هەڤپەیڤین لەگەڵ یای سۆما نێگەهداری نیا لێکۆلەرەوەی مێژووی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕاوێژ دا
هەڤپەیڤین لەگەڵ یای سۆما نێگەهداری نیا لێکۆلەرەوەی مێژووی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕاوێژ دا. ئەم بەڕنامەیە بە ڕێگای تۆڕی تیمز دووشەمە شەو ١٨-ی ئووتی ٢٠٢٥ بە ئاوایەکی زیندوو لە ستێرک تیڤییەوە بڵاو کراوەتەوە.
حەسەن قازی: بینەرانی خۆشەویست بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ. لە ڕاوێژی ئەمجارەمان دا میوانداری دەکەین لە
بەڕێز سۆما نێگەهداری نیا کە لێکۆلەرەوەیە لە مێژووی زانستە کۆمەڵایەتییەکان
لە زانکۆی ماساچووسێت و هەر وەها زانکۆی
ئەستەنبووڵ. لەم بەرنامەیە دا ئێمە لەگەڵ بەڕێزیان باسی دەوری ژنان لە پێواژۆی
ئاشتی دا دەکەین لە باکووری کوردستان و تورکیا و بۆ ئەو مەبەستەش دەبێ هێندێک
بگەڕێینەوە سەر مێژووی خەباتی ژنان لە چوارچێوەی جوغڕافیای تورکیا و باکووری
کوردستان دا. زۆر زۆر بەخێر بێی بەڕێز سۆما!
سۆما
نێگەهداری نیا: سڵام بۆ
بەڕێزتان و بینەرانی خۆشەویست. زۆر سپاس بۆ بانگهێشتنەکەتان. ئەمن لە خزمەتتان دام
قازی: ئەمن زۆر سپاست دەکەم بە ڕاستیش گەورەت کردین کە کاتت
دانا لەگەڵمان لەم بەرنامەیە دا بەشداری بکەی. پێش ئەوەی دەست بە پرسیاری سەرەکی
بەرنامەکەمان بکەم، لەبەر ئەوەی بەڕێزت
یەکەم جارە لە بەرنامەی ڕاوێژ دا بەشداری دەکەی پێم خۆشە ئەگەر بە کورتیش بێ
بۆخۆشت خۆت بناسێنی وەکوو لێکۆلەرەوەیەکی مێژووی زانستە کۆمەڵایەتییەکان.
نێگەهداری
نیا: سپاس لە ڕاستیدا من
لێکۆلەرەوەی مێژووی زانستە کۆمەڵایەتیەکانم وەک بە فارسی ئێژن پژوهشگر تاریخ علوم
اجتماعی کە ئێستا لە سەر پڕۆژەیەک کار دەکەم کە لە ئەسڵداgender mapping ە وە بە بۆچوونێکی فێمینیستییەوە خەریکە تەماشای مێژووی کورد دەکا.
و ئەگەر گەرەکم بێ بە خێرایی بێژم بۆ ئەوەی لە بابەتی سەرەکی باسەکەمان دوور
نەکەوینەوە، ئەم پڕۆژەیە کە ئەمن ئێستا خەریکم لە سەری کار دەکەم جیا لەوەی کە تێت ناوی ئەو ژنانەی کە ونن یا
نەدیتراون یا ئەتانین بێژین کە بە تەواوی وەلا نراون، ئەوانە دەبووژێنێتەوە، وە
ڕوویان دەخاتەوە، جیا لەوەش تێت بە
جووركی مەکان مەند و فەزا مەند لە پێوەندییەکانی دەسەڵات دەکۆڵێتەوە، زەمینەگەلی
سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری کە لە ئەسڵ دا پێمان ئێژێ بۆ ژنان لە مێژووی کورد دا
بوونیان نییە، یان بە تەواوی وەلا نراون. لە حاڵێکدا کە بووگن، نەخشیان بووگە،
ڕۆڵیان بووگە، بەڵام مێژوو هەمیشە ئاوایە، جەرەیانێکی گێڕانەوە/ ڕیوایەتی زاڵی
هەیە کە ژنان لە ناو خۆیدا وەلا دەنێ.
ئێستاکە ئەمن خەرێکم لەو پڕۆژەیە دا کار دەکەم لە ماساچووست بە گشتی پڕۆژەیەکی گەورەترە کە لە
سەر سازدانەوەی مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەدەی بیستەم دا خەریکە کار دەکا،
منیش لە سەر بەشە کوردییەکەی ئەو مێژووە کار دەکەم.
قازی: زۆر باشە، دیارە بەڕێزت نووسینت زۆرە، لەوانە کتێبیش
کە دوایە دێینە سەریان ئەگەر کات بمێنێتەوە بەڵام ئێستا با لەوەڕا دەست پێ بکەین یەکەم کۆمەڵەی ژنانی کورد لە
تورکیا، کۆمەڵەیەک بووە بە ناوی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی – دێمۆکڕاتیکی ژنانDDKAD)) پێم خۆش بوو هێندێک باس بکەی کە
چالاکییەکانیان چۆن بوو، چۆن بوو پێک هات؟
کورتە مێژوویەکی ئەم ڕێکخراوەیە.
نێگەهداری
نیا: ئەم ئەنجومەنە یان
ئەم کۆمەڵەیە لە ٢٩-ی نۆڤامبری ١٩٧٧-ی زایینی دا دا دەمەزرێ. ١٧ ژن کە خوێندکاری
زانکۆی دیاربەکر و ئەوانە بوون لەو سەردەمەدا تێن و لە فەزایەک دا دەست پێ دەکەن و
ئەو ئەنجومەنە دادەمەزرێنن کە زۆر
گرینگە ئێمە بزانین ئەو فەزایە چۆن بووگە.
یەکەم ئەوەی کە دوای ئەوەی کە ئیمپراتووری عوسمانی دەڕووخێ واتە لە ساڵی ١٩١٩ بە
دواوە هیچ وەخت کۆمەڵەیەکی ژنانی کورد نەیتوانیوە بوونی هەبێ و بە شێوەیەکی
سەربەخۆ کار بکا. لەو بارەیەوە ئەو کۆمەڵەیە کە لە ساڵی ١٩٩٧وە دادەمەزرێ یەکەم
کۆمیتەیەکی سەربەخۆیە کە لە سەر مەسەلەی ژنانی کورد لە جمهووری نوێی تورکیا دا
دێتە گۆڕێ و خۆی بە کۆمەڵگە دەناسێنێ.
لە لایەکی دیکەوە ئەزانین کە ئەو سەردەمە زۆرتری حیزبەکان و ئەنجومەنەکان چەپ بوون
و خۆیان زۆر بە مەسەلە و دۆزی ژنانەوە خەریک نەدەکرد، مەسەلەی ژنان گرینگییەکی
بۆیان نەبوو، بەڵام ئەم کۆمەڵەیە لە ناو چالاکییەکانیدا زۆر تەئکیدی لە سەر ئەوە بوو کە بەشێوەی
سەربەخۆ لە سەر مافگەلی ژنانی کورد، لەگەڵ ئەوەش کە دواخوازی ناسێنەخوازانەشی
هەبوو کار بکا. چالاکییەکانی ئەو ئەنجومەنە لە ڕێپێوانەکانی ٨-ی مارسەوە دەستی
پێکرد. یەکێک لە چالاکە ئەسڵییەکانیان لە
دیاربەکر بوو، جیا لەوەش بروشوور و نامیلکەی چاپ دەکرد، بە زمانی کوردی خەریکی
چالاکی نهێنی بوو و هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی لە کودەتایەک کە لە ١٩٨٠ کان لە ساڵی ١٩٨٢ کرا ئەندامانی ئەو
کۆمەڵەیە هەموویان دەستگیر بکرێن و لە زیندانی ژمارە ٥-ی دیاربەکر زیندانی دەکرێن.
قازی: مەبەستتان لە کودەتای نیزامی کەنعان ئێڤرێنە لە ساڵی
١٩٨٢ وایە؟
نێگەهداری
نیا: بەڵێ. بەڵێ.
قازی: ئایا ئەو ژنانە ئەو وەختە تەنێ هەر ژنی کورد بوون یان
لەگەڵ ژنانی نەتەوەکانی دیکەی کە لە پەراوێز خرابوون، یان لەگەڵ ژنانی سۆسیالیستی
تورکیش لە پێوەندی دا بوون؟ چۆناوچۆن بوو؟
نێگەهداری
نیا: ئەنجومەنی شۆڕشگێری
– دێمۆکڕاتیکی ژنان کە لە دیار بەکر دامەزرا بە تەواوی هەموو کورد بوون. ١٧ ژن
بوون کە هەر حەڤدە ژنەکە کورد بوون، بەڵام دوای ئەوەی کە لە زیندان ئازاد بوون، ماوەی سێ ساڵ لە زیندانی دیاربەکر دا بوون دوای ئەوەی کە ئازاد بوون ڕۆیشتن بۆ ئەستەنبووڵ و ئیتر دوایی لە ئەستەنبووڵ دا درێژەیان دا بە چالاکییەکانیان.
قازی: یانی ئەو چالاکییانەی کە لە ئەستەنبووڵ بوون دەتوانین
ناوی بنێین کە یەکەم حەولی پێک هێنانی بزووتنەوەیەکی فێمێنیستی بووە وایە؟ دوایە
وابزانم یەکێک لەو تێکۆشەرانەش کە گیرا بوو لە نەخۆشخانەی نیزامی زیندانی دیاربەکر
بە عەمەلی جەڕاحی، زۆر توند
ئەشکەنجەیان کرد بوو.
نیگەهداری
نیا: بەڵێ هالیدە
دوێندار ئەتوانین بێژین کە یەکێک لە بەڕێوەبەران و دامەزرێنەرانی ئەو ئەنجومەنە
بووگە لە تەک فاتیمە کەیهان دا. ئەم دوو کەسە هەر دووکیان لەزیندانی ژمارە ٥-ی
دیاربەکر ئەشکەنجەگەلی دەرەوەی قانوونی تەحەمول ئەکەن کە زۆتریش ئەم ئەشکەنجەگەلە
مەبەستی تێکدانی ناسێنەی جینسی ئینسانەکانە، هەر بۆ وێنە هالیدە دوێندار یەو
ئەشکەنجەگەلەی کە تەحەمولی دەکا، بەشێک لە ئەندامگەلی جینسی ژنانەی بە شێوەیەک
عەمەلی جەڕاحی دەکەن کە ئیتر لە
کار بکەوێ. یانی ئاوا بەوجۆرە ئەشکەنجەیان دەدەن.
قازی: وا بزانم دوای ئەوەی کە دێنە ئەستەنبووڵ لەوێ دەست
دەکەن بە بڵاو کردنەوەی گۆوارێک. تکایە ئەوانە بە وردە ڕیشاڵ باس بکە چونکوو
کاتیشمان هەیە. فەرموو! مەبەستی پرسیارەکەم ئەوەیە وەکوو ساز دان و حەڕەکەتی فێمێنیستی کوردی.
نێگەهداری
نیا: کاتێک دێنە
ئەستەنبووڵ پێش ئەوەی کە گۆوارێک دەربخەن، لە ١٩٩٠ دا ئەم ژنانە تێن و گرووهێکی
دیکە پێک دێنن بە ناوی" گرووپی سەربەخۆی ژنانی کورد" ناوی تورکییەکەیان
لە ئەسڵدا دەبێ بە
" باغمسز کورد کادن گرووبی".
ئەمانە سازمانێکی سەربەخۆ، مەدەنی و غەیری حیزبی
دا دەمەزرێنن، کارێکیان ئەوەیە لە بارەی مەسائیلی ژنان و هاوکات ناسێنەی
کوردی لە ئەستەنبووڵ دا چالاکی بکەن یانی لە مەرکەزی فێمێنیزمی حکوومەتی و
فێمینیزمی تورکی کە ئەسڵەن هیچ گوێی بۆ ناسێنەی سەربەخۆی ژنی کورد نابزوێ و
گەرەکییە لە نێو خۆی دا بیتوێنێتەوە. ئەندامانی ئەو گرووپە کە BKKG ی پێ ئێژن لە ساڵی ١٩٩٦ دا دوای
ئەوەی کە حکوومەت ئەوانە هەڵدەوەشێنێ و ئیجازەیان پێ نادا چالاکی بکەن، واتە
هالیدە دوێندار لە بیرەوەرییەکانی دا ئێژێ کە بۆ یەکەم جار ئێمە لە ڕێوڕەسمی ٨-ی
مارس دا لە ئەستەنبووڵ ئێمە هاتین بەشذاری بکەین داوایان لە هەموو گرووپە
فێمێنیستییەکان کرد کە دەقێک ئامادە بکەن و بێن ئیجازەیان پێ بدەن لە ڕێپێوانەکەدا
بیخوێننەوە، بەڵام ئێمە کە ئەمانویست مەتنەکەمان بە زمانی کوردی پێشکێش بکەین هەر ئەو گرووپە فێمێنیستە تورکەگەلە ئیجازەیان بە ئێمە
نادا کە بە زبانی کوردی بێین و لە ڕێوڕەسمی ٨-ی مارس دا بەشداری بکەین.
لێرە دا بوو کە ئەو ژنگەلە بۆخۆیان فکر ئەکەنەوە کە دەبێ جوورێکی دیکە و سەربەخۆ لە
فێمێنیزمی تورکی و فێمێنیزمی سەرتاسەری چالاکییەکانی خۆیان درێژە پێ بدەن، بۆیە دەست پێ دەکەن بە بڵاوکردنەوەی
گۆوارێک بە ناوی " ڕۆزا " کە ئەو گۆوارە تا ساڵی ٢٠٠٠ یش بڵاو دەبێتەوە
و ئەو بۆچوونەی کە ئەم گۆوارە لەمەڕ مەسەلەکان هەیەتی ستەمگەلی جینسی لە ناو کۆمەڵگە و دەوڵەت دا بەیەکەوە دێنێتە
گۆڕێ هاوکات. لە گۆواری ڕۆزا دا دوو دۆسییەی
زۆر گرینگ هەن کە دەبێتە هۆی ئەوە لە ناو گۆوارەکانی دیکە دا لە تورکیا و لە ناو
فێمێنیستەکانی دیکە دا ڕۆزا وەک میدیای ئالترناتیڤ خۆی دامەزرێنێ. یەکێان دۆسییەیەکە سەبارەت بە ژنێک بە ناوی جەمیلە کە لە ماڵێ دا
دەکەوێتە بەر توندو تیژی، لەلایەن کۆمەڵگە و بنەماڵەوە توندوتیژی دەگەڵ دەکرێ ودەمرێ،ڕۆژنامە نووسەکانی گۆواری
ڕۆزا شێلگیرانە وەدوای ئەو پەروەندەیە دەکەون و خەبەرەکەی لە ناو مەردم و کۆمەڵگە
دا بڵاو دەکەنەوە و ئاگاداریان دەکەن.
لە لایەکی دیکەوە دۆسییەکی فرە گرینگی تر کە هەر لە لایەن " ڕۆزا" وە
بەدواداچوونی بۆ دەکرێ لەمەڕ دۆسییەی " شوکران ئایدین " ە. شوکران
ئایدین ژنێکە کە یەکێک لە مەئموورانی حکوومەتی نیزامی لە شارێکی کورد نشین دا تەجاوزی جینسی پێ دەکا.
ئەو سەروبەندی قسەکردن لە ڕووداوێکی ئاوا لەلایەن کوردێکەوە بڤە بووە، یانی ژنێک
ئیجازەی نەبوو کە بێت و لەبارەی شتێکی ئاوا قسە بکا، بەڵام گۆواری ڕۆزا دێ و ئەو ڕووداوە دەکاتە شتێکی میدیایی، کارەکە
گەورە دەبێتەوە و تا ئەجێیەی دەڕوا کە دەگاتە گوێی کۆڕی
نەتەوان و پارێزەرانی بیانی وەک ئی وڵاتانی ئەڵمان و فەڕانسە. دۆسییەکەدەکرێتەوە و
لە کۆمەڵگە دا زۆر لە سەر ئەو بابەتە
قسە دەکرێ کە ژنێکی کورد چۆن
دەکەوێتە بەر تەقاتوعێکی ستەمی دەوڵەت و کۆمەڵگە.
ئەم دوو پەروەندەیە بۆ رۆزا و بۆ ئەو سەروبەندی فرە گرینگ بوو. گۆراێکی دیکەش کە هاوکات دوای " ڕۆزا"
هەر ئەم گرووپە لە سەری کار دەکەن گۆواری " ژووژین " ە. ژووژین و ڕۆزا
بە گشتی لە ناو فێمێنیستەکان لە تورکیا جا چ فێمێنیستی تورک، چ فێمێنیستی ئەرمەنی
یانی تەواوی کەمایەتییەکان دوو میدیای ئالترناتیڤی زۆر گرینگن. و ئەوانە بەیانێکی
سەربەخۆی فێمێمیستی لە تورکیا زیاد کرد چونکە لەو زەمانە دا فێمێنیسم لە تورکیا بە
تەواوی لە دەست ژنانی تورکی ئەتوانین بێژین سێکولار دا بوو، تەنانەت وەکوو
فێمێنیزمی سەردەمی عوسمانیش نەبوو کە
سوننی مەزەبەکان زۆر لە سەر کار بن. یانی ژنانی تورکی سیکولار دەسەڵاتی زاڵ
بوون لە فێمێنیزمی سەرتاسەری دا. بەڵام ئەو گرووپە و ئەم ژنانە و ئەم دوو گۆوارە
ئەو فەزایەیان شکاند. بۆ یەکەم جار لەبارەی ژنانی بە کەمینەکراو قسەیان کرد، بۆ
یەکەم جار ئیجازەیان دا کە فێمێنیستە ئەرمەنییەکان بێن لە ناو ئەو گۆوارانە
دا وتار بنووسن، لە بارەی خۆیانەوە قسە
بکەن و کەمایەتییە جینسییەکان، ئیل جی بی تییەکان تانییان بێن لەگەڵ ئەوان کار
بکەن واتە فەزایەکی ئالترناتیڤی زۆر ئەکتیڤ و چالاکیان ساز کرد ئەم ژنانە و ئێمە
ئەتوانین بێژین کە دامەزرێنەری ئەکتێکی مەدەنی و کۆمەڵایەتی لە خوارەوە بوون ئەم
گرووپە.
قازی: زۆر باشە. ئێستا پێش ئەوەی کە بەردەوام بین لە سەر گێڕانەوەی ژنانی
زیندانی پێم خۆش بوو ئەگەر دەکرێ هێندێکیش ئەوە ڕوون کەیەوە کە دوای دامەزرانی
کۆماری تورکیا، سەرەڕای ئەو سیاسەتەی کە بە نیسبەت نەتەوەی کورد و ئەوانیدی و
حەولی یەکسانسازی کە دای، هەر چۆنێک بێ ڕێژیمێکی سیکولار بووە، ئەو فێمێنیزمی
دەوڵەتی یان داوای داوخوازی مافگەلی ژنان بە چ فۆڕمێک بووە، کێهە بەش لە
داوخوازەکانی ژنان دەتوانین بڵێین پێک هاتووە لەو سەروبەندی دا؟
نێگهەداری نیا: فێمێنیزمی دەوڵەتی لە تورکیا لە سەر مافگەلی ژنان
وەکوو ئەوەی کە تەنیا ژنی تورک بوونی هەبێ قسە ئەکا، ژنانی دیکە وەکوو ناسێنەیەکی
سەربەخۆ بە ڕەسمییەت ناشناسێ. واتە ژنێک کە بکەوێتە بەر توندوتیژی بنەماڵە یان
ئەگەرسەر بە کەمایەتییەک بێ و لە لایەن دەوڵەتەوە توند وتیژی لەگەڵ بکرێ و دە
زیندان باوێژرێ، ژنێکی سیاسی بێ کە ناسێنەی غەیری تورکی یە، لە ئەسڵدا ئیجازەی قسە
کردن بەو ژنانە نادا و ڕەنجێک کە ئەوانە پێوەی دەناڵێنن و تەحەمولی دەکەن بە
ڕەسمییەتیان نەدەناسی. نەدەهاتن لە سەری کار بکەن و وکوو ئەوەی ژنێکی تورک یان
ژنێکی کە خۆی بە تورک زانیبا و باسی هووییەتی
کەمایەتی خۆی نەکردبا وەک ئەو چالاکییان بۆ نەئەکرد و بە هیچجور ئیجازەیان
نەدەدا کە ئەم ژنانە باسی پێشینەی خۆیان، پێشینەی چالاکییەکانیان بکەن. هەموو شتێک
لە ژێر زەخت و فشاری حکوومەتی دا، سانسۆری حکوومەتی دا بوو. ...
قازی: ئەگەر وەزعی ژنان ئەو دەمی لە بەر چاو بگرین، یانی لە سیستمی کۆماری دا
فەرق چ بوو بە نیسبەت مافی ژنان کە لە سیستمی خەلافەتی عوسمانیدا نەیان بوو؟ یانی
بە گۆڕانی سیستم چ ئاڵوگۆڕێک کرا، مەبەستم ئەوەیە ئەم لایەنەی شرۆڤە بکەی. لە
قانوون دا چ حەقێک بۆ ژنان لەبەر چاو گیرا بوو بە گشتی؟
نێگەهداری نیا: ئێمە دەزانین کە لە قانوونی ئەساسی کۆماری تورکیا دا
حقووق بۆ ژنان ئاوا تەعریف کرا بوو کە حەقی پەروەردە و حەقی دەنگدان و حەقی ئەوەی
کە ژن لە پارڵماندا ببنە نوێنەر، ئەمانە هەموو لە چوار چێوەی کۆمار دا دریا و لە
ئەساس دا فێمێنیزمی میللی فێمێنیزمیكە کە لە ژێر چاوەدێری حکوومەت دایە، حکوومەت
هەموو ئەوانەی بە جمهووری تورکیا و بە تایبەتی بە شەخسی ئاتاتورک نیسبەت دەدا، لە
حاڵێکدا کە جەرەیانی فێمێنیستی کە داواکاری وەرگرتنی ئەو مافگەلە بۆ ژنان بوو
چالاکی خۆی هەر لە سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمەوە دەست پێکرد بوو، واتە
ئەتانین بێژین بزووتنەوەی فێمێنیستی عوسمانی پایەیەک بوو کە بتوانێ ئەو حەقگەلە بۆ
ژنان وەربگرێ، بەڵام لە زەمانی جمهووری دا حیزبی جەهەپە یانی هەر ئەو حیزبەی کە
ئاتاتورک دایمەزراند هاتو هەموو شتگەلەی موسادەرە کرد بۆ خۆی، یانی حەڕەکەتی ژنانە
لە تورکیا بە ناوی حکوومەت و بە ناوی حیزبی ئاتاتورک لە ئەسڵدا موسادەرە ئەوێ.
هەر ئەو کارە کە خۆمان دەزانین لە ئێران دا بۆ وێنە شەخسی ڕەزا شا دێ و بزووتنەوەی
ژنان کە لە زەمانی بزووتنەوەی مەشڕووتە هەبووە وەک کەشفی حیجاب، موسادەرەی دەکا بە
ناوی خۆی و ئێژێ من ئەم حقووقەم بە ژنان داگە، لە حاڵێکدا ئەسڵەن وا نییە ئەم
ژنانە مێژوویەکیان هەیە یانێ ئێمە دەزانین لە نێوان ڕووخانی عوسمانی تا وەڕەسمییەت
کەوتنی جمهووری ئەوەڵێن حیزبێک کە لە تورکیا دادەمەزرێندرێ حیزبێکە کە ژنان پێکیان
هێناوە، یانی پێش ئەوەی کە ئاتاتورک حیزبەکەی خۆی دامەزرێنێ، سێزدە ژن لە ژنە
پێشکەوتوو خوازەکانی عوسمانی حیزبێک دادەمەزرێنن بەڵام دەستەی پیاوان ئیجازەیان پێ
نادەن کە خۆیان سەربەخۆ بن. ئەوان دەیانەوێ لەو گفتوگۆیانەی دا کە لەگەڵ
ئوڕووپایەکان هەیە خەریکی دان و ستاندن بن، ژنان دەیانەوێ ڕۆڵی سیاسییان هەبێ
بەڵام جەهەپە بە تەواوی ئیجازەیان پێ نادا و ئەوان بە غەیری قانوونی ڕادەگەیێنێ و
بە دوایدا هەموویان لە جەررەیانی سیاسی دەخاتە دەرەوە.
قازی: ئێستا بگەینە گێڕانەوەی ژنانی زیندانی سیاسی. ئێوە لە مەقالەیەکدا کە بە
زمانی فارسی بڵاوتان کردووەتەوە باسی ئەوەتان کردووە یانی ڕیوایەت/ گێڕانەوەی
ئەوان بۆ نەهێشتنی ڕیوایەتی زاڵی دەوڵەتی. لەو زەمینەیە دا ئەگەر هێندێک شرۆڤە
بکەی زۆر باش دەبێ.
نێگەهداری نیا: لە ڕاستیدا ڕیوایەت کردن/ گێڕانەوە ئەگەر ئێمە وەک
ئەکتێکی فێمێنیستی لەبەر چاوی بگرین دێ و یارمەتی دەدا بە شکاندنی ئەو گێڕانەوە
زاڵە کە حکوومەت دەیهەوێ بە جێ خستنی ئەو ڕیوایەتە بەو سەرکوت و بەو ئیستیعمارە کە
خەریکە دەیکا وەجاهەتێکی پێ بدا و بیرازێنێتەوە. لەو زەمینەیە دا دوای کودەتای
١٩٨٢ و دوای ئەوەی کە ژنان چالاکی خۆیان بەردەوام بەرەوپێشەوە دەبەن، لە ساڵانی
١٩٩٠ بەرەو ئەملا ئێمە دەبینین کە ژنانی کورد دەست پێدەکەن بەوەی کە ڕیوایەتی
خۆیان لە زیندان، لەو ئازار و ئەشکەنجەگەلە کە دیگیانە، دێن و لە فەزای گشتی دا
باسی دەکەن. یانی ئەوە بۆ یەکەم جارە کە ئەمە ڕوو دەدا. تەنانەت یەکێک لەو
ڕووداوانەی کە زۆر گرینگە لەو بارەیەوە ئەوەیە کە بۆ جاری یەکەم فێمێنیستە کوردەکان و فێمێنیستگەلی تورک بەیەکەوە لە ١٩٩٦ دا دێن لە هۆتێلێک لە مەیدانی
تەقسیم لە ئەستەنبووڵ دا لەوێ کۆ دەبنەوە، گشت ئەو کەسانەی کە بڕیارە قسە بکەن
هەموو زیندانی سیاسین یا کەسانێکن کە منداڵەکانیان لە جەرەیانی ١٩٨٢ دا لە دەست
داوە. و لەو کۆبوونەوە دا کە هەموویان لە
ئەسڵدا ژنانن دێن و بۆ یەکەم جار باسی ڕیوایەتەکانی خۆیان دەکەن. گرینگی ئەو
ڕووداوە لەوە دایە کە بۆ جاری یەکەم ژنانی کورد دێن و باسی ڕیوایەتەکانی خۆیان بە
زمانی دایکی خۆیان دەگێڕنەوە.
یانی ئەوە ئەوەڵین جارە کە لە فەزایەکی گشتی دا لە شاری ئەستەنبووڵ دا ژنانی
زیندانی سیاسی یان چالاکانی سیاسی بە زبانی کوردی دێن بۆ کۆمەڵێک کە هەموو کورد
نین باس دەکەن،رێوایەتی خۆیان ئێژن بۆ ئەوەی کە هەیمەنەی حکوومەت بشکێنن واتە
هەیمەنەیەک کە بەساڵان لەلایەن حکوومەتەوە
بەرنامەی بۆ داندراوە لە ناو چاپەمەنی، میدیا و تێلێڤیزیۆنەکاندا و ئەوانی لە
ئینسان بوون شۆردووەتەوە و وەک "
تێڕۆریست" دەیان ناسێنێ. بە جۆرێک ئەگەر سەرکوتیان دەکا بە شێوەی هەرە توندو
تیژ مەردم لە هەمبەر ئەوە دا هیچ ئعترازێک نەکەن چون کارەکەیان وا موهەندسی کردووە
کە ئەو ژنانە یان " تێڕۆریست" ن
یان هەر ناوێک کە حکوومەت لە سەریان دادەنێ.
بەڵام ئەو رێوایەتگەلە زۆر دەنگدانەوەی دەبێ لە ناو میدیاکان و چاپەمەنی لە
تورکیا، هەڵبەت لە لایەن فێمێنیستەکانەوە. ئەوە خاڵگەلی زۆر گرینگن و ئێمە دەبینین
کە ئەم جەرەیانە هەر درێژە دەکێشێ، دواتر کە حیزبی هەدەپە، دەم پارتی ئەوانە دێنە
مەیدانێ ئێمە دەبینین جەرەیانی گێرانەوەیی ژنانە هەر وا دێ و درێژە دەکێشێ تا ئەو
جێیەی کە لە ساڵی ٢٠٢٣، دوو ساڵ لەمەوپێش زیندانێک بە ناوی زیندانی دیاربەکر کە
زەمانێک جێگەی ئەشکەنجە کردنی زۆربەی تێکۆشەرە کوردەکان و چەپەکان بووگە دادەخرێ و
دەکرێ بە مووزەخانە و تەواوی ئەو ڕیوایەتگەلە و بەڵگە و مەدارکێک کە لەو
زیندانیگەلە ماوەتەوە بڕیارە لەوێ کۆ بکرێتەوە. یانی زیندان دەبێتە مووزەخانە،
بڕیارە هەموو وێنەکان، نامەکانی زیندانییەکان لەوێ نیشان بدرێ. ئەمە لە ئەسڵدا
ئاکامی حەول و چالاکی هەر ئەو ژنانەیە، هەر ئەو زیندانییە سیاسییانەیە کە ڕۆژێک
بڕیاریان دا ریوایەت بکەن.
قازی: زۆر باشە ئێستا بێینە سەر دەوری دایکانی ئاشتی کە وا بزانم لە ئاستی
نێونەتەوەییشدا ئەو بزووتنەوەیە چونکە لە
قۆناغی پێشووش دا، لە ساڵی ٢٠١٣ ش دا،
دەوریان زۆر بوو لە پێواژۆی ئاشتی دا، تەنانەت چوونە قەندیل. یەک ئەگەر دەکرێ لە
سەر چلۆنایەتی پێکهاتنی بزاوتی دایکانی ئاشتی قسە بکەی، دەزانین لە ئاستی جیهانیش
دا نموویەیان هەیە بۆ وێنە دەزانین بزاوتی دایکانی ئاشتی لە جێیەکی وەکوو
ئاڕژانتینیش هەبوو . دووهەم ئەوەی کە بگەڕێتەوە سەر کوردستان، دەوری دایکانی ئاشتی
لە پێواژۆی ئاشتی دا چۆنە؟ ئەوە چۆن شی دەکرێتەوە؟
نێگەهداری نیا: لە ڕاستیدا دایکانی ئاشتی پێش ئەوەی کە بۆ خۆی وەکوو
گرووپێک پێک بێ، پێشتر دەزانین لە ناو تورکیا حەڕەکەتێک هاتە مەیدانێ بە ناوی
" دەستپێشخەری ژنان بۆ ئاشتی" BIKG بارش
ئیچین کادن گیریشیمی. لەو چوارچێوەیە دا چالاکانی فێمێنیست، دایکانی قوربانیانی
جەنگ و ژنانی کورد و تورک هاوکات بە یەکەوە لە گرووپێکی زۆر بەربڵاو و گەورە دا کە
بەشێوەی نا سازمانی و ئاسۆیی چالاکیان دەکرد، لە ٢٠٠٩ وە دەستیان بەو چالاکییە کرد
و دەتوانین بێژین ئەو گرووپە دەنگی ژنانی هێنا نێو پڕۆسەی ئاشتی و موزاکەراتی ئاشتی.
بە دامەزاندنی ئەو کۆمیسیۆنانەی کە پێکی هێنا، ٥ کۆمیسیۆنی زۆر گرینگی هەبوو، بەو
گوزارشگەلەی کە دەینووسی. دایکانی ئاشتی یەکێک لە بەشەکانی ئەو دەستپێشخەریە بوو
کە سەربەخۆیانە هاتە نێو مەیدان و هاتە نێو فەزای موزاکەرەی ئاشتی. زۆربەی ئەوانە
کوردن یانی دایکی کەسانێکن کە لە شەڕی نێوان حکوومەت و پ.ک.ک دا منداڵەکانیان لە
دەست داوە و هەر ئەو جۆرەی کە ئێوە گوتتان ئەم دایکانە دوو جار ڕۆیشتوونەتە قەندیل
بۆ ئەوەی لەگەڵ گریلاکان دا قسە بکەن و
هاوکات پەیامی ئەوان بهێننەوە بۆ ناو کۆمەڵگە.
بەڵام. لە هەر دوو کات دا کە دەڕۆن بۆ قەندیل لەکاتی گەڕانەوە دەوڵەتە دایکەکان
دەگرێ و پێیان دەڵێ کە ئەم کارە غەیری
قانوونی بووگە، بەڵام ئەوە بە هیچ جوور نابێتە هۆی ئەوە کە ئەوان دەست لە
چالاکیەکانیان هەڵگرن.
زۆر میتنگیان دانیاگە، لە ئەستەنبووڵ، لە شارە گەورەکاندا، چالاکییەکانیان بەردەوامە.
ئێمە دەزانین کە خۆپیشاندان دەکەن لە خیابانەکاندا، دێنە سەر شەقام، بەیانییە
دەخوێننەوە تەنانەت لە کۆنفڕانسێکدا کە لە ساڵی ٢٠١٣ لە زانکۆی بۆغازئیچی بەڕێوە
چوو، ئەو دایکانە بانگهێشتن کرا بوون و بەشداریان کرد، لەوێ ئەو فیلمە بەڵگەییەی
کە لە ژیانی دایکانە ئامادە کرا بوون نیشان درا و ناوەرۆکی ئەوە بوو کە شەڕ
دەنگێکی شاراوەی هەیە کە نابیسترێ وەکوو ئاستە کردنی ریوایەگەلێکی زارەکی ئەم
دایکانە، ئەو فیلمە لەو کۆنفڕانسە دا نیشان درا بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی کە لەو
کۆنفڕانسە دا بەشدارییان کرد بوو، دەنگی ئەو ژنانە، دەنگی ئەو دایکانە بە باشی بتانن بشنەون. دایکەکان لەو کۆنفڕانسە
دا بەیانییەیان خوێندەوە، قسەیان کرد و تەنیا ئەمە نموونەیەکی پچووکە کە ئەمن باسم
کرد. چالاکییەکانی دایکانی ئاشتی زۆر بەربڵاوە و یەک لە مۆرەگەلە ئەساسییەکان بوون
لە موزاکەرەی لەمەڕ ئاشتی دا.
قازی: بە لێکدانەوە بەڕێزت تەئسیری چالاکی ئەوان بۆ وێنە لە سەر دایکانی تورک
چۆن بووە؟ بۆ وێنە دایکی ئەو سەربازانەی کە هێرشیان کردووە و پەلاماریان بردووەتە
سەر کوردستان و لەوێ ژیانیان لە دەست داوە. یانی ئەوەی کە ئەو دایکانە بتوانن
بەیەکەوە هاوکاری بکەن، سۆزی دایکانە نیشان بدەن ئەوە تا چ ڕادەیەکە؟
نێگەهداری نیا: لە ڕاستیدا ئەم دایکانە دروشمێکیان هەیە کە دەڵێن:
منداڵەکانی ئێمە چ منداڵێ ئێمە کە کوردین و منداڵەکانمان وەکوو گریلا هاتوونە ناو
ئەو شەڕە و چ منداڵی ئەو دایکانەی کە وەکوو سەربازی حکوومەت و ئەڕتەش دا هاتوونە ناو
شەڕ، دەوڵەت حەقی نییە ئەو منداڵانە لە ئێمە بستێنێ. و ئێمە بە دژی ئەوە چالاکی
دەکەین. جەرەیانێکی دیکەش لە تورکیا هەیە دایکانی شەمە کە ئەوان هەم کورد و هەم
تورکن و زۆربەیان دوای کودەتای ١٩٨٢ کە زۆربەی تێکۆشەرانی چەپ لە زیندانەکاندا بێ
سەروشوێن کران هاتنە مەیدانێ. یانی گەرەکمە بێژم کە گرووپگەلێکی دیکە لە دایکانی
دادخواز لە ناو تورکیا چالاکییان هەبووگە. یانی ئەو دیاردەیە مێژوویەکی هەیە، یانی
پۆتانسییەلێک هەبوو بۆ ئەوەی کە دایکانی ئاشتیش وەکوو گرووپێکی کورد بێن و لە سەر ئەو بابەتە قسە بکەن. تەبیعەتەن لە کۆنفڕانسێک
کە لە ئانکارا بوویان دایکگەلی سەربازی تورکیش هاتن بۆ ناو کۆنفڕانسەکە، ئەگەر
هەڵە نەبم کۆنفڕانسەکە ساڵی ٢٠١٣ بوو و لەوێ لەتەک دایکانێک کە تورک بوون و
منداڵەکانیان لە ناو ئەڕتەشی تورکیا دا بوون و لە شەڕ دا ژیانیان لە دەست دا بوو،
لەوێ بەیەکەوە کۆنفڕانسەکەیان بەڕێوە برد.
قازی: ئێستا دەگەینە بارودۆخی ئاکتوێل. پێت واهەیە لەو ئاڵوگۆڕانەی دا کە دە
ماوەی یەکساڵی ڕابردوو دا قسەی لە سەر دەکرێ و ئێستا کار گەیشتووەتە ئەوەی کە لە
پارڵمانی تورکیا کۆمیسیۆنێک پێک بێ و لایەنی کوردیش ئامادەیی تەواوی خۆی نیشان داوە بۆ
ئاشتی. لێرە دا بەشێوەی ئاکتوێل دەوری ژنان چۆنە، بە تایبەتی ئەو ژنانەی کە لە ڕووی سیاسییەوە وشیارن و بەشدارییان
هەبووە لە خەباتی کورد دا؟
نێگەهداری
نیا: لە ڕاستدا یەکەم
هەنگاو هەر ٢٠١٥ بوو زەمانێک کە هەر ئەو گرووپی دەستپێشخەری بۆ ئاشتی ژنان ڕۆیشتن
و لە مەجلیسی تورکیا و لە ناو ئەو گرووپەی عاقڵان
کە لە پێناو ئاشتی دا کاری دەکرد ئعترازیان کرد بەوە کە ژمارەی ژنان کەمە
دەبێ ئێوە کەسانێکی دیکە بێرن لە ژنان کە
دەنگی ئەوانیش باشتر ببیسترێ. هەر لەوێوە دەبینین کە ژنان لە ناو ئەو موزاکەراتە
دا ڕێگای خۆیان دەکردەوە. بە ڕای من
بەشێکی عومدەی ئەم موزاکەراتە هەر
لە سەر شانی ژنان دروست بوو. ئەو مێژوویەی کە ژنان بە چالاکی مەدەنی بۆ خۆیان
پێکیان هێنا ، ئەو تەئسیرە کە هەر چۆنێک بێ لە هەر دوو لاوە فشاری هێنا هەم بۆ دەوڵەت و هەم بۆ کۆمەڵگە هەموو ڕۆڵێک بوو کە
ژنان لە ناو کۆمەڵگە دا گێڕایان. یانی ئەو
ڕەهەندە فێمێنیستییە لەو موزاکەراتە دا دەتوانین بێژین کە زۆر گرینگە و ئەوەش گرینگی پەیدا دەکا کە لەو پارادایمەی
ئاشتییە دا ئیتر دەوڵەت وەکوو مەرکەزی سیقل مولغا دەکاتەوە، دەبێژێ ئیتر دەوڵەت
بڕیار نییە بۆ هەموو شتێک بڕیار بدا. لە ڕاستیدا ئەوە سیاسەتێکە کەسیاسەتێکی
جەماوەرییە دەیکا بە شتێکی کە ڕێک خراوە، ناوچەیی و پاڵپشتی هاوپشتی مەدەنی یە و
ئێمە دەزانین لە سەر بنەمای تەواو ئەو
شتانەی کە تا ئێستا باسمان کرد دەبینین ئەمانە گشتی نەتیجەی فەعالییەتگەلێکە
کە ژنان کردگیانە.
قازی: زۆر باشە ، دیارە ئێمە هێندێک کاتمان ماوە، پێم خۆش
بوو ئەوەندەی کە کاتیشمان ماوە باسی هێندێک لە کارەکانت بکەین. ئەمن ئێستا لێرە
لیستەیەکم لە بەر دەستە [ لیستەکە نیشان دەدا] کە بریتی یە لە عینوانی ١٢ بەرهەمی
بەڕێزت هەم بە نووسراو و هەم ڤیدێئۆی
دەنگی کە بەزمانی فارسین. دیارە ئێمە ناپەرژێین یەک یەک باسی هەموویان بکەین بەڵام پێم خۆش بوو لە کەسێک ڕا دەست پێ بکەین کە لە
بنەماڵەی بەدەرخانییەکان بووە زەمانی عوسمانی، دیارە زۆر چالاک بووە، کەمتر کورد
بە ناو و کارەکانیان زانیوە "
مەسعادەت بەدرخان" و دەناو دوو ناسیۆنالیزمی تورک و کورد دا هاتووە و چووە.
ئەگەر بە کورتی هێندێک باسی وی بکەی، کاتیش
بهێڵینەوە بۆ هێندێک بابەتی دیکەش کە نووسیوتە.
نێگەهداری
نیا: لە ڕاستیدا
مەسعادەت بەدەرخان یەک لەو ژنانەیە کە لە
ناو کۆمەڵەی ژنانی پێشکەوتووخوازی کورد دا
ناوی دەردەکەوێ. کۆمەڵەیەک کە لە ١٩١٩ لە ئەستەنبووڵ دەست بە چالاکی دەکا بۆ مافی
ژنان لە ناو حکوومەتی عوسمانیدا خۆی دەناسێنێ. مەسعادەت بەدەرخان پێشتر لەوەش لە
تەک فێمێنیستە عوسمانییەکاندا کە هەڵبەت
هەموویان تورک نەبووگن، چەرکەزیشیان تێدا بووگە، ئەرمەنیشیان تێدا بووگە، ئەوانە
کۆمەڵەیەکیان بوو کە مەسعادەت
بەدەرخان یەکێک لە ئەندامانی ئەو کۆمەڵەیە بووە و دوایە لەگەڵ ژمارەیەکی تر لە ژنانی کورد واتە
چەند کەس لە ئەندامانی
بنەماڵەی بەدرخانییەکان و چەند ژنیش لە ئەندامانی بنەماڵەی یاموڵکی کۆمیتەیەکی
سەربەخۆ بۆ ژنان پێک دێنن و دەست بەکار دەکەن. ئەم کۆمەڵەیە زۆر کاری کردگە لە ماوەیەکی کورت دا کە چالاکی
هەبووە. تەقریبەن ئەو ئەندازە کە ئەسناد و
مەدارک هەس بۆیە ئێمە دەزانین کە لە
نێوان ساڵو نیوێک یان دوو ساڵ چالاکی هەبووە، چون بە شوێن ئەوە دا عوسمانی دەڕووخێ
و عوسمانییەکان بۆ ئەوەی دەوڵەت وەکوو خائین
نەیانناسێ مەجبوور ئەون هەڵ بێن لە ئەستەنبووڵ و ئەو ژنانەش هەرچۆنێک بێ
کۆمەڵەکەیان لێک بڵاو دەبێتەوە. بەڵام ناوی هەموو ئەو ژنانە بە هۆی ئەوەی کە
جمهووری تورکیا بەڵگە و ئەسنادی ئەو
کۆمەڵەیە دەبا و موسادەرەی
دەکاو دەستی بەسەر دا دەگرێ، دەیخاتە بەشی ئەسنادی نهێنێ و لەبەر ئەوە تا ساڵی٢٠٢٠
هیچ کەس هیچ خەبەری لەو کۆمەڵەیە نەبوو و ئەسڵەن هیچ کەس نەیدەزانی کە ژنانی کورد لە دەورەی عوسمانیدا بۆخۆیان کۆمەڵەیکیان
بووگە، دەستیان بە چالاکی کردووە، ئینتیشاراتیان بووگە، کتێبیان چاپ کردووە، لە
سەر زبانی کوردی کاریان کردووە و تەنانەت ئەو جۆرەی کە لە ئەساسنامەکەیاندا هاتووە
لە هێندێک لە شارە کوردییەکان لقیان هەبووە. بەڵام ئێستا ئێمە هیچ بەڵگەیەکمان بە
دەستەوە نییە و نازانین لە کام شارەکاندا
ئەوان لقیان هەبووە بەڵام لە ناو ئەساسنامەکەیاندا شتێکی ئاوا هەس.
مەسعادەت بەدرخان یەكێک لە ئەندامانی ئەو کۆمەڵە ئەبێ کە پێشتر لەبەر ئەوەی خۆی
تەجروبەی هەبووە لەگەڵ فێمێنیستە عوسمانییەکان کاری کردگە ناوی لە ناو ئەساسنامەکە
دا هاتگە. بۆ خۆی ڕۆژنامەنووسە، سەردەبیری
بەشی فەڕانسەیی ڕۆژنامەی " دنیای ژنان" ە و ئەوەڵین
نماێشنامەنووسی کوردە، ئەوەڵێن ژنی نمایشنامە نووسی کوردە، یەک لە نمایشنامەکانی
بە دەستەوەیە، باقییەکەی نازانین هەیە، نییە، هیچ بەڵگەیەک لەو بارەیەوە نەماوە. و
تا ساڵی ٢٠٢٤ یش هیچ وێنەیەک لە مەسعادەت بەدرخان مان نەبوو. تەنیا هێندێک
نووسراوە ئەویش لە ناو ڕۆژنامەیەک دا بە ناوی " دنیای ژنان" لە دوای
بەجێ مابوو . ساڵی ٢٠٢٤ لە زانکۆی سابانجی یەکێک لە مامۆستاکانی زانکۆ تانی
پێوەندی بگرێ و وێنەیەکی مەسعادەت بەدرخان بە ڕێگای یەکێک لە ئەندامانی
بنەماڵەکەیەوە لە عومان بدۆزرێتەوە و ئەوە تەنیا عەکس، وێنەیەکە کە ئێمە لە
مەسعادەت بەدرخان هەسمان. بەڵام ئەنجوم یاموڵکی یەکی دیکە لە ئەندامانی ئەو
کۆمەڵەیە کە ئەویش هەر وەک مەسعادەت بەدرخان چالاکی کردووە ئێمە هێشتا وێنەیەکی
ئەومان بەدەستەوە نییە. نازانین ڕواڵەتی ئەنجوم یاموڵکی چۆن بووگە.
قازی: بەرهەمێکی دیکەش کە بەڕێزت نووسیوتە لە سەر یاشار توکتامیش ە. یاشار
توکتامیش کە هاوسەری ئیحسان جیبرانلی یان ئێحسان نووری پاشا بووە کە دیارە ئەو
کارەی ئێوە لە سەر بنەمای ئەو بیرەوەرییانەیە کە
یاشار خانم نووسیویە. ئەو مەقالەیەی ئێوە زۆر جوانە بە ناوی "
بیرەوەرییەکانی چوارڕێیانی ئەستەنبووڵ "، کە ئەویش باسی ئەوەیە کە ئەو چون لە
ئەستەنبووڵەوە چووە بەرەو کوردستان و بەرەو ئەوەی کە پەیوەست بێ بە هاوسەری لە
چیای ئاگری. کاتمان هەیە ئەگەر هێندێکێش ئەم نووسراوەیە شی بکەیەوە.
نێگەهداری نیا: لە ڕاستیدا بیرەوەرییەکانی یاشار تۆکتامیش بەشێکە لەو
پڕۆژەیەی کە ئەوە ئەمن خەریکم لە سەری کار دەکەم. ئەویش سەبارەت بە ڕۆڵی ژنانە لە
شۆڕشی ئاگری دا. ئێمە دەزانین کە بۆ یەکەمجار بە شێوەیەکی فەرمی ژنان لە شۆڕشی
ئاگری دا بەشدارییان کردگە.
لەو بابەتەوە شۆڕشی ئاگری زۆر گرینگە و من ئێستا خەریکی ئەوەم کە ئەو بەڵگە و
سەنەدانەی کە لەمەڕ شۆڕشی ئاگرین و ناوی ئەو ژنانە کە بەشدارییان کردووە لەو شۆڕشە
دا دەدەۆزمەوە. ناوی هێندێکیشیانم پەیدا کردووە و لە ناو ئەوانیش دا یاشار
تۆکتامیش یەکێک لە کەسانێک بووە کە لە ناو یەکێک لە بەڵگەکان دا ناوی وەکوو یەکێک
لە ژنەکانی ئەندامی شوورای نیزامی ئاگری ئاستە کراوە. دوایە ئەوە دەزانین کە
دەفتەرێکی بیرەوەری لە یاشار خانم بەجێ ماوە کە هاتووە بەشداری خۆی لە ئەو سەردەمە
لە بزووتنەوەی ئاگری شی کردووەتەوە و هەر وەها ڕۆیشتنی لە ئەستەنبووڵەوە بۆ ئاگری
لە سەردەمێک دا کە شەڕ لە بەینی کوردەکان و حکوومەتێک کە بەرەو جمهووری دەچێ دەستی
پێکردووە.
ڕوانگەی یاشار خانم لە ناو ئەو دەفتەرە دا، ڕوانگەیەکی بەتەواوی فێمێنیستی یە و
بەرچاوە و ئەو شتەی کە لەو دەفتەرە دا شی دەکاتەوە، ڕیوایەتێک کە ئەو بە ئێمەی
دەدا لە سەر بزووتنەوەی ئاگری زۆر جیاوازە لە گێڕانەوە/ ڕیوایەتێک کە لە ناو
مێژووی زاڵی کوردیدا هەمانهەس.
لەم ڕوانگەیەوە نووسراوەکانی زۆر گرینگە و من هەم نووسراوەکانیم وەرگێڕاوەتەوە سەر
فارسی، کتێبەکەی ئەم پاییزە بڵاو دەبێتەوە و جگە لە نووسراوەکانی خۆی لە کتێبەکە
دا بەندێکش (فەسڵ) هەیە کە ژیانی ئێحسان نووری پاشا و یاشارخانمم لە ئێران دا
سازداوەتەوە لە سەر بنەمای ئەو وتوێژانەی کە کردوومە لەگەڵ ئەو کەسانەی کە
ئاگادارییان هەبووە لە سەر ئەم بابەتە یان ئەو سەرچاوە و ئاڕشیوەی کە لێیان
ماوەتەوە، و بەندێکیش لە کتێبەکە بریتییە لە ناوی ئەو ژنانەی کە لە بزووتنەوەی
ئاگری دا بەشداییان کردگە و هێندێکیان لەگەڵ یاشار خانم و ئێحسان نووری پاشا
هاتوون پەنایان بۆ ئێران هێناوە و ئیتر چ جۆرە ڕووداوێکیان هاتووەتە سەر ڕێ و
چییان بەسەر هاتووە زۆر کورت ئەو جێگایەی کە توانیومە زانیاری پەیدا کەم لەو بەندە دا باسم کردووە.
قازی: دیارە دەزانین کە لە بەڵگەکانی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئێران دا،
ئێستا لەو ساڵانەی دواییدا لە ناوەندی ئەسنادی میللی ئێران دا زۆر بەڵگە
دەرکەوتووە سەبارەت بەو سەروبەندانە و تەنانەت لێکۆلەرەوەیەکی ئێرانیش بە نیوی
کاوە بەیات کتێبێکی نووسیوە لە سەر بنەمای ئەو بەڵگانەی کە پێوەندیان هەیە بە
شۆڕشی ئاگری. بەڵام ئەمن پرسیارێکی دیکەشم هەیە، لێرە دا، لەو پێوەندییە دا. چونکە
دەزانین کە ئەو سەردەمی داشناکسیون، یان هێزە ئەرمەنییەکان یارمەتیدەری ئاگری بوون
تا ڕادەیەکی زۆر. لەو پێوەندییە دا ئایا ژنانی ئەرمەنی هیچ موداخەلەیەکیان هەبووە
تا ئەو جێگایەی کە ئەتۆ لێت کۆڵیبێتەوە؟
نێگەهداری نیا: لە ناو ئەو ئەسنادە دا کە بەجێ ماون ئەوەی کە ناو لە
ژنانی ئەرمەنی ببردرێ من شتێکم دەست نەکەوت. تەنانەت من بیریشم لێ نەکردووەتەوە بۆ
ئەوەی بزانم شتێکی ئاوا هەبووە یان نا،. بەڵام ئێمە دەزانین کە فێمێنیستە
ئەرمەنییەکان زۆر بە وردی خەریکن لە سەر دۆزینەوەی مێژووی خۆیان لە سەردەمی
عوسمانیدا کار دەکەن. هەر لە زانکۆی ماساچووسێت ئەوان پڕۆژەیەکی زۆر گەورەیان هەیە
وخەریکن بەو مێژوویەی خۆیان دا دێنەوە و دەی بووژێننەوە چونکوو هەر وەکوو کوردان
دەوڵەتی جمهووری تورکیا هەموو بەڵگە و مەدڕەک و ئارشیڤگەلێک کە سەبارەت بە
ئامادەیی ژنان لە زەمینەگەلی جۆربەجۆر، سیاسی، کۆمەڵایەتی، چاپەمەنی، میدیا، هونەر
بێ لە لایەن ژنانی کەمایەتییەوەبێ وەکوو ئەسنادی نهێنی بەلاوەی ناوە و دەست پێیان
ڕاناگا. تەنانەت لە ناو ناوەندی لێکۆڵینەوە و لە ناو زانکۆکانیش دا، لێکۆلەرەوە و
توێژەران دەستیان بەو بەڵگانە ڕا ناگا و ناتوانن کاریان لە سەر بکەن.
بۆیە کەم کەم، یەواش یەواش دوای سەد ساڵ کە تێپەڕیوە تازە بەشێک لە سەنەدەکان
هاتوونەتە دەرێ و لە دۆخی نهێنی دا نین و ئێمە دەتوانین کاریان لە سەر بکەین و لە
ناویان دا ناوی ژنان بدۆزینەوە.
لەمەڕ شۆڕشی ئاگری گەلۆ ژنانی ئەرمەتی
تێیدا بەشدار بووبن ئەمن تا ئێستا بەڵگەیەکم نەدیگە بەڵام ژنانی کورد لە شۆڕشی
ئاگری دا بەشدارییان کردووە، شووڕای نیزامیان بووگە و لە ناو ئەو ئەسنادەی کە
لەمەڕ شۆڕشی ئاگری ماوەتەوە بە شێوەی فەرمی ناوی حەموو ئەو ژنانە کە لە شوڕای
نیزامی بزووتنەوەی ئاگری دا بەشدار بوون
ئاستە کراوە.
قازی: زۆر باشە بەڕێز سۆما کاتمان بەرەو تەواو بوون دەڕوا پێم خۆش بوو لە
کۆتایش دا چەند وتەیەک بێژی و بەرنامەکەمان تەواو بکەین.
نێگەهداری نیا: سپاس بۆ ئێوە کە ئەم بەرنامەیەتان پێک هێنا، فورستتان
دا من بتانم لە سەر ئەو بابەتە گرینگە قسە بکەم. بە ڕای من زۆر گرینگ بوو کە ئێمە
بتوانین لە مێژووی چالاکی و ڕۆڵی ژنان لە پڕۆسەی ئاشتی دا قسە بکەین. ئەوەی کە زۆر
سەرنجی نادرێتە سەر، ئاشتی هەمیشە وەک شتێکی زیاتر لە ئاستی نوخبە و زۆرتریش
پیاوانە چاوی لێ دەکرێ. بەڵم گرینگە کە ئێمە بزانین ئەم ژنانە مێژوویەکیان لەو
بابەتەوە هەس و بەشێوەی مەدەنی زۆر چالاکییان کردووە، تەنانەت لە دەرەوەی
چوارچێوەگەلی حیزبی.
ئێمە ئەگەر چاو لە مێژوو بکەین دەتوانین هەم ئێستا و هەم داهاتووش باشتر شی
بکەینەوە.
قازی: زۆر سپاست دەکەم بەڕێز نێگەهداری نیا بۆ بەشداریت لە ڕاوێژ دا داوای
سەرکەوتنت بۆ دەکەم. زۆر سپاس.
نێگەهداری نیا: سپاس بۆ ئێوە.
قازێ: بینەرانی خۆشەویست، بەم شێوەیە دەگەینە کۆتایی بەرنامەی ئەمجارەشمان.
هیوادارم ئەو چاوپێکەوتنەمان دەگەڵ بەڕێز نێگەهداری نیا کەلکی پێویستی هەبووبێ بۆ
لەبەرچاوگرتنی زیاتری مافی ژنان لە
کۆمەڵگەی کوردستان دا. تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.
تێبینی: ئەم هەڤپەیڤینە لەگەڵ بەڕێز سۆما نێگهداری نیا لێکۆلەرەوەی مێژووی
زانستە کۆمەڵایەتییەکان ئێوارەی دووشەمە ١٨-ی ئووتی ٢٠٢٥ بە ئاوایەکی زیندوو بە ڕێگای تۆڕی تیمس بەڕێوەچووە. دەکرێ بەڕێگای
ئەم لینکەی خوارەوە دا ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە، لە مەکۆی ڕاوێه لە یوتیوب دا تەماشا بکەن.
https://youtu.be/GPSLWlkTdFw?si=2mtlXBHb9gS3Bbl3
No comments:
Post a Comment