Saturday, December 26, 2020

ڕانانی کتێب سازمانی ئینقیلابی و کوردستان، عەبباس وەلی

 ڕانانی کتێب

سازمانی ئینقیلابی و کوردستان

ئامادەکار:حەسەن قازی، چاپخانەی موڕتەزەوی، شوێنی بڵاوکردنەوە نادیار، ٢٠٢٠،  ٦٥٥ لاپەڕە
سەرەتای ئامادەکار،بە دوایدا ٢٩ وتوێژ، پێوەندی نامەیی، هەڵێنجاوە لە کتێب  و وتاران، بەڵگە ووێنە
ڕانەر:عەبباس وەلی

حەسەن قازی کۆمەڵە نووسینێکی بەنرخی سەبارەت بەسازمانی ئینقیلابی حیزبی توودەی ئێران و کارلێکەری لە سەر بزووتنەوە ناسیۆنالیستییەکان لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئامادە کردووە و وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. کتێبەکە بەشێکی مێژووی زارەکییە و بەشێکیشی بەڵگە و ئاماژەی پێوەندیدار بەم باسە لە سەرچاوە دەستە دووەکان و بە تایبەت بەرهەمەکانی حەمید شەوکەت مێژوونووسی بزووتنەوە چەپ ئاژۆیەکان لە ئێرانە. زۆربەی کەرەستەی کتێبەکە لە زمانی فارسییەوە وەرگیراوە وئامادەکار وەریگێڕاوەتەوە سەر کوردیی سۆرانی.

سازمانی ئینقیلانی کە لە ساڵی ١٩٦٤ دامەزرا، وڵامێکی تایبەتی کۆمۆنیستیی ئێرانی بۆ دابڕانێکی گرینگ لە بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی ناو نەتەوەیی لە دوای کۆنگرەی بیستەمی حیزبی کۆمۆنیستی یەکێتیی شووڕەوی لە ساڵی ١٩٥٦ بوو. شەپۆلی بە هێزی لە ستالینیزم شۆردنەوە لە بلۆکی ڕۆژهەڵات و نکووڵی چین لە مل ڕاکێشان بۆ ڕێبازی ڕەسمی شووڕەوی و ئەو کێشانەی بە دوویدا داهات بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی ئێران وبەتایبەت حیزبی توودەی ئێرانیشی لە بەرایی ساڵانی ١٩٦٠ گرتەوە. دەستەیەک لە ئەندامانی حیزبی توودە لە دەرەوەی وڵات، کە لە گوێڕایەڵی کوێڕکوێرانەی حیزبەکەیان لە حیزبی کۆمۆنیستی یەکێتیی شووڕەوی ناڕازی بوون و لە خەمساردی سیاسی و ملکەچی ئیدێئۆلۆژی ڕێبەرایەتی حیزبی توودە لە ئاست رێڤیزیۆنیسمی ڕووسی بێ هیوا ببوون بە مەبەستی سازکردنی سازمانی ئینقیلابی، واتە یەکەم ڕێکخراوەی سیاسی گرینگی مائۆئیستی لە مێژووی ئێراندا جیا بوونەوە. ئاراستەی ئیدێئۆلۆژیی ئەندامە سەرەکییەکانی سازمانی ئینقیلابی کە جەختیان لە سەر دژایەتییەکی چالاکانە لە دژی ڕێژیمی سەلتەنەتی و هاوپەیمانە ئەمپریالیستەکانی بە ئالنگاری زاڵبوونیان بە سەر وڵاتدا دەکردەوە، بۆ وەچەیەکی نوێ لە چالاکانی سیاسی چاوڕاکێش بوو، چوونکە ئەوانیش سەرکۆنەی خەمساردی سیاسی و چەقبەستوویی ئیدێئۆلۆژیی حیزبی توودەیان دەکرد بە تایبەتی لە چوارچێوەی کۆنفێدراسیۆنی جیهانی خوێندکارانی ئێرانی لە هەندەران کە ڕێکخراوێکی پەرەگر وکاریگەر بوو.

سازمانی ئینقیلابی بانگەشەی خەباتی چەکداری دەکرد کە پێشەنگایەتی بزووتنەوەیەکی جەماوەری دێمۆکڕاتیک بکا لە لادێیەکان و دوایە بتوانێ هەموو وڵات بگرێتەوە. ڕامانی مائۆئیستی گەڵاڵەیەکی ستراتێژی شۆڕشگێڕانەی دیاری کرد کە هەرچەند بە هێندێک هەموارکردنەوەی کەمەوە دەبووا لە ئێران ‌دا جێبەجێ کرابا. ستڕاتێژی خەباتی چەکدارانە و گرینگی لادێ وەکوو مەکۆی کردەوەی چەکدارانە بۆ وەدیهاتن دەبووا لە سەر زەوی واقیع داببەزێندرابا. ئەوە بزووتنەوەی کورد لە تاراوگەی باشووری کوردستان بوو کە هەم زەمینە و هەم دنەی ئەو کردەوەیەی ڕەخساند. حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران هەر وەک ساڵانی ١٩٦٠کە لە حیزبی توودە قەومابوو، بەرەو ڕووی ناڕەزایەتی و کێشەی ناوخۆیی ببووەوە. باڵی چەپی ڕادیکالی حدکا، لە دژی ڕێبەرایەتی ناسیۆنالیستیی ئێتنیکی دەرکەوت و بە دامەزراندنی کۆمیتەی شۆڕشگێڕ لە ساڵی ١٩٦٧ بە کردەوە لە ڕەوتی سەرەکی حیزبەکەی خۆی جوێ بووەوە. ئامانجیان ئەوە بوو دژبەرانی باڵی چەپ لە ناو حدکا دا ڕاهێزێنن و لە ناوخۆی ئێراندا دەست بە کردەوەی چەکدارانە بکەن. کۆمیتەی شۆڕشگێر لە ناوخۆ و لە دەرەوەی بزووتنەوەی کورد لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دوای هاوپەیمان  دا دەگەڕا. ئەندامە هەڵکەوتووەکانی ناو کۆمیتەی شۆڕشگێڕ حەولیان دا بۆ پێوەندی لەگەڵ سازمانی ئینقیلابی لە ئورووپا بە مەبەستی ساز کردنی هاوپەیمانییەکی بەربڵاو لە پێناو کردەوەی شۆڕشگێڕانەی چەکدارانە بە دژی ڕێژیمی سەلتەنەتی لە ئێران. بە لەبەرچاوگرتنی ئامانجە ستراتێژیکە هاوبەشەکان و باوەرە ئێدێئۆلۆژیکییەکانیان هەر دوو ڕێکخراوەکە هاسان بوو پێوەندییەک دامەزرێنین و ڕایەڵەیەکی هاوکاری لە کوردستان پێکەوە بێنن. تەدارەکی ستڕاتێژی هاوبەشیان ئەوانی بەرەو گرووپێکی ناڕازی جیابووەوەی چەپ ئاژۆ کشاند لە ڕێزەکانی پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستانی عێڕاق دا کە خەریکی پەرەسەندن بوو. ئەو دەستەیە کە لە لایەن جەلال تاڵەبانییەوە سەرۆکایەتی دەکرا مەیلێکی دۆستانەی لە ئاست هەڵوێستی مائۆئیستی لە بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی ناونەتەوەیی دا هەبوو ولەگەڵ لێکدانەوەی ئەوان سەبارەت بە ستڕاتێژی شۆڕشگێڕانە لە کوردستان‌دا دەگونجا.

                                   

ڕێبەرایەتی سازمانی ئینقیلابی لە کوردستان بە گەرمی وەرگیرا و ڕوانگەی ڕادیکالی سیاسی ئەوان لە لایەن تاڵەبانی و هاوکارانییەوە پێشوازی لێ کرا کە دواجار لە ساڵی ١٩٧٥ یەکێتیی نیشتمانی کوردستانیان دامەزراند.
ئەو بەڵگانەی حەسەن قازی سەبارەت بەو پێشوەچوونانە بە وردە ریشاڵێکی زۆرەوە کۆی کردوونەتەوە  دەوری سەرەکی سازمانی ئینقیلابی زەق دەکاتەوە لەمەڕ سەردمێکی گرینگ لە سیاسەتە ناسیۆنالیستییەکان لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.ئەوە دەیسەلمێنێ سازمانی ئینقیلابی خاڵی یەکگرتنەوەی سیاسی – ئیدێئۆلۆژی ئەو مەیل و ڕەوتە نوێیانە بووە لە سیاسەتی کورد و ئێرانی دا، یارمەتی کردووە ئەوان لە سەر بنەمای بەرنامەیەکی ڕادیکاڵ لە دەوری خەباتیی چەکدارانە و ئازادی دا ڕێک کەون. کۆمیتەی شۆڕشگێڕی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران پێشەنگی ئەو ستڕاتێژییە بوو نەک هەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڵکوو لە ئێران بە گشتی. کردەوەی چەکدارانەی پێ نەگەیشتووی کۆمیتەی شۆڕشگێڕ  لە دژی ئەڕتەشی ئێران لە بەر دەرکەوتنی زۆر ملی لە باشووری کوردستان وهاتنەوەی بۆ خاکی کورد لە ئێران ئەو کردەوەیەی وەپێش خست، و ئەوە دواجار شکان، کووژران و ئێعدامی ڕێبەرایەتی لە ١٩٦٨ لێکەوتەوە. ئەو رووداوە هەر وەها بە واتای کۆتایی پێهاتنی هاوکاری چالاکانەی سازمانی ئینقیلابی لەگەڵ بزووتنەوە کوردییەکان لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو.

سەرەرای گرینگی ئەم پێشوەچوونانە لە سیاسەتی کوردی و ئێرانی لە ساڵانی ١٩٦٠ و ١٩٧٠ کاندا نە تەنیا زۆر کەم لەو بارەیەوە زاندراوە بەڵکوو نووسینێکی جیدیش لەم بارەیەوە لە بەر دەست نیە. سەبارەت بەو سەردەمە گرینگە لە مێژووی کورد و ئێراندا لێکۆڵینەوە و بۆچوونی ئاگادارانە لەمەر پێشوەچوونە سیاسی و ئیدێئۆلۆژییەکان بە دەستەو نییە. جا ئەوە چ بە هۆی لەبیرچوونەوەی ئاسایی سیاسی یان چاولێ هەڵبواردنی ئەدەبی/ ئاکادێمیک بێ، ئەو بۆشاییە ڕاستییەکە و کەمایەسییەکی ڕاستەقینەیە. هەر بۆیە حەوجییەکی زۆر بە لێکۆینەوەی زانایانە و توێژینەوەی بیر سەبارەت بە کێشەو گیروگرفتە سیاسی و ئیدێئۆلۆژییەکانی ئەو سەردەمە گرینگە لە مێژووی ئێمە دا خۆی دەر دەخا. ئەوە خۆی گرینگی بەرهەمەکەی حەسەن قازی دەخاتە ڕوو؛ تێگەیشتنی ڕووناکبیرانە و بەرپرسیاریی سیاسی حەسەن قازی بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی سازمانی ئینقیلابی لە زمان  ئەو کەسانەی دایانمەزراند یان ئەو کەسانەی کاریان لەگەڵ کرد یان ئەوانەی لە دامەزرانییەوە تا نەمانی وبوونی بە حیزبی ڕەنجبەران لە ساڵی ١٩٧٩ لەگەڵی بوون.

قازی لە سەرەتای کتێبەکە دا باسی پڕۆژەکەی خۆی و پلانی لە مێژینەی بۆ ئامادە کردنی ئەو بەرهەمە دەکا. ئەم سەرەتایە زانیاری‌دەر بەڵام کورتە و لە کتێبێک بەم بارستایی و بەو گرینگییە ناوەشێتەوە.
زۆر بە سوودتر دەبوو ئەگەر قازی سەرەتایەکی زۆر درێژتر و زۆر بە وردەڕیشاڵتری بۆ ئەو کتێبە نووسیبایە و تەنێ ناساندنی کۆکراوەکەی
پێ بەس نەبایە، بەڵکوو لەوە زۆر گرینگتر حەولی دابا نووسینەکان لە چوار چێوەی سیاسی و وێژمانی
خۆیان دا شی بکاتەوە، و ئەوەی نیشان دابایە گێڕانەوەکانی ڕابڕدوو سەبارەت بە پێشوەچوونەکان چەندە تەواوکەری یەکترین یان لەگەڵ یەکتری دەگونجێن، و ئەو گێرانەوە و باسکردنە جۆربەجۆرانە تا چ ڕادەیەک توانیویانە لایەنە لێڵەکانی ئەو مێژووە ڕوون کەنەوە کە بەشێکی زۆری نەنووسراوەتەوە.
ئەو کەمایەسییە، هەرچەند کەمایەسییەکی گرینگیشە بۆ ئەم کۆکراوەیە کە بەلانی کەمەوە بەشێکی مێژووی زارەکییە، لەگرینگی ئەو بەرهەمە گرینگ و پێشەنگەی قازی کەم ناکاتەوە. ئەوبەرهەمە یارمەتییەکی بە نرخە بۆ تێگەیشتنی مێژووی ڕەوتە ڕادیکاڵەکان لە بزووتنەوە شۆڕشگێڕیەکان لە سیاسەتی کورد و ئێران دا بەر لە شوڕشی ١٩٧٩.

عەبباس وەلی
دیسامبری ٢٠٢٠





 

No comments: