Monday, November 13, 2017

ژیان و بەسەرهاتی عەبدولڕەحمان زەبیحی


 ژیان و بەسەرهاتی عەبدولڕەحمان زەبیحی
وتووێژێک لەگەڵ عەلی کەریمی 
حەسەن قازی: بینەرانی بەڕێز بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ. لە ساڵی ١٩٩٩ی زایینی بەڕێز عەلی کەریمی  کتێبێکی ئامادە کرد سەبارەت بە نووسەر و سیاسیی هاوجەرخ ڕەحمەتی عەبدولڕەحمان زەبیحی . دیارە ئەو کتێبە تا ئێستا دو جار چاپ کراوە، لە سەری گوتراوە، لە سەری نوسراوە، چ بەشێوەی پۆزیتیڤ و چ نێگاتیڤ باسی لە سەر کراوە. ئێمە لەم بەرنامەیە دا لەگەڵ بەڕێز عەلی کەریمی  نووسەری ئەو کتێبە و هەر وەها شرۆڤەکاری بەشێک لە مێژووی مۆدێڕنی ڕۆژ‌هەڵاتی کوردستان دەمانەوێ بەیەکەوە بە ووردە ڕیشاڵ، بە شێوەیەکی ووردەکاریانە باسی ژیان و بەسەرهاتی عەبدولڕەحمان زەبیحی بکەین. لە وانەیە لە درێژەی ئەم بەرنامەیە دا بەشێک لەو شتانەی کە لە کتێبەکەدا باس نەکراوە یان هێندێک لایەنی کە پێویستە تیشکی زیاتریان بخرێتە سەری بتوانین لەگەڵ بەڕێزیان بیانهێنینە گۆڕێ.
زۆر بەخێر بێی بەڕێز کەریمی
عەلی کەریمی: زۆر سپاس کاک حەسەن
قازی: پێم خۆشبوو لە سەرەتا دا  باسی ئەوەم بۆ بکەی کە زەمینەی بنەماڵەیی عەبدوڵڕەحمانی زەبیحی چۆن بوو؟ یانی دایکی کێ بوو؟ بابی کێ بوو؟ لە کوێ لە دایک بوو؟ چ ساڵێک لە دایک بوو؟ چەند خوشک و برای هەبوو و ئەو جۆرە زانیارییانە!
کەریمی: ئەوەی کە من بیستوومە و ئەوەی کە ئێمە لە خانەوادە دا ئاگامان لێیە  زەبیحی کورە گەورەی پێاوێکی موسوڵمانی، قورئان خوێنی، دەنگخۆش بە ناوی سۆفی مینە بووە. سۆفی مینە ماڵی لە سابڵاغ بووە هەر لە کۆنەوە و ئەوەی کە لە دایکم بیستووە بابوباپیارانیش هەر لە مەهاباد بوون ، زەبیحی کوڕە گەورە بووە، سۆفی مینە چەند کوڕی هەبووە، زەبیحی هەبووە، عەبدوڵای هەبووە ، محەمەدی هەبووە، فاتمی هەبووە، ڕەعنای هەبووە، هاجەری هەبووە وەکوو کچ. ئەوەندەی کە مابن.
قازی: یانی لە چەند وەچە پێشووتریش هەر سابڵاغی بوون؟
کەریمی: بەڵێ
قازی: لە ڕووی مادییەوە وەزعیان چۆن بووە؟ بنەماڵەیەکی مامناونجی بوون یان فەقیر بوون؟
کەریمی: مامناونجی بەرەو فەقیر. کارەکەی کڵاو دوورین بووە. کڵاوی پیاوانی درووە. حوجرەیەکی پچووکی هەبووە لەگەڵ مەڕحوومی باوکی هەژاری شاعیر دوکان بە دووکان بوون زۆر تێکەڵاو بوون ماوەیەک، و دۆستایەتی خانەوادەگییان زۆر بووە. مەلای بۆریان پێ کوتووە؛ باوکی مامۆستا هەژاری. ئەویش سۆفی مینە بووە، پیاوێکی موتەدەیین بووە ، بەڵام بڵێی دەوڵەمەند و لە خانەدانی دەربەگ بووبێ، شتی وا نەبووە.
قازی: لە ساڵی چەند لە دایکبووە، ئەگەر بە زاینی بیڵێی باشتر دەبێ.
کەریمی: لەو سیجیلەیدا کە بە دەست منەوەیە و لە لای دایكم بوو تاریخێکی تێدایە ١٩١٨، بەڵام ئەوەی کەمن لە ئێسێکلۆپێدیای ڕووسی دا دیتوومە و دواتر بەراوەردی دەکەی لەگەڵ خەبات و دەسپێکردنی حیزبی ئازادیی کوردستان و کۆمەڵە ژێکاف و تەحسیلاتی ٣-ی دەبیرستانی، بە قسەی دۆستەکاانی کە ئەمن دەو ئاخرانە دا بە حزووری زۆریان گەیشتووم دەبێ لە ١٩١٨ کەمتر بێ بەرەو ١٩١٦، ١٧. چونکە ئەوەیکە من لە خۆییم بیستووە، لە دایکم بیستووە، زەبیحی هەبووە و گەورە بووە کە ڕەزا شا ئیدارەی سیجیلی داناوە، یانی پێش ئەو سەردەمە شۆرەت و شتی ئاوا نەبووە.
قازی: باشە، ئەو شۆرەتەی زەبیحی لە چی ڕا هاتووە؟
کەریمی: دەلێن لە گەڕەکێ خەڵک ئاگادار دەکرێن کە حکوومەت داییرەیەکی کردووەتەوە، دەفتەردارێک لەوێ، خەڵک دەبێ بێن – تەنانەت خەڵک ماوەیەک بەربەرەکانیشیان کردووە، پێیان وا بووە داخودا ئەوە چییە ؟، قوبووڵیان نەکردووە کە ئەوە شتێکی مۆدێرنە کە شۆرەت و ئیسمی فامیل هەبێ – بابی زەبیحی ناردووە چونکە خوێندەوار بووە ، گوتوویە بڕۆ بزانە چییە، ئەویش چووە دیویەتی کە کابرای مەئمووری حکوومەت ، شەبقە بەسەر داوا دەکا کە ناوت چییە و شۆرەتت چییە؟ تەنانەت کابرا ئەوەندە پەلە پەلی کردووە لە یەکی پرسیوە بە چی مەشهووری بە کەچەڵان یا بە ناوێکی دی و ئەو ناوەی قەید کردووە. زەبیحی گوتوویە هەر وا نابێ، ئەمن شۆرەتی زەبیحی هەڵدەبژێرم. زەبیحی یانی خۆی هەڵی بژاردووە.
قازی: دەورەی سەرەتایی لە سابڵاغێ خوێندووە و دوایە چووەتە ڕەزائییە  ( ورمێ). وایە؟ کە ئەو دەمی پێیان گوتووە ڕەزائییە.
کەریمی: نا نە چووە.
قازی:  لە سابلاغێوە لەوێ وەک دەڵێن بە شێوەی مورتەفەریقە ئیمتیحانی داوە.
کەریمی: موتەفەریقەیان پێ گوتووە. بۆ خۆی لە ماڵێ خوێندوویەتی ، لە لای گیوی موکریانی و مەلا قادری مودەرەسی و بە بەردەوام خەریکی زمانی فەڕانسەیی و جەبر و ریازییات بووە، زەوقێکی سەیر و عەجایبی بۆ زمان هەبووە.
قازی: لە تافی لاوێنی دا، واتە بەرەو ١٨ ساڵان و لەو کەمتر دۆستانی نزیکی کێ بوون؟ بە هەژار دەزانین.
کەریمی: ئەوەی کە هێمن لە پێشەکی ' تاریک و ڕوون ؛ دا دەڵێ هەرچەند یەک دووساڵ لە هەژار و زەبیحی منداڵتر بووە بەڵام تێکەڵی کۆڕەکەیان بووە، وەکوو دیکە بیستوومە میرزا مەنافی کەریمی پێکەوە لە حوجرەی نزیک بوون ، لە تەمەنی ١٦-١٧ سالیدا.
قازی: ئەو دەمی کە تەجاڕەتخانەی حاجی ساڵحی شاتری کاری کردووە؟
کەریمی: ئەمە دواترە
قازی: چ ساڵێک بووە ئەوە؟
کەریمی: ئەمە دواترە لە ساڵی ١٩٣٧، ٣٨ بە هۆی ئەو نبووغەی کە تێیدا بووە و لە جیرانەتی لەگەڵ حاجی ساڵحی شاتری کە پیاو ماقووڵی سابڵاغێ بووە ، دەوڵەمەند بووە و ئیمتیازی شەریکەی نەوتی هەبووە، بە هۆی ناسیاوییەوە حاجی ساڵح خۆشی ویستووە، پێش ئەوەی لای حاجی ساڵحی دامەزرێ لە ئیدارەی فەرهەنگ کاری کردووە. ئێستا پێی دەڵێن ئێدارەی ئامووزش و پەروەرش. بەقەولی دوکتور شیرازی لە نامەیەکدا بۆی نووسیبووم وەکوو هاچەر فەڕانسە وا بووە کە هەموو پێچێک دەکاتەوە. لەوێ لە مەدرەسەکانی سابڵاغی کەلکیان لێ وەرگرتووە، ئەگەر معەلیمێک نەهاتووتەوە سەرکار ئەو چووە.
قازی: دیارە ئەو لایەنە دەکرێ ڕوون بکرێتەوە ئەوەی کە پێوەندی پەیدا دەکاتەوە لەگەڵ خوێندنی زمانی فەڕانسە، ئەوەش لە بەر بوونی گیوی موکریانی لە سابلاغە، چونکە ئەوە ڕوون بووەتەوە گێوی موکریانی کە ماویەک لای کاکی حوزنی موکریانی بووە هاتووەتەوە سابڵاغێ کلاسی زمانی فەڕانسەی داناوە و بیجگەلە زەبیحی کەسێکی وەکوو محەمەد قازی وەرگێریش لای ئەو فەڕانسەیی خوێندووە.
کەریمی: وەتەمیشی ش
قازی: دوایە دەگەینە زەمانی ئەو جەرەیانەی کە بە ووردی زۆری لە سەر نازانین ئەویش حیزبی ئازادیخوازانی کوردستان یان حیزبی ئازادیی کوردستان ە. زۆر کەم باسی لێوە کراوە. پێت وا هەیە کە زەبیحی ئەندام بووبێ لە حیزبی ئازادیخوازنی کوردستان دا؟

کەریمی: ئەوەیکە من بیزانم زەبیحی لە هەڕەتی جەوانی و گەنجێتی دا زۆر موعجیب و وەکوو مامۆستا خۆی دۆستایەکی زۆر نزیکی هەبووە لەگەڵ مەلای حەجۆکێ ، مەلا عەبدووڵای داودی. ئەوەیکە دایکیشم ئێستاش لەو تەمەنە زۆرەی دا هەر ڕێز و حورمەتێکی زۆریان بۆ ماڵە مەلا عەبدوڵای داودی هەیە و زەبیحیش زۆر لێی نزیک بووە.
قازی: هەڵبەت ئەوە کەمێک قسەی لە سەرە، بەو مانایەی کە دە عەینی حاڵدا کە ئەو خەسڵەتانەی باست کرد دە مەلا عەبدوڵای حەجۆکی دا هەبووە بەڵام لە یەک دوو سەرچاوە باس دەکرێ کە ئینسانێکی زۆر مەنتیقی نەبووە بۆچوونەکانی. یانی ئەتۆ پێت وا هەیە کە فرچک گرتنی فکری سیاسی دە زێهنی زەبیحی دا ئایا پێوەندی پەیدا دەکاتەوە بەو مەلایەی کە لە سلێمانی ڕا هاتووە کە مامۆستای هێمن بووە، مامۆستای هەژار بووە.
کەریمی: فەوزی، ئەوەیکە من زانیومە پیاوە گەورە ئەدیبەکان ، شاعیر و هاودەورەی زەبیحی زۆربەیان لە خزمەت مامۆستا فەوزی دا لە خانەقای بورهانی بوون، لەو حوجرەیە دا دەرسیان خوێندووە، بەڵام، زەبیحی ئەو شانسەی بەر نەکەوتووە، نەچووە. ئەوەی کە من لە نووسینەکانی هێمن و هەژارم بیستووە دەڵێن زەبیحی پێویستی بەوەی نەبووە. زەبیحی زۆر لە باری نووسین و کوردی و عیلاقاتی کە هەیبووە لەگەڵ باشوور.
قازی: بەڵام بە شێوەی هەستی بۆی چوون جوابی پرسیارەکانی ئەوڕۆیی ناداتەوە. یانی خوێندن شتێکی ئیکتیسابی یە، یانی ئەوە نییە کە مرۆڤ لە فیترەتی دا خوێندەوار بێ. دەبێ زەحمەتی بۆ بکێشی.
کەریمی: نەچووەتە خانەقایە. ئەوە ڕاستە، بەڵام ئیستیعداد هەیە
قازی: ئیستیعداد هەیە، هەژار بە تایبەتی لە بیرەوەرییەکانیدا ، لە ' چێشتی مجێور' ی دا باسی ئەوە دەکا لە تافی منداڵی دا چۆن بوون ، تەنانەت زمانێکیان دروست کردووە بە یەکەوە بۆ ئەوەی خەڵکی دیکە لێیان حاڵی نەبێ. دیارە وا بزانم هێندێک جیاوازی تەمەنیشیان هەبووە، ئەو لە هەژار گەورەتر بووە
کەریمی: دوو ساڵێک.
قازی: پاشان دەگەینە دامەزرانی کۆمەڵەی ژێکاف. لە سەر دامەزرانی کۆمەڵەی ژێکاف وەک جەنابیشت لێکۆڵینەوەت کردووە و دیسان ' نیشتمان' ت چاپ کردووەتەوە و هەر وەها ئەو کتێبەش کە ساڵی ١٩٩٩ نووسیوتە، دەزانی کە چەند کتێبی دیکەش لە سەر کۆمەڵە نووسراوە، هێندێکان دەڵێن کە کۆمەڵە لە ساڵی ١٩٣٨ دامەزراوە، بەڵام ئەوەش دەکرێ بڵێین ڕوون بووەتەوە کە تەشکیلی کۆمەڵە و فەعالییەتی کۆمەڵە لە ١٦ی ئابی ١٩٤٢ یە و ئەوەش ڕوون بووەتەوە کە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە ئەگەر بە پێی ئەو ژمارەی کە ڕسم بووە ئەگەر کەسێک بووبێتە ئەندام لە کۆمەڵە دا داویانەتێ، ناوێکی وەرگرتووە و ژمارەیەکیشیان داوەتێ ئەوە ڕوون بووەتەوە کە زەبیحی ع. بێژەن و ژمارەی ٢ بووە. و پاشان ئەوەش ڕوون بووەتەوە کە کەسی ژمارە ١-ی کۆمەڵەی ژێکاف حوسێنی فڕووهەر یان حوسێنی زێڕینگەران بووە و یەک مەسەئەلەی کە لێرە دا جارو بار موناقەشەی لە سەر ساز بووە و ئەوە تائێستاش بە بەڵگەوە جوان ئیسپات نەبووە شێوەی سوێند خواردن بووە لە ژێکاف دا. لە ژوورێکی تاریکدا کە قورئانێک داندراوە، ئاڵایەک و شمشیرێک. قسەیەک هەیە کە بەڕێوەبەرانی کۆمەڵەی ژێکاف لەو مەرحەلەیە دا ، تەئسیریان وەرگرتبێ لە شۆڕشی مەشرووتییەتی ئێرانێ. لە جەریانی شۆڕشی مەشرووتییەت لە ئێران بە تایبەتی لە تەورێز جێگای ئاوا هەبووە کە پێیان گوتووە ' مەرکەزێ غەیبی' و لە بەر ئەوەی بەشێک لەو نووسەر و مێژوو نووسی کە لە شۆڕشی مەشرووتە دا بەشداریان کردووە دەگوترێ بە ئیحتیمال ئەو فکرەیان لە فراماسیۆنان ڕا هێناوە، جا بۆیە ئی وا هەیە باسی ئەوە دەکا کە ئەوە تەقلید بێ لە فڕاماسۆنان. وەک دەزانی هەتا ئێستاش  فراماسۆن سازمانێکی نهێنی و بەتەواوی شاراوەیە و خەسڵەتی کۆمەڵەش لەسەرەتاوە وا بووە ئیحتیمالەن  ئەو شێوازە لەوێوە هاتووە. مەسەلەیەکی دیکەش لە مەڕ ئەندامانی دامەزرێنەری کۆمەڵەی ژێکاف، باسی ئەوە دەکرێ لە بەر ئەوەی ژمارەی ئەو کەسانەی کە پێوەندییان لەگەڵ یەکتری بووە زۆر بەرتەنگ بووە و کەسێک لە یەک دو کەس زیاتر کەسی دی نەناسیوە.
کەریمی: هەر ئەوەندە بووە.
قازی: لە سەرەتاوە یانی لە ساڵی ١٩٤٢دا. بەڵام پاشتر کە دەگەینە ئەو قۆناخەی کە کۆمەڵە نامێنێ وەزعێکی دیکەیە. جەنابت لەو بارانەوە بۆچوونت چییە؟
کەریمی: ئەمن زۆر لە زووەوە و بە هۆی ئەو شێوە ژیانەی کە زەبیحی زۆر لە دواتر دا ، لە پیری دا و لەو ئاخریانە دا کە هاتەوە بۆ مەهاباد لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران ...
قازی: دەگەینە وێ با بە سیستماتیک بڕۆین
کەریمی: ئەو شناختەی کە من لێم پەیدا کردووە و ڕەفیقەکانی کە من دیومن ئەو بۆچوون ڕەنگە زۆر وەڕاست بچێ بەڵام هەرچەند بەڵگەمان نییە. بەڵام زەبیحی بە شێوەیەک لە شێوەکان تەحتی تەئسیری فراماسۆنەکان، یان ئەو شێوەیە لە کاری نهێنی ، خەباتی ژێر زەمینی بووە. چونکە هەر کەسێک لە ڕەفیقەکانی بە تایبەت لە باشووری کوردستان  و لە ڕۆژاوای کوردستان کە ئەمن دیومن وەکوو حەمید دەرویش و کۆمەڵێک برادەری دیکە، جەلاڵ تاڵەبانی هەموو باسی ئەوە دەکەن کە ئەو پیاوە هەموو شتێکی نهێنی بووە، خوای کاری نهێنی و کاری رێکخستن بووە ، بۆیە ئەوەی کە سیستمی کۆمەڵەی ژێکافیش، مەسەلەن ئەتۆ باسی کاک حوسێنی فرووهەرت کرد . ئەو ژمارەی یەکی پێدراوە، ئەوەی کە لە موساحەبەی زۆر کەسان وەک میرزا مەنافی کەریمی ، مەلا قادری مودەرەسی، کاک سەعیدی هومایوون، دواتر دوکتور شیرازی، دواتر محەمەدی شاپەسند هاتووەتە گۆڕێ، هەمویان لە سەر ئەو خاڵە کۆکن کە مۆتۆر و مەرکەز و رووحی کۆمەڵەی ژێکاف لە باری کاروباری ڕێکخستنەوە، لە باری ئێعلام و گۆڤار و نووسین و پێوەندی دیپلۆماتیک بەولا و بەولا و بە باشوورەوە مۆتۆڕەکە زەبیحی بووە، بەڵام حوسێنی فرووهەر لە هەموان بە عومرتر بووە .
قازی: پرسیارەکە لێرە ئەوەیە ئەو حاڵەتەی چۆن پەیدا کردووە چونکوو ،دواتر دەگەینێ، داوام ئەوەیە کە زۆر سیستماتیک قسە بکەین، بۆ ئەوەی لە زەینی بینەر دا دوایە تابڵۆیەکی گشتی جوان  لە زەینی دا پێک بێ. باسی ئەوە دەکرێ کە زەبیحی هێندێک سەرەڕۆیی کردووە  بۆ نموونە یەکێک لەو کەسانەی کە ئەوەی گوتووە مەنافی کەریمی یە. ئەو دەڵێ ئەمن وای بۆ دەچم لەو پێوەندییانەی کە لەگەڵ سەفاڕەتی ئینگلیس یان سۆڤێتییەکان بووە ، ئەوە بەو مەعنایە نییە کە ئەندامانی ڕێبەرایەتی ژێکاف لە هەموو ووردە ڕیشاڵی ئەو کارانە ئاگادار بووبن، بەڵکوو لەو  تەشخیسە ڕا بووە کە زەبیحی پێی خۆش بووە ، نەک ئەوەی کە قازانجێکی شەخسی لەو کارە دا هەبووبێ، پێی وا بووە کە بەو شێوەیە حەڕەکەتەکە دەتوانێ بچێتە پێشێ. مەبەستی من  لەو قسەیە ئیمە بێجگەلە ئەو شتانەی کە تاکوو ئێستا لێر و لەوێ نووسراوە ئەو مەسەلانە چۆن دەتوانین شرۆڤە بکەین بە لەبەر چاوگرتنی ئەوەی کە ئەتۆ لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر خەڵک قسەت کردووە کە لە نزیکەوە ناسیویانە، لەگەڵ خەڵکی ئاوا قسەت کردووە کە بەسترانەوەیەکی زۆر قووڵی عاتیفی یان پێوەی هەبووە. یان خەسڵەتە شەخسییەکانی چۆن دەتوانی باس بکەی؟
عەلی کەریمی: حەقیقەت ئەوەیە کە زەبیحی یەک واقعییەتی لە سەر خۆی زانیوە ئەو کات. تۆ بگەڕێوە بۆ ساڵی سییەکان و بیدایەتی چلەکانی سەدەی ڕابردوو. زەبیحی یەک شتی زانیوە و ئەوە پێم وا بێ ئەوە بۆ هەموو مرۆڤیک، بۆ من و تۆش، زۆر ڕاحتە کە ئێمە  تەشخیسی ئەوەی بدەین کە لە کۆمەڵێک، لە جەمعێک، لە حیزبێک دا زۆر زوو بۆمان دەربکەوێ کە لەوانی دیکە زۆر سەرترین، یان لە وانی دیکە زۆر خوارترین. ئەمە زۆر تەبیعی یە. ئەتۆ دەچی بۆ کۆرسێکی ساییقی ، زۆر زوو بۆت دەردەکەوێ کە یەکەم دوو دەورە دا کە لە گەڵ مامۆستایەکەت دەچییە دەرێ، زۆر زوو بۆت دەردەکەوێ کاکە ئەتۆ لە کوێ و ئەوانی دیکە لە کوێ. ئەمن پێم وایە زەبیحی ئەو هەستە، ئەو فیلینگە بە قەولی ئینگلیسی دەڵێ، هەیبووە و ڕۆژگار، یانی حەقیقەت پێی نیشان داوە. ئەوە کە توانیویەتی بنووسێ، توانیویەتی کوردی شرۆڤە بکات، توانیویەتی زۆر زوو، حەتتا دوکتور هاشمی شیرازی دەڵێ، دوکتور عێزەدین مستەفا ڕەسووڵ کە لە سووریا لەگەڵی بووە دەڵێ زۆر زوو ئەو گیوی موکریانی بە جێ هێشتووە لە فێر بوونی زمانی فەڕانسەیی دا. وە ئەوە بۆ ئەو دەمی کە خەرێکی خوێندنی ئەلفوبێی زمانی فەڕانسەیی بووە لە لای گیوی موکریانی ئەو کەلکەلەی قامووسێکی وەکوو لاڕووسی فەڕانسەیی  بە کوردی چووە دە مێشکییەوە. کە وابوو ئەوە شتێکی سەیر و عەجایب نییە . مەسەلەن ئەتۆ ئیشارەت بە میرزا مەنافی کەریمی کرد. هەر ئەو موقابەلەیەی کە چەند ساڵ لەوە پێش لە سابڵاغ لە گۆڤاری.....
 قازی:  گۆڤاری ڕوانگە
کەریمی: سایتەکەی جەنابتان نییە بەڵام ئەویش ناوی ڕوانگەیە. دەیکا دەڵێ وەڵلا ئەمن فەقیر بووم هیچم نەدەزانی لە دووکانی بابم حوجرەمان هەبوو.
قازی: بە ڕێگای زەبیحی دا بووەتە ئەندامی ژێکاف
کەریمی: دەڵێ زەبیحی لە حوجرەی حاجی شاتری کاری دەکرد هات بە منی گوت ئیشێکم پێتە. ئەتۆ دەبی بە ئەندام. کوتم جا وەڵلا زەبیحی تۆ لە کوێ بی من لەوێم. ئەم ئیختیلافە زۆرە.
قازی: ئێستا بە لەبەر چاوگرتنی ئەو ژمارانەی نیشتمان، دەزانین کە ئەو گۆڤارە لە تەورێز لە چاپخانەی خەلیفەگەری ئەرمەنییەکان چاپ کراوە دوایە کاغەزەکانیان هێناوەتەوە لە سابڵاغێ سەحافییان کردووە، دیارە ئەوانە زۆر بە نهێنی کراون پێش ئەوەی کە بۆخۆیان تیپۆگڕاف یان چاپخانەیەکی دەستی پەیدا بکەن بە ڕێگای ڕووسەکان. هەرچۆنێک بێ ئەو مەسەلەیە زۆر گەورە کراوەتەوە بە بۆچوونی من کە خەتی ئینگلیسی و خەتی ڕوسی لە ناو کۆمەڵە دا لە بەرانبەری یەکتریدا بووبن. لە نیشتمان دا تەنێ لە جێیەک باسی ئینگلیسییەکان کراوە لە پێوەندی لەگەڵ کرانەوەی ستاسیۆنێکی ڕادیۆیی کوردی. دەڵێ ئێمە سپاسی ئەو کارە دەکەین. بەڵام ناڕوونی هەیە. بۆ وێنە یەکێک لە ناڕوونییەکان مەسەلەی بەرنامەیە. چونکە لە ساڵەکانی دواتریش دا، لە سەروبەندی ئەوە دا کە ئیمکانی ئەوە هەبووە زەبیحی، فرووهەر، زۆر لەو کەسانەی کە ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی بوون قسە بکەن، هەتا مەسەلەی پەیمانی ٣ سنوور ، ئەوە لەو ساڵانەی دواییدا بە دەستکەوتنی هێندێک بەڵگە ساخ بووەتەوە. جەنابت ئەو دەورەیە چۆن دەبینی؟ ئەو ڵێڵییە لە چی دا دەبینی ، ئایا پێوەندی دەدەیەوە بە خەسڵەتی نێهینی بوونی کۆمەڵەوە یان بە چی؟
کەریمی: نا خۆ کاک حەسەن گیان شکور لەو ساڵانەی ئاخرێ دا بە هۆی ئەو ئامرازە پێشکەوتووانەی ئێعلام ، و بە هۆی ئەو کارانەی کە  مەسەلەن لێکۆلەرێکی وەکوو جەنابت یا وەکوو من یان وەکوو کاک دوکتور ئەمیر حەسەنپوور و ئەوانە کردوویانە ئیتر زۆر بە سەراحەت دەتوانین بە کۆمەڵێک شت بگەین بە بێ شەرم و تەعاروف بە بێ ئەوەی کە دڵی ئەوی ڕابگرین و بە دڵی ئەویدی نەکەین. حەقیقەت ئەوە بووە دواتر ئەو بۆچوونەی کە ئەمن ئێستا عەرزت دەکەم  ئیسپات بووە. حەقیقەت ئەوەیە کە بە دوای ویدا ئەو ئەندامانەی ژێکاف کەشفن، مەعلوومە ئەوە هەر یازدە نەفەرەکە کە لە کتێبەکەی ساڵی ١٩٩٩ ی مندا چاپ بووە و ئەو بۆچوونانەی کە ئیگلتن دەیڵێ یان ڕۆزڤێڵت دەیڵی یان کەسێکی دیکە دەیڵێ ئەو ناوانە ساخ بوونەوە. تۆ وەرە سەیری کە دوایە چی قەوماوە . ئەوەی حەقیقەتە تەنها کەسێکی کە بە شێوەی پرۆفیشناڵ وەدوای کاری حیرفەیی کاری سیاسی کەوتووە و سەروگەردەنێک لە هەموو ئەوانیدیکە وەپێش کەوتووە، چووەتە باشوور، چووتە ڕۆژاوا، چووەتە دنیای دەرەوەی دیوە..
قازی: ئەوە دەگەڕێتەوە سەر سەروبەندێکی دیکە
کەریمی: حەقیقەت ئەوەیە کە هەر دوای ژێکافیش، دوای کۆماریش زەبیحی ئیدامە کاری خۆی داوە، کاری کردووە و لە سەر ئەو بیروباوەڕەی سوور بووە و هەتا مردنیش لە سەر ڕێبازی چوار پارچەی کوردستان و کوردستان ووڵاتێکە و دابەش کراوە لای نەداوە، و ئەوانی دیکە ئەلئان مەسەلەن  لەگەڵ کاک سەدیقی حەیدەری کە دۆستێکی نزیکی زەبیحی بووە یەکجار لێک نزیک بوون لە زەمانی ژێکاف و کۆمار، ئێمە جیران بووین کە گەورە بووین لە کۆڵان دا پێمان دەگوت مامە سەدیق، کاک سالاری کوڕی، ئەوانە هەموو لە گەڕەکێک دا بووین، بەڵام حەقیقەت ئەوەیە دوای کۆمار زۆربەی هەرە زۆریان لە سیاسەت دا ئێمە نایانبینین. مەسەلەن ئاغای مەحمودی وەلیزادە، ئاغای نەجمەدینی تەوحیدی، ئاغای میرزا ڕەحمانی ئیمامی ئایا لە کوێی سیاسەتی کوردی دا بوون؟
قازی: بەشێکیان دیارە هەبوون، مەسەلەن سەید پیرە، ڕەحمانی ئیمامی لە دەورانێک دا بەشدارییان هەبووە. هەرچۆنێک بێ دوایە دەگەینە ئەو مەسئەلەی کە ئەتۆش لەم کتێبە دا باست کردووە ، دوایەش بە جۆرێک لە خاتراتی سەرلەشکر موزەفەری زەنگەنە دا هاتووە کە دیارە لە تاریخی ڕووداوەکەدا هەڵەی کردووە ، یانی لە تاریخی گیرانی زەبیحی دا. تاریخی گیرانی زەبیحی و هاوڕێیانی بە لەبەر چاوگرتنی دوو سەرچاوە؛ سەرچاوەیەکی ئینگلیسی و سەرچاوەیەکی ئەمریکایی ، لە تێلگرافێک دا کە سەفارەتی ئەمریکا ناردوویە بۆ ئەمریکا و هەر وەها ئی ئینگلیس لە تەورێزێ ڕا. مەعلووم دەبێ کە ئەو گیرانە لە هاوینی ساڵی ١٩٤٥ دا بووە ، لە مانگی ئووت، حەتا تاریخی ڕۆژەکەشی بە ڕوونی باس کراوە. و تاریخی بەربوونیشی لە زیندانێ لە ١٥-ی فێبریوێری ١٩٤٦، هەشت مانگی ڕەبەق و هەر لەو موساحەبەیەش دا کە گۆڤاری " ڕوانگە" لەگەڵ چەند کەسێک کردووەیە کە بەشدار بوون لە کۆمار دا بە ئیستیناد بەو قسەیەیەی کە لە کتێبەکەی تۆ دا هاتووە کە پێش ئەو جەرەیانەش زەبیحی گیراوە. ئەتۆش لە کتێبەکەت دا شتێکی ئاوا دەڵێی. لەو موساحەبەیەی ڕوانگە دا ڕەحمەتی مەنافی کەریمی مەسەلەیەکی جوان ڕوون کردووەتەوە کە پێشتر باسی نەکراوە، ئەویش دەڵێ بەڵێ شتێکی ئاوا بوو، بەڵام ئەوە بۆ ماوەیەکی کورت ڕۆژێک یا دوو ڕۆژ بووە بەو شێوەیە بووە کە لە جەرەیانی هەڵبژاردنی خولی چارەدەهەمی مەجلیسی شووڕای میللی دا کە سەدرولئیسلام هەڵبژێردراوە، ئەو دەمی مامەش لە سابڵاغی دا بوون نازانم کێ فەرماندار بووە؟
کەریمی: ئەمیر ئەسعەدی عەلییار
قازی: نا ئەو دواتر بووە. خەڵک کە بەوێدا ڕۆیشتوون ویستوویانە دەنگ بدەن عەبدولڕەحمانی زەبیحی و قادری کەریمی بەیەکەوە بوون، بەو مامەشانە پێ کەنیون و ئەوانیش چوون بە شەهرەبانییان گوتووە و ڕۆژێک ڕایان گرتوون. یانی ئەوە هیچ پێوەندی پەیدا ناکاتەوە بە تەحەولاتی ناوخۆیی کۆمەڵەی ژێکاف. ئەو هەڵبژاردنە لە مانگی خەرمانانی ١٣٢٢ی هەتاوی/ ئووتی ١٩٤٣ کراوە.
کەریمی: یەکەم کەسێک کە باسی گرتنی زەبیحی کردووە لەمەهاباد لە قاوەخانەی 'کەریم جووجووی' ڕەحمەتی کە بە شێوەیەک زیندان بووە یان زیندان نەبووە یەکەم کەس من بووم، خۆ منیش لە خۆمەوە نە هێناوە
قازی: بیستووتە
کەریمی: لە دایکی خۆم بیستووە
قازی: بۆ ئیستینادی تەواو دەبێ پشت ببەسترێ بە سەرچاوەی جیاواز
کەریمی: ئەوەی کە دایکم هەرگیز نەیتوانی بۆم ڕوون کاتەوە ماوەکەیە. ئەمن نازانم ئەو دوو ڕۆژەی کە جەنابت دەیڵێ، ڕەنگە بۆ جەوانێک یان خوشکێکی بەسۆزی وەکوو دایکم ڕەنگە دوو ڕۆژەکە بۆ وی بە دوو مانگ بووبێت، کاکی گیراوە دەبێ نانی بۆ بەرێ، بچێتە کەلین و قوژبنی دەرگاکەی قسە لەگەڵ کاکی بکا
قازی: شتێکی دیکەش بڵێم
کەریمی: بەڵام شتێک کە میرزا مەناف گوتوویە، پێم خۆشە کە باست کرد ، ئەویش ئەوەیە کە تەئییدی ئەو قسەیەی کردووە کە گیراوە.
قازی: ماوەیەکی کورت بووە و پێوەندی بەوەوە هەبووە کە هێندێک خەڵک چوون دەنگ بدەن ئەو شتەیان کردووە. مەسەلەیەکی دیکەش  کە تەسەورێک بە نادروستی لە ڕوی تاریخی یەوە دروست بووە کە ئەویش ئەوە بووە ئەو دەمی کە ئەوان گیراون دوای گیرانی ئەوان کۆمەڵە تەبدیل بووە بە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان.
کەریمی: ئەو تیوری کتێبەکەی منە.
قازی: ئەوە وا نییە. چونکە ئەو دەمی کە ئەوان ئەندام بوون لە کۆمەڵە دا ، ئەو دەمی کۆمەڵە هەر کۆمەڵە بووە. ئەو زەمانی کە ئەوان گیراون ئەندامی کۆمەڵە بوون، قازیی محەمەدیش سەرۆکی کۆمەڵە بووە.
کەریمی: ئەندام بووە
قازی: نا، ئیختیاری کارو باری کۆمەڵەی لە بەر دەست دا بووە، ئایا ئەوەی کە هەڵبژێردراوە یان نا؟ یان ئەو کەسانەی کە لە ڕێبەریی کۆمەڵە دا مەسەلەن ئەگەر لە شەخسییەتی فرووهەر دا باسی بکەین یا زەبیحی دا باسی بکەین  کە لە سەر ئەوەش تەحلیل کراوە، بەڵام واقعییەتەکەی ئەوەیە کە ئەو دەمی کە ئەوان گیراون کۆمەڵە هەبووە و قازیی محەمەدیش لەو کۆمەڵەیە دا بووە. و ئەوان لە سەر ئەمرێکی کە قازیی محەمەد کردوویەتی، هەر ئەو سێ کەسەش نەبوون ، دڵشادی ڕەسووڵی، قاسمی قادریی قازی و عەبدولڕەحمانی زەبیحی  و دوو کەسی دیکەش بوون کە لە بالانش گیراون. دەو ساڵانەی دواییدا ئەمن سەنەدێکم دەست کەوووتووە هێشتا بە نووسراو بڵاوم نەکردووەتەوە کە وەختێک ئەوانە لە تارانێ لە زیندانی شارەبانی بوون. لە زیندانێ ڕا کۆدێک، ڕەمزێکیان ناردووەتەوە سابڵاغێ کە هێندێک سەنەد و بەڵگە هەبووە لە ماڵی قاسمی قادریی قازی کە ئەوە ببیندرێتەوە و ڕابگوێزرێ. ئەوەی کە موزەفەری زەنگەنە باسی دەکا، یەک، تاریخەکەی تێکەڵ دەکا، چونکە ئەو مەسەلەیە لە هاوێنێ دا بووە، ئەو دەڵێ لە پاییزێ دا بووە لە مانگی ئابانێ دا بووە. لە حاڵێکدا ئەوە لە مانگی خەرمانان دا بووە. و ئەوەش دەزانین ئەو بەرنامەیەی کە دوای سەفەری هەیئەتی کوردستانی بۆ ئازەربایجانێ پێک هاتووە بە پێشنیاری شووڕەوی، بە پێشنیاری باقرۆف، پێشنیار کراوە چونکە فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان  دادەمەزرێ، ئەوانیش حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان دابمەزرێنن و تەنانەت ئەوەشیان کردووە بە شەرتی یارمەتی کردن بە حەڕەکەتی کورد کە دەبێ کۆمەڵە ببێتە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان.
کەریمی: جا من بە کورتی بڵێم کاک حەسەن گیان، ئەو مەوزووعە ئەمن هیچ پاشەکشەی لێ ناکەم . چونکە هیچ شتێکی دیکەم نەدیوەتەوە بە دژی ئەو بۆچوونەی کە لە یادی ٥٠ ساڵەی کۆماری کوردستان لە سوێد کە جەنابیشت لەوێ بووی و ئەو دەم گۆڤارێکمان هەبوو هەموومان کارمان تێدا دەکرد بە ناوی گۆڤاری گزینگ. لە جوابی تاریخێک خراپ نووسین یان لە سەر دوو دێڕی بەڕێز کاک عەبباس وەلی لە ژمارە ١٤-ی گزینگ دا من زۆر بە ووردی تاریخی میلادی و تاریخی هەتاوی م لە تەنیشت یەک داناوە و ئەمن لەو بۆچوونەی خۆم هەر سوورم و ئێستا بەرنامەکەی تۆ تاقەتی ئەوەی نییە بێنم ئەو مەقالەیەی دێر بە دێڕ شی کەمەوە، ئەمن پێم وا بێ زەبیحی لە دوای دەرچونی گۆڤاری نیشتمان ژمارە ٩ گیراوە
قازی: ئاخر ئەوە وا نییە. چونکە گۆڤاری نیشتمانی ژمارە ٩ ساڵی ١٩٤٤ بڵاو بووەتەوە
کەریمی: ئەتۆ دەتوانێ پێت وا نەبێ
قازی: بە پێ وا نەبوونی من نا، بە ئیستینادی تاریخی. گۆڤاری نیشتمانی ژمارە ٩ کە بە دەستەوەیە واتە ژمارەی ٧و ٨ و ٩ بە یەکەوە لە بەهاری ١٣٢٣ی هەتاوی/ واتە مارس و ئاوریلی ١٩٤٤ بڵاو بووەتەوە. ئەو حادیسەیە لە هاوینی ١٩٤٥ بووە یانی ساڵێک زیاتر لە دوای دەرچوونی ژمارە ٩-ی نیشتمان. لەو ماویەدا فەعالییەت کراوە. بە ناوی کۆمەڵە کار کراوە، هەیئەت لە تارانەوە هاتووەتە سابڵاغێ، خەلیلی فەهیمی هاتووە، موزاکەرە بووە، ووردە ووردە دەوری ڕێژیمی مەرکەزی لەوێ کەم بووەتەوە.با بێینە سەر شتی دی چووونکە پێ ڕاناگەین.
کەریمی: ئاخەر دەزانم پێ ڕاناگەین ، بەڵام حەقیقەتێک هەیە
قازی: ئەتۆ هەر لە سەر قسەی خۆتی
کەریمی: حەقیقەتێک هەیە بە دوای سەفەری سەرانی مەهاباد و کۆمەڵێک خەڵک ئاغاوەت و خێل و عەشیرەش لەگەڵ بوون لەو سەفەرەی دووەم دا. دوای ئەو سەفەرە کە هاتوونەتەوە مەهاباد حیزبی دێمۆکڕات بە تۆمارێک دروست کراوە.
قازی: ئەوە مەعلوومە
کەریمی: و زەبیحی لەوێ نەبووە
قازی: زەبیحی لە زیندان بووە، قاسمی قادریی قازی لە زیندان بووە، دڵشادی ڕەسووڵی لە زیندان بووە، دوایە بە ئیستیناد بە ڕۆژنامەی ' کوردستان ' خۆی ئیدی بۆمان دەردەکەوێ کە ئەوانە لە ١٥-ی فێبریوێری ١٩٤٦ دێنەوە تەنانەت شێوەی هاتنەوەشیان باس دەکرێ. مەسەلەن سەعیدی هومایون باسی ئەوە دەکا زەبیحی بە تەییارە هاتەوە تەورێز، قاسمی قادریی قازی لە نەخۆشخانەی شووڕەوی کەوت ، هەموویان پێنج کەس بووبن ناوی دوو کەسیانم وەبیر نایەتەوە. دێنەوە و لە چوارچێوەی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان دا هەم فرووهەر بەشدار بووە، هەڵبەت مەقامی سەرەکییان نەبووە ئەوە وایە، بەڵام فرووهەر ئەندامی کۆمێتەی شاریی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان بووە لە جەرەیانی هەڵکردنی ئاڵا لە زۆر شوێن بەشداری کردووە. و زەبیحیش دەستبەجێ بە پێی ئاگەهییەک کە بۆ خۆی لە ' کوردستان ' دا بڵاوی کردووەتەوە داوای لێبوردنی لە خەڵک کردووە و گوتوویە چونکە مەئمورییەتێکم پێ ئەسپێردراوە مەجبوور بڕۆم ڕەنگە نەتوانم سەردانیان ئەو کەسانە بکەم کە دوای بەربوونمان هاتوونە لامان.
کەریمی: بەڵێ وایە، دایکیشم گەواهی وەی دەدا.
قازی: دواتر، دیارە ئێستا ناپەرژێینە سەر تێکچوونی کۆمار.بەڵام وەختێک کە کۆمار تێکچووە ئەتۆ لە خودی زەبیحی هیچت ڕاستەوڕاست بیستووە؟بۆ قەراری داوە کە بچێتە عێڕاقێ ؟بچێتە باشوور
کەریمی: با، ئەوەیکە من دواتر لە ساڵی ١٩٧٩ و ئەوانە کە زۆر جارمان باس دەکرد و دایکم دادەنیشت وەبیر کاکی دێناوە، وە لە خودی دایکیشم بیستووە کە دایکیشم چاکی لە بیرە قەرا بووە بڕۆن ١٧ – ١٨ ماڵ بوون وەکوو چۆن پیشەوەری و ئەوان ڕۆیشتوون بۆ سۆڤییەت ئەوانیش بڕۆن بۆ سۆڤییەت. وا دیارە کە کاک سەدیقی حەیدەری و زەبیحییان مەئموور کردووە بچن بزانن لەگەڵ کۆنسوولی سۆڤێتی لە ڕەزائیە قسە بکەن. کە ئەوان زۆر زوو، ووڵات شڵووغ بووە، دەڵێ سێ جوار تەندوور لە ماڵی پێشەوا قازیی محەمەد و ماڵی ئێمە لە گەڕەکی ڕزگەییان تەندوور ئاییساوە کە مەداریکی زەبیحی بسووتێنن. دیارە زانیویانە کە تەورێز تەسلیم بووە، ئەوانیش تەسلیم دەبن. بەڵام نەچوون ، زەبیحی زۆری ئیسرار هەبووە پێشەوا بەرێ، سەرکردایەتی کورد، کۆمار بەرن جا دەچن بۆ لای شێخ عوبەیدولای زینوێ، دەچن بۆ لای شێخ مەحموودی حەفید، دەچن بۆ لای ئاغاوەتی قەلادزێ، کە دەعوەتیان بۆ ناردوون. ئەوەیە هەموومان دەزانین کە قازی ناچێ.
قازی: بە داخەوە وەختمان زۆر کەم ماوە، دەبێ هێندێک بە کورت بێ.
کەریمی:  زەبیحی دەچێتە سیتەک
قازی: لە لای شێخ لە تیف دەبێ
کەریمی : ماڵی شێخ مەحموودی.
قازی: شێخ لەتیفی شێخ مەحموود. چ مودەتێک لە سیتەک بووە؟
کەریمی: نزیک بە هەشت، نۆ، دە مانگ لەوێ بووە
قازی: دوایە چووەتە بەغدا؟
کەریمی: دوایە چووە بۆ ناسرییە
قازی: جنووبی عێڕاقێ
کەریمی: یەکێک لە دۆست و خزمەکانی دەوروبەری دەربەندی خان هاوکاری کردووە چووەتە وێ، لەوێوە هاتووەتە بەغدا . لە بەغدا کابرایەکی کۆنە مەهابادی لەوێ نادی هەبووە، ڕێستورانی هەبووە. لەوێ کاری داونێ وەکوو میرزا و دەفتەردار. زەبیحی کاروباری حیسابات و شتی وای بۆ کردووە.  ماوەیەک لە بەغدا دەبێت و جا لەوێشەوە دووبارە تووشی ڕاونان، گیران و
قازی: ساڵی ١٩٥٦ دەچن بۆ سوورییە.
کەریمی: ساڵی ٥٦ ئیتر فشاریان بۆ دێت. جارێکیان تەحویل داونەوە لەگەڵ قزڵجی ، بەڵام لە مەرزی قەسری شیرن، کرماشان کوێخایەکیان لێ پەیدا دەبێت جا ئەمە چۆن بووە چۆن نەبووە، لە دەستی ژاندارمانی دەردەنێ بەو لایدا، بەلای مەریوانێ دا خۆیان تەسلیم دەکەنەوە دێنەوە بۆ عێڕاقێ، ئەوە ئیتر ژیانی مەخفی و نیوە مەخفی دەبێ.
قازی: ئەو دەمی کە لە سوورییە بوون و ماوەیەک لە قامشلۆ بوون ، لە عەینی حالێشدا پێوەندیشیان هەبووە لەگەڵ بەدرخانییەکان.
کەریمی: لە قامشلۆ نەبوون، لە تربە سپی بوون
قازی: هەژار زیاتر لە تربە سپی بووە
کەریمی: هەر دووکیان یەکەم هەنگاو دەچنە لای کاک حاجۆی
قازی: لە ماڵی حاجۆ ئاغا بوون، دوایە لەگەڵ ماڵی جەلادەت بەدرخان پێوەندییان هەبووە و لە عێڕاق ڕا خەبەریان پێ دەگا، لە لایەن پارتیی ذێمۆکڕاتی کوردستانی عێڕاق ڕا  کە ئەو دەمی مام جەلال بەرپرس بووە لەگەڵ شیوعییەکان تەرتیبێکی ئاوایان داوە کە دەعوەت بکرێن بۆ فێستیواڵی ئاشتی لە مۆسکۆ، کە دیارە هەژار بە دوورو درێژی باسی ئەوەی کردووە کە دە وەختی خۆیدا نەگەیشتوونێ، هەتا پڕاگ چوون و دوایە بە ئەڵمان دا هاتوونەوە
کەریمی: تۆزێک نوکتەشی گێڕاوەتەوە
قازی: زۆر رێکوپێکە، زۆر خۆشە. دوایە دەگەڕێنەوە عێڕاق جارێکی دیکە و ئەوجار شۆڕشی عەبدولکەریم قاسم بە سەر دا دێ لە ساڵی ١٩٥٨ کە لەوێ لە بەرنامەیەکدا لەگەڵ عەبدولکەریم قاسم ، لەوێ زەبیحی وەک نوێنەری کوردی سوورییە قسە دەکا.
کەریمی: عیسا عەرەفات
قازی: عیسا عەڕەفات ئەو ناوە بووە کە لە سوورییە داویانەتێ.
کەریمی: بەڵێ بەڵێ، عیسا عەرەفات ئەو ناوەیە کە لە سووریا جینسییەکەی پێ وەرگرتووە. ماڵی کاک حاجۆ و ماڵی بەدرخانییەکان زۆریان یارمەتی کردوون چ ئی هەژاری چ ئی زەبیحی . بەڵام ، زەبیحی زۆر زوو لە ڕیزی سەرکردەکانی کورد لە دروست کردنی پارتی دێمۆکڕاتی کورد لە سووریا، لە گەڵ عوسمان سەبری و لەگەڵ حەمید دەروێش ئەو گەنجانە کاری کردووە، خودی مام جەلال هاتووە بۆ ماوەیەک لە سووریا ماوەتەوە لەگەڵ دوکتور کەماڵ و عێزەدین مستەفا ڕەسووڵیش لەوێ تەلەبە بووە. کۆمەڵێک جەولەی سیاسییان کردووە.دواتر کە عەبدولکەریم قاسم شۆڕش دەکا هەمووی جەماعەتی وەکوو زەبیحی، مام جەلال و مامۆستا برایم ئەحمەد پێیان وایە کە شۆڕشێکی زۆر عەزیم کراوە.
قازی: بە پێی زانیاری بەڕێزت زەبیحی لە چ ساڵێکدا دەبێتە ئەندام لە پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستان دا؟


کەریمی: ئەوەی کە ئەمن لە بەڕێز مام جەلال و مامۆستا برایم ئەحمەدم بیستووە ، ئەو هەر زۆر زوو لە دوای بەغدایە لە ٥٣. ٥٤ نزیکێکی یەکجار زۆری هەبووە. تەنانەت مامۆستا برایم ئەحمەد دەڵێ ساردییەک هەبوو لە بەینی من و هەمزە عەبدوڵا کە هەمزە عەبدوڵا سکرتێری پارتی بو. دەڵێ ساردییەک هەبوو زەبیحی ویستی ئاشتمان کاتەوە. زەبیحی دە بەینمان دا بوو کە ئەو وەزعە ناخۆشە بەینی دوو باڵی پارتی ڕێک خاتەوە. دوایە ئیدی ئەو فریای ئەندامێتی یان نائەندامێتی ناکەوێ بەڵام پێش ئەوەی کە بڕوا بۆ سوورییە دۆستایەتییەکی نزیک بووە و وەکوو دۆستێکی نزیک هاتوچۆی پارتی کردووە لە مامۆستا برایم ئەحمەد نزیک بووە، هەوڵی لەگەڵ هەمزە عەبدوڵای داوە . موئتەمەرێک دەکرێ لە ١٩٥٨ .
قازی: بەرە بەرە قەڵشتێک لە سەرۆکایەتی کوردی دا ساز دەبێ لە ساڵی ١٩٦٤ دەست پێ دەکا و باڵێک دروست دەبێ کە پێیان دەڵێن باڵی ' مەکتەبی سیاسی ' و باڵێکی دی ' باڵی بارزانی'
کەریمی: ' جەلالی ' و ' مەلایی '
قازی: دوایە دەبێتە جەلالی و مەلایی ، لەو دابەشبوونەی جەلالی، مەلایی دا زەبیحی دەکەوێتە لایەنی جەلالی یان مەکتەبی سیاسی. پاشان مەکتەبی سیاسی بەرەو ئێران دەڕۆن بەڵام زەبیحی لەگەڵیان ناچێ
کەریمی: ناتوانێ بچێ
قازی: دیارە ناتوانێ بچێتە ئێرانێ ، ئەگەرچی قسە هەیە دواتر بە قەولی عیسا پەژمان کە باسی ئەوە دەکا زەبیحی هاتووە لە تاران دیوێتی لە گەڵ عومەر دەبابە و عەلی عەسکەری شاندێکیان هاتووە. بیلموناسەبە دەزانی کە عیسا پەژمانیش ئەم ڕۆژانە وەفاتی کرد، ئەفسەرێکی کوردی ساواکی بوو، خەڵکی سنە بوو. لەو ماوەیە دا کە ' حیزبی شۆڕشگێڕانی کوردستان ' دروست دەبێ زەبیحی لەو حیزبە دا جێگا دەگرێ یان نا؟
کەریمی: قەت! ئەوەی کە ئەمن بە سەراحەت لە مەلا عەبدوڵا ئیسماعیل ( مەلا ماتۆڕ)ی مەشهوور و لە شێخ سەتتاری ڕەحمەتیم بیستووە کە لەو ساڵانەی دواییدا لە کەرکووک کوشتییان دوای بڵاو کردنەوەی بیرەوەرییەکانی. من بە سەراحەت لەوانم پرسی، تەنانەت من ڤیدێئۆیەکەم هەیە ئیشاڵا ڕۆژێک بڵاوی دەکەینەوە کە ئەمن دەڵێم مامۆستا زەبیحی ئەندامی حیزبەکەتان بوو دوای ئەوەیکە مام جەلال و برایم ئەحمەد لە ساڵی ١٩٧١ دوای بەیانییەی ١١-ی ئازار دەچنەوە بۆ لای مەلا مستەفای و وەکوو شتێک تەسلیم دەبنەوە، کۆمەڵێک لە ئەندامانی کۆنی پارتی تەسلیم نابنەوە ، لە وانە مەلا عەبدوڵا ئیسماعیل یان مەلا ماتۆڕ، شێخ ستار لە کەرکووکێ، زۆرن بابەکر ئاغا، حیلمی عەلی شەریف.
ووتم مامۆستا ئەرێ زەبیحی ئەندامی حیزبەکەتان بوو ؟ کوتی ئەستەخفروڵا، زەبیحی لەوانە زۆر گەورەتر بوو – ڤیدێئۆیەکە هەیە – چون دەبێ ئەندامی ئەو حیزبە کارتۆنیانە بێ، خۆی بە خۆی گوت.
قازی: لەو سەروبەندی دا بەختیاریش لە عێڕاقە و هەر وەها سەرلەشکر پەناهیان و ئەوان ڕێکخراوێک ساز دەکەن بە ناوی " ئیتیحادییەی میلەتەکانی ئێران " ، نێوێکی ئاوای هەبووە. کە ڕۆژنامەیەکیش بە فارسی، تورکی ئازەربایجانی و کوردی بڵاو دەکەنەوە.
کەریمی: ڕادیۆشیان دەبێ
قازی: باسی ئەوە دەکرێ کە زەبیحی لەگەڵ تەیمووری بەختییار هاوکاری کردووە ئەوە چەندە ڕاستە؟
کەریمی: ئەوەی کە من بیستوومە لە خودی برادەرانی باڵی مەکتەبی سیاسی ، کە جەماعەتێکیان ماون و جەماعەتێکیشیان بە داخەوە نەماون. وەختێک تەیموور بەختیار دێ بۆ بەغدا نە تەنیا  زەبیحی و برادەرانی وەکوو کاک حەمەدەمینی سیراجی و دێمۆکڕات کە لەوێ بوون تەنانەت خودی دەوڵەتی بەعس حەسەن ئەلبەکر و سەدامیش زۆر بە گەورەی دەگرن پێیان وایە ئیدی ئەمە شا دەڕووخێنێ ، ئەو پیاوە نەوعێک نزیکی لە ئۆزیسیۆنی کورد کە لە بەغدایە بووە کردووە . زەبیحی هاتوچۆی ماڵی تەیمووری بەختییار و بە تایبەت خێزانەکەی کردووە کە کچی بوزرگی عەلەوی یە نزیکایەتییان هەبووە.
قازی: کچی بوزورگی عەلەوی نییە، بەڵکوو خوشکی هاوژینی ئەفسەرێکی کوردی ئەندامی حیزبی توودەیە بە ناوی ' ئاگەنج ' کە لە پڕاگ دەژیا. یانی نەوعێک پێوەندییان هەبووە؟
کەریمی: بەڵێ، بەڵێ.
قازی: پاشان بەرەو شۆڕشی ئێران دێین، بەڵام لەو ناوە دا کارێکی زۆر گەورەی کردووە، ئەویش کار کردن بووە لە سەر قامووسی کوردی و لە پێوەندیی لەگەڵ قامووسی کوردی دا بە تایبەتی ، ئەوەی کە مامۆستا ئەمیری حەسەنپوور پێووەندی لەگەڵ کردووە و ئەو ووڵامی داوەتەوە و ئەو ڕەخنانەی کە مامۆستا جەماڵ نەبەز کردوویە جوابی ئەو و ووڵامی ڕەحمەتی ئاوڕەحمانی حاجی مارف بۆ نەبەز لە سەر ئەو کارە. دوایە لە جەریانی شۆڕشی گەلانی ئێراندا دێتەوە ئێران و لەو ڕەسمانەی بەکگراوندیشدا دەیبینین کە لەگەڵ مامۆستا شێخ عێزەدین حوسێنی کار دەکا بۆ ماوەیەک، پڕۆژەیەکیان دەبێ کە بەیەکەوە کار بکەن. دیارە ئەتۆ ئەو دەمی لە نزیکەوە دیتووتە هێندێک باسی ئەو دەورانە بکە.


کەریمی: یەک قۆناغی پچووک بە دێڕێک. لە ١٩٧٦ دوای تێکچوونی شۆڕشی ئەیلوول و ئەو شکانە گەورەیە، زەبیحی سەفەرێکی لوبنان دەکا لە لوبنان، یان لە سووریا لە دیمیشق بۆ ماوەی مانگێک لەگەڵ هێرۆ خان و مام جەلالی دەبێ. کە دێتەوە بەغدا سیخوڕ لەگەڵیان بووە لە بەغدا دەگیرێ ساڵی ١٩٧٦، حوکمی ئێعدامی دەردەچێ. بە هۆی ئەو وەزیرانەی کە لە دەوڵەتی بەعس دا بوون و شەخسی وەکوو مەلا ماتۆر و شێخ ستار و ئەو جۆرە خەڵکە  هەموو شەفاعەتی بۆ دەکەن و هەموو دەچن  بۆ بەر بارەگای بەعس و بۆ لای شەخسی سەدام حوسین و حەسەن ئەلبەکری. کە بابە ئەوە مونازلێکە خەڵکی ئێرانە ، لە ئێعدامی دەگێڕنەوە.
قازی: لە قۆناخی دواتر دا کەنگێ بۆتان دەرکەوت کە بەعس لە ژێر شکەنجە دا کوشتوویەتی.
کەریمی: لە ١٩٧٩ی هاتەوە. ئێمە هیچمان نەدەزانی. کە لە ١٩٧٩ی هاتەوە ، هاتەوە لە مەهاباد لەگەڵمان بوو ، خەریکی ساز کردنی دانیشگای ئازاد بوو لە مەهاباد خەڵک دەهات پێوەندی پێوە دەکرد زانکۆیەک لە سابڵاغ دابنێن. بەڵام یەک جێ لەگەڵ مامۆستا شێخ عێزەدینی کەوتنە دەفتەر دروست کردن، وەکوو باشووری کوردستان یەکێتییەکی نیشتمانییەک و خەتی گشتییەک و دەبێ کۆمەڵە هەبێت ، دێمۆکڕات هەبێت خەتی گشتی بێ مامۆستا سەرپەرشتی بکات. زەبیحی لە بنەوە مۆتۆڕی حەرەکەتە و بەڕێوەبەری دەفتەرەکە بی. کە زۆر زوو، ئەمن بۆ خۆم لەگەڵی بووم ، زۆر زوو لەوە پەشیمان بووەوە، زۆر زوو، دوو سێ مانگ، دوومانگ، سێ مانگ. لە 'تووژەل' و لە ' شێنێ ' و لە ' ئالان ' ێ  ئیتر لە ئالانێ تەقریبەن مامۆستا زەبیحی شێخ عێزەدینی بەجێ هێشت.
قازی: ئەو دەمی کە تۆ لە نزیکەوە تەجروبەی دەستی یەک دیتووتە، خۆی دەکردەوە؟ باسی شتی نەزاندراوی دەکرد؟
کەریمی: قەت،
قازی: تەنانەت  سفرەی دڵی لای تۆش نەدەکردەوە؟
کەریمی: لای من دەیگوت ، زۆری ئەمن خۆش دەویست، بە منی دەگوت واز بێنە عەلی
قازی: شتت لێ دەپرسی ووڵامی نەدەدایەوە
کەریمی: جوابی دەدامەوە. مەسەلەن ئەمن لە بیرمە جارێکی ئێعلامییەیەکم بۆ برد لە خیابانێ بڵاویان دەکردەوە، ' کۆمەڵەی یەکسانی' ساڵی ٧٩ ی تازە هاتبووەوە ئەمنیش یەکسەر ئێعلامییەکەم  برد و چوم گوتم خاڵە ئەوە باسی کۆمەڵەی ژێکاف دەکا. کوتی دابێنێ عەلی. خوێندییەوە ئاوا وورد وورد ، گوتی ئەوە وا بوو، ئەوە وا نەبوو . ئەو جەرەیانی مەلا سەید ڕەشید و ئەوان ئەگەر لە بیرت بێ کۆمەڵەیەکیان دروست کرد لە ساڵی ٧٩. ئێستاش ماوە ئەو کۆمەڵەی یەکسانی یە.
قازی: ئەتۆ ئاخر جاری کە دیتت کەنگێ بوو و پێت وا هەیە کەنگێ کووژراوە؟
کەریمی: ئەمن تاریخەکەم لە بیر نییە، بەڵام ئاخر جاری کە ئەمن خەبەرم بۆ هات، دەزانم بۆکان تاقە شار بوو دوای شنۆیە تاقە شار بوو مابووەوە لە دەستی پێشمەرگەی دێمۆکڕات و کۆمەڵەی دا. ساڵەکە دەبێ ١٩٨١ بێت.
قازی: سەرێکی لەندەنیشی دابوو
کەریمی: ئەوە پێش هاتنی کوردستان بوو ، چوو بووە ماڵی مامۆستا برایم ئەحمەدی ئەوە لە ٧٨ی، چوو بوو کاک نەوشیرەوانیشی دیبوو ئەمە ٧٨ ە پێش هاتنیەتی بۆ مەهاباد. لە ساڵی ٨١ی ئەمن نامەیەکم بە دەستی برادەرێکی نزیکی مام جەلالی کە ئێستاش ماوە لە حەیات دا ماوە، پێ گەیشت بە ماڵێ کە بە داخەوە بەداخەوە مام جەلال پێی ڕاگەیاندوون کە زەبیحی لە بەغدا شرت و گوم بووە.
قازی: ئاخر خەبەری کە هەتانە
کەریمی: ئی مام جەلالە
قازی: ئی ساڵی ١٩٨١ ە . زۆر سپاس کاک عەلی، بەداخەوە کاتمان تەواو بوو دەبوو زۆر زیاتر لە سەر ئەو مەسەلەیە قسە بکەین. بینەرانی خۆشەویست لە بەر تەنگی وەخت لێرە دا بەرنامەی ئەمجارەشمان کۆتایی پێ دێنین . هیوا دارم ئەو قسە ئالوگۆڕ کردنە لە سەر کەسایەتی زەبیحی هێندێک لایەنی دیکەی ڕوون کردبێتەوە. تا ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.

تێبینی: ئەم هەڤپەیڤینە بۆ بەرنامەی ڕاوێژ لە ڕۆژی جومعە ١٦-ی سێپتامبری ٢٠١٦ قەید کراوە و ڕۆژی یەکشەمە ٤-ی دێسامبری ٢٠١٦ لە تێلێڤیزۆنی ستێرک بڵاو کراوەتەوە.




No comments: