Monday, February 28, 2022

سەدوشەشەمین ساڵی کوشتاری خەڵکی سابڵاغ و دەوروبەری بە دەست قازاخانی ئەڕتەشی ڕووسیای تێزاری، وتووێژ لەگەڵ دوکتور سوهەیلا قادری

وتووێژ لەگەڵ دوکتور سوهەیلا قادری میژووزان بە بۆنەی سەدوشەشەمین ساڵی کوشتاری خەڵکی سابڵاغ و دەوروبەری بە دەست قازاخانی ئەڕتەشی
ڕووسیای تێزاری

چوارشەمە ٢٣-ی فێڤرییەی ٢٠٢٢
حەسەن قازی: بینەرانی خۆشەویست بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەکی دیکەی ڕاوێژ. نزیکە سەد و شەش ساڵ لەمەو پێش هەر لەم ڕۆژانە دا جینایەتێکی زۆر گەورە لە شاری سابڵاغ و دەوروبەری کرا بە دەستی قازاخانی ئەڕتەشی ڕووسیای تێزاری کە سەبارەت بەو ئینسانکوژی و جتنایەتە هەتا ئێستا زۆر کەم زاندراوە. ئێمە لەم بەرنامەیە دا دەگەڵ دوکتور سوهەیلا قادری هێندێک باسی ئەو ڕووداوە دەکەین. بەڕێزیان لەو بارەیەوە هێندێک لێکۆڵینەوەی کردووە کە ئەوە پێویستیی بە لێکۆڵینەوە و قۆڵبوونەوەی زیاتر دەکا. پێم خۆشە زۆر بەخێرهاتنی بکەم. بەڕێز قادری ئەگەر لە ڕووی مێژووییەوە باس بکەین ئێمە ١٩ ساڵ لەمەوبەر لە بەرنامەیەک  لە تێلێڤیزیۆنێکی دیکە دا کە ئەویش نێوی هەر ڕاوێژ بوو، وا بزانم تێلێڤیزیۆنی مێدیا بوو، لە خزمەتتان دا بووم، زۆر خۆشحاڵم کە جارێکی دیکە یەکتری دەبینینەوە. پێم خۆشە لە سەرەتاوە لەوەوە دەست پێ بکەین کە، دیارە چەقی سەرەکی بەرنامەکەمان لە سەر ئەو ڕووداوەیە و ئەو ڕۆژانەی کە جینایەتەکە بەڕێوەچووە، بەڵام دیارە بەکگراوند و زەمینەیەکی هەیە. ئەگەر دەکرێ باسی ئەو سەرچاوانە بکەی کە لە بەر دەست دان لە سەر ئەو ڕووداوە؟
دوکتور سوهەیلا قادری: کاک حەسەن زۆر سپاستان دەکەم بۆ بانگهێشت کردنەکەتان بۆ ئەو بەرنامەیە. و زۆر سڵاوم هەیە بۆ بینەرانی بەرنامەی ڕاوێژ. ئینرێستی من، یانی عەلاقەی من لە سەر ئەو کوشتارەی سابڵاغێ وەکوو هەموو دانیشتووانی سابڵاغێ، خەڵکی سابڵاغێ لەوەڕا دێ کە وەختێک باسی دەورانی عرووسەکان دەکەن و بۆ ئێمە لە زێهنییەتی منداڵیماندا هەر ماوە کارەساتێکی زۆر گەورە بوو، کوشتارێکی زۆر گەورە بوو لە خەڵکی سابڵاغێ کرا، بۆیە بۆ من هەر مەسەلە بوو، پێم خۆش بوو بزانم چۆن بووە، چ شتێک بە سەر ئەو خەڵکەی هات، چ شتێک قەوما دەو دەورانەیدا؟ وە جالب ئەوەیە ئەمن کە لە سەر سنوورەکانی دەوڵەتی عوسمانی پاش شەڕی یەکەم هەتا ماوەی شەڕی دووەم و ڕووخانی ئەو وڵاتەی و پێکهاتنی وڵاتە تازەکان زۆرم تەحقیق کردووە وەختی خۆی بۆ نووسینی تێزەکەم هیچ سەرچاوە و مەنبەعێکم نەدیتەوە لە سەر مەسەلەی ئەو کوشتارەی ڕووسەکان لە سابڵاغ و دیارە لە شارەکانی دیکەش. ئەمن پێم وایە ئەگەر ڕۆژێکی لە سەر ڕەواندزیش ئەو پرسیارە بکرێ و ئەو بەحسە بکرێ دووبارە دەبێ بچینەوە سەر ئەوەی کە سەرچاوەکان لە کوێن؟ چونکە ئەو ئارشیوانەی ئەمن چاوم پێیان کەوتووە لە فەڕانسە و لە بریتانیا باسی ناکەن یان ئەوەیکە هێشتا نەکراونەوە و لە دەستڕەسی خەڵک دا نین و ناتوانن بیانبینن. لە فەڕانسە ئەوەی کە ئەمن دیتوومە ج ئی وەزارەتی کارو باری دەرەوە بێ و چ ئی وەزاڕەتی دیفاع بێ زۆر کەم شت هەیە لە سەر ئەو بابەتەی. شتێکی کە زۆر سەرنجی منی ڕاکێشا کتێبەکەی جان چالێنکۆ بوو:  Images From the Endgame, Persia through a Russian Lens 1901-1914 (وێنەکانی گەمەی دوایی، ئێران بە چاو دووربینێکی ڕووسییەوە ١٩٠١- ١٩١٤ کە لە سەر کووژرانی خاڵی بابێتی کە دەبێتە ئەلێکساندر ئیاس کە وەختی خۆی ئەوەڵین و ئاخرین کۆنسوولی ڕووسیا بووە لە شاری سابڵاغ، نووستویەتی و وێنەکانی چاپ  کردووە و ئەمن لە ناو وێنەکاندا وێنەی کۆنسوولگەری ڕووسیا لە سابڵاغێ نەزەری ڕاکێشام و لە جەنابتانم پرسی کە ئەو جێگایە  کوێیە و بە شێوەیە بوو کە وردە وردە دیارە بە هیممەتی ئێوە و بەو ڕێنوێنییانەی کە ئێوە کردتان توانیم کەمێک زۆرتر لە سەر ئەو جەرەیانە تەحقیق بکەم.
ئەو سەرچاوانەی کە ئێستا بە دەستەوەن بەشێکی زۆریان کاک عەزیزی وەلیانی کۆی کردوونەتەوە و لە کتێبی
" کارەساتێکی مێژوویی " دا بڵاوی کردووەتەوە. دەستەکانی خۆش بێ یەکجار زۆر سەرچاویەکی بەنرخە، لەبەر ئەو شتانەی کە تا ئێستا بە زمانی کوردی هەبووە خڕی کردووەتەوە و بۆ خەڵکی سابڵاغێ بە لانی کەمەوە سەرچاوەیەکی گەورەیە. لە پاشان ئەوەی جێگای خۆشحاڵی یە و زۆر موهیممە ڕاپۆرتی میسۆنێرە ئەمریکاییەکانە کە وەختی خۆی لە سابڵاغێ بوون و شاهیدی ئەو قەتڵی عامەی بوون و ئەوانە گێڕاویانەتەوە، یەکیان کە کەشیش فاسوم بووە، لودڤیگ ئولسن فاسوم کە لە سابڵاغێ دەبێ و دوایەش بیرەوەرییەکانی یای ئاگوستا گودهارت ە کە ئەویش لە ڕۆژنامەی میسیۆنێرەکاندا واتە " کوردستان میشنێری" دا چاپ کراوە. خۆشبەختانە ئەو دوو سەرچاوە موهیممەمان هەیە کە وەختی خۆی لەوێ بوون.  لە پاشان ئەمن چاوم بە کتێبەکەی بازیل نیکیتین یش کەوت:  ئێرانێکی کە ئەمن ناسیم، ساڵی ١٩٠١- ١٩١٩



قازی: دیارە نیکیتین دواتر کۆنسوولی ڕووسیا بووە لە ورمێ. وا نییە؟
قادری: بەڵێ. کۆنسوولی ڕووسیای بووە لە ورمێ، بەو پێیە وەختێک ئەو کوشتارە قەوماوە لە سابڵاغێ ئەو لە ورمێ بووە، ئاگای لێ بووە تەنانەت دوو مانگ پێشتر لەو کوشتارەی سەری سابڵاغێی داوە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەیەک بکا لە سەر کوشتنی ئیاسی. لە نۆڤامبری ١٩١٥-ی سەفەرێکی کردووە بۆ سابڵاغێ، کوشتارەکە دوای سەفەری وی بووە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ورمێ و سابڵاغ زۆر لە یەکتری دوور نین دەبایە حەتمەن خەبەرێکی بۆ چووبایە، بە هەر حاڵ ئەو کۆنسوول بوو. لەوێ باسی ناکا، باسی کوشتارەکە ناکا، بەڵام مەنبەعێکی جالبە چونکی دەوێدا باسی مەسەلەی غەزا و جیهاد و ئەوە دەکا و پێی وایە هەرچی بە سەر کوردان هات سەبەبی ئەوەیە کە وەدوای جیهاد کەوتن، جوابی سوڵتانی عوسمانیان داوە.
قازی: یانی بۆ ئەو شەڕە عوسمانییەکان  داوایان کردووە لە باری ئایینییەوە، لە باری مەزهەبییەوە زۆربەی دەسەڵاتدارانی دینی فەتوای جیهاد دەرکەن لەبەر ئەوەی عرووسانیان بە کافر داناوە شەر لە بەرانبەر ئەوانیان بە غەزا داناوە.
قادری: بەڵی، ئئعلامییەیان داوە و بڵاویان کردووەتەوە و تەواوی موسوڵمانانی دنیایان بانگ کردووە کە بە نێوی شەڕی ئیسلامێ بە دژی کافران بێن بەشداری بکەن تەنانەت لە هێندووستانێ ڕابگرە هەتا ناو هەموو موسوڵمانانی دنیایە ئەوەیان بڵاو کردووەتەوە کە بێن کۆمەگیان بکەن.
قازی: دیارە لە ناوچەی موکریان، هێندێک ناوچەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کەسێکی وەک شێخ بابای بەرزنجی  حازر نەبووە ئەو فەتوایە بدا.

لایەنگرانی دەوڵەتی عوسمانی لە بەر بینای شابەندەرخانەی عوسمانی لە سابڵاغێ
وێنە: ئینترنێت
قادری: بەڵێ، تەقریبەن تەواوی شێخە گەورەکان، تەواوی تەریقەتی نەقشبەندی و قادری وەختی خۆی جوابی سوڵتانی عوسمانییان داوەتەوە، چوون واریدی ئەو شەڕەی بوون، شێخی بورهانیش هەر ئاوا، ئیدی شێخی حیسامەدین و شێخی سیراجەدین و هەموو ئەو شێخە گەورانەی کوردستانێ لە بیارە و لە تەوێڵەی ڕا بگرە هەتا دەورو بەری سابڵاغ و تورجان، ئەوانەی کە دەستیان ڕوۆیشتووە و موریدیان هەبووە و خەڵک  گوێی بە قسەکانیان داوە و ئیمانیان پێیان بووە، داوایان کردووە کە خەڵک بەشدارێ بکەن بەڵام، دەو نێوەی دا ئیستیسنایەکمان هەیە ئەویش شێخ سەعید بابای بەرزنجی یە کە شێخی غەوس ئاباد بوو و پێی وابوو بانگی...
قازی: وا بزانم شێخی کڵاوقووچیان پێ گوتووە، چونکە پێرۆیانی جۆرەیەک کڵاوی تایبەتییان لە سەر ناوە. چەند وێنەیەک بەدەستەوەیە کە پێم وایە ئەلێکساندر ئیاسیش دە یەکێکیاندا هەیە کە بەداخەوە لێرە نیمانە. ئەدیبێکی گەورەش بووە زۆر شێعری لە دوا بەجێ ماوە.
قادری: بەڵێ شێعری زۆر بووە، عارف بووە، نیکیتینیش باسی دەکا، زۆر بە ئیحتیڕام باسی دەکا، موریدی هەبووە و موخالیفی وەی بووە کە لە غەزا بۆ سیاسەتێک کەلک وەربگیرێ بە مەبەستی شەڕ.
قازی: ئێستا ئەگەر بگەرێینەوە سەر سەرچاوەکان، لە سەرچاوەی فارسی واتە ئێرانیدا چ دەبینین؟
قادری: لە سەرچاوە ئێرانییەکاندا ئەمن ڕاپۆرتەکانی شەریفودەولەم دی کە ئێوە بۆخۆتان بە زمانی کوردی وەرتان گێڕاوەتەوە وەختی خۆی لە ڕۆژنامەی " رستاخیز" دا چاپ بووە. ئەوجارەکانێ چاوێکم لە مەجمووعەی ئەو کتێبانە کرد کە بە زمانی فارسی لە سەر ئەو دەورانەی نووسراون، کەم ئیشارە کراوە بە کوشتاری خەڵکی سابڵاغێ. شتێکی بڵێم وەها بەرچاوم نەدیت ئەمن بە نۆرەی خۆم. جا بۆیە کارەکەی کاک عەزیز وەلیانی یەکجار زۆر بە نرخە لەبەر ئەوەی کە زۆر شتمان دەداتە دەستی لە خاتراتی ئەو کەسانەی کە ئەو دەمی دە جەرەیانی ئەو کوشتارەیدا بوون، مابوون  و بە ئیستیلاح سینە بە سینە نەقڵ کرا بوو و هەر ئاوا خەریک بوو لە بەین دەچوو ئەگەر خڕ نەکراباوە ئەوەش لەگەڵ ئەو نەسلەی کە مابوو و لە بیری مابوو لە دەستمان دەچوو، دەستیان خۆش بێ. لە سەرچاوە ئوڕووپاییەکانیشدا تەواوی کتێبەکانی کە لە سەر کورد و کوردستان نووسراون لە سەر ڕاوە تەمەشام کردنەوە، تەقریبەن هیچیان، هیچی تێدا نییە. هیچ باسی ئەو کوشتارەی نەکراوە جا بۆیە ئەمن پێم هەلێک بوو کە ئەو شتانەی کە ئێستا دەیزانم و کۆم کردووەتەوە و بڕێکم کار لە سەر کردووە بیکەمە مەقالەیەک بە زمانی فەڕانسەیی و ئەوەی لەیەکێک لەو گاهنامانە یا گۆوارانەی کە بە زمانی فەڕانسەیی دەردەچن و لە سەر تاریخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن بتوانین بەڵکوو چاپی بکەین چونکە پێم وانییە ئەو ڕووداوە لە تاریخی فەڕانسەیدا پێی زاندابێ.
قازی: بەڕێزت وەکوو لێکۆلەرەوەیەک بۆچوونت چۆنە پێت وایە لە ئارشیوی عوسمانیدا، یا لە ئارشیوی ڕووسیای تێزاریدا یانی بە ئیحتیمالی نزیک لە ڕاستی دەبێ هێندێک شت هەبێ.
قادری: بە نەزەری من حەتمەن هەیە. ئەو تاریخە ناتەواوە تا زەمانێکی ئێمە دەستمان نەگاتە ئارشیوەکانی  تورکیای عوسمانی و ڕووسیای. ئەگەر زەمانێک ئەو ئارشیوانە بکرێنەوە بە ئیحتیمالی زۆر شت هەیە لە سەری. بە ئیحتیمالی زۆر خاترە هەیە، ڕاپۆرت هەیە، شت نووسراوە و ئەوانەن دێن ئەو تاریخە تەکمیل دەکەن، بۆ ئەوەی کە ئێمە بزانین ڕووسەکان بە ڕاستی بۆچی هاتن ئەو قەتڵی عامەیان لە خەڵکی بێگوناهی ئەو شارە و دەوروبەری کرد. چون زەحمەت بە نەزەر دێ کە ئینسان قبووڵ بکا کە لە بەر کوشتنی یەک کەس ئەوان نزیک دە هەزار نەفەر ئینسانی بێگوناح بکووژن.

کۆنسوولخانەی دەوڵەتی ڕووسیا لە سابڵاغێ
وێنە: ئەلێکساندر ئیاس
قازی: بۆ ئەوەی کە زەینی بینەرانیشمان لەگەڵ بێ، لەکۆتاییەکانی مانگی دێسامبری ١٩١٤یانی دوای ئەوی کە ئیاس نزیکەی دووساڵ لە سابڵاغ بووە، ئیاس لە ئۆکتۆبری ساڵی ١٩١٢ هاتووە لەوێ کونسوولخانەی ڕووسیای کردووەتەوە.ئەوە لەو زەمانە دا بووە کە عوسمانییەکان ناوچەیەکی زۆری ئەو هەرێمەیان داگیر کردووە و هێندێک لە سەرکردەی عەشیرەتە کوردەکان دەگەڵیان هاوپەیمان بوون، بۆ وێنە کەسێکی وەک بایز پاشای مەنگوڕ لەقەبی پاشایەتی ئەوان داویانەتێ. لە بەرانبەر ئەوەدا ڕووسەکانیش ویستوویانە جێ پێی خۆیان لە ناوچەکەدا بە شێوەیەک بکەنەوە. دوایە هێندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە ئیاس بە پێچەوانەی سیاسەتی دەوڵەتی ئێران بە نیسبەت عەشیرەتە کوردەکان لە پێوەندی لەگەڵ ڕووسیای تێزاریدا سیاسەتێکی کوڕاپت و گنخاوی بووە، ئەو ڕوانگە و بۆچوونی لە ئاست عەشیرەتە کوردەکان بەو شێوەیە نەبووە و ئەوە لە کتێبەکەی چالێنکۆشدا ڕەنگی داوەتەوە هەر ئەو جۆرەی کە ئێوە باستان کرد. باسی ئەوە دەکا حەولی داوە سەرۆک عەشیرەتە دژ بەرەکان ئاشت کاتەوە، تەنانەت وێنەی سەرۆک عەشیرەتی دوژمنی یەکی بەیەکەوە گرتووە یانی تەنانەت حەولی ڕاپەڕاندنی کێشەی نێوان ئامۆزایانی داوە  لە تایفەیەکدا. بەڵام دواتر کە تورکەکان جارێکی دیکە هەڵەسوونیان هێناوەتەوە، ئاخر وئۆخری دیسامبری ١٩١٤ سابڵاغی بەجێ هێشتووە، تەنانەت میسیۆنێرە ئەمریکاییەکان کە ئێوە باستان کردن ئەوانیش دەڵێن کە خەریک بووە بڕوا داوای لەوانیش کردووە ئەگەر بیانەوێ دەکرێ لەگەڵی بڕۆن. دوایە لە هەلومەرجێکدا کە هێشتا بە تەواوی ڕوون نییە، چونکە چالێنکۆش  بە جوانی لێی نەکۆلیوەتەوە لە میاندواوێ کووژراوە، دوایە سەر بڕاوە و ئەو سەرە بڕاوەش بە دوو شێوە باس دەکرێ یەکیان ئەوەی کە وا بزانم لە کتێبەکەی نیکیتینیش دا هاتووە کە ئێوەباستان کرد، کە ئەو سەرە بڕاوە وەپێش ئەڕتەشی سەرکەوتووی عوسمانی خراوە کە بەرەو مەراغە چووە ، و ڕیوایەتێکی دیکەش ئەوەیە کە هێناویانەتە سابڵاغێ و لە پێش ماڵی قازیی فەتاحیان داناوە. قازیی فەتاح وەکوو هاوکارێکی عوسمانییەکان. هەر وەک بەڕێزت گوتت ئەو کوشتارە هەر لەبەر کووژرانی ئیاس نەبووە چونکە پێشتریش دەبێ عرووس کوشتن هەبووبێ.
قادری: ئەمن پێم خۆش بوو  ئیجازە بدەن کەمێک بگەڕێینەوە دواتر.عوسمانییەکان لەوێ چیان دەکرد؟ عوسمانییەکان زۆر لەمێژ بوو کە لە سابڵاغێ دامەزرابوون، لە ساڵی تەقریبەن ١٩٠٣ و چوار و پێنجەوە عوسمانییەکان چوو بوونە ئەو بەشەی تەواوی موکریانیان داگیر کرد بوو. لە سەردەشتێ ڕا هەتا سابڵاغێ هەتا دەورو بەری میاندواو و ئەوانە هاتبوون، دامەزرا بوون لەوێ لە مێژ بوو لە سابڵاغێ شابەندەرییان هەبوو، کۆنسوولگەرییان هەبوو و جۆرێکیش ئیدارەیان دامەزراند بوو و بە ڕاستی دەستڕۆیشتوو بوون لەوێ. عوسمانییەکان وەکوو دەزانین هەمیشە دەگەڵ ئێرانێ کێشەی سنووریان هەبوو، چەندین ساڵ بوو لە زەمانی سەفەوییەکانەوە. ئەو کێشەیە هەر جێ بە جێ نەدەبوو، هەر شەڕی بە سەر دا دەهاتوو، هەر عوسمانی دەهاتە ناو خاکی ئێرانێ بەشێکی داگیر دەکرد و دەڕۆیشت و شەڕ و هەڵا بوو لە سەر ئەوەی. ئەوەی وەبیر بێنینەوە کە ڕووس و ئینگلیس ئێرانیان لە نێو خۆیاندا دابەش کرد بوو. ئێران و ئەفغانستان و تەبەت یان دە نێو خۆیاندا دابەش کرد بوو، ڕێککەوتننامەیان نووسیبوو بەیەکەوە و ئێران ببوو بە سێ مەڵبەندی بەرژەوەندی بەشی باکووری ئێرانێ وەبەر ڕووسیای دەکەوت، بەشی باشوور وەبەر ئینگلیسێ، بەشێکی سەحراش هەبوو لە نێوەڕاستێ کە پێیان دەکوت بەشی بێ تەڕەف. وەختایەک ئەوان ئەو قەراردادەیان دەگەڵ یەکتری نووسی بەو نەتیجەیەی گەیشتن کە دەبێ سنوورەکانی ئێرانێ دیاری بکرێن هەم لە باکوور و هەم لە باشوور چونکی دەبوو بە مەڵبەندی بەرژەوەندی ئەوان. فشاریان هێنا بۆ تورکەکان و ئێرانییەکان کە خڕ ببنەوە لە پێشدا لە ئەستەنبووڵێ لە ساڵی ١٩١١ی، ئەو دەمییە کە مینۆرسکی  لە ئەستەنبووڵێ کۆنسوول دەبێ بەشدار دەبێ لەو کۆنفڕانسەیدا و پێشبینی دەکەن کە بێین کۆمیسیۆنێکی دابمەزرێنین  کە مەرزەکان نیشان بکەن، دیاری بکەن.
قازی: کە دێنە کوردستانیش ئیاس دەچێ لە شنۆ چاوی بەو کۆمیسیۆنە دەکەوێ و یارمەتییان دەدا.
قادری: بەڵێ، ئەویش دەچێ یارمەتییان دەدا، زۆر شناسایی دەکا، زۆر نەخشەیان بۆ دەکێشێتەوە، زۆر کۆمەگی هەیئەتی دیاریکردنی سنوورەکان دەکا. لە ١٩١١ مینۆرسکی لە جێگایەکی دەڵێ نوێنەری عوسمانییەکان لە کۆنفڕانسەکەی پێی وابوو کە موکریان بەشێکە لە خاکی عوسمانی یانی ئەوان بەو دیدەی هاتبوونە موکریان کە پێیان وا بوو ئەوە بەشێکە لە خاکی عوسمانی داگیری بکەن. و دیارە نفووزێکی یەکجار زۆریشیان هەبوو. نفووزیان هەبوو لە نێو شێخەکان، ئاغاوەتەکان، لە نێو سەرۆک عەشیرەتەکان نفووزێکی یەکجار زۆریان هەبوو؛ کورد موسوڵمانن، موسوڵمانی سونین، باوەڕیان بە دینی خۆیان هەیە، پێیان وایە کە سوڵتانی عوسمانی نوێنەری تەواوی موسوڵمانانی دنیایێ یە، ئیعتیقادیان پێی هەیە. شێخەکان بە گشتی لە لایەن حکوومەتی عوسمانییەوە پشتیوانی دەکرێن. هەم لە باری ماڵییەوە هەم لە باری قودرەتەوە لە پشتیانن، کۆمەگیان دەکەن لەبەر ئەوەی لە دوایە دا لەو هێزەی کەلک وەردەگرن. جا وەزعەکە ئاوایە کە ڕووسەکان دێن. وەختێک کە عوسمانییەکان ساڵی ١٩١٢ی دواجار سابڵاغ و موکریان بەجێ دێڵن و دەگەڕێنەوە نێو وڵاتی خۆیان چونکێ قەرار وایە کۆمیسیۆنەکە بێ کارەکەی دەست پێ بکا و ئیدی بتوانن مەرزرکان دابمەزرێنن ڕووسەکان ئەو جار بڕیار دەدەن کە کۆنسوولخانەیەک لە سابڵاغ بکەنەوە. لە پێشدا یەکیان لە خۆیە هەیە، کۆنسوولخانەی گشتیان لە تەورێزێ یە، کۆنسوولخانەیەکیان لە خۆیە هەیە، یەکیان لە ورمێ هەیە، یەکیش لە سابڵاغێ دادەنێن. بۆ ئەوەی سابڵاغێ مینۆرسکی پێشنیار دەکا کە ئیاس بچێ کە ئینسانێکە زمانی کوردیی بادینی زۆر جوان دەزانێ و دەتوانێ لەگەڵ خەڵکی کە لەو ناوچەی دەژین ڕابیتەیەکی باش دروست بکا و بەو هەویایەی دەینێرن کە ئەو بچێ و وەکوو پردێک بێ لە بەینی کوردەکان بە تایبەتی سەرۆک عەشیرەتەکوردەکان دەگەڵ ڕووسەکان.
قازی: با لێرە ئیستێک بگرین پێش ئەوەی بچینە سەر سیاسەتی ڕووسەکان، شێوەی هاوکاری و هاوپەیمانی کوردەکان و عوسمانییەکان چۆن بوو؟
قادری: ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ زەمانی دوور دەتوانم بڵێم پاش کۆنگرەی بێرلەنێ کە لە ساڵی ١٨٧٨ی گیرا لەوێدا بوو کە ئوڕووپاییەکان فشاریان هێنا بۆ عوسمانی بۆ ئیمپراتۆری عوسمانی کە هەقی کەمایەتییە مەسیحییەکان بدا بە تایبەت ئی هەرمەنییەکان. و لەو دەمی دا بوو کە عوسمانی مەجبوور بوو دواجار هێندێک حەق و حقووقیان بداتێ، ڕێگایەکیان بۆ بکاتەوە و هێندێک ڕێفۆرم بکا و پێ بە پێی وەی سوڵتان عەبدولحەمید بڕیاری دا ئەویش لە هەستی دینی کوردەکان کەلکی خۆت وەربگرێ هات سوارەی حەمیدییەی دروست کرد کە دەزانین چەندە بە داخەوە بەشداری شەڕەکانی عوسمانییەکان بە دژی کەمایەتییە مەسیحییەکان بوون. لە پاشان کە دەگاتە ئەو مەرحەلەی کە دەگەینە پێش شەڕی یەکەمی جیهانی ئیدی حەمیدییە تەقریبەن لە بار کەوتووە بەڵام سوڵتان عەبدولحەمید و ڕێژیمی عوسمانی پێگەی خۆی دەنێو کوردان دا دامەزراندووە، دە نێو شێخە کوردەکاندا بە تایبەت. دەنێو سەرۆک عەشیرەتەکاندا، میر نشینەکان  هەموو لە بەین چوون، هەموانی تەواو کردووە، بەدرخانییەکان ئاخری بوون، ئەوانەی هەموو وەلا ناوە ئاخری هاتووەتە سەر ئەو وانێکەی، ئەو قەناعەتەی کە دەبێ سەرۆک عەشیرەتەکان و ئاغاوەتەکان بەهێز بکا. و ئەو سەفەر لە هێزی وانە ئیستیفادە دەکا پێکەوە هەم بەشەڕیان دەدا و هەم پشتیان دەگرێ، ئەگەر لازم بوو دەگەڵ ئێرانێش بەشەڕ بێن. لەقەبیان دەداتێ و ئەوەندەی کە لازم بێ پشتیوانییان لێ دەکا بۆ ئەوەی کە وەختی خۆی ئیستیفادەیان لێ بکا.
قازی: لەو چوارچێوەیە دا ئیدی دەوڵەتی ئێران  وەکوو دەوڵەت هیچ هێزێکی نابێ دە بەرانبەریان دا ڕاوەستێ؟
قادری: بە داخەوە ئێران وڵاتێکە ئەو دەمی تەواو ئیفلاسی هێناوە، هیچی لە سەر جێگای خۆی نییە. ڕێژیمێکی گەندەڵی هەیە، هەموو پیاوە سیاسییەکان  هەر یەکەی سەریان بە جێگایەکییەوە بەندە ئەو دەمی لە ئێرانێ. یانی بیرێکی ئەو جووری  کە پێی دەڵێن ناسیۆنالیزمی ئێرانی بوونی نییە، هەر کەسەی بە دوای بەرژەوەندی خۆیەوەتی. یەک لەگەڵ ڕووسە، یەک لەگەڵ تورکە، یەک لەگەڵ ئینگلیسە، یەک لەگەڵ بێلژیکە، بەهەر حاڵ هەر کەسەی بە نۆرەی خۆی حەول دەدا جێ پێیەکی بۆ خۆی بکاتەوە. پادشای ئێرانیش کە موزەفەرەدین شایە ساڵی ١٩٠٦-ی دواجار حوکمی مەشڕووتییەت قبووڵ دەکا، بەڵام هێندەی پێ ناچی دەمرێ، سالێک دواتر دەمرێ، دوایە محەمەد عەلی شا دێ کە ئەویش بە شیدەت زیدی مەشڕووتییەتە کە دێ هێندەی پێ ناچێ ١٩٠٩-ی دەست پێ دەکا بە زیدی مەشڕووتە خوازان، ساختومانی مەجلیسێ تۆپباران دەکا، ڕووسەکان هێندێک پشتی دەگرن دوایە مەجبوور دەبن دواجار پشتی بەردەن چون لە تەورێزێ مەشڕووتەخوازەکان هەڵدەستنە سەر پێ و دەبێتە شەڕی نیزامی، لە ڕاستیدا دەبێتە موبارەزەی نیزامی. جا دە دوایە دا کە محەمەد عەلی شا لێ دەکەوێ ئەحمەد شا دێ وەک لە وێنەکاندا نێشان درا منداڵێکی چکۆڵەیە دوازدە ساڵی تەمەنە ئەگەر دەیهێننە سەر تەختی پادشایەتی. دەی وڵاتێکی ئاوا کە ٩٧ لە سەدی خەڵکەکەشی بێ سەوادە، لە هەموو بارێکەوە پاشکەوتووە، لە وڵاتێکی کە ٩٧ لە سەدی بێ سەوادە و دین بە سەر ئوسوولی ژیانی خەڵکیدا زاڵە، وڵاتێکی ئاوایە، وڵاتێکی دەوڵەمەندە بەڵام بێ ساحێبە و بۆیەش ئەو هێزە گەورانە وەکوو ڕووسیا و ئینگلیس تەماحیان تێ کردووە و پێیان خۆشە بچن لە سەرچاوەکانی ئیستیفادە بکەن.زۆر سادەیە شتەکە.
قازی: پاشانەکە پێوەندی و هاوپەیمانی ڕووسەکان و مەسیحییەکان چۆن بووە، بەشێک ئەوە بووە کە داوایان هەبووە لە عوسمانییەکان کە بتوانن هەم هەبوونی ئەرمەنییەکان و لە هێندێک ناوچەی دیکە ئاسۆڕییەکان و جیلۆ و ئەوانەیان کە هێناویاننە ناوچەی ورمی بپارێزن. لەو بارەیەشدا ئەگەر هێندێک قسە بکەی بەکەلک دەبێ.
قادری: ڕووسەکان هەمیشە خۆیان پێ حافز و پارێزەری کەمایەتییە مەسیحییەکانی نێو عوسمانی بووە، هەمیشە وەکوو هێزێکی ئاوا ناسراون. بە تایبەت هەرمەنییەکان یەکجار زۆر پشتیان بە ڕووسەکان بەستبوو چونکێ یەک بە دوای یەکدا ئەو وڵاتانەی کە لە ژێر چەنگی عوسمانیدا بوون سەربەخۆ ببوون. یۆنان بوو، ڕۆمانی بوو، وڵاتەکانی سربستان و مۆنتێنێگرۆ ئەوانە وردە وردە لە ئیمپراتووری عوسمانی جوێ ببوونەوە، ببوونە وڵات بۆ خۆیان، دواجار هەرمەنییەکانیش سەودای وەیان دە سەر دابوو کە وڵاتی خۆیان هەبێ، بەحەقیش سەودای ئەوەیان دە سەر دابوو چونکێ میلەتێکی قەدیمین، مێژوویەکی زۆر دوورودرێژیان هەیە و دەیانتوانی ببن بە وڵات، لە ئاکامدا پشتیان بە ڕووسەکان بەستبوو. دیارە وەکوو دەزانین دە ئیمپراتووری عوسمانیدا لە وڵاتە موسوڵمانەکان مەسیحێکانیان بە چاوی شارومەندی دەرەجە دوو چاو لێ دەکرد، ئەوان ئەو حەقانەیان نەبوو کە موسوڵمانەکان هەیانبوو، ژێر دەستی موسوڵمانەکان بوون. دیارە لە شارە گەورەکان وا نەبوو بەڵام لە دێیەکان و ئەو ناوچانەی کە وەرزێری لێ دەژیان و هەم مەسیحی لێ بوو و هەم موسوڵمان ئەوانەی کە موسوڵمان بوون  مەسیحییەکانیان بە کەمتر لە خۆیان چاو لێ دەکرد. دیارە ئەهلی کتێب بوون، بەڵام موسوڵمان نەبوون. ماڵیاتی جۆر بەجۆریان لێ وەردەگرتن، فشاریان بۆ دەهێنان و ئەو ئیحتیڕامی کە لازم بوو نەیانبوو، بەرابەرییان نەبوو بەڕاستی، حقووقیان دیار نەبوو. کێشەکە لە ئەوەڵەوە لە سەر ئەوە دەستی پێکرد کە ئەوانیش حەقی خۆیان دەویست، دەیانویست ڕێفۆرمێک بکرێ و ساحێبی حەقی خۆیان بن. ڕووسیا هات پشتی گرتن و دیتمان کە دوای کۆنگرەی بێرلەنیش هیچ کارێکی وای بۆ نەکردن، داوای چەند ڕێفۆرمی کرد و ئەوانەش وای لێ هات کە حکوومەتی عوسمانی زۆرتر توندوتیژی کرد لەگەڵ هەرمەنییەکان. بە دوای ویدا کە شەری ئەوەڵی جەهانی هەڵگیرسا هەرمەنییەکان بەشێکیان چوونە نێو سپای ڕووسیای لە قەفقازێ و بەشێکیش لە هەرمەنییەکانی تورکیای عوسمانی چوونە نێو سپای ڕووسیای زیدی تورکەکان دەستیان کرد بە شەڕ کردن، ئەوانە هەر ئاوا شەڕیان دەکرد هەتاوەکوو مەسەلەی ئاسۆڕییەکانیش هاتە پێشێ. ئاسۆڕییەکانیش کە بەشێکیان لە ئێرانێ دەژیان و بەشێکیان لە عوسمانی دەژیان، لە کوێستانەکانی حەکاری دەژیان ئەوانەی کە زۆر شەڕانی بوون، جیلۆ یەکێک لە عەشیرەتەکانیان بوو، توخمەوتەیاری و چەندین عەشیرەتی دیکەشیان هەبوو. ئەوانە لەو مەنتەقەی حەکاری دەژیان و جۆرێک سەربەخۆ بوون، بە هەموو شتێکیش ئەوڕۆ دەرکەوتووە کە بە شێوەی ژیان، بە جلوبەرگ و شێوەی شەڕ کردن، شێوەی هەستان و دانیشتن زۆر شتیان لەگەڵ کوردان یەک بووە، زۆر نزیک بوون. وەختێک کە شەڕ توند دەبێ لە بەینی، جارێ وەکوو مێژوو وەبیر بێنمەوە کە شەڕ لە ٣١-ی ژووییەی/ ١-ی ئووتی ١٩١٤ دەست پێ دەکا، شەڕی یەکەمی جیهانی. تورکیای عوسمانی و ئێران هەوەڵێ بێ تەڕەفن، هەر دووکیان بێ تەڕەفن بەڵام عوسمانی هەر لە مانگی ئووت لەگەڵ ئەڵمانییەکان ڕێککەوتننامەیەکی پێکەوە ئیمزا دەکەن و دە مانگی ئۆکتۆبر دا، پێم وابێ لە ٢٩-ی ئۆکتۆبر دا تورکیا دژی ڕووسیا شەڕ ڕادەگەیێنێ، لە نەتیجە دا دێتە نێو شەڕ بێ تەڕەفییەکەی خۆی تەواو دەکا. کە ئەوانە دێنە نێو شەڕێ ئەو سەفەرەی مەسەلەی ئاسۆڕییەکان دەمێنێتەوە کە ئەوانیش مەسیحین عوسمانییەکان زۆریان حەول لەگەڵ دەدەن کە بیانهێنن بۆ نێو خۆیان  کە مەسەلەی هەرمەنییەکان تێکرار نەبێتەوە، ئەگەر نایەن دەنێو لەشکری عوسمانییەوە شەڕ بکەن لانی کەم بێ تەڕەف بمێننەوە. بەڵام دواجار مارشیمون بڕیار دەدا، مارشیمۆن کە سەرۆکی دینیانە بڕیار دەدا کە بێ بۆ لای ڕووسەکان و ئەو دەمییە کە لە ساڵی ١٩١٥نزیکەی ٣٠ تا ٤٠ هەزار پەنابەری ئاسۆری  دێنە نێو ئێرانێ بە هیوای وەی کە لە بن حیمایەتی  ڕووسیای بتوانن خۆیان بپارێزن و هەڵبەت لەو شەڕەش دا بەشداری بکەن.
قازی: تەنانەت باسی ئەوەش کراوە کە نەخشەیەکی وا هەبووە لە ناوچەی ورمێ دەوڵەتێکی مەسیحی دروست بکرێ.
قادری: ئاخر وەختایەکی ئەوانە دێن وەکوو پەنابەر نیکیتین باسی دەکا دەڵێ ئەوان کە هاتن وڵاتێکی ورد و وێرانمان دە بەر دەستی دابوو، خودی مەسیحییەکانی کە لە شارەکانی ئەو ناوچەیەیدا دەژیان وەزعیان زۆر خراپ بوو، دەڵێ جارێ زۆرمان بۆ زەحمەت بوو کە ئەو سی چل هەزار نەفەرەی دامەزرێنین. بۆ خۆی دەلێ ئەمن دە هەتا پازدە هەزار نەفەرم وەرگرت و ئەوانەم لە دێیە هەرمەنییەکان، مەسیحییەکان دانا کە بەجێیان هێشتبوو، هەڵاتبوون لە ترسی حەملە و شەڕی تورکەکان دەڵێ ئەوانەم لەوێ دامەزراند  بە هەرحاڵ ئەوانە لەوێ دادەمەزرێنن و خەریک دەبن جار و بار لێر و لەوێ بە شەڕیان دەدەن.
قازی: زۆر باشە، ئێستا ئێمە ئەگەر دەو چوارچێوەیە دا هێندێک باسی خودی قەتڵی عامەکەی سابڵاغێ بکەین و ئەوەی کە لەوێ کراوە. بە پێی لێکدانەوەیەکی کە لێکۆلەرەوەیەکی کورد بەڕێز سەید عەبدوڵا سەمەدی کردوویەتی بە پێی خاتراتی کەسێک بە نێوی میرزا وەهاب پەرویزی باسی ئەوە دەکا کە سپای ڕووس لە ١٤-ی رەبیعول ئەوەڵی ١٣٣٤-ی مانگی ڕێکەوتی ٢٠-ی ژانڤییەی ١٩١٦ زایینی و ٢٩-ی بەفرانباری ساڵی ١٢٩٤-ی هەتاوی هاتوونەتە نێو سابڵاغێ کە ڕۆژێکی پێنجشەمە بووە و دوای ئەو قەتڵی عامەی کە ئەو دەمی کردوویانە لە سابڵاغێ دیسان بە پێی یادداشتی میرزا وەهاب ٢٨-ی ربیعولسانی ١٣٣٤-ی مانگی کە ڕێکەوتی ٣-ی مارسی ١٩١٦-ی زایینی و ١٣-ی ڕەشەمەی ١٢٩٤-ی هەتاوییە کە ڕۆژێکی جومعە بووە لە سابڵاغێ دەرکەوتوون.
ئەمن بۆیە ئەوەم خوێندەوە چونکە ئاکتۆری جۆر بەجۆر سەبارەت بەو قەتڵی عامە ناویان دێتە گۆڕێ، کوردەکان زۆر ساڵداتی ڕووسیان کوشتووە لە سەر ڕێگا و بانان، یانی مرۆ دەبێ هەر دوو لای ببینێ، بەڵام شتێکی کە زۆر چاوڕاکێشە دەو پێوەندییانە دا ئەو یارمەتییەیە کە بە خەڵکەکە کراوە دە وەختی قەتڵی عامەکەدا کە هێندێک لەوە دەگەڕێتەوە بۆ بنەماڵەی ئێوە، یانی ماڵی میرزا حاجی، ئاغای ئیقباڵی کە ئەویش هەر لە قادرییەکانی سابڵاغێ یە. دیارە دەو کتێبەی بەڕێز وەلیانی دا خەڵکی جۆر بە جۆر باسیان کردووە و دوو نووسین و وەرگێڕانی منیشی تێدایە دەو کتێبەدا، بەڵام ئەگەر هێندێک باس بکەی بزانین بە چ شێوەیەک بووە قەتڵی عامەکە لەوەندە کاتەی کە ماومانە.
قادری: لە ٢٠-ی ژانڤییەی کە ڕووسەکان دێنە نێو سابڵاغێ و ئەرتەشی عوسمانی شکست دەدەن و ئەوان لە بەریان هەڵدێن، عوسمانییەکان هەڵدێن ڕووسەکان دێنە نێو سابڵاغێ
قازی: ئەوە دوای کوشتنی ئیاسە.
قادری: بەڵێ. ئیاس لە ٢٩-ی دیسامبری ١٩١٤ کووژراوە، ڕووسەکان لە ٢٠-ی ژانڤییەی ١٩١٦ یانی کەمێک زیاتر لە دوو ساڵ دواتر دێنە نێو سابڵاغێ، پێشتر چەندین جار حەول دەدەن، چەندین شەڕ  دەکرێ، عوسمانییەکان و کوردەکان،سوارەی کوردیشیان زۆر دەگەڵ بووە، بەهەمەحاڵ وەختێک سابڵاغێ دەگرن لە ٢٠-ی ژانڤییەی هەتا ٢٣-ی ژانڤییەی سێ شەو و سێ ڕۆژان کوشتار دەکەن
قازی: هەر ئەو دەمییە کە قازیی فەتاح دەکووژرێ.
قادری: بەڵێ قازیی فەتاح دەکووژرێ، جەماعەتێکی دیکەش دەکووژرێن، عوسمانییەکان پاشەکشەی دەکەن هەڵدێن.
قازی: یانی موقاوەمەتی چەکداری نامێنێ.
قادری: بەڵێ نامێنێ. دێن لە لای خەزایی و لە لای پردی سوورەوە دێنە نێو سابڵاغێ، سابڵاغێ دەگرن و دەستبەجێ دەست دەکەن بە قەتڵی عامی خەڵکی. ئیدی ڕوحم بە هیچکەس ناکەن ورد و درشت دەبەر دەستیان دا نامێنی، ژنان ئەتک دەکەن،پیاوان دەکووژن، منداڵان بە داشقان دەگوێزنەوە دەرەوەی شاری دەیانکووژن. ئەوەی کە لە دەستیان هات لە قەساوەت، لە بێ ڕوحمی دەرحەق خەڵکی شارەکەیان کرد. ئەوانەی کە توانیان نەجات پەیدا بکەن زۆر کەم بوون، سابڵاغ ئەو دەمی دەتوانین بڵێین  بەینی دەهەزار تا چاردەهەزار نەفەری نفووس بووبێ، دیار نییە چونکە هەر کەسەی شتێکمان پێ دەڵێ هێندێک دەڵێن دەهەزارنەفەر بووە، هێندێک دەڵێن دوازدە هەزار نەفەر بووە، هێندێک دەڵێن چاردە هەزار. ئەگەر چاو لە ژمارەی ئەو کەسانەی کە کووژران بکەین  دەبینین دەبێتە نزیکەی دە هەزار نەفەر. میرزا محەمەدی ئیقباڵی کوڕی میرزا ڕەحیم ئیقباڵی گوتوویە ژمارەی ئەو مەیتانەی کە بۆخۆم بژاردوومن ٨٩٨٠ نەفەر بوون.
قازی: دیارە ئەو میرزا محەمەد ئیقباڵیش لە قادرییەکانی سابڵاغێ  بووە.

دوکتور سوهەیلا قادری لە بەر پۆرترەی میرزا حاجی قادرۆف بازرگانی سابڵاغی کە بەسەدان کەسی لە دەستی قازاخی
رووس نەجات دا
قادری: بەڵێ یەک خانەوادەن دوایە بەشێکیان بوون بە قادری، بەشێکیان بە ئیقباڵی. ئەو سەفەر میرزا حاجی کە دەبێتە باپیری بابم، باپیری گەورەم تاجر بووە، دەگەڵ ڕووسەکان تەجاڕەتی کردووە، تەجاڕەتی مازوو و تووتن و پێست و خوری و هتاد و لە ڕووسیاش ڕا شتی هێناوە. ئەوەلین کەس بووە کە سەماوەری هێناوەتە سابڵاغێ. میرزا حاجی دەفتەرێکی هەبووە لە مەسکەوێ، تاجرێکی خۆش نیو بووە نێوانی لەگەڵ ڕووسەکان خۆش بووە چ لە مەسکەوێ و چ کاتێک ئەوانە هاتوونە سابڵاغێ میوانی بوون، زمانی ڕووسی باش زانیوە، هەم بۆخۆی هەم کوڕەکانی. لەئاکامدا پێوەندییەکی خۆشی بازرگانی هەبووە دەگەڵ ڕووسەکان. وەختێک کە ئەو قەتڵی عامە دێتە پێشێ میرزا حاجی جلوبەرگی ڕووسی دەبەر دەکا دەبەر کوڕەکانیشی دەکا دەیاننێرێتە بەر دەرکەی بۆخۆشی دەچێ ساخارۆف ژەنەڕاڵی سەرفەرماندەی ڕووسەکان دەبینێ. بە کوڕەکان دەڵێ دەرگای ماڵێ بکەنەوە هەر کەس هات دەرکەی لێ بکەنەوە بیبەنە نێو عەمبارەکان. عەمبارەکان ئەو دەمی بەتاڵ دەبن، تەواوی ژێرخانەکانی ماڵی باپیرم جێگای تووتن و ئەوشتانە بووە کە فرۆشتوویەتی، ئەو دەمی زستان دەبێ عەمبارەکان بەتاڵ دەبن، دەرکەکان دەکەنەوە هەرکەسێک کە دێ دەتوانێ پەنا بەرێ بۆ وێ لەوێ ڕایدەگرن و سەربازە ڕووسەکانیش ناوێرن توخونیان بن چونکی زمانی ڕووسی دەزانن، ماڵی قادرۆف یە، ئەو دەمی ڕووسەکان پێیان دەکوت قادرۆف. لەبەر ئەوەی ماڵی قادرۆفی بووە وەک شتێکی ئیحتیڕامی بۆ دادەنێن، بەو شێوەیە دەتوانێ خەڵکێکی زۆر نەجات بدا، ناتوانم بڵێم چەند. خزمەکان دەڵێن بەینی هەزار تا دوو هەزار نەفەر. ئەمن شتێکی وام بەدەستەوە نییە کە ئەوڕۆکانێ پێی لە سەر دابگرم. بەڵام ئەوشتەی کە بۆ ئێمە ماوەتەوە ئێستاکانێ خاتراتێکن کە لە قەدیم ڕا ماونەوە کە نەنکم گێڕاویەتەوە شەوکەت خانمی شاتری کە دەبێتە دایکی بابم وەختی خۆی ئەو دەمی تازە بووکی ماڵە حاجی غەفوور بووە. ماڵی حاجی غەفووری گەورەیان پێ دەگوتن ئەو دەمی. دەگێڕێتەوە کە ئەو عالەمە دەو ژێرخانانە دا بوون، دەو عەمبارانە دا بوون و تەواوی خانمەکانی ماڵێ و کاردارەکان و ئاشپەزەکان چێشتیان لێ دەنا و خەڵکەکەیان نان دەدا ماوەی تەقریبەن حەفتەیەکی  هەتاوەکوو وڵات ئارام دەبێتەوە، ئەهوەن دەبێتەوە و ئەمان دەدرێ دەتوانن خەڵکەکە بێنە دەرێ. جا بۆ ئەوەی کە ئەمانیش بدرێ هەر خودی میرزا حاجی دەگەڵ میرزا محەمەد ئیقباڵی، خزمی خۆشمە.

لە ڕاستەوە: میرزا ئەحمەدی کوڕی گەورەی میرزا حاجی قادری لەگەڵ دوو ناسیاوی شارومەندی ڕووسیا

قازی: ئەمن دیتبووم دەزانی!

وێنەیەک ئی بەرایی ساڵانی ١٩٤٠-ی زایینی لە ڕاستەوە ١- نەناسراو، ٢- میرزا محەمەد ئیقباڵی (قادری)، ٣- ڕەحیم سەیفی قازی [ دوکتور ڕەحیم قازی دواتر]، ٤-مام ڕەزاقی فەتاحی قازی، ٥- نەناسراو، ٦- نەناسراو
وێنە: خەلیل فەتتاحی قازی، کورتەمێژووی بنەماڵەی قازی لە ویلایەتی موکری

قادری: دەگەڵ میرزا محمەد ئیقباڵی و دەگەڵ ئاغای ئەشعەری کە پێم وابێ ئەو دەمی لە سابڵاغێ کاربەدەستی ئیدارە بووە، چونکە خودی حاکمی سابڵاغێ ئیمام قوڵی میرزا، سابڵاغی بە جێ هێشتبوو لە مێژ بوو چوو بووە تەورێزێ، ئەوەی کە ڕووسەکان دێن، ئەوەی کە توانیان ژن و منداڵی خۆیان دەرباز کرد.
قازی: دیارە پێش ویش ئەو حاکمەی کە کورد بووە واتە محەمەد حوسێن خانی سەردار موکری تورکەکان لە مەراغە کوشتیان.
قادری: بەڵێ وایە بە داخەوە، ئەو بوو، سەیفەدین خانی ئەردەڵان بوو کە گرتیان لە سەقزی هەر دووکیان لە مەراغەی لە دارێ دان و لە پاشان میرزا حەمەخانی بانەی بوو کە ئەویان لە بانەی ئێعدام کرد.
قازی: ئێستا لە بیرمان نەچێ کە لە دەورو بەری سابڵاغێ، لە دێیەکانیش خەڵکێکی زۆر کووژران.
قادری: بەڵێ لە ئیندرقاش و لە قوم قەڵاو، لە کەرێزە و لە تەواوی دێهاتی شاروێرانی کوشتارێکی زۆر کرا. ئێستا ئەمن پێم وایە ژمارەی ئەو کەسانەی کە دەڵێن دەهەزار نەفەر بووە بە ئیحتیمالی زۆر، زۆر زۆرتر بووە چونکی کەس نەچووە ئەو دەمی سەرژمێری بکا بزانێ چەندە کەسیش لەو دێ و دێهاتەی قەتڵی عام کراون بە دەست ئەڕتەشی ڕووسیای. جا وەک عەرزم کردن خەڵک یا دەبوو پەنابەرێ بۆ ماڵی جوولەکەکان یان ساختومانی ئیدارەی گومرگ بوو پەنایان بۆ بردبوو، خەڵکێکی کەم نەجاتی بوو. ئێستاش پێم وا بێ کەس نییە لە سابڵاغێ ژیا بێ و خەڵکی سابڵاغێ بێ و چەندین نەسل دوایەش خاترەیەکی نەبێ لەو مەسەلەی.
قازی: بەڕێز پەریزادی موعینی هەر لەو کتێبەی وەلیانی ش دا باسی ئەشکەوتی سەهۆڵخانەی سابڵاغێ دەکا کە خەڵک خۆیان تێدا شاردووەتەوە.
قادری: بەڵێ دوایە گۆیا عەجەمێک دەچێ و خەبەریان لێ دەدا و ئەو عالەمەی یەک یەک دێننە دەرێ و دەیانکووژن.
قازی: باشە ئێستا ئەگەر ئێمە قسەکانمان کۆ بکەینەوە سەر یەک پێت وایە سەبارەت بە قەتڵی عامێکی ئاوا چ دەکرێ. ئەو دەمی ڕەنگە چ کۆنڤانسیۆن، پەیماننامەی نێونەتەوەیی ڕەنگە نەبووبێ بۆ پێڕاگەیشتن بە جینایەتی ئاوا بەڵام ئێستا زۆر کۆنسێپت و چەمک هەیە جینایەتی شەڕ هەیە، جینایەت دژی بەشەرییەت هەیە، جێنۆساید هەیە. لەو پێوەندییانە دا لایەنی کوردی یا خەڵکی سابڵاغێ یا دەوڵەتی ئێرانێ چی پێ دەکرێ چونکە هەر چۆنێک بێ ئەو جینایەتە لە شوێنێک کراوە کە ئەو گۆیا لەوێ حاکمییەتی میللی هەبووە، چ دەکرێ لەوبارانەوە؟
قادری: وەختی خۆی دەوڵەتی ئێرانێ کە کۆنفڕانسی سوڵحی پاریسێ دەگیرێ لە ١٩١٩ ی نامەیەکی دەنووسێ وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێرانێ بۆ سەرۆکی ئەو کۆنفڕانسەی دەڵێ ئیجازەمان بدەن با ئێمە وەکوو وڵات بێین داوای غەرامەت دەکا لە ڕووسیا و لە تورکیای عوسمانی و لە ئاڵمانێ. داوای غەرامەت دەکا، دەڵێ ئێمە وڵاتێکی بێ تەڕەف بوون ڕووسەکان هاتوونە نێو وڵاتی ئێمە خەڵکیان کوشتووە، تاڵانیان کردووە، قەتڵی عامیان کردووە، وڵاتی ئێمەیان وێران کردووە و دە دوایەدا دەڵێ ئەوانە مەسئوولی ئەو قات و قڕییەن کە دوایە هات چون بە ئەڕتەشەکانیانەوە، بە هێزەکانیانەوە هاتن ماڵی خەڵکیان خوارد گەنم و ئەوە نەما، دیارە هەڵبەت  ئیحتیکاریشیان کرد بوو ئەو دەمی قیمەتی گەنمیان زۆر بردبووە سەرێ. ئەم وێنەیەش کە ئێستا هاتە سەر ئەکران ئەوە میرزا ئەحمەدی مامی بابمە کوڕی گەورەی میرزا حاجی بووە، وختی خۆی ئەویش چووەتە بەر دەروازەی خەڵکی هێناوەتە ژوورێ، کە حەشاریان بدا. ئێرانییەکان چوون داوایان  کردووە گوتوویانە ئێمە غەرامەتمان دەوێ، هەتا باسی مەسەلەی ئەرزیشیان کردووە گوتوویان وەختی خۆی بۆ ئەوەی ئێمە " موحەمەرە" ی ڕاگرین مەجبوور بووین " سولەیمانی" مان داوە بە عوسمانییەکان، لەباکووری ئێران زۆر شوێنمان هەبووە کە ڕووسیا لێی ئەستاندووین، بە کورتی داواکان زۆر بەربڵاون. نامەیەکی زۆر سادەی سکرتێری گشتی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی فەڕانسەی هەیە بۆ سەفیری فەڕانسەی لە تارانێ دەنووسێ دەڵێ ئێران وڵاتێکی بێ تەڕەفە نەهاتووەتە نێو ئەو شەڕە کە وا بێ بە هیچ تیتر و عینوانێکی ناتوانێ دەو کۆنفڕانسەیدا بەشداری بکا. ئێوەش وشیار بن خەریکن کێشەمان بۆ ساز کەن بۆ ئەو وڵاتانەی کە پێکەوە هاوپەیمان بووین. دە پێشدا دەنگۆی ئەوەی هەیە لە ساڵی ١٩١٥-ی ئێران ویستوویەتی بێتە نێو شەڕێ چونکە دیتوویەتی وڵاتەکەی بە هەرحال دەنێو شەڕەکەی دا دەرگیرە، گوتوویەتی با ئەمنیش بێ لایەنی خۆم لابەرم .
قازی: دیارە بە دوای ئەو کوشتارە دا ئیدی قاتی و قڕییەکی زۆر هەموو ئێرانی داگرتووە.
قادری: بەڵێ بەداخەوە بە تایبەتی لە کوردستان و مەنتەقەی ڕۆژئاوای ئێرانێ.
قازی: ئێستا ئەگەر کورتی بکەینەوە پێت وایە چ دەکرێ؟
قادری: چونکە ئەمن بەشێکیش لە سەر مافی مرۆڤ کارم کردووە هیچ دادگایەک و هیچ ئەنیستیسیۆنێک لە دنیا پێک نەهاتووە بۆ ئەوەی لە سەر جینایەتەکانی شەڕی یەکەم کارێکی بکا. ئەو جینایەتانە یەک و دوو نەبوون، یەکجار زۆر بوون. ئەو دادگایانەی کە پێک هاتوون و ئێستا پێ ڕادەگەن بە تایبەتی پاش شەڕی دووەم لە دادگای نۆرنبێرگ دەستیان پێ کرد و جینایەتکارانی شەڕیان محاکەمە کرد نەک وڵاتەکان، دە دوایەشدا ئێستا دواجار دادگەی نێونەتەوەیی جینایی هەیە لە دنیایێ دا پێک هاتووە، ئەوانە زۆرتر بە  تاوانکاری شەخسی یانی تاقە کەسی ڕادەگەن وا نییە کە شتێک بە گشتی بچێتە بەردەم ئەو دادگایەی. و هەر وەها هەر سکاڵایەک بێ دەبێ دەوڵەتەکان بەرزی کەنەوە چونکە ئەو دادگایانە بە شکایەتێک ڕادەگەن کە دەوڵەتەکان دەیهێننە گۆڕێ. جا بۆیە ئەمن پێم وایە ئەگەر قەرار بێ جینایەتی شەڕی هەوەڵ بچێتە بەر دەم دادگایەکی ئەوەش جینایەتێکە کە دەتوانێ بچێ جا دوایە پسپۆڕان دەبێ بێن نەزەری لە سەر بدەن کە ئایا ئەوە ژێنۆسید بووە، ئایا جینایەتی شەڕی بووە، بەهەر حاڵ جینایەتی زیدی بەشەرییەتە وەختێک کە لە ئەسڵەکەی دەکۆڵینەوە. ئەگەر بێت و شتێکی وابێ قەتڵی عامی خەڵکی سابڵاغێ، وەک قەتڵی عامی خەڵکی ڕەواندزێ، وەک قەتڵی عامی خانەقین و ئەوانە لە بەشی کوردستان و کوردنشین دا لاپەڕەگەلی زۆر گەورەن کە دەتوانن بچنە بەردەمی دادگایەک. بەڵام دە حاڵی حازر دا ئەمن فکر دەکەم هیچ ڕێگایەک نییە بۆ ئەوە، هیچ نابینم، هیچ شتێک نییە کە ئەورۆ ئێمە بتوانین پشتی پێ ببەستین  و داوا بکەین بەو قەزیەیەی ڕابگەن.
قازی: بە تایبەتی کە شاکی شەخسیش کە هەر نەماوە ئیدی.
قادری: نەماون، بەڵێ هیچیان نەماون نە لە لای ڕووسان ماون، نە لە کوردستان ماون، لە نەتیجە دا فکر دەکەم کە ئەو کارە ناکرێ، بەڵام شایەد کاری ئەسڵی ئەوە بێ کە نەهێڵین ئەوە فەرامۆش بکرێ، لە سەری بنووسین، لە سەری بدوێین، حەول بدەین دەوڵەمەندتری بکەین بەو شتانەی کە ماون ئەگەر ئەو کەسانەی کە زمانی ڕووسی دەزانن یان تورکی دەزانن و دەستیان بە ئارشیوەکانی ئەو وڵاتانە ڕادەگا حەول بدەن ئەوانیش بە نۆرەی خۆیان بەشداری بکەن و ئیتیلاعاتی زیاتر بێنن بۆ ئەوەی کە بتوانین ئەوەی کە بەدەستەوەیە دەوڵەمەندتری بکەین. دەرسێکی گەورەیە فکر دەکەم دە مێژوو دا بۆ هەموو کەمایەتییەکان بۆ کوردەکان وەکوو موسوڵمان، بۆ هەرمەنییەکان وەکوو مەسیحی، و ئاسۆرییەکان ئەو میللەتانە هەر سێکیان قوربانی کران لە حەقیقەتدا بە پێی بەرژەوەندی وڵاتە گەورەکان. هەر سێکیان دەعوەت کردن بۆ کۆنفڕانسی سوڵحی پاریسێ و بە هەر سێکیان قەول دا کە وڵاتیان بۆ دروست کەن و دیتمان کە نەیان کرد و دە دوایەشدا ئاسۆرییەکان لە باقووبەی تەواو بوون تەنانەت نەیانتوانی بیاننێرنەوە حەکاری کە وڵاتی باب و باپیری خۆیان بوو، لەوێدا بژین. هەرمەنییەکان کە پرش و بڵاو بوونەوە لە پاش ئەو ژێنۆسایدە گەورەیەی کە لێیان کرا، تەقریبەن زۆر کەمیان مانەوە لە تورکیای و کوردیش دەبینین کە ئەوڕۆکانێ شەراییتەکەی چۆنە. بۆیە پێم وایە بۆ ئێمە دەبێتە دەرسێکی مێژوویی، بۆ ئێمە دەبێتە بیر کردنەوە لە سەر ئەوەی کە لە کام مەقتەع دا دە بەرانبەر کێهە قەول و قەرار دا و بۆچی دەتوانن هاوکارێ بکەین دەگەڵ ئەو زل هێزانە کە هەمیشە بەرژەوەندی خۆیان لەبەر چاوە.


قازی: زۆر باشە بەڕێز دوکتور سوهەیلا قادری هیوادارم لە سەر ئەو لێکۆڵینەوەیە بەردەوام بێ و ئەو پەیامەش کە ناردت خەڵکی دیکەش ئەگەر زانیارییان هەیە بە تایبەتی لە مەڕ سەرچاوەی ڕووسی و عوسمانیدا بتوانن یارمەتیدەر بن، زۆر زۆر سپاست دەکەم بۆ بەشداریت لە بەرنامەی ڕاوێژ دا.
بینەرانی خۆشەویست بەمجۆرە ڕاوێژی ئەمجارەشمان بە کۆتا دێنین تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش،

تێبینی: ئەم بەرنامەیە ئێوارەی چوارشەمە ٢٣-ی فێڤرییەی ٢٠٢٢ لە تێلێڤیزیۆنی ستیرکدا بڵاو کراوەتەوە. ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە دەکرێ لە ماڵپەڕی ستێرک تیڤی، مەکۆی ڕاوێژ لە تۆرێ کۆمەڵیی یوتیوب و ئینستاگڕامدا تەماشا بکەن.  

 https://sterktv1.net/2000-rawej-23-02-2022/

https://youtu.be/2O6tdtFX6Po

https://www.instagram.com/p/CaXEwsxPGW5/

 

پاشکۆ

 ڕیوایەتی خەلیل فەتاحی قازی سەبارەت بە کوشتاری خەڵکی سابڵاغ و دەورو بەری بەدەست ئەڕتەشی

 ڕووسیای قەیسەری
....دواتر ڕووداوه‌کانی مه‌شڕووته‌ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی محه‌مه‌د عه‌لیشا له‌ گه‌ڵ مه‌شرووته‌خوازان هاته‌ پێشێ. خودالێخۆشبوو میرزا فه‌تتاح له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که‌ دژی زۆرداری و سه‌ره‌ڕۆیی بووه‌ دیار نییه‌ له‌ سه‌ر چ بنه‌مایه‌ک  له‌ گه‌ڵ ده‌ستوپێوه‌ندی محه‌مه‌د عه‌لی شای قاجار هاوکاری کردووه‌ و بۆ ماوه‌ی درێژ له‌ گه‌ڵ سواره‌کانی له‌ مه‌راغه‌ و ته‌ورێز له‌ گه‌ڵ له‌شکری حاجی سه‌مه‌دخانی شوجاعوده‌وله‌ بووه‌. دواجار له‌شکری ڕووسیای قه‌یسەری دوای زنجیره‌یه‌ک شه‌ڕ و پێکدادان  له‌گه‌ڵ مه‌شرووته‌خوازان دێنه‌ نێو ته‌ورێزه‌وه‌ و شوجاعوده‌وله‌ ئه‌وه‌ی جینایه‌ت و خوێنڕێژییه‌ له‌ ته‌ورێز کردوویه‌تی و ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ ئازادیخوازانی له‌وانه‌ سیقه‌تولئیسلام و شێخ سه‌لیم و هێندێک که‌سی دیکه‌ی له‌ سێداره‌ داوه‌، خودالێخۆشبوو قازی فه‌تتاح جگه‌ له‌وه‌ی که‌ له‌گه‌ڵ شێوه‌ کاری شوجاعوده‌وله‌ و جینایه‌ت و پیاوکوژییه‌کانیدا نه‌بووه‌، هه‌میشه‌ بۆ ڕزگارکردنی ئازادیخوازان له‌ به‌ڵای شوجاعوده‌وله‌ تێکۆشاوه‌ و ژماره‌یه‌کی زۆری له‌ وان له‌ مردن ڕزگار کردووه‌.

      له‌ سه‌رده‌می شه‌ڕی دنیاگره‌وه‌ی یه‌که‌مدا میرزا فه‌تتاحی قازی له‌ گه‌ڵ تورکه‌ عوسمانییه‌کان ڕێک که‌وت  و به‌دژی  ڕووسه‌ قه‌یسه‌رییه‌کان شه‌ڕی کرد. له‌ ساڵی ١٣٣٤ی کۆچیی مانگی (١٩١٦-ی زایینی)  هێزێکی گه‌وره‌ی ڕووسان به‌ سه‌رکرده‌یی بالاساخارۆف و چرنۆزویێڤ   هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ر هێزێکی که‌می تورکانی عوسمانی که‌ له‌ مەهاباد دامه‌زرابوون. هێزه‌ عوسمانییه‌کان  له‌ وزه‌یان دا نابێ خۆڕاگری بکه‌ن دوای چه‌ند سه‌عات پێکدادان تێکده‌شکێن و شاره‌که‌ له‌ لایه‌ن ڕووسانه‌وه‌ داگیر ده‌کرێ.

     خودالێخۆشبوو قازی فه‌تتاح بۆخۆی له‌ گه‌ڵ چه‌ند که‌س له‌ نۆکه‌ران و کوڕه‌کانی له‌ خانوویه‌ک دا که‌ ئێستا وێران بووه‌ و به‌ مه‌دره‌سه‌ی عوسمانیان به‌نێوبانگ بوو و ئێستا به‌شێکی  له‌ لایه‌ن شێر و خورشیدی مەهاباده‌وه‌ کراوه‌ به‌ گه‌رماو، خه‌ریکی شه‌ڕ ده‌بن له‌ گه‌ڵ هێزی ڕووسه‌کان. دوای ماوه‌یه‌ک شه‌ڕ و ته‌قه‌  ئه‌ستوونێکی سواره‌ نیزامی ڕووسی له‌ ڕێگای دێی که‌رێزه‌ وباغی مکاییل و پردی سووره‌وه‌ هێرش ده‌هێنن و ده‌گه‌نه‌ نزیک  گۆمی قازی له‌ لێواره‌ی ڕۆژئاوای شاری مەهاباد. له‌وکاته‌ دا کوڕه‌کانی به‌ خودالێخۆشبوو میرزا فه‌تتاحی قازی ده‌ڵێن که‌ قوشوونی ڕووسه‌کان زۆر به‌هێزه‌ و ئێستا خۆی خزاندووه‌ته‌ هێندێک له‌ شوێنه‌کانی شار  و هێزه‌کانی عوسمانی هه‌ڵاتوون  و دوای چه‌ند ده‌قیقه‌ی دیکه‌ شار ده‌شکێ و ڕووسه‌کان داگیری ده‌که‌ن، باشتر وایه‌ ئێمه‌ش له‌ شاری بچینه‌ ده‌رێ. میرزا فه‌تتاحی قازی له‌ وڵامدا ده‌لێ : ئه‌من ناتوانم زیندوو بم و ببیسم له‌شکری ڕووس هاتوونه‌ته‌ نێو سابڵاغێ. دوایه‌ میرزا فه‌تتاح داوای ئه‌سپه‌که‌ی ده‌کا که‌ سوار بێ، له‌ کاتێکدا که‌ پێ  ده‌ ڕکێفی ده‌نێ  چه‌ند گولله‌ له‌و موسه‌لسه‌لانه‌ی ‌ له‌ ته‌په‌ی قازی دایانمه‌زراندبوون ، نێوچاوانی ده‌پێکێ و ده‌ستبه‌جێ شه‌هید ده‌بێ. له‌دوای شه‌هاده‌تی میرزا فه‌تتاحی قازی  نۆکه‌ر و کوڕه‌کانی ناچار ده‌بن هه‌ڵێن و ته‌رمه‌که‌ی هه‌ر له‌وێ به‌ جێ ده‌هێڵن. پاشان  ته‌رمه‌که‌ ڕاده‌گوێزرێ بۆ مزگه‌وتی شاده‌روێشی و ڕووسه‌کان چه‌ندین جار وێنه‌ی لێ هه‌ڵده‌گرن.  که‌سێک به‌ نێوی کاکه‌ ڕه‌ش که‌ پێشتر دارۆغه‌ی حکوومه‌تی مەهاباد بووه‌ و خودالێخۆشبوو میرزا فه‌تتاحی قازی جارێکیان له‌به‌ر جووڵانه‌وه‌ی خراپی له‌ گه‌ڵ خه‌ڵک و ئازار دانیان سزای دابوو، نایه‌ڵێ ته‌رمه‌که‌ بنێژدرێ دوا جار دوای چل ڕۆژ ته‌رمه‌که‌ له‌ لای ڕۆژهه‌ڵاتی حه‌وشه‌ی مزگه‌وتی شاده‌روێش ده‌نێژدرێ.

       کوڕانی میرزا فه‌تاحی قازی له‌ گه‌ڵ له‌شکری تێکشکاوی عوسمانی له‌ ژێر فه‌رمانده‌ریی عومه‌ر ناجی به‌گ به‌ڕێگای گرده‌ به‌ردان، به‌ره‌جۆ، توخته‌، قۆڵغه‌ته‌په‌ هاتنه‌ گوندی باغچه‌ که‌ به‌شێکی ئی بابم خودالێخۆشبوو میرزا ڕه‌سووڵی فه‌تتاحی قازی بوو. زۆربه‌ی عه‌سکه‌ر عوسمانییه‌کان سه‌رما و به‌فری ڕێیه له‌ نێوی بردبوون و ژماره‌یه‌کی زۆریشیان ده‌ست و لاقیان سه‌رما بردبووی. مزگه‌وتی دێی باغچه‌یان کرد به‌ نه‌خۆشخانه‌ی عه‌سکه‌ره‌ برینداره‌کان. ئه‌و عه‌سکه‌رانه‌ دوای یه‌ک دووشه‌و حه‌سانه‌وه‌ به‌ره‌و دێی قاراوا له‌ نزیک بۆکان پاشه‌کشه‌یان کرد و دوای چه‌ند ڕۆژان ئه‌فسه‌رێکی عوسمانی هاته‌وه‌ دێی باغچه‌ و نه‌خۆش و برینداره‌کانی به‌سواری گوێدرێژ و ئێستر له‌ وه‌زعێکی زۆر دڵتاوێن و په‌رێشان دا به‌ره‌و نێوه‌ندی ئۆردوو برد.

هێزه‌کانی ڕووسییا‌ی قه‌یسه‌ری که‌ به‌ تووڕه‌یی و زه‌بروزه‌نگه‌وه‌ هاتبوونه‌ نێو مەهاباد ، ئه‌وپه‌ڕی دڕنده‌یی، دڵڕه‌قی و خوێنخۆرییان ده‌کار هێنا و له‌ هیچ جۆره‌ کاره‌سات و کوشت و کوشتارێک له‌ مەهاباد و دێیه‌کانی ده‌وروبه‌ری ده‌ستیان نه‌ پاراست، به‌ تایبه‌تی له‌ دێیه‌کانی قومقه‌ڵا، ئیندرقاش ، دریاز ، که‌رێزه‌. ده‌سته‌ ده‌سته‌ له‌ دانیشتووانی بێ ئه‌نوای لادێکان و شاری سابڵاغیان بێ هیچ به‌زه‌ییه‌ک به‌ قه‌داره‌ و شمشیر کوشت، کووچه‌ و کۆڵان و ماڵه‌کان و مزگه‌وته‌کان پڕ ببوون له‌ ته‌رمی پیر و لاو. بازاڕی مەهاباد و هێندێک ماڵه‌کانیان ئاور تێبه‌ردا ، له‌ وانه‌ ماڵی میرزا فه‌تتاحی قازی و ماڵی خودالێخۆشبوو قازی عه‌لی و خه‌ڵکیان به‌ زیندوویی سووتاند. به‌ کورتی ماوه‌ی حه‌وت شه‌و و ڕۆژ خه‌ڵکی بێ ئه‌نوای مەهاباد وده‌وروبه‌ریان دا ده‌م تێغی شمشیره‌کانیان .ته‌نێ ژماره‌یه‌کی که‌م توانیان له‌ نێو ئه‌شکه‌وت و ژێر خانان خۆیان حه‌شارده‌ن و هێندێکیش داڵده‌یان برده‌ به‌ر ماڵی سه‌رۆکی گومرگ و حاکم و یان ماڵی میرزا حاجی حاجی غه‌فوور که‌ پێوه‌ندی بازرگانی له‌گه‌ڵ ڕووسه‌کان هه‌بوو و
زمانی ڕووسی باش ده‌زانی ، هێندێکیش په‌نایان بردبوو بۆ ماڵه‌ جووله‌که‌کان، و یان که‌سانێک که‌ توانیبوویان به‌ر له‌ هاتنی ڕووسه‌کان ڕاکه‌ن، جگه‌ له‌ ژنان و منداڵی شیره‌خۆره‌ ، پاشماوه‌ی خه‌ڵکی شاریان کوشت.
ئاغای محه‌مه‌دی ئیقباڵی کوڕی خودالێخۆشبوو حاجی ڕه‌حیم [ قادری ] که‌ مه‌ئمووری پاراستنی هێمنی و کۆکردنه‌وه‌ و ناشتنی ته‌رمه‌کان بووه‌ ده‌ڵێ هه‌ر له نێو‌ مەهاباد دا هه‌شت هه‌زار و نۆسه‌د و هه‌شتا ته‌رمی دۆزیوه‌ته‌وه‌ و ناشتوویه‌ ، دیاره‌
 ڕووسه‌کان ژماره‌یه‌کی زۆریشیان له‌ ده‌وروبه‌ری شاری و کێوه‌ کان و باغه‌کان کوشتبوو که‌ له‌و هه‌ژماره‌ دا نین. دوای حه‌وتوویه‌ک قه‌تڵی عام . خودالێخۆشبوو میرزا حاجی حاجی غه‌فوور له‌ گه‌ڵ حاکمی ئه‌و کاتی سابڵاغ [ ئیمامقوڵی میرزا]  و ئاغای محه‌مه‌دی ئیقباڵی ده‌چنه‌ لای فه‌رمانده‌ری ڕووسه‌کان به‌ نێوی باڵا زاخارۆڤ که‌ له‌ خانووی پێشووی حاجی نازم ماڵی دانابوو و داوای لێده‌که‌ن ده‌ست له‌ کوشت و کوشتار هه‌ڵگرێ. فه‌رمانده‌ری نێوبراو دوای پاڕانه‌وه‌ و پێکێشی خودالێجۆشبوو میرزا حاجی و به‌ پێی ناسیاوی پێشووتر له‌گه‌ڵی به‌تێلێگراف داوخوازی لێبوردنی گشتی له‌ ئیمپراتۆری ڕووسییه‌ ده‌کا ، و داواکه‌یان ده‌په‌ژرێنێ.

     ڕووسه‌ قه‌یسه‌رییه‌کان له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی شه‌ڕی دنیاگره‌وه‌ی یه‌که‌مدا (١٩١٤- ١٩١٨ی زایینی) سه‌ده‌مه‌ی گیانی وماڵی زۆریان له‌ کوردستان دا. خودالێخۆشبوو میرزا فه‌تتاحی قازی کوڕی میرزا ئه‌حمه‌دی قازی و میرزا محه‌مه‌د عه‌لی گۆلێ کوڕی حاجی ڕه‌حیمی قازی و میرزا سه‌عید کوڕی قازی قادریان کوشت و ماڵی قازی عه‌لی و میرزا فه‌تتاحی قازی وقازی مونعیم کوڕی قازی وه‌هابیان ئاور تێبه‌ردا و دوا جار چوار له‌ کوڕانی میرزا فه‌تتاحی قازییان که‌ به‌ وه‌رگرتنی ئه‌مان له‌ ڕووسه‌کان، هاتبوونه‌وه‌ شوێنی خۆیان ( مه‌به‌ست ساوجبولاغی موکری یان مەهابادی ئێستایه‌) و بریتی بوون له‌ عه‌بدولره‌حمانی سالاری موکری، مه‌لا محه‌مه‌د، میرزا مه‌حموودی مه‌نسوور، میرزا ئه‌حمه‌د، وهه‌ر وه‌ها قازی له‌تیف برای میرزا فه‌تتاحی قازی و قازی عه‌لی و قازی مونعیم ( برازاکانی میرزا فه‌تتاح) یان بۆ به‌شداری له‌ جێژنێک دا بانگ ده‌که‌ن و له‌وێ هه‌موویان ده‌گرن و هه‌موویان جگه‌ له‌ قازی عه‌لی نه‌بێ دوورده‌خه‌نه‌وه‌ بۆ ڕووسییه‌. قازی عه‌لی دوو یان سێ جار ده‌گرن به‌ڵام هه‌ر جاره‌ی دوای چه‌ند ڕۆژ به‌ری ده‌ده‌ن.

عەبدولڕەحمان جەوانمەردی قازی ( سالاری میرزا فەتاحی)

ئاغایانی نێوبراو دوای گۆڕانی ڕێژیمی ڕووسیا‌ له‌ ساڵی 1917 هه‌موویان به‌ سڵامه‌ت هاتنه‌وه‌ نیشتمان. ئاغایانی نێوبراو جگه‌ له‌ ئاغای سالار و مه‌لا محه‌مه‌دی حاجی ئاباد ئێستا هه‌موویان  وه‌فاتیان کردووه‌. نووسه‌ر حاڵی حازر ده‌ستم به‌ ئاغایانی نێوبراو (ئاغای سالار و مه‌لا محه‌مه‌دی حاجی ئاباد) ڕاناگا تا له‌ زانیارییه‌کانیان که‌لک وه‌ربگرم. چونکوو ئێستا که‌ ئه‌و بیره‌وه‌رییانه‌ ده‌نووسمه‌وه‌، له‌ ته‌ورێزم و ئه‌وانیش له‌ دێیه‌کانی خۆیان سارووقامیش و حاجی ئابادن و خه‌ریکی کشتوکاڵن.

دوو کوڕی دیکەی قازیی فەتتاح لە ڕاستەوە: موحسین ئاغا موجاهیدی ( ئاخر کوڕی قازیی فەتتاح لەو زەواجەی کە کاتی بە زۆر ڕاگرتنی لە تاران  کردبووی)، قازیی محەمەدی حاجی ئاباد کە لەگەڵ سالار و دوو برای دیکەی بە یەخسیر بران بۆ ڕووسیا

    دوای ئه‌و هه‌موو کوشت و بڕ و کاولکاری و وێرانی و ئه‌تکی نامووسه‌ی ‌ ڕووسه‌کان له‌ کوردستاندا کردیان، بوونه‌ هۆی سه‌ده‌مه‌یه‌کی دیکه‌ش که‌ ئاسه‌واری زۆر له‌و کوشت و کوشتار و تاڵانه‌ی که‌ کردبوویان دڵتاوێنتر و ڕووخێنه‌رتر بوو. له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی شه‌ڕی یه‌که‌می دنیاگره‌وه‌ دا، هه‌رێمی کوردستان هه‌میشه‌ مه‌یدانی شه‌ڕ و پێکدادانی له‌شکری ڕووس و عوسمانی بوو، وه‌رزێرانی لادێیان هه‌ڵاتن، زۆربه‌ی خه‌ڵکی کوردستانی ئێران و ته‌نانه‌ت عێراق و تورکیا‌ سه‌ری خۆیان هه‌ڵگرتبوو و ڕایان کردبوو بۆ چیا و جه‌نگه‌ڵان، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌کی یه‌کجار زۆر له‌ خه‌ڵکی کوردستانی ئێران کۆچیان کردبوو بۆ وڵاتی عێراق، له‌ دۆخێکی ئاوا دا ئاشکرایه‌ که‌ کاروباری کشتوکاڵ و چاندن به‌کرده‌وه‌ ڕاگیرابوو، ئه‌وه‌ بووه‌  هۆی قات و قڕی، ئه‌ویش چ قات و قڕییه‌ک، موسوڵمان نه‌یبیسێ کافر نه‌یبینێ، ده‌سته‌ ده‌سته‌ خه‌ڵک له‌ دێیه‌کان و شاره‌کانی کوردستان و ته‌نانه‌ت له‌ شوێنه‌کانی دیکه‌ی دنیا له‌ برسان ده‌مردن. نووسه‌ر ئه‌وده‌می شه‌ش حه‌وت ساڵان بووم و بۆخۆم زۆر جار دیتم ‌ خه‌ڵک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی برسێتی زۆری بۆ هێنابوون گۆشتی سه‌گ و پشیله‌ و گوێدرێژیان ده‌خوارد و ته‌نانه‌ت له‌ خواردنه‌وه‌ی خوێنی ئاژه‌ڵانیش ده‌ستیان نه‌ده‌پاراست. سه‌گی به‌ڕه‌ڵا له‌ کووچه‌ و کۆڵانان به‌ ئاشکرا به‌ به‌رچاوی خه‌ڵکه‌وه‌ خه‌رێکی خواردنی ته‌رمی مردووان بوون . پێم وایه‌ دێی باغچه‌ی بنه‌ماڵه‌ی قازی، زیاتر له‌ دێیه‌کانی دی، له‌به‌رقات و قڕی سه‌ده‌مه‌ و ته‌له‌فاتی به‌خۆیه‌وه‌ دی، چونکوو ژماره‌یه‌ک له‌ عه‌شیره‌تی مه‌نگوڕ ( تایفه‌ی زێڕنێ)، خاوه‌نموڵکانی  گونده‌کانی " چوارگا" و " هه‌نگه‌وێ" و " گوێجکه‌ده‌رێ" و هتاد. له‌شکریان کێشا سه‌ر دێی باغچه‌ و سه‌ر باغچه‌ و ئه‌و گوندانه‌یان داگیر کرد و هه‌رچی غه‌له‌ و خورد و خۆراکی خه‌ڵکی ئه‌و دێیانه‌ و خاوه‌نموڵکه‌کانیان بوو مه‌نگوڕان خواردیان و دایان به‌ ڕه‌عییه‌ته‌کانی خۆیان به‌ شێوه‌یه‌کی ئاوا که‌ هیچیان بۆ خاوه‌نانی ئه‌سڵی نه‌هێشته‌وه‌ و له‌ ئاکامدا به‌شێکی سه‌ره‌کی وه‌رزێرانی دێی باغچه‌ له‌ برسان قڕ بوون.

     دوای ئه‌وه‌ی ‌ حاسڵات و گیا و گژ و میوه‌ پێگه‌یشت ، توندوتیژی قات و قڕی که‌م بووه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌وانه‌ی به‌ زیندوویی مابوونه‌وه‌ ئه‌وه‌ندیان برسێتی چێشتبوو و شتی پیسیان خواردبوو، به‌تایبه‌تی له‌ به‌ر بۆگه‌ن بوونی زۆری ته‌رمی مردووان، تووشی نه‌خۆشییه‌کی گشتی هاتبوون و ئه‌وانه‌ی مابوونه‌وه‌ هه‌ر به‌و نه‌خۆشییه‌ قڕ بوون. ئاسه‌واری قات و قڕی تا سێ چوار ساڵ مابووه‌وه‌ و غه‌له‌ خۆشه‌ویست و به‌ قیمه‌ت بوو، دواتر به‌ره‌ به‌ره‌ حاسڵات زۆر بوو و خه‌ڵک له‌ ته‌نگانه‌ ڕزگاریان بوو.
به‌ کورتی هه‌رێمی شه‌ڕ به‌رده‌وام ده‌ستاوده‌ستی ده‌کرد ، جار جار ڕووسان له‌ پێش بوون و ئه‌و شوێنانه‌ی له‌ ده‌ستیان دابوو‌ ده‌گرته‌وه‌ و جارجاریش ترکانی عوسمانی سه‌ر ده‌که‌وتن. به‌ ده‌م ئه‌و کێشه‌یه‌وه‌ ، ئه‌و کاتانه‌ی ڕووسه‌کان تێک ده‌شکان ، له‌شکری خێڵه‌ کورده‌کان له‌ ئاست ئه‌و سه‌ربازه‌ ڕووسانه‌ی به‌ یه‌خسیر ده‌گیران خراپ ده‌جووڵانه‌وه‌، سه‌رو ده‌ست و ئه‌ندامانی دیکه‌ی کووژراوه‌کانیان ده‌بڕی و له‌ سه‌ر ڕێپێڵگه‌ و رێگه‌یان بۆ ته‌ماشا دایان ده‌نان. ئاشکرایه‌ ڕووسه‌کان له‌و جۆره‌ئاکاره‌ دڕندانه‌یانه‌ تووڕه‌ ده‌بوون و ڕق دایده‌گرتن. ته‌نانه‌ت جارێک به‌ ڕێگه‌ی میرزا حاجی کوڕی خودالێخۆشبوو حاجی غه‌فووری قادری له‌ مزگه‌وتی سووری مهاباد ڕایانگه‌یاند ‌ ده‌وڵه‌تی به‌رزی ڕووسیا‌ هیچ شه‌ڕ و کێشه‌یه‌کی له‌ گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ئێران نییه‌ و ده‌وڵه‌تی ئێران له‌و شه‌ڕه‌ دا بێلایه‌نی خۆی ڕاگه‌یاندووه‌ ئێمه‌ دوژمنی ده‌وڵه‌تی عوسمانین و له‌ گه‌ڵ ئه‌وان شه‌ڕ ده‌که‌ین ، ئه‌وان ده‌وڵه‌تن و ئێمه‌ ده‌وڵه‌تین، جار جار ئه‌وان ده‌شکێن و ده‌کشێنه‌وه‌ و جارجار ئێمه‌ ده‌شکێین و پاشه‌کشه‌ ده‌که‌ین و دیسان دێینه‌وه‌. ئێوه‌ی خه‌ڵکی کوردستان نه‌ کارتان به‌ سه‌ر ئێمه‌وه‌ بێ و نه‌ به‌سه‌ر عوسمانییه‌کان و خۆتان له‌ شه‌ڕ وه‌رمه‌ده‌ن. ئێوه‌ ڕه‌عییه‌تی ده‌وڵه‌تی ئێرانن
 و ده‌وڵه‌تی ئێران بێلایه‌نه‌، حه‌ق ئه‌وه‌یه‌ ئێوه‌ش هه‌ر چاوه‌دێر بن و کارتان به‌ سه‌ر کاری ئێمه‌وه‌ نه‌بێ و خه‌ریکی کارو کاسبی خۆتان بن.

        خودالێخۆشبوو میرزا حاجی کوڕی حاجی غه‌فووری قادری ڕۆژێک له‌ مزگه‌وتی گه‌وره‌ی سابڵاغ [مزگه‌وتی سوور] له‌ ڕووی خێرخوازی و چاکه‌ بیریی خۆی ئه‌و په‌یامه‌ی ڕووسه‌کان به‌ خه‌ڵک ڕاده‌گه‌یێنێ، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و سه‌روبه‌ندی خه‌ڵک نه‌خوێنده‌واربوون و ئاگایان له‌ هه‌لومه‌رجی دنیا نه‌بوو،فریووی شاپه‌و گاپه‌ی عوسمانییه‌کانیان خواردبوو و هیچ پێشوازییه‌کیان له‌ قسه‌کانی خێرخوازانه‌ی میرزا حاجی نه‌کرد و له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی نێوبراو پێوه‌ندی بازرگانی له‌گه‌ڵ ڕووسیا‌ هه‌بوو تاوانباریان کرد به‌ لاگری له‌ ڕووسه‌کان. که‌سێک به‌ نێوی ڕه‌حمان که‌وگیر به‌ ئاشکرا له‌ مزگه‌وتێ به‌ دمی دا دێته‌وه‌ و ده‌لێ: ئه‌تۆ ڕووس په‌رستی به‌ڵام ئێمه‌ موسڵمانین و ڕووسه‌کان کافرن ده‌بێ شه‌ر و جیهادیان له‌ دژ بکه‌ین. ئه‌وه‌ بوو که‌ دانیشتووان و هه‌ڕه‌مه‌ی خه‌ڵک به‌ قسه‌ی عوسمانییه‌کان هه‌ڵخه‌ڵه‌تان و وه‌خۆ که‌وتن و بێ هیچ جۆره‌ ته‌داره‌ک و چه‌کێک وبه‌ پرێسکه‌یه‌ک نانه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ عه‌سکه‌ره‌کانی تورکی عوسمانییه‌وه‌ ده‌چوونه‌ شه‌ڕی ڕووسان، ئه‌و ڕووسانه‌ی که‌ به‌ باشترین چه‌کی مۆدێڕنی ڕۆژ وه‌کوو تفه‌نگ، تۆپی شرینێل، موسه‌لسه‌ل ، فڕۆکه‌، تێلگراف و ته‌له‌فۆن و بێ سیم ته‌یار بوون ، ئه‌و جۆره‌ کرده‌وه‌یه‌ جگه‌ له‌ خۆکوژی و له‌ نێوبردنی خۆیان و نه‌‌ته‌وه‌که‌یان چ ئاکامێکی دیکه‌ی نه‌بوو و به‌روبووی ئه‌وه‌ بوو که‌ پێشتر باس کرا.

ئەلکساندر ئیاس لە چۆمی سابڵاغێ لە کاتی ماسیگرتن دا، دوای کووژرانی جەندەکی بێ سەری لە قەراغ چەغەتوو
لە میاندواو نێژرا.
وێنە: جان چالێنکۆ، ئێران بەچاوی دووربینێکی ڕووسییەوە
        میسیۆ ب. نیکیتین کۆنسوولی پێشووی ڕووسییه‌ له‌ ورمێ، له‌ کتێبی " ایرانی که‌ من شناخته‌ام "
[ ئه‌و ئێرانه‌ی من ناسیومه‌]  ده‌ڵێ نێوی کۆنسوولی ڕووسیا‌ی له‌ ساوجبولاغ ( مهابادی ئێستا) کۆلۆنێل ئیاس بووه‌ و سه‌باره‌ت به‌ کووژرانی  ئاوا ده‌نووسێ: له‌ کۆتاییه‌کانی ساڵی 1914 له‌ سابڵاغه‌وه‌ چوو بۆ میاندواو تا له‌ نزیکه‌وه‌  چاوی به‌ سه‌ر ڕووداوه‌کانه‌وه‌ بێ و به‌و ده‌ستڕۆیشتووییه‌ی هه‌یبوو له‌کاتی پێویست دا ده‌ست له‌ بارودۆخ وه‌ردا. به‌دبه‌ختانه‌ له‌ نێوه‌ڕاست مانگی ژانوییه‌ حاکمی کۆنی (؟) ته‌ورێز  که‌ له قه‌وقاز ته‌قریبه‌ن ده‌سته‌به‌سه‌ر بوو و دوورخرابووه‌وه‌ [ مه‌به‌ست حاجی سه‌مه‌د خانی  شوجاعوده‌له‌ یه‌ - وه‌رگێڕی کوردی ]، گه‌ڕاوه‌ ئێرانێ و هێندێک کاری کرد که‌ به‌ زه‌ره‌ری خۆشی ته‌واو بوو و له‌ شه‌ڕ به‌ دژی کوردان له‌ ده‌ور و به‌ری میاندواو تێک شکا، هه‌ر له‌و کاته‌ش دابوو که‌ کۆلۆنێل ئیاسیش کووژرا.  ده‌ستێکی جینایه‌تکاری که‌ کۆنسوولی کوشت واته‌ که‌سێکی که‌ له‌ شه‌ڕ دا نه‌بوو له‌نێوی برد هه‌ر به‌ ئه‌وه‌نده‌ش ڕازی نه‌بوو به‌ڵکوو سه‌ری کۆنسوولی کووژراوی بڕی  [ و به‌سه‌ر دارێکییه‌وه‌ کرد] هێنایه‌ ساوجبولاغ و له‌ به‌ر ده‌رگای یه‌کێک له‌ که‌سانی ناسراوی کورد به‌ نێوی قازی فه‌تتاح دایچه‌قاند  بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مووکه‌س بیبینێ و هه‌موان له‌وجینایه‌ته‌ خوشحاڵییان ده‌رده‌بڕی، یه‌کێک له‌ تورکه‌کانیش به‌ نێوی موته‌سه‌ریف له‌ نێو بینه‌راندا بوو و زیاتر له‌ هه‌موو که‌سی دیکه‌ له‌و ڕووداوه‌ شادی ده‌رده‌بڕی. به‌ کورتی دوای ته‌ماشای سه‌ری بڕاو دایانه‌ ده‌ست مندالانی کورد و خودا ده‌زانێ ‌ له‌ کوێ بزر بوو. به‌ده‌نی وییان له‌ میاندواو له‌ ته‌نیشت چۆمی ناشت و وه‌ک بیستوومه‌ لافاوی ئاوی به‌هارێ گۆڕی ئه‌وی شۆردۆته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ خۆی بردوویه‌. ماوه‌یه‌کی کورت دوای ئه‌وه‌ ژه‌نه‌ڕاڵ ڕیباڵ چێنکۆ به‌ تۆڵه‌ی ئه‌وجیناته‌ته‌ ماڵی قازی فه‌تتاحی ئاور تێبه‌ردا و ڕێکی زه‌وی کرد
سەرچاوە: خەلیلی فەتاحی قازی، کورتە مێژووی بنەماڵەی قازی لە ویلایەتی موکری، دەقی کوردی ئاراس، هەولێر چاپی یەکەم ٢٠٠٩





















 



No comments: