Thursday, February 2, 2023

مێژووی مرۆڤایەتی مێژووی هێز ودەسەڵاتە ڕوانینێک بەسەر کتێبی بیرەوەرییەکانی کاک تاهیر ئێلخانیزادەدا, ئەنوەر سوڵتانی


 

مێژووی مرۆڤایەتی مێژووی هێز ودەسەڵاتە
ڕوانینێک بەسەر کتێبی بیرەوەرییەکانی کاک تاهیر ئێلخانیزادەدا

ئەنوەر سوڵتانی
٢/٢/٢٠٢٣ 
 

لە جەنگەی ڕاپەڕینی گەلی کورد و گەلانی دیکەی ئێران دژ بە ڕژیمی مەلا فناتیکەکانی ئێران دوای مەرگی مەزڵوومانەی ژینا ئەمینی (چوار مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢)، کتێبی کاک تاهیر ئێلخانیزادەم گەیشتە دەست. من ساڵانێکە بەگوێرەی توانا، خەریکی کۆکردنەوەی زانیاریم لەسەر مێژووی بۆکان و ناوچەی دەوروبەری و هەربابەتێکم دەست کەوتبێت ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ مێژووی کۆن و نوێی بۆکانی گرتبێتەوە، هەوڵمداوە بیخوێنمەوە، ئەو کتێبەشم خوێندەوە. منیش کەمتاکورتێک ئاگاداری بەشێک لە ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە تایبەتەی بۆکان هەم کە لە بیرەوەریی نووسەری کتێبەکەدا هاتوون لەبەرئەوەی لە فێرگەی سەرقەڵای سەرداری بۆکان هاوپۆلی نووسەری کتێبەکە و بەشێک لە خزمەکانی وەک کاک سوارەی ئێلخانیزادە (دوای هەستانەوە لە نەخۆشییەکەی) و کاک خالیدی موهتەدی و نادری ئێلخانیزادە بووم و پاشماوەی کەسوکارەکەشیم دەیان و سەدان جار بینیوە.

مێژووی ناوچەی بۆکان لە چاخی کۆنی هەزارەی یەکەم و دووەمی پێش زایینیدا (ئاشوور و ئورارتوو و ماننا و ماد و ئەشکانی)، تاڕادەیەک دەزانرێت و بەڵگەی وەک گردی مێژوویی، بەردەنووس، پاشماوەی ئاورگە و قەڵای کۆن و مێژووی نووسراوی یۆنانی و ئەرمەنی و ڕۆمییەکان، بەسەر یەکەوە دەراوێکی کەم وزۆریان لەو ڕابردووە دوورە ڕوون کردۆتەوە، بەڵام ماوەی نێوان سەدەی حەوت تا شازدەی زایینی و تەنانەت دوای ئەو تا سەدەی هەژدە و سەردەمی قاجارەکانیش، تەماوی و لێڵ ماوەتەوە.

ئەو لێڵییە بەشێوەیەکی ڕێژەیی، سەدەی بیستەمیش دەگرێتەوە. بۆ نموونە هەلو مەرجی بۆکان لە ماوەی ڕاپەڕینی مەشرووتەی ئێران (١٩٠٦) و ڕووداوەکانی دواتری وەک شۆڕشی خیابانی و لاهووتی و سمکۆ لە ئازەربایجان و کوردستانی ساڵانی ١٩١٩ تا ٢٣، کە بووە هۆی سەرهەڵدانی حزبی ئازادی و کۆمەڵەی ژێکاف (١٩٤٢)، گۆڕانی ژێکاف بۆ حزبی دیموکراتی کوردستان (١٩٤٥)، تەنانەت خودی کۆمار و هۆکارەکانی دامەزران و تێکشکانی (١٩٤٦) یاخود ڕاپەڕینی خەڵکی بۆکان و وەرزێرانی ناوچەی فەیزوڵڵابەگی دژ بە خاوەن مڵکەکانی بۆکان و ناوچە (١٩٥٣)، ئەگەر لە کتێبە مێژووییەکانی ئێران و ناوچەدا پشتگوێ نەخرابێتن، بە ڕادەیەکی کەم باسیان لێوەکراوە و زیاتر لە شێوەی ڕاگەیاندنی کورتەهەواڵدا ماونەتەوە، یا شیکاریی پسپۆڕانەی بنەما و هۆکار و پەیوەندییەکانیان بۆ نەکراوە.

بەشێک لەو ناتەواوییە، خوڵقاوی بارودۆخی سیاسی و دیکتاتۆریی حاکم و نەبوونی دەرەتان بۆ کار و ئەرکی ئازادانەی دڵسۆزانی کورد و شارەزایانی کۆمەڵناس و مێژوونووسی گەلەکەمانن؛ بەشێکی دیکەش نەبوونی زانیاریی پێویست سەبارەت بە ڕووداوەکان بەرهەمیان هێناوە. ناتەواوییەکان لەمێژە چاوەڕوانی کاری جیددیی و شیکاریی زانایانەی مێژوونووسان و کۆمەڵناسانی پسپۆڕ دەکەن و ئەستەمە بە هەندێک بیرەوەری نووسین کە لە ٢٠-٣٠ ساڵی ڕابردوودا لە کوردستان بۆتە باو، قەرەبوو بکرێنەوە. سەرەڕای ئەو ڕاستییانە و بەهۆی ئەو دەرەتانە بەرتەسکە فەرهەنگییەی وا گەلەکەمان لە هەرچوارپارچەی خاکەکەیدا هەیەتی، بیرەوەرییە تاکەکەسییەکانیش دەکرێ جێگەی سەرنج بن بە مەرجێک نووسەر نەیویستبێ خۆی و نزیکانی بباتە سەرێ و بەپێچەوانە، ناوی ناحەزانیان بزڕێنێ.

ئەو بیرەوەری و یادداشتانەی سەبارەت بە مێژووی سەدەی بیستەمی بۆکان نووسراون، بەگشتی ڕوانگەیەکی لایەنگرانەی کۆمەڵانی خەڵک و دژ بە دەرەبەگ و ئاغاواتیان بووە، بەڵام ماوەیەکە ئەندامانی بنەماڵەی حاکم خۆیان  و لە ڕوانگەی خۆیانەوە هەواڵەکان ڕادەگەیەنن: کاک تاهیری عەلیار واهەیە ڕچەشکێنی ئەو بوارە بووبێت و کاک ناسری عەلیار و ئێستاش کاک تاهیری ئێلخانی زادە بەشوێن ئەودا هاتوون. جگەلەو کەسانە ئەگەریش ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکە شتێکیان نووسیبێ یا من نەمدیتووە یان هەر نەدراوەتە دەرێ. کەسانی وەک کاک سوارە و کاک  محەمەدی ئێلخانی زادە (براگەورەی نووسەری کتێبی جێگەی باسی ئێمە)، هەروەها کاک سەلاحی موهتەدی وەک شارەزایەکی بوارەکە، زیاتر بە مێژوو و ئەدەبی گشتیی کوردستانەوە خەریک بوون و من خۆم جگە لە هەڵسەنگاندنێکی پسپۆڕانەی شیعر و ژیانی کاک سوارەی ئامۆزای، بابەتێکی ئەوتۆم لە کاک سەلاح نەخوێندۆتەوە کە مێژووی ناوچەکە بگریتەوە[1]. هەرچۆنێک بێت، کاری نووسەر دەکرێ وەک هەنگاوێک بۆ بیرەوەری نووسینی ناوچەی بۆکان - وەک بەشێک لە موکریان، لە لایەن هۆزی دێبوکریی خۆیانەوە بێتە حیساب. نووسەر  لە گێڕانەوەی ڕووداوەکاندا گەلێک لایەنی ئەرێ یی کار و ژیانی ئەندامانی تایفەی دێبوکری لە بۆکان (ئێلخانی زادە، عەلیار و موهتەدی) پیشانی خوێنەر دەدات کە پێشتر واهەیە هەندێکیان بۆ خوێنەری وەک من، نەبیسراو و نەزانراو بووبێتن. ڕووداوەکانی ناو کتێبەکە، نەک هەر بۆکان، بەڵکوو مەهابادیش دەگرنەوە و تەنانەت لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵە، لە شوێنی دیکەی وەک تەورێز و تاران سەر دەردێنن. هەروەها نووسەر پەیوەندی خزمایەتی لەگەڵ بنەماڵەی سەردارەکانی بۆکان (میرموکری) هەیە و زۆر هەواڵی سەبارەت بەوانیش ڕادەگەیەنێت کە بەشێکیان کەمتر زانراون. ئەوانەی خوارەوە نموونەی هەندێک هەواڵی نووسەرن، کە لە کتێبەکەدا ڕایاندەگەیەنێ و هەر هەموویان لەپەیوەندیی  بنەماڵەی خۆی و عەشیرەتی دێبوکری و کەمتاکورتێکیش بنەماڵەی میرموکرییەکاندان لە موکریان:

-      باووباپیرانی دێبوکرییەکان بریتی بوون لە:عەرەب ئاغا، بەیرەم ئاغا، ڕەسووڵ ئاغا، مارف ئاغا و سێ کوڕەکەی (برایم ئاغا، ئەحمەدئاغای ئیلخانی و محەمەد ئاغای حاجی ئێلخانی) و کوڕانی محەمەدئاغا (مەحموودئاغا، حاجی بایزئاغا و عەلی ئاغا). (ل ٦)

-  عەزیزخانی سەردار و سەیفەدینخانی کوڕی لە تەورێز لە ژێرزەمینی ئەو شوێنە نێژراون کە بە گۆڕی ئەوان دەناسرێت و خەڵکی ئاسایی ناتوانن گۆڕەکەیان ببینن.(لل ٧١ و ٧٢)[2]

-      سەیفەدین خانی سەردار موکری بەڵکوو بە فیتی ئەمیرنیزامی گەڕووسی (بکوژی هەمزاغای مەنگوڕ) لە تەمەنی ٢٩ ساڵاندا لەتەورێز دەرمانداو کراوە. ئەمیرنیزام ئیرەیی بە تواناکانی سەردار بردووە هەربۆیەش کوشتوویەتی. ئەو هەواڵە جیاوازە لەوەی تا ئێستا گوتراوە گوایە سەردار بەدەستی هاوسەرەکەی دەرمانخوارد کرابێت.(ل ٣٤)

-  ثقةالاسلام، کەسایەتی شۆڕشگێڕی شاری تەورێز، کورد و سوننە و خەڵکی نستانی سەردەشت بووە، سەردار عەزیزخان هێناویەتە تەورێز و لەوێ بووە بە شیعە؛ ئەوەش گەلێک سەمەرە دەنوێنێ[3].(٧٢)

-  ئەحمەدئاغای ئێلخانی موکری[4] باوەڕپێکراوی بنەماڵەی سەیفەدین خانی بابامیری سەردارموکری (١٨٩٠- ١٨٦٣) و سەرپەرشتی ماڵ و منداڵی ئەو تا گەیشتنی حەمەحسێن خانی کوری بە تەمەنی ١٨ ساڵان بووە. ئەحمەدئاغا بۆ وەدیهێنانی ئاواتی سەربەخۆیی کوردستان پەیوەندیی بە بنەماڵەی بەدرخانییەکانەوە گرتووە بۆ ئەوەی ڕاپەڕینێکی سەرتاسەریی کورد لە هەردوو بەشی کوردستان دەست پێبکرێت و ئەوانیش بەوە ڕازی بوون. بەڵام شەڕی نێوان مەنگوڕ و مامەش  بەرگر بووە لەوەی کارەکە دەست پێبکرێت.(لل ٨٤ و ٩٢)

-         شێخ نەجمەدین و شێخ حیسامەدینی نەقشبەندی لە "ساڵی شەڕی هەوەڵی دنیایە"دا لەگەڵ لەشکری عوسمانی بۆ شەڕ لەگەڵ سوپای ڕووس هاتوونەتە موکریان و ماڵی مەحموودئاغای ئێلخانیزادە لە گوندی حەمامیانی بۆکان. بەڵام شێخی حیسامەدین لەوەڵامی پرسیارێکدا گوتوویەتی ئەوەی عوسمانییەکان دەیکەن "جیهاد نییە و ئێمەیان بەزۆر هێناوەتە ئێرە، دەستیشمان ناڕوات بڵێن جیهاد نییە."(لل ١٠٠)

-         بۆکان و مەهاباد [لە نێوان سپای یەکیەتی سۆڤیەتی و ئینگلیزدا] ناوچەی بێلایەن بوو (ل ١٩). ئەوەی نووسەر دەڵێ، هەواڵێکی ڕاستە، هەربۆیەش ڕووسەکان سەرەڕای پەیوەندیی باشیان لەگەڵ حزبی دیموکراتی کوردستان و ڕێبەرەکانی، لە ماوەی تەمەنی کۆماردا بەو شێوەیەی وا لە ورمێ و تەورێز سەقامگیر ببوون، لە مەهاباد بنکەیان دانەمەزراند و تەنیا هاتوچۆیان دەکرد.

-         ماڵی حاجی ئێلخانی لەپێش هەمووکەس لە ژێکافدا بوون و هەموو خەرجی گۆڤاری نیشتمان [ی کۆمەڵەی ژێکاف، کە لە تەورێز چاپ دەکرا]، ئەوان داویانە.(ل ١٥)

-         نووسەر لە زمان حەمەدەمین ئاغای ئێلخانی زادەوە دەگێڕێتەوە کە خۆی و قاسم ئاغای ئامۆزای پردی بۆکانیان بۆ بەرگری لە "هێرشی ڕووس" بۆ سەر بنەماڵەکەیان، ئاور تێبەردا (ل ١٠). ئەوەش لە کاتێکدایە کە هەندێک سەرچاوە ڕووداوەکە دەبەستنەوە بە نێوان ناخۆشیی بنەماڵەی ئەوان لەگەڵ پێشەوا قازی محەمەد و کۆماری کوردستان. هاتنی سپای یەکیەتی سۆڤیەتی بۆ سەر ئاغا و خەڵکانی دەستڕۆیشتووی ناوچەکە فەکتێکی مێژووییە؛ فیرقەی دیموکراتی ئازەربایجان بە پشتیوانیی ئەوان مڵک وماڵی ئاغاواتی گەورەی ئازەربایجانی بەسەر وەرزێر و خۆش نشیناندا دابەش دەکرد کە نموونەکەی مڵکی بنەماڵەی زولفەقاری فیئۆداڵی گەورەی ناوچەی زەنجان بوو. لە کوردستانیش ماڵی حەمەدئاغای عەبباسی لە گوندی سەرا کرایە بنکەی حزبی دیموکرات و حەمەدئاغا و کەسوکارەکەی چوون بۆ تاران؛ میرزا ڕەحمەتی شافیعیش نووسەرگوتەنی، "بەوهۆیەوە دەریانکردوە و مڵک وماڵەکەی داگیرکراوە"(٢١). بەڵام ئەوەی تا ئێستا زانرابێت ئەوەیە پێشەوا خۆی و حزبی دیموکراتیش بە گشتی سیاسەتێکی ئەوتۆیان لە کوردستان ڕەچاو نەکردووە و لە بنەڕەتدا نەیانویستووە زەویوزاری گوندەکان لە ئاغاوات زەوت و بەسەر وەرزێراندا دابەشی بکەن. نووسەر ئەو هەوڵانە بە کاری دەستە و گرووپێکی تایبەت واتە "چەند کوردی سەر بە حزبی توودە" لەقەڵەم دەدات. (لل١٠ تا ١٢)

-         لە عەینی کاتدا، هەواڵی نێوان ناخۆشیی پێشەوا و مەحموودئاغای ئێلخانی و ئاشتبوونەوەیان لە ماڵی میرزا ڕەحمەتی شافیعی دوای گەڕانەوەی بۆ مەهاباد هەروەها مارەبڕیی دوو کچی بنەماڵەکان لەگەڵ کوڕانی هەردوولا لەسەر پێشنیاری پێشەوا ڕادەگەیەنێت. (ل ١٣)

-         نووسەر پێشەوا قازی تۆمەتبار دەکات بەوەی دوژمنایەتی کۆنی ماڵە خاڵۆیانی خۆی [واتە فەیزوڵڵابەگیانی میرموکری] لەگەل دێبوکرییان ژیاندۆتەوە یاخود هەندێ لە عەشایر و سەرانی فیرقەی دیموکراتی تەورێز دنەیان داوە، ئەویش عەشیرەتی شکاکی هانداوە بێنەسەر ئەوان لە دەوروبەری حەمامیان.(لل ١٣ و ٢٠)  

-         هەروەها دەڵێ قازی محەمەد کەوتە ڕێگەی ئاشتی و سازان و مەلا مستەفای بارزانی ناردە بۆکان بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ بنەماڵەکەیان.(١٨)

-         مەلا مستەفای بارزانی لە حەمامیان بە مەحموودئاغای ئێلخانیزادە دەڵێ "ئەگەر تۆ یارمەتیم بدەی من قازی لەگۆڕێ لادەبەم." بەڵام مەحموودئاغا دەڵێ من قازی محەمەدم خۆش دەوێ بابی مەلای چاک و بەڕێز بووە بەڵام بۆ ڕەئیس جمهور نابێ، مەلا نابێ ببێ بە ڕەئیس جمهور.... قازی کوڕی قازی عەلییە و نابێ سەدەمە ببینێ بەڵام دەسەڵاتی کوردستانی لەبەردەست نانێم. تۆ ببە بە سەرۆک تا هەموو قەبووڵت کەین... ئێستاش لەبەر ئەوەی تۆ هاتووی، چاو لەهەموو ناکۆکییەک دەبەستم و دەگەڵی دەسازێمەوە...".(لل ٢٠ و ٢١)

-         حەمەدەمین ئاغا و قاسم ئاغای ئێلخانیزادە و برایم ئاغای عەلیار بۆ شکات لەدەست "ڕووس و هەندێ کوردی بێ ئەزموونی سەر بە حزبی توودە"، چوون بۆ لای نوێنەری ئینگلیزەکان لە سەقز و داوای سەد تفەنگیان لێکردن بۆ خۆیان و ئەوەی پووڵێکیش بدرێ بەو عەشایەرەی دەوروبەر کە واهەیە بێنە سەریان. ئینگلیزەکان بەڵێنی تفەنگیان پێدان و گوتیان بۆ مەسەلەی پووڵ و پارەش قسەمان لەگەڵ ئێران کردووە، عەشیرەتەکان چەندیان ویست دەیاندەنێ. پارەکە درا بە ئەمەرخانی شکاک و مەنگوڕەکان، ئەوانیش گوندی دێبوکرییانیان چۆڵ کردن.(لل ١٥ تا ١٧)

-         دامەزراندنی حزبی دیموکرات بە قسەی ڕووسان، هەڵەیەکی گەورە بوو.(ل ٢٨)

-         حاجی سمایل ئاغای ئێلخانیزادە لە هاتنی ساڵی ١٣٤١ ی شای ئێران بۆ مەهاباد، نەچوە پێشوازیکردنی و برایم ئاغای برای لە وەڵامی پرسیار سەبارەت بە هۆکاری ئەو بەشداری نەکردنە، گوتوویەتی "سوێند...سوێند! چۆن دێ؟"- کە ئاماژەیە بە سوێندێک وا دەبێ حاجی سمایل ئاغا بۆ ئەندامیەتیی کۆمەڵەی ژێکاف خواردبێتی.(٨١)

-         قاڵیچەیەکی نایابی دەسکردی وەستا محەمەدی فەرشی، باپیرەی بنەماڵەی فەڕشی لە بۆکان، لە گوندی حەمامیانەوە نێردراوە بۆ شێخی حیسامەدین لە هەورامان، ئەویش بەدیاری ناردوویە بۆ مەلیک فەیسەڵی یەکەم، شای عیراق؛ ئەویش "پێشکەشی شای ئینگلیسی"(؟) کردووە.[5] (١٠٦)

هەرچۆنێک بێت، نووسەر وەک کورە ئاغایەکی خوێندەوار، بە هەستێکی نۆستاڵژیک و بیری سەردەمی دەسەڵاتداریەتی بنەماڵەکەیانەوە، ئێستا لە دوورەوڵاتی ئاوڕی لە ڕابردووی ژیانی خۆی و عەشیرەتی دێبوکری بەگشتی لە بنکەی سەرەکیی دەسەڵاتی تایفەکە لە شاری بۆکان و گوندی حەمامیان و سەردارابادی ساڵانی پێش ئیسلاحاتی ئەرزیی ئێران (١٣٤٠) و ماوەیەک دوای ئەو داوەتەوە. لەو ئاوڕدانەوەیەدا چۆنیەتی و شێوازی ژیانی عەشیرەیی، دەستڕۆیشتوویی سەرەک هۆزێکی وەک مەحموودئاغای ئێلخانیزادە، باوک و باپیران و کوڕان و ئامۆزاکانی و ئیتاعەی ئەندامانی هۆزەکە لەوی بۆ خوێنەر گێڕاوەتەوە. ئەوانە، واتە دەسەڵاتی ڕەهای سەرەک هۆز و ئیتاعەی بێ سنووری ئەندامانی عەشیرەت لە نەزم و نیزامێکی چەند هەزار ساڵە، لە ئەدەبیاتی چینایەتی کوردستان و ناوچەدا ناسراو و زانراون[6] بەڵام تایبەتمەندیی کەیسی دێبوکرییەکانی موکریان لەوەدایە کە ئەو فەرهەنگە گوندی و کۆچ نشینییە ڕیشە داکوتاوەی سەردەمانی کۆن، لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا ئاوێتەی بەرێوەبەرایەتی شارێکی وەک بۆکان و تاڕادەیەکیش دەسەڵاتداریەتییان لە شاری مەهاباد وبەگشتی موکریان بووە و ئەوە خۆی دۆخێکی تازە و جیاواز لە دۆخە کلاسیکەکەی پێبەخشیون کە تێیدا هەردوو قۆناغی کۆمەڵایەتی-ئابووریی 'عەشایری' و 'فیئۆدالی' هاوڕێ و هاوشانی یەکتر، پێیان ناوەتە ناو سیستمی نوێباوی سەرمایەدارییەوە و شاریان بە یارمەتی حکوومەتی ناوەندی بەرێوە بردوو؛ دوو ئەندامی بنەماڵەکەیان بوونەتە شەهرداری بۆکان، یەکیان بۆتە سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەی شارەکە، ئەندامانی دیکەیان بوونەتە مامۆستای زانکۆ لە تاران، نوێنەری پەرلەمانی ئێران، ئەفسەری سپا، وێژەر و بەرنامەنووسی ڕادیۆ، خوێندکاری زانکۆ و جێ ڕاوێژی کۆنسولخانەی چەند وڵاتی ڕۆژئاوایی لە تەورێز؛ بەڕێوەبەرانی ئیداراتی دەوڵەتی لە بۆکان و موکریانیش ئەگەر گوێ لەمستیان نەبووبێتن، لایکەم هاوکار و هاوپشتیان بوون، وەک لە ڕاپەڕینی کۆمەڵانی خەڵکی بۆکان و دەوروبەری لە ساڵانی ١٣٣١ و ٣٢ ی پێش کۆدیتای ٢٨ ی گەلاوێژی ٣٢ دا بینرا بە بەرچاوی پۆلیس و ئەرتەش و ژاندارمەرییەوە لایکەم سێ ماڵی خەڵکانی ڕاپەڕیویان لە بۆکان ئاگر تێبەردا و حکوومەت نەک دەنگێکی لێوە نەهات بەڵکوو ٢٠-٣٠ کەس لە ئەندامانی عەشیرەتەکەیانی بانگهێشتنی تاران کرد و بردنیە بەردەم حەمەڕەزاشا و سەر گۆڕی ڕەزاشاش.

بەشێکی زۆر لەو هەواڵانە فەکتی مێژوویین. بەڵام لەلایەکی دیکەوە، هەندێک ڕاستەقینەی دیکەی ژیانیش هەن کە کتێبەکە لێیان بێدەنگە. وێنەیەک کە نووسەر لە ژیانی گوندنشینانی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی عەشیرەتی خۆیانی دەکێشێتەوە، فەکتی مێژوویی بۆ گوندەکانی کوردستان نییە و جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ ئەو هەواڵانەهەیە کە  پێشتر لە دەرەووەی ئاڵقەی بنەماڵەیی، سەبارەت بە ئاغاوەتی دێبوکری و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕەعیەتی شار و دێ بیستراوە، لە بیرەوەریی خەڵکدا ماوە و بەشێک لە نووسەران و خەباتکارانی ناوچەش ڕایانگواستووە.[7] یان لە شیعری شاعیراندا خوێندوومانەتەوە[8]. لە ڕیوایەتی کاک تاهیردا هیچ نیشانەیەک لە بێعەداڵەتی و زوڵم وزۆر نابینرێت، لەوێدا ئاغا نەک زاڵم و چەوسێنەر بەڵکوو باوکێکی میهرەبانی خەڵکەکە و هیچ هەڵەیەکی لێ ناوەشێتەوە. مەحموودئاغای ئێلخانی زادە، باپیرەی نووسەر، کاتێ دەبینێ کوڕەزایەکی خۆی چۆتە سەربانی ماڵان و حەز لێکردوویی کچانی ڕەعیەت دەکات، بانگی دەکاتە بەردەمی خۆی و فەرمان دەدات دەموچاوی بەقوڕ سواغ بدەن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە کاری وا نەکات؛ یان ئەگەر کەسێکی ناو گوندی حەمامیان نوێژ نەکات و نەچێتە نوێژی هەینی، سزای دەدات، مەلای خوێندەوار و وەستاکاری باش ڕادەگرێت، بینایەی جوان و مزگەوت و گومبەزی ڕێکوپێک بۆ گۆڕی ئەندامانی بنەماڵەکەیان دروست دەکات، میوانداریەتی گەلێک کەسایەتیی گەورەی کورد و غەیرە کورد دەکات و .... لاموانییە نووسەر لە گێڕانەوەی بیرەوەرییەکانی و پێداهەڵگوتنی کەسوکاری خۆیدا ویستبێتی زێدەڕۆیی بکات، ئەو لە فەزای عەشیرەتیدا گەورەبووە و باوەڕی بەوەیە کە هەرچییەک سەرەک هۆز کردوویەتی بەرژەوەندیی ڕەعیەتی تێدا گیراوەتە بەرچاو زۆرێک لەو کردەوانە لە سەرەک هۆزانی دیکەی کوردیش بینراون و بەشێکن لە خەسلەتی عەشایری کورد بەگشتی. بۆ نموونە، میوان لە دیوەخانی زوربەی ئاغا و سەرەک هۆزان بە ناڕەزایی نەچۆتە دەرەوە و ئەوەندەی گونجاو بووبێت پێشوازیی و میواندارییان لێکراوە ئەوە و هەر بەگشتی کورد لای بێگانان بەو دڵئاوایی و میواندارییانەوە ناسراوە. بەڵام ئەوەی دەکرێ بە کەمایەسیی کاری نووسەر دابنرێت چاوپۆشینە لە هەندێ دیاردەی ناسراوی سیستمی فیئۆداڵی وەک بێگاری کردن بە ڕەعیەت و چەوساندنەوەیان، زوڵم و زۆری ئاغا و گزیر و کوێخا، مەڕانە و بزنانە و هێلکانە و تەپاڵانە لێ سەندن، سزادانی جەستەیی ڕەعیەت و دەرکردنیان لە گوند و زەوتی ماڵ و مووچەیان ئەگەر دژ بە خواستی ئاغا جووڵابێتنەوە. نووسەر بە گشتی ئاوڕی لەو لایەنانە نەداوەتەوە[9] و ڕوخساری گوند و پەیوەندی ئاغا و ڕەعیەتی بە شێوازێکی یەک بوعدی و لە بەرژەوەندیی ئاغاواتدا بینیوە. بۆ نموونە هەر ئەو کەسەی وا قوڕ لە دەموچاوی کوڕەزای خۆی هەڵدەسوێ بۆ ئەوەی حەزلێکردوویی کچە ڕەعیەتی بێدەسەڵات نەکات، چاو لە براکەی خۆی دەپۆشێ کە بە تفەنگچییەوە دەچێتە سەر ماڵە ڕەعیەتی گوندێکی دراوسێ و ژنی مێرددار هەڵدەگرێ و لەگەڵ خۆی دەیهێنێتەوە  گوندێکی نزیک حەمامیان.

ناتەواو بوونی ئەو ڕوانینە یەکلایەنەیە ئاشکرایە، بەڵام لەبیرمان نەچێت نووسەر تەنیا بیرەوەریی خۆی دەنووسێتەوە و نەیگوتووە مێژوو دەنووسم. بیرەوەری نووسین هەمیشە ئەو لایەنەی تێدا بەرچاوە کە کەسەکە بیەوێت یان نا لایەنی ئەرێ یی ڕووداوەکان لە بەرژەوەندیی خۆیدا دەگێڕێتەوە و پێیخۆشە خەڵکانی دیکەش هەر ئەو شتانە ببینن کە ئەو دەیەوێت، ئەوە بە تایبەت بۆ کۆمەڵگای ئێمە کە ڕەخنەگرتن و ئاشکراکردنی ناتەواوییەکان دیاردەیەکی نامۆ و بێزلێکراوە، ئاسایی دەنوێنێت. بۆ نموونە بە هەڵکەوتیش نەبێ کەسێک کە لە زیندانی ڕژیمە دیکتاتۆرەکەکان وەک سەدام، شا و مەلای ئێران و فاشیستەکانی تورکیا هاتۆتە دەرێ ئەو قسانەی وا لە ژێر ئەشکەنجەدا کردوونی لای خەڵک ناگێڕێتەوە؛ مرۆڤ گۆشت و پێست و خوێنە و ئاسن نییە. لەعەینی کاتدا ناساندنی سیستمی عەشیرەیی و دەرەبەگایەتییە لە ناوەوەی خۆیەوە- کارێک کە لە نووسینی هەواڵدەرانی کەمتر شارەزای سیستمەکەدا بەرچاوناکەوێت و هەربۆیەش هەواڵەکانی ئەو، گرنگ و جێگەی سەرنجی تایبەتن؛ ئەو بە جەستە و هەست و بیر لەگەڵ سیستمی عەشایری بووە و تێیدا ژیاوە. خوێنەر لە ڕێگەی یادداشتەکانی ئەوەوە دەزانێ ئاغایەک کە زیاتر بە خەسلەتە گشتییەکەی واتە چەوساندنەوەوە دەناسرێت، جگە لە دەسەڵاتی بێ سنووری ناو گوندەکەی، ڕوویەکی دیکەشی هەیە- ڕوویەکی ئینسانی کە تێکەڵاوە لە نەریتی عەشایری وەک جوامێری و ئازایەتی، سوور بوون لەسەر هەڵوێست و باوەڕی ئایینی و هەندێکجاریش نەتەوەیی. لەو ڕوانگەیەوە بیرەوەرییەکانی کاک تاهیر، بەگشتی دەگمەن و کەمتر بیستراون.

دیارە ئەو ڕوانینە یەک لایەنە و بێ دەربەستە زیانی لە گێڕانەوەی هەندێ ڕووداوی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناوچەکە و داوەریکردنی نووسەر لەمەڕ هەندێک کەسایەتی داوە و نەیهێشتووە دیاردەکان وەک خۆیان هەن ببینرێن.  ئەوەش ئازارێکە تەنیا هەر یەخەی ئەوی نەگرتووە، بەڵکوو بەگشتی ئەدەبیاتی سیاسیی کورد لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ، پێیەوە دەناڵێنێ. ئێمە وەک ئوروپاییەکان نین کە دەزانن و دەتوانن و دەخوازن لە هەڵسەنگاندنی دیاردەکاندا هاوسەنگی ڕابگرن؛ ئێمەی کورد هەموومان یەکلابین و یەکلاخوازین و لایەکی کێشەکان دەکەینە چاکی ڕەها و ئەوی دیکە وەک خراپەیەکی ئەزەلی و ئەبەدی دەناسێنین. نووسەری بیرەوەرییەکانیش یەک لە ئێمەیە و هاوشێوەی ئێمە دەجووڵێتەوە:

-          کاتێ کە بۆ نموونە، باس لە نەمر خەلیفە مەلائەحمەدی وەحیدی ئیمام جومعەی بۆکان دەکات و دەڵێ "ئەودەم هەر ئیمام جومعەی خەڵک بوو، لەپاشان بوو بە ئیمام جومعەی شا"(٦٤). ڕاستییەکەی ئەوەیە هەموو ئیمامانی جومعەی شارە سوننە نشینەکان لە ئێرانی سەردەمی پەهلەویدا حوکمی ئیمامەتی جومعەیان لە لایەن شا، یان دەست وپێوەندی ئەوەوە بۆ دەهات و لە خوتبەی نوێژی هەینیشدا وەک "اولوالامر" ناویان لێدەبرد کە دەبووایە خەڵک ئیتاعەیان بکردایە. ئەوە هەرگیز نیشانەی لایەنگربوونی شا و تایبەت بە شاری بۆکان و کەسێکی وەک خەلیفە مەلا ئەحمەد نەبوو. لەو سەردەمەدا کە ئەو لە مزگەوت ئەو قسەیەی دەکرد، لە قوتابخانەکانیش سروودی شاهەنشاهی دەخوێنرایەوە، لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی شا و ٢٨ ی مورداد و ٢١ی ئازەریشدا مامۆستایان و فەرمانبەرانی ئیدارات بە بەردەم وێنەی شادا ڕێژە دەڕۆیشتن، دووکانداران ئاڵای ئێرانیان لەبەر دووکانەکەیان هەڵدەواسی و تەنانەت بینەرانی ناو سینەماکانیش بە سرودی شاهەنشاهی لەشوێنی خۆیان هەڵدەستانە سەر پێ... بە پێچەوانە، ئەو هەڵوێست گرتنە دژ بە ئیمام جومعەی پێشووی بۆکان دەتوانێ نیشانەیەک بێت لەو ڕاستییەی کە ناوبراو لە ساڵانی ١٣٣١ و ٣٢ و ڕاپەڕینی دژی فیئوداڵیی خەڵکی بۆکاندا لایەنی خەڵکەکەی گرتبوو و دواێ کۆدیتای ٢٨ی گەلاوێژ و شکستی ڕاپەڕینەکە، کەوتبووە بەر تۆڵەسەندنەوەی ئاغاکان و بەگوێرەی قسەی یەک لە کەس وکارەکانی، ماڵەکەشی بە فەرمانی ئاغاوات ئاگرتێبەردرابوو.[10]
-     ئەو هەڵوێست گرتنە دژ بە نەیار و ناحەزانی بنەماڵەی ئاغاکان، میرزا محەمەدی ئەفخەمیش دەگرێتەوە کاتێ کە نووسەر لە زمان کەسێکی خەڵکی گوندی میرئاوای بۆکانەوە دەڵێ ناوبراو "فەرماندەی دەستەی 'جەوانمەرد' [واتە چەکدارانی دەوڵەت]ی سەردەمی شا بوو و ئەودەمەی وا جەنازەی شەهید عەبدوڵلای موعینی و چەند پێشمەرگەی دیکە لەنێو جیپێکدا لە لای گەورکانەوە هێنراوەتە گوندی میرئاوای بۆکان، بە قسەی ئەوکەسە، "بەشەق داویە لە سەری یەک لە جەنازەکان و گوتوویەتی "ئەوە عەبدوڵڵای موعینی سەردەستەی چەتەکانە کوشتوومانە" (١١٩). من ئاگاداری ڕاست و نەڕاستیی هەواڵەکە نیم، بەڵام یەک خاڵی جێگەی پرسیاری دیکەش لە قسەکاندا دەبینم. ئەوەندەی زانرابێت، ڕاپۆرتی حەشارگەی نەمران عەبدوڵلای موعینی و مینەشەم لە گوندی "قالوێ عەوڵاغا"ی گەورکایەتی لە لایەن کەسانی جاشی ناو گوندەکانەوە بە ژاندارمەری درابوو و ئەوانیش چووبوونە سەریان. هەردوکیان ئازایانە بەربەرەکانییان کردبوو، بەڵام لە شەڕی نابەرانبەری دوژمندا شەهید ببوون. پرسیار ئەوەیە جیپی هەڵگری جەنازەی شەهید عەبدوڵڵا بۆچی چۆتە گوندی میرئاوای بۆکان لە حاڵێکدا دەزانین تەرمی ئەو قارەمانەی گەلەکەمان لە گەورکایەتییەوە براوەتە مەهاباد و پاشانیش پادگانی جڵدیان. لێرەدا بێ ئەوەی لایەنێک بگرم، پێویست بە گوتنی دەزانم کە میرزا محەمەدی ئەفخەمی و میرزا محەمەدی نووریی شاعیر، لە ڕووداوەکانی ساڵانی 'ئیسلاحاتی ئەرزی'ی شادا (١٣٤٠ بەدواوە)، دژ بە بنەماڵەی ئاغاکانی بۆکان و دەوروبەری چالاکیی زۆریان نواند و هەردوو ئەو لایەنانە بۆ ماوەیەکی زۆر دژ بەیەک وەستابوون. تۆ بڵێی ئەو دژایەتییە نەبووبێتە سەرچاوەی نووسینێکی وا؟ وەک گوتم، من زانیاریی پێویستم نییە و لەوە زیاتر ناتوانم لەسەر بابەتەکە بڕۆم.

-         هەروەها نووسەر گەلێک جار هێرش دەکاتە سەر "چەپڕەوەکان" (بۆ نموونە، لل ١١٧ و ١١٨) و دژ بەکەسانێک دەوەستێ کە هەڵگری بیری چەپ و لایەنگری دابەشکردنی زەوی بەسەر جووتیاراندا بوون، چ کورد و چ غەیرەکوردی وەک غوڵام یەحیای فیرقەی دیموکرات. کاتێکیش دێتە سەر باسی حزبی دیموکراتی کوردستان، بە دەسکردی یەکیەتی سۆڤیەت و وەک هەڵەیەکی گەورەی دەزانێ؛ لەبەرانبەردا لایەنی کۆمەڵەی ژێکاف دەگرێت کە بە ئاشکرا دەزانین لە حزبە ناسیۆنالیستییەکە ڕادیکاڵتر بوو و دەنووسێ "هەموو ئەوانەی وا من دیومن و باسی ئەو ڕۆژگارەم لێپرسیون، وەک کاک هەمزەی حەمیدی، مەلا عەوڵای حەسار، حاجی سمایل ئاغای بابم، حاجی ڕەحمان ئاغای موهتەدی و قاسم ئاغای موهتەدی، هەموویان پێیان وابوو دروستکردنی حزبی دیموکرات بە قسەی ڕووسان هەڵەیەکی گەورە بوو، بە جارێک خەڵکی لە کوردایەتی دڵسارد کردەوە و ئەو لەخۆبردوویی و ڕاستی و دروستی و وەفا و سەفای لە کۆمەڵەی ژێکافدا بوو، نەما."(٢٨). ئەوەش لەکاتێکدا کە باوکی نووسەر (حاجی سمایل ئاغا) وەزیری ڕێگاوبان و ئامۆزایەکی باوکی (حاجی ڕەحمان ئاغا) وەزیری ڕاوێژکاری کابینەی پێشەوا بوون.

-         وەک لە سەرەوەتر گوترا، نووسەر ئاوڕی بەخێر لە پێشەوا قازی و کۆماری کوردستانیش ناداتەوە و ەو تەنیا بە قازی محەمەد ناوی پێشەوا لێدەبات و کۆماری کوردستان بە دەسکردی ڕووس دادەنێ و دەڵێ "قازی تێگەیشتبوو لەوانەیە مەلا مستەفا پەیمانێک دەگەڵ دێبوکری و ماڵە ئێلخانی ببەستێ و بۆوەی نزیکییەکەی دەگەڵ مەحموودئاغا زیاتر بێ،" پێشنیاری ئەو مارەبڕینە لەنێوان دوو بنەماڵەکەدا دەکات کە لەسەرەوەتر ئاماژەی پێکرا.

ئەو چەشنە هەڵوێست گرتنانە لەلایەن باوەڕمەندی چینێکی کۆمەڵایەتیی دەسەڵاتدارەوە ئاساییە، لەبەر ئەوەی هەموو مێژووی ساڵانی جێگەی باسی ئێمە لە ناوچەکە، ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتی خۆجێ یی بووە لەگەڵ خەڵک. هەروەها ئاغا و سەرەک هۆز و دەرەبەگی ناوچەیی بەشێک لە هێزی خۆیان لە دەوڵەت و ئەرتەش و ژاندارمریی سیستمێکی سیاسی وەردەگرت کە نوێنەری بەرژەوەندییەکانی ئەوان بوو نەک هی ئاپۆرەی خەڵک. هەر لەو پەیوەندە دوولایەنەیەی حکوومەت و خاوەن مڵکدا هەڵوێستی هاوبەش و هاوچەشنیش سەریهەڵدەدا. بۆ نموونە، لەو ساڵانە و دواتریش هێرشی تەبلیغاتیی و سیاسیی دەوڵەت زیاد لە هەمووان بۆ سەر حزبی توودەی ئێران  و 'حزبی ئێران'ی نێو جبهەی میللی بوو کە بە باڵی چەپی ئەو بەرەیە دەناسرا و هەموو جنێو و قسەی ناحەزی فیئۆداڵەکانی ئێرانیش رووی لەوان بوو. لە دووجار سەفەری ئاغاواتی موکریان بۆ تاران و وتاردانی قاسم ئاغای موهتەدی لەبەر دەم پەهلەوی دووەمدا (ساڵانی ١٣٢٥ و ٣٢)، ئەو ڕاستییە دەردەکەوت؛ ئەو حزبانە ئەگەریش داواکاری دابەشکردنی زەویی ئاغاکان نەبووبێتن لایکەم خوازیاری بەربەستکردنی دەسەڵاتیان بەسەر گوندییەکان و نەمانی چەوساندنەوەی لە ڕادەبەدەریان بوون. دیارە، جگە لە بەرژەوەندیی چینایەتی، سەرچاوەیەکی دیکەی هەست و ڕوانگەیەی هەردوولا دژ بە چەپ و کومۆنیستەکان لەو بڕگە زەمەنییەدا، سیاسەتی ئەمریکا و ڕۆژئاواییەکان بۆ دژایەتیکردنی یەکیەتی سۆڤیەتی و بەربەرەکانیی ئایدیۆلۆژیای چەپ لە هەموو جیهان بوو. کتێبی ئەم دواییەی نەمر ئەمیری حەسەنپوور بەڕوونی گرنگایەتی ئەو سیاسەتە بۆ ئەمریکا دەردەخات: لە ڕاپۆرتی چاوپێکەوتنێکی ساڵی ١٣٣٢ ی  کۆنسولی ئەمریکا لە تەورێز لەگەڵ یەک لە ئاغایانی دەوروبەری بۆکان کە کۆپییەکەی بۆ واشەنگتۆنیش نێردراوە، چەندجار ئاماژە بە پەرەسەندنی بیری کومۆنیستی لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی کورد کراوە و یەک لە هۆکارەکانی دژایەتیی ئەمریکا لەگەڵ ڕیفۆرمەکانی حکوومەتی دوکتۆر موسەدیقیش مەترسی پەرەسەندنی ئەو بیرە بوو.[11] ئەو هەڵوێست گرتنەی دژ بە ئایدیۆلۆژیی چەپ، حزبی دیموکراتی کوردستانیشی دەگرتەوە کە بەشێک لە ئەندامان و بەڕێوەبەرانی ئەو ساڵانەی تا کۆنگرەی دووی حزبەکە (١٣٤٣ (١٩٦٤)) سێبەری باوەڕ و سیاسەتەکانی حزبی توودەیان بەسەرەوە بوو. دەگوترێ شەهید دوکتۆر قاسملوو تا ساڵی ١٩٧٠ ئەندامی حزبی توودەی ئێران بووبێت. حزبی دیموکرات لە هەڵوێستی داواکاریی بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتیدا شان بەشانی حزبی توودە دەڕۆیشت و نفووزی ئایدیۆلۆژیکی ئەوان تا دەرەنگتر و تەنانەت جیابوونەوەی کۆنگرەی چوارییەکانیش لەبەژنی حزبی دیموکرات (١٣٥٨)، هەر بەردەوام مایەوە. بەوپێیە، "چەپ"ی نووسەری کتێبەکە کەمو زۆر هەموو خەباتکارانی گۆڕەپانی سیاسەتی ئەو ساڵانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێتەوە و ئەوە ناوەرۆکێکی سەرەکی کتێبی کاک تاهیرە[12].

لە کۆتاییدا ئاماژە بە سێ کەمایەسی دیکەی کتێبەکە لە ڕوانگەی خۆمەوە بکەم:

1.                        نووسەر لە گێڕانەوەی بیرەوەریی ساڵانی ژیانی خۆی لە بۆکان و حەمامیان و سەردەرئاباد دا تاڕادەیەکی زۆر سەرکەوتووە، بەڵام داوەریکردنەکانی سەبارەت بە سیاسەت و سیاسەتوانانی ئەو سەردەمە جێگەی پرسیاری زۆرن. کۆماری کوردستان وەدیهاتنی خەون و ئارەزووی سەدە و ساڵانی گەلی کورد بوو، نەک دەسکردەی رووس و خواستی باقرۆف. بەپێچەوانە، پێشەوا و نوێنەرانی کورد دژ بە خواستی یەکیەتی سۆڤیەتی و حکوومەتی ئازەربایجان وەستان کە دەیانویست کوردستان بچێتە ژێر چەتری حکوومەتی میللی ئازەربایجانەوە و بۆ ئەو هەڵوێستە مێژووییە، ڕێزی هەمیشەیی گەلی کوردیان ئاراستە دەکرێت. هەروەها پێشەوا و حکوومەتەکەی وەک نووسەر دەڵێ، "بە دنەی هێندێک لە عەشایران و سەرانی فیرقەی دیموکراتی تەورێز" یان "چەپی توودەیی" نەجووڵاونەتەوە و کۆماریش لەسەر خواستی ئەوان دانەنراوە. بەداخەوە لە هەواڵەکانی نووسەردا کۆمەڵانی خەڵک و ئیرادەیان غایبن و تەنیا بێگانەن کە بڕیاردەرن. دڵنیام کتێبەکە بە بێ ئەو داوەرییە ناتەواوانە بایەخی زیاتری دەبوو.

2.                         نووسەر جگە لە مەسەلەی سیاسەت، چەندجارێک چۆتە سۆراغی تۆپۆنێمی واتە 'وجە تسمیە'ی هەندێک شوێنی جوغرافیایی وەک بۆکان و ملەی میرقاز لە سەر چیای تەرەغە. زۆرێک لەوکەسانەی وا وجە تسمیە بۆ شوێنەکانی ئێستای کوردستان دەدۆزنەوە ڕابردووی چەندهەزارساڵەی ناوچەکە و زاڵبوونی میللەتانی جیاجیا بەسەر ناوچەکەدا ناگرنە بەرچاو و تەنیا ڕواڵەتی ئێستای ناوکان دەبینن کە هەڵەیەکی زەقە. نە 'ئەو'ی کوردی و نە 'بوو'ی تورکی وەڵامدەرەوەی پرسی چییەتی ناوی بۆکان نین، ناوی سەدان گوندی دیکەی ناوچەکەش هەن کە دەگەڕێنەوە بۆ مێژووی پێش ئیسلام و زەردەشتایەتی و دەبێ لە پەیوەندیی دانیشتووانی چەندهەزارساڵەی ناوچەدا بۆیان بگەڕێین نەک شتی وەک ملی قاز و مراوی.

3.                          کەمایەسییەکی دیکەی کتێبەکە دیاری نەکردنی ساڵ و مانگی ڕووداوەکانە و ئەوە کەم و زۆر هەموو لاپەرەکانی گرتۆتەوە- دیاردەیەک کە دەبێتە هۆی ئەوەی خوێنەر نەتوانێ ڕووداوەکان بەیەکەوە ببەستێت و  نەزانێ چی لە ئەنجامی چیدا سەریهەڵداوە، بەتایبەت کە نووسەر لە ڕیوایەت کردنەکانیدا هەندێ جار دەگەڕیتە دواوەتر و ڕیزبەندیی مێژوویی ڕووداوەکان دەشێوێنێت.

تاهیر ئێلخانیزادە، "ئاوڕێک لە موکوریان (بیرەوەرییەکانم)"، جڵدی یەکەم، تایپ و پێداچوونەوە: تایر عەلی یار، چاپی ٤٩+ کتێب، دیزاین و ڕووبەرگ: شاڕوخ ئەرژەنگی، چاپی یەکەم، سوئێد ٢٠٢٠.     ٢-٢-٩٨٦١٧١-٩١-٩٧٨ ISBN



[1]  دیارە چەند چیرۆکی پێشڕەوی وەک 'نان و فیشەک' دەبێ لەبیر نەکرێن، بەڵام ئەوانە چیرۆک بوون نەک مێژوو نووسین.

[2]   من ئەو مەسەلەیەم لە پسپۆڕێکی شوێنەوارناس لە ناوخۆی وڵات پرسی. بەگوێرەی زانیاریی ئەو، تا ١٠٠ ساڵێک پێش ئێستاش باو بووە خەڵکانی ناوبەدەرەوە و دەستڕۆیشتووی ناو دەسەڵات لە ژێرزەمینی بینایەیەکدا نێژراون بەڵام کێل و بەردی سەر گۆڕەکەیان کە قاتێک سەرەوەتر دانراوە. واهەیە ئەوکارە بۆ پاراستنی گۆڕەکە لە هێرشکاریی دواڕۆژ بەڕێوەچووبێت.  برادەرێکیش کە سی چل ساڵ پێش ئێستا لە مغوولستان چووبوە سەردانی گۆڕی چەنگیزخانی مغول، هەمان دیاردەی لەوێش چاو پێکەوتبوو.

 هەواڵی سەرچاوە ئێرانی و ئازەربایجانییەکان، کە هەموو باس لە شیعە و تەورێزی بوونی ثقةالاسلام و باوک و باپیرانی دەکەن.[3]

[4]   ئەو ئەحمەدئاغای ئێلخانییە جیاوازە لە ئەحمەدئاغای ئێلخانی زادە ی باوکی کاک سوارەی شاعیر و سەردەمێک پێش ئەو ژیاوە.

[5]   مامۆستا برایمی فەڕشی سەبارەت بە هەواڵی پەیوەندیدار بە باوک و مام و باپیرییەو لە کتێبەدا هەڵوێست و ڕەخنەی زۆری هەیە و دەڵێ مەسەلەکەی بە نووسەر ڕاگەیاندووە.

[6]  نەک هەر لە ناوچەی ئێمەدا بەڵکوو لە ئوروپاش. بۆ نموونە لە ڕووسیای ناو چیرۆکەکانی چیخۆف و گوگول دا.

[7]  بۆ نموونە، مامۆستایان هەژار، کەریمی حیسامی، غەنی بلووریان، جەلیلی گادانی، برایمی ئەفخەمی و ڕەحمانی محەمەدیان.

[8]  گەر جووتیار عارەق نەڕێژێ / گەر هەتاو تیشک ناوێژێ
دانیشتووی ناو کۆشک و قەڵا / دەخۆن نانی گەڵا گەڵا؟ ٠شیعری "ئارەق و تین"، مامۆستا هێمن)

[9]   یان بە ئاماژەیەکی سووک بازی بەسەردا داون: "لە سەر حەق و حوقووقی مالیک زۆر کەم لە خەڵکی دراوە یا جەریمە ستێندرابێ... پاش قەدەرێک جەریمەکەیان داوەتەوە [بە کەسەکە]." (ل ١٢٠)  

[10]   من هەواڵی ئەو ڕووداوی ئاگرتێبەردانەم لە سەرچاوەی دیکە نەبیستووە و خەڵکی شاری بۆکان دەبێ زیاتر ئاگاداری بوون و نەبوونی بن. بەڵام لایەنگریکردنی نەمر خەلیفە مەلا ئەحمەد لە خەڵک هەواڵێکی ڕاستە.

[11]  حسن پور، امیر؛ "شورش دهقانان مکریان ١٣٣٢- ١٣٣١، کتاب ایران نامگ، دانشگاه تورنو، کانادا، سال ١٤٠٠، ص ١١٤

[12]  نووسەر هەڵوێستی وا توند بەرانبەر بە کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و شۆڕشگێڕانی ساڵانی دواتر ناگرێت.

No comments: