Wednesday, June 3, 2020

هەڤپەیڤین لەگەڵ دوکتور جەعفەر شێخەلئیسلامی سەبارەت بە پێوەندی شێوەزارە کوردییەکان، پەروەردە لە باشووری کوردستان . بەرنامەی ڕاوێژ، تێلێڤیزیۆنی ستێرک ٧-ی ژووییەی ٢٠١٣

 هەڤپەیڤین لەگەڵ دوکتور جەعفەر شێخەلئیسلامی سەبارەت بە پێوەندی شێوەزارە کوردییەکان،  پەروەردە لە باشووری کوردستان . بەرنامەی ڕاوێژ، تێلێڤیزیۆنی ستێرک  ٧-ی ژووییەی ٢٠١٣

حەسەن قازی: بینەرانی خۆشەویست ئەم کاتەتان باش، بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەی خۆتان، بەرنامەی ڕاوێژ. لە بەرنامەی ئەمجارەی ڕاوێژیش دا دیسان بەردەوام دەبین لەسەر وتووێژ و ئاخافتن لەگەڵ بەڕێز دوکتور جەعفەر  شێخەلئیسلامی کە ئێستا پڕۆفێسۆری میوانە لە  زانکۆی سۆران ، وەکی دی لە زانکۆی کارڵتن لە کانادا لە دیپارتمانی زمانەوانی دا کار دەکا. دوکتور جەعفەری شێخەلئیسلامی  وەک ئێوەش دەزانین سیمایەکی ناسراوە لە بواری  زمانەوانی کوردی دا و هەر وەها شاعیرێکی کوردیشە کە لەم بەرنامەیە دا  حەول دەدین یەکێک لە شێعرەکانی کە بەڕاستی مانایەکی زۆر قووڵی سیاسی هەیە لەو ساڵانەی دواییدا ، ئەو شێعرەشمان بۆ بخوێنێتەوە .  زۆر بەخێر بێی دوکتور  جەعفەر.

دوکتور جەعفەر شێخەلئیسلامی: زۆر زۆر سپاست دەکەم

قازی: دەزانی کە لە ساڵی ٢٠٠٨ وە لە باشووری کوردستان بە تایبەتی باسێک پەیدا بوو کە ژمارەیەک لە نووسەران و ئەو کەسانەی کە بە زمانەوە خەریک دەبن  باسی ئەوەیان کرد پێویستە شێوەزاری کوردیی ناوەڕاست یان کوردیی سۆرانی بکرێتە شێوەزاری ڕەسمی و بە دوای ئەوە دا دیارە موناقەشە و باسێکی زۆر هاتە گۆڕێ کە بەڕێزیشت لەو بوارە و لە سەر ئەم کێشەیە چەند مەقالە و ووتارت نووسیوە و تەنانەت لە چەندین سێمینار و کۆندڕانسانیش دا لەو بارەیە بەشداریت کردووە و قسەت کردووە. دەمویست بزانم بە لەبەر چاوگرتنی ئەوەیکە لەو شەش حەوت مانگەی ڕابردوو دا جەنابت لە باشووری کوردستان ژیاوی و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کۆنفڕانسانەش کە چ لە ئوڕووپا و چ لە باشووری کوردستان و چ لە باکووری کوردستان بەڕێوە چوون، هەتاکوو ئێستا ئەگەر مرۆ بییەوێ وەزعەکە هەڵسەنگێنێ بار و دۆخەکە گەیشتووەتە کوێ و شێوەی پێوەچاران بە شێوەزارەکان چۆن دەبینی؟

شێخەلئیسلامی: پێشکەوتێکی ئەوتۆ ئەگەر کورتی کەمەوە هەمووی، پێشکەوتێکی ئەوتۆ دەست نەکەوتووە. پێشکەوتێکی ئەوتۆ بەدی ناکرێ لەم بوارە دا، نە تەنیا بەدی ناکرێ بەڵکوو من پێم وایە شێوەزارەکان زیاتریش لێک جیا بوونەوە بە هۆی ئەوە کە بەڕاستی گفتوگۆیەک نییە، دیالۆگێک نییە ئەوەی کە من وەبەر چاوم کەوتووە لە باشووری کوردستان. بۆ وێنە هەر ماوەیەک لەمەوبەر کۆنفڕانسێکی دوو ڕۆژە  هەبوو لە زانکۆی دهۆک لە سەر تەرجومە من بۆخۆم بانگ کرا بووم کە شتێک لەوێ پێشکێش بکەم. لەوێ پەیپڕێکم پێشکێش کرد دیارە زۆربەی بابەتەکان بە ئینگلیزی پێشکێش دەکران، منیش بە ئینگلیزی پێشکێشم کرد. یەک کەسی تری کوردیی ناوەڕاستی لێ نەبوو تەنانەت من کە لەوێ بووم بە ئینگلیزی پێشکێشم کرد. کۆنفڕانسەکە زۆربەی بە ئینگلیسی بوو هەرچەند عەڕەبیشی لێ بوو، بەڵام بەهەر حاڵ مەبەست ئەمەیە تێکەڵاوی زۆر کەمە هێندێک هەوڵ دەدەن بەڵام کەمتر. لەو لاش هەروەتر  تائێستا چەند بۆنە و دانیشتن چووم لە هەولێر ، لە سولەیمانی من ئاخێوەری کورمانجی یا ئی دەوەری بادینان نابینم لەوێ. ئەگەرببێ زۆر دەگمەنە، زۆر کەمە. تێکەڵاوی زۆر کەمە، بۆ ئاگاداریت لە ڕاپەڕینەوە، لە ٩١وە ، پاشان لە  ٨٢ وە کە حوکمی زاتییەک یان با بڵێین  حکوومەتێکی ئۆتۆنۆمی کوردی دەستی کرد بە هەڵسووڕان ، کوردیی ناوەڕاست لە دەوەری بادینان دەگوتراوە لە پۆلی یەکەوە هەتا دوازدە وورە ووردە لەو کاتەوە کەم بۆوە یانی ئێستا لە شارێکی وەکوو دهۆک زۆر قوتابخانە کەم ماون کە هێشتا کوردی ناوەڕاستیان ( سۆرانی) تێدا بگوترێتەوە و خەریکە نامێنێ لەوێ. یانی جۆرێکە خەریکە لێک دابڕانێکی زۆر گەورە ساز بێ لەوێ. هۆیەکەشی دیسان بە ڕای من دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کەمتەرخەمییەی حکوومەتی هەرێم تا ڕادەیەک ، چونکە بۆ وێنە لە کۆنگرەی  زانستی هەولێر من لەوێ ووتارتێکم خوێندە لە مانگی دوازدەی ساڵی ٢٠١٢ ، یانی شەش مانگ حەوت مانگ لەمەوبەر کە پێشوازییەکی گەرمی لێ کرا تا ئەو ڕادەیەی کە چەندین جار ئەو خەڵکەی لەوێ دانیشتبوون داوایان کرد ، هاواریان کرد بۆ ئەگەر باسی پلاندانان دەکەن، وەزیری پلاندانانیش لەوێ بوو؛ بۆچی باسی پلاندانانی زمانی ناکەن؟ بۆچی ئەو کێشەیە چارەسەر ناکەن؟ وابوو ئەوەندە گوترا کە یەکێک لە وەزیرەکان هەستا ووتی بە حەقیقەت بابەتەکە زۆر ناسکە نامانەوێ خۆی لێ بدەین نامانەوێ باسی بکەین بۆیە ، چونکە زۆر هەستیارە و نازانین چی لێ بکەین لەبەر ئەوە سپاردوومانەتە دەست پسپۆڕ و زمانەوان و یان با بڵێین مێژوو تەنانەت. با بزانین چۆن بۆخۆی یەکاڵا دەکرێ؟ یانی دەبێ پێی بچارێن.

قازی: ئەکادێمیای کوردی هەیە وا نییە؟ ئەکادێمیای کوردی دیارە وابزانم یەکێک لە ئەرکەکانی پێ ڕاگەیشتنە بە زمان، هێنانە گۆرێ پێشنیازە بۆ پێشبردنی بابەتەکە و هەر وەها پلاندانانی زمانی و وا بزانم لە ئاستی زانکۆکاندا بەشی زمان و پەروەردە هەیە. یانی چ هەلومەرجێک دەبێ هەبێ بۆ ئەوەی پلاندانانێکی زمانی بکرێ؟

شێخەلئیسلامی: ئەمن پێم وایە بەر لە هەموو شت دەبێ ئەو کەسانەی کە خەریکی لێکۆڵینەوە لەو بوارە دان یەکیان بۆخۆمم، من بە جیدی خەریکی لێکۆڵینەوە نزیکەی سێ چوار ساڵە دوای ئەوەی کە دوکتوراکەم تەواو بوو لە سەر زمان و میدیا زۆرتر خەریکی ئەمە بووم بواری پلاندانان و یاسادانان بۆ زمان. بە ڕاستی ئەو خەڵکانەی کە شتی تریان خوێندووەتەوە، تەجروبەی خەڵکی دیکە دەزانن، تەجروبەی کانادا دەزانن، تەجروبەی سویسرا  دەزانن، ئەو ووڵاتانەی کە لەو دواییانە دا سەربەخۆ بوون وەکوو ووڵاتی پێشووی یەکێتیی سۆڤیەتی، ئەو تەجروبانە دەزانن دەبێ بچنە ناو خەڵک، دەبێ بچنە قوتابخانەکان، لای نووسەران، شاعیران کە باسی ئەو تەجروبانە بکەن، باسی ئەو ئەزموونانەی خەڵکی تر بکەن چونکە پێم وایە ئەگەر بزانین خەڵکی دیکە چۆن بە کێشەی زمانەوە چاراوە، ئەو دەوم زیاتر دەزانین کە ڕێگای زۆرتر هەیە. بۆ وێنە یەکێک لە پێشنیارەکان باسی کانادام کرد لەو کۆنگرەی زانستی لە هەولێر. چون کانادا  بە گشتی ووڵاتێکی دوو زمانەیە لە ڕادەی فێدێراڵ دا، واتە فەڕانسەیی و ئینگلیزی ڕەسمین. بەڵام ئەتۆ بڕۆ بۆ پارێزگای نۆرث وێست تێرێتۆری چونکە خەڵکی خۆجێی و بوومی لەوێن پێنج زمانی ڕەسمی هەیە. پێنج زمانی ڕەسمی لەو پارێزگایە هەیە. پارێزگای کۆبێک کە بۆ خۆی بەشێکە لە کانادا ووڵاتێکە کە دوو زمانی ڕەسمی هەیە، پارێزگای کوبێک کە فەڕانسەیی یە بۆ خۆی یەک زمانی ڕەسمی هەیە یانی ئینگلیزی  زمانی ڕەسمی نییە لە دەستووری کۆبێک دا. بەس فەڕانسەیی ڕەسمی یە. شاری ئۆتاوا،ئەو شارەی کە منی لێ دەژیم، کە پێتەختی کانادایە چونکە جەماوەرێکی فەڕانسەیی لێ یە. لە پارێزگایەکی یەکە زمان دەژین، لە پارێزگایەک دەژین کە زمانی ڕەسمی ئینگلیزی یە. بەڵام شاری ئۆتاوا بە حوکمی ئەوەی کە جەماوەری فەڕانسەیی تێدا، بە حوکمی ئەوەی کە لە سەر سنووری فەڕانسەیی و ئینگلیزی یە شارێکی دو زمانەیە. هەموو شتی شارەوانی بە دو زمان دێتە دەرێ، ئەگەر کوردێک، فارسێک هەر کەسێکی تریش یارمەتی بوێ لە مەحکەمە وەک هەموو شوێنەکانی دیکەی ئوڕووپا تەرجومانی بوێ ئیمکاناتی تەرجومە وتێکست بە زمانی خۆشیان هەیە. مەبەستم بوو بڵێم هیچ پێویست ناکا ئەوەندە سوور بن لە سەر ئەوەی کە یا دەبێ یەک زمان بێ. یا دەبێ دوو زمان بێ یا هیچ نەبێ تەنانەت پێشنیاری وا هەبێ با ئینگلیزی بێ نە کورمانجی بێ نە ناوەڕاست بێ بان ئینگلیزی بێ بان با عەڕەبی بێ چونکە ئەو پێشنیارانەش هەن. یانی خۆیان عاجز بوون لە دەست ئەوە کە لە ڕێگا چارەیەکی مەعقوول بگەڕێن کە دڵی هەموو لایەک ڕازی بکا. لەبەر ئەوە دەبێ خو بپارێزن لەو داسەپاندنەی کە پێشتر هەبووە، کە لە تورکیا هەبووە، لە ئێران هەبووە. تەنانەت لە فەڕانسە و ئینگلیستانی کۆن هەبووە. چونکە ئێستا سەردەمەکە گۆڕاوە، لەو سەردەمە دا گرووپە ئێتنیکییەکان، قەومەکان، خەڵکەکان زیاتر ئاگاداری پێناسەی خۆیانن، زیاتر حەز بە ناسنامەی خۆیان دەکەن و ووشیاری ئێتنیکییان زیاترە. هەر وا بە ئاسانی دەست لە زمان و زاراوای خۆیان هەڵناگرن. بۆ ئەوەی کە بەڕاستی یاسا و پلاندانانێکی بەجێ و باش بێتە ئاراوە دەبێ خەڵکەکە ئاگادار کرێتەوە، ئەوانەی کە خەریکن ئەو تەمایانە دەگرن دەبێ بچنە ناو خەڵک ڕای خەڵک بزانن چونکە لە دواییدا قەرارە پلاندانان بۆ کێ بێ؟ ئەگەر قەرارە بۆو خەڵکە بێ مەفرووزەپێویستە بچن لەگەڵ خەڵکە شارەزاکان قسە بکەن دوایە بە پێی ئەوە ئەو ئیشە بکەن. ئەوەی کە باسی ئەکادێمیت کرد، بە داخەوە ئەکادێمی تا ئێستا ئەوەندی من ئاگادار بم شتێکی ئەوتۆی نەکردووە، ئەوەی کە کردوویە من زۆریان مەمنوونم یەکێک لەو کەسانەی کە دەعوەتیان کرد من بووم لەوێ  دانیشتنێکم هەبوو هەر لە سەر ئەم بابەتە لە ئەکادێمیای کوردی لە هەولێر. خەڵکی دیکەشیان دەعوەت کردووە پێم وا بێ چەند دانیشتنیشیان هەبووە. وا بزانم کۆتایی ٢٠٠٩ بوو یان٢٠١٠ بوو ، یەکیان پار هەبوو بەڵام ئەوە لە سەر زمانی فەرمی نەبوو. ئەویتریان لە سەر زمانی فەرمی بوو کە بڕێک کێشەشی لێ کەوتەوە کە بۆ وێنە نامەی یەکێک لە خاوەنڕاکانیان بە هەڵە خوێندبووەوە. ئێستا بە ڕاستی هەر چاو لە ئەکادێمیا دەکەی ئەوانەی کە بە کورمانجی دەئاخەڤن زۆر کەمن وابزانم یەک دوو کەسن لە پلەی بەڕێوەبەرایەتی، لە ئاستی بەڕێوەبەرایەتی. کارێکی ئەوتۆ نەکراوە. یانی دەبوو تا ئێستا زۆر بەجیدیتر سەبارەت بە ئەمە لێی بکۆڵدرێتەوە و بائەوەش دیسان بڵێمەوە ڕێگا بدەن خەڵکانی شارەزا، ئەو خەڵکەی کە لە بواری کۆمەڵناسیی زمان، لەباری یاسا و پلانداڕێژی زمان ئیش دەکەن ئەو کارە بکەن. ئەوانەش ئەو کەسانەن کە لێکۆڵینەوەیان هەبووە، کە پابلیکەیشنیان هەبووە، کە شتیان چاپ کردووە، کە چوونە کۆنفڕانسی عالەمی، چوونە کۆنفڕانسی زانستی شتیان پێشکێش کردووە، کە لانی کەم دە کەسی دیکە ددان بە خیبرەیی و پسپۆڕییان دا دێنێ، نەک ئەوەی کە چونکە فڵانەکەس زمانەوانە. شتێک هەیە لە لای ئێمە کە بە داخەوە، لەو تەجروبەی ئەو شەش حەوت مانگە دا بۆم ڕوون بووەتەوە پسپۆڕییەکان وورد نەکراون لە کوردستان. وورد و بەش بەش نەکراون. یەکێک زمانەوانە پێیان وایە کە دەبێ هەر شتێک لە هەر بوارێک دا ئەتۆ باسی زمانت کرد ئەو کەسە لێی شارەزا بێ. کەچی وا نییە، لەوانەیە یەکێک زمانەوان بێ زۆر زۆر شارەزا بێ لەو زمانەوانییەی کە نوام چامسکی کردوویە، بەڵام بەڕاستی فڕی بە سەر زمانەوانی ئەرکییەوە نەبێ. فڕی بە سەر پلاندانان و یاسا دانان بۆ زمان نەبێ. هێچی نەخوێندبێتەوە لەو بوارە دا. لێکۆڵینەوەی نەکردبێ.

قازی: باشە ، بەڕاستی ئێمە وەختمان کەمە زۆرشتیش هەیە دەبێ باسی بکەین. ئەگەر دەکرێ هێندێک قسەکانمان چڕ کەینەوە. لە مانگی نۆوامبری ساڵی ٢٠١٢  بەڕاستیش ڕووداوێکی زۆر گرینگ لە ڕوانگەی زانستییەوە بە تایبەتی کۆمەڵناسیی زمان  ڕوویدا ئەویش ئەوە بوو کە ژمارەیەکی تایبەتی گۆوارێکی زۆر بەناوبانگ کە دەگاتە هەموو زانکۆکانی دنیا. ئینترناشنال جورنال ئاف سۆسیۆلۆجی ئاف لەنگوێج؛ گۆواری نێونەتەوەیی کۆمەڵناسیی زمان  کە بەڕێز جاشوا فیشمەن ئیدیتۆرێتی  ئێوە جەنابت وەکوو دوکتور جەعفەر شێخەلئیسلامی و مامۆستا ئەمیر حەسەنپوور و هەر وەها دوکتور تووڤێ سکووتناب – کانگاس  بوون بە ئێدیتۆری  ژمارەیەکی تایبەتی ئەو گۆوارە وابزانم ژمارەی ٢١٧ بوو و ناوەرۆکەکەی تەرخان کرا بوو بۆ بابەتی کۆمەڵناسیی زمانی کوردی بە تایبەتی. یەکێک لەو بابەتانەی کە ئێوە خۆتان لەوێدا پێشکێشتان کردووە  سەبارەت بە بارودۆخی زمانی کوردی یان شێوەزارە کوردییەکانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەر وەها نووسراوێکی دیکەی ئێوەش سەبارەت بە بارودۆخی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەلە کۆنفڕانسێکیش دا خوێندراوە، بۆ خۆتان نەتانتوانیبوو بێن بۆ ئەو کۆنفڕانسەی کە زانکۆی ئێگزێتر لە مانگی سێپتامبری ساڵی ٢٠١٢ بەڕێوەی برد  لەوێدا خوێندرایەوە. پێم خۆشبوو ئێوە کورتەیەک وەکوو ئێدیتۆری ئەو ژمارە تایبەتییەی کۆمەڵناسیی زمان باس بکەن و دیارە بەشێوەیەکی زۆر گەشتیش  بارودۆخی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان باس بکەن. چونکە دەزانین ئەو وەزعەی کە ئیستا لە باشووری کوردستان هەیە، لە سبەی ڕۆژیش دا ئەگەر ئەو سینگ کراوەییە و قەبووڵکردنی شێوەزارەکان نەبێ  دەتوانێ ئەگەر دەرو و دەرەتانێک بۆ زمانی کوردی بکرێتەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ئەوە سەر هەڵ بدا بۆیە  پێم خۆشە لەو بارەیەوە هێندێک بدوێی.


شێخەلئیسلامی: ئەو گۆوارە ڕاست دەفەرمووی زۆر زۆر گرینگ بوو. یەکەم گۆواری زانستی جیهانی یە کە  تەرخان دەکرێ بۆ زمانی کوردی قەت شتی وا نەبووە و لەو بارەیەوە زۆر زۆر سپاسی دوکتور ئەمیر حەسەنپوور و دوکتور تووڤێ سکووتناب – کانگاس دەکەم لە ڕێگای ئەم تریبوونەوە هەرچەند ئەوان لوتفیان کرد ناوی منیان وەپێش دا وەکوو ئێدیتۆری یەکەم بەڵام بە ڕاستی بە بێ ئەوان قەت ئیشی وا گەورە بە من نەدەکرا. ئەوە شارەزایەتی و مامۆستایەتی ئەوان بوو. چەندین ووتاری تێدا یەکیان لە سەر باشوورە وەزعی وێ دوکتور ئەمیر نووسێوێتی لە سەر کێشەی زمانی فەرمی و ڕەسمی. ئەوەی من وەک باستان کرد بەشی ڕۆژهەڵاتە بەڵام  ئەوانیتر زۆربەی باسی کوردستابی باکوورە. ئەوەی من لە باسی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە کورتی باسی ئەوەم کردووە کە ئەفسانەیەک هەیە، ئەفسانەیەک دروست بووە لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران  کە گۆیا زمانی فارسی ئەو نرخ و بایەخەی کە هەیبوو لە سەردەمی پەهلەوی دا نەی ماوە و جێگای لەق بووە بە زمانی عەڕەبی، کە جێگای خۆی خەریکە بدا بە زمانی عەڕەبی کە من لەوێدا نیشان دەدەم بە هیچجۆر وانییە. بە گشتی ئەو فکری یەک زمان و یەک دەوڵەتە و ئێران واتە فارسی و کولتووری ئێرانی واتە کولتووری فارسی و زمان و ئەدەبی ئێران یەعنی زمان و ئەدەبی فارسی هەر درێژەی بووە ڕەنگە تا ڕادەیەکیش بە شێوەیەکی خشکەیی بەهێزتریش بووبێ. زۆر کەس  دەزانن تەنانەت فەرهەنگستان لەو ساڵانەی دواییدا زۆر کارامەتر بووە لە ووشە داتاشین، لە بە قووەت کردن و لە بە هێز کردنی زمانی  فارسی. تەنانەت لەو دواییانە دا ئێستا ووشەی کوردی و زاراوە و شێوەزاری دیکە ، زمانی دیکەی ئێرانی کە لە چوارچێوەی جوغرافیای ئێران دان دەبەن و دەیقۆزنەوە و فارساوی دەکەن ئەوەش ساز بووە ئێستا. لەوێ من ددان بەوە دا دێنم کە ڕاستە هێندێک پێشکەوت هەبووە، بەڵام ئەو پێشکەوتە ئەوە نەبووە کە دەوڵەت پێی خۆش بێ، ئەوە نەبووە کە ڕێژیمەکە بۆ خۆی پێی خۆش بێ و پەرەی پێ بدا،بەڵکوو نیشانەی ئەوەیە کە خەڵکەکە چەندە تینووی زمانی خۆیانن، چەندە تینووی ئەوەن بە زمانی خۆیان بنووسن، بە زمانی خۆیان بخوێنن تەنانەت لە مەدرەسە بە زمانی خۆیان بخوێنن.

قازی: بە تایبەتی ئەوە زۆر زیاتر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبیندرێ.ئەوانەی کە شێوەزاری کەلوری قسە دەکەن و دەنووسن.

شێخەلئیسلامی: بەڵێ من ئەم ڕۆژانە، تا چەندە ڕاستە نازانم ئەمن سەرژمێرییەکم دی ئی ئەو کتێبانەی چاپ بوون بۆ وێنە لە پارێزگای ئیلام، لە ساڵێک دا نزیکەی ٢٠٠ کتێب. شتی وا هەر قەت نە بووە، ئێستاش دە فکرم دا ناگونجێ. یەعنی وا دیارە ئالوگۆڕێکی یەکجار سەیر ڕوویداوە. و دیسانیش دووپاتی دەکەمەوە  ئەمە بەس نیشانەی ئەمەیە کە ئەم خەڵکە؛ خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات حەز بە زمانەکەیان دەکەن و لە بچووکترین دەرفەت، جا لە 'سروە' وە بێ تا یەک دوو گۆواری دیکە کە هێشتا خۆیان ڕاگرتووە یا ئی خوێندکارەکان بێ ئی سەردەمی جووڵانەوەی خوێندکاری لە بچووکترین دەرفەت کەلکیان وەرگرتووە بۆ ئەوە کە خزمەتی زمانەکەی خۆیان بکەن. ئەوەی کە باست کرد تا چ ڕادەیەک لەوانەیە کێشەی شێوەزاریی  و چەند زاراوایی بێتە گۆڕ من بە دووری نازانم کە لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش ئەوە ڕوو بدا. بەڵام لە باشوور ئەوە شتێکی تازە نییە ئەوەمان لە بیر بێ لە باشوور کێشەکە بە ڕاستی دەگەڕێتەوە سەردەمی بریتیش مەندەیت. بە تایبەت دەگەڕێتەوە شێستەکان، لە حەفتاکان کە زۆر زەق بووەوە کە ئەو دەم دەوەری بادینان نوێنەری نارد لە مووسڵ دانیشتن کە سۆرانی هەڵبژێرن یان عەڕەبی یانی شتێەکە بۆ کۆنتر دەگەڕێتەوە، لەبەر ئەوەش کە ژمارەی کورمانجی ئاخێو لە کوردستانی باشوور زۆرترە. لەو لایە بڕێک بە پێچەوانەیە کوردیی ناوەڕاست تەواو زاڵە.

قازی: لە باری نووسینەوە دیارە زاڵە نەک لە باری ژمارەوە.

شێخەلئیسلامی: تەبعەن، لەباری نووسینەوە. ئاخر دیسان هێندێک کێشەی دیکەش هەیە ئەوەی کە ئێستا بۆ وێنە بە کەلهوڕی دەنووسرێ بەڕاستی ئێمە نازانین تا چ ڕادەیەک جەماوەری  کەلهوڕی یان ناوچەی ئیلام  یان بەرەو جنووبتر بەڕاستی خۆیان بە کورد دەزانن؟ ئێستا  بۆ وێنە زۆر کەس هەیە زۆر بە ئاسانی بە 'لور' دەڵێ کورد، بەڵام زۆربەیان بڕۆ قسەیان لەگەڵ بکە خۆیان بە کورد نازانن.

قازی: دیارە ئەوەش جێگای باسە. بەلام بەلەبەرچاوگرتنی لێکۆڵینەوە لە شێوەزار و زمان ، بەشێک لە لوڕی لە سەر کوردی حیساب دەکرێ. و ئێمە بە شێوەی پۆتانسییێل دەتوانین بڵێین یانی توانایەکی یانی ژمارەی ئەو کەسانەی کە بە شێوەزاری فەیلی،کەلوڕی،کرماشانی،ئیلامی یان هەر نێوێکی لێ بنێین بەیەکەوە ئەگەر هەموویان حیساب بکەی  ژمارەی ئەوانە لە ژمارەی سۆرانی ئاخێوان یان  ئەوانەی کە بە کوردی نێوەڕاست قسە دەکەن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوان ژمارەیان زیاترە.

شێخەلئیسلامی: بەڵام پێم وابێ بە گشتی ئەو هەستی وەرگرتن و تەحەمولە، پێم وابێ زیاتر بێ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات. یانی ئەگەر سەرنجیشت دابێ تەنانەت لەو کێشە و لەو گفتوگۆیەی با بڵێین کە هاتە پێشی لە کوردستانی باشووریش، تا ئێستا چەند جار لە خۆم پرسیار کراوە بۆ وایە؟ کە زۆربەی کوردەکانی ڕۆژهەڵات لایەنگری فرە زمانی، وچەند زاراوا و چەند شێوەزارین. یانی وا دیارە لەوێ تەحەمول و تەقەبول زیاتر بێ بۆ ئەو فکرە. ڕەنگە لە هەڵەش دا بین بەڵام بزانین چۆن دەبێ.

قازی: باشە، بەڵام ئەگەر ئەو وەزعەی ئێستا لەبەر چاو بگرین، یانی بەلەبەرچاوگرتنی زۆر لایەنی زمانی پێویستی بە لێکۆڵینەوەی مەیدانی هەیە. مەبەستی من ئێستا چوارچێوەی جوغرافیایی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، پێت وایە لەگەڵ ئەوەشدا کە زمانەکە لە مەدرەسە ناخوێندرێ و لە سیستمی پەروەردە دا  نییە مەترسی لە ناوچوونی چەندە لە سەرە یان چۆنە؟

شێخەلئیسلامی: ئەگەر نەیەتە نێو سیستمی پەروەردە لە ناو دەچێ. من ٢٧ ساڵە نەچوومەوە کوردستانی ڕۆژهەڵات بەڵام لەو ماوەیەی دا کە لە باشوور بووم کوردی ڕۆژهەڵاتم زۆر بینیوە و بەڕاستی دەبیسم زۆریان بە تایبەت گەنجەکان ئەوانەی ئێستا تەمەنیان نزیک سی ساڵە ڕاوێژیان دەگەڵ من زۆر جیاوازە. خەڵکی یەک دەوەرین، خەڵکی یەک مەنتیقەین، خەڵکی لەوانەیە بڵێم یەک گوندین بەڵام جیاواز دەدوێین، فۆنێم گۆڕاوە، دەنگەکان گۆڕاون.

قازی: بێت وایە ئەوە زۆرتر لە بەر تەئسیری فارسی یە؟

شێخەلئیسلامی: سەداسەد وایە، یەعنی زۆر زۆر ئێستا بۆ وێنە  /ڤێ/ یەکجار زۆر بووە، بۆ وێنە لە لای ئێمە وەلی زۆر دەڵێن کە لە باشوور هەمیشە پێیان سەیرە دەپرسن ئەوە وەلی یە یەعنی چی، کێ یە؟ بەڵام بۆ وێنە ئێستا زۆر گەنجەکانی مەهاباد دەڵێن ڤەلی یانی وەکوو فارسی، زۆر دەنگی دیکەش. ئێستا مەسەلەن من گوێم زۆر  لە ' چێ' دەبێ کە جاران  کێ بوو. ئەو دوویانە جێگایان گۆڕیوە. یان  /چێ/ و /کێ/. بۆ وێنە سەردەمێک من دەمکوت گوێم دێشێ، ئێستا بووەتە جوێم دێشێ، بووەتە جۆ

قازی: لە ژێر تەئسیری فارسی دا؟

شیخەلئیسلامی: خوێ بووە بە خێ .

قازی:  دیارە خێ شێوەزاری سابڵاغی زۆر کۆنە پێشتریش هەر وا بوو. خێ و خێن ، دەی هەرچۆنێک بێ ئێستا بێینە سەر  بابەتێکی دیکە کە ئەویش زۆر چاوڕاکێشە ئەویش ئەوەیە کە بەڕێزت وا بزانم لە ساڵی ٢٠١١ بوو وابزانم ئاوریلی ٢٠١٢ بوو لە شاری ئامەد کۆنفڕانسێکی گەورەی زمانی بەسترا کە دیارە لە زۆرجێگای بەشەکانی کوردستانەوە و هەر وەها لە ئوڕووپاوە و جەنابیشت لە کانادا ڕا دەعوەت کرا بووی و بەڕێزت ٢٥ ساڵ پێشتر ڕێگات بە ئامەدێ دا تێپەڕیبوو بە باکووری کوردستان و بە تورکیا دا ڕێگات کەوتووەتە کانادایە. جا بەو بۆنەیەوە جەنابت دوای گەڕانەوەت یان هەر ئەو  دەمی کە لەوێ بووی شێعرێکت نووسیوە پاش بیست و پێنج ساڵ. پێم خۆش بوو ئەگەر بکرێ ئەو شێعرەی بخوێنینەوە و چۆن بوو کە ئەو شێعرەت بۆ هات لەو هەلومەرجی دا؟

شێخەلئیسلامی: بەچاوان، ئەوەی کە چۆنم بۆ هات پێم وایە دەتوانن بیر بکەنەوە کە چ هەستێکم هەبوو ئەوەی کە من پاشی بیست و پێنج ساڵ دیسان بچمەوە ئەوێ.

قازی: چەند لەوێ مابوویەوە؟

شێخەلئیسلامی: نە تەنیا هەر گەڕامەوە من ئەو دەمی لە بەشێک لە کوردستانی باكوور و پاشانیش زۆربەی لە شارەکانی تورکیای نزیکەی ساڵێک و سێ مانگ مامەوە. کاتی خۆی ساڵی ١٩٨٧ – ١٩٨٨. لەوانەیە بتوانی بزانی چ هەستێکم هەبوو چونکە یەکەم شوێنی کوردستان بوو بۆی دەگەڕامەوە. ئەمە زۆر گرینگ بوو ئەویش ئامەد بوو، دیاربەکر بوو پێتەختی باکوور و ئیتر بۆ خۆت دەبێ ئەو هەستانە هەموو بزانی کە لە پەنجەرەی تەیارەوە ئەو شاخانەم دەدی، یەکەم جار بوو کوردستانم دەدیتەوە، بە ڕاستی وەسف ناکرێ. و پێم وایە ئەو شێعرەش توانیبێتی بەیانی بکا بەڵام بەو هەر حاڵ. ئەوەندی کە لەوێ بووم دیار بوو کە هەر دنەی دەدام، هەر لەگەڵم بوو ئەو شێعرە ئیتر وا بوو دوایە نووسرا. جەنابیشت کە بۆت کردمە کورمانجی و ئەوە بە کورمانجیش لە کۆمەڵە شێعرە تازەکەم دا چاپ بووە.

قازی: ناوی چییە ئەو کۆمەڵە شێعرە؟

شێخەلئیسلامی:  ڕاسپاردە

قازی: دەی فەرموو

شێخەلئیسلامیپاشی بیست و پێنخ ساڵ
وام دەزانی ئەگەر بت بینمەوە
 پاشی بیست و پێنج ساڵ
هەر وەک ' پەشێو '
دار، بەرد، قوڕ چم بێتە ڕێ دەیلێسمەوە
وام دەزانی ئەگەر بت بینمەوە
 پاشی بیست و پێنج ساڵ
هەر وەک ' هێمن'
 بە  دیداری باوان، دێد و کاکان شاد دەبمەوە و
بێستانی کورد بە شەو دەڕنمەوە.
وام دەزانی ئەگە بت بینمەوە
 پاشی بیست و پێنج ساڵ
وەک ' جگەرخوێن '
  دەچمە سەر بەرزایی بورجی ' کەچک'
هاوار دەکەم وەکی نها دەزانم کینە ئەم
کە دیتمی  لە زمان کەوتم
هەر کەس بینیم  دۆستێکی گیانی بوو
باوان و کاک و دێدم بوو
دڵی دەدامەوە
خۆم خستە باوەشی گەرمت
هێدی هێدی تێیدا تلامەوە
بووم بە دار و بەرد و قوڕت
لە ڕێگە و بانت دا توامەوە
لە نزیک دیواری ' قەڵا '
 لێرە و لەوێ
بە بیستنی پەیڤی کوردی ژیامەوە
٥-ی مارس ٢٠١٢

قازی: باشە بەڕێز شیخەلئیسلامی وەک لە سەرەتاش دا باسمان کرد بەڕێزت لە ماوەی ٩ مانگی ڕابردوو ڕا تا ئێستا لە زانکۆی سۆران ی. ئەو ماوەیەی کە لە وێ بووی، لە باشووری کوردستان بووی، وا دیارە بە زوویش کارت لەوێ تەواو دەبێ دەگەڕێیەوە کانادا چاودێرییەکانت چ بوو لە سەر بارودۆخی پەروەردە و خوێندن و وەزعی زانکۆکان؟

شێخەلئیسلامی: ئیشی زۆر دەوێ بۆ ئەوە کە بە ڕاستی زانکۆکان، قوتابی، مامۆستا بە گشتی  پەروەردە بگاتە ئاستێکی باش. زانکۆی سۆران زانکۆیەکی زۆر گەنجە بە ئیمکاناتێکی زۆر کەمەوە دەستی پێ کردووە ئێستا بۆ وێنە فاکوڵتەکانی، دانیشکەدەکانی بڵاون  لە شار دا. هەر بینایەک هەر چۆن وەگیر کەوتووە و بڕێک خاوێن و باشە و جێیەک هەیە لەوێ جێی خۆیان کردووەتەوە، بەڵام بینا و ساختومانی تازە ئەوە خەریکە تەواو دەبێ کە بە شێوەیەکی زۆر پێشکەوتوو ئامادە کراوە و بەشێوەیەکی های تەک [ تێکنۆلۆژی بەرز]، زۆر جێی هەیە و پێم شتێکی زۆر مۆدێڕن ە. ئەوە هیواداریشن کە بە زوویی بتوانن بچنە ناوی. ئەمە بۆ خۆی باشە، یانی مەبەستم ئەوەیە ئەوە بڵێم هەوڵێکی زۆر دەدرێ، فکری زۆر نوێ هەیە، ئامانجی زۆر باش هەیە، خەڵکێکی باش لە زانکۆی سۆران کۆ بووەتەوە بەشێکی زۆری بە ئەزموونی دەرەوە هاتوونەوە گەڕاونەوە، یارمەتی دەدەن، کار دەکەن، ئیش دەکەن ماندوونەناسانە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو تەجروبە و ئەزموونە ناخۆشەی کە لە کوردستانی باشوور هەبووە لە کۆ ڕەوەوە بگرە هەتا شەڕی ناوخۆیی هەتا ئەو دواییانە یەعنی بە ڕاستی ئەوەندە من لەوێ موتابەعەم کردووە بۆ دەرکەوتووە تەقریبی حەوت هەشت ساڵە بە ڕاستی بڕێک هێور بووەتەوە، ئارام بووەتەوە بەڵام زۆر شت هەیە دەبێ بگۆڕدرێ بۆ وێنە سیستمی پەروەردە ئێستاش سیستمێکی زۆر کۆنی ڕێژیمی پێشوویە، سیستمێکە زۆر باوک سالارانەیە یان با بڵێین مامۆستا سالارانەیە، یا سینتر سالارانەیە. لە سێنترەوە تەمایەک دەگیرێ مامۆستا دەبێ ئەو مەنهەجە یان ئەو سەرچاوەی نۆی هاتووە بیڵێتەوە. قوتابی بە ڕاستی گرینگ نییە کە قوتابی فێر دەبێ یان فێر نابێ بەس ئەمە کتێبەکە تەواو بێ. تاقیکاری بۆ ئەوە ناکرێ بە داخەوە کە ئێمە لە ڕۆژئاوا دەیکەین. بۆ ئەوەی کە قوتابی فێر بێ. یانی تاقیکاری بیانوویەکی ترە بۆ فێر کردن نەک بۆ تەمبێ کردن، نەک بۆ سەرزەنیش کردن. بەداخەوە ئەوە هێشتا جێی نەگرتووە. بۆ وێنە ئەو شتانەی کە من بۆ خۆم پێی هەستیار بووم کە چوومەوە. ئەوەی کە قوتابی بۆ وێنە قوتابی ساڵی دوو و سێ و چوار کە ئێستا گەورەساڵن، بە خۆیان دا هاتوون و خەریکن دەبنە خاوەن بنەماڵە بەڵام  بۆ وێنە هەستێ تەختە بۆ مامۆستا پاک بکاتەوە. ئەوە شتی وا من بە حەیاتم لە کانادا شتی وام نەدیوە. زۆر شتی سەیر بۆم زۆر غەریب بوون ئەو شتانە. کە پێم ناخۆش بوو دەبینم چونکە ئەمن پێم وایە سیستمەکە هەمووی دە خزمەت قوتابی دا بێ بۆ ئەوەی کە قوتابی فێر بێ. بە ڕای من بۆ وێنە ئەوەی من لە کانادا دەیکەم لە ئیشی خۆم دا. قوتابی بۆ ئەوەیە کە هاووڵاتێکی بەرپرس بار بێ، لەوێ پەروەردە بکرێ بە داخەوە ئەمن ئەوە نابینم هێشتا قوتابی وەک ئەوەیە کە بە زۆر بیهێننەوە بە داخێکی زۆرەوە جاری وایە بۆ وێنە جەژنێک شتێک هەیە بەس ڕۆژێک دوو ڕۆژە، زانکۆ زۆر هەول دەدا کە پێیان بڵێ نابێ کەس بەجێ بێڵن بەڵام دەبینی لە نەکاو قوتابی دوو حەفتە نایەتەوە. یەعنی دژبەرییەکی سەیر هەیە، لەلایەنێک سیستمەکە هێشتا سیستمی قوتابی نییە، قوتابی نەکردووە بە چەقی خەمەکەی، بەڵام لە لایەنێکی تریشەوە، لەو لاشەوە قوتابی زۆر بە دەسەڵاتە. بۆ وێنە قوتابی لەوانەیە لە فڵان زانکۆ لە ناکاو دەبیسی  قوتابی فڵان زانکۆ لە کلاس وەدەر کەوتوون لە بەر ئەوە کە حەز لە مامۆستاکەیان ناکەن. قەت شتی وا لە ڕۆژئاوا ڕوو نادا. ئەوەلەن قوتابی قەت ئامادە نییە بێ حورمەتی وا بە مامۆستا بکا، پاشان ئەگەر بڕیارە مامۆستا خەلەلێکی تێدا هەبێ، هەڵەیەکی تێدا هەبێ ئەمە ئیشی زانکۆیە کە لەگەڵی بەرەوڕوو بێتەوە نە قوتابی. دەمەوێ بەوانە شتێک بڵێم ئەویش ئەوەیە هەستم پێ کردووە چ قوتابی چ خەڵکێکی زۆر بە مافەکانی خۆیان زانیوە بەڵام بە بەرپرسایەتی خۆیان نەزانیوە. بەداخەوە هاووڵاتێتی هەست دەکەم  وای لێ هاتووە واتاکەی بووەتە ئەوە کە بەس بپرسی مافی من چییە، بڕیار بوو چیم پێ بدرێ کوا لە کوێ یە بۆ پێم نادەن. لە باتی ئەوەی کە لە خۆی پرسێ ئەی ئەمن دەبێ چ بکەم؟ ئەمن دەبێ بۆ ئەو ووڵاتە چ بکەم؟  من دەبێ بۆ کۆمەڵگەکەم چ بکەم؟ من دەبێ بۆ ئەو شەقامە چ بکەم کە ڕۆژێ هەر ئاشغال و گاربێج و شتی خراپ فڕێ دەدەمە سەر جادەکان. ئایا ئەوە ئەرکی من نییە کە وا نەکەم؟ ئەو وزعە پێویستە بگۆڕدرێ.

قازی: ئەگەر ئەو پێویستییە دەبینی و ئەو پێویستییەت هەست پێ کردووە بە پێی چاوەدێرییەکانت دەبێ لە چی ڕا دەست پێ بکرێ یان کێ ئەو گۆڕانە بکا؟ هەر پەروەردە بۆخۆی نابێ بیکا کێ دەبێ بیکا؟ دەبێ دەسەڵاتدارانی سیاسی دەستپێشخەری بکەن؟ دەبێ کێ بیکا؟

شێخەلئیسلامی: بە ڕای من دەبێ لە دوو شوێنەوە بکرێ ، دەبێ لە پەروەردە، لە باغچەی منداڵانەوە دەست پێ بکرێ. ئەوە ئیشی ئەوانە بەڵام تا ڕادەیەکیش باغچەی منداڵان مامۆستای دەوێ. ئەو مامۆستایە لە کوێ پەروەردە بووە کە بتوانێ ئەوە بکا. ئێستا بۆ وێنە لە کوردستانی باشوور هێندێک مەنهەج و خوێندن و کریکلوم و  شێوەی دەرسی سویدیان بردووە، بەڵام کاتێک مامۆستاکە بۆ خۆی لەو سیستمە دا پەروەردە نەبووە ئەو چۆنی دەڵێتەوە لە کلاس؟ خو تۆ ئەگەر کتێبێکت هێنا چونکە ئی فڵان ووڵاتە سیستمەکەت نابێتە ئەوە. دەبێ کریکلومەکەت هەو بێ، بەرنامە دەرسییەکەت هەو بێ، خوێندنەوەکەیت هەو بێ، مامۆستاکەت هەو بێ، سیستمەکەت هەو بێ، دایکوبابەکەش هەو بێ . دەبێ هەموو ئاگادار کرێنەوە لەوە و بەشدار بن. کە وابوو یەکێک لە ناوەندەکانی تر کە دەتوانێ دەورێکی گرینگ بگێڕێ ئەو زانکۆیانەن کە مامۆستا پەروەردە دەکەن. ‌هێندێک لە زانکۆکان، زانکۆی سۆرانیش هەر وا فەرق ناکا، سەلاحەدینیش هەر وا، ئەوانی تریش فاکوڵتی پەروەردەیان هەیە. پەروەردەی بنەڕەتی بە تایبەت دەبێ لەوانە بەڕاستی مامۆستاکان وا پەروەردە بکرێن کە بتوانن ئەو مەنهەج و سەرچاوە و ئەو بەرنامە دەرسیانە کە نوێن بتوانن دەگەڵ قوتابی گفتوگۆی لە سەر بکەن و بتوانن بیخەنە قۆناغی  کردەوەوە. جا ئەوە هەر ئەوە ناگەیێنێ ، ئەگەر ئیزنت لە سەر بێ ئەوە مەسەلەی زمانیش دەگرێتەوە. بە داخەوە مەسەلەی زمان پێی ڕاناگەن و ئەوە ئیشی مامۆستاکانە کە بەڕاستی پێی ڕابگەن بەر لە هەموو شتیش  مامۆستاکان دەبێ فێر بکرێن کە چۆن بنووسن ، چۆن ڕێنووسەکەیان ڕەچاو بکەن، جیاوازی زمانی ئاخاوتن و زمانی نووسین بکەن کە بە داخەوە زۆر جار ناکرێ. زۆر مامۆستا هەیە هەر وا کە قسە دەکا هەر واش دەنووسێ کە لە زمانی دیکە دا شتی وا نییە زمانی نووسین جیاوازە لە زمانی قسە کردن. بزانن خاڵبەندی چییە؟ جێگای داخە کە ئەوە دەڵێم پێشم ناخۆشە دەیڵێم بەڵام دەیڵێم هێندێک جار ڕەخنە دەبێ بگیرێ بۆ ئەوەی کە بیسەر هەبێ. هەیە مامۆستایە بیست ساڵە مامۆستایە، هەیە تەنانەت مامۆستای زانکۆیە بەڵام جیاوازی فاریزە و خاڵ نازانێ فەرقەکانیان چییە.   

قازی: نەزانین بەو مەعنایە کە نازانێ لە کوێ بەکار دەهێندرێ مەبەستت ئەوەیە.

شێخەلئیسلامی: تەبعەن. تێکەڵیان دەکا. یان ئەوەی کە لەوانەیە بۆی گرینگ نەبێ.

قازی: ئێستا جەنابت باسی جیاوازی زمانی ئاخافتن و زمانی نووسینت کرد. دیارە لەو دواییانە دا کۆنفڕانسێک هەبوو کۆنفڕانسی دامەزرانی ڕێکخراوی ڕۆژنامەوانانی کورد لە ئوڕووپا لەوێدا ئاماژەیەکیشم کرد بەو قسەیەی تۆ چونکە ووتارێکی بەڕێزتم خوێندبووە کە جیاوازی دەخەیە نێو زمانی قسەکردن و زمانی نووسین. دیارە ئەمن لێرە دا ئەو پۆلیمیکە ناکەم چونکە من بۆ خۆم باوەڕم وا نییە ئەمن پێم وایە ئەو زمانەی کە ئینسان پێی دەنووسێ چونکە ئەویش لە خزمەت ئەوە دایە کە پەیامێک بە خەڵک بگەیێنێ. و ئەگەر سادەتر بنووسرێ و وا بنووسرێ کە خەڵک لێی تێ بگا ئەوە زیاتر دەتوانێ ئەو ئامانجەی لە بەر خۆی ڕۆناوە بی پێکێ. جەنابت پێت وایە لە چ بوارێک دا دەبێ ئەو خەتی لێک جیاکەرەوەیە هەبێ لە نێوان زمانی قسەکردن و زمانی نووسین؟

شێخەلئیسلامی: زمانی قسە کردن ئێمە کاتمان نییە بیری لێ بکەینەوە. ئێمە ئێستا ئەوە دانیشتووین بەیەکەوە قسە دەکەین ، ئۆتۆماتیکی، زۆر هەڵە دەکەم من پاش و پێش دەکەم . جاری وایە ڕستە تەواو ناکەم فکرێکی دیکەم بۆ دێ. بۆم کۆنتڕۆڵ نابێ شتێکی زۆر تەبیعی یە. زۆر جاران لەفزی فارسیم بۆ دێ، عەڕەبیم بۆ دی، ئینگلیزیم بۆ دێ. بۆ لەبەر ئەوەی دەرفەتم نییە پێی دا بێمەوە. نووسین لە ڕۆژی یەکەمەوە جیاوازی لەگەڵ قسەکردن ئەوە بووە کە دەرفەتی پێداچوونەوەت هەیە. خەڵک دەزانێ منیش دەزانم. زمانی نووسین هێزی زیاترە بۆ دەربڕینی فکری تەجریدی ، ئابستڕاکت. زمانی قسەکردن دەسەڵاتی کەمترە بۆ؟ لەبەر ئەوەی کە شتی فکری بنووسی ، شتی نەزری ، فکری ئابستڕاکت و تەجریدی دەبێ ماوەت هەبێ دابنیشی و پێیدا بێیەوە، پێیدا بچییەوە. زمانی نووسین بەردەنگت لێرە نییە. ئێستا جەنابت ئەگە شتێک تێ نەگەی دەتوانی ئەمن ڕابگری پێم دووپات کەیەوە. دە نووسین دا وا نییە ئەگەر ئێستا ئەمن شتێک بنووسم جەنابت حەفتێکی تر بیخوێنێتەوە نووسینەکەی من دەبێ ئەوەندە ڕوون و ئاشکرا و بێ گرێ بێ کە لێی تێ بگەی بە بێ ئەوەی کە من لەوێ بم. جیاوازییان یەکجار زۆرە ئەرکیشیان جیاوازە. پاشان لە شوێنێک کە فرە ڕاوێژی هەیە، فرە وێژەیی هەیە، فرە زمانی هەیە، فرە زاراوەیی هەیە زمانی نووسین ئەرکی دە هێندە دەبێ بۆ وەی کە یارمەتی بدا ئەوانەی لێکتر جیاوازن لێکتر تێ بگەن. ئێستا ئەگەر جەنابت بێی هەر بۆ دەوەری سۆران و ڕەواندز و باڵەکایەتی، باڵەکی دەبینی  باڵەکایەتی و باڵەکی و ڕەواندز هەمووی نزیکەی ٥ کیلۆمیتر لێکتری دوورن ئەوپەڕی دە کیلۆمیتر سنووریان لێک دەگەڕێتەوە کە چی هەموویان بە ڕاوێژی زۆر جیاواز قسە دەکەن. ئەگەر زمانی نووسین یارمەتی نەدا  کە ئەمانە لێکتر تێ بگەن ئەو دەم خەڵکی ناوچەیەکی زۆر بچووکیش لێکتر تێ ناگەن. لە بواری قسە کردنەوە قەیدێ ناکا تێ دەگەن یا تێ ناگەن، ئەوان لێک تێ دەگەن ئەگەر پێویستیان بێ. بەڵام بۆ بواری پەروەردە ، بۆ بواری دنیای تێکنۆلۆژی و عەسری ئێستا، بۆ دەوڵەتداری زمانی نووسین دەبێ ستاندارد بێ دەبێ جیا بکرێتەوە لە زمانی ئاخاوتن، دەبێ رێک و پێک بێ، دەبێ یەکدەست بێ. یەکدەستی زۆر زۆر گرینگە بە ڕاستی. ئێستا مەسەلەن لە باڵەکایەتی لەوێ ڕستەیەک هەیە زۆر جار بۆ ئەوەی کە نیشان بدەن ئەو سێ ناوچە کە لەیەک نزیکن چەندە جیاوازن بۆ وێنە لە باڵەکایەتی دەڵێ: ' هەڵاوێ هەڵاوێ سوورەگوڵان هەڵاوێ'، دە کیلۆمیتر دێیە ئەولای دێیە ڕەواندز دەڵێ: ' هەراوێ هەراوێ سوورە گوران هەراوێ '، دە کیلۆمیتر دەچییە ئەولای تر بۆ باڵەکی لای سۆران دەڵێ: ' هەیاوێ هەیاوێ، سوورە گویان هەیاوێ'. هەیە کە بە قوتابیەکانم گوتووە دەڵێ مامۆستا ئەو گوندەی ئێمە وا دەڵێ ڕاستە بەڵام گوندێکی دیمان لە پەنایە دەڵێ ' هەباوێ هەباوێ، سوورە گوبان هەباوێ'. یانی زمانێکی نووسینی یەکدەست نەبێ ئەم خەڵکە چۆن لە یەکتر تێ بگەن؟، چۆن پڕۆژەیەکی هاوبەشی نەتەوەییان هەبێ؟ چۆن بتوانن ئەدەبی هاوبەش بخولقێنن؟


قازی: لێرە دا مومکینە ئەو تەسەورە بێتە پێشێ کە وابوو دەبێ یەکێک لە شێوەزارەکان بکرێتە زمانی سەردەست. مەبەستت ئەوەیە؟

شێخەلئیسلامی: کراوە. ئێستا مەسەلەن هەر ئەوەی کە عەرزم کردی " هەڵاوێ هەڵاوێ ، سوورە گوڵان هەڵاوێ' ئی باڵەکایەتی بەشێکە لەو شێوەزارەی کە باڵادەست بووە. هەندێک دەڵێن لە سەر ڕاوێژی سولەیمانی دامەزراوە کە تا ڕادەیەکی زۆر ڕاستە چونکە لەوێ ئەدەبی کلاسیکی کوردیی ناوەڕاست بەشێکی زۆری لەوێوە سەرچاوەی گرتووە لە نالی و مەحوی یەوە بگرە هەتا دێتە شۆڕشەکانی کوردستانی باشوور و بەشێکی زۆری لە سەر بناغەی موکریانە، دیارە لەوانەیە بڵێی ئەوەی حاجی ئۆمەران و ئەوەش باڵەکایەتی نێوان هەر دووکیانە لە بەینی موکریان و سولەیمانی و شارەزوور و ئەوەیە. یانی ئەوە باڵادەستە ئێمە دەزانین وا بزانم ئەوە بووەتە زمانی ستانداردی کوردیی ناوەڕاست. بەڵام دەبێ ئیشی زیاتری بۆ بکرێ بۆ ئەوەی کە یەکدەستتر بکرێ. خەمێکی گەورەی من یەکدەست نەبوونە. ئەوەی کە ئێستا هەرکەسە بە ڕێنووسی خۆی دەنووسێ، هەرکەسە بە خاڵبەندی خۆی دەنووسێ. بۆ وێنە بزانە تەئسیری زارەکی چەندەیە لە سەر نووسین. زۆر سەرچاوەی کوردی کە چاو لێ دەکەی کە باسی خاڵبەندی دەکا دەڵێ کە پشوویەکی کورت دەدەی بۆر دادەنێی، کە پشوویەکی درێژ دەدەی خاڵ دادەنێی. لە هیچ نەتەوەیەک دا شتی وا نییە، تەعریفی وا. خەریکە تەعریفی زمانی نووسین دەکا بە پێوانەی زمانی زارەکی چونکە لە زمانی نووسین دا خۆ تۆ پشوو نادەی، ئەتۆ بە چاو دەخوێنییەوە خۆ بە دەنگ ناخوێنییەوە. یانی بە مەتیقی زمانی زارەکی خەریکە نووسینەکە دەنووسێ کە بە ڕای من نابێ وابێ.

قازی: زۆر باشە ئەتۆ لەوێ هێندێکیشت چاو گێڕاوە بە سەر تابڵۆ، و هێمای گشتی و نێوی دووکان و بازار و ئەو جێیانە دا. لەوێ چت دیوە لەوێش تێکەولێکەییت زۆر وەبەر چاو کەوتووە وا بزانم. وێنەت گرتوون وا بزانم.

شێخەلئیسلامی: زۆرە ، دوو سێ هەزار وێنەیە وا بزانم. ئەوە دەبێتە هەوێنی لێکۆڵینەوەیەک و ئەوە یەکێک لە تازەترین پڕۆژەکانمە. ئەوە لە زمانەوانی ئینگلیزی کاتی خۆی لە کانادا دەستی پێ کرد لە حەفتاکاندا کە فەڕانسەییەکان زۆر حەسساس بوون، هەستیار بوون سەبارەت بە تابڵۆ. ئیتر لەوێ چەند لێکۆڵینەوەی خەست کرا، ئەمە درێژەی هەبووە تا ئێستا بە دەیان و سەدان لێکۆڵینەوە کراوە. یەکێک لەوانەی زۆر باش کە لە ٢٠٠٦  چاپ بوو و ئێستاش زۆر تەئسیری هەیە ئێلانا شۆهامی لە ئیسرائیل کردی بۆ ئەوەی کە بزانێ عیبری و عەڕەبی و ئینگلیسی و ڕووسی و ئەو زمانانەی لەوێ زۆر باون کێ باڵادەستە، کێ قسە دەکا، کێ لە کوێ قسە دەکا، کێ لە کوێ باڵا دەستە، کێ لە بازار دەسەڵاتی بەدەستەوە؟ چونکە فکرەکەی ئەمەیە، تێۆرییەکەی ئەمەیە کە ئێمە بۆ ئەوەی کە بزانین زمانێ چییە پێوەندی لەگەڵ زمانەکانی دیکە چییە، زمانێک دەسەڵاتی چەندەیە، چەندە ژێر دەستە، چەندە  خەریکی توانەوەیە، چەندە خەریکە دەگۆڕدرێ بەرەو زمانێکی دی یا خۆ بەدەستەوە دەدا دەتوانین گوێ بدەینە خەڵک، لێکۆڵینەوە بکەین، دەتوانین چاو لە کتێب بکەین لێکۆڵینەوە بکەین،چاو لە ڕۆژنامە بکەین زۆر دەوڵەمەندە بۆ لێکۆڵینەوەی زمانی. بەڵام یەکێک لە گۆڕەپانەکانی دیکەش بریتی یە لە تابڵۆکانی شەقام و دوکان و شت. فکرەکەی ئەمەیە. کە لەوێ چاوم لێ کردووە لە باشوور گرفت زۆرە، ئەویش هەر دەگەڕێتەوە سەر نەبوونی ستانداردێکی یەکدەست و خوێندەوارییەکی لە خوارەوە. بە گشتی دەتوانم بڵێم خوێندەواری زۆر لە خوارەوەیە، خەڵک زۆر کەم دەخوێنێتەوە و زۆر زۆر کەمتریش دەنووسن. لەوانەیە یەکێک زۆر بە حورمەتەوە داوات لێ بکا لە سەر شتێک ڕای خۆت بنووسی ئیمەیلێکی دوو لاپەڕەیی بۆ بنووسی بەڵام هیچ پێت سەیر نەبێ ئەگەر تەلەفون بکرێ بڵێ فڵانکەس دیتوومە ئیمەیلێکت بۆ ناردووم ئەرێ باسی چییە؟ دوو لاپەڕەت بۆ نووسیوە بەڵام ئەوەندە زەحمەت بە خۆی نادا بیخوێنێتەوە بزانێ ئیمەیلەکەت چییە لێت دەپرسێ چت نووسیوە جا دوایە بۆ وەڵامەکەشی ئامادە نییە وەلامت بداتەوە هەر دەیهەوێ بە دوو ووشە یا بە تەلەفون قسەت دەگەڵ بکا. موشکیلە نییە قسەکردن خۆشە بەڵام ئێستا بێمە سەر تابڵۆکان ئەوانیش هەر ڕەنگدانەوەی نا یەکدەست بوونەیە بە تایبەت لە هەولێر ئێستا دەبینی کە عەڕەبی زۆر زاڵە، دەبینی کە تورکی زاڵە ئەوە هەموو نیشانەی ئەوەیە کە ژیانی عەڕەبی لەوێ هەیە، ژیانی تورکی لەوێ هەیە. کاسبی تورکی لەوێ هەیە، کاسبی عەڕەبی  لەوێ هەیە. و ئینگلیزیش ، ئینگلیزیش خەریکە زۆر زاڵ دەبێ. بەڵام زۆر سەیر نییە ئەگەر دوو شەقاو لە یەکتر جیاواز، دوو هەنگاو لە یەکتر جیاواز یەکێک دەبینی نووسیویەتی: ' بەرگ دوورین'، ئەویتر نووسیویەتی:' بەرگ دروون'. یانی ئەو جیاوازییەی کە دەڵێین لە شێوەزار و لە کتێب و لە زمانی نووسین دا هەیە لە تابڵۆکانیشدا دەیبینی و هیوادارم بتوانم بەو زووانە ئاکامی ئەو لێکۆڵینەوەیە بڵاو کەمەوە.

قازی: تکایە زۆر بە کورتی وەکوو ئاخر پرسیار هیچ پڕۆژەی کە ئێستا لەبەر دەستت دابێ و دوای گەڕانەوە بۆ کانادا بتەوێ ئەنجامی بدەی، یەکەم کاری کە دەیکەی چییە؟

شێخەلئیسلامی: یەکەم کاری کە دەیکەم دوو شتن، یەکیان ئەوەی ووتارێک دەبێ تەواوی بکەم لە سەر ناوی کوردی. کوردەکان ناوی بچووکیان چ داناوە علی یە، محەمەدە، یاشۆڕش ە، یا هێرش ە، یا ئەوێستایە و لە پەنجا ساڵی ڕابردوو دا ئەو ناوانە چۆن ئالوگۆڕیان  بەسەر دا هاتووە لەگەڵ خوێندکارێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو کارە دەکەین هیوادارم بە زوویی تەواو بێ. پاشانیش لە سەر ئەو کێشەی زمانی فەرمی دەبێ پڕۆژەیەک تەواو بکەم. سێهەمیشیان تابڵۆکانە کە بەس سەبارەت بە کوردستانی باشوورە.

قازی: زۆر زۆر سپاس بۆ بەشداریتان لە بەرنامەی ڕاوێژ دا داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم. بینەرانی خۆشەویست بەم پێیە دەگەینە کۆتایی بەرنامەی ئەمجارەی ' ڕاوێژ' یش تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.

تێبینی: ئەو بەرنامەیە لە ئێوارەی یەکشەمە ٧-ی ژووییەی ٢٠١٣  بڵاو کراوەتەوە. بۆ دیتنی ویدێئۆی ئەم بەرنامەیە دەکرێ سەری لاپەرەی 'ڕاوێژ' بدەن لە تۆڕی کۆمەڵی یووتیوب دا.




No comments: