Tuesday, February 20, 2007

هاوپرسه‌کی له‌ گه‌ڵ دوکتور توڤێ سکووتناب-کانگاس




هاوپرسه‌کی له‌ گه‌ڵ دوکتور توڤێ سکووتناب - کانگاس زانای ناسراوی نێونه‌ته‌وه‌یی سه‌باره‌ت به‌ چه‌شناوچه‌شنی زمانی و چه‌شناوچه‌شنی بیۆلۆژیک
ئاماده‌کار : حه‌سه‌نی قازی

یای دوکتور تووڤێ سکووتناب- کانگاس پسپۆڕێکی ناسراوی نێونه‌ته‌وه‌یی بواری زمان و مافی مرۆیی زمانه‌. ئێمه‌ له‌وهاوپرسه‌کییه‌ دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین تووڤێ سکووتناب کانگاس زیاتر بناسین و له‌ سه‌ر بابه‌تی وه‌ک دووزمانه‌کی ، چه‌شناوچه‌شنی زمانی و چه‌شناوچه‌شنی بیۆلۆژیک و پێوه‌ندی دوولایه‌نه‌ی ئه‌و مژارانه‌ له‌ گه‌ڵی بدوێین.
قازی : له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هێندێک باسی خۆت بکه‌ی ! له‌ کوێ له‌ دایک بووی خوێندنی سه‌ره‌تاییت له‌ کوێ بوو و وه‌کی دیکه‌ ؟
سکووتناب – کانگاس : ئه‌من له‌ ڤاسا، له‌ فه‌نلاند له‌ دایک بووم. ڤاسا شارێکی دوو زمانه‌یه‌.واته‌ له‌ وێ هه‌ر دووک زمانی سوێدی و فه‌نلاندی زمانی فه‌رمین. ئه‌من به‌ دوو زمانی زگماکی گه‌وره‌ بووم هه‌م سوێدی و هه‌م فه‌نلاندی. تا ئه‌و جێگه‌ی ئه‌من بزانم له‌ ساڵی 1500 ه‌ کانه‌وه‌ گشت ئه‌ژدادی من دوو زمانه‌ بوون. بۆ وێنه‌ باوه‌ گه‌وره‌ی من ( باوکی باوکم)هه‌م به‌ فه‌نلاندی و هه‌م به‌ سوێدی کتێبی نووسیوه‌. ئه‌من به‌ منداڵی بۆم هه‌بوو هه‌ڵبژێرم چ به‌ فه‌نلاندی یان به‌ سوێدی بخوێنم، بۆ من دوو زمانه‌بوون به‌ ته‌واوی دۆخێکی ئاسایی بوو و زۆر زۆر باش بوو. زۆربه‌ی هاوکلاسه‌کانم له‌ خوێندنگه‌ی فه‌نلاندی زمان ، ئاخێوه‌ری فه‌نلاندی بوون. ئه‌وان وه‌ک من دوو زمانه‌ نه‌بوون. شتێکی که‌ وه‌بیرم دێ ئه‌وه‌یه‌ ، ئێمه‌ ته‌نێ ڕێگه‌مان ده‌درا حه‌وتووی 7 کتێب له‌ کتێبخانه‌ بخوازینه‌وه‌.ئه‌من خوێندنه‌وه‌م زۆر پێ خۆش بوو. کاتێک هێشتا چوارساڵم ته‌مه‌ن بوو ، فێری خوێندنه‌وه‌ی سوێدی، فه‌نلاندی و لاتین بووم، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌م فه‌نلاندی و هه‌م سوێدیم ده‌زانی ، له‌ کتێبخانه‌ ده‌چوومه‌ ئه‌و به‌ره‌ی که‌ کتێبه‌ فه‌نلاندییه‌کانی لێ داندرابوو حه‌وت کتێبی خۆمم هه‌ڵده‌بژارد و دوایه‌ ده‌چوومه‌ به‌ره‌که‌ی دیکه‌ و حه‌وت کتێبی سوێدیم هه‌لده‌گرت . هاوپۆله‌کانی من هه‌ر بۆیان هه‌بوو 7 کتێبان بخوازنه‌وه‌ و ئه‌من 14 کتێبم ده‌خواسته‌وه‌، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی دوو زمانه‌ بووم. له‌ زۆر لایه‌نی دیکه‌شه‌وه‌ دوو زمانه‌ بوون هه‌تا بڵێی باش بوو . ئه‌گه‌ر ئه‌من ماندوو بووبام و ویستبام بچمه‌ شوێنێک له‌ گه‌ڵ کاربه‌ده‌ستان قسه‌ بکه‌م، به‌ فه‌نلاندی قسه‌م ده‌کرد که‌ زمانی زاڵی من بوو له‌ تافی منداڵی دا. ئه‌گه‌ر من ماندوو نه‌بایه‌م و ویستبام وشان فێر بم به‌ سوێدی قسه‌م ده‌کرد. کاربه‌ده‌ستان ده‌بوو به‌و زمانه‌ وڵامی من بده‌نه‌وه‌ که‌ پێی ده‌دوام
قازی : ده‌کرێ به‌ گشتی باسی ئه‌و ده‌ور و به‌ره‌ی بکه‌ن که‌ تێیدا گه‌وره‌بووی ؟
سکووتناب-کانگاس : هه‌موو شت به‌ دوو زمانان بوو. خوێندنگه‌ی سوێدی زمان و خوێندنگه‌ی فه‌نلاندی زمان هه‌بوون. کاتێک من و خوشک و براکانم زۆر منداڵ بووین دایکم هه‌ر به‌ سوێدی قسه‌ی له‌ گه‌ڵ ده‌کردین و دوای ئه‌وه‌ی دایکو باوکم ده‌ستیان لێک به‌ردا دایکم زۆربه‌ی کات به‌ فه‌نلاندی له‌ گه‌ڵمان ده‌دوا. ئه‌و به‌ ته‌واوی دوو زمانه‌ بوو و ئه‌وه‌ هه‌تا بڵێی شتێکی پۆزیتیڤ بوو. کاتێک منداڵ بووم ئێمه‌ زۆر هه‌ژار بووین ، ئه‌وه‌ له‌ جه‌نگه‌ی شه‌ڕی دووه‌می جیهانی دا بوو.زۆر جار ماڵه‌که‌مان خۆراکی تێدا نه‌بوو.له‌ جیاتیان دایکم گۆرانی بۆ ده‌گوتین و پێی ده‌گوتین نیچه‌ چی گوتووه‌، شۆپێنهاور چی گوتووه‌ و ئه‌فلاتوون چی گوتووه‌. دایکم ده‌یگوت خواردن و خۆراک زۆر گرینگ نییه‌. ئه‌و ئاشقی زمانان بوو، ئاشقی فه‌لسه‌فه‌ بوو. کاتێک هێشتا چوارساڵان بووم ده‌ستی کرد به‌ ئه‌وه‌ی لاتین م فێر کا. ئه‌و سه‌ر له‌ به‌یانی زوو ده‌چووه‌ سه‌ر کار، ئ به‌ ته‌نێ له‌ ماڵێ ده‌مامه‌وه‌، براچکۆڵه‌که‌م له‌ دایه‌نگه‌ بوو ، به‌ڵام دایکم دراوی ئه‌وه‌ی نه‌بوو منیش بنێرێته‌ ئه‌وێ. بۆیه‌ به‌ ته‌نێ به‌ ده‌رسه‌ لاتینییه‌کانم دا ده‌چوومه‌وه‌ و ته‌ماشام ده‌کرد. دواتر پێی گوتم و ئه‌من هێشتا هه‌ر له‌ بیرمه‌ بۆ من چ ئه‌زموونێکی شیرین بوو که‌ له‌ پڕ له‌ وشه‌ی " پێرمانێنت " پێڕمێک تێگه‌یشتم، چونکوو من له‌ سه‌ر بنه‌مای لاتین له‌ وشه‌که‌ تێگه‌یشتبووم ، ئه‌وه‌ شتێک بوو که‌ ئه‌تۆ به‌ ده‌سته‌کانت پێڕمه‌نێنتی ده‌که‌ی ( ده‌ی هێڵییه‌وه‌) ، شتێکی که‌ له‌ قژ دا ده‌مێنێته‌وه‌. ئه‌من ئه‌وده‌می چوارساڵان بووم و کاتێک ئه‌و له‌ سه‌ر کاره‌وه‌ ده‌هاته‌وه‌ ماڵێ، له‌ خۆشیان هاوارم ده‌کرد و پێده‌که‌نیم، ئه‌وه‌نده‌ خۆشحاڵ ده‌بووم نه‌بێته‌وه‌ چونکوو شتێکم له‌ زمان دا دۆزیبووه‌وه‌.
قازی: که‌نگێ به‌ ته‌واوی مرخت له‌ زمان خۆش کرد ؟
سکووتناب-کانگاس: پێم وایه‌ مرخی ڕاستینی من بۆ زمان ئه‌و کاته‌ی خۆش بوو که‌ بۆ یه‌که‌م جار چووم بۆ ده‌وڵه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سالێ 1967 / 1968 دوای ته‌واو کردنی ماسترله‌ زانکۆ. من خوێندنه‌کانی زانکۆم چ بڕ پێ خۆش نه‌بوو. پێم وانییه‌ له‌ زانکۆ هیچ فێر ‌بووبم. مامۆستاکانم هه‌موو جۆره‌ مه‌یل و مرخێکی منیان سه‌باره‌ت به‌ هه‌موو شت کوشت. به‌ڵام دوای ته‌واوکردنی ماستر چووم بۆ ده‌وڵه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کان، له‌وێ ، له‌گه‌ڵ پرۆفێسۆرێک کارم کرد که‌ یه‌ک له‌ دوو دامه‌زرێنه‌رانی لێکۆڵینه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ دوو زمانه‌ بوون بوو. ئه‌ینار هاوگن . ئه‌و ده‌می ئه‌من هێندێک شت سه‌باره‌ت به‌ دووزمانه‌کی تێگه‌یشتم، به‌ڵام له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ ئه‌مریکا زۆر پۆزیتیڤ بوو یه‌کێک دووزمانه‌ بێ له‌ فه‌نلاندی و سوێدی دا ، نه‌ک له‌ ئینگلیسی – سپانیایی دا. ئه‌من که‌م که‌م هه‌ستم کرد به‌ هه‌بوونی گیروگرفت بۆ هێندێک خه‌ڵک له‌وێ؛ خه‌ڵکی ڕه‌ش به‌ ئینگلیسی ڕه‌ش قسه‌یان ده‌کرد، پله‌یه‌کی ئه‌وتۆی کۆمه‌ڵایه‌تییان نه‌بوو و منداڵانی سپانیایی زمان هه‌مان پشکیان نه‌بوو که‌ ئه‌من له‌ فه‌نلاند بووبووم. بۆ وێنه‌ هه‌بوونی ده‌ره‌تان بۆ خوێندن به‌ زمانی خۆیان یان به‌ زمانی ئینگلیسی. پاشان ئه‌وده‌می که‌ گه‌ڕامه‌وه‌ فه‌نلاند و دوایه‌ چوومه‌ سوێدێ و ده‌ستم کرد به‌ کار کردن له‌ گه‌ڵ منداڵانی که‌مایه‌تی موهاجیر له‌ سوێد سه‌رم له‌وه‌ سوڕما که‌ دووزمانه‌ بوونی ئه‌وان وه‌کوو سه‌رچاوه‌یه‌کی به‌ به‌ره‌که‌ت و ڕوون چاو لێنه‌ده‌کرا، وه‌ک دووزمانه‌ بوونی خۆم له‌ کاتی خوێندن دا. ئه‌وه‌ وه‌کوو که‌مایه‌سییه‌ک داده‌ندرا. شتێکی که‌ هه‌تا دره‌نگ نه‌بوو بوو ئه‌وان ده‌بوو له‌ کۆڵی خۆیانی بکه‌نه‌وه‌!! داوایان لێ ده‌کرا له‌ باری زمانییه‌وه‌ به‌ ته‌واوی بتوێنه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست پێنه‌که‌ن به‌ داوخوازی هیچ به‌ فه‌نلاندی. و ئه‌م دۆخه‌ به‌ ته‌واوی منی هه‌ژاند. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ده‌مزانی دووزمانه‌ بوون چه‌نده‌ چاکه‌، یه‌که‌م تێزی خۆم [پی ئێچ دی] له‌ مه‌ڕ دووزمانه‌ بوون و ده‌ستکه‌وتی خوێندنگه‌ نووسی .
قازی: لێکۆڵینه‌وه‌سه‌ره‌تاییه‌کانتانسه‌باره‌ت به‌ زمان کامانه‌ن ؟
سکووتناب – کانگاس : وه‌کوو گوتم یه‌که‌م کتێبی من که‌ له‌ سه‌ر بناوانی تێزی پێ ئیچ دی یه‌که‌م بوو له‌ مه‌ڕ دووزمانه‌ بوون و ده‌ستکه‌وتی خوێندنگه‌ بوو. ده‌ستم کرد به‌ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ سه‌ر کوڕانی سوێدی زمانی دووزمانه‌ که‌ له‌ فێرگه‌ی سه‌نعه‌تی ده‌یان خوێند بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌ میکانیکی ئۆتۆمۆبیل. له‌ فه‌نلاند ده‌رسم پێ ده‌گوتن، خوێندنگه‌که‌ دووزمانه‌ بوو. ئه‌وان بۆیان هه‌بوو هه‌ڵبژێرن یان به‌ فه‌نلاندی یان به‌ سوێدی بخوێنن . ئه‌وان سوێدی زمان بوون و به‌ سوێدییان ده‌خوێند. له‌ ده‌وڵه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا هه‌ر وه‌ک سوێد من هه‌ستم پێکرد ئه‌وانه‌ی که‌ دوو زمانه‌ بوون له‌ خوێندنگه‌ زۆر له‌ دواوه‌ی ئه‌وانه‌ بوون که‌ ته‌ک زمانه‌ بوون، به‌ڵام ئه‌و کوڕانه‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ده‌رفه‌تیان درابوویه‌ هه‌ڵبژێرن و خوێندنیان به‌ زمانی زگماکی خۆیان ببوو و زمانه‌که‌ی دیکه‌ش وه‌کوو بابه‌تێکی خوێندن له‌ ماموستایه‌کی دووزمانه‌ فێر بووبوون و توانیبوویان به‌ زمانی دووه‌م هێندێک بابه‌ت بخوێنن پێش که‌وتتنیان و ده‌ستکه‌وتی خوێندیان له‌ ئاستی منداڵانی ته‌ک زمانه‌ و ته‌نانه‌ت له‌وانیش باشتر بوو.باسی ئه‌و بابه‌ته‌ یه‌که‌م کتێبی من بوو. ئه‌و کتێبه‌ 30 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بڵاو کرایه‌وه‌، زۆر زۆر له‌ مێژه‌، ساڵی 1975 بوو. پاشان هاته‌ سه‌رم ئه‌و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ درێژه‌ پێبده‌م و له‌ پاشخانی مێژوویی توێژینه‌وه‌ی دووزمانی بڕوانم. له‌ مه‌ڕ زۆرداری له‌ سه‌ر منداڵی دوو زمانه‌ و له‌ خۆم ده‌پرسی بۆ منداڵی دوو زمانه‌ سه‌رکوت ده‌کرێن ؟ و بۆچی ئه‌وان له‌ خوێندنگه‌ چاک پێش ناکه‌ون، له‌ کاتێک دا ده‌مزانی ئه‌وه‌ مه‌یسه‌ره‌. بۆیه‌ کتێبێکی زۆر گه‌وره‌م نووسی به‌ ناوی : " دوو زمانه‌ بوون "له‌ پێشدا به‌ سوێدی دوایه‌ وه‌رگێڕدرایه‌ سه‌ر ئینگلیسیش . ئه‌من به‌ ساڵان له‌ سوێد بێروبه‌وێدا ده‌گه‌ڕام ، کۆبوونه‌وه‌ و پۆلی شه‌وانه‌م ڕێک ده‌خست بۆ دایکووباوکانی فه‌نلاندی و زۆر دایکووباوکی دیکه‌ی سه‌ر به‌ گرووپی دیکه‌ش – دایکووباوکانی موهاجیرانی که‌مایه‌تی – و پێم ده‌گوتن ده‌بێ داوابکه‌ن منداڵه‌کانیان ده‌رفه‌تی خوێندنیان به‌ ڕێگه‌ی زمانی خۆیانه‌وه‌ بۆ بڕه‌خسێندرێ. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ بکرێ ئه‌وان سوێدی که‌ زمانی زاڵه‌ زۆر باشتر فێر ده‌بن ، هه‌ر وه‌ها ده‌ستم کرد به‌ ڕاوێژ و قسه‌ کردن له‌ گه‌ڵ خه‌ڵکی خۆجێیی ؛ گه‌لی سام له‌ نۆروێژ، سوێد ، فه‌نلاند
قازی: له‌ ڕووسیاش ؟
سکووتناب- کانگاس : نا ، له‌ رووسیا نا ، چونکوو له‌ گه‌ڵ سامه‌کانی ئه‌وێ زمانی هاوبه‌شم نه‌بوو. به‌ڵام له‌ فه‌نلاند ده‌متوانی به‌ فه‌نلاندی له‌ گه‌ڵ ئه‌وان بدوێم و له‌ به‌ری سوێد ده‌متوانی به‌ سوێدی و له‌ نۆروێژیش به‌ نۆروێژی بیاندوێنم، و چاوم به‌ ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ وان که‌وت . ئه‌من هێشتاش تووشی دایکووباوکی سامی جه‌وان دێم که‌ دێنه‌ لام و منداڵێکی 3، 4 ، یان 5 ساڵانه‌یان به‌ باوه‌شه‌وه‌یه‌ و پێم ده‌ڵێن ، ئه‌و منداڵه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌تۆ نه‌بووبای نه‌ده‌بوو به‌ دوو زمانه‌ له‌ سامی و نۆڕوێژی دا. چونکوو ئێمه‌ بۆخۆشمان ئه‌گه‌ر ئه‌تۆ نه‌بووبای نه‌ده‌بووینه‌ دوو زمانه‌، چونکوو به‌ر له‌وه‌ی چاومان به‌ دنیا بپشکوێ دایکووباوکمان بڕیاریان دابوو به‌ زمانی زاڵی نۆروێژی قسه‌مان له‌ گه‌ڵ بکه‌ن . به‌ڵام کاتێک قسه‌کانی تۆیان بیست ، بڕیاریان دا به‌ زمانی که‌مایه‌تی، به‌ زمانی سامی ، زمانی خۆجێیی قسه‌مان له‌ گه‌ڵ بکه‌ن. هه‌ر ئه‌و جۆره‌ دایکووباوکانه‌ ده‌ڵێن : هه‌ر له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ئێمه‌ خۆمان دوو زمانه‌ین ئه‌وه‌ ده‌گوێزینه‌وه‌ بۆ منداڵه‌کانیشمان . ئه‌وه‌ کاریگه‌ری له‌ سه‌ر وه‌جی سێیه‌میش هه‌بووه‌
قازی: ده‌کرێ به‌ ڕیز باسی ئه‌و کارانه‌ی بکه‌ی وا له‌ سه‌ر بابه‌تی زمان بڵاوت کردوونه‌ته‌وه‌ ؟سکووتناب – کانگاس : ئه‌گه‌ر بیر له‌ هێندێک له‌و کتێبانه‌ بکه‌ینه‌وه‌ که‌ دوای ئه‌وشتانه‌ی باسم کرد بڵاوم کردوونه‌ته‌وه‌ ئه‌وانیش هه‌ر له‌ سه‌ر بابه‌تی دووزمانه‌ بوونن وئه‌وه‌ی به‌ چ شێوه‌یه‌ک ده‌کرێ منداڵان ببنه‌ دووزمانه‌ی هه‌ری باش ؟ و له‌ خوێندنگه‌ دا شانس و ده‌رفه‌تی باشیان بۆ بڕه‌خسێ . له‌ سوێد پرسێکی‌ چاوڕاکێش بۆ کاربه‌ده‌ستانی سوێدی ئه‌وه‌ بوو گه‌لۆ منداڵانی فه‌نلاندی ، زمانی سوێدی باش فێر ده‌بن یان نا ؟ بۆ ئه‌وان گرینگ نه‌بوو ئه‌وان فه‌نلاندی فێر ده‌بن یان نا ؟! له‌ ڕاستی دا بیریان له‌ تواندنه‌وه‌ی زمانی فه‌نلاندییه‌کان ده‌کرده‌وه‌. وه‌کوو ده‌وڵه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا. ئه‌گه‌ر چاو له‌ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌ بکه‌ین که‌ سه‌باره‌ت به‌ منداڵانی دووزمانه‌ی سپانیایی – ئینگلیسی کراوه‌ ، زۆر جاران لێکۆله‌ره‌وه‌کان باسی ئه‌وه‌ ناکه‌ن گه‌لۆ ئه‌و منداڵانه‌ چۆن ده‌کرێ باش فێری سپانییایی بن ؟ ، ئه‌وان ته‌نێ پێیان خۆشه‌ بزانن ئه‌و منداڵانه‌ ئینگلیسی فێربوونه‌که‌یان چۆن بووه‌ ؟ جا بۆیه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌ کتێبه‌کانم دا قسه‌کانم به‌رگریکارانه‌ بوو، وه‌ک ئه‌وه‌ی مرۆ ده‌توانێ له‌ کوردستان بیکا. مرۆ ده‌توانێ بڵێ: منداڵانی کورد ده‌بێ په‌روه‌رده‌یان به‌ شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی به‌ ڕێگه‌ی زمانی کوردی دابێ چونکوو پاشان ترکی باشتر فێر ده‌بن، به‌ڵام ئه‌من پێم وانییه‌ ئه‌وه‌ مه‌سه‌له‌ی هه‌ره‌ گرینگ بێ. ئه‌من هێندێک جار ده‌ڵێم ئه‌و قسه‌ قۆڕه‌ چییه‌ ، منداڵان نابێ به‌ ڕێگه‌ی زمانی زگماکی خۆیان په‌روه‌رده‌ بکرێن ، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی زمانی زاڵ باش فێر نابن. به‌ڵام ئه‌وه‌ لایه‌نی گرینگ نییه‌. ئه‌وه‌ی گرینگ بێ خوێندن به‌ زمانی خۆیی مافی مرۆی منداڵانه‌ وه‌کوو مافێکی مرۆیی زمانی. به‌ تێگه‌یشتن له‌و ڕاستییه‌ له‌ گه‌ڵ هاوسه‌رم رۆبێرت فیلیپسۆن ده‌ستمان کرد به‌ نووسینی وتاران ، ده‌ستمان کرد به‌ نووسین له‌ سه‌ر مافی مرۆیی زمان .دیاره‌ به‌ر له‌وه‌ له‌ مێژ بوو خه‌ڵکی دی باسی مافی مرۆیان کردبوو، باسی مافی زمانییان کردبوو، به‌ڵام یه‌که‌م کتێبی که‌ من و فیلیپسۆن له‌و بواره‌ دا ئێدیتمان کرد ، ده‌ ساڵ له‌وه‌ پێش، ناوی : مافی مرۆیی زمان، بوو. وێده‌چی ئه‌وه‌ یه‌که‌م کتێبی هه‌موو لایه‌نه‌ بێ سه‌باره‌ت به‌ مافی مرۆ له‌ بواری زمان دا.مرۆ دووشتان به‌یه‌که‌وه‌ کۆ ده‌کاته‌وه‌ و ده‌ڵێ هێندیک مافی زمانی ئه‌وه‌نده‌ گرینگ و ئه‌وه‌نده‌ بنه‌ڕه‌تین که‌ هیچ ده‌وڵه‌تێک بۆی نییه‌ پێشێلیان بکا و له‌ ناو ئه‌و مافانه‌ دا ، مافی که‌ ئه‌توو ده‌بێ بۆت هه‌‌بێ زمانی زگماکی خۆت به‌ ته‌واوی به‌ کاربهێنی جێ ده‌گرێ. ئه‌وه‌ واتای ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی به‌ ڕێگه‌ی زمانی زگماکی خۆته‌وه‌ په‌روه‌رده‌ بکرێی . من له‌و باره‌یه‌وه‌ زۆرم نووسیوه‌ئه‌وه‌یان [ لێره‌ دا کتێبێک نیشان ده‌دا] که‌ ناوی (جێنۆسایدی زمانی له‌ په‌روه‌رده‌ یان چه‌شناوچه‌شنی جیهانی و مافی مرۆ) یه‌. ئه‌من نزیکه‌ی 50 کتێبم نووسیوه‌ یان ئێدیت کردووه‌ و لیستی ئه‌وانم وه‌بیر نایه‌.زیاتر له‌ 400 وتاری زانستیم نووسیوه‌، به‌ ڕیز وه‌بیرم نایه‌. به‌ گشتی له‌ کتێبی سه‌باره‌ت به‌ دوو زمانه‌بوونه‌وه‌ ده‌ستم پێکردووه‌ تا ده‌گاته‌ کتێبی له‌ مه‌ڕ مافی مرۆیی زمان و هه‌نووکه‌ وتار و کتێب سه‌باره‌ت به‌ پێوه‌ندی نێوان زمان له‌ لایه‌ک و چه‌شناوچه‌شنی بیۆلۆژیک له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌، واته‌ چه‌شناوچه‌شنی زمانی و چه‌شناوچه‌شنی بیۆلۆژیک قازی: ده‌کرێ هێندێک ئه‌و بابه‌ته‌ زیاتر شی بکه‌نه‌وه‌ ، واته‌ چه‌شناوچه‌شنی زمانی و چه‌شناوچه‌شنی بیۆلۆژیک، و پێوه‌ندی ئه‌و دوانه‌ به‌ یه‌که‌وه‌ ؟ سکووتناب – کانگاس :به‌ر له‌ هه‌موو شت ده‌بێ هێندێک سه‌باره‌ت به‌ زمانه‌کان له‌ دنیای ئه‌مڕۆ دا بدوێم. ڕه‌نگه‌ ئێستا 7000 زمانی قسه‌ پێکردن (یان هێندێک که‌متر) له‌ دنیا دا هه‌بێ. 6800 زمانی قسه‌ پێکردن. ڕه‌نگه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش زمانی هێمایی هه‌بێ که‌ خه‌ڵکی که‌ڕ به‌ کاریان ده‌هێنن. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بیر له‌ دابێی ئه‌و زمانانه‌ بکه‌ینه‌وه‌ ، دۆخێکی زۆر ناخۆش دێته‌ به‌ر چاوان. زۆر له‌و زمانانه‌ و له‌ ڕاستی دا زۆربه‌یان زۆر چکۆڵه‌نه‌.نیوه‌ی زیاتری زمانانی قسه‌ پێکردنی جیهان ئه‌و جۆره‌ زمانانه‌ن که‌ که‌متر له‌ 100000 که‌س قسه‌یان پێده‌که‌ن. زۆربه‌ی زمانه‌کان زۆر چکۆڵه‌نه‌ . به‌ڵام بۆ وێنه‌ کوردی ، له‌ بواری هه‌ژماری یه‌وه‌ له‌ قه‌ده‌ر ئه‌و 7000 زمانانه‌ی که‌ هه‌ن زمانێکی زۆر زۆر گه‌وره‌یه‌، له‌ ڕێزه‌ی دوو سه‌د زمانی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی دنیا دایه‌ . ئێستا با ته‌ماشای ئه‌و پێشبینییانه‌ی بکه‌ین وا له‌ مه‌ڕ ئه‌و زمانانه‌ ده‌کرێ:ئه‌و زمانناسانه‌ی له‌و بواره‌یان کۆڵیوه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێن: له‌ ماوه‌ی 95 ساڵی دابێ دا ( له‌ سه‌د ساڵی دابێ دا ) ، تا ساڵی 2100 ، ئێمه‌ زۆربه‌ی ئه‌و زمانانه‌مان کوشتووه‌. ئه‌و زمانانه‌ به‌ ئاسایی و له‌ خۆ وه‌ ، و له‌ به‌ر به‌ساڵداچوون نامرن ، به‌ڵام ده‌کووژرێن و ده‌کووژێندرێنه‌وه‌.ته‌خمینێکی زۆر گه‌شبینانه‌ ده‌ڵێ: له‌ وانه‌یه‌ له‌ سالێ 2100 دا ته‌نێ نیوه‌ی ئه‌و زمانانه‌مان بۆ بمێنێ که‌ هه‌نووکه‌ قسه‌یان پێده‌کرێ. گشت ئه‌وانی دی تا ئه‌و ده‌می یان به‌ ته‌واوی ده‌مرن یان ته‌نێ له‌ لایه‌ن چه‌ند که‌سی به‌ ساڵداچوو دا قسه‌یان پێده‌کرێ، به‌ڵام ئیدی فێری خه‌ڵکی نیوه‌ ساڵ یان منداڵان ناکرێن ئه‌وانه‌ی که‌ هێندێک زیاتر ڕه‌شبینن به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتدا زۆر ریالیستن وه‌کوو مایکڵ کراوس لێکۆله‌ره‌وه‌یه‌ک له‌ ئاڵاسکا که‌ له‌ زمانه‌ پچکۆڵه‌کانی کانادای کۆڵیوه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێ له‌ ماوه‌ی سه‌د ساڵی دابێ دا له‌ وانه‌یه‌ 90 یان 95 له‌ سه‌دی زمانانی ئێستا کوێر ببنه‌وه‌ و نه‌مێنن . یونێسکۆش ئه‌و هه‌ژمارانه‌ به‌ کار ده‌هێنێ، و له‌ سه‌دا په‌نجاش و له‌ دوایین ڕاپۆرتی دا سه‌باره‌ت به‌ زمانانی ژێر مه‌ترسی هه‌ژماری 90 تا 95 له‌ سه‌د به‌ کار ده‌هێنێ. له‌ سه‌د ساڵی دابێ دا له‌ وانه‌یه‌ ته‌نێ 300 زمانمان بۆ بمێنێته‌وه‌. سه‌د ساڵ ماوه‌یه‌کی زۆر درێژ نییه‌. که‌ وابوو زمانان ده‌کووژرێن ، چه‌شناوچه‌شنی زمانی له‌ ناو ده‌بردرێ. له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌ چه‌شناوچه‌شنی بیۆلۆژیک بڕوانین ئێمه‌ گشتمان ده‌زانین که‌ زۆر ڕه‌گه‌زی گییاندار و باڵندان له‌ ناو ده‌بردرێن و ناهێڵدرێن. ‌هه‌موو ڕۆژێ ده‌بیستین که‌ ڕه‌گه‌زی فڵان باڵنده‌ چی دی ناژی و نه‌ماوه‌ ، یان فیساره‌ گه‌زه‌نده‌ ئیدی نه‌ماوه‌. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ به‌ خێرایی کوشتنی زمان و کوشتنی چه‌شناوچه‌شنی بیۆلۆژیکی به‌ یه‌که‌وه‌ به‌راور‌د بکه‌ین ، ته‌نانه‌ت زینده‌وه‌رناسی هه‌ره‌ ڕه‌شبینیش ده‌ڵێن که‌ له‌ ماوه‌ی سه‌د ساڵی دابێ دا به‌و په‌ڕییه‌وه‌ 20% ڕه‌گه‌زی زینده‌وه‌ران نامێنن، گه‌شبینان ده‌ڵێن ئه‌و ڕێژه‌یه‌ ڕه‌نگه‌ 2 تا 5 له‌ سه‌د دا بێ. که‌ وابوو 2 تا 5 له‌ سه‌د له‌ زینده‌وه‌ران و ڕووه‌کی بیۆلۆژیک واته‌ ئاژه‌ڵ ، گوڵ و گه‌زه‌ندان له‌ ماوه‌ی سه‌د ساڵی دابێ دا نامێنن ، به‌ڵام له‌ هه‌مبه‌ر ئه‌وه‌ ، 50 له‌ سه‌دی زمانان ده‌مرن، ئه‌گه‌ر مرۆ گه‌شبین بێ ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مرۆ ڕه‌شبین بێ ده‌ڵێ 20 له‌ سه‌دی بوونه‌وه‌ری بیولۆژیک و 90 تا 95 له‌ سه‌دی زمانان ده‌مرنباشه‌ ئێستا با بێینه‌ سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بزانین پێوه‌ندی ئه‌و دوو شته‌ به‌یه‌که‌وه‌ چییه‌ ؟به‌ پێی لێکۆڵینه‌وه‌ی زۆر تازه‌ که‌ که‌متر له‌ ده‌ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر کراوه‌ ده‌رده‌که‌وێ پێوه‌ندییه‌کی دوو لایه‌نه‌ی زۆر نزیک له‌ نێوان چه‌شناوچه‌شنی بیۆلۆژیک و چه‌شناوچه‌شنی زمانی دا هه‌یه‌. به‌ ته‌واوی بێ سرنج دانه‌ ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌توو چ نموونه‌یه‌ک له‌ به‌رچاو ده‌گری ، واته‌ چ بوونه‌وه‌رێک بۆ به‌راورد کردن له‌ گه‌ڵ زمان له‌ به‌ر چاو ده‌گری ، ئه‌و پێوه‌ندییه‌ دوولایه‌نه‌یه‌ت بۆ ده‌رده‌که‌وێ. بۆ وێنه‌ ئه‌گه‌ر مرۆ ته‌ماشای ئه‌و ڕووه‌کانه‌ی بکا وا گوڵ ده‌که‌ن و له‌ گه‌ڵ زمانان به‌راوردیان بکا ، بۆی ده‌رده‌که‌وێ ، له‌ شوێنێک دا ئه‌و ڕووه‌کانه‌ی گوڵ ده‌رکه‌ن زۆرن ، زۆر زمان هه‌ن یان ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕووه‌کانه‌ی لێبێ وا که‌م گو‌ڵ ده‌رده‌که‌ن ،که‌م زمان هه‌ن. ئه‌گه‌ر ته‌ماشای مه‌ل و په‌له‌وه‌رانیش بکه‌ی هه‌ر وایه‌ . ئه‌توو زۆر په‌له‌وه‌ر و زۆر زمانت هه‌یه‌ یان که‌م په‌له‌وه‌ر و که‌م زمانت هه‌ن . هه‌ر هه‌مان شت له‌ سه‌ر شیرده‌رانیش وایه‌ ، یان زۆر له‌و ڕه‌گه‌زانه‌ و زۆر زمانت هه یه‌ له‌ وڵاتێک دا یان له‌ هه‌ر کامیان که‌م. بۆیه‌ پێوه‌ندییه‌کی دوولایه‌نه‌ی زۆر نزیک له‌ ئارا دایه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ ئێستا هه‌تا دێ ئێمه‌ زیاتر بیری لێ ده‌که‌ینه‌وه‌ و به‌ڵگه‌ی زۆرترمان به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ و له‌ زۆرێک له‌ لێکۆڵینه‌وان دا ده‌ست به‌ پاساو دانی کراوه‌ ئه‌وه‌یه‌: قسه‌ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ ئه‌توو زۆرت هه‌بێ یان که‌م ، به‌ڵکوو پێوه‌ندی بنه‌مایی له‌و باره‌یه‌وه‌ گرینگه‌. چه‌شناوچه‌شنی بیۆلۆژیک و چه‌شناوچه‌شنی زمانی هه‌ر دووکیان به‌ درێژایی مێژووی مرۆڤایه‌تی به‌ شێوه‌یه‌کی هاوبه‌ش په‌ره‌یان سه‌ندووه‌. ئه‌وه‌ به‌و واتایه‌یه‌ ئه‌گه‌ر مرۆ بیر له‌ که‌سانی ئه‌وتۆ بکاته‌وه‌ که‌ بۆ ماوه‌ی درێژ له‌و شوێنه‌ی لێی هه‌ن ژیابن ، ئه‌وان به‌ ئاسایی زانیاریان هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ گیا، ڕووه‌ک و ئاژه‌ڵ ی ئه‌وێ، هه‌ر وه‌ها فێربوونه‌ ئه‌وان چۆن به‌ کار بهێنن. فێربوون چه‌نده‌ له‌ ڕووه‌کێک بکه‌نه‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی بیمرێنن . ئه‌گه‌ر بێتوو ئه‌و ڕووه‌که‌ بۆ خواردن یان بۆ ده‌رمان به‌ ته‌واوی له‌ ڕیشه‌ ده‌ربهاوێژرێ ئیدی ئه‌و جۆره‌ په‌له‌وه‌ره‌ی که‌ ده‌توانن هه‌ر ئه‌و جۆره‌ ڕووه‌که‌ بخۆن و پێی بژین ، ئیدی ئه‌وانیش نامێنن. بۆیه‌ خه‌ڵک فێربوون و ده‌زانن که‌ سیستمی ئێکۆ یان ( ده‌ورانپشتیان) چۆن کار ده‌کا !مرۆ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ هه‌موو فێر بێ و زانیاری له‌ سه‌ریان هه‌بێ و بیانگوێزێته‌وه‌ بۆ منداڵه‌کانی ، ده‌بێ ناوی هه‌بێ بۆ گشت ئه‌و شتانه‌. ده‌بێ نێو له‌ په‌له‌وه‌ر بنێ ، نێو له‌ ڕووه‌ک بنێ و نێو له‌ ئاژه‌ڵان بنێ. ئه‌وه‌ به‌واتای هه‌بوونی زانیاری زۆره‌ سه‌باره‌ت به‌ چلۆنایه‌تی پاراستنی چه‌شناوچه‌شنی بیۆلۆژیک و پاراستنی سیستمی ئێکۆ ( ژینگه‌) بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵک بتوانن به‌کارهێنانیان به‌رده‌وام بکه‌ن. زۆربه‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ له‌ کری زمانه‌ خۆجێییه‌کان دا هه‌ن، چونکوو خه‌ڵکی خۆجێیی غاڵبه‌ له‌و جۆره‌ ناوچانه‌ی جیهان ده‌ژین که‌ چه‌شناوچه‌شنی هه‌ره‌ زۆری بیۆلۆژیکییان هه‌یه‌. ئه‌وه‌ به‌و واتایه‌یه‌ ، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ئه‌و زمانه‌ چکۆڵانه‌ بکووژین ، کارێکی که‌ به‌ په‌له‌یه‌کی خه‌فه‌تاوییه‌وه‌ ده‌یکه‌ین – خێراتر له‌ هه‌موو سه‌رده‌مێکی مێژووی مرۆ – له‌ هه‌مان کاتدا زانیاری و زانستی چلۆنایه‌تی پاراستنی سیستمی ژینگه‌ش ده‌کووژین واته‌ : ئێمه‌ پێشمه‌رجه‌کانی ژیانی مرۆیی له‌م کوره‌یه‌ دا له‌ناو ده‌به‌ین و ئه‌وه‌ شتێکه‌ من جگه‌ له‌ مافی مرۆیی زمان ، کارم له‌ سه‌ر کردووه‌ . قازی : گه‌لۆ ده‌کرێ له‌ قسه‌کانی ئێوه‌ ئه‌و ئاکامه‌ مه‌نتیقییه‌ ده‌رخه‌ین که‌ ئێکۆلۆژیستان واته‌ لایه‌نگرانی پاراستنی ژینگه‌ ده‌بێ لایه‌نگرانی شێلگیری پاراستنی زمانانیش بن ؟ و ئه‌وه‌ چۆن ده‌رده‌که‌وێ ؟ سکووتناب – کانگاس : به‌ڵێ ، له‌ راستیدا ئه‌وه‌ ئێستا ده‌کرێ. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ کۆڕی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و ڕێکخراوی تایبه‌تییه‌ که‌ی بۆ پاراستنی ژینگه‌ له‌ به‌ر چاو بگرین واته‌ به‌رنامه‌ی ژینگه‌یی کۆڕی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان ؛ ئه‌وان له‌ ماوه‌ی ئه‌و سێ چوار ساڵه‌ی ڕابردوو دا سه‌باره‌ت به‌و جۆره‌ بابه‌تانه‌ کاری زۆر چاوڕاکێشیان کردووه‌. ئه‌وان ئێستا پشتیوانی له‌ زمانان ده‌که‌ن و هه‌میشه‌ باسی زمانان ده‌که‌ن. ئه‌وان پاراستنی چه‌شناوچه‌شنی زمانی وه‌کوو پاراستنی چه‌شناو چه‌شنی بیۆلۆژیک به‌ گرینگ داده‌نێن. و ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بیر له‌وه‌ بکه‌ینه‌وه‌ که‌ چۆن ده‌کرێ چه‌شناوچه‌شنی زمانی واته‌ ژماره‌ی هه‌ره‌ زۆری زمانان بپارێزدرێن ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر مافی مرۆیی زمان . چونکوو مافی مرۆیی زمان ، ڕێگه‌یه‌کی پته‌وه‌ بۆ پشتیوانی کردن له‌ زمانان و پاراستنیان. بۆیه‌ ئه‌من پێم وایه‌ زۆرێک له‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ی که‌ من کارم بۆ کردووه‌ له‌ دوایین گه‌ڕی خۆی دا ده‌گاته‌ جێیه‌ک که‌ خۆڕست و کولتوور به‌یه‌که‌و لکاون ، که‌ پێشتر زۆرمان له‌ سه‌ر نه‌ده‌زانی. هه‌ڵبه‌ت خه‌ڵکی خۆجێیی هه‌میشه‌ زۆر شتیان له‌وباره‌یه‌وه‌ زانیوه‌. با نموونه‌یه‌کت بۆ باس بکه‌م: یه‌کێک له‌ دۆسته‌ سامه‌ کانی من که‌ ناوی بێکا ئای کیۆ یه‌ سه‌رۆکی پارلمانی سامی یه‌ له‌ به‌ری فه‌نلاندی وڵاتی سامان. ئه‌و چه‌ند ساڵ له‌ مه‌وبه‌ر باسێکی بۆ گێڕامه‌وه‌ : بیۆلۆژیستانی فه‌نلاندی ماسی دۆزینه‌وه‌یه‌کی زۆر گه‌وره‌یان کردبوو که‌ ئه‌و دۆزینه‌وه‌یان له‌ ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی دا بڵاو کردبووه‌وه‌ - ئێستا وه‌بیرم نایه‌ له‌ کام گۆڤار دا ،گۆڤاری ساینس ، یان گۆڤاری نه‌یچر، ئه‌و دۆزینه‌وه‌ گه‌وره‌یه‌ بریتی بوو له‌وه‌ی که‌ ماسی ئازاد (سالمۆن) ده‌توانێ له‌ زۆر چۆمی باریک و پچووکیش دا زه‌و و زوو بکا، پێشتر بیۆلۆژیستانی ماسی پێیان وابوو که‌ ماسی ڕه‌گه‌زی سالمۆن ته‌نێ ده‌کرێ له‌ چۆم و ڕووباری زۆر زۆر گه‌وره‌ دا زه‌و و زوو بکه‌ن . وه‌ک له‌ چۆمی تانا له‌ سه‌رووی وڵاتی سامی یان چۆمی تانا که‌ چۆمی هه‌ره‌ گه‌وره‌یه‌ له‌ کێنیا – ناوێکی وه‌کوو یه‌ک – ،بێکا گوتی زۆرێک له‌و چۆمه‌ پچووکه‌ باریکانه‌ که‌ بیۆلۆژیستانی فه‌نلاندیی ماسی لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌ سه‌ر کردبوون ناوی سامی یان هه‌بوو، چونکوو ئه‌وان به‌ مه‌ڵبه‌ندی سامی یان دا تێده‌په‌ڕنجا ناوی زۆرێک له‌وانه‌ به‌ زمانی سامی زاراوه‌ی جێگه‌ی زه‌و وزووی سالمۆن ی تێدایه‌واته‌ سامه‌کان ناوی ئه‌و دۆزینه‌وه‌ گه‌وره‌یه‌ی زانستی ڕۆژئاواییان به‌ سه‌دان ساڵ له‌وه‌ پێش زانیوه‌ چونکوو ئه‌گه‌ر ئه‌توو ناو له‌ جێیه‌ک بنێی – چۆمی جێگه‌ی زه‌و و زووی سالمۆن – ئاشکرایه‌ زۆرێک له‌ سامه‌کان ده‌زانن ئه‌وه‌ ئه‌و شوێنه‌یه‌ که‌ سالمۆن زه‌و و زووی تێدا ده‌کا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و ناوه‌یان لێناوه‌، دیاره‌ سامه‌کان له‌ مێژه‌ ئه‌و زانیارییه‌یان هه‌بووه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ زانیارییه‌کی تازه‌ بوو بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ی ڕۆژئاوایی. ئه‌گه‌ر مرۆ ته‌ماشای ڕاپۆرتێک بکا که‌ چه‌ند ساڵ له‌مه‌وپێش له‌ لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی زانستکارانه‌وه‌ بڵاو کراوه‌ته‌وه‌ ئه‌وان ده‌ڵێن خه‌ڵكی خۆ جێیی – ئه‌مه‌ کورده‌کانیش ده‌گرێته‌وه‌ که‌ بۆ ماوه‌ی هه‌ره‌ درێژ له‌ کوردستان دا ژیاون و ده‌کرێ له‌ گرووپی خه‌ڵکی خۆجێیی وه‌ حیساب بێن – و ئه‌و زانیارییه‌ی که‌ له‌ مه‌ڕ ناوچه‌ی خۆیان هه‌یانه‌ ، له‌ ڕوانگه‌ی زانستی یه‌وه‌ زۆر ڕاستتر و به‌ ورده‌ ڕێشاڵتره‌ له‌ هه‌ر شتێکی که‌ زانستی ڕۆژئاوایی ده‌یزانێ . له‌و ڕاپۆرته‌ دا کۆمه‌ڵه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی زانستکاران به‌ ڕاستی نیگه‌رانه‌ له‌وه‌ی که‌ چون زانیاری بزر ده‌بێ ، چونکوو منداڵانی خه‌ڵکی خۆجێیی که‌ ده‌چنه‌ خوێندنگه‌ فێر ده‌کرێن ئه‌وه‌ی باوکووباپیرانیان کردوویانه‌ به‌ربه‌ریانه‌ و دواکه‌وتووانه‌ بووه‌ و ژیانیان نه‌ریتی بووه‌ و چییان نه‌زانیوه‌. وه‌ک له‌و کتێبه‌ جوانه‌ی ئێلین کلاسۆن و مه‌حموود باکسی دا هاتووه‌ . ئه‌وان له‌ گه‌ڵ منداڵانی کورد وتووێژیان کردووه‌ و کاتێک منداڵێک له‌ خوێندنگه‌ی شه‌ووڕۆژی ڕا هاتووه‌ته‌وه‌ و گوتوویه‌ : " ئه‌من دایکووباوکی چڵکنی بێ ته‌مه‌دونی کوردم ناوێ. ئه‌من ده‌مه‌وێ ترکێک بم " ئه‌وه‌ به‌ ته‌واوی ئه‌و جۆره‌ شته‌یه‌ که‌ کۆمه‌ڵه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی زانستکاران لێی نیگه‌رانه‌. چونکوو ئه‌گه‌ر منداڵان گشت ئه‌و زانیارییانه‌ فێرنه‌بن ، واته‌ ئه‌و زانیارییانه‌ی که‌ دایکووباوکه‌کانیان سه‌باره‌ت به‌ خۆڕست هه‌یانه‌ و زۆر له‌ زانیاری زانستی ڕۆژئاوایی ڕاستتر و به‌ ورده‌ڕێشاڵتره‌ ، بزر ده‌بێ و نامێنێ. هه‌ڵبه‌ت ده‌کرێ زانستکاران دوای تێپه‌ڕینی چوارسه‌د ساڵ ئه‌و زانیارییانه‌ دیسان بدۆزنه‌وه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی بیولۆژیستانی فه‌نلاندیی ماسی کردیان قازی : باشه‌ مامۆستا سکووتناب – کانگاس ئێوه‌ ئێستا ، له‌ حاڵی حازر دا چ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کتان به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ ؟ سکووتناب – کانگاس : ئه‌من له‌ سه‌ر گشت ئه‌و شتانه‌ی باسم کرد کارم کردووه‌. مافی مرۆیی زمان : حه‌ول ده‌ده‌م بزانم ئێمه‌ چ جۆره‌ مافێکی مرۆیی زمانمان هه‌یه‌ له‌ په‌یماننامه‌ و ڕێککه‌وتنه‌کانی نێونه‌ته‌وه‌یی دا ؟ گه‌لۆ به‌یاننامه‌ی ئورووپایی له‌ مه‌ڕ زمانه‌کانی هه‌رێمی و که‌مایه‌تی ده‌ڵێ چی و چ جۆره‌ مافی مرۆیی زمانی تێدایه‌ ؟ به‌ تایبه‌تی سه‌باره‌ت به‌ په‌روه‌رده‌ ، و گه‌لۆ په‌یماننامه‌ی ئورووپایی بۆ پاراستنی مافی که‌مایه‌تییه‌کان مافی مرۆیی زمانی تێدایه‌ ؟ و کۆڕی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان چ جۆره‌ مافی مرۆیی زمانی هه‌یه‌ ؟ و وه‌کی دی. ئه‌من هه‌ر وه‌ها له‌ گه‌ڵ بیۆلۆژیست و ئێتنۆبیۆلۆژیستان کار ده‌که‌م سه‌باره‌ت به‌ چه‌شناوچه‌شنی بیۆلۆژی و پێوه‌ندی نێوان چه‌شناوچه‌شنی بیۆلۆژیک و چه‌شناوچه‌شنی زمانی و کولتووری . له‌گه‌ڵ چه‌ندین کۆمه‌ڵگه‌یان کار ده‌که‌م – ئه‌گه‌ر قسه‌ی منی وا هه‌بێ که‌ هه‌ست بکه‌ن ده‌کرێ به‌ کاری بهێنن ، له‌ شوێنێک دا که‌ من بتوانم به‌ ئارگومێنت پشتیوانی له‌ داواکانیان بکه‌م ئه‌و کاره‌ ده‌که‌م- وه‌ک ئه‌تۆش ئاگاداری من له‌و ڕێبازه‌ دا له‌ گه‌ڵ گه‌لی کوردیش کارم کردووه‌ ئه‌وه‌ بۆ سی ساڵ ده‌چێ. له‌ گه‌ڵ خه‌ڵکی که‌ڕیش کارم کردووه‌ که‌ زۆر شتیان لێ فێر بووم سه‌باره‌ت به‌ ده‌ورێک که‌ زمان ده‌توانێ بیگێڕێقازی : پێت وایه‌ لێکۆڵینه‌وه‌کانت ، کتێبه‌کانت و ئه‌و هه‌موو کاته‌ی له‌ سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ به‌ختت کردووه‌ چ کاریگه‌رییه‌کی هه‌بووه‌ بۆ گۆڕانی بۆچوون و سیاسه‌تی زمانی ؟سکووتناب-کانگاس : یه‌کێک له‌ هاوکارانی پورتوگاڵی من له‌ ده‌وڵه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا له‌ ده‌وروبه‌ری ساڵی 1979 ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ وانه‌بێژانی سپانیایی زمانی کۆ کردبووه‌وه‌ ، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ یه‌که‌وه‌ ڕاوێژ بکه‌ن بزانن سه‌باره‌ت به‌ داڕشتنی سیاسه‌تی زمانی له‌ ده‌وڵه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا دا چییان پێ ده‌کرێ ؟ ئه‌و له‌ سه‌رتاسه‌ری وڵاته‌وه‌ ئه‌و وانه‌ بێژانه‌ی له‌ ده‌وری یه‌کدی کۆ کردبووه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانن به‌یه‌که‌وه‌ چ ده‌توانن بکه‌ن و داوای لێ کردبوون هه‌ر که‌س دوو کتێب له‌ گه‌ڵ خۆی بهێنێ که‌ پێیوایه‌ که‌لک و کاریگه‌ری هه‌ره‌ زۆری هه‌بووه‌ بۆ پێشکه‌وتن و بۆ ده‌ستپێکردن له‌ تێگه‌یشتنی گیر و گرفته‌کان.ئه‌و پێی گوتم زوربه‌ی وانه‌بێژه‌کان ڕاپۆرتێکی یونێسکۆیان له‌ گه‌ڵ خۆیان هێنابوو بۆ ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌من و پێرتی تۆکۆما ده‌قه‌که‌یمان به‌یه‌که‌وه‌ بۆ یونێسکۆ نووسیبووپێرتی تۆکۆما پرۆفسۆرێکه‌ له‌ فه‌نلاند که‌ له‌ سه‌ر بارودۆخی منداڵانی فه‌نلاندی موهاجیر له‌ سوێد کاری کردووه‌ . وا وێده‌چی ئه‌و ڕاپۆرته‌ی ئێمه‌ له‌ ده‌وڵه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا بۆ وانه‌بێژانی سپانیایی زمان زۆر گرینگ بووه‌. له‌ سه‌رتاسه‌ری دنیاوه‌ ، له‌ خه‌ڵکی ئاسایی یه‌وه‌ بگره‌ هه‌تا لێکۆڵه‌ره‌وان لێم ده‌پرسن ئه‌تۆ له‌و سه‌ری جیهانه‌وه‌ چون ده‌توانی بزانی ئێمه‌ چۆن بیر ده‌که‌ینه‌وه‌ وهه‌ستمان چییه‌ ؟ئه‌وه‌ به‌و واتایه‌یه‌ ئه‌وه‌ی من نووسیومه‌ و له‌ وتاردانه‌کانم له‌ گه‌شته‌کانم له‌ ئاستی جیهانی دا قسه‌م له‌ سه‌ر کردووه‌ کارتێکه‌رییه‌کی زۆری له‌ سه‌ر خه‌ڵکی ئاسایی هه‌بووه‌ئه‌من پێم وایه‌ ئه‌وان ئه‌و که‌سانه‌ن که‌ کارتێکه‌رییان له‌ سه‌ر سیاسه‌تمه‌داران ده‌بێسیاسه‌تمه‌داران هیچ گوێ ناده‌نه‌ لێکۆڵینه‌وه‌- زۆر له‌وان قه‌ت ڕاپۆرتی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک ناخوێننه‌وه‌، هه‌ر ڕه‌نگه‌ یه‌ک دوو لاپه‌ڕه‌ی شتێک بخوێننه‌وه‌ - ئه‌من پێم وا نییه‌ ئه‌وان ئه‌و که‌سانه‌ بن که‌ له‌ ڕاستیدا دنیا بگۆڕن.ئه‌وده‌می دنیا ده‌گۆڕدرێ که‌ مرۆی ئاسایی و نۆرماڵ ده‌ستپێبکه‌ن به‌ دیتن و زانینی ئه‌وه‌ی که‌ مافه‌کانیان چییه‌ و به‌ چ ڕێگه‌یه‌ک دا ده‌بێ ژیانێکی دیکه‌ی جوێ له‌وه‌ی هه‌یانه‌ به‌ڕیوه‌به‌رن. ئه‌وان به‌ چ ڕێگه‌یه‌ک دا سه‌رکوت کراون ؟له‌ لایه‌ن سیاسه‌تمه‌دارانه‌وه‌ چۆن چه‌واشه‌ کراون ؟ چۆن به‌ ده‌ستی ئێلیتی خۆیان خۆڵیان ده‌ چاوی کراوه‌ ؟ و وه‌کی دی . کاتێک ئه‌وان ده‌ست بکه‌ن به‌ وه‌گه‌ڕ که‌وتن ، هێندێک شت ڕووده‌دا و ئه‌من هه‌ست ده‌که‌م هه‌رچه‌نده‌ به‌رته‌سکیش بێ کارتێکه‌رییه‌کی قووڵم له‌ سه‌ر خه‌ڵکی ئاسایی هه‌بووه‌ ؟قازی : دوایین پرسیارم ئه‌وه‌یه‌ : ئه‌و لێکۆڵینه‌وانه‌ی له‌سه‌ر زمان کردووته‌ ، چ کارتێکه‌رییه‌کی له‌ سه‌ر که‌سایه‌تی تۆ وه‌ک تووڤێ سکووتناب – کانگاس و هه‌ستان و دانیشتنت له‌ گه‌ڵ ده‌وروبه‌رت کردووه‌ ؟سکووتناب – کانگاس : ئه‌من پێم وا نییه‌ لێکۆڵینه‌وه‌کانی من سه‌باره‌ت به‌ زمان کارتێکه‌رییه‌کی زۆری له‌ سه‌ر که‌سایه‌تی من کردبێ، به‌ڵام ئه‌زموونی تێکه‌ڵاوی له‌ گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه‌ جۆر به‌ جۆره‌ی که‌ له‌ سه‌ر ده‌وری زمان زانیارییان فێر کردووم و به‌ تایبه‌تی ئه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به‌ تێکۆشان و خه‌باتی خۆیان فێریان کردووم – ئه‌وه‌ گه‌لی کورد وه‌به‌ر ده‌گرێ ، خه‌ڵکی که‌ڕ وه‌به‌ر ده‌گرێ ، خه‌ڵکێکی زۆری خۆجێیی وه‌به‌ر ده‌گرێ –که‌م تا زۆر گشت ئه‌و شتانه‌ی ده‌یانزانم له‌وان فێر بووم . ئاشکرایه‌ ئه‌وه‌ مانای خه‌باته‌ ، مانای ده‌وری زمانه‌ . خه‌بات بۆ دنیایه‌کی باشتر و ئه‌م لایه‌نه‌ ڕاشکاوانه‌ به‌ قووڵی کارتێکه‌ری له‌ سه‌ر من کردووه‌هه‌ر وه‌ها ده‌وری زمان ، به‌و مانایه‌ی زمان شتێکه‌ که‌ ئێمه‌ حه‌ول ده‌ده‌ین بیری خۆمان و هه‌ستی خۆمانی تێدا کۆ بکه‌ینه‌وه‌. ئێمه‌ وه‌ک مرۆ کاتێک پێش ده‌که‌وین حه‌ول بده‌ین بێینه‌ دوو و هه‌ستی خۆمان ده‌رببڕین. ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێده‌که‌ین به‌ وشه‌ بیهۆنینه‌وه‌ و بیڵێین و ئه‌وه‌ی ده‌رببڕین که‌ بیری لێ ده‌که‌ینه‌وه‌ئێمه‌ زۆر ده‌زانین به‌ڵام هێندێک جار بۆ ئێمه‌ زۆر دژواره‌ ئه‌وه‌ی بزانین که‌ ده‌یزانین ، ئه‌وه‌ی که‌ چه‌نده‌ ده‌زانین ؟ مه‌گیم ئه‌وه‌ی که‌ به‌ وشه‌ وه‌دی بهێنین زۆر که‌س ده‌توانن ده‌توانن ئه‌وه‌ بکه‌ن ، کاتێک ئه‌وان شتێک ده‌ڵێن و بیرو هه‌ستیان به‌ وشه‌ ده‌رده‌بڕن ، له‌ پڕ جیهانیان له‌ به‌ر ده‌م ده‌کرێته‌وه‌ و ده‌زانن دنیا ئه‌وه‌یه‌ ، که‌ پێشتر نه‌یان دیوه‌ئه‌من پێم وایه‌ ئه‌وه‌ ئه‌زموونێکی دوولایه‌نه‌یه‌. ئه‌توو شتێکم پێ ده‌ڵێی ، شتێکم فێر ده‌که‌ی ، ئه‌من شتێک به‌ توو ده‌ڵێم شتێکت فێر ده‌که‌م . پێوه‌ندی و ده‌ربڕینی بیر و هه‌ستی خۆمان و کرده‌وه‌ی خۆمان به‌ وشه‌ ده‌رده‌بڕین و له‌ گشت ئه‌مانه‌ دا زمان ڕۆڵێکی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ و کارتێکه‌رییه‌که‌ی له‌ سه‌ر من زۆر بووه‌.ئه‌من ده‌مه‌وێ قسه‌کانم به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ سه‌ر چه‌شناوچه‌شنی بیۆلۆژیک و چه‌شناوچه‌شنی زمانی کۆتایی پێبهێنم. زۆر خه‌ڵک و زۆر کوردی که‌ ئه‌من چاوم پێیانکه‌وتووه‌ ده‌ڵێن : های ،ئێمه‌ زمانه‌که‌مان زۆر پته‌و و به‌ هێزه‌ ، قه‌ت نامرێ. به‌ڵام زۆر له‌وان به‌و زمانه‌ له‌ گه‌ڵ منداڵه‌کانیان نادوێن ، چونکوو ئه‌وان پێیان وایه‌ زمانه‌که‌ زۆر به‌ هێزه‌ ، هه‌میشه‌ هه‌بووه‌ و ده‌مێنێ. به‌ڵام زمانان زۆر له‌ شکانهاتوون ، چه‌شناوچه‌شنی بیۆلۆژیکیش زۆر له‌ شکانهاتوویه‌. یه‌ک له‌ پێوه‌ندییه‌ دوولایه‌نه‌کانی که‌ له‌و بواره‌ دا هه‌مانه‌ ئه‌وه‌یه‌: کاتێک په‌پووله‌یه‌کی زۆر هه‌ن واته‌ ڕه‌گه‌زی جۆر به‌ جۆری په‌پووله‌ ، هه‌ر وه‌ها زمانانیش زۆر هه‌نده‌زانی په‌پووله‌ چه‌نده‌ له‌ شکانهاتوو و ناسکن . ئه‌گه‌ر ئه‌توو په‌پووله‌یه‌ک ئاوا بگری [ به‌ ده‌ستی نیشان ده‌دا ] و دوایه‌ به‌ره‌ڵای که‌ی ده‌بینی ئیدی هه‌ڵنافڕێ ، ئه‌توو هه‌ر به‌ گرتنی نه‌ت هێشتووه‌په‌پووله‌ له‌ شکانهاتوون ، زمانیش هه‌ر ئاوا له‌ شکانهاتوون و ئه‌من ده‌ڵێم هه‌ر کاتێک خه‌ڵک په‌پووله‌ ده‌بینن ده‌بێ بیر له‌ زمانه‌که‌ی خۆیان و له‌ زمانی خه‌ڵکی بکه‌نه‌وه‌. زمانان به‌ جوانی و به‌ له‌ شکانهاتوویی په‌پوولانن. ئێمه‌ ده‌بێ حه‌ول بده‌ین پشتیوانییان لێ بکه‌ین ، بیانپارێزین ، گه‌شه‌ی زیاتریان پێ بده‌ین – پارچه‌ مووزیکێک هه‌یه‌ پێم خۆشه‌ کورده‌کان گوێیان لێ بێ – ئه‌وه‌ یۆك ێکی سامی یه‌ . ئه‌و گۆرانییه‌ له‌ لایه‌ن کچه‌ سامی پێترا مانگاوه‌ ئاماده‌ کراوه‌ و گوتراوه‌ و ناوی په‌پووله‌ یه‌ به‌ زمانی سامی . کاتێک گوێت لێ ده‌بێ ، ده‌بیستی که‌ په‌پووله‌ ئه‌وه‌ خه‌ریکه‌ ده‌فڕێ.کاتێک ئه‌و مووزیکه‌ ده‌بیستن بیر له‌ زمان و په‌پووله‌ بکه‌نه‌وه‌، هه‌ر دووکیان له‌ شکانهاتوون ، حه‌وجێیان به‌ به‌ده‌نگه‌وه‌هاتن و پارێزگاری ئێوه‌ هه‌یه‌ له‌ گه‌ڵ منداڵی خۆت به‌ زمانی خۆت قسه‌ بکه‌ !قازی: مامۆستا تووڤێ ، زۆر سپاس بۆ ئه‌و کاته‌ی به‌ ئێمه‌تان دا و به‌و هیوایه‌ی بۆچوونه‌کانتان بۆ به‌رده‌نگی کوردیش به‌که‌لک بێ ! و هیوا دارم ده‌رفه‌ت هه‌بێ هێندێک زیاتر سه‌باره‌ت به‌ دووزمانه‌کی بدوێین.

No comments: