هەڤپەیڤینی بەرنامەی ڕاوێژ لە ستێرک تیڤییەوە لەگەڵ دوکتور کامڕان مەتین مامۆستای پێوەندییە نێونەتەوەییەکان لە زانکۆی ساسێکس لە بریتانیا
هەڤپەیڤینی
بەرنامەی ڕاوێژ لە ستێرک تیڤییەوە لەگەڵ دوکتور کامڕان مەتین مامۆستای پێوەندییە
نێونەتەوەییەکان لە زانکۆی ساسێکس لە بریتانیا. ئەم هەڤپەیڤینە ئێوارەی دووشەمە
٢١-ی ژووییەی ٢٠٢٥ بە شێوەی زیندوو بە ڕێگای تٶڕی Teams کراوە.
حەسەن قازی: بێنەرانی خۆشەویست بە خێر بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ. لە بەرنامەی ئەمجارەمان دا لەگەڵ دوکتور کامڕان مەتین مامۆستای پێوەندییە نێونەتەوییەکان لە زانکۆی ساسێکس لە بریتانیا قسە دەکەین. دیارە مامۆستا ئەمساڵ واتە ساڵی زایینی، یەکەم جارە لەم بەرنامەیە دا بەشداری دەکا. مامۆستا کامڕان زۆر زۆر بەخێر بێی بۆ ڕاوێژ!
دوکتور کامڕان مەتین: سڵاو وڕێز کاک حەسەن گیان زۆر مەمنوون و هەر وەها سڵاو
لە بینەرانی خۆشەویستی ڕاوێژیش.
قازی: با لەوە ڕا دست پێ بکەین. دوای ئەو شەڕی دوازدە ڕۆژەی نێوان دەوڵەتی
ئیسراییل و دەوڵەتی ئێران، لە ئێران شەپۆلی گرتن و فشار و ئێعدام و زۆردەستی لە
خەڵک زۆر زۆری کردووە و لەو باس و گەنگاشانەی لە سەر ئێرانێ دەکرێ هەموو لەسەر
ئەوە چڕ بوونە،ئەو هەزیمەت و شکانەی کە لە هەمبەر دوژمنی بیانی دا هەبوووە ئەوە بە
شێوەیە تۆڵەکەی لە خەڵکی ئێرانێ دەکرێتەوە. لێکدانەوەی بەڕێزت لە سەر ئەو مژارە
چییە؟
مەتین: بەڵێ، من سەرەتا پێمخۆشە بە
کورتی باسی چۆنیەتی ئەو شەڕە و جێگای لە مێژووی کۆماری ئیسلامی دا بکەم.
لەماوەی چل و چەند ساڵی ڕابردوو دا، لانی کەم لە ١٩٨٢وە کە ئەو کات ئیسراییل هێرشی
هێنا بۆ سەر باشووری لوبنان و ڕێکخراوی ئەمەل ی ئەو کات کە نوێنەرایەتی شیعەکانی
دەکرد لە لوبنان و دوایی لقێکیان لێ جیا بووەوە و بوو بە حیزبوڵا، ستڕاتێژی
ناوچەیی و هەر وا ستڕاتێژی سەربازی کۆماری ئیسلامی لە سەر دوو بنچینە هات و
دامەزرا. بنچینەی ئەوەڵی ئەوە بوو کە ئەو هێزە شیعانەی کە لە ناوچەکە دان و لە زۆر
شوێن بە شێوەی نەریتی خرابوونە پەراوێزەوە، بۆ وێنە شیعەکان لە لوبنان و هەر وەها
ئەو کات کە هێشتا ڕێژیمی بەعس مابوو لە عێڕاق شیعەکان لە عێڕاقیش هەر وا لە
پەراوێز دا بوون، لە سەر ئەو هێزە شیعانە سەرمایەگوزاری کرد بۆ ئەوەی کە بتوانێ
باسکێکی ناوچەیی هەبێ کە گوشار بخاتە سەر ئیسراییل هەم وەکوو ڕکەبەرێکی ئەسڵی خۆی، وەکوو دوژمنێکی
ئایدێئۆلۆژی بۆ ئەوەی کە قەیرانە ناوخۆییەکان دابمرکێنێ یان لە ڕێگای دروستکردنی
بەردەوامی ئیستیکاک و قەیران لەگەڵ ئیسراییل بتوانێ لەناوخۆ پاساو بۆ سەرکوت
ببینێتەوە و زۆرتری بکا.
باسکی دووەمی ئەو ستڕاتێژییە کە
لە دوای شەڕی ئێران و عێڕاق دەستی پێکرد زۆرتر پڕۆژەی مووشەکی کۆماری ئیسلامی بوو
و لە هەمان کاتدا پڕۆژەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی کە لە واقیعدا هەوڵیان دابوو تا
ئەو دواییانە کە جۆرێک ئەوەی کە لە ئینگلیسی دا پێی دەڵێن threshold،
دەوڵەتێک کە دروست لە سەردەرانەی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دایە بەڵام هێشتا ئەو
کارەی نەکردووە، بەڵام تواناییەکانی هەیە.لە سەر ئەو سێ بناغەیە دامەزرابوو
سیاسەتی کۆماری ئیسلامی.
بەڵام، دوای ٧-ی ئۆکتۆبر دیارە تەواوی ئەو
شتانە، ئەو بناغانە گورزی زۆر کوژەریان وێ کەوت و لە نەتیجە دا ئەو شەڕەی کە
کۆماری ئیسلامی دەیهەویست لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی، لە ڕاستیدا بە گیان و خوێنی
خەڵکانی تر بیکا هات بۆ خودی ناوخۆی ئێران. چونکە ئیسراییلیش لە دوای ٧- ئۆکتۆبر ئیتر ئەو موحاسباتەی کە پێشتر هەیبوو بۆ ڕوو بە
ڕووبوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئەوانیش پێداچوونەوەی زۆر ئەساسییان پێ دا کرد و
هەنگاو بە هەنگاو ئیسراییل ئەو دیوارە ژێئۆپۆلیتیکانەی کۆماری ئیسلامی ڕووخاند لە
لوبنان، لە خودی فەلەستین، لە غەزە، دژ بە حەماس و دواتریش کە دەوڵەتی ئەسەد کە
ڕووخا ئیتر ئێران لە باری دیفاعییەوە زۆر زۆر لاواز بوو و لەو کاتە دا بوو کە ئەو
هێرشانە کران بۆ سەر بەرنامەی ناوەکی و هەر وەها بۆ سەر پێگەکانی سپای پاسداران و
کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی.
کۆماری ئیسلامی نیشانی داوە هەروەخت لە مەیدانی دەرەوە شکست بخوا لە ناوەوە تۆڵە
دەستێنێ و لە هەمان کاتدا هەر تۆڵەش نییە، دەیهەوێ خەڵک چاوترسێن بکا کە ئەو
لاوازییەی کە پێشان دراوە لەو شەڕی دەرەکییە نەبێتە هۆی ئەوە کە خەڵک شەهامەت و
جەساڕەتی ئەوە پەیدا بکەن کە دژ بە کۆماری ئیسلامی هەستنەوە. ئێمە ئەوەمان لە شەڕێ
ئێران و عێڕاق دا بینی دوای ئەوەیکە خومەینی جامی زەهری نۆشی ئێمە کوشتاری زیندانە سیاسییەکانمان دیت لە
زیندانەکان لە هاوینی ساڵی ١٩٨٨-ی زایینی و لە زۆر قۆناغی تریش دا لەو جۆرە
حەڕەکەتانەی کردووە کۆماری ئیسلامی.
ئێستاش هێرشێکی بەربڵاو بۆ سەر خەڵک، بە تایبەتی لەو شوێنانەی کە کۆماری ئیسلامی
زۆرترین ترسی هەیە لە جەماوەر، بە تایبەتی لە کوردستان ئێمە دەبینین خەڵکێکی زۆر
دەستبەسەر کراون، گیراون، ژمارەی ئێعدامەکان چووەتە سەرێ و هاوکات تۆڵە
سەندنەوەیەکی زۆر بەر بەرین هەیە لە پەنابەرە ئەفغانییەکان و بە تایبەتی میدیای
سەر بە دەوڵەت بە جۆرێک هەوڵ دەدەن کە ئەو پەنابەرە ئەفغانیانە، یان ئەو موهاجیرە
ئەفغانیانە وەکوو بەشێک لەو شەڕە ناوزەد بکەن بڵێن کە ئەوانە سیخوڕییان کردووە بۆ
ئیسراییل یان ڕۆڵیان گێڕاوە لەو هێرشانە دا کە ئیسراییل کردوویەتی و بە سەدان
هەزار کەسیان بە شێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە دەر کردووە لەئێران.
قازی: کاک کامڕان هەر ئەمساڵ بەر لەو ڕووداوەش دەرکردنی پەنابەر و پەناهێنەری
ئەفغانستانی هەر بووە و دیارە حەفتەیەک دوای ئەو شەڕە باسی ئەوە دەکرێ نزیکەی ١٣٠
هەزار کەس بە جارێک دەرکراون، تەنانەت کەسی واش کە لە ئێران لە دایک بوون. باسی
نموونەی ئاوا دەکرێ کە خوێندکارانیان گرتوون و بردوویاننە سەر سنوور و لەوێ هەڵیان
ڕشتوون و مەعلوومیش نییە کە حکوومەتی تالیبان چۆنیان لەگەڵ دەبزوێتەوە.
مەتین: بەڵێ ئەو ئامارە کە من دیومە گۆیا هەر لە شەش مانگی ئەوەڵی ئەمساڵ دا
نزیکەی نیومیلیۆن کەسیان دەر کردووە لە
ئێران. زۆرێک لەو کەسانە کە شناسنامەی ئێرانییان هەیە، لە ئێران لە دایک بوونە،
تەنانەت ژمارەیەکیان ویزا و ئیقامەتی وڵاتانی دەرەکیان هەبووە کە بە سەفەر
هاتوونەتە ئێران، ئەوانیش پاسپۆرت و شتەکانیان لێ ئەستاندوون یا دڕاندوویانە و بە
بێ هیچ ئیمکاناتێک دەیانبەن لە سەر سنووری ئەفغانستان دایان دەنێن و لەوبەریش
مەعلووم نییە کە دەوڵەتی تاڵەبان ئەوانە چۆن وەردەگرێتەوە. زۆرێک لەو کەسانە ڕەنگە
هەر ئەو کاتەی دەگەنە ئەوبەری سنوور لە لایەن دەوڵەتی تاڵەبانەوە مەترسی لە سەر
ژیانیان هەبێ، ڕەنگە بۆ وێنە لە کەمایەتی " هەزارە" بن، ئەو شیعانەی لە
ناو خودی ئەفغانستان هەن و تاڵەبان زۆر بە توندی دژی ئەو کەمایەتییەن لەوێ. بۆیە،
ڕەفتارێکی زۆر زۆر نایاسایی، نا ئینسانی کە کۆماری ئیسلامی دەیکا، دەقیقەن ئەو
شتەیە بۆخۆیان وەختێک لە ئەمریکا دژ بە موهاجیرینی ئەمریکای لاتین لەوێ ڕوو دەدا،
دەوڵەتی تڕامپ ئەو کارە دەکا، کۆماری ئیسلامی ئیتر شەو ڕۆژ باسی دەکا کە ئەوە
چەندە کارێکی نائینسانی یە و دەوڵەتی تڕامپ ئەو کارانە دەکا، کەچی بۆ خۆیان زۆر
لەوە خراپتر خەریکن دژ بە پەنابەرانی ئەفغانی دەیکەن و ئەو شتەی کە پەرەی پێ دەدا
لە ناوخۆی ئێران بە بڕوای من ئەوەیکە جۆرێک لە زێنۆفۆبیا یانی دژایەتی ئەویتر، ترس
لەئەویتر، توندوتیژی دژی ئەویتر دروست دەکا، کە ئەوەش بە نۆبەی خۆی بەشێکە لە
ستڕاتێژی بە قەولی فارسان پەروار کردنی ناسیۆنالیزمی ئێرانی کە ئەویش لەو کاتە دا
ڕووی داوە و کۆماری ئیسلامی ئەو شکستەی خواردووە یەکێک لە ئامرازەکانی ئەوەیە کە
خەڵک لە دەوری کۆماری ئیسلامی کۆ کاتەوە، ئەوەیە کە هەرچی زۆرتر و زۆرتر لە
هیماکان، لەو دیسکۆرسە یان وێژمانەی ناسیۆنالیزمی ئێرانی کەلک وەردەگرن.
بۆ وێنە ئەو سروودانەی کە پێشتر کۆماری ئیسلامی لە دەسگای سەدا و سیمای خۆی دای نەدا و بڵاوی نەدەکردنەوە کە بە ئێران
هەڵدەڵێ ئێستا زۆر، ئێمە دەبینین، بە ئاسایی بڵاو دەبێتەوە و تەنانەت خامەنەیی کە
دوای چەندین ڕۆژ ون بوون بۆ ئەوەڵین جار
دەرکەوت، داوای کرد کە سروودی " ای ایران" بخوێننەوە. بۆیە ئەمن پێم وایە بە گشتی
کۆمەڵگای ئێران بەرەو ڕاسیسمێکی زۆرتر دژ بە ئەویتر هان دەدا کۆماری ئیسلامی زۆر
ئاگاهانە ئەو کارە دەکا و دەیانهەوێ تەواوی ئەو کێشانە، ئەو موشکیلاتە، ئەو
قەیرانانەی کە کۆماری ئیسلامی ناتوانێ چارەسەریان بۆ ببینێتەوە، بەرپرسیارییەتەکەی
بخەنە سەر ئەستۆی ئەفغانیان یان ئەو کەسانەی کە دژبەرن. لە ناوخۆی ئێران باسی ئەوە
دەکەن و دەڵێن ئەو پەهبادانەی کە ئیسراییل کەلکی لێ وەرگرتوون کۆڵبەر هێناویەتی کە
وایە دەوڵەت حەقێتی تەقە لەکۆڵبری کورد دەکا و دەیان کووژێ. یانی، هەر وەک دەبینین
ئەو ناسیۆنالیسمە تەنێ هەر دژ بە ئەفغانیان نییە، لە ناوخۆ دیارە هەمیشە دژ بە
کورد هەر بووە، بەڵام، ئێستا چڕوپڕتریش بووەتەوە دوای ئەو شەڕە.
قازی: مامۆستا کامڕان بەڕێزت لە
بەرنامەیەکی فارسیدا بەشدار بووی سەبارەت بەو بەیاننامەی کە میر حوسێن مووسەوی
سەرۆکوەزیری پێشووی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، کە بۆ خۆی فەقیرە بە ساڵانی دوورو
درێژە دەستبەسەرە و لە حەسری ماڵێ دایە، یەکێکە لە کاربەدەستانی پێشووی جمهووری
ئیسلامی. لەو بەیاننامە دا کە ئەو بڵاوی کردووەوە و نزیکەی ٨٠٠ کەس لە ناوخۆ و لە
دەرەوەی ئێران ئیمزایان کردووە، چەند کەس کە تەنانەت دە زیندانیش دان ئیمزایان
کردووە، باسی ڕێفڕاندۆمێک دەکا کە دەبێ تێی پەڕێنێ لە قانوونی ئەساسی هەنووکە. پێشنیار
دەکا ئەو رێفراندۆمە لە چەند مەرحەلە دا بکرێ: مەرحەلەی یەکەمی ڕێفراندۆمەکە ئەوەێ
کە ئایا قانوونی ئەساسی بگۆردرێ یان نا؟ و ئەگەر ئەوە پەسند کرا ئەوجارەکر
مەجلیسێکی موئەسەسان دروست ببێ و ئەو مەجلیسەش قانوونی ئەساسییەکی تازە بنووسێ و
گەڵاڵەی بکا و دوایە ئەو قانوونە بۆ پەسند کران بخرێتە بەر دەنگی ڕاستەوڕاستی خەڵک. دیارە لە بەرنامەی
دا کە باسم کرد هەم بەڕێزت و هەم دوکتور جوودەکی هێندێک باسی ڕابردووی میر حوسێن
مووسەویتان کرد و گوتتان ئەو تەرحە ناتوانێ کۆمەڵانی خەڵک و بە تایبەتیش ئەوانەی
کە باسی نەکردوون لە دەوری ئەو بەرنامەیە دا کۆ بکاتەوە. پێم خۆش بوو لەو بارەیەوە
هێندێک زیاتر ڕوونی کەیەوە بە تایبەتی بۆ ئەو بینەرانەی کە ئەو بەرنامەیان
نەدیتووە و یان لە جێدا زمانی فارسی نازانن. فەرموو!
مەتین: تکایە. تەحلیلی من لەو بەیانییەیەی مووسەوی زۆر پێوەندی بە ڕابردووی
مووسەوی نەبوو، هەرچەند ڕابردووشی پێوندیدارە بەو مەسەلەیەوە، بەڵام زۆرتر لە سەر
خودی دەقی ئەو بەیاننامەیە بوو. من چەند تێبینی ڕەخنەگرانەم هەبوو، یەک ئەوەی کە
بەیاننامەکە زۆر بە شلی باسی ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لە هەڵگیرسانی ئەو شەڕە دەکا،
یانی هەر لە بەر ئەوەی کە ئیسراییل هێرشەکەی کردووە وا پیشان دەدا کە کۆماری
ئیسلامی ڕۆڵی نەگێڕاوە کە ئەو شەڕە دەستی پێکردووە. دیارە سەرەخۆشیش لە نیزامیانی
کۆماری ئیسلامیش دەکا کە دیارە زۆرێک لە خەڵکی ئێران خۆشحاڵ بوون بەوەی کە ئەو
فەرماندانەی سپای پاسداران کووژراون وێڕای ئەوەی کە دیارە زۆر تەبیعی یە خەڵک لە
کووژرانی خەڵکی سیڤیلیش زۆر دڵگران بووبن لە شەڕ دا، ئەوە شتێکی ئاسایی یە. بەڵام
ئەوەی گرینگتر بێ لە ڕوانگەی منەوە دوو مەسەلەیە: یەک، ئەوەی کە ئەو بەیانییەیە
هیچ ئامرازێک بۆ بەدیهێنانی ئەو شتەی بۆخۆی داوای دەکا دیاری ناکا. یانی، خەڵکی
ئێران یان ئەو کەسانەی بەردەنگی ئەو ڕاگەیاندنن لێیان ڕوون نییە کە کۆماری ئیسلامی
بۆ دەبی وڵامی پەیامێکی ئاوا بداتەوە. چ ئامرازێک، چ ئەبزارێکی ستڕاتێژیک هەیە کە
دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی مەجبوور بکرێ کە ئەو ویستانە پێک بێنێ بۆیە لە ڕاستیدا،
بەیاننامەکە، ڕاگەیاندنەکە زۆرتر ئەگەر لە باشترین حاڵەت دا بیقەبڵێنین ئەوەیە کە
وەبیر ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی دێنێتەوە کە ئێوە بۆ پاراستنی ئێران و تەنانەت بۆ
پاراستنی بەرژەوەندی خۆشتان بێ باشترە ئەو کارەی بکەن و لە خراپترین حاڵەتیشدا
وەکوو پاڕانەوەیەکە لە کۆماری ئیسلامی کە هیچ جۆرە زەرفییەتێکی بۆ نەرمی نواندن
یان بۆ ئیسلاحی خۆی نییە، هەرچونێک بێ چل و چەند ساڵ تەمەنی کۆماری ئیسلامی نیشانی
داوە کە ئەو دەوڵەتە هەر کاتێک لە تەنگاسی، لە قەیران دایە سەرکوت زۆرتر دەکا.
مەگەر ئەوەی کە پێی تەحمیل بێ، هەر وەک ئەوەی کە دوای شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی ئێمە
دیتمان کە وەک دەڵێن زۆر شلتر دەگەڵ مەسەلەی حیجاب دەبزوونەوە لە زۆر شوێنان،
دیارە لە هەموو شوێن نا. ڕەخنەی دووەمی من
زۆرتر لە ڕوانگەی کوردستانیەوەیە، یانی وەکوو کەسێکی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە
مەسەلەکانی ناو جوغرافیای ئێران بۆی گرینگە. هەر بەوەی کە ئێمە باسی مەجلسێکی
موئەسسانی تازە بکەین یان قانوونێکی ئەساسی تازە بە بڕوای من کافی نییە چونکە
هێندێک مەسەلە هەن دەبێ وەک شتی بنەڕەتی پێشتر قبووڵ کرابن لە لایەن هەموو کەسەوە،
لەوانە فرە نەتەوەیی بوونی ئێران. چونکە ئێمە دەتوانین حاڵەتێک تەسەور بکەین کە
مەجلیسێکی موئەسسانی تازە دروست بێ، یانی کۆماری ئیسلامی نەشمابێ و ئەو مەجلیسی
موئەسسانە بۆ وێنە بڵێ پرسی کورد دەخەینە بەر دەنگی تەواوی خەڵکی ئێران، باشە لەو
حاڵەتە دا زۆر سەیر نییە ئەگەر زۆرینەی خەڵکی ئێران دژ بەو شتەی کە خەڵکی کورد لە
کوردستانی ڕۆژهەڵات دەیانهەوێ، دەنگ بدەن.
گشت مەسەلەی کورد لە سەد ساڵی ڕابردوو دا ئەوەیە کە کورد دەڵێ ئێمە نەتەوەیەکین و
مافی نەتەوایەتی خۆمان دەوێ و بڕیار دان لە سەر چارەنووسی ئێمە شتێکە کە ئێمە دەبێ
دەنگی لە سەر بدەین نەک، بە قەولی کە دوکتور قاسملوو لە وتارێک دا دەڵێ: بۆ دەبێ
کابرایەکی خەڵکی [ وشەیەک نابیسترێ] مافی ئەوەی هەبێ لە سەر چارەنووسی خەڵکی
کوردستان قسە بکا. بۆیە ئەمن پێم وایە هێندێک پرێنسیپ هەن کە لە ڕاستیدا نابێ
بخرینە بەر دەنگی زۆرینە بەڵکوو دەبێ پێشتر قبووڵ کرا بن: ئەوەی کە ئێران وڵاتێکی
فرە نەتەوەیە، ئەوەی کە ئەو نەتەوانە حەقی دیاریکردنی چارەنووسیان هەیە، وە ئەوەی
کە دەبێ ڕێگایەکی دێمۆکڕاتیک بۆ پێکەوە ژیانی دێمۆکڕاتیک و ئاشتیانەی گەلانی ئێران
دەستەبەر بکرێ. ئەوە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەو مافانەیە کە دەکرێ باسی لە سەر بکرێ
نەک ئەسڵی ئەو مافانە و ئەوە شتێکە کە ئێمە ئەوە لە ڕاگەیاندنەکەی مووسەوی یان ئەو
قسانەی پێشتر گوتراون نابیسین و نابینین. ئەوەی کە ئێمە دەبینن جۆرێک لە نزیکبوونەوەی
زۆر ستڕاتێژیک هەیە لە نێوان گوتاری ئەوان، گوتاری ئیسلامی و گوتاری ناسیۆنالیزمی
ئێرانشەهری کە ئەوە لایەنگرانی کوڕی شاش دەگرێتەوە.
کە دێتە سەر مەسەلەی نەتەوایەتی لە نێو
خۆی ئێران هەمووی ئەوانە بە یەک زمان قسە
دەکەن و ئەوە شتێکە پێم وا نییە خەڵکی بەلووچ، کورد یان عەڕەب قبووڵی بکەن. وە
دووش ئەو بەرنامەیە پێم وا نییە بتوانێ ببێتە بەرنامەیەکی هێژێمۆنیک چون ناتوانێ
بەشێکی بەرچاو لە خەڵک لە ناو ئێران ڕازی
بکا یانی ئەگەر ئێمە ئەو نەتەوانەی کە بە کەمینە دەناسرێن لەگەڵ یەک دانێین دەبنە
زۆرینەیەک بۆ خۆیان. بۆیە ئەمن پێم وایە لە باری سیاسی عەمەلیشەوە ئەو بەیانییەیە
زۆر دوورە کە بتوانێ بە زمانێک یان وتارێکی هێژێمۆنیک خەڵکێکی بەرچاو لە دەوری خۆی
کۆ کاتەوە. بە وردی ئەو شتەی کە دروشمی
ژن، ژیان، ئازادی کردی. ئەمن پێم وا نییە ئەو ڕاگەیاندنە بتوانێ ئەو کارە بکا!
قازی: دیارە هەر لە پێوەندی لەگەڵ مافی گەلانی غەیرە فارس لە ئێران، هێندێک
کەسی کە خۆیان بە مارکسیست و چەپیش دەزانن لەو ماوەیە دا شتیان نووسیوە و لەو
ماوەیە دا بەڕێز مراد بەتوول،واتە مرادی ڕووحی
و چەند کەسی دیکە شتیان لە سەر نووسیون. جەنابت ئەو هەڵوێستەی ئەو جۆرە
چەپە ئێرانییانە چۆن دەبینی؟
مەتین: ئەمن پێم وایە بە داخەوە، دیارە ئێمە ناتوانین بڵێین هەموو چەپە ئێرانییەکان
ئەو مەوقیفەیان هەیە، چونکە چەپ چەمکێکی هەراوە کە زۆر ڕەوت و تێندێنسی وەبەر
دەگرێ، بەڵام دیارە هێندێک بەش هەن، ئەو بەشەی کە بەردەنگی ئەو وتارەی بوون کە
ئێوە باستان کرد، ئەوانە بەشێکن لە چەپ کە
ئەساسەن ئەمن پێم وایە هەر وا لە مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکس واقیعەن نەیانتوانیوە بێنە
دەرێ.
بۆ وان مەسەلەی چینایەتی سەرەکیترین مەسەلەیە
و لە عەینی حالێشدا پێیان وایە دەوڵەتی گەورەتر شانسی بەرەوپێشچوونی شەڕی
چینایەتی زۆرتر دەکا چون گۆیا چینی کرێکار گەورەتر و بەربڵاوترە و دەتوانێ هێزی کۆ
کاتەوە. بەڵام، ئێمە دەزانین کە لە چل پەنجا ساڵی ڕابردوو دا بە دەیان و بە سەدان
کتێب و نووسراوە هەیە، و هەر وەها لە لایەن مارکسیستەکانەوە بۆ خۆیان، لە سەر
ئەوەی کە ئەو دیدی کلاسیکە لە سەر مەسەلەی تەبەقە/چین یان ئەوەی کە ئایا لە هەموو
بەستێنێکدا، لە هەموو شوێنێکدا ناکۆکی چینایەتی گرینگترینە یان سەرەکی ترین
دینامیسمی هەیە، ئەو شتانە وەک دەڵێن ڕەخنەیان لێ گیراوە و کەوتوونە بەر ئالنگاری.
بەتایبەت لە ناو بزووتنەوەی فێمێنیستی دا، لە ناو بزووتنەوەی دژی ئیستیعماریدا
ئێمە زۆر بۆچوونمان هەیە کە وێڕای ئەوەی کە خاڵە بەهێزەکانی لێکدانەوەی
مارکسیستییان پاراستووە بەڵام نیشانیان داوە کە بۆ وێنە ستەمی چینایەتی، ستەمی
نەتەوایەتی و ستەمی جینسییەتی ئەوانە هیچوەخت لێک جیا نابنەوە بەڵکوو هەمیشە لەگەڵ
یەک تێکەڵاون و وەک تان و پۆیەک لێک هاڵاون و ئێمە ناتوانین ئەوانە لێک جیا
بکەینەوە. بۆیە ئەو بیرۆکەیە کە ئێمە ئەوڵێ ئەگەر مەسەلەی چینایەتی چارەسەر بکەین
گۆیا مەسەلەی نەتەوایەتی ئۆتۆماتیک چارەسەر دەبێ ئەوە شتێکە کە مێژوو نیشانی داوە دروست نییە، چونکە ئەو
دەوڵەتانەی کە هەن لە سەر بناغەی سەروەری نەتەوەیەکی دیاریکراو دامەزراون و هەر بە
گۆڕانی بناغەی چینایەتی ئەم دەوڵەتانە
مەسەلەی نەتەوایەتی بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیک چارسەر نابێ بۆیە من لە نووسراوەکایشم
دا باسم کردووە، وتارێکی چەپ کە دەتوانێ و شانسی ئەوەی هەیە سەرکەوتوو بێ لە
شوێنێکی وەک ئێران بە وردی دەبێ لە سەر ئەو سووژانە، ئەو ئەیجینسیانە لە ڕووی
سیاسییەوە سەرمایە دانێ کە بە وردی دەتوانن زۆرینەیەک لە خەڵک لە دەوری خۆیان کۆ
کەنەوە و ئەوانەش، ژنان، نەتەوەکان و چینی کرێکارن و ئەوانە هەر سێک دەبێ لە
وتارێکی ڕزگاریخوازانە و پێشکەوتنخوازانە دا هەبێ بەڵام، بە داخەوە ئەو بەشە لە
چەپی ئێران بە جۆرێک ناسیۆنالیزمی ئێرانییان لە نێو خۆیان دا دەروونی کردووە، یانی
جۆرێک بۆیان بووەتە شتێکی بەدیهی، بۆخۆشیان زۆر جار فەرقی پێ ناکەن کە بەرگریکردنی ئەوان لە ئێران لەبەرانبەر
ئیسراییل دا، ئەگەر بە شێوەیەکی وتاری ڕەخنەگرانە نەبێ لە ڕاستیدا بەرهەمهێنانەوەی
دەوڵەتێکە کە بە قەولی ئەوان خۆشیان سەرمایەدارییە و خۆ دەوڵەتێکی غەیرە
سەرمایەداری نییە. بۆیە ئەمن پێم وایە وێڕای ئەوەی کە بزووتنەوەی نەتەوایەتی
کوردستان یان نەتەوەکانی دیکە دەتوانێ هاوپەیمانی پەیدا بکا لە ناو بزووتنەوەی
چەپ، بەڵام وتاری ڕەخنەگرانەی زۆر جیدی دەبێ دژ بە ئەو جۆرە بیرۆکەیە کە ئەوان
گرتوویانەتە بەر هەبێ و پێیان نیشان بدرێ کە ئەوان تەنانەت لە چوارچێوەی دیسکۆرسی
خۆێان دا ناکۆکییان هەیە و ناتوانن وێژمانێکی زۆر مونسەجیم بهێننە گۆڕێ. یانی
ئەگەر مەسەلەی نەتەوایەتیش بە لاوە بنێین هێشتاش
ئەو مارکسیزمەی ئەوان پێی موعتەقیدن زۆر لە مێژە کە ڕەخنەی زۆر جیدی لێ
گیراوە.
قازی: زۆر باشە، دیارە کاک کامڕان
خەبەرێکی خۆش هەبوو لە ٢٦-ی مانگی ڕا بردووی زایینیدا، کۆبوونەوەیەکی دیجیتالی
هەبوو دیارە ئان لاین لە نێوان سەرانی هەموو حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
کە لە ئاستی بەرز دا هەموویان لەو کۆبوونەوەیە دا بەیەکەوە قسەیان کرد بوو و
گەیشتبوونە ئەوەی کە گەڵاڵەیەک ئامادە بکرێ بۆ هاوکارییەکی بەربڵاوتر و لەو
زەمینەیەشدا کەسانێک کە لە دەرەوەی حیزبە سیاسییەکانن وەکوو ڕووناکبیران و کەسانێک
کە وەزنی کۆمەڵاتییان هەیە و بۆچوونەکانیان دەکرێ کاریگەرییان هەبێ، کە جەنابیشت
بەیەک لەوان حیساب دەکەم ، پێم خۆش بوو بزانم بۆچوونت چییە لەو بارەیەوە، یانی ئەو
هەنگاوە بە چ شێوەیەک دەتوانێ دابمەزرێ و ئەو هاوکارییە بەردەوام بێ؟
مەتین: بەڵێ، هەر وەک ئێوە ئاگادارن، ڕەنگە بینەرانیشتان ئاگادار بن من و زۆر
کەسی تر زۆر لە مێژە داوای ئەوەمان کردووە کە حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات بە بێ
هیچ پێشمەرجێک کۆ ببنەوە و لە سەر بەرنامەیەکی لانی کەمی ڕێک بکەون لەبەر ئەوەی کە
ئێران و ناوچەکە بە گشتی هەر وەک دەبینین، و پێشتریش زۆر دیار بوو کە ئەو گۆڕانکاریانە ڕوو دەدەن، لە ڕاستیدا
ئیمکانی گۆڕانکاری زۆر گەورە هەیە و ئەم حیزبانە ئەگەر یەکگرتووییەکی ستڕاتێژیکیان نەبێ لە سەر
زنجیرەیەک داواکاری زۆر موشەخەس، هەم ڕوو بە دەوڵەت، هەم لە پێوەندیی لەگەڵ
هاوکاری خۆیان لەو حاڵەتەی دا کە بۆ وێنە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لاواز بووبێ یان
نەمابێ لە کوردستان بە هۆی هێڕشی دەرەکی
یان بە هۆی لێک هەڵوەشانی ناوخۆی کۆماری ئیسلامی، ئەو حیزبانە چۆن دەیانهەوێ لە
ڕۆژهەڵات هەڵس و کەوت بکەن؟
بۆیە ئەو هەواڵە بۆ من زۆر دڵخۆشکەر بوو و
من هیوادارم کە ئەم دانیشتنانە زۆرتر بێ، زۆر رێک و پێکتر لە سەر ئەو مەسەلانەی کە باسم کرد ڕێک بکەون، هەر لە
پێوندیی لەگەڵ پرسیارەکەی پێشووشتان دا یەکێک لەو شتانەی کە بەشێک لە چەپی ئێرانی
زۆر پێی قەڵس بوون و دژی ڕاوەستابوون هەر ئەو دانیشتنەیە کە ئێوە باستان کرد.
ئەوان پێیان وابوو کە ئەوە نیشان دەدا کە هێزە کوردییەکان لایەنگری هێرشی
ئیسراییلن و دەیانهەوێ لەو فورسەتە کەلک وەربگرن، کە من لە شوێنی تریش باسم
کردووە، لە وتوێژ لەگەڵ تێلێڤیزیۆنێکی چەپی لە ستۆکهۆڵم ؛ تێلێڤیزیۆنی همبستگی،
باسی ئەوەم کرد کە هێزە کوردییەکان یان هەر هێزێکی ئۆپۆزیسیۆنی دژ بە کۆماری
ئیسلامی مافی خۆیەتی کە لە دەرفەتێکدا کە بۆ خۆی لە ڕەخساندنی دا هیچ ڕۆڵێکی نەبووە
لانی زۆری کەلک وەربگرێ. ئەوە مافی حیزبە کوردییەکانە لە شەڕێک کە لە دەرەوەی
ئیرادەی وان ڕووی داوە، بەڵام هەر چۆنێک بێ کۆماری ئیسلامی لاواز کردووە کەلک وەر
بگرن، خۆ هەر لە بەر ئەوەی کە ئەو لاواز بوونە سەرچاوەکەی دەرەکی یە نابێ خۆی لێ
ببوێرن. بۆیە من پێم وایە کە مێژووی جووڵانەوە نەتەوایەتییەکان و هەر وەها
جووڵانەوە سۆسیالیستییەکان لە هەموو شوێنی دنیا نیشانی داوە؛ لە ڕووسیا خۆی لە
زەمانی بۆلشویکەکانەوە تا دواتر کە ڕووداوە ژێئۆ پۆلیتیکەکان دەتوانن دەرفەتی
ئەوتۆ پێش بێنن بۆ هێزی ئۆپۆزیسیۆنی کە
دژایەتی دەوڵەتێکی پاوانخواز و فاشیستی دەکەن کە بە بێ ئەو ڕووداوە دەرەکییانە
ئەو دەرفەتانە ڕوو نادەن.
بۆیە لە باری بناغەیی، ئوسوولییەوە هیچ کێشەیەک ئەمن لەوە دا نابینم بەڵام، مەسەلە
ئەوەیە کە ئەو حیزبانە بتوانن ڕوو بە خەڵک وتارێکی هاوبەشیان هەبێ، وێڕای وەی کە
جیاوازییەکانیان نەشارنەوە لە سەر زۆر مەسەلە، بەڵام لە سەر خاڵی هاوبەشیش دەتوانن
ڕێک کەون.
بە بڕوای من ئەو جوورە هاوکاریانە دوو لایەنی هەیە کە زۆر جار لێک دەدرێن ئەویش
ئەوەیە کە ڕۆژهەڵاتێکی کە ئیمکانی خۆبەڕێوەبەری هەیە بۆ وێنە وەکوو ڕۆژئاوای
کوردستان یان وەکوو حکوومەتی هەرێم لە باشوور پێوەندییە کۆمەڵایەتی، سیاسی و
ئابوورییەکانی لە ناوخۆی ڕۆژهەڵات چۆن ڕاپەڕێنێ ئەوە بەحسێکە کە حیزبەکان دەتوانن
لە سەری زۆر ئیختیلاف و جیاوازی جیدییان هەبێ. حیزبێکی سۆسیالیستی لەگەڵ حیزبێکی
لیبێراڵ بۆچوونیان یەک نییە لە سەر ئەو
مەسەلەیە. بەڵام تەواوی ئەو حیزبانە وەختێک دێتە سەر مەسەلەی نەتەوایەتی و خەڵکی
ڕۆژهەڵات ڕوو بە دەوڵەتی ناوەندی لە یەک مەوقعییەت دان، لە یەک بەستێن دان.
بۆیە لەو بوارە دا بە بڕوای من هاوکاری و ڕێکخستنی سیاسەت زۆر زۆر ئاسانترە و لە هەمان کاتدا زۆر زۆر پێویست ترە، بەڵام کە
دێتەوە سەر بەڕێوەبردنی ناوخۆی کۆمەڵگای کوردستان ئەوە شتێکە کە خەڵکی کوردستان
دەتوانن گوێ ڕابگرن بۆ وتاری حیزبەکان و لە کاتی خۆی دا بە شێوەیەکی دێمۆکڕاتیک
هەڵبژێرن کە کام بەرنامەیان لا پەسندە بەڵام لە کاتی ئێستا دا کە کوردستان و
ڕۆژهەڵات لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دایە، دەوڵەتی ناوەندی ئەگەر دەوڵەتی
کۆماری ئیسلامیش نەبێ ئەمن پێم وایە ئەوەیە کە زەمینەی خاڵی هاوبەشی هەموو ئەو
حیزبانە دەقیقەن ئەو مەسەلەی دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە دەتوانن لە سەری بە
تەوافوق بگەن و بەرنامە عەمەلێکی هاوبەشیان هەبێ.
قازی: زۆر باشە، دیارە بۆ ئەم پرسیارەی کە ئێستا دەیکەم کاتێکی زۆر زیاترمان
دەوێ بەڵام لەبەر کەمی وەخت هەر دەبێ سەرقەڵەمەکانی باس بکەین ئەویش بۆچوون و
تێگەیشتنی بەڕێزتە سەبارەت بە ئەو پێواژۆی ئاشتی و کۆمەڵگەی دێمۆکڕاسی کە لە
ڕوانگەی حەڕەکەتی کوردی ڕا لە باکووری کوردستان دەستی پێکردووە و لایەنێکی زۆر
چاوڕاکێشیش کە ئەمن بۆخۆم دیقەتێکی تایبەتیم لە سەر کردووە لەو پەیامە دەنگ و
ڕەنگییەی بەڕێز سەرۆک ئوێجاڵان کە بڵاو بووەوە ئەو زۆر بە ڕاشکاوی داوای ئەوە دەکا
دەڵێ: " بە چاوەڕوانییەکی زۆرەوە چاوەڕێی هەموو ڕەخنە و پێشنیارەکانتان و
بەشدارییەکانتانم". یانی ئەوە لە ڕاستیدا زۆر شت ڕەد دەکاتەوە کە گۆیا ئەو
حەڕەکەتە لە باکووری کوردستان ئامادەی ڕەخنە و فکری جیاواز نییە. پێم خۆش بوو،
دیارە بە داخەوە مەودامان زۆر کەمە چونکە باش دەبێ هێندێکیش باسی ڕۆژئاوا بکەین
چونکە دەو ڕۆژانە دا ساڵڕۆژی شۆڕشی ڕۆژئاوا بوو. لەو زەمینەیە دا بەڕێزت بە کراویی
بۆچوونی خۆت باس بکەی بۆ ئەوەی بینەران و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردیش لە
باکووری کوردستان بتوانێ کەلکی لێ وەربگرێ. فەرموو!
مەتین: بەڵێ تکایە، دیارە ڕەخنەی من دوو لایەنی هەیە، لایەنی بڕێک تیۆریک تر و لایەنی
بڕێک کردەوەیی تر یا پڕاکتیک تر. لە باری تیۆریکەوە، دیارە ئەوە ڕوانگەی منە و بە
پێویستی ڕەنگە هەموو کەس قبووڵی نەکا،
بەڵام ڕوانگەیەکە، ئەویش ئەوەیە کە لە نووسراوەکانی بەڕێز ئوێجاڵان دا تەنانەت بەر
لە مەسەلەی ئاشتیش دا، کە دیارە دەوڵەتی تورکیا ناڵێ ئاشتی، ئەوە یەکێک لەو ڕەخنانەیە
کە خەڵک لەو پڕۆسەیەی دەگرن، بەڵام ئەوە ئەگەر لە لایەک دانێین، مەسەلەی دەوڵەتە
کە ئەمن پێم وایە بە باشی تەبیین نەکراوە لە ڕووی نەزەرییەوە. بۆ وێنە بەشێکی زۆری
ئەو ڕاگەیاندنانەی یان ئەو نامانەی لە سەر کۆمەڵگای دێمۆکڕاتیکە، لە سەر ئەوەی کە
کۆمەڵگا دێمۆکڕاتیک بکرێ. بەڵام، هیچ کۆمەڵگایەک بە بێ دەوڵەت نییە. کە وایە لە
شوێنێکی وەکوو تورکیا بۆ ئەوەی کە کۆمەڵگا
دێمۆکڕاتیک بێ هاوکات مەبەست ئەوەیە کە دەوڵەتیش دەبێ دێمۆکڕاتیک بێ.
باشە دەوڵەت چۆن دێمۆکڕاتیک دەبێ؟ یەکەم هەر ئەوەی کە کۆمەڵگا دێمۆکڕاتیک بکرێ لە
ڕێگای کۆمۆنەکانەوە بە پێویستیی دەوڵەت لە
نێو نابا. و ئەوە بەحسێکی دوورو درێژە کە دەوڵەت ئەساسەن بەرهەمی پێوەندیگەلی
هیرارشیکە لە ناوخۆی کۆمەڵگایەک یان نا، هاوکات دەوڵەت بەرهەمی دنیایەکی دەرەوەی
خۆشیەتی. دنیایەک کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی دا نییە. یانی وەختێک لە دنیا دا چەندین
و چەند نەتەوە، دەوڵەت، کۆمەڵگا هەنە، هەر کۆمەڵگایەک بە تەنیا وەختێک ڕوو بە دەرێ
چاو لێ دەکا دەبینێ هێندێک دەسەڵات هەنە کە لە ژێڕ ڕکێفی ئەو دا نین، بۆیە ڕوو بە
ئەو دەسەڵاتانە مەجبوورە خۆی وەکوو دەوڵەت سازمان بدا. بە کورتی ئەگەر بڵێم ژێئۆ
پۆلیتیک بە پێی ناساندنەکەی دەوڵەت یان ستروکتووری دەوڵەتی بەرهەم دێنێ کە وایە
ئێمە لە دێمۆکراتیکترین کۆمەڵگاش دا ناتوانین دەوڵەت بە تەواوی لە بەین بەرین.
بەڵام بۆ ئەوەی ئەوە ڕوونتر بێتەوە ئێمە دەبێ تەعریفێکی جیاوامان لە دەوڵەت هەبێ،
یانی ئەو ستروکتوورەی کە ئەمڕۆ دەوڵەتی سەرمایەداری مۆدێڕن هەیەتی تەنیا فۆڕمی
دەوڵەت نییە بەڵکوو هەرجۆرە ستروکتووری قودرەتی کۆمەڵایەتی یان قودرەتی گشتی
دەتوانێ دەوڵەت بێ یانی تەنانەت کۆمەڵگایەکی ئانارشیستیش ڕوو بە دەرەوە لە واقیعدا
وەکوو دەوڵەت دەبزوێتەوە و هەڵدەسووڕێ، هەر چەند لە نێو خۆی زۆر دێمۆکڕاتیک بێ.
بۆیە پرسیار ئەوەیە کە لە دەوڵەتێکی وەکوو تورکیا دا دێمۆکڕاتیک بوون چ جۆرە
تاتبەتمەندگەلی دەبێ هەبێ؟ بە بڕاوی من یەکێک لەو تایبەتمەندیانە دەقیقەن هەر پرسی
کوردە و چارەسەر کردنی پرسی کورد هەر بەوەی کە بۆ وێنە مافی شارومەندی بدرێ بە
خەڵک جێ بەجێ نابێ. هەر وەک لەمەڕ ئێرانیش ئەمن هەر ئەو شتەم کوتووە. بۆیە ئەمن
پێم وایە دەبێ مەسەلەی کورد و مافی بە
کۆمەڵی خەڵکی کورد؛ جا نێوی دەنێین مافی نەتەوایەتی یان هەر شتێک، بە بڕوای من ڕەنگە ئەوە مەسەلەی
زۆر سەرەکی نەبێ بەڵام، ئەو مافا بە جۆرێک دەبێ بناسرێ.
ئەگەر لە باری سیاسی یان ستراتێژیکەوە پارتیی کرێکارانی کوردستان بە پێویستی
دەزانێ سیاسەتی خۆی بگوازێتەوە بۆ شێوەی ناچەکداری، ئەوە بە نەزری من زۆر شتێکی
سروشتی یە، زۆر سەیر نییە. زۆر هێز دەتوانن لە بەستێنی دیاریکراو دا بژاردەیەکی
ئەوتۆ هەڵبژێرن. بەڵام بە بڕوای من لە باری دیسکۆرسییەوە، لە باری ئیدێئۆلۆژیکەوە
ئەو بژاردەیە پێویست ناکا بنەماکەی ڕەقیق کردنەوەی یان کەمڕەنگتر کردنەوەی ئەو
کێشەیە بێ کە ئیشاڕەم پێکرد، مەسەلەی نەتەوایەتی. یانی ئینسان دەتوانێ بڵێ کە بە
هۆی جۆراجۆر خەباتی چەکدارانە چیتر وڵام ناداتەوە بۆ ئەو پڕۆژە سیاسییەی ئێمە،
بۆیە ئێمە دەمانەوێ خەباتێکی غەیری چەکداری بکەین. بەڵام بۆ ئەوەی کە ئەوە
تەوجیهبکەین پێویست ناکا ئێمە مافی نەتەوایەتی بە شێوەیەک باس بکەین کە مەودا بدا
بە لایەنی بەرانبەر کە خۆ ببوێرێ لەوەی کە ئەو مافە بنەڕەتییانە بەرەسمییەت بناسێ.
بۆیە ئەمن پێم وایە مەسەلەی دەوڵەت زۆر گرینگە و هەر مەسەلەی کۆمەڵگای دێمۆکڕاتیک
نییە بەڵکوو مەسەلەی دەوڵەت لە مەرکەزی ئەو پڕۆسەیە یان هەر پڕۆسەیەکی دیکە دایە
کە وە ئەوە دەچێ.
مەسەلەی دووەم مەسەلەی پڕاکتیکییە ئەویش ئەوەیە کە من بە تەواوی تێدەگەم کە لانی
کەم لە ٢٠١٥وە پارتیی کرێکارانی کوردستان لە هەلومەرجێک دا بووە کە نەیتوانیوە
چالاکی چەکداری لە ناوخۆی باکووری کوردستان بە شێوەی پێشوو ئەنجام بدا. هۆی ئەو
کارەش زۆرە، بۆ وێنە پارتیی کرێکارانی کوردستان قورسترین باری شەڕی داعشی لە سەر
شانی بوو لە شەنگال، لە کەرکووک، لە زۆر بەشی دیکەی باشووری کوردستان و دواتر لە
ڕۆژئاوا، بەشێکی زۆر لە هێزی نیزامی پ.ک.ک لەوێ دەرگیری ئەو مەسەلەیە بوون ، دواتر
لە ٢٠١٥ ئەو شەڕانەی کە دەستی پێکرد تێکنۆلۆژی دڕۆن دروست بوو، ئەوە بووە هۆی ئەوە
کە پارتیی کرێکارانی کوردستان گریلاکانی بەرێتە باشووری کوردستان و شەڕ لە قووڵایی
باشووری کوردستان دا هەبووە، زۆر شت لە ناوخۆی تورکیا خۆی گۆڕاوە. یانی باڵانسی
هێز جۆرێکە کە خەباتی چەکداری بەو جۆرەی کە قەدیم دەکرا ئێستا ڕەنگە بۆ ئەو هێزە
دیاریکراوە سیاسییە نەکرێ، بەڵام مەسەلە ئەوەیە کە لەم پڕۆسەیە دا لایەنی بەرانبەر
لە موقابیل دا چ دەکا؟
ئێمە دەتوانین ئارگومێنتێکمان هەبێ کە بێ لەبەر چاوگرتنی ئەوەی کە دەوڵەتی تورکیا
چ دەکا ئەو بژاردەیە بۆ پارتیی کرێکارانی کوردستان دروستە لەو قۆناغە دیاریکراوە
دا. بەڵام لە عەینی حاڵ دا ئەمن پێم وایە باڵانسی هێزی سیاسی لە ناوخۆی تورکیا و
لە ناوچەکە دا جۆرێکە کە ئیمتیازی زۆر جیدی دەکرێ بستێندرێ لە لایەنی بەرانبەر. بۆ
وێنە هەر نموونەیەک باس دەکەم. بۆ وێنە دەم پارتی وەکوو هێزی سێیەم لە پارڵمانی
تورکیا ڕۆلێکی هەیە کە هیچ یەک لە بەرنامەکانی ستراتێژیکی ئێستای تورکیا بە بێ
دەنگی ئەوان، بە بێ پشتیوانی ئەوان ناتوانێ سەر کەوێ بۆیە من پێم وایە ئێمە دەبێ
بە گشتی چاو لە مەسەلەکە بکەین یانی تەنێ پ.ک.ک نییە یان تەنێ دەم پارتی نییە،
بەڵکوو بزووتنەوە یان بزاڤی پ.ک.ک هەر وەک دەزانین بزاوێکی transnational ە، یانی تورکیا دەگرێتەوە، ڕۆژئاوای کوردستان
دەگرێتەوە، باشوور، تەنانەت ڕۆژهەڵاتیش بۆیە دەبێ دیدێکی گشتیمان هەبێ لەو ڕووەوە.
لەو دیدەوە ئەمن هەر لە ڕۆژی ئەوەڵەوە باسی ئەوەم کردووە کە چۆن ئەو بژاردەیەی
پارتیی کرێکارانی کوردستان لەو قۆناغە دیاریکراوە دا دەتوانێ زۆر بە قازانجی
ڕۆژئاوای کوردستان تەواو بێ کە دیارە دەکرێ زۆر باسی بکەین بەڵام دەزانم کاتمان
نییە وە من پێم وایە یەکێک لەو هۆیانەی کە ئوێجاڵان ئەو پڕۆسەیەی دەست پێ کردووە
دەقیقەن ئەوەیە کە بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و ئەو ئیدارە خۆسەرییەی
لەوێ هەیە تا ئەو جێگایەی دەکرێ بەرگری لێ بکرێ و ئێمە دەبینین هەر لەو ئاخرانەش دا
زۆر بە ڕاشکاوی گوتبوویان کە ئەو مەسەلەی واز هێنان لە خەباتی چەکداری لە ڕۆژئاوا
سیدق ناکا بە هیچ عینوان.
بۆیە من پێم وایە لەو دوو ڕوانگەیەوە دەتوانین ڕەخنە بگرین بەڵام لە عەینی حاڵیشدا
ئەمن پێم وایە ئەو کەسانەی کە لە هەر حاڵدا دژی پ.ک.ک قسە دەکەن و دەیانهەوێ لەو
مەسەلەیە کەلک وەربگرن ڕەخنەکانی وان زۆرتر لەوەی کە ڕەخنەیەک بێ بۆ ئەوەی کە
بزاڤی کوردی لە باکووری کوردستان زۆرتر بەهێز بێ، زۆرتر بۆ ئەوەیە کە بزووتنەوەکە
یانی پ.ک.ک خۆی لاواز بکەن تا ئەوەی کە ڕەخنەیەکی ناوخۆیی بێ. ڕەخنە دەتوانێ دوو
جوور بێ ئەتۆ دەتوانی وێڕای وەی کە سەمپاتیت بۆ جووڵانەوەیەک هەیە ڕەخنەی لێ بگری،
ڕەخنەیەکیش ئەوەیە کە تۆ ئەساسەن جووڵانەوەکە دەبەیە ژێر پرسیار. ئەمن پێم وایە
زۆر ڕەخنە گیراون کە زۆرتر لە حاڵەتی دووەم دان. هیوادارم توانیبێتم وڵامی
پرسیارەکەتانم دابێتەوە.
قازی: زۆرسپاست دەکەم . دیارە هێندێکمان کات ماوە کە هێندێکیش باسی ڕۆژئاوای
کوردستان بکەین، بەڕاستیش بە ناردنی ئەو نوێنەرە تازەیەی ئیدارە ئەمریکا کە دوای
هاتنەوە سەر کاری تڕامپ ناردراوەتە ئەوێ و چەند داخویانییەکی دا کە دیارە لە
ڕاگەیاندنی وەزاڕەتی دەرەوەی ئەمریکا دا هێندێک ئاڵوگۆڕی تێدا پێک هات و ئەو
خەبەرەش کە گۆیا ئەمریکا و تورکیا بە هاوبەشی ئۆلتیماتۆمیان دا بێ بە هێزە
دێمۆکڕاتەکانی سووریا، کە دیارە ئەوە دەکرێ ساختە بێ، لەمەڕ ئەوەی ئەو پەیمانەی کە
لە مارس دا ئیمزا کراوە دەبێ جێ بەجێ بکرێ. لەو بارەیەوە بۆچوونت چۆنە و بە تایبەتیش
ئەوە گرینگە و دەبوو زیاتر قسەی لە سەر بکەین چونکە ئەو ڕۆژانە ساڵوەگەڕی شۆڕشی
ڕۆژئاوا بوو، کە دیارە لە مێژووی مۆدێڕنی کوردی دا زۆر دیاردەیەکی تازە بوو.
مەتین: من هەوڵ دەدەم بە کورتی ئیشاڕە بە چەند شت بکەم. ئەویش ئەوەیە لە دوای
دیداری جۆلانی لەگەڵ تڕامپ کە لە عەڕەبستان ڕووی دا، مەعلووم بوو، دیار بوو کە
عەڕەبستان، قەتەر ئەو دەوڵەتە دەوڵەمەندە عەڕەبییانە نفووزی خۆیان لە سەر دەوڵەتی
ئەمریکا بەکار هێناوە و هاوکاتیش بە
هاوئاهەنگی لەگەڵ تورکیا دەیانهەوێ دەوڵەتێکی ناوەندێتی دووبارە لە سووریا دروست
بکەن و دەوڵەتی جۆلانی بکەنە لەمپەرێک بۆ هەر جۆرە زیندوو بوونەوەی نفووزی ئێران
لە ناوچەکە دا.
لەو چوارچێوەیە دایە کە تۆم باراک کە هاوکات سەفیری ئەمریکایە لە تورکیا بووە بە
نێردراوی تایبەتی ئەمریکا لە سووریاش و تا ئێستا هەر کات کە قسەی کردووە وەکوو
کاربەدەستێکی دەوڵەتی تورکیا بە ڕاستی قسەی کردووە تا وەکوو نوێنەری دەوڵەتی
ئەمریکا بەڵام لە عەینی حاڵیشدا ئەوە بەو مەعنایە نییە کە دەوڵەتی ئەمریکا بە گشتی
لایەنگری ئەو ڕەوتە نەبووە لە ماوەی ڕابردوو دا. ئەوەی کە تەحریمەکانیان لە سەر
دەوڵەتی جۆلانی لا برد، ئەوەی کە دەوڵەتە ئوڕووپاییەکان بە پەلە پەل هەمان کاریان
کرد، ئەڵبەتە ئەوان زۆرتر بۆ ئەوەی کە بتوانن پەناهەندەکانی خەڵکی سووریا بنێرنەوە
سووریا بەڕاستی ئەو کارە دەکەن یانی لە
باری ناوخۆییەوە بۆیان گرینگە. ئەو مەسەلەیە هەیە یانی دەیانهەوێ ئەو شتە زیندوو
بکەنەوە، یانی دەوڵەتی ئەسەد بەڵام بە بێ ئەو سیکولاریزمەی کە بە ڕواڵەت دەوڵەتی
ئەسەد هەیبوو.
بەڵام ئەوەیان بۆ ناچێتە سەرێ، یانی هەتا
ئێستا کە نەچووەتە سەرێ و ئەو ڕووداوانەش کە لە سوەیدا ڕووی دا نیشان دەدا کە بۆچی
ئەوە ناتوانێ جێ بەجێ بێ. چونکە ئەو وتارەی کە تەحریر ئەلشام یا جۆلانی هەیەتی
وتارێک نییە کەسێکی عەلەوی، کوردێک، دەرووزییەک، مەسیحییەک لە ناو سووریا هەست بە ئەمنییەت بکا لە ناوی
دا.
ئەو خەڵکانە هیچیان لە نووسینی قانوونی ئەساسی سووریا دا هیچ نەخشیان نەبووە. ئەو
کەسەی بە چەک دەمشقی داگیر کردووە ئێستا لەوێ خۆی کردووەتە دەوڵەتی کاتی. بۆیە من
پێم وایە وێڕای وەی کە ویستی ئەو دەوڵەتانە ئەوەیە کە بە جۆرێک ڕۆژئاوا لە واقیع
دا حەل کەن لە ژێر ئەو دەوڵەتی تازەی جۆلانی دا بەڵام، لە عەمەل دا ئەوە شتێکی
ئاسان نییە، هەم بە هۆی ئەوەی کە ڕۆژئاوای کوردستان هەر چۆنێک بێ هێزێکی زۆر و زەبەندی نیزامی خۆی هەیە، مەسەلەی
داعش هەر وا لە جێی خۆی ماوە، دەرووزییەکان هێزی نیزامی خۆیان هەیە و نیشانیان
دا کە دەتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن. لە
عەینی حاڵ دا مەسەلەی ئیسراییلیش هەیە. ئیسراییل ناتوانێ متمانە بکا بە دەوڵەتێک
کە ڕێبەرانی هەتا دوێنێ ئەلقاعیدە بوونە و پێوەندی زۆر نزیکیان لەگەڵ
ئیخوانلموسلمین هەیە یا لەگەڵ تورکیا هەیە. تا ئەو جێگەیەی کە دەگەڕێتەوە سەر
ئیسراییل دەوڵەتێکی لاواز لە سووریا بۆ ئەوان جێی پەژراندنە و قبووڵی دەکەن،
دەوڵەتێکی لاواز کە بە ئاشکراش دوژمنایەتییان نەکا. بۆیە من بڕێک بە دووری دەزانم کە
ئەو دینامیسمانەی باسم کرد ئیجازەی وەی بدەن کە دەوڵەتێکی مەرکەزی لەو جۆرەی کە
تورکیا مەبەستێتی یان جۆڵانی بۆ خۆی دەیهەوێ لە سووریا دروست بکرێ، یانی ساز
بێتەوە. بەڵام، لانی کەم تا ئێستا ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوا زۆر بە بڕاوی من بە ژیری
کاریان کردووە. یانی ئەوان نەفسی ئەوەی کە دەیانەوێ ئینتێگرە بن لەگەڵ دەوڵەتی
ناوەندی ڕەد ناکەنەوە، بەڵام ئەوان چۆنیەتی ئەو ئینتێگرە بوونەیە کە دەبەنە ژێر
پرسیار. و ئەوە بە بڕوای من تاکتیکێکی زۆر باشە چون لایەنی بەرانبەر ناتوانێ بڵێ
ئەوانە ئەساسەن نایانەوێ لەگەڵ ئێمە بن. یانی لە چوارچێوەی دەوڵەتی سووریا دابن،
بۆ وێنە سەربەخۆیی خواز بن. لە ئاکامدا ئەو وتارە دەتوانێ لە مەیدانی نێونەتەوەییش
دا زۆرتر سەمپاتی ئوڕووپاییەکان یان وڵاتانی تریش بەرەو لای خۆی ڕابکێشێ چونکە
ئەساسەن داوای شکڵێک لە دەوڵەت دەکا کە لە زوربەی دەوڵەتە ئوڕووپاییەکان و
ڕۆژئاواییەکان دا هەیە. دەوڵەتی سویس decentralized ە، ئەو شوێنەی ئێوەی لێن هەر
وایە لە بێلژیک، بریتانیا، دەوڵەتی ئەمریکا بۆ خۆی دەوڵەتێکی فێدێڕاڵە، ئاڵمان هەر وەتر یانی ئەو
مۆدێلەی کە ڕۆژئاوا داوای دەکا زۆر شتێکی عەجایب و بێ سابقە نییە. بۆیەش دژایەتی
کردن لەگەڵی شتێکی سادە نییە، ئاسان نییە بۆ ئەوان.
وێڕای ئەوەی کە ڕووداوەکانی سوەیدا تڕاژێدییەکی ئینسانی بوون بەڵام لە هەمان کاتدا
ئەمن پێم وایە لە باری ستڕاتێژیکەوە بە قازانجی ڕۆژئاوا تەواو بووە چون نیشان دەدا
کە ئەوەڵەن هێزەکانی دەوڵەتی ناوەندی چەندە زەرفییەتی جیناتەت و کوشتار و تەنانەت
جێنۆسایدیان هەیە، هەر ئەوەی کە دژی عەلەوییەکان کردیان، لە سوەیداش تا حەدێک
کردیان بەڵام دیارە زۆر بە خێرایی پێشیان پێ گیرا هەم بە هۆی هێرشە هەواییەکانی ئیسراییل و هەم بە
هۆی خۆڕاگری شوورای نیزامی سوەیدا خۆی کە
لەوێ هەیە.
بۆیە من پێم وایە ئەو ڕووداوانەی سوەیدا هێندەی تر نیشان دەدا کە قورسایی و
پێویستی هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا لە ناو خۆی سووریا زۆرە و هەواڵی ئەوەشمان
بیستووە کە گۆیا لە دیداری تازەی باراک لەگەڵ بەڕێز مەزلووم عەبدی باسی ئەوە کراوە
کە هەسەدە هاوکاری دەوڵەتی ناوەندی بکا بۆ ئەوەی کە بتوانن کێشەکان لە سوەیدا چارەسەر
بکەن بەڵام، مەزلووم عەبدی کوتوویەتی ئێمە ناتوانین لەگەڵ دەوڵەتێکی ئاوا
پاوانخواز و نا دێمۆکڕاتیک هاوکاری بکەین بەڵام حازرین یارمەتی خەڵک درووز بدەین
لەوێ. بۆیە من پێم وایە ئێستا هاوسەنگی هێز زۆر بە قازانجی دەوڵەتی جۆلانی نییە و
هەڵوێستی مایک ڕۆبیۆش لەگەڵ ئەو قسانەی تۆم باراک دەیڵێ جیاوازی زۆر بەرچاویان
هەیە. من هەست دەکەم کە سیاسەتێکی زۆر تۆکمەی داڕێژراو لە ناو دەوڵەتی ئامریکا دا خۆی نییە جارێ و بە
بڕوای من ئەوە دەتوانێ یارمەتیدەر بێ بۆ بەڕێوەبەرانی ڕۆژئاوا کە لانی زۆری کەلک
وەربگرن لەو سەیالیتەیە یان ناسەقامگیرییە کە لە بۆچوونی ئەمریکا دا هەیە بە
نیسبەت مەسەلەکە.
قازی: زۆر زۆر سپاست دەکەم بەڕێز
دوکتور کامڕان مەتن بۆ بەشداریت لە ڕاوێژ دا، داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم.
مەتین: سپاس بۆ ئێوەش زۆر مەمنوون، بژین.
قازی: بینەرانی خۆشەویست بەم شێوەیە گەیشتینە کۆتایی بەرنامەی ئەمجارەشمان.
تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.
تێبێنی: ئەم بەرنامەیەی ڕاوێژ لەتەک دوکتور کامڕان مەتین مامۆستای پلەبەرزی
پێوەندییە نێونەتەوەییەکان لە زانکۆی ساسێکس،لە شاری بڕایتن لە بریتانیا ئێوارەی
یەکشەمە ٢١-ی ژووییەی ٢٠٢٥ بە ڕێگای تۆڕی تیمز بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە بەرنامەی
ڕاوێژی ستێرک تیڤییەوە بڵاو کراوەتەوە. شایانی باسە ڤیدیئۆی ئەم بەرنامەیە
لە تۆڕی کۆمەلی یوتیوب دا لە هەموو بەرنامەکانی ڕاوێژ لە ماوەی ئەمساڵ دا زیاتر
تەماشا کراوە.
دەکرێ بە ڕێگای ئەم لینکەی خوارەوە بەرنامەکە تەماشا بکەن.
https://youtu.be/YcwzP-8ug_Q?si=dNi0cXOmzKuICkdR
No comments:
Post a Comment