Sunday, August 18, 2024

کۆمەڵکوژیی سوپای رووسیای تێزاری لە سابڵاغ و ناوچەکانی دەوروبەری ژانڤییە و فێڤرییەی ١٩١٦نووسینی سوهەیلا قادری، گۆڤاری کۆمار





کۆمەڵکوژیی سوپای ڕووسیای تێزاری لە سابڵاغ و ناوچەکانی دەوروبەر ژانڤییە و فێڤرییەی ١٩١٦
 

  • ١٨ ئاگوست ٢٠٢٤   سوهەیلا قادری 

لە نێوان دوو مانگی ژانڤییە و فێڤرییەی ١٩١٦ و لە جەنگەی شەڕی یەکەمی جیهانیدا، سوپای ڕووسیای تێزاری کۆمەڵکوژییەکی گەورەی لە دانیشتوانی شاری سابڵاغ[۱] و دەوروبەری کرد کە ئێستاش لە بیرەوەریی گشتیی دانیشتوانی ناوچەکەدا بە «کوشتاری عرووس» ناو دەبردرێت. تەنیا لە سابلاغ، تەرمی ٨٩٧٠ کەس دۆزرابوونەوە و لە لایەن کاربەدەستانی ئیدارییەوە تۆمار کرابوون.[۲] ئەوە بێجگە لەو کەسانەی لە گوندەکانی دەوروبەری سابڵاغ کۆمەڵکوژ کران و ژمارەیان بە وردی دیاری نەکراوە. ئەندامانی میسیۆنی لۆتێریی ڕۆژهەڵات لە سابڵاغ کە شایەتحاڵی کۆمەڵکوژییەکە بوون، ژمارەی کوژراوانیان بە لایەنی کەمەوە بە دە هەزار کەس مەزەندە کردووە.

زەمینەی مێژوویی، نێودەوڵەتی، نیشتمانی و ناوچەیی
 

ئێرانی زەمانی قاجارەکان (١٧٨٦-١٩٢٥) وڵاتێکی شپرزە و وێران بوو کە بە دەستی نوخبەیەکی گەندەڵ بەرێوە دەچوو، نوخبەیەک کە لە خزمەت ئاریستۆکراسیی قاجار و بەرژەوەندیی زلهێزە بێگانەکاندا دەجووڵانەوە. ئەوانە هیچ پەکیان بە بەرژەوەندیی نیشتمانی نەکەوتبوو. دەوڵەتیش پەیتاپەیتا ئیمتیازاتی جۆراجۆری دەبەخشی بە کۆمپانیا ڕووسی، بریتانی، بێلژیکی و سوێدییەکان و لە بریی ئەوەدا پارەیەکی زۆری قەرز دەکرد بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی شا و دەربارەکەی.[۳] زۆری پێ نەچوو کە لەو وڵاتە پاشکەوتووەدا کە نزیکەی ٩٧%ی دانیشتوانی نەخوێندەوار بوون و شپرزەیی و ناسەقامگیریی کۆمەڵایەتی و ئابووری سەری لە ئاسمان دەدا، ناڕەزایەتیی جەماوەری لە شارە گەورەکانیدا سەری هەڵدا. شۆڕشی مەشرووتییەت کە لە ١٩٠٦ تا ١٩١١ی خایاند، لە لایەن پیاوانی ئایینی و بەشێک لە نوخبەی سیاسیی وڵاتەکەوە ڕێبەرایەتی دەکرا. موزەفەرەدین شای نەخۆش و پیر ناچار بوو کە لە ساڵی ١٩٠٦دا، چەند مانگ پێش کۆچی دوایی خۆی، فەرمانی مەشرووتە واژۆ بکات. بەپێی ئەو فەرمانە، ئێران ڕژێمی دەستووری و یاسای ئۆرگانیک و مەجلیسی بەرپرسانی هەڵبژێردراوی هەبوو کە بە ڕواڵەت دەبوو وەک ئۆپۆزیسیۆنی پادشا کاریان کردبایە. بەڵام دۆخەکە باشتر نەبوو، لەبەر ئەوەی کە موحەممەدعەلی شا کاتێک جێگەی بابی گرتەوە زۆر بە توندی دژایەتیی دەسەڵاتی دەستووریی کرد.[۴] لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەو پادشایە و لە چوارچێوەی پیلانی زلهێزەکاندا کە بە «یاریی گەورە» ناسراوە، بەپێی ڕێکەوتننامەی ٣١ی ئاگۆستی ١٩٠٧ لە نێوان ڕووسیا و بریتانیادا، ئێران بەسەر سێ «ناوچەی نفووز»دا دابەش کرا: ناوچەیەک لە باکوور بۆ ڕووسیا، یەکێک لە باشوور بۆ بریتانیا و بەشی وشک و بیابانیی ناوەندیش وەک ناوچەیەکی «بێلایەن» بۆ خودی ئێران بەجێ ما تا وەک ناوبڕێک لە نێوان ناوچەی نفووزی ڕووسیا و بریتانیادا بمێنێتەوە. پێشبینی کرابوو کە ئەو ناوچەیەش دواتر وەسەر بەشی ئینگلیز یان ڕووس بخرێتەوە.

لە مانگی ئاوریلی ساڵی ١٩٠٩، ڕووسیا بە بیانووی پاراستنی هاووڵاتیانی بیانی لە ئێران، هێزێکی گەورەی سەربازیی لە تەورێز دامەزراند و ئیدی شارەکەی چۆڵ نەکرد. لە ڕاستیدا ئەوە کۆنسوولی گشتیی ڕووسیا لە تەورێز بوو کە بە شێوەیەکی نافەرمی ئازەربایجانی ئێرانی بەڕێوە دەبرد.

  بورگدەستەیەک لە ئەفسەرانی ڕووس لە ئێراندا، وێنەگر ئەلێکساندر ئیاس، ئەرشیڤی مۆزەخانەی سەن پترز  

بێجگە لە ڕووسیا و بریتانیا و فەرەنسا، ئەڵمانیایش چاوی تەماعی لە سەروەت و سامانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڕیبوو. پرۆژەی درێژکردنەوەی هێڵی ئاسنی بێرلین-ئەستەنبووڵ-بەغدا بۆ خانەقین و لەوێشەوە بۆ تاران، کە ساڵی ١٩٠٣ لە لایەن ئەڵمانییەکانەوە پێشکەش کرا و بە پرۆژەی «شۆمەن دۆفێری بەغدا» ناسراوە، لە پێناو ئەو مەبەستەدا بوو. ئامانجی سەرەکیی ئەو پرۆژەیە نوێکردنەوەی هێڵی ئاسن لە بەشی ڕۆژهەلاتی ئیمپراتۆریای عوسمانی بوو کە بەتایبەت بۆ پاراستنی پێوەندییە سەربازییەکان لە نێوان میسر، عەرەبستان، میزۆپۆتامیا، سووریا و فەلەستیندا پێویست بوو. دەرفەتێکی گەورەیش بوو بۆ ئەوەی ئەڵمانیایش بێتە ناوچەی نفووزی فەرەنسا و بریتانیا و ڕووسیاوە و لە بازاڕی بەرهەمهێنانی نەوت لە میزۆپۆتامیا و ئێراندا جێگایەک بۆ خۆی بدۆزێتەوە و بەو شێوەیە خۆی لە کڕینی نەوتی ئەمریکا ڕزگار بکات. هەروەها لە ڕووی ستراتیژیکیشەوە بتوانێت لە ناوچەی کەنداودا جێگیر ببێت و لە ئەگەری شەڕ و گەمارۆی دەریاییدا، پێداویستییەکانی لە ڕێگەی میزۆپۆتامیاوە دابین بکات. پێویستە ئاماژە بەوەیش بکرێت کە لەم پرۆژە تایبەتەدا، بەرژەوەندییەکانی ئەڵمانیا لە لایەکەوە بەرهەڵستی بەرژەوەندییەکانی فەرەنسا و بریتانیا دەبۆوە و لە لایەکی تریشەوە بەرهەڵستی ڕووسیا. مۆسکۆ ئیمتیازی دروستکردنی هێڵی ئاسنی بۆ ماوەی ٩٩ ساڵ لە ئێران وەرگرتبوو و ئیزنی نەدەدا پرۆژەکەی بێرلین بە ناوچەی نفووزی ئەو لە ئێراندا تێ بپەڕێت. بریتانیایش ئیزنی بە هیچ زڵهێزێکی تر نەدەدا لە ناوچەی کەنداو نزیک بێتەوە و فەرەنسایش بە تەما نەبوو بەرژەوەندییە لەمێژینەکانی خۆی لە ناوچەی لۆوان یان بیلادی شام کە بەتایبەت سووریا ولوبنانی دەگرتەوە، لەگەڵ کەس دابەش بکات. پڕۆژەی «شۆمەن دۆفێری بەغدا» نەگەیشتە ئەنجام و هەر نیوەکارە مایەوە، بەڵام ئیمپراتۆریای عوسمانی لەگەڵ زلهێزە ناوەندییەکاندا کە بریتی بوون لە ئەڵمانیا و ئیمپراتۆریای ئوتریش-مەجارستان (نەمسا-هەنگاریا)، پەیماننامەیەکی واژۆ کرد. ئەو بەرەیە لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا بەرەنگاری بەرەی هاوپەیمانان بوونەوە کە بریتی بوون لە فەرەنسا، بریتانیا، ڕووسیا و ئەمریکا. [۵] سەبارەت بە ئێران، تەنیا وڵاتە زلهێزە ئەورووپاییەکان نەبوون کە پرۆژەی دەسبەسەرداگرتن و دابەشکردنی ئەو وڵاتەیان هەبوو. تورکە عوسمانییەکانیش لە ساڵی ١٩٠٥ـەوە ناوچەی موکریانیان داگیر کردبوو، کۆنسوولخانەیان لە شاری سابڵاغ کردبۆوە و ئیدارەیەکی ناوخۆییان دامەزراندبوو. دانیشتوانی ناوچەکەیش بە گشتی پاڵپشتی عوسمانییەکان بوون کە وەکوو خۆیان موسوڵمانی سوننە بوون و بە شێوەی مێژوویی بەرامبەر بە دەوڵەت و حکومەتی شیعەی تاران پارێزگاریی لێ کردبوون 

بۆ ماوەی چوار سەدە، ئێران و ئیمپراتۆریای عوسمانی تووشی ململانێیەکی سنووریی گەورە ببوون، ئەم ململانێیە لە شەڕی چاڵدێرانەوە، واتە لە ساڵی ١٥١٤ـەوە، دەستی پێ کردبوو. ئەو شەڕە لە نێوان شا ئیسماعیلی یەکەم، دامەزرێنەری شانشینی شیعەی سەفەوی و سوڵتان سەلیمی یەکەم، کە دواتر نازناوی خەلیفەشی پێ زیاد کرا، هەڵئایسا. شای سەفەوی شکستێکی قورسی خوارد و بەشێکی زۆر لە خاکی کوردستان وەبەر عوسمانی کەوت. دیارە سەرکەوتنی سوپای تورک بە هۆی هاوکاری و بەشداریی سەربازیی کوردەکانەوە بوو کە لە دژایەتیی ڕێوڕەسمی شیعەگەری لە ئێراندا ئۆردووگای عوسمانییان هەڵبژاردبوو. میرنشینە گەورە کوردەکان بە هۆی هاوکاریکردنی سەربازییەوە لەگەل هێزەکانی عوسمانیدا لە باڵکان، سنوورەکانی ئێران و قەفقاز، توانیبوویان تا ڕادەیەکی زۆر ئۆتۆنۆمیی خۆیان بپارێزن.

بە پێچەوانە، دەسەڵاتی شیعە بەردەوام خەریکی سەرکوتکردنی کوردەکانی ناو ئێران بوو. ئەوانیش هەر چاوێکیان لە خیلافەتی عوسمانی بوو کە خۆی بە ڕێبەر و پارێزەری مافی سوننەکانی دونیا ناساندبوو و لە پێناو ئەو ئیدیعایەدا و لە ڕاستیدا بۆ بەرژەوەندیی ستراتیژیکی وڵاتەکەی خۆی، ئەرکی پاراستنی مافی کوردە سوننەکانی ئێرانیشی تا ڕادەیەک لە ئەستۆ گرتبوو. لە شەڕەکانی عوسمانی دژ بە ئێران و تەنانەت دژ بە ڕووسیایشدا، زۆرجار خاکی کوردستانی ئێران، بە تایبەت ناوچەی موکریان، بە گوێرەی سەرکەوتنەکانی سوپای عوسمانی دەکەوتە ژێر دەسەڵاتی تورکەوە، بەڵام پاش پرۆسەی ئاشتیی نێوان ئەو وڵاتانە، چۆڵ دەکرا و ئازار و چەوساندنەوی کوردەکان لە لایەن حکومەت و دەزگای شیعەوە دەستی پێ دەکردەوە.

 کێشەی نێوان کورد و گەلانی مەسیحیی ئیمپراتۆریای عوسمانی

لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم بەولاوە، مۆسکۆ دەستی کرد بە ناردنی میسیۆنێرە ئایینییەکان بۆ سەڵماس و دەشتی ورمێ. مەبەستی مۆسکۆ لەم کارە گۆڕینی ئایینزای ئۆرتۆدۆکسی نەستۆریی دانیشتوانی مەسیحیی ئەو ناوچەیە بۆ ئۆرتۆدۆکسی ڕووسی بوو. ئەم پڕۆژەیە تاران و ئەستەنبووڵی زۆر نیگەران کرد. هەردوو پێتەخت ترسیان لێ نیشت لە داگیرکردنی ئازەربایجان لە لایەن ڕووسیاوە. تاران لە بەرانبەر کردەوەکانی ڕووسیادا هیچی پێ نەدەکرا. خەڵکی ئێران داوای گۆڕانکاریی سیاسی و دامەزراندنی ڕژێمێکی دەستووری و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی زلهێزەکانیان دەکرد. ئیدارەی وڵات لە دەست کاربەدەستانی لاواز و ناکارامەی قاجار دەرچووبوو. بە پێچەوانە، ئەستەنبووڵ پلانێکی بۆ داگیرکردنی چەند ناوچەیەکی ستراتیژیک لە نزیک سنوورەکانی ئێران داڕشتبوو و چاوەڕوانی دەرفەتێکی گونجاو بوو.

لە ساڵی ١٩٠٣ عوسمانییەکان لە شاری سابڵاغ کۆنسوولخانەیان کردەوە و ئیدارەیەکی ناوخۆییان لەوێ دامەزراند. ئاڵای عوسمانی بەسەر باڵەخانەکان و قوتابخانەکان و ئیدارەکانی شارەکەدا هەڵدرا. ئەو داگیرکارییە بە ڕوونی سەروەریی ئێرانی لە سەر خاکی خۆی خستبووە ژێر پرسیار و نێوانی تاران و ئەستەنبووڵی گرژتر کردبوو، بەڵام دانیشتوانی ناوچەکە و هۆزە کوردەکان پێشوازیی گەرمیان لە تورکەکان دەکرد. بێگومان هۆکارەکەی دەگەڕایەوە بۆ ناڕەزایەتیی لەمێژینەی کوردە سوننەکان لە دەسەڵاتی شیعەی فارس و سیاسەتی چەوساندنەوەی سەدان ساڵەی ئەو دەسەڵاتە لە ناوچەکەدا.

لێرەدا پێویستە ئاماژە بە سیاسەتی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووهەمیش (۱۸۷۶-۱۹۰۹) بکرێت کە بە درێژایی دەورانی خیلافەتی خۆی پان‌ئیسلامیزمی پەرە پێ دەدا و لەو کارەدا زۆر سەرکەوتوو بوو. سوڵتان عەبدولحەمیدی دووهەم لە ناو وڵاتەکەی خۆیشیدا بە پێکهێنانی «سوارەی حەمیدییە» هێندەی دیکە کوردەکانی لە خۆی نزیک کردبۆوە. کاتێک بیر و باوەڕی ناسیۆنالیزم هەموو گەلانی ناوچەکەی وەخۆ خستبوو، کوردەکان بە گشتی لایەنگرییەکی خەست‌وخۆڵیان لە سوڵتان و خەلیفەی ئیسلام دەکرد. دیارە بە گشتی لە نێو کوردەواریدا ناسیۆنالیزم و ئایین لێک هاڵابوون. جێگەوپێگەی شێخەکان و پیاوە ئایینییەکان لە بڵاوکردنەوە وپەرەپێدانی ناسیۆنالیزمی کوردیدا، وەکوو ڕۆڵ و شۆینگەیان لە بزووتنەوە سیاسی و چەکدارییەکانی کوردستاندا، زۆر ئاشکرایە و نکۆڵیی لێ ناکرێت. ئەوان کێشەیان لەگەڵ ناسیۆنالیزم نەبوو، بگرە تەنانەت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندەواری و تێگەیشتنی خەڵکی کوردستانیش کەڵکیان لێ وەردەگرت، بەڵام هاوکات بەرهەڵستی هەرچەشنە بیر و بۆچوونێک دەبوونەوە کە دژ بە ئایینی ئیسلام بایە.

لە کۆتایی سەدەی نۆزدە بەو لاوە، ئاڵوگۆڕی زۆر گەورە بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هات. حکومەتی عوسمانی کۆتایی بە ژیانی دواهەمین میرنشینە کوردییەکان لە بۆتان و حەکاری هێنا و دۆخی خۆجێییی لە کوردستان بنەبڕ کرد و سیاسەتێکی توندوتیژی ناوەندگەرایانەی دامەزراند. سوڵتان عەبدولحەمید کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەمیرە کوردەکان هێنا و هاوکاتیش پێوەندیی لەگەڵ ئاغاوەت و ڕێبەرانی ئایینیدا بەهێزتر کرد. ماڵ و مووچە و تیتر و دەرەجەی سەربازیی پێ بەخشین و لە بەرامبەردا داوای هێزی چەکداری لێ کردن بۆ بەرگریکردن لە ئیمپراتۆریاکەی.

ئەرمەنییەکان کە داوای مافی نەتەوایەتیی خۆیان دەکرد، بە جاسووس و دەستنێژی ڕووسیا ناوزەد کران و کوردەکان ترسیان لێ نیشتبوو نەکا ئەرمەنییەکان دەست بەسەر خاکی کوردستان و گەلی کورددا بگرن. کۆنگرەکانی سان ستێفانۆ و بێرلین (١٨٧٨) و پەیماننامەکان، هێندێک مافی یەکسانیان بۆ نەتەوە ناموسوڵمانەکانی ئیمپراتۆریای عوسمانی داسەپاند و ئەمەیش کێشەی نێوان ئەو نەتەوانە و گەلانی موسوڵمانی قووڵتر کردەوە. دیارە هەتا پەیماننامەی سێڤری ١٩٢٠، باسی پێکهاتنی وڵاتێکی سەربەخۆی ئەرمەنی لە هیچ بەڵگەیەکدا نەکراوە. مادەی ١٦ی پەیمانی سان ستیفانۆ (١٨٧٨) و مادەی ٦١ی کۆنگرەی بێرلین لە هەمان ساڵدا، تەنیا داوای چاکسازییان بۆ ویلایەتە ئەرمەنییەکانی ئیمپراتۆریای عوسمانی دەکرد.

لە ١٨٩١، سوارەی حەمیدییە دامەزرا کە بەشی هەرەزۆری چەکدارانی کورد بوون. ئەو هێزە بۆ شەڕ دژ بە ڕووسیا پێک هاتبوو بەڵام بە کردەوە دژی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی گەلانی ژێردەستی وەک ئاڵبانی، عەرەب، ئەرمەنی و تەنانەت هۆز و عەشیرەتە کوردەکان کە بە یاغی دەناسران، بە کار دەهێنرا. ساڵێک دواتر، واتە لە ١٨٩٢، دوو مەکتەبی عەشیرەتی لە ئەستەنبووڵ و بەغدا دامەزران تاکوو منداڵانی کورد و عەرەب فێری وەفاداری بە سوڵتان بکەن.

ئەو سیاسەتە لە نێو کوردەواریدا زۆر سەرکەوتوو بوو. سوڵتان عەبدولحەمید بە حەمید بابا بانگ دەکرا و لە کوردستان لە پاش شۆرشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری (١٨٨١-١٨٨٠) سەرهەڵدانی گەورەی ئەوتۆ نەهاتە گۆڕێ. بە پێچەوانە، کێشەی نێوان کورد و ئەرمەنی پەرەی پێ درا و لە ١٨٩٤ بەو لاوە، بە تەواوی شێوا. هاوینی ئەو ساڵە چەند کێشەیەکی خۆێناوی دژ بە ئەرمەنییەکان لە ناوچەی ساسوون، لە نێوان مووش و بێتلیس، ڕووی دا و بوو بە دەسپێکی سەرهەڵدانی ئەرمەنییەکان دژ به حکومەتی سوڵتان عەبدولحەمید. ئەویش هەموویانی بە دەستی سوارەی حەمیدییە و چەکداری کورد سەرکوت کرد. لە سالی ١٨٩٥بەشێک لە کوردەکان بەشدارییان لە کوشتاری ئەرمەنییەکاندا کرد و دەستیان بە سەر ماڵ و دارایی ئەواندا گرت. جوگرافیزانی گەورەی فەرەنسی، ڤیتاڵ دوێ کوینە، دەڵێت: «کورد بە سرووشت لێبوردەیە، بەڵام لەبەر نەزانین و ساکاریی خۆی دەشێت بەرەو کۆنەپەرستی هان بدرێت، دەنا چۆن دەتوانین بەشداربوونی کورد لە کوشتار و جینۆسایدی ئەرمەنییەکاندا شێ بکەینەوە.» گەلی کورد و گەلی ئەرمەنی بە سەدان ساڵ جیران بوون و بە ئاشتی لەگەڵ یەکتر دەژیان. بە وتەی چاودێرانی بیانی، پێوەندیی نێوان کوردەکان و خەڵکە مەسیحییەکانی ئیمپراتۆریای عوسمانی نموونەیەکی سەرکەوتوو بوو لە پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە نێوان موسوڵمان و مەسیحی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

بێگومان پشتگیریی زلهێزەکانی ئەورووپا بۆ پرسی ئەرمەنستان بە شێوەیەکی جیدی دەسەڵاتدارانی عوسمانیی نیگەران کردبوو. ئەوان کە ئامادە نەبوون چارەسەرێک بۆ ئەو پرسە بدۆزنەوە، هاوکات ترسیان لێ نیشتبوو کە ئەو هەرێمەش هاوشێوەی پارێزگاکانی باڵکان نەبێتە وڵاتێکی سەربەخۆ. ئەمەش پاڵنەری سەرەکی بوو لە کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکاندا. دەسەڵاتی عوسمانی پێوەندییەکانی نێوان کورد و ئەرمەنیی ژەهراوی کرد. دیارە خەتای هێندێک لایەنی سیاسیی ئەرمەنیشی تێدا بوو، بەتایبەتی داشناک، کە داوای سەربەخۆیی ئەرمینیای گەورەیان لەسەر خاکێک دەکرد کە کورد تێیدا زۆرینە بوو.

شکستی ڕووسیا لە ژاپۆن لە ساڵی ١٩٠٦دا دەرفەتێکی باشی بۆ سوپای عوسمانی پێک هێنا تا بە هاوکاری و هاوبەشیی هۆزە کوردەکانی کوردستانی ئێران، ناوچەی باکوور و ڕۆژئاوای دەریاچەی ورمێ بە تەواوی داگیر بکات. لە ١٩٠٩شاری ورمێ و سابڵاغ و ناوچەی موکریانیش داگیر کرابوون. بەڵام بەپێی ڕێکەوتننامەی ١٩٠٧ی نێوان ڕووسیا و ئینگلیز، موکریان لە ناخی ناوچەی نفووزی ڕووسیا لە ئێران هەڵکەوتبوو. بۆیە داگیرکردنی ئەو ناوچەیە لە لایەن تورکەکانەوە بەرژەوەندییەکانی ڕووسیای پێشێل دەکرد. بۆ جێبەجێکردنی بەندەکانی ئەو ڕێکەوتننامەیە و لە پێرسپێکتیڤی شەرێکی جیهانیدا کە هەر دەهات و نزیکتر دەبۆوە، ڕووسیا دەبوایەکۆتایی بە پێشێلکارییەکانی سوپای عوسمانی لە سەر سنوورەکانی ئێران بهێنێت و بۆ ئەو مەبەستەیش پێویست بوو کێشەی سنووریی نێوان ئێران و ئیمپراتۆریای عوسمانی کۆتایی پێ بێت.

 لە ماوەی چوار سەدەی ڕابردوودا، واتە لە ١٥١٤ بەو لاوە، کێشە سنوورییەکان ببوون بە مایەی نۆ شەڕی گەورە لە نێوان ئێران و ئیمپراتۆریای عوسمانیدا.[۶] دواهەمین شەڕ لە ١٨٢١تا ١٨٢٣ی خایاند و بە پەیماننامەی ئەرزەڕۆم لە مانگی مەیی ساڵی ١٨٢٣دا کۆتایی پێ هات. ئەو پەیماننامەیە، لەبەر هێرشی ئیمپریالیزمی ئەورووپایی بۆ سەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕەکانی ڕووسیا و بریتانیا دژ به ئێران و ئیمپراتۆریای عوسمانی، بە تەواوی نەچووە بواری جێبەجێکردنەوە.

سالی ١٨٤٧ تاران و ئەستەنبووڵ لە شاری ئەرزەڕۆم پەیماننامەیەکی دووهەمیان سەبارەت بە پرۆسەی دیاریکردنی سنوورە هاوبەشەکان ئیمزا کرد، بەڵام ئەویش نەگەیشتە ئەنجام و سنوورەکانی نێوان ئێران و عوسمانی هەر نادیار مابوونەوە.

ساڵی ١٩١١، بە دەستپێشخەری و لە ژێر چاودێریی دیپلۆمات و پسپۆڕانی ڕووسیا و بریتانیادا، نوێنەرانی ئێران و عوسمانی لە ئەستەنبووڵ کۆ بوونەوە تاکوو بەپێی پەیماننامەی ساڵی ١٨٤٧ی ئەرزەڕۆم، پرۆسەی دیاریکردنی سنوورە هاوبەشەکانیان دەست پێ بکەن. لە پاش چاوپێکەوتن و دانوستاندنێکی زۆر، ساڵی ١٩١٢و بەپێی ڕێکەوتننامەیەک، تورکەکان ئامادە بوون لە ناوچەی موکریان بۆ لای سنوورەکانی خۆیان بکشێنەوە، بەڵام بە دوو مەرج:

1.     هەموو ناوچەکە بکەوێتەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ئێران (واتە ڕووسیا دەستی بە سەردا نەگرێت)؛

2.     دەسەڵاتی شیعەی ئێران ڕێز لە مافی دانیشتوانی سوننەی خۆی بگرێت.

کۆنسوولخانەی ڕووسیا لە سابڵاغ 

ماوەیەکی کورت لە پاش دەرکەوتنی تورکەکان، وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕووسیا لەسەر پێشنیاری ڤلادیمیر مینۆرسکی، کۆنسوولی گشتیی ڕووسیا لە ئەستەنبووڵ و ئەندامی کۆمیسیۆنی دیاریکردنی سنوورەکانی نێوان ئێران و عوسمانی، بڕیاری دا کۆنسوولخانەیەک لە سابڵاغ بکاتەوە. کۆلۆنێل ئەلێکساندر ئیاس، ئەفسەرێکی بە ڕەچەڵەک فەنلاندی و دیپلۆمات و ڕۆژهەڵاتناس، وەک کۆنسوولی ئەو وڵاتە لە سابڵاغ دیاری کرا. دیارە جگە لە سابڵاغ، کونسووڵخانەیەکی گشتیی ڕووسیا لە تەورێز و دوو کۆنسوولخانەی دیکەیش لە ورمێ و لە خۆیە کرابوونەوە و کۆنسوولی خۆیان هەبوو.

سابڵاغی ئەوکات شارێکی بچووک بوو، بەڵام لە ڕووی جوگرافیاییەوە کەوتبووە سەر یەکتربڕ (تقاطع)ی چەند ڕێگا و جادەیەک کە لە باکوورەوە دەگەیشتنە سنووری ڕووسیا لە جۆلفا و لە باشوورەوە بەرەو سنە و کرماشان دەچوون کە لە ناوچەی نفووزی بریتانیادا بوون. بەم شێوەیە شاری سابڵاغ کە لە سەر رێگای دوو ناوچەی نفووزی ڕووس و ئینگلیز هەڵکەوتبوو، لە ڕووی ستراتیژیکەوەگرنگایەتییەکی تایبەتی پەیدا کردبوو. ئەو کاتە ژمارەی دانیشتوانی شارەکە بە نزیکەی ١٠ هەزار کەس مەزەندە کرابوو[۷] کە ٥٠ خێزانی ئەرمەنی و ١٠٠ خێزانی جوولەکەیشی تێدا بوو. [۸]

کاربەدەستانی ڕووس دەیانزانی کە کردنەوەی کۆنسوولخانەیەک لە شاری سابڵاغ، کە چوار ڕۆژ لە تەورێز دوور بوو و دەکەوتە ناخی وڵاتی کوردییەوە، کارێکی ئاسان نابێت، بە تایبەت کە هاووڵاتیانی ڕووسیا لەو ناوچەیە خۆشەویست نەبوون.  بەڵام لە ئەگەری ڕوودانی شەڕێکی جیهانیدا، دەبوایە چالاکیی سەربازیی خۆیان لە ئێران پەرە پێ بدەن تاکوو بتوانن لە کاتی پێویستدا لە ڕێگای ئازەربایجانەوە هێرش بکەنە سەر ئیمپراتۆریای عوسمانی. دیارە بیرکردنەوە و بۆچوونی دیپلۆمات و فەرماندە سەربازییەکانی ڕووسیا لەسەر ئەم بابەتە هاوشێوە نەبوو. هەڵوێست و هەڵسوکەوتی بەرپرسە سەربازییەکانی ڕووسیا توندوتیژی لە هەمبەر خەڵک و هۆزە کوردەکان بوو. بەلام دیپلۆماتەکان، بە تایبەت ئەوانەی کە ئاگاداری هەلومەرجی ناوچەکە بوون، دژی دەستێوەردانی سەربازیی ڕاستەوخۆ لە ناوچەی موکریان بوون. لەوانە، ڤلادیمیر مینۆرسکی، کۆنسوولی گشتیی ڕووسیا لە ئەستەنبووڵ، بازیل نیکیتین، کۆنسووڵی ڕووسیا لە ورمێ و کۆلۆنێل ئەلێکساندر ئیاس کە هەرسێکیان لە سەر ئەو ڕایە بوون کە بۆ بەرگرتن بە هاوکاریکردنی عەشیرەتە کوردەکان لەگەڵ سوپای تورکدا، دەبێ بە ڕێگەی ناوبژیوانی و بە ئارامی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکرێت.

کۆلۆنێل ئیاس لە ١٣ی ئۆکتۆبری ١٩١٢ گەیشتە سابڵاغ و لە لایەن سەردار موحەممەدحوسێن خانی موکریی حاکمی شارەکەوە پێشوازییەکی گەرمی لێ کرا. ئەو وەک ئۆتۆریتە لە دەستدرێژیکردنی تورکەکان بۆ سەر خاکی ئێران تووڕە بوو و بەو شێوەیە ناڕەزایی خۆی دەردەبڕی. تورکەکان ئەو کارەیان بە دژایەتیی خۆیان لێک دایەوە و قینیان لێ هەڵگرت.

  

  کۆلۆنێل ئەلێکساندر ئیاس                           
John Tchalenko, Images from the Endgame, Persia through a Russian lens ۱۹۰۱-۱۹۱۴ 

لە ماوەی نزیک بە دوو ساڵدا کە کۆلۆنێل ئیاس کۆنسوولی سابڵاغ بوو، چەند ئەرکێکی بەنرخی بە ئەنجام گەیاند. یەک لەوانە گەشتێک بوو بۆ نێو عەشیرەتەکانی مەنگوڕ و مامەش و پیران کە لە ڕۆژئاوای شارەکە دەژین. دیارە مەبەستی سەرەکی لەو کارە بەڕێوەبردنی سیاسەتی ڕووسیا بۆ ڕێگریکردن لە پەیوەستبوونی ئەو هۆزانە بە تورکەکان بوو. کۆلۆنێل ئیاس لە پاش گفتوگۆ و ئاخافتنێکی زۆر توانیی سەرۆک هۆزەکان بێنێتە سەر ئەو قەناعەتە کە دەست لە کاروباری یەکتر وەر نەدەن و دەستدرێژی نەکەنە سەر شوێنی ژیانی یەکتر و لە ئەگەری کێشەدا داوای ناوبژیوانی لە ئەو بکەن. 

 

باییزپاشای مەنگوڕو دەستوپێوەندەکانی، وێنە ئەلێکساندر ئیاس، ئەرشیڤی مۆزەخانەی سەن پترزبۆرگ 

ئەلێکساندر ئیاس هەروەها هێندێک ئامادەکاریی بۆ کۆمیسیۆنی دیاریکردنی سنوورەکان کرد. لە ئەنجامی گەشتێکی یەک مانگەیدا لە سابڵاغەوە بەرەو سنووری عوسمانی، ڕاپۆرتێکی ئێتنۆلۆژیی لەسەر دانیشتوانی ناوچەکە ئامادە کرد و لە نەخشەی شاخەکاندا شوێنی گەرمێن و کوێستانی عەشیرەتە کوردەکانی دیاری کرد. ئەو زانیاریانە بۆ کۆمیسیۆن و بە تایبەت بۆ ئەندامە ڕووسەکانی گەلێ گرنگ بوو، چونکوو دەیانزانی ئەگەر تورکەکان بیانەوێ بە پاڵپشتیی هۆزە کوردەکان بڕیاری داگیرکردنی خاکی ئێران بدەن، بێگومان لە لای موکریانەوە سنوورەکان تێ دەپەڕێنن.

دیارە کۆلۆنێل ئیاس وەک کۆنسوولی ڕووس لە سابڵاغ، ڕۆژانە ڕاپۆرتی نهێنیی بۆ کۆنسوولی گشتیی ڕووسیا لە تەورێز ناردووە و لە ڕاپۆرتەکاندا باسی هەلومەرجی شارەکەی کرددوە.[۹] لە ڕاپۆرتی مانگی ڤێڤرییەی ١٩١٣، باسی هەستی بەرزی تورکدۆستیی خەلکی سابڵاغ و ناوچەکانی دەوروبەری دەکات کە بۆ سەرکەوتنی ئەرتەشی عوسمانی لە شەڕەکانی باڵکاندا جێژن و شادییان کردووە. هەروەها ئاماژە بەوەیش دەکات کە سەرۆک عەشیرەتەکانی دێبوکری و بەگزادە و بەشێک لە کاسبکارانی سابڵاغ، پارەیان بۆ سوپای تورک کۆ کردووەتەوە. ئیاس کاتێک باسی کەسایەتییە بەناوبانگەکانی شارەکە دەکات، تەنیا ئاماژە بەو کەسانە دەدات کە دژ بە ڕووسیا بوون. یەکیان قازی عەلیی ئیمام جومعەیە کە لە کاتی نوێژی بەکۆمەڵدا دوعای بۆ سەرکەوتنی سوپای تورک کردووە، ئەوی دیکەیش قازی فەتاحە کە بە ڕێبەری دژبەرانی ڕووسیا ناوی لێ بردووە و دەلێ کە «ناوبراو هەموو کات هەوڵی داوە سەرۆک عەشیرەتەکان دژی یەکتر بە شەڕ بدات.» لە کۆی گشتیی راپۆرتەکانیدا دەردەکەوێت کە ئەو برازا و مامەیەی خۆش نەویستووە و بە تایبەت لەسەر قازی فەتاح قەڵەمەکەی بە توندی داگرتووە.

قازی فەتاح

گەورەی تایفەی قازی لە ساوجبڵاغی موکری، پیاوێکی ئایینی و مرۆڤێکی ئازا و ڕەشید و نەترس بوو کە ملکەچی ئۆتۆریتەی ئێرانییەکان نەبوو، بەڵکوو بە پێچەوانەوە، هەرکات بە پێویستی زانیوە یان لە بەرژەوەندییدا بووە، بەرەنگاریان بووەتەوە. قازی فەتاح بە ئاشکرا دژایەتیی ڕووسەکانی کردووە کە بە کافری پێناسە دەکردن. ڕەنگە هەر ئەمەیش وای کردبێت کە کۆنسوولی ڕووسیای لە سابڵاغ خۆش نەویستبێت، دەنا ئەو کەسایەتییەی وەک مرۆڤ نەناسیوە و وێ ناچێ هاتوچۆی کردبێت. بە پێچەوانەوە، نێوانی لەگەڵ تورکە عوسمانییەکان کە موسوڵمانی سوننە بوون، خۆش بووە. لەگەڵ موحەممەدحوسێن خانی سەرداری موکری، حاکمی سابڵاغ، ئاوی بە جۆگەلەیەکدا نەڕۆیشتووە. دیار نییە ئەو ڕقەبەرایەتییە لەسەر ئەوە بووە کە سەرداری موکری نوێنەرایەتیی حکومەتی تارانی کردووە یاخود کەسایەتیی حاکمی بە دڵ نەبووە. هەروەها نێوانی لەگەڵ هێندێک سەرۆک عەشیرەتی کوردیش خۆش نەبووە، لەوانە حاجی موحەممەدئاغای ئیلخانیزادە، سەرۆکی هۆزی دێبوکری و بایز پاشای مەنگوڕ، سەرۆکی هۆزی مەنگوڕ. لە سەردەمی سەڵتەنەتی موزەفەرەدین شای قاجاردا و لەسەر سکاڵای سەرۆک عەشیرەتەکان، قازی فەتاح ماوەی دوازدە ساڵ لە سابڵاغ دوور خراوەتەوە. ئەو ماوەیە یان لە بەندیخانە بووە یان لە ژێر چاودێریدا. لە بەڵگەنامەکانی «بهارستان» (مەجلیسی ئێران)دا دەر دەکەوێت کە سەیفەدین خانی ئەردەڵانی حاکمی سەقزیشی خۆش نەویستووە.[۱۰] بە گشتی قازی فەتاح زۆر دیپلۆمات نەبووە و ڕۆحی شەڕانێتیی تێدا بەهێز بووە، بەڵام سەرەڕای ئەمەیش خۆشەویستی دانیشتوانی شارەکەی بووە و زۆریان رێز و حورمەت لێ گرتووە. بەشێک وەک ناجی و پشتیوان و قارەمان چاویان لێ کردووە و بەشێکیش لێی ترساون و حیسابیان لێ بردووە.[۱۱] دیارە کەسانێکیش هەبوون کە خۆشیان نەویستووە و بە ئاشکرا ئەو هەستەیان دەربڕیوە. قازی فەتاح لە دەسپێکی شەڕی یەکەمی جیهانیدا سەرۆکایەتیی بەرەی سەر بە عوسمانیی لە سابڵاغ بە دەستەوە گرتبوو.

ئەم وێنەیە بە ئەگەری زۆر لە پێش شابەندەرخانەی عوسمانی لە سابڵاغ گیراوە. بە ئەگەری زۆر ئەو کەسەی لە لای ڕاستەوە عەبای سپیی لە بەردایە، «قازی فەتاح»ـە و ئەو کەسەی شانی ڕاستیشی «قازی عەلی»یە 

داگیرکردنی ناوچەی موکریان لە دەسپێکی جەنگی جیهانیی یەکەمدا 

جەنگی جیهانیی یەکەم لە ٢٨ی ژووییەی ١٩١٤ دەستی پێ کرد و لە ١١ی نۆڤامبری ١٩١٨ بە ئاگربەسی مۆدرۆس کۆتایی پێ هات. ئەو شەڕە کە بە شەڕی گەورە دەناسرێت، نزیک بە دە میلیۆن کوژراو و بڕینداری لە نێو هێزی ئەرتەش و چەکدار و خەڵکی مەدەنیدا لێ کەوتەوە و لە ئاست ئەورووپا و هەروەها ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئاڵوگۆڕی زۆر گەورەی پێک هێنا. ڕیشەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی دەگەڕێتەوە سەر ڕقەبەرایەتی و ململانێی نێوان وڵاتە زلهێزەکانی ئەورووپا (بریتانیا، فەرەنسا، ئیتالیا، ئەڵمانیا و ڕووسیا) بۆ دەستگرتن بەسەر سەروەت و سامانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت مێزۆپۆتامیادا و هەروەها جێگیربوون لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست (مەدیتەرانە) لە لایەک و کەنداوی فارس لە لایەکی دیکە و لەوێڕا دەستهاویشتن بۆ هێندستان کە ئەوکات لە ژێر دەسەڵاتی بریتانیادا بوو.

لە دەسپێکی شەڕدا، ئیمپراتۆریای عوسمانی کە بە وتەی تێزار نیکۆلای یەکەم بە پیاوی نەخۆشی ئەورووپا ناو دەبردرا، بێلایەنیی ڕاگەیاندبوو. بەڵام لە ٢٩ی ئۆکتۆبری ١٩١٤، واتە سێ مانگ دواتر، لە دژی ڕووسیا شەڕی ڕاگەیاند و بە هاوپەیمانی لەگەڵ وڵاتانی میحوەردا هاتە نێو مەیدانی شەڕەکەوە.[۱۲]

سوپای عوسمانی لە دەریای ڕەشەوە هێرشی بردە سەر ئەرتەشی ڕووسیا و بەو شێوەیە خافڵگیری کرد. ئەرکانی گشتیی ڕووسیا ناچار بوو بەشێکی زۆر لەو هێزانەی لە ئازەربایجانی ئێران دایمەزراندبوون، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێرشە ڕاکێشی دەریای ڕەش بکات. ئەو بەشە کەمەی کە لە ورمێ و سابڵاغ مابوونەوە، هەڵگەڕانەوە تەۆرێز بۆ بەرگریکردن لە شارەکە لە ئەگەری هێرشی تورکدا. تەنیا پەنجا چەکدار بۆ ئەلێکساندر ئیاس لە سابڵاغ بە جێ ما. دیارە ئەو هێزە بچووکە توانای بەربەرەکانێ لەگەڵ سوپای عوسمانیی نەبوو کە خەڵکی شارەکە و دەوروبەریش پشتیوانییان لێ دەکرد. هەر بۆیە هێزی تورک کە لە مانگی سێپتامبرەوە لە خاکی ئێران جێگیر ببوو، زۆر بە خێرایی بەرەو سابڵاغ پێشڕەویی کرد و بەو شێوەیە ئازەربایجان و موکریان بوون بە .گۆڕەپانی شەڕ لە نێوان ئەرتەشی ڕووس و عوسمانیدا

بەسەرهاتی دڵتەزێنی کۆنسوولی ڕووسیا لە سابڵاغ

 

وێنەیەکی ئەلێکساندر ئیاس بە واژۆی خۆیەوە، ئەرشیڤی مۆزەخانەی سەن پترزبۆرگ  

  لە ١٩ی نۆڤامبری ١٩١٤، ئەلێکساندر ئیاس کە پێشتر ئەرشیڤ و کەلوپەلە تایبەتەکانی خۆی بۆ تەورێز بەڕێ کردبوو، ئاگادار کرایەوە کە ٨٠٠ عه‌سکه‌ری تورک و‌ ٦٠٠ چەکداری کورد لەگەڵ چه‌ندین شێخ و مەلادا کە ئاڵای سەوزی ئیسلامیان هەڵداوە، بە هاواری ئەڵڵاهوئەکبەر گەیشتوونە نزیک سابڵاغ. کۆنسوول بڕیاری دا شارەکە بەجێ بێڵێ. دیارە بەرلەوەی لە شار بچێتە دەر، سەردانی میسیۆنی لۆتێریی ئەمریکای کرد و پێشنیاری پێ کردن لەگەڵ ئەو بڕۆن. بە وتەی کەشیش لۆدڤیک ئۆلسن فاسۆم، سەرۆکی میسیۆنەکە، هەرچەند بارودۆخه‌که‌ زۆر جێگەی مەترسی بوو به‌ڵام ئەوان‌ بڕیاریان دا لە سابڵاغ بمێننه‌وه‌ [۱۳]. ئینجا ئەلێکساندر ئیاس و ئەو چەند چەکدارەی لە ژێر فەرمانیدا بوون، بە مەبەستی چوون بۆ کۆنسوولخانەی گشتیی ڕووسیا لە تەورێز، بەرەو مەراغە وەڕێ کەوتن.

سابڵاغ لە ٤ی دیسامبری ١٩١٤ لە لایەن سوپای عوسمانییەوە داگیر کرا. موحەممەدحوسێن خانی موکری، حاکمی سابڵاغ، بە تۆمەتی نزیکایەتی لەگەڵ ڕووسەکان دەستبەسەر کرا و بەرلەوەی لە سێدارە بدرێت، زۆر بە توندی ئەشکەنجە درا. پێشتریش حەمەخان، حاکمی بانە، لە لایەن سوپای عوسمانییەوە کوژرابوو و سەیفەدین خانی ئەردەڵان، حاکمی سەقزیش بە چارەنووسی حاکمی سابڵاغ دووچار بوو. ئەو چەشنە هەڵسوکەوتە ئۆلتیماتۆمێک بوو بۆ چاوترسێنکردنی ئەو بەرپرس وسەرۆک عەشیرەتە کوردانەی کە ئامادە نەبوون هاوکاریی تورکەکان بکەن.

ئەلێکساندر ئیاس لە پاش دەرکەوتنی لە شار، لە میاندواو گیرسایەوە کە شارۆچکەیەکی بچووکە لە٦٠ کیلۆمەتریی باکووری سابڵاغدا و چۆمی جەغەتوو لە نێوانیاندا هەڵکەوتووە. دۆخی شارەکە ئارام بوو، کۆنسوولیش بڕیاری دا لەوێ بمێنێتەوە و چاودێریی دۆخەکە بکات تا ئەگەر هات و دۆخی سابڵاغ ئارام بۆوە، بگەڕێتەوە سەر پۆستەکەی و کاری خۆی دەست پێ بکاتەوە. ئەو پێی وا بوو کە سوپای عوسمانی و هێزی کورد ناتوانن لە چۆمی جەغەتوو بپەڕنەوە کە لەو وەرزە بە هۆی بارینی باران و بەفر زۆر بەلێشاو بوو. دیار نییە کۆلۆنێل ئیاس چەندە خەبەری لە هێرشی شوجاعودەولە بووبێت کە ئەرکانی گشتیی ڕووسیا لە سەرەتای مانگی دیسامبردا بە سەرۆکایەتیی گوردانێک لە قازاخەکان لە مەراغەوە ناردبوویە میاندواو تا پێش بە سوپای عوسمانی و هێزە چەکدارە کوردەکان بگرێت و نەهێڵێ لە تەورێز نزیک ببنەوە. شوجاعودەولە پارێزگاری پێشووی سابڵاغ بوو کە لە ساڵی ١٩١١، لە ڕاپەڕینی شازادە ئەبولفەتح میرزا، ناسراو بە سالارودەولە (١٨٨١-١٩٦١)، کوڕی سێهەمی موزەفەرەدین شای قاجار، بەشداریی کردبوو. [۱۴]

شوجاعودەولە لە نزیک میاندواو تووشی هێرشی سوپای عوسمانی و هێزە کوردەکان بوو کە بە پێچەوانەی هەڵسەنگاندنی ئەلێکساندر ئیاس، لە چۆمەکە پەڕیبوونەوە و هاتبوونە نێو شار. شوجاعودەولە کە بەشێکی زۆر لە پیاوەکانی کوژرابوون یان تێکەل بە سوپای تورک و کورد ببوون و تەنیا چوارسەد کەسی بۆ مابۆوە، هەڵاتەوە لای مەراغە و لەوێشڕا بەرەو تەورێز ڕای کرد.[۱۵]

میاندواو لە ٢٩ی دیسامبەری ١٩١٤ داگیر کرا.[۱۶] ئەلێکساندر ئیاس کە خەریک بوو شارەکە بەجێ بێڵێ، لە بەردەم ماڵەکەی خۆی بە تەقەی نەناسراوێک کوژرا. دەڵێن کۆنسوول ئامادە بوو بڕوات، بەڵام بەپەلە گەرابۆوە ماڵێ تا سەرکڵاوەکەی هەڵگرێ. کەس نەیزانی تەقەکە لە کۆێڕا هات. بە وتەی یای ئاگوستا گودهارت، میسیۆنێری ئەمریکایی بە ڕەگەز لیتڤانیایی، کۆلۆنێل ئیاس دەبێ بە تەقەی ئێرانییەک کوژرابێت. بازیل نیکیتین، کۆنسوولی ڕووسیا لە ورمێ، پیێ وا بوو کە ئەوە کاری شەڕکەرەکان نەبووە. وێ دەچێ ئەلێکساندر ئیاس لە لایەن سەربازێکی شوجاعودەولەوە تەقەی لێ کرابێت.

بەڵام تراژیدیاکە بەوە کۆتایی نەهات؛ سەری کۆنسوولیان بڕی و بە سەر دارێکیانەوە کرد تا هەموو بیبینن. هێندێک دەڵێن بردیانەوە بۆ سابڵاغ و لەوێ لە بەردەم ماڵی قازی فەتاح کە هاوپەیمانی سەرەکیی عوسمانییەکان لەو شارەدا بوو، نمایشیان کرد و پاشان سەرەکە درایە دەستی منداڵان بۆ ئەوەی شەپ‌شەپێنێ پێ بکەن.[۱۷] هێندێکی دیکە دەڵێن سەرەکەیان لەسەر دارێک دا و بردیانە مەراغە تا لەوێ خەڵکی پێ بترسێنن. وا وێ دەچێ کە ئەو بۆچوونە دروستتر بێت، لە بەر ئەوەی کە هێزی تورک و کورد بە ڕێی مەراغەدا بەرەو تەورێز وەڕێ کەوتن. هەرچۆنێکی بووبێ، سەری ئەو مرۆڤە چارەڕەشە قەت نەدۆزراوە و تەرمەکەیشی کە لە نزیک ڕووباری جەغەتوو نێژرابوو، وەبەر تەوژمی ئاوی چۆمی کەوت و بۆ هەمیشە بێسەروشوێن بوو. مۆسکۆ ئەو کارەی شەرمەزار کرد و وا وێ دەچێ کە سوێندی تۆڵەسەندنەوەی خواردبێت.

 

نەخشەی ناوچەی موکریان؛ بڕوانە کتێبی بازیل نیکیتین، کوردەکان، لێکۆڵینەوەیەکی کۆمەڵناسی و مێژوویی، ل ٤١

کۆمەڵکوژیی دانیشتوانی سابڵاغ و دێهاتی دەوروبەر 

لە ٥ی ژانڤییەی ١٩١٥، سوپای عوسمانی و هێزی کورد گەیشتنە مەراغە و لە ٨ی مانگ لە شەقامەکانی تەورێز ڕێژەیان دا. ویلهێلم لیتن، کۆنسوولی گشتیی ئەڵمانیا لە تەورێز کە پەنای بۆ کۆنسوولخانەی ئەمریکا بردبوو، دووبارە دەرکەوتەوە و بە ڕێگای دیپلۆماسی و ئاخافتن لەگەڵ تورکەکاندا، پێشی بە تاڵانکردنی شارەکە گرت. بەڵام سەرکەوتنی تورکەکان درێژخایەن نەبوو. بیست رۆژ دواتر، واتە لە ٢٨ی ژانڤییە، هێزەکانی ڕووسیا لە سۆفیان لە پێنج کیلۆمەتریی تەورێز هێرشیان کردە سەر لەشکری تورک و کورد و شکستیان دان.[۱۸] ڕووسەکان دوای شەڕی سۆفیان و خان‌تەختی لە نزیک ورمێ، کۆنترۆڵی ناوچەکەیان گرتەوە دەست.

 لە سەرەتای مانگی مەیی ١٩١٥، سوپای عوسمانی بە یارمەتیی چەکدارە کوردەکان هێرشی کردە سەر دێهاتی مەسیحی‌نشینی دەوروبەری ورمێ. نزیکەی سەد گوند کاول کران و دانیشتوانیان کۆمەڵکوژ کران. بۆ تۆڵەستاندنەوە، هێزی ڕووس لە ١٨ی مانگ شنۆی دەورە دا و لە ٢٢ی مانگ داگیری کرد و دانیشتوانی شارەکەی کۆمەڵکوژ کرد. لەو شەڕەدا هێزی ئەرمەنی کە پێشقەڕاوڵی سوپای ڕووس بوو، دڕندەییەکی زۆری لە خۆی نیشان دا. بۆ نموونە پیاوەکانیان دەکوشت و لووت یان گوێ یان مەمکی ژنەکانیان دەبڕی. لە پاش ئەو کارەساتە، شەپۆلێک لە پەنابەرانی کوردی ئەندام‌بڕاو گەیشتبوونە باشووری کوردستان. ئەو چارەڕەشانە لە کاتی هەڵاتندا تەنانەت لە لایەن سەربازانی عوسمانیشەوە تاڵان کرابوون.[۱۹]

چەند ڕۆژ دواتر، لە ٢٥ی مەی، هێزی ڕووسیا دووبارە ورمێ و سەڵماسی گرتەوە و بە هاودەنگی و هاوکاریی هاوپەیمانەکان کە بڕیتی بوون لە فەرەنسا و بریتانیا، نزیک بە ٤٥٠٠٠ کەس لە ئاسۆڕییەکانی حەکارییان لەوێ جێگیر کرد. ئەوانە لەبەر هێرشەکانی ئەرتەشی عوسمانی کە بێوچان پەلاماری دەبردە سەر ناوچەی ژیانیان لە تۆخمە و تەیاری، بە ڕێبەرایەتیی بنیامین مارشیمۆن، سەرۆکی ئایینیی خۆیان، بەرەو ئێران هەڵاتبوون.[۲۰]

دیارە ئەو کارە نە بە دڵی ئێران بوو و نە بە دڵی کوردانی ناوچەکە و ئاکامی زۆر خراپی لێ کەوتەوە. لە مانگی مارسی ١٩١٨، مارشیمۆن بە پیلانی ئێرانییەکان و بە دەستی سمکۆ کوژرا. ئەو جینایەتە نێوانی دوو گەلی کورد و ئاسۆریی شێواند و بێجگە لە شەڕ و کێشە هیچ بەرهەمێکی پۆزەتیڤی بۆ کورد لێ نەکەوتەوە.

لە مانگی ژووییەی ١٩١٥، سوپای عوسمانی دووبارە گەڕایەوە بۆ سابڵاغ و دوو کەسی ئەرمەنیی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ڕووسەکان لە سێدارە دا. لە مانگی ئاگۆست ئەرتەشی ڕووسیا سەرلەنوێ کۆنترۆڵی دەشتی ورمێی بە دەست گرتەوە. ئەو پێشڕەوی و پاشەکشانە لە نێوان دوو ئەرتەشی ڕووس و تورکدا هەر بەردەوام بوو و بەگوێرەی سەرکەوتنی هەرکام لەوان، بەشێک لە خەڵکی ناوچەکە، لە کورد و ئازەری یان لە ئەرمەنی و ئاسۆری، دەبوونە قوربانیی تاوانەکانی شەڕ.

بۆ نموونە، لە مانگی ئۆکتۆبری ١٩١٥ سوپای ڕووسیا بەرەو سابڵاغ پێشڕەویی کرد و پاش ئەوەی کە بۆ ماوەی ٦ کاتژمێر شارەکەی وەبەر ئاوری تۆپخانە دا، پاشەکشەی بە تورکان کرد. بۆ پێشگیری لە کوشتاری خەڵک و تاڵانی شارەکە، چەند کەسایەتییەکی ناسراو لەگەڵ یای ئاگۆستا گودهارت کە زمانی ڕووسیی دەزانی، چوونە لای ڕووسەکان و تکایان لێ کردن. بازیل نیکیتین، کۆنسوولی ڕووس لە ورمێ و هاوسەرە فەرەنسییەکەی پشتی ئەو داواکارییەیان گرت، بەڵام کەس نەیتوانی پێش بە دەستدرێژیکردنی ساڵداتی ڕووس بۆ سەر ژنانی شارەکە بگرێت.[۲۱]

 سەرباری ئەو هەموو شەڕ و هەڕەشە و تاوانە، کوردەکان هەر دەستیان لە پشتگیریکردنی سوپای عوسمانی هەڵنەدەگرت. تێلگرافەکانی شەریفودەولە، کارگوزاری ئێران لە ورمێ، بۆ کاربەدەستانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تەورێز، ئەو ڕاستییە زەق دەکاتەوە. ئەو لە تێلگرافی ٢٨ی ئۆکتۆبردا باسی بۆمبارانی چەند گوندی کورد لە لایەن ئەرتەشی ڕووسیاوە دەکات و دەڵێت کە مەبەستی ڕووسەکان لەو کارە چاوترسێنکردنی ئەو هۆزە کوردانەیە کە دەستبەرداری یارمەتیدانی سوپای عوسمانی نابن.

لە تێلگرافی ٥ی نۆڤامبردا، شەریفودەولە دەڵێ کە ژێنێراڵ تیۆدۆر جی چێرنۆزۆبۆڤ، کە لە ١٩٠٣ تا ١٩٠٦ سەرۆکی بریگادی قازاخ لە ئێران بووە، هەڕەشەی لە دانیشتوانی سابڵاغ و دێهاتی دەوروبەر کردووە کە لەوەی بەدواوە ئەگەر لە شەڕی نێوان ئەوان و سوپای عوسمانیدا بێلایەن نەمێننەوە، گوندەکانیان وێران دەکەن، ماڵ و موڵکیان داگیر دەکەن و بەزەییان بە کەسدا نایەت، تەنانەت بە کۆرپەکانی سەر لانکیش. بەڵام ئەو هەڕەشانەش چ کاردانەوەیەکیان نەبوو.

سەرئەنجام ڕووسەکان بڕیاریان دا سابڵاغ بە یەکجاری داگیر بکەن. شەریفودەولە لە تێلگرافی ١٤ی نۆڤامبردا دەڵێ ئێستا لێره‌ ژماره‌ی قشوونی ڕووس به‌ سوار و پیاده‌ و تۆپخانه‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ ٢٥٠٠ که‌س زیاتر بێت که‌ ڕۆژی پێش به‌ره‌و ساوجبولاغ و سندوس و شنۆ وه‌ڕێ که‌وتوون و زیاتر له‌ دووسه‌د که‌س له‌ ورمێ ماونه‌ته‌وه‌. کارگوزاری ته‌ورێزیش لە ڕاپۆرتێکی دیکه‌دا دەلێ کە ڕووسه‌کان سێ که‌شتییان هێناوه‌ته‌ بەندەری دۆل لە نزیک دەریاچەی ورمێ و گونده‌کانی ڕه‌شه‌کان و دزه‌ و داش ئاتۆف تۆپباران کراون.‌

ڕۆژی ٧ی دێسامبری ١٩١٥، شەڕ لە نێوان هێزەکانی ڕووس و عوسمانی لە خاتوون باغ، لە نزیک سابڵاغ دەستی پێ کرد و ماوەی بیست ڕۆژی خایاند. بە شایەتیی میسیۆنێرە لۆتێرییە ئەمریکاییەکان، هەندێ ئەفسەری ئەڵمانی لە نێو هێزی تورکدا بوون و سەری ساڵی نۆێی زایینییان لە سابڵاغ لەگەڵ ئەوان جێژن گرتووە. شێخ موحەممەدڕەوف زیایی لە بیرەوەرییەکانیدا دەگێڕێتەوە کە جگە لە سوپای موجاهیدین، سێسەد ئەفسەر و سەربازی تورک لە سابڵاغ ئامادە بوون و جەماعەتێکی زۆری دیکەیش هاتبوونە نێو ڕیزەکانی سوپای ئیسلامەوە. ڕووسەکان بۆ جارێکی دیکە ناچار بوون پاشەکشە بکەن و بەرەو میاندواو هەڵکشان.

بە گۆێرەی ڕاپۆرتی شەریفودەولە، لە ١٧ی ژانڤییەی ١٩١٦ (٢٦ی بەفرانباری ١٢٩٤) ڕووسەکان سەرلەنوێ بە مەبەستی گرتنەوەی سابڵاغ، میاندواویان تێ پەڕاند. لە ئەمیرئاباد (کلکەی قەمچی) کە لە دوو فەرسەخ و نیوی ئەوێ هەڵکەوتووە، تووشی ئەرتەشی عوسمانی بوون کە لە سابڵاغەوە یارمەتییان بۆ هاتبوو. ڕووسەکان دیسان ناچار بوون بەرەو میاندواو بگەڕێنەوە، بەڵام پاشەکشەی ئەوجاریان زۆر کورتخایەن بوو.

سێ ڕۆژ دواتر، لە ٢٠ی ژانڤییە، ئەرتەشی ڕووس هاوکات لە باکووری ڕۆژئاوا بە ڕێگای میاندواو و لە باکووری ڕۆژهەڵات بە ڕێگای سندووسدا، بە تۆپخانەی سەحرایی هێرشی کردە سەر سابڵاغ. لەو شەڕەدا بوو کە قازی فەتاح گوللەیەک وە سەری کەوت و دەستبەجێ شەهید بوو. هێزی عوسمانی پاشەکشەی کرد و بە ڕێگای ڕۆژئاوا و باشووری سابڵاغدا بەرەو مەنگوڕایەتی هەڵات. ساڵداتی ڕووس کە زۆربەیان خەڵکی سیبێری و بەشێکیان قازاخ بوون، ڕژانە نێو شار و بێوچان دەستیان بە کوشتنی دانیشتوانی کرد.

ماوەی چەند شەووڕۆژ هەرکەسیان وەبەر دەست کەوتبایە لەوپەڕی دڕندەییدا بە قەدارە و شمشێر دەیانکوشت. بۆ نموونە، حاجی ئەحمەدی سابڵاغی کە مزگەوتی بازاڕی دروست کردبوو، خۆی و نزیکەی دووسەد و پەنجا کەس کە لە ماڵەکەی کۆ ببوونەوە و خەریکی وتووێژ له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆیان بوون، بە دەست قازاخی ڕووس کوژران. بۆ نووسەری ئەو دێڕانەیان گێڕاوەتەوە کە لە ماڵە شافیعییەکانیش سەری بیست و پێنج کەسیان بە قەدارە لێ کردەوە و حەوشی ماڵەکە وەسەر خوێن گەڕا.

بە شایەتیی یای ئاگوستا گودهارت، منداڵی چکۆلەیان باری داشقان دەکرد و دەیانبردنە دەرەوەی شار و دەیانکوشتن. پیاوان بە کۆمەڵ بە دەسڕێژی موسەلسەل (ڕەشاش) کوژران. باپیری دایکم، میرزا عەبدولعەزیمی عەزیمی، لەگەڵ ئەو پیاوانە بوو کە لە مێشەی کورتان و باغەکانی دەوروبەری شار سەریان بە قەدارە بڕین و لە چۆمی سابڵاغیان هاویشتن. کەشیش فاسۆم کە شایەتحاڵی یەکێک لەو کوشتارانە بووە، باسی پازدە خولەک لە ژیانی پڕ لە ئازار و خەفەتی خۆی دەکات کە چۆن بە چاوی خۆی دیتوویەتی کە دەستەیەک پیاو وە بەر گوللەی تۆپ دەدەن و هەموویان یەکجێ دەکوژن. ژنان و کچان تەنیا بەوەی ڕزگاریان دەبوو کە ئەو پیاوکوژانە ویستبایان ئەتکیان بکەن. تەرمی پیر و منداڵ لە کووچە و کۆڵان و ماڵەکان و مزگەوتەکان کەوتبوو. ئەو مرۆڤکوژانە ئاوریان دە ماڵی میرزا فەتاحی قازی و ماڵی خوالێخۆشبوو قازی عەلی بەر دا و خەڵکیان بە زیندوویی سووتاند.[۲۲]

دیارە هەر بە سابڵاغ ڕازی نەبوون و دانیشتوانی دێهاتی دەوربەریش کۆمەڵکوژ کران. لە قوم‌قەڵا، ئیندرقاش، لەج، دریاز، کەرێزە، عەوڵاباد و …، خەلکێکی یەکجار زۆر کوژران و ماڵیان تاڵان کرا و دەستدرێژی کرایە سەر ژنان.

ڕووسەکان نزیک بە چوارسەد ژن و کچی گەنجی کوردیان ڕفاند و بردیانن. یای ئاگوستا گودهارت کە لەگەڵ ئەندامانی میسیۆنی لۆتێریدا بە ئەمری ڕووسەکان لە ٢١ی ڤێڤرییەی ١٩١٦ سابڵاغیان بەجێ هێشت و ناچار بوون ماوەیەک لە تەورێز بمێننەوە، بە چاوی خۆی دیتبووی کە لە بازاڕی تەورێز ژنی کورد بە پێنج دۆلار دەفرۆشن. هەتا ئێستاش کەس نازانێ ئەو ژنانە چ ئازارێکیان چێشت و چییان لێ بە سەر هات. بێگومان هێندێکیان ڕەوانەی فاحیشەخانەکانی قەفقاز و تفلیس و شوێنەکانی دیکەی ڕووسیا کران. ڕەنگە بەشێکیان لە حەرەمسەرای پیاوە دەوڵەمەندەکانی تەورێز ژیانیان کۆتایی پێ هاتبێت. هەرچۆنێک بووبێ، نە لە سابڵاغ و نە لە دێهاتی دەوروبەر کەس خەبەری لێ نەزانین و سۆراخی لێ نەکردن. ژنەکان بە چەند شێوە بوونە قوربانیی ئەو کۆمەڵکوژییە: بەشێک وەبەر هاتن و کوژران، زۆریان هاوسەر یان باب و برایان کوژران و تووشی سەغیرباری و بێکەسی و بێدەرەتانی بوون، بەڵام بێگومان دەردی ئەوانەی کە لەوپەڕی بێبەزەیی و بێحورمەتیدا بێسەروشوێن کران لە هەموویان گرانترە، بەتایبەت کە لە کۆمەلگای نەریتی و موسوڵمانی ئەو کاتەش چاوەڕوان نەدەکرا وەدوایان بکەون و هەر نەبێ هێندێکیان بدۆزنەوە و بیانهێننەوە نێو ماڵ و ماڵباتی خویان. هیوادارم کە بەسەرهاتی ئەو ژن وکچە بێتاوانانە ڕۆژێک بە قەڵەمی توانای ڕۆماننووسێکی کورد زیندوو بکرێتەوە تا هەر نەبێ بە شێوەی پۆستووم لە پاش نەمانیان ڕێزیان لێ گیرابێت.[۲۳]

 

ئاوکێشی کورد لە سەر چۆمی سابڵاغێ، وێنە ئەلێکساندر ئیاس، ئەرشیڤی مۆزەخانەی سەن پترزبۆرگ 

 لە دانیشتوانی سابڵاغ ژمارەیەکی کەم توانییان خۆیان لە ئەشکەوت و ژێرخانان حەشار بدەن. بێجگە لەوانەی کە بەر لە هاتنی ڕووسەکان ڕایان کردبوو بۆ دێهاتی دوور و نزیک، بەشێکیش پەنایان برد بۆ ماڵی جوولەکەکان و بۆ پێگەی میسیۆنی لۆتێریی ئەمریکاییەکان، یان بۆ ماڵی حاکم و سەرۆکی گومرک. بەشێکیش لە ماڵی میرزا حاجی عەبدولقادر قادری، ناسراو بە میرزا حاجی، باپیرە گەورەی نووسەری ئەو دێڕانە، حەشار دران. خوالێخۆشبوو میرزا حاجی، کوڕی گەورەی میرزا حاجی غەفووری قادری ناسراو بە حاجی غەفووری گەورە، بازرگانێکی سابڵاغی بوو کە لە مۆسکۆ تیجارەتخانەی هەبوو و زمانی ڕووسیی دەزانی. کاتێک ساڵداتی ڕووس بە شارەکەدا بڵاو بوونەوە و خۆیان بە ماڵاندا دەکرد و خەڵکیان دەکوشت، میرزا حاجی بۆ خۆی و هەرسێک کوڕی بە جلوبەرگی ڕووسی لە بەر دەرکی ماڵەکەی پێشی بە ساڵدات و قازاخەکان گرت. ئەو کە زمانی ڕووسیی باش دەزانی، توانیی ماڵەکەی لە هێرشی ئەو مرۆڤکوژانە بپارێزێت،[۲۴] بەڵام هەر بەوەشەوە نەوەستا؛ دەرگای پشتەوەی ماڵەکەی کردەوە و لە ژێرخانەکان، کە ئەوکات لە ماڵوتیجارە و کاڵا بەتاڵ بوون، پەناگای بۆ ئەو کەسانەکردەوە کە هەراسان و بێدەرەتان لە کەلێنێک بۆ خۆشاردنەوە دەگەڕان. لە زارێک بۆ ئەوی دیکە خەڵک خۆیان بە ماڵەکەیدا دەکرد و پێیان وا بوو شابەندەری عرووسەکانە. خوالێخۆشبوو میرزا حاجی حەوت شەو و ڕۆژ زیاتر لە هەزار کەسی لە ماڵەکەی خۆی پەنا دا و بەخێوی کردن و بەو شێوەیە ژیانی ڕزگار کردن.

 

خوالێخۆشبوو میرزا حاجی عەبدولقادر قادری، ناسراو بە میرزا حاجی 

شەریفودەولە لە ڕاپۆرتی ٦ی ڤێڤرییەی ١٩١٦دا دەڵێ کە ڕۆژی دووهەمی کوشتارەکە ژێنێراڵ تۆرمۆن گەیشتە سابڵاغ. حاکمی شار و بۆ خۆی و چەند کاربەدەستی دیکە کە ڕۆژی یەکەمی کوشتارەکە (٢٠ی ژانڤیە) لە ئیندرقاش پێشوازییان لێ کردبوو، داوای ئەمانیان لێ کرد. ژێنێراڵ تۆرمۆن بڕیاری دا کە لە سبەینێڕا کە دەبوو بە ڕۆژی سێیەم، ئەمان بدات، بەڵام تەنیا لە ڕۆژی چوارەم پێشی بە کوشتن گرت.

بەپێی بیرەوەرییەکانی میرزا خەلیلی فەتاحی قازی، لە پاش حەفتەیەک کوشت و کوشتار، وەفدێکی سێ کەسی کە بریتی بوون لە میرزا حاجی، میرزا موحەممەدی ئێقباڵی و ئیمام قوولی میرزا، حاکمی سابڵاغ، چوونە لای کۆلۆنێل زاخارۆڤی فەرماندەری ڕووسەکان و داوایان لێ کرد دەست لە کوشت وکوشتار هەڵگرێ. ئەویش کە ناسیاویی پێشتری لەگەڵ خوالێخۆشبوو میرزا حاجی هەبوو، داواکەیان قەبووڵ دەکات و بە تێلێگراف داخوازیی لێبوردنی گشتی لە مۆسکۆ دەکات.

وا دەر دەکەوێت کە زیاتر لە سێ بەشی خەڵکی سابڵاغ وەبەر ئەو کۆمەڵکوژییە کەوتبن. بەپێی ئەو بەڵگە و نووسراوانەی کە بە دەستەوەن، ئەوکات ژمارەی دانیشتوانی سابڵاغ بە ١٠٠٠٠ کەس مەزەندە کرابوو[۲۵] میرزا موحەممەدی ئێقباڵی، بەرپرسی پاراستنی هێمنی و کۆکردنەوە و ناشتنی تەرمەکان، دەڵێ کە هەر لە سابڵاغ هەشت هەزار و نۆسەد و هەشتا تەرمی دۆزیوەتەوە و ناشتوویەتی، بێجگە لەو کەسانەی کە لە دەرەوەی شار و لە باخەکان کوژرابوون.[۲۶] یای ئاگوستا گودهارت باسی ١٠٠٠٠ کوژراو دەکات. کەشیش لۆدڤیک فاسۆم ئۆلسن دەلێ بۆ خۆی ١٥٠ تەرمی لە نێو میسیۆنەکەی خۆیان دۆزیوەتەوە[۲۷] عەبدوڵڵا خانی ناهید باسی ٨٠٠٠ کوژراو دەکات.[۲۸]

 

خوالێخۆشبوو میرزا موحەممەدی ئێقباڵی، ئەرشیڤی کاک برایمی قەزاق 

ڕووسەکان خەڵکێکی زۆریان گرت و دووریان خستنەوە بۆ ڕووسیا. برای پچووکتری قازی فەتاح واتە قازی لەتیف و چوار لە کوڕانی قازی فەتاح واتە عەبدولڕەحمان جەوانمەردی قازی ناسراو بە ئاغای سالار، مەلا موحەممەد قازی، ئەحمەد قازی و مەحموود مەنسووری قازی یەخسیر دەکرێن و دەیانەوێ لە تەورێز ئێعدامیان بکەن کە لە دوایین کاتدا ئامۆزایەکیان، واتە حەسەن سەیف قازی ناسراو بە سەیفولقوزات، بە هانایانەوە دەچێت و لە مەیدانی تیر ڕزگاریان دەکات. ڕووسەکان ئەو یەخسیرکراوانە دەبەنە گورجستان و تا سەرکەوتنی شۆڕشی بۆلشڤیکی لەوێندەرێ ئەسیر دەبن. قازی لەتیف لە گەڕانەوەدا بە ڕێگای بولغارستان (بولگاریا) دەچێتە لای کوڕەکەی واتە مستەفا قازی کە ئەوکات لە ئەستەنبووڵ دەرسی دوکتۆریی دەخوێند. لە ماوەی مانەوەیدا لەگەڵ کۆڕ و کۆمەڵی سیاسیی کورد لەوێندەرێ، لەوانە سەید عەبدولقادری نەهری، لە پێوەندیدا دەبێت. قازی لەتیف دواتر دەگەڕێتەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە کاتی هاتنی سوپای سمکۆدا بۆ سابڵاغ و تێکهەڵچوونی لەگەڵ ژاندەرمەریی ئێران لە مانگی ئۆکتۆبری ١٩٢١دا، بە هەڵە لە لایەن چەکدارە کوردەکانەوە دەکوژرێت. میرزا کەریم یەمینی قازی، کوڕی گەورەی قازی لەتیف، بۆ تۆڵەی خوێنی بابی وەدوای پەلاماردەران دەکەوێت و چەند کەسێکیان لێ دەکوژێت.

 کوڕی گەورەی قازی فەتاح، واتە ئاغای سالار، دوای ئەوەی لەگەڵ براکانی گەڕایەوە بۆ زێد و هەواری خۆیان، چیرۆکی یەخسیرکران و برانیان بۆ ڕووسیا (گورجستان)، ژیانیان لە ئەسارەتدا و چۆنییەتیی گەڕانەوەیان بۆ ئێران بە قەڵەمێکی ڕەوان بە زمانی فارسی دەنووسێتەوە کە بەداخەوە ئەو بەڵگە بەنرخە لە هەڵگێڕ وەرگێڕی زەمانەدا لە ناو چووە. سالاری میرزا فەتاح بە ئازایەتی و خوێندەواری بەناوبانگ بووە، لەکاتی دەستبەسەرکرانی باوکی لە تاران لەگەڵی بووە و لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا لە دێیەکەیان، ساروقامیش کە کەوتووەتە سەر چۆمی تەتەهوو، وەفاتی کردووە.[۲۹]


قازی فەتاح و عەبدوڕەحمان (ئاغای سالار) لە مەنفای تاران 

تاوانی داپۆشراو

ئێستاش کە زیاتر لە سەد ساڵ بە سەر ئەو ڕووداوە دڵتەزێنەدا تێ پەڕیوە، نە ڕووسەکان، نە تورکەکان و نە تەنانەت ئێرانییەکانیش لە لێکۆڵینەوە مێژووییەکانی خۆیاندا سەبارەت بە شەڕی یەکەمی جیهانی، ئاوڕێکیان لەو کۆمەڵکوژییە نەداوەتەوە. تەنیا لێکۆلەرە کوردەکانی شاری مەهاباد (سابڵاغی پێشوو) لە سەر بنەمای بیرەوەریی زارەکیی دانیشتوانی شار و دێهاتی دەوروبەر و هەروەها ئەو بەڵگە و نووسراوانەی لە میسیۆنێرەکان بە جێ ماون و لەو  دواییانەیش کتێبەکەی جان چالینکۆ، هەوڵیان داوە ئەو کارەساتە بناسێنن. ئەو کارە بەنرخانە پەردەیان لەسەر ترۆمایەکی مێژوویی هەڵگرتووە کە گەرچی برینەکانی ئیدی ساڕێژ ناکرێنەوە، بەڵام تێگەیشتن لە چەندوچۆنی ڕووداوەکان تا ڕادەیەک مەرهەمە بۆ بیرەوەریی گشتیی شارەکە و بۆ هەڵسەنگاندنی بیر و بۆچوونەکان لەو کات و ساتەدا.

تەنانەت ئەرشیڤە سەربازی و دیپلۆماتیکەکانی فەرەنسا و بریتانیا کە لە بەردەستی لێکۆڵەراندان، هەروەها تێبینی و بیرەوەرییەکانی دیپلۆماتەکان و سەرکردە سەربازییەکانی وەک ڤلادیمیر مینۆرسکی و بازیل نیکیتینی ڕووسیش هەر بێدەنگییان لەو تاوانە گەورەیە کردووە. ئەو دوو دیپلۆماتە کە شایەتحاڵی کارەساتەکە بوون و لە تاران و ورمێ خزمەتیان دەکرد، لە بەر بەرژەوەندیی وڵاتەکەیان باسی ئەو کۆمەڵکوژییەیان نەکردووە.

ئەگەر ڕۆژێک سەرجەم ئەرشیڤەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی لە ڕووسیا و تورکیا بخرێنە بەردەستی لێکۆڵەران، لەوانەیە هێندێک زانیاریی نۆێ لەسەر ئەو بابەتە دەرکەوێ، بەتایبەتی لەمەڕ ئەگەری پێوەندییەک لە نێوان ئەو تاوانە و کوژرانی دڵتەزێنی کۆنسوول ئەلێکساندر ئیاسدا و ئەو بێحورمەتییەی بە تەرمەکەی کرا. بێگومان ئەو زانیاریانە دەتوانن ڕێگە بکەنەوە بۆ لێکۆڵینەوەی مێژوویی لەسەر کۆمەڵکوژیی خەڵکی شارەکانی تری کوردستان، وەکوو شنۆ، خانەقین و ڕەواندز.

سەبارەت بە هەڵوێستی ئێرانییەکانیش پێویستە ئاماژە بە نامەی موشاویرولمولک، وەزیری دەرەوەی ئێران، بکرێت کە مانگی مارسی ١٩١٩ ناردوویەتی بۆ ڕیمۆند پوانکارێی سەرۆک کۆماری فەرەنسا[۳۰] و داوای کردووە ئیزن بە ئێران بدرێت لە کۆنفرانسی ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسی ئاشتی لە پاریسدا بەشداری بکات.[۳۱] موشاویرولمولک لە یادداشتێکی دوورودرێژدا کە پەیوەستی نامەکەی کرد، داوای کرد کە ئێران لە لایەن ڕووسیا، ئەڵمانیا و تورکیای عوسمانییەوە قەرەبوو بکرێتەوە. وەزیری دەرەوەی ئێران لە ڕیزکردنی ناڕەزایەتییەکاندا دەڵێت کە هەبوونی هێزەکانی ڕووسیا لە کرماشان، هەمەدان، کوردستان و ئازەربایجان بووەتە هۆی ئەوەی بێلایەنیی وڵاتەکەی پێشێڵ بکرێت و چەندین هەزار کەس بکوژرێن، بێسەروشۆێن یان بریندار و پەککەوتە بن. هەروەها وتوویەتی کە بوونی ئەو هێزانە هۆکاری سەرەکیی ئەو قاتوقڕییە قورسە بوو کە لە ساڵی ١٩١٨وە ئەو ناوچانەی گرتەوە و مردنی هەزاران کەسی بەدواوە بوو. موشاویرولمولک دەڵێ کە لەبەر هەبوونی ڕووسەکان لەو ناوچەیە، تورکەکان بیانوویان وەدەست کەوتووە بۆ داگیرکردنی هەمان خاک و بەو شێوەیە بێلایەنیی ئێران پێشێل کراوە و شەڕی بە سەردا سەپاوە.

دیارە بازیل نیکیتین لە کتێبی «ایرانی کە من شناختم»دا (ئێرانێکی کە ئەمن ناسیم) ١٩٠١-١٩١٩، بۆچوونی وەزیری دەرەوەی ئێران دەگێڕێتەوە و دەڵێ کە ڕووسەکان نە سیاسەتی کوردییان هەبوو و نە هێڵی ڕەفتاریی هاوبەش. لەو بابەتەدا هیچ هاودەنگییەک لە نێوان کۆنسوولخانەکانی ڕووسیا لە خۆی و ورمێ یان تەنانەت کرماشانیشدا نەبوو. دیپلۆماتەکان لە لایەک و نیزامییەکان لە لایەکی دیکەوە هەر یەکەی سازێکیان لێ دەدا. ئێران کە وڵاتێکی بێلایەن بوو، کەوتبووە نێو شانۆی شەڕەکەوە. ڕووسیا هێزەکانی لە ناوچەی ژێرنفووزی خۆی بڵاو کردبۆوە، ئیمپراتۆریای عوسمانییش بۆ بەربەرەکانێ هەمان ناوچەی پێشێل کردبوو.

 لە کۆتایی یادداشتەکەیدا، موشاویرولمولک بە نێوی مافی قەرەبووکردنەوە داوای پاککردنەوەی قەرزەکانی ئێرانی کرد کە بە گوتەی ئەو، ڕووسیا بە زۆری بە سەریدا سەپاندبووی. سەبارەت بە تورکیایش داوای کرد کە خەرجی زیانەکانی ئێران لەسەر قەرزی ئەو وڵاتە بنووسرێت. وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران نە هیچ ئاماژەیەکی بە قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکانی ڕووسیا لە کوردستان کرد و نە داوای قەرەبووکردنەوەی هیچ زیانێکی بۆ کردن.

فیلیپ بێرتێلۆ،[۳۲] سکرتێری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، بە باڵیۆزی خۆیانی لە تاران ڕاگەیاند کە ئێران لە شەڕەکەدا بەشدار نەبووە و بێلایەنیی هەڵبژاردووە. بێجگە لەوەیش، تاران لە کاتی شەڕەکە نەیتوانیوە متمانەی هاوپەیمانان بۆ لای خۆی ڕابکێشێت. هەر بۆیە جەختی لەسەر ئەوە کرد کە تاران بۆی نییە زلهێزەکان بەگژ یەکتردا بکات، چونکە فەرەنسا و بریتانیا ڕێگە بەو کارە نادەن. بێرتێلۆ داوا لە باڵیۆزەکەی دەکات لە گفتوگۆ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێراندا زۆر وریا بێت و متمانەی پێ نەکات.

جیا لەوەی کە وڵاتانی هاوپەیمان هیچ بایەخێکی دیپلۆماتیکیان بە سکاڵای وڵاتێکی وەک ئێران نەدا، پێویستە ئاماژە بەوەیش بکرێت کە پاش شەڕی یەکەم هیچ ڕێکخراوە و دامودەزگایەکی نێونەتەوەییش بۆ دادگاییکردنی تاوانبارانی شەڕ پێک نەهات. هەر بۆیە ئێران تەنانەت ئەگەر وڵاتێکی بەهێزیش بوایەت کە نەبوو، لە پرسی تاوانەکانی شەڕ و قەرەبووکردنەوەی قوربانییەکانیدا نەیدەتوانی هیچ سەرکەوتنێک بەدەست بێنێت. ئەو دامودەزگا دادوەرییانە کە لە پاش شەڕی دووهەمی جیهانییەوە پێک هاتن، وەڵامدەری ویست و هەڵوێستی سیاسی و داواکارییەکانی وڵاتانی سەرکەوتوو بوون. بۆ نموونە، نە دادگای سەربازیی نۆرنبێرگ و نە دادگای تۆکیۆ باسی تاوانەکانی جەنگی وڵاتانی هاوپەیمانیان نەکرد و خۆیان لێ دەرهاویشت، هەر بۆیە حوکمەکانیان یەکلایەنە بوون و لە پێناو بەرژەوەندیی براوەکاندا دامەزرا زۆری پێ چوو هەتا دادگای تاوانی نێونەتەوەامەزرا. ئەو ڕێکخراوەیە لەسەر بنەمای دەستووری ڕۆم لە ١٧ی ژووییەی ١٩٩٨ بۆ دادگاییکردنی تۆمەتبارانی شەڕ بە تۆمەتی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، دەستدرێژی و جینۆساید پێک هات. مادەی شەشی دەستووری ڕۆم، ئەو تاوانانەی کە مەبەستیان لەناوبردنی سەرجەم یان بەشێک لە گرووپێکی نەتەوەیی، ڕەگەزی یان ئایینی بێت، بە جێنۆساید دەنرخێنێت و بە وردی ئاماژەیان پێ دەکات. ئەوانە بریتین لە:

-کوشتنی ئەندامانی گرووپەکە؛

گەیاندنی زیانی قورسی جەستەیی یان دەروونی بە ئەندامانی گرووپەکە؛

داسەپاندنی بارودۆخێک کە لەناوچوونی فیزیکیی سەرجەم یان بەشێکی گرووپەکەی لێ بکەوێتەوە؛

داسەپاندنی ڕێوشوێنێک کە ڕێگری بکات لە زاوزێ و لەدایکبوون لەناو گرووپەکەدا؛

گواستنەوەی زۆرەملێی منداڵانی ئەو گرووپە بۆ گرووپێکی تر.

بەپێی مادەی هەشتەم، «تاوانەکانی شەڕ» بریتین لە پێشێلکردنی یاسا و ڕێساکانی شەڕی نێودەوڵەتی کە لە چوارچێوەی یاسای نێونەتەوەییدا بە فەرمی ناسراون، واتە هەرکام لەم کردەوانە:

ئاڕاستەکردنی بەئانقەستی هێرشەکان دژی خەڵکی مەدەنی یان دژی ئەو مەدەنیانەی کە بەشداریی ڕاستەوخۆیان لە شەڕەکاندا نەکردووە؛

تاڵانکردنی شار یان ناوچەیەک، تەنانەت ئەگەر لە کاتی شەڕ و هێرشدا بووبێت؛

دەستدرێژی، کۆیلایەتیی سێکسی، لەشفرۆشیی زۆرەملێ، دووگیانیی زۆرەملێ، وەک لە مادەی ٧، پاراگرافی ٢، خاڵی «ف»دا پێناسە کراوە. هەروەها نەزۆککردنی زۆرەملێ یان هەرجۆرە توندوتیژییەکی سێکسیی دیکە کە وەک پێشێلکاریی جیدیی ڕێکەوتننامەکانی ژێنێڤ لە قەڵەم دەدرێن.

کۆمەڵکوژیی دانیشتوانی سابڵاغ و دێهاتی دەوروبەر، یان بە گوتەی خەڵکی ناوچەکە «کوشتاری عرووس»، ئەگەر وەک تاوانی جێنۆساید نەسەلمێنرێت، بێگومان بەشێکە لە تاوانەکانی شەڕ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی. ئەو تاوانە بەپێی کۆنڤانسیۆنی ١٩٦٨ کە تەرخان کراوە بۆ بەسەرنەچوونی تاوانی شەڕ و تاوانی جینۆساید، قەت ناسڕدرێنەوە و دەشێت هەمووکات بخرێنە بەردەم دادگا و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان. بەڵام بە داخەوە تاوانەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی وەبەر حوکمی ئەو ڕێکخراوانە ناکەون کە لە پاش شەڕی دووهەم بۆ دادگاییکردنی تاوانبارانی شەڕ و جینۆساید پێک هاتوون، بە تایبەت ئەگەر تاوانێک پێی دەوڵەتەکان بگرێتەوە. تەنانەت دادگای تاوانی نێونەتەوەییش کە ساڵی ١٩٩٨ دامەزرا، کاری بە دەوڵەتەکان نەداوە و تەنیا تاکەکەسەکان دادگایی دەکات. 

 ئەنجام: وانەیەک لە لاپەڕەیەکی خوێناوی

شەڕی یەکەمی جیهانی هەم دەوڵەتە زلهێزەکانی بە گژ یەکدا دا و هەم میللەتەکان. هاوپەیمانیی کورد لەگەڵ تورکی عوسمانی، وەکوو هاوپەیمانیی ئەرمەنییەکان و ئاسۆرییەکان (سوریانییەکان) لەگەڵ ڕووسەکان، لەسەر بنەمای ئایین دامەزرابوو. تورکەکان وەک ڕووسەکان لە ئایین وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجە سەرەکییەکانی خۆیان کەڵکیان وەردەگرت.

پرسیارێکی سەرەکی کە دێتە گۆرێ ئەوەیە کە چۆن بوو کەمینە مەسیحییەکانی ئیمپراتۆریای عوسمانی داواکارییە نەتەوەییەکانیان لە پێناوی دین و ئاییندا بەخت نەکرد بەڵام کوردەکان کە ئیسلام و برایەتی لەگەل تورکەکانیان هەڵبژاردبوو، سەر و ماڵیان تێدا چوو؟

بۆچی کوردەکان، چ لە ئێران و چ لە عوسمانی، بە زۆرینەی زۆر وەڵامی ئەرێنییان بە بانگەوازی جیهاد دا؟ خۆ سوڵتان موحەممەدی پێنجەم داوای لە موسڵمانەکانی کریمە، قازان، تورکستان، بۆخارا، خێوە، هێندستان، چین، ئەفغانستان، ئێران، ئافریقا و هەموو دونیا کردبوو کە بۆ نەجاتی ئیسلام و خیلافەت لەگەڵ ئەرتەشی عوسمانی شەڕی وڵاتە هاوپەیمانەکان بکەن. چ قەومابوو کە شێخ و خەلیفە و مەلا و هۆزە گەورەکوردەکان لەمبەر و ئەوبەری سنوورەکانی ئێران وعوسمانیدا بەشداری شەڕی پیرۆز بوون؟

 کۆنفیدراسیۆنی شێخەکانی قادری، کە لە دیوی ئێران شێخەکانی نەقشبەندیی بیارە و هەورامان و ئەوانەی سەقز و زەمبیل و تورجانی دە گرتەوە و لە دیوی عوسمانییش لە شێخەکانی بەرزنجی بە سەرکردایەتیی شێخ مەحموودی حەفید پێک هاتبوو، بە گشتی لایەنی سوڵتانی عوسمانی و بانگەوازەکەیان گرت. بازیل نیکیتین دەڵێ کە لە دەشتی ورمێ، ئەم بانگەوازە سەرچاوەی هەموو کۆمەڵکوژی و وێرانییەک بوو کە بە سەر ئەو ناوچە دەوڵەمەند و ئاوەدانەدا هات.

چۆن بوو کە شەریفی مەککە، کە خۆی بە نەوە و نەتیجەی پێغمبەری ئیسلام دەزانی، وەڵامی بانگەوازی جیهادی سولتانی نەداوە و پاش ماوەیەکی زۆر تەفرەدان، وەڵامی نەرێنیی پێ داوە؟ بە پێچەوانەی ڕێبەرانی کورد، ئەو ڕێبەرە زانا و وریایە داوای لە عەرەبەکان کرد بۆ ئازادی وسەربەخۆیی وڵاتی خۆیان لە ڕیزی ئەرتەشی وڵاتە هاوپەیمانەکاندا دژی ئیمپراتۆریای عوسمانی شەڕ بکەن.

دیارە هێندێک لە شێخەکان و چەند پیاوی ئایینیی بەناوبانگی کوردیش، بە نێوی ئایین و لەسەر بنەمای تەفسیری قورئان و کتێبە ئایینییەکان، بانگەوازی شەڕی پیرۆزیان ڕەت کردەوە. یەکێک لەوانە شێخ بابا سەعیدی بەرزنجی بوو کە لە غەوس‌ئاباد، گوندێکی نزیک مەهاباد، خانەقا و تەکیەی ئاوەدان و موریدی زۆری هەبوو. شێخ بابا زمانی عەرەبی و فارسی و کوردی و فەرەنسیی دەزانی و لە چەند شاری گەورەی وەکوو بەغدا و قاهیرە ژیابوو و لە ئەلئەزهەر دەرسی خۆێندبوو. لە هێندستان فێری زانستی پزیشکی و گیادەرمانی ببوو و لە غەوس‌ئاباد دەرمانخانەیەکی دانابوو وخەریکی دەرمانی نەخۆشان و گولان بوو. شێخ بابا سەعید چەند حەکیمێکی ژنیشی بۆ ئامادەکردنی دەرمانەکان و چارەسەرکردنی هێندێک لە نەخۆشییە سەرەتاییەکان پەروەردە کردبوو. دەستی نووسینی هەبوو و خەریکی وەرگێڕانی کتێبی قانوونی ئیبنی سینا بوو. ئاشنای ئەستێرەناسی و هۆگری عیرفان بوو. چەندین شێعری عارفانەی لە پاش بە جێ ماوە.[۳۴] شێخ بابا کە دۆستایەتی و هاوپێوەندیی لەگەڵ کۆلۆنێل ئیاس، کۆنسوولی ڕووسیا لە سابڵاغ هەبووە، لە ڕووی سیاسییەوە دژ بە خەلیفەی عوسمانی بوو و لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە لە مافی ئیسلامیدا جیهاد بە هۆی بەرئەنجامەکانیەوە دیاردەیەکی ناخۆشەویستە. دیارە هۆکارێکی دیکەی شێخ بابا بۆ خۆشنەویستنی دەسەڵاتی تورکان ئەوە بوو کە شێخ سەعیدی بەرزنجی، باوکی شێخ مەحموودی نەمری هاوڕێ و دۆست وخزمی ئەویان لە سالی ١٩٠٨ لە مووسڵ کوشتبوو.[۳۵]

 

 

شێخ بابای غەوس‌ئاباد و کۆلۆنێل ئیاس   
سەرچاوە: لە لۆڤیسای فێنلاندەوە تا غەوساباتی کوردستان، کاک تاهیری قاسمی، ٢٠١٧

 بازیل نیکیتین کە شێخ بابا بە پیاوێکی زانا، عالم، بەڕێز و مرۆڤدۆست وەسف دەکات، باسی چەند مامۆستای ئایینیی دیکەیش لە کوردستانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانیدا دەکات کە پێیان وا بوو ئەو شەڕە ناڕەوایە و داوای جیهاد لەگەڵ شەریعەتدا ناگونجێت. ئەو کەسانە بریتی بوون لە ئەبووبەکر ئەفەندیی هەولێر، موحەممەد ئەفەندیی کۆی سنجاق (کۆیە)، عەبدولقادر ئەفەندیی بیارە و شێخ تەها ئەفەندیی حەکاری.

دیارە لە نێو هۆز و عەشیرەتەکانی موکریانیشدا بیروڕای جیاواز هەبوو. هۆزەکانی مەنگوڕ و مامەش و پیران لایەنگری عوسمانی بوون. بەڵام خێڵەکانی دێبوکری و گەورک و بەگزادە کە دەسەڵاتی حکومەتی فارسیان قبووڵ کردبوو، بێلایەن مانەوە و تێکەڵاوی شەڕ نەبوون. دەشێت بڵێین کەکێشە و ململانێی نێوان سەرۆک هۆزەکان زیاتر پێوەندیی بە ئیگۆی تاکەکەسی و کێشەی دەسەڵاتداری و خاوەندارێتیی زەوی و ئاژەڵەوە هەبوو تا بە کێشەی سیاسییەوە. پێوەندیی نێوان ئەم خێڵانە و دەوڵەتە ناوەندییەکانی ئێران و ئیمپراتۆریای عوسمانی لەسەر بنەمای بێمتمانەیی دامەزرابوو و هەر بۆیە لە بنەڕەتدا لەرزۆک بوو. دیارە باس لە هەستی نەتەوەیی بە شێوەی مۆدێرن لە کۆمەڵگایەکی خان‌خانیدا ناکەین، بەڵام دەتوانین باسی هەستی جۆرە ناسنامەیەکی جیاواز لە ناسنامەی تورک و فارس بکەین کە ئەویش بە دڵنیاییەوە ناسنامەی موسوڵمانێتی بوو.

دەسەڵاتی عوسمانی لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە کۆتایی بە دوامیرنشینە کوردییەکان هێنابوو. لە ڕاستیدا تەنیا هێندێک لە نەوەکانی ئەم بنەماڵانە، وەکوو بەدرخانییەکانی بۆتان و ئیبراهیم پاشای ملی و میرەکانی شەمزینان و حەکاری، هیوادار بوون کە بتوانن سەربەخۆیی لەدەستچووی خۆیان بە دەست بهێننەوە، بۆ ئەو مەبەستەیش بە دوای هاوپەیمانی لەگەڵ ڕووسەکان و وڵاتانی هاوپەیماندا دەگەڕان. لە مانگی دێسامبری ١٩١٤، ژێنێراڵ موحەممەدشەریف پاشای خەندان لە نامەیەکدا بۆ باڵیۆزی بریتانیا لە فەرەنسا پێشنیاری پێ کردبوو کە لە ژێر چاودێریی بریتانیادا وڵاتێک بۆ کوردەکان پێک بێت و لە بەرامبەردا کوردەکانیش لەگەڵ هێزی وڵاتە هاوپەیمانەکاندا شەڕی ئیمپراتۆریای عوسمانی بکەن. لە ساڵی ١٩١٦، ئەمیر عەبدولڕەزاق و کامیل بەدرخانیش پێشنیارێکی هاوشێوەیان بە دیۆک نیکۆلای ڕووسیا کردبوو کە جێگری تێزار لە قەفقاز و سەرۆکی هێزە ڕووسەکان لەو ناوچەیە بوو. ئەو پێشنیارانە ئاکامیان نەبوو؛ ئەوکات بریتانیا بەتەما نەبوو لەو ناوچەیە بەشەڕ بێت، بە تایبەت کە کوردستان و ئەرمەنستان دەبوایە بکەونە نێو ناوچەی ژێر نفووزی ڕووسیاوە. لە مانگی ژوەنی ١٩١٨، شەریف پاشا توانی لە شاری مارسێی، لە باشووری فەرەنسا، چاوی بە سێر پێرسی کۆکس بکەوێت کە ئەوکات نۆێنەری بریتانیا لە کەنداوی فارس بوو.[۳۶] لەو چاوپێکەوتنەدا شەریف پاشا داوای ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان دەکات و پێشنیار دەکات کە مووسڵ ببێتە پایتەخت. دیپلۆماتی بریتانیایی بە بیانووی ئەوەی کە مووسڵ بەپێی پەیمانی سایکس-پیکۆ لە ناوچەی نفووزی فەرەنسادایە، وەڵامی ئەو پێشنیارە ناداتەوە.

 سەبارەت بە سەرۆک هۆز و خێلەکانی کوردستانی عوسمانی بە گشتی، کێشەکە لەسەر سەربەخۆیی وڵاتی کورد نەبوو. دیتمان کە لە دەورانی شەڕدا بوونە هاوسەنگەر و هاوپەیمانی ئەرتەشی عوسمانی و لە پاش تەواوبوونی شەڕیش زیاتر لە سێ هەزار چەکداری کورد چوونە ڕیزی هێزەکانی مستەفا کەمالەوە کە بۆ سەربەخۆیی تورک و ئازادیی وڵاتەکەی بە شەڕ دەهات و بنەمای دیسکۆرسی خۆی لەسەر نەجاتی ئیسلام و برایەتیی کورد و تورک دامەزراندبوو.

دیارە شەریف پاشا، بە نۆێنەرایەتیی کوردەکانی ئەستەنبووڵ، دوو یادداشتی لە مانگەکانی فێڤرییە و مارسی ١٩١٩ پێشکەشی کۆنفرانسی ئاشتی لە پاریس کرد و لە هەردووکیاندا داوای پێکهاتنی کوردستانێکی سەربەخۆی کرد. بەڵام پێویستە ئاماژە بەوەش بکەین کە چەند مانگ دواتر، واتە لە ژووییە و ئاگۆستدا، ٥٤ نوێنەری کورد بەشداری کۆنگرەکانی کەمالیستەکان لە ئەرزەڕۆم و سیواس بوون کە بۆ هەڵخڵەتاندنی کورد باسی پێکهێنانی وڵاتی هاوبەشی کورد و تورکیان دەکرد.

بێگومان بەشداری و بەرپرسیارێتیی کوردەکان لە کوشتار و کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکانی ئێمپراتۆریای عوسمانیدا لە لایەک و لە لایەکی دیکەوە، ترس لە پێکهاتنی وڵاتێکی ئەرمەنی لەسەر خاکی ئەوان، کە مستەفا کەمال و هاورێیانی لە دڵیان خستبوون، تا ڕادەیەکی زۆر پاڵپێوەنەر بوون بۆ ئەوەی دەستی برایەتی بۆ تورکەکان درێژ بکەنەوە و بە دڵ و بەگیان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی تورکیا شەڕی مان و نەمان بکەن.

 بەداخەوە دیتمان کە لە پاش پەیماننامەی لۆزان (٢٤ی ژووییەی ١٩٢٣) کە سنوورەکانی تورکیای لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاری کرد و دابەشبوونی کوردستانی عوسمانیی بەسەر سێ وڵاتی تورکیا، ئێراق و سووریادا مۆر کرد، کوردانی دانیشتووی تورکیا تووشی شەڕ و جینۆسایدی کولتووری بوون و ئێستاشی لەگەڵ بێ، هیچ مافێکیان بۆ دیاری نەکراوە.

ڕەفیق حیلمی لە یادداشتەکانیدا «تورک‌خوازی» و «تورک‌خۆشەویستی»ی خۆی ڕوون دەکاتەوە و ڕەخنە لە وتارەکانی دەگرێت کە بە ڕاشکاوی بۆنی خۆشەویستیی تورک و قینی ئینگلیزیان لێ دەهات. حیلمی خۆی وەکوو ڕۆژهەڵاتییەکی موسوڵمان دەناسێنێت کە ئاشنایەتیی دێرینی لەگەڵ تورک هەبووە، لە تورکیا دەرسی خوێندووە و شارەزا بووە بە زمانی تورکی و سەردەمانێک ژیانی لە ئەستەنبووڵ ڕابواردووە. لە ڕاستیدا ئەوانە بوونە هۆی دروستبوونی هەستی نزیکایەتی و برایەتی لەگەڵ تورکدا.[۳۷]

 سەبارەت بە کوردەکانی موکریان دەبێ ئاماژە بەوە بکرێت کە وەکوو موسوڵمانی سوننە، ئەوانیش هەمیشە لایەنگری خەلیفەی عوسمانی بوون و ئەویان بە ڕێبەری خۆیان دەناسی. دەسەڵاتی تورک، لە سەرەتای سەرهەڵدانی کێشە سنوورییەکانی لەگەل ئێرانی شیعەدا، خۆی وەکوو بەرپرسی کەمینە سوننەکانی ئێران ناساندبوو و لە هەموو پەیماننامە سنوورییەکاندا یەک یان دوو خاڵی لەسەر پاراستنی مافی ئەوان بەسەر ئێراندا سەپاندبوو. سەیر نییە کە کوردەکانی موکریان جوابی ئەرێنییان بە فەرمانی جیهادی سوڵتانی عوسمانی دابێتەوە و شێخ و مەلا و خەلیفە و دەروێش و مورید، بە کۆنەتفەنگ و قەمە و شمشێر و کارد و شەنە، لە هەورامانەوە وەڕێ کەوتبن بەرەو موکریان بۆ ئەوەی شەڕی کافران بکەن.[۳۸] ئەو کافرانەی باشترین چەکی مۆدێرن وەکوو تفەنگ و تۆپی شرینێل و موسەلسەل (ڕەشاش) و تێلگراف و تەلەفۆن و بێسیمیان هەبوو.[۳۹] هێزی چەکداری سەرۆک عەشیرەتەکان تەقەمەنیی خۆیان پێ بوو، هەرچەند ئەوانیش هەر شەڕی پارتیزانییان دەزانی و لە شەڕی نیزامی و پیادەسەواردا هەڕەیان لە بڕەی نەدەکردەوە. بە گشتی چونکە ژمارەیان زۆر بوو، سوپای تورکیان بەهێزتر لەوەی کە هەبوو دەهێنایە بەرچاو و دوژمنیان لێی دەپرینگاندەوە.

  

١٩١٦؛ چەکدارانی کورد لە شەڕی ڕووسەکاندا، ئەرشیڤی ئاشوورییەکان

بەرلەوەی ئاگری شەڕ داوێنی دانیشتوانی سابڵاغ بگرێتەوە، ڕووسەکان چەند جار هەوڵیان دا پێشی پێ بگرن، بەڵام سەر نەکەوتن. بە گوێرەی بیرەوەریی زارەکی، کۆلۆنێل زاخارۆڤ، فەرماندەی سوپای ڕووس لە سابڵاغ، ڕۆژێک دەچێتە بەر مەحکەمە و لە قازی فەتاح داوا دەکات کە نەهێلێ خەڵک خۆیان تێکەڵ بە شەڕی نێوان ڕووسیا و عوسمانی بکەن. قازی فەتاح لە وەڵامدا دەڵێ: "باشترە تۆ پێش بە سەربازەکانی خۆت بگریت کە بێحورمەتی بە ئیسلام و شئووناتی نەکەن و دەست بۆ نامووسی کەس درێژ نەکەن ".

هەروەها دەگێڕنەوە کە هەر ئەو ئەفسەرە لەسەر هەیوانی مەحکەمەی قازی فەتاح داوای لە دانیشتوان کردبوو کە خۆیان تێکەڵ بە شەڕ نەکەن و بێلایەن بمێننەوە و قەولی پێ دابوون کە نەهێڵێ زیانیان وێ کەوێ. ڕووسەکان جارێکیش داوایان لە میرزا حاجی کردبوو کە نێوبژیوانی بکات و وەک ڕاسپاردە پەیامی ئەوان بە خەڵکی شارەکە ڕابگەیەنێت. ئەویش ڕۆژێک لە پاش نوێژی جەماعەت ئەو ئەرکە بەجێ دێنێت و بە کەسانی نێو مزگەوت دەڵێ کە دەوڵەتی ڕووسیا کێشەی لەگەڵ دەوڵەتی ئێران نییە کە لە شەڕدا بێلایەنیی هەڵبژاردووە، شەڕی ڕووسەکان دژی عوسمانییەکان هیچ دژایەتییەکی لەگەڵ خەڵکی سابڵاغ نییە و ئەوان دەبێ سیاسەتی دەوڵەتی خۆیان، واتە ئێران، ڕەچاو بکەن و بێلایەن بمێننەوە و خەریکی کاروکاسبیی خۆیان بن. بەڵام نەتەنیا کەس گۆێ ناداتە قسەکانی ئەو پیاوە خێرخوازە، بەڵکوو بەرەنگاریشی دەبنەوە و تۆمەتی لایەنگری لە عرووسی کافریشی لێ دەدەن.

وا دیارە نە دانیشتوانی سابڵاغ و نە بەڕێوەبەرە ئایینییەکان و سەرکردەکانی ئەو شارە دەقی پەیامەکەی ڕووسەکانیان وەرنەگرتبوو. لەو نێوانەدا عوسمانییەکانیش بێکار دانەنیشتبوون؛ ئەوانیش ژێنێراڵ ئەحمەد ناجی بەگیان ناردبووە سابڵاغ بۆ ئەوەی لە سادەدڵی و ساکاریی خەلک و باوەڕیان بە دین و ئایینی ئیسلام کەڵک وەربگرن. ئەویش داوای لێ کردبوون کە دەبێ بێنە نێو شەڕی دژ بە کافر و بێدینانەوە و یارمەتیی سوپای عوسمانی بدەن، تا لە ڕۆژی ئاخیرەتدا لە بارەگای پێغەمبەر شکایەتیان لێ نەکرێت.

پێویستە ئاماژە بەوەش بکەین کە لە دەورانی پێشمودێرندا، خەبات بۆ کوردایەتی، ئەگەر بکرێ بەو شێوەیە پێناسەی بکەین، لەگەڵ خەبات بۆ پاراستنی دین و ئاییندا، کە بریتی بوو لە ئیسلامی سوننە، تێکەڵ ببوو. قازی فەتاح کەسایەتییەکی موسوڵمان بوو کە هەم لە باری یاساییەوە، وەکوو قازیی شەرع، هەم لە باری هەڵسوکەوت و نیشتمانییەوە، بە ئەرکی سەرشانی خۆی دەزانی کە بەرەنگاری دوژمنێک بێتەوە کە بەکافر و بێدینی دەزانی. دیارە هەروەکوو پێشتر باسمان کرد، ئەو تاکە کەسایەتییەک نەبوو کە ئاوا باوەڕ و بۆچوونێکی هەبوو؛ لە نێو دانیشتوانی شارەکەدا کەسانێک لە گوێرەی میرزا حاجی کە بە هۆی ئاشنایی بە دونیای دەرەوە، بە تایبەت ڕووسیا، زانستێکی بەرفراوانتر و ڕوانگەیەکی ئاوەڵاتریان هەبوو، یان زۆر کەم بوون یان هەر نەبوون.

کۆمەڵکوژیی دانیشتوانی سابڵاغ بە دەست سوپای ڕووس، خەسارێکی یەکجار زۆر گەورە بوو کە لە مێژووی شارەکە و لە بیرەوەریی گشتیدا تراژیدیایەکی گەورە و گرانی پێک هێنا کە ئەگەر چەند کوردی دڵسۆز قۆلیان لێ هەڵنەماڵیبا و هێندێک بیرەوەری و نووسراوەیان کۆ نەکردباوە، لەوانە بوو هەر لە بیریش بچێتەوە.

باوەڕی خەلک بە دین و ئایین و لایەنگری و پشتبەستنیان بە ئەرتەشی عوسمانی و بەشداریکردنیان لە شەڕێکی جیهانیدا کە ئێران تێیدا بەشدار نەبوو و بێلایەن مابۆوە، بوو بە بنەمای کۆمەڵکوژیی دانیشتوانی سابڵاغ و دێهاتی دەوروبەر. ڕووسەکان بەر لە شەڕ و کوشتار هۆشدارییان بە خەڵکی سابڵاغ و سەرکردەکانی دابوو و هەڕەشەیان لێ کردبوون کە ئەگەر بە پێچەوانەی ویستی ئەوان ببزوونەوە، تۆڵەیان لێ دەستێننەوە. دیارە ئەوە هیچ قورساییەک لە بێڕوحمیی سوپای ڕووس و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیی ئەوان کەم ناکاتەوە. بەڵام با لە دووبارە خوێندنەوەی مێژوودا بەتەنیا باسی بێبەزەیی و بێڕوحمیی دوژمن نەکەین. پێویستە بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە بەرپرسیارێتیی خۆمان لە هەڵە مێژووییەکان بە شێوەیەکی ئۆبژێکتیڤ هەڵبسەنگێنین. بێلایەنیی خەڵکی ناوچەکە و خۆتێکەڵنەکردنیان بە شەری نێوان دوو وڵاتی دوژمن دەیتوانی پێش بەو کارەساتە بگرێت. بەڵام کوردەکان لە ئێران و عوسمانی بە پێشوازی بانگەوازی جیهادەوە چوون. ئەوان شەڕی پیرۆز بۆ نەجاتی ئیسلام و خەلیفەی موسوڵمانانیان پێ فەرزتر بوو لە ئاسایش و پاراستنی دانیشتوانی وڵاتەکەی خۆیان. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ بنەما و چوارچێوەی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگای کوردی و بیر و باوەڕی گشتی کە دیارە باسێکی جیاوازە و لێرەدا ناگونجێت. 

په‌راوێزی وێنه‌ی سه‌ردێر:سابڵاغ ١٩١٣، وێنەگر ئەلێکساندر ئیاس، ئەرشیڤی مۆزەخانەی سەن پترزبۆرگ

پێزانین: سپاسێکی تایبەت بۆ خاتوو سۆما نگەهداری‌نیا کە بەشێک لە وێنەکانی ئەو سەردەمەی بۆ ناردین

 

سەرچاوەکان

  • خاطرات لیتن، سرکنسول آلمان در تبریز در اثنای جنگ اول جهانی، ترجمەی دکتر پرویز صدری، نشر ایرانشهر، ١٣٦٨.
  • ڕاپۆرتەکانی لۆدڤیک ئۆلسن فاسۆم، میسیۆنێری ئەمریکایی لە سابڵاغ. کوردستان میشنێری (١٩١٥-١٩١٦-١٩١٨)، وەر گێڕان و شرۆڤەی حەسەنی قازی.
  • گۆڤاری سروە، ژمارەی ١٢٧-١٢٨، ١٣٧٥.
  • گۆڤاری مهاباد.
  • کورتەمێژووی بنەماڵەی قازی لە ویلایەتی موکری: خەلیلی فەتاحی قازی، وەرگێر و ئامادەکار حەسەنی قازی، هەولێر، ئاراس، ٢٠٠٩.
  • عەزیز وەلیانی: کارەساتێکی مێژوویی: کوشتاری خەڵکی کورد بە دەست سوپای ڕووسی تێزاری، ١٩١٦، پێداچوونەوەی سێیەم، چاپەمەنیی بیر، مەهاباد.
  • ئەرشیڤەکانی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، سیری شەڕ – ١٩١٤-١٩١٨- دۆسیەی ئێران.
  • سید محمد صمدی: نگاهی بە تاریخ مهاباد.
  • عومەری فارووقی: سەقز لە گەرمەی شەڕی جیهانیدا، ١-٢.
  • کەمال مەزهەر ئەحمەد: کوردستان لە ساڵەکانی شەڕی یەکەمی جیهانیدا، کۆڕی زانیاریی کورد.
  • کامەران ئەحمەد موحەممەدئەمین: کوردستان لە نێوان ململانێی نێودەوڵەتی و ناوچەییدا؛ ١٨٩٠-١٩٣٢، سلێمانی، ٢٠٠٠.
  • ڕاپۆرتەکانی شەریفولدەولە، کارگوزاری ئێرانی بۆ تەورێز، وەرگێڕان و شرۆڤەی حەسەنی قازی.
  • عبداللە ناهید، خاطرات من، بە اهتمام احمد قاضی.
  • ڕەفیق حیلمی، یادداشت، کوردستانی عێراق و شۆڕشەکانی شێخ مەحموود، چاپخانەی ڕۆشنبیری و لاوان.


  • John Tchalenko: Images from the Endgame Persia through a Russian Lens ۱۹۰۱-۱۹۱۴.
  • Minorsky, Kurdes, in Encyclopédie de l’Islam, Tome ۲, ۱۹۲۷.
  • Basile Nikitine, La Perse que j’ai connue, ۱۹۰۱-۱۹۱۹.
  • Daniel Méthy : L’action des grandes puissances dans la région d’Ourmia (Iran) et les Assyro-Chaldéens : ۱۹۱۷-۱۹۱۸, Studia Kurdica, n° ۵.
  • Cuinet, La Turquie d’Asie, Paris, ۱۸۹۱, tome ۲, p.۶۳۸.
  • Paul Caujole, Les tribulations d’une ambulance française en Perse, Les Gémeaux, ۱۹۲۲.
  • The Kurdish Misssionary, Miss Gudhart’s Experiences, Vol ۷, n° ۱۲, September ۱۹۱۶.

 

په‌راوێزه‌کان

[۱]. تا سالی ١٩٣٥، ناوی شارەکە «سابڵاغ» یان «ساوجبڵاغی موکری» بوو. لە چۆارچێوەی ریفۆرمەکانی ڕەزا شادا بۆ پێکهێنانی دەوڵەت-نەتەوەی فارس ناوی شارەکەگۆڕدرا بۆ مەهاباد. هەر بۆیە لەم وتارەدا بەپێی زەروورەتی مێژوویی هەمان ناوی ئەو سەردەمە بە کار هێنراوە.

[۲]. بڕوانە: کورتەمێژووی بنەماڵەی قازی لە ویلایەتی موکری، نووسینی خەلیلی فەتاحی قازی، وەرگێڕ و ئامادەکار حەسەنی قازی، هەولێر، ٢٠٠٩،  ئەو ئامارە لە زمانی میرزا موحەممەدی ئێقباڵی، بەڕێوەبەری پاراستنی هێمنی و کۆکردنەوە و ناشتنی تەرمەکان لە پاش کوشتارەکە، دەگێڕنەوە.

[۳]. ڕووسەکان کۆنترۆڵی هێڵی تێلگرافی باکوور، بانکی ئیستیقرازی، ڕێگا و جادەکانی باکوور، هێڵی ئاسنی تەورێز و سوپای قازاخیان بە دەستەوە بوو. ئینگلیزەکان هێڵی تێلگرافی باشوور، کابلە دەریاییەکان، کۆمپانیای هێندستان، بانکی شاهەنشاهی، کۆمپانیای لینچ، ڕێگا و جادەکانی باشوور، کۆمپانیای نەوتی ئێران-ئینگلیز و کەنداوی فارسیان لە ژێردەستدا بوو. بێلژیکییەکان ئیدارەی گومرک و باج و ئیدارەی ئابوورییان بەڕێوە دەبرد. ژاندارمەری بە دەست سوێدییەکانەوە بوو. فەرەنسییەکان بەشی یاسایی و ئەڵمانییەکان نەخۆشخانەیەکی گشتی و هێندێک دامەزراوەی زانستییان بەڕێوە دەبرد.

[۴]. پڕۆسەی دامەزراندنی ڕەوتی دەستووری لە ئێران چەندین سەروخواری گەورە و بچووکی بەسەردا هات تا کاتێک کە توانیی کەم تا زۆر خۆی لە ڕەوتی سیاسی و ڕێکخستنی دەسەڵاتدا بسەپێنێت.

[۵]. ڕووسیا لە پاش شۆرشی بۆلشڤیکەکان لە ئۆکتۆبری ١٩١٧ لە شەڕ کشایەوە. ئەمریکا لە ٥ی ئاوریلی ١٩١٧ هێزەکانی ناردە بەندەری بۆردۆ لە فەرەنسا و پاش چەند مانگ ئامادەکاری، بەشدارییان لە شەڕدا کرد.

[۶]. ئەو شەڕانە بریتی بوون لە: شەڕی ڕووسیا-ئێران؛ ١٨٢٦- ١٨٢٨، شەڕی ئینگلیز-ئێران؛ ١٨٥٦-١٨٥٥، شەڕەکانی ڕووسیا-ئیمپراتۆریای عوسمانی؛ ١٨٢٨-١٨٢٩، ١٨٥٣-١٨٥٦، شەڕی کریمە؛ ١٨٧٧-١٨٧٨.

[۷]. The Kurdistan Missionary, N° ۱۲, vol ۷, September ۱۹۱۶.

[۸]. ئیزابێلا بێرد لە کتێبەکەیدا بە نێوی «سەفەر بۆ پێرسیا و کوردستان، بەشی ٢» کە لە ساڵی ١٨٩٠ بڵاو بووەتەوە، دەڵێ کە ئەودەمی سابڵاغ ٥٠٠٠ دانیشتووی هەبووە کە ١٢٠ کەسیان ئەرمەنی بوون. هەروەها باسی سەربازخانەیەک دەکات کە ١٠٠٠ سەربازی تێدا بووە.

[۹]. دیارە هەموو ڕاپۆرتەکانی ئەلێکساندر ئیاس لە بەردەستدا نین تا بە وردی لێکۆلینەوەیان لەسەر بکرێت. بۆ ئەو ئاگاداریانە بڕوانە:

 John Tchalenko: Images from the Endgame Persia through a Russian Lens ۱۹۰۱-۱۹۱۴.

[۱۰]. لەنامەیەکدا بە ڕێکەوتی ١٧ی ڕەبیعولسانیی ١٣٢٩ (١٧ی ئاوریلی ١٩١١) بۆ مەجلیس، قازی فەتاح شکایەتی لە هەڵسوکەوتی سەرەڕۆیانەی سەیفەدین خان بەرانبەر بە حاجی ئەمین‌ئیسلام نێوێک کردووە کە دەبێ دۆست و برادەری بووبێت و داوای کردووە کە ناوبڕاو لەشەڕی سەیفەدین خان بپارێزرێت. بڕوانە: «گزیدە اسنادی از وقایع مشروطیت در کردستان و کرمانشاهان، رضا آذری شهرضایی، تهران، ١٣٨٥».

[۱۱]. بە خوڵای چکۆلە یان بە ئاغا ناویان بردووە.

[۱۲]. ڕەوتی نیشانەکردنی سنوورەکانی ئێران و عوسمانی مانگێک زووتر، واتە لە سێپتامبری ١٩١٤، بە ناتەواوی کۆتایی پێ هات.

[۱۳]. کوردستان میشنێری، ژماره‌ی ١٢ی ساڵی شەشەم، سێپتامبری ١٩١٥.

[۱۴]. ئەو شازادەیە لە سەردەمی باوکیدا پۆستی پارێزگاری کوردستانی پێ درابوو و لەوێ دوستایەتی و پێوەندیی لەگەڵ شێخان و هۆزەکانی کوردستان پێک هێنابوو. لەکاتی پاشایەتیی کورتی موحەممەدعەلی شادا، لە تۆپبارانکردنی مەجلیسدا دژ به دەستوورییەکانی ئێران لە سالی ١٩٠٩، بەشداریی کردبوو و لە پاش شکستێکی گەورە دوور خرابۆوە بۆ قاهیرە. لە سالی ١٩١١ گەرابۆوە ئێران و نازناوی پادشای عەرەبستان و ڕۆژئاوای ئێرانی لەسەر خۆی نابوو و لە دژی ئەحمەدشا، کە شای ئێران و برازای خۆی بوو (کوڕی موحەممەدعەلی شا و مەلیکە جیهان) شۆرشی کردبوو و بەتەمای گرتنی تەختی پاشایەتی بوو. شێخەکانی بیارە و هۆزە کوردە سەرەکییەکانی باشووری کوردستانی ئێران، واتە کەلهوڕ و زەنگەنە و فەیزوڵڵابەگی و ئەوانی دیکە، پشتیوانییان لێ کرد. سالارودەولە لە نزیک شاری ساوە، لە مازەندەران، لە دەستووریخوازەکان بە سەرۆکایەتیی یەپرۆم خانی ئەرمەنی، شکستی خوارد و ناچار بوو ڕا بکات و بگەرێتەوە قاهیرە. لە سێپتامبری ١٩١٥، بە پلانی ئەڵمانییەکان بۆ دروستکردنی بەدیلێک بۆ دەسەڵاتی تاران، سالارودەولە بە یارمەتیی لەشکرێکی ٢٠٠٠ کەسی لە هۆزە کوردەکان سەرلەنۆێ لە دژی ئەحمەدشا سەرهەڵدانی کرد. مەبەستی ئەوە بوو کە لەکرماشانەوە هێرش بکاتە سەر بەشی ناوەندی و باکووری کوردستانی ئێران کە ئەوکات لەژێر دەسەڵاتی ئەرتەشی ڕووسیادا بوو. ئەو سەرهەڵدانەش شکستی هێنا و سالارودەولە گەڕایەوە میسر و لە ١٩١٦، لە شاری ئەسکەندەرییە کۆچی دوایی کرد.

[۱۵]. لەم هێرشەدا بوو کە شێخ مەحموودی حەفید کە دە هانای سوپای عوسمانی هاتبوو، بە تەقەی گوللە بریندار بوو و سوارە کوردەکان تۆپخانەکانی ڕووسیا و پردی میاندواویان تێک شکاند.

[۱۶]. دوو رۆژ پێشتر، لە ٢٧ی دیسامبری ١٩١٤، شاری ورمێ لە لایەن هێزی عوسمانییەوە داگیر کرابوو. هێزەکانی ڕووسیا و بەشێکی یەکجار زۆر لە دانیشتوانی مەسیحیی ناوچەکە، جگە لە هەژارەکان، بە پێیان ڕایان کردبوو و شارەکەیان بەرەو قەفقاز بەجێ هێشتبوو. زۆر کەس لە ڕێگاوباندا لە بەر سەرما وماندوێتی گیانیان لەدەست دا. ئەوانەی لە شوێنی خۆیان مانەوە تووشی کۆمەڵکوژی و تاڵانکردن بوون. هەندێکیان پەنایان برد بۆ ناوەندی نوێنەرایەتیی کاتۆلیکەکان و پرێسبیتێرییەکان، کە بە ڕێکەوت لە لایەن فەرەنسا و ئەمریکاوە ئیدارە دەکران. کاربەدەستانی عوسمانی بە دەیان کەسی مەسیحییان لە سێدارە دا. بۆ نموونە، بە زۆری ٦٠ کەسیان لە ناوەندی کاتۆلیکەکان هەستاندەوە و بە تاوانی سیخوڕیکردن بۆ ڕووسەکان لە سێدارەیان دان.

[۱۷]. ئێستاش دیار نییەکە ئەوە سەری ئەلێکساندر ئیاس بووبێ کە منداڵانی سابڵاغ کایەیان پێ کردووە. بەر لەو ڕووداوە دڵتەزێنە، چەند ئەفسەر و سەرباز و تەنانەت چەند ئەندازیاری ڕووس لە ناوچەی موکریان کوژرابوون. وا دەر دەکەوێت کە بە تاوانی دەستدرێژی بۆ سەر ژنان و کچانی کورد بووبێت. بە گشتی و بە داخەوە بێحورمەتیکردن بە تەرمی کوژراوانی ڕووس زۆر باو بووە. لەوانەیە لە بیرەوەرییە زارەکییەکاندا نێوی کوژراوان و کاتی بەسەرهاتەکان تێکەڵاو بووبن.

[۱۸]. لیتن بۆ ئەوەی ژیانی ڕزگار بکات، هەر بە شەو لە تەورێز ڕای کرد و بەرەو سابلاغ ڕۆیشت. چەند رۆژ لەوێ مایەوە و دوایی چوو بۆ کرماشان و بە ڕێگای خانەقین و بەغدا و ئەستەنبووڵدا گەڕایەوە بێرلین.

[۱۹]. Paul Caujole, Les tribulations d’une ambulance française en Perse, Les Gémeaux, ۱۹۲۲.

[۲۰]. مارشیمۆن سەروکایەتیی هێزی جیلۆی دەکرد کە ٥٠٠٠ پیاوی چەکداری هەبوو. لە پاش سەرکەوتنی بۆلشڤیکەکان لە ئۆکتۆبری ١٩١٧دا، ڕووسیا خۆی لە شەڕی جیهانی کشاندەوە و ئەرکانی گشتیی وڵاتە هاوپەیمانەکان، کە تەنیا فەرەنسا و بریتانیای تێدا مابوو، بڕیاری دا لەو ناوچانەی کە تا ئەوکات لە ژێر کۆنترۆڵی ڕووسەکاندا بوون، لە هێزی جیلۆ بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ ئەرتەشی عوسمانی کەڵک وەربگیرێت.

[۲۱]. بروانە: کوردستان میشنێری، ژماره‌ ١٢، ساڵی حەوتەم، سێپتامبری ١٩١٦، «ئه‌زموونه‌کانی یای ئاگوستا گودهارت»، وەرگێڕان و شروڤەی حەسەنی قازی.

[۲۲]. بڕوانە: کورتەمێژووی بنەماڵەی قازی لە ویلایەتی موکری.

[۲۳]. لە شەڕی دووهەمی جیهانیدا ئەرتەشی ژاپۆن بەشێک لە ژنانی خەڵکی کوریای ڕفاند و ڕەوانەی فاحیشەخانەکانی کردن بۆ خزمەتی سەرباز و ئەفسەرەکانی خۆی. لە کۆتایی نەوەدەکاندا چەند کەس لەو ژنانە کە هێشتا زیندوو بوون، بە یارمەتیی هێندێک ڕێکخراوەی مەدەنیی مافی مرۆڤ، سکاڵایان بردە بەردەم ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و داوایان کرد کە ژاپۆن ئەو تاوانە بە فەرمی بناسێت و قوربانییەکانی ئەو کارەساتە قەرەبوو بکاتەوە. ژاپۆن لە پاش ماوەیەکی زۆر خۆگێلکردن و خۆگنخاندن و تەنانەت ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکان، ناچار ملی ڕاکێشا و لەگەڵ کوریای باشوور لەسەر ئەو بابەتە ڕێک کەوتن. ڕۆماننووسێکی کوریایی ئەو کارەساتەی کرد بە ڕۆمانێک و پێشکەشی خەڵکی کرد.

[۲۴]. دەلێن کە خوالێخۆشبوو حاجی ئەحمەدی سابڵاغیش جلوبەرگی ڕووسیی لەبەر کردبوو بەڵام زمانی ڕووسیی نەدەزانی، ڕەنگە بۆیە نەیتوانیبێ پێش بە کوشتنی خۆی و ئەو کەسانە بگرێت کە لە ماڵەکەی خوی حەشاری دابوون.

[۲۵]. یای ئاگوستا گودهارت لە ساڵی ١٩١٤ باسی ١٠٠٠٠ نەفەر دەکات. هیچ ئامارێکی فەرمی سەبارەت بە ژمارەی دانیشتوانی ئێران لەو کاتەدا بە دەستەوە نییە. یەکەمین ئامار دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕەزا شا و موحەممەدڕەزا شای کوڕی کە سەرژمێری بە شێوەی مودێرنیان لە ئێران دامەزراند.

[۲۶]. کورتەمێژووی بنەماڵەی قازی.

[۲۷]. ژماره‌ی ۱۲ی ساڵی حەوتەمی کوردستان میشنێری، سێپتامبری ۱۹۱۶.

[۲۸]. عبدالله ناهید، خاطرات من.

[۲۹]. سپاسی بەرێز کاک حەسەنی قازی دەکەم کە ئەم یادداشتە کورتەی بۆ ناردم کە لەسەر بنەمای ئەو قسانەن کە لە زەینیدا ماونەتەوە.

[۳۰]. Raymond Poincaré

[۳۱]. لە ئەنجامدا هەر ئەو کۆنفرانسە، کە زۆر درێژخایەن بوو، بە نێوی کۆنفرانسی ئاشتی نێوی دەرکرد.

[۳۲]. Philippe Berthelot

[۳۳]. International Criminal Court

[۳۴]. بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر شێخ بابا بڕوانە: لە لۆڤیسای فینلاندەوە تا غەوساباتی کوردستان، نووسینی تاهیری قاسمی، ٢٠١٧.

[۳۵]. ڕەفیق حیلمی، یادداشت، کوردستانی عێراق و شۆڕشەکانی شێخ مەحموود، چاپخانەی ڕۆشنبیری و لاوان، ١٩٨٨، بەشی یەکەم؛ لە لاپەڕەکانی ٣٩-٤٤دا بە وردی باسی فیتنەی مووسڵ و کوژرانی شێخ سەعید و شێخ ئەحمەدی کوڕی دەکات و دەڵێت کە ئەوان بە دەست خەڵکی مووسڵ کوژران، بەڵام فەریق زەکی پاشا، والیی مووسڵ و ئەندامی ئیتیحاد و تەرەقی، پیلانی بۆ دانابوون، چونکە قینی لە شێخ سەعید بوو کە لە نزیکەوە سوڵتانی دەناسی. بە بیانووی پاراستنی شێخ سەعید لە دوای نارد کە بێتە سەرای مووسڵ، بەڵام دەرگای لێ نەکردەوە و شێخ و ئەو پیاوەی قورئانی بۆ هەڵدەگرت بە دەستی خەڵک کوژران. دواییش خەڵکەکە هێرشیان بردە سەر ئەو ماڵەی شێخ ئەحمەدی کوڕی لەوێ بوو و ئەویشیان کوشت.

[۳۶] – لە چەند دەیەی رابرددودا کێشەیەکی زۆر لەسەر نێوی ئەو کەنداوە پێک هاتووە، عەربەکان دەڵێن کەنداوی عەرەب و ئێرانییەکان لەسەر کەنداوی فارس پێ دادەگرن. بەپێی زەروورەتی مێژوویی ئێمە کەنداوی فارس بەکار دێنین کە ئەوکات هەر وا ناو براوە.

[۳۷]. ڕەفیق حیلمی، یادداشت، بەشی دووەم، لاپەڕەکانی ١٤٥-١٤٩.

[۳۸]. بڕوانە: بیرەوەرییەکانی شێخ موحەممەدرەئوف زیایی، وەرگێڕان و لێکوڵینەوەی عومەری فارووقی.

[۳۹]. بڕوانە: میرزا خەلیلی فەتاحی قازی.

تێبینی : ئەم بابەتە بە سپاسەوە لە ماڵپەڕی گۆڤاری کۆمار وەرگێراوە

                                                         https://govarikomar.com


























 

No comments: