Tuesday, November 28, 2017

بۆچوونی حکوومەتی بریتانیا لە سەر ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان


 بۆچوونی حکوومەتی بریتانیا لە سەر ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان

شاهیدی دانی زارەکی  وەزیری کاروباری دەرەوەی بریتانیا، بوریس جانسن  لە دانیشتنی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی بریتانیا لە پارڵمانی بریتانیا ( هاوس ئاف کامنس)، چوارشەمە ١-ی نۆڤامبری ٢٠١٧
 
سەرۆک ( کۆنسێرڤاتیڤ) بمبوورە. کاتمان زۆر نەماوە. فەرموو ئاغای سمیت    


                                                    
رٶیستۆن سمیت: (کۆنسێرڤاتیڤ): وەزیری دەرەوە، ئەمن هێندێک دەچمە پێشەوە، تەنانەت ئەگەرهێند دوور نەبێ  لەڕووی جوگرافیاییەوە  ئەو ڕووداوانەی دوایی لە کوردستان بە  تایبەتی لە ماوەی کۆتایی حەوتوو دا، جێی نیگەرانین. ئەو  ڕێفراندۆمەی وا لە مانگی سێپتامبر دا کرا بە لای کوردەکانەوەزۆر خۆشەویست بوو، بەڵام ڕەنگە ئێمە قۆڵی لێ هەڵکێشین بڵێین بە وەختی خۆی نەبوو و تەنانەت دەکرێ بە دنەدانێکی  تێکدەرانەش سەیر بکرێ. ئەمن دەزانم کە ئەتۆ لە دوایی حەوتوو  دا پێوەندیت گرت لەگەڵ عێڕاقییەکان و کوردەکان بۆ حەولی ئەوەی پێداگرییان لەگەڵ بکەی ددان بە خۆیاندا بگرن و گرژی خاو کەنەوە. ئەتۆ لە ١٧-ی ئۆکتۆبر لە دانیشتنی هۆڵی پارڵمان ئاماژەت کرد بە کوردستان . ئایا لەگەڵ ئەوە ڕێکی کوردەکان دەبێ دەوڵەتێکی لەمەڕ خۆیان هەبێ؟

بۆریس جانسن( وەزیری کاروباری دەرەوە و هاو بەرژەوەندییەکان): پرسیارەکەی تۆ بە گردبڕی دروستە، بەو مانایە کە ئێمە هیوابڕاو بووین لەو ڕاستییەی کە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ڕێفراندۆم کرا. ئێمە حەولمان دا ڕایبگرین و نەکرێ و لۆبیمان کرد بە دژی.                                                                                
سەرۆک: ئێوە یەکەم جار کەنگێ بیستتان کە ڕێفراندۆم دەکرێ؟
بوریس جانسن: داوای لێ بوردن دەکەم ناتوانم تاریخێکی ووردت پێ بدەم.
سەرۆک: باشە ، ئێوە کەنگێ بۆ یەکەم جار حەولتان دا لەگەڵ کاربەدەستانی کورد بۆ ئەوەی ڕێفراندۆمەکە نەکرێ؟
بوریس جانسن: ئەمن زۆر داوای لێ بوردن دەکەم، ئاغای تونگندات، بە داخەوە ناتوانم پێت بڵێم بە ووردی کەنگێ دەستمان پێ کرد. لە بیرمە ئاغای فالۆن [ وەزیری پێشووی بەرگری، وەرگێڕ] چووە ئەوێ و ئەمن وەبیرم دێ چەندین جار تەلەفۆنم کرد بۆ ئاغای مەسعوود بارزانی . ئەمن دەزانم ئاغای زەهاوی [ یەک لە ئەندامانی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی پارڵمانی بریتانیا] بۆخۆی چەندین ناوبژیوانی کرد و قسەی تێدا کرد.
سەرۆک: ئەوە بەر لە پشووی هاوینی پارڵمان بوو یان دوای ئەو پشوویە؟
بوریس جانسن: بە داخەوە، وەبیرم نایە

یای کارەن پیرس: ( بەڕێوەبەری سیاسی، لە وەزاڕەتی کاروباری دەرەوە و هاوبەرژەوەندییەکان):  بە دلنیاییەوە لەماوەی هاوینێ دا بوو.
بوریس جانسن:   ئەمن ناتوانم بڵێم بە ووردی کەنگێ بۆ جاری یەکەم دەستمان کرد بە هەڵسەنگاندنی ڕێفراندۆمی کوردی، بەڵام بە دڵنیاییەوە زۆر چالاک بووین بۆ ئەوەی حەول بدەین نەیەڵین بکرێ. ئەگەر بۆم هەبێ تەنێ ووڵامەکەم بۆ پرسیاری ئاغای سمیت تەواو بکەم. بەڵێ ڕێفراندۆم کرا، ئەگەر تۆ لێم پرسی داخودا ئەمن کوردستانێکی سەربەخۆم بە مێشکی دادێ، پێم وایە ووڵامەکەم نایە. ئەمن دڵسووتاوێکی گەورەی گەلی کورد و ئاواتەکانیانم و ئەوەی ئەوان وەدستی دەهێنن. کاتێک ئەتۆ دەچییە هەولێر ئەوێ زۆر خۆشە.  وە هیچکام  لە شوێنەکانی دەر و دراوسێی ناچێ یان دەکرێ زۆر لە وان جیاواز بێ. دەکرێ دێمۆکڕاتیک بێ، لیبێراڵ و پلورالیست بێ. ئەوە جێی واق ووڕمانە. ئەمن چاوی ڕێزەوە لە ئان کلۆید دەڕوانم [ئەندامێکی لە مێژینەی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی هاوس ئاف کامنس و دۆستێکی لەمێژینەی گەلی کورد. وەرگێڕ] بۆ گشت ئەو شتانەی بە ماوەی ساڵان بۆ کوردەکانی کردووە. کورد بە نەغدەن نەتەوەیەکە، بەڵام یەکەیەکی سیاسی جێی تێڕامانە کە خەریکە دروست دەبێ. داخودا بە ووردی پێوەندیی نێوان یەکەی سیاسی کورد و قەوارەی فێدێراڵی عێڕاق چییە؟ پرسیار ئەوەیە. دیتنی ئێمە ئەوەیە، لە بەر چەندین هۆی جۆر بە جۆر، زۆر باشترە کارێکی ئەوتۆ بکرێ عێڕاق بەیەکەوە ڕابگیرێ. ئەوە ئەو شتەیە کە ئێمە بە دۆستە کوردەکانمان و بە بەغدای دەڵێین. شتی گرینگ ئێستا بۆ ئاغای عەبادی و ئاغای نیچیروان بارزانی ئەوەیە کە وتووێژ بکەن.
 مایک گیپس ( کرێکار): ئایا ئەوە ڕاست نییە کە پرێزیدێنت بارزانی لە مانگی ژووەن بە گرد بڕی و بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند کە لە مانگی سێپتامبر دا ڕێفراندۆمیان دەبێ؟  ئەمن زۆرم پێ خۆشە بزانم ئێمە لە مانگی ژوەن یان ژووییە دا هیچمان کرد لەو بارەیەوە. چونکە ئەو جۆرەی من بزانم – ڕەنگە ئەمن هەڵە بم – ئێمە لە ڕاستیدا تا مانگی سێپتامبر ئەومەسەلەیەمان بە جیدی وەر نەگرت ، کاتێک کە لە ٢٣ یان ٢٤-ی سێپتامبر دا ئەو ڕێفراندۆمە کرا. [ڕێفراندۆم لە ٢٥-ی سێپتامبر بەڕێوە چوو، وەرگێڕ ]
بوریس جانسن: ئەمن دڵنیام ، ئاغای گیپس، ئەتۆ فڕانک بەیکر دەناسی.
مایک گیپس( کرێکار) ئەمن باسی سەفیری بریتانیا لە عێڕاق  ناکەم. ئەمن باسی ئەو مژارە لە ئاستی وەزیرەکاندا دەکەم. لە  ڕاستییدا کەنگێ ئێمە ئەو مەسەلەیەمان بە جیدی وەرگرت.           
بوریس جانسن: ئەمن دەتوانم پێت بڵێم ئێمە ئەو مەسەلەیەمان زۆر بە جیدی وەرگرت و بە کاتی خۆی بە هێندمان گرت، بەو مانایە بە جیدیمان گرت کە تەواو دەلوا بۆ کوردەکان ، بۆ مەسعوود بارزانی کە دەستی لێ هەڵگرن و نەیکەن.
سەرۆک: بەڵام ئەوە بەر لە پشووی هاوینەی پارڵمان بوو؟
بوریس جانسن : ئەمن بە تەواوی دڵنیام کە حاڵی ‌حازر بە داخەوەم کە ناتوانم تاریخێکی ووردت پێ بڵێم.
سەرۆک:ئەگەر پێت خۆش بێ بە نووسراو لەو بارەیەوە ئاگادارمان کەیەوە باش دەبێ،
رۆیستۆن سمیت: ئەمن دەمەوێ لە سەر ئەم پنکتە ڕاوەستم. پێشمەرگە زۆر یارمەتیدەر بوو بۆ دەرپەڕاندنی داعش کاتێک عێڕاقییەکان کەرکووک و شوێنەکانی  تریان چۆل کرد.ئێمە بە دانی چەک بە پێشمەرگە یارمەتیمان کردن. ئێمە هاوپەیمانین لەگەڵ عێڕاقییەکان، پێشمەرگە و کوردەکان. ئایا ئەتۆ بە دژواری دەبینی حەول بدەی وتووێژ لە نێوان ئەو دوو باڵانە دەست پێ بکا؟ ئەوان زیاتر لە باڵن چونکە هەر چۆنێک بێ لە ناو کوردەکان دا باڵ هەن. ئەو دوانە – عێڕاقییەکان و کوردەکان – بە تایبەتی  سەبارەت بەو سنوورانە و ئەو قسانەی کە زۆری لە سەر گوتراوە . ئایا لێرە دا چ دژوارییەک دەبینی؟ مرۆڤ دەبێ چۆن ڕێگەیەک دەرکا؟
بوریس جانسن: ئەمن بە تەواوی تێدەگەم کە ئەتۆ مەبەستت چییە. ئێمە دۆستایەتییەکی لەمێژینەمان لەگەڵ کوردەکان هەیە. ئەمن ڕێز دەگرم لەوشتانەی ئەوان کردیان لە شەڕ بە دژی داعش دا؛ ئەمن بە چاوی خۆم ئەوەم دی. ئێمە قەرزێکی گەورەی پێشمەرگەمان لە سەر شانە بۆ ئەو ئازایەتی و فیداکارییەی لە خۆیانەوە نیشان دا. ئەوەی ئەوان دەیکەن بۆ هەموومانی دەکەن. هەر بۆیە ئێمە بە شێوەی غەریزی پشتیوانی لە کوردەکان و ئاواتەکانیان دەکەین – دەبێ بڵێم ، مەبەستم حکوومەتی هەرێمی کوردستانە. ئەوەی ئێمە نیگەران دەکا ئەوەیە بێتوو کوردستانێکی سەربەخۆ بگاتە لەبەریەک هەڵوەشانی عێڕاق چ دەقەمێ؟ ئێمە لەوە دەترسێین ئەو دەمی کوتێکی سەرەکی سوننی ساز دەبێ کە لە عێڕاقەوە دەگاتەوە ناو سووریا بە ناو سنوورێک دا کە ناناسرێتەوە؛ تووشمان بە تووشی نفووزێکی زۆری ئێرانەوە دەبێ، و ئەوە خەبەرێکی زۆر خراپ دەبێ. ئەوە شتێک دەبێ  کە لە بەرژەوەندی درێژخایەنی سەبات و ئارامی لە هەرێم دا نابێ. زۆر زۆر باشتر دەبێ کە – شتی چاوڕاکیش سەبارەت بە نێچیروان بارزانی ئەوەیە، کە ئەمن زۆر چاکی دەناسم ، کە ئەو لە بۆچوونەکانی داد دەیەوێ هەنگاو بە هەنگاو بچتە پێشێ، ڤیزۆنێکی لە پێناوی ووڵاتەکەی دا هەیە بەڵام ئەو  نایەوێ ئەوە بە شەوێک وەدی بهێنێ. ئەو چاوی لەو ڕێیەیە کە بتوانێ ئەوە  لە درێژایی زەمان دا جێ بە جێ بکا، و نایەوێ دەستبەجێ خۆی لە قەوارەی عێڕاق هەڵپچڕێ.ئەمن لەو باوەرەدام ئەوە ئەم شتەیە کە ئێمە دەبێ تەشویقی کەین چونکە زەرەر و زیانەکان زۆر زۆرن. نێچیروان بارزانی لە حاڵی حازر دا لە بەغدا باشترین شەریکی مومکینی کە دەکرێ هەیبێ ئاغای عەبادی یە. ئەمن هەتا بڵێی ڕێز وحورمەتم هەیە بۆ ئاغای عەبادی. ئەمن پێم وایە ئەوان دەتوانن بەیەکەوە کار بکەن بۆ جێ بەجێ کردنی کێشەکان و ئەوە ئەو شتەیە کە بریتانیا تەشویق دەکا بیکەن.
یان ئاوستین ( کرێکار): ئەمن دەزانم کە بریتانیا چەندەی سەرمایە داناوە بۆ سازکرنی عێڕاقێکی بەهێز و یەکگرتوو، و ئەمن لەوە تێدەگەم ـ بۆچی ئەتۆ دەتەوێ پشتیوانی لە عەبادی بکەی ، لە ترسی شتێکی خراپتر،  بەڵام ئەگەر هەڵبژاردن ئەوەیە – کە وا وێدەچێ وا بێ – لە نێوان عێڕاقێکی بەهێز و یەکگرتوو کە وەک بووکە پەڕۆیەکی ئێران هەڵسوکەوت  بکا، کە وێدەچێ ئەوە ڕووبدا ، و کوردستانێکی  زۆرسەربەخۆتر، زۆرئۆتۆنۆمتری لایەنگری ڕۆژئاوا کە وەکوو  هێزێکی بەرانبەر هەڵسوکەوت بکا لە ئاست نفووزی ئێرانییەکان لە هەرێم دا، ئایا لە ڕووی  ئەخلاقی و ستراتێژییەوە ئەوە  سیاسەتێکی مەعقووڵ نییە کە لەوەی دوایی پشتیوانی بکرێ؟
بوریس جانسن: هێندێک خەڵک هەن کە ئەو بۆچوونەی تۆیان هەیە ئاغای ئاوستین. بە ڕوونی ڕاوێژکارانی مەسعوود بارزانی بۆچوونیان ئەوە بووە کە تۆ گوتت. ئەوان پێیان وا بوو بەو شێوەیە دەتوانن بیکەن.  ئەمن دەمەوێ بە گردبڕی و بە ڕاشکاوی بڵێم ئەمن ئەوەی کە لە کوردستان ڕادەبرێ سەرنجم یەکجار زۆر ڕادەکێشی و ئەو دەرەتانانەی کە ئەو ووڵاتە هەیەتی. بە لە بەرچاو گرتنی تەبیعەتی دژواری هەرێم لە ئاستێکی هەراوتر دا کوردستان دەتوانێ سەرمەشقێک بێ، نوورێکی هیوا بێ و شوێنێکی ئەوپەڕی سروشتی بێ. لە حاڵی حازردا ئێمە پێمان وایە مەترسی دامەزراندنی سەربەخۆیی دەستبەجێ، زۆر بەرچاو دەبێ بە سەرنجدان بۆ سەر گوشاری ئێران و بێ سەباتی و نائارامی گشتیی عێڕاق.
سەرۆک: وا دیارە ئەتۆ بیروڕای وەزیری موستەعمەراتی ساڵی  ١٩٢٠ دەڵێیەوە.
بوریس جانسن:  ئەمن پێم وایە ئەوە وەزیری موستەعمەرات بوو لە ساڵی ١٩٢٠  کە سێ ویلایەتی موسڵ ، بەغدا و بەسرەی وە سەر یەک خست- ئێمە گشتمان ئاکامی مێژوویی ئەوە دەزانین. حەیف ، ئەمن پێم وایە تێک دانی ئەوە ئێستا دەتوانێ ئاکامی بێ سەباتی جیدی لێ بکەوێتەوە. ئەگەر بکرێ ئەوە بڵێم، کاتێک دۆستە کوردەکانمان  دەڵێن کە ئەوان لە ژێر هەڕەشە دان یان ئەڕتەشی عێڕاق هێرشیان دەکاتە سەری، ئێمە لەگەڵیانین بۆ ئەوەی حەول بدەین بە غدا ددان بە جەرگی خۆی دا بگرێ، داوای عەقڵی سەلیم و ئارامی بکەین. لە واقع دا، ئەمن بە پارێزەوە خۆشبینم سەبارەت بە ڕەوتی شتەکان. هەولێر بە هێندێک لە هەڵسوکەوتەکانی بەغدا ترسی ڕێ نیشتووە ، بەڵام شتەکان دەکرێ لەوەش خراپتر بن.
نەدیم زەهاوی (کۆنسێرڤاتیڤ) ویلایەتی مووسڵ – لەگەڵ بەغدا و بەسڕە – لە بنەچە دا عوسمانی بوون. ئەوە گرینگ نییە تۆ ئاماژەت پێ کرد. باش دەبێ کە سەرۆکوەزیر بارزانی – چونکە پرێزیدێنت مەسعوود بارزانی ئەمڕۆ لە سەر کار لاچوو- تەشویق بکرێ بۆ پاراستنی یەکێتیی کوردستان و دوایەدەستپێکردنی وتوێژی جیدی لەگەڵ سەرۆکوەزیر عەبادی،  لەوانە سەبارەت بە هێمنی سەر سنوورەکان، هەڵبەت ، و هەموو  شتەکانی دیکە، بۆ جێ بەجێ کردنی ئەو کێشە گەورانە یان  ئاڵنگارییانەی کە نەتەوەی کوردی ناهومید کرد و کارێکی وای کرد بەشداری بکا لە ڕێفراندۆمی ٢٥- سێپتامبر دا ئەوانەش بریتین لە ، بەشکردنی دەستەڵات، بەشکردنی داهات، و  جێ بە جێ کردنی مادەی ١٤٠ لە مەڕ کەرکووک و سەرزەوییە جێی ناکۆکییەکان. وەزاڕەتی دەرەوەی ئەمرێکا تەشویق  دەکا ، دەڵێ ناوچە جێی ناکۆکی لە سەرەکان با هەرئاوا بمێننەوە.  ئایا دەکرێ ئێمە دەورێکی زیاتر بگێڕین لەگەڵ واشنگتن و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕێخۆشکردن بۆ  چارەسەرییەکی سیاسی ، کە بگاتە پێکهێنانی عێڕاقێکی بەسەبات  و بە ئیروو؟ هێندێک لە هێزە هەرێمییەکان لەوانەیە بیانەوێ ئەوێ دیسان بە بێ سەبات ببینن و بیانەوێ کورد بە دژی کورد، یان کورد بە دژی تورکومان یان سونییەکان، عەڕەبەکان و شیعەکان لەیەک داببڕن.                                
بوریس جانسن: ئەمن بەتەواوی لەگەڵت رێکم کە ئێمە دەتوانین ئەوەبکەین. کاتێک ئێمە لەگەڵ دۆستەکانمان لە هەرێم قسە دەکەین  ئەوان دەڵێن، " تکایە کۆبوونەوەیەکی لووتکە بانگ بکەن، گشت لایەک بهێننە دەوری مێز، با سەر بخەنە سەری یەکتر" با بزانین چ دەکەین. ئەوەی ئێمە  لە حاڵی حازر دا دەیلێین ئەوەیە کە ئێمە دەمانەوێ خۆیان بدوێن. دوا جار، ئەوان دەبێ کێشەکانیان جێ بە جێ کەن. ئەوە ماوەتەوە بۆ هەوڵیر و بەغدا کە سەودایەک بکەن . ئەوان زۆر لە مێژە چ سەودایەکیان نەکردووە، ئێستا کاتی ئەوەیە بیکەن.
تێبینی نووسراوی شاهید وەزیری کاروباری دەرەوە: کۆمیتە هەر وەها پێی خۆشە زیاتر لە سەر رێفراندۆمی کوردی بزانێ بە تایبەتی، ئەوەی کە ئێمە لە ئاستی وەزیران دا چمان کردووە و کەنگێ من و وەزیرانی هاوکارم بۆچوونی خۆمان لەگەڵ ڕێبەرانی کورد هێناوەتە گۆڕێ. ئێمە زۆر جار ئەوەمان کردووە دوای ئەوەی کە یەکمجار حکوومەتی هەرێمی کوردستان  لە مانگی ئاوریل ڕایگەیاند  پێوەیە لە ساڵی ٢٠١٧ ڕێفراندۆم بکا بۆ سەربەخۆیی. وەزیری ئەو دەمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  تۆبیاس ئێلوود جەختی کردەوە لە سەر ڕێز و حورمەتی بریتانیا  بۆ سەروەری ، یەکپارچەیی خاک و یەکێتی عێڕاق لە دیداری دا لەگەڵ رێبەرانی کورد کاتێک ئەو لە ١١-١٢ ی ئاوریل سەردانی عێڕاقی کرد. بەر لە دەورەی فیترەتی  بەر لە هەڵبژاردن، کار بەدەستان بەردەوام بوون بۆ ئاگادار کردنی ڕێبەرانی کورد  لە سەر بەرعۆدەیی خۆیان لە ئاست عێڕاقێکی یەکگرتوو بە هەرێمێکی کوردستانی بەهێزەوە وەک بەشێکی جیانەکراوە لێی.  لە ٧-ی ژووەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند لە ٢٥ –ی سێپتامبر ڕێفراندۆم بەڕێوە دەبا. دوای کۆتایی فیترەت، کاربەدەستانی وەزارەتی کاروباری دەرەوە و هاو بەرژەوەندییان ئەمنیان ئاگادار کرد لە مەبەستی کوردەکان و ئەمن لە ١٢-ی مانگی ژووەن داخویانییەکی گشتیم بڵاو کردەوە و لەو داخویانییە دا هەڵوێستی بریتانیام  دیاریی کرد. بەر لە ئەنجامدرانی ڕێفراندۆم ، ئەمن قسەم لەگەڵ وەزیری کاروباری دەرەوەی عێڕاق ئەل – جەعفەری کرد، بە دوای ئەوەش دا وەزیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئالیستر بێرت ، لە ماوەی سەردانی خۆی دا بۆچوونەکانی ئێمەی هێنا گۆڕێ.ئالستر بێرت  لە ماوەی سەردانی خۆیدا لە عێڕاق لە ١٦ – ١٧ ی ژووییە ، بۆچوونی ئێمەی لەگەڵ پرێزیدێنتی کورد بارزانی و سەرۆکوەزیری عێڕاق عەبادی هێنا گۆڕێ. لە دیدارێکی دووەم  لە ٣-٤ ی سێپتامبر دا ئەو بۆچونەکانی ئێمەی لەگەڵ وەزیری کاروباری دەرەوەی کورد ئەل جەعفەری[!]  و سەرۆکوەزیری عێڕاق عەبادی دیسان هێنایەوە گۆڕێ. ئەمنیش لە مانگی سێپتامبر دا لەگەڵ پرێزیدێنتی کورد بارزانی دیسان بۆچوونەکانی خۆمانم باس کرد


وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی

















No comments: