Tuesday, July 14, 2015

هاوپرسەیەک لەگەڵ بەڕێز دەرویش مەهاباد فەرحۆ سەرۆکی ئەنیستیتووی کورد لە برووکسێل


هاوپرسەیەک لەگەڵ بەڕێز دەرویش مەهاباد فەرحۆ سەرۆکی ئەنیستیتووی کورد لە برووکسێل                                                             

حەسەن قازی: بینەرانی بەڕێز بە خێر بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ. لە بەرنامەی ئەمجارەمان دا میوانداری دەکەین لە بەڕێز دەرویش مەهاباد فەرحۆ ، سەرۆکی ئەنیستیتووی کورد لە برووکسێل. دیارە ئەنیستیتووی کورد بە ساڵان چالاکی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی هەیە و پێشتریش سەبارەت بە ئەنیستیتووی کورد لە تێلێڤیزۆنی ستێرک دا بەرنامە بڵاو کراوەتەوە ، بەڵام ئێمە دەمانەوێ لەم بەرنامەیە دا سەبارەت بە دوایین چالاکییەکانی ئەنیستیتوو لە گەڵ بەڕێزیان بدوێین.
زۆر زۆر بە خێر بێی!

مەهاباد فەرحۆ: زۆر سپاس هەر هەبی
قازی: بەر لە هەمووشت وەک من باسم کرد هەم لە تێلێڤیزۆنە و هەم لە کاناڵە کوردییەکانی دیکە دا لە سەر ئەنیستیتووی کورد پێشتر بەرنامە کراوە، بەڵام بۆ ئەو بەشە لە بینەرانی ئێمە کە ڕەنگە لەوە ئاگادار نەبن ئەگەر زەحمەت نەبێ هێندێک 
سەبارەت بە مێژووی ئەنیستیتوو زانیاری بدەی سپاست دەکەم.

مەهاباد فەرحۆ: دیارە زەحمەتە مرۆڤ بە چەند گوتن باسی مێژووی ئەنیستیتوو بکا، چونکە ئێستا ئەوە ٣٧ ساڵە ئێمە لە برووکسێل لە ژێر چەتری ئەنیستیتوو دا خەبات دەکەین. بناغەی  ئەنیستیتووی کورد لە ساڵی ١٩٧٨ داندرا ، لە لایەن چەند هاوڕێ، چەند لاو، چەند خوێندکارانەوە، کە هێندێکیان لەم ووڵاتە دەیانخوێند و چەند کەسێکیشیان وەکوو کرێکار هاتبوونە ئێرە و خەڵکی هەموو بەشەکانی کوردستان بوون. ڕۆژئاوایی هەبوون، ڕۆژهەڵاتی هەبوون، باکووری هەبوون ، باشووری هەبوون. بە ئامانجی ئەوەی کە ئێمە کەمێک لە سەر پرسی کورد ڕاوەستین کە ئەو سەرو بەندی بەڕاستی زۆر کەم دەناسرا، هەم لە بێلژیک و هەم لە دەورو بەری بێلژیک و لە گشت ئوڕووپا زۆر باش نەیان دەناسی، و هەرچییەکیش کە زاندرابا لە لایەن دەوڵەتانی داگیرکەری ئێران، عێڕاق، سوورییە و تورکییەوە بوو، یانی ئەوان چییان لە سەر  کورد گوتبایە ئەو زانیارییانە لە بەر دەست بیرو ڕای گشتی دا هەبوون. کاتێک ئێمە لە کتێبخانە گشتییەکانی بێلژیک دا دەگەڕاین کتێبمان لە سەر کوردستان و کوردان نەدەدۆزییەوە.لە ساڵی ١٩٧٧ و سەرەتای ١٩٧٨ کاتێک ئێمە دەمانگوت کوردین دەبوو پێنج شەش جار خۆمان پاتە بکەینەوە کە کورد چن و کێن  و کوردستان لە کوێیە! کە ئێمە ناوی خۆمان دەگوتەوە کورد و کوردستان ، بە جاران دەیانپرسییەوە پاکستان؟ تورکستان؟ هیندستان یان جێی دی. جا بۆیە ئێمە هەر خۆمان پاتە دەکردەوە هەتا تێ دەگەیشتن. لەو سەروبەندی دا هەستمان کرد بە  پێویستی دامەزراندنی سازییەکی کوردی و لە ساڵی ٧٨ دا ئەنیستیتوومان ساز کرد. هەر لە دەستپێکەوە ئێمە دوو ئامانجمان لە بەر چاو گرت ، یەکیان ناساندنی پرسی کوردستان لە سەرتاوە بە بێلژیک و دوایە بە هەموو ئوڕووپا بە شێوەیەکی گشتی و ئامانجی دووەمیش ئەوە بوو کە یارمەتی کۆمەڵگەی کوردی بکەین لە بێلژیک و لە ئوڕووپا لە پێناو یەکانگیر کردنیان لەم کۆمەڵەیە دا بە بێ ئەوەی ناسێنەی خۆیان لە کیس بدەن. و خەباتی ئێمە بە تایبەتی لەو دوو بوارە دا دەستی پێکرد، ناساندنی پرسی کورد و یارمەتیدانی کۆمەڵگەی کورد هەم لە ئوڕووپا و هەم لە کوردستانێ.
قازی: ئەگەر ئێستا بتەوێ بە ئاوایەکی سەرەکی بۆمان باس بکەی چالاکییەکانتان لە کامە بوارگەلێک دایە؟ مەبەستم بە 
گشتییە وەک ساز کردنی خولی زمان فێر کردن و هتد ...

مەهاباد فەرحۆ: هەر لە سەرەتاوە گرینگییەکی زۆرمان دا بە زمان ، هەم زمانی کوردی و هەم زمانەکانی ئێرە کە فەڕانسەیی
 و فلامانی (هۆلەندی)ن. کورسی ئەو زمانانە یانی فەڕانسەیی و هۆلەندیمان هەیە و دەورەی زمانی کوردی، هەرچەند خوێندکاری زمانی کوردی کەمیش بن ئەو کورسە هەر لە سەرەتاوە هەبوو. کتێبخانەیەکیشمان هەیە کە تاساڵی ساڵی ١٩٩٨ نیزیکە ٥٥٠٠ کتێبمان لێ کۆ کردبووەوە کە لە کۆتایی ئەو ساڵە دا سووتێندرا و ئێمە جارێکی دیکە لە سەر ڕا  دەستمان کردەوە بە کتێب کۆ کردنەوە. گۆوارێکمان هەیە کە بە چەند زمانان بڵاو دەبووەوە، بەڵام لەو دواییانە دا گۆوارەکەمان کردووەتە یەک زمانە، ئەویش زمانی هۆلەندی یە ٤٥ ڕۆژ جارێک دەردەکەوێ. نامەی ئێلێکترۆنیکیمان هەیە سەبارەت بە ڕووداوەکانی کوردستان کە بە شێوەیەکی سیستماتیک بۆ بەردەنگانی بێلژیکی و درەوەی بێلژیکی دەنێرین. وەکوو دیکە ماڵپەڕمان هەیە کە بە ٤ زمانان بڵاو دەبێتەوە، بە گشتی خەباتی ئەنیستیتوو بە چوار زمانان دەکرێ؛ کوردی، ئینگلیسی، فەڕانسەیی و هۆلەندی. فەیس بووکێکی زۆر چالاکی ئەنیستیتوو هەیە ، بۆ ئامادە کردنی ئاڕشیڤ کارێکی زۆر دەکەین ، ئێمە حەول دەدەین لە گەڵ ناوەندی ئارشیڤی دەوڵەتی بێلژیک لە شاری ئانتڤەرپ  هاوکاری بکەین و  وەک شوێنێکی پارێزراو ئارشیڤێکی کوردیی لەوێ دابنێین. ئێستا لەوێ ئاڕشیڤی ئێمە و چەند ڕێکخراوی دیکەی کوردی هەیە. ئەو ناوەندە ئاڕشیڤی کوردستانی بۆ ئێمە دەپارێزێ تا ئەو ڕۆژەی پێویست ببینین کە ئەو شتە ئاڕشیڤ کراوانە بنێردڕینە کوردستان. ئەو ئارشیڤە ئی ئێمەیە و ئی کوردستانێ یە. ئەنیستیتوو  دەکرێ سبەی دوو سبەی نەمێنێ بەڵام، ئەوە ئاڕشیڤە دەمێنێ و پەیمانی ئێمە ڕێکەوتنی ئێمە لە گەڵ ئەو ناوەندە ئەوەیە ئەو ئاڕشیڤە، ئەو دۆکۆمێنتاسیۆن و ئەو کتێبخانەیە  کە لەوێش هەیە و لە ئەنیستیتووش هەیە هەر کاتێک ئێمە بمانەوێ بە شێوەیەکی ڕێک و پێک بنێردرێتە کوردستانێ .

قازی: باشە، لێرە دا پرسیارێک دێتە پێشێ. ئێمە دەزانین لە بێلژیک کۆمەڵگەیەکی کوردی هەیە، تێکەڵی ئەنیستیتوو لە
 گەڵ ئەو کۆمەڵگەیە چۆنە؟ هەم لە گەڵ بنەماڵان یان لە گەڵ کەسانی کە وەک کرێکار کار دەکەن یان ئەوانەی خوێندکارن؟

مەهاباد فەرحۆ: ڕاستییەکەی ئەوەیە خەباتی سەرەکی ئێمە لە بێلژیک ڕووی لە بێلژیکییانە، ڕووی لە کۆمەڵگەی بێلژیکە،
 چونکە یەک لە ئامانجی مەزنی ئێمە ئەوەیە کۆمەڵگەی بێلژیک، با بڵێین خەڵکی ئێرووکانێ بە شێوەیەکی گشتی لە مەر پرسی کوردستانی ئاگادار بکەین بەڵام ، پێوەندی ئێمە لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردی لە بێلژیک خراپ نییە، لەگەڵ زۆربەیان پێوەندیمان هەیە، ئەوانەی کە حەساسییەتی کوردییان هەیە ، روحی کوردییان هەیە  هەموو دەزانن لێرە ئەنیستیتوو هەیە و دەزانن ئەنیستیتوو چ خەباتێک دەکا. دەکرێ کەمایەسیشمان هەبێ کە بێگومان هەمانە و دەکرێ ئەوانیش ئەو کەمایەسییانە ببینن، بەڵام، بە شێوەیەکی گشتی ئێمە بۆ خزمەت بە کوردستانیان کار دەکەین، هیچ جیاوازی ناخەینە نێوان کوردان و ئەوانی دی. خەباتی ئێمە هەر بۆ کوردان نییە بۆ گەلانی نێو کوردستانیشە وەک ئەرمەنی، سوریانی و دینی جیاواز. لەو ڕووەوە پێوەندییەکانمان خراپ نییە. شتێکی کە دەتوانم بە سەربلیندی بیڵێم لە لایەن ڕەسمییەتیشەوە، لە لایەن دەوڵەتیشەوە ، لە لایەن وەزارەتە کولتوورییەکانیشەوە، وەزارەتخانەی کولتووریی هەرێمی برووکسێلیش هەیە، یانی سێ وەزاڕەتخانە بە شێوەیەکی ڕەسمی ئەنیستیتووی کوردی لە برووکسێل دەناسن و بە ڕێکخستنێکی جیدی دەزانن کە ئەوە نیزیکەی سی، سی و پێنج ساڵە بە ڕەسمی کاری خۆی دەکا، ئەمن قەت ناڵێم ئێمە بە تەواوی کار دەکەین بەڵام، پێم وایە خەباتی ئەنیستیتووەکەمان لە ماوەی ئەو سی و پێنج ساڵ ، سی و شەش ساڵە دا لە نێو کۆمەڵگەی بێلژیک دا ، کە پێشتر نەیاندەزانی کورد چن کاری کردووە. بێگومان تەئسیری بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کورد یش گەلێک مەزنە، لە هەموو کوردستان  تێکۆشانێکی زۆر بەنرخ و پیرۆزی کردووە، دیارە تەئسیری ئەوەش گەلێک زۆرە بۆ ناساندنی کورد.بەڵام ، لە ڕووی 
ڕاگەیاندنەوە، لە ڕووی وورووژاندنی هەستی کۆمەڵگەی بێلژیکی یەوە ئەنیستیتوو دەورێکی زۆر گەورەی گێڕاوە.

قازی: باشە! ئێمە دەزانین لەو دواییانە دا هەڵبژاردنی گشتی هەبوو لە تورکییە و لە باکووری کوردستانێ و دیارە لە دەرەوەی ووڵاتیش هەژمارێکی زۆر لە هاووڵاتی تورکییە بەشدار بوون. ئەگەر هەڵسەگاندنێک  بکەی لە سەر چلۆنایەتی 
بەشدار بوونی هاووڵاتی تورکییە لە بێلژیک و بە تایبەتی کوردان لەو هەڵبژاردنە دا دەور و بەشدارییان چۆن بوو لە بێلژیک؟


مەهاباد فەرحۆ : ئەمن دیسان دووپاتەی دەکەمەوە کوردان لە ئوڕووپا بە تایبەتی  لە هەڵبژاردنی مانگی ڕابردوو دا خەباتێکی زۆر باشیان کرد. ئەمن هەمیشە دەڵێم ئەو خەباتەی ئێمە دەیکەین بەس نییە ، دەبێ زیاتری بکەین بەڵام، ئەو خەباتەی کە بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن دا کرا بە ڕاستی سەرکەوتوو بوو ، باش بوو، دەکرا زۆر باشتریش بێ، یانی مرۆڤ ئەگەر تەماشای ئەنجامی بکا دەزانێ باش بووە. ئەگەر مرۆڤ بە شێوەیەکی گشتی لێی بڕوانێ لە گشت ئوڕووپا بەشداریی کوردان و ئەو دەنگانەی کە هەدەپە ( پارتیی دێمۆکڕاتیی گەلان) وەری گرت، کە لە سەر مەسەلەی کورد چالاکانە کار دەکا، ئەمن هەر ناڵێم پارتییەکی کوردی یە چونکە تورکی دەناو دایە، سوریانی، ئەرمەنی ، پێڕۆیانی دین و گەلی دیکەشی تێدایە ، یانی پارتییەکە ئیدی لە کوردستانێ بەولاترەوە کار دەکا، جا ئەگەر مرٶڤ لە ئەنجامی ئەو دەنگانەی لە ئوڕووپا دراون بڕوانێ دەردەکەوێ هەدەپە بووەتە پارتیی دووەم و مرۆڤ بەو خەباتە سەربڵیند دەبێ. ئەو خەباتەی کە بۆ بەشداری کردنی خەڵکی کورد و نەکورد لە لایەن کۆئۆردیناسیۆنی هەدەپە و هاوڕێیانی دیکە لە ئوڕووپا کرا بەڕاستی جێی پیرۆزبایی یە....

قازی: یانی هیچ ئامار هەیە چەندە دەنگدەری کورد دەیانتوانی دەنگ بدەن لە بێلژیک؟

مەهاباد فەرحۆ: لە بێلژیک ڕەنگە بەشدار بوون وەک جێی دی نەبووبێ. مخابن ستاتێستیکی ڕەسمی لە دەست ئێمە دا نییە لە بەر ئەوەی ئەو خەڵکەی لە نێو تورکییەوە دێن، لە باکووری کوردستانەوە دێن وەکوو کورد ناو نووس ناکرێن، بەڵام 
دیسانیش ...

قازی: ئەگەر ئێمە تەماشا بکەین وەک هاووڵاتی تورکییە بە گشتی ، لەو کەسانەی کە لە بێلژیک مافی دەنگدانیان هەبووە 
چەند لە سەد بەشدارییان کردووە؟

مەهاباد فەرحۆ: ئەمن ئەگەر هەڵە نەبم نیزیکەی سەدی شێست بوو لە نێو هەموو دەنگدەرانی تورکییەیی دا. و لێرە بەشداری کوردان باش بووە و هەدەپە بوو بە پارتیی دووەم.

قازی: باشە ئێستا بابێینە سەر تێکەڵی ئێوە و هێندێک ڕێکخراوەی کە چالاکییەکانیان وە ئی ئێوە دەچێ، مەبەستم ڕێکخراوەکانی سەر بە نەتەوەی دیکەیە لە بێلژیک! وەک کۆمەڵگەی تورک، ئەرمەنی ، ئیرانی ، ئەفریقایی وەک ئەوانە.

مەهاباد فەرحۆ: پێوەندیی ئێمە هەر ئەوەندەی کە لەگەڵ ڕێکخراوە بێلژیکییەکان پتەون هەر ئاواش لەگەڵ سازیی گەلانی دیش کە لە دەرەوەی بێلژیک ڕا هاتوون وەک تورکان، ئەرمەنییان، سوریانییان  و لە نێو ئێمە دا کۆئۆردیناسیۆنێک یش هەیە  کە هەموو ساڵێ  خەباتی خۆمان بە شێوەیەکی ڕێک و پێک بە یەکەوە بەڕێوە دەبەین . یەک لەوان  " ئینفۆ تورک " ە  کە هەم لە ڕووی ڕاگەیاندن و هەم لە ڕووی سیاسییەوە هەتا بڵێی خەباتێکی بەنرخ دەکا . سازییەکی دیکە هەیە بە ناوی " ئاتۆلییێ دو سۆلەی" کە ئەویش ڕووەوە تورکییە کار دەکا. لە لایەکی دیکەوە "ڕێکخراوەی ئەرمەنییە دێمۆکڕاتەکان لە بێلژیک " هەیە و زۆر کۆمەڵەی دیکەش هەن کە لەگەڵ ئەوان کار دەکەن، لە بێلژیک نیزیکەی ١٥-٢٠ کۆمەڵەی ئەرمەنییان هەیە .

قازی: ئەوانە ئەرمەنی کوێن؟ ئەو ئەرمەنییانەن کە لە ئەرمەنستان ڕا هاتوون یان لە لوبنان ڕا هاتوون؟ زیاتر خەڵکی کوێن؟

مەهاباد فەرحۆ: لە نێو  ڕێکخراوەی ئەرمەنی دێمۆکڕاتی بێلژیک دا، زۆربەی ئەوان لە تورکییەوە هاتوون، لە باکووری کوردستانەوە هاتوون. بەڵام، لە نێو ئەواندا تەک و تووک ئی واش هەن  کە لە سوورییەوە هاتون، ئی لوبنانیش هەن، لای قەوقاسیش هەن. جگە لەو ڕێکخراوە، کۆمەڵەی دیکەی ئەرمەنیانیش هەیە کە لە ئەرمەنستانەوە خۆی هاتوون ، لە لوبنانێ ڕا هاتوون ، ئی وایە لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە هاتوون ، هێندێک کۆمەڵەی ئەوان هەیە کە تەنێ ئی ئەو ئەرمەنیانەن کە لە باشووری کوردستانەوە هاتوون. نیزیکەی دە پازدە سازین. دیارە ڕێکخراوەی کلدانی، سوریانی و ئاسوورییانیش هەیە. بە ڕاستی منیش گێژ بووم نازانم بە چ ناوێک بانگیان بکەم. چونکە ئەگەر ئێمە بلێین سوریانی، ئاسۆری عاجز دەبن، ئەگەر 
بڵێین ئاسۆری ئەوانیدی عاجز دەبن

قازی: بە گشتی ئەو چوار گرووپانە هەموویان وا بزانم دەخوازن لە ژێر ناوی " ئاسۆری" کۆ ببنەوە و لە ژێر چەتری ئەو ناوە دا 
بن

مەهاباد فەرحۆ: ئێستا دەڵێن  ئاسۆری – سوریانی ، ئاسۆری – کلدانی. یانی هێشتا ڕێک نەکەوتوون، بەڵام خەباتێکی ئاوایان هەیە ، ئەو چوار گرووپانەش کۆمەڵەی جودا جودایان هەیە ، بە تایبەتی لە دەورو بەری " مێخلن"  دوو کۆمەڵەی زۆر چالاکیان هەیە . لە برووکسێل ئەنیستیتوویەکیان هەیە ، دانوستاندنی ئێمە لەگەڵ ئەوانیشدا هەیە. وەکوو دیکە لە برووکسێل سازی " عەلەوییان" هەیە لەگەڵ ئەوانیش پێوەندیمان هەیە بەڵام نەک لەو ئاستەی دا کە دڵی ئێمە دەخوازێ کە بەیەکەوە کار بکەین و زۆر شتی مەزن بکەین بە یەکەوە، بەڵام، دانوستاندن و پێوەندیمان هەیە.

قازی: با بێینە سەر پڕۆژەکانتان. دەزانین ئەنیستیتووی ئێوە وەکوو دەزگایەکی کولتووری لە پڕۆژان دا هاوبەشی دەکا، لە ڕێکخستنی کۆنفڕانس و سێمیناران دا بەشداری دەکا. لە ماوەی ئەو چەند مانگانەی دواییدا لەو بوارانە دا چ جۆرە چالاکییەکتان هەبووە؟ یا هەبوونی پڕۆژەی هاوبەش لەگەڵ کۆمەڵەی دیکە لە دەرەوەی بێلژیک و لە ووڵاتی ئوڕووپایی؟

مەهاباد فەرحۆ : ئەمن لە سەرەتای قسەکانیشم دا گوتم کە ئامانجی هەرە سەرەکی ئێمە ئەوەیە پرسی کوردستانێ لێرە بە چ شێوەیەک بێ ببێ بە ڕاگەیاندن و لایەنی سیاسی بناسێنین ، جا دەو چوارچێوەیەدا خەباتی ئەمساڵیش یانی لە ساڵی ٢٠١٥ ش دا بەردەوامە. لە ساڵی ٢٠١٥ کۆنفڕانسێک کە بڵێین ئێمە  ئامادەمان کردبێ یان بەڕێوەمان بردبێ هێشتا نەکراوە ، یانی بەڕاستی خەباتی ساڵی ٢٠١٥ی ئێمە لەو بارەیەوە دەکرێ بڵێین وەک خولی ئاکادێمیک لە دوای مانگی ٥ یان شەش دەست پێدەکا. بەڵام، دەو ناوە دا چەندین کۆنفڕانس بەڕێوە چوون لە لایەن ڕێکخراوەی کوردستانی لێرە . بۆ نمونە چەند ڕۆژ لەوە پێش کۆنفڕانسێک بەڕێوە چوو کە ک.ن.ک. ئامادەی کرد بوو . بەر لەویش دیسان ک.ن.ک. کۆنفڕانسێکی بەست، هەر وەها هەدەپە و سازی دیکەش هێندێک کۆبوونەوە و کۆنفرانسیان ڕێک خست کە دیارە ئێمەش یارمەتیمان دان. دیارە یارمەتی ئێمە هێندە زۆر نییە بەڵام هەرچییەکمان لە دەست بێ دەیکەین . وەک پێوەندی و دانوستاندن . لە بواری ڕاگەیاندن دا زۆرمان یارمەتی لە دەست دێ. و هەر وەها لە مەڕ پێوەندی نێوان ڕێکخراوە کوردییەکان و بێلژیکییەکان. چونکە پێوەندی نێوان ئەنیستیتوو و بێلژیکییەکان دەتوانم بڵێم زۆر باشە. ئەوە نیزیکەی سی و پێنج ساڵە هەم لە ڕووی سیاسییەوە و هەم لەگەڵ دەزگای پەروەردە ، هەم لەگەڵ داو ودەزگای کۆمەڵایەتی و سازییە کۆمەڵایەتییەکان، ئێن.جی.ئۆ یەکان  پێوەندیمان زۆر باشە. ئەوە شتێکی ئەرێنی یە بۆ خەباتی ئێمە بۆ ئەوەی بتوانین پێش بکەوین. تەئسیری ڕێکخراوە نا سیاسییەکان یانی ئەوانی کولتووری، کۆمەڵایەتی و پەروەرە لە سەر هەڵویستی سیاسی بێلژیکیش زۆر کاریگەر وەبەرچاو دێ، بە تایبەتی سەردەمێک بوو ئەگەر ئێمە تەماشای ڕاگەیاندنی بێلژیکمان کرد با، لاپەڕەی ڕۆژنامان، شاشەی تێلێڤیزیۆنان لە سەر پرسی کورد زۆر بە نەیێنی دەیاننووسی و دەدوان. بەڵام ئێستا لە ڕاگەیاندن دا بەتایبەتی ئی فلامانی؛ ئی لایەنی فەڕانسەیی هێندێک گیرو گرفت هەیە، فڵامانی (هۆلەندی) گۆڕانێکی زۆر گەورە هەست پێ دەکرێ.ئەویش تەئسیرێکە، ئەمن ناڵێم هەموو شت لە بەر حەولی ئەنیستیتووی بڕووکسێلێ یە، بەڵام تەئسیرێکی زۆر گەورەی ئەنیستیتوو لەو بوارە دا هەیە.

قازی: باشە، لە سەر پڕۆژەی هاوبەش، چونکە وا بزانم پێوەندیتان هەبوو  لەگەڵ بەشی ڕۆژهەڵاتناسی زانکۆی یاگێللۆنسکی لە لەهیستان ، ئەگەر دەکرێ لە سەر ئەو پڕۆژە هاوبەشە هێندێک زانیاریمان بدەیەی!

مەهاباد فەرحۆ: ئێمە وەک نەرێتێک هەر ساڵەی چەند پڕۆژەمان هەیە کە ڕوویان لە کوردستانە دەچوار چێوەی خەباتی یەکێتیی ئوڕووپا دا. ئەو پڕۆژەیەی تۆ باسی دەکەی پڕۆژەیەکە لە سەر " زمانی دایکی لە پەروەردە دا". یەکێتیی ئوڕووپا ئەو پڕۆژەیەی قەبووڵ کردووە و ئەو پڕۆژە لە نێوان ئێمە و زانکۆی یاگێللۆنسکی لە شاری کڕاکۆ لە لەهیستان، کوردی دەر و پڕۆ هیومانیتات لە ئەڵمانە. وەک دەزانی ئەو زانکۆیە لە سەر زمان و وێژەی کوردی کار دەکا ، بەڵام ئەو پڕۆژەیە ئێمە ئامادەمان کرد و ئەوان قەبووڵیان کرد و بەشداریان تێدا کرد. لەو بارەیەوە خەباتێکی زۆر چاک دەکەن و لێرە دا پیرۆزباییان لێ دەکەم. ڕێکخستنی سێیەم لەو پڕۆژەیە دا " کوردی دەر" لە ئامەدێ یە و ئەوی چوارەمیش "پڕۆ هیومانیتات"  لە ئەڵمانە. بۆ پڕۆژەی ئاوا هەری کەم دەبێ سێ سازی تێیدا بەشدار بن. ئێمەین، لەهیستانە، ئەڵمانە و کوردستانە. ئەو پڕۆژەیەمان بەر دەوامە. هەیئەتی هەر کام لەو سازییانە ماوەیەک لەمەو بەر لە ئامەد بوون و لەوێوە چوونە نسێبینێ، چوونە میدیاتە ، چوونە پرسووسێ چوونە زۆر جێی دیکە لە باکووری کوردستانێ . ئامانجیش ئەوە بوو لەگەڵ داو و دەگاکانی وێندەرێ، لەگەڵ خوێندگەکانی ئەوێ  و لە گەڵ زانکۆکانی ئەوێ پێوەندی بکەن  و یەک لە وانیش مامۆستا قەدری ییڵدرم بوو کە چاویان پێی کەوتبوو.

قازی: کە دیارە ئێستا مامۆستا ییڵدرم بووە بە ئەندامی پاڕلمان و نوێنەری هەدەپەی شاری سێرتە.

مەهاباد فەرحۆ: لە زانکۆی ئارتوکلوو لە مەردینیش چاوپێکەوتنیان هەبوو و چوونە سەردانی شارەداری مێردینیش.


قازی: دەزانی کە ئێستا ١٤ مامۆستای زانکۆی ئارتۆکلوو پێیان ڕاگەیاندراوە کە کۆنتڕاکتەکانیان درێژ ناکرێتەوە و کۆتایی بە کاریان دەدرێ؟

مەهاباد فەرحۆ: ئەوەش سیاسەتێکی دەوڵەتی تورکییەیە. مرٶف نابێ واقی ووڕ بمێنێ کە دەوڵەتی تورکییە کاری ئاوا دەکا، کردوویانەتە عادەتێک بۆ خۆیان. یانی ئەو پڕۆژە بەو شێوەیە بەردەوامە و ئامانجی پڕۆژەکەش ئەوەیە ڕوونی کاتەوە بۆچی زمانی دایکی لە پەروەردە دا گرینگە ؟ گرینگیی وی چییە و بۆچی کورد دەیانەوەی لە ساڵی دابێ دا – ئەو پڕۆژەیە بۆ دوو ساڵانە ، یانی ساڵی داهاتوو لە دەوروبەری هاوینێ دا دەبێ ڕاپۆرتەکەی ئەو پڕۆژەیە دەرکەوێ و ئاکامەکەی بۆ یەکێتیی ئوڕووپا دەنێردرێ.

قازی: کاتێک دەڵێی یەکێتیی ئوڕووپا مەبەست لە کام سازییە لە یەکێتیی ئوڕووپا دا؟ یۆنێسکۆیە یا جێیەکی دی؟

مەهاباد فەرحۆ: نا ، یەکتێی ئوڕووپا ئەو بەشەی لە سەر پەروەردە کار دەکا. یۆنێسکۆ بەرپرسی پڕۆژەی گەورەترە لە ئاستی جیهانی دا. هۆی ئەوەی کە ئێمە ئەو پڕۆژەیەمان هێنا مەیدانێ ئەوەیە کە کوردان هەبوونی زمانی دایکی لە سیستمی پەروەردە دا دەخوازن و دووهەم ئەوەیە کە یەکێتیی ئوڕووپا شەو و ڕۆژ لە هەموو ئاخافتنێکی خۆی دا باسی مافی گەلان لە هەرێمەکانی خۆیان دا دەکا. دەی لە ئوڕووپا ئەوە پێک دەهێنن بۆچی ئێمە نەمانەوێ ئەوە لە کوردستانیش وەدی بێ. دەبێ ووڵاتانی ئوڕووپایی بزانن تورکییە گەلێک بە نێگاتیڤ بۆ ئەو جۆرە بابەتانە دەچێ.

قازی: دەزانین کە بەڕێزت وەکوو سەرۆکی ئەنیستیتووی کورد لە برووکسێل پێوەندییەکی نیزیکت هەیە لە گەڵ داو و دەزگای میدیایی و سەرنج و تەوجوهی میدیا بۆ سەر مەسەلەی کورد لەو ساڵانەی دواییدا زۆر زیادی کردووە، بە تایبەتی ئەگەر بۆ وێنە خەبات و خۆڕاگری کۆبانێ لە بەرچاو بگرین. جا لەو پێوەندییە دا ئێوە لەگەڵ هێندێک لە ڕۆژنامە نووسان سەفەرتان کرد بۆ باشووری کوردستان و تەنانەت هەرێمی پاراستنی مێدیا و شنگار و زۆر جێی دیکەش. ئەگەر دەکرێ لە سەرەتاوە باسی زەمینەی ئەو سەفەرە بکەی و چلۆن پێوەندیی پەیدا دەکاتەوە بە چالاکییەکانی ئەنیستیتووی کوردی و دوایە یەک یەک لە سەر قۆناخەکانی ئەو گەشتە کە وا بزانم گەشتێکی کورتیش نەبووە بدوێی!
  
مەهاباد فەرحو: بێگومان  پێواژۆی ئەو پێوەندییە بە ڕۆژێک پێک نەهاتووە. ئەوە زیاتر لە سی ساڵە ئێمە لە ڕووی سیاسی 
و  پەروەردەوە دەمانەوێ پێوەندی ساز کەین و پتەوی بکەین ، وەک باسم کرد زۆریشمان گرینگی داوە بە لایەنی ڕاگەیاندن.لە بواری ڕاگەیاندن دا شانسێکی ئێمە ئەوەیە کە ئەنیستیتوو بە زمانی جیاواز کار دەکا  و دەتوانین ڕاستە وڕاست پێوەندی دامەزرێنین و دانوستاندمان هەبێ. جا بۆیە هەم لە ڕووی سیاسییەوە و هەم لە بواری ڕاگەیاندن دا  ئەنیستیتووی کوردی لە برووکسێل وەکوو ناوەندێک بە بەردەنگ ( موخاتەب) دادەندرێ  و لە ڕووی ڕەسمییەتیشەوە ئاوایە و  پارڵمانیش ئەوەی قەبووڵ کردووە.ئەنیستیتووی کوردی بڕووکسیل لە لایەن سەنای بێلژیکەوە بە ڕەسمی ناسراوە  بە بەردەنگێک دادەندرێ بۆ ڕاگەیاندن و تێکەڵی دیکە. پێوەندیی ئێمە لە گەڵ ڕۆژنامەنووسان بە گشتی میدیا  گەلێک باشە ، هەر شتێک لە کوردستانێ دەقەومێ  ئەوان لە سەرەتاوە لە ئێمە دەگەڕێن  و بیروباوەڕی ئێمە دەپرسن بۆیە  بەساڵانە وەختێک دەیانەوێ بابەتێک لە سەر کوردستان بنووسن  هەر نەبێ دەیانەوێ ڕای ئێمەش بزانن، یان ئەگەر بیانەوێ بچنە کوردستان پێوەندیمان لەگەڵ دەکەن.  و بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین  ئاگاداری دروست لە نێو کۆمەڵەی بێلژیک دا بڵاو بکەینەوە کە بمێنێتەوە و ئەمڕۆ نەبێ و سبەینێ تەواو بێ  دەبێ ئەو ڕووداوی کە بەڕاستی لە کوردستان دەقەومن و ئەوان دەیانەوێ لێرە بڵاویان بکەنەوە بە چاوی خۆشیان بیبینن. لە سەر ئەو بنەمایە گەلێک جاران ئێمە دەستەیەک لە ڕۆژنامەوانان ئامادە دەکەین  چ سیاسی بن و چ وەکوو دیکە دەیانێرینە کوردستانێ  و لەوێ ڕووداوەکان بە چاوی خۆیان دەبینن و کاتێک وەزعی ئەوێیان بە چاوی خۆیان دیت کاتێک دەگەڕێنەوە ئێرە  بە زمانێکی دی دەدوێن چونکە ڕاستییەکان دەبینن  و لە بەر ئەوەی ڕاستییەکان دەبینن ئیدی باوەڕی کۆمەڵگە ش قووڵتر دەبێ چونکە گێڕەرەوەی بەسەرهاتەکان ئەوانیان بە چاوی خۆیان دیتووە. ئێمە وەک کورد خۆمان هەرچییەکی بڵێین دیارە بەردەنگەکانمان دەڵێن ئەوانە کوردن و بە دژی کوردستان  و بزووتنەوەکەی هیچ ناڵێن ، یانی پێیان وایە لە قسەکانمان دا سابجێکتیڤیزم  هەیە، بەڵام وەختایەک ئەوان بۆ خۆیان لەگەڵ ئێمە دێن و بە چاوی خۆیان وەزعەکە دەبینن ، یان بۆخۆیان دەچن و دەبینن  دەگەڕێنەوە و دەنووسن قسەکانیان بە شێوەیەکی دی وەردەگیرێ. هەموو ساڵێک ئێمە دەستەی ئاوا دەنێرین ، ئەمسالیش گوتمان با کارێکی ئاوا بکەین ، بەڕاستی نەماندەویست ژمارەی ئەندامانی دەستەکە زۆر بێ بەڵام لەو دواییانە دا  ٦ ڕۆژنامەوان ویستیان لەگەڵ ئێمە بکەون و بچن بەڵام ئەوە زۆر بوو ئێمە چوار کەسمان لەگەڵ خۆمان برد لە گەڵ ئێکیپی تێلێڤیزیۆنیش .

قازی: چ کاناڵێکی تێلێڤیزیۆنی بوو ؟

مەهاباد فەرحۆ:  ڤێ.ئێڕ.تی. ئەوان دۆکیومێنتی خۆیان ساز دەکەن و  دەیدەن بە زۆر کاناڵی تێلێڤیزیۆنی.

 قازی: ئەوە یەک لە کاناڵە گرینگەکانی بێلژیکە .

مەهاباد فەرحۆ:  لە وێندەرێ چوار ڕۆژنامەوانمان  لەگەڵ بوو و ئامانجیان ئەوە بوو لەوێ چ دەقەومێ دۆکیومێنتی بکەن ، لە سەری بنووسن و دیمەنی هەڵگرن  و بێن لێرە بڵاویان کەنەوە.

قازی: لە باشوور و ڕۆژئاوا ؟

مەهاباد فەرحۆ:  بەڵێ ئامانج باشوور و ڕۆژئاوا بوو، بەڵام یەکێک لە ڕۆژنامەوانەکان بە ڕێگای باکوور دا هاتبوو، یانی ئەو لەو ڕۆژنامەی دا کە تێیدا دەنووسێ  ڕۆژ بە ڕۆژ نووسیویە کە لە کوێ بووە و ئەوە بە زنجیرە لە ڕۆژنامەکە دا بڵاو دەبێتەوە. ئامانج ئەوە بوو ڕووداوی کە لەوێ دەقەومن لێرە  لە سەریان بنووسرێ و بناسێندرێن. بەڵام مەبەستی هەرە سەرەکی  ئێکیپی تێلێڤیزیۆنێ ئەوە بوو بزووتنەوەی کوردی  بە شێوەیەکی گشتی و بەربڵاو  بناسێنن کە لە لایەک شەڕ دەکا ،  لە لایەکی دیکەوە تێکۆشینی کۆمەڵایەتی دەکا. مەسەلەی ژنانە، مەسەلەی پەروەردەیە ، مەسەلەی کۆمەڵایەتی یە، مەسەلەی منداڵانە ، گەلێک مەسەلەی جیاواز لە گۆڕێ دان. بەڵام شتی هەرە گرینگ ئەوەیە کە باسی بنیات نانی ژیانێکی نوێ دەکرێ ؛ کۆمەلی دێمۆکڕاتیک، کۆنفێدڕالیزمی دێمۆکڕاتیک  ، دەوڵەتی دێمۆکڕاتیک ، نەک دەوڵەتی نەتەوەیی ئەوانە چن؟ نەک هەر لە ڕووی تیۆرییەوە. لە ڕووی تیۆرییەوە زۆر کتێبیان نووسیوە، بە سەدان گۆواری بزووتنەوە هەن ، بە سەدان جار کەسانی بەرپرسیاری ئەو بزووتنەوەیە  لە سەر ئەو بابەتانە دواون ، بەڵام ئەوان دەیانەویست لە جێ دا ئەوانە لە پڕاتیک دا ببینن  کە ئەو بناغەیە چۆن داندراوە. دیارە ئەو بنکەیەش لەو شوێنە دەکرێ ببیندرێ کە ئەوانی لێن واتە لە ووڵات. بۆیە هەر لە سەرەتاوە کە ئێمە چووین بێ ئەوەی کاتی خۆمان لە کیس بدەین . ئێکیپی تێلێڤیزۆن و ئەو دوکتورەی کە لە گەڵمان بوو  چووین سەردانی قەندیلمان کرد.

قازی: بەر لەوەی  کە بچنە باشوور چوونە قەندیل یا چۆن بوو؟

مەهاباد فەرحۆ:  نا، ئێمە لە باشوور بووین لەوێ چاوەڕوانی  وەرگرتنی روخسەت بووین بۆ ئەوەی بچینە ڕۆژئاوا.  بەڵام، ئەوە وەدرەنگی کەوت.  نییەتمان ئەوە بوو بچینە ڕۆژئاوا و لەگەڕانەوە دا ئەگەر کاتمان ما سەردانی قەندیل بکەین بەڵام، ئەوە نەبوو ئێمە زۆر چاوەڕێ بووین  ڕوخسەت وەرگرین بۆ چوونی ڕۆژئاوا.
 قازی:  پێش ئەوەی باسی سەردانی قەندیلێ بکەی  لە باشوور ئێوە چوونە کوێ چتان کرد ئەو ماوەیەی کە لە باشوور بوون؟

مەهاباد فەرحۆ: ئێمە لە هەولێر بووین ، دوایە چووینە دهۆکێ  و لەوێوە گەڕاینەوە هەولێر و لەو ناوبەرە دا  سەردانی کەمپی  پەنابەرانمان کرد.

قازی
: ئەو کەمپانەی سەرتان لێ دان  کامانە بوون؟  وەزعی پەنابەران چۆن بوو ؟

مەهاباد فەرحۆ:  یەک لەوان کەمپی خانکێ بوو لە نیزیکی شێخان- دهۆکێ یە  کەمپی شارییا بوو،  ئێمە بەرەو کەمپی دۆمیزیش چووین ، بەڵام لەوێ دەرفەت نەبوو بچینە نێو کەمپەکە.

قازی: بۆ نەتانتوانی؟

مەهاباد فەرحۆ:  ئێمە لەو کاتە دا چاوەڕێی ووڵامی کاربەدەستانی باشوور بووین  بۆ ئەوەی بتوانین بچینە ڕۆژئاوا. لە نیوەی ڕێیە  کیلۆمیترێک ، دوو کیلۆمیتر مابوو بگەینە دۆمیز  پێیان ڕاگەیاندین ئێمە ناتوانین ئیزنتان بدەین چونکە ناتوانین لەوێ هێمنییتان بپارێزین .

قازی: باشە ئەو چەند کەمپەی سەرتان لێ دان ئەوانە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئیدارەیان دەکەن یان حکوومەتی هەرێمی کوردستان؟

مەهاباد فەرحۆ: هەر دووکیان هەن. ئێمە چووینە کەمپی " باعەدرێ" لەوێش هەر دووکیان هەبوون. هەر دوکیان لەوێ هەن .ئەمنییەتی کەمپەکان لە لایەن پێشمەرگەوە دابین دەکرێ.

قازی: زۆربەی پەنابەرەکان لەو کەمپانە دا کوردن؟

مەهاباد فەرحۆ: ئێمە خەڵکی عەڕەبیشمان دی

قازی: عەڕەبی سوورییە؟

مەهاباد فەرحۆ: خەڵکی عەڕەبی سوورییە، خەڵکی عەڕەبی عێڕاقیشمان لەو کەمپانە دا دی ، تورکومانیشمان دی، ئاشووریشمان دی. بێگومان دە نێو پەنابەرە کوردەکان دا کوردی موسوڵمان و کوردیی ئێزیدیش هەبوون کە لەو کەمپانە دا پەنابەر بوون  و وەزعی وان مرۆڤ تەنێ هەر بە قسە دەتوانێ بە هاسانی باسی بکا. وەزعی وان زۆر سەختە ، چونکە لە باشووری کوردستان نیزیکەی یەک میلیۆن و حەوت سەد هەزار پەنابەر هەیە و ئەوەش ڕەقەمێکی هێندە کەم نییە. لەوێ دەزگای جیاوازی نێونەتەوەیی هەن ، حکوومەتی هەرێم چاوی بەسەریانەوەیە. لە ڕووی خواردن و خواردنەوە ڕا هەر چەندی زەحمەتییش هەبێ بە شێوەیەکی گشتی چارەسەر کراوە.بەڵام، مەسەلە خواردن و خواردنەوە نییە. ئەی سبەینێ چ بکەن؟  پێشە ڕۆژی ئەوان چی بەسەر دێ؟ منداڵەکانیان ناتوانن بە تەواوی بخوێنن.ئەگەر تەماشا دەکەی لە هەموو هەرێمی کوردستانێ چادر بە دوای چادر دا هەڵدراوە، بە سەدان کیلۆمیتر دەچێ چادر بە تەنیشت چادرەوە دەبینی. بە ڕاستی وەزعێکی گەلێک ناخۆشە!

قازی: باشە لەو چەند کەمپەی کە ئێوە بە چاوی خۆتان دیتتان شتی هەرە دەستبەجێ کە لەوێ پێویستی پێی هەبێ چییە؟ پێداویستی هەرە عاجیل چییە لەوێ؟

مەهاباد فەرحۆ: ئەمن باوەڕ ناکەم لە نێو کەمپەکان دا شتێکی ئاوا بکرێ دەبێ ئەو خەڵکە بە شێوەیەک بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.ئەگەر نەگەڕێنەوە جێی خۆیان کوا مڕۆڤ دەتوانێ لە نێو کەمپان دا شتێکیان بۆ ئەنجام بدا. منداڵان لە نێو چادران دا دەخوێنن. منداڵان لە ڕووی لەشساغییەوە لە نێو چادران دا تاقی دەکرێنەوە، دوکتور لە نێو چادران دا تەماشایان دەکەن و دەرمانیان دەدەنێ. مرۆڤ ناتوانێ زۆر شتی بنەڕەتی و باش کە بەس بێ لە نێو کەمپان دا پێک بهێنێ چونکە ئێمە باسی یەک میلیۆن و حەوسەت هەزار ئینسان دەکەین. زۆربەی ئەو خەڵکە بە تایبەتی و بە تایبەتی خەڵکی ڕۆژئاوا و دوایە ئی 
شنگارێ دەبێ بگەڕێنەوە جێگەی خۆیان.

قازی: باشە، ئەوە ئێکیپی تێلێڤیزۆن کە لە گەڵ ئێوە بوون لە کەمپەکاندا هەموو شتێکیان دۆکیومێنت کرد؟

مەهاباد فەرحۆ: بەڵێ ئێستا کە هاتوونەوە و خەرێکی ئێدیتی گرتەکانیانن و ماوەیەکی پێ دەچێ، دوێنێ پێرێ یەکێکیان دەیگوت  ئەمن دەبێ دیسان بچمەوە چونکە هێندێک شت هەیە دەبوو ئاستەی کەین کە نەمانکردووە.دەیانەوێ لە مانگی ٩ یان دە دا بچنەوە و لە مانگی ١١ دا فیلمە بەڵگەییەکەی خۆیان بڵاو بکەنەوە. بەڵام، دوای سەردانی کەمپەکان کاتێک زانیمان چ ووڵامێکمان نادەنەوە بۆ چوونی ڕۆژئاوا

قازی: لە لایەن کاربەدەستانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە؟

مەهاباد فەرحۆ: بەڵێ! ئێمە لێرەوە موڕاجەعەتی ڕەسمیمان کرد بوو ،داوخوازی ئیزنی ڕەسمیمان کرد بوو بۆ چوونی باشوور و بۆ ئەوەی لەوێشەوە بچینە ڕۆژئاوا و وەزعی ئەوێ ببینین ، ئێکیپێکی ڕۆژنامەوانمان لەگەڵە، دوکتورێکمان لە گەڵە، ئەمنم و چەند کەسی دیکەن. یانی بەو شێوەیە ویستمان هەموو شتێکمان ڕەسمی بێ و موڕاجەعەتی ڕەسمیشمان کرد . هەر ئەمڕۆ و سبەیان لەگەڵ کردین  و وەلحاساڵ نیزیکەی دە دوازدە ڕۆژ چاوەڕێ بووین و پاشان پێیان گوتین ئیزن نییە و سەبەبیش ئەوەیە کە  ئێمە ناتوانین ئەمنییەتی ئێوە لە ووڵاتێکی دیکە بپارێزین . دیارە ووڵاتی دیکەش ڕۆژئاوا بوو. مخابن نەبوو و ئەوە بەڕاستی زۆر دڵی منی شکاند چونکە من قەت پێم وا نەبوو وەکوو ووڵاتی دیکە ویزا پێویستە. گەلێک جاران عێڕاق یان ئێران داوخوازی ئێمەیان بەرپەرچ دەداوە بۆ دانی ویزا، لە باشووری کوردستانیش ئاوامان لە گەڵ جووڵانەوە و ئەوە کەمێک دڵی ئێشاندم، بەڵام، چ بکەین ئەوەش ڕاستیی ژیانی ئێمەیە.

قازی: زۆر باشە! لێرە دا من دەمەویست شتێک پرسم گەلۆ ئێستا ئیمکانی هاتووچوو لە نێوان باشووری کوردستان و ڕۆژئاوا دا هەیە؟ سنوور نەگیراوە وا نییە؟ یانی لە ڕووی بازرگانییەوە ئیمکانی تێکەڵی هەیە؟ دەزانین پێشووتر خەندەک لێدرا بوو واتە ئیمکانی ئەوەی کە بەشێوەیەکی ئاسایی خەڵک سەفەر بکەن بەرتەنگ کرا بوو. ئێستا وەزع چۆنە؟

مەهاباد فەرحۆ: ڕێ هەیە و بە ڕاستی هەرێم بۆ ئەو هاتوو چووە زۆر موساعیدە. بە ڕێیەکەش دا مڕۆف زۆر بە ئاسانی دەتوانێ بێ و بچێ.بەڵام کاربەدەستانی باشوور دەبێ ئەو ڕێگایە بکەنەوە و لەوێ ئاستەنگی نەهێننە پێشەوە.

قازی: مەبەستی من بوو پرسم ئێستا بە گشتی ئەو ئاستەنگییە  ماوە یان نەماوە؟

مەهاباد فەرحۆ : بڕوانە دەستەیەک کە لە ڕۆژنامەوانان پێک هاتبوو دەیانەویست بچنە وێ نەیان هێشت. ئەوە بۆ خۆی ئاستەنگییەکە، واتە هێندێک شت هەیە کە پێشی پێ دەگیرێ.لەوێ گەلێک خەڵکی باشوور یان ڕۆژئاوا دەیانەوێ لە ڕووی بازرگانییەوە ئاسوودەتر کار بکەن و بۆ ئەوە دەرفەت هەیە و پێداویستیشی پێ هەیە. مرۆڤ دەبێ  ئەو ڕێگایە لە ڕووی تەجاڕەتی ، لە لایەن کۆنتاکت و پێوەندی لە نێوان کوردستان و کوردستانێ دا بکاتەوە و نابێ جیاوازی و هۆکاری سیاسی ببێتە هۆی ئاستەنگی لە سەر ئەو ڕێگایە. پارتیی سیاسی بۆ بەدەستەوە گرتنی دەستەڵات ساز بوون دەتوانن داوای ئەوە بکەن بەڵام نابێ ببنە بەرهەڵست و پێشگێڕەوە لە نێوان خەڵک دا لەمەڕ پێداویستییەکانیان.

قازی: دەزانین لە ڕابردوو دا ئەو سنوورە بۆ ماوەیەک  لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەسترابوو، بەڵام ئێستا ئەوە کراوەتەوە؟ خەڵک دەچن و دێن ؟ کەلووپەڵ دەچێ ناچێ؟ چۆنە؟

مەهاباد فەرحۆ: مرۆف دەتوانێ زۆر بە هاسانی بێ و بچێ. ڕێ هەیە، کراوەیە و دەرفەتیش هەیە مرۆڤ دەتوانێ گەلێک شت بکا.

قازی: کاتمان زۆر نەماوە، ئەگەر دەکرێ هێندێکیش باسی سەردانی خۆتان لە قەندیل بکە.

مەهاباد فەرحۆ: ئێمە لەوێ چووینە گەلێک شوێنی جیاواز. بەتایبەتی ئێکیپی تێلێڤیزۆن دەیانەویست هەموو جێیەک ببینن. نەیاندەویست پرسیار بکەن ئێوە لە ڕووی تیورییەوە چۆن بیر دەکەنەوە؟ لە سەر کۆنفێدرالیزم، لە سەر دەوڵەتی دێمۆکڕاتیک. دەیانوەیست بزانن لە پڕاتیک دا چۆن دەژین. ژیانی ڕۆژانە. دەستیان کرد بە فیلم گرتنی خۆیان و دیمەنیان قەید دەکرد. بەڕاستیش واقیان ووڕما بوو، بۆ وێنە لەمەڕ پێوەندیی نێوان ژن و پیاو ، شێوەی پەروەردەی ژنان، زۆر چوار چیوەی تازە کە ساز دەکرێن، یەک لەوان ئاکادێمی ژن ناسی. بە ڕاستی شتێکی چاوڕاکێش بوو. ئەمڕۆ سەر لە بەیانی کە ئەمن دەهاتم بۆ ئێرە بە خۆم دەگوت ئەگەر ژنی کورد و بە تایبەتی ئەو ژنانەی لە نێو بزووتنەوە دان ، ژنی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕزگار نەکەن، ئازاد نەکەن، وەزعی ژنانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە نێو ئەو ئیسلامییەتە کۆنسێرڤاتیڤە دا گەلێک خراپە. دیارە بێگومان من دژی هیچ دینێک نیم و دژی ئیسلامیش نیم، بەڵام ئەو کۆنسێرڤاتیزمەی دە نێو ئیسلام دا پەیدا بووە و دەیانەوێ ئیسلامییەت بکەن بە هۆیەک بۆ ئێشاندنی خەڵک و بیکەنە هۆکارێکی سیاسی من لایەنگری ئەوە نیم. حورمەتی من بۆ ئیسلام هەیە بەڵام، ژنی کورد هەر نەک بۆ کوردستانێ بۆ جێی دیش دەوری پێشەنگی دەگێڕێ. ڕۆژنامەوانەکان بە چاوی خۆیان ئەوەیان دی، دیمەنیان گرت، گوێیان لە قسەکانی ئەوان بوو و لە نێو خۆ دا قسەیان لە سەر دەکرد. بۆ وێنە شێوازی ئاگر کردنەوە، شێوازی ئاوردوو کۆ کردنەوە، شێوازی تەندوور دادان، خانووچکە دروست کردن، شێوازی چادر هەڵدان. چلۆنایەتی پەروەدە کردنی منداڵەکانیان لە کەمپی مەخموور.چۆن ئەو خەڵکەی کە وەک پەنابەر هاتوون بۆ مەخموور لە چۆلێک دا کە پڕ بووە لە دووپشک و مار و بێ ماڵی، لە چۆلێکی پڕ لە بەرد و زیخ دا و بێ دار و شینایی و بێ ئاو چلۆن جێیەکی ژیانیان ئاوەدان کردوەتەوە! و ئەو جێیەی ژیانی نوێ چۆن ئیدارە دەکرێ؟ دەستەکە بە ڕۆژان یەک بە یەک فیلمی گشت ئەوانیان هەڵگرت ، بە ڕاستی واقیان ووڕ مابوو، ئەمنیش واقم ووڕما بوو  وەکوو کوردێک، هەر چەند لە ژیانی ڕۆژانە دا ئەو شتانە دەبینین بەڵام هەرچییەکی کە من دیتم بۆ من شتێکی نوێ بوو. ڕۆژنامەوانەکان دیتنی ئەوانەیان زۆر پێ خۆش بوو و دوای ئەوەی کاری خۆیان کرد و ئەمن لە بەر ئەوەی دڵم زۆر ئێشا بوو لەوەی کە نەمانتوانی بچین بۆ ڕۆژئاوا گوتم دەبێ بچمە شنگارێ، هاوڕێیەکانیشم خۆیان حازر کرد بوو لەگەڵم بێن بەڵام دیسان مخابن پێشیان پێ گرتین گوتیان ئێوە ناتوانن بچنە شنگاریش، بە ڕۆژنامەوانەکانیان گوت. ئێمە لە زۆر جێگامان پرسیبوو روخسەت دەدرێ بچین بۆ شنگار ، گوتبوویان بەڵێ ئەوێ عێڕاقە و دەبێ، ویزا و روخسەتی ناوێ ، بەڵام بە داخەوە هاوڕێیانی ڕۆژنامەوانیان ڕێگا نادا و ڕۆژی دواتر من هاوڕێیەکم پەیدا کرد ئەو بۆخۆشی ئێزیدی بوو، من و ئەو ڕێگامان داگرت و چووینە " شەرفەدینێ" کە لە تەنیشت شنگارێ یە. لەوێ فەرماندەی پێشمەرگەی وێندەرێ بەڕێز قاسم شەشۆمان دیت و میوانی وی بووین لە وێندەرێ  و دوای ئەوەی کە هاوپەیڤینێکی درێژمان لە گەڵ کرد پێمان گوت دەمانەوێ بچینە ژوورتر لای هەپەگە ، ماڵیان ئاوەدان بێ ڕێگایان پێشان ئێمە دا و دوای زیارەتی "  قوبەی  شەرفەدین" ئێمە چووینە چیا و هاوڕێیانی ئەوێشمان دی و دەتوانم بڵێم کە مەعنەوییات و خەباتیان لەوێ بەڕاستی بێوێنەیە. پەنابەر لەوێ یەکجار زۆرن، بە هەزاران ئێزیدی کە لە شنگارەوە ڕایان کردووە لە سەر ئەو چیایە لە وەزعێکی زۆر دژوار دان و من سەبارەت بە چلۆنایەتی بەردەوام کردنی ژیانیان پرسیارم کرد، هێزی گریلا لەوێ دەیانپارێزن  و هەموو پێداویستییەکانیان دابین دەکەن وەک خواردن و خواردنەوە، جلوبەرگ و دەرمان ، بە ڕاستی مرۆڤ دەبێ پیرۆزبایی لەو ئینسانانە بکا کە لەوێ کار دەکەن.

قازی: باشە کاک دەرویش بە داخەوە کاتمان بەرەو کۆتایی دەچێ . سبەی یانی دووشەمە ١٣ی ژووییە بیست و شەشەمین ساڵی تێڕۆری دوکتور قاسملوو  و هاوڕێکانێتی لە شاری ڤییەنا لە ئوتریش بە دەست مەئمووەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران. لە سەر ئەو ڕووداوە پەیامت چییە؟

مەهاباد فەرحۆ: ئەمن بە ڕێزەکی گەلێک مەزن یادی دوکتور قاسملوو دەکەم. دوکتور قاسملوو هەم زانایەکی زۆر گەورە و هەم سیاسەتمدارێکی زۆر گەورە بوو. من چەند جار لە پاریس دیتم و چەندین جاریش هاتە برووکسێل و لێرە زۆر دیداری سیاسی ئەنجام دا.یەک لەو دیدارانەش کە ئەو دەمی ڕێکخستنی زۆر زەحمەت بوو بۆ سیاسەتمەداری کورد دانیشتنی بوو لە گەڵ سەرۆکی مەجلیسی سەنای بێلژیک واڵت لیمانز لە ساڵی ١٩٨٣. باوەڕ بکە لە دوای دیدارەکە دوای چەند ڕۆژان ئەمن چاوم بە سەرۆکی مەجلیسی سەنا کەوت و لێم پرسی ئەتۆ دوکتور قاسملووت پێ ئینسانێکی چۆن بوو؟ ئەو ووڵامی کە ئەو دایەوە قەت لە بیرم ناچێ  گوتی: ئەگەر ئەو ئینسانە ئوڕووپایی بایە  ئیستا سەرۆکوەزیر یان سەرۆک کۆمارێک ، سەرۆک دەوڵەتێک بوو. لیزمان گوتی ئەو ئینسانێکی گەلێک زیرەک و عاقڵ بوو. بەڵام، بە داخەوە ئەویش بووە قوربانی تێڕۆڕی دەوڵەتی ئێران کە ئەوە چەندین ساڵە زوڵمێکی گەورە لە خەڵکی کورد دەکا. ئەو زوڵم و زۆردارییەی دەوڵەتی ئێرانێ دەیکا دەبێتە کۆتایی ئەو دەوڵەتە و بەو شێوەیە ناتوانێ بەردەوام بێ.

قازی: زۆر سپاس بەڕێز دەروێش مەهاباد فەرحۆ بۆ بەشداریت لە بەرنامەی ڕاوێژ دا.

مەهاباد فەرحۆ: سەرچاوان، گەلێک مەمنوون

قازی: بینەرانی خۆشەویست بەم جۆرە دەگەینە کۆتایی بەرنامەی ئەم جارەشمان ، تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان
 خۆش!
...............
تێبینی: ئەو هاوپرسەیە  لە ئێوارەی یەکشەمە  ١٢ی ژووییەی  ٢٠١٥ لە بەرنامەی ڕاوێژی تێلێڤیزۆنی ستێرکدا بڵاو بووەتەوە. بۆ دیتنی ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە و بەرنامەکانی پێشوو دەکرێ سەر لە حیسابی " ڕاوێژ " لە تۆڕی کۆمەڵی یووتویووب هەڵێنن




No comments: