وتوێژ لەگەڵ شاروخ ئەرژەنگی بەرپرسی دەسگای چاپەمەنی ٤٩ کتێب، پێنجشەمە ١٩-ی مەی ٢٠٢٣ بەرنامەی ڕاوێژ، تێلێڤیزیۆنی ستێرک
وتوێژ لەگەڵ شاروخ ئەرژەنگی بەرپرسی دەسگای
چاپەمەنی ٤٩ کتێب، پێنجشەمە ١٩-ی مەی ٢٠٢٣
بەرنامەی ڕاوێژ، تێلێڤیزیۆنی ستێرک
حەسەن قازی: ژن ژیان ئازادی. بینەرانی
خۆشەویست بەخێربێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ. لە ڕاوێژی ئەم جارەمان دا میوانداری
دەکەین لە بەڕێز شارۆخ ئەرژەنگی بەرپرسی وەشانخانەی ٤٩کتێب. دیارە بەڕێزیان لە
ماوەیەکی کورتدا خزمەتێکی زۆر گەورەی کردووە، نزیکەی سێسەد نوسخە کتێبی کوردی و
سەر بە کورد و بە زمانی کوردی و غەیری زمانی کوردی لە ماوەیەکی کورت دا چاپ
کردووە، هەر لەبەر ئەوە ئێمە پێمان خۆش بوو لەم بەرنامەیەدا میوانداریان بکەین.
زۆر زۆر بەخێربێن بەڕێز ئەرژەنگی. پێش لە هەموو شتێک لە ئەوە ڕا دەست پێبکەین
جەنابت ئەو ئیدە و فکرەت چۆن گەڵاڵه کرد بۆ چالاکییەکی ئۆتۆ بە نێوی 49 کتێب؟
شارۆخ ئەرژەنگی: کۆمەڵێک لە هاوڕێیانی
نووسەر له ئورووپا
و لە ناوخۆ داوای ئەوەیان کرد کە من کارێکیان بۆ بکەم کە کتێبەکانیان لە ئورووپا چاپ
بێت و بچنە ناو کتێبخانەکانی سوێدەوە. چون
من بیست و پێنج ساڵە لەو بوارە دا کار دەکەم و خەڵکانی زۆر دەناسم، زۆر کەس
چاوەڕوانی ئەوەیان بوو کە کتێبەکانیان لە ئورووپا بە شێوەیەک چاپ بکەم. منیش
خۆیشم تازە هاتبووم و بیرم لەوە کردەوە چ
ڕێگایەک دەبێ ببێ؟ هەر چەند کە ئەوە خۆ شتێکی دیارە و زۆر کەس دەزانێ چاپ بە شێوەی
دیجیتالی لە ئورووپا هەیە. من فکرم لەوە کردەوە کە بتوانم جوابی هەموو ئەو
نووسەرانه بدەمەوە و بتوانم لە ماوەیەکی کورتدا بۆ هەموویان چاپ بکەم. به پێی
بازاڕی کتێبەکان، کتێبەکان زۆرتر چاپ بکەم. لە پێشدا ٤٩ کتێب و دوایی ئەگەر بازاڕی
کتێبەکە باش بوو زیاتر. هەڵسەنگاندنێک هەبوو و خوێنەر داواکارییەکی لەسەر کتێبەکە
هەبوو، ئەمجاره بچێتە بواری زیاترەوە. بەڵام من یەکەم کەسم کە ئەم کارەم کرد چاپی
دیجیتاڵ لە ئورووپا زۆره و لە چەند بوار یارمەتی دەکات: یەکەم لە بواری ماڵیدا،
دووهەم لە بواری ڕاگرتنی شوێنی کتێب و کتێب دەبێ شوێنی تایبەتی خۆی هەبێ و لە ئورووپاش
ئەو شتانه زۆر گران تەواو دەبن.
قازی: مەبەستت ئەوه بوو لە سەرەتادا بە ٤٩ کتێب
دەست پێ بکەی؟
ئەرژەنگی: بەڵێ هەر کتێبێک ٤٩ دانەی
لێ چاپ بکرێت. ناوەکە ئنگلیزی بوو، 9 یانی نۆ دانەمان چاپ کردووه. یەک بۆ نووسەر،
یەک بۆ وەشانخانه و حەوتیش دەچووه کتێبخانەکانی سوێدەوە. لانی کەم ئێمه دەبی نۆ
دانە چاپ کەین. ناوەندی کارەکەشمان لە سوێدە. نووسەرانی
ناوخۆ زۆربەیان سانسۆر لەسەر کتێبەکانیان هەیە و ناتوانن چاپیان کەن، پێویستە ئەو
کتێبانە لە شوێنکدا ڕابگیرێ. بێجگە ئەو کتێبانە کە دەچێتە ناو ماڵانەوە، حەوت دانە
کتێب دەچێتە کتێبخانەی سەرەکی سوێدەوە. بێجگە لە ئەمە ئێمە بەم کارە لە
کتێبخانەکانی سوێدا نیشان دەدەین کە خاوەنی نووسین و کتێبن و نووسەری بەتوانامان
هەیە. ئەم بیرۆکەیە زیاتر منی هان دا کە ئەو کارە بکەم و بەردەوام ببم و تا
ئێستایش لە ماوەی ئەو دوو ساڵ و نیوە ئێمە زیاتر لە سێسەد کتێبمان چاپ کردووە و
هەموو ئەو کتێبانە لە کتێبخانەکانی سوێد لەبەر دەستن.
قازی: زۆر باشە، ئێمه دەزانین لە سوێد
نەریتێکی ئاوا هەیە مومکینە ئێستا کە دەوڵەتێکی ئێتلافی دەستەڕاستی لەسەر کارە
ئاڵوگۆڕی بە سەر دابێ. لەو دوایانەیش دا قانوونی دژی تیرۆر کە هەرچۆنێک بێ بە
شێوەیەک لە شێوەکان داوێنی گرووپە کەمتر ئەندامەکان ئەوەی کە پێیان دەڵێن موهاجر
ڕەنگە بگرێتەوه و بەتایبەتیش چوونکوو لە پێوەندی لەگەڵ داخوازی و داوای ئەندامێتی
سوێد لە پەیمانی ئۆتان یان ناتۆدا هاتووەتە گۆڕێ و ئەو بابەتەی کە تورکیە دژایەتی
دەکا لەگەڵ داوخوازی سوێد، بە هەرحاڵ
ئەوەش تەسویب کراوە بە شێوەیەک لە شێوەکان و توندتر کردنی ئەو قانوونە و لە
لایەکی دیکەشەوە نەریتی چاپی کتێبی کوردی
یە لەسوێد. سەردەمایەک ژماری ئەو کتێبانەی
کە لە سوێد بە زمانی کوردی چاپ دەبوو، جا بە هەر شێوەزارێک بێ، چ کورمانجی بێ، چ
دملی بێ یا چ سۆرانی بێ، لەهەموو ئەو وڵاتانە زیاتر بوو کە بەشێک لە کوردستانی
تێکەوتووە. پێت وایە ئەو ئاڵوگۆڕە
سیاسییەی کە لە سوێددا بووە پێشی ئەو چالاکیانەش بگرێ یان نا؟
ئەرژەنگی: یەکەم ئەوەی کە ئەو کارەی
ئێمە دەیکەین سەر بە دەوڵەتی سوێد نییە. پێم وا نییە هیچ قانوونێک و هیچ حکوومەتێک
پێشی ئەمە بگرێت و ئێمە ئەتوانین درێژە بە کارەکانمان بدەین. بەڵام ڕەنگە ئەو
یارمەتییەی کە لە ساڵدا بۆ پێنج شەش کتێب دەیدەن، نەمێنێت، هەڵبەت ئیحتیمالی زۆر
کەمە. پێم وا نییە ئەو ناوەندانەی کە یارمەتی بۆ کولتوور ئەدات پێوەندی بەو
بابەتانەوە هەبێت.
قازی: زۆر باشە باسی کولتوورۆدت کرد یا شۆرای
فەرهەنگی سوێد کە لە ڕاستیدا دەوڵەتییە بۆ خۆی و یارمەتی کردن بە هونەرمەندان و
نووسەران و هەموو بوارێکی هونەری و ئەوانە دەکا. لە ڕابردوودا شێوەیەکی ئاوای هەبوو نسبەت بە ئەو
نووسەرانەی بە زمانانی بێگانە دەنووسن یان بە کوردی، بە فارسی، بە عەرەبی و تورکی،
سەردەمایەک ئاوا بوو کە ئەو یارمەتییانەیان دەکرد بە نووسەری تایبەتی، یانی
نووسەرێک کتێبێکی نووسیوە، کتێبەکەی دەنارد بۆ ئەوێ و ئەو دەزگایەش پسپۆڕی هەبوو و
تەماشای ناوەڕۆکی کتێبەکەیان دەکرد و پاشان ئەو پسپۆڕانە بە شێوەی گەلەکۆمە بە
یەکەوە دەهاتن قەراریان دەدا و یارمەتییەکە دەدرا بە نووسەرەکە و نووسەریش
کتێبەکەی چاپ دەکرد. بەڵام دواتر ئەو سیستمە گۆڕا و یارمەتییەکەیان کردە یارمەتی
وەشانگەران. وەشانگەر دەبوو بە کولتوورۆد بڵێ کە پلانی لە ساڵێکدا چییە و دەیەوێ چەند
کتێب چاپ بکا و بۆ چاپی ئەو کتێبانە چەندە دەیەوێ یارمەتی وەربگرێ. ئەوانیش کە
دەیانوت کە یارمەتی دەکەین، بە مەبەستی ئەوە نەبوو که یارمەتی چاپی هەموو بکەن؟
یارمەتی نێوەکەی بە خۆیەتی یان بەشێکی کابرا دەبوو خۆی تەئمینی بکات. مەبەستی من
ئەوەیە کە ئێستا ئەو سیستمە گۆڕانی بەسەردا هاتووە یا نا؟
ئەرژەنگی: پێم وایە لە ساڵی ٢٠١٦
سیستمەکە گۆڕانی بەسەردا هاتووە بەو شێوەی کە هەر بە وەشانخانەکانی دەدەن، بەڵام
نەک بۆ ئەوەی کە وەشانخانە چەندە چالاکی هەیە؟ چی دەکات؟ چی ناکات؟ تەنیا کتێبەکان
دەنێری بۆ ئەو شوێنە. بۆ نموونە کتێبێک هەڵدەبژێری یان هەموو کتێبەکان دەتوانێ
بنێری بۆیان، یان من خۆم چاو لە نووسەرەکە دەکەم بزانم ئەگەری وەرگیرانەکەی هەیە.
چاو لە دەقەکە دەکەم یان داوا لە نووسەرەکه دەکەم و دەڵێم ئەو کتێبە دەنێرم بۆ ئەو
شوێنە. یارمەتییەکەیان بەو شێوەیە کە ئەوان کتێب بە کتێب یارمەتی دەکەن. کتێبەکە
وەردەگرن، دەبێ دە لاپەڕە لە کتێبەکە بکەی بە سوێدی یان ئینگلیزی، هاوکات کە
کتێبەکە دەنێری سێ دانە نوسخەیان بۆ دەنێری. ئەوان ئەو دە لاپەڕەیە دەخوێننەوە و
ئەو کتێبەش دەنێرن بۆ دوو نووسەری کورد کە خوێندنەوەیان بۆ کتێبەکە هەبێت و لەسەر
کتێبەکە بنووسن. ئەوانیش خوێندنەوەکانی خۆیان دەنێرن بۆ کولتوورۆد و ئەوانیش
شۆرایەکی چەن کەسی بۆ خۆیان دادەنیشن. دواتر کە کتێبەکەیان وەرگرت، دوو بەشی
یارمەتی هەیه: یارمەتییەک بۆ چاپە، بۆ نموونە دەڵێن ٢٩٦دانە لەو کتێبە بۆ ئێمه
بنێرە، یانی ٢٩٦ کتێب دەکڕنەوە، به ٧٥٪ له قیمەتی کتێبەکە. بەشێکی دیکە یارمەتی
دەدەن بۆ وەشانخانە و بۆ هەموو ئەو کارانەی کە تۆ کردووتە و بەشی نووسەرە، ئێمه ئەمە
دابەش دەکەین، ئەمساڵ ئێمە سێ دانە کتێبمان وەرگیرا.
قازی: ڕێگایەکی دیکە کە ئێوە بگەنە
خوێنەرەوەی کورد چییە؟ یانی ئێستا بەڕێزت کە هاتوویەتە ئێرە دەتەوێ لە برووکسێل و
چەند جێگەی دیکە لە بێلژیک پیشانگە دانێی و بەو زووانە پێوەی لە دوو سێ وڵاتی دیکەش
پێشانگاتان هەبێ. بەڵام لە سوێد و ئورووپا و هتد. چ مێتۆدێک هەڵدەبژێری بۆ ئەوەی
کە بتوانی بگەیەتە خەڵک؟ بگەیەتە خوێنەرەوەی کورد؟ دیارە کەسی ئاواش هەبێ کە کورد
نەبێ و کوردیش بزانێ و کوردی بخوێنێتەوە بەڵام
دیارە ئەوانە زۆر دەگمەنن. بەڵام بە گشتی چۆناوچۆن هەوڵت داوە لەخوێنەرەوەی کوردی یان
کحمەڵگەی کورد نزیک ببیەوە و هانیان بدەی بۆ ئەوەی کە کتێب بکڕن و کتێب بخوێننەوە؟
ئەرژەنگی: بۆ هاندانەکەی تۆڕە
کۆمەڵایەتییەکانمان پڕ کردووە و خەڵک خۆیان دەزانن بۆ پاراستنی زمان و کولتووری
خۆیان چەندە کتێب خوێندنەوە پێویستە، بۆ خۆیان و منداڵەکانیان لە ئورووپا زۆر
گرینگە، بەڵام ئەوەی کە لە چ ڕێگایەک ئەو کتێبانە دەگەینە دەستی خوێنەران، هەموو
شێوەکانی کە لە ئورووپا باوە و لە دنیادا باوە بۆ بڵاوکردنەوەی کتێب ئێمه ئێستا
هەمانە. بۆ نموونە کتێبفرۆشی ئانلاینمان هەیە و دەتوانیت بچیتە سەر ماڵپەڕی ٤٩
کتێب و کتێبەکە بکڕی. پێشانگا دادەنێن کە ئەوە کەمتر هەیە لە ناو ئورووپادا یان لە
ناو وەشانخانەکانی دیکەدا. ئێمە بە وڵاتان دا دەگەڕێن و کتێبەکان دەبەین. بۆ
نموونە ئێمە حەفتەی پێشوو لە کوێلن پێشانگامان بوو، دوایی لە برۆکسلی بلژیک
هەمانه، لە شارێکی تری بلژیک، دواتر دەچینە ئۆسلۆ لە نۆروێژ. بەردەوام بەم شێوە
کتێب دەفرۆشین و بڵاوی دەکەینەوە.
قازی: باشە ئێستا ئێمە بێنە سەر هەندێک لە
کتێبەکان، یەکەم کتێب کە چاپتان کرد چ بوو؟
ئەرژەنگی: یەکەم کتێب کە چاپمان کرد
کتێبی «تاپۆ و بوومەلێڵ »ی سوارە ئیلخانیزادە بوو، چوار کتێبمان پێکەوە چاپ کرد،
لە دەزگای ئاراس وەرمانگرتن، یەکیان دوو کتێبەکەی مامۆستا هێمن کە یەکیان «هەواری
خاڵی» بوو.
قازی: بابەتی کۆپی ڕایت لێرە چۆن جێبەجێ
دەبێ؟ یانی وای دابنێ کتێبەکانی هێمن کە وەختی خۆی دەزگای ئاراس لە هەولێر چاپی
کردووە، دیارە خاوەنێکی هەبووە. ئێوە کە دووباره چاپی دەکەنەوە، چۆنە؟
ئەرژەنگی: ئێمە بۆ هەموو ئەو کتێبانە
کە چاپیان دەکەینەوە، ئەگەر نووسەر مابێ ئیزنی لێ وەردەگرین و دوایی لە دەزگاکەی
وەردەگرین دەنا هەموو ئەو کتێبانەی کە ئێمە چاپمان کردووە ئیزنمان لە دەزگاکان
وەرگرتووە. بۆ نموونە دەزگای ئاراس یا دەزگاکانی دیکە کە پێکەوە هاوکاری دەکەین.
بۆ نموونە دەزگای مەم و زین لە هەولێرە هاوبەش کار دەکەین، ئەوان کتێبەکانی ئێمە چاپ
دەکەنەوە لە باشوور و ئێمەیش کتێبەکانی ئەوان لێرە لە ئورووپا چاپ دەکەینەوە. یان لەگەڵ بنکەی ژین
بڕیار وایە کە هاوکاری بکەین، هەر بنکەیەکی تریش پێی خۆش بێ ئێمە هاوکاری دەکەین،
ئێمە لێرە کرێبەکانیان چاپ دەکەینەوە و لەو شوێنانەی کە پێویستە بڵاویان
دەکەینەوە.
قازی: لەو مناسبات و پێشانگایانەدا کە لە
ماوەی ئەم دوو ساڵ و نیوەدا لە وڵاتە جۆربەۆرەکان کە تا ئێستا بووتانە، وا هەیە کە
نووسەران و خوێنەران و وەرگێڕان بێن یانب کەسانی کتێب خوێن بێن لەسەر کتێبێک
تەحلیل و لێکدانەوه بکەن؟
ئەرژەنگی: بەڵێ ئێمە یەکەم جار لە
ئۆسلۆ دەستمان کرد به خوێندنەوەی کتێب. دوو ڕۆژ پێشانگامان هەبوو، کۆمەڵێک نووسەر
هاتن و کتێبیان هەڵدەبژارد و بە بەرنامەوە هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەیان هەبوو و
زۆریش کاریگەری هەبوو بۆ فرۆشی کتێبەکە و ئەو کەسانە کە بەشدار دەبوون لەوێ زۆرتر
کتێبەکەیان دەخوێندەوە. ئێمە هەوڵ دەدەین بۆ ئەم کارە. بۆ ئەوەی کوێلن نووسەرێک
بەشدار بوو، کاک سەدیقی بابایی لەوێ باسێکی کورتی لە سەر پاراستنی ئەو نوسخه
خەتییانەی کە هەیە و لێرە هەیە و کاریگەری بە دێکۆمێنتاری کردنی ئەو شتانە کە ئێمە
هەمانە بە تایبەت لە ئورووپاش، یان وەرگێڕانی ئەو کتێبانە بە زمانی ئاڵمانی یان
زمانە زیندووەکان.
قازی: زۆر باشە ئێستا ئەگەر لەسەر ناوەرۆکی
کتێبەکان ڕابوەستین، وابزانم ئێوە کتێبی
منداڵانیش چاپ دەکەنباسی کتێبێک دەکرێ کە منداڵانی فەلاندی نووسیویانە. ئەگەر
هێندێک باسی ئەو جۆرە کتێبانە بکەی.
ئەرژەنگی: لە ئورووپا بەتایبەت لە
فەلاند و سوێد، منداڵان لە قوتابخانەکان بۆیان هەیە ڕۆژێ یەک تا دوو ساعەت بە
زمانی دایکی دەرس بخوێنن. مامۆستایەک خوێندکارەکانی هان داوە کە ئەوان چیرۆک
بنووسن، نەقاشی بکێشن و ئەویش بۆیان بکاتە کتێبێک. کە بۆیان ناردم، پێشنیارم دا کە
هەموویان لە مەجمووعەیەک کۆ دەکەینەوە و دووبارە تایپیان دەکەینەوە. دەست
خەتەکەیان لەگەڵ نەقاشییەکانیان پێکەوە لەگەڵ تایپ کراوەکەیان هاوکات چاپیان
دەکەین. منداڵەکان بە کوردی نووسیویانە. ئەمە بۆ هاندانی منداڵانی کورد لە ئورووپا
زۆر کتێبێکی چاکە و هانیان بدات کە بە زمانی دایکی خۆیان بنووسن و بخوێنەوە و چیرۆک بنووسن. بەڕاستی کاریگەری زۆری هەیە
لەسەر منداڵان.
قازی: ڕێژەی کتێبی منداڵان چەندە؟
ئەرژەنگی: ئەو کتێبانەی کە بۆ
منداڵان چاپمان کردووە تا ئێستا زیاتر شێعر و دوو سێ چیرۆک بووە. بەڵام ئێمە ئێستا
لە کتێبخانەیەکی وڵاتی بریتانیا داوایان لێکردین سەد دانە کتێبی منداڵان و
مێرمنداڵان بنێرین بۆیان و ئەوانیش دابەشی بکەن بەسەر کتێبخانەکانی بریتانیادا.
ئێمەیش کۆمەڵێک کتێبمان ئامادە کردووە، لەو کتێبانەی کە پێشتر چاپمان کردووە و
زۆربەیان چیرۆکن بۆ منداڵان. لێژنەیەکمان هەیە چاویان لێ دەکات، هەندێکیان لە
ئەفسانە کۆنەکانی کورد و بەیتەکان هەموو شیکاریان بۆ کراوە و کراون بە کتێب و
ئێستا ئامادەی چاپن.
قازی: ئێستا لە سوێد زۆر دەزگای چاپی کوردی و
غەیری کوردی زۆر کتێبی منداڵان چاپ دەکەن. تەنیا بە کوردی سۆرانی نییەن، بەڵکوو
کوردی کورمانجیش هەیە. لەم جۆرە کتێبانەش دەنێرن بۆ بریتانیا؟
ئەرژەنگی: ئەوان بۆ خۆیان موشیەرییان
لە بەشی کورمانجییەکە هەیە و داوای دەکەن بەڵام بەشی سۆرانییەکەی کەمتر هەیە.
هەڵبەت ئێمە کتێب بە کورمانجیش چاپ دەکەین.
قازی: لە قەدیم ڕەسمێکی وا هەبووە کاتێک
تەجارەتی گەنمیان کردووە، نموونەی گەنمیان پێ بووە. جەنابیشت ئەوە نمونەی کتێبە
هێناوتانەتە ئێرە، دەستیان پێ بکە بیانناسێنین یەک بە یەک؟
ئەرژەنگی: لە «پوختەی ڕێنووس» دەست
پێ دەکەم، کاک دیاکۆ هاشمی پێشنیاری ئەوەی کردووە کە خاڵبەندی چۆن بێ لە نووسینی
سۆرانیدا. کتێبی دیکە «ئازارەکانی ژن بوونە»، ئەمه کۆمەڵێک وتارە، وتاری سیاسی-
کۆمەڵایەتیە کە ناوەڕۆکەکەی سەبارەت بە ژنانە. کتێبی دیکە شێعرەکانی شێخ مەحموودی
نەمرە و پێشتریش چاپ کراوە. ئەمەش کتێبی «بیرەوەرییەکانی دوکتۆر ڕەحمانی حەلەوییە»
و کاک ڕەسووڵی سوڵتانی کردوویە بە کوردیی سۆرانی. ئەوی دیکەیش کتێبی «پێشمەرگەیە»
و زۆر چاپ بووە و بەیەکەمین ڕۆمانی سۆرانی ڕۆژهەڵات دادەنرێت، ئەمە لە ڕووی
دواهەمین چاپی دەزگای ئاراس لە چاپ دراوەتەوە. ئەمەش کتێبی کاک ڕەحیمی قازییە کە
به فارسی و به کوردی نووسیویەتی و ئەمەش هەر ئاراس چاپی کردووە. ئەمەش کتێبی «بوونناسی
بنەڕەتییە»، کتێبێکی کاملەن فەلسەفییە کە بۆ کورد بوون من پێم وایە هەموو کەس دەبێ
بیخوێنێتەوە. ئەمەش کتێبێکی ترە بە زمانی فارسی بەناوی «سەفەر بە ئورووپا مهمان در
سوئد».
قازی: منیش باسی چەند کتێب دەکەم، ئەمە کتێبی
«کورد بوونە»، بیرەوەرییەکانی نەمر کاپتان حەمەدی مەولوودە چرچە، وریا ماملێ
نەوەیەتی و کۆی کردووەتەوە و تەنزیمی کردووە. چون دەستنووسەکانی کاک محەمەد زۆر
بەربڵاو بووە، کاک وریا زەحمەتێکی زۆری لەگەڵ کێشاوە. یەکەم جاریش لای جەنابتان
چاپ بووە. لێرە دوو کتێبی مامۆستا ئەمیریش دەبینم، «شۆڕشی وەرزێڕانی موکریان»-ە کە
بەرگی دووهەمی ئێوە چاپتان کردووەتەوە،به زمانی فارسی نووسراوە.بەرگی یەکەم و
دووهەمی هەیە کە ئەویش لە کانادا دوو
وەشانخانەی جۆربەجۆر چاپیان کردووە، کە وابزانم بەرگی یەکەم و دووهەمەکەیتان
پێکەوە چاپ کردووەتەوە. ئەویش کتێبێکی دیکەی مامۆستا ئەمیرە کە پێشتر چاپی یەکەمی
لە لایەن حزبی کۆمۆنیست ئێران مارکسیست- لنینیست -مائوئیست چاپ کرابوو، کە ئێوە بە
شێوەیەکی زۆر جوانتر پێم وایە چاپتان کردووەتەوە. ناوەکەی «برفراز موج نوین
کۆمۆنیزم همراە با ضمیمە اشکال
ناسیۆنالیزم». ئەمەی دیکەیش کتێبی «سازمان ئینقلابی و کوردستان»-ە کە ئەمە دەبێتە
چاپی سێهەمی، پێشتر لە ئورووپا چاپ ببوو و له باشووری کوردستانیش دەزگای کوردستان
نوێ چاپیان کردووە، حەفتەی ڕابردووش وابزانم کۆبوونەوەیەکیان ڕێک خستبوو سەبارەت
بەم کتێبە. کەمێکش سەبارەت بەو کتێبەی کە لەبەر دەستتانه لە مەڕ شۆڕشی ژن، ژیان،
ئازادی باس بکە!
ئەرژەنگی: کاک جەلالی هەنیسی یەکەم
جار ئەو بیرۆکەیەی لای من باس کرد کە ئەو شێعرانە و ئەو نووسراوانەی کە بۆ ژینا و
لەسەر ژینا و بۆ شۆڕشی ژینا گوتراوە، کۆی بکەینەوە لە کتێبێکدا. ئێمەیش
بانگەوازێکمان بڵاو کردەوە، ئێمێلمان دانا. ئەو کەسانەی کە نووسراوەیان لەم
بارەیەوە هەبوو زۆر بوون. چەند کەسێکیان ناو دەبەم وەک پەیامی پشتیوانی بە قەڵەمی
عەبدوڵا پەشێو، کارنەڤاڵی بەردانە سەرپۆشەکان نووسینی شێرزاد حەسەن، دروشمی شۆڕشێک
کە بە مەرگی ژینا دەستی پێکرد بە قەڵەمی هێدین، ئەم شێعرە بۆ ماسی بە قەڵەمی ساڵح
سووزەنی، تەواری مە بە نووسینی ناسری حسامی، ترس بە نووسینی سەعید نەجاڕی، ژن ژیان
ئازادی بە قەڵەمی موسلح ڕێبوار، سپیدە بە نووسینی قوبادی جەلیل زادە، چاوە، شەماڵ
ئیسماعیل پوو، یانی کۆمەڵێکی زۆر نووسەر و شاعیر بە دوو زمانی کوردی و فارسی شێعر
و پەخشانیان نارد. داوای لێبوردن دەکەم لەو نووسەرانەی کە لێرە ناویان ناهێنم،
چوون زۆرن.
قازی:
دیارە زۆر نووسینی تریش هەیە کە ئەوانە ئاگادار نەبوون لەو بانگەوازە یان ئەوەی کە
ئێوە دەستڕسیتان پێیان نەبووە. بۆ نموونە دوکتۆر سومەیە ڕوستەم پوور کە مامۆستایە
لە زانکۆیەکی فەڕانسە، بابەتێکی زۆر ڕێک و پێکی لەو بارەیەوە نووسیوە بەناوی ئێستا
کاتێتێ. یان بەڕێز سۆرانی قوربانی کە ڕۆزنامەنووسە لە تێلێڤیزیۆنی بی بی سی فارسی
بابەتی لەم بارەیەوە نووسیوە. زۆر شتی تریش هەیە. پێشنیار دەکەم کە لەم بارەیەوە
زۆرتر بەردەوام بن. دەتوانن شێعرەکەی کاک ناسر حیسامی بخوێننەوە؟ کاک ناسر حیسامی
یەکێک لە شاعیرانی ناوازەی هاوچەرخی کوردییە.
ئەرژەنگی:
بەڵێ لە بەرنامەمان دایە ئەوانەی کە ماوەتەوە له کتێبی دووهەمدا چاپیان بکەین. گەر
زەحمەتی خوێندنەوەی شیعرەکە خۆتان بیکێشن مەمنوون دەبم.
قازی: کاک ناسر یەکێکە لە باشترین شاعیرانی
هاوچەرخی ئێمە..
سروودی ژینا
وەرن لەو بەژنە بڕوانن
بەپێوە کیژی کورد دەمرێ
دە ئێوەش مەشخەڵێک هەڵ کەن
کە شاری ئێمە گڕ دەگرێ..
ببینن چۆن تەواری مە
شکۆی نێزە و چەقۆی دەشکاند
چ سەربەرز و چ ئازا بوو
لە زنجیردا چیای دەدواند..
لە بەر دەرگای هەموو ماڵێک
بووەتە پەیکەری وەستان
لە کۆڵانی هەموو شارێک
بووە هاواری ژێردەستان
بزووت ئێستاکە ئەو خەڵکەی
دەمێک بوو بێ بزە و دەنگ بوو
چ گەش دەنوێنێ ئەو ئاسۆی
دەمێک بوو تار و بێڕەنگ بوو
سڵاو ئەی بەربەیانی گەش
بـمێنی ئەی ئومێدی سوور
هەڵۆ با بێن لە تۆ فێر بن
بە باڵی خوێن، فڕینی دوور
دەم خۆش کاک ناسر.
ئەڕژەنگی: لە وەشانخانەی ٤٩ کتێب تا
ئێستا چوار کتێب لەسەر شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە چاپ دراوە و یەکێک لەوانە لەژێر
ناوی ڕۆژمێری ١٢٠ ڕۆژی شۆڕشی ژینا بڵاو بۆتەوە. واتە لە کاتی دەستپێکی شۆڕشەکە تا ١٢٠ ڕۆژ
بە ماوەی ۴ مانگ ئێمە کردوومانە بە کتێبێک و بە پێی ڕووداوەکان چاپ بووە.
هەروەها ئەو کتێبە بە شێوەی pdfیش
بڵاو بۆتەوە بۆ ئەوەی خەڵکی ناوخۆ بتوانن کەڵکی لێ وەربگرن. کتێبەکە کورتەیەک لە
ژیاننامە و وێنەی شەهیدانیشی تێدایە. کتێبی دیکەشمان کاک ئەفشین غوڵامی لەژێر ناوی «گوزەر لە زەینیەت شا و شێخ
“مانیفست سەربەخۆیی» باسی شۆڕشی پێش سەد ڕۆژی شۆڕشی ژینا دەکات. کتێبێکی دیکەشمان
چاپ کردووە بەناوی «سەد ڕۆژەی شۆڕشی ژینا». تا ئێستا چوار پێنج کتێبمان لە سەر
شۆڕشی ژینا چاپ کردووە.
قازی: دیارە بەڕێزێک بە نێوی کاک ڕەحمانی
نەخشی هەیە، کە بەڕێزیان کاری چاپی ئانلاین دەکات، وابزانم ئەویش کۆکراوەیەکی
لەسەر شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کۆ کردوەتەوە. ئەگەر ئێوە بۆ بەرگی دووهەم لە ئەو
کۆکراوانەی کاک ڕەحمانیش کەڵک وەربگرن، زۆر باش دەبێت. ئێستا بێنە پێی ناوەڕۆکی
کتێبەکانیش بۆ نموونە وەک «شۆڕشی وەرزێڕانی موکریان» لە بیرمان چوو باسی ئەو
نامانەی کە لە نێوان کاک ئەمیری حەسەن پوور و مامۆستا مەسعوود محەمەد ئاڵوگۆڕ
کراوە، لەو کتێبەدا هەیە ئەو نامانە خۆی خاوەنی بایەخێکی زۆری مێژوویی و ئەدەبی و
کولتووری و سیاسیشە چونکە نەمر مامۆستا مەسعوود محەمەد کاتێک پێوەندی لەگەڵ
مامۆستا ئەمیر دەپچڕێ، نامەیەکی بۆ دەنووسێ، وە نامەکە هەر درێژ و درێژ دەبێتەوە و
نامەکە دەبێتە کتێب بەناوی «بۆ ئەمیری حەسەنپوور لە هەر کوێیەک بێت». من خۆم تا
کتێبەکەم نەدی نەمزانی کە ژمارەی نامەکان هێندە زۆر بوون.
پێم
خۆشە بزانم پێشوازی خوێنەرەوان چۆن بووە لەو کتێبانە و لەو کارانەی کە بەڕێزتان
دەیکەن؟ گیر و گرفتت چییە؟ پرۆژەت چییە بۆ داهاتوو؟ ئایا پێت وا هەیە ئەو دوو سێ
ساڵ و نیوە کە لەو زەمینەدا کارت کردووە کافیە یا دەتەوێ بەردەوام بن؟
ئەرژەنگی: با لە ئاخرەوە دەست پێ
بکەم، بەردەوام دەبین و پاشەکشە ناکەین. پێم وایە کە پێشوازش خراپ نییە، دوای هاتنی پەتای کرۆنا و شەڕی ئۆکراین لە
بواری ئابوورییەوە لە ئورووپا کێشە دروست بوو. ئەم کتێبانەش کە ئێمه چاپی دەکەین
چون کوالیتی لەسەرەوەیە، تیراژەکەمان لە خوارەوەیە، لە چاو کتێبێک کە لە کوردستان
هەیە گرانترە. بۆیە ئەو پێشوازییەی کە دەبێ بکرێت، نییە. ئێمەیش بەپێی ئەوەی
کە دەمانزانی خوێنەری کورد لە ئورووپا کەمە و گرفتەکان زۆرن، ئێمەیش بۆیە تیراژی
کەم لە جاپ دەدەین. بەڵام بەگشتی خراپ نییە. ئەوەیش دەبینم ئەگەر خوێنەران کتێبەکانیش نەکڕن دەچن سەردانی کتێبخانەکان دەکەن، تەنانەت لە
کتێبخانەکانی نۆروژ، دانمارک، فەلاند ، سوێد دەتوانن بیبیننەوە. پێشوازییەکه خراپ
نییە. جاران کتێبێکی وامان نەبوو لەو کتێبفرۆشییە گەورانەی کە کتێب دابین دەکەن بۆ
قوتابخانەکان. بەڵام ئێستا بەردەوام داوای کتێب دەکەن، کە ئەمە نیشان دەدات کە
کتێبخانەکان داخوازییان لە سەرە، یانی خوێنەری کورد دەچێ بۆ کتێبخانه و داوای کتێب
دەکات بەتایبەت بۆ منداڵان. چوونکە ئەوان هەر کتێبێک لانی کەم چل پەنجا دانە
دەکڕن. ئێمە لە کارەکەی خۆمان بەردەوام دەبین چوون بەڕاستی کتێب پێویستە و دەتوانێ
نەتەوەیەک باشتر نیشان بدات به خەڵکی ئورووپا. بەڕاستی کورد یەکێک لەو نەتەوانەیە.
دەتوانم بڵێم لە سوێد کورد زیاتر کتێب چاپ دەکات لە چاو نەتەوەکانی دیکە وەک عەرەب.
بە کورمانجی ئێمە زۆر کەم کتێب چاپ دەکەین، هەروەها بە هەورامی و کەلهۆڕی و سۆرانی
کتێب چاپ دەکەین. چوون کورد لە چاو نەتەوەکانی دیکە کتێب زۆرتر لە چاپ دەدات ئەمه
کاریگەری زۆرتری لە داهاتوو هەیە. داوامان لە هەموو ئەوانەی کە دەتوانن یارمەتیمان
بدەن چ بە کڕین بێ، چ بە یارمەتی ماڵی نووسەران بێ کە بتوانن بەردەوام بن. ئێمه
بەشێکی زۆری نووسەرانمان لە ناوخۆن. یانی ٤٩ کتێب زیاتر بۆ نووسەرانی ڕۆژهەڵات داندراوە،
بۆ ئەو نووسەرانی کە سانسۆر ناهێڵێت بەو شێوە کە نووسەر دەیەوێت چاپ بکرێت یان لە
بواری ئابووری ئەو توانایان نییە. بۆیە بەشێک لەو کتێبانە کە چاپی دەکەین دەبێ
یارمەتی نووسەرانیش بدەین تا بتوانن بەردەوام بن. بەتایبەتی ئەو نووسەرانەی کە لە
ڕۆژهەڵاتن پێویستە کتێبەکانیان بخوێنرێتەوە. ئێمە فەرهەنگی کوردیکامان هەیە نۆ
بەرگی تا پیتی خ ئامادە بووە، زیاتر لە دە
هەزار لاپەڕە دەبێ. بەڕاستی ئەو نووسەرە پێویستە دەستخۆشانەیەکی بۆ بنێردرێت.
بەڕاستی ئەوە زۆر گاریگەر دەبێ. بەداخەوە یەکێک لە گرفتەکان ئەوەیە کە
نووسەرەکانمان دڵخۆش نین بەو کارەی کە دەیکەن. دەبێ نووسەر دڵخۆش بکەیت. بە
شێوەیەک لە شێوەکان حرفەیی کار بکەین. نووسەر دەبێ حەق وەربگرێت. بێجگە ئەوەی کە
کتێبیان چاپ ناکەن، یارمەتیشتان نادەن.
قازی: لە سەر گیر و گرفتەکان هەندێکیان باسی
ئەوە دەکەن کە تەنانەت لە کولتووری غەیر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا پەیدابوونی ئەو پلاتفۆرمەی تۆڕی کۆمەڵایەتی کە
پەیدابوون، ئەوە بۆ خۆی تا ڕادەیەک جێگەی ئەوەی گرتووە کە خەڵک بێن کتێب
بخوێننەوە. یانی زیاتر خۆیان بە فەیس بووک و تویتر .. و ئەمانه کات کەمتر
دەهێڵێتەوە بۆ ئەوەی کە خەڵک کتێب بخوێنێتەوە، چەندە ئەمە کاریگەری هەیە؟
ئەرژەنگی: کاریگەری زۆری هەیە
بەڕاستی. ئێستا زۆربەی خەڵک عادەتیان کردووە بە خوێندنەوەی بابەتی کورت. یاشار
کەماڵ کتێبەکانی کەمتر لە هەشسەد لاپەڕە نییە و خوێنەر کەمتر بەلایدا دەچێت.
قازی: سەبارەت بە پرۆژەکان کە ئێستا لەبەر
دەستانە کە دەتانەوێ بیکەن، چییە؟
ئەرژەنگی: ئێمە ئەوەی کە لە
داهاتوودا دەیکەین ئەوەیە کە بۆ منداڵان، بەشێکی تازەمان کردۆتەوە بە ناوی هانۆ کە
تایبەتە بە منداڵان و دەچێتە سەر چاپی کتێبی منداڵان. ئەو بەشە کارناسی خۆی هەیە.
لەو بوارەدا کتێبەکان هەڵ دەسەنگێنین. ئەمە پرۆژەی داهاتوومانە و ئێستا خەریکین.
بەشێکی دیکە کتێبی دەنگییە کە بە هیواین لە سەری ساڵەوە بیکەین. ڕەنگە لەگەڵ ئەو
کەسانە کە پێشتر کاریان کردووە بیکەینە کارێکی هاوبەش. لەگەڵ کتێبی ئێلێکترۆنیکی و
ئەوانەش لە داهاتوودا چونکە بەرە بەرە ڕەنگە ئەو کتێبانە بەو شێوەیە نەمێنێت یانی
کتێبی کاغەزی کەمتر دەبێتەوە هەرچەندە بۆن و تامی خۆی هەر هەیە بۆ خوێنەری تایبەتی
خۆی، بەڵام لە داهاتوو کەمتر دەبێتەوە. ئێمە پرۆژەمان ئەوەیە کە ئەو کتێبانە لانی
کەم بە ئێلێکترۆنیکیش بڵاو بکەینەوە و بینێرن بۆ کتێبخانەکانی وڵاتان و لەوێ
بپارێزرێت و لە کتێبخانەکان هەبێت.
قازی: زۆر باشە بەڕێز ئەرژەنگی، زۆر سپاست
دەکەم بۆ بەشداریت لە بەرنامەی ڕاوێژدا هیوای سەرکەوتنت بۆدەخوازم. بینەرانی
خۆشەویست بەم شێوە دەگەینە کۆتایی بەرنامەی ڕاوێژی ئەم جارەمان تاکوو ڕاوێژێکی
دیکە لای ئێوەمان خۆش.
تیبینی: دەکرێ ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە لە حیسابی ڕاوێژ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی یوتیوب
بە ڕێگەی ئەم لینکەی خوارەوە دا ببینن.
https://www.youtube.com/watch?v=yl1XQ1EBm1U&t=1710s
وێبنووسی ڕوانگە
No comments:
Post a Comment