەمکی دەوڵەت دا بنێین بە تایبەتی دەوڵەتی مۆدێڕن. بەشێکی زۆر لە نووسەران و بیرمەندان و خاوەن ڕایەکانی زانستی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەمیشە گوتوویانە کە دەوڵەتی مۆدێڕن هەرچەندێکیش دێمۆکڕاتیک بێ یانی ئەگەر بڵێین بە زۆربەی دەنگیش هاتبێتە سەرکار، هەمیشە وەختێکی دێتە سەر کار ئامانجێکی گەورەی ئەوەیەکە هەتا پێی دەکرێ بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بێنێتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی. جا مەسەلەی کۆمەڵگەی مەدەنی لێرە دا باسی ئەو بەشە لە کۆمەڵگەی دەکا کە سنووری دەسەڵاتی دە بەرانبەر خۆی دا دیاری دەکا. جا کۆمەڵگەی مەدەنی ئەو جۆرەی کە ئێستا بە کار دێ وەک زەمانی ڕووسۆی نییە و ئاڵوگۆڕی بەسەردا  هاتووە. کۆمەڵگەی مەدەنی دە بەرانبەر دەسەڵات دا چەمکێکی سەلبی یە، چەمکێکی مەنفی یە جا بۆیە لە فەرهەنگی دێمۆکڕاتیک دا جا ئەوە چ فەرهەنگێکی دێمۆکڕاتیکی چەپ بێ یا فەرهەنگێکی دێمۆکڕاتیکی غەیری چەپ بێ نامەوێ بڵێم فەرهەنگێکی ڕاست بەو شێوەی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەو لایەنی سەلبی هەیە کە ئەوە حدوود و سنووری پێوەندییەکانی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگەی دیاری دەکا. جا لێرەش دا کاتێک من گوتم مۆدێڕنیتە جەماعەتێک هەن بە تایبەتی مومکینە لە فەرهەنگی چەپ دا ئەوەی بە یەکێک لە دەسکەوتەکانی سەرمایەداری/ کاپیتالیزمی بناسن. بەڵام مۆدێڕنیتە بەو شێوەیەی کە بە کار دەبردرێ چەمکێکی زۆر بەرفرەوان ترە. تەنانەت گۆڕانکاری دە شێوەی ژیانی دا دێتەپێشێ. بۆ وێنە وەختێک لە فۆکۆی دەپرسن مۆدێرنیتەی چۆن دەناسێنی ئەو دەڵێ مۆدێرنیتە شێوەیەکی ژیان و شێوەیەکی دیتنی دنیایێ یە. جا دەو دیتنەی دا پێوەندی لەگەڵ دەسەڵاتی زۆر گرینگە. یان وەختێک دێن دەڵێن ئەوە فەرهەنگ دەگۆڕدرێ دیسان دەمەوێ لێرە ئاماژە بکەم بە قسەی زۆر قووڵی جاک دێریدای کە دەڵێ نووسین بە مانای نەسر (پەخشان) دە بەرانبەر نەزم ی دا کە زۆرتر فەرهەنگێکی زمانی بووە و دەڵێ نووسین مەنتیقی کۆمەڵگەی مەدەنی یە. یانی ئەو گۆڕانکارییە دە شێوەی ژیانێ دا، یانی تەماشای دنیایێ کردن دێرە دا ئێمە باسی ئەو سیستمەی دەکەین کە مۆدێرنیتە هاتووە ئەو مۆدێرنیتە ئاگاهییەک و  زانستێکی تایبەتی داوە بەو کەسانەی کە حکوومەتیان لە سەر دەکرێ.

قازی: ئەو لایەنی سەلبیت کە باس کرد مەبەستت ئەوەیە کە  لە ڕوانگەی دەسەڵاتەوە سەلبییە یان چۆناوچۆنە؟
وەلی: دەسەڵات هەمیشە دەیەوێ هەتا دەتوانێ سەیتەرەی خۆی لە سەر کۆمەڵگەی دامەزرێنێ و ئەو سەیتەرە دانانە تەنانەت ئەوە ئەگەر دەسەڵاتێکی دێمۆکڕاتیکیش بێ. ئەو سەیتەرە دانانە سەربەخۆیی کۆمەڵگەی کەم دەکاتەوە. یەعنی سنوورەکانی، مەرزی دەوڵەت دێتە پێشێ و ئی کۆمەڵگەی دەچێتە پشتەوە. وەختێک سەلبی دەبێ بەو مانایەیە ئەو هێرشەی کە حکوومەت، دەسەڵاتی سیاسی دەهێنێ بۆ سەر کۆمەڵگەی کە کۆنتڕۆڵی لە سەر دابنێ، بۆ وێنە دەبینین کە لە وڵاتە دیکتاتۆرییەکان کۆمەڵگەی مەدەنی زۆر چکۆڵەیە ئەوە لە بەر ئەوەیە کە دەوڵەت تەواوی سەیتەرەکانی گرتووە. ئەلئان بۆ وێنە لە ئێرانێ ئەگەر تەماشای بکەین دەوڵەت تەقریبەن دە هەموو شتێکی دا دەخالەت دەکا، دەست دە هەموو شتێکی وەر دەدا. نێوان و مەودای حەوزەی گشتی و حەوزەی تایبەتی، پانتایی گشتی ئەوانە هەمووی دەیەوێ بهێنێتە ژێر سەیتەرەی خۆی. هەر بۆیەش بوو کە لە زمانی ئیسلاحاتێ دا کە ئەو مەسەلە پەیدا بوو و ئەو ڕۆشنبیرە ئیسلامییانەی کە لە ژێر تەئسیری فەرهەنگی ڕۆژئاوایی دا بوون ئەوانە لە چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی بەشێوەیەکی ستڕاتێژیک کەلکیان وەردەگرت. جا کە بەشێوەی ستڕاتێژیک کەلکی لێ وەردەگرن، ئاوای لێ دێ بەربەرەکانی  لەگەڵ دەوڵەتێ، لەگەڵ دەسەڵاتی ئەو دەمی ئامانجێکی هەیە، ئەو ئامانجە ئازادی یە. جا ئەوە دەمانباتەوە سەر ئەو تەعریفەی کە هێگل لەو چەمکەی دەکا کە بۆچی کۆمەڵگەی مەدەنی دەسکەوتێکی مۆدێڕنیتەیە لە بەر ئەوەیە کە مۆدێڕنیتە و عەسری ڕەوشەنگەری عەقڵ و ئازادی پێکەوە گرێ دەدا و بۆ جاری یەکەم بەینی واقیع و ئەوەی کە دەبێ ببێ مەسەلەی تیۆری بەو شێوەی دێتە پێشێ. ئەوانە هەموو لێک بەستڕاون.
قازی: شتێکیش هەیە ئەگەر تەماشای تەجروبەی مێژوویی بکەین لایەنی سەلبی کۆمەڵگەی مەدەنی خۆشی دەردەکەوێ بە تایبەتی  لە مەسەلەی هاتنە سەرکاری نازییەکان دا لە ئاڵمان.
وەلی: بەڵێ، وایە
قازی: یانی ئەوەش هەیە کە کۆمەڵگەی مەدەنی دەتوانێ تەئسیرێکی خراپیشی هەبێ بە مانایەکی دیکە.
وەلی: لێرە دا باس لە گۆڕانکاری لە بۆچوونی خەڵک ئی جەماعەتێکی دەکەین باشە، بۆیە ئەو مەسەلەیە کە خەڵک هەمیشە ئێدێئۆلۆژییەکی تایبەتییان هەیە، هەمیشە هەڵوێستێکی تایبەتییان هەیە. بۆ وێنە هێندێک لە بۆچوونە مارکسیستییەکان ئاوایە وەدەزانن  چینی کرێکار هەمیشە شۆڕشگێڕە. بەڵام ئەو بۆچوونە ناتوانێ شیکاتەوە کە بۆ چی چینی کرێکار دەنگ دەدا بە فاشیستان؟ یان بۆچی لە ئێرانێ وەختێکی چینی کرێکار لە بەشی سەنعەتی نەوتی دا دێ مانگرتنێکی کلیلی دەکا و گرینگییەکی زۆری دە ڕووخانی ڕێژیمی شا دا دەبێ بەڵام لێرە دا ئەو کارەی کە دەیکا بە ئاگاهییەکی ئاوا نایکا کە بێی تەفسیرێکی مارکسیستی لێ بکەی، ئەوە بە ئاگاهییەک دەیکا  کە نموونەکەی خومەینی بوو.
قازی: زۆر سپاس مامۆستا، ئێستا ئێمە ئەگەر هێندێکیش لە سەر پانتایی گشتی بدوێین کە هابرماس پێشی خستووە و پێوەندییەکەی لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی.
وەلی: دەتوانین بڵێین پانتایی گشتی بەشی فەرهەنگێکەیەتی. ئەو پانتایی گشتی دە واقیع دا حەوزەیەکی وێژمانی یان دیسکۆرسی یە. لە وڵاتێکی دێمۆکڕاتیک دا پانتایی گشتی حاڵەتێکی پارادۆکساڵی هەیە. پارادۆکسەکەش ئەوەیە پانتایی گشتی دەبێ قانوون تەزمینی بکا. یانی قانوون دەڵێ دەسەڵات ناتوانێ پێشی ڕۆژنامەیەکی بگرێ. مەگەر بە تاوانی خیانەتی نەتەوەیی و ئەو جوورە شتانە. ناتوانێ پێشی پێ بگرێ بەڵام لە وڵاتێکی وەکوو ئێرانێ دا دەبینی کە بە یەک فەرمانی خامەنەیی بۆ وێنە سی دانە ڕۆژنامە دادەخرێن. چون پانتایی گشتی ئەگەر لەوێ عەمەل دەکا بە شێوەیەکی ناقیس وناتەواو لە جێدا هیچ جوورە پشتیوانییەکی قانوونی نییە بەڵام ئەوەی کە دەڵێم پانیایی گشتی شتێکی پارادۆکسیکاڵە، تەواوی ڕەوشی پانتایی گشتی دەوەی دایە کەباسی ئەو جیاوازییانە، ئەو فەرقانە، ئەو تەزادانە  دە کۆمەڵگەی دا بکا کە ڕوویان دە دەسەڵاتە. یانی پانتایی گشتی ئەوەی کە گوتم حەوزەیەکی دیسکۆرسی یان وێژمانی یە، ئەو حەوزەی وێژمانی یە حەوزەیەکە کە لەوێ تەواوی تەفاوەتەکان، تەنانەت تەفاوەتەکان لەگەڵ دەسەڵاتی حاکم  لەوێ بتوانن بە ئازادی باس بکرێ و بتواندرێ لە ڕووی قانوونییەوە پاساو بدرێ. یانی قانوون هەم پارێزگاری لە پانتایی گشتی دەکا و لەبەر ئەوەی قانووندانەرەکە دەوڵەتەکەیە، پانتایی گشتی ئامانجی ئەوەیە لە پێناو ئازادیی زۆرتر، لە پێناو کەڕامەتی ئینسانیی زۆرتر، لە پێناو دەسەڵاتی زۆرتری خەڵکی  بۆ ئەوەی کە مافەکانیان نەخورێ دایمە لەگەڵ قانوون دە شەڕێ دایە. بەڵام لە وڵاتی دیکتاتۆری ئەسڵەن وا نییە. لە وڵاتی دیکتاتۆری هیچ وەختێکی پانتایی گشتی بە قانوون پاڕێزگاری و پشتیوانی لێ ناکرێ. قانوون حاڵەتێکی هەیە وەکوو چەکێک، وەکوو سیلاحێک، وەکوو گورزێک لە سەر پانتایی گشتی ڕاوەستاوە، لەوانەیە ئیجازەی بدەن باسی هێندێک لە جیاوازییەکان بکا. بۆ وێنە ئەلئان لە ئێرانێ  باسی جیاوازی دەتوانی بکەی مومکینە شتێکی بڵێی بە سەرۆک کۆماری تازە، بەڵام ئەوەی ناتوانی بڵێی بە ویلایەتی فەقیهوو سەمبولەکانی ویلایەتی فەقیهوو و ئەو جوورە شتانە.
قازی: زۆر باشە، با ئێستا ىێینە سەر باسە گشتییەکەمان سەبارەت بە بارو دۆخی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. دیارە لێرە دا دەبێ زەمانبەندییەک بکەین یانی پێش شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بارودۆخی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆن بوو؟

وەلی: لە پێش بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەگەر کۆمەڵگەی مەدەنی دە بەرانبەر دەسەڵات دا بناسێنین بە باوەڕی من، مومکینە کەسی دیکە جووری دیکەی ببینێ، لە وێدا لە کۆمەڵگەی مەدەنی دا بەرخوەدان و موقاوەمەتێکی بێدەنگ هەبوو، بەڵام لە ١٦-ی سێپتامبری ٢٠٢٢ دا ئەو پێدەنگییە شکا و دەتوانین بڵێین کە لەماوەی بیست و چوارسەعاتان دا یان کەمتریش کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی بە تایبەت، کە لەوێڕا بڵاو بووەوە دە ئێرانێ دا، دەتوانین بڵێین دە عەرزی ٢٤ سەعات دا ئەو بەرخوەدانە بێدەنگە بوو بە ئۆپۆزیسیۆنێکی فەعال و تەنانەت گەیشتە دەرگیری چەکدارانە لەگەڵ دەوڵەتێ. لە درێژایی ئەو گۆڕانکارییە دا ئەگەر یەکێک بییەوێ لە نەزەر تێئۆریکەوە ئەوەی شڕۆڤە بکا و شی کاتەوە دەبێ بڵێین ئەگەر لە سەردەمی ژن، ژیان، ئازادی دا پێش ١٦-ی سێپتامبر و شەهادەتی ژینا ئەمینی ئەگەر ئێمە پێش ئەوەی باس بکەین دەبێ بڵێین کە کۆمەڵگەی مەدەنی بە شێوەیەکی ساکت و ئارام  تەمەرکوزی بەرخوەدانەکەی لە سەر شەڕێکی ئارام و دەرگیرییەکی بێدەنگی هەبوو لەگەڵ دەسەڵات لە سەر جیاوازییەکان. بەڵام پاش ١٦-ی سێپتامبرێ لە بیست و چوارسەعاتان دا کۆمەڵگەی مەدەنی ماهییەتەکەی گۆڕا وەختێک خەڵک لە خیابانێ لە بەرانبەر هێزەکانی جمهووری ئیسلامی دا  ڕادەوەستا لە ڕۆژهەڵات و پاشان لە بەلووچستانێ یان جار جار لە تارانێ کە ئەوەت دەدی ئەوە بوو کە بەرخوەدانەکە، بەرخوەدانێک بوو کە لە سەر بنەمای تەفاوەت و فەرق نەمابوو، ئەوە چووبووە سەر بنەمای تەزادێک ،– بە باوەڕی من ناکۆکی ناتوانێ بە تەواوی مانای تەزاد دەرببڕێ -  تەزاد شتێکە کە بوونی تۆ نەبوونی وییە، نەبوونی وی بوونی تۆیە. جا لێرە دا وەزعەکە وای لێ هاتبوو، دەقیقەن وای لێ هاتبوو و کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی بە باوەڕی من وەزعێکی تایبەتی پەیدا کردووە.
قازی: ببوورە، ئەمن لێرە پەڕانتێزێک دەکەمەوە چونکوو زانایەکی ئێرانی دوکتور ئەسغەر شیرازی کتێبێکی نووسیوە سەبارەت بە خەباتی فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان و کۆماری کوردستان و خەباتی گەلی کورد، لە پێوەندی لەگەڵ کۆماری کوردستان ئاماژەیەکی کردووە بە نووسینێکی جەنابت کە لە یەکێک لە کتێبەکانت دا کە باسی کۆمەڵگەی مەدەنی و پانتایی گشتی بێدەنگت کردووە دوای تێکچوونی کۆمار و ڕەخنەیەکی هەیە و دەڵێ ئەوە حدوود و چوارچێوەکەی دیاری نەکراوە.


وەلی: نا، نا ئەمن باسی پانتایی گشتیم کردووە. لە زەمانی دیکتاتۆری دا هەمیشە، ئەلئانیش وایە لە ئێرانێ. باسی پانتایی گشتی ئێمە پانتاییەکی گشتیمان هەیە دەبینی ئەوە ڕۆژنامەی "اعتماد " و نازانم فڵان و فڵان و " کەیهان" و ئەوانە چاپ دەبن. نەزەری خۆشیان نیسبەت بە ئیدێئۆلۆژی و پێوەندییەکانیان لەگەڵ دەسەڵاتی ئەوانە نیشان دەدەن. ئەوە هەیە، لە کوردستانیش مومکینە چاپەمەنی هەبێ کە دە چوارچێوەی ئەو سنوورەی کە دەسەڵات بۆیان دیاریی دەکا فەعالییەت دەکەن، بەڵام پانتاییەکی گشتیش هەیە کە ئەو پانتاییە گشتییە نهێنی یە. ئەو پانتاییە گشتییە زۆر گرینگە. ئەلئانەکە ئەو پانتاییە گشتییە لە ڕۆژهەڵاتی دا زۆر بە هێزە. ئەوەندەی من ئاگام لێ بێ. لێرە دا دەقیقەن بە پێچەوانە دەبێ، سنووری پانتایی گشتی قانوون ناتوانێ بیگرێتەوە. ئەو برادەرە ئەمن ئیحتیڕامم بۆی هەیە بەڵام ئەو نەزەرێکی زۆر کڵیشەیی سەبارەت بە پانتایی گشتی هەیە. لێرە دا سنوورەکانی پانتایی گشتی قانوون دیاری ناکا. ئەو پانتایی گشتییە پانتای گشتییەکی سەلبی یە سنوورەکانی لە موخالەفەتێکی نهێنی دە بەرانبەر دەوڵەتێ دایە.
قازی: دوای کووژرانی ژینا ئەمینی و تەنینەوەی ئەو خەباتە هەموو لایەک باسی ئەوە دەکەن کە کۆمەڵگەی مەدەنی بە ڕاستیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت لە جێگای دیکەی ئەو جوغڕافیایەی کە ئێستا پێی دەڵێن ئێران نەخشێکی کلیلی و سەرەکی هەبووە. بە بۆچوونی ئێوە ئەو نەخشە، ئەو دەورە چ بوو لەو کاتەی کە ئەو شۆڕشە لە ترۆپکی خۆی دابوو؟
وەلی: هەر ئەو دەمی نا، ئەلئانیش. بە باوەڕی من یەکێک لە دەسکەوتە گەورەکانی ژن، ژیان، ئازادی بە نەزەری من ئەوەیە میحوەر یان تەوەرەی سیاسەتی کوردی؛ دیارە سیاسەت دژ بە دەسەڵات مەبەستم ئەوەیە، میحوەری سیاسەتی کوردی دروست هێناوەتە ناو دڵی، قەلبی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی لە ئێرانی و لەوێی داناوە. و ئەوە دەسکەوتێکی یەکجار گەورەیە بە باوەڕی من ئەوانەی لە دەرێن ئەوان دەبێ لە سەر ئەوە چڕ بنەوە کە لە ژوورێ چ باسە. گۆڕانی ئەو مێحوەرە کە لە دەرەوە را گەڕاوەتەوە ئەلئانەکە هاتووەتە سەر کۆمەڵگەی مەدەنی بەو مەعنایەیە کە تەواوی جووڵەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، نەوەسانەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی تەنانەت لە مەیدانی فەرهەنگی دا، لە مەیدانی زمانی دا، تەنانەت لە بواری پرسە نەریتییەکان دا ئەوانە بە تەواوی شەپۆلی سیاسییان هەیە و ئەوە دەبێ لەبەر چاو بگیرێ. بە باوەڕی من وەختێکی کە ئەو مێحوەرە گۆڕاوە و ئەو تەوەرەی سیاسەت هاتووەتەوە بۆ ناو شارەکان ئەوە بەو مەعنایەیە موحاسباتی سیاسی کە دەکرێ، ئەو موحاسباتە سیاسییە دەبێ بە وردی ئەو گۆڕانکارییانە کە لەوێ دەبێ، ئەو شەپۆلانە کە لەوێ دەبێ لەبەر چاو بگرێ. بە باوەڕی من هێزێکی هەستیاری سیاسی دەقیقەن دەبێ بزانێ کە لەو پانتاییە گشتییەی دا کە من باسم کرد کە نهێنی یە، جەوانان گرووپی موتالەعاتیان هەیە، جەوانان بە بێ ئەوەی کە کەس بزانێ گرووپی لێکۆڵینەوەیان هەیە، جەوانان گرووهی بەحسیان هەیە ئەوە زۆر زۆر موهیمە بە ئێمە یەک شت نیشان دەدا، ئەوە کلیلیترین، ئەساسیترین شتە، کە من نەزرەم ئەوەیە کە لە ماوەی ئەو چەندین مانگەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دا و پاش وییش ئێمە دیاردەیەکی تازەمان لە ڕۆژهەڵات هەیە ئەو دیاردەیە تازەیەش دەرکەوتن و زهووری عامیلییەتێکی سیاسی تازەیە ئەوە زهووری ئەوەی کە پێی دەڵێن subjectivity یەکی تازەیە، عامیلییەتێکی سیاسی تازەیە.دەو عامیلییەتەسیاسییەی دا چ ئێمە بمانەوێ و چ نەمانەوێ نەسلی جەوان، وەچەی جەوانی کە دە پانتایی گشتی چ ئی نهێنی و چ ئاشکرا دا فەعالە، ئەوانەی کە دە کۆمەڵگەی مەدەنی دان و ژنان و تەنانەت چون لێرە لەبەر تەفاوەتی مەزهەبی لە نێوان تاران و ڕۆژهەڵاتی، تەنانەت لێرە دا ئەو مامۆستایانە یان ئەو دیندارانەی کە  مەوجوودییەت و هووییەتی خۆیان دە موخالەفەت دەگەڵ دینی نەهادینە کراوی ڕەسمی ئی قوم و مەشهەد و تارانێ دا دەناسێنن ئەوانە ئەلئانەکە دە حاڵەتی ئەو عامیلییەتە دا هەن. لیڕە دا ئەمن دەگەڕێمەوە سەر ئەوەی شایەد گەورەترین دەرسی وەی ئەوە بێ کە ئەو سووژەیە، ئەو عامیلییەتە کە هەیە ئەو عامیلییەتە چەند ڕووی هەیە . ئێمە ناتوانین تەنێ یەک هووییەت یان ناسێنەی لەبەر چاو بگرین بۆ وێنە بڵێین لەبەر ئەوەی ئەوانە کوردن، یەک هووییەتیان هەیە کە ئەویش نەتەوە و نەتەوایەتییە، بەڵام لە هەمان حاڵ دا ئێمە ناتوانین بڵێین چون ئەوە هووییەتی نەتەوایەتی یە، هووییەتی جینسییەتی و ژنانەیان نییە یان ئەو هووییەتی ئەو شتانەی کە جەوانان دەیانەوێ ئەوە نییە یان هووییەتێکی مەزهەبی بۆ وێنە ئی سوننی نییە لەوێ. ئەوانە هەموو تێکەڵن. ئەمن فکر دەکەمەوە هەر هێزێکی سیاسی کە ئەو هووییەتە فرە ڕوویە و تەقاتوعییە کە ئێستا لە ڕۆژهەڵات لە بنەوەی کۆمەڵگەی دا دەو پانتاییە گشتییە دا دە حەڕەکەت دایە ئەوەی نەبینێ هەڵەیەکی یەکجار زۆر گەورە دەکا.
قازی: مامۆستا مەسەلەیەکی دیکەش هەیە ئەویش ئەوەیە کە ڕێکخراوە سیاسییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و جوغڕافیای کوردستان دا کە بەشێک نین لە دەسەڵات کە وابوو ئایا ئەوانیش دە چوارچێوەی کۆمەڵگەی مەدەنی دا جێ ناگرن؟
وەلی: ئەگەر دە چوارچێوەی کۆمەڵگەی مەدەنی دا ئەو فەعالییەتە بکەن ئەوانەش بەشێک لەو هێزە سەلبییەن کە دە بەرانبەر دەسەڵات دا ڕاوەستاون بە شەرتێکی لە هەلومەرجی ئێستا دا کە ڕێژیم هێژێمۆنی خۆی لە دەست داوە؛ یانی فەرقی بەینی هێژێمۆنی و دەسەڵات ئەوەیە کە هێژێمۆنی زۆرتری سوڵتەکەی خۆی بەشتی غەیری سەرکوتکەرانە دادەمەزرێنێ، بە فەرهەنگ، بە ئیدێئۆلۆژی، بە وێژمان، بە مۆبیلیزە کردنی خەڵک و بە کۆنتڕۆڵی دامەزراو و نیهادەکان. بە باوەڕی من لە ڕووی ستڕاتێژیکەوە ئێستا یەک شت زۆر سەرەکییە ئەویش ئەوەیە ئەگەر ئەو هێزە سیاسییانە دەیانەوێ بەشێک لەو کۆمەڵگەی مەدەنی سەلبی بن دەبێ ستڕاتێژی ئەوەیان هەبێ کە دە دەرەجەی ئەوەڵ دا نەهادەکانی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و هونەری و ئەوانە بهێننە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان. باشە مومکینە بڵێن ئەوە لە جمهووری ئیسلامی دا خەونە. نا خەون نییە چونکە ئەوانە دەبێ بە شێوەیەکی زۆر جیدی بێنە ناو ئەو پانتاییە گشتییە نهێنییە. ئەگەر لە بیرمان بێ وەختێکی ئێمە لە ئێرانێ خوێندکار بووین پانتاییەکی گشتی نهێنی هەبوو کە دەوێدا وێژمان/ دیسکۆرسی زاڵ مارکسیزم بوو کە ئەو کتێبانەی دەستاودەستیان دەکرد، بەحس دەکران، ئەو دەمی حیزبەکان ئەگەر بیانویستبایە لەگەڵ ئێمە کە خوێندکار بووین پێوەندیی پەیدا کەن و پێوەندیی بگرن دەبوو بێنە نێو ئەو پانتاییە گشتییە. ئێستاش هەر وایە، هەڵبەت ئێستا مارکسیزم ئەو سەیتەرەی نەماوە و بۆیە دەڵێم ئێمە دەبێ ئەو سووژەی کە هەیە بیناسین، ڕێزی لێ بگرین و لەگەڵی کار بکەین. ئەو سووژە و عامیلییەتەی تازەی چەند ڕوویی کە هاتووەتە پێشێ یەکجار زۆر گرینگە. هەر هێزێکی سیاسی ئێستا ستڕاتێژی خۆی هەر لە سەر تاقە ڕوویەک دابنێ، بۆ وێنە فێمینیستەکان ئەگەر هەر لە سەر مەسەلەی فێمێنیزم بە مانای ئەو سیاسەتانەی کە لە سەر جینسییەت داندراوە کار بکەن بە بێ ئەوەی کە سەرنج بدەنە سەر پرسی نەتەوە و نەتەوایەتی بە باوەڕی من کارێکی دروستیان نەکردووە. هەر واتر حیزبەکان و هێزە سیاسییەکان ئەگەر بێن و بڵێن ئێمە تەنێ سیاسەتی نەتەوە و نەتەوەخوازی بەڕێوە دەبەین جا ئەوە سەربەخۆیی خوازی بێ، یان ئۆتۆنۆمی خوازی یان فێدڕالیزم خوازی هەرچییەک دەبێ بڵا ببێ بە بێ ئەوەی کە مەسەلەی ژنان، مەسەلەی جەوانان، تەزادی مەزەبی لە نێوان ناوەند و دە پەراوێز خراو  لەبەر چاو بگرن بە باوەڕی من ناچنە پێشێ. ئەو سووژەی کە تازە دروست بووە، لە ڕاستیدا ئەو لا لێ نەکردنەوەیە قبووڵ ناکا.
قازی: مامۆستا بەڕێزت پێشتر باسی پێویستیی تێپەڕین لە دیواری ئێتنیکیت کردووە. پێت وایە کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵات توانی لەو دیوارەی تێپەڕێنێ؟
وەلی: ئەمن زۆر جار ئەو بابەتەم شرۆڤە کردووە، بەڵێ کۆمەڵگەی مەدەنی تێیپەڕاندووە وئەوەی کە زۆر گرینگ بوو ئەوەیە کە ڕۆژهەڵات  کە بوو بە مەرکەز و چەقی ئەو هەستانە و لەوێوە گەیشتە بەلووچستان و تاران و هێندێک شاری دیکە، بەڵام ئەوە پرسی کوردی و مەسەلەی نەتەوە و نەتەوایەتی سەربەخۆیی وێژمانی/ دیسکۆرسی خۆی لە دەست نەدا. کاتێک ئەمن تەئکیدم دەکرد لە سەر مەسەلەی ئێتنیک ئەلئان هەر کتێبێکی لە سەر ناوەرۆکی دەسەڵات دە چاخی ئەوەی کە پێی دەڵێن ئیمپایر بنووسرێ، ئێمە لە عەسری کلاسیکی ئەمپریالیزم دەرچووین، ئەگەر ئێمە واقیعەن ئەوەی بێنینە گۆڕێ تەماشای بکەین بەشێکی زۆری دەسەڵاتی دەسەڵاتێکە کە پێی دەڵێن دەسەڵاتی ژیان یانی bio politics ە، bio power ە ئەوەی کە هەمبەر بایۆپاوری ڕادەوستێ بایۆ پالێتیکسە. لەبەر ئەوەی ئێمە لە بایۆپالیتیکسی ئێرانێ دا کە مەسەلەی ڕۆژانەی ژیانی هەموو ئەو کەسانەیە کە دە چوارچێوەی جوغرافیای ئێرانێ دا دەژین و لەو ڕووەوە مەسەلەی ئەوانە تا هەشتا لە سەدی وەک یەک وایە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین حاڵەتێکی سیاسی بەوانە بدەین، مەسەلەی هەژاری، مەسەلەی مەدرەسەی منداڵان، مەسەلەی کرێی خانووی. ئەوانە مەسەلەی ئابوورین بەڵام هێزی سیاسی دەبێ ئەو دەسەڵاتەی هەبێ کە هەم لە دنیای وێژمان/ دیسکۆرس و هەم لە مەیدانی سیاسی و کۆمەڵگە دا ئەو مەسەلە ئابووری، ماڵی و تەعلیم و تەربیەتیانە، مەسەلە دادگە و ئەوانە بکاتە مەسەلەی سیاسی. دامەزراندنی مەسەلەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی چ ئابووری بێ، چ فەرهەنگی بێ، لە سەڕ ڕا دامەزراندنەوەیان بە شێوەی مەسەلەی سیاسی هونەرێکی زۆر گەورەیە. لێرە دا ئێمە دێینە سەر ئەو مەسەلەی ئەمن لە بەحسێکی دیکەش  دا لەو دواییانە دا هێنامە گۆڕێ ئێمە دەبێ لەو گوتەی تێپەڕێنین کە لێنین کردوویەتی " سیاسەت هونەری مومکینە"، کاتێک من دەڵێم ئەو مەسەلانە دەبێ بکرێن بە مەسەلەی سیاسی، کاتێک بوون بە مەسەلەی سیاسی لە پێوەندیی لەگەڵ ئەو سووژەی دا کە لەوێ هەڵدەسووڕێ و عەمەل دەکا، سووژەی فرە ڕوویی و تەقاتوعی لێرە دا ئەگەر ئەوە ببینین ئێمە بەو نەتیجەیەی دەگەین کە سیاسەت هونەری مومکین نییە، سیاسەت " هونەری دروستکردنی ئیمکانە". ئەوە زۆر گرینگە.
قازی: دەزانین کە ئەو بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەو حالەتی هەڵچوونەی کە هەیبوو دامرکاوە و لەو ماوەیەش دا زۆر ڕووداو لە ئێرانێ قەوماوە، کووژرانی رەئیس جمهوور و ئەو کەسانەی لەگەڵی بوون، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری تازە، شەڕی ئیسرائیل بە دژی خەڵکی فەلەستین و دەستێوەردانی ئێران،بە کورتی ئەو قەیرانییانەی کە بۆ ئەو ڕێژیمە هاتبوونە پێشێ لە سەر جێی خۆیان ماونەتەوە. بە لەبەر چاوگرتنی ئەوانە کۆمەڵگەی مەدەنی لە حاڵی حازر دا چۆن دەتوانێ چالاکانەتر بەردەوام بێ؟
وەلی: بە باوەڕی من ئێمە ئەلئان لە کۆمەڵگەی مەدەنی گەیشتووینە ئاستێکی کە ئەوە ئاستی پێداویستی بە سازمان و رێکخستنە. ئەو سازمانە سازمانی کلاسیکی حیزبی پێشڕەو دروستکردن و ئەو جوورە شتانە نییە. تەواوی ئەو سیستمانە گۆڕاون. یانی ئێستا ئێمە لە سەردەمی پۆلشویکان دا ناژین کە سەد ساڵان لاسایی ئەو مەسەلە کراوەتەوە کە حیزبی پێشرەو ساز بکرێ. نا، ئەلئانەکە سازمان دەبێ لە پێشدا هەدەفەکەی ئەوە بێ کە حەڕەکەتێکی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی گەورە دروست بکا، سازمانی سیاسی دەبێ لە دڵی ئەو حەڕەکەتەی بێتە دەرێ. دەنا ئەوە نییە دە پازدە کەس دانیشن بڵێن ئێمە ئەو حیزبەی دروست دەکەین کاتی وەی نەماوە. هەم لە نەزەر ئەمنییەوە لە جێگایەکی وەکوو ئێرانێ بە توندی دەتوانێ زەربەی وێ بکەوێ و هەم لە بەر ئەوەی کە ئیمکانی ئەوەی کە لە ناو خەڵک دا؛ ئەگەر ئێمە دیقەت بکەین کاتێک کە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی وەڕێ کەوت تەنانەت لە جێگەی وەکوو سنە، مەریوان و مەهاباد و ئەوانە یان لە بەلووچستان و تەنانەت تارانیش بەشێک لە وانەی کە پێی دەڵێن توێژی خۆڵەمێشی بەشدار نەبوون. توێژی خۆڵەمێشی ئێستا ئەستوورتر بووەتەوە و تەنکتر نەبووە. جا بۆیە کاتێک دەڵێم دەبێ حەڕەکەتێکی کۆمەڵایەتی و حەڕەکەتێکی فەرهەنگی گەورە ساز بێ و ئەو هێزەی کە سیاسەت تەبلیغ دەکا و کارەکان سازمان دەدا، لە دڵی ئەو جووڵانەوەیە بێتە دەرێ، لە ناوەرۆکی وەی بێتە دەرێ. چونکە دیتمان لە جەنگەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دا لە مەهاباد و سنە و شوێنی دی، لەو لا شاییان دەکرد، پارتیشیان هەبوو، مێهمانیشیان هەبوو، ئەوە نییە تەسەور بکەین کە تەواوی ڕۆژهەڵات هەستابوو شەڕی دەکرد، یان تەواوی بەلووچستان هەستا بوو شەڕی دەکرد، بۆیە  دەبێ ئێمە ئەو وەزعەی لەبەر چاو بگرین. ئەگەر ئێمە بمانەوێ بە شێوەیەکی کلاسیک حەڕەکەت بکەین بۆ سازمان دانی ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی کە هەیە ئەوە بە هیچجور کافی نییە بۆ ئەوەی بتوانێ لە بەرانبەر ئەو حکوومەتەی دا ڕاوەستێ. ئەو حکوومەتەی کە هیچ جوورە مەحزووری لە کوشتار دا نییە. ئەو حکوومەتە ناتوانێ پێشی حەڕەکەتی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بگرێ بە شەرتێکی ئەوە لە ناوخۆ سازمان درابێ و ڕێک خرابێ بەو ئامانجەی کە لە ناوەرۆکی ئەو جووڵانەوەیە ڕا حەڕەکەتێکی سیاسی بێتە دەرێ. یانی بە پێچەوانەی پێشوو کە حیزب دەهات حەڕەکەتی دروست دەکرد، خەڵک وەدوای ئیدێئۆلۆژییەکەی دەکەوتن ئەلئان ئەوە نەماوە. ئێستا لە ئێرانێ دا ئۆپۆزیسیۆن نەیتوانیوە تەنانەت یەک وێژمان/ دیسکۆرسی هاوبەش دروست بکا، بۆیە تەسەوری وەی کە خەڵک وەدوای حیزبێکی دەکەون و هەموو باوەڕ بە ئیدێئۆلۆژییەکەی دێنن ئەو وەزعە نەماوە، کۆمەڵگە گۆڕاوە. ئێستا دەبێ حەڕەکەتێک بێ و هێزە سیاسییەکان، سازمانە سیاسییەکان لە دڵێ وەی بێنە دەرێ. پێشتر حیزبەکە حەڕەکەتەکەی دروست دەکرد، ئێستا دەبێ حەڕەکەتەکە  هێزەکەی دروست بکا.
قازی: زۆر باشە، ئەو دروشمی ژن، ژیان، ئازادی پێشتریش لە خێزگەی خۆی را بڵاو ببووەوە. حەوتووی ڕابردوو کە دەستدرێژی کرا بوو بۆ سەر پزشکێکی ژنی هیندووستانی لە وڵاتی هیندووستان ئەو دروشمە بوو بە دروشمی سەرەکی بە زمانی ئەسڵی واتە بە کوردی و نەک بەتەرجومەوە، بە جوانی دەبیندرا لە نێوەڕاست خۆپیشاندانێکی جەماوەری کۆمەڵگەی مەدەنی دا بەتایبەتی سەندیکای پزیشکان کە ئیعترازیان دەکرد و داوایان دەکرد کە سڵامەت و کەڕامەتیان بپارێزدرێ. ئەوە تا چ ڕادەیەک ئەو ڕاستییە تەسبیت دەکا کە ئەو دروشمەش وەک دروشمی شۆڕشی فەڕانسە دنیاگرەوە و هەتاهەتایی بێ؟


وەلی: ئەو دروشمی ژن، ژیان، ئازادی وەکوو هێزێکی سەمبۆلیک دیارە سنوورەکانی تێپەڕاندووە و هەر بەردەوامیش دەبێ و بە نەزەری من سەبەکەشی ئەوەیە کە هێز و قووەتی ئەو دروشمە و سیاسەتێکی کە دەتوانێ تەبلیغی بکا ئەوەیە کە باسی هووییەتێکی چەند ڕوویی، فرە ڕوویی دەکا، ناسێنەیەکی دێمۆکڕاتیکی چەند ڕوویی. بگەڕێینە بەحسەکەی کە کردم و گوتم تەنانەت فێمینیستەکان، نەتەوەخوازەکان ناکرێ یەکتری لەبەرچاو نەگرن ئەوە مەسەلەیەکی ئەساسی یە. لێرە دا ئەوەی کە قەرار دەدا، بڕیار دەدا، دە ساختار، دە بنەمای ئەو ناسێنە چەند رووییە دا، تەقاتوعییە دا، لەو حاڵەتەی دا کێهەیەک لەوانە سەر دەکەوێ ئەوە دەقیقەن تەعادولی هێزەکان و ئەو گێرەوکێشەیەیە کە دە کۆمەڵگەی مەدنی دا لە نێوان هێزەکاندا هەیە لە لایەکەوە و لە لایەکی دیکەشەوە جۆری دەرگیری ئەوانەیە لەگەڵ دەوڵەتێ، لەگەڵ دەسەڵاتی. ئەو قەرار دەدا کە لێرە چ هێزێک لەو هووییەتە چەند رووییەی دەبێ ببێتە هێزی سەرەکی. تازە ئەویش حاڵەتێکی نیسبی هەیە. یانی موتڵەق نییە کاتێک سەرکەوت لە جێگای خۆی بمێنێ، نا، چونکە ئێمە دەبێ ئەوەی لەبەر چاو بگرین کە  کۆمەڵگەی مەدەنی کۆمەڵگەیەکی دینامیکە، سەییالە تەوەجوهێ دەکەی! بۆیە ئەتۆ ناتوانی بڵێی کە لەوێ هیچ هێزێک دەتوانێ حاڵەتی موتڵەقی هەبێ. بۆیەش تەواوی ئەو سیاسەتانە کە لە سەر بنەمای تیوری یان ئیدێئۆلۆژی داندراون کە باسی تەزادی دەکا کە ئەو تەزادە تەزادی موتڵەقە وەکوو ئەو تەسەورەی کە لە سەر تەزادی کارو سەرمایەی هەبوو. ئێمە دیتمان کە سەرکەوتووترین سیاسەتی بەشی چەپ لە ئوڕووپایە کە سۆسیال دێمۆکڕاسی ڕادیکاڵ بوو بە کردەوە نیشانی دا کە ئەو تەزادە موتڵەق نییە.
قازی: زۆر سپاست دەکەم بەڕێز وەلی بۆ بەشداریت لە بەرنامەی ڕاوێژ دا داوای سەرکەوتنت دەکەم.
وەلی: ئەمنیش زۆر خۆشحاڵ بووم، مەمنوونم کەمنت بانگهێشتن کرد.
قازی: بینەرانی خۆشەویست، بەم شێوەیە دەگەینە کۆتایی بەرنامەی ئەم جارەشمان تا کوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.
تێبینی: ئەم بەرنامەیە بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە پێنچشەمە شەو ٢٢-ی ئووتی ٢٠٢٤ لە بەرنامەی ڕاوێژی ستیرک تیڤییەوە بڵاو کراوەتەوە. دەکرێ لە تۆڕی کۆمەڵی یوتیوب دا لە حیسابی ڕاوێژ بە ڕێگای ئەم لینکەی  خوارەوە دا تەماشای ڤێدێئۆی ئەم بەرنامەیە بکەن.  
 
https://youtu.be/tN-QL-uLPN8?si=22g7ujhhEsi9c_Wf


No comments: