جێی ژنان لە موزاکەراتی ئاشتی دا ؟ ئاوڕێک وە چالاکییەکانی ژنان لە ڕەوتی وتوێژەکانی ئاشتی لە تورکیا سۆما نێگەهداری نیا
جێی ژنان لە موزاکەراتی ئاشتی دا ؟
ئاوڕێک وە چالاکییەکانی ژنان لە ڕەوتی
وتوێژەکانی ئاشتی لە تورکیا
سۆما نێگەهداری نیا
لە یەکەم ڕوانین لە وتوێژەکانی ئاشتی،زۆر جار دیمەنی وتوێژ لە نێوان
نوخبەگەلی سیاسی دێتە بەرچاو، نوێنەرانی بەرزی دەوڵەتەکان و گرووپە پێوەندیدارەکان
لە پشت دەرگای داخراو و بە دەوری مێزی وتوێژەوە، بە بەڵگە و ڕێکەوتننامەکانەوە
بەرەو ڕووی یەک دەبنەوە. بەڵام ڕاستیی ئاشتی، شتێکە زیاتر لەو دیمەنە بەرتەنگ نوخبە تەوەرییە کە لە هەناوی کۆمەڵگە و لە حەول
و کڕوکاشی خەڵکی ئاوا دا شاردراوەتەوە کە کەمتر دەبیندرێن. و ژنان غاڵبە وەکوو بەشێک لەو دیمەنە نەدیتراوە لە
ڕەوتی ئاشتیی سازی دا دەکەونە بەر سێبەر. لە دنیایەک دا کە شەڕ هەمیشە بیچمی داوە
بە مێژووی بەشەر، دەوری ژنان لە پێواژۆی ئاشتی دا غاڵبە بە هەڵە و بە شێوەیەکی
ناعادڵانە تەنیا وەکوو قوربانی دەستەوەستان یان ئەو تازیەبارانەی کە دوای
وێرانییەکان هاتوونە مەیدانێ و خەریکی پرسەن، بەرتەنگ کراوە. ئەو ڕوانگەیە، کە لە
ڕیشەی ستروکتووری بابمەزنی و نیزامێتی ئاو دەخواتەوە، ژنان لە شوێنی تێکۆشەرانی
چالاک بۆ دامەزراندنی ئاشتی بێ بەش دەکا و توانایی ئەوان بۆ ناوبژیکاری،ساز
کردنەوە و گٶڕان لەبەر چاو ناگرێ لەگەڵ ئەوەشدا، ئەزموونە مێژوویی وهاوچەرخەکان لە
جێگەی جۆر بەجۆری جیهان دەیسەلمێنن کە ژنان نەک هەر دەتوانن لە وەدەست هێنانی
ئاشتی دا دەوری سەرەکییان هەبێ، بەڵکوو زۆر جار وێرەکانە،ئافرێنەرانە بە شێلگیریی
ئەو دەورەیان ئیسبات کردووە. ئەو حەولانە، کە لە خۆڕاگری لە هەمبەر توندو تیژی تا
ڕێکخستنی کۆمەڵگەکان بۆ ئاشتی وەبەر دەگرێ، پێویستی ناساندنەوەی جێگەی ژنان لە
ئاشتی سازی دا ئاشکرا دەکا و ئەو واقعییەتە زەق دەکاتەوە کە ئاشتی شێلگیر بە بێ
ئامادەیی چالاکانەی ئەوان نەک هەر کەموکووڕە، بەڵکوو وەدەستیش نایە؛ چونکە ژنان،
بە پێچەوانەی ستروکتوورە پیاوانەکان کە زۆر جار شەڕ بەڕێوە دەبەن، تۆڕی کۆمەڵایەتی
و عاتیفی ئەوتۆیان هەیە کە دەتوانن ببنە ئامراز بۆ ئاشتیی سازی.
ئەو تواناییەی ئەوان لە دەرباز بوون لە تازیەبارییەوە بەرەو چالاکی کردن شاراوەتەوە؛
ئەوان نەک لەگەڵ ڕەنج دەردەبەن، بەڵکوو بە پاڵپشتی ئەو ڕەنجە، ڕیگا دەدۆزنەوە بۆ
کۆتایی پێهێنان بە توندو تیژی و سازدانەوەی کۆمەڵگەکان.
یەکێک لە نموونە بەرچاوەکانی جیهانی،
هەوڵەکانی ژنانی لیبێریا لە ساڵی ٢٠٠٣ بوو کە یارمەتییان کرد بە کۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆیی لەو وڵاتە دا. لە گەرمەی پێکدادانەکان لە نێوان هێزە حکومەتییەکان و سەرهەڵداوان، کە زیاتر لە ٢٥٠,٠٠٠ کەس کووژراوی لێ کەوتەوە، ژنانی لیبێریا بە سەرکردایەتی لیماه گۆبی، بزووتنەوەی "ژنانی ئاشتیخوازانی لیبێریا"یان دامەزراند. ئەوان بە پۆشینی جلوبەرگی سپی و کۆبوونەوە لە بازاڕ و شەقامەکانی مۆنرۆڤیا، بە بەشداری
هەزاران کەس داوای کۆتاییی شەڕیان کرد و بە دانیشتن لە بەردەم هۆڵی گفتوگۆکانی ئاشتی لە
غانا، لایەنەکانی شەڕەکەیان خستە
ژێر فشاری زۆرەوە بۆ ئەوەی ڕێک کەون. ئەم
ژنانە، کە زۆریان منداڵ و هاوسەرەکانیان لەدەست دابوو، بە گۆرانی و نزا و دۆعا خوێنی بە کۆمەڵ نەک
هەر شێنگێڕییان کرد، بەڵکوو وەک ناوبژیوانی چالاک، رێکەوتنی ئاشتییان مومکین
کرد و نیشانیان دا کە دەتوانن لە پێگەی قوربانیەوە بگۆڕدرێن بۆ بڕیاردەرانی ئاشتی. لە کۆلۆمبیاش ژنان لە رێکەوتنی
ئاشتی ساڵی ٢٠١٦ لە نێوان دەوڵەت و
هێزە چەکدارە شۆڕشگێرەکان دا رۆڵێکی
سەرەکییان هەبوو. گرووپەکانی وەک "ژنان
بۆ ئاشتی" بە رێکخستنی ۆرکشاپ و کۆبوونەوە لە ناوچە گوندنشینەکان، کە سەدان کەس تێیاندا بەشدار بوون، داواکاریی وەک پاراستنی مافی قوربانیان و بنیاتنانەوەی کۆمەڵایەتییان بردە سەر مێزی وتوێژەکان. ئەم هەوڵانە، هاوتەریب بوون لەگەڵ بەشداری ژنان لە کۆمیتەکانی دۆزینەوەی راستی و بنیاتنانەوە دا، و بوو
بە هۆی رێکەوتنێک کە یەکسانی جێندری وەک
بنەمایەکی سەرەکی ناسی.
نموونەکانی دیکەی هەوڵەکانی ژنان
بۆ ئاشتی دەکرێ لە ڕواندا لە
دوای کۆمەڵکوژییەکانی
١٩٩٤، لە لایەن "کۆمەڵەی
بێوەژنانی جێنۆساید"ەوە،
یان لە ئیرلەندی باکوور لە ساڵی ١٩٩٦
لە لایەن
گرووپی «هاوپەیمانی ژنانی ئیرلەندی باکوور»ەوە ببیندرێ. لەم چوارچێوەیەدا، بڕیارنامەی ١٣٢٥ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان
لە ساڵی ٢٠٠٠، کە داوای بەشداری یەکسانی ژنان لە ئاشتیسازی کرد، هەوڵێک بوو بۆ جەختکردنەوەی گرینگی
بەشداری ژنان لە پرۆسەی درووستکردنی ئاشتی لە کۆمەڵگەکان؛ سەرەڕای ئەوە، دوای زیاتر
لە دوو دەیە، هێشتا زەمینەکانی جێبەجێکردنی کەمن. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم ئاستەنگانە،
ژنان زۆرجار نیشانیان دا کە دەتوانن بە بەرگریکردن و داهێنان، رۆڵێکی چالاک لە بەدەستهێنانی
ئاشتی بگێڕن، و هەوڵەکانیان دەبێ وەک بەشێکی پێویست لە ئاشتیسازی بە ڕەسمییەت بناسرێ.
لەم چوارچێوەیەدا، بۆ روونکردنەوەی
رۆڵی ژنان لە پرۆسەی گفتوگۆکانی ئاشتی لە نێوان هێزە کوردییەکان و دەوڵەتی تورکیا، کە لە مانگی شوباتی ئەمساڵ دوای پچڕانێکی ١٠ ساڵە
دووبارە دەستی پێکردەوە، من سەردانی ئەو ژنانەم کرد کە بە شێوەی جیاواز لەم پرۆسەیەدا هاوکارییان کردووە. لە رێگەی گفتوگۆ لەگەڵیان
و لێکۆڵینەوە لە رۆڵیان، ئەو پرسیارەی کە "رۆڵی ژنان لە ساڵەکانی
گفتوگۆ بۆ ئاشتی چی بووە؟" وڵام
دەدرێتەوە. ئەنجامی ئەم گفتوگۆیانە نووسراوێکی درێژە کە لە خوارەوەدا دەیخوێننەوە.
زیاتر لە ١٢ ژنی کورد و تورک کە ئەندامی کۆمەڵەکان، کەمپەینەکان، و گرووپە ئاشتیخوازەکان بوون، یارمەتییان دام بۆ
ئامادەکردنی ئەم نووسراوەیە، بۆ
ئەوەی بە وردی لە هەوڵی ژنان لە پێنج دەیەی رابردوو دا بۆ درووستکردنی ئاشتی ئاگادار بین. بەڵام پێش باسکردنی ئەو هەوڵانە، باشترە بە کورتی لەوە بکۆڵینەوە بزانین
کە کێشە ناسێنەییەکان لە چ جوگرافیایەکەوە دەستیان پێکرد.
سەرەتای کێشە
ناسێنەییەکان
کێشەی هو وییەت خوازی کوردەکان لە تورکیا، کە لە دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیا لە ساڵی ١٩٢٣ سەری هەڵدا، وەک یەکێک لە ئاڵۆزترین و درێژخایەنترین کێشەکانی
ئەم وڵاتە، ڕیشەی لە سیاسەتە ناسیۆنالیستییەکان دایە کە بە مەبەستی
دروستکردنی ناسێنەیەکی یەکپارچە وتورک تەوەر، ناسێنە وکولتوورە غەیری تورکەکانی، لەوانە کوردەکانی، خستە پەراوێزەوە. بە هاتنە سەرکاری کۆمار بە ڕێبەریی مستەفا کەمال ئاتاتورک، سیاسەتێکی توند بۆ یەکسانسازی ئێتنیکی و کولتووری
دەستی پێکرد کە حاشای لە زمان، کولتوور، و تەنانەت بوونی کوردەکان وەک گرووپێکی جیاواز دەکرد. ئەم سیاسەتانە، کە هاوتەریب بوون لەگەڵ دروشمی وەک
"بە تورکی قسە بکە!" ، نە تەنیا
زمانی کوردی لە شوێنە گشتی و تایبەتەکان قەدەغە کرد، بەڵکوو هەر جۆرە دەربڕینی هو وییەتی کوردی وەک هەڕەشەیەک بۆ یەکگرتوویی نەتەوەیی هەژمار دەکرا. لەو سەردەمەدا،
کوردەکان، کە دانیشتووانی هەرە زۆر لە رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا بوون، بە "تورکە شاخاوییەکان " داشکان؛ زاراوەیەک کە ناسێنەی سەربەخۆی ئەوانی رەد دەکردەوە و بنەمایەک بوو بۆ فشاری بەرفراوان کە لە دووچاوکی کۆمەڵایەتی تا سەرکوتکردنی توندوتیژانە دەگرتەوە.
قەدەغەکردنی زمانی کوردی لە
قوتابخانەکان، میدیاکان، و تەنانەت گفتوگۆکانی رۆژانە یەکێک لە دیارترین نیشانەکانی
ئەم سەرکوتە بوو. ئەو کەسانەی کە بە کوردی قسەیان دەکرد یان شتێکیان بڵاو دەکردەوە، دەگیران
و سزا دەدران. ئەم سیاسەتە بەشێک
بوو لە پرۆژەی گەورەی "تورکسازی" کە ئاتاتورک و شوێنکەوتوانی پێیان وابوو پێویستە بۆ یەکخستنی
وڵات لە ژێر هو وییەتی یەکگرتوودا. خوێندنگە کوردییەکان داخران، ناوی گوند و شارە کوردییەکان بە
تورکی گۆڕدران، و پۆشینی جلوبەرگە کوردییە نەریتییەکان قەدەغە کرا. ئەم فشارانە، کە هاوکات بوو لەگەڵ دووچاوکی ئابووری و سیاسی لە ناوچە کوردنشینەکان، هەستی بێبەشی و نا عەداڵەتی لە نێو کوردەکاندا بەهێز کرد و زەمینەی بۆ سەرهەڵدانی بزووتنەوە ناسێنەخوازەکان ئامادە
کرد. کوردەکان، کە بە سەدان ساڵ لەم ناوچانەدا ژیابوون و کولتوورێکی
دەوڵەمەندیان بە زمان، ئەدەبیات، و
نەریتەکانی تایبەتی بە خۆیانەوە هەبوو،
ئەم سیاسەتانەیان نەک تەنیا وەک
هێرشێک بۆ سەر هو ویەتەکەیان، بەڵکوو هەوڵێک
بۆ سڕینەوەی تەواوی بوونیان لە مێژوو و جوگرافیای تورکیا دا دەبینی.
ڕاپەرێنی کوردەکان لە دەیەکانی سەرەتای کۆماردا، وڵامێکی راستەوخۆ بوو بۆ ئەم سەرکوتە. یەکەم سەرهەڵدانی
گەورە، ڕاپەڕینی شێخ سەعیدی پیران لە ساڵی ١٩٢٥ بوو ، ئەوە تەنیا دوو ساڵ دوای دامەزراندنی کۆمارەکە روویدا. ئەم سەرهەڵدانە، کە ڕیشەی لە
نارەزایی لە سیاسەتەکانی تورکسازی و سەرکوتکردنی ئایینی دا بوو، هاوکات داوای خۆموختاری و زیندووکردنەوەی ناسێنەی کوردی دەکرد. شێخ
سەعید، کە سەرکردەیەکی ئایینی و کۆمەڵایەتی بوو،
هەزاران کەسی لە ناوچە کوردنشینەکان، بە تایبەتی لە دیاربەکر، کۆکردەوە، بەڵام دەوڵەت بە ناردنی هێزە نیزامییەکان و بەکارهێنانی هێزی
هەوایی، ئەم سەرهەڵدانەی بە خێرایی سەرکوت کرد. سەدان کەس کوژران، شێخ سەعید و دەیان کەس لە یارەکانی سزادران، و گوندە کوردییەکان سوتێندران. ئەم سەرکوتە خوێناوییە، کە هاوکات بوو لە تەک وێرانبوونی بەرفراوان و ئاوارەیی، نموونەیەک بوو بۆ وڵامی حکومەت لە ئاست سەرهەڵدانەکانی دواتر. له
ساڵی ١٩٣٠دا، سەرھەڵدانی ئاگری لە
ناوچەی ئاغری رووی دا کە بە سەرکردایەتی
ئیحسان نووری، ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆ بوو. ئەم سەرھەڵدانەش
بە توندوتیژییەکی زۆر سەرکوت کرا و هەزاران کەس کوژران یان ئاوارە بوون. دواتر، لە
ساڵانی ١٩٣٧-١٩٣٨دا، سەرھەڵدانی دەرسیم (ئێستا تونجەلی) بە سەرکردایەتی سەید رەزا پێکهات کە بوو بە یەکێک
لە سەرکوتەکانی خوێناوی لە مێژووی کۆمارەکەدا. دەوڵەت بە بۆردومانکردنی هەوایی، بەکارهێنانی گازی کیمیایی و کوشتاری بە کۆمەڵ، زیاتر لە ١٣,٠٠٠ کەسی کوشت و دەیان هەزار کەسی ئاوارە کرد. ئەم دەیانە کە بە
"دەیەکانی کوشتن و سەرھەڵدان" ناسراون، نیشاندەری چەرخەیەک بوون لە بەرگریکردنی
کوردەکان و سەرکوتی دەوڵەت کە هەر جارە و بە توندوتیژی زیاتر دووبارە دەبوویەوە.
لە کۆتاییەکانی دەیەی ١٩٣٠یەوە بۆ دەیەکانی دواتر، ئەم چەرخە گٶڕا بە "دەیەکانی سەرکوت" ؛ سەردەمێک کە تێیدا سەرھەڵدانە
چەکدارییە گەورەکان کەمیان کرد، بەڵام فشارە سیستەماتیکەکان و خنکانە سیاسی-کولتوورییەکان توندتر بوون. دوای سەرھەڵدانی دەرسیم، دەوڵەتی
تورکیا سیاسەتی توندتری گرتەبەر بۆ رێگریکردن
لە دووبارەبوونەوەی سەرھەڵدانەکان. ناوچە کوردنشینەکان کەوتنە ژێر کۆنترۆڵی نیزامی، کۆچکردنی زۆرەملێ بۆ ناوچە تورک نشینەکان جێبەجێ کرا و دووچاوکی ئابووری بە مەبەستی لاوازکردنی کۆمەڵگە کوردەکان توندتر
کرا. لەم سەردەمەدا، ئەگەرچى سەرھەڵدانە بەربڵاوەکان کەمتر دیار بوون، بەڵام سەرکوت
بە شێوەیەکی رۆژانە و دامەزراوەیی لە ژیانی کوردەکاندا ئامادە بوو. چالاکانی کورد کە بەدوای مافە کولتووری یان سیاسییەکاندا بوون، دەستگیر، زیندانی دەکران یان
دوور دەخرانەوە و پارتییە کوردییەکان بەردەوام قەدەغە دەکران. ئەم خنکانە، کە چاوەدێری توند و سانسۆری لەگەڵ بوو، هەستی ناسێنەخوازی لە نێو کوردەکاندا نەک تەنیا نەکوژاندەوە،
بەڵکوو بە شێوەی ژێرزەوینی بەهێزتریش
بوو. لە دەیەکانی ١٩٥٠ و ١٩٦٠دا، سەرەڕای هێندێک کرانەوەی
سنووردار لە سیاسەتی تورکیادا، وەک بە قانوونی ڕاگەیاندنی سیستمی فرە پارتی، کوردەکان هێشتا لە
مافە سەرەتاییەکان بێبەش بوون و هەر هەوڵێک بۆ خۆ رێکخستن رووبەڕووی سەرکوت دەبوو. ئەم دۆخە بناغەیەکی بۆ سەرهەڵدانی جووڵانەوە
کوردە مۆدێڕنترەکان، وەک پارتیی کرێکارانی کوردستان لە دەیەکانی دواتردا ئامادە کرد، ئەم
سەرکوتانە لە پێش کۆدەتای عەسکەری ١٩٨٠دا گەیشتە لووتکە. لە ساڵانی پێش کودەتا، تەنگژەکان لە ناوچە کوردنشینەکان بەهۆی گەشەکردنی
هۆشیاری سیاسی و چالاکییە چەپ ئاژۆیی و
کوردییەکان زیادی کردبوو، و حکوومەتەکانی پێش کودەتا کە لەگەڵ ناسەقامگیری سیاسی و ئابووری ملیان سوو بوو، کوردەکانیان وەک هەڕەشەیەکی دووفاقی دەبینی و سەرکوتیان توندتر کرد. کودەتای ١٢ی سێپتامبری ١٩٨٠، بە سەرکردایەتی ژەنەراڵ کەنعان ئێڤرەن،
خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە مێژووی سەرکوتی کوردەکان. دوای کودەتا، حکوومەتی نیزامی لە سەرتاسەری وڵات، بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵات، داندرا، هەزاران کەس، لە نێویاندا تێکۆشەرانی کورد، دەستگیر کران و کودەتا نەک تەنیا هەموو جوورە چالاکییەکی سیاسی کوردی غەیرە قانوونی کرد، بەڵکو بە ئێعدام، دوورخستنەوە و پاکسازی کولتووری، هەوڵی دا
هەموو نیشانەیەکی ناسێنەی کوردی لەناو ببا. ئەم سەرکوتە بەربڵاوە
کە هاوکات
بوو لەگەڵ لەناوبردنی گوندەکان و کۆچکردنی زۆرەملێ، شێوە و شێوازی دەیەکانی دواتری تێکۆشانی کوردەکان دیاری
کرد و نیشانی دا کە سیاسەتەکانی
خنکان و کوشتن، لە جیات چارەسەرکردنی دۆزی کورد، ئەو دۆزەیان قووڵتر و ئاڵۆزتر کردووە.
بزووتنەوەی ژنانی کورد و هاتنی ژنان بە شێوەی سەربەخۆ بۆ ناو کێشە ناسێنەخوازەکان
بزوتنەوەی ژنانی کورد لە سەردەمی کۆماری تورکیا دا، بەتایبەتی لە سالانی ١٩٧٠کاندا،
وەکوو بەشێک لە خەباتی بەربڵاوتری کوردەکان بە دژی ستەمی نەتەوایەتی و ستەمی
جێندری هەنگاوی گرینگی هەڵێناوە. لەو ناوە
دا دامەزرانی کۆمەڵەی ژنانی دێمۆکڕاتی شۆڕشگێڕ DDKADلە سالی ١٩٧٩ لە دیار بەکر خاڵێکی وەرچەرخان بوو کە ئەو
کۆمەڵەیەی کردە یەکەم ڕێکخراوی ڕەسمی ژنان لە تورکیا دا. بەر لەوە، لە ساڵی ١٩١٩ و
دامەزرانی " کۆمەڵەی تەعالی ژنان" ی کورد، ژنانی کورد نەیانتوانی بوو
سازمان دانی تۆکمە و سەربەخۆیان هەبێ و حەولە پەڕاگەندەکانیان زۆر جار لە ژێر سێبەری سەرکوتە دەوڵەتییەکان
یان ستروکتووری پابمەزنی کۆمەڵگە دا بزر ببوو و لەناو چوو بوو. بەڵام کۆمەڵەی
ژنانی کوردی دێمۆکڕاتی شۆڕشگێڕ بە ئامانجی بەرگری لە مافی ژنان، خەبات بەدژی
نابەرابەری جێندری و بەرەوپێشبردنی ئارمانە دێمۆکڕاتیک و شۆڕشگێڕانەکان و لە ژێر
کارتێکەری ئەنجومەنی کولتووری دێمۆکڕاتیکی شۆڕشگێڕ و بزووتنە چەپەکانی دەیەکانی
ساڵانی ١٩٧٠، هاتە مەیدانێ. ئەو کۆمەڵەیە بە لەدەوری یەک کۆ کردنەوەی ١٥٠ ئەندامی
سەرەتایی لە دیاربەکر،ژنانی گەنجی سازمان دا و بە وەڕێ خستنی خۆپیشاندان، وەکوو
ڕێپێوانی ساڵی ١٩٧٨ لە سیوەرەگ بە
ئامادەیی نزیک بە هەزار ژن و هەر وەها بۆنەی کولتووری تر، وەکوو ڕۆژی جیهانی ژنان لە
١٠-ی مارسی ١٩٧٩ بە بەشداری ٤٠٠ کەس، دەنگی ژنانی کوردی دوای سالانی ساڵ خامۆشی دیسان
و هەڵبەت بە ئامانجی خەباتی دوو لایەنە بەرز کردەوە ئەو کۆمەڵەیە لە لایەکەوە دژی
سەرکوتکرانی ناسێنەی کوردی لە لایەن دەوڵەتی کۆمارییەوە و لە لایەکی دیکەشەوە دژی
ستروکتوورە بابمەزنییەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردی دەستی بە خەبات کرد بەڵام ئەو حەولانە
بە کودەتای نیزامی ساڵی ١٩٨٠ ڕووبەڕووی ئالنگارییەکی گەورە هات. چالاکییەکانی ئەو
کۆمەڵەیە وەکوو دامەزراوەکانی دیکە پەکی کەوت و ئەندامەکانی، لەوانە هالیدە دوێندار
گیران و زیندانی کران.، زیندانی ژمارە ٥-ی دیاربەکر، کە لە نێوان ساڵانی ١٩٨٠ –
١٩٨٤ ببوو بە ناوەندێک بۆ ئەشکەنجەی دەرەوەی قانوون، ئەزموونێکی تاڵ بوو بۆ هالیدە
و ژنەکانی زیندانی دیکە. ئەشکەنجەی بەدەنی و ڕووحی، لەوانە زەبرو زەنگی جینسی و
سووکایەتی پێکردن، بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی ئەو ژنانە بوو، هالیدە دواتر بەشێک لە
چالاکییەکانی بەدژی سەرکوتی دەوڵەتی بە
دژی ژنانی کوردی گێڕایەوە کە لە زیندانی دیاربەکر دا و وەک بەشێک لە ئەشکەنجەی
جینسی لەتو کوتیان کرد، وبەشێک لە منداڵدان و تۆودانیان لە ئۆپپێڕاسیۆنێکی
نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی نیزامی زیندانی ژمارە
٥ی دیاربەکر لابرد
هالیدە دوێندار تێکۆشەری فێمینیست
هەوراز و نشێوی فێمینیزم لە تورکیا
جووڵانەوەی فێمینیزم لە تورکیا
دوای دامەزراندنی کۆمار لە ساڵی ١٩٢٣، وەک بەشێک لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی
ئەم وڵاتە، رێگەیەکی پڕ لە هەوراز و نشێوی بڕیوە. ریشەی ئەم جووڵانەوەیە دەگەڕێتەوە سەردەمی کۆتایی ئیمپراتۆری عوسمانی، کاتێک ژنان لە دەیەی
١٨٦٠ەوە لە گۆوارەکان و کۆمەڵەکاندا
ئامادە بوون و بۆ مافی وەک پەروەردە و یەکسانی
تێدەکۆشان؛ بەڵام بە دامەزراندنی کۆمار، فێمینیزم کەوتە ژێر
کاریگەری چاکسازییە کەمالیستییەکان و شێوەیەکی دەوڵەتی و ئاڕاستەکراوی پەیدا کرد.
مستەفا کەمال ئاتاتورک، دامەزرێنەری
کۆمار، بە مەبەستی مۆدێرنیزەکردن و رۆژئاواییکردنی کۆمەڵگە، هێندێک چاکسازی لە پێناو یەکسانی جێندری بەرەوپێش برد. قانوونی مەدەنی
ساڵی ١٩٢٦ فرەژنییەتی لەغو کرد و مافە مەدەنییەکانی ژنانی ڕاهێزاند، لە ساڵی ١٩٣٤ مافی دەنگدان و هەڵبژاردن بۆ ژنان بە ڕەسمییەت ناسرا. ئەم هەنگاوانە،لە ژێر ناوی "فێمینیزمی دەوڵەتی" بە دەیان ساڵ وەک نیشانەیەکی پێشکەوتنی ژنان لە تورکیا بانگەشەی بۆ دەکرا. لەم سەردەمەدا، دامەزراوی وەک یەکێتی ژنانی تورکیا پێکهاتن کە پردێک بوون لە نێوان جووڵانەوەی ژنانی عوسمانی و کۆمار دا، بەڵام لە ساڵی ١٩٣٥، حکوومەتی تاک-پارتی ئەم یەکێتییەی
بە بیانووی "گەیشتن بە یەکسانی تەواو" داخست و چالاکییە سەربەخۆکانی ژنانی سنووردار کرد. فێمینیزمی دەوڵەتی، ئەگەرچى دەستکەوتی وەک پەروەردە و پیشە گشتییەکانی بۆ ژنان هەبوو، بەڵام بەهۆی
سروشتی لە سەرەوە بۆ خوارەوەی، دەنگی
راستی ژنان، بە تایبەتی ژنانی کەمینەکانی، دەرنەدەبڕی و زیاتر لە خزمەت
پرۆژەی نەتەوەسازی تورک-تەوەرە دا بوو.سەرەڕای ئەوە، دوای بە دەیان ساڵ سەرکوت و دەستەوەستانی، جووڵانەوەی فێمینیزم لە دەیەی ١٩٧٠دا بە سەرهەڵێنانی "جووڵانەوەی نوێی ژنان" زیندوو بووەوە. رێکخراوی
ژنانی پێشڕەو لە ساڵی ١٩٧٥ بە تەرکیز لەسەر گیروگرفتەکانی ژنانی کرێکار، ئیدێئۆلۆژی فەرمی یەکسانییەتی خستە بەر ئالنگاری. بەڵام کودەتای
١٩٨٠ جارێکی دیکە ئەم هەوڵانەی سەرکوت
کرد و زۆرێک لە چالاکانی ناچار بە کۆچکردن
کرد، بەڵام دوای کۆتایی کودەتا و لە دەیەکانی ١٩٨٠ و ١٩٩٠دا، فێمینیزم بە بۆچوونی جۆراوجۆرترەوە سەری هەڵێناوە و ئەمجارە تەرکیزی زیاتری لەسەر کێشەکانی توندوتیژیی خێزانی، هەژاری، پەروەردە و نوێنەرایەتی سیاسی ژنان
بوو. بەڵام هێشتا بۆشاییەکی گەورە هەبوو لەو ناوە دا، چونکە ژنانی کەمایەتییە نەتەوەیی، جینسی و
ئایینییەکان هێشتا بۆ دەربڕینی خۆیان و کێشەکانیان ئاستەنگییان لە بەربوو، و جووڵانەوەی فێمینیزمی سەردەست زۆرجار ئەم کێشانەی
پشتگوێ دەخست و ئەوانی وەک بەشێک لە
"نەتەوەی یەکپارچەی تورک" دەناساند، لە کاتێکدا کە هیچ لای لەو بەرتەنگییە سیاسی و
کولتووریانە نەدەکردەوە کە بە دژی ئەوان لە گۆڕێ دابوو.
ئۆفیسی گۆواری ڕۆزا - ژووژین
ئۆفیسی گۆوارو ئەندامانی دەستەی نووسەرانی گۆواری ڕۆزا لە ئەستەنبووڵ
دەنگدانەوەی خەبەری دەستدرێژی حکوومەتی بۆ سەر شوکران ئایدین لە بڵاو کراوە فێمێنیستیی بازارتەسی دا
لە ساڵی
١٩٨٦ دا هالیدە دوێندار دوای بەربوون لە زیندانی دیار بەکر هاتە ئەستەنبووڵ و
لەگەڵ دەستەیەک لە ژنان گۆوارێکی بڵاو کردەوە بە ناوی رۆزا - ژووژین ناوەرۆکی بە پێچەوانەی چاپەمەنی
ژنانی ئەو سەوبەندی، نەک لە مەڕ ژنانی تورکی سەر بە چینی ناوەڕاستی شاری نەبوو بەڵکوو
زیاتر لە مەڕ ژنانی پەراوێز خراو و کەمایەتییەکان بوو. هەر ئەوە بووە هۆی ئەوە کە
لە ماوەیەکی کورت دا ئۆفیسی پچووکی ئەو گۆوارە بوو بە شوێنی کۆبوونەوەی چالاکانی
ژنانی ئەرمەنی، عەڕەبەکانی دانیشتووی ئەستەنبووڵ و پارێزەرانی مافی ترانسەکان و
نووسراوەکانی ئەو گۆوارە ئێترشێکسنالیتی ستەمی ناسێنەیی و ستەمی جێندری ئەو سەرو
بەند وتورکیای وەبەر دەگرت و دەرفەتی بڵاو بوونەوەی پەیدا کرد.
بە میدیایی کردنی دۆسیەی دەستدرێژی حکوومەتی بەرامبەر بە شوکران ئایدین
لە یەکێک لە پاسگاکانی دەوڵەتی لە
شاری کوردنشینی مێردین لە لایەن رۆژنامەنووسەکانی
گۆڤاری رۆزا، رەهەندی نوێی دا بە یەکگرتنی بەشێک لە بەدەنەی جووڵانەوەی فێمێنیستی تورکیا لەگەڵ ژنانی کەمینەکان. دەنگدانەوەی هەواڵەکانی دەستدرێژی دەوڵەتی بۆ سەر
شوکران ئایدین لە گۆڤاری پازارتەسی،
یەکێک لە بڵاوکراوە فێمێنیستییە تورکەکان لەو
سەرو بەندی
دا و بە دوای دادگایی ئاشکرای ئەم رووداوە و بە دەستەوەگرتنی دۆسیەی شوکران
ئایدین لە لایەن پارێزەرانی رێکخراوە
نێونەتەوەییەکانی
مافی مرۆڤ، شەپۆلێک لە گێڕانەوەکانی ئازاری سێکسی و دەستدرێژییە
حکوومەتییەکان لە زیندانەکان لە لایەن ژنانی زیندانی سیاسییەوە وە ڕوو خران تا پێش ئەم
رووداوە، لە دۆخی خنکانە سیاسییەکاندا هیچ ژنێک دەرفەتی دەربڕینی ئەزموونی هاوشێوەی
ئەوەی کە لە لایەن شوکران ئایدین و بە رێگەی رۆژنامەنووسە ژنە کوردەکانەوە ئاشکرا
ببوو، نەببوو، بۆیە بڵاوکردنەوەی
گێڕانەوەکان سەرنجی زۆرێک لە چالاکانی
مافی ژنان لە تورکیای بەرەو لای خۆی ڕاکێشا.
وتووێژی ڕۆژنامەنووسانی تورک لەگەڵ زیندانییە سیاسییە ژنەکان و ئەندامانی دەستەی نووسەرانی گۆواری رۆزا و ڕووماڵ کردنی ڕیوایەتی ئەوان. گۆەاری کاکتوس
کەمپەینی ڕەش پۆشان
کەمپەینی"سیاپۆشان " (Siyah Eylem) یان "هەنگاوی ڕەش" لە ساڵی ١٩٨٩، یەکێک لە کردەوە فێمێنیستییە بەرچاوەکانی تورکیا بوو کە وەک وڵامێکی راستەوخۆ بەرانبەر توندوتیژی لە زیندانەکان پێکهات و بوو بە نیشانەیەکی
یەکگرتنی ژنان دژ بە سەرکوتی دەوڵەتی. ئەم
کەمپەینە لە لایەن دەستەی کۆلێکتیڤی فێمێنیست سۆسیالیست را رێکخرا کە ریشەی لە پڕۆتێست بە دژی دۆخی نامرۆیی زیندانەکان دا بوو، بە تایبەتی دوای ئەو ڕاپۆرتانەی کە سەبارەت بە ئەشکەنجە و ئازاری سێکسی ژنانی زیندانی سیاسی،
لەوانە ژنانی کورد، کە لە زیندانی وەک
زیندانی ژمارە پێنجی دیاربەکر دا گیرابوون.
بیرۆکەی سەرەکی ئەم کردەوەیە لە سادەیی و هێزە ڕەمزییەکەیەوە سەرچاوەی گرتبوو: ژنان بە پۆشینی جلکی ڕەش و
کۆبوونەوە لە شەقامەکان، بێدەنگی خۆیان کردە هاواری بێدەنگ
دژ بە توندوتیژی حکوومەتی. لە
٩ی ئووتی ١٩٨٩، دوای بە مانگان پلاندانان لە کۆبوونەوە نهێنییەکانی فێمێنیستەکان دا، ژنان بە جلکی ڕەش لە مەیدانی جاغالئۆغڵو لە ئەستەنبووڵ لەسەر زەوی درێژ بوون و بە رێبەندان ناڕەزایەتی خۆیان ئاشکرا کرد. ئەم
حەڕەکەتە
بە خێرایی تەنییەوە بۆ شارەکانی دیکە، وەک ئانکارا و
ئیزمیر. ژنانی بەشداربوو لەم کردەوەیە دا نەک تەنیا بەرامبەر توندوتیژی
لە زیندانەکان، بەڵکوو بەرامبەر بەسەرکوتی بەربڵاوی مافەکانی ژنان و کەمینەکان ناڕەزایەتییان
دەربڕی. ئەم کەمپەینە لە ئەزموونەکانی ژنانی زیندانی، بە تایبەتی ئەوانەی کە لە دەیەی ١٩٨٠ بە تۆمەتی
چالاکی سیاسی گیرا بوون، ئیلهامی وەرگرتبوو؛ ژنانێک کە لە ئاست ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی، لەوانە کوتەک و دەستدرێژی و سووکایەتی پێکران، بەرگەیان گرتبوو و دەنگیان لە دۆخی خنکانە سیاسییەکانی ئەو سەردەمەدا نەدە بیسترا.
ئەو حەڕەکەتە ، کە لە سەرەتادا بە
بەشداریی چەند دە کەس دەستی پێ کرد، بەرەبەرە سەرنجی بە سەدان کەسی
ڕاکێشا و لە هێندێک لە کۆبوونەوەکاندا، ژمارەی بەشداران گەیشتە
زیاتر لە ٥٠٠ کەس. ژنانی سیاپۆش لە شەقامە ناوەندییەکانی شارەکان ڕێپێوانیان کرد، ئەو پڵاکاردانەی بە دەستیانەوە بوو دروشمی وەک "توندوتیژی دژ بە ژنان بوەستێنن" و "دەرگەی زیندانەکان بکەنەوە" لە سەر نووسرا بوو و بە وەستان لە بێدەنگیدا، هێزی ئامادەبوونی خۆیان نیشان دا. حکوومەتی ئەو کاتە، کە هێشتا لە ژێر کاریگەری
زێهنییەتی
نیزامی کودەتا دا
بوو، ئەم کۆبوونەوانەی بە غەیرە قانوونی ڕاگەیاند و لە چەند حاڵەتدا، پۆلیس بە توندوتیژی هێرشی
کردە سەر ژنان و ژمارەیەکی گرتن. بەڵام
ئەم سەرکوتە نەیتوانی کەمپەینەکە بکوژێنێتەوە؛
بە پێچەوانەوە، سەرنجی میدیاکانی سەربەخۆ، وەک ڕۆژنامە چەپەکان و بڵاوکراوە فێمینیستییەکانی، بەرەولای خۆی ڕاکێشا و باسی بەکار هێنانی زەبروزەنگ وتوندوتیژیدەوڵەتی هێنا ناو کۆمەڵگە.
کەمپەینی سیا پۆشان هەروەها بە خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی فێمینیزمی تورکیا دەژمێردرێ، چونکە بۆ یەکەمجار دوای کودەتا، ژنان لە توێژە جۆراوجۆرەکان و بە ناسێنەی جۆربەجۆرەوە ،
دەناویان دا کوردەکان و تورکەکان،
لە تەنیشت یەک ڕاوەستان و نیشانیان دا
کە تێکۆشانیان تەنیا لە پێناوی یەکسانی جێندری
سنووردار نییە، بەڵکو لە عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و مافەکانی مرۆڤ گرێ دراوە.
کاریگەری ئەم کەمپەینە لە سەردەمەکەیەوە زیاتر چوو و سەرچاوەی ئیلھام بوو بۆ جوڵانەوەکانی دواتر. بۆ نموونە، ئەزموونەکانی ژنانی سیاپۆش لە بەکارهێنانی
نیشانەکان و ناڕەزایەتی دەربڕین لە شەقامەکان دواتر لە کەمپەینەکانی وەک "دەرزی بنەوش " (Mor İğne) لە دەیەی ١٩٩٠دا کە دژ بە ئازاری سێکسی لە شەقامەکان
بوو، دەرکەوتەوە. ئەم کردەوەیە لە لایەن چالاکانی مافی
ژنانەوە وەک خاڵێک بۆ وشیاریی فێمێنیستەکان وەسف کرا کە نیشانی دا ژنان دەتوانن بە ئامرازە سادەکان،
بەڵام بەهێز، پێکهاتە سەرکوتکەرەکان
بەرپەرچ بدەنەوە. کەمپەینی سیاپۆشان هەروەها بە ژنانی کورد، کە دوای سەرکوتی ساڵی
١٩٨٠ دەنگیان کوژابوویەوە، دەرفەتێکی دا کە ئەزموونەکانی زیندان و بەرگریکردنیان بەش بکەن و لەگەڵ فێمێنیستە تورکەکان پێوەندی
دروست بکەن. ئەم هاوپێوەندییە، ئەگەرچى لاواز
بوو، بناغەیەکی بۆ هاوکارییەکانی دواتر دروست کرد و نیشانی دا کە فێمینیزم لە تورکیا
دەتوانێ لە چوارچێوەی سنوورداری فێمینیزمی دەوڵەتی دەیەکانی
پێشوو دەربچێ و ببێ بە دەنگێکی بەربڵاوتر و ئەوە بوو بە سەرەتایەک بۆ حەڕەکەتی ناڕەزایەتی ژنان
لە دەوری دژایەتی
شەڕ و لە پێناوی ئاشتی دا.بەیانییەی چاپەمەنی کەمپەینی سیاپۆشان: ئێمە ژنان، وەک جێندرێک کە بە سەدان ساڵ
رووبەڕووی توندوتیژی بووینەتەوە، ناتوانین بەرامبەر توندوتیژییەکانی کە دەوڵەت دەیکا خەمسار بین. ئێمە لە تەنیشت ئەو کەسانە ڕاوەستاوین
کە لە زیندانەکان دا خۆڕاگرییان کردووە.
نموونەیەک لەو تڕاکتانەی کە لە لایەن ئەندامانی ئەو کەمپەینە و بە مەبەستی ئاگادارکردنی گشتی لە کۆڵان و خیابانان لەناو خەڵک بڵاو دەکرایەوە
کەمپەینی توخونی دۆستم مەکەوە!
کەمپەینی "
توخونی دۆستم مەکەوە!" Arkadaşima Dokunma) (یەکێک لە جوڵانەوە فێمینیستی و مەدەنییە کاریگەرەکانی تورکیا بوو کە لە
ساڵانی نەوەدەکاندا، وەک وڵامێک لە هەمبەر
شەڕ،
ناسیۆنالیزم، و ڕەگەزپەرستی، بەتایبەتی لە بەستێنی تێکهەڵجوونەکانی کورد_تورکی
دا، پێکهات
و ژنانی کەمایەتییە جۆراوجۆرەکانی لە دەوری یەک کۆکردەوە بۆ بەرگری لە هاوپشتیی ئینسانی. ئەو کەمپەینە ڕیشەی لە
پڕۆتێستە پەڕاگەندەکانی ساڵانی حەفتاکاندا بوو، ئەو کاتەی کە گرووپە چەپەکان و چالاکانی مافی مرۆڤ دژی
سەرکوتکردنی کوردەکان هەڵوێستیان
گرت،بەڵام
لە ساڵانی نەوەدەکاندا،بە گەرمبوونی شەڕ لە باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا و وێرانکردنی گوندە کوردییەکان،
بە شێوەیەکی رێکخراوتر
ژیایەوە. بیرۆکەی سەرەکی ئەو جوڵانەوەیە لە دروشمێکی سادە
بەڵام بەهێزەوە سەرچاوەی گرتبوو:
" توخونی دۆستم مەکەوە!" کە بە مانای بەرگری لە مرۆڤایەتی لە
هەمبەر توندوتیژی و دووچاوکی دا بوو. ژنانی کورد و تورک، کە هەر دووک لا لە ئەنجامەکانی شەڕ ئازاریان دەچێشت—یەکێکیان لە ئاوارەیی و
سەرکوت، و ئەوی تریان لە پڕوپاگەندەی ناسیۆنالیستی کە کۆمەڵگەی کردبووە دوو بەش—لەو کەمپەینە
دا شان بە شانی یەکتری ڕاوەستان تا نیشان بدەن کە دەتوانن لە دەرەوەی سنوورە ئێتنیکییەکان یەک بگرن. کەمپەینەکە سەرەتا بە کۆبوونەوەی بچووک لە ئەستەنبووڵ و دیاربەکر دەستی پێکرد و بەرە بەرە بوو بە جوڵانەوەیەکی سەرتاسەری کە سەدان کەسی کێشایە سەر شەقامەکان.
ئەو کەمپەینە لە جەنگەی گەرمبوونی پێکدادانە
چەکدارییەکان لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و پارتیی کرێکارانی کوردستان (PKK) پێکهات، ئەو دەمەی کە ئۆپێراسیۆنە نیزامییەکان لە ناوچە کوردنشینەکان ببوونە هۆی ئاوارەبوونی هەزاران کەس، کوشتاری خەڵکی مەدەنی، و پێشێلکاریی بەربڵاوی مافی مرۆڤ. ژنانی بەشداربوو لەم کەمپەینە دا بە رێگەی ڕێکخستنی ڕێپێوان، تەحەسون، و بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی ئەوتۆی کە داوای کۆتایی هاتنی شەڕ و رێزگرتن لە مافەکانی هەموو هاووڵاتیان بوو، هەوڵیان دا دەنگی ئاشتیخوازی بەرز بکەنەوە. لە یەکێک لە
کۆبوونەوە بە ناوبانگەکانی ساڵی ١٩٩٥دا، ژنان لە مەیدانی
تەقسیم لە ئەستەنبووڵ کۆبوونەوە و بە بەدەستەوەگرتنی وێنەی قوربانیانی شەڕ، لەنێویاندا دایکانێک کە منداڵەکانیان لە دەست دابوو، دروشمی "شەڕ بەسە"یان بەرز کردەوە. ئەم جوڵانەوەیە رووبەڕووی وڵامێکی توندی حکوومەت بووەوە؛
پۆلیس چەندین جار هێرشی کردە سەر کۆبوونەوەکان و بە دەیان کەسی گرت، بەڵام ئەم سەرکوتە نەیتوانی ئیرادەی ژنان بشکێنێ . چالاکانی وەک ییلدیز ئوێموێر، کە یەکێک لە کەسایەتییە
سەرەکییەکانی ئەم کەمپەینە بوو، دەڵێ کە ئەم حەڕەکەتە نەک تەنیا دژی شەڕ، بەڵکو دژی نژادپەرستییەک بوو کە کوردەکانی وەک "دوژمنی ناوخۆیی" دەناساند ، و ناسیۆنالیزمێک کە ژنانی بانگ
دەکرد بۆ بێدەنگی و دەستەوەستانی.
کەمپەینی "توخونی دۆستم مەکەوە!" هەروەها وەک پردێکی پێوەندی لە نێوان فێمینیستە کورد و تورکەکان هەڵدەسووڕا. ژنانی کورد، کە ئەزموونی سەرکوتی ناسێنە و توندوتیژی دەوڵەتییان هەبوو، لەگەڵ فێمێنیستە تورکەکان کە دژی بابمەزنی و نایەکسانی خەباتیان دەکرد، یەک دەنگ بوون و نیشانیان دا کە دووچاوکی جێندری و ئێتنیکی ڕیشەی هاوبەشیان هەیە. ئەو هاوپێوەندی و هاوپشتییە لەو بەیاننامانەی دا کە بڵاو دەکرانەوە دیار بوو؛ بۆ نموونە،
لە یەکێک لە بەیاننامەکاندا هاتبوو: "ئێمە دایک، خوشک، و دۆستین؛ شەڕ نەک تەنیا ماڵەکانمان وێران دەکا، بەڵکوو هەڕەشە لە ئینسان بوونیشمان دەکا." ئەم کەمپەینە
هەر وەها سەرنجی نێونەتەوەییشی ڕاکێشا و گرووپەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ، وەک ئەمنستی ئینترناشناڵ، پشتیوانییان لێ کرد و هێندێک راپۆرتیان سەبارەت بە توندوتیژی دژی خەڵکی مەدەنی لە تورکیا بڵاو کردەوە. کاریگەری ئەم جوڵانەوەیە
لە دەیەکانی دواتردا هەر بەردەوام بوو؛ بە جۆرێک کە لە ساڵانی ٢٠٠٠، گرووپی وەک دایکانی ئاشتی (Barış Anneleri) ئیلهام یان لێ وەرگرت و داوای کۆتایی دان بە تێکهەڵچوونەکان کرد.
بەرپرسانی
کەمپەینەکە کە لەلایەن دەوڵەتەوە گیرابوون و بۆ ماوەی درێژ لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرا بوو بە تۆمەتی هاوکاریان لەگەڵ PKK دادگایی کران، لە دانیشتنی دادگە دا فێمێنیستە ناسیۆنالیستەکان وەک چاوەدێر ئامادە بوون و کاتێک ژنە کوردەکان بەرگرییان لە خۆیان دەکرد، بە قاوە قاو و دەنگ بەرزکردنەوە نەزمی دادگەیان تێک
دەدا. لە درێژەی بە ساڵان هەوڵی بەردەوام بۆ بیستنی دەنگە بزربوو و لە
پەراوێزخراوەکان لە ساڵانی ١٩٩٠ تا ٢٠٠٠ەکان، کەمپەین
،
خۆپیشاندانی سەر شەقام ، و هەوڵی پچڕپچڕی تر پێکهاتن، لەنێویاندا کەمپەینێک کە ناوی
" ژنەکان بەرەو یەکتری
بە ڕێدا دەڕۆن" کە بریتی بوو لە
سەفەرێکی بە کۆمەڵ و تێیدا گرووپێک لە ژنان بە شێوەی کاروانێک لە ئەستەنبووڵەوە بەرەو باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا وەڕێ کەوتن، لە رێگەدا لەگەڵ ژنانی شارەکان و گوندەکان دیداریان کردو نامەکانی ئەوانیان کۆکردەوە و لەسەر بنەمای ئەو نامانە راپۆرتێکی
گشتگیریان لە ئەزموونی ژیانی ژنان
ئامادەکرد بۆ تێگەیشتنی
دوولایەنە و بەهێزکردنی دەنگی ئەوانەی کە لە پەراوێزدان لە بەرامبەر گێر
و گرفتە کۆمەڵایەتی، کولتووری، و سیاسییەکان. پنار سەلەک، یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەم کەمپەینە، ئەم حەڕەکەتە نەک وەک پرۆتێستێکی کلاسیک، بەڵکو وەک هەوڵێک بۆ «هاودڵی و تێگەیشتنی دوولایەنەلە نێوان ژنان" وەسف کرد و
گوتی:بە درێژایی ڕێگا، نامەکان کۆبوونەوە سەر یەک، قسەکان کۆکرانەوە، و شەوانە وەک ڕاپۆرت ئامادەکران. نزیکەی پازدە
هەزار نامە کۆکرایەوە. بۆیە، پازدە هەزار ژن لەو کارە دا بەشداربوون. شێوازی بەشداریکردن زۆر گرینگ بوو (...) چونکە ژنان بەبێ ناوەندگیری خۆیان پێناسە کرد. قسەیان بۆ توێژەران نەکرد، بەڵکوو لەگەڵ یەکدی دوان
گیروگرفتەکانیان لەگەڵ یەک بەش کرد. ئێمە لەم
رووداوەدا هەڵوێستی ڕوونی خۆمان بە دژی توندوتیژی و هەروەها داوای
ئاشتی لە چوارچێوەی فێمێنیستیدا دەربڕی.
دانیشتنی دادگایی کردنی بەڕێوەبەرانی کەمپەین کە لە لایەن دەوڵەتەوە گیرا بوون و بۆ ماوەی درێژ لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرا و بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ پ.ک.ک کێشرانە دادگە.لە لایەکی دیکەی ئەو هۆڵە فێمێنیستە نەتەوەییەکانی تورک دانیشتبوون وکاتێک ئەو ژنانە بەرگرییان لەخۆیان دەکرد بە قاوە قاوە و قیڕە و هەرا نەزمی دادگەیان دەشێواند.
دەستپێشخەری ژنان لە پێناوی ئاشتی دا
لە ساڵی ٢٠٠٩ و لە ئاکامی دەیان ساڵ تێکۆشانی پێداگرانە لە پێناو ئاشتی دا
یەکێک لە گرینگترین حەولەکانی فێمینیستی بۆ ئاشتی و کۆتایی هێنان بە تێکهەڵچوونی
چەکدارانە، بە تایبەتی لە ناوچەی کوردستان بە دەستپێشخەری ژنانی کورد وە ڕێ کەوت
کە تێیدا ژنانێکی سەر بە کەمایەتییەکان و ناسێنەی جۆر بەجۆر لە دەوری یەک کۆ
کردەوە. ئەو بزووتنەوەیە لە بەستێنێک دا مەیی کە دەیان شەڕ لە نێوان دەوڵەتی
تورکیا و پ.ک.ک بە هەزاران قوربانی لێ کەوتبووەوە و ببووە هۆی دەربەدەری و
وێرانی. Bariş Için Kadin
Girişimî(BIKG) بە دانانی ژنان لە چەقی پێواژۆی ئاشتی دا ،
داوای ڕاگیرانی توندو تیژی، چاککردنەوەی کۆمەڵایەتی و بەشداری چالاکانەی ژنانی کرد لە موزاکەرەکان
دا. ئەو گرووپە کە لە چالاکانی فێمینیست، دایکانی قوربانییەکانی شەڕ و ژنانی کورد
و تورک پێک هاتبوو، چالاکی خۆی بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی پچوک لە ئەستەنبووڵ و
دیاربەکر دەست پێ کرد و خێرا بوو بە تۆڕێکی سەرتاسەری کە سەدان کەسی وەبەر دەگرت.
ئیدەی سەرەکی ئەو دەستپێشخەرییە لەوە دەهات
کە ئاشتی بە بێ بیستنی دەنگی ژنان کە سەدەمەی هەری زۆریان لە شەڕ دیوە – لە
ئاوارەیی و لە دەستدانی ئازیزانەوە بگرە تا هەژاری و زەبروزەنگی جینسی – مومکین
نییە.
BIKG لە ساڵە
بەراییەکانی چالاکییەکانی بە بڵاو کردنەوەی هێندێک ڕاپۆرت وەکوو " ڕاپۆرتی
پێواژۆی ئاشتی" لە ساڵی ٢٠١٣، کە ئەزموونی ژنانی لە
ناوچە شەڕلێدراوکان بەڵگەمەند کرد، حەولی دا سەرنجی کۆمەڵگە و سیاسەت دانەران
بەرەو ڕەنجە شاراوەکانی شەڕ ڕاکێشێ. ئەو ڕاپۆرتانە ، کە لە سەر بنەمای وتوێژی
مەیدانی لە شاری وەکوو دیاربەکر و وان
ئامادە کرا بوون، نیشانی دەدا کە ژنان نەک هەر قوربانی شەڕن، بەڵکوو دەتوانن بە داوای کۆنکرێت، وەکوو چاککردنەوە و بەرانبەری
جێندری، یارمەتی بکەن بە سازکردنی ئاشتی.
لە لووتکەی موزاکەرەکانی ئاشتی لە نێوان دەوڵەت و پ.ک.ک لە ساڵی ٢٠١٣ دا ئەو گرووپە بە سازدانی
کۆنفڕانسی وەکوو " ژنان لە پێواژۆی ئاشتی دا دەوری چالاک دەگێڕن" لە زانکۆی بۆغازئیچی لە٤-ی مەی ٢٠١٣، دەنگی
ژنانی گەیاندە وتوێژکاران و داوای ئامادەیی ڕەسمی کرد لە دەوری
مێزی موزاکەرەکان. ئەو کۆنفڕانسە کە بە ئامادەبوونی ٢٠٠ ژن لە سەرتاسەری تورکیا بەڕێوەچوو و تێێدا کەسانی وەک یاکن ئەرتورک
قسەیان کرد، بەیانییەیەکی بڵاو کردەوە کەئاشتی بە زیاتر لە ئاگر بەست دەناساند و
عەداڵەتی کۆمەڵایەتی دا دەگرتەوە. لە دوای شکانی موزاکەرەکان لە ساڵی ٢٠١٥ و
توندتربوونی تێکهەڵچوونەکان ، BIKG هێندێک
ڕاپۆرتی بڵاو کردەوە بە ناوی " ڕاپۆرتی وێرانییەکان" کە تێیدا کارەساتی
وەک جزرێ ی بەڵگەمەند کرد و داوای لێکۆڵینەوەی نێونەتەوەیی کرد لەو بارەیەوە.
ئەو دەستپێشخەرییە هەر وەها بە کەمپەینی سەر جادە و کۆڵان و چالاکی ڕەمزی، وەکوو
کۆبوونەوە بە جلوبەرگی سپی بە نیشانەی ئاشتی، حەولی دا کار لە سەر بیروڕای گشتی بکا. لە ساڵی
٢٠١٤، کۆنفڕانسی " ڕاستی کێیە؟ لە
ڕۆژی جیهانی ژن ( ٨-ی مارس) دا بەڕێوە چوو کە بەسەرهاتی ژنانی کورد و تورکی هێنا
لای یەک و پێشنیاری " کۆمیسیۆنی ڕاستی دۆزینەوەی ژنان" ی هێنا گۆڕێ. ئەو
حەرەکەتە، کە ڕووبەڕووی فشاری دەوڵەت و گیرانی هێندێک لە ئەندامانی دەستثێشخەری
هات سەلماندی کە ژنان دەتوانن بە بەڵگەمەند کردن و بەرخوەدان، لە ڕوانگەیەکی
ئینسانییەوە ئاشتی بناسێننەوە. چالاکییەکانی BIKG نەک هەر
لە پێناو ژنانی کورد، بەڵکوو بۆ کەمایەتییەکانی دیکە و دەستە زوڵملێکراوەکانیش
بوو، لە وانە ئەرمەنییەکان و ئێلجی بی
تییەکان. و فەزایەکی بۆ هاوکاری ڕەخساند. BIGK یان
دەستپێشخەری ژنان بۆ ئاشتی هەر وەها لە
ئاستی پارڵمانیش دا چالاکی هەبوو و لە ٢٠-ی ژوەنی ٢٠١٣ لە دانیشتنی کۆمیسیۆنی پێواژۆی ئاشتی مەجلیسی تورکیا دا
ئامادە بوو و چاوەدێرییەکانی خۆی پێشکێش
کرد. لەو دانیشتنە دا ئەندامانی BIGK ڕەخنەیان گرت لە نەبوونی چوارچێوەی قانوونی بۆ
پێواژۆی ئاشتی و کەمبوونی نوێنەرایەتی ژنان ( تەنیا ١٢ ژن لە ناو ٦٣ ئەندامی
کۆمیتەی عاقڵمەندان دا هەبوون( و داوای چاکسازییان کرد.
دوای ڕێپێوانی ناڕەزایەتی دژی سیاسەتە شەرخوازانەکانی دەوڵەت،،٢٠١٥ ئەستەنبووڵ مەیدانی گالاتاسەرای لەگەڵ گرووپی دەستپێشخەری ژنان لە پێناوی ئاشتی
دایکانی ئاشتی
"دایکانی ئاشتی " (Dayikên Aşitiyê) لە ساڵانی
١٩٩٠ەوە وەک ئەو دایکانەی کە منداڵەکانیان لە شەڕە چەکدارییەکانی نێوان دەوڵەتی تورکیا
و پارتیی کرێکارانی کوردستان (PKK)
کوژراون، بریندار بوون یان بێسەروشوێن بوون، دەستیان بە چالاکی کرد. ئەم بزووتنەوەیە
کە بەشێوەی سەرەکی لە دایکانی کورد پێکهاتووە، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕ، پەرەپێدانی
ئاشتی و داواکردنی دادپەروەری بۆ قوربانیان دروست بووە و بەرەبەرە بووەتە یەکێک لە سەمبولەکانی بەرگریکردنی مەدەنی و
ئاشتیخوازی لە تورکیا. دایکانی ئاشتی لە سەرەتاوە بە بەستنی کۆبوونەوە،
خۆپێشاندان و کۆنفرانسان هەوڵیان دا کە دەنگی دایکانی جەرگ سووتاو بگەیەننە کۆمەڵگە و سیاسەتدانەران و لە رێگەی ئەم
چالاکیانەوە پێوەندییەکی قووڵ لە نێوان ئەزموونە
کەسییەکان و تێکۆشانی بە
کۆمەڵ و هەرەوەزی لە پێناوی ئاشتی دروست بکەن. یەکەم کۆنفرانسی گرینگی ئەوان لە ساڵی ١٩٩٩ لە دیاربەکر بەسترا، کاتێک نزیکەی
٢٠٠ دایک، چالاکانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسان کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کارتێکەری شەڕ لەسەر ژنان و منداڵان. ئەم ڕووداوە کە بە ناوی
"کۆنفرانسی ئاشتی دایکان" ناسرا، بە بەشداری دایکانی شارە کوردنشینەکانی وەکوو وان، باتمان و مێردین رێک خرا و بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە داوای ئاگربەستی
دەستبەجێ و دەستپێکردنی گفتوگۆی ئاشتی دەکرد. ئەم کۆنفرانسە لەگەڵ فشاری حکوومەت رووبەڕوو بووەوە
و چەندین کەس لەوانەی لە کۆنفڕانسەکە دا ئامادە بوون پاش کۆتاییهاتنی کۆنفرانسەکە گیران، بەڵام پەیامەکەی لە میدیاکانی ناوچەیی دا بڵاوکرایەوە و سەرنجی خەڵکی بەرەو ئازاری دایکان ڕاکێشا. لە ساڵی ٢٠٠٤، کۆنفرانسێکی دیکە لە ئەستەنبووڵ بە ناوی "دایکان بۆ ئاشتی و عەداڵەت" بەسترا کە دایکانی کورد و تورک و هەروەها نوێنەرانی
رێکخراوە نێونەتەوەییەکان وەک (Amnesty International) یش
لەو کۆنفرانسەدا
بەشدارییان کرد. ئەم ڕووداوە کە لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی زانکۆی بیلگی ئەستەنبووڵ بەسترا، بە نماندنی فیلمێکی کورت لەسەر ژیانی رۆژانە لە ناوچە شەڕلێدراوەکان و خوێندنەوەی بەیاننامەی کۆتایی، داوای لە حکوومەتی
تورکیا کرد کە پەیماننامە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ رەچاو بکا.
چالاکی ئەو دایکانە و بەستنی کۆبوونەوە و کۆنفرانسان بۆ ئاشتی لە ساڵانی ٢٠١٠ تا ٢٠٢٣ لە شارەکانی وەک ئەستەنبووڵ و ئانکارا بەردەوام بوو. جگە لەوە، لە
ماوەی ساڵانی ١٩٩٩ تا ٢٠١٣، چەند
شاندی دایکانی ئاشتی دووجار بۆ گفتوگۆ لەگەڵ فەرماندە مەیدانی و گریلاکان (جەنگاوەرە کوردەکان) سەردانی چیای قەندیلیان کرد بۆ ئەوەی داوایان لێ بکەن کە بە قبووڵکردنی ئاگربەس دەست لە شەڕی چەکداری
هەڵگرن،ئەگەرچی حکوومەتی ئەو کاتە هەموو جارێ ئەو سەفەرانەی بە ناقانوونی ڕاگەیاند و لە کاتی گەڕانەوەیاندا ژمارەیەک لە دایکانی بۆ ماوەیەکی کاتی گرت، لەگەڵ
ئەوەشدا، ئەم سەردانانە کاریگەرییەکی سەمبولیکی گەورەیان هەبوو و لە میدیاکاندا وەک
هەوڵێکی بوێرانە بۆ ئاشتی ڕووماڵ
کران.
کۆنفڕانسی دایکان ئاشتییان دەوێ. ساڵی ٢٠٢٠ لە ئەستەنبووڵ
"بزووتنەوەی دیموکراتی ئازادی ژنان (DÖKH)”، " کۆنگرەی ئازادیی
ژنان"(KJA
)، و " کۆنگرەی ژنانی ئازاد" (TJA)
ئەم سێ رێکخراوە، کە لە بنەڕەتدا ڕەچەڵەکێکی هاوبەشیان هەیە، لە گرینگترین رێکخراوەکانی ژنانی کورد لە تورکیان کە لە چەندین
دەیەی ئەم دواییەدا رۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە تێکۆشان دا بۆ مافەکانی ژنان، یەکسانیی جێندری، و ئاشتی لە چوارچێوەی
بزووتنەوەیەکی بەرفراوانی کوردەکان. ئەم رێکخراوانە، کە ڕیشەیان لە ئێدێئۆلۆژی عەبدوڵا ئۆێجالان، ڕێبەری
پارتیی کرێکارانی کوردستان
(PKK)، دایە، پشت بە کۆنسێپتی "ژنۆلۆژی"
(زانستی ژنان) و بیرۆکەی «کۆنفێدرالیزمی
دێمۆکراتیک» دەبەستن، کە یەکسانیی جێندری بە خۆسەری گەلان و بەرگریکردن لە دژی ستەمی نەتەوەیی و دەوڵەتی دەبەستێتەوە.
DÖKH لە سەرەتای ساڵانی
٢٠٠٠ وەک بزووتنەوەیەکی گشتگیری ژنانی
کورد دامەزرا و ئامانجی رێکخستنی ژنان بوو دژی دووچاوکی جێندری، سەرکوتی ناسێنەیی، و
توندوتیژیی دەوڵەتی. ئەم بزووتنەوەیە، کە سەرەتا وەک چەترێک بۆ کۆمەڵە جیاوازەکانی ژنانی کورد هەڵدەسووڕا، بە رێکخستنی کۆبوونەوە ناوچەییەکان، ۆرکشاپی ڕاهێنان،
و خۆپیشاندانەکانی سەرشەقام. بە تایبەتی لە شارەکانی وەک دیاربەکر و وان، دەنگی ژنانی
کوردی بەرامبەر بە سیاسەتەکانی وەک یەک لێ کردنی دەوڵەتی تورکیا بەرزکردەوە. DÖKH نەک تەنیا دژی
بابمەزنی لە کۆمەڵگەی کورد دا، بەڵکو دژی ئەو ستروکتوورە دەوڵەتیانەش خەباتی
کرد کە ناسێنەی کوردییان سەرکوت
دەکرد، و بە دامەزراندنی ئەنجومەنی
ژنان لە گوند و شارەکاندا، تۆڕێکی بەرفراوانی لە چالاکانی ژن پێکهێنا. ئەم بزووتنەوەیە، کە زۆرجار لەگەڵ
بزووتنەوە چەپ و فێمینیستییەکانی تورکیا هاوتەریب بوو، بەرە بەرە بوو بە یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی خۆڕاگری و بەرخوەدانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکان.
لە ساڵی ٢٠١٥، DÖKH گۆڕا
بۆ «کۆنگرەی ژنانی ئازاد (Kongreya Jinên Azad - KJA) و ستروکتوورێکی تۆکمەی رێکخراوەیی پەیدا کرد. KJA بە ئامانجی بەهێزکردنی رۆڵی ژنان لە پرۆسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان دا، چالاکییەکانی لەسەر سێ تەوەرەی سەرەکی کۆکردەوە: تێکۆشان دژی توندوتیژی بەرامبەر ژنان،
پەرەپێدانی خۆسەری دێمۆکراتیک، و پێشخستنی ئاشتی بەرامبەر شەڕە چەکدارییەکان. ئەم
رێکخراوە بە رێکخستنی کۆنفرانسان، وەک
کۆنفرانسی «ژن و ئاشتی» لە دیاربەکر لە مانگی مارس ٢٠١٥، کە نزیکەی ٥٠٠ ژن لە سەرتاسەری
تورکیا تێیدا بەشداربوون، هەوڵی دا دەنگی ژنانی کورد لە گفتوگۆکانی ئاشتی لە نێوان دەوڵەت
و
PKK بەرز بکاتەوە. لەم کۆنفرانسەدا،
کە بە ئامادەبوونی چالاکانی وەک
گولتەن کشاناک، شارەداری ئەوکاتی دیاربەکر، بەڕێوەچوو،
بەیاننامەیەک بڵاوکرایەوە کە داوای ئاگربەستی هەمیشەیی و ئامادەبوونی فەرمی ژنانی لە پای مێزی
گفتوگۆ دەکرد. KJA هەروەها بە رێکخستنی خۆپیشاندان لە شارەکانی وەک
نوسەیبین و جزڕێ، کە ئەوکات لە ژێر گەمارۆی
عەسکەری
دا بوون، نیشانی دا کە ژنان دەتوانن لە ڕیزی پێشەوەی بەرگریکردن و ئاشتیخوازی دا بن. ئەم
رێکخراوە، کە زیاتر لە ١٠ هەزار ئەندامی چالاکی هەبوو، بە دامەزراندنی کۆئۆپراتیڤەکانی ژنان و پرۆگرامەکانی
ڕاهێنان، یارمەتی ڕاهێزاندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی ژنانی کوردی دا و لە هەمان
کاتدا، بە بڵاوکردنەوەی بڵاوکراوەی وەک «Jineolojî»، بیرۆکە فێمێنیستی لە کۆمەڵگەی کوردی دا پەرەپێدا. بەڵام دوای سەرکوتکردنی بەرفراوانی بزووتنەوەی
کوردەکان لە ساڵی ٢٠١٦، KJA هەڵوەشایەوە و زۆرێک لە ئەندامەکانی دەستگیرکران و ڕەوانەی زیندان کران.
دوای هەڵوەشاندنەوەی KJA، "کۆنگرەی ژنانی ئازاد" (Tevgera Jinên Azad - TJA) لە ساڵی ٢٠١٧ وەک جێنشینەکەی دامەزرا و چالاکییەکانی بە
تەرکیز لەسەر بەرگریکردن لە دژی سەرکوتکردنی دەوڵەتی و پێشخستنی ئاشتی دڕێژە پێ دا. TJA، کە ستروکتوورێکی ئاسۆیی ناناوەندی
هەبوو بە پشت بەستن بە ئەنجومەنە
ناوچەییەکان، بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بوو بە ڕەمزی تێکۆشانی
ژنانی کورد، دروشمێک کە دواتر لە ئاخێزی ساڵی
١٤٠١ی ئێرانیشدا دەنگی دایەوە. ئەم
رێکخراوە بە رێکخستنی کۆنفرانسی، وەک
«ژن دژی فاشیزم» لە ئۆکتۆبری ٢٠١٨ لە دیاربەکر، کە نزیکەی ٣٠٠ ژن تێیدا ئامادە بوون، ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی حکوومەتی ئەردۆغان گرت و داوای سەرلەنوێ بووژاندنەوەی پرۆسەی ئاشتی کرد.. TJA هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٠ کۆنفرانسی “ئاشتی و دیموکراسی" لە ئەستەنبووڵ بەرێوە برد، کە بە ئامادەبوونی ٢٠٠ چالاکی ژن لە کوردەکان، تورکەکان، و کەمایەتییەکانی دیکە، دەوری ژنانی لە سازدانەوەی دێمۆکڕاسی داگرتەوە. ئەو کۆنفرانسە،
کە تێیدا
کەسایەتی وەک پەروین
بوڵدان قسەی کرد، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا داوای ئازادکردنی زیندانییە سیاسییەکان، لەوانە ئۆێجالانی، کرد بۆ ئامادەکردنی زەمینەیی گفتوگۆ لەمەڕ ئاشتی. TJA بە رێکخستنی خۆپێشاندان، وەک کۆبوونەوەی ساڵی ٢٠١٩ لە مێردین کە زیاتر لە ١٠٠٠ کەس تێیدا بەشداربوون، و چالاکییە کولتوورییەکان وەک شانۆی سەرشەقام سەبارەت بە ئازارەکانی شەڕ، پیشانی دا کە دەتوانێ
دەنگی ژنان لە دژی توندوتیژی و سەرکوت بەرز بکاتەوە. پێوەندی
ئەم رێکخراوانە لەگەڵ "دەستپێشخەری
ژنان بۆ ئاشتی" (BİKG) لە
کۆتاییەکانی ساڵانی ٢٠٠٠ دەستی پێکرد
و لە ساڵانی ٢٠١٠، بە تایبەتی لە سەردەمی گفتوگۆکانی ئاشتی (٢٠١٣-٢٠١٥)، قووڵتر
بوو. BİKG، کە لە ساڵی ٢٠٠٩ دامەزرا، بە
ئامانجی دانانی ژنان لە ناوەندی پرۆسەی ئاشتی، لە ئەزموونەکانی
DÖKH، KJA،
و
TJA وەک سەرچاوەیەک بۆ
چالاکییەکانی سوودی وەرگرت. زۆرێک لە ئەندامانی ئەم رێکخراوانە، بە تایبەتی ژنانی چالاک لە
DÖKH، لە کۆنفرانسەکانی BİKG دا بەشداربوون؛ بۆ نموونە، لە کۆنفرانسی «ژنان لە پرۆسەی ئاشتیدا رۆڵی چالاک وەردەگرن» لە مانگی مای
٢٠١٣ لە زانکۆی بوغازیچی، نزیکەی ٣٠ کەس لە ئەندامانی DÖKH و KJA بەشداربوون و باسی ئەزموونەکانی خۆیان کرد بۆ
رێکخستنی ژنان لە پێناوی ئاشتی دا. ئەو کۆنفرانسە،
کە بە ئامادەبوونی ٢٠٠ کەس بەرێوەچوو، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە تێێدا داوای ئامادەبوونی ژنای دەکرد لە گفتوگۆکاندا،
شتێک کە بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە داواکارییەکانی KJA وەرگیرابوو. دوای هەڵوەشاندنەوەی KJA، TJA ئەم
هاوکارییەی بەردەوام کرد و لە کۆنفرانسی
«حەقیقەت کێیە؟» لە ٨ی مارسی ٢٠١٤، کە ١٥٠ کەس تێیدا بەشداربوون، ئەندامانی TJA ڕیوایەتەکانی سەرکوتکردنی ژنانی کورد لە ساڵانی ١٩٩٠یان پێشکێش
کرد کە لە راپۆرتی «ژنان و
حەقیقەت»ی BİKGدا جێگای خۆی گرت. هاوکارییەکی کردەوەیی تر لە ساڵی ٢٠١٤ لە سوروچ رووی دا، کاتێک ئەندامانی TJA و BİKG بە کۆبوونەوەیەکی ١٠٠ کەسی یارمەتی ئاوارەکانی کۆبانیان
دا و داوای کۆتاییهاتنی شەڕیان کرد.
گردبوونەوەی ژنان لەپێناوی ئاشتی و بۆ ئازادیی زیندانییە سیاسییەکان. ٢٠٢٤ دیاربەکر
لە نێوان سەرەتای پێکدادانە سەرتاسەرییەکان لە تورکیا لە ساڵی ١٩٢٣ تا ئەمڕۆ کە خولی تازەی گفتوگۆکانی ئاشتی دەستیپێکردووەتەوە، ژنان لە پرۆسەی ئاشتیدا رۆڵێکی بەرچاو و چەندلایەنەیان
گێڕاوە، و ئامادەبوونیان نەک تەنیا وەک
نوێنەرە سیاسییەکان، بەڵکو وەک ناوبژیوان، چالاکی کۆمەڵگەی مەدەنی، و
سەمبولی بەرگریکردن، قووڵی و متمانەی بەم پرۆسەیە بەخشیوە. ئەم رۆڵگێڕانە، کە لە بەستێنی پێکدادانە درێژخایەنە کوردی-تورکییەکان پێکهاتووە، لە هەوڵە
سەرەتاییەکان لە ساڵانی ١٩٩٠ تا گفتوگۆ فەرمییەکان لە ٢٠١٠ و ٢٠٢٥ و لەوە بەدواوە
دەگرێتەوە. ژنانی کورد و تورک بە پشت بەستن بە ئەزموونەکانیان لە شەڕ و سەرکوت و بە
بەکارهێنانی پێگەیان لە سیاسەت و کۆمەڵگەی مەدەنی دا، بە شێوەیەکی چالاک لە هەیئەتەکانی گفتوگۆ، فشارکردن
لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان، و شێوەدان بە بیروڕای گشتی بەشداربوونە. لێرەدا بە باسی ناوی چەند کەسایەتییەکی دیار لە پرۆسەی ئاشتی کۆتایی بەم نووسینە دەدەم: کەسایەتی
وەک لەیلا زانا، فیگەن یوکسەکداغ، پەروین بوڵدان،
عایشەگوڵ ئالتنئای، سەبریە
ئاکتان، و چیدەم ئۆێزەر و ...، کە سەرەڕای جیاوازییە ئێتنیکی-نەتەوەییەکان، لە ئامانجی گەیشتن بە ئاشتی یەکگرتوو
بوون و بە هەنگاوەکانیان نیشانیان داوە کە
ئاشتی بەبێ ئامادەبوونی ژنان، چ لە رۆڵی بڕیاردەر و چ لە رۆڵی پشتیوان دا، بە ناتەواوی دەمێنێتەوە.
لەیلا زانا( Leyla Zana )
یەکەم ژنی کوردە کە چووەتە ناو پارلمانی تورکیا و وتارە بەناوبانگەکەی لە ساڵی ١٩٩١ بەخاڵێکی وەرچەرخان دەژمێردرێ لە مێژووی سیاسی کوردەکان دا. زانا، کە لە ساڵی ١٩٦١ لە دیاربەکر لەدایک بووە، لە هەڵبژاردنەکانی ١٩٩١ لە سەر لیستی پارتیی دێمۆکراسی (DEP) چووەتە پارلمان.
لە ٦ی نۆڤامبری ١٩٩١، لە کاتی
سوێندخواردن لە پارلماندا، بە سەرپۆشێک
بە رەنگی سوور، زەرد، و سەوز (سەمبولی ئاڵای کوردستان) ئامادە بوو و
دوای سوێندخواردن بە زمانی تورکی، بە زمانی کوردی وتی: "من ئەم سوێندە بە ناوی گەلانی کورد و تورک دەخۆم کە پێکەوە هەوڵ دەدەن ". ئەم وتارە، کە داوای هاوژینی هێمنانەی کوردەکان و تورکەکانی دەکرد لە چوارچێوەی دێمۆکراسیدا، لەگەڵ تووڕەیی نوێنەرانی تورک ڕووبەڕوو
بوو؛ ئەوان ناویان لێنا "تیرۆریست" و "جیاوازخواز" و داوای گرتنیان کرد. سەرەڕای ئەوەی پارێزبەندیی پارلمانی
تا ساڵی ١٩٩٤ پاراستی، بەڵام دوای هەڵوەشاندنەوەی
پارێزبەندییەکەی، بە تۆمەتی پێوەندی
لەگەڵ PKK بە ١٥ ساڵ زیندان
سزا درا و تا ساڵی ٢٠٠٤ لە زیندان دا مایەوەا. زانا، کە دووجار کاندیدا
کرابوو بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتی نۆبێل، لە ساڵی ١٩٩٥ خەڵاتی ساخارۆفی پارلمانی ئورووپای وەرگرت. ئەو دوای ئازادبوونیشی لە زیندان، بە تایبەتی لە ٢٠١٣ و ٢٠٢٥، لە رێگەی پەیامەکان و
ئامادەبوونی سیاسییەوە کاریگەری هەبووە لە گفتوگۆکانی ئاشتی دا.
فیگەن یوکسەکداغ(Yüksekdağ)
یەکێک
لە ژنانی تورکە کە لە گفتوگۆکانی ئاشتیدا رۆڵی گرینگی هەبووە. یوکسەکداغ، کە لە ساڵی ١٩٧١ لە ئادییامان لەدایک بووە، لە ساڵی ٢٠١٤ وەک هاو سەرۆکی پارتیی دێمۆکراتیکی گەلان (HDP) دەستی بە کار کرد و لە پرۆسەی ئاشتی ٢٠١٣-٢٠١٥ وەک نوێنەرێکی
سەرەکی لە دیدارەکانی لەگەڵ ئۆێجالان
و فشارکردن لەسەر حکوومەت ئامادە بوو. ئەو، کە رەگەزێکی تورکی سوننی هەیە، بەڵام بە
نوێنەرایەتی کوردەکان و کەمایەتییەکانی دیکە کاردەکا، و بە وتارەکانی لە پارلمان و کۆبوونەوە گشتییەکان، داوای ئاگربەس و مافە کولتوورییەکانی کوردەکان دەکا. یوکسەکداغ لە ساڵی ٢٠١٦ بە تۆمەتی پڕوپاگاندا بۆ
PKK گیرا، بەڵام پێش ئەوە، لە
کۆبوونەوەکانی هەیئەتی عاقڵمەندان و دیدارە نافەرمییەکان لەگەڵ نوێنەرانی حکوومەت، رۆڵێکی چالاکی لە پێشخستنی گفتوگۆکاندا هەبوو.
جەیلان باغرییانک(Ceylan Bagri Yanik )
یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی
بزووتنەوەی ژنانی کورد لە تورکیایە کە بەهۆی چالاکییەکانی لە بەرگریکردن لە مافەکانی
ژنان و ناسێنەی کوردی و دەوری لە پرۆسەی ئاشتی ٢٠١٣-٢٠١٥ لە نێوان حکوومەتی تورکیا و
PKK دا ناسراوە. ئەو وەک ئەندامێک
لە هەیئەتی ئیمراڵی لە ٢٠١٣ لە گفتوگۆکانی نێوان عەبدوڵا ئۆێجالان
و حکوومەتدا ئامادە بوو و هەوڵی دا
بە جەختکردن لەسەر یەکسانیی جێندری دەنگی ژنانی کورد بێ. بەڵام دوای شکستی گفتوگۆکان
لە ٢٠١٥، جەیلان لە ئۆکتۆبری
٢٠١٧ لە شاری وان بە تۆمەتی سیاسی،
کە بەشێک بوو لە سەرکوتکردنی بەرفراوانی چالاکانی کورد دوای کودەتای ناسەرکەوتووی ٢٠١٦، گیرا و زیندانی کرا.
پەروین بوڵدان ((Pervin Buldan
لە گفتوگۆکانی ئاشتیدا ئامادەبوونیەکی
بەرچاوی هەبووە. بوڵدان، کە
لە ساڵی ١٩٦٧ لە حەکاری لەدایک بووە،
دوای کووژرانی هاوسەرەکەی، سەڵاحەدین
بوڵدان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ساڵی ١٩٩٤، چووە ناو سیاسەت و لە ساڵی ٢٠١٨
وەک هاوسەرۆکی HDP دەستی
بە چالاکییە سیاسییەکانی کرد. ئەو لە پرۆسەی ئاشتی ٢٠١٣-٢٠١٥ ئەندامێک بوو لە هەیئەتی
دیدار لەگەڵ ئوێجالان لە زیندانی ئیمراڵی
و لە کۆبوونەوەی جیاوازەکان لەگەڵ حکوومەت، لەوانە دیدارەکانی ئۆسلۆ
(٢٠٠٩-٢٠١١)، ئامادە بوو. بوڵدان لە وتارێک لە پارلمان لە مارسی ٢٠١٣ کە هاوکات بوو لەگەڵ پەیامی سەری ساڵی
ئۆێجالان، پشتیوانی لە ئاگربەس کرد و لە کۆنفرانسە مەدەنییەکان،
وەک "ئاشتی و دێمۆکراسی" لە
٢٠٢٠ لە ئەستەنبووڵ، داوای سەرلەنوێ دەسپێکردنەوەی گفتوگۆکانی
کرد. ئەو بە جەختکردن لەسەر رۆڵی ژنان لە ئاشتیسازی دا، وەک ناوبژیوانێک لە نێوان کوردەکان و حکوومەت هەڵدەسووڕا.
عایشەگوڵ ئالتنئای (Ayşegül Altınay)
یەکێک لە ژنانی تورکە کە کەسایەتییەکی
دیاری گفتوگۆکانی ئاشتی بووە و لەم پرۆسەیەدا رۆڵی هەبووە. ئالتنای، پرۆفیسۆری
زانکۆ و چالاکی مەدەنی، لە "دەستپێشخەری ژنان بۆ ئاشتی" (BİKG) کاردەکا. ئەو لە ساڵی ٢٠١٣ لە کۆنفرانسی "ژن لە پرۆسەی ئاشتی دا رۆڵی چالاک وەردەگرن" وتارێکی پێشکێش
کرد. هەیئەتی عاقڵمەندان (Akil İnsanlar Heyeti) بە خوێندنەوەی ڕاپۆرتەکانی
سەبارەت بە ئەزموونەکانی لە شەڕ دا راوێژیان پێ کرد . ئالتنئای جەختی لەسەر ئامادەبوونی ژنان لە گفتوگۆکاندا کرد.
گولتەن
کشاناک (Gültan Kışanak)
شارداری پێشووی دیاربەکر، کە لە ساڵانی ١٩٨٠ لە زیندانی ژمارە پێنج
زیندانی بوو، دوای ئازادبوون لە سیاسەت دا
چالاک بوو و لە ساڵی ٢٠١٣ لە دیدارە پارلمانییەکان
پشتیوانی لە ئاگربەس کرد. ئەو لە ساڵی ٢٠١٦ گیرا، بەڵام پێش ئەوە، لە کۆنفرانسی "ژن و ئاشتی" لە ٢٠١٥، داوای بەشداری ژنانی کرد لە پای مێزی گفتوگۆ دا.
سەبرییە ئاکتاش (Sabriye Aktaş)
لە چالاکانی کورد لە TJA، لە ساڵانی ٢٠١٠ بە رێکخستنی خۆپێشاندان
و کۆنفرانسان، وەک "ژن دژی فاشیزم" لە ٢٠١٨، فشاری لەسەر حکوومەت کرد و لە ساڵی ٢٠٢٥، دوای پەیامی ئۆێجالان، لە کۆبوونەوەی دیاربەکردا ئامادە بوو.
چیدەم ئۆێزەر (Çiğdem Özer)
ژنی رۆژنامەنووسی تورک و ئەندامی
BİKG، بە بەڵگاندنی پێشێلکارییەکانی
مافی مرۆڤ لە ناوچە شەڕلێدراوەکان یارمەتی هۆشیاری پێدان و بەهێزکردنی گفتوگۆکانی کردووە.
سەرچاوەکان
کەمپەینی رەشپۆشان
کەمپەینی توخونی دۆستم مەکەوە
دەستپێشخەری ژنان بۆ ئاشتی
دایکانی ئاشتی
سەرچاوە: ماڵپەڕی
رادیو زمانە
٤-ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ [٢٣ی مارس ٢٠٢٥]
وەرگێڕان لە فارسییەوە: حەسەن قازی
ئووتی ٢٠٢٥
No comments:
Post a Comment