Monday, May 1, 2017

کارێکی سەقەت سەبارەت بە مێژووی وێنەیی جمهووری کوردستان


کارێکی سەقەت سەبارەت بە مێژووی وێنەیی جمهووری کوردستان

حەسەن قازی
لە ساڵی ٢٠١٣ ' مووزەخانەی نیشتمانی ئەمنە سوورەکە' لە سلێمانی کتێبێکی چاپ کردووە بە ناوی ' مێژووی کۆماری کوردستان لە وێنە دا ' کە ئارام محەمەد غەریب و کاکشار ئۆرەمار ئامادە و ' کۆیان ' کردووەتەوە. ئەو کتێبە لە ڕاستیدا لە بەر ئەو هەموو هەڵە و پەڵە و زانیارییە ناڕاستانەی کە تێی کەوتووە ،جا چ لە بەر نەزانی بێ یان بە زانایی ، سووکایەتییە بە مێژووی کۆمار. لەو کتێبە دا ئاماژە بە هیچ سەرچاوەیەک نەکراوە و بە تایبەتی یەک لە ئامادەکاران بە ڕووهەڵماڵاویەوە ڕەنج و حەولی خەڵکی دیکەی بە ناوی خۆی تۆمار کردووە و ئەوەش جووڵانەوەیە بە دژی ئەو ڕستەیەی کە ئەو ئامادەکارە لە سەرەتای" پێشگۆ" ی کتێبەکە دا نووسیویە: " ئەوانەی مێژوو دەگێڕنەوە ، دەبێت زمانێکی ڕاستگۆ و لە ئاست بەرپرسیارەتیدا بن، ئاماژە بکەن بە ڕاستییەکانی سەردەمێکی ڕابردوو بۆ ئەمڕۆ و داهاتوو."  بە پێی ئەوەی کە کاکشار ئۆرەمار زۆر شتی لە سەر کۆماری کوردستان نووسیوە و لە زۆر بۆنەی تێلێڤیزیۆنی و کۆنفڕانسان دا لەسەر ئەو مژارە دواوە ناکرێ ئەو هەموو هەڵەیەی بە سەر دا تێپەڕیبێ بەڵام ناوی وەک ئامادەکار لەسەر ئەو کتێبەیە، ئەگەر ئاگای لە ناوەرۆکی قسەکان نییە وا چاکە خۆی لێ بێ بەری بکا، چونکە بمانەوێ و نەمانەوێ ئەو هەڵانە پای ئەویش دەگرنەوە .
لەم نووسینە دا لاپەڕە بە ڵاپەڕە ئەو 'کتێبە' هەڵدەدەینەوە و یەک بە یەک هەڵەکانی ئەو کارە دەستنیشان دەکەین

١-لە پێشەکی دا دەستخەتێکی کاک عەلی قازی سکان و بڵاوکراوەتەوە کە دەنووسێ: " بۆ بەڕێز ئارام محەمەد غریب ئەو مافە لە لایەن منەوە دراوە کە وێنەکانی کۆنی پێشەوا و بنەماڵە و ئەو کەسانەی دە گەڵی بوون چاپی بکات لەگەڵ وینەکانی کۆماری کوردستان
کوڕی ڕەش ٢١ / ٧ / ٢٠١٢ "
پرسیار ئەوەیە بە پێی کام بەڵگە کاک عەلی قازی مافی ئەوەی هەیە مافی چاپکردنی ئەو وێنانە بدا کە لە کتێبەکەدا چاپ کراون؟ ئایا ئەو وێنانە هەموویان ئی ئارشیڤی شەخسی بەڕێزیانن؟ ئایا چ بەڵگەیەک هەیە مافی کۆپی ڕایت تەنێ بۆ وی بپارێزێ؟
٢-"مووزەخانەی نیشتمانی ئەمنە سوورەکە" ش کە ' مافی کۆپی کردن و چاپکردنەوەی ئەم پەڕتووکە مێژووییەی بۆ خۆی پاراستووە ' هیچ دیار نییە بە پێی چ بەڵگەیەک مافی خاوندارێتی لەو وێنانە دەکا کە زۆربەیان ئی ٧٠ ساڵ لەمەو بەرن؟
٣-' نەخشەی کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦ دا ' کە لە پێشەکی کتێبە کە دا چاپ کراوە لە کتێبی ویلیام ئیگلتن وەرگیراوە بێ ئەوەی ئاماژە بە سەرچاوە کرا بێ.
٤-لە لاپەڕەی ٩ دا نووسراوە " قازی عەلی [ قازیی عەلی ] لە ساڵی ١٩٣٠ لە مەهاباد ڕێکخراوێکی کوردی بە ناوی ( بزووتنەوەی محەمەدی ) پێک هێنا. ناو براو لەگەڵ جووڵانەوەی شێخ محەمەد خیابانی لە تەورێز پەیوەندیی هەبووە و تا کۆچی دواییکرد لە سەر ئەو کارە بەردەوام بووە." پاڵپشتی قسەی نووسەر بۆ ئەو ئیدیعایە دیار نییە ، لە مەر 'بزووتنەوەی محەمەدی' چەند سەرچاوەی کوردی لەوانە کەریم حیسامی و ڕەحیم قازی باس دەکەن میرزا ئەبولحەسەنی سەیفولوزات برای پچووکی قازیی عەلی لە دامەزرێنەران و هەڵسووڕاوانی ئەو کۆمەڵە بووە و دیارە هێندێک شێعری فارسی سەیفولقوزات لە ڕۆژنامەی ' ئازادیستان' ی شێخ محەمەد خیابانی دا چاپ کراوە کە ئەوە دەکرێ نیشانەیەک بێ لە پێوەندی سەیف و ئەو بزووتنەوەیە.
٥-هەر لە لاپەڕەی ٩ دا نووسراوە: ' قازی عەلی [ قازیی عەلی ] دوو کوڕی هەبووە. یەکێکیان ئەبولقاسم قازی ناسراو بە (سەدری قازی) کە دوو دەورە لە لایەن خەڵکەوە کراوەتە نوێنەری پەرلەمان و جێی بڕوا و کاریگەرێتیی تایبەتی هەبووە. دوای تەواو بوونی کاری پەرلەمان لە سەر ڕاسپاردەی باوکی ، بۆ ڕاپەڕاندنی کارە سیاسییەکان و یارمەتی دانی خەڵک هەر لە تاران مابووەوە".
ئەو زانیارییە سەرتاپا هەڵەیە. سەدری قازی هەر خولێک ئەندامی پاڕڵمانی ئێران بووە ، واتە خولی ١٤. ئەو خولە لە ٦-ی ڕەشەمەی ١٣٢٢ هەتاوی دەستی پێکردووە و لە ٢١-ی ڕەشەمەی ١٣٢٤- هەتاوی  [ تاریخ مهاباد، محمد صمدی ]  واتە ٢٤  فێورییەی ١٩٤٤ تا ١٢ –ی مارس ی ١٩٤٦ دڕیژەی کێشاوە. ماوەیەکی کورتی دوای ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان خولی ١٤-ی مەجلیس تەواو بووە. لە کۆتایی ساڵی ١٣٢٢ –ی هەتاوی کە سەدر قازی بووە بە نوێنەری مەهاباد لە پارڵمانی ئێران، قازیی عەلی هەرنەبێ ١٢ ساڵ بووە کە کۆچی دوایی کردووە. بە پێی سەرچاوەیەکی ئەمریکایی [ گۆڤاری ئۆریانت میشن، ژمارە ١، ساڵی ١٩٣٢] قازیی عەلی لە ١٩-ی ئۆکتۆبری ١٩٣١  کۆچی دوایی کردووە کە دەبێتە ٦ – ی ڕەزبەری ١٣١٠ی هەتاوی. کەوابێ ناکرێ قازیی عەلی داوای لە سەدر کرد بێ لە تاران بمێنێتەوە.ئەوە ڕاستە کە لە ماوەی هەبوونی جمهووری دا سەدرقازی لە تاران وەک نوێنەری قازیی محەمەد هەڵسوکەوتی کردووە.
٦-لە لاپەڕەی ١٠ دا هاتووە یەکەم کۆنگرەی حدک لە " ٢٢ ژانویە ١٩٤٦ " بووە. ئەو تاریخە هەڵەیە، ئەوە ڕۆژی ڕاگەیاندنی جمهووری یە. یەکەم کۆنگرەی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان لە خەزەڵوەری ١٣٢٤-ی هەتاوی واتە لە ئۆکتۆبری ١٩٤٥ پێک هاتووە. بەیاننامەی دامەزرانی حیزب لە گەلاوێژی ١٣٢٤ / ئووتی ١٩٤٥ دەرکەوتووە.
٧-لە لاپەڕەی ١٠ دا هاتووە هەر بە دوای ڕاگەیاندنی کۆمار دا نووسراوە ' ٦- ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ لێژنەی تایبەت لە تارانەوە هاتووە " لە کاتێک دا ئەوە " دادگە" ی دووەم بووە. دواتر لە مانگی خەزەڵوەری ١٣٢٦ / مارسی ١٩٤٧  لێژنەیەکی تایبەتی بۆ بەڕێوەبردنی حوکمەکە گەیوەتە مەهاباد.
"دادگەی " قازییەکان بە پێی چەند سەرچاوە  لەو تاریخانەی خوارەوە دا و بە بەشداری ئەو کەسانە بووە:
دادگەی یەکەم لە ١٩ ی ژانڤییەی ١٩٤٧ / ٢٩-ی بەفرانباری ١٣٢٥ پێک هاتووە و لە ٢٣ –ی ژانوییەی ١٩٤٧
/ ٣-ی ڕێبەندانی ١٣٢٥ –ی حوکمی ئێعدامی هەر سێ قازی داوە.
سەرۆکی دادگە سەرهەنگ پارسی تەبار، دادئەستێن سەرهەنگ فیوزی بووە
دادگەی دووەم لە ٢٨ / ٣ / ١٩٤٧  ( ٧ – خاکەلێوەی   ١٣٢٦ ی هەتاوی ) لە مەهاباد حوکمی ئێعدامی قازییەکانی ئەرێ کردووە.
سەرۆکی دادگە : سەرهەنگ ڕەجەب عەتا / دادئەستێن  سەرهەنگ ڕەزا نکوزاد بووە ، کە ئەوانە جێ گۆڕکەیان کردووە.
سەروان حەسەن سولحجوو یەک لە ئەندامانی ئەو دادگەیە بووە.
سەرچاوە [ ئیگلتن، ڕەحیم قازی، ئیگلتن، پسیان ]

٨-لاپەڕەی ١٢ ، لە بن وێنەی سەیید عەبدوڵا ئەفەندی و پۆلێک پێشمەرگە نووسراوە ' هێزی ئورمی یە ' هێزێک بەو ناوە هەر بوونی نەبووە. ئەو وێنەیە ئی ڕۆژی ٢ –ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ ی هەتاوی ڕۆژی ڕاگەیاندنی جمهووری کوردستانە. ئەوەش بە پاڵپشتی جلوبەرگی سەید عەزیزی شەمزینی دەڵێین کە هەمان جلوبەرگی دەبەر دایە کە لەو وێنەیە دا دەبیندرێ و لەگەڵ مەلا مستەفا لە خوار ئەو سەکۆیە ڕاوەستاوە کە لەوێوە قازیی محەمەد سان  دەبینێ لە هێزی پێشمەرگە لە ٢-ی ڕێبەندان دا. کە وابوو ئەو وێنەیە ئی ڕۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان نییە ، بەڵکوو ئی ڕۆژی ڕاگەیاندنی جمهوورییە.

٩-لاپەڕەی ١٣ ، ڕاستە ئەو وێنەیە ئی ڕۆژی هەڵکردنی ئاڵای کۆمارە ، بەڵام لەو سەروبەندی دا بەو خانووە نەگوتراوە  ' خانووی دادوەری !! [ دادگوستەری ]

١٠-لاپەڕەی ١٤ ، ' ئەحمەد کەفاش ' هەڵەیە ، شێوەی دروستی ناوی  ئەم ئەفسەرە دێمۆکڕاتە ' ئەحمەد کەففاشی ' یە.

١١-لاپەڕەی ١٤ ، وێنەی دووەم ، ئەوە ڕێوڕەسمی هەڵکردنی ئاڵایە لە بۆکان


 ١٢-لاپەڕەی ١٦، ئەو کەسەی لە ڕیزی پێشەوە و لە بەر ئەو سەکۆییەی قازیی محەمەدی لە سەر ڕاوەستاوە'حاجی بابەشێخ ' نییە ، بەڵکوو ئەو کەسە مەلا حوسێن مەجدی یە کە لە جمهووری دا وەزیری داد بووە . هەیئەت ڕەئیسەی میللی کە حاجی بابە شێخ سەرۆکی بووە بەر لە ڕاگەیاندنی کۆمار پێک هاتووە ، بە پێچەوانەی ئەو شەرحەی لە بن وێنەکە دا نووسراوە.

١٣-لاپەڕەی ١٧، " لە شەرحی وێنەکە دا نووسراوە: " پێشەوا قازی محەمەد لە کاتی سڵاوی کۆماری دا ، کەسی وەستاوی بەردەمی بە بەرگی سەربازییەوە  سەرهەنگ سەلاح سۆران ، کە سڵاوی کۆماری ڕادەگەیێنێت. دووەم کەسی وەستاو  لە ڕیزی لای چەپدا بە بەرگی سەربازییەوە کۆلۆنێل نانەوازادەیە.
 " سەرهەنگ سەلاح سۆران " بە ئاڵقەی سوور دیاریی کراوە
"کۆلۆنێل محەمەدی نانەوا زادە " بە ئاڵقەی زەرد دیاریی کراوە
" ڕەسووڵ سەرهەنگ "  بە ئاڵقەی بنەوش  دیاریی کراوە .
شەرحی وێنەکە و زۆربەی ئەو ناوانەی هاتوون هەڵەن. ئەو وێنەیە لە خانەقای شەمزینان گیراوە . لە سەر هەیوانێ لە بەری  ڕاست : قازیی محەمەد . محەمەد حوسێن سەیف قازی  و میرزا غەنی خوسرەوی دەناسرێنەوە.   ئەو کەسەی بە ئاڵقەی سوور دیاری کراوە بە لێبڕاوی ' سەرهەنگ  سەلاح سۆران " نییە، چونکە کەسێکی ئاوا هەر نەبووە. ئەگەر مەبەست ' ئیبراهیم خانی سەلاح ' ە کە ماوەیەک فەرماندەی هێزی ناوەندی بووە ئەو نییە. ئیبراهیم سەلاح باوکی سۆران سەلاح [حەسەن سەلاح ] بووە. ئەو کەسەی بە ئاڵقەی زەرد دیاریی کراوە و ناوی وەک کۆلۆنێل محەمەدی نانەوا زادە نووسراوە ، محەمەد نانەوا زادە نییە. ئەو کەسەش کەئاڵقەی بنەوشی بە دەورد دا کێشراوە و بە " ڕەسووڵ سەرهەنگ " ناسراوە دووجار هەڵەی تێدا کراوە. یەکەم لە ناو کاربەدەستانی جمهووری دا کەسێک نەبووە بە ناوی ' ڕەسووڵ سەرهەنگ'  و دووهەم ئەو شەخسە  عەلی خوسرەوی یەک کە لە کادرە هەڵسووڕەکانی جمهووری بووە. لە ریزی ناوحەوشەکە  میرزا کەریم ئەحمەدەین، وەزیری پۆست و تێلێگڕاف بە جوانی دەناسرێتەوە کە هەر باسی نەکراوە.

١٤-لە لاپەڕەی ١٩ وێنەی ئەندامانی کابینەی حکوومەتی کوردستان ڕیزی دووەم لە چەپەوە نەفەری دووەم  محەمەد یاهوو یە نەک کەریم یاهوو. نەفەری پێنجەم حوسێن فرووهەر ( حوسێن زێرینگەران ) ە نەک سەعید هومایوون وەک لەوێ هاتووە.
لە لیستی ناوی وەزیرەکان دا لە جیات مەحموود وەلیزادە نووسراوە محەمەد وەلیزادە کە ئەوە دروست نییە.

١٥-لە لاپەڕەی ٢٠ دا ، لە وێنەیەکی بەکۆمەڵ دا کە بە بۆنەی سەردانی دوکتور ئیسماعیل ئەردەڵان خاوەنی بڵاوکراوەی ' کوهستان ' لە مەهاباد هەڵگیراوە  نووسراوە: " بەشێک لە ئەندامانی کابینەی کوردستان " . ئەوەش دیارە بۆ لەکۆڵ خۆ کردنەوەیە و هیچ نەنووسرا با باشتر بوو. زۆربەی هەرە زۆری ئەو کەسانەی لە وێنەکە دا هەن بە باشی دەناسرێنەوە. لە لای ڕاستەوە دانیشتووان: ا- ئەحمەد ئیلاهی ، ٢- هێمن – ٣ – مەناف کەریمی -، ٤- دوکتور ئیسماعیل ئەردەڵان ، ٥- سەدیق حەیدەری ، ٦-محەمەد ئەیووبیان ، ٧- پۆدپۆلکۆڤنیک مستەفا خۆشناو. ڕیزی پشتەوە ڕاوەستاوان لە ڕاستەوە: ١- ڕەحیم لەشکری ، ٤- باقی حەیدەری ، ٦- سەعید هومایوون ، ٧ – دڵشاد ڕەسووڵی ، ٨- سەید ئەحمەد سەید تەهای نەهری ، ٩- عەلی خوسرەوی ، ١٠ – عێزەت عەبدولعەزیز ، ١١ – عەبدولڕەحیم جەوانمەرد قازی ، ١٢ – ڕەحمانی ئووەیسی ، ئەوانیدی نەناسرانەوە.

١٦-لاپەڕەی ٢٢ ، ناوی جەمیل قەدری پاشای دیاربەکری ، نووسراوە ' شوکری قادر بەگ ' ئەوەش ڕادەی ئاگاداری بەرهەڤکاری ئەو کتێبە نیشان دەدا. هەڵەش لە ئیملای ناوی محەمەدئەمین شەڕەفی و محەمەد دڵشاد ڕەسووڵی کەوتووە.

١٧-لە لاپەڕەی ٢٣ لە بن وێنەکە نووسراوە ' هێزی سەربازیی کۆماری کوردستان ' ، ئێمکانی ئەوەی ئەوانە 'هێزی پێشمەرگەی جمهووری کوردستان ' ، '' سەربازیی کۆماری کوردستان  " بن هێندە کەمە نەبێتەوە چونکە وەک لە وێنەکە دا دەبیندرێ هیچکەس چەکی پێ نییە. ئەوە دەکرێ هێندێک سوارە و پیادەی عەشیرەتی بن لە سەردەمی چەک کرانی عەشیرەتان بە بۆنەیەک کۆ بووبنەتەوە.

١٨-لاپەرەی ٢٤ " سەرهەنگ برایم سەلاح " وەک 'فەرماندەی گشتی سوپای کوردستان  " ناسێندراوە ئەوە دروست نییە . ئیبراهیم سەلاح ' سەرۆکی دیوانی حەربی هێزی دێمۆکڕاتی کوردستان' و ماوەیەک  فەرماندەی هێزی ناوەندی بووە.

١٩-لاپەڕەی ٢٦ ، لە هێزی دێمۆکڕاتی کوردستان دا پلەیەک نەبووە بە ناوی ' سەرپۆلی '  ووشەکە  ' سەرپۆل ' ە هاوتای ' سەرهەنگ ' ی ئێرانی.  وێنەی دووەم لەو لاپەڕەیە دا ئی ٢-ی ڕێبەندانە

٢٠-لاپەڕەی ٢٧، 'کۆمەڵێک لە خوێندکارانی کورد  لە مەدرەسەی نیزامی لە باکۆ ' ناوەکان بە هەڵە نووسراون دروستەکەی ئاوایە:  ١- عەلی گەلاوێژ ، ٢- عەزیز شەمزینی، ٣- مەجید وەلیزادە. ئەو کەسەش کە بە عەدەدی ٤ وەک ' دوکتور ئاسو مەحموود زادە ' ناسێندراوە ئەو نییە. بەڵکوو کەسی شانی ڕاستی گەلاوێژ ، قادر مەحموود زادە (ئاسۆ) یە.

٢١-لاپەڕەی ٢٨،  ژمارە لە سەردانانی وێنەکە و شەرحی ناوەکان  ئی ماڵپەری ' وێنەی کۆماری کوردستان ' ە بێ ئەوەی ئاماژەی پێ کرا بێ.

٢٢-لاپەڕەی ٢٩ ، مەحموود وەلیزادە ئاوازدانەری ' خوایە وەتەن ئاوا کەی ' نییە

٢٣-لاپەڕەی ٣١، میرزا مستەفای سوڵتانیان وەزیری بازرگانی نەبووە.

٢٤-لاپەڕەی ٣٣، ئەو وێنەیەی کە وەک وێنەی قاسم قادریی قازی ناسێندراوە وێنەی وی نییە بەڵکوو وێنەی میرزا ئیبراهیم قازی زادە یە.

٢٥-لاپەڕەی ٣٦ ، ناوی سەیف قازی و سەدر قازی جێ گۆرکەیان پێ کراوە

٢٦-لاپەڕەی  ٣٧ ، لە بن وێنەکە نووسراوە: " خوێندکاران و مامۆستایانی قوتابخانەی ( سەعادەتی ) لە شاری مەهاباد لە ساڵی ١٩٤٦، وێنەی پێشەوایان بەدەستەوەیە'. زۆربەی زانیارییەکانی لەمەڕ ئەو وێنەیە فڕیان بە ڕاستییەوە نییە جگە لە ساڵی ١٩٤٦ و وێنەی پێشەوا نەبێ.
ئەو وێنەیە ئی مامۆستایان و قوتابیانە لە شاری ' نەغەدە ' لە ڕاستەوە کەسی سێیەم حەسەن کاکاغازادەیە کە
' نومایەندەی فەرهەنگی کوردستان ' لە نەغەدە بووە و ناوی مەدرەسەکەش ' کوردستان ' بووە.
بڕواننە ڕۆژنامەی کوردستان، ژمارەی ٤٦ ، شەممو ٢١-ی بانەمەڕی ١٣٢٥ ی هەتاوی ، لاپەڕەی ٣

٢٧-شەرحی وێنەی لاپەڕەی ٣٨، کە لە لاپەڕەی ٣٩ دا هاتووە قسەی لە سەرە و بە دڵنیاییەوە ٢ مانگ دوای دامەزرانی کۆمار نەگیراوە، چونکە لەو کاتە دا ' ئیبراهیم نادری ' لە وەزاڕەتی فەرهەنگ کاری نەکردووە، وێنەکە ئی هاوینی ساڵی ١٣٢٥/ ١٩٤٦ ە
٢٨-لاپەڕەی ٤٠، شەرحی وێنەی لای خوارەوە هەڵەی تێدایە . ژمارە ١- محەمەد قودسی و ژمارە ٣-  نووری ئەحمەد تەها یە.

٢٩-لاپەرەی ٤١ ، وەک لە سەرەوەتر دا گوترا لە هێزی دێمۆکڕات دا پلەیەک نەبووە بە ناوی ' سەرپۆلی' ، " سەرپۆل " دروستە. لە وێنەکەدا لە ریزی دووەم لە ڕاستەوە کەسی شەشەم ' کوێخا ئەحمەدی سەراو ' ە.

٣٠-لاپەڕيی ٤٢، نەفەری ٣ ، نووری نییە ، نەفەری حەوتەمیش محەمەد قودسی نییە بەڵکوو ' خەیروڵا عەبدولکەریم ' ە.

٣١-لاپەڕەی ٤٣، وەک زۆربەی تەواوی شەرحەکان ئاماژە نەکراوە بە شەرحی ژێر ئەو وێنەیە.

٣٢-لاپەڕەی ٤٤ ، وێنەی لای خوارەوە بە پێی قسەی هێمن لە بانەمەڕی ١٣٢٥ –ی هەتاوی لە تەورێز هەڵگیراوە. کەسێکیش بە ناوی سەید سەدیق حەیدەری هەر بوونی نەبووە، دەبێ مەبەست سەدیق حەیدەری بێ

٣٣-لاپەڕەی ٤٥، شەرحی بن هەر دوو وێنەکان ئی ماڵپەڕی ' وێنەی کۆماری کوردستان ' ە

٣٤-لاپەڕەی ٤٦، بە پێچەوانەی ئەوەی نووسراوە ئەو وێنەیە نە ' ڕزم ئارا ' و نە ' مام ئەحمەد ئیلاهی ' تێدا نییە.

٣٥-لاپەڕەی ٤٦ ، وێنەی لای خوارەوە ئی سەردەمی کۆمار نییە ، " میرحاج " یشی تێدا نییە. زانیارییەکە هەر وا لە گۆترە نووسراوە

٣٦-لاپەرەی ٤٧ ، نووسراوە: " هێرشی سوپای کۆماری کوردستان بۆ ئازاد کردنی شاری سەقز" .
جارێ قەت هێرشێکی ئاوا نەکراوەتە سەر ' سەقز ' ، هەر وەها ئەو وێنەیە ' ژەنەڕال بارزانی ' تێدا نییە. ژەنەڕال مایور محەمەد حوسێن سەیف قازی، میرحاج ئەحمەد،  محەمەد ئەمین شەڕەفی ، کوێخا ئەحمەدی سەراو  و هاشم ماملێ لەو وێنەیە دا دەناسرێنەوە.

٣٧-لاپەڕەی ٤٨، سەرچاوەی بابەتی خوارەوە لەو لاپەڕەیە دا  وەک زۆربەی بابەتەکان نەنووسراوە . ئەم زەرف و نامەکەی ناواخنی کە لێرە دا لە بیر کراوە  یەکەمجار لە'وێنەی کۆماری کوردستان ' دا بڵاوکراوەتەوە و ئی ئارشیڤی شەخسی دوکتور ڕەحیم قازی یە.

٣٨-لاپەڕەی ٤٩، لە بن وێنەی لای خوارەوە نووسراوە: " سەردانی پێشەوا قازی محەمەد بۆ کۆماری ئازەربایجان " ئەو شەرحە فڕی بە ڕاستییەوە نییە چونکە ئەو وێنەیە لە مەهاباد هەڵگیراوە

٣٩-لاپەڕەی ٥٠، لە نووسینی ناوەکان دا هەڵەی زەق کراوە. محەمەدەمینی شەڕەفی نەک شەریفی، کەریم ئەحمەدەین نەک ئەحمەدیان، سەید محەمەد ئیسحاقی نەک ئیشاقی ، دروستن . ئەو وێنەیە نەک لە ساڵی ١٩٤٧ بەلکوو بە پێی نووسینی حوسێن زێرینگەران ( فرووهەر) لە ١٧-ی بانەمەڕی ١٣٢٧ ی هەتاوی بەرانبەری ٧-ی مەی ١٩٤٨ –ی زایینی هەڵگیراوە

٤٠-لاپەڕەی ٥١ ، ئەو وێنەیەش نەک ساڵی ١٩٤٧ . بەڵکوو بە پێی نووسینی حوسێن زێرینگەران ( فرووهەر) لە ١٧-ی بانەمەڕی ١٣٢٧ هەتاوی/ ٧ –ی مەی ١٩٤٨ لە زیندانی ورمێ هەڵگیراوە

٤١-لاپەڕەی ٥٤ ، سەرچاوەی شەرحی وێنەکە نەنووسراوە

٤٢-لاپەڕەی ٥٥ ، شەهیدانی سەقز لە ٢٥ –ی ڕێبەندانی ١٣٢٥ ی هەتاوی واتە ١٤ –ی فێڤرییەی ١٩٤٧ لە سێدارە دروان نەک لە ساڵی ١٩٤٦

٤٣-لاپەڕەی ٥٦، شێخ سەدیق ئەسعەدی لە ساڵی ١٩٤٧ لە سێدارە دراوە نەک ١٩٤٥

٤٤-لاپەرەی ٥٦ ، وێنەی لای خوارەوە. ڕەسووڵ مەحموودی ( ڕەسووڵ ئاغای میرە دێ ) ساڵی ١٩٤٧ لە سیدارە دراوە نەک ساڵی ١٩٤٦ و سەر بە " هۆز " ی فەیزوڵابەگی یش نییە، بەڵکوو لە سەرکردەکانی هۆزی گەورکی سەقز بووە، تێبینی وێنەکە بە بەراوەرد لەگەڵ وێنەی دیکەی شەهید مەحموودی وە وێنەی ئەو ناچێ

٤٥-لە لاپەرەی ٥٧ نووسراوە: " هاوسەری پێشەوا قازی محەمەد ( مینا خانم ) سەر بەم بنەماڵەیە واتە  'فەیزوڵابەگی ' بووە . دیارە ئەوەش وا نییە. هاوسەری سەدری قازی ' شا سوڵتان خانم ناهید ' سەر بە هۆزی فەیزوڵابەگی بووە.

٤٦-لە لاپەڕەی ٥٧ دا هاتووە : " شەهید عەلی بەگی یەکشەوە " لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە شاری سەقز لە سێدارە درا. ئەو زانیارییە هەڵەیە . عەلی بەگی یەکشەوە ( شێرزاد) لە ٢٥ –ی بانەمەڕی ١٣٢٥ هەتاوی لە دەوری حەوزی بۆکان لە سێدارە دراوە.

٤٧-لاپەرەی ٥٨ ، شەهید عەلی جەوانمەردی لە ١٤ – ٢ – ١٩٤٧  لە سەقز لە سێدارە دراوە نەک لە ساڵی ١٩٤٦

٤٨-لاپەڕەی ٦٠ ، ناوی شەهید عەلی فاتیح  بە هەڵە نووسراوە " شەهید عەلی فەتاحی "

٤٩-لاپەڕەی ٦٢ ، لە تەنیشت وێنەی 'ڕەسووڵ مەحموودی ' لە جیاتیان نووسراوە " ڕەسووڵ محەمەدی "

٥٠-لاپەڕەی ٧٠، لە سەر وێنەکە نووسراوە: " پێشمەرگەیەکی کۆماری کوردستان " دیارە نەنووسراوە ئەو وێنەیە ئی سەردەمی دوای شوڕشی ئێرانە. ئەو کەسەی لای پیاوە پیرەکە دەبیندرێ لە ماڵی نەختیلکەی دێی 'سەراو ' ە

٥١ –لە لاپەڕەی ٧٣، بە تەنیشت وێنەی ئیگلتن شەرحێکی پڕ لە هەڵە و پەڵە نووسراوە بەم شێوەیە: " ویلیام ئیگلتۆن ، خەڵکی بەریتانیایە و پەڕتووکێکی گەورەی لە سەر کۆماری کوردستان نووسیوە بە ناوی ( کۆماری مەهاباد). هەر چەند دواتر خۆی ئەو نهێنییە دەدرکێنێت کە لە ژێر کاریگەرێتیی فەرمانڕەوایانی شاهەنشاهیی ئەو سەردەمەی ئێران کتێبەکەی ناوناوە ( کۆماری کوردستان )، بە ( کۆماری مهاباد) چاپیکردووە، بۆ ئەوەی لە گرنگیی ئەو ڕووداوە مێژووییەی کورد کەمبکەنەوە.
ئەو شەرحەی سەرەوە لە نووکەوە تا دوایی هەڵبەستراوە: ئیگلتن خەڵکی بریتانیا نییە و خەڵکی ئەمریکایە، ناوی کتێبەکەی ' The Kurdish Republic of 1946  '  واتە  کۆماری کوردی ١٩٤٦  ' ە ، لە هیچ جێگایەک نەی گوتووە خاتری فەرمانڕەوایانی ئێرانی گرتووە. جوان دەردەکەوێ ئامادەکار کتێبەکەی ئیگلتن ی نەدیوە و لەخۆیەوە ئەو قسانەی هەڵبەستووە و ناوی کتێبەکەشی گۆڕیوە.

ویلیام ئیگلتن لە ساڵی ٢٠٠٥  هەڤپەیڤینێکی کردووە لەگەڵ گۆواری ' میدڵ ئیست کوارتێرڵی کە لە ژمارەی ٤، پاییزی ٢٠٠٥ دا بڵاو کراوەتەوە. لەوچاوپێکەوتنە دا باسی چۆنییەتی نووسینی کتێبەکەی دەکا:


" میدڵ ئیست کووارتێرلی: چۆن بوو کتێبێکت سه‌باره‌ت به‌" کۆماری کوردی له‌ ساڵی 1946"دا نووسی؟
ئیگلتن
: کاتێک ئه‌من له‌ نێوان ساڵانی 1959 و 1961 له‌ ته‌ورێز کۆنسوولی ئه‌مریکا بووم، ناوچه‌ی کونسوولخانه‌که‌ی من هه‌موو کوردستانی ئێرانی وه‌به‌ر ده‌گرت،که‌ نێوه‌نده‌که‌ی شاری مه‌هاباده‌. له‌ ژانڤییه‌ی ساڵی 1946، ئه‌و کاته‌ که‌ مه‌هاباد له‌ نێوان دوو ناوچه‌ی داگیر کراو له‌ لایه‌ن بریتانیا و ڕووسییه‌وه‌ هه‌ڵکه‌وتبوو(له‌ شه‌ڕی دووه‌می جیهانی دا) له‌ ئێران، کورده‌ ناسیونالیسته‌کان له‌وێ کۆمارێکیان ڕاگه‌یاند. (6) ئه‌و کۆماره‌ نه‌ هه‌موو کوردستانی ئێران وه‌به‌ر ده‌گرت و نه‌ ماوه‌یه‌کی درێژیش خۆی ڕاگرت. لە مانگی ئاوریل – مەی ساڵی 1946،ئه‌رته‌شی سوور ئازه‌ربایجانی ئێرانی چۆل کرد و ئه‌ڕته‌شی ئێران به‌ره‌و ئازه‌ربایجان و کوردستان وه‌ڕێ که‌وت و حکوومه‌ته‌ ناسیۆنالیستییه‌کانی ته‌ورێز و مه‌هابادی تێک ڕووخاند. ئه‌من پێشتر نووسینێکی چاو ڕاکێشم له‌ سه‌ر کۆمار خوێندبووه‌وه‌ که‌ له‌ گۆواری میدڵ ئیست جورناڵ دا چاپ کرابوو(7) و لوتێنانت کۆلۆنیڵ ئارچی ڕۆزڤێلت ( ئه‌فسه‌ری ده‌زگای هه‌واڵگریی ئه‌ڕته‌شی ئه‌مریکا) نووسیبوی، که‌ له‌ ماوه‌ی ده‌سته‌ڵاتی کۆمار دا سه‌ری له‌ وێدابوو و له‌و نووسینه‌ دا ڕێبه‌ری کورد قازیی محه‌مه‌دی به‌ شێوه‌یه‌کی زۆر ئه‌رێنی نرخاندبوو. سه‌ردانی من له‌ مه‌هاباد ده‌رفه‌تێکی تایبه‌تی بۆ هه‌ڵخستم بۆ دواندن و وتووێژ له‌ گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه‌ی له‌ کۆمار دا به‌شدارییان کرد بوو و، هه‌ڵسه‌نگاندنێکم له‌ سه‌ر بنه‌مای قسه‌ و گێڕانه‌وه‌کانی ئه‌وان نووسی. تا ئێستاشی له‌ گه‌ڵ بێ که‌س ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی ده‌ست نه‌که‌وتووه‌ به‌شێوه‌یه‌کی تازه‌ و ته‌واو ئه‌و بابه‌ته‌ بنرخێنێ،بۆیه‌ کتێبه‌که‌ی من هێشتاش به‌ سه‌رچاویه‌کی باوه‌رپێکراو و به‌ بڕشت داده‌ندرێ له‌ سه‌ر به‌سه‌رهاتی کۆمار".

٥٢-لاپەڕەی ٧٤، لەبەر ئەوەی لە مەڕ  وێنەی ' میری نەورۆزی' هیچ شەرحێک نەنووسراوە ، لەوانەیە خوێنەرەوە لە بەر ئەو شەرحەی لە مەڕ وێنەی ' عەبدوڵا نەهری ' [ دایکی نیشتمان ]  نووسراوە پێی وا بێ ئەو وێنەیە لە مەڕ چیرۆکی ' دایکی نیشتمان ' ە. دیارە هیچ پێوەندی بەوەوە نییە.

٥٣-لاپەڕيی ٧٧، لە بن وێنەی ٣ کەس دە جلوبەرگی ڕووحانی دا نووسراوە : " لە ڕاستەوە کەسی یەکەم ، عەلی قازی باوکی پێشەوا قازی محەمەد لە بەرگی قازییەتیدا " . دیارە ئەوە وێنەی قازیی عەلی نییە و کەسیش بە ناوی
 ' عەلی قازی ' بانگی نەکردووە.

٥٤-لە لاپەڕەکانی ٧٨، ٧٩ و ٨٠ دا ڕوون نییە بە پاڵپشتی چ سەرچاوەیەک تەمەنی پێشەوا لە وێنەکان دا دیاری کراوە.

٥٥-لە لاپەڕەی ٨٩ نووسراوە : " لە چەپەوە: مینا ئەسکەندەری هاوسەری پێشەوا لە نێو خەڵک دا بە مینا وازی ناسراوە، عفەت کچی پێشەوا، وەجیهە جاوید هاوسەری حەمە حوسێن خانی سەیفی قازی "
ئەو زانیارییانە سەیرن. دەکرێ " وازی " هەڵەی ئیملایی بێ و  ' ق'  بە ' و ' نووسرابێ . وەجیهەی جاوید هاوسەری سەیفولقوزات بووە و دەبێتە باوەژنی حەمەحوسێن خانی سەیفی قازی.

٥٦-لاپەڕەی ٩١ ، هومایوونی هەڵەیە ، " هومایوون "  دروستە

٥٧-لاپەڕەی ٩٣، سەهەیل هەڵەیە ، " سوهەیل " دروستە

٥٨-لاپەڕەی ٩٤، ئەو کەسەی بە بازنەی سوور دیاری کراوە ' کوڕی ڕەش ' نییە.

٥٩-لاپەڕەی ٩٦، سەعید خان هومایوون دروستە ، نەک هومایۆن

٦٠-لاپەڕەی٩٧ ، نووسراوە " سەیفی قازی کە نێو دەبرا بە سەیفی قوزات " ئەوە ناساندنێکی سەیرە.'سەیفولقوزات 'دروستە.

٦١-لاپەڕەی ١٠٢  ناوی حکوومەتی ئازەربایجان ' کۆماری ئازەربایجان '  نەبووە.

٦٢-لە لاپەڕەی١٠٥ دا نووسراوە: " گۆڤاری نیشتمان ، بڵاوکراوەی بیریی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد (ژ.ک) کە لە سەر دەمی کۆمار دا دەردەچوو ، ئەمانە چەند نموونەیەک لە لاپەرەکانی ئەو گۆڤارەن ". نیشتمان بڵاوکەرەوەی بیری کۆمەڵەی ژیانی کورد بووە و پێش ڕاگەیاندنی جمهووری دەرچووە

٦٣-لاپەڕەی ١٠٦ ، لێرە دا ناساندنی " نێوی مێژوویی شاری مەهاباد ( سابڵاخ ) " یش داستانێکی سەیر و سەمەرە یە. یەکەمجارە خەڵک ببیستێ بەوێ گوترابێ  " کانیی سازگار "

٦٤-لاپەڕەی ١٠٧ لە سەر وێنەکە نووسراوە : " پاشکۆی وێنەکانی سەردەمی پێش کۆمار و سەردەمی قاجارییەکان " و لە ژێر وێنەکەش ئەو شەرحە نووسراوە:
" کەسی دووەم لەچەپەوە: قاسم قادری قازی ، لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد ( ژ.ک) لە ساڵی ١٩٤٥ کاتێک لە پەیمانی سێ سنوور گەڕایەوە لەگەڵ عەبدولڕەحمان زەبیحی و دڵشاد ڕەسووڵی لە ورمێ گیران و لە تاران هەشت مانگ زیندانی کران. "
ئەو وێنەیە نە ئی سەردەمی قاجارەکان ، نە ئی زەمانی ژ.ک و نە ئی سەردەمی جمهووری یە. ئەمن کە لەو وێنەیە دا هەم دەزانم ئەوە ئی سەردەمی قاجارەکان نییە ، چونکە ئەو دەمی من هێشتا نەهاتبوومە سەر کورەی زەوی. ئەو وێنەیە ئی ژمارەیەک لە پیاوان و کوڕانی بنەماڵەی قازی یە کە لە هاوینی ساڵی ١٩٥٧ یان ٥٨ لە حەوشەی ماڵی میرزا کەریمی یەمینولقوزات کوڕی قازیی لەتیف لە مەهاباد هەڵگیراوە و بۆنەکەش لە بەر هاتنەوەی سەرهەنگ حەسەن فەتتاحی قازی بووە. دانیشتووان لە ڕاستەوە: مستەفا ( عەبدولڕەزاق ) قازی،وەهاب قازی ، حەسەن قازی  [نووسەری ئەم دێڕانە]، ساڵاری میرزا فەتاحی قازی، قازی محەمەدی حاجی ئاباد، برای پچووکتری سالار، میرزا قاسم قادریی قازی لە دامەزرێنەرانی ژ.ک ، عەبدولڕەحیم جەوانمەرد قازی. ڕاوەستاوان لە ڕاستەوە: عومەر قازی، مەلیک مەحموود قازی، مونتەقیم قازی ، ئەمیر جەوانمەرد قازی ، عەبدوڵا جەوانمەرد قازی. محەمەد شاشان خەڵکی ئاوایی حاجی ئاباد.

٦٥-لاپەرەی ١٠٩، ئەوە تاقە وێنەی بەسترانی کۆنگرەی یەکەمی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان ە لە مەهاباد و شەرحەکەی ناتەواو ە .

٦٦-لاپەڕەی ١١٠، لە بن وێنەکە نوسراوە : " ڕاگەیاندنی گۆڕینی ( ژ.ک) بۆ حزبی دێمۆکراتی کوردستان ١٩٤٥  " دیارە ئەو وێنەیە هیچ پێوەندییەکی بەو ڕووداوەوە نییە بەڵکوو  لە وێنەکەدا حاجی سەید عەبدوڵا ئەفەندی و ژەنەڕال ئەمەرخانی شەریفی دەناسرێنەوە کە لەگەڵ ژمارەیەک لە پێشمەرگەی لای باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بۆنەیەک دا ئەو وێنەیان هەڵگرتووە.

٦٧- لاپەڕەی ١١١، لە بن وێنەکە دا نووسراوە:  " حسین فروهەر ( زێڕینگەران ) لە سەردەمی کۆمەڵەی ژ.ک "
ئەو زانیارییە هەڵەیە. لە ڕۆژنامەی کوردستان دا باسی حەول دان بۆ کۆکردنەوەی منداڵانی بێ دایوباب و بەخێو کردن وپێ خوێندنیان کراوە بەم شێوەیە:
ڕۆژنامەی کوردستان، ژمارەی ١ ، پێنجشەمۆ ٢٠-١٠-١٣٢٤ی هەتاوی / ١١ی ژانڤییەی ١٩٤٦
کۆبوونەوەی هەیئەتی فەرهەنگی کوردستان ژمارە ٣٢
ڕۆژی چوارشەمۆیە ١٢-١٠-١٣٢٤ [ ٢ی ژانڤییەی ١٩٤٦] جەلەسەی هەیئەتی فەرهەنگی کوردستان ساتی دوو پێش نیوەڕۆ [پاش نیوەڕۆ!] گیرا  ....  و قەرار درا  کە ئەو منداڵانەی کە بێ کەسن و بە سواڵ مەشغووڵن  کۆ بکرێنەوە لە ناو میللەت دا بەش بکرێن و ڕۆژانە لە مەکتەبی گەلاوێژ بخوێنن و بۆ خڕکردنەوەی ئەم هەژار و بێ کەسانە بە شارەوانی [ئیدارەی پۆلیس] ئەمر درا خڕیان کاتەوە و بیان داتە دەست ئاغایانی حوسێنی فڕوهەر و مەنافی کەریمی و ئەوانیش بە نێو میللەت دا بەشیان کەن
بە ئەکسەرییەتی ئاڕاء پەسند کرا ئاغایانی فرووهەر و کەریمی خەڵکی بێسەواد حازر کەن کە شەوانە لە مەکتەبدا بە زمانی کوردی بخوێنن
پەسند کرا هەموو نیشانە (تابڵۆ) ی ئیداران و مەکتەب و تەجاڕەتخانان و عیماڕەتان بگۆڕن و بە کوردی بنووسرێ
پەسند کرا کە ئەو منداڵانەی کۆ دەکرێنەوە تەمەنیان لە شەش تا چاردە ساڵان زیاتر نەبێ
لە ئاخری جەلەسە دا پەسند کرا کە جەلەسەی دیکە جووری لیباسی [بەرگی] شاگرد مەکتەبەکەن مەعلووم کرێ.

٦٨- لاپەڕەی ١١٢ ، دوو کەسەکەی ڕیزی پشتەوە لەو وێنەیە دا لە ڕاستەوە: میرزا کەریمی یەمینیی قازی و میرزا وەهابی
قازی ن.

٦٩-لاپەڕەی ١١٣ ئەو کەسەی لە وێنەکە دا لە تەنیشت قازیی محەمەد ڕاوەستاوە فەروخ ئوستانداری ئازەربایجان ە.

٧٠-لاپەڕەی ١١٤ لە کاتی هاتنی ئەمیر عەبدوڵا خانی تەهماسبی لە ساڵی ١٩٢٥ لە دێی دەرمان گیراوە

٧١-لە لاپەڕەی ١١٧ نووسراوە : " پێشەوا قازی محەمەد سەرۆکی مەحکەمەی مەهاباد لە ساڵەکانی ١٩٣٨ "
ئەوەش لەو شەرحە سەقەتانەیە. پێشەوا لە ١٩-ی ئۆکتۆبری ١٩٣١ لە کاتی ناشتنی تەرمی قازیی عەلی ، سەیفولقوزاتی مامی هەر لە سەر قەبران عەبای قەزاوەتی بە سەر شانیدا داوە،

٧٢-لاپەڕەی ١١٨، بە پێچەوانەی ئەو شەڕحەی بۆ وێنەکە نووسراوە ئەو وێنەیە لە دوای کۆماری کوردستان لە تاران هەڵگیراوە.

٧٣-لاپەرەی ١١٩، شەرحی بن وێنەکە هەڵەیە، سەدری قازی کەسی چوارەمە لە لای چەپەوە

٧٤-لاپەڕەی ١٢٠ ، لەو وێنەیە دا کەسی یەکەم " عەلی ئاغای ئەمیر ئەسعەد " نییە.

٧٥-لاپەڕەی ١٢٢، ناوی حاجی ساڵح شاتری وەک حاجی ساڵا شاتری نووسراوە و ئەوەش بێ دیقەتی دەگەیێنێ

٧٦-لاپەرەی ١٢٢ ، لە جیات 'جەعفەر شافیعی ' نووسراوە " جافر شافیعی "

٧٧-لاپەڕەی ١٢٣ ، شەرحی بن وێنەکە بە تەواوی هەڵەیە . کەسێک بەناوی " ژەنەڕاڵ تەهماسب خان " هەر لە سەر ئەم کورەیەی زەوی نەبووە تا سمکۆ بیکووژی.ئەو وێنەیە" ئەمیر لەشکر عەبدووڵاخانی ئەمیر تەهماسبی" تێدا نییە. ئەو
فەرماندەیەی زەمانی ڕەزا شا لە لورستان کووژرا نەک کوردستان.

٧٨-هەر لە لاپەڕەی ١٢٣ دا لە بن وێنەکەی خوارەوە نووسراوە : " وێنەیەکی سەردەمی قاجارەکان ، ئاهەنگی دروستبوونی خاچی سوور لە شاری مەهاباد لە ساڵی ١٩٤٠ " ئەو وێنەیە بە هیچ جۆر ناکرێ ئی ساڵی ١٩٤٠ و لە بۆنەی دامەزرانی ' خاچی سوور ' بێ لە مەهاباد. چونکە لەو وێنەیە دا قازیی عەلی بە جوانی دەناسرێتەوە کە لە ساڵی ١٩٣١ کۆچی دوایی کردووە. ئەو وێنەیە ئی سەردەمی بوونی تورکە عوسمانییەکان لە سابڵاغ واتە بەر لە شەڕی یەکەمی دنیاگرە و فڕی بە
دامەزرانی ' خاچی سوور ' ەوە نییە.

٧٩-لاپەرەی ١٢٤ ، وەک پێشتر گوترا ئەمیر عەبدوڵا خانی ئەمیر تەهماسبی بە دەستی سمکۆی شکاک نەکووژراوە و لەو وێنەیەش دا نییە. قەرەنیاغا یەکێک لە سەرکردەکانی هۆزی ' مامەش ' بووە . لە کوردستان هۆزێک بە ناوی 'مامەڕەش ' هەر بوونی نییە.

٨٠-لاپەڕەی ١٢٥، وینەی عەلی گەلاوێژ و ڕەحیم قازی کە لەو بۆنەیە دا بوون لە وێنەکە بڕاوە. ئەو وێنەیە بە بۆنەی چوونی
هەژار بۆ باکۆ لە ساڵی ١٩٥٩ دا هەڵگیراوە.

٨١-لاپەڕەی ١٣٢ ، ئەو وێنەیە ئی ساڵی ١٩٤٧ نییە، بەڵکوو دەکرێ ئی نێوان ساڵانی ٥٩ – ٦١ بێ کە ویلیام ئیگلتن سەری لە مەهاباد داوە . یەک لەو وێنانەیە کە لە کتێبەکەی دا لەمەڕ جمهووری چاپ کراوە.

٨٢-لاپەڕەی ١٣٣ ، وێنەیەکی سەردەمی لاوێتی محەمەد حوسێن سەیفی قازی  وەک وێنەی ساڵاری میرزا فەتاح کوڕی
قازیی فەتتاح ناسێندراوە و ئەو شەرحەش کە نووسراوە لە هەڵە بە دوور نییە.

٨٣-لە لاپەڕەی ١٣٤ ، لەو نەخشەیەی بۆ ناوی عەشیرەتەکان ساز کراوە، دەست لە ناویان وەدراوە بۆ وێنە
 ' عەڤدۆیی یان عەبدۆیی کراوە بە ' عەبدەیی ' کە کەس نەیبیستووە وایان پێ بڵێن.

No comments: