Monday, August 18, 2025

مەسعادەت بەدرخان، ژنێک لە یەکتربڕی دوو ناسیونالیزمدا. سۆما نیگەهداری‌نیا، وەرگێڕان لە فارسییەوە : سۆران جەلیل


مەسعادەت بەدرخان،

ژنێک لە یەکتربڕی دوو ناسیونالیزمدا

سۆما نیگەهداری‌نیا
وەرگێڕان لە فارسییەوە : سۆران جەلیل

بە باوەڕی ڕبێکا سۆڵنیت، نووسەری ئەمریکایی نەخشەکان هەمیشە بۆ دۆزینەوەی شوێن یان کەلوپەل نییە، بەڵکوو لە دونیای ئێمەدا نەخشەگەلێکیش بۆ ونبوون هەیە! سۆڵنیت بە پێداچوونەوە بە داستان، گێڕانەوە و ئەفسانەکان لە ڕۆژهەڵاتی دوورەوە تا ئەمریکای لاتین دەڵێت ئەو نەخشانەی کە لە بنەڕەتدا "بۆ بەرەوپێش ڕۆیشتن بەبێ گەیشتن بە سنووری ئاسۆ دوورەکان" کێشراون، لە کۆتاییدا ئێمە حەیران و سەرگەردان لە بەرانبەر دوورەدیمەنێکی بێ سنووردا بەجێ دەهێڵن.

لە سەردەمێکی دیاریکراودا زۆر سەرسامی ئەم ڕاڤەیە بووم و تەنانەت هەندێک جاریش لە چوارچێوەی چیرۆکی قەڵەمڕەوە بێکۆتایییەکاندا بە ژیانی پڕ دڵەڕاوکێی جیهانی ئەمڕۆوە گرێم دەدا، بەڵام ئەوەندە دڵنیا نەبووم کە نەخشەیەکی لەم شێوەیە بوونی هەیە، یان ئەوەی کە وەئەستۆخستنی ژیان ڕێگە بە کەسێک دەدەن ڕۆژێک بە نەخشەیەکەوە خاڵی لە هەر جۆرە خاڵێکی گەڕێندراوە لە هەراوهوریای ژیانی ڕۆژانەدا ون بێت. من گێڕانەوەی سۆڵنیتم زیاتر بە چیرۆکێکی خەیاڵی دەزانی، بەڵام لە کاتی لێکۆڵینەوە مێژوویییەکان بەمەبەستی دروستکردنەوەی بەشێک لە مێژووی ژنانی سەدەی ڕابردوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تووشی ناوی ژنانێک بووم کە ناو و واژۆ و دەستنووس و بابەتەکانیان لە نێوان ئەو لاپەڕە زۆرانەی ئەرشیڤدا بوو، بەڵام هیچ ئاسەوارێک لە خۆیان نەبوو و تەنانەت وێنەی هەندێک لەوانە لەناو وێنەکانیشدا لابرابوو.

کاتێکی زۆری پێچوو تاکوو بتوانم بە یارمەتی ئەو پارچە کاغەزە کۆنانەی کە لە دوای خۆیان بەجێیان هێشتووە جیهانی دەوروبەریان دروست بکەمەوە و ناوی هاوڕێ و خزمەکانیان بدۆزمەوە. بەناو ئەلبوومی وێنەکانی ئەو کۆمەڵە، گرووپ و ئەنجومەنانەدا کە ئەم ژنانە تێیاندا ئەندام بوون گەڕام بەو هیوایەی ئاسەوارێکیان بدۆزمەوە. چوومە هەندێ گۆڕستانی ئەو شارانەی بەشێک لەم ژنانە لێی ژیاون، بەو هیوایەی ناو و ناونیشانیان لەسەر کێلی گۆڕەکان بدۆزمەوە، بەڵام هەرچی زیاتر ڕۆیشتم، زیاتر ڕووبەڕووی جێگەی خاڵی ئەوان بوومەوە. سەرەنجام ڕۆژێک بە خۆمم گوت باشترە واز لەم لێکۆڵینەوەیە بێنم. دەمویست بەو هاوڕێ و هاوکارانەی کە بۆ دۆزینەوەی بەڵگەکان یارمەتییان دابووم ڕابگەیەنم بە هۆی نەبوونی بەڵگەنامە و نووسراوی پێویست وازم لە بەردەوامبوونی کارەکە هێناوە.

لەم بیرانەدا بووم کاتەکانی دەوام کۆتایی هات، بە نائومێدی کاغەزەکان و لاپتۆپەکەم لەسەر مێزەکە هەڵگرت و ئۆفیسەکەم بەجێ هێشت. دوای ساڵێک لە کارکردنی بێ وەستان، قەبووڵکردنی شکست بۆ من ئاسان نەبوو. چەند جار لە هاوڕێکانمەوە بیستبووم کە تۆ بە دوای دەرزییەک دەگەڕێیت لەناو کادانێکدا! سەرەڕای ئەمەش، خولیای دروستکردنەوەی سەرگوزشتەی سڕاوەی ئەو ژنانە، منی بەرەو پێشەوە بردبوو، بەڵام ئەو ڕۆژە لەناکاو خۆم لەناو کۆمەڵێک گێڕانەوەی لاوەکیدا بینییەوە، گێڕانەوەی ئەوانی دیکە بێ هیچ ئاسەوارێ لەو ژنانەی کە مەبەستم بوو. وەکوو ئەوەی شڵەژاوی زەینیم بە شەقامەکانیشدا گەڕابوو، چونکە هەموو شوێنێک شێواو بوو. کەمێک پێشتر شەقامی سەرەکییان داخستبوو و ڕیزی درێژی ئۆتۆموبیل و خەڵک هێمنی شارەکەیان تێک دابوو. من پێم باش بوو لەبری وەستان لەناو میترۆ قەرەباڵغەکەدا و بەرگەگرتنی ژاوەژاوی خەڵک لە تونێلەکانی ژێرزەویدا، کەمێک پیاسە بەکەم و بچمە وێستگەی کەشتییەکانی شارەوانی. ئەم وێستگانە زۆرجار چۆڵن و جگە لەو ژن و پیاوە بەساڵاچووانەی کە توانای شەڕەقسەیان لەگەڵ کەسانی دیکەدا نییە بۆ ئەوەی سواری پاس یان میترۆ بن، هەروەها کەسانی تاڕادەیەک گەنجتر کە ڕەنگە پەلەیان نەبێت، بەزۆری کەس لەم وێستگانەدا نییە.

زستان بوو و دەریاش کەمێک تۆفاناوی دەردەکەوت. دوای چەند خولەکێک دواکەوتن، کەشتییەکی بچووک و کۆن لەسەرخۆ و لەرزۆک گەیشتە کەنار و هەموومان سوار بووین. من لە تەنیشت یەکێک لە پەنجەرەکانی کابینەی نهۆمی یەکەم دانیشتم. کەشتییەکە ڕۆیشت و من بۆ ڕزگاربوون لە فیکر و خەیاڵەکانم، بە سەیرکردنی شەپۆلە ڕەش و سەرگەردانەکان کاتژمێرێک خۆمم سەرگەرم کرد. نەمدەویست بیر لەو ڕێگەیە بکەمەوە کە تا ئەو ڕۆژە لە لێکۆڵینەوەکەمدا گرتبوومە بەر. ئەوەندە ماندوو بووم بۆ ساتێک هەستم کرد نامەوێت کەشتییەکە هەرگیز بگاتە کەنار. ڕێک لەو ساتەدا سەرنجم بۆ کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئەوبەری دەریا چوو. بەگشتی ئەم کەشتیانە ئەوەندە گەورەن تەنانەت لە دووریشەوە ترسناک دەردەکەون، بەڵام ئەمجارە پێش ئەوەی سەرنجی کەشتییەکە بدەم، نووسینی سەر کەشتییەکە سەرنجی ڕاکێشام. بەپێی قانوونەکانی ڕێکخراوی نێوەدەوڵەتی دەریاوانی، هەموو کەشتییەکانی جیهان ناوێکی تایبەت بە خۆیان هەیە کە لەسەر کەشتییەکە دەنووسرێت، بەڵام خاڵی سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە، بەپێی دابونەریتی کۆن، ڕەگەزی کەشتییەکان بە ژنانە دادەنرێت و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​ناوەکانیان لە ناوی ژنانەوە هەڵدەبژێردرێن.

ناوی ئەو کەشتییە گەورەیەی بە بەردەم پەنچەرەی کابینەکەی مندا لەوبەری دەریاوە بەرەو ئوقیانووس دەڕۆیشت "ئەستێرەی بەیان" بوو. بۆ ساتێک لە خەیاڵمدا وێنام کرد ئەستێرەیەکی بەیان لەبەردەم پەنجەرەی کابینەکەمدا تێپەڕی و بەرەو ئاوە ئازادەکان ڕۆیشت. ئەستێرەی بەیان یان ئەستێرەی باکوور ناوی یەکێک لە درەوشاوەترین ئەستێرەکانی ئاسمان، کە بە هۆی پێگەی تایبەتی خۆیەوە بە بەراورد بە تەوەری گۆی زەوی لە کۆمەڵەی خۆردا، بەگشتی بە درێژایی شەو و لە هەموو وەرزەکانی ساڵدا لە خاڵێکی جێگیر دەبینرێت. بۆیە هەر لە کۆنەوە ئەم ئەستێرەیە بۆ دۆزینەوەی ئاراستەکان و کێشانی ئاراستەی باکوور لەسەر نەخشەکان بەکار هاتووە و ئەم جێگیری و پایەدارییە ناوی ئەم ئەستێرەیەی هێناوەتە ناو کایەی داستان و شیعر و ئەدەبیشەوە. بۆ نموونە، شکسپیر لە زمانی جولیۆس سیزار لە ناساندنی دەسەڵاتی هەرمانی خۆیەوە دەڵێت: "من جولیۆس سیزارم! ئەو کەسەی وەک ئەستێرەی بەیان هەتاهەتایە لە پلەوپایەی شادا دەمێنمەوە."

ڕۆژنامەی "دونیای ژنان"

ڕۆژنامەی "دونیای ژنان"[١] لە ٤ی ئەپریلی ١٩١٣ لە لایەن کۆمەڵێک لە ژنانی ئەندامی "ئەنجومەنی داکۆکیکارانی مافی ژنانی عوسمانی"[٢] دامەزرا. بەپێی ئەو ئەرشیڤانەی ماون، ئامانجی ئەم ژنانە لە بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامە هۆشیارکردنەوەی ژنان و بەهێزکردنیان بۆ ئەوەی ببنە بەشدارێکی کارا لە کۆمەڵگەدا، زیادکردنی دەستڕاگەیشتن بە خوێندن و کاری مووچەخۆری ژنان، هەڵوەشاندنەوەی یاسای فرەژنی و چاکسازی لە یاساکانی جلوبەرگ، بە تایبەت سەبارەت بە حیجابی ئافرەتانی موسڵمان، بوو. دونیای ژنان لە بنەڕەتدا یەکەم گۆڤاری فێمینیست - لەسەر بنەمای پێناسەکانی ئەمڕۆی فێمینیزم - بوو کە لە سەرانسەری ئیمپراتۆری عوسمانیدا بڵاو دەکرایەوە. هەرچەندە لەو ماوەیەدا ڕۆژنامە هەبووە کە لە لایەن ژنانەوە یان بۆ ژنان دەردەچوون، بەڵام دونیای ژنان لە چەند ڕوویەکەوە لە ڕۆژنامەکانی تری ژنانی ئەو سەردەمە جیاواز بووە.

دونیای ژنان یەکەم ڕۆژنامە بوو کە وێنەی ژنێکی موسڵمانی لەسەر بەرگەکەی چاپ کرد. ئەندامانی دەستەی نووسەرانی ئەم ڕۆژنامەیە، لەگەڵ چل نووسەری هاوکاری، هەموویان ژن بوون و ئەم ڕۆژنامەیە لە چوار لاپەڕەدا - لە دوای ژمارەی سەدەوە لە شازدە لاپەڕە - بڵاو دەکرایەوە.

لە بەشێک لە سەروتاری ڕۆژنامەی دونیای ژنان لە ٣ی جوونی ١٩١٣دا دەخوێنینەوە: "تا کاتێک مافەکانی ئێمەی ژنان لە قانووندا بە فەرمی نەناسرێت تا کاتێک ژن و پیاو لە هەر پیشەیەکدا یەکسان نەبن، دونیای ژنان سوود لە نووسین و بابەتەکانی پیاوان لە ڕۆژنامەکەدا نابینێت ... بەڵێ، هەندێک پیاو بەرگری لە ئێمەی ژن دەکەن، ئێمە ئەمە دەبینین و سوپاسیان دەکەین. لەگەڵ ئەمەشدا، ئێمەی ژن خاوەنی شێواز و دابونەریتی خۆمانین و نووسەرانی پیاو نە ئەم بنەمایانە قەبووڵ دەکەن و نە لە فەزای زەینی ئێمە تێدەگەن. بۆیە، تکایە وازمان لێ بێنن و لە ئێمە بووکەڵە بۆ خەونەکانتان دروست مەکەن. ئێمە دەتوانین بە هەوڵی خۆمان بەرگری لە مافەکانمان بکەین..."

خاڵێکی تری سەرنجڕاکێش ئەمەیە، ئەم ئەنجومەنە لە یەکەم ڕۆژی دەرچوونی ئەم ڕۆژنامەیەدا، چاپخانەیەکی سەربەخۆی بە هەمان ناوەوە کردەوە، هەموو کارمەندەکانی بە پیت چین و چاپکەرەوە ژن بوون و لە لایەن وەستایانی چاپخانەوە ڕاهێنانیان پێ کرابوو. ئەم بابەتەش بە وەرچەرخانێک لە مێژووی بوونی ژنان لە کۆمەڵگە عوسمانیەکاندا دادەنرێت و بە هۆی هەوڵی ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە، ژنان وردە وردە توانییان لەو کارانەدا کە پێشتر هی پیاوان بوون، دابمەزرێن. بۆ نموونه، دوای ماوەیەکی کەم لە کردنەوەی چاپخانەی ڕۆژنامەی ژنان، بەڕێوەبەرایەتی پۆست و تەلەگراف لە ئیستەنبووڵیش ژمارەیەک ژنی وەک کارمەندی خۆی دامەزراند. ڕۆژنامەی دونیای ژنان جگە لە ڕووماڵکردنی هەواڵەکان سەبارەت بە بوونی ژنان لە کۆمەڵگەدا،  نامەی ئەو پیاوانی کە سەبارەت بە بوونی ژنان لە کۆمەڵگەدا نیگەرانییان دەردەبڕی لە گۆشەیەک بە ناونیشانی "نامەکان" بڵاو دەکردەوە. هەرچەندە زانیاری ورد لەبارەی تیراژی ئەم ڕۆژنامەیە لەبەردەستدا نییە، بەڵام لە یەکێک لە ئاگادارییەکانی ژمارە ١٦٥ی ئەم ڕۆژنامەیەدا دەخوێنینەوە:

"بە هۆی کەمی کاغەز لە هەلومەرجی تایبەتی جەنگدا [ئاماژە بە جەنگی یەکەمی جیهانی و لێکەوتەکانی لە خاکەکانی عوسمانیدا]، لەمەودوا ڕۆژانە سێ هەزار دانە لە ڕۆژنامەکە بڵاو دەکرێتەوە. بۆیە، پێویستە خوێنەران مانگانە هاوبەشی ڕۆژنامەکە بکەن."

خاڵێکی زۆر گرینگ سەبارەت بەم ڕۆژنامەیە پێکهاتەی ئەندامانی دەستەی نووسەرانیەتی. بە پێچەوانەی شێوازی ئاسایی لە ڕۆژنامەکان لە ساڵانی پێش ڕووخانی ئیمپراتۆری عوسمانیدا، دەستەی نووسەرانی ئەم ڕۆژنامەیە ژنانی گرووپە نەتەوەیی و ئایینییەکان و کەمینەکانی دانیشتووی ئەو جوگرافیایەیان لەخۆ گرتبوو کە بەڕاشکاوی بیرۆکەی ناسیۆنالیستییان ڕەد دەکردەوە و خوازیاری ددانپێدانانی مافی کەمینەکانیان بوون. ئەوەی دواتر دەیخوێنیتەوە چیرۆکی یەکێک لەو ژنانەیە کە ئەندامی دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی دونیای ژنانە، لە نێوان ساڵانی ١٩١٤ تا ١٩٢١، هاوکات لەگەڵ دروستبوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ و لە یەکتربڕینی ناسیۆنالیزمی تورک/کورددا، لەگەڵ دونیای ژنانەی خۆیدا ون بوو.

مەسعادەت بەدرخان

دوای ئەزموونکردنی ساتی ونبوونم لە دەریادا و بینینی ئەستێرەی بەیان لە پەنجەرەی کابینەی کەشتییەکەوە، بڕیارم دا لەبری بەدواگەڕانی شوێنپێی ئەو ژنانەی مەبەستم بوو لەناو ئەرشیڤە زۆرەکان - زۆرێکیان بە هۆی جەنگ، ڕووخانی حکوومەتی ناوەندی، ئاژاوە و یاخیبوونەکانی سەرەتای سەدەی بیستەم و هەروەها ململانێکانی دەوڵەتی تازە دامەزراوی تورکیا و کەمینە ئایینی و نەتەوەیییەکان، ناتەواو، وەلانراو، یان لە دەرەوەی دەستپێڕاگەیشتنی توێژەران بوو - بە دوای ڕێگەی ونبوونی ئەم ژنانە بەگەڕێم. ئەم بڕیارە لەژێر کاریگەری بیرۆکەی ڕبێکا سۆڵنیت لەبارەی "نەخشەگەلێک بۆ ونبوون" بوو.

لە یەکێک لە ئەفسانە زارەکییە کوردییەکاندا، لە شێوەی شیعردا نووسراوە و لە ڕێگەی جۆرێک مقامەوە بە ناوی "حەیران" زار بە زار گواستراوەتەوە،[٣] ڕووداوێکی سەیر لەبارەی "ونبوون" یان باشترە بڵێم "چۆنونبوون" هەیە. لە نیوەی چیرۆکەکەدا، کاتێک ململانێی دوو کارەکتەری سەرەکی لەسەر حەقیقەت دەگاتە لووتکە، یەکێکیان لە دوای هەڵەی یەک لە دوای یەک و شکستی دووبارە لە لایەن ئەوی دیکەوە، بڕیار دەدات لە بەیتی داستانەکە ون بێت.

هەردوو کارەکتەری سەرەکی ئەم ئەفسانەیە هێزی ئەودیو سروشتییان هەیە و لە ئەنجامدا ناتوانن خۆیان لە ڕکابەرەکانیان بشارنەوە، چونکە نەیار بە پشتبەستن بە هێزی ئەودیو سروشت دەتوانێت لە قووڵایی قووڵترین دەریاکانەوە یان لە لووتکەی بەرزترین شاخەکانەوە و تەنانەت لە دڵی بچووکترین گەردیلەکانیشدا بیدۆزێتەوە. یەکێک لە دوو کارەکتەرە سەرەکییەکەی چیرۆکەکە چەند ڕۆژ بە دوای شوێنێکدا بۆ ونبوون دەگەڕێت و دەستودامێنی با و ئاو و گیا دەبێت، بەڵام هەموو جارێک بە نائومێدی دەگەڕێتەوە. سەرەنجام ڕۆژێک سەرکەوتوو دەبێت لە داڕشتنی "نەخشەی ونبوون"ی خۆی و بەرەو شوێنێک دەڕوات کە دەستی کەسی پێی نەگات. ئەو، کە ناوی "شێخ ڕەش"ە، "پشتی خۆر" بۆ ونبوون هەڵدەبژێرێت و لەوێ بۆ هەمیشە لە چاوی هەمووان ون دەبێت.

یەکەم وێنە کە لە کاتی بیستنی دەستەواژەی "پشتی خۆر"دا بە زەینی مرۆ تێدەپەڕێت، ڕەشایییە، جێگەیەک کە هیچ ڕووناکی نییە و تاریکی بەسەر دوورەدیمەندا زاڵە.

ڕەنگە ونبوونیش بە جۆرێک لە ڕەشایی و جۆرێک لە مەودا بچووێنرێت، مەودای نێوان کەسی ونبوو و جیهانە ئاشناکەی کە لە دیوە تاریکەکەی دەمێنێتەوە. ئێستە دەمەوێت دەست بە چیرۆکی ونبوونی مەسعادەت بەدرخان لە مەودای تاریکی نێوان ئەو و هەموو ئەو بابەت، شانۆنامە و وەرگێڕانانەی لە ڕۆژنامەی دونیای ژناندا ماونەتەوە، بکەم.

مەسعادەت بەدرخان یەکێک لە ئەندامی دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی "دونیای ژنان"ە، کە بە زمانی تورکی عوسمانی بڵاو دەکرایەوە. جگە لەمەش، ئەو سەرنووسەری پاشکۆیەکە کە لە ژمارە ١٢١ەوە لەژێر هەمان ناونیشان و بە زمانی فەرەنسی بۆ ڕۆژنامەکە زیاد دەکرێت. هەرچەندە ئەو لە ئەندامانی ئەنجومەنی مافی ژنانی عوسمانییە، بەڵام لە ڕۆژنامە و بەڵگەنامەکانی پێوەست بە ئەنجومەن هیچ زانیارییەک لەبارەی ئەو نییە. لەگەڵ ئەمەشدا، وەک لە پاشناوەکەی دەردەکەوێت، ئەو سەر بە تایەفەیەکی دیاری کورد بووە. لە پشکنینی شەجەرنامەی بنەماڵەی بەدرخانییەکان، نەمتوانی زانیاری دروست لەسەر مەسعادەت، باوکی، یان ئەندامانی دیکەی بنەماڵەی باوکی بەدەست بهێنم.

بۆیە بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی لاوەکی لەبارەی ئەو چاوپێکەوتنم لەگەڵ چەند مێژوونووسێکی سەردەمی عوسمانی کرد. دوکتۆر عایشە کادی ئۆغڵوو، پرۆفیسۆری یاریدەدەری توێژینەوەی جێندەر لە زانکۆی سابانچی و توێژەری ژنانی ڕۆژنامەنووس لە سەردەمی عوسمانی، ئەو پێی وا بوو مەسعادەت ئەندامی بنەماڵەی بەدرخانییەکان نەبووە، بەڵکوو تەنیا ناوی بنەماڵەی هاوسەرەکەی، سورەیا ئەحمەد بەدرخانی بەکار هێناوە. سەرەڕای ئەمەش، خاتوو عایشە کادی ئۆغڵوو جەختی لەوە کردەوە بەڵگەی پێویست نییە بۆ سەلماندنی ئەم بانگەشەیە و ئەمە تەنیا بانگەشەی یەکێک لە خزمەکانیەتی.

میتلات کۆتلات، نووسەر و لێکۆڵەری مێژووی چاپەمەنی عوسمانی، باوەڕی وا بوو مەسعادەت ئەندامی بنەماڵەی بەدرخانییەکان بووە، بەڵام ددانی بەوەدا نا تا ئێستە زانیاری دروستمان لەسەر ناوی باوکی نییە. ناوبراو ئاماژەی بە لابردنی ناوی بنەماڵەی بەدرخان لە ئەرشیڤەکانی حکوومەت بە هۆی ناکۆکییان لەگەڵ کۆماری تورکیا لە ساڵانی سەرەتای دامەزراندنی ئەم وڵاتە کرد. میتلات کۆتلات هەروەها باسی لەوە کرد لەو ماوەیەدا باو بووە ژنانی ڕووناکبیر لە واژۆکانیاندا ناوی بنەماڵی خۆیان شانبەشانی ناوی بنەماڵەی هاوسەرەکانیان بەکار بهێنن، تاکوو بەمە جەخت لە سەربەخۆیی خۆیان لە هاوسەرەکانیان بکەنەوە. ئاماژەی بە عەلاوییە مەولان ڕەفعت‌زادە، هاوڕێی مەسعادەت و سەرنووسەری بەشی تورکی ڕۆژنامەی دونیای ژنان کرد، کە لە واژۆی خۆی لە کۆتاییی سەروتارەکانیدا هەردوو ناوی بنەماڵەی مەولان و ڕەفعت‌زادەی بەکار هێناوە.[٤] بەم پێیە، کۆتلات واژۆی مەسعادەت لەژێر بەرهەمەکانیدا بە نیشانەی پێوەندی ئەو بە بنەماڵەی بەدرخان زانی.

یەکەم بابەتی مەسعادەت بەدرخان لە ١٢ی ئۆگەستی ١٩١٣ لە ڕۆژنامەی دونیای ژنان بڵاو کرایەوە و دواتر تا ٣٠ی جوولای ١٩١٤ لە بابەتەکانیدا بە ناونیشانی "ژن لە ماڵ و کۆمەڵگە"دا، دووبارە پێناسەی مێینەیی لە جیهانی نوێدا و پێویستی گۆڕینی تێڕوانینەکانی بەرانبەر بە پرسی ژن و مافەکانیان لە قانوون، بنەماڵە و کۆمەڵگە کردووەتەوە.

هەروەها بابەتەکانی بە زمانی فەرەنسی لە پاشکۆی ئەم ڕۆژنامەیەدا بڵاو کردووەتەوە. جگە لەمەش، وەرگێڕانی نوێترین بابەتەکانی فەرەنسی بۆ سەر زمانی تورکی لە لایەن مەسعادەت لە ڕۆژنامەی دونیای ژنان دەبینین. دەتوانرێت تەواوی بەرهەمەکانی بەسەر دوو دەستە دابەش بکرێن: دەستەی یەکەم بە زمانی تورکی عوسمانی نووسراوە و ئاراستەی گشت ژنانی کۆمەڵگەی عوسمانی کراوە. لەم بەرهەمانەدا زیاتر باسی لە بابەتەکانی وەک پێوەندی نێوان ژن و پیاو پێش هاوسەرگیری، جیابوونەوە، مافی ژنان لە خێزان، هاوسەرگیری منداڵ، فرەژنی، کاری ماڵەوە و سەرپەرشتیکردنی منداڵی کردووە و جەختی لەوەش کردەوە کە سەردەمێکی نوێ بەڕێوەیە و ژنان دەبێت مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان بگرنە دەستی خۆیان:

"ئێمە چاوەڕێی ئەوە ناکەین پیاوان ماف و ڕێز بە ژنان بدەن. بە پێچەوانەوە، ئەوە ژنانن کە دەبێ لە ڕێگەی خەباتی خۆیانەوە هەردوو ئەمانە بەدەست بهێنن؛ ژنان هێشتا ئازاد نین چونکە لە بەرانبەر ئەو زوڵمەی بەرانبەریان دەکرێت سەبریان هەیە. لەگەڵ ئەمەشدا، کاتی ئەوە هاتووە بڕیار بدەن لە بەرابەر ستەمکاران بوەستن و بەرگری بکەن ... لەم ڕووەوە ژنان بە پلەی یەکەم بەرپرسیارن لە ڕێگەی خەباتەوە خۆیان ئازاد بەکەن و تەنیا دوای ئازادییە کە دەتوانن نەوەیەک پەروەردە بکەن کە ددان بە مافەکانی ژناندا بنێت و پیاوانێک بچنە ناو کۆمەڵگەوە کە لە ژن تێبگەن و لەبری ئەوەی دڵیان بشکێنن، و ڕێزیان لێ بگرن ..."

لە سەروتاری یەکەم چاپی فەرەنسی دونیای ژنان - پاشکۆی ژمارە ١٢١، ٢٠ی دیسەمبەری ١٩١٣ - مەسعادەت بە واژۆی "کاردیناڵ دونیاسی" دەنووسێت:

"بە هۆی ئەو هاندان و گرینگیپێدانەی کە خوشکە غەیرە موسڵمانەکانمان لە ئیمپراتۆری عوسمانی و ئەورووپا بۆ ڕۆژنامەی دونیای ژنان نیشانیان دا، بڕیارمان دا لەمەودوا ئەم پاشکۆیە بە زمانی فەرەنسی بڵاو بکەینەوە..."

لەم کۆمەڵەیە لەپاڵ مەسعادەت، ناوی ژنانی وەک لیا هوورشی (ڕۆژنامەنووسی ڕۆمانی)، لووسی تۆمایان (ڕۆژنامەنووس)، بێرس دانگێنیس (نووسەر و چالاکوانی مافی ژنانی فەرەنسی)، دوکتۆر فریدا ئۆسکار (ڕۆژنامەنووس)، بێرس دی لاونای (ڕۆژنامەنووس)، فەهرول بینات سولەیمانۆڤا (ڕۆژنامەنووس)، ئۆدێت فێڵدمان (پەیامنێری ڕۆژنامەی بێرلینەر تاگبلات، ڕۆژنامەنووس)، گرەیس ئێلیسۆن (پەیامنێری ڕۆژنامەی تایمز، ڕۆژنامەنووس) تۆمارکراوە.[٥]

بابەتەکانی مەسعادەت بەدرخان، وەک سەرنووسەری بەشی فەرەنسی، بۆ ڕووناکبیران و فێمینیستەکانی ڕۆژئاوا نووسراون. ئەو لەم نووسینانەدا بە نیگایەکی ڕەخنەگرانە، تێڕوانینی باوی ڕۆژئاوایی سەبارەت بە ژنانی ڕۆژهەڵات دەخاتە ژێر پرسیارەوە و زۆرجار ئەم بۆچوونانە بە هەڵبەسترا و لێکدانەوەی بۆچوونی گەشتیارانی ڕۆژئاوایی و سەفەرنامەنووسانی ئەورووپایی دەزانێت. دەڵێت ڕۆژئاوایییەکان ژنانی ڕۆژهەڵات بە بوونەوەرێکی لاواز و بێدەنگ و دیلی حەرەمسەراکان وەسف دەکەن و خەباتەکانیان پشتگوێ دەخەن، لە کاتێکدا ژنانی ڕۆژهەڵاتیش وەک ژنانی ڕۆژئاوا سەرقاڵی داکۆکیکردنن لە ماف و ئازادییە کۆمەڵایەتییەکانیان و دەستکەوتی ئومێدبەخشیان بەدەست هێناوە. مەسعادەت ڕاپۆرتێک لەسەر مافی خوێندن و کردنەوەی زانکۆکان بەڕووی ژناندا دەنووسێت و لە شوێنێکی دیکەشدا لەسەر هیوای بەدەستهێنانی مافی دەنگدان دەنووسێت. هەروەها ئامۆژگاری ژنانی ڕووناکبیری ڕۆژهەڵات و موسڵمانان دەکات کە دەست بە نووسینی بابەت و کتێب بە زمانەکانی وەک فەرەنسی و ئینگلیزی بکەن، تاکوو لەم ڕێگەیەوە ڕووبەڕووی پەرەپێدانی "ئەم وەهمانە" لەبارەی بە ژنانی موسڵمان ببنەوە.

ناوی مەسعادەت بەدرخان دوایین جار لە ١٨ی جوولای ١٩١٤ و لە ژمارە ١٥٠ی ئەم ڕۆژنامەیەدا بینراوە. لەم ژمارەیەدا بابەتێکی بێرس دانگێنیس، نووسەری فەرەنسی (١٨٥٢-١٩٤٠)، سەبارەت بە هاوسەرگیری فەرمی و پێوەندی سۆزداری نێوان ژن و پیاو لە دەرەوەی چوارچێوەی هاوسەرگیری فەرمی وەرگێڕاوە. لە کۆتاییی وەرگێڕانەکەدا بە بیری خوێنەرانی هێناوەتەوە کە بە هۆی گرینگی ئەم بابەتە بۆ کۆمەڵگە و ڕێژەی بەرچاوی جیابوونەوە لە تورکیای عوسمانی، ئەم وەرگێڕانە کراوەتە دوو بەش و لە هەفتەی داهاتوودا بەشەکەی دیکەی بڵاو دەکرێتەوە. سەرەڕای ئەمەش، ناوی مەسعادەت بەدرخان نە لە ژمارەی هەفتەی دواتر و نە لە هیچ کام لە ژمارەکانی دواتری ئەم ڕۆژنامەیەدا نابینرێت.

کاتێک لە ئەرشیڤە سەرەکییەکاندا هیچ شوێنەواری مەسعادەت بەدرخانم نەدۆزیەوە، ناچار بووم ڕوو لە ئەرشیڤی لاوەکی بکەم. هەر لە هەفتەکانی یەکەمدا، لە ناوەندەکانی ئەرشیڤی پەڕەکاندا بەڵگەنامەی زۆرم لەبارەی سورەیا ئەحمەد بەدرخان، هاوسەری مەسعادەت، دۆزییەوە. سورەیا ئەحمەد بەدرخان لە ساڵی ١٨٨٦ لە ئیستەنبووڵ لەدایک بووە، باوکی ئەمیر عەلی بەدرخان دوایین میری ویلایەتی بۆتان (دوورگەی ئیبن عومەر) لە بەشی باکووری کوردستان کە دەکەوێتە تورکیای ئێستە بووە. بەدرخانییەکان دوای شکستهێنان لە زنجیرەیەک یاخیبوون دژی دەسەڵاتی عوسمانی (١٨٣٦-١٨٤٥) بۆ ئیستەنبووڵ دوورخرانەوە و بۆ هەمیشە لە مافی گەڕانەوەیان بۆ ناوچە کوردنشینەکان بێبەش کران. سەرەڕای ناکۆکی بەدرخانییەکان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی، بەڵام لە کۆشکی عوسمانی پەروەردە بوون و بوونە خاوەنی و پێگە و دەسەڵات لە حکوومەتدا. بەپێی ئەرشیڤەکانی حکوومەت، سورەیا بەدرخان دوای چەند قۆناغێک لە دەربەدەری لە ئیستەنبووڵ و ماوەیەک مانەوە لە قاهیرە لە ساڵی ١٩١٢ گەڕاوەتەوە ئیستەنبووڵ و لە کۆشکی عوسمانی بە پۆستێکی فەرمی وەک یەکێک لە وتەبێژانی وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی عوسمانی لە کاروباری ئێران کاری کردووە. ئەم قۆناغە لە لایەک هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی چالاکییە ناسیۆنالیستییەکانی کورد بۆ پێکهێنانی کۆمیتەی سەربەخۆییی کوردستان و دژایەتیکردنی حکوومەتی عەبدولحەمید و لە لایەکی دیکەوە ڕێککەوتە لەگەڵ دەستپێکی کارەکانی مەسعادەت بەدرخان لە ڕۆژنامەی دونیای ژنان کە نووسەرانی بە ئاشکرا دژایەتی بیرۆکەی ئەندامانی کۆمیتەکانی وەک "ئیتحاد و تەرەقی" و ناسیۆنالیستەکانی دیکە بوون. بەپێی بەڵگەنامە ئەرشیڤییەکان، حکوومەتەکەی سوڵتان عەبدولحەمید بۆ لابردنی جیابیران، ژمارەیەکی زۆری لە نەیاران دەستگیر کرد. ڕەنگە مەسعادەت بەدرخان دوای بڵاوکردنەوەی دوا وتاری لە ١٨ی جوولای ١٩١٤ لەگەڵ هاوسەرەکەی، کە یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی کۆمیتەی سەربەخۆییی کوردستان، ناچار بووبێت بەنهێنی و خێرا ئیستەنبووڵ بەجێ بهێڵێت.

لەو کاتەوە لە ئەرشیڤەکانی دەوڵەتدا ناوی سورەیا ئەحمەد بەدرخانیش نەماوە و من بە بەدواداچوونی ئەرشیڤەکانی کۆمیتەی "خۆیبوون"، شوێنپێی مەسعادەتم لەگەڵ هاوسەر و منداڵەکانی دۆزیەوە. هەڵبەتە ئەم ئەرشیڤانەش بە هۆی دەربەدەری و ژیانی نهێنی ئەندامەکانییەوە یەکپارچە و ورد نین و زۆرتر کۆمەڵێ نامە و ڕۆژنامەی پەرش و بڵاون کە لە نێوان ساڵانی ١٩١٦ بۆ ١٩٣٠ لە قاهیرە، بەغدا، سلێمانی و حەلەب چاپ دەکران.

بە خوێندنەوەی ئەم ئەرشیڤانە بۆم دەرکەوت سورەیا ئەحمەد بەدرخان تا ساڵی ١٩١٨ بە ناوی خوازراو "عەزیزی ئەحمەد" لە قاهیرە ژیاوە و دوای ئەوە لەگەڵ کۆمەڵەیەکی گەورەی ناسیۆنالیستانی کورد بە شێوەیەکی فەرمی حیزبی "خویبوون"ی پێک هێنا. لە کاتێکدا سورەیا بەدرخان لەژێر ناوی خوازراودا خەریکی چالاکی بووە، دەرکەوتنی مەسعادەت بەدرخان لە کەشی گشتیدا ئاسان یان دوور لە مەترسی نەبووە. لە ساڵی ١٩٢٣ هەموو ئەندامانی بنەماڵەی بەدرخان لە لایەن حکوومەتی تازە دامەزراوی کۆماری تورکیاوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا دەسەپێنرێت. هەروەها لە ساڵی ١٩٣٠دا سورەیا ئەحمەد بەدرخان بە هۆی چالاکییەکانییەوە مانەوەی لە خاکەکانی ژێر دەسەڵاتی فەرەنساشی لێ قەدەغە دەکرێت.

سەرەڕای ئەمەش، لە هیچ کام لە ئەرشیڤە فەرمی و نافەرمییانەی ماونەتەوە، بچوکترین نیشانە لە مەسعادەت بەدرخان نییە. هیچ زانیارییەک لەبارەی ئەو، چۆنیەتی ژیانی دەربەدەری و یان تەنانەت مەرگ و شوێنی ناشتنی بەردەست نییە. من تەنیا لە ڕۆمانی "بیرەوەری چارەنووسێک"ی محەممەد ئۆزۆن، زانیاریم لەبارەی سورەیا ئەحمەد بەدرخان و خەرمانەیەکی کاڵ لە ژنێک دۆزیەوە کە ڕەنگە مەسعادەت بەدرخان بێت. محەممەد ئۆزۆن دەڵێت ئەم ڕۆمانەی لەسەر بنەمای ژیانی ڕاستەقینەی جەلادەت بەدرخان نووسیوە، بەڵام تەنانەت لەم ڕۆمانەشدا هیچ ئاسەوارێک لە ناوی مەسعادەت نییە و تەنیا نووسراوە ئەو ژنە لە حەوشەی ماڵێکی گەورە لە گوندی زەیتونی، نزیک قاهیرە ژیاوە. بەراوردکردنی زانیارییەکانی ناو ئەم ڕۆمانە سەبارەت بە کارەکتەرەکانی دیکە لەگەڵ ڕاستییەکان و بەڵگەنامە ئەرشیڤییەکان، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە کارەکتەر و ڕوودا و شوێنەکان واقیعین. کەواتە، ئەم ڕۆمانە دوایین شوێنپێیە کە تا ئێستە لە ژیانی مەسعادەت بەدەستم هێناوە.

دیار نییە بۆچی لە ماوەی مانەوەی لەو خانووە گوندنشینەدا، سەرەڕای ئەوەی بنەماڵەی بەدرخان لە نێوان ساڵانی ١٩١٧ بۆ ١٩٦٠ خاوەن ئیمتیازی بەشێک لە گرینگترین ڕۆژنامە کوردییەکان بوون، مەسعادەت ئیتر هیچی نەنووسیوە. بیرۆکەکانی مەسعادەت لەبارەی خێزان، تەڵاق و ئەخلاقی هاوسەرگیری بە قەڵەمی هاوسەرەکەی لە ڕۆژنامەی "کوردستان"دا بڵاو دەکرایەوە، بەو جیاوازییەی ئەمجارە ئەم بیرۆکانە لە شێوەی گوتاری ناسیۆنالیستیدا داڕێژراون بەبێ ئەوەی ناوی داهێنەرەکەیان بهێنرێت. بۆ نموونە، سورەیا ئەحمەد بەدرخان لە بابەتگەلێکدا کە سەبارەت بە ئەخلاق لە بنەماڵەی کوردیدا نووسیویەتی، پێویستی ناسین و پێوەندی هاوسەرەکان پێش هاوسەرگیری، دژایەتیکردنی هاوسەرگیری زۆرەملێ، دژایەتیکردنی فرەژنی و ڕێزگرتن لە مافی ژنان لە بنەماڵەدا لە خەسڵەتەکانی کۆمەڵگەی کوردی زانیوە و لەگەڵ ستایشکردنی تایبەتمەندییەکانی کورد لە دداننان بە ئازادی و تاکگەراییی ژنان، مشتومڕی مافی ژنانی لە چوارچێوەی بیرۆکەی ناسیۆنالیستیدا فرەوانتر کردووە.

وەرگێڕان: سۆران جەلیل

---------------------------------------------------------

• ئەم بابەتە سۆما نیگەهداری‌نیا نووسیویەتی و بە ناونیشانی (مسعادت بدرخان، زنی در تقاطع دو ناسیونالیسم)، ١٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤، لە سایتی (آسو) بڵاو کراوەتەوە.

من لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بۆ دۆزینەوەی شوێنەواری یەکەمین ژنانی نووسەر و ڕۆژنامەنووسانی کورد و وەدەستهێنانەوەی کەشی فیکری، شێوازی نووسین و بواری چالاکییەکانیان خەریکی لێکۆڵینەوە لە ئەرشیڤی چاپەمەنی عوسمانی-کوردی بووم و جگە لە مەسعادەت بەدرخان، ناوی ژنانی دیکەی وەک ئەویشم وەدەست هێنا و لە ژیانیان و دۆزینەوەی سەرەداوگەلێک لە چارەنووسیانم کۆڵیوەتەوە. ئەم ژنانە چەندان بەرهەمی گرینگیان لە بواری سیاسی، زانستی، کولتووری و کۆمەڵایەتیدا نووسیوە، بەڵام زۆرجار بە هۆی شەڕ، دەربەدەری زۆرەملێ و سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم لە سەدەی ڕابردوودا جا بە مەبەست بێت یان بەبێ مەبەست، لەبەرچاو بزر بوون. بەرهەمەکانی ئەم ژنانەش وەک ناو و چارەنووسیان لە هەراوهوریای مێژووی پیاوسالاری هەژموونخوازدا پەراوێز خراون و لەبەرچاو بزر بوون.

پەراوێزەکان:

[1] kadının dünyası dergisi

[2] Osmanlı Müdafaa-i Hukuk-ı Nisvan Cemiyeti

[3] اشاره است به افسانه‌ی شفاهی - بەیتی شێخ ڕەش و شێخ مە‌ند.

[4] Nuriye Ulviye Mevlan

[5] Lia Hurşi (Romanyalı gazeteci), Lucy Tomayan (Osmanlı Müdâfaa-i Hukuk-ı Nisvan Cemiyeti üyesi, gazeteci, Kadınlar Dünyası yazarı), Berthe Dangeness (Osmanlı Müdâfaa-i Hukuk-ı Nisvan Cemiyeti üyesi, gazeteci, Kadınlar Dünyası yazarı), Dr. Frieda Oscar (Osmanlı Müdâfaa-i Hukuk-ı Nisvan Cemiyeti üyesi, gazeteci, Kadınlar Dünyası yazarı), Berthe de Launay (Osmanlı Müdâfaa-i Hukuk-ı Nisvan Cemiyeti üyesi, gazeteci, Kadınlar Dünyası yazarı), Fahr-ül Benat Süleymanova (Osmanlı Müdâfaa-i Hukuk-ı Nisvan Cemiyeti üyesi, gazeteci, Kadınlar Dünyası yazarı), Odette Feldmann (Berliner Tageblatt gazetesi muhabiri, Osmanlı Müdâfaa-i Hukuk-ı Nisvan Cemiyeti üyesi, gazeteci, Kadınlar Dünyası yazarı), Grace Ellison (Times gazetesi muhabiri, kadın hakları aktivisti, Osmanlı Müdâfaa-i Hukuk-ı Nisvan Cemiyeti üyesi, gazeteci, Kadınlar Dünyası yazarı)

ناونیشانی بابەتەکە بە زمانی فارسی:

سوما نگهداری‌نیا، مسعادت بدرخان، زنی در تقاطع دو ناسیونالیسم، آسو، ٢٩ آبان ١٤٠٣

وێنەکان:

وێنەی یەکەم. ئەم وێنەیە ساڵی ڕابردوو لە عەممان لە کاتی لێکۆڵینەوە لەسەر مەسعادەت بەدرخان لە لایەن دوکتۆر عایشە کادی ئۆغڵوو دۆزرایەوە.

وێنەی دووەم. سورەیا ئەحمەد بەدرخان و منداڵەکانی، قودرەت و حەقی بەدرخان.

وێنەی سێیەم. ئەندامانی دەستەی نووسەرانی پاشکۆی فەرەنسی ڕۆژنامەی "دونیای ژنان" و کۆمەڵەی داکۆکیکارانی مافی ژنانی عوسمانی. سەرچاوە - ناوەندیی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی ژنانی ئیستەنبووڵ.

وێنەی چوارەم. ئەندامانی کۆمەڵەی داکۆکیکارانی مافی ژنان. هەمان سەرچاوە.

وێنەی پێنجەم. پاشکۆی فەرەنسی ڕۆژنامەی "دونیای ژنان" کە لە لایەن مەسعادەت بەدرخانەوە سەرپەرشتی کراوە. هەمان سەرچاوە.

وێنەی شەشەم. بڵاوکردنەوەی وێنەی ژنانی موسڵمان لە لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامەی "دونیای ژنان". هەمان سەرچاوە.

بەسپاسەوە ئەم بابەتە لە فەیس بووکی بەڕێز سۆما نێگەهداری نیا وەرگیراوە 

No comments: