Tuesday, May 1, 2007

کوردی زاراوه‌یه‌ یان زمان ؟


23.2.04
كوردی زاراوه‌یه یان زمان؟
وتووێژ ده‌گه‌ڵ جه‌عفه‌ری شێخولئیسلامی

هێدی: له وتووێژێكتدا ده‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رنامه‌ی "ڕاوێژ(1)"، گوتت "من زمانی كوردی نابینم، زمانه كوردییه‌كان، یان زاراوه كوردییه‌كان ده‌بینم". ده‌كرێ ئه‌و بۆچوونه‌ت وردتر شی بكه‌یه‌وه؟

جه‌عفه‌ری شێخولئیسلامی‌: له‌م پێكهاته ‌دا كه‌ هه‌ر ئێستا گوتت، واته‌ "زمانی كوردی"، وشه‌ی "زمان" تاكه‌. كه‌ وابوو، ده‌ربڕینه‌كه‌ی تۆ، یان هه‌ر كه‌سێكی دیکه‌ كه‌ وا بڵێ، وا ده‌گه‌یێنێ كه‌ یه‌ک زمان هه‌یه‌ به‌ ناوی "زمانی كوردی". باشه‌ ئێستا من، وه‌كوو كه‌سێک كه‌ ئه‌مه‌ ده‌بیسێ، بۆم هه‌یه‌ كه‌ بپرسم، ئایا ئه‌و زمانه‌ كوردییه‌ هه‌ر ئه‌و شێوه‌ ئاخاوتنه‌یه‌ كه‌ له‌ دیاربه‌كر، سلێمانی، هه‌ورامان، كرماشان، یان مه‌هاباد قسه‌ی پێده‌كرێ؟ ئایا ڕێزمان، ده‌نگه‌كان(فۆنه‌كان)، یان چۆنیه‌تی پێكهاته‌ی ده‌نگه‌كان(فۆنۆلۆژی)، یان چۆنیه‌تی لێكدانی وشه‌كان(مۆرفۆلۆژی) ئه‌و زمانه‌ی كه‌ له‌ سلێمانی قسه‌ی پێده‌كرێ هه‌ر وه‌كوو ئه‌و شێوه ‌ئاخاوتنه‌ی دهۆک یان هه‌ورامانه‌؟ ئه‌گه‌ر وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی دوایی "نا" بێ، كه‌ ده‌بێ هه‌ر ئه‌وه‌ش بێ، ئه‌گه‌ر به‌رچاوته‌نگی و ئیحساساتی ڕووت له‌ گۆڕێدا نه‌بێ، له‌م حاڵه ‌دا زۆر زه‌حمه‌ته‌ كه‌ بكرێ به‌و شێوه‌ئاخاوتنانه‌ بڵێین "یه‌ک زمان‌".
كه‌وابوو، ئێمه‌ زمانێكمان نییه‌ كه‌ هه‌موو كوردێک، یان زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ خۆیان ده‌ڵێن كورد، بتوانن پێی بدوێن یان تێی بگه‌ن. من پێم وایه‌ كه‌ ئێمه‌ چه‌ندین زمانمان هه‌ن پێیان ده‌گوترێ "كوردی". با نموونه‌ی زمانێكی دیکه‌ بێنینه‌وه‌، هه‌تا بابه‌ته‌كه‌ ڕوونتر بێته‌وه‌. ئێستا له‌ ئاڵمان شێوه‌ئاخاوتنی جیاواز هه‌ن. ئه‌وانه‌ی كه‌ زمانی ستانداردی ئاڵمانی فێر ده‌بن‌، كه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای شێوه‌ئاخاوتنی "ئاڵمانیی سه‌روو" دامه‌زراوه‌، ناتوانن‌ له‌ هێندێک شێوه- ‌قسه‌كردنی دیكه‌ی ئاڵمان تێبگه‌ن‌، وه‌كوو ئه‌و شێوانه‌ی كه‌ له‌ ناوچه‌كانی "زاكسێن" یان "بایه‌رن" قسه‌یان پێ ده‌كرێ. هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ش، قسه‌كه‌رانی چه‌ندین شێوه‌ئاخاوتن كه‌ هه‌موو پێیان ده‌گوترێ كوردی له‌ یه‌كتر تێناگه‌ن. به‌ڵام، لێره‌دا جیاوازییه‌ک هه‌یه‌: ئاڵمانییه‌كان زمانێكی یه‌كگرتوویان هه‌یه‌ كه‌ هه‌موویان، یان لانیكه‌م هه‌موو خوێنده‌واره‌كانیان، كه‌ ده‌كرێ ئه‌مڕۆ هه‌موو ئاڵمانییه‌ک بگرێته‌وه، ده‌توانن قسه‌ی پێ بكه‌ن و به‌ هۆیه‌وه‌ له‌ یه‌كتر بگه‌ن. له‌ به‌ر ئه‌مه‌یه‌ كه‌ ده‌كرێ بڵێی شێوه‌ئاخاوتنێک هه‌یه‌ به‌ ناوی "زمانی ئاڵمانی‌". به‌ڵام، ناكرێ عه‌ینی شت بۆ كوردی بڵێی، چونكه‌ شێوه‌ئاخاوتنێک نییه‌ كه‌ هه‌م "كورد"ێكی ماردین و هه‌م "كورد"ێكی بۆكان بیزانن و به‌ یه‌كه‌وه قسه‌ی پێ بكه‌ن. به‌ داخه‌وه‌ زۆر جاران كوردی ئه‌و دوو شاره‌، یان شاره‌كانی له‌و چه‌شنه، بۆیان ئاسانتره كه به‌ زمانێكی سێهه‌م، وه‌كوو توركی، ئاڵمانی، یان ئینگلیسی قسه‌ بكه‌ن. كه‌وابوو، ئێمه‌ "زمانی كوردی"مان نییه‌، به‌ڵكوو "زمانه‌ كوردییه‌كان"مان هه‌ن.
جیا له‌ ئه‌مه‌ش، هه‌ر هێنانه‌ سه‌ر زاری ئه‌و وشه‌یه‌، له‌ مه‌یدانی كرده‌وه‌ و ژیانی ڕۆژانه ‌دا گیر و گرفت دروست ده‌كا. له‌ ڕاستیدا، "زمانی كوردی" هه‌ر له‌ قسه‌ دا هه‌یه‌ و به‌س. له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات كه‌ كورده‌كان به‌ هه‌موو شێوه‌- قسه‌كردنه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتر ده‌ژین، زیاتر له‌ هه‌موو شوێنێک ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ هه‌ر ناكرێ بڵێی زمانی كوردی، ئه‌گه‌ریش بڵێی ئه‌وه‌ ده‌بێ پاشگرێكی بۆ پێوه ‌بلكێنی، وه‌كوو "سۆرانی"، "كرمانجی" یان "زازایی". بۆ نموونه‌ له‌ كاتی پێویست دا، مه‌حكه‌مه‌ یان ئیداره‌ی یارمه‌تیی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ كانادا یان له‌ سوئێد، داوای وه‌رگێڕی "كوردی" ناكه‌ن، به‌ڵكوو ده‌زانن كه ده‌بێ داوای و‌ه‌رگێڕی "سۆرانی"، "كرمانجی" یان "كوردیی- سۆرانی" یان "كوردیی- كرمانجی" بكه‌ن. با نموونه‌یه‌كی دیكه‌ش باس بكه‌ین. تا ئێستا به‌ سه‌تان جار ڕووی داوه، له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، قسه‌كه‌رانی شێوه‌ئاخاوتنه‌ جیاوازه‌كانی "كوردی" كۆبوونه‌وه‌ی جیاوازی هونه‌ری و ئه‌ده‌بیان هه‌بووه. ئه‌مه‌ش شتێكی سه‌یر نییه‌، به‌ڵكوو ڕاستییه‌كه‌. ڕاستییه‌كه‌ش ئه‌مه‌یه‌ كه‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری شێوه‌- قسه‌كردنه‌كانی سه‌ره‌كیی كوردستان، وه‌كوو سۆرانی یان كرمانجی [هه‌رچه‌ند هێندێک له دۆستان زۆر به‌م ناوانه‌ تووڕه‌ ده‌بن‌] له‌ یه‌كتر تێناگه‌ن. به‌ڵام، به‌داخه‌وه‌ زۆرمان چاو له‌ حاند ئه‌م ڕاستییه ‌دا ده‌چووقێنین. هه‌ر به‌ قسه‌ ده‌ڵێین "زمانی كوردی"، به‌ڵام له كرده‌وه‌ دا وه‌ها زمانێک له‌ ئارا دا نییه‌.

هێدی: ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌یه‌ كه‌ زمانێكی كوردی قه‌ت نه‌بووه‌، یان یه‌ک زمانی كوردی له‌ داهاتوو دا نابێ؟

جه‌عفه‌ری شێخولئیسلامی: نا، ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌ نییه. من ته‌نیا مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێستا شێوه‌ قسه‌كردنێكی یه‌كگرتوو له‌ دنیا دا نییه كه‌ پێی بگوترێ "زمانی كوردی"، وه‌كوو "یه‌ک زمان"، یان "یه‌ک شێوه‌ئاخاوتن". زمانناسیی مێژوویییانه‌ پێمان ده‌ڵێ كه‌ بۆ نموونه‌ سه‌رده‌مێكی زوو هه‌ر یه‌ک زمان هه‌بوو‌ه‌(پڕۆتۆزمان)، به‌ڵام به‌ هۆی دووربوونه‌وه‌ی ئینسانه‌كان له‌ یه‌كتر، هۆگه‌لی كۆمه‌ڵایه‌تی، كولتووری و ته‌نانه‌ت رامیاری و، به‌ درێژایی هه‌زاران ساڵ، شێو‌ه‌ قسه‌كردن و زمانی جیاواز هاتوونه‌ته‌ دی. له‌وانه‌یه‌ ڕۆژێک له‌ ڕۆژانیش ده‌سته‌یه‌ک له‌ خه‌ڵک به‌ یه‌كه‌وه‌ و له‌ نزیک یه‌كتر ژیابن، یان ئه‌گه‌ر دووریش ژیابن، پێوه‌ندیی به‌رده‌وامیان به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌بووبێ، وه‌ ئه‌وانه‌ هه‌ر بنه‌چه‌كه‌ی كورده‌كانی ئه‌مڕۆ بن (كورد به‌ مانا به‌رفراوانه‌كه‌ی). له‌وانه‌یه‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ یه‌ک زمانیان هه‌بووبێ كه‌ پێیان گوتبێ كوردی، یان "كرمانج" (ئه‌حمه‌دی خانی هه‌ردووک وشه‌ به‌كار دێنێ)، یان له‌وانه‌شه‌ زۆر به‌ر له‌ خانی، ناوێكی تری هه‌بووبێ. پاشان، به‌ هۆی بڵاوبوونه‌وه یان بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه‌، زمانه‌ تاقانه‌كه‌ شێوه‌ی جیاوازی، وه‌كوو كرمانجی (كرمانجیی باكوور)، سۆرانی (كرمانجیی ناوه‌ڕاست)، هه‌ورامی و زازایی لێكه‌وتبێته‌وه‌.
ئێستا با بێینه‌ سه‌ر به‌شی دووهه‌می پرسیاره‌كه‌ت كه‌ ده‌كرێ ئاوای بڵێینه‌وه: ئایا بۆی نییه‌ كه‌ زمانێكی یه‌كگرتووی كوردی هه‌بێ؟ به ‌بێشک بۆی هه‌یه‌ كه‌ زمانێكی یه‌كگرتووی كوردی هه‌بێ. چۆ‌ن؟ ‌ئه‌مه‌ نزیكه‌ی سه‌تا سه‌ت به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ بارودۆخی سیاسیی كورد. با چاوێک له‌ مێژووی زمانه‌كانی دیکه بكه‌ین بزانین چۆن ستاندارده‌ یان یه‌كگرتوو بوون. بۆ وێنه ‌ڕووسه‌كان هه‌تا چه‌رخی حه‌ڤده‌ش ئه‌و زمانه‌یان نه‌بوو كه‌ ئێستا هه‌یانه‌. به‌ر له ساڵی 1700 ی زایینی، له‌ لایه‌كه‌وه‌ زمانی نووسین بریتی بوو له سڵۆڤانیكی كلیسا، به‌ڵام زۆربه‌ی خه‌ڵک به‌ زمانی قسه‌كردن(ڕووسیی زاره‌كی‌)، كه‌ جیاواز بوو له‌ ئه‌وه‌ی دیکه‌، پێوه‌ندی ڕۆژانه‌یان ده‌گرت. له‌ ڕاستیدا، زمانی ئه‌وڕۆی ستانداردی ڕووسی به‌ فه‌رمانی پیتری مه‌زن له‌ پله‌ی یه‌‌كه‌م دا، وه‌ هه‌وڵی زانایان و نووسه‌رانی ناسیۆنالیستی ڕووسی له‌ پله‌ی دووهه‌مدا، دروست بوو. نه‌ک هه‌ر ڕووسی، به‌ڵكوو زمانی ستانداردی هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان، به‌ تایبه‌ت نه‌ته‌وه‌كانی خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت، به‌ شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌كان دروست كراون. ‌هه‌ر له‌ به‌ر ئه‌م ڕاستییه‌ میژوویییه‌شه،‌ زۆر له‌ شاره‌زایانی ناسیۆنالیزم پێیان وایه‌ كه‌ زمانه‌ نه‌ته‌وه‌یی و ستاندارده‌كانی وڵاتانی خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت، هه‌ر وه‌كوو ده‌وڵه‌ته‌كان و داموده‌زگاكانیان، سازكراوی ناسیۆنالیزمن‌، نه‌ک به‌ پێچه‌وانه‌وه. واته‌، به‌ر له‌ جووڵانه‌وه‌ی مۆدێرنی ناسیۆنالیستیی له‌ ئۆرووپا، ئه‌و زمانانه‌ی به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ن، نه‌بوون. بۆ وێنه‌، چه‌ندین زمانگه‌لی سه‌ربه‌خۆی ئه‌مڕۆ وه‌كوو فه‌ڕانسه‌وی، ئیسپانیایی، پورته‌قاڵی، ڕۆمانی و ئیتالیایی به‌ "زاراوه‌"كانی زمانی لاتین ده‌ناسران. به‌ڵام، كاتێ ده‌وڵه‌ته‌ نه‌ته‌وه‌یییه‌كانی ئورووپا دامه‌زران، زمانه‌ زاره‌كییه‌كانیشیان بوون به‌ زمانی ستاندارد و نووسراوه‌. له‌وانه‌یه‌ كه‌ كوردیش ڕۆژێک له‌ ڕۆژان ئه‌وه‌ی بۆ بڕه‌خسێ.
به‌ڵام، لێره‌دا، مه‌سه‌له‌یه‌كی گرینگ هه‌یه‌. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مێژوو سه‌لماندوویه‌تی زۆربه‌ی كاتان، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین‌ هه‌میشه‌، زمانه‌ ستاندارده‌كان زۆرتر به‌ دوو شێوه‌ چێ بوون. یان "زاراوه‌"یه‌ک له‌ ناو چه‌ندین "زاراوه‌"ی دیکه‌ دا هه‌ڵبژێردراوه‌ و ستاندارده‌ كراوه: ڕێزمانه‌كه‌ی نووسراوه‌ته‌وه‌، ڕێنووسی بۆ دیاری كراوه و‌، فه‌رهه‌نگی بۆ درووست كراوه‌ و بووه‌ته‌ زمانی پێوه‌ندیگرتنی حكوومه‌ت و زمانی فێرگه‌. شێوه‌ی دووهه‌م ئاوا بووه‌ كه‌ زمانێک كه‌ خزمایه‌تیی له‌ لایه‌نی زمانناسییه‌وه‌ زۆر كه‌م بووه‌ له‌ گه‌ڵ زمانه‌كانی دیكه‌ی وڵاته‌كه‌وه‌ كراوه‌ به‌ زمانی ستانداردی وڵات. ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ كوردیان لێ ده‌ژین باشترین نموونه‌ی ئه‌مه‌ن. ده‌ی ئێستا كورد كامه‌یان هه‌ڵده‌بژێرێ؟ هه‌ر دووكیان یه‌ک مانایان هه‌یه‌: هه‌موو شێوه‌- قسه‌كردنه‌كان ده‌ست له‌ مافی خۆیان هه‌ڵبگرن، بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی پڕۆژه‌ی ناسیۆنالیستی كورد و، ڕێگا بده‌ن كه‌ یه‌كێک له‌ شێوه‌- قسه‌كردنه‌كان ببێ به‌ ئه‌وه‌ی كه‌ گۆیا هه‌یه‌، كه‌ من پێم وا نییه‌، واته‌ "زمانی یه‌كگرتووی كوردی". زۆر به‌ دووری ده‌زانم كه‌ هیچكام له‌ شێوه‌كان، به‌ تایبه‌ت دوو شێوه‌ی زاڵی سۆرانی (كرمانجیی خواروو) و كرمانجی/ بادینی (كرمانجیی ژووروو)، مل بدا بۆ باڵاده‌ست بوونی ئه‌وی دیكه‌.

هێدی: هێندێک زمانناس ده‌ڵێن ده زانستی زمانناسی دا پێوانه‌یه‌ک بۆ هه‌ڵاواردنی زمان هه‌یه كه له سه‌ر دوو بنه‌ما ساغ بۆته‌وه: 1. ئه‌گه‌ر ئاخێوه‌رانی دوو زمان له یه‌كتر تێنه‌گه‌ن، ئه‌وه ده‌بێ زمانه‌كه‌یان به دوو زمانی سه‌ربه‌خۆ دابندرێ؛ 2. ئه‌گه‌ر بنه‌ماكانی ڕێزمانیی دوو زمان، له باری فۆنۆلۆژی، مۆرفۆلۆژی و وشه‌وه زۆر جیاواز بن و په‌ره‌سه‌ندنی مێژووییشیان جیاواز بێ، ئه‌وده‌م ئه‌و دوو زمانه به دوو زمانی سه‌ربه‌خۆ داده‌ندرێن. به‌ڵام هێندێک زمانناس ده‌ڵێن ئێستا ئه‌و پێوانه‌یه ده زانستی زمانناسیدا ڕه‌د كراوه‌ته‌وه و له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ن كه ده زانستی زمانناسیدا هیچ پێوانه‌یه‌ک بۆ هه‌ڵاواردنی زمان و زاراوه نییه. پێوانه‌ی تۆ بۆ هه‌ڵاواردنی زمان و زاراوه چییه؟

جه‌عفه‌ری شێخولئیسلامی: من، وه‌كوو هه‌موو كه‌سێكی دیكه‌، له‌ هه‌ر قۆناخێكدا پێوانه‌یه‌كم هه‌یه‌ بۆ هه‌ڵسانگاندنی دیارده‌كان، له‌وانه‌ش دیارده‌ی زمان یان دایاله‌كت. ته‌نانه‌ت ئه‌و زمانناسانه‌ی كه‌ بڕوایان به‌و شێوه ‌هه‌ڵاواردنه‌ی دایالۆكتالۆژیش نه‌ماوه، بڕوایان به‌ پێوانه‌یه‌ک هه‌ر هه‌یه. بۆ نموونه‌ زۆربه‌ی‌، ئه‌گه‌ر خۆ له‌وه‌ ببوێرین كه‌ بڵێین هه‌موو، زمانناسه‌كان هیچ دوودڵییه‌كیان نییه‌ سه‌باره‌ت به ئه‌‌مه‌ كه‌ زمانه‌كانی چینی و ئینگلیسی ته‌واو دوو زمانی سه‌ربه‌خۆن و هیچكامیان زاراوه‌ی ئه‌وه‌ی تر نییه‌. له‌وانه‌یه‌ یه‌كێک بڵێ كه‌ ئاخر ئه‌م دوو زمانه‌ یه‌كجار له‌ یه‌ک دوورن و ئاشكرایه‌ كه‌ سه‌ر به‌ بنه‌ماڵه‌ی جیاوازن. به‌ڵام، لێره ‌دا ئه‌و پرسیاره‌ دێته‌ پێش كه‌ چۆن ده‌زانین ئه‌و دوو زمانه‌ چه‌ند‌ه‌ له‌ یه‌كتری نزیكن یان دوورن. بۆ ساخبوونه‌وه‌ له‌ سه‌ر ئه‌مه‌ ‌بێشک چه‌شنێک پێوانه‌ پێویسته‌، ده‌نا هه‌ر وا له‌ خۆوه‌ ناكرێ حوكمێک بده‌ین.
باشه‌، ئه‌و پێوانه‌، یان پێوانانه‌ له‌ زمانناسیدا چین؟ له‌وانه‌یه‌ زۆر شت بن، له‌ ئاگاداریی شه‌خسییه‌وه‌ بگره‌، هه‌تا ئاگاداریی گشتی، لێزانینی زمانناسییانه، بۆچوون و به‌رچاوته‌نگیی كولتووری، كۆمه‌ڵایه‌تی یان سیاسی و، ته‌نانه‌ت پێوانه‌ی ئابووری. لێزانینی زمانناسییانه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ هێندێک بوار دا یارمه‌تیده‌ر بێ، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا زۆر ئه‌سته‌مه‌ كه‌ پێوانه‌كه‌ فڕی به‌ سه‌ر زانسته‌وه‌ بێ.
جا وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ت له‌ ئه‌م وشه‌ی "زانستی" دایه‌. ئه‌وانه‌ی كه‌ ئه‌و پێوانانه‌ی هه‌ڵاواردنی زمان له‌ زاراوه‌ به‌ ڕاست نازانن، مه‌به‌ستیان ئه‌مه‌یه‌ كه‌ به‌ زانستیی نازانن. بۆ نموونه‌ زمانناسێک به‌ ناوی ماكس واینڕایش (Max Weinreich) گوتنێكی یه‌كجار به‌ناوبانگی هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ جیاوازیی زمان و دایاله‌كت. ده‌ڵێ: "زمان ئه‌و دایاله‌كته‌یه(زاراوه‌یه‌) كه‌ خاوه‌نی سوپا و هێزی ده‌ریایییه". ئه‌مه‌ زۆرتر له‌ ده‌ربڕینێكی سیاسییه‌ک ده‌چێ هه‌تا زمانناسێک. مه‌به‌سته‌كه‌ی به‌ كورتی ئه‌مه‌یه‌: هه‌تا ده‌وڵه‌تت نه‌بێ دایاله‌كتی، به‌ڵام كه‌ ده‌وڵه‌تت هه‌بوو ده‌بی به‌ زمان. بۆ نموونه‌، بڕوانه‌ نۆروێژی و سوێدی، یان نۆروێژی و دانماركی. قسه‌كه‌ری ئه‌و دوو جووته‌ زمانانه‌‌، كه‌ بۆخۆم شاهید بووم، به‌ باشی له‌ یه‌كتر تێده‌گه‌ن، له‌ كاتێكدا قسه‌كه‌ری هه‌ركامه‌شیان به‌ شێوه‌ئاخاوتنی خۆی قسه‌ بكا و نه‌چێته‌ سه‌ر شێوه‌ی ئه‌وی دیکه‌. واتا، نۆروێژییه‌كه‌ به‌ نۆروێژی قسه‌ ده‌كا و دانماركییه‌كه‌ش به‌ دانماركی، كه‌چی له‌ یه‌كتر تێده‌گه‌ن. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، كه‌س به‌ ئه‌وانه‌ ناڵێ "دایاله‌كت"، به‌ڵكوو پێیان ده‌ڵێین "زمان"، ته‌نیا و ته‌نیا چونكه‌ ده‌وڵه‌تن و ستاندارده‌ كراون(2). كه‌وابوو، پێوانه‌ی "تێگه‌یشتنی دوو لایه‌نه"‌ی كۆنی زمانناسی لێره ‌دا بڕ ناكا.
نموونه‌ی دیکه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌م حاڵه‌ته‌ی زمانه‌ سكاندیناڤییه‌كانه‌. له‌ لایه‌كه‌وه‌ كه‌ ئه‌م زمانانه‌، به‌ ڕه‌چاوكردنی هێندێک جیاوازیی له‌ ڕێنووس دا، ویستوویانه‌ خزمایه‌تییه‌كه‌یان له‌ ڕێزما‌ن و ڕاوێژ (ته‌له‌فوز) دا بشارنه‌وه‌، له‌ چین چه‌ندین زمانی ته‌واو له‌ یه‌كتر جیاواز به‌ هۆی ڕێنووسی هاوبه‌شه‌وه‌ كراون به‌ یه‌ک. بۆ نموونه‌ شێوه‌ئاخاوتنێكی وه‌كوو "كه‌نتنیز" كه‌ زۆربه‌ی باشووری وڵاته‌كه‌ (هۆنگكۆنگیش) قسه‌ی پێ ده‌كه‌ن به‌ "دیاله‌كتێک"ی چینی ناودێر كراوه‌، كه‌چی قسه‌كه‌رانی نه‌خوێنده‌واری ئه‌و شێو‌ه‌ئاخاوتنه له‌ شێوه‌ئاخاوتنی ستانداردی چینی هه‌ر تێناگه‌ن. زۆربه‌ی قسه‌كه‌رانی گه‌وره‌ترین دایاله‌كت، كه‌ زمانی زاڵیشه‌، واته‌ "مه‌ندرێن"، له‌ "كه‌نتنیز" تێناگه‌ن‌. كه‌وابوو، وا وێده‌چێ كه‌ پێوانه‌كان بۆ ناودێر كردنی زمانه‌كان و دایاله‌كته‌كان زۆرتر سیاسین هه‌تا ئه‌وه‌ كه‌ زانستیی یان زمانناسییانه‌ بن.
ئه‌و پێوانه كۆنانه‌ی زمانناسی كه‌مایه‌سیی دیکه‌شیان هه‌یه‌. بۆ نموونه‌ ئه‌وانه‌ ڕای خه‌ڵک هه‌ر له‌ به‌ر چاو ناگرن. زۆر جاران‌ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانی دایالۆكتالۆژیی دا نیشان دراوه‌ كه ڕای قسه‌كه‌رانی زمانێک یان "زاراوه"‌یه‌ک ته‌واو به‌ پێچه‌وانه‌ی زمانناسان بووه‌. نموونه‌ له‌م باره‌وه‌ش زۆرن، به‌ڵام گرینگایه‌تی ئه‌مانه‌ش له‌ ئه‌وه‌ دایه‌ كه‌ فاكتۆره‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی، كولتووری و سیاسی زۆربه‌ی كاتان سنووری نێوان "زمان" و "دایاله‌كت" یان هه‌ر له‌ نێوان زمانه‌كان ده‌كێشن نه‌ک یاساكانی زمانناسی كه‌ چاوه‌ڕوانین زانستیی و سیسته‌ماتیک بن.
ده‌ی ئێستا، با بێمه‌وه‌ سه‌‌ر وه‌ڵامێكی ڕاسته‌وخۆ بۆ پرسیاره‌كه‌ت: پێوانه‌ی من چییه‌؟ پێوانه‌ی منیش وه‌كوو هی خه‌ڵكی دیكه‌ لایه‌ندارانه‌یه‌ و له‌ ڕوانگه‌ی منه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ. من بڕوام به‌ پلورالیزمه. كه‌وابوو هه‌موو شێوه‌ئاخاوتنێک بۆ من زمانه‌، یان دیاله‌كته‌، یان هه‌ر شێوه‌ئاخاوتنه‌، یان هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه قسه‌كه‌ران خۆیان پێیان وایه‌ هه‌یه‌. به‌ڵام له‌م ناوه‌دا، به‌ ڕای من هه‌ر دوو ده‌ڕبڕینی دیاله‌كت و زمان بۆچوونی سیاسییان له‌ گه‌ڵه. هه‌ڵبه‌ت ده‌ڕبڕینی "زمان" پۆزیتیڤتر و باشتره‌. چونکه‌ ئه‌و وشه‌یه‌ به‌رامبه‌ره‌ له‌گه‌ڵ "په‌سندكراو"، "یاسایی"، "وێچوو"، "ڕه‌وا"، "به‌ كه‌ڵک" و زۆر شتی باشی دیكه‌ش. هه‌ڵبه‌ت له‌وانه‌شه‌ هه‌موو ده‌سته‌یه‌ک له‌ خه‌ڵک له‌ هه‌موو قۆناخێک دا حه‌ز به‌وه‌ نه‌كه‌ن كه‌ به‌ شێوه‌ئاخاوتنه‌كه‌یان بگوترێ "زمان"، دیسانیش هه‌ر به‌ هۆی سیاسییه‌وه‌. ئه‌مه‌ بۆ "زاراه‌" یان "دایاله‌كت" زۆر جیاوازه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌م جووته‌ وشه ‌دا وشه‌ی دیكه‌ ده‌نگ ده‌ده‌نه‌وه‌: "چینی نزم"، "نه‌خوێنده‌وار"، "نایاسایی"، "بێكه‌ڵک" و هتد. كه‌وابوو، به‌ ڕای من وا باشتره‌ كه‌ یان بڵێین "زمان" یان "شێوه‌قسه‌كردن" یان "شێوه‌ئاخاوتن".

هێدی: به له‌به‌رچاوگرتنی دوو "زاراوه" سه‌ره‌كییه‌كه‌ هێندێک كه‌س كوردی به زمانێكی جووت ستاندارد داده‌نێن. دیاره به جووت ستاندارد دانانی كوردی و هه‌و‌ڵدان بۆ پێكهێنانی زمانی یه‌كگرتووی كوردییش زۆرتر ویستێكی سیاسی و ڕه‌گه‌زییه له پێناو پێكهێنانی نه‌ته‌وه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ دا. به وته‌ی به‌ڕێز دوكتور ئه‌میری حه‌سه‌نپوور "له باری سیاسییه‌وه هه‌ڵسه‌نگاندنی زمان و ده‌ست‌تێوه‌ردانی به پێوانه‌ی ڕه‌گه‌زیی، شێوه‌یه‌كی خۆماڵی كوشتنی زمانی كوردییه". ئه‌تۆ ده وتووێژه‌كه‌تدا، ده به‌رنامه‌ی "ڕاوێژ" دا، گوتت "هه‌ر ده‌سه‌ڵات(ده‌وڵه‌ت) ده‌توانێ زمانێكی ستاندارد، یان ڕێنووسێكی ستاندارد داسه‌پێنێ"، پێتوانییه به زۆری لێک نیزیككردنه‌وه و سه‌پاندنی شێوه‌ زاراوه یان ڕێنووسێک هه‌نگاو نانه‌وه بێ له بواری زمانكوژیی (Linguicide) دا؟

جه‌عفه‌ری شێخولئیسلامی: وایه‌، منیش پێم وایه‌ كه‌ زاڵ كردنی شێوه‌ئاخاوتنێک واته سه‌ركوتكردنی یه‌‌ک یان چه‌ند شێوه‌ئاخاوتنی دیكه‌. ئه‌وه له‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری دنیا دا ڕووی داوه. کاتی خۆی كه‌ فه‌ڕانسه‌ویی پاریس بوو به‌ زمانی ستانداری فه‌ڕانسه‌وی، چه‌ندین شێوه‌ئاخاوتنی دیكه، بۆ نموونه‌ "پرۆڤێنشال" و "برێتنی" ده‌مكوت كران. هه‌ڵبه‌ت "برێتنی" زۆر دووریشه‌ له‌ فه‌ڕانسه‌وی و زمانێكی "كه‌ڵتیک"ه. ڕه‌نگه‌ خوێنه‌ران پێیان سه‌یر بێ كه‌ بزانن، له‌ فه‌ڕانسه‌ هه‌تا ساڵی 1951 هیچ شێو‌ه‌ئاخاوتنێكی دیكه‌ ڕێگای نه‌بوو كه‌ له‌ فێرگه‌كان بخوێندرێ. ته‌نیا زمانی ستانداردی فه‌ڕانسه‌یی مافی پێخوێندن و فێركردنی هه‌بوو. ده‌وڵه‌تی ناسیۆنالیستی فه‌ڕانسه‌ ده‌یهه‌ویست دڵنیا بێ كه‌ چه‌ند به‌ره به‌ فه‌ڕانسه‌ویی ستاندارد خوێندن ته‌واو ده‌كه‌ن. هه‌تا به‌مجۆره فه‌ڕانسه‌ویی ببێته‌ زمانی زگماكی زۆربه‌ی دانیشتووه‌كانی. كاتێ ئه‌وه هاته‌ دی و ده‌وڵه‌ت دڵنیا بوو كه‌ ئه‌و زمانانه‌ی دیكه‌ نا‌بنه‌ كۆسپێک له‌ به‌رامبه‌ر دروشمی پڕۆژه‌ی باوی ناسیۆنالیستی "یه‌ک نه‌ته‌وه‌ واته‌ یه‌ک زمان" ڕێگای دا كه‌ له‌ فێرگه‌كان ئه‌و زمانانه‌ی دیكه‌ش فێر بكردرێن. ئه‌وه نموونه‌یه‌كی زۆر به‌رچاوه له‌ ئه‌و شته‌ی كه‌ كوتوومه: ده‌وڵه‌ت زمانی ستاندارد دروست ده‌كا وه‌كوو به‌شێک له‌ پڕۆژه‌ی به‌ربڵاو و هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ناسیۆنالیستی و سازدان و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی. زۆربه‌ی لێزانانی بواری ناسیۆنالیزم و ده‌وڵه‌تسازیی هه‌ر تێبینی تۆیان هه‌یه‌ كاتێ ده‌ڵێن: نه‌ته‌وه‌ دروست كردن، له‌ عه‌ینی كات دا، نه‌ته‌وه‌ كوشتنه. واته‌، به‌ درێژایی مێژوو، زۆربه‌ی كاتان، له‌ ئاكامی دروستبوونی نه‌ته‌وه‌یه‌ک یان ده‌وڵه‌تێكی میللی دا، ده‌سته‌یه‌ک له‌ خه‌ڵک به‌ زمان و كولتوورێكی تایبه‌ته‌وه‌ بووه‌ به‌ باڵاده‌ست و به‌م جۆره‌، خه‌ڵكه‌كانی دیكه‌ و زمانه‌كانی دیكه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات یان ته‌نانه‌ت هه‌ر له‌ بوون بێبه‌ش كراون.

‌هێدی: ئایا پێتوایه‌ یه‌ک نه‌ته‌وه‌ ده‌بێ‌ هه‌ر یه‌ک زمانی هه‌بێ؟ ئه‌و پرسیاره‌ چه‌نده پێوه‌ندی به‌ پرسیاری یه‌كه‌مه‌وه‌ هه‌یه‌، واته‌ به‌ "یه‌ک زمان" بوون یان "چه‌ند زمان" بوونی كوردییه‌وه؟

جه‌عفه‌ری شێخولئیسلامی: ئه‌و دوو پرسیاره‌ پێوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆیان هه‌یه‌. كاكڵی بابه‌ته‌كه‌ له‌ ئه‌مه‌ دایه‌: ناسیۆنالیستی كورد ئێستاش هه‌ر به‌ ڕبه‌ی كۆنی ناسیۆنالیستانه‌، ته‌نانه‌ت هی مۆدێرنیته‌ و دوو سه‌ت ساڵ له‌مه‌و به‌ری ئورووپا، ده‌یپێوێ. له‌و كاته‌دا، نه‌ته‌و‌ه‌كان و ده‌وڵه‌ته‌كانی نه‌ته‌وه‌یی له‌ سه‌ر بناخه‌ و ئه‌ساسی ڕه‌گه‌ز و ئیتنیسیته‌ دامه‌زران. واته‌ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک هه‌وڵی دا كه‌ خۆی له‌ ئه‌وانی دیكه‌ جیا بكاته‌وه و ده‌وڵه‌تی خۆی هه‌بێ وه‌كوو نه‌ته‌وه‌یه‌كی جیاواز. بۆ ئه‌وه‌ كه‌ ئه‌و گرووپه‌ خه‌ڵكانه‌ جیاوازیی خۆیان بسه‌لمێنن، زۆر پێناسه‌یان بۆ خۆیان زیندوو كرده‌وه‌، یان ئه‌گه‌ر هه‌یانبوو زه‌قیان كردنه‌وه، یان هه‌ر له‌ بناخه‌وه‌ پێناسه‌ی تازه‌یان داتاشین. یه‌كێک له‌و پێناسه گرینگانه‌ كه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌‌كی له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه‌ جیا ده‌كرده‌وه‌ بریتی بوو له‌ "شێوه‌ ئاخاوتن" یان به زمانێكی لایه‌ندارانه‌تر با بڵێین "زمان". چونكه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌ بوونیش لێكچوون و هاوڕه‌نگی و ته‌بایی له‌ هه‌موو باره‌كان دا زۆر گرینگ بوو، زۆر پێویست بوو كه‌ هه‌‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک هه‌ر یه‌ک زمانی هه‌بێ، نه‌ک چه‌ند زمان. هه‌بوونی چه‌ند زمان باش نه‌بوو، چونكه‌ ئه‌وه‌ نیشانه‌ی چه‌ند ڕه‌گه‌ز و چه‌ند ئیتنیک بوون بوو، ئه‌مه‌ش له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی پڕۆژه‌ی ناسیۆنالیزم دا نه‌بوو. جا ناسیۆنالیزمی كوردیش، ئه‌وه نزیكه‌ی سه‌ت ساڵێكه‌ كه‌ و‌‌ه‌دوای ئه‌م کڵاوه‌ كه‌وتووه.
چاره‌ چییه‌؟ به‌ ڕای من، كورد ناچار نییه‌ كه‌ چیتر كاتی خۆی به ‌فیڕۆ بدا بۆ دروستكردنی زمانێكی یه‌كگرتوو. تازه‌ بۆ ئه‌وه‌ زۆر دره‌نگ بووه‌ كه‌ شێوه‌- قسه‌كردنێک بكرێ به‌ تاقانه‌ "زمان"ی كوردی. ئه‌وه‌ له‌وانه‌بوو كرابا له چه‌ندین قۆناخی كۆن دا، به‌ڵام ڕه‌وته‌كانی مێژووی كورد هێنده‌ی پچڕ پچڕ تێدا بووه‌ كه‌ ئه‌و ئیمكانه‌ نه‌گونجاوه‌. بۆ وێنه‌، كۆنترین نووسراوه‌كانی‌ كوردی كه‌ به‌ ده‌ستمانه‌وه‌ن به‌ شێو‌ه‌- ئاخاوتنی كرمانجین. ئه‌گه‌ر قۆرت له‌ ژیانی ئه‌ده‌بی كرمانجی نه‌كه‌وتبا و هه‌ر وا شوێنه‌وار هاتبانه‌ به‌رهه‌م و پێوه‌ندیش له‌ گه‌ڵ به‌شه‌كانی دیكه‌ هه‌بووبا، هیچ به‌ دوور نه‌بوو كه‌ ئێستا من و تۆش به‌ كرمانجی ژووروو ئه‌م وتووێژه‌مان كردبا. پاشان هه‌لێكی ئاوا بۆ شێوه‌- ئاخاوتنی هه‌ورامیش هاته‌ پێش، به‌ڵام ئه‌ویش به‌ داخه‌وه‌ ویشكاوی هات، یان له‌گه‌ڵ كوردی ناوه‌ڕاستی پێ نه‌كرا. دواتریش، به‌ گۆڕانی ڕێنووسی توركی له‌ توركیه‌ و، ڕه‌چاوكردنی ئه‌وه‌ش له‌ لایه‌ن خزمه‌كانی ژێرده‌سه‌ڵاتی توركیه‌مانه‌وه‌ هه‌ر به‌ جارێک ئه‌و دوو شێوه‌- ئاخاوتنه‌ سه‌ره‌كییانه‌ له‌ یه‌كتر جیا بوونه‌وه‌.
بۆچی ده‌ڵێم هه‌وڵدان بۆ سازدانی زمانی یه‌كگرتووی كوردی تازه‌ دره‌نگه‌، یان كات به‌ فیڕۆ دانه؟ چه‌ند هۆ هه‌ن. یه‌كه‌م، له‌ مێژه‌ هێندێک هه‌وڵ دراون، به‌ڵام هیچ سه‌ركه‌وتنێک له‌ بواری ته‌نانه‌ت نزیكبوونه‌وه‌ش له‌ زمانی یه‌كگرتووی كوردی نه‌هاتۆته‌ دی. دووهه‌م، ئه‌وانه‌ش كه‌ زۆر به‌ په‌رۆشه‌وه‌ن بۆ نه‌بوونی زمانێكی یه‌كگرتووی كوردی بۆ خۆیان باش ده‌زانن كه‌ ئه‌وه‌ ئێستا ناكرێ، چونكه‌ شێوه‌ئاخاوتنه‌ سه‌ره‌كییه‌كان زۆر له‌ یه‌ک دوورن، له‌ بواری ڕێزمانه‌وه، فۆنۆلۆژییه‌وه و، مۆرفۆلۆژییه‌وه. سێهه‌م، ڕێنووسه‌كان جیاوازن. چواره‌م، وه‌كی پێشتریش ئاماژ‌ه‌م بۆ كرد، ژیانی ڕۆژانه‌ی كورده‌كان، واته‌ چۆن ده‌دوێن، چی ده‌خوێننه‌وه‌، چه‌نده‌ له‌ یه‌كتر تێده‌گه‌ن و هتد باشترین به‌ڵگه‌یه‌ كه‌ یه‌ک زمانیان نییه‌ به‌‌ڵكوو چه‌ند زمانیان هه‌یه. بۆ وێنه‌، چه‌ند كه‌سی ئاخێوه‌ری‌ وه‌كوو خۆت ده‌ناسی كه‌ كرمانجی، ئه‌ویش به‌ لاتین بخوێنێته‌وه‌؟ له‌ خوێندنه‌وه‌ش مه‌به‌ستم زانینی خوێندنه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكوو مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئاسایی و به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام بخوێنێته‌وه‌، هه‌روه‌‌كی فارسی، عه‌ڕه‌بی، ئاڵمانی و هتد ده‌خوێنێته‌وه‌. من بۆخۆم ڕه‌نگه‌ دوو، سێ كه‌سم پێ شک بێ‌، ئه‌وانیش زۆربه‌یان له‌ به‌ر كار و باری خۆیان‌ كرمانجی به‌ لاتین ده‌خوێننه‌وه‌. با ئه‌وه‌ش بڵێم، كه‌ ئه‌مه‌ زۆرتر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر نه‌بوونی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی كوردی، نه‌ک نه‌زانینی خوێندنه‌وه‌ی كرمانجی به‌ لاتین. گرفتی ئه‌مڕۆی دروست نه‌بوونی ده‌وڵه‌تێكی كوردی ئه‌مه‌ نییه‌ كه‌ زمانێكی یه‌كگرتووی نییه‌، به‌ڵكوو له‌ ئه‌وه‌ گرینگتر، هه‌زاران به‌رامبه‌ر گرینگتر، ئه‌مه‌یه‌ كه‌ ئه‌و هه‌ستی هاودڵی، هاوده‌ردی، هاووڵاتییه‌تی‌ و هاوچاره‌نووسیی نییه‌. ده‌نا ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ هه‌بن، بۆچی فێر بوونی كرمانجی ژووروو، یان ته‌نانه‌ت فێربوونی ڕێنووسی لاتینی ده‌بێ زه‌حمه‌ت بێ، لانی كه‌م بۆ ده‌یان هه‌زار له‌و كوردانه‌ی كه‌ چه‌ندین زمانی دیكه‌ی سامی، توركی، ئێرانی‌ و ئورووپایی فێر بوون.
‌ڕێگای چاره‌ ئه‌وه‌یه‌، به‌ ڕای من، كه‌ ڕۆشنبیری كورد نموونه‌كانی نه‌ته‌وه‌كانی سویس، كانادا و بلژیكیش ببینێ و بڕوا بكا كه‌ ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی‌ ناچار نییه‌ كه‌ هه‌ر "ئیتنیكی" بێ، واته‌ له‌ سه‌ر بناخه‌ی یه‌ک ڕه‌گه‌ز و یه‌ک زمان‌ دامه‌زرێ. به‌ڵكوو ده‌وڵه‌ت ده‌كرێ كه‌ "سیڤیک" واته‌ "مه‌ده‌نی"ش بێ. هێندێک له‌ شاره‌زایانی ئه‌و بواره‌ ته‌نانه‌ت له‌و باوه‌ڕه‌ دان كه له‌ دنیای ئه‌مڕۆ دا، به‌ تایبه‌ت له‌ ئاكامی كۆڕه‌وه‌ گه‌وره‌كان دا و كۆچكردنی میلۆنه‌ها ئینسان بۆ شوێنه‌كانی نازێد، هیچ وڵاتێک له‌ دنیا دا نه‌ماوه‌ كه‌ له‌ یه‌ک ڕه‌گه‌ز یان نه‌ته‌وه‌ پێكهاتبێ. كورد ده‌كرێ خۆی به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كیش بزانێ، یان له‌ داهاتوو دا، ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی كوردیش دابنێ، به‌ڵام پێویستیشی به‌ ئه‌وه‌ نه‌بێ كه‌ یه‌ک زمانی یه‌كگرتووی هه‌بێ. چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و ته‌مایه‌ هه‌بێ ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌یه‌ كه‌ شێوه‌ قسه‌كردنێک به‌ سه‌ر ئه‌وانی دیکه‌ دا زاڵ بێ. ڕۆشنبیرانی به‌رپرسی كورد، وه‌كوو ڕۆشنبیرانی زۆر نه‌ته‌وه‌ی دیكه، باشتره‌ كه‌ دان به‌ جیاوازییه‌ كولتووری و زمانییه‌كان له‌ ناو جه‌ماوه‌رانی كوردا بێنن، نه‌ک ئه‌وه‌ كه‌ هه‌ر له‌ خۆوه‌ بڵێن كورد "یه‌ک ئیتنیک"ه‌ و "یه‌ک زمان"ی هه‌یه به‌ بێ ئه‌وه‌ كه‌ بتوانن هیچ به‌ڵگه‌ی واقیع له‌ ژیانی ئه‌مڕۆی كورد دا بخه‌نه‌ ڕوو. كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ ڕۆشنبیری كورد خۆی به‌ ئه‌ركێكی زۆر گرانتر و گه‌وره‌تره‌وه‌ ماندوو بكا: بنیاتنانی "یه‌كیه‌تی له‌ جیاوازیی دا"، نه‌ک یه‌كیه‌تی له‌ یه‌كڕه‌نگیی و یه‌كده‌نگیی به‌ ڕواڵه‌ت و داسه‌پاو دا.

-------------------------------------------------------------------------------------------------------
(1): به‌رنامه‌ی "ڕاوێژ"، Medya TV ، ڕۆژی 4.10.2003
(2): بۆ نموونه‌ بڕوانه‌ ئه‌م سێ رستانه‌ كه‌ له‌و سێ زمانه‌ وه‌رگیراون:
دانماركی:Hun sidder I vinduet og ser ud over gaden
نۆروێژی:Hun sitter i vinduet of ser ut over gatan
سوێدی: Hon sitter i fonstret och ser ut over gatan
واته‌: "ئه‌و [كچ] له‌ به‌ر په‌نجه‌ره‌ دانیشتووه‌ و ده‌ڕوانێته‌ شه‌قام"
تێبینی: له ڕسته سوێدییه‌كه ‌دا "o"ی fonstret و over ده‌بێ دوو خاڵیان له‌سه‌ر بێ. به‌داخه‌وه ئه‌و چه‌شنه پیتانه له‌سه‌ر وێبلاگه‌كه ده‌رناكه‌ون.
سه‌رچاوه‌:
Romain, S. (1994). Language in Society
An Introduction to Sociolinguistics
Oxford:Oxford U. Press
ئه‌م وتووێژه‌ له‌ " وێبلاگی جه‌عفه‌ری حوسێنپوور(هێدی) بۆ زمان و فه‌رهه‌نگ وئه‌ده‌بییاتی کوردی " وه‌ که‌ به‌داخه‌وه‌ ده‌مێکه‌ تازه‌ناکرێته‌وه‌ ڕاگوێزراوه‌ته‌ ڕوانگه

No comments: