Thursday, August 31, 2023

شبکە جهانی کانال یک، برنامە رمز پیروزی، مجری حسن اعتمادی، سەشنبە ٢٩ اوت ٢٠٢٣ "چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق " وەرگێڕانی قسەکانی پرۆفێسۆر عەبباس وەلی

شبکە جهانی کانال یک، برنامە رمز پیروزی، مجری حسن اعتمادی، سەشنبە ٢٩ اوت ٢٠٢٣

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


وەرگێڕانی قسەکانی پرۆفێسۆر عەبباس وەلی

حەسەن ئێعتمادی: بەڕێز وەلی لە ماوەی نزیکەی بیست ساڵ دوای ڕووخانی ڕێژیمی سەدام، حیزبە سیاسییەکانی کوردستان توانییان لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق دەست بە چالاکییەکانی خۆیان بکەن، ڕەنگە تا ئەو ڕادەیە لە گوشار و هەڕەشەمان نەدیبێ لە لایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی و تەوافوقی حکوومەتی عێڕاق. چ قەوماوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران دوای بیست ساڵ هەڵوێستێکی ئاوای گرتووە و گەرەکییەتی هەنگاوێکی بە پەلە هەڵێنێتەوە بۆ چەک کردنی حیزبە سیاسییە کوردەکان لە هەرێمی کوردستان؟ 
پرۆفێسۆر عەبباس وەلی: بە باوەڕی من ئەوە دەتوانێ چەند هۆی هەبێ. سەبەبێکی ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی لە تەمەنی چل و چوار ساڵەی خۆیدا قەت تا ئەوەندە لە ژێر گوشار دا نەبووە و تا ئەو ڕادەیە لەناوەوە لاواز نەبووە و لەو چل و چوار ساڵە دا قەت کوردستان و کۆمەڵگەی مەدەنی ئێران بە گشتی و کوردستان و زاهیدان بە تایبەتی تا ئەو ڕادەیە موشکیلەی سەرەکی ئەو ڕێژیمە نەبوون. هۆی ئەوەی کە کوردستان و زاهیدان ئەو حالەتە تایبەتییەیان پەیدا کردووە لەبەر ئەوەیە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئەسڵی خۆیدا ڕێژیمێکی ئاپارتایدە و لە سەر بنەمای تەبعیز، دەرهاویشتن، نکووڵی لێکردن، زیندان و ئەوانە داندراوە و ئەو تەبعیز و دەرهاویشتنە بە شێوەی قانوونی لە ئێران دا هەیە و دەستەڵاتی سیاسی ئەوە بە کردەوە بەکار دەبا. و کوردستان و زاهیدان ناوەندی بەیەک گەیشتنەوەی سێ ئاپارتایدی تایبەتین. ڕێژیمی ئاپارتایدی جینسییەتی، وەکوو پاشماوەی شوێنەکانی ئێران، ڕێژیمی ئاپارتایدی میللی- زمانی و ڕێژیمی ئاپارتایدی مەزهەبی و فەرهەنگی. بەوپێیە ئەو مەسەلەیە جێی سەرسوڕمان نییە کە کۆمەڵگە پەراوێزەکان وەکوو کوردستان و زاهیدان ئەوەندە پێشڕۆن و ئەوەندە لە دژایەتی و ئێعتراز و خەبات بە دژی کۆماری ئیسلامی دا پێشڕۆن، و لەم یازدە، دوازدە مانگە دا بە شێوەیەکی ئاشکرا و بەرچاو دەمەیدانێ دا بوون، و تەنانەت کاتێک ئەو خۆ پیشاندانانە لە کوردستان، ئەو بەرهەڵستە لە کوردستان بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە سەرکوت کران، ئەو ئیعترازاتە هەر لەوێ ماوە و ئەم ڕێژیمە دەزانێ لە هەلومەرجێک دا کە بە تەواوی مەشڕووعییەتی خۆی لە دەست داوە. لە هەلومەرجێک  دا کە لە بواری زۆر هەراو و بەربڵاوی ژینسیاسەت دا لەبەر ئەو قەیرانە ئابوورییەی کە بۆی جێ بەجێ نابێ، نەیتوانیوە وەک دەڵێن حکوومەت بکا و ئێستا حاکمییەتی خۆی بە دەکارکردنی توند و تیژی، بە زیندان و داغ و درەوش لەو ناوچانە دا بەرقەرار دەکا. لە لایەکەوە ڕێژیم دەزانێ کە لە کوردستان لە ڕووی مێژووییەوە حیزبە سیاسییەکان زۆر گرینگ بوون و مێژوویەکی هەڵنەبڕاوی هەشتاو پێنج ساڵە، نەوەد ساڵەیان هەیە و لەوێ هەن و لە ناو خەڵک دان سەرەڕای ئەوەی کە تەمەنێکی زۆری ژیانیان لە تاراوگە بوون. و هەر وەها ڕێژیم دیتوویە تەنانەت لە هەلومەرجێک دا کەسانێک کە مومکینە لەگەڵ ئیدێئۆلۆژی و بەرنامەی ئەو حیزبانەش یەک نەبووبن لە دژایەتی لە بەرانبەر ئەو ڕێژیمەدا پەیام و داوخوازەکانی ئەو حیزبانەیان وەخۆ کردووە. هەنووکە ڕێژیم لە هەلومەرجێک دا کە خەریکین بەرەو ساڵوەگەڕێ شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و قەتڵیی حکوومەتی ژینا ئەمینی دەچین ڕێژیم زۆر توند لە دووپاتەبوونەوەی ئەو ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە خەڵک لە خەرمانانی ساڵی پێشوو دەترسێ، بەو پێیە بەو گوشارەی کە ڕێژیم هێناویەتە سەر حیزبە کوردەکان لە لایەکەوە شەڕێکی دەروونی وەڕێ خستووە و لە لایەکی دیکەوە گوشاری سیاسی هێناوە کە ئەوانە نەتوانن یانی جورێک بێ ئەوانە نەتوانن ئەو پێوەندییە سیاسی فەرهەنگییەی کە لەگەڵ ناوەوەی کوردستان و لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی هەیانە بە شێوەیەکی پۆزیتیڤ یا چالاک کەلکی لێ وەربگرن. بێ شک ئێمە دەبینین هێندێک سازان کراوە لەوێندەرێ بەڵام تا ئەو جێگایەی کە من دەزانم ناوەرۆکی ئەو رێکەوتنە لە نێوان ئێران و حکوومەتی عێڕاق زۆر ڕوون نییە، لەو بارەیەوە قسەی کە یەکتری بەرپەرچ دەدەنەوە دەکرێ و لە لایەکی دیکەشەوە دەبێ بڵێین کە حیزبەکانی کوردی کوردستانی ئێران لەسەربنەمای رێکەوتننامەیەک کە نزیکەی بتست ساڵە لەگەڵ حکوومەتی فێدراڵی کوردستانی عێڕاق هەیانە، کە لە سەر بنەمای ئەو رێکەوتننامەیە ئەوان بۆیان هەیە لە کوردستانی باشوور، لە کوردستانی عێڕاق بمێننەوە بەو مەرجەی لەوێوە عەمەلییاتی نیزامی بە دژی ڕێژیمی ئێران ئەنجام نەدەن. لێرە دا ئەو حیزبانەی کە لە شارە گەورەکان یان لە دەوروپشتی ئەو شارانە لە کوردستانی عێڕاق بوون وەکوو حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران، یان حیزبی کۆمەڵە و ئەوانە. ئەوانە ئەو وەزعەیان تا ئەو جێگایەی من بزانم و بۆ خۆشیان دەڵێن ئەو ڕێکەوتننامەیان بەڕێوەبردووە و پێی وەفادار ماون. حیزبی دیکە هەن وەکوو پارتیی ژیانی ئازادیی کوردستان کە ئەوان لە کوردستانی عێڕاق لە ناوچە شارییەکان دا نین، ئەوان لە چیاکانن و ئەگەرچی لەوێش نزیک دە ساڵ لەوە پێش هێندێک تێکهەڵچوون لە نێوان پەژاک و هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ڕووی دا و کۆماری ئیسلامی دەستی کرد بە بۆمبارانی گوندەکان و بەرزاییەکانی ناوچەکە دیسان بە بەریوانیی حکوومەتی فێدراڵی کوردستانی عێڕاق موافەقەتنامەیەک لە نێوان پەژاک و حکوومەتی کۆماری ئیسلامی کرا و کۆماری ئیسلامی بەڵێنی دا دەست هەڵگرێ لە بۆمبارانی ئەو شوێنانە و ئەوانیش لە ناوخۆی ئێران عەمەلییات نەکەن.شتێکی کە ئەمن دەمەوێ بیلێم ئەوەیە کە ئەو بیانوویەی کە کۆماری ئیسلامی دەیهێنێتەوە و ئەو قسەیەی کە دەیکا لە ڕاستیدا ئیحتیجاجەکەی بنەمایەکی ڕاستەقینەی نییە و حیزبە کوردەکان لەوێ لە دژی کۆماری ئیسلامی دەستیان نەبردووە بۆ چەک. ئەوەی کە ئەوان چەکدارن، بەڵێ چەکدارن.

ئیعتیمادی: بەڕێز وەلی ماوەیەک لەمەو بەر ئێمە دیتمان کە پۆلیسی دەوڵەتی ئاڵبانی هێرشیان کردە سەر کەمپی سازمانی موجاهیدین بە بیانووی ئەوەی کە ئەوان لەوێ بە ڕێگای کامپیوتێرەکانیانەوە کاری ناقانوونی دەکەن و دەگوترێ تەنانەت هێندێک لەو کامپیوتێرانەیان لەو شوێنە بردووەتە دەرەوە و تەنانەت دەنگۆی ئەوەش هەبوو ئەوانەیان تەسلیم کردووە بە کۆماری ئیسلامی ئێران. پێتان وایە تا چ ڕادەیەک لە سەر بنەمای ئەو رێکەوتنەی لە نێوان ئیران و عێڕاق دا کراوە ئەمریکاییەکانیش دەکرێ دەوریان تێیدا هەبێ؟
وەلی: ئەمن پێم وایە کە ئەمریکا دەوری چالاکی نییە بەڵام ئەمریکا ئاگای لەو هەلومەرجە هەیە و ئەمن پێم وایە لەو سیاسەتەی کە بە قەولی خۆیان پێی دەڵێن pasification واتە ئارامسازی عێڕاق بەزەرەری ئێران، یانی ئەوان دەیانەوێ ئێران لە عێڕاق بچێتە دەرەوە یان لانی کەم زۆر لاواز ببێ. و لەو پێناوە دا ئەوان ئامادەن لەو جۆرە سیاسەتانەی کە ببنە هۆی ئەوەی کە ئێران بێ و لەگەڵیان بسازێ لەوێ بەشێوەیەک، ئەوان پشتیوانی لێ دەکەن.  بەڵام ئەمن پێم وا نییە ئەمریکا بە شێوەیەکی چالاک دەستی لەو کارە دا هەبێ. ئەمن پێم وایە ئەوان چاوەڕێ دەبن بزانن چ دەبێ چونکە سەبەبێک نییە کە ئەمریکا بییەوێ دۆزی کورد ئەگەر بڵێین بۆ کۆماری ئیسلامی سەرئێشەیەکی گەورەیە، کوردستان و حیزبە کوردەکان، سەبەبێک نییە کە ئەمرێکا موافەقەت بکا کە ئەو سەرئێشەیە ئێستا لە کۆڵ کۆماری ئیسلامی بکاتەوە. ئەمن پێم وایە حیساباتی ئەوان زیاتر لە سەر ئەوەیە کە چۆن دەکرێ وەزعی عێڕاق، وەزعی حکوومەتی عێڕاق زیاتر و زیاتر تەسبیت بکرێ و چۆن دەکرێ پێوەندیی حکوومەتی فێدراڵی کوردستانی عێڕاق لەگەڵ ناوەند واتەبەغدا بەهێز بکرێ. یەک لە مەسەلەکانی کە هەمیشە بۆ ئەمریکا گرینگ بووە ئەوە بووە کە پێوەندیی نێوان حکوومەتی ناوەندی و حکوومەتی فێدڕالی کوردستانی عێڕاق پێوەندییەکی پۆزیتڤ، پتەو، بێ سەرئێشە، و ئارام بێ. ئەمن پێم وا نییە  ئەمریکا بەو هاسانییە بییەوێ ئیمتیازێکی ئەوتۆ لە عێڕاق بە ئێران بدا مەگەر ئەوەی کە ئیمتیازێکی گەورەتر وەربگرێ. ئێستا ئەمریکا زۆربەی بوارە داراییەکانی و بواری چەک پەیداکردنی کە کۆماری ئیسلامی کەلکی زۆر گەورەی لێ وەردەگرتن،لە ڕووی داراییەوە بۆ خۆ دزینەوە لە سزاکان بە تایبەتی هێنانی دۆڵاری ئەمریکایی لە عێڕاقەوە بۆ ئێران و لە ڕووی تەسلیحاتییەوە بۆ ناردنی چەک لە ڕێگای سنووری عێڕاقەوە بۆ سووریا، لوبنان و هەر وەها فەلەستین. ئێستا ئەو بوارانە بەستراون و ئەمریکا دەیەوێ ئەو وەزعە وەک خۆی بمێنێتەوە و تەسەوری من ئەوەیە ئەگەر ئەمریکا ئاگای لەوە هەیە، کە بێ گومان لێی ئاگادارە چاوەڕێ دەکا بزانە ئاکامی چ دەبێ بەڵام تەسەوری ئەوەی کە بە شێوەیەکی چالاک ویستبێتی کە کوردەکانی ئێران چەک بکرێن بۆ ئەوەی سەرئێشەی کۆماری ئیسلامی کەمتر بێ یا سیاسەتی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق بەرەو پێش بچێ، بە بۆچوونی من ئەوە دوورە لە ڕاستەقانی.

ئێعتیمادی: بەڕێز وەلی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕووداوانەی کە ڕوویان داوە. ئەوەی کە تا سێ حەوتووی دیکە وردە رێشەی زیاتر ڕوون دەبێتەوە. بۆچوونی دەوڵەتی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی عێڕاق و ئەو بڕیارەی کە ڕێبەرانی حیزبە سیاسییە کوردەکان لەو بارەیەوە دەیدەن ئێمە لەم ڕۆژانە دا لەگەڵ دوو ڕۆژی گرینگ ڕووبەڕووین یەکیان ساڵوەگەری کوشتنی مەهسایە و یەکیشیان سەفەری ئیبڕاهیم ڕەئیسی یە بۆ نیۆیۆرک. بە باوەڕی ئێوە لە وەزعێکی ئاوا دا سیاسەتی حیزبە سیاسییە کوردەکان و حیزبە سیاسییەکانی دیکە دەبێ چ بێ؟

وەلی: ئیزن بدا لە پێشدا ئەوە بڵێم کە ئەو ئارەزووەی کۆماری ئیسلامی کە حیزبە کوردەکان چەک دەکرێن تەنانەت ئەگەر ئەوە بەشێکیش بێ لە ناوەرۆکی ڕێکەوتننامەی نێوان ئیڕان و عێڕاقیش ئەوە وەدی نایە و کاری کردن نییە. هۆیەکی سەرەکی ئەوەیە کە بە گشتی کوردستانی عێڕاق کۆمەڵگەیەکی پڕچەک و چەکدارە و  لە هەولێر ئەگەر ٥ کیلۆمیتر بەو لاوە بچی بازاڕی چەک هەیە، لەوێ هەر جۆرە چەکێکت بوێ دەتوانی بیکڕی. چەکی ئەمریکاییت دەوێ، ئوڕووپاییت دەوێ، هەرچییەکی بتەوێ. لە شوێنێکی ئاوا چاوەڕوانی ئەوەی کە هێزێکی چەکدار بێ و چەکەکەی دانێ و بڵێ ئەوە با پێشکێش بە ئێوەی نکەم، ئەوە ئارەزوویەکی بێ مانایە، خەونێکە، ئەوە ڕوو نادا. دووهەم ئەوەیە ئەگەر ئەو حیزبانە گوشارێکی زۆریان بۆ بێ، بنەمالەکانیان لە کەمپەکان دا بەجێ دەکەن و بۆ خۆیان دەچنە چیا . ئیدی لەوێ قسەی چەک داماڵین لە گۆڕێ دا نامێنی و دەستی کۆماری ئیسلامی یا تورکیا و ئەوانە پێیان ڕاناگا. ئێستا بڕوانن ئەوە پارتیی کڕێکارانی کوردستان لە ساڵی ١٩٨٤وە خەریکە شەڕ دەکا لە بەرانبەر گەورەترین ئەڕتەشی ناتۆ لە ئوڕووپا دا و هێشتاش لەوێیە و بە تەعبیرێک، بە وتەیەک ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهێزتریش دەبێ. ئەو مەسەلەیە لەگەڵ ئەو حیزبانەی کە شەڕی نائاسایی ( نا مونەزەم / irigular) دەکەن هەر وا هاسان نییە، مەگەر ئەوەی خۆیان بێن و چەکەکانیان دانێن، هەر ئەو شتەی کە لە ئەفریقای باشووری ڕووی دا.
ئێعتیمادی: ئەگەر دەکرێ لە درێژە دا وڵامی ئەم پرسیارەش بدەنەوە. ئێوە تەئکیدتان لە سەر چەکدار بوونی حیزبە سیاسییە کوردەکانە. بەڕێز موهتەدەی لە وتوێژێک دا کە دوێنێ لەگەڵ ئێران ئینترناشناڵ بوویان، بەڕێزیان دەڵێن کە حیزبە کوردەکان لە دەسپێکی بزووتنەوەی مەهساوە ڕایان گەیاند ئێمە بەهیججۆر توندوتیژی ناکەین ئەوە گێڕانەوە بوو. بەڕێز موهتەدی دەڵێ: لەو ساڵانەی دواییش دا حیزبە کوردەکان عەمەلیاتی چەکدارانەیان نەبووە، بۆ چی سەرەڕای ئەوە ڕێژیمی ئێران ئەو گوشارانە دێنێ. ئیزن بدەن قسەکانی تەکمیل بکەم ببوورە. دەڵێ:
 " ئێمە ئەگەر مەترسی بین مەترسی سیاسین نەک مەترسی نیزامی
وەلی: ئەوە دروستە
ئێعتیمادی: لە کاتێکدا بەڕێز وەلی ئێوە دەفەرموون کە بە چەکدار مانەوەی حیزبە سیاسییە کوردەکان خۆی لێی ناپارێزرێ و گرینگە بۆ ئەو حیزبانە.
وەلی: ئەلئان گرینگە بۆیان چونکە وەزعی ئێران دیار نییە. وەزعی ئێران ڕوون نییە و ئەمن بەڕاستی پێم وایە ئەو ئیحتیجاجەی کە بەشێکی سەرەکی لە ئۆپۆزیسیۆن دەیکا کە لە ئێران ئێمە زۆر هێمنانە لە کۆماری ئیسلامی تێ دەپەڕێنین چ چەکمان بە دەستەوە بێ یان نەبێ، ئەوە بە باوەڕی من دروست نییە هۆیەکەشی ئەوەیە کە ئەم کۆماری ئیسلامییە تەنێ سەرکوت و زوڵم و ئەوەی نەکردووە، ئەو ڕێژیمە تەواوی مەردمانی ئێرانی چ کورد زمان بن، چ فارس زمان بن، چ تورک، چ عەڕەب بێ،  هەرچی بن سووکایەتی پێ کردوون، سووکایەتی پێ کردوون و ئەو سووکایەتی پێ کردنە بە باوەڕی من حاڵەتی توندوتیژییەکی زۆر گەورەی بە خۆیەوە گرتووە. تەماشای شەڕە ئازادیدەرەکان بکەن لە کۆلۆنییەکانی فەڕانسە بەراوەردیان بکەن لەگەڵ کۆلۆنییەکانی بریتانیا. لە کۆلۆنییەکانی فەڕانسە کۆلۆنیالیزم ڕەهەندی فەرهەنگی – زمانی زۆر سەرەکی هەبوو، ڕەهەندی دەروونی زۆر سەرەکی هەبوو. ئەو جەنگە ئازادیدەرانە زۆر خوێناوی بوون. ئەمن ناڵێم ئەو مەسەلەیە لە ئێران دووپاتە دەبێتەوە بەڵام مەسەلە ئەوەیە کە ئەم حیزبە کوردانە لەو چەکە کەلکیان وەرنەگرتووە، ئەوە دروستە و سیاسەتێکی زۆر دروستی کە وەپێشیان گرت و ئەو دەمی ئەمن زۆر لەوە خۆشحال بووم ئەوە بوو کە کاتێک ئەو ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە لە ئێران دەستی پێکرد پارەکە لە مانگی سێپتامبر دا. لە مانگی خەرمانان دا ئەو حیزبانە داخویانیان دا و بە خەڵکیان گوت دەست بۆ چەک نەبەن، تا ئەو جێگای دەتوانن دەست لە توند و تیژی بپارێزن و بۆخۆشیان ڕایانگەیاند ئێمە وەکوو حیزبە سیاسییە کوردەکان بەهیچجوور بە چەکەوە نایەینە نێو ئێران. ئەوان بە ڕوونی ئەوەیان ڕاگەیاند. تەنانەت هێندێکان لە ناوخۆ دەیان گوت ئەوە کۆماری ئیسلامی خەریکە دەمانکووژێ و حیزبەکانمان چەکدارن و هیچ ناکەن. بە باوەڕی من سیاسەتی حیزبەکان لەو بارەیەوە دروست بوو . کۆماری ئیسلامی ئەگەر بەڕاستی بۆخۆی بزانێ خەریکە چ دەکا با وای دانێین حیزبە کوردەکان چەکیان داناوە، تەنانەت حیزبە کوردەکان خۆیان هەڵوەشاندووە ئەوە بە مانای ئەوە نییە کە کوردستان ئارام و کشومات دەبێ، لە حەقیقەت دا بەو مانایەیە ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی کە ئێستا لە دەرەوەی وڵاتە و تا ڕادەیەک لەبەڕ ئەو مەودای جوغرافیایییە و هەر وەها ئەو وەزعەی کە لەوێ هەیە لە ڕووی ئابووری و لۆجستیک و ئەو جۆرە شتانە، زەرەر و مەترسی بۆ کۆماری ئیسلامی کەمتەرە لەوەی کە ئەو مەترسییە لەوێوە بێ و بگاتە کۆمەڵگەی مەدەنی کە تەوەری سەرەکی تەواوی شۆڕشی ئێرانە کە لەبەرانبەر کۆماری ئیسلامی دا بێ.
ئیعتیمادی: بەڕێز وەلی دوو جوور بانگەشە دەکرێ یەکێک چەکدار بوونی خەڵک یا ساز کردنی ڕێکخراوە نیزامییەکان کە بتوانێ لە بەرانبەر  کۆماری ئیسلامی ئێران دا خۆڕاگری بکا و پەلاماری بدا و یەکیش بانگەوازی گشتی بۆ مانگرتن و ئیعترازاتی سەرتاسەری. پرسیارەکەی من ئەوەیە بە لەبەرچاوگرتنی پێشینەی سیاسی حیزبە سیاسییە کوردەکان کە بە جۆرێک بانگەشەیان دەکرد بۆ ڕێبازی چەکدارانە بەڵام ئەمڕۆ بۆ خۆیان دەڵێن ئێمە هیچ کارێکمان نەکردووە لەو ساڵانەی دا کە لە عێڕاق بووین. بەڕێز وەلی ئازیز ئایا ئەوە دروستتر نییە کە لەهەلومەرجی ئێستا دا زەمینە بۆ هاوپێوەندییەکی سەرتاسەری و میللی لە نێوان هەموو حیزب و گرووپە سیاسییەکانی کورد و غەیری کورد، هەرێمی و نا هەرێمی، و سەرتاسەری دابمەزرێ بە تایبەتی لە هەلومەرجێک دا کە ئێمە دەبینین کە ئیحتیمالی دەستپێکردنی ئاخێزێکی دیکە لە ئێران هەیە. فەرموون تکایە!
وەلی: بڕوانە، کاتێک کە کۆمەڵگەی مەدەنی ئاوا چالاکە، و پرۆفایلێکی ئاوا سیاسی پەیدا کردووە و لەماوەی ئەو یەکساڵە دا لە دۆخی خۆڕاگرییەوە گەیوەتە دۆخی ئیعتراز و ئۆپۆزیسیۆن و قوربانی داوە حەوجێیەک بە شەڕی چەکدارانە بەشێوە کلاسیکییەکەی نییە. و ئەمنیش ئەو باسەی کە دەمکرد ئەوە نەبوو. ئەو باسەی کە من کردم ئەمە بوو کە ئێمە ناتوانین بڵێین لە قۆناغێکی ئاخری دا کە تێپەڕین و دەرباز بوون ڕوو دەدا ئێوە لەوانەیە نەتوانن پێش بە خەڵکێک بگرن کە ئاوا سووکایەتییان پێ کراوە و ئاوا سەرکوت کراون بڕژێنە ناو ناوەندەکانی پاسداران و بەسیجییەکان و چەکەکانیان هەڵگرن و کارێکی کە دەیانەوێ بیکەن. ناکرێ بگوترێ کە ئەوە ڕوو نادا، بەڵام وەک ستڕاتێژییەک بۆ تێپەڕین و دەرباز بوون ئەمنیش لەو باوەڕە دام  کە گرینگترین هێز هەمان دینامیزمە کە کۆمەڵگەی مەدەنی ئێران ئێستا هەیەتی و ئەوە دەبێ بەهێز بکرێ بەڵام شتێک هەیە پارەکە لە سەرەتاوە هاوپێوەندییەکی سەرتاسەری ساز بوو  کە لە ڕاستیدا لە کوردستانەوە دەستی پێکرد بە دروشمی " ژن، ژیان، ئازادی" [ ئەوە بە زمانی ماک/ کوردی دەڵێ] و ئەوە پەرەگر بوو. بەڵام ئەوەیان هەم ڕێژیم خۆی و هەم بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆن ئەو هاوپێوەندییە، ئەو جومگانەی هاوپێوەندییان کوتا. بەم پێیە تا ئەو کاتەی سیاسەت ئاوا بێ ئەمن لەو باوەڕە دام ئەو ئۆپۆزیسیۆنی کە هەیە لە ڕاستییدا تەنیا شتێکی کە لە ڕوانگەی زانستی سیاسییەوە دەتوانی چاو لە سیاسەتی ئەوانە بکەی لە ڕاستیدا گنخانی سیاسەتە. سیاسەت لە ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوە دا گنخاوە، ئەوەندە حاڵەتی دەستەیی و دابڕ دابڕی پەیدا کردووە، ئەوەندە وەدوای بەرژەوەندی تاکە کەس و بەرژەوەندی دەستەیی کەوتووە ئیمکانی ئەوەی کە ئەوانە بتوانن کارێک سەبارەت بە هاوپێوەندی لەناوخۆی وڵات دا بکەن، بەباوەڕی من نزیک بە سیفرە. بەو پێیە ئەوەی کە گرینگە لە ناوخۆ دایە، لەناوخۆ سیاسەت لە دۆخی پەرەگرتن و بەرەوژوور چوون دایە، بەر بە دوندان دەڕوا. ئەو گنخانەی کە لە تاراوگە لە ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵات دا دەیبینین. بۆ یەکەم جار دەبینین دەستە ڕاستییەکی تیژپەڕی ڕەگەزپەرستیان بۆ ئێمە دروست کردووە، وەزعیکی ئاوا کە هاتووەتە پێشێ ئیمکانی ئەوەی کە هاوپێوەندیی سەرتاسەری بەو شێوەیەی کە ئێمە چاوەڕوانی دەکەین ئەگەر ئەو جومگەبەندییەی کە لە سێ چوار مانگی سەرەتای ئەو ئاخێزەدا هەبوو، ئەگەر ئەوە دیسان سەرهەڵنەداتەوە من پێم وایە کێشەکە دەبێتە کێشەیەکی بنەڕەتی. ڕێژیم لەرز گرتووەیە، ڕێژیم ترساوە، رێژیم لاوازە، رێژیم لە ناو چەندین قەیران دایە کە بەسەریەکەوە بوون بە قەیرانی سیستێمی. بەڵام گشت دەگەڕێتەوە سەر ئەوە کە ئایا کەس یا کەسانێک هەن کە پاڵی پێوەبنێین بکەوێ یان نا؟  ئەمن ئێستا ئەمە نابینم. دیسان دای دەگرمەوە هێزی سەرەکی کۆمەڵگەی مەدەنی ئێرانە ئەمن بە گردبڕی بانگەشە ناکەم بۆ شەڕی چەکدارانە، باوەڕم پێی نییە  وەک ڕێبازێک کە ئەو ڕێژیمە بڕووخێنێ. بەڵام لە سیاسەت دا ناکرێ شتێک سەد لە سەد بەرپەرچ بدرێتەوە و سەد لە سەد پەسند بکرێ. بۆیەش ئەمن کێشەم هەیە لەگەڵ پاسیفیستەکان، هێندێک جار لەوانەیە ئەو پاڵ پێوەنانە لە دوو ڕۆژی ئاخری دابێ و ئەگەری ئەوەش هەیە کە لەو دووسێ ڕۆژی ئاخری دا توندوتیژی بگاتە ڕادەی هەری زۆر.

ئیعتیمادی: سپاس بۆ بەشداری هەموو لایەک. تا بەرنامەیەکی دیکە ماڵاوایی لە ئێوە هەموو خۆشەویستان دەکەین.

سەرچاوە: وێبنووسی ڕوانگە
وەرگێڕان ودابەزاندن: حەسەن قازی









 

No comments: