به‌سه‌رهاتی حه‌سۆ و مامه‌ی مه‌نگوڕ
باسی کوردستان له ڕۆژنامه‌ی "آذربایجان" دا - 23
به‌سه‌رهاتی حه‌سۆ و مامه‌ی مه‌نگوڕ
بابه‌تی ئه‌مجاره‌ی "ڕوانگه" وه‌رگێڕانی ده‌قی ته‌واوی چیرۆکه شێعری "کوردلر" ه که سه‌رباسی "به‌سه‌رهاتی حه‌سۆ و مامه‌ی مه‌نگوڕ"مان بۆ داناوه . وه‌ک پێشتر ئاماژه‌ی پێکرابوو، ئه‌و چیرۆکه شێعره له 24 ژماره‌ی په‌یتا په‌یتای "آذربایجان" دا بڵاو بووه‌ته‌وه، به‌ڵام هیچ زانیارییه‌ک نه له مه‌ڕ شاعیر "هوڤانێس غوکاسیان" و نه ئه‌وه‌ی که بابه‌ته‌که له چ زمانێکه‌وه وه‌رگێڕدراوه باس نه‌کراوه.
به به‌راورد کردن له گه‌ڵ وه‌رگێڕانی دوو شێعری هێمن و هه‌ژار له لایه‌ن وه‌رگێڕ موزه‌فه‌ری دره‌فشی یه‌وه به زمانی ترکی ئازه‌ربایجانی، ده‌کرێ به دڵنیاییه‌وه بڵێین ئه‌م ده‌قه‌ش له شێعره‌وه به شێعر وه‌رگێڕدراوه، به‌ڵام له چ زمانێکه‌وه، کوردی، فارسی، هه‌رمه‌نی، ڕووسی؟ نازانین.
هیوادارین بکرێ هه‌م سه‌باره‌ت به ده‌قی ماکی ئه‌و چیرۆکه شێعریه و هه‌م نووسه‌ره‌که‌ی زانیاری وه‌ده‌ست بهێنین. وێنه‌ی په‌یوه‌ست له کۆلێکسیۆنی وێنه‌کانی عه‌لی خانی والی که له زه‌مانی ناسردین شای قاجار سه‌ری سابڵا‌غ و ده‌ور و به‌ری داوه، وه‌رگیراوه و ئه‌گه‌رچی پێوه‌ندێکی ڕاسته‌وخۆی به نێوهۆکی ئه‌و چیرۆکه‌وه نییه، به‌ڵام ناڕاسته‌وخۆش بێ پێوه‌ندی مه‌ئموورانی ده‌وڵه‌ت و کوردان ده‌درکێنێ.
کوردلر
"داستان"
کورده‌کان
"چیرۆکه شێعر"
هوڤانێس غوکاسیان
وه‌رگێڕان : موزه‌فه‌ری دره‌فشی
له ترکی ئازه‌ربایجانییه‌وه: حه‌سه‌نی قازی
به‌سه‌رهاتی حه‌سۆ و مامه‌ی مه‌نگوڕ
من شاعیری کوردستانم
نێوی هۆزه‌که‌م مه‌نگوڕه
نه ده‌زانم ترس چییه و
نه له مردنیش ده‌ترسێم
له نێو هۆزکهماندا ڕێوڕه‌سمێک هه‌یه:
سینگمان سه‌نگه‌ره
چ باجێک ناده‌ین به دوژمنانمان
دنیا چاکمان ده‌ناسێ
له منداڵییه‌وه چه‌ک و فیشه‌کدان
دوستانی ههرهبه وهفامانن
نیشتمانی به‌رزمان ده‌پارێزین
له سه‌ر پشتی ئه‌سپ، به گه‌وره و پچووک
نه ده‌زانم زێڕ چییه،نه جه‌واهێرات
کارابینهکهم بۆ بێنه
تا ئازایانه شه‌ڕه‌فی
عێلی خۆم بپارێزم
ده‌رسی ئازایه‌تی
له لانکی دایکی نیشتماندا فێر بووم
ئێمه وه‌ک قاره‌مان
له داوێنی چیاکان‌دا په‌روه‌رده کراوین
ده‌با دووکه‌ڵ سه‌ری شاخان به ته‌م بگرێ
ده‌با ئاوی ده‌ریاکان هه‌ستێ
ده‌بێ ئه‌وه‌ی به چاوی خراپ چاو له خاکم ده‌کا
خه‌نجه‌ر سینگی توێ توێ بکا
ئێمه به ئازادیی پێگه‌یشتووین
به‌رگی کوردی کفنمانه
نیشتمان ته‌سلیمی جه‌لادانی
خوێنخۆر نابێ
ده‌با شه‌ربه‌ت و قه‌نداو ببنه ژار
ده‌با له‌گه‌ڵ خزم و برا یه‌ک بین و
خاک و نیشتمانمان
سه‌ر له به‌ر زاڵم دانەنەوێنێ
ببیه‌ن ئه‌ی گشت عێله‌کان!
له سه‌ر شه‌ڕه‌فی مه‌نگوڕه‌کان
چێرۆکێکم هه‌یه با بۆ ئێوه‌ی بگێڕمه‌وه
ئه‌و چیرۆکه‌ی له دڵێکی برینداره‌وه دێ
به بیستنی ئه‌و چریکه‌یه، نه پیر و نه لاو
مه‌ده‌ن له پڕمه‌ی گریان
ئێمه شیوه‌ن و هاوارمان پێ خۆش نییه
چونکه عێله‌که‌مان مه‌نگوڕه
ئه‌مڕۆ ده‌فته‌ری سینگم بۆ ئێوه ده‌که‌مه‌وه و
باستان بۆ ده‌که‌م
بۆ ئه‌وه‌ی ببینن حه‌سۆی قاره‌مان
له ژیانی خۆیدا چی کرد
ئه‌و قاره‌مانێکی به شه‌ڕه‌ف بوو
له توڵه‌سه‌ندنه‌وه خۆش بوو
له ماڵی خۆیدا
له ئینسانێکی خایین خۆش بوو
ئه‌و په‌نای دا به "مامه"
دڵی له گه‌ڵ چاک کرده‌وه
چاوی خۆی له تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه قووچاند
بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕه‌فی عێل بپارێزێ
ئه‌و گیانی خۆی کرده قوربانی
بۆ ئه‌وه‌ی دایکی نیشتمان نه‌مرێ؛
به گه‌نجی و به ناکاوی مرد
به گولـلەی ژاندارم سارد بووه‌وه
به‌ڵێ مامه‌ی قاره‌مان مرد
لاو بوو، قاره‌مان بوو
ده‌یزانی ناوی به شه‌ڕه‌ف
قاره‌مانان ده‌ڕازێنێته‌وه
ئێستا حه‌سۆ له سه‌ر لووتکه‌ی شاخی ڕاکشاوه
هه‌یکه‌لی جوامێرانه‌ی وه‌ک ته‌پۆڵکێک وایه
له به‌رانبه‌ریدا گیا و زه‌مه‌ند بە دیارەوەن
گیا و گۆڵ شه‌پۆل ده‌ده‌ن، وه‌ک نوخشه وان
به‌ڵام له دڵی پڕ له غه‌می حه‌سۆ دا
دووکه‌ڵی تاریکیی پر له ئێش هه‌ڵده‌ستێ
ئه‌و هه‌ستی ده‌کرد زەبرێکی گران
دڵی سووتاندووه،سینگی سمیوە
زه‌مانی ڕابردووی وه‌بیر ده‌هاته‌وه
وە بیر ژنی جوان و دڵڕفێنی خۆی ده‌که‌وێته‌وه
زێنێی چاو ڕه‌ش، زێنیی دڵبه‌ر،
ئه‌و بیره‌وه‌رییه هاواری دڵی ده سینگی دا ده‌خنکێنێ
ئه‌ی زێنێ، ئه‌ی یاری خۆشه‌ویستم!
ئه‌تۆ به‌خته‌وه‌ریت بۆ من نه‌هێنا
ئاخ مامه، ئه‌ی دنیا ، هه‌ی هاوار زێنێ، زێنێ!
حه‌یف و مخابن ئێستا ئه‌مڕۆ نازانم له کوێی؟
چ زوو گوڵستانی ئه‌وینم پاییزی بەسەردا هات
چ زوو به‌خته‌وه‌ری له ده‌ستم ده‌رچوو
به ته‌نێ منی له گه‌ڵ ڕزقۆ به‌جێهێشت و ڕۆیی
هاوار زێنێ، نێوی به‌رزت له زمانم ناکه‌وێ
حه‌سۆ مژ له قه‌ننه‌که‌ی ده‌دا
له ده‌ریای خه‌یاڵاتدا نوقم بووه
بیره‌وه‌رییه‌کانی ڕابردوو هێرشیان کردووه‌ته سه‌ری
ئاخره‌که‌ی دێ و خۆی له به‌رانبه‌ر مامه دا ده‌بینێته‌وه
له کنه خۆی مامه، دۆستی من بوو
به‌ڵام زێنێی هه‌ڵگرت و ڕۆیی
حه‌سۆی تووڕه خه‌نجه‌ری تیژی
بۆ ئەستاندنەوەی تۆڵه له تارمایی مامه هه‌ڵکێشا
مامه شوان بوو، قاره‌مان بوو
هه‌موو هۆبه سوێندیان به سه‌ری ده‌خوارد
مامه پیاوێکی ئه‌مین بوو، کوڕی پیاوان بوو
قه‌ت خەیانەتی به هاوڕێی خۆی نه‌ده‌کرد
ده‌سکی سه‌ده‌فی خه‌نجه‌ره‌که‌ی
به مه‌رجان ڕازابووه‌وه
ڕوانینه دڵپاکانهکانی
پلەی شانازیی پیاوەتییان به‌رزتر ده‌کرده‌وه
چه‌نده ڕۆژی خۆشیان به یه‌که‌وه تێپەڕاندبوون
له گه‌ڵ حه‌سۆ، چ له شاخی ، چ له هۆبه
چووبوونه ڕاوێ، ڕێیان بڕیبوو
هیچیان دۆستی خۆیان به فیڕۆ نه‌ده‌فرۆشت
زۆر جار دوای ئه‌وه‌ی باران لێی ده‌کرده‌وه
تیکانی ویشکەوەبوویان دەکرە دەستەچیلە و ئاگریان پێ دەکردەوە
به خۆشی و دڵ‌پاکی به یه‌که‌وه چایان ده‌خوارده‌وه
هه‌ی فه‌له‌ک، که‌س نازانێ چت له بن سه‌ری دایه
ئه‌وه هه‌ر مامه بوو ڕزقۆی پچکۆڵانه،کوڕی حه‌سۆی،
له چنگ شه‌پۆلی چۆمی ڕزگار کرد
ئینسان هه‌ر ده‌بێ دۆستی وای هه‌بێ
ئه‌وه ده‌بینێ مامه‌ی قاره‌مان له ئاوێ هاتووه‌ته ده‌رێ
هێشتا دڵۆپی ئاو له سه‌ر و سه‌کوتی ده‌تکێ
ڕزقۆی ژیکه‌ڵانه‌ی به سینگییه‌وه گوشیوه و
نوورێکی پاک له ڕووی هه‌ڵده‌ستێ
له کاتێکدا به‌ره‌و حه‌سۆ دێ،
ده‌ست به سه‌ری ڕزقۆ دا ده‌هێنێ و ده‌ڵێ
ته‌ماشای حه‌سۆ، قژی ڕه‌شی ڕزقۆ
چه‌نده وه پرچ و که‌زی زێنێ ده‌چێ!
حه‌سۆ بزه‌یه‌کی دێتێ و ده‌ڵێ ئه‌ی چی؟
ڕزقۆ کوڕی حه‌سۆ و زێنێیە
دیاره کوڕ ده‌بێ وه دایکی بچێ
به‌ڵام ئه‌و، به‌و مه‌به‌سته ئه‌و قسه‌یه‌ی نەدەکرد
ئاخ حه‌سۆ ئه‌و ده‌می چه‌نده غافڵ بووی
مامه‌ی دۆستی خۆت هەڵیفریواندی
گشت عاده‌ت و ڕێوشوێنێکی له بیر خۆی برده‌وه و
له به‌ر زێنێ، ئەتۆی فرۆشت
حه‌سۆ دیسان مژێک له قه‌ننه‌که‌ی ده‌دا
باڵنده‌ی خه‌یاڵی به‌ره‌و ڕابردوو ده‌فڕێ
به‌ره‌و ئه‌و ڕۆژانه‌ی له شاخییه‌وه به‌ره‌و دێ هاتبوونه خوارێ
له نێو چارداخ دا سه‌ریان به قسه‌ی یه‌کدییه‌وه خه‌ریک بوو
زێنێ قژی ڕزقۆی شانه ده‌کا
حه‌سۆ له فکره‌وه چوو بوو، لە پڕ ڕا
مامه له ده‌رگاوه وه‌ژوور که‌وت
له کاتێکدا له به‌ر ڕق و تووڕه‌یی ده‌له‌رزی
ڕوی له حه‌سۆ کرد و گوتی: خه‌به‌رت هه‌یه
ئه‌وه دیسان ژاندارمی ده‌وڵه‌ت هاتووه‌ته‌وه دێی،
دیسان داوای باج ده‌کا
بڵێ بزانم ئینسان ده‌توانێ له ئه‌و بەسەرداسەپاندنە ده‌رببا؟
ئه‌من ماڵییات ناده‌م به سه‌گی ئاوا
له ساڵێک دا بۆ جاری دووه‌م
ئه‌من له به‌ر ئه‌و زوڵمه ده‌رنابه‌م، ماڵییات ناده‌م
ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له ووڵاتیش قاچاغ بم
حه‌سۆ ئه‌و کاته‌ی وه‌بیر دێته‌وه که دیتی
ژاندارم به خه‌نجه‌ری مامه که‌وت
مامه خوێنی خه‌نجه‌ره‌که‌ی پاک کرده‌وه و
به‌و کاره‌ی حه‌سۆی وه‌قسه هێنا!
ئای مامه ، ئه‌وه ژاندارمی شات کوشت
ئیدی ئه‌وه له عێلهکهت و له نیشتمان قاچاغ بووی
مامه گه‌ڕاوه و چاوێکی له زێنێ کرد و گوتی
هه‌ر ئێوه به سڵامه‌ت بژین، من ماڵاوا!
مامه هه‌ڵاتبوو، به‌ڵام فارسه تریاکییهکان
گوشاریان هێنا سه‌ر حه‌سۆ
به ئه‌شکه‌نجه و لێ ئه‌ستانی ماڵییاتی بێ سنوور
پرزه‌یان له حه‌سۆی بێچارە بڕی
ئه‌دی ئه‌وه مامه بوو، دۆستی بوو
ئه‌و ڕزقۆی له مردن ڕزگار کردبوو
له پڕ ته‌قه ته‌ق، ده‌نگێک به‌رز بووه‌وه
حه‌سۆ له به‌ر خۆیه‌وه گوتی: ده‌بێ ئه‌وه ده‌نگی چ بێ؟
حه‌تمه‌ن ئه‌وه ڕزقۆیه خه‌ریکی ڕاوه
ئێستا وه‌ک جه‌وانێکی ڕه‌شید وه‌حیساب دێ
ئه‌ی کارابینهکهم ،کێ چووزانێ
به‌ڵکوو ڕۆژێک دڵی ئیبلیسی پێ بسمم
ئه‌وه ڕزقۆیه ته‌قه ده‌کا، به‌ڵام لە کوێوە؟
له مێرگهوه یان له دۆڵێکی نیزیکه‌وه
حه‌سۆ چاو ده‌بڕێته دوورەدەستان
ده‌ڵێ چ شاخ بێ و چ دۆڵ ڕزق‌و ڕێی خۆی لێ ده‌رده‌کا
له به‌رانبه‌ری مێرگ و چیمه‌نێکی سه‌وز ڕاکشاوه
تێیدا باڵنده به ئازادی ده‌فڕن و تهرڵان گه‌مه ده‌که‌ن
سه‌رچاوه‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی له ڕۆژانی
به په‌ژاره و پڕ له داخ وه‌جۆش هاتووه و ده‌کوڵێ
قه‌ڵافه‌تی حه‌سۆ وه‌ک ته‌پۆڵکه‌یه‌ک وایه
قه‌ننه‌که‌ی دووکه‌ڵی لێ به‌رز ده‌بێته‌وه و
ئه‌وانه‌ی له دووره‌وه ئه‌و دیمه‌نه ده‌بینن
پێیان وایه ئه‌وه ته‌پۆڵکه‌یه‌که دووكه‌ڵ دایگرتووه
مخابن که چاره‌ڕه‌شه و ههڵفریواوه
دڵی به ژانه و پڕه له که‌سه‌ر و په‌ژاره و
ئه‌گه‌ر ئینسان دڵی به جه‌خار بێ
هه‌م ژین و هه‌م نیشتمانیش له خۆی تێکدەدا
له دڵی حه‌سۆ دا ئاورێکی کپ داپۆشراوه
بۆ که‌سێکی که قاره‌مان و بوێر بێ توڵه‌سه‌ندنه‌وه
به کارابینی کۆن واجبه، وه‌ک چۆن واجبه
نه‌ته‌وه‌یه‌کیش تۆڵه‌ی خۆی بکاته‌وه
دیسان ده‌نگی ته‌قه چیاکانی داگرتووه
حه‌سۆ گوێ له‌و ده‌نگ و ته‌قه‌یه هه‌ڵده‌خا
گرمه‌ی ده‌نگان دڵی ئه‌نگاوتووه
ئه‌و قاره‌مانه‌ی وه شۆر و شۆق خستووه
ده‌ڵێی ده‌نگه‌که له نیزیکه‌وه دەبیسرێ
له پڕ خشه خشێک وه‌ک ده‌نگی پێ دێتە بەر گوێ
ده‌ڵێی کێوه‌کان دهڕووخێنه نێو دۆڵه‌که
دۆڵ زاری کردووه‌ته‌وه و به‌ردان قووت ده‌دا
ده‌نگی ته‌په ته‌پ دێ. حه‌سۆ لای خۆی بیر ده‌کاته‌وه
به ڕاستیش نازانم ئه‌وه ده‌نگی چن
ئه‌ها! ده‌ڵێی ده‌نگی پێی که‌سێکه
به غاردان دێ و هەناسەبڕکەیەتی
وابزانم ئه‌وه جه‌عفه‌ری پیر بێ
به‌گ به دوای منی دا ناردووه
به ته‌قه‌که ڕا ده‌بێ ڕزقۆی کوڕم بێ
که که‌ره شه‌مامه‌یه‌کی ڕاو کردووه
یه‌قین قاره‌مانه‌که‌م، حه‌ول ده‌دا
نێچیره‌که‌ی خۆی باژوێ و به‌ره‌و ئه‌م ته‌پۆڵکه‌ی بێنێ
ئه‌ی کوڕی بێ ئه‌زموون کاره‌که تێکدەدەی
ئه‌و حه‌یوانه‌ی ئهنگاوتووته، به جوانی باژوێ
حه‌سۆ گوێ هەڵدەخا و واقی ووڕدهمێنێ
ئه‌و که‌سه‌ی که دێ ئاخ هه‌ڵده‌کێشێ؟ یان ناڵه ناڵ ده‌کا؟
ئه‌وه ڕزقۆ نییه، ئه‌ی ده‌بێ کێ بێ؟
هه‌زار خه‌یاڵ به بیری حه‌سۆ دا ڕادەبرن
ئه‌و که‌سه‌ی به دوایین نه‌فه‌سی خۆیه‌وه
به ته‌پۆڵکه‌که هەڵدەگەڕێ،زۆر نیزیکه
هێزی تێدا نه‌ماوه ، هومێدی بڕاوه
بۆ ئه‌وه‌ی خۆی بگه‌یێنێته ئێره چنگهڕکهیهتی
ئه‌ی خوڵایه ئه‌وه ده‌بێ کێ بێ؟ ئه‌وه کێیه قه‌ڵافه‌تی ده‌رده‌که‌وێ؟
به ئاسپایی ده‌بیسێ: " یا حه‌زره‌تی عومه‌ر"!
ئه‌وه میوانه؟ قاره‌مانه؟ یان پیاوێکی پیره؟
له کاتێکدا حه‌سۆ ئه‌ملا و ئه‌ولا بە خه‌نجه‌ری ده‌ستی ده‌کا
خۆی ده‌خاته پشتی ڕه‌وه‌زه به‌ردێک
بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ پێشی ئه‌و که‌سه‌ی دێ بگرێ؛
کێی! ڕاوه‌سته! کێی ڕاوه‌سته! ده‌نا لێت ده‌ده‌م
ئای..! ده‌بینێ ئه‌وه مامه‌ی قاچاغه! خۆی ده‌کشێنێته‌وه.
حه‌سۆ ده‌ڵێ:
مامه نه‌مده‌زانی. دڵنیا نه‌بووم له‌وه‌ی لێره بی
وه‌ک ده‌زانی له کۆنه‌وه ئێره ته‌پۆڵکی ئێمه‌یه
ئه‌من له ئاوی ئه‌و کانییه‌م ده‌خوارده‌وه
که توو حه‌قی خوارهدنهوهیم پێ ناده‌ی!
هه‌رچه‌ندی لێم خوارده‌وه، دیسان هه‌ر تێرئاو نه‌بووم
ئۆف کانی! ئۆف ته‌په، ئۆف دایکی نیشتمان!
حه‌سۆ:
مامه له کاتی قسه کردندا چاو له من ده‌که‌ی
ئه‌من زۆرم پێ خۆشه هه‌ر ئێستا
ئه‌و قسانه‌ی له دڵمان دایه بۆ یه‌کتریمان درکاندبایەن
زوو قسه‌ی دڵی خۆمان ده‌ربڕیبا
ئه‌من مامه‌ی قاچاغم، بریندارم
ئه‌وه ڕاو نراوم، یارمه‌تیم ده‌وێ
ئاخ حه‌سۆ هێشتا لاوم، به ناکاوی ده‌مرم
حه‌سۆ:
دوور به‌وه، دوور به‌وه ئه‌ی بێ شه‌ڕه‌فی خائین!
جارێکی دیکه ئه‌م حه‌سۆ شوانه ههڵنافریوێندرێ
زه‌مانێک حه‌سۆ ئه‌تووی له گیانی خۆی خۆشتر ده‌ویست
له هه‌موو به‌ڵایه‌ک ده‌یپاراستی
به‌ڵام چاو له‌م خه‌نجه‌ره تیژه بکه که ده‌بریقێته‌وه
بۆ ئه‌وه له به‌ر پشتێندی حه‌سۆ دایه
تا بۆ پاراستنی نامووس ببڕێ
مامه ده‌ڵێ:
ئاخ حه‌سۆ، ئه‌من لێت ده‌پاڕێمه‌وه گوێ بگره!
خوێنم له ڕێگای نیشتمان دا ده‌تکێ
هیشتا باسکه‌کانت هێزی قاره‌مانه‌تییان تێدایه
ئێمه‌ی کورد ڕێوشوێنمان وایه
به پێی شه‌ریعه‌ت ڕه‌سمێک هه‌یه
حه‌سۆ، ئه‌توو ئه‌و ڕه‌سمه باش ده‌زانی
ئه‌وه‌ی ئه‌من بیڵێم دووپاته کردنه‌وه‌یه
ئه‌و که‌سه‌ی داوای یارمه‌تی بکا، داڵده ده‌درێ
ئه‌و که‌سه‌ی په‌نای هێناوه ناهومێدی ناکه‌ن
داخودا پێغەمبەر ئاوای پێ ئه‌مر نه‌کردووین؟
حه‌سۆ:
به‌ڵام له حاڵێکدا خائینی بێ شه‌ڕه‌ف
نامووسی ئینسان له ده‌ستی بستێنێ
ده‌کرێ له به‌رانبه‌ر وی‌دا چ بکرێ؟
جگه له‌وه‌ی سینگی به خه‌نجه‌ر ههڵبدڕێ؟
مامه:
حه‌سۆ گوێت لێ بێ! سوێند ده‌خۆم به وه‌ی باوه‌ڕم پێیه‌تی
سوێند به قورئانی پیرۆز، سوێند به هه‌زاران حه‌قیقه‌ت
ئه‌من بڕووسکه‌یه‌کیش چییه گوناهم نییه
ئه‌من خەیانەتم به سه‌داقه‌ت نه‌کردووه
خوڵا، ته‌بیعه‌ت و هه‌تاو شاهیدی منن
ئه‌من خەیانەتم به ئه‌وینی ئێوه نه‌کردووه و
ناکه‌م ، ئه‌وه هه‌ڵه‌یه پێت وا بێ،
دڵنیام ڕاستی، هه‌ر به شاراوه‌یی نامێنێته‌وه
مامه:
ئێستا ژاندارمه‌کان به دوومدا دێن
ئیدی کوڕی عێل له ده‌ست ده‌چێ
له به‌رت ده‌پاڕێمه‌وه، نه‌فه‌سی دواییمه
ده‌رگاکانی ڕزگاریم به ڕوودا داخراون
ئه‌گه‌ر ئه‌توو مه‌نگوڕی، ئه‌گه‌ر پیاوی
حه‌سۆ، ئه‌وه من په‌نام بۆ توو هێناوه
حه‌سۆ ده‌ڵێ:
ده بڵێ، بڵێ، قسه‌کانت ده‌بیسم
ئه‌توو ئاوا ده‌ڵێی: "من بێ گوناهم"
که وابێ، زێنێ منی خۆش نه‌ده‌ویست بۆیه به جێی هێشتم
ئه‌گه‌ر ئاوا بێ ، من گشت ئه‌و لهحنهتانهی ناردوومه وه‌رده‌گرمه‌وه
کە هه‌موو به‌یانی و سهرلهنگۆران به بێزه‌وه
له تۆم کردوون.
ئه‌گه‌ر له دڵه‌وه بڵێی که زێنێ به دڵ
منی خۆش نه‌ده‌ویست و ئه‌توو ههڵتنهخهڵهتاندووه!
مامه:
ئای حه‌سۆ چووزانم، چۆنی بڵێم
نازانم ئینسان چه‌نده دهردهبا!
حه‌سۆ له دڵی گه‌نجی مامه دا
له کۆنه‌وه بڵێسه‌یه‌کی کز داییسا
جار جار گڕی ده‌گرت و جار جار سارد ده‌بووه‌وه
گه‌لۆ ئه‌و بڵێسه‌یه چ بوو؟ هێشتاش نازانم
نا! نا! زێنێ ژنی تۆ بوو و
ئه‌منیش که‌سێکی به شه‌هامه‌تی کورد
ئه‌وه‌ش ده‌زانی که کوردی به شه‌ڕه‌ف
به چاوی پیس و خائین له نامووسی
هاوڕێی خۆی ناڕوانێ!
من ئه‌و هه‌سته‌ی هه‌مبوو کوشتبووم
ئه‌و بڵێسه کزه کووژابووهوه و ئیدی نه‌مابوو
به‌ڵام به دزی هاتبوومه‌وه دێی
له شه‌وێکی تاریکانی، ترسێنه‌ر دا
له ده‌رگای چارداغهکهی ئێوه‌م دا
بۆ ئه‌وه‌ی توێشوو له گه‌ڵ خۆم به‌رمه شاخی
زێنێ که هه‌ر ده‌نگی ده‌رگای بیست
وه‌ک ئه‌وه‌ی وه‌خه‌به‌ر بێ هه‌ستا سه‌ر پێیان
ئه‌توو لە خەودا بووی به‌ڵام زێنێ
خه‌وی نه‌ده‌هات،ده‌رگاکه‌ی کرده‌وه
له‌کاتێکدا دڵی لێی ده‌دا، هاته پێشه‌وه
هه‌ر ئه‌و کارابینهم به ده‌سته‌وه بوو
ئه‌من گوێم له دڵه‌کوته‌ی په‌یتا په‌یتای ده‌بوو
سه‌رم له‌و حاڵه‌ی سووڕ مابوو
هه‌ستم ده‌کرد، ده‌یه‌وێ شتێک بدرکێنێ
له کاتێکدا ده‌نگی ده‌له‌رزی،
له کاتێک دا کوڵی گریانی له ئهوکێ دا بوو،به منی گوت...
حه‌سۆ:
باشه چی گوت؟ به ڕوونی قسه بکه
مامه:
ئاه حه‌سۆ! باسی ده‌ردی دڵی خۆی کرد
مانگ و نیوێک دوای ئه‌وه‌ی من قاچاغ بووم
ڕۆژێک مه‌ئموورێکی بووده‌ڵه‌ی مه‌حکه‌مه
له کاتێک دا له سه‌ر سفره‌ی تۆ دانیشتبوو،
ئه‌و سفرهیهت که پڕ بوو له نێعمه‌ت
دڵنیایی ده‌دا به توو که بێ ئه‌ملا و ئه‌ولا
بێتوو داوای پێداچوونه‌وه بکه‌ی یارمه‌تیت ده‌دا
ئه‌توو داوای ڕۆژی خۆشت بۆ کرد
له حاڵێکدا ده‌ستت بۆ به سینگه‌وه گرتبوو
ئه‌و کاتی مه‌ئمووری بێ شه‌ڕه‌ف که مه‌ست ببوو
چووه زگ زێنێ
زێنێ له‌و سووکایه‌تییه ئاوری تێبه‌ربوو
ئه‌توو ئه‌وه‌ت دی، به‌ڵام چاوت هه‌ڵبوارد
زێنێ له تووڕه‌یی و له داخان ڕه‌نگ و ڕووی سوور هه‌ڵگه‌ڕابوو
خوێنی سووری ئه‌و قاره‌مانه وه‌جۆش هات
شه‌ره‌فی وه‌خه‌به‌ر هات
سووکایه‌تی پێ کران ببوو به نیشانه‌ی
به‌ڵام ئه‌توو، ئه‌توو دیسان جامی مه‌ی
مهئموورهکهت پڕ کرده‌وه
کوا مهنگوڕکهسێکی ئاوایه؟!
مهنگوڕکهسێکه نامووس ده‌پارێزێ و ده‌زانێ شه‌ڕه‌ف چییه!
پیاڵەی مهشرووبهکهت به ده‌سته‌وه گرت
هه‌ر فه‌رموو، فه‌رمووت لێ ده‌کرد
ئه‌توو، شه‌ره‌ف،نامووس، ئابڕووت فرۆشت
هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی گیانی خۆت بپارێزی!
زێنێ ئه‌وانه‌ی گێڕاوه، گریا
گریا، دیسان هاته پێشتر
ئه‌م کاڕابینەمی ماچ کرد
چاوی لێکردم، له سه‌رمه‌وه تا پێیان
گوتی ئه‌ی قاره‌مان، ئه‌ی مامه‌ی بوێر!
ئه‌من ده‌بمه ژنی توو، ڕەگهڵت ده‌که‌وم
ئه‌من ئه‌م ژیانه تاڵه، ئه‌م بێ شهڕهفییه
ئه‌م مێرده بێ غیرهتهم به جێ ده‌هێڵم
حه‌سۆ جوامێر نییه،ئه‌و مه‌نگوڕ نییه
ئه‌و سه‌ری له به‌ر زوڵم دانه‌واند، ماڵییاتی دا
نیشتمان، عێل و شه‌ڕه‌فی فرۆشت
له کنه خۆی ڕه‌سم و ڕێوشوێنی عێلی باش ده‌زانی
حه‌سۆ ده‌ڵێ:
مامه ئه‌و قسانه‌ت ڕاستن؟
ئایا به ڕاستی ئه‌و شتانه ده‌ڵێی؟
مامه:
ئه‌و سوێندانه‌ی خواردمن دووپاته‌یان ده‌که‌مه‌وه
ئەمن ئه‌وه‌ی دەیڵێم ڕاستییه
ئه‌گه‌ر باوه‌ڕم پێ ناکه‌ی هه‌سته لێمده حه‌سۆ
لێمدە با ده‌رد و په‌ژاره له دڵت بڕه‌وێته‌وه
تۆڵه‌م لێ بکه‌وه با به ئاسووده‌یی بمرم
بۆ ئه‌وه‌ی دڵی تۆش خه‌م و گرێی تێدا نه‌مێنێ
مامه ده‌ستی له گیان و له دنیا هه‌ڵگرتووه
ئێستا ئه‌مڕۆ ئه‌وه مردن مامه‌ی ڕاو ناوه
با منیش بکه‌وم،به‌و جۆره‌ی که زێنێ
به گولـلەی ژاندارم پێکراو و که‌وته سه‌ر عه‌رزی
له حاڵێکدا که دڵی پڕ له حه‌سره‌تی لێی ده‌دا
دنیای به‌جێهێشت و چووه نێو ئاسمانان
ئه‌من له ترسی دوژمن بەدەنی باریکیم
له پهسیوێکدا وهشارد
زێنێ ده خه‌وێکی ئه‌به‌دییه‌وه چوو، ئیدی
وه‌خه‌به‌ر نه‌هاتووه‌ته‌وه،نه به تیرێژی سووری هه‌تاو و
نه به ده‌نگی ڕزقۆ
حه‌سۆ:
مامه! زێنێ مرد؟ ئاخ زێنێ مرد؟
ده‌ڵێی ژاندارم کوشتی؟
ئه‌ی هه‌تاو و ته‌بیعه‌ت هیچ یارمه‌تییه‌کیان نه‌دا؟
بۆ ده‌نا بینایی چاوان ئه‌و دیمه‌نه‌ی نه‌دی؟
مامه:
مه‌نگوڕ، بووکی زێڕی له ده‌ست دا
له‌حنه‌ت له دوژمنی نامه‌رد، هه‌زار له‌حنه‌ت
حه‌سۆ بۆ قسه ناکه‌ی، بۆ بێده‌نگی
داخودا ئه‌و زه‌بره کارت لێ ناکا؟
ئه‌و ڕۆژه‌ی که دوژمنانی ڕه‌شی فێڵه‌زان
به گولـلەی ڕه‌ش جه‌وانه‌کانمان و
کوڕه قاڕه‌مانه‌کانمان ناهێڵن و
شه‌ڕه‌فی عێل دهبهتڵێنن
ئه‌توو له به‌ر ئاسووده‌یی خۆت دیسانیش
به دڵی شاده‌وه ده‌ژی، ڕۆژ تێده‌په‌ڕێنی
له کاتێکدا خاکت ئاوری گرتووه و نیشتمانت ده‌سووتێ
به فکری ڕقه‌به‌ری، ته‌مه‌نت ژیاوی
به‌ڵام ئه‌توو به چاوی ئاسووده
له‌و هه‌موو ڕه‌نج و چاره ڕه‌شییه‌ی عێلێکهت چێشتوویه
ده‌ڕوانی
نیشتمانێک که هه‌موو ڕۆژێ ده چنگی زاڵمان دا
تووشی هه‌زار جۆره زه‌حمه‌ت ده‌بێ
حه‌سۆ .......
مامه ده‌ڵێ:
هه‌موو ڕۆژێ شه‌ڕه‌فی عێل پێشێل ده‌کرێ
خاکی نیشتمان هه‌زار سووکایه‌تی پێده‌کرێ
به‌ڵام ئه‌توو هه‌ر وا ته‌ماشا ده‌که‌ی و هیچ ناڵێی
ده‌کرێ جوامێرێک له‌و ڕه‌زاله‌ته دا بژی؟
حه‌سۆ ......
مامه:
ئه‌دی! وا ده‌رده‌که‌وێ ئێمه‌مانان
هیچ شتێک به هێچ کوێمان نابه‌ستێته‌وه، تۆڵه نه‌بێ
حه‌سۆ! حه‌سۆ ووڵامم ده‌وه!
هه‌ر ده‌مێک که تێده‌په‌ڕێ،من ئه‌وه‌نده‌ی دیکه ده‌تلێمه‌وه
ئێستا ژاندارمه‌کان ڕچه‌ی ئه‌و خوێنه‌ی ڕژاوه
هه‌ڵده‌گرن و ده‌گه‌نه سه‌رمان
دوژمنان هه‌ر دێ و نیزیک ده‌بنه‌وه
هیچ گولـلەم پێ نه‌ماوه خۆمی پێ بپارێزم
یان فیشه‌کم ده‌یه به دوژمنیه‌وه نێم
یان به خه‌نجه‌ر سینگم هه‌ڵدڕه
با به زیندوویی نه‌که‌ومه ده‌ست دوژمن و
کینه‌ی خۆشت له من له دڵت پاک که‌وه
ده‌زانم به مه‌به‌ستی تۆڵه ئه‌ستاندنه‌وه
له‌و ماوه‌یه دا زۆرم لێ گه‌ڕاوی
لێمدە! لێمدە! بۆخۆت بمکوژه
با ژاندارمه به هاسانی نه‌مگرن
حه‌سۆ ده‌ڵێ:
ئاخ مامه...، ئاخ مامه لێم ببووره
ئه‌من غافڵ بووم ! من گوناهکارم
سوێندم به نیشتمان، سوێندم به شه‌ڕه‌فی عێڵ
له‌م ده‌مه‌وه ئیدی، ئه‌من له‌گه‌ڵتم
هه‌ر بژین ئه‌و یارانی جوامێر
جگه له‌وان، ئێستا قاره‌مانی دیکه‌ش
له‌م ڕۆژه به‌ملاوه گیانی خۆیان به‌خت ده‌که‌ن
جوامێر ده‌بێ به شه‌هامه‌ت و بوێر بێ
ها مامه، ها به‌و گوللانه
پشتی دوژمن دابێژه
مخابن،ئێستا ڕزقۆ کارابینه دۆسته‌که‌می
بردووه‌ته ڕاوێ
ده‌نا ئه‌منیش سێره‌م له‌و په‌ستانه ده‌گرت
ڕه‌زمی کوردانمان نیشان ده‌دان
زه‌بری کوردمان نیشان ده‌دان
به مێژووی کۆن و قارەمانانەمان
ژاندارمی بوودهڵهمان ڕادەدا
له سه‌ر ڕووی ئه‌و خاکه خۆشه‌ویست و پیرۆزه؛
ئاخ ببووره، ئه‌من ئه‌وه ده‌ڵێم چی
له‌و حاڵه دا که ئه‌توو برینداری.
[به داخه‌وه ژماره‌ی 208ی "آذربایجان" به ده‌سته‌وه نییه و ده‌کرێ چه‌ند بڕگه‌یه‌ک له‌و چیرۆکهشێعره که‌م بێ]
ویزه‌ی گولـلەیهکی ڕه‌ش دێ
که‌وای مامه ده‌پێکێ و کوناودیوی ده‌کا
ئه‌مڕۆ ڕۆژێکی ڕه‌شه بۆ دوژمن
گولـلەی مامه وه‌کوو شیر ده‌بڕێ
ڕه‌شیده، هه‌یکه‌لی جوانه
له چاوه‌کانی دا پاکی هه‌یه، ئینسانییه‌ت هه‌یه
له ڕووی نووری ئازایه‌تی ده‌بارێ
له گوێی دا ئه‌و گواره‌یه‌ی له زێنێ به جێماوه-
گواره مه‌رجانه‌که- ده‌دره‌وشێته‌وه
ده‌سکه خه‌نجه‌ره سه‌ده‌فه جوانه‌که‌ی
کاری ئیسفه‌هانه، و به ته‌ڕده‌ستی کاری پێ کردووه
ساکۆیهکی خوری ده‌به‌ردایه
پشتێندی له شاڵی هاوریشمه و
ئه‌وه زۆر له به‌ژن و باڵای ده‌کاڵێته‌وه
خه‌نجه‌ره تیژه‌که‌ی دەبه‌ر پشتێندی ڕاکردووە
که‌س ده‌ستی نایگاتێ
ئه‌و ده‌مانچه نێرگانەی به قهدییهوهیه
به قەیتانێکی جوان گرێ دراوه
به‌ڵام هه‌ر چه‌ندی دڵیشی پاک بێ
سیمای، به‌ده‌نی، ڕوح و عەسەبی،
هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش ڕق و قینی له ئاست
ئیبلیس ترسێنه‌ر و قووڵه
ئێستا دووكه‌ڵی باڕووت سه‌ری ته‌پۆڵکه‌که‌ی داگرتووه
ده‌نگی کارابین به کێوان دا بڵاو ده‌بێته‌وه
له ته‌پۆڵکه‌که ئاگربارانه
برینێکی تازه، برینی کۆن ده‌کولێنێته‌وه
حه‌سۆی شوان، ئێستا له شمشاڵی ده‌تووڕێنێ
ئه‌و ده‌نگه به‌سۆزه، مامه‌ی وه شۆر و شۆق خستووه
هه‌ر ده‌ڵێی ده‌نگی بلوێڕهکه پێی ده‌ڵێ
لێخه جوامێر! نیشتمان مه‌ده به ناکه‌س!
لێخه، ئه‌و ژاندارمه‌ی هه‌ڵدێ بخه سه‌ر زه‌وی
لێخه، ده‌مێکیش ئه‌مان مه‌ده به دوژمن!
هەر زەبرێکی بە گوڕ که توو دهیوهشێنی،
ئه‌ی جوامێری قاره‌مان! نیشتمان ده‌پارێزێ
لێخه ئه‌ی هه‌ڵۆی سهرشاخانمان!
با ماری ده‌غه‌ڵ له نیشتمان مه‌حو بێته‌وه
قوڕقوشمی به سه‌ر دا بکه!
با دوژمنی یاغیت هاواری ئه‌مانی لێ هه‌ستێ!
لێخه مامه، لێخه مامه،دوژمن نیزیکه
بۆ ڕاوه‌ستاوی! بۆ لێناخەی؟
نه‌کا فیشه‌کت نەمابێ، نه‌کا ماندوو بووبی؟
ئای، ئه‌وه ده‌بینم هه‌نیه‌ت پێکراوه
ئه‌ی دۆستی خۆشه‌ویستم، ئه‌ی هاوڕێی عه‌زیزم!
خوێنی تۆ به فیڕۆ ناڕوا
ئه‌من کوردم، حهسۆم ، مهنگوڕێکی جوامێرم
شاهید به! ئه‌ی هه‌تاو، ئه‌ی شاخ، ئه‌ی دۆڵ!
هەتاکوو تۆڵه‌ی زێنێ، تۆڵه‌ی مامه،
تۆڵه‌ی دایکی نیشتمان، تۆڵه‌ی عێلهکهم،
نه‌ستێنمه‌وه له دوژمنی سووک،
هیچ هێزێک منی بۆ ناکووژرێ
حه‌سۆی جوامێر، حه‌سۆی ڕه‌شید،
ته‌ماشای کرد ئه‌وه هه‌تاو ئاوا ده‌بێ
پڕ به سییه‌کانی هه‌ناسه‌یه‌کی هه‌ڵکێشا
چاوێکی له هاوڕێی جوامێری کرد
ده‌بینێ بێ ئه‌وه‌ی جووڵه‌ی بێ که‌وتووه
ئه‌وه، ئاوری له دڵی به‌ردا
توڵه هه‌موو گیانی داگرت
به خوێنی ئاڵی هه‌تاو،
وه‌ک ئه‌وه وابوو شوانه ڕه‌نگ کرابێ
ئه‌و دیمه‌نه، ئه‌و کاره‌ساته
دڵی وه‌جۆش ده‌هێنا
ساكۆکهی له به‌ر داکه‌ند
له کاتێکدا ده‌چووه پشت ڕه‌وه‌زه به‌ردان
قاڕه‌مانی له باوه‌ش کرد
سیمای پیرۆزی ماچ کرد
ئه‌ی دۆستی گیانیم! مامه‌ی خۆشه‌ویست!
ئه‌ی کوردی قاره‌مان!
ئه‌ی شۆڕشگێڕی جوامێر!
ئه‌ی پاڵه‌وانی کوردستان!
ئه‌ی لاوی بێ باک!
ئه‌توو فیداکار بووی
ژیانێکی خاوێنت تێپه‌ڕاند و
ئه‌مڕۆ به شه‌ڕه‌فه‌وه سه‌رت نایه‌وه
نا، من هه‌ڵه‌م، تۆ نه‌مردووی
ئه‌توو نامری و هه‌ر زیندووی
ده نێو مێژووی گه‌لی کورد دا
له‌وه‌ی دواوه میلله‌ته‌که‌مان
له گۆرانییه‌کان دا یادی هیممه‌ت و
خزمه‌ته‌کانت ده‌کاته‌وه و
ئه‌وانه هه‌رگیز له بیر ناکرێن
به ئاسووده‌یی بنوو، ئه‌ی مامه‌ی جوامێر!
ئه‌من حهسۆم، هاوڕێی توو
ئاخ! ئه‌وه‌ی دەمژیێنێ
هه‌ر ته‌نێ تۆڵه‌یه‌که
به شه‌و و ڕۆژ له بیرتان دام
له هه‌ر نوێژ و دوعایه‌ک دا
هه‌م بیری زێنێ و هه‌م بیری توو
ئه‌من مه‌فتوونی ئه‌و دوو نێوه‌م
با سینگی پۆڵام ببێته سێرهی دوژمن
بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو عێله‌کان بزانن
ئه‌من مهنگوڕێکی به شه‌ڕه‌فم
با کوردستانیش ببیسێ
حه‌سۆش جوامێرێک بوو
ئه‌و له پێناو نیشتمان و شه‌ڕه‌فی دا
گیانی شێرینی کرده قوربانی.
له دۆڵ و ده‌ره بێده‌نگه‌کاندا دیسان ده‌نگی کارابین به‌رز بووه‌وه
ئه‌وه شوانی قاره‌مانی ئێمه حه‌سۆیه که کینه‌ی وه‌جۆش هاتووه!
کارابینی به ده‌سته‌وه بوو، به‌ره‌و دوژمن ته‌قه‌ی ده‌کرد،
ده‌ڵێ پێویسته له دوژمن یه‌کێکیش به زیندوویی نه‌مێنێته‌وه
ئێستا ئه‌وه ده‌نگی ئاوی چۆمه گۆرانی بۆ ده‌ڵێ
ئه‌وه ده‌نگی زێنێیە به ئه‌سپایی، به شنه‌دا
ڕادەسپێرێ: " لێخه جوامێر! "
هه‌تا دێ ئاڵقه‌ی گه‌مارۆیه‌که ته‌نگتر ده‌بێته‌وه
ژاندارمی بووده‌ڵه ده‌وریان داوه
لە سەر ئەو ته‌په مێژوویییە به شکۆیه حه‌سۆی جوامێر
گەمارۆ دراوە، به‌ڵام ئه‌و،قاره‌مانه و بڕووسکه‌یه‌کیش ترسی نییه
گۆیا خه‌به‌ری ئه‌و شه‌ڕه گه‌یوه‌ته هه‌موو هۆبه‌کان
بڕێک چاوه‌ڕێ به، بڕێک چاوه‌ڕێ به حه‌سۆ گیان! ئێستا ده‌گه‌نێ
دۆسته جوامێرهکانت، برا کورده‌کانت ده‌گه‌نێ بۆ یارمه‌تیت؛
هه‌تاو خێرا بەرەو ڕۆژئاوا ده‌چێ و ئێستا ئاوا ده‌بێ،
تاریکان وه‌فریای حه‌سۆ دێ و هه‌موو جێگایه‌ک داده‌گرێ
حه‌سۆی جوامێر به ده‌نگی به‌رز، هاوکات به ته‌قه له دوژمن،
ده‌ڵێ: ئه‌ی کوردستانه‌که‌م! زۆر دوژمن که‌وتوون له سه‌ر زه‌وی
کوردستان گه‌لێک به‌هێزه
لووتکه‌ی شاخانی زۆر به‌رزن
هه‌ر شاخێکی له پۆڵایه
دوژمن له به‌ری ده‌به‌زن
وه‌رن ژاندارمی بووده‌ڵه
ئه‌ی بێ شه‌ڕه‌فی خۆ فرۆش
ئه‌من ئه‌و مامه‌ی مهنگوڕم
تۆڵه ده‌ستێنمه‌وه به جۆش
بۆ ئازایه‌تی و بوێری
ئێمه‌ی مه‌نگوڕ به نێوبانگین
دانیشتوانی کوردستان
ده‌زانن ئێمه بێ باکین
من حه‌سۆ نیم ئه‌من مامه‌م
چونکه حه‌سۆ جوامێر نه‌بوو
ماڵیاتی دا به بوودهڵان
مه‌رایی کرد بۆ دوژمنان
ته‌نانه‌ت کارێکی وای کرد
زێنێی ژنی، ڕه‌مزی جوانی
شێره‌ژنی، ڕه‌مزی شه‌ڕه‌ف
ڕه‌دوو که‌وێ، له داخانی
وه‌رن، سووک و چرووکینه
ئه‌ی نۆکه‌رانی شای زۆردار
دڵنیا بن به زیندوویی
له‌و شاخه سه‌ر به ته‌مانه
ڕزگار نابن بچنه‌وه شار
سوێند بێ به‌و کارابینه
به خوێنی ئاڵی مامه
به هاسانی ده‌ستتان
ناگاته داوێنی مه‌نگوڕان
ئه‌وه هه‌ر مامه و حه‌سۆ نین
هەموو کوردستان دژتانە
هەر باوەشی کوردستانە
ئاخری دەوکا بە نیشانە
ئه‌ی ترسه‌نۆکی بووده‌ڵه
لە بن بەردان وەرنە دەرێ
ئه‌و ته‌پۆڵکه و زۆر شاخی دی
بە دەهۆیان بۆو ناگیرێ
ئەمن بۆ فەوتانی سووکان
ماندوو نابن دەست و باهۆم
وورەم هەرگیز هەڵناوەشێ
بڕوام هەیە بە هێزی خۆم
لە ئاست ئێوە بڕووسکەیەک
هەست بە بەخشندەیی ناکەم
هەتا ئەمن لێرە مابم
ئەو تەپۆڵکە لە دەست نادەم
بگەڕێنەوە کەندووتان
مەکەن مۆڕە لە کوردستان
کوردستانم زوو یان درەنگ
دەوگەوزێنێ دە خوێنتان
ئەوەی ناردوونی بۆ ئێرە
ملهوڕێکە باش دەزانێ
گەلی کورد هەتا هەتایە
هەر بە یەخسیری نامێنێ
به سڵامه‌تی نیشتمانم
له سه‌ر شه‌ڕه‌فی گه‌له‌که‌م
ئەی دوژمنانی سووکەڵە
ئەو گولـلەیەو تێهەڵدەکەم
ئەو گولـلەیەی هاویشتوومە
مەڕامی پاکم دەنوێنێ
تۆڵەیەکە لە دوژمنان
تۆڵەی خۆم و تۆڵەی زێنێ
ترسم نییه، ترسم نییه
هەرچی جوامێرە گیانفیدان
هه‌تاکوو فیشه‌کێ مابێ
هەر ڕاهاتوون بە کۆڵنەدان
ژیانی چڵکن، دوور بەوە لێم
مردن وەرە بمگرە خۆ
لە پێناو نامووس و گەلدا
ئه‌مڕۆ به هه‌ڵپه‌م له بۆ تۆ
هەڵۆی ئازادیم ئەمن
هێلانەم بەرزەکوێستان
لەو جێیەی هەور دەخوشێ
دەفڕم بۆ تەشقی ئاسمان
ناتوانن پێشم بگرن
نە دووکەڵ، نە تاریکان
تا ئاستی هەتاوی ئاڵ
هەڵدەدەم ئاڵاکەمان
مخابن،حه‌سۆ ئاخێکی هه‌ڵکێشا و ئیستی گرت
ئیدی گوڵله‌ی پێ نه‌ما
هه‌ر تاقه فیشه‌کێکی پێ مابوو
هه‌ر یه‌کدانه، چیدیکه نا،
گوتی: چ که‌رده‌ن، چ که‌رده‌ن؟ مردن؟
ئه‌و تاقه گولـلەیه له خۆ دان؟
نا، به‌و گولـلەیه ده‌کرێ ژاندارمێکی دیکه
سه‌ره‌نگرێ کرێ
ئێستا حه‌سۆ به زه‌حمه‌ت هه‌ناسه‌ی دێ
به‌ده‌نی، ڕوحی، دڵی،ئاوریان تێبه‌ربووه
ته‌نیا ئاره‌زووی ئه‌وه‌یه
به ده‌ستی دوژمنانی بووده‌ڵه، بە دەستی ژاندارمان یه‌خسیر نه‌کرێ
ئاخ، ئه‌و زه‌مانه‌ی که من هیچ هێزم نامێنێ
ئه‌وان ئه‌م ته‌پۆڵکه پیرۆزه ده‌گرن
مخابن! ئه‌و دوژمنه ناپیاوانه
ده‌ست به سه‌ر کارابینی مامه‌ی جوامێردا ده‌گرن
نا! حه‌سۆ کارابین نادا به دوژمن
له بن به‌ردێکی داده‌نێ،ده‌یشکێنێ
هه‌مووی نابوود ده‌کا
به‌و کاره‌ی زیاتر ئاور له جه‌رگی دوژمن به‌رده‌دا
ئاخر گولـلە له لووله‌ی تفه‌نگێ دەرچوو
ویزەی هات
به‌و ده‌نگه ده‌تگوت
ڕشته‌ی هیوای حه‌سۆی جوامێر ده‌پسێ
دیسان ژاندارمێکی دی بەربۆوە
ته‌نانه‌ت دوایین گولـلەش به فیڕۆ نه‌چوو
ئه‌وجار کارابینهکهی هه‌ڵێنا و
توند به به‌ردێکی دادا
ده‌تگوت تهبیعهتیش ڕووی
له قاره‌مانه‌که‌مان وه‌رگێڕاوه
له‌و ده‌مه دا دنیا
لێی ببوو به زیندانێکی تاریکی بە سام
خه‌نجه‌ری له کالانێ ده‌رکێشا
ڕووه‌و سینگی خۆی له سه‌ر زه‌وی دانا
سینگی پێدا کرد، نێوی خودا، نیشتمان و گه‌لی لێ هێنا و
به سینگی برینداره‌وه بە لادا هات
ئاخ حه‌سۆ! ئه‌و ڕه‌شیده، ئه‌و جوامێره مه‌نگوڕه
مرد و له دڵی دا حه‌سره‌ت مابوو
کارابینی تێکشکاو به سه‌ر زه‌ویدا که‌وت و
ته‌نێ ناڵه‌یه‌ک له حه‌سۆ بیسرا
شنه‌بایه‌کی سارد له شاخانه‌وه هەڵیکردبوو،
له خه‌می نه‌مانی حه‌سۆدا ویزه‌ی ده‌هات
دەتگوت تەبیعەتیش ماتەم دایگرتووە
په‌ژاره و خه‌فه‌ت ئه‌و خاکه خۆشه‌ویسته‌ی داگرتبوو
سه‌روان دە ژاندارمه‌کانی ده‌خوڕی: بۆ پێشه‌وه!
هاواری ده‌کرد له‌و ژاندارمه سووک و ترسنۆکانه
به‌ڵام هیچیان نه‌یانده‌وێرا
ته‌نانه‌ت هه‌نگاوێکیش به‌ره‌و پێشه‌وه بچن
ئه‌و کاته‌ی که بێده‌نگی هه‌موو لایه‌کی داگرت
ئه‌و سووک و بووده‌ڵانه غیره‌تیان وه‌به‌ر خۆ نا
به ترس و له‌رز به‌ره‌و پێشه‌وه چوون و
ته‌پۆڵکه‌ی به شه‌ڕه‌فیان گرت
سه‌روان به فیزه‌وه فه‌رمانی پێدان:
ئه‌و یاغییانه وونجڕ وونجڕکهن!
نابێ هیچ شوێنه‌وارێکیان له پاش
به جێ بمێنێ!
ژاندارمه‌کان که له سه‌رمان ڕەق هەڵاتبوون
بۆ به‌ڕێوه بردنی فه‌رمانی سه‌روان
به ته‌ور له‌شی قارهمانانیان له‌توپه‌ت کرد
سووکایه‌تییان به کوردانی به شه‌ڕه‌ف کرد
به‌یانیی ئه‌و ڕۆژه بۆ چاوترسێن کردنی خه‌ڵک و
بۆ هه‌ڕه‌شه‌کردن له سه‌رهه‌ڵداوان
خوێنمژانی دیکتاتۆری خوێن‌ڕێژ
مه‌یتی ئه‌وانیان له دار دا
ئه‌و خه‌به‌ره به نێو کورده‌کاندا بڵاو بووه‌وه
کوردستان پڕ بوو له خرۆش و هه‌یه‌جان
نێوبانگی کورده قاره‌مانه‌کان ئه‌وه‌نده‌ی دیکه زیاتر بوو،
نێوبانگی ئه‌و دوو قاره‌مانه گه‌وره فیداکارە.
پیر، لاو، پیاو و ژن
به‌وپه‌ڕی ڕێزه‌وه یادی ئه‌و قارەمانانەیان ده‌کرده‌وه
ئه‌و جوامێری و پیاوهتییه
نێوی ئه‌وانی کرده ئه‌به‌دی
ماوه‌یه‌کی زۆر له‌و ڕووداوه تێنه‌په‌ڕیبوو
هه‌ر له‌و ته‌پۆڵکه مێژوویی و قه‌دیمییه دا
له هێلانه‌ی پیرۆزی ههڵۆکانماندا
باڕه هه‌ڵۆیه‌ک به‌دی کرا
هه‌یکه‌لی به‌رزی کوردێک ده‌بیندرا
که له سه‌ر به‌ردێک به نووکی خه‌نجه‌ر
وێنه‌ی کارابینێک ده‌کێشێته‌وه و
له خواره‌وه‌ی، هه‌ر به نووکی خه‌نجه‌ر،
ئه‌م قسانه ده‌نووسێ:
" ده‌ست ده‌نه چه‌ک جوامێرینه! "
"له پێناو میللەت، له بۆ ئازادی"
"ڕۆژی ئازادی لێمان نیزیکه"
"نیزیکه ئه‌و ڕۆژه،زۆر نیزیکه قارهمانینه"
ده‌ڵێن ئه‌و که‌سه‌ی ئه‌وانه‌ی له سه‌ر به‌رد هه‌ڵکه‌ند
شێری چیایان ڕزقۆی جه‌وانه
جوامێری، شه‌ڕه‌ف و تۆڵه، مردنیان بۆ نییه
حه‌سۆ و مامه‌ی ئه‌م ڕۆژگاره، ڕزقۆیه
کۆتایی