Wednesday, June 10, 2020

مۆدێلەکانی پەروەردە بە زمانی دایکی بە ئاماژە بە شێوەزارە کوردییەکان لە تورکیا هەڤپەیڤین لەگەڵ محەمەد شەریف دەرینجە فێڤرییەی ٢٠١٤

 مۆدێلەکانی پەروەردە بە زمانی دایکی بە ئاماژە بە شێوەزارە کوردییەکان لە تورکیا
هەڤپەیڤین لەگەڵ  محەمەد شەریف دەرینجە
فێڤرییەی ٢٠١٤
شەریف دەرینجە لە زانکۆی کۆچ و بۆغازئیچی دەرسی کورمانجی دەلێتەوە. ئێستا لە زانکۆی مێعمار سینان لە بەشی  کۆمەڵناسی خەریکی خوێندنی دوکتورایە لەمەر سیاسەت و پڕاتیکی زمانی، بەکارهێنان یان بەکارنەهێنانی زمان دە ناو کوردان دا  و دەوری جینسییەت لە پڕاتیکی زمانی دا. لەو بوارانە دا خەریکی لێکۆڵینەوەیە. جگە لەوە لە ئەنیستیتووی دیسا لە دیاربەکر کار دەکا. بەڕێز دەرینجە دە چوارچێوەی چالاکییەکانی ئەو ئەنیستیتووە دا بە تەنێ یان بە هاوکاری  لێکۆلەرەوەی دیکە  کۆمەڵێک بابەتی زانستی بە کوردیی کورمانجی، کوردیی دملکی و زمانی تورکی بڵاو کردووەتەوە. هێندێک لەو کارانە وەرگێڕدراون بۆ سەر زمانی ئینگلیسیش. بۆ نموونە لێکۆڵینەوەی ' پەروەردەی دینامیکی لە سەر بنەمای فرە زمانی و فرە لەهجەیی؛ ، ' لە پەورەردەی شاگردانی کورد دا ئەو مۆدێلانەی دەکرێ بەکار بهێندرێن'  کە ساڵی ٢٠١٢ دەرکەوتووە.  ' کێشەی بەکار هێنان و بەکارنەهێنانی زمانی دایکی لە پەوروەردەی  تورکیا دا و ئەزموونی شاگردانی کورد' بە ناوی ' برینی زمان'، کارێکی دیکەی بەڕێزیان ' سیاسەتی فرە زمانی  و پلانداڕشتنی زمانی 'یە ، کارێکی دی ' لە پەنجەرەی سیاسەتەوە لە فرە زمانێتی ڕوانین ' و  ' چاوخشاندنەوەیەک بە  تاک زمانێتی و داهاتووی فرە زمانێتی ' ، 'پلانسازی و سیاسەتی زمانی  ووڵاتان، فرە زمانێتی لە پەروەردە دا'. بە تایبەتی ئەوەی کە زۆر سەرنجڕاکێش بێ ' کێشەی بەکارنەهێنانی زمانی زگماکی لە پەورەوردە و بەسەرهاتی خوێندکاری کورد لە تورکیا  ' یە کە  ئێمە لەم گفتوگۆیە دا لە سەری دەڕۆین.
پرسیار: وەک دەزانی لەم حەوتوویە دا ڕۆژی جیهانی زمانی دایکییە. چەندین ساڵە کە یۆنێسکۆ کە دەستگایەکی کولتووری نەتەوەیەکگرتووەکانە ٢١-ی فێڤرییەی وەکوو ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی ڕاگەیاندووە. بەڕێزت وەک پسپۆڕێکی زمان ئەو ڕۆژە چۆن دەنرخێنی؟
وڵام: لە تورکیا و لە باکووری کوردستان ڕۆژی زمانی دایکی لە دەسپێکی ساڵی ٢٠٠٠وە پیرۆز دەکرێ. لە تورکیا و لە باکووری کوردستانیش ئەو بابەتە لە سایەی تێکۆشینی کوردان دەستی پێ کرد. ئێستا زۆر کەس لە باکوور سەبارەت بە ٢١-ی  شوبات دەدوێن  و باسی داوای زمانی دەکەن نەک هەر بۆ کورمانجی ئاخێوان بەڵکوو  هەموو زمانان لە تورکیا، ئەو ڕۆژە قسە دەکەن، گەنگەشە دەکەن و هێدی هێدی باشتر لە مانا و ناوەرۆکی ئەو ڕۆژە تێ دەگەن. هێندێکان دەلێن ڕۆژی ٢١-ی شوبات ڕۆژی زمانی دایکی یە بۆ هەموو کەس بۆ ئەوەی هەموو زمان ئازاد بن و یەکسان بن ، بەڵام دیارە خەڵک زۆر باسی زەمینەی مێژوویی ئەو ڕۆژە ناکەن. وەک دەزانین ٢١-ی شوبات بە تێکۆشانی خوێندکارانی بەنگالی لە ساڵی  ١٩٥٢ دا دەستی پێ کرد، ئەو دەم خوێندکارانی بەنگالی لە زانکۆکانی پاکستانی ئەو زەمانی دا تێ دەکۆشان  و گوتیان  ئێمە تەکزمانی ، هەر ئۆردوو قەبووڵ ناکەین، داوخوازی زمانی خۆیان کرد پرۆتێستیان کرد، پۆلیس تەقەی لێ کردن و  چوار خوێندکار کوشت . ئیدی لەو ڕۆژەوەیە کە باسی شەهیدانی زمان دەکرێ. ئێستا لە تورکیا و لە باکوور هێدی هێدی باسی ئەوە دەکرێ کە بە دەست هێنانی مافی زمانی مێژوویەکی لەمەر خۆی هەیە و ناوەرۆکیشی تێکۆشانە. یونێسکۆ تەنیا باسی زمان دەکا بەڵام باسی ئەو مێژووە ناکا کە بەو ڕۆژەوە گرێ دراوە. بۆ کوردان تێکۆشان لە پێناو مافی زمانی دا پێشینەی هەیە، لە پێناو ئەوە دا مان لە خواردن دەگرن هەر ناڵێن مافی زمانی دایکی بەڵکوو زمانی دایکی لە هەموو بواری ژیان دا دەخوازن بۆیە بەجێیە مرۆ زمانی دایکی لە بەستێنی مێژوویەک دا ببینێ.
پرسیار: یانی بە پێی بۆچوونی ئێوە مرۆ ناتوانێ زمانی کوردی لە پێواژۆی سیاسی هەڵبڕێ؟
وڵام: نا مرۆ ناتوانێ لێکیان هەڵبڕێ. لە هیچ کوێ ئەوە مومکین نییە. لە ئورووپاش مومکین نییە.

پرسیار: لە زۆر جێگا هێندێک کۆڕو کۆمەڵ هەن دەڵێن بەڵێ مافی زمانی زگماکی داوخوازێکی ڕەوایە بەڵام ئەوە نابی بگاتە ئاستی داوخوازی سیاسی. چونکە ئەگەر بگاتە ئەو ئاستە ڕاستەوڕاست گرێ دەدرێتەوە بە ناسێنەی سیاسی بۆیە نای پەژرێنن. ئێوە سەبارەت بە مۆدێلی جۆربەجۆری پەروەردە بە زمانی دایکی کارتان کردووە. دەزانین کە لە ساڵی ١٩٩١ بەملایەوە لە تورکیا هێندێک ڕێفۆم کراوە لە سەر زمان و هەر چەند زەخت کەمتریش بووبێتەوە بەڵام دە ڕەسمییەت دا  دەبینین زمانی کوردی ڕەسمییەتی پێ نەدراوە یانی ئەگەر ستاتوسی کوردیی کورمانجی و کوردیی دملکی لەگەڵ ستاتوسی زمانی تورکی بەراورد بکەین ئەو شێوەزارانە لە چاو تورکی هیچ مافی ڕەسمییان نییە، باوەکوو ئەوەش کە هێندێک شت گۆڕاوە. جا دەکرێ ڕۆژێک لە سایەی خەباتی گەلی کورد کار بگاتە ئەوەی کە کوردیش وەک زمانی تورکی دە پەروەردە دا دەکار بکرێ، دەوچوارچێوەیە دا کە ئەو مۆدێلانەی ئێوە پێیان گەیشتوون دەتوانن زۆر یارمەتیدەر بن  بۆ ئەو کەسانەی کە لە سەر سیاسەتی  فیرکردن و بارهێنان تەما دەگرن. جا بۆیە پێم خۆشە ئێوە هێندێک بە ووردی لە سەر هەر کام لەو مۆدێلانە بدوێن.
وڵام: یانی ئەو کاروخەباتەی کە ئێمە لە سەر مۆدێلی پەروەردە کردوومانە لە سەروبەندێک دا بووە کە هەموان پەژراندوویانە کە پەروەردە بە زمانی دایکی ئیدی مافێکە، دەوڵەت ناتوانێ پێشی پێ بگرێ، نەک هەر کورد، ژمارەیەکی زۆر لە ناو تورکانیش دا ئەوە دەڵێن. تەنانەت پارتییە سیاسییە جۆربەجۆرەکانی تورکیاش ئیدی ناتوانن بە ئاشکرا بڵێن  زمانی کوردی نییە، زۆریان هەبوونی زمانی کوردی قەبووڵ دەکەن بەڵام نازانن چۆنی پێوە بچارێن. لە ناو کوردانیش ئەو تێکۆشانە لەپێناو مافی زمان هەر هەبووە، بەڵام ئەوەی کە زمان دە پەروەردە دا، زمان لە ژیان دا چۆن بێ  ڕوون نەبوو. ئێمە مۆدێلەکانی خۆمان لە ڕەوتی ئەو گەنگەشە و موناقەشانەدا ئامادە کرد، ئێمە وامان بیرکردەوە بۆ ئەوەی بتوانین هێندێک پێشنیار بکەین بۆ پەوەردەی زمان و زمان لە کۆمەڵ دا دەبێ وەزعەکە باش بزانین، ئێمە ئەو مافەمان بۆ منداڵان، بۆ شاگردان دەوێ بۆیە دەبێ بزانین ئەو منداڵانە کێن، ئەو منداڵانە لە کوێ دەژین؟ توانایی زمانییان چۆنە؟ بە کامە زمان قسە دەکەن؟ کێهە زمان باشتر دەزانن؟ و هەر وەها ئایا مەسەلە ئی زمانێکە، دووە، سێ یە چەندە؟ زمانی ناو خێزان و دەرەوی ماڵێ وەک یەکن یان جیاوازن؟  و هەر وەها هەڵکەوتی چینایەتی شاگردەکان چییە؟  کامەنەیان سەر بەچینی بورژواین؟ کێهانەیان هەژارن؟ لە دێ دەژین یان شار، لە ڕووی جینسییەتییەوە کچن یان کور؟ لە ڕووی بەکارهێنانی زمانەوە فەرقیان چییە؟ ئێمە پیویستە تایبەتمەندییەکانی شاگردانی خۆمان باش بزانین و هەر وەها ئەوەش باش بزانین  کە پێداویستییەکانیان چییە؟ ئەگەر مرۆ ئەوانە نەزانێ ناتوانێ پێشنیاریش بکا.
پرسیار: بەر لەهەموو شت  من پێم خۆش بناغەی کارەکەتان بزانم.دیارە لە زۆر شوێن لەو بارەیەوە کار کراوە وەک کاتالۆنیا بۆ نموونە. یا مامۆستا وەک تووڤێ سکووتناب –کانگاس  لە ئاستی ناونەتەوەیی دا هێندێک تیوری پێش خستووە و  هاتووەتە باکووری کوردستانیش. بناغەت تیوریکی کارەکەتان چۆن بوو؟
ولام: لەو ڕووەوە ئێمە  لە کتێبی ' برینی زمان ' باسمان لێوە کردووە. چاومان لە مۆدیلی سێ وولاتان کردووە. لە فەڕانسە تەماشای وەزعی زمانی کۆرسیکایی مان کرد، لە ئێسپانیا وەعی زمانی باسک مان لەبەرچاو گرت و  هەر وەها لەچین، وەزعی شین جان، بارودۆخی تورکی ئەوێ. جگە لەوە لە زۆر ووڵاتی ئەفریقایی و ئاسیایی و لە ئەمریکای لاتین، لەهەر ووڵاتێک لێمان کۆڵیوەتەوە جا چ پەروەردەی یەک زمانی بێ، دوو زمانی بێ یان هەرچی بێ. تەماشای ئەوەمان کردووە لە سەر چ بنەمایەک و بە چ دیتنێک ئەو پەروەردەیە ڕێک دەخەن؟ ئەو نموونانە هەموویان دەڵێن ئەگەر مرۆ شاگردان باش نەناسێ، پێداویستییەکانیان باش نەزانێ ناتوانی پەروەردەیەکی ڕێک وپێک بەڕێوە بەری. دەبێ بزانێ ئەوان چیان دەوێ و چیان پێویستە.
پرسیار: ئەو کارەی ئێوە مەیدانی بوو؟
وڵام: بەڵێ، هەم لەگەڵ مامۆستایان، هەم شاگردان و هەم لەگەڵ دایوبابی شاگردان قسەمان دەکرد
پرسیار: کارەکەتان گرووپی بوو؟ هەر لە ناوچەی ئامەد بوو؟
وڵام: بەڵێ کارەکەمان گرووپی بوو، هێندێک لە دیدارەکانمان لە ئامەد بوو بەڵام ئەوانەی لە ئامەد قسەمان لەگەڵ کردن هەموویان خەڵکی وێ نەبوون هێندێکیان خەڵکی دیێیەکانی دەور وبەری بوون. هێندێکان خەڵکی شرنەخ، هێندێکی تریان خەڵکی مێردین بوون. یانی ئەوانەی قسەمان لەگەڵ کردن دەکرێ بڵێم لە سەرتاسەری کوردستان بوون. هەر وەها لە دیاربەکر  ڕێزەیەک کۆڕی کارمان ساز کرد لەگەڵ مامۆستایان. لە کۆڕێ یەکەم دا لە هەر شارێکی کوردستانەوە یەک یان دوو ئامۆژگار بەشدار بوون. ئەوان هەموو مامۆستای کورد بوون کە دەرسیان بە منداڵانی کورد دەگوت بەڵام  لە مەدرەسەی تورکی دا و بە زمانی تورکی. کۆڕی کاری دووەمان بۆ ئەو مامۆستا کوردانە پێک هێنا کە لە دەرەوەی کوردستان وەک ئەستەنبووڵ، مێرسین کاریان دەکرد بۆ ئەوەی بزانین وەزع چۆنە، بارودۆخی شاگران چییە؟ چ لە ڕووی زمانەوە و چ وەکوو دیکە ئەوەش بەو مەبەستەی کە ئێمە باشتر وەزعەکە بزانین.  دوای ئەوەی کە گەیشتینە قەناعەتێک دەربارەی بارو دۆخی سۆسیۆلینگویستی، یانی زانینی هەم بارودۆخی زمانی و هەم  کۆمەڵایەتی  و هەر وەها بەراوررد لەگەڵ ووڵاتی دی.
پرسیار:باشە کاتێک ئێوە دەستتان بە لێکۆڵینەوە کرد لە زەینی ئێوە دا کێ هەبوو؟ ئەو دەزگایانە کە لە سەر پەروەردە قەرار دەدەن یا بە گشتی خەڵک لە بیری ئێوە دا بوو، کورد و تورک؟ یان چۆن بوو؟
وڵام: هەر دووکیان. ئێمە گوتمان ئەرکمان ئەوەیە کارێکی ئەکادێمیکی بکەین و ئەو ئاکامەی پێی دەگەین لە سەر مێز دانێین، هەر کەس پێی خۆشە کەلکی لێ بستێنێ، هەم بۆ زمانناسان، هەم بۆ پەروەردەکاران، هەم  بۆ یارمەتی بە سیاسەتی زمانی، ئەگەر دەوڵەت، حکومت بخوازێ  سەبارەت بە زمانی کوردی شتێک بکا ئەوەتا ئەو لێکۆڵینەوە زانیارییان لە بەر دەست دەنێ، بۆ سیاسەتی کوردیش بە هەمان شێوە. کاتێک باسی مافی پەروەردە بە زمانی دایکی دەکەن، ئەوە لە سەر چ بنەمایەک پێک بێ، ناوەرۆکی چۆن پڕ بکرێتەوە. یانی ئەوە بە کاری هەر دوو لا دێ.
پرسیار: با یەک یەک باسی مۆدێلەکان بکەین، مۆدێلی یەکەم چۆن بوو؟
وڵام: چوار مۆدێلمان هەیە، لەبەرچی چونکە شاگردەکان لێک جوێن. شاگردانی ٥ ساڵان، شەش ساڵان ، حەوت ساڵان. کاتێک دەڵێم کوردی مەبەستم هەم کورمانجی و هەم دملکی یە. هێندێک لەوانە کەم بە تورکی قسە دەکەن یان هیچ تورکی نازانن. کاتێک دەچنە مەدرەسە هیچ زمانی تورکی نازانن تازە فێری زمانی تورکی دەبن  ئەوە گرووپێکە، ژمارەیان زۆر نییە. ئەوان لە کوردستانن و هەر لە کوردستان دەژین زیاتریش لە گوندەکان. بەڵام لە شاران چ لە کوردستان و چ لە دەرەوەی کوردستان وەکوو دیاربەکر شاگردان هێندێکیان کوردی و تورکی هەر دووکیان دەزانن  و هێندێکیان  کوردییەکەیان باشترە و هێندێکیان تورکییەکەیان.
پرسیار: گرووپی یەکەم ئەو دەستەیەن کە کاتێک مەدرەسە دەست پێ دەکەن هەرکوردی دەزانن.
وڵام: بەڵێ گرووپی یەکەم.
پرسیار: سەبارەت بەو گرووپە پێشنیاری ئێوە چییە؟
وڵام: لەسەر ئەو گرووپە پێشنیاری ئێمە چییە. هەموو مۆدێلەکان دەڵێن شاگرد دوای نۆ ساڵ، دە ساڵ دەبن بە  فرە زمان یانی  تەنیا بە کوردی دەست پێ بکەن ئەگەر ئەوە کورمانجی بێ  ببێ بە کورمانجی و دملکی لەگەك تورکی ئێمە ئینگلیزیشی لێ زیاد بکەین هێدی هێدی ، لە ماوەی دە ساڵ دا ئەو شاگردانە ببنە چوار زمانی. یانی کورمانجی/ زازاکی = کرمانجکی، تورکی و ئینگلیزی. بەڵام خوێندن و نووسین بە کوردی دەست پێ بکەن، ئەگەر  زمانی دایکیان دملکی بێ بە دملکی دەست پێ بکەن و کورمانجی هەر بۆ بەراوەرد کردن  بە کار بێنن و بیخوێنن. خوێندن و نووسین بە دملکی دەست پێ بکەن، بەڵام ئەگەر زمانی دایکی  شآگرد کورمانجی بێ  بە کورمانجی دەست بە خوێندن و نووسین بکا و زمانەکانی دیکەش تورکیش و ئینگلیزیش لە سەرەتاوە وەک دەرس بیخوێنن بۆ وێنە لە ساڵی دوەم دا، سێ سەعات، چوار سەعات، پێنج سەعات، ئەوە  هەنگاو بە هەنگاو زیاتر دەبێ، بەڵام هەر وەک دەرس تا پۆلی شەشەم، پۆلی حەوتەم دوای ئەو پۆلانە دەکرێ هێندێک دەرس بە ئینگلیزی بێ، هێندێک دەرس  بە تورکی بێ بەڵام بنەمای پەروەردەکە  کوردی یە.
پرسیار: دیتنی ئێوە سەبارەت بەو پەروەردەیە دیتنێکی ناوەندێتی نییە، وا نییە؟ بە پێی ناوچەیە. یانی لە ناوچەیەک دا کە گروپێکی ئاوای منداڵی کورد هەن ئەو مۆدێلەی کە ئێوە پێشنیاری دەکەن ئەوەیە کە لە سەرەتاوە خوێندن بە کوردی بێ و لە ساڵی پێنجەمەوە ئینگلیزی وەک دەرس لێی زیاد بکرێ.
وڵام: نەک ئەوەی کە پەروەردە بە ئینگلیزی بێ بەڵکوو گرانایی زیاتر بێ. ئەو زمانانە نەک جیا لەیەکتر بەڵکوو وەک یارمەتیدەری یەکتر بن.
پرسیار: بەڵام پەروەردەکە بە کوردی بێ؟
وڵام: بەڵێ پەروەردە بە کوردی بێ.
پرسیار: و ئەگەر منداڵ ویستی تورکی فێر بێ بە زمانی کوردی فێری تورکی بێ.
وڵام: بەڵێ بە زمانی کوردی فیری تورکی بێ و بتوانێ  بەیەکەوە بەراوەردیان کا.
پرسیار: دیارە لێرە پێویستی بەوە هەیە کە فێرکار و ئامۆژگاریش ئەو ڵێزانی و تواناییەیان هەبێ.
وڵام: بەڵێ پێویستە زاناییان هەبێ ، یانی پێویست ناکا مامۆستایەک هەر چوار زمانان بزانێ. هەر چەند زمان زیاتر بزانێ ئەو باشتر، چونکە مامۆستاکان خۆیان ئەگەر فرە زمانە بن دەبن بە سەرمەشق  و مۆدێل بۆ شاگردەکان. ئەگەر مامۆستایەک بۆخۆی هەر بە زمابێک قسە بکا ناتوانێ بە شاگردەکانی خۆی بڵێ ئێوە ببنە فرەزمان. بۆیە زۆر گرینگە مامۆستاکان خۆیان فرە زمان بن  و هەر وەها مامۆستا پەروەردە کردن و دەرسدادانی خۆی بە پێی مەنتیقی فرە زمانێتی ئەنجام بدا.
پرسیار: لە وانەیە ئێوە هەژمارێکتان  نەکرد بێ بەڵام  بە تەخمین چەند لە سەد لە منداڵانی کورد لەو دۆخە دان لە باکوور؟
وڵام: بە داخەوە ئامار نییە، بەڵام  بە تەقریب دەتوانین بڵێین لە سەدا بیستی شاگردی کورد لەو دۆخە دان، ئەویش لە کوردستان و ناوچەی دەرەوەشاران لە گوندان ئەو جێیەی کە کوردی سەردەستە.
پرسیار: ئەوە شتێکی دیکەش لەگەڵ خۆی دێنێ. دەزانین کە ئێستا بزووتنەوەی سیاسی لە کوردستان باسی ئەوە دەکا کە دەبێ دەسەڵاتی ناوچەیی بەهێزتربێ و خۆسەری دێمۆکڕاتیک جێ بە جێ بکرێ. هێندێک پای ئەوانیش دەگرێتەوە یانی ئەوانیش دەبێ پڕۆژەی ئاوا تەتبیق بکەن.
وڵام: بەڵێ ئەوە نەک هەر لە مەڕ کوردسنان بەڵکوو لە ئاستی جیهانیش دا ئەو بەڕێوەبەری ناوچان زۆر گرینگە و بە شێوەیەک بەستراوەتەوە بە  پەروەردەشەوە. یانی دەبێ ئەو ئازادیی پەورەردە هەبێ.
پرسیار: ئەوە مۆدێلی یەکەم بوو، ئەی مۆدێلی دووەم؟
وڵام: مۆدێلی دووەم بۆ ئەو شاگردە کوردانەیە کە هەم تورکی هەم کوردی دەزانن. بەر لەوەی کە دست بەخوێندن بکەن. دەکرێ تورکی باشتر بزانن، یان کوردی باشتر بزانن، یانی دوو زمانەن. بەو شکلە ڕەنگە لە ماڵێ دای و باب بە کوردی قسەیان لەگەڵ بکەن، لە دەرەوە منداڵانی دی بە تورکی قسە دەکەن، تێلێڤیزیۆن بە تورکی یە، بەڵام لە ناو ژیاندا  کوردی هەیە بۆیە مداڵ هەر دوو زمانەکە تێ دەگا و قسەیان پێ دەکا و دەتوانێ بەکاریان بێنێ. هەژماری ئەو جۆرە شاگردانە گەلێک زۆرە. هەم لە کوردستان لە شارەکان هەن، هەم لە قەزاکان هەن و لە هێندێک لە گوندەکانیش، بەڵام زیاتر لەو ناوچانەی کە کورد کۆچیان بۆ کردوون. ڕۆژئاوای تورکیا، ئەو مۆدێلە بۆ ئەو جۆرە شاگردانەیە. هەژماری وان زۆرە تەقریبەن دەگاتە لە سەدا چل. یانی لە سەدا چل کەمتر نییە.
پرسیار: باشە ئەو مۆدێلە چۆنە و چۆنی کار پێ دەکرێ؟
وڵام: ئەو مۆدێلەلە بەو شێوەیەیە کە لە پۆلی یەکەمەوە شاگرد بە دوو زمانان  دەست بە خوێندن و نووسین دەکەن. شاگرد لەو مۆدێلە دا بەشێوەیەکی بەراوەردی فێری خوێندن و نووسین دەبێ. یانی ئامۆژگار بۆ خۆی هەر دوو زمانی تورکی و کوردی دەزانێ، ئەگەر هاتوو تورکی ئەوان  بەهێزتر بێ دەبێ ژمارەی دەرسی کوردی زیاتر بکرێ، و ئەگەر کوردییەکەیان  بەهێزتر بێ دەبێ دەرسی تورکی زیاتر بکرێ. یانی لە هێندێک شوێن  سەدی پەنجا تورکی و سەدی پەنجا کوردی دەبێ.  لە هێندێک جیگایان دەکرێ سەدی ٧٥ زمانێک و سەدی ٢٥ زمانێکی دیکە بێ. بەڵام هەر چۆنێک بێ هەر دووک زمان لە پۆلی یەکەمەوە  دوو زمانی دەبێ.  موفڕەدات بە دوو زمانان دەبێ هەم کوردی و هەم  تورکی. لێرە دا مەبەست لەکوردی هەم کورمانجی و هەم کرمانجکی  (دملکی)یە، دوایە زمانی دیش زیاد دەبێ ، بۆ کورمانجی ئاخێوان ئێمە کرمانجکی و ئینگلیزی لە موفڕەدات زیاد دەکەین  هەتا دەچێ  ڕێژەی ئەوان زیاتر دەبێ. لە حاڵی حازر دا زۆر لە منداڵی دملکی ئاخێو کەم تازۆر کورمانجیش دەزانن، ئەویش لەبەر ئەوەی کە هێندێک سەردەستی کورمانجی هەیە لە سەر کرمانجکی. بەڵام کورمانجی ئاخێو دملکی نازانن، یانی هەموویان کرمانجکی نازانن، جا ئێستا بۆ ئەوەی یەکسانی ساز بێ نەک لە ناو زمانان دا بەڵکوو لەناو شێوەزارە کوردییەکانیش دا  بۆیە گرینگە کە منداڵە کورمانجی ئاخێوەکانیش کرمانجکی فێر بن.
پرسیار: باشە، لە ڕووی جوغرافیاییەوە ئەوانە  چۆن دیاری دەکرێن؟
وڵام: ئەوە هەموو دەبێ بە پێی سیستمی خۆسەری و عەدەمی مەرکەزی بێ. دەکرێ لە ناوچەیەک ئەو مۆدێلە بۆ شاگردان مومکین بێ و لەوانەیە لە ناوچەیەکی دی نەلوێ. بۆیە دەبێ بەپێی هەرێم و ناوچە بڕیار بدرێ.
پرسیار: مۆدێلی سێیەم؟
وڵام: مۆدێلی سێیەم بۆ ئەو منداڵانەیە کە  زمانی خۆیان لە بیر چووەتەوە یانی زۆر کەم کوردی دەزانن یان هەر هیچ نازانن و ئیدی نەک زمانی دایکی بەڵکوو زمانی یەکەمی ئەوان بووە بە زمانی تورکی. بۆ ئەو شاگردانە ئێمە دەکرێ دوو مۆدێل لەبەر چاو بگرین مۆدیلی سێیەم و مۆدێلی چوارەم بۆ شاگردی ئاوایە. لەمۆدێلی سێیەم دا ئێمە پێشنیار دەکەین لە بەر ئەوەی منداڵ تورکی دەزانن  دەبێ بە تورکی دەست بە خوێندن و نووسین بکەن، خوێندن و نووسین بە تورکی دەست پێ بکەن بەڵام دەرسی کوردی هەبێ و هەتا دێ ژمارەی ئەو دەرسانە زیاد بکا. بۆ ئەوەی کوردی دە ناویان دا باشتر بێ، بەرەوپێش بچێ. ئەوە سیستمێکە، دیسان ئێمە ئینگلیزی لێ زیاد دەکەین.
پرسیار: باشە کوردی کەنگێ دێتە ناو ئەو قالبەوە؟
وڵام: لە پۆلی یەکەمەوە هەیە. زۆربە تورکی یە، یانی خوێندن و نووسین بە تورکی یە بەڵام کوردی وەک دەرس دەدرێ یانی ئامۆژگار زمانی زارەکی، زمانی قسە پێ کردن یان فێر دەکا. کوردی لە پۆلی دووەم دا دەبێتە دوو دەرس. لە پۆلی سێیەم دا دەبێتە سێ دەرس، پۆلی چوارەم دەبێتە چوار دەرس. بەو شێوەیە بەردەوام دەبێ. کە بگاتە پۆلێ حەوتەم یان هەشتەم ئیدی نیوەی پەروەردە دەبێ بە کوردی.
پرسیار: ئەوە چەند لە سەدی منداڵی کورد وەبەر دەگرێ؟
وڵام: دیارە هەژمارێکی وورد بە دەستەو نییە چونکە لێکۆڵینەوەیەک لەو بارەیەوە نەکراوە بەڵام بە تەخمین هەماری وان سەدی بیست تا سەدی سی دەبێ.
پرسیار: ئەی مۆدێلی چوارەم؟
وڵام: مۆدێلی چوارەم هەر بۆ هەمان منداڵانە، ئەو منداڵە کوردانەی کە کوردی نازانن ، ڕەنگە یەک دوو ووشە تێ بگەن بەڵام نازانن. بۆ ئەوان خوێندن و نووسین تەنێ بە کوردی دەبێ ئەویش  وەک بە ئینگلیزی دەڵێن بە شێوەی ئیمێرشن دەبێ، واتە شاگرد خستنە ناو زمانێکی کە ئەو زمانەی کە نایزانێ، لە هەموو جێیەک ببیسێ ، گوێی لێ ڕادێرێ و مامۆستا بەو زمانە قسە  دەکا. بەڵام  زمانی دی تاوانبار ناکا. ئێستا لە تورکیا سیستم ئاوایە کە بۆ وێنە هێندێک منداڵی کورد بە کوردی قسە دەکەن، هیچ تورکی نازانن دەوڵەت ئەوانە دەخاتە ناو پەروەردەیەک تەنێ بە تورکی، بەڵام لەبەر ئەوەی زمانی دایکیی وان تاوانبار دەکا، لەوێدا ناکۆکییەک لە نێوان زمانان دا ساز دەبێ. شاگرد شەرم دەکا لە زمانی خۆی. بەڵام  ئەو سیستمەی کە ئێمە پێشنیاری دەکەین ئاوایە منداڵ بە تورکی قسە دەکەن یانی لە دەرەوە. زمانی یەکەمیان تورکی یە بەڵام پەورەردە بە کوردی یە، بەڵام هیچکەس ناتوانێ تاوانباریان کا ئەگەر هاتوو بە تورکی قسەیان کرد. بۆیە ئەو مۆدێلە یەکسانییەک ساز دەکا لە نێوان کوردی و تورکی دا. بە منداڵ دەڵێ تورکی زانین بۆ تۆ شتێکی خراپ نییە، یانی هیچکەس بۆی نییە تۆ شەرمەزار بکا لەبەر ئەوەی بە تورکی قسە دەکەی، بەڵام ئێمە دەمانەوێ تۆ کوردیش فێر بی.
پرسیار: بۆ جێ بەجێ کردنی ئەو مۆدێلانە دیارە لە لایەکەوە ئیرادەی سیاسی پێویستە و لە لایەکی دیکەش پێداویستی بە ئامراز هەیە، واتە کەرەستەی خوێندن پێویستە. لەم قۆناغە دا کە ئێستا ئێمە بەیەکەوە قسە دەکەین ئەو ئامادەییە تا چەندە هەیە لە لای کوردان؟
وڵام: لە لایەنی کوردانەوە، ئەوە نزیکەی بیست ساڵە دەستگا و سازی کوردان هەن  بۆ دەرس دان و بۆ  کوردی فێر کردن  ئامادەکاری خۆیان دەکەن. هێندێک کتێب هەن ، دیارە ئەوانە زیاتر بۆ گەورەساڵانن نەک بۆ منداڵان . کەرەستەی خوێندن بۆ منداڵان زۆر کەمە.
پرسیار: لە سوێد هێندێک کەرەستەی خوێندن بۆ منداڵان ئامادە کراوە.
وڵام: بە داخەوە  پێوەبدییەکی ئەوتۆ لە نێوان  کوردیی سوێدێ و کوردیی باکوور نییە، پێوەندی کەمە، هێندێک پێوەندی لە نێوان سازییان دا هەیە بەڵام ئەگەر بڵێی ئەو سەرچاوەی کە لەوێ هەن بێن لە دیاربەکر بەکار بهێندرێن بە داخەوە ئەو ئیمکانە نییە. مرۆ ناتوانێ بیانهێنێ.  ژمارەیەک مامۆستای کورد هەن لە باکوور هەموو ئەندامی  ' تە زە پە '  یانی  کوردەر و کوردی دەر و ئەنیستیتووی کوردی ئەستەنبووڵ ، ئەنیستیتووی کوردیی ئامەدێ ئەوانە مامۆستای خۆیان پێ دەگەیێنن، بەڵکوو ئەمڕۆ بەس نەبێ ئەگەر پەروەردە بە کوردی هەبێ بەڵام  ئەگەر ئێمە چاو لە تەجروبەی ووڵاتی دیکە بکەین ئەگەر پەروەردە بە زمانێک دەست پێ بکا یان پەروەردەی فرە زمانی دەست پێ بکا بە ئاوایەکی ڕەسمی. هەمووی یەک دا بە دوو دەست پێ ناکا، یانی پڕۆژەی پیلۆت هەیە ساڵێک دوو ساڵ، سێ ساڵ هێدی هێدی پێک دێ. ئێستا بناغەیەک هەیە، هەرچەند دەکرێ بناغەیەکی ڕێکۆپێک یش نەبێ، هەم لە ڕووی ماتریال و کەرەستە و هەم لە ڕووی ئامۆژگار و فێرکارانەوە بەڵام  ئێمە بێ بنەماو بناغەش نین.
پرسیار: باشە، لە ئەنیستیتووەکان دا یان ئەو بەشەی کە لە زانکۆی ئارتۆکلوو لە مێردینێ هەیە ئەوانیش خەریکی ئامادە کردنی هێندێک کەرەستەن. وەک باس کرا جگە لە کەرەستەی خوێندن مامۆستاش پێویستە. وا بزانم لەو زانکۆیە دەورەیەکیان کردووەتەوە بۆ پەروەردەی مامۆستا، ئەوە گەیوەتە کوێ؟
وڵام:  ئێستا لە بینگۆل دەورەی ئەوتۆ هەیە، و لە مێردینێ هەیە کە پێم وایە دووساڵە ماوەکەی. بەڵام لە دیاربەکر لە زانکۆی دیجلە ساڵی ڕابردوو وەک خوڵێک هەبوو بۆ ماویەکی کورت وا بزانم بۆ شەش مانگان بوو. بڕیار وابوو ئەو خولە بکەنەوە و مامۆستای کورد پێ بگەیێنن لە دیار بەکر، بەڵام نازانم ئەوەیان کرد یان نا، بەڵام دەزانم ئێستا لە بینگۆل واتە چەولیک و لە مێردینێ مامۆستایان پەروەردە دەکەن.
پرسیار: هەر تەنێ لەو دوو زانکۆیانە؟
وڵام: بەڵێ.
پرسیار: ئەی لە زانکۆی دی، بۆ وێنە لە زانکۆی ئێوە لە بۆغازئیچی، یانی زانکۆی کۆچ و جێگای دیکە؟ دەکرێ هێندێک باسی ئەو خولانەش بکەی. چونکە لەو وڵاتانەی وەکوو تورکیا، ئێران لە هەمان کاتدا کە زمانی کوردی لە ڕەسمییەتێ دا نییە ، بەڵام دێن لە زانکۆییەک چەند خولێک دەکەنەوە ، خوێندکار دەتوانێ لەمەڕ ئەدەبییاتی کوردی بخوێنێ ئەوە لە ئێران هەبوو بۆ وێنە لە زانکۆی کوردستان لە سنە، یان لە زەمانی ڕێژیمی پێشوو دا لە زانکۆی تاران خولی کوردی هەبوو. لەو زانکۆیانەی تورکیاش ڕەنگە بەو شکلە بێ. ئێوە چ دەکەن بۆ وێنە ئەو کوردییەی کە تۆ دەیڵێیەوە بەکێی دەڵێی؟
وڵام: ئەمن ئێستا لە بۆغازئیچی هەر وەها لە زانکۆ کۆچ دەرس دەڵێمەوە. ئەو دەرسی کوردییە، حەوتووی سێ سەعاتە بۆ هەر کەسێک کە بییەوێ کورمانجی فێر بێ ئەوە دەرسی بژارتەیە. پوئەنی وی هەیە، ڕەسمی یە، فەرمی یە. دڵخوازانەیە، ئیجباری نییە، هەر خوێندکارێک ناچار نییە ئەو دەرسە بخوێنێ.
پرسیار: ئەو کەسی کە ئەو دەرسانە دەخوێنن پارە دەدەن بۆ ئەو خوێندنە.
وڵام: بۆ وێنە لە زانکۆی کۆچ بۆ ئەو دەرسە بەتایبەتی پارە نادەن بەڵام بەگشتی بۆ ناونووسی لە زانکۆ دا پارە دەدەن. بەڵام زانکۆی بۆغازئیچی زانکۆی دەوڵەتییە لەوێ پارە نادەن. لە زانکۆی سابنجی، زانکۆی بیلگە و زانکۆی کۆچ  کە هەموویان لە ئەستەنبووڵن لەوانە دەرسی کورمانجی هەن، هەر وەها لە زانکۆی بۆغازئیچی ش هەیە. ئەو خوێندکارانەی لە زانکۆی کۆچ و زانکۆی سابانجی  کوردیی دەخوێنن زیاتر تورکن، دەیانەوێ کورمانجی فێر بن. لە زانکۆی بۆغازئیچی ش ئەمن لە دوو دەوران دەرس دەڵێمەوە، پاییزی خوێندکارەکان کورد نین، زۆربەیان تورکن. بەڵام لە خولی بەهارێ دا من زیاتر کوردان قبووڵ دەکەم. یانی ئەو تورکانەی کە کەمێک کوردی فێر بوون و ئەو کوردانەی کە بە زمانی خۆیان دەتوانن قسە بکەن بەڵام خوێندن و نووسین نازانن ئەوانە تێکەڵ دەکەم.
پرسیار: باشە لە ڕووی تەمەنەوە ئەوانە چ کاتەگۆرییەکن؟
وڵام: لە ٢٠ ساڵان هەتا ٢٥ ساڵانن. و دەرسی ئاوا لە زانکۆی جۆڵەمێرگێ و دەرسیم یش هەیە وەک دەرسی زمان. بەڵام وەک بەش تەنێ لە چەولیک و مێردینێ هەیە.
پرسیار: ئەوان بە چ شێوەیەک لە سیستمی زانکۆ دا جێیان کراوەتەوە؟ وەک زمانی کوردی بەنێوی دەکەن یان وەک زمانی زیندوو لە بەرنامەی خوێندن دا؟
وڵام: لە سەرتاوە وەک زمانی زیندوو بە ناویان کرد، هەموو کەس وەک کوردی لێی تێ دەگەێشت بەڵام سوریانی شیان لێ زیاد کرد. ئارگومێنت ئەوە بوو ئێمە ناتوانین هەر بڵێین زمانی کوردی چونکە زمانی سوریانی ش هەیە. بەڵام ئێمە دەزانین بۆ وا دەکەن. ئەوە ڕێفلێکسێکی دەوڵەتە بۆ ئەوەی نایەوێ ووشەی کورد و زمانی کوردی بەکار بینێ، سەبەب ئەوە بوو. بەڵام ئێستا بەشێک کراوەتەوە، بەشەکە ناوی " ئەدەبییاتی کوردی "یە. ناوی ئەنیستیتووەکە ئەنیستیتووی کوردی نییە بە تورکی پێی دەڵێن " یاشیان دیللار ئەنیستیتووسی "  واتە ئەنیستیووتی زمانە زیندووەکان ، بەڵام دە ناوی دا بەشی " زمان و ئەدەبییاتی کوردی " هەیە.
پرسیار: ئەو شتەی کە ئێوە بە دەرس دەیڵێنەوە چییە؟ ئەو کەرەستەی کە بەکاری دێنی؟
وڵام: لە بۆغازئیچی و کۆچ من بۆ خۆم ماتێریاڵ ئامادە دەکەم. ئێستا ئەوە هەشت ساڵە ئەمن مامۆستایەتی زمانی کوردی دەکەم. پسپۆڕایەتییەکم هەیە دەزانم کام کەرەستە بەکاری خوێنکارەکانم دێ. بەڵام جگە لە ماتریاڵی کە لێر و لەوێ دەیان دۆزمەوە مامۆستا باران ڕزگار سەردەمایەک کتێبێکی ئامادە کرد بوو ئینگلیزی- کوردی بوو ، ئێستا تورکی – کوردییەکەی هەیە ئەو سەرچاوەیە بۆ دەرس گوتنەوە بەکار ناهێنم بەڵام  داوا لە خوێندکارەکانم  دەکەم بۆ خۆیان کاری لە سەر بکەن. هەر وەها ئەنیستیتووی کوردیی ئەستەنبووڵێ ' هینکار' ی ئامادە کردووە. لە ئاستی یەک، دوو ، و سێ. ئێمە جار جار ئەوانیش بەکار دێنین و هێندێک سەرچاوەی دیکەش هەن و هەر وەها ڕۆژنامەی " ئازادیا وەڵات " یش سەرچاوەیەکە بۆ ئێمە و هێندێک ماڵپەڕ هەن، وەک ماڵپەڕی ئەنیستیتووی کوردیی لە سوێد، ئەویش سەرچاوەن ئێمە بەکاریان دێنین. هێندێک دەرسی کوردی هەبوون کە کاناڵی تێلێڤیزیۆنی ' کورد یەک'  ئامادەی کرد بوو. تێلێڤیزیۆنەکە نەماوە بەڵام ڤیدێئۆی ئەو بەرنامانە لە یوتیووب دا هەن. ئەوانیش بەکار دێن و خوێندکارەکان تەماشایان دەکەن.
پرسیار: باشە، ئەوانەی کە نەکوردن بە خوێندنی ئەو دەرسانە سەمپاتی یان ئێمپاتی ئەوان لە ئاست کوردان ساز دەبێ؟
وڵام: لە ئێمپاتی زێدەتر زیاتر سەمپاتییەک هەیە . هیچکەس دەرسی کوردی وەک دەرسی زمانێک نابینێ بەڵکوو وەک بە گشتی دەرحەق کورد و کوردایەتی و مێژوو ی کوردان و سیاسەتی کوردان، یانی دەیانەوێ سەبارەت بە کێشەی کورد شتێک فێربن، بۆیە ئەنگیزەی وان لە فێر بوونی کوردی زیاترە. دەخوازن هەموو شتێک بزانن، پێشوەچوونیان لە ڕووی زمانیش خێراتر دەبێ، بۆ وێنەلە دەرسی مندا خوێندکار لە ماوەی سێ مانگان دا هەتادەرەجەیەک دێن لە فێر بوونی کوردیدا، یانی تا دەرەجەیەک زمان فێر دەبن، بەڵام تەنێ زمان فێر نابن، لە مەڕ مێژووی کورد و سەبارەت بە وەژع و بارودۆخی هەنووکەش فێر دەبن، یانی کێشەی مێژوویی و ئەمڕۆیی. جار جار لە سەر ئەو بابەتانە قسە دەکەین، ئەگەر بچنە پۆلی فێر بوونی زمانی فەڕانسەیی یان ئیسپانیۆلی ناکرێ لە ماوەی سێ مانگاندا ئەو هەموو شتە فێر بن.
پرسیار: ئێوە دەکاری خۆتاندا یانی دەکاری دەرس گوتنەوە و فێرکاری خۆتاندا هیچ هەست بە بەرتەنگی ناکەن؟
وڵام: نا ئێمە لە زانکۆکانی ئەستەنبووڵێ لەو بارەیەوە گەلێک ئازادین چونکە دەرسی کوردی لە ئەستەنبووڵێ هیچ پێوەندی بە سیاسەتی حکوومەتەوە نییە. لەمێردین و لە چەولکێ ئێمە دەزانین کە  شێوەیەکی جیاوازهەیە، لەوێ هێندێک بەرتەنگی و گیروگرفت هەن، لەوێ مامۆستای دڵسۆز، و مووچەخۆری دڵسۆزیش هەن، بەراوەژووی ئەوانەش هەیە و ئەوە هێندێک ئەزموونێکی جیاوازە. بەڵام تەجروبەی ئەستەنبووڵێ لە چوار زانکۆی ئەستەنبووڵێ هەیە ، لەوێ خوێندکاران دەخوازن دەرسی کوردی هەبن، داوخواز بەرز دەکەنەوە یان دەچن لەگەڵ سەرۆکایەتی زانکۆ قسە دەکەن، لەگەڵ دیپارتمانان قسە دەکەن  و دەڵێن ئێمە پێمانخۆشە دەرسی زمانی کوردیمان هەبێ و بەو شێوەیە خولەکە ساز دەبێ.
پرسیار: ئێستا بە پێی ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە بووە بۆ وێنە کردنەوەی کاناڵێکی دەوڵەتیی کوردی؛ تەڕەتە شەش، دەسەڵاتداران  لە تورکیا ئەو مەسەلەیە زۆر بە کار دێنن لە پێوەندییەکانی خۆیان دا لە چوارچێوەی نێونەتەوەیی دا دەڵێن ئەوەتا چۆن زمانی کوردی ئازاد نییە ، ئەوە ٢٤ سەعات لە تێلێڤیزیۆنی دەوڵەتی دا پڕۆگرام بڵاو دەکرێتەوە. بەڵام هێندێکان دەڵێن کاتێک مرۆ تەماشای بەرنامەکان دەکا دەبینێ کە هێندێک پەیف و ووشە هەن ئێستاش  تابوون و بڤەنە وەکوو کوردستان. بە گشتی پێتان وایە ئەو شێوە کارە یان چڵ و نیوەچڵی یە هیچ قازانجێک دەگەیێنێ بە پێشکەوتنی زمانی کوردی؟
وڵام: ئێمە ئێستا کە تەماشا بکەین لەو دە ساڵەی دواییدا حکوومەت هەر هەنگاوێکی هەڵهێنابێتەوە هەمووی پێوەندی بە زمان پەیدا دەکاتەوە. تێلێڤیزیۆن تەڕەتە شەش و وەشانی کوردی لە سەر ڕادیۆ، ئێستا ئاژانسی ئانادۆڵو بە کوردی بڵاو دەکاتەوە، دەرسی کوردی لە پۆلی پێنجەم و شەشەم دا و ئێستا دەڵێن لە خوێندنگەی ئامادەیی تایبەتی دا دەکرێ هێندێک دەرس بە کوردی بگوترێنەوە، کە تەماشای دەکەی هەموو هەنگاوەکانی حکوومەت هەر لە سەر زمانە بەڵام هیچ بنەمایەکی قانوونی نییە بۆ ئەو هەنگاوانە و لە هیچ کام لەو هەنگاوانەشدا حکوومەت لە کوردانی نەپرسیوە ئێوە چتان دەوێ؟ و چۆنتان دەوێ؟ ئەگەر هەنگاوێک هەڵدێنێتەوە ئیدی لە هەلومەرجێک دایە کە کوردان داوخوازێکی ئەوتۆ ناکەن. بۆ وێنە  لە ساڵی ٢٠١٢ دەرسی کوردی هەبوو لە مەدرەسان دا، لە زانکۆیان دەرسی کوردی هەبوو و هیچ موشکیلە نەبوو ، بەڵام کوردان لە ساڵی ٢٠١٢ دا  ئەو داوخوازەیان نەکرد، کوردان ساڵی ٢٠٠٢ ئەو داوخوازەیان کرد، لە بەر ئەو داوخوازە ٢٠٠٠ خوێندکاریان لە زانکۆکان وەدەر نا و زۆر کەس زیندانی کران یانی ئەگەر حکوومەت هەر هەنگاوێک هەڵێنێتەوە دە کاتێکی زۆر بێ مانا دا ئەو هەنگاوە هەڵدێنێتەوە ئیدی شەرتومەرجەکە گۆڕاوە.
پرسیار: بەڵام ئەو هەنگاوی قانوونییە لە جێگای کە کوردی تیدا دەژین وەک تورکیا یا  ئێران لەوانەیە عەمەڵێ نەکا بۆ وێنە لە ساڵی ١٩٧٩  لە دوو مادەی قانوونی بنچینەیی ئێران دا  بە جۆرێک ڕێگە دان بە زمانی کوردی پەسند کراوە، بەڵام هەتا ئێستاش جێ بە جێ نەکراوە بۆ وێنە مادەی ١٥ دەڵێ: " زمان و خەتی ڕەسمی هاوبەشی خەڵکی ئێرانێ فارسییە. بەڵگە، مەکتووب، دەقی ڕەسمی و کتێبی خوێندن دەبێ بەو زمانە بن، بەڵام بەكارهێنانی زمانی محەلی و قەومی دە چاپەمەنی و مێدیای گشتی دا و بە دەرسدادانی ئەدەبییاتی ئەوان لە مەدرەسان دا بە تەنیشت زمانی فارسییەوە ئازادە،"  تەبیعەتەن ئەوە ئازادیی تەواوی زمانی کوردی پێک ناهێنێ بەڵام بنەمای قانوونی هەیە، لە قانوونی بنچینەییش دا هەیە بەڵام دوای سی و چەند ساڵ هێشتا ئەو مەسەلەیە جێ بە جێ نەکراوە. یانی زۆر جار لەوانەیە شتێک لە قانوونیش دا هەبێ بەڵام جێ بەجێ نەکرێ.
وڵام: لەجێی دیکەی دنیاش هەر وایە. بۆ وێنە لە هیندووستانێ لە هێندێک جێگا دەگوترێ زمانی پەروەردەیی فڵانە، بەڵام ئەوە ناکەن و بە ئینگلیزی و بە ئۆردوو(هیندی) پەروەردە ئەنجام دەدەن. یانی قانوونی بوون تەنێ بە سەری خۆی نابێتە دەستەبەری ڕێز گرتن لە زمان. بەڵام ئەوە هەنگاوێکە و هەنگاوێکی گرینگە. بەڵام ئێستا لە بەر ئەوەی دەرسی کوردی هەیە، لەبەر ئەوەی دەرسی کوردی زیاتر لە بەر چاوانە، ئەوە قازانجێکە بۆ کوردان چونکە ئەوە لە سایەی تێکۆشانی کوردان پێک هاتووە، ئێستا کورد تۆزێک ئاسوودەتر هەست بە خۆیان دەکەن  لە بەر ئەوەی کە حکوومەت ئەو هەنگاوانە داوێژێ، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێستا بارودۆخ هێندێک گۆڕاوە، ئەو گۆڕانەش لە سایەی تێکۆشان کراوە و لە سایەی ئەو تێکۆشانە دا کوردی هێندێک هاتووەتە بەرچاوان.  
پرسیار: لە تورکیا ئەو دەسگایانەی بە پرسی زمانەوە خەریکن مەسەلەی ئازادیی زمانی کوردی چۆن دەبینن؟
وڵام: سازییەک هەیە پێی دەڵێن  " تورک دیل کورومی"  ئەو تەنێ نا بە گشتی دەستگا دەوڵەتییەکان لە دژی زمانی دایکی هەلوێست دەگرن و دەڵێن ئەگەر پەروەردە تەنێ بە زمانی تورکی نەبێ و بە زمانی دیکە بێ ئەوە یەکێتیی نیشتمانی لاواز دەکا و  خاڵی دیکەش ئەوەیە کە زمانی تورکی وە پاش دەکەوێ و کەم ڕەنگ دەبێ. ئەو دەوڵەتانەی کە نەیاتوانیوە بە تەواوی ببنە دەوڵەتی ناوەندی بەپیی سیستمی کاپیتالیستی ئەو جوورە دەوڵەتانە دوو نەخۆشییان هەیە یەکیان نەخۆشی خۆ بە زل بینین و ئەویدیشیان پێچەوانەکەیەتی و ئەویش گڕیی خۆ پچووک و بە کەم دیتنە. ئەو جۆرە دەوڵەتانە کە تورکیا یەک لەوانە دەزانن کە ئەوەندە دەوڵەتی زل نین  و پێداویستی دەبینن کە مەزنتر بن و ببنە دەوڵەتی سەردەستتر و ڕێگای ئەویش ئەوەیە سەردەستی زمان ، کولتوور و ناسنامەی هەر بەربڵاوتر بێ. ئێستا لە تورکیا زۆر زمان لە ناوچوون و نەماون و تەنێ کوردی ماوە و لە دیتنی ئەوانەوە کورد ناهێڵن کە ئەو دەوڵەتە هەست بکا کە مەزنە. و سەبارەت بە گرێی خۆ بەکەم دیتنیش پێیان وایە ئەگەر جگە لە تورکی پەروەردەی دیکە هەبێ زمانەکەیان لاوازتر و کزتر دەبێ. لە هەموو دنیاێی ئەو زمانانەی کە ژێر دەستە کراون و لە ژمارەی ئاخێوانیان کەم  بووەتەوە کاتێک بە زمانی خۆیان پەروەردەشیان هەبێ  دیسان پێویستیان بە زمانە سەردەستەکان دەبێ، یانی ئەگەر لە ئێرانێ کورد بە کوردی پەروەردەشیان هەبێ دیسان پێویستییان بە فارسییە. لە تورکیاش تەنانەت ئەگەر کورد بە کوردیش پەروەردەیان  هەبێ و زمانەکەیان لە سیستمی پەروەردە دا جێ بگرێ  دەبێ تورکیش بەکار بێنن، ئێستا لە تورکیا ماڵباتی ئێلیت دەیانەوێ منداڵەکانیان ئینگلیزی فێر بن، ئەوانیش زمانی تورکی بەکەم دەبینن.
قازی: گەلێک سپاس بەڕێز دەرینجە بۆ ئەم گفتوگۆیە. 




        





   






No comments: