Thursday, July 3, 2008

زمانی ستاندارد،زمانی یه‌کگرتوو،زمانی ڕه‌سمی، مافی زمانی



زمانی ستاندارد، زمانی یه‌کگرتوو، زمانی ڕه‌سمی، مافی زمانی
به‌ بیانووی دیالۆگێک له‌ گه‌ڵ وتاره‌که‌ی مامۆستا جه‌ماڵ نه‌به‌زدا

جه‌عفه‌ر شێخولیسلامی، مامۆستای زمانناسی، زانکۆی کارلتۆن، که‌نه‌دا

ماوه‌یه‌که‌ مشتومڕێکی گه‌رم له‌ سه‌ر زمانی کوردی ده‌ستی پێکردووه‌. زۆر که‌س، له‌ مامۆستا و شاره‌زای ئه‌م بواره‌وه‌‌ بگره‌ هه‌تا قوتابییان و گۆرانیبێژان و خه‌ڵکی ئاساییش، له‌ سه‌ر ئه‌م باسه‌ دواون. ئه‌وه‌ش نیشانه‌ی گرینگیی بابه‌ته‌که‌یه‌. ئه‌م وتاره‌ به‌شێکه‌ له‌و باس وخواسه‌ و به‌ره‌وپیری وتاره‌که‌ی مامۆستا جه‌ماڵ نه‌به‌ز ده‌چێ، که‌ له‌م دواییانه‌دا له‌ ماڵپه‌ڕی "ئه‌‌مڕۆ"دا بڵاو بۆته‌وه‌ (http://www.emrro.com/lebirakujiy8.htm ). ڕای مامۆستا نه‌به‌ز له‌ سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ گرینگه،‌ چونکه‌ کاتێک ئه‌و ده‌ستی به‌ باسکردنی زمانی یه‌کگرتووی کوردی کرد زۆربه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌نووسن دیار نه‌بوون، له‌وانه‌ منیش.
من لێره‌دا سه‌ره‌تا باسی ئه‌و خاڵه‌ به‌هێزانه‌ی نووسینه‌که‌ی مامۆستا نه‌به‌ز ده‌که‌م. پاشان باسی ئه‌وه‌ ده‌که‌م که‌ پێم وا نییه‌ مامۆستا له‌ نێوان زمان و زمانی ستاندارددا جیاوازییه‌کی پێویستی کردبێ. هه‌رله‌به‌ر ئه‌وه‌ش، هه‌رچه‌ند مامۆستا ده‌یهه‌وێ نیشان بدا که‌ هه‌ڵوێسته‌که‌ی جیاوازه‌ له‌ هه‌لوێستی ئه‌و 53 که‌سه‌ی که‌ داوای به‌ڕه‌سمیکردنی[ ] کورمانجی خواروو (سۆرانی)یان کرد، له‌ ڕاستیدا له‌ گه‌ڵیان هاوده‌نگه‌ له‌ په‌یڕه‌وکردنی ئایدیۆلۆژیی نه‌ته‌وه‌- ده‌وڵه‌تدا، ئه‌و ئایدیۆلۆژییه‌ی‌ ده‌ڵێ: یه‌ک نه‌ته‌وه‌ ده‌بێ به‌س یه‌ک خاک، یه‌ک ده‌وڵه‌ت، یه‌ک کولتوور و یه‌ک زمانی هه‌بێ.
وتاره‌که‌ی مامۆستا نه‌به‌ز چه‌ند خاڵی گرینگی تێدایه‌ که‌ منیش بڕوام پێیانه‌. پێم وایه‌ ئه‌مانه‌ گرینگن و ده‌بێ دووپاته‌ ببنه‌وه‌. ئه‌م خاڵانه‌ بریتین له‌ ئه‌مانه‌:
• "هه‌موو شێوه‌زار و بنزارێک گرنگیی زۆی هه‌یه‌ و به‌شێکه‌ له‌ زمانی کوردی".
• یه‌کده‌ستنه‌بوون و یه‌کنه‌بوونی ڕێنووسی زمانی کوردی: "ده‌چم" دژ به‌ "ئه‌چم"، ... گرفتێکی جیددییه‌ بۆ ستانداردبوونی شێوه‌زاری کورمانجی خواروو.
• زمانه‌کان جاری وایه‌ له‌ لایه‌ن نووسه‌ران و هونه‌روه‌رانه‌وه‌، جاری واشه‌ له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتێکه‌وه‌ و به‌ هۆی خوێندن و قوتابخانه‌وه‌ ستاندارد ده‌کرێن. هه‌موو زمانێک بۆی هه‌یه‌ ستاندارد ببێ.
• له‌و باس و خواسانه‌ی دواییدا، ته‌نانه‌ت "سووکایه‌تیش به‌ خه‌ڵکی به‌رۆمه‌ت و زه‌حمه‌تکێشی بادینان و باکووری کوردستانیش کرابوو، که‌ ئه‌وه‌ش دیاره‌ سێره‌ی ڕۆشنبیری و پله‌ی نیشتمانپه‌روه‌ریی ئه‌و که‌سانه‌ پێشانده‌دا که‌ خۆیان کردووه‌ به‌ ده‌مڕاستی کورد".
• "... داسه‌پاندنی شێوه‌نووسینێک وه‌ک ستاندارد، له‌ کاتی ئێسته‌دا ... له‌ زیان به‌و لاوه‌، هیچ ئه‌نجامێکی دیکه‌ی نابێ".
ده‌ستخۆشانه‌ له‌ مامۆستا ده‌که‌م بۆ هێنانه‌ گۆڕی ئه‌م خاڵه‌ گرینگانه‌. ‌منیش بڕوام به‌م خاڵانه‌یه‌ چونکه‌ پێموایه‌ به‌شێکن له‌ ڕوانگه‌ی لایه‌نگریی له‌ جۆراوجۆری و مافی زمانیی. به‌ڵام، مامۆستا ئامانجی دیکه‌ی هه‌یه‌ بۆ باسکردنی ئه‌م خاڵه‌ گرینگانه‌، واته‌ به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی بیروڕای خۆی که‌ بریتییه‌ له‌ بڕوا هه‌بوون به‌ یه‌ک زمانی یه‌کگرتوو بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی کورد.
بۆیه‌ مامۆستا ده‌ڵێ، "... پێڕه‌وکردنی 'جووت ستاندارد' یش، ژه‌هرێکه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد". به‌رله‌وه‌ که‌ بێمه‌ سه‌ر ئه‌م خاڵه‌، که‌ پێم وایه‌ خاڵی هاوبه‌شی مامۆستا و په‌نجاوسێ که‌سه‌که‌‌یه، ده‌بێ بزانین که‌ مامۆستا ڕای له‌ سه‌ر زمانی ستانداردی کوردی و زمانی ستاندارد به‌ گشتی چییه‌.
پێناسه‌کردنی زمانی ستاندارد له‌ لایه‌ن مامۆستا نه‌به‌زه‌وه‌ ڕێک نییه‌ له‌ گه‌ڵ زمانه‌وانیی ئه‌مڕۆ. مامۆستا ده‌ڵێ: "هیچ شێوه‌زارێکی نووسینی کوردی، جارێ نه‌بووه‌ به‌ ستاندارد". به‌ ڕای مامۆستا، بۆ ستاندارد بوون ئه‌وه‌ به‌س نییه‌ که‌ زمانێک پێی بنووسرێ. باشه‌ ئه‌دی زمانی ستاندارد چییه‌؟ مامۆستا نه‌به‌ز، به‌ پێچه‌وانه‌ی زۆر که‌سی دیکه‌، هه‌ر له‌ خۆڕا ئه‌مانه‌ ناڵێ، به‌ڵکوو پێمان ده‌ڵێ که‌ مه‌به‌ستی له‌ زمانی ستاندارد چییه‌. ده‌نووسێ: "زمانی ستاندارد، به‌و زمانه‌ ده‌گوترێ، که‌ چ له‌ باری ڕێزمان و چ له ‌باری ده‌نگناسی و چ له‌ باری رسته‌سازی و چ له ‌باری وشه‌ناسی و چ له ‌باری ڕێنووسه‌وه‌، شێوه‌یه‌کی قالببه‌ستووی وه‌رگرتبێ و، شێوای ده‌ستکاری و هه‌رکه‌س بۆخۆیی نه‌بێ، که‌ به‌و زمانه‌ش نووسرا، هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ بنووسرێ". به‌ پێی ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ له‌ زمانی ستاندارد، مامۆستا پێی وایه‌ زمانگه‌لێکی وه‌کوو فارسی و تورکییش هێشتا ستاندارد نه‌بوون، به‌ڵام زمانگه‌لێکی وه‌کوو عه‌ڕه‌بی و ئینگلیسی ستاندارد بوون. به‌ڵام، له‌ ڕاستیدا ئه‌گه‌ر بڕوا بکه‌ین که‌ زمانی ستاندارد هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ مامۆستا ده‌ڵێ، ئه‌و کاته‌ ناتوانین به‌ ئینگلیسیش بڵێین زمانێکی ستاندارد، هه‌روه‌کی ئێستا نیشانی ده‌ده‌م‌.

ئێستا با هه‌ر ئه‌و تاریفه‌ی مامۆستا له‌ زمانی ستاندارد به‌ به‌ژنی زمانی ئینگلیسی بگرین. ئه‌مڕۆ له‌ ئه‌ده‌بی کۆمه‌ڵناسیی زماندا باسی زمانه‌ ئینگلیسیه‌کان ده‌که‌ن، وه‌کوو ئینگلیسی بریتانیایی، ئه‌مریکایی، هیندیی، سه‌نگاپووری، فیلیپینی و هتد. من لێره‌دا دووی سه‌ره‌کی پێکده‌گرم: ئینگلیسی بریتانیایی و ئه‌مریکایی. ئه‌م دوو ستاندارده‌ ئینگلیسیه‌ له‌ هه‌موو ئه‌م بوارانه‌دا که‌ مامۆستا وه‌کوو تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی زمانێکی ستاندارد باسیان ده‌کا له‌ یه‌کتر جیاوازن:
- ڕێزمان: له‌ ئینگلیسیی بریتانیاییدا ناوێکی کۆ له‌وانه‌یه‌ یان فۆرمی تاکی کردار وه‌ربگرێ یان فۆرمی کۆی کردار وه‌ربگرێ، به‌ڵام له‌ ئینگلیسیی ئه‌مریکاییدا، ئه‌گه‌ر ناوه‌که‌ تاک بێ ده‌بێ فۆرمی کرداریش تاک بێ و به‌ پێچه‌وانه‌: (بریتانیایی: The Kamkars are/is a Kurdish band.؛ ئه‌مریکایی: The Kamkars is a Kurdish band.)).
- ده‌نگناسی: جیاوازی ڕاوێژی بریتانیایی و ئه‌مریکایی له‌ بواری ده‌نگه‌وه‌ زۆر ئاشکرایه‌ و پێویست به‌ ئیسباتکردن ناکا. ته‌نانه‌ت له‌ ناو خۆی ئینگلستانیشدا خه‌ڵکی واهه‌ن، وه‌کوو ئاخێوه‌رانی "کاکنی"، که‌ لێتێگه‌یشتنیان بۆ ئینگلیسیزمانانی دیکه‌ی بریتانیاش زۆر ئه‌سته‌مه‌. جیاوازیی له‌ بواری ده‌نگناسی (فۆنۆلۆژیی)شه‌وه‌ هه‌یه‌.
- ڕسته‌سازی: له‌ ریزکردنی وشه‌گه‌لیشدا جیاوازی له‌ نێوان دوو شێوه‌ ئینگلیسیه‌که‌دا زۆره‌. بۆ نموونه‌، ئینگلیسی بریتانیایی (Stop Hiwa going home)، به‌ڵام ئه‌مریکایی (Stop Hiwa from going home). ئه‌و دوو شێوه‌ هه‌روه‌ها جیاوازن له‌ مه‌ڕ ده‌کارهێنانی پیتی ته‌عریف (the) له‌ گه‌ڵ هه‌ندێک ناودا. هه‌روه‌ها جیاوازن کاتی به‌کارهێنانی - وشه‌ناسی [مۆرفۆلۆژیی]: سه‌رفی هه‌ندێک له‌ کرداره‌کان له‌ کاتی رابردوودا جیاوازن. له‌ ئینگلیسی بریتانیاییدا بۆ زۆر کرداران فۆرمی نائاسایی ده‌کار ده‌کرێ به‌ڵام له‌ ئه‌مریکا هه‌رچه‌ند فۆرمه‌ نائاساییه‌که‌ش به‌کاردێ به‌ڵام زۆربه‌ی کاتان فۆرمه‌ ئاساییه‌کان که‌لکیان لێوه‌رده‌گیردرێ. بۆ نموونه‌ رابردووی (light) ده‌کرێ هه‌م (lit) بێت و هه‌م (lighted). رابردووی تێپه‌ڕ (پارتیسپل) (gotten) به‌ زۆریی له‌ ئه‌مریکا به‌کاردێ به‌ڵام (got) له‌ بریتانیا. به‌ سه‌تان نموونه‌ له‌م جیاوازییانه‌ هه‌ن.
- ڕێنووس: جیاوازی له‌ بواری ڕێنووسیشدا هه‌یه‌. هه‌ر بۆ نموونه‌، بریتانیایی ده‌نووسێ (colour) به‌ڵام ئه‌مریکایی ده‌نووسێ
(color). بریتانیایی ده‌نووسێ (centre)، به‌ڵام ئه‌مریکایی ده‌نووسێ (center). خاڵبه‌ندییش له‌ نێوان ئه‌و دوو ئینگلیسیه‌دا جیاوازه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ مه‌ڕ که‌لکوه‌رگرتن له‌ کۆما (،). که‌وابوو، یان ئینگلیسی زمانێکی ستاندارد نییه‌، یان بۆچوونی مامۆستا له‌ سه‌ر زمانی ستاندارد ته‌واو نییه‌. هیچ شکم نییه‌ که‌ زمانی ئینگلیسی زمانێک، یان زمانگه‌لێکی، ستاندارده. (بۆ ئاگاداری زۆرترله‌ سه‌ر ئه‌م جیاوازییانه‌ بڕوانه‌:http://en.wikipedia.org/wiki/American_and_British_English_differences )
ئه‌گه‌ر بۆچوونی مامۆستا له‌ سه‌ر زمانی ستاندارد ته‌واو نییه‌، زمانی ستاندارد چییه‌؟ زمانی ستاندارد ئه‌و زمانه‌یه‌ که‌ به‌ر له‌ هه‌موو شت نووسراو بێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، زمانی ستاندارد ئه‌وه‌یه‌ که‌ زمانی پێخوێندن، زمانی داموده‌زگا ده‌وڵه‌تی و مه‌ده‌نییه‌کان و زمانی میدیا بێ. به‌و پێیه‌ش هه‌م کورمانجی خواروو و هه‌میش کورمانجی ژووروو ستانداردن، چونکه‌ هه‌ردووکیان ئه‌م کارانه‌یان پێکراوه‌ و ده‌کرێ. مامۆستا پێی وایه‌ چونکه‌ هه‌ر له‌ نێو شێوه‌نووسینی کورمانجی خواروودا ناڕێکی و نایه‌کده‌ستی هه‌یه‌ (بۆ وێنه‌، یه‌ک ده‌نووسێ "ده‌چم" و ئه‌ویتر ده‌نووسێ "ئه‌چم") ئه‌و شێوه‌زاره‌ نه‌بووه‌ته‌ ستاندارد. خۆ ڕاسته‌ و منیش له‌ گه‌ڵ ڕای مامۆستام که‌ ده‌بوو تا ئێستا زۆر شتی له‌و بابه‌ته‌ یه‌کده‌ست کرابان، به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ که‌ زمانه‌که‌ ستاندارد نییه‌. پێشتر نیشانم دا که‌ ئه‌و نایه‌کده‌ستییه‌ له‌ نێو ئینگلیسیشدا هه‌یه‌، له‌ نێوان پورته‌قاڵی پۆرته‌قاڵ و بره‌زیلدا و، له‌ نێوان فه‌رانسه‌یی فه‌ڕانسه‌ و کۆبه‌کیشدا هه‌یه‌. دیاره‌ له‌ نێو کوردییدا ناڕێکی زۆرتره،‌ به‌ڵام ئه‌م وه‌زعه‌ بۆ زمانێکی که‌ ده‌وڵه‌تێکی به ‌سه‌ره‌وه‌ نه‌بووه‌ یه‌کجار سه‌یروسه‌مه‌ره‌ نییه‌. ئه‌و دوو شێوه‌زاره‌ کوردییه‌ ده‌مێکه‌ قۆناخی ستاندارد بوونیان ده‌ستپێکردووه‌ و پرۆسه‌که‌ش، هه‌رچه‌ند شل و بێبه‌رنامه‌یه‌، درێژه‌ی هه‌یه‌. ستاندارد بوون قۆناخێکی نه‌گۆڕ نییه‌ که‌ زمانێک پێی بگا و تێیدا قه‌تیس بمێنێ. ستانداردکردن یان بوون پڕۆسه‌یه‌که‌‌ درێژه‌ی هه‌یه‌ و قه‌تیش ته‌واو نابێ. هه‌تا ژیان له‌ گۆڕاندا بێ، پڕۆسه‌ی پێگه‌یشتنی زمان و له‌وانه‌ش پڕۆسه‌ی زمانی ستاندارد له‌ گۆڕاندا ده‌بێ. زمان به‌ پێی هه‌لومه‌رجه‌ سیاسی، کولتووری، ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه‌ ده‌گۆڕدرێ. ژیان ده‌گۆڕدرێ؛ زمانیش ده‌گۆڕدرێ؛ زمانی ستانداردیش هه‌روه‌تر.

ئاشکرایه‌ که‌ ئه‌و ڕاستییانه‌ له‌ مامۆستا جه‌ماڵ نه‌به‌ز شاراوه‌ نین، که‌ ئه‌و دوو شێوه‌زاره‌ هه‌موو کارێکیان پێکراوه‌ و پێده‌کرێ که‌ زمانه‌ ستاندارده‌کانی دنیا پێیان کراوه‌ و پێیان ده‌کرێ، هه‌رچه‌ند که‌ له‌ بواری "به‌ ڕۆشنبیریکردندا" (ئینتلێکچووه‌لایزه‌یشن) پێویسته‌ زۆر کار بکرێ. به‌ڵام، مامۆستا ئه‌وه‌ قه‌بووڵ ناکا، چونکه‌ کردنه‌که‌ی دژی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ده‌وه‌ستێ که‌ مامۆستا نزیکه‌ی چل ساڵێکه‌ هه‌وڵی بۆ ده‌دا: سازکردنی تاقه‌ زمانێکی یه‌کگرتوو بۆ هه‌موو کورد. له‌ ڕوانگه‌ی مامۆستاوه‌ یه‌ک نه‌ته‌وه‌ ده‌بێ هه‌ر یه‌کزمانی ستانداردی هه‌بێ.
لێره‌دایه‌ که‌ مامۆستا له‌ گه‌ڵ 53 که‌سه‌که‌دا هاوده‌نگه‌: هه‌ردووکیان پێیان وایه‌ که‌ هیچ شێوه‌زارێک نه‌بووه‌ به‌ ستاندارد. هه‌ردووکیان پێیان وایه‌ که‌ ئه‌گه‌ر زۆرتر له‌ زمانێکی ستاندارد له‌ کوردستان هه‌بێ ئه‌وه‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد پارچه‌ پارچه‌ ده‌بێ و ده‌فه‌وتێ. هه‌ردووکیان، له‌ ئه‌ساسدا، په‌یڕه‌وی ئایدیۆلۆژیی نه‌ته‌وه‌- ده‌وڵه‌ت ده‌که‌ن، هه‌ر ئه‌و ئایدیۆلۆژییه‌ی که‌ له‌ لایه‌ن دوڵه‌ته‌کانی ئێران و تورکیاوه‌ بۆ نزیکه‌ی سه‌ت ساڵ په‌یڕه‌و کراوه‌ و زمانی کوردیی قه‌ده‌غه‌ کردووه‌ و کوردیی به‌ زمانی عه‌شیره‌ت و شاخنشینان ناودێر کردووه‌. ئه‌و ئایدیۆلۆژییایه‌ ده‌ڵێ که‌ یه‌ک نه‌ته‌وه‌ خاوه‌نی یه‌ک ده‌وڵه‌ت، یه‌ک خاک و یه‌ک زمان و یه‌ک کولتووره‌. ئێستاش زۆرێک له‌ قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ستانی کورد هه‌ر به‌و لۆژیکه‌ بیر ده‌که‌نه‌وه‌ و ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک یان وڵاتێک زۆرتر له‌ یه‌ک زمانی ستانداردی هه‌بێ ئه‌وه‌ ده‌فه‌وتێ. ئه‌وانه‌ ته‌نانه‌ت وه‌کوو ڕۆشنبیران و ده‌سه‌ڵاتدارانی عه‌ڕه‌بی عێراقیشیان پێ ناکرێ که‌ بڕوا بکه‌ن ده‌وڵه‌ت- نه‌ته‌وه‌یه‌ک ده‌کرێ زۆرتر له‌ یه‌ک زمانی ستاندارد، زۆرتر له‌ یه‌ک کولتوور و زۆرتر له‌ یه‌ک قه‌وم و گرووپی ئه‌تنیکی، ته‌نانه‌ت زۆرتر له‌ یه‌ک نه‌ته‌وه‌ی هه‌بێ. له‌ ڕوانگه‌ی ئه‌م کوردانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر فارسێک، تورکێک یان عه‌ڕه‌بێک په‌یڕه‌ویی له‌ ئایدیۆلۆژیی نه‌ته‌وه‌- ده‌وڵه‌ت بکا ئه‌وه‌ شۆڤینیسته‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر کوردێک وا بیر بکاته‌وه‌ ئه‌وه‌ نیشتمانپه‌روه‌ره‌.
ئایا به ‌ڕاستی یه‌ک نه‌ته‌وه‌ هه‌رده‌بێ یه‌کزمانی ستانداردی هه‌بێ؟ نا. سویسرا چوار زمانی ستانداردی هه‌یه‌، که‌نه‌دا دووی هه‌یه‌، نۆروێژ دووی هه‌یه‌، ئه‌فریقای باشوور زۆرتر له‌ ده‌ و هیندوستان زۆرتر له‌ پازده‌ شێوه‌زاری ستانداردی هه‌یه‌. با هیچ دووریش نه‌ڕۆین، عێڕاق دووی هه‌یه‌. وای دابنێین که‌ ئه‌وه‌ ڕاسته‌ که‌ بڵێین یه‌ک نه‌ته‌وه‌ ده‌بێ به‌س یه‌ک زمانی ستانداردی هه‌بێ. ئه‌گه‌ر‌ ئه‌وه‌ ڕاست بێ، ده‌بێ پێچه‌وانه‌که‌شی ڕاست بێ، واته‌ ده‌بێ بتوانین بڵێین که‌ هه‌ر زمانێکی ستاندارد به‌س هی یه‌ک نه‌ته‌وه‌ بێ نه‌ک هی چه‌ند نه‌ته‌وه‌، چونکه‌ ئه‌گه‌ر ئاوا بێ ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی که‌ یه‌کزمانیان هه‌یه‌ هه‌موو ده‌بن به‌ یه‌ک نه‌ته‌وه‌. ڕۆمانتیکه‌کانی ئاڵمانی، له‌وانه‌ فیخته‌، به‌ناوبانگ بوون بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م فکره‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ش ناتوانێ ڕاست بێ، چونکه‌ به‌ سه‌تان نموونه‌ له‌ دنیادا هه‌ن‌ که‌ زمانێک زمانی ده‌یان نه‌ته‌وه‌ و نه‌ته‌وه‌- ده‌وڵه‌ته‌. له‌و زمانانه‌ به‌ ساکاری ده‌توانین بیر بکه‌ینه‌وه‌ له‌ ئینگلیسی، فه‌ڕانسهیی، پورته‌قاڵی، ئێسپانیایی و هتد. ئه‌و کوردانه‌ی په‌یڕه‌وی له‌ ئایدیۆلۆژیی نه‌ته‌وه‌- دوڵه‌ت ده‌که‌ن و پێیان وایه‌ که‌ یه‌ک نه‌ته‌وه‌ ده‌بێ ته‌نیا یه‌کزمانی ستانداردی هه‌بێ، قه‌ومیی بیر ده‌که‌نه‌وه‌. ئه‌وانه‌ قه‌وم و نه‌ته‌وه‌یان لێ تێک چووه‌. ئه‌وه‌ قه‌ومه‌ که‌ زۆربه‌ی کاتان به‌ زمانێکی شاز پێناسه‌ ده‌کرێ نه‌ک نه‌ته‌وه‌. نه‌ته‌وه‌یه‌ک ده‌توانێ له‌ چه‌ند قه‌وم پێکبێ، هه‌ر به‌و پێیه‌ش چه‌ند شێوه‌زاری ستاندارد یان ناستانداردی هه‌بێ.
به‌ڵام ئایا ئه‌وه‌ ڕاست نییه‌ که‌ ده‌وڵه‌ت- نه‌ته‌وه‌کانی مۆدێرن به‌ پێی ئایدیۆلۆژی نه‌ته‌وه‌- ده‌وڵه‌ت دامه‌زران؟ با، ئه‌وه‌ زۆر ڕاسته‌. هه‌رچه‌ند وڵاتێکی وه‌کوو سویسرا تاقانه‌یه‌، زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ده‌وڵه‌ت- نه‌ته‌وه‌کانی مۆدێرن له‌ فه‌رانسه‌ و ئه‌مریکای کۆتایی چه‌رخی هه‌ژده‌وه‌ بگره‌ هه‌تا ئێران و تورکیای سه‌ره‌تای چه‌رخی بیسته‌م به‌و فیکره‌ دامه‌زران که‌ یه‌ک نه‌ته‌وه‌- ده‌وڵه‌ت ده‌بێ به‌س یه‌کزمانی ستانداردی هه‌بێ. به‌ڵام، ئه‌وه‌ سه‌رده‌مێکی دیکه‌ بوو و، به‌ نرخی پێشێلکردنی مافه‌ زمانییه‌کان و سه‌رکوتکردنی که‌مینه‌کان کرا. ئێستا هه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌ی که‌ سه‌رده‌مانێک زمانگه‌لی وه‌کوو "گه‌یلک" و "وێلز"یان له‌ بریتانیا سه‌رکوت ده‌کرد ئه‌مڕۆ به‌ میلیۆن و بیلیۆن دۆڵار خه‌رج ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ که‌ ئه‌و زمانانه‌ ببووژێننه‌وه‌ و ده‌وڵه‌مه‌ندتریان بکه‌ن. بۆ؟ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ که‌ بۆیان ده‌رکه‌وتووه‌ که‌ بێجگه‌ له‌ لایه‌نی مافی مرۆڤ و زمانی، خوێندن به‌ زمانی خۆماڵی هه‌م بۆ سه‌رکه‌وتوویی له‌ خوێندندا باشه‌، هه‌م بۆ ئابووری باشه‌ و هه‌م بۆ یه‌کگرتوویی نه‌ته‌وه‌یی باشه‌. ئه‌وه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی فکری پێشووی نه‌ته‌وه‌- ده‌وڵه‌ت بوو که‌ پێی وابوو جۆراوجۆریی زمانی ده‌بێته‌ هۆی لێکهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی وڵاتێک. هه‌رچه‌ند ئه‌مه‌ش ڕوویداوه‌، به‌ڵام به‌ درێژایی مێژوو زۆرترین گیروگرفتی قه‌ومی و ناکۆکی و ناڕێکی نه‌ته‌وه‌یی له‌و وڵاتانه‌دا هاتوونه‌ پێش که‌ حاشایان له‌ بوونی زمانه‌کانی دیکه‌، کولتووره‌کانی دیکه‌ و قه‌ومه‌کانی دیکه‌ی ناو وڵاتێک کردووه‌. با هیچ دوور نه‌ڕۆین، بڕواننه‌ وڵاته‌ دراوسێکانی کوردستان.
ئێستا‌ چ بکرێ باشه؟
به‌زووترین کات پێویسته‌ لێژنه‌یه‌ک دابمه‌زرێ بۆ ساغبوونه‌وه‌ له‌ سه‌ر باشترین و گونجاوترین به‌رنامه‌ و پلانی زمانی بۆ کوردستانی باشوور. ئه‌و لێژنه‌یه‌ باشتره‌ به‌رنامه‌ی زمانی بۆکوردستانی باشوور دابڕێژێ، نه‌ک کوردستانی گه‌وره‌. هه‌ندێک له‌و ئه‌رکه‌ سه‌ره‌کییانه‌ی که‌ وه‌ها لێژنه‌ یان ده‌زگایه‌ک ده‌بێ رایانپه‌ڕێنێ بریتین له‌:
(1) یان هیچ شێوه‌زارێک له‌ کوردستانی باشوور نه‌بێته‌ ره‌سمی (هه‌رچه‌ند کورمانجیی خواروو ڕه‌نگه‌ دو فه‌کتۆ، به‌ کرده‌وه‌، ره‌سمی بێ)، یان ئه‌گه‌ر بڕیاره‌ که‌ زمانی ره‌سمی هه‌بێ، با کورمانجی ژوورووش ببێته‌ ره‌سمی، لانی که‌م له‌و پارێزگایه‌دا که‌ قسه‌ی پێده‌کرێ (د‌هۆک). بۆچی؟ هه‌ندێک له‌ ئاکامه‌کانی داسه‌پاندنی یه‌کزمانی ستاندارد ئه‌مانه‌ن: (ئـ) سووکایه‌تیکردن به‌ ئاخێوه‌رانی شێوه‌زاره‌ ستاندارده‌که‌ی دیکه‌.‌ له‌ ئاکامدا ئه‌وانه‌ی وه‌پشتگوێ خراون له‌وانه‌یه‌ تووشی خۆبه‌که‌مزانین ببنه‌وه؛ (ب) پێشێلکردنی مافی زمانی و له‌ ئاکامدا مافی مرۆڤ. پێشگرتن له‌ ئاخێوه‌رانی زمانه‌ بچووکه‌کان که‌ هه‌ر ئه‌و خوێندن و ده‌ره‌تانه‌یان هه‌بێ که‌ زۆربه‌ هه‌یه‌تی؛ (پ) بێبه‌شکردنی هه‌موو منداڵانی کوردستان له‌ خوێندن به‌ شێوه‌زارێک که‌ نزیکه‌ له‌ زمانی ماڵ و جڤاته‌که‌یان؛ (ت) داسه‌پاندنی یه‌ک کولتووری هه‌ژمۆنیانه‌ (ده‌سه‌ڵاتدار) و یه‌ک شێوه‌ بیرکردنه‌وه‌. ئه‌مه دوو ڕێگا ده‌خاته‌ به‌رده‌م زمانه‌ بچووکه‌کان، یان توانه‌وه،‌ یان خۆڕاگری و موقاومه‌ت. ئه‌وه‌ش ئاکامه‌که‌ی زۆربه‌ی کاتان ده‌ستپێکردنی شه‌ڕوهه‌ڵڵا و ناکۆکییه‌.
(2) له‌ سه‌رانسه‌ری کوردستان به‌ هه‌ردووک شێوه‌زار ده‌رس بخوێندرێ. ڕێژه‌ی ڕاده‌ی خوێندنی هه‌ر شێوه‌زارێک له‌ ناوچه‌یه‌ک یان پارێزگایه‌ک به‌ پێی ژماره‌ی دانیشتوانی ئاخێوه‌رانی شێوه‌زارێک له‌و ناوچانه‌ ده‌بێ بگۆڕدرێ. بۆ وێنه‌ له‌ سلێمانی زۆرتر به‌ کورمانجیی خواروو بخوێندرێ.
(3) ده‌ره‌تان بڕه‌خسێ، له‌ لایه‌ن ئه‌و لێژنه‌وه‌ یان شتێکی له‌و بابه‌ته‌ به‌ بودجه‌ی دیاریکرا و ده‌سه‌ڵاته‌وه،‌ بۆ ئه‌وه‌ که‌ دوو شێوه‌زاره‌ ستاندارده‌که‌ یه‌کده‌ستتر بکرێن، به ‌ڕۆشنبیرتر و زانیستییانه‌تر بکرێن. فه‌رهه‌نگی باوه‌ڕپێکراوی هه‌مه‌لایه‌نه‌یان بۆ دروست بکرێ، کتێبی ڕێزمان و ڕێنووس و فه‌رهه‌نگی هه‌مه‌په‌سه‌ندیان بۆ ئاماده‌ بکرێ.
(4) ئیمکانات دابین بکرێ بۆ ئه‌وه‌ که‌ ئه‌گه‌ر گه‌ره‌کیان بێ منداڵه‌کانی هه‌ورامیی و فه‌یلیی له‌ چه‌ند ساڵی سه‌ره‌تاییدا به‌ زمانی زگماکیان بخوێنن.
(5) له‌ هه‌ر حاڵه‌تێکدا ده‌بێ باڵانسێک، هاوسه‌نگییه‌ک هه‌بێ له‌ نێوان ڕێزگرتن له‌ مافی زمانی شێوه‌زاره‌ بچووکه‌کان و ده‌ره‌تان ڕه‌خساندن بۆ هه‌موو لایه‌ک که‌ فێری زمانی سه‌ره‌کیی زانست و بازاڕ و میدیا بن، بۆ ئه‌وه‌ که‌ له‌ هه‌ڵسووڕانه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و ئابوورییه‌کانی گشتیی کوردستاندا وه‌دوا نه‌که‌ون. ئه‌وه‌ وه‌ڵامی ئه‌و نیگه‌رانییه‌ ده‌داته‌وه‌ که‌ له‌ لایه‌ن هه‌ندێک که‌سی دژی جیاوازیی زمانی هاتۆته‌ گۆڕێ. که‌ گۆیا ئه‌گه‌ر منداڵانی هه‌ورامان بۆیان هه‌بێ به‌ زمانی زگماکی خۆیان بخوێنن ئه‌وه‌ هه‌موو گه‌ڕه‌کێک داوای ئه‌وه‌ ده‌کا. ئه‌وه‌ بۆچوونێکی بێ ئینسافانه‌یه‌. هه‌ورامان گه‌ڕه‌کێک نییه‌، زمانی هه‌ورامییش له‌هجه‌ و ڕاوێژی کۆمه‌ڵایه‌تی ناو شارێک یان جیاوازیی له‌هجه‌ی شارێک له‌ گه‌ڵ گونده‌کانی نییه‌. ‌
(6) به‌رنامه‌ دابندرێ که‌ زمانگه‌لی وه‌کوو عه‌ڕه‌بی و ئینگلیسی له‌ چ قۆناخێکدا و بۆ چ ماوه‌یه‌ک بخوێندرێن.
به‌ کورتی کوردستانی باشوور پێویستی به‌ لێژنه‌یه‌ک یان ده‌زگایه‌ک هه‌یه‌ که‌ به‌ پله‌ی یه‌که‌م له‌ لێزانانی زمانناسیی کارکردیی و پاشانیش له‌ لێزانانی پێخوێندن، میدیا و سیاسه‌ت و بواره‌کانی دیکه‌ پێکبێ، بۆ ئه‌وه‌ که‌ به‌رنامه‌ و پلانێکی به‌جێ و ڕێکوپێک و گونجاو بۆ ئه‌و هه‌رێمه‌ دابڕیژن. ئه‌و ده‌زگایه‌ ده‌بێ به‌ر له‌ هه‌موو شت به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵکی کوردستانی له‌ بابه‌ت خوێندن‌ و هه‌ڵسووڕانی کاروباره‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌کانه‌وه‌ له‌به‌رچاو بێ. ئه‌وه‌ش کاتێک مسۆگه‌ر ده‌بێ که‌ مافی زمانی و مرۆڤیی هه‌موو توێژ و چینه‌کان و مه‌ڵبه‌نده‌کانی کوردستان له‌به‌رچاو بگیردرێن. ئه‌و به‌رنامه‌ و یاساگه‌له‌ ده‌بێ دابندرێن و به‌ڕێوه ‌ببردرێن که‌ مافی هاووڵاتێتی هه‌موو لایه‌ک به‌ پێی پێویست بپارێزێ، به‌و جۆره‌ که‌ خه‌ڵکی مه‌ڵبه‌نده‌ جیاوازه‌کان و ئاخێوه‌رانی زمانه‌ جیاوازه‌کان بڕوا بکه‌ن که‌ له‌ نیشتمانی خۆیاندا ده‌ژین.
نیشتمان ئه‌و شوێنه‌ نییه‌ که‌ شێوه‌زارێکت به‌سه‌ردا داسه‌پێنن، جا با ئه‌و شوێنه‌ ناوی کوردستان بێ، عێراق بێ یان ئێسپانیا بێ. پێناسه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی هه‌ر به‌ زمان دیاری ناکرێ. چونکه‌ زمانی "گانا"یییه‌کان ئینگلیسیه،‌ ئه‌وه‌ نه‌ نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ گانایییه‌کان ئێستا ئینگلیسین و، نه‌ نیشانه‌ی ئه‌وه‌شه‌ که‌ گانا نه‌ته‌وه‌ و وڵاتی سه‌ربه‌خۆ نییه‌. بێجگه‌ له‌ زمان پێناسه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی به‌ زۆر شتی دیکه‌ دیاریده‌کرێ وه‌کوو خاک، کولتوور، مێژوو و ئه‌زموونی رابردوو، پێکه‌وه‌ژیانی هه‌نووکه‌یی و هه‌روه‌ها ئاوات و مه‌یلی پێکه‌وه‌ژیان له‌ داهاتوودا. لانی که‌م له‌ سه‌ت ساڵی ڕابردوودا، زمان هۆی به ‌یه‌که‌وه‌ گرێدانی خه‌ڵکی کوردستانی باشوور نه‌بووه‌، به‌ڵکوو چه‌وسانه‌وه‌ی هاوبه‌ش، خه‌باتی هاوبه‌ش، دوژمنی هاوبه‌ش و هیوا و ئامانج بۆ چێکردنی کیانێکی هاوبه‌ش هۆی یه‌کگرتوویی ئه‌وان بووه‌. ئه‌وانه‌ی که‌ پێیان وایه‌ هه‌بوونی زۆرتر له‌ یه‌ک شێوه‌زاری ستاندارد له‌ کوردستانی باشوور ده‌بێته‌ هۆی دووبه‌ره‌کی له‌ هه‌ڵه‌ دان. ئه‌و دوو شێوه‌زاره‌ چه‌ند سه‌ده‌یه‌ که‌ جیاواز بوون. ئه‌و جیاوازییه‌ش نه‌بووه‌ به‌ هۆی له‌تبوونی کوردستانی باشوور. پێڕاگه‌یشتن به‌ هه‌ردووکیان و ڕوانین له‌ هه‌ردووکیان به‌ شێوه‌یه‌کی به‌رانبه‌ر و یه‌کسان ته‌نیا ده‌بێته‌ هۆی زۆرتر ته‌بایی و له‌یه‌کنزیکبوونه‌وه‌یان. له‌ سه‌رده‌می به‌جیهانیبوون، په‌ره‌گرتنی جڤاته‌ تاراوگه‌کان، جۆراوجۆرتربوونی کۆمه‌ڵگه‌کانی ئنیسانی و، بڵاوبوونه‌وه‌ و به‌هێزبوونی میدیا دیجیتاله‌کانی سنوورپه‌ڕێندا، چیتر پێویست ناکا و ناشکرێ که‌ یه‌ک نه‌ته‌وه‌ به‌ زه‌بروزه‌نگ دابمه‌زرێ. ئه‌گه‌ر بکرێ، ئه‌وه‌ پێی ده‌ڵێن دیکتاتۆرییه‌ت و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ. ئه‌وه‌ش ساکارترین و ته‌مبه‌ڵانه‌ترین کاره‌ که‌ مرۆڤ ده‌توانێ بیکا، چونکه‌ زه‌بروزه‌نگ و کوشتن و بڕین پێویستی به‌ بیرکردنه‌وه‌ی قووڵ و ڕاوته‌گبیر و ڕاوێژ و دیالۆگی چڕوپڕ نییه‌. ئه‌وه‌ی که‌ پێویستی به‌ ئه‌مانه‌یه‌ بریتییه‌ له‌ دۆزینه‌وه‌ی گونجاوترین ڕێگا بۆ په‌روه‌رده‌کردنی یه‌کیه‌تی له‌ ناو کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی جۆراوجۆردا. ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌و ئه‌رکانه‌ی که‌ به‌ ڕاستی له‌ ئینسان ده‌وه‌شێنه‌وه‌ تا ئێستا زه‌حمه‌تتر و گرانتر بوون له‌و ئه‌رکانه‌ی که‌ دیکتاتۆره‌کان و داسه‌پێنه‌رانی هه‌ژمۆنی پێی ناسراون .
-----
به‌شێکی زۆر له‌و که‌سانه‌ی له‌ سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ نووسیویانه‌ پێیان وایه‌ که‌ زمانی ستاندارد بریتییه‌ له‌ زمانی ره‌سمی و به‌پێچه‌وانه‌ش. وا نییه‌. ده‌کرێ زمانێک ستاندارد بێت به‌ڵام ره‌سمی نه‌بێت. هه‌ڵبه‌ت هه‌موو زمانه‌ ره‌سمییه‌کان که‌متازۆر ستانداردن.

تێبینی : ئه‌م وتاره‌ی به‌ڕێز جه‌عفه‌ری شێخولئیسلامی له‌ ژماره‌ی436ی ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی ، چوارشه‌مۆ 2008/7/2 لاپه‌ڕه‌ی 17و19 دا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌. به‌ سپاس بۆ نووسه‌ر و بڵاوکه‌ره‌وه‌ بۆ ئاگاداری و که‌لک لێوه‌رگرتنی هۆگرانی زمان ، دیسان له‌ ڕوانگه‌ دا ىلاوی ده‌که‌ینه‌وه‌

No comments: