Tuesday, November 15, 2016

ئەردۆغان: یەکێک بۆ هەموان ، هەموان بۆ یەکێک ؟

چاوەدێران دەڵێن ...
لاپەڕیەک بۆ بۆچوونی پسپۆڕان و خاوەن ڕایان
ماڵپەڕی بی بی سی فارسی ئانڵاین
ئەردۆغان: یەکێک بۆ هەموان ، هەموان بۆ یەکێک ؟
٩ نۆڤامبری ٢٠١٦ - ١٩- ی خەزەڵوەری ١٣٩٥
کامڕان مەتین وانەبێژی پێوەندییە ناونەتەوەییەکان، زانکۆی ساسێکس ، بریتانیا
ئاکامەکانی کۆدەتای تێک شکاوی تورکییە کۆتایی نایە. لە دەرکردنی لایەنگرانی گولەن و مامۆستایانی زانکۆ وە بگرە تا گوشار بۆ سەر چاپەمەنی و کۆمەڵگەی مەدەنی. خاڵی وەرچەرخانی هەنگاوەکانی دەوڵەتی تورکییە گرتنی دوو لە ڕێبەڕانی پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان ، پارتیی لایەنگری کوردان لە پارڵمانی تورکییە دا بوو  و هەر وەها دە ئەندامی دیکەی پارڵمانی ئەو ووڵاتە و ئەوە بووە هۆی کاردانەوەی زۆر. کامڕان مەتین وانەبێژی پێوەندییە ناونەتەوەییەکان، زانکۆی ساسێکس ، لە ووتارێک دا کە بۆ لاپەڕەی ' چاوەدێران' ی نووسیوە ئەو گرتنانە بە خاڵێکی وەرچەرخان لە هەنگاوەکانی دەوڵەتی ئەردۆغان دەزانێ. بە پێی نووسینی مەتین، هیچ گومانێک لە گرینگی دەوری ئەردۆغان دا نییە وەکوو ' ڕێبەری کاریزماتیک'. بەڵام دەور گێڕانی ئەردۆغان نابێ سەرنج هەتەڵە بکا لە سەر دینامیزمی قەوارەیی بەرەوپێشبردنی ژیانی سیاسی تورکییە لە ژێر حکوومەتی پارتیی دەستەڵاتدار دا.

گیرانی ڕێبەران و شارەدارانی ' پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان ' ( هەدەپە) لە حەوتووی ڕابردوو دا  کۆدەتای – ناو – کۆدەتای ئەردۆغانی گەیاندە دووندی خۆی.
دەکرێ ئەوە لە هێندێک ڕووەوە بە خاڵێکی وەرچەرخانی ستڕاتێژیکیش دابندرێ  بۆ تەواو کردنی دژە کودەتای ئەردۆغانیش. هۆی ئەو کارە لێکدانەوە سیاسییەکانی ئەردۆغانە بە دوای شکانی پارتییەکەی، ' پارتیی داد و گەشەپێدان ' ، ( ئاکەپە) بۆ درێژە دان بە هەبوونی زۆربەی دەنگ لە پارڵمان لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی پارڵمانی  لە ساڵی ٢٠١٥ دایە . لایەنەکانی ئەو شکانە دەکرێ بڵێین هاوتەریب بوو  لەگەڵ ڕەهەندەکانی سەرکەوتنی ' پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان'،(هەدەپە) و ئەو توندو تیژییە سیاسییانەش کە بە دوای دا هات نزیکەی تەواوی هەدەپەی کردە ئامانجی خۆی.

لەو کاتە بەدواوە لاواز کردنی توندی ڕێبەریی سیاسی و ڕێکخراوەیی هەدەپە بوو بە کاری مان و نەمان بۆ ئەردۆغان و ئاکەپە و لە پێناو وەدیهێنانی پڕۆژەی بنەڕەتی ئەو ڕەوتە بۆ تێپەڕبوون بەرەو سیستمی سیاسی ' سەرۆکایەتی ' بە دانی دەستەڵاتی بەربڵاو بە سەرۆک کۆمار ، بە تایبەتی ئەوەی کە هەدەپە و هاوسەرۆکی ئەو پارتییە ، سەلاحەدین دەمیرتاش، بەو پەڕی ڕاشکاوی ڕایان گەیاند پێش بە وەدیهاتنی پڕۆژەی ' دەوڵەتی تاقە ڕەگە' دەگرن کە لە زەینی ئەردۆغان دایە و ئەوەیان بە یەکێک لە ئامانجە ستراتێژیکەکانی خۆیان دانا.
دەست پێکردنەوەی شەڕ لەگەڵ ' پارتیی کرێکارانی کوردستان ' ( پ.ک.ک) بیانووی سەرەتایی بوو و زەمینەی پێویستی خۆش کرد بۆ سەرکوتکردنی هەدەپە بە دەست ئاکەپە کە گرینگترینیان پێشنیازبرێاری حەسانە ئەستاندنەوەی پاڕلمانی لە نوێنەرانی پارڵمان بوو. کودەتای مانگی ژوییەی ڕابردووش دەرەتانی بەکردەوەی سەرکوتی هەموولایەنەی دژبەرانی سیاسی ئاکەپەی  بۆ ئەردۆغان بە دیاری هێنا، لە لایەنگرانی گولەن و چاپەمەنی سەربەخۆوە بگرە تا مامۆستایانی زانکۆ  و کۆمەڵگەی مەدەنی ؛ شتێکی کە کودەتای تێکشکاوی هاوینی ڕابردوو لە لایەن ئەردۆغانەوە وەک نیعمەتی ئیلاهی وەسف کردن مانادار دەکا.
مەنتقی گشتی بەرەوپێشبردنی ئاڵوگۆرییە ناوخۆییەکان کە لە سەرەوە چاومان پێداخشاند لە شانۆی سیاسەتی دەرەوەیی دەوڵەتی ئاکەپەش دا هەبووە و لە بنەڕەت دا لەو کەوتووەتەوە و تەواوی دەکا.

گرینگترین تایبەتمەندییەکانی سیاسەتی هەرێمی دەوڵەتی ئاکەپە لە چەند ساڵی ڕابردوو دا سەرمایەدانانی ستڕاتێژیک بۆ تێکەوەپێچانی ڕێژیمی ئەسەد، بەربەست کردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا لە کوردستانی سوورییە، دەور گێڕانی ڕاستەوخۆ و کاریگەرتر لە ئاڵوگۆڕەکانی عێڕاق دا بە دوای سەرهەلدان و ئاوا بوونی داعش بووە.ئەو نموونەیەی دوایی بە ئامادەسازی دیپڵۆماتیک و عەسکەری تورکییە لەو حەوتووانەی دواییدا بۆ دەستێوەردانێکی عەسکەری ڕاستەوخۆی موحتەمەل لە عێڕاق دا لە قۆناغی تێکهەڵچوونی عەسکەری لەگەڵ عێڕاق نزیک بووەتەوە.
پێداچوونەوەیەکی سەرپێی ئالوگۆڕەکانی چەند ساڵی ڕابردوو کە لە سەرەوە دا ئاماژەیان پێ کرا و هەر وەها بە سەرنجدان لە پێوەندی نێوان قسەکان و هەڵوێستە شەخسییەکانی ئەردۆغان و ئەو ڕووداوانەی بەدوایان دا دێ لە زۆر کەسان دا ئەو تەسەورەی ساز کردووە و دەکا کە شەخسی ئەردۆغان خۆی مەکۆ یان هۆکاری بڕیاردەرە لە دیاریکردنی ڕێبازو ڕەوتی ژیانی سیاسی لە تورکییە لە دە ساڵی ڕابردوو دا، بەتایبەتی لە زەمانی دەستپێکردنی ''بەهاری عەڕەبی' ، و دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆیی لە سوورییە دا.
هیچ گومان نییە لە گرینگی دەوری ئەردۆغان وەکوو ' ڕێبەری کاریزماتیک' . بەڵام دەور ئافراندنی ئەردۆغان نابێ سەرنج هەتەڵە بکا لە دینامیزمی قەوارەیی بەرەو پێشبردنی ژیانی سیاسی تورکییە لە ژێر حکوومەتی ئاکەپە دا. لە ڕاستیدا دەرەتان هەبوون و دەور ئافرێنەری ئەردۆغان خۆی تا ڕادەیەکی زۆر ، بەڵام نەک بە لێبڕاوی و تەواو، لە هێزگەلی قەوارەی سیاسی – کۆمەڵایەتی و ناونەتەوەیی کەوتووەتەوە کە بە بێ شرۆڤە کردنیان ناکرێ لێکدانەوەیەکی جێی باوەر بەدەستەوە بدرێ سەبارەت بە ئالوگۆڕەکانی تورکییە لە ساڵانی ڕابردووی نزیک دا.
لە ڕووی چەمکەوە دا ئەو دینامیزمە قەوارەییە دەکرێ وەک میسداقێک لە چەمکەکانی  ' ئەمپریالیسمی کۆمەڵایەتی' و ' پرسیاری کۆمەڵایەتی ' شرۆڤە بکرێ.

چەمکی ' ئەمپریالیزمی کۆمەڵایەتی ' لە لایەن هێندێک لە لێکۆلەرەوەکانی مێژووی مۆدێڕنی ئەڵمانەوە گەڵاڵە کراوە و بریتییە لە ستڕاتێژی چینی دەسەڵاتداری سیاسی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ناکۆکییەکان و یا ئاڵنگارییە 'ناوخۆییەکان' بە ڕێگای تێکهەڵچوون و تەنانەت بە ساز کردنی کێشە ' دەرەوەییەکان'. * ئەو ستڕاتێژییە زۆر جار لەو ووڵاتانە دێتە گۆڕێ کە تێیاندا گەشە سەندنی خێرای پێوەندییە سەرمایەدارییەکان بە پشتیوانی دەوڵەت ناکۆکی نوێی کۆمەڵایەتی  دەئافرێنن و یان / ئەو ناکۆکییە سیاسی – کۆمەڵایەتییانەی  کە لە ڕابردووەوە هەبوون توندو تیژتر دەکەن یان تووشی تەکانێکی ناوەرۆکیی دەکەن بە شێوەیەکی ئاوا کە ئەو قالب و دامەزراوە سیاسی – حقووقیانەی کە هەن ناتوانن چارە یان ئیدارەیان بکەن بە بێ بێ کەلک کردن یان هەڕەشەی جیدی لە  پێگەی دەستەڵاتی سیاسی چینی دەستەڵاتداری دەوڵەتی.
ئەو چلۆنایەتییە لە شکانهاتووییەی سیستمی سیاسی لەمەڕ ئەڵمان لە دەساڵی بەر لە کۆماری وایمار هێندێکان بە ناوی سەرهەڵدانی ' پرسیاری کۆمەڵایەتی '  لێکیان داوەتەوە. چەمکی پرسیاری کۆمەڵایەتی ئاماژە دەکا بە زیاد بوونی خێرای قورسایی سیاسی – کۆمەڵایەتی چینی کرێکار لە ئەڵمانی کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەم و ئەو هەڕەشانەی کە ئەو وەزعە لە دەوڵەتی ئاریستۆکڕاتیک – مل هوڕی ئەڵمانی قەیسەری دەکرد. جێی سەرنجە ئاڵنگاری سیاسی پرسیاری کۆمەڵایەتی خۆی لە پڕۆژەی مۆدێڕنیزاسیۆنی بەرگریانەی دەوڵەتی ئەڵمانی قەیسەری لە دایک ببوو کە بووە هۆی قووڵبوونەوە و پەرەسەندنی توندی ڕەوتی سەنعەتی بوونی سەرمایەدارانە کە لە ژێڕ ڕێبەری چینە خاوەن زەوییەکانی پرووس و ئەڵمان یان هەمان ' یونکرەکان ' دا بوو.
ساز کردنی ' دەوڵەتی بە ئیروو ' بۆ تەماع وەبەرنان و بەربەستکردنی سیاسی چینی کرێکار و پارتیی بەهێزی سۆسیال دێمۆکڕاتی ئەڵمان تەوەرێکی ووڵامی یونکرەکان بوو بۆ پرسیاری کۆمەڵایەتی . لایەکی دیکەی ستڕاتێژی سیاسی ئەوان  ' پەرەسەندن خوازی ' هەرێمی و ورووژاندنی کێشە لە ' دەرەوە' بوو. ئەوە ڕەهەندی پێوەلکاوی 'ئەمپریالیزمی کۆمەڵایەتی ' ئەڵمان و یەکێک لە هۆیەکانی هەلئاییسانی شەڕی جیهانی یەکەم بوو.
 توندتر بوونی وێژیاکی ناسیۆنالیزمی مەزن خواز بە داگرتنەوەی شەڕی جوولەکە و پیرۆز کردنی ' ڕێبەری هەڵکەوتوو و بەتوانا' بەشێک لەو ڕەوتە گشتییە بوو کە لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی یەکەمی جیهانی ئەوەندەی دیکەش پەرەگرتر بوو کە لە فاشیسمی نازییەکان دا گەیشتە دوندی مەنتقی خۆی.

لەمەڕ تورکییە کورت کردنەوەی دەستی سەرمایەداریی دەوڵەتی کەماڵیستی ، کە لە سەر بنەمای سنعاتی گەورە بە پاڵپشتی دەوڵەت و لە ڕووی جوغرافیاییەوە لە ناوچەکانی مێدینتەڕانەیی و ڕۆژئاوای تورکییە هەڵکەوتبوو ، و هەر وەها هێژێمۆنیک کردنی خێرای نوێ لیبێڕالیسم بە چاری  ئیسلامییەوە و بە پاڵپشتی ' بەورەکانی ئانادۆڵی' – یان هەمان چینە سەرمایەدارە نەریتی و خۆ پارێز
ەکان کە لە ژێر هێژێمۆنی کەمالیستەکان و هەڵکەوتوو لە ناوچە ناوەندییەکان و ڕۆژهەڵاتی تورکییە – لە لایەن ئاکەپەوە دەکرێ بە هاوتای مێژوویی ' مۆدێرنیزاسیۆنی بەرگریی' ئەڵمانی قەیسەری دابندرێ.

بەڵام لە مەڕ تورکییە دەکرێ بەڵگە بەدەستەو بدرێ کە پرسیاری کۆمەڵایەتی،یا بەلانی کەمەوە ڕەهەندێکی سیاسی وی، لە توند و تیژ کردن و یان تەکانی ناوەرۆکی ئەوەی بە ' مەسەلەی کورد ' بەناو دەکرێ دەرکەوێ .
سەرکەوتنی ئاکەپە لە کۆتایی دان بە دەسەڵاتی سیاسی کەمالیسم لە تورکییە لە بەستێنی قەیرانی ماڵی – ئابووری نەتەوەیی و جیهانی لە کۆتاییەکانی دەیەکانی ساڵانی ١٩٩٠ کانی زایینی دا مەیسەر ببوو. بە لەبەرچاوگرتنی کری قەوارەی سیاسی تورکییە لەلایەن کەماڵیستەکانەوە لە ٧٠ ساڵ دا بە سەرکەوتنی ئاکەپە لە هەڵبژاردن دا لەگەڕانەوە نەشیاوی دەسەڵاتی سیاسی کەمالیسم لە لایەن ئاکەپەوە بەسترابووەوە بە گۆڕانی قەوارەیی لە سیستمی سیاسی – ئیداری و هەر وەها عەسکەری – ئەمنییەتی تورکییە .
بە لەبەرچاو گرتنی وەزن و ڕێز بەستنی هێزە سیاسی – کۆمەڵایەتییەکان  کە ئاکەپە لەگەلێان ڕووبەڕوو بوو، پەرەگرتنی پێگەی دەستەڵاتی پارڵمانیی ئاکەپە هەنگاوی هەرە دەستبەجێ و هەرە گرینگ بوو. ئەو کارە بە ڕێگای ڕاکێشانی دەنگی کوردەکان و توێژە کەم داهاتەکان و لە ڕووی کولتووری – کۆمەڵایەتییەوە  ئی خۆپارێزتری کۆمەڵی تورکییە مەیسەر دەبوو. یەکەمیان دەستپێکردنی ڕەوتی موزاکەرە بۆ سازان لەگەڵ ' پارتیی کرێکارانی کوردستان ' (پ.ک.ک) ، و ئەوی دووەمیان پۆپۆلیسمی سیاسی – کۆمەڵایەتی  ئاکەپە لە چەند ساڵی یەکەمیی توانایی بەدەستهێنانی شی دەکاتەوە.

دەستپێکردنی ڕاپەڕینە دێمۆکڕاتیکەکان کە بە  ' بەهاری عەڕەبی ' بەناو دەکرێن ئامرزاێکی تازەی بۆ پتەو کردنی توانایی سیاسی – ئابووری ئاکەپە ئامادە کرد کە بە خێرایی  گەڵاڵەی خاوی سەرەتایی  کە بە ' نوێ – عوسمانیسم'  بە ناو دەکرێ خستە بواری کردارییەوە.
بەڵام ڕەوتی ئاڵوگۆڕەکان بە دوای جووڵەی سەرەتایی ئاکەپە لە هەر دوو شانۆ دا جیاواز بوو لە چاوەڕوانییەکانی ئاکەپە و بەربەست کردن یان دانانەوەی ئاراستەیەکی خێرا بوو بە سەرقاڵیی سەرەکی ئاکەپە.
تێکشکانی ئیخوانولموسلیمین  لە میسر بە دەست عەسکەران بە ڕێبەرایەتی ژەنەڕاڵ سیسی ، بەرتەنگی بەرچاوی تورکییە بۆ دەور گێڕان لە لیبی و ناچار بوونی ' نیهزەتی ئیسلامی ' تونس بۆ سازان لەگەڵ پارتییە سکولارەکان سوورییەی کرد بە تەنیا شانۆی بەرەوپێشبردنی نۆێ – عوسمانیسمی ئاکەپە؛ شانۆێک کە وێدەچێ ئاکەپە بە تەختەی پەڕینی هەرێمی خۆی دانابێ بۆ پەرەپێدانی هێژێمۆنی سیاسی – ئابووریی هەریمی خۆی لە دەورەی دواتر دا.
بەڵام لاواز کرانی توندی دەوڵەتی ئەسەد، کە هەر وەک ئاماژەی پێ کرا بەشێکی لە بەر پشتیوانی ئاکەپە لە دژبەرە ئیسلامیستەکانی ئەسەد بوو، هاوکات سەرهەڵدانی کوردەکان و وەجووڵە کەوتنی ڕەوتی خۆ گرتنی پڕۆژەی  'کۆنفێدرالیسمی دێمۆکڕاتیک ' ی لە کوردستانی سوورییە ( ڕۆژئاوا ) ش ئامادە کرد. بە هەمان ڕادەی کە ڕەوتی پڕۆژەی ' کۆنفێدرالیسمی دێمۆکڕاتیک ' لە ڕۆژئاوا قووڵ بووەوە و سەقامگیر بوو، سەرەتی دانی ئاکەپەش لە سەرەونخوون کردنەوەی ئەسەدەوە گۆڕا بەرەو بەربەست کردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا.
هۆی ئەمەش هەر وەک ئاماژەی پێ کرا ئەوە بوو کە نەرمی بە ڕواڵەتی ئاکەپە بۆ جێ بە جێ کردنی مەسەلەی کورد لەناوخۆی تورکییە ناوەرۆکێکی تاکتیکی هەبوو بۆ ئەو پارتییە و ئامانجی سەرەکی وەدەست خستنی دەنگی کوردەکان لە بری دانی فەزایەکی مانۆری سیاسی بەرتەنگ و کۆنکرێت بە کوردەکان لە تورکییە دا بوو  بە بێ ئیزن دان بەوەی کە ئەو وەزعییەتە ببێتە هۆی پەیدا بوونی قەوارەیەکی سیاسەت کردنی کوردی لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی ئاکەپە.

لە هەمان کات دا بەربەست کردنی سیاسی – ژێئۆپۆلیتیکی  ڕۆژئاوا لە ڕێگای پشتیوانی ناڕاستەوخۆ لە داعش و هێزە جیهادییەکانی دیکە لە سوورییە بە شێوەیەکی لە زێدە چەتی لە دەرەتانی ڕاکێشانی دەنگی کوردەکان دەخست؛ ڕەوتێک کە لە هاوینی ساڵی ٢٠١٥ دا بە لە دەستدانی زۆربەی پارڵمانی ئاکەپە و سەرکەوتنی چاوڕاکێشی  هەدەپە تەواو بوو.

لەو قۆناغە ڕا بە دوایە پرسیاری کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی لە زێدە پەرەی دا بە ئەمپریالیسمی کۆمەڵایەتی ئاکەپە. ئەو وەزعییەتە لە شێوەی توند و تیژی بێ پێشینەی وێژیاکی شۆوێنیسمی تورک لە پڕۆپاگاندەی ئاکەپە دا خۆی دەرخست. هۆی وەبەر گرتنی ئەو وێژیاکە بە مەبەستی  ڕاکێشانی دەنگی ناسیۆنالیستە تیژپەڕەکانی لایەنگری
' پارتیی حەڕەکەتی نەتەوەیی ' ، ( مەهەپە ) و هەر وەها هێندێک بەشی خۆپارێزی لایەنگرانی ' پارتیی کۆمارخوازی گەل' (جەهەپە) بۆ تێهەڵێنانەوەی ئەو دەنگانە بوو کە ئاکەپە بە هەدەپەی دۆڕاند بوو ؛ دەنگی ئەوتۆی کە ئاکەپە حەوجێیەکی زۆری پێی بوو بۆ ئەوەی دەرەتانی ڕێفراندۆم کردن لە سەر گەڵاڵەی گۆڕینی قانوونی بنچینەیی تورکییە و دەرباز بوون بۆ سیستمی سەرۆکایەتی کۆمار بلوێنێ کە لە زەینی ئەردۆغان دایە. دەستپێکردنەوەی شەڕ لەگەڵ پ.ک.ک  و وەبەرگرتنی  ' ڕێگای چارەسەری سریلانکایی '  بۆ مەسەلەی کورد ، و حەولی بە تەگبیر بۆ تێکشکاندنی قەوارەی سیاسی هەدەپە لەو مانگانە و بەتایبەتی لەو حەوتووانەی دواییدا دڕێژەی مەنتقی ئەو سیاسەتەیە.
دینامیسم و مەنتقی قەوارەیی سیاسەتی نەتەوەیی ، هەرێمی و جیهانی تورکییە هێشتا نەهێشتووە ئاکەپە بگا بەو ئامانجانەی دە سەری دایە و یان گەیشتنی ڕێژەیی بەو ئامانجانەی بەستووەتەوە بە دانی تێچووی ئەوتۆ کە لە نیوە –خایەن دا لەوانەیە بە لە دست دانی هێژێمۆنی سیاسی ئەو پارتییە لە ناوخۆی تورکییە تەواو بێ. ئەو وەزعییەتە لەمەو دواش درێژەی دەبێ. سەرکەوتنی دۆناڵد ترامپ لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ئەمریکا دا تەنێ ئاڵۆزی ئەو دینامیزمە قەوارەییە زیاتر دەکا و لەوانەیە سنوور و سەراوەردی ژێئۆپۆلیتیکی بەکاری ئەمپریالیسمی کۆمەڵایەتی ئەردۆغان لە سەڕ ڕا بناسێنێتەوە.
.

*مارکسیستەکان لە سەروبەندێک دا چەمکی ' سۆسیال ئەمپریالیسم ' یان بۆ ناساندنی ناوەرۆکی سیاسەتی یەکێتیی سوڤییەت  دەکار دەکرد. ئاشکرایە  کە لێرە دا مەبەست ئەو مانایەی ئەو چەمکە نییە


وەرگێڕان لە فارسییەوە: حەسەن قازی 

No comments: